وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت

لە کورمانجییەوە: ژیار هۆمەر

پێشەکی

ئەم وتارە هەڵسەنگاندنی وێژەی کوردانی سۆڤێتە، بە چاپکردنی ڕۆژنامەی ڕیا تەزە لە یەریڤانی ئەرمەنستان لە ساڵی ١٩٣٠ دەست پێ دەکات و تا هەڵوەشاندنەوەی یەکیەتیی سۆڤێت لە ساڵی ١٩٩١ دەخایەنێت.

وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت بەشێکی گرنگی وێژەی کوردییە. شاعیر و لێکۆڵەر فەرهاد شاکەلی لەمەڕ ئەو وێژەیەوە دەنووسێت: “ئەدەبیاتی کوردیی سۆڤێتی جاران بەشێکی خۆشەویست و گرنگی ئەدەبیاتی کوردییە و دەبێ بیناسین و لە چوارچێوەی سامانی نەتەوایەتیماندا جێگەی بدرێتێ و توێژینەوەی لەسەر بکرێت.”[1]

ئەم وتارە گرنگیی خۆی هەیە، چونکە ئەو لێکۆڵینەوانەی لە یەکیەتیی سۆڤێت لەسەر ئەم مژارە بڵاو بوونەتەوە، بە گشتی سەرنجیان لەسەر مێژووی ئەو وێژەیە چڕ کردووەتەوە، بە چاوێکی ڕەخنەییەوە لێیان نەڕوانیوە. ئەگەر هەندێک دەستکەوتیشیان دەستنیشان کردبێت، بە گشتی کەموکورتییەکەیان بە زاردا نەهاتووە. لە لایەکی ترەوە، دوایین لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم مژارە ساڵی ١٩٧٠ بڵاو بووەتەوە.[2] گەرچی لێکۆڵینەوەکان هەر لە یەکیەتیی سۆڤێت بڵاو بوونەتەوە، زۆربەیان وێژەی ساڵانی ١٩٣٠-١٩٤٠ دەگرێتەوە، کاتێک ئەو وێژەیە هێشتا تەواو نەخەمڵاوە.[3]

چەند وتارێک لە پارچەکانی کوردستان بڵاو بوونەتەوە، بە دەستمان گەیشتووە؛ زۆر لێی ورد نەبوونەتەوە، هەر سەرپێی هەڵیانسەنگاندووە.[4] لەم بارەیەوە فەرهاد شاکەلی دەنووسێت: “ئەگەرچی تا ئێستا گەلێ لێکۆڵینەوە لە بارەی مێژووی سیاسیی ئەو بەشەی نەتەوەی کوردەوە نووسراوە، بەڵام ئەو ئەدەبە کوردییە لەو بەشەی نیشتمانەکەماندا نووسراوە، بە تەواویی لە تاریکیدا ماوەتەوە و کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان ئاگادارییەکی یەکجار کەمیان لەبارەیەوە هەیە.”[5]

ئێمە لەم وتارەدا دیرۆکی پێشخستنی وێژەی کوردەکەمان لە یەکیەتیی سۆڤێتدا بەسەر سێ قۆناغدا دابەش کردووە. قۆناغی یەکەم؛ کاتێک خوێندنگای کوردی لە گوندە کوردییەکان کراوەتەوە، دەست بە چاپکردنی ڕۆژنامەی ڕیا تەزە (RîyaTeze) کراوە، ئەو حکومەتە کۆمارییانەی کوردی لێ بووە پشتگیری زمان و چاند و وێژەی کوردییان کردووە. ئەم قۆناغە تا ساڵی ١٩٣٨ـی خایاندووە. قۆناغی دووەم؛ لە ساڵی ١٩٣٨ـەوە تا دوای مردنی ستالین، تا ساڵی ١٩٥٥ـی خایاندووە، کاتێک چاند و وێژەی کوردی لە سەرانسەری یەکیەتیی سۆڤێت دەتگوت خۆڵی مردووی بە سەردا کراوە. قۆناغی سێیەم؛ لە ساڵی ١٩٥٥ـەوە وێژەی کوردی دەکەوێتە قۆناغی بووژانەوەوە، ناوی نوێ و شێوازی نوێی نووسین هاتووەتە ئاراوە، خۆی لە بانگەشەی سیاسی و کاریگەریی وێژەی دەرودراوسێ ڕزگار کردووە، بەرەو پیری وێژەی گشتیی کوردی چووە.  

گەرچی ڕێژەی کورد لە یەکیەتیی سۆڤێتدا کەم بووە، بەڵام دەرفەتی بەردەستیان بۆ پێشخستنی زمان و وێژە و چاندی کوردی وەگەڕ خستووە. بە تایبەتی لە بواری وێژەدا هەنگاوی مەزن نراوە.

کاتێک باسوخواس دێتە سەر وێژەی کوردی یەکیەتیی سۆڤێت، دەبێت بەر لە هەموو شتێک وێژەی کۆماری ئەرمەنستان بە بیری خۆمان بهێنینەوە؛ چونکە ٨٠-٩٠٪ـی کوردە ڕۆشنبیرەکانی یەکیەتیی سۆڤێت، بە تایبەتی ئەوانەی گیرۆدەی چاند و وێژەی کوردی بوون، خەڵکی ئەم کۆمارە بوون.[6] ئەم دیاردەیە دوو هۆکاری سەرەکی هەیە؛ هۆکاری یەکەم ئەوەیە، بزاوتی نەتەوەی کورد هەمیشە لە ئەرمەنستان بە گوڕوتین بووە، پاشان لە حکومەتی کۆماری ئەرمەنستان باشتر پشتگیریی پێشخستنی زمان و چاند و وێژەی کوردی کراوە. 

بەر لەوەی ڕۆ بچمە ناو لێکۆڵینەوە وێژەییەکەمەوە، لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەی ژیانی کورد ڕادەوەستم وا بوونەتە بناغەی دەرکەوتنی وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێتدا.

دوای ڕێکەوتی ٢٩ـی ١١ـی ١٩٢٠، سوپای سوور لە ئەرمەنستان سەری هەڵدا و حکومەتی سۆڤێت لەوێ دامەزرا. حکومەتی نوێ بڕیاری دا، خوێندنگا بە زمانی کەمەنەتەوەکان بکرێتەوە. بەم ئامانجە ئەلفبێی کوردی لەسەر بنچینەی پیتی ئەرمەنی ئامادە کرا و هاوینی ساڵی ١٩٢١ کتێبی فێربوونی زمانی کوردی بە ناوی ”شەمس” لە ئەرمەنستان (شاری ئێچمیادزین) چاپ کرا. دانەری ئەلفبێی نوێ و کتێبی ”شەمس”، دۆست و دڵسۆزی گەلی کورد، لازۆ (هاکۆب خازاریان)، ئەرمەنییەکی پەنابەر و کوردیزان، بوو.

یەکەمین خوێندنگای کوردی هەر ئەو ساڵە لە هەتیوخانەی ئەشتەرەک (ئەرمەنستان) کرایەوە. نوورا عەگید ئاغا پۆلاتۆڤا و عەلیخانی سەردار شاگینۆڤ مامۆستای زمانی کوردی بوون.

ساڵی ١٩٢٢، لە تبیلیسیی پایتەختی جۆرجیا، نووسەر و هونەرمەند و چالاکی کۆمەڵایەتی ئەحمەدی میرازی و لازۆ، خوێندنگای ئێوارانەی کوردی لە یانەی کرێکارانی کورد دەکەنەوە. زۆر ڕووناکبیر و سیاسەتمەداری کورد، لەوانە: قاناتی کوردۆ، چەرکەزی بەکۆ، قاچاغی مراد، سەمەند سیابەندۆڤ، تیتال مورادۆڤ لەو خوێندنگایە دەستیان بە خوێندن کردووە.

لەو چەند ساڵەدا خوێندنگای کوردی لە گشت گوندە کوردییەکانی ئەرمەنستان کراوەتەوە، هەروەتر، خولی نەهێشتنی نەخوێندەواری بۆ کەسە بەتەمەنەکان کراوەتەوە. پێویستە بگوترێت، چونکە ڕێژەی خوێندەوار لە ناو کورددا ئێجگار کەم بووە، مامۆستای خوێندنگا کوردییەکان زۆربەیان ئەرمەنییە پەنابەرەکانی باکووری کوردستان بوون، کە زمانی کوردییان باش زانیوە.   

ساڵی ١٩٢٥، کۆنگرەی کوردانی قەوقازی باشوور لە حکومەتی ئەرمەنستان، داوای کردووە ئەلفبێیەکی کوردی لەسەر بنچینەی پیتی لاتینی دابنرێت، چونکە ئەو ئەلفبێیەی بە پیتی ئەرمەنی بوو لە زۆر شوێن قبووڵ نەکراوە.[7] پرسی ئەلفبێی نوێی کوردی لە جۆرجیا و ئازەبایجانیش گەنگەشە کراوە.[8]

ساڵی ١٩٢٨، ئیسحاق مارۆگوولۆڤ و عەرەبی شەمۆ ئەو ئەرکە دەگرنە ئەستۆ و ئەلفبێی نوێی کوردی لەسەر بنچینەی پیتی لاتینی دادەڕێژنەوە، سەرەتای ساڵی ١٩٣٠، لە ئەرمەنستان و جۆرجیا بووە فەرمی، گشت خوێندنگا کوردییەکان چوونە سەر ئەو ئەلفبێیە. سا ئەو ئەلفبێیە لە ئازەربایجان و تورکمانستانیش قبووڵ کرا و تا ساڵی ١٩٣٨ بەکار هێنراوە.

بۆ ئامادەکردنی مامۆستای زمان و وێژەی کوردی، ساڵی ١٩٣١ لە یەریڤان پەیمانگای پەروەردەی پشت‌قەوقاز کراوەتەوە[9]. نووسەری مەزنی کورد عەرەبی شەمۆ یەکەمین بەڕێوەبەری پەیمانگاکە بووە.

ئاداری ساڵی ١٩٣٠، دەست بە چاپکردنی ڕۆژنامەی کوردیی ”ڕیا تەزە” کراوە.

ئەم گۆڕانکارییانەی ژیانی کورد، بوونەتە هەوێنی سەرهەڵدانی وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت بە گشتی و لە کۆماری ئەرمەنستان بە تایبەتی.

هەرچەندە چەند بەرهەمێکی وێژەیییش لە کتێبی ”شەمس”ـدا هەبووە، بەڵام وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت بە دەرکردنی ڕۆژنامەی ”ڕیا تەزە” دەستی پێ کردووە. نووسەرە کوردەکان یەکەمین بەرهەمەکانیان لەو ڕۆژنامەیەدا بڵاو کردووەتەوە، لە ڕێی ئەو ڕۆژنامەیەوە خوێنەرانیانیان دۆزیوەتەوە.

ڕاستە یەکەمین بەرهەمی وێژەیی بە زمانی کوردی، شانۆنامەی ”کۆچەکێ دەرەوین”ـی عەرەبی شەمۆ، ساڵی ١٩٣١ بڵاو بووەتەوە، بەڵام دەتوانین بڵێین، وەرگێڕان بناغەی وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت داناوە. لەو ساڵانەدا گەلێک بەرهەمی نووسەرە ئەرمەنییەکان کە مژاری زۆربەیان ژینی کوردان بووە، کراونەتە کوردی و بڵاو بوونەتەوە. ساڵی ١٩٣١ تا ١٩٣٧، دەوروبەری ١٥ کتێبی وەرگێڕدراو لە ئەرمەنی و ڕووسییەوە چاپ کراوە. وەرگێڕەکانیان حەجیی جندی، ئەمینی عەبداڵ، جاسمی جەلیل، ڕووبێن درامپیان و قاچاغی مراد بووە.

ئەو وەرگێڕانانە بوونەتە ئەزموونێکی باش بۆ ڕسکاندنی نووسین و پێشخستنی زمانی نووسەکی.

ساڵی ١٩٣٢، ئەمینی عەبداڵ، کەشکۆڵی نووسەرانی کورد بە ناوی ”ئەفراندنا ئەولین” بڵاو کردووەتەوە. بەرهەمی یەکەمین شاعیرە کوردەکانی یەکیەتیی سۆڤێت، لەوانە حەجیی جندی، ئەمینی عەبداڵ، عەتاری شەرۆ و چەندینی دیکەی لە خۆ گرتووە. ئەو کەشکۆڵە وەرگێڕانی لە زمانی ئەرمەنییشەوە تێدا بووە.  

زۆربەی شیعرەکانی ئەو پێڕە، پیاهەڵدان بە شانوباڵی دەوڵەتی سۆڤێت و سوپای سوور و سیستەمی سۆسیالیزم بووە. بڕێک شیعریشی دژی دابونەریتی کۆنی تێدا بووە.

دووەم کەشکۆڵ ساڵی ١٩٣٤ بڵاو بووەتەوە. ژمارەی نووسەرانی ئەمەیان هەڵکشاوە. لە پاڵ شاعیراندا، چیرۆکنووسیشی تێدا بووە. 

سێیەم کەشکۆڵ ساڵی ١٩٣٦ بڵاو بووەتەوە، بە شارەزایی و لێھاتووییی نووسەری هەردوو کەشکۆڵەکەی پێشوو دانراوە. ئەم کەشکۆڵە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە.

ناوەڕاستی ٣٠ـیەکان، بواری وێژەیی بە گشتی گەشاوەتەوە، ڕێژەی نووسەر و چاپبوونی پەڕتووکی کوردی برەوی سەندووە. 

ساڵی ١٩٣٥، عەرەبی شەمۆ پەڕتووکی ”شڤانێ کورمانجا” و ”کوردێ ئەڵەگەزێ” بڵاو دەکاتەوە. ڕۆمانی ”شڤانێ کورمانجا”، لە بەسەرهاتەکانی ژیانی دانەرەکەیەوە هەڵهێنجراوە و بە یەکەمین ڕۆمانی کوردی دادەنرێت. بە وەرگێڕانی گەلێک زمانیش بڵاو بووەتەوە.

دیسان ساڵی ١٩٣٥، ئەحمەدی میرازی شانۆنامەی ”زەمەنێ چوویی” و وەزیری نادری شانۆنامەی ”ڕەڤا ژنێ”ـیان بڵاو کردووەتەوە.

بۆ یەکەمین جار لە وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتدا، لە شانۆنامەکەی ئەحمەدی میرازیدا، باسی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە کوردستان کراوە.

دیسان ساڵی ١٩٣٥، ئەمینی عەبداڵ دیوانێکی شیعریی بۆ منداڵان بە ناوی ”بهار” بڵاو کردووەتەوە.

لە نێوان ساڵی ١٩٣٥-١٩٣٧، عەرەبی شەمۆ و حەجیی جندی و ئەمینی عەبداڵ و چەردۆی گەنجۆ و جاسمی جەلیل و وەزیری نادری و ئەحمەدی میرازی و عەتاری شەرۆ بەرهەمە وێژەییەکانیان بە چاپ گەیاندووە.

ساڵی ١٩٣٢، بەشی نووسەرانی کورد لە یەکیەتیی نووسەرانی ئەرمەنستان دامەزراوە. لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ساڵی ١٩٦٦، حەجیی جندی سەرۆکی بووە. دوای حەجیی جندی، کارلێنی چاچانی بووەتە سەرۆکی ئەو بەشە.

پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت، ساڵی سییەکان، کورد سەرباری هەوڵەکانی ڕووبێن درامپیان و ھۆڤاکیم مارگاریانی ئەرمەنی و ئیسحاق مارۆگوولۆڤی ئاشووری، بەرھەمە وێژەییەکانیان نووسیوە[10].

ساڵی ۱۹۲۹ تا ۱۹۳۷، پتر لە ۷۰ کتێب بە زمانی کوردی لە ئەرمەنستان چاپ کراوە. ۲۰ کتێبیان تایبەت بە خوێندنگا بووە.

وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتی ساڵی ۱۹۳۰ـەکان، زۆر جار بە «وێژەی ھەتیوان» ناودێر کراوە. زۆربەی نووسەرەکانی ئەو سەردەمە: حەجیی جندی و ئەمینی عەبداڵ و جەردۆی گەنجۆ و جاسمی جەلیل و یووسفی بەکۆ و ھەندێکی دیکە، لە ھەتیوخانە گەورە بوون و لەوێ فێری خوێندنەوە و نووسین بوون.

ھەندێکیان لە ھەتیوخانەدا زمانی کوردییان لە بیر چووەتەوە. پاش گەڕانەوەیان بۆ ناو گەلەکەیان، سەرلەنوێ فێری کوردی بوونەتەوە. سا چونکە لەو سەردەمەدا خوێندەواری وەک ئەوان لەناو کوردانی ئەرمەنستاندا نەبووە، ناچار باری پێشخستنی زمان و چاندی کوردییان لە ئەستۆ گرتووە.

ھەندێکیان بە گوێرەی خواستی سەردەمەکە بوونەتە نووسەر، ئەوانی دیکە، ھەر لە مەیدانی نووسەرانی کورداندا بوونە، دەستیان بۆ پێنووس و نووسین نەبردووە.

لەمەڕ نەوەی نووسەرە کوردەکانی ئەرمەنستان، تۆماس بۆیس لە «ئەنسیکڵۆپێدیای ئیسلام»ـدا دەنووسێت:

«ئەوانەی سەرقافڵەی ئەم بوارە بوون، زۆربەی زۆریان ئێزیدییە پەنابەرە نەخوێندەوارەکانی تورکیا بوون. سوودیان لەو ھەلومەرجە نوێیە کۆمەڵایەتییە وەرگرتووە و قۆستوویانەتەوە. کەمترین زانیارییان لەسەر چاندی ئیسلامی هەبووە، ھیچ پەیوەندییەکیان بە دەستەبژێرە ڕۆشنبیرە کوردەکانی دیکەوە نەبووە، بەرھەمەکانیشیان زۆر جاران ئایدۆلۆژی بووە، بەڵام بە ھونەری خوازەیی.»[11]

ساڵی ۱۹۳٤، لە یەریڤان، کۆڕی کوردناسی گێڕدراوە. سەرەڕای کوردناس لە کۆماری قەوقازی باشوور و تورکمانستانەوە، کوردناس لە مۆسکۆ و لێنینگرادیشەوە بەشداریی کۆڕەکەیان کردووە. لە کۆڕەکەدا پرسی پێشخستن و دامەزراندنی زمانی ستانداردیش تاووتوێ کراوە.

کۆڕەکە پێشنیاری کردووە پتر گوێ بە پێشخستنی زمانی کوردی و زاراوەی کوردیی ئەرمەنستان بدرێت، ھەروەتر، بناغەی زمانی ستانداردی کوردی دابنرێت.

لەو ساڵانەدا هەوڵێکی بەپێز بۆ پەرەپێدان و چاپکردنی فۆلکۆری کوردی دراوە. ئەوەندە بەسە لێرەدا کتێبی «فۆلکلۆرا کورمانجا» وەبیر بهێنینەوە؛ ساڵی ۱۹۳٦ لە لایەن حەجیی جندی و ئەمینی عەبداڵەوە لە دووتوێی ٦٦٣ لاپەڕەدا بڵاو کراوەتەوە، گەلێک داستان و چیرۆک و سترانی کوردیی تێدا ھەڵگیراوە[12].

بەرھەمی نەوەی یەکەمی نووسەرە کوردەکان بە ئاستەم ملیان بۆ داخوازیی سیاسەتی سەردەم داوە؛ وەک بڵێی گشتیان لەسەر سۆسیالیزم و ئازادی و یەکسانیی ژن و زۆرداریی چینی باڵادەست و مەیدانی نەهێشتنی دابونەریتی کۆنیان نووسیووە[13].

تۆماس بۆیس لەمەڕ وێژەی کوردیی ئەو ساڵانەوە دەنووسێت: «ڕاستە بەرھەمی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت بە زمانی کوردین، بەڵام ھەستی نەتەوەیییان تێدا نییە[14]. گەر بۆ نووسەرە کوردەکانی دەرەوەی یەکیەتیی سۆڤێت وڵات و نیشتمان خاکی کوردستان بووە، بۆ نووسەرە کوردەکانی یەکیەتیی سۆڤێت نیشتمان گوندەکەی خۆیان بووە، ئەرمەنستان بووە، یەکیەتیی سۆڤێت بووە[15]

دەکرێت تا ڕادەیەک پشتڕاستی ئەم لێدوانەی تۆماس بۆیس بکرێتەوە.

سەرەڕای کەموکورتیی لە لایەنی زمان و ناوەڕۆکەوە، نەوەی یەکەمی نووسەرانی کورد بە پاشخانێکی بەتاڵەوە کۆ بوونەتەوە تا بناغەی وێژەی کوردییان لە یەکیەتیی سۆڤێت داناوە و چەند بەرھەمێکی گرنگیان بڵاو کردووەتەوە. لە لایەنی زمانیشەوە ھەنگاوی مەزنیان ناوە.

وەک دەبینین، وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت بە پاشخانێکی بەتاڵەوە، بەبێ ھیچ ئەزموونێکی وێژەی کلاسیک و ھاوچەرخی کوردییەوە، بە وەرگێڕان دەستی پێ کردووە و بێگومان کاریگەریی وێژەی لێوەرگێڕدراوی بەسەرەوە بووە، لەوانە وێژەی ئەرمەنی و ڕووسی. ئەو کاریگەرییە بەر لە ھەموو شتێک بە ناوەڕۆکەوە دیارە. لە وێژەی کوردیدا، وەک وێژە ناوبراوەکان، مژاری سەرەکییان پیاھەڵدان بە سۆسیالیزم و برایەتیی گەلان و ژیانێکی بەختەوەر بووە. ھەر بۆیە وێژەی کوردی لەو ساڵانەدا لاواز بووە، ئەو فرەڕەنگی و فرەدەنگییەی لە وێژەی ئەرمەنی و ڕووسەکاندا ھەبووە، لە وێژەی کوردیدا نابینرێت. ئەو دیاردانە لە وێژەی کوردیدا، دوادواییەکانی ساڵی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو دەرکەوتوون.

وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ دا، زۆرینەی نەوەی یەکەمی نووسەرە کوردەکان لە ھەتیوخانە گەورە بوون، بۆیە کوردییەکەیان لارولەوێر بووە. دەتوانین بڵێین زمانی یەکەمیان بووەتە ئەرمەنی. ئەمەیش لای ھەندێکیان تا ماوەیەکی درێژ بەردەوام بووە. لەبەر ئەو کاریگەرییەی ئەو ساڵانەی زمانی ئەرمەنی لەسەر زمانی کوردی ھەبووە، ھێشتا ھەندێک دەربڕین یەکسەر پێکھاتەی زمانی ئەرمەنیی تێدا دەناسیتەوە، ھەر دیارە داڕشتنەوەکەی کوردی نییە.

بەرھەمەکانی عەرەبی شەمۆ و ئەحمەدی میرازی لە لایەنی زمانەوە سەرکەوتوو بوون.

ھەروەھا کاریگەریی وێژەی ئەرمەنی و ڕووسی بە شێوازی ھۆنینەوەی ھۆنراوەیشەوە بەرچاوە.

وەک چۆن تۆماس بۆیس دەستنیشانی کردووە[16]، نووسەرانی نەوەی یەکەم دەستیان خستووەتەوە ناو داستانەکانی فۆلکلۆری کوردییشەوە (زۆر جاران بۆ کتێبی خوێندنگا)، داستانە فۆلکلۆرییەکانیان هێناوە و ناوەڕۆکەکەیان نەختێک گۆڕیوە (گێرەوکێشەی چینایەتییان تێ ئاخنیوە)، سەرلەنوێ بە شێوازی خۆیان دایانڕشتووەتەوە. پێویستە بگوترێت، لەو کارەدا سەرنەکەوتن. گێڕانەوەکانی ئەوان لە بیر چوونەوە، کەچی دیسانەوە فۆلکلۆر وەک خۆی بە پاکژی و ڕوونی مایەوە.

نموونەی گێڕانەوەی سەرکەوتووی فۆلکلۆر، دوای ساڵی شەستەکان دەرکەوتووە، بە تایبەت لە بەرهەمی ”ئوسڤێ نەڤییا” و ”خەونا میرمح”ـی فێریکی یووسف.

ساڵی ١٩٣٠ لە ئازەربایجان بواری بەرەوپێشچوونی زمان و چاندی کوردی ڕەخسابوو. لەو ساڵە تا ١٩٣٨ لەو کۆمارەی سۆڤێتدا، دەوروبەری ٣٠ کتێبی کوردی چاپ بووە، زۆربەیان کتێبی خوێندنگا بووە[17].

لە نووسەرە کوردەکانی ئازەربایجانی ئەو سەردەمە دەتوانین ئاماژە بە مووسەیب ئاخووندۆڤ بدەین[18].

لە تورکمانستان لە ساڵی ۱۹۳۰ تا ۱۹۳۸، تەنیا شەش کتێبی خوێندنگا چاپ بووە[19].

لە ئازەربایجان و تورکمانستان، دوای ۱۹۳۸ تا ھەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤێت، ھیچ کتێبێکی کوردی چاپ نەبووە.

لە ئەرمەنستانیش، وەک کۆمارەکانی تری یەکیەتیی سۆڤێت، ساڵانی زوڵم و زۆری ڕژێمی ستالین (١٩٣٧-١٩٣٨) تەگەرە خراوەتە بەرەوپێشچوونی زمان و چاندی کوردی. خوێندنگا کوردییەکان، پەیمانگای پەروەردەیی، ڕۆژنامەی ”ڕیا تەزە”، بەرنامە کوردییەکانی ڕادیۆ، با بڵێین زۆربەی شتە کوردییەکان، بەدەر لە شانۆی کوردیی ئەڵەگەز، داخراوە. شانۆی کوردییش لە ساڵی ١٩٤٧ داخراوە. چاپکردنی کتێب بە زمانی کوردییش ڕاگیراوە.

ئەلفبێی کوردی لەسەر بنچینەی پیتی لاتینی، وەک ”ئەلفبێی ئیمپریالیستان” ناودێر کراوە و ڕێ بە بەکارهێنانی نەدراوە. زۆر ڕووناکبیر و ناوداری کورد بە تاوانی بێبنەما خراونەتە زیندانەوە و ڕاگوێزران: عەرەبی شەمۆ، حەجیی جندی، چەردۆی گەنجۆ، ئەحمەدی میرازی، جانگیر ئاغا، شامل تێموورۆڤ…

بەشێکی کوردانی ئەرمەنستان و ئازەربایجان لە ساڵی ١٩٣٧، ئەوانەی جۆرجیایش لە ساڵی ١٩٤٤، بەرەو کازاخستان و ئاسیای ناوەڕاست ڕاگوێزران. ئیدی پاشەڕۆژ هەلی گەڕانەوەیان بۆ نەڕەخساوە.

دوای ساڵی ۱۹۳۸، کاتێک زمانی کوردی ڕێبەند کراوە، چەند نووسەرێکی کورد، لەوانە ئەمینی عەبداڵ و جاسمی جەلیل، بەرھەرمەکانیان بە وەرگێڕانی ئەرمەنی بڵاو کردووەتەوە.

چونکە ئیدی ئەلفبێی کوردی لەسەر بنچینەی پیتی لاتینی بەکار نەهێنراوە، ساڵی ١٩٤١ حکومەتی کۆماری ئەرمەنستان بڕیاری داوە ئەلفبێی کوردی لەسەر بنچینەی پیتی کیریلی دابنرێت؛ ئەو ئەرکەیش بە حەجیی جندی ڕاسپێردراوە و تا ساڵی ١٩٤٤ ئامادەی کردووە.

گەرچی زوڵم و زۆری ساڵی ١٩٣٧-١٩٣٨ ڕێیەکانی پێشوویان لە وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت گرتووە، چەند نووسەر و ڕووناکبیری کورد خراونەتە زیندانەوە، ڕاگوێزران، کەچی دیسانەوە نووسەرە کوردەکانی کۆماری ئەرمەنستان توانیوویانە دوو کەشکۆڵ (١٩٤٨، ١٩٥٤) بڵاو بکەنەوە و چرای وێژەی کوردی لە ئەرمەنستان بە هەڵکراویی بهێڵنەوە.  لەو ساڵانەیشدا حەجیی جندی کۆمەڵەچیرۆکی ”سبا تەزە” (١٩٤٧) و چەند بەرهەمێکی زانستیی لەسەر فۆلکلۆر بە زمانی کوردی بڵاو کردووەتەوە[20].

ساڵی ١٩٥٥، زۆربەی ئەو دەزگای کوردییانەی سەردەمی دیکتاتۆریی ستالین داخرابوون، دیسان کرانەوە؛ سەرلەنوێ دەست بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی ”ڕیا تەزە” و بەرنامە ڕادیۆییەکانی بە زمانی کوردی کرایەوە، بەشی نووسەرانی کورد بە ناو هەر مابوو، کارەکانی پتر گەشاندەوە، ڕێژەی چاپبوونی کتێبی کوردی زیاتر بوو.

هەرچەندە خوێندنگا کوردییەکان نەکراونەتەوە، بەڵام لە خوێندنگای گوندە کوردییەکاندا، لە پۆلی دوو تا هەشت، حەفتەی دوو کاتژمێر زمان و وێژەی کوردی خوێندراوە.

بۆ پێگەیاندنی مامۆستای زمان و وێژەی کوردییش، بەشی کوردی لە پەیمانگای پەروەردەی ئەرمەنی کراوەتەوە.

ساڵی ١٩٥٩، لە بەشی ڕۆژهەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستیی کۆماری ئەرمەنستان، بەشی کوردناسی کراوەتەوە. لەوێ دەست بە لێکۆڵینەوەی زمان و مێژوو و فۆلکلۆری کوردی کراوە. ساڵی ١٩٦٨، بۆ ئامادەکردنی کادری کوردناسی، بەشی کوردناسی لە کۆلێژی ڕۆژهەڵاتناسیی زانکۆی یەریڤان کراوەتەوە.

دوادواییەکانی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکان گۆڕانکارییەکی مەزنی ئابووری و ڕامیاری بەسەر ژیانی کوردانی کۆماری ئەرمەنستاندا هاتووە، ئازادیی ڕادەبڕینیش زۆروزەبەند بووە. لەو ساڵانەدا ڕێژەی خوێندکاری کورد لە زانکۆکاندا زۆر زیاتر بووە.

ئەو گۆڕانکارییە مەزنانەی لە ژیانی کوردانی کۆماری ئەرمەنستاندا ڕوویان داوە، نووسەر وەزیری ئەشۆ بە ”ڕێنێسانس” ناوی هێناوە[21].

ئەم گۆڕانکارییانە هەستی نەتەوەیییان بەهێزتر کردووە، مژاری وڵاتی باوکوباپیران لە وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتدا بە مەردانە شوێنی خۆی گرتووە، ئەو بۆشایییانەی لەو بوارەدا هەبووە پڕی کردوونەتەوە. گەر پێشتر شیعری کوردی پەسندانی ژیانی ”شادی و بەختەوەری” بووبێت، پەسندانی یەکیەتیی سۆڤێت و سەرۆکە بچووک و گەورەکانی بووبێت، ئەمجارە بەرهەمی نوێ دەرکەوتووە، هەستی زیندووی مرۆڤایەتی لە وێژەی کورداندا جێی خۆی گرتووە[22].

لەمەڕ پرسی بەهێزکردنی هەستی نەتەوەییەوە؛ شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانیی نەمر، ڕۆڵێکی مەزنی گێڕاوە. ئەوە شۆڕشێکی نوێی بیر و باوەڕی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت بووە.

هەرچەندە چەند ڕووناکبیرێکی کورد ئاگاداری شۆڕشی ئەیلوول بوون، لێ ئەو شۆڕسە بۆ کوردانی سۆڤێت لە هاوینی ساڵی ١٩٦٣ـدا هەڵگیرساوە، کاتێک بۆ یەکەمین جار، یەکیەتیی سۆڤێت بە شێوازێکی ئاشکرا پشتگیریی گەلی کورد و شۆڕشی باشووری کوردستانی کردووە.

تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ و گۆڤار و ڕۆژنامەکان لە سەرانسەری یەکیەتیی سۆڤێت باسی کوردیان دەکرد، تێکۆشانەکەیان بە ڕاست لە قەڵەم دەدا و پشتگیریی شۆڕشەکەیان دەکردن. چەند کتێبێکیش لەبارەی ئەو دیرۆک و سەرهەڵدانەی کوردەوە چاپ بووە.

بە هۆی یەکیەتیی سۆڤێتەوە، مەنگۆلیا پرسی کوردی بردووەتە نەتەوە یەکگرتووەکان.

ناسینی مافە نەتەوەییەکانی کورد و پشتگیریی شۆڕشەکەیان بۆ هۆشیاربوونەوە و خۆناسینی نەتەوەیی، لای کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت گوڕێکی مەزن بووە، هەستی کوردپەروەریی لە لایان بەهێز کردووە. دەتوانین بڵێین، بە بۆنەوەی ئەو شۆڕشەوە بۆ یەکەمین جار کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت وەک بەشێکی گشتی لە گەلی کورد خۆیان بینیوە. 

ئەم وشیاربوونەوە نەتەوەییە لە کورتەماوەیەکدا کاردانەوەکەی دەرکەوتووە. خوێندکارە کوردەکان، پاییزی ئەو ساڵە لە یەریڤان، کۆمەڵەیەکیان بە ناوی ”کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد” دامەزراندووە. ئەوە لە سەرانسەری یەکیەتیی سۆڤێت یەکەمین ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی بووە، لەسەر بنەمای نەتەوەیی بنیاد نراوە.

ئامانجی کۆمەڵەکە، بڵاوکردنەوەی بیر و باوەڕی کوردپەروەری لە ناو یەکیەتیی سۆڤێتدا بووە. پاش ماوەیەک لە تیبیلیسییش (پایتەختی کۆماری جۆرجیا) کۆمەڵەیەکی لەو شێوازە پێک هێنراوە.

زۆر سروودی نیشتمانپەروەری هۆنرایەوە و لە بەشی کوردیی ڕادیۆی یەریڤان بڵاو دەکرانەوە.

دوادواییەکانی ساڵی پەنجاکان و دەستپێکی شەستەکانی سەدەی ڕابوردوو، ڕێژەی خوێنەری وێژەی کوردی هەڵکشابوو.

وشیاربوونەوە و خۆناسینی نەتەوەیی، کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر چاند و وێژەی کوردانی سۆڤێت داناوە. ئەمجارە مژاری کوردستان، تێکۆشانی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد، لە وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتدا بابەتێکی سەرەکی بووە. ئەو بابەتە بەر لە هەموو شتێک لە شیعری کوردیدا دەرکەوتووە.

ئەم گۆڕانکارییانەی مژار و ناوەڕۆک، هونەرمەندی و شێوازی تازەی نووسینیان ویستووە.

نووسەرە کوردەکان ویستوویانە بە تەواویی لە کاریگەریی وێژەی ئەرمەنی و ڕووسی ڕزگاریان ببێت و ئەمەیان بۆ چووە سەر. قاچاغی مراد[23] و فێریکی یووسف[24] و شکۆی حەسەن[25] بەرەو شیعری کلاسیکی کوردی گەڕاونەتەوە؛ لە ڕێی نوێکردنەوەی شیعری کلاسیکەوە ویستوویانە ڕێچکەیەکی نوێ بشکێنن. میکائیلی ڕەشید[26] فۆڕم و شێوازی شیعری ئەورووپیی هێناوەتە ناو وێژەی کوردییەوە، وەک بڵێی دەستێک جلوبەرگی کوردیی لەبەر کردوون.

ئەم گۆڕانکارییانە ئیدی لە دوادواییەکانی ساڵی پەنجاکاندا، لە بەرهەمی چەند نووسەردا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام لە دەستپێکی شەستەکاندا، بە بەرهەمی فێریکی یووسف (چاڤکانی، ١٩٦١) و شکۆی حەسەن (قالچیچەک، ١٩٦١) لە وێژەی کوردانی ئەرمەنستاندا گەیشتووەتە ترۆپک.

لەو ساڵانەدا نەوەی یەکەم[27] زۆر بەرهەمی بەپێزیان گەیاندووتە دەستی خوێنەری کورد.

ساڵی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو، سەرەڕای شاعیرە ناوبراوەکان، یووسفی بەکۆ[28] و سمۆی شەمۆ[29] و سهیدی ئیبۆ[30] و کارلێنی چاچانی[31] و عەگیدی شەمسی[32] و ڕزعالیی ڕەشید[33] و عەسکەری بۆیک[34] و تۆسنی ڕەشید[35] دیوانەشیعریان بڵاو کردووەتەوە. ساڵی ١٩٧١، چەرکەزی ڕەش[36] کتێبێکی بە ناوی ”شۆڕشا خەبەرا” بڵاو کردووەتەوە. 

وێژەی کوردیی ئەو سەردەمە تایبەتمەندییەکی هەبووە؛ وەک دەزانین یەکەمین نەوەی نووسەرانی کوردی یەکیەتیی سۆڤێت لە هەتیوخانە، دوور لە کۆمەڵانی کورد گەورە ببوون، بەڵام دواییەکانی پەنجاکان و دەستپێکی شەستەکان، زۆر نووسەر هاتنە مەیدانەی وێژەی کوردییەوە، ئەوانەی لە گوندە کوردییەکاندا، لە کۆمەڵە کوردییەکاندا گەورە بووبوون، شێوازی بیرکردنەوەیان کوردییەکی پاراو بووە. گەرچی وشەی عەرەبی لە زمانەکەیاندا هەبووە[37]، بەڵام پێکهاتەکەی کوردی بووە، بەرهەمەکانیان بۆنوبەرامەی کوردی لێ هاتووە.

لەو ساڵانە میرۆی ئەسەد و سیامەند سیابەندۆڤ و خەلیل مورادۆڤ و ئۆردیخانی جەلیل دیوانەشیعریان بڵاو کردووەتەوە.

زۆر بەرهەمی منداڵانیش لە بەرهەمی نووسەرە کوردەکاندا هەبووە، بەڵام کتێبەکانی کارلینی چاچانی (شێر و کەو، ١٩٦١) و میکائیلی ڕەشید (پشکا من، ١٩٦٥) و سمۆی شەمۆ (حکایات دەرحەقا بالچێمکێدا، ١٩٧١)، بە تایبەتی بۆ منداڵان بووە.

شەرەفی عەشیر دیوانی ساتیرە سەرنجڕاکێشەکانی بە ناوی ” گەزگەزک” (١٩٧٩) بڵاو کردووەتەوە.

هەنگاوی گەورەیش لە بواری پەخشاندا نراوە. عەرەبی شەمۆ ڕۆمانی (بەربانگ، ١٩٥٨)، (ژیانا بەختەوار، ١٩٥٩)، (هۆپۆ، ١٩٦١) و (دمدم، ١٩٦٥) بڵاو کردووەتەوە.

”بەربانگ” درێژەی ڕۆمانی ”شڤانا کورمانجا” بووە. ”دمدم” ڕۆمانێکی مێژووییە، باسی سەرهەڵدانی کوردە لە ساڵی ١٦٠٨ تا ١٦١٠. حەجیی جندی ڕۆمانی ”هەواری”، عەلیی عەبدوولڕەحمان چیرۆکی ”خاتێ خانم” و ڕۆمانی ”گوندێ مێرخاسا” و ”شەڕێ ل چیا”، سهیدی ئیبۆ ڕۆمانی ”کوردێ ڕێوی”، عەگیدی خودۆ ڕۆمانی ”دێ و دێماری”، عەزیزی گەردەنزەری ڕۆمانۆچکەی ”فینجانا فەیفووری”، چاپ کردووە. ئەحمەدی میرازی کتێبیکی ”بیرئانیێن من” بڵاو کردووەتەوە، یەکەمین نموونەی وێژەی بیرەوەرییە لە وێژەی کوردانی سۆڤێتدا. بەداخەوە، ئەو کتێبە بەپێزە بە لێبڕینێکی زۆرەوە گەیشتووەتە دەستی خوێنەر.

پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت، سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم زۆرینەی ئێزیدییەکانی سەرحەد کوژراون، کۆچیان کردووە و هەڵهاتوون تا لە برسان نەمرن، دواتر گەیشتوونەتە ئەرمەنستان، یەکیەتیی سۆڤیت داڵدەی داون. ئەم ڕووداوانە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کۆمەڵی کوردانی ئێزیدی داناوە و زۆر جار گێڕاویانەتەوە. هەر بۆیە لە بەرهەمی نووسەرە کوردە ئێزیدییەکان تووشی ئەم مژارە دەبینەوە. لە ڕۆمانی ”بەربانگ” و ”هەواری” و ”کوردێ ڕێوی”ـدا بەرەوڕووی دەبینەوە. لە ڕۆمانی ”ژیانا بەختەوار”ـی عەرەبی شەمۆیشدا ئەو مژارە پانتاییەکی گرنگی داگیر کردووە. دەتوانین بەرهەمی ”بیرئانینێن من”ـی ئەحمەدی میرازییش بخەینە پاڵ ئەم ڕۆمانانەوە.

هەرچەندە لە بواری ڕۆمانی کوردیدا هەنگاوی بەپێز نراوە، بەڵام دەستکەوتی گرنگ لە بواری کورتەچیرۆکدا هاتە ئاراوە. لەو ساڵانەدا سیما سەمەند (“غەزاڵ”، ١٩٦١، “دو شایی”، ١٩٦٧، “گومان”، ١٩٨٢)، سهیدی ئیبۆ (“دوریان”، ١٩٦٤)، ئەمەریکی سەردار (“دەستێ دێ”، ١٩٧٤، ”ئیدی دەرەنگ بوو، ١٩٧٩ و ”دەنگێ دل”، ١٩٨٤)، وەزیری ئەشۆ (“مزگینی”، ١٩٧٦، ”دەنگبێژ کال ببوو”، ١٩٨٢، ”پامپ-سیپان”، ١٩٨٦)، خەلیل مورادۆڤ (“مۆریێ نەنێ”، ١٩٦٩)، ئەحمەدی هەپۆ (“ئادار”، ١٩٦٥، “ئەمر گول ڤەددە”، ١٩٧٥)، بابای کەلەش (“نیشانی”، ١٩٨٨)، عەسکەری بۆیک (“ل چیا”، ١٩٩١) کۆمەڵەچیرۆکیان چاپ کردووە، فرەدەنگی و فرەڕەنگی مژار و بابەتی نووسینیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە.

دوای سەرلەنوێ خستنەوەگەڕی بەرنامە کوردییەکانی ڕادیۆی یەریڤان، چەند شانۆنامەیەکی ڕادیۆیی نووسراوە و لە ڕادیۆدا بڵاو کراوەتەوە.

دوایییەکانی ساڵی شەستەکان لە شاری تبیلیسی (جۆرجیا) و لە گوندی ئەڵەگەز (ئەرمەنستان) شانۆی کەلەپووری کوردی کراوەتەوە، شانۆنامە بۆ ئەو شانۆیانە نووسراوە. لەو شانۆنامانە: “زەواجا بێ دڵ”ـی ئیسماعیلی دووکۆ، ”سنجۆ قیزا خوە دەدە مێر” و “مەم و زین”ـی عەسکەری بۆیک و “سیابەند و خەجێ”ـی تۆسنی ڕەشید وەک کتێب بڵاو بوونەتەوە[38]. ڕاستە بینەران پێشوازییەکی زۆریان لەو شانۆگەرییانە کردووە، بەڵام دیسانەوە شانۆنامە لە وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتدا لاواز بووە.

ساڵی ١٩٨٢ تا هەڵوەشاندنەوەی یەکیەتیی سۆڤێت، کەشکۆڵی ساڵانە بە ناوی ”باهارا تەزە”، دواتر بە ناوی ”باهار”، بڵاو بووەتەوە. چونکە چاپکردنی کتێبی کوردی سنووردار کرابوو و زۆر جاران نووسەر ساڵانێک چاوەڕێی چاپبوونی بەرهەمەکەی بووە؛ ئەو کەشکۆڵانە هەلیان بۆ نووسەران ڕەخساندووە تا بەرهەمە نوێیەکانیان بگەیەننە خوێنەران. بەرهەمی گشت نووسەرە کوردەکانی کۆماری ئەرمەنستان لەو کەشکۆڵانەدا جێیان گرتووە و هیی بەپێزیشیان زۆر تێدا بووە.

نەریتی وەرگێڕان لای نووسەرە کوردەکان تا هەڵوەشاندنەوەی یەکیەتیی سۆڤێت بەردەوام بووە. حەجیی جندی، سەرەتای سییەکان دەستی دابووە وەرگێڕان، ساڵی پەنجا و شەستەکانیش درێژەی پێ داوە. لە ساڵی شەستەکاندا ئەمەریکی سەردار، وەزیری ئەشۆ، عەگیدی خودۆ، فێریکی یووسف و چەند نووسەرێکی دیکە بە وەرگێڕانەکانیان وێژەی کوردییان دەوڵەمەند کردووە.

پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت، لەو ساڵانە زۆر بەرهەمی نووسەرە کوردەکانیش بە زمانی ئەرمەنی و ڕووسی بڵاو بووەتەوە.

ڕەخنەگرتن هەمیشە بەشێکی لاوازی وێژەی کوردانی سۆڤێت بووە. زۆر جاران لێکۆڵینەوەی مێژوویی جێی ڕەخنەی گرتووەتەوە.

حەجیی جندی ساڵی ١٩٥٤ و ١٩٧٠ دوو کتێب لەسەر وێژەی کوردانی ئەرمەنستان بە زمانی ئەرمەنی بڵاو کردووەتەوە[39]. بەڵام ئەو بەرهەمانە ڕەخنەیان لە خۆ نەگرتووە. هەر وەک تۆماس بۆیس دەنووسێت، کاتێک باس دێتە سەر ڕەخنەی وێژەی کوردانی ئەرمەنستان، پێویستە بەر لە گشت شتێک ئەمەریکی سەردار وەبیر بهێنینەوە، کارێکی بەپێزی لەو بوارەدا کردووە. زۆرینەی وتارە ڕەخنەییەکانی لە ڕۆژنامەی ”ڕیا تەزە”ـدا بڵاو بوونەتەوە[40]. هەروەها وتارەکانیشی لە گۆڤار و ڕۆژنامە ئەرمەنییەکاندا بڵاو بوونەتەوە.

لەو ساڵانەی دواییدا، چەرکەزی ڕەشیش لە ”ڕیا تەزە”ـدا چەند وتارێکی ڕەخنەیی نووسیوە.

ساڵی ١٩٧٠-١٩٨٠، بواری چاندیی کوردی لە جۆرجیا گەشاوەتەوە. شانۆی کوردی، کۆمەڵەی گۆرانی و گۆڤەند هاتووەتە مەیدانەکەوە، لە لایەنی شێوەکارییشەوە هەنگاو باش نراوە. نووسەری کورد عەزیزی ئیسکۆ و چەردۆی ئەسەد و باخچۆی ئیسکۆ و تهاری برۆ لەگەڵ چەند کەسێکی تردا، بەشی نووسەرانی کوردیان لەپاڵ یەکیەتیی نووسەرانی جۆرجیا دامەزراندووە. بەڵام دیسانەوە بەرهەمەکانی خۆیانیان لە ئەرمەنستان بڵاو کردووەتەوە.

دوای ساڵی ١٩٥٥، بە تایبەتی دوادواییی پەنجاکان و دەستپێکی شەستەکانی سەدەی بیست، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتدا هەڵدراوەتەوە. پەرەسەندنی چاندیی کوردی تەقلەیەکی نوێی بە وێژەی کوردی داوە، ناوی نوێ هاتووەتە ناو وێژەوە. بە دەرکەوتنی ئەو ناوانە، ئەو وێژەیە توانیوویەتی خۆی لە کەموکوڕییەکانی ساڵی سییەکان و چلەکان ڕزگار بکات، بووەتە خاوەنی ناوەڕۆکی فرەجۆر، خەمڵ و خەتێکی کوردانەی وەرگرتووە، خۆی لە درووشمی سیاسی و پیاهەڵدان پووچ و کاریگەریی وێژەی دەرودراوسێ داماڵیوە. لەگەڵ گۆڕینی ناوەڕۆکدا، شێوازی نوێنی نووسینیش دەرکەوتووە.

پەیوەندی لە نێوان نووسەرە کوردەکانی ناوەوە و دەرەوەی یەکیەتیی سۆڤێتدا چێ بووە. وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت بەرەو پیری وێژەی گشتیی کوردی چووە.

دوادواییی ساڵی هەشتاکان، دەتوانین بڵێین وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت، لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدا، بووەتە خاوەنی زمانێکی تا ڕادەیەک ستاندارد.

بە بیروڕای ئێمە ئەم بەرەوپێشچوونە چەند هۆکارێکی هەبووە:

١. دوای مردنی ستالین و ئاشکراکردنی زوڵم و زۆری ڕژێمەکەی، ئازادیی ئاخاوتن و ڕادەبڕین زیاتر بووە. 

٢. ئەگەر بۆ نەوەی یەکەمی نووسەرە کوردەکان بڵێین بە هۆی بارودۆخی سەردەمەوە بوون بە نووسەر، لە کۆتاییی پەنجاکانەوە و دەستپێکی شەستەکانەوە، دەستەیەک نووسەر هاتوونەتە ناو وێژەی کوردییەوە، کە دەبوو ببنە نووسەر، وەک دەگوترێت: “خودا پێی دابوون.”

٣. کوردناسانی لێنینگراد بە سەرۆکایەتیی قاناتی کوردۆ، بەرهەمی نووسەرە کلاسیکەکانی کوردیان وەک ئەحمەدی خانی و فەقێی تەیران و حاریس بەدلیسی و سڵێمان سەلیم و مێژوونووسی وەک شەرەفخانی بەدلیسی و خوسرەو خانی ئەردەڵانی و مەستوورەی ئەردەڵانی و مەلا مەحموودی بایەزیدی بە وەرگێڕانی ڕووسی بڵاو کردووەتەوە.

٤. شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان و پشتگیریی ئەو شۆڕشەوە لە لایەن یەکیەتیی سۆڤێتەوە، هەستی نەتەوایەتیی لای کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت بەهێزتر و تۆختر کردووە، بابەتی کوردستان و تێکۆشانی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد لە وێژەی کوردیدا بابەتی سەرەکی بووە.

٥. پەیوەندی لە نێوان کوردانی ناوەوە و دەرەوەی یەکیەتیی سۆڤێتدا چێ بووە، ‘بەربەستی ئاسنین’ وردەوردە بەرز کراوەتەوە. بەرهەمی نووسەرە کوردەکانی ئەو سەردەمە، بەر لە هەمووی ئەوانەی جگەرخوێن، گەیشتوونەتە دەستی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتی جاران. گۆڤار و رۆژنامەی کوردی لە ئەورووپا چاپ بووە، لە بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانەدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە.

سەرنجەکانی کۆمەڵناس و کوردناس مارتین ڤان بروونسەن لەمەڕ هەڵسەنگاندنی وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتەوە سەرنجڕاکێشن. ئەو سەبارەت بە خەمڵاندنی وێژەی کوردانی باکوور لە ساڵی ١٩٨٠ـکاندا، دەنووسێت: “پشکووتنی لەناکاوی نووسین و چاپەمەنیی کوردی لەوێ، حەقیقەتێکی دیکەی لە پشتەوەیە؛ کاریگەریی پەیوەندیی بەردەوامیان لەگەڵ کوردانی سۆڤێت. ئەوانەی دوایی، بە تایبەت لە ئەرمەنستان، توانیبوویان بەرهەمی باشی وێژەیی بڵاو بکەنەوە، بنجیان داکوتابوو. دوای نەمانی ستالینزم، کوردانی ئەرمەنستان (کە لەوێ نەتەوەیەکی بچووک بوون، ڕێژەیان نزیکی ٥٠.٠٠٠ کەس بووە) خاوەنی مافی چاندیی ئێجگار مەزن بوون، لەو ناوچەیەدا جێیەکی دیکە بۆ پشتگیریی بڵاوکردنەوەی کوردی هاتووەتە ئاراوە.”[41] درێژەی دەداتێ: “وێژەی کوردی و بواری چاندیی کوردەواری بە گشتی[42] دووراودوور گەشەی سەندووە، کەوتووەتە نێوان سێ تاراوگەوە؛ ڕۆژئاوای تورکیا، یەکیەتیی سۆڤێتی جاران و ڕۆژئاوای ئەورووپا[43].”

ئەنجام

وێژەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤێت ڕێیەکی دوورودرێژی بڕیوە.

سەرەتای ساڵی ١٩٣٠ـەکان، چەند خوێندەوارێک لە کوردانی ئەرمەنستان هەبووە، بە پاشخانێکی بەتاڵەوە، لە ڕێی وەرگێڕان و دواتر بەرهەمی سەربەخۆوە، بنچینەی وێژەی کوردییان لەو کۆمارە و یەکیەتیی سۆڤێت داناوە، زمانی نووسینەکیی کوردییان پێش خستووە.

ساڵانی ١٩٣٨ تا ١٩٥٥، کاتێک ڕێ لە بەرەوپێشچوونی چاند و وێژەی کوردی گیراوە، نووسەرە کوردەکان دیسان چەند بەرهەمێکیان لە ئەرمەنستان بڵاو کردووەتەوە، چرای وێژەی کوردییان لە یەکیەتیی سۆڤێت بە هەڵکراویی هێشتووەتەوە.

ساڵی ١٩٥٥ لە ئەرمەنستان دەست بە بووژانەوەی چاندیی کوردی بە گشتی و وێژەی کوردی بە تایبەتی کراوە. ئەو وێژەیە لە زۆر لایەنەوە خۆی لە کەموکوڕیی ناوەڕۆک و شێوازی نووسینەوە، هەروەهایش لە کاریگەریی وێژەی دەرودراوسێ ڕزگار کردووە. ناوی نوێ هاتووەتە ناو وێژەوە، ناوەڕۆک و شێوازی نوێ نووسینیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە.

هەنگاوی بەپێز بۆ پرسی دانانی زمانی ستاندارد نراوە. 

وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێت، کە بەشێکی وێژەی گشتیی کوردییە، هێشتا چاوەڕوانی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی قووڵ و فرەلایەنە.


[1] فەرهاد شاکەلی، تۆسنی ڕەشید، گۆڤاری ڕامان، ژمارە ٨٩، ٢٠٠٤، هەولێر

[2] حەجیێ جندی، ئۆچێرکا ئەدەبیەتا کوردایە ئەرمەنستانا سۆڤێتێ، ١٩٧٠ (بە زمانی ئەرمەنی)

[3] تۆماس بۆیس، ١٩٥٥

[4]Ferhad Pirbal, Kurdish literature in the former Soviet Union Republic of Armenia, 2008.

[5] فەرهاد شاکەلی، هەمان سەرچاوەی پێشوو

[6]Zorabê Bûdî, The Kurds and the Caucasus. 2005

[7]خ. چاتۆیێڤ، ١٩٦٥، ل ١١٦

[8] هەمان سەرچاوە، ل ١٧٧

[9] هەمان سەرچاوە، ل ١٢٣

[10] هەمان سەرچاوە، ل ١٣٩

[11] The Encyclopedia of Islam, 1986, c. V, 483

[12]فۆلکلۆرا کورمانجا، ١٩٣٦

[13] Thomas Bois, The Kurds, 1966, 133

[14] Thomas Bois, Coup d’œil sur la littérature kurd” 1955. 201-39

[15] هەمان سەرچاوە

[16] Thomas Bois, The Kurds,1966, 134

[17] ن. ڕزاییڤ، ٢٠٠٦

[18] ئاریستۆڤا، ت. ف.، ١٩٦٦، ل١٩٤

[19] فەرهاد پیرباڵ، ٢٠٠٨

[20] کەر و کولکێ سڵێمانی سلیڤی ١٩٤١، شاخێن ئێپۆسا ‘کۆرۆخلی’ـیێن کورد. ١٩٥٣

[21] وەزیرێ ئەشۆ، ١٩٩٩

[22] تۆسنێ ڕەشید، ١٩٩٦

[23] ‘’شەوق” ١٩٥٩، ”گوڵپەری” ١٩٦٣، ”باهارا تەزە” ١٩٦٦ و ”گاڤا چارا” ١٩٧٠، ”نارێ” ١٩٧٧، ”حسرەتنەمە” ١٩٨٤

[24] “جەڤکانی” ١٩٦١، ”گوڵا ئەڵەگەزێ” ١٩٦٤، ”لیریکا” ١٩٦٧، ”ئووسڤێ نەبییا” ١٩٧٠

[25] “قاڵچیچەک” ١٩٦١، ”تەمبوورا کورد” ١٩٦٥، ”مەرەمێ دڵی کورد” ١٩٧١ و ”پەروازا وەلات” ١٩٧٧

[26] “دڵێ من” ١٩٦٠، ”وەدە” ١٩٦٦، ”شەمس” ١٩٧٠، ”پەنجەرە” ١٩٧٤، ”متاڵە” ١٩٧٨، ”عیساف” ١٩٨٤، ”ڕێدامە” ١٩٨٥. میکائیلی ڕەشید لە هەتیوخانەی ئەرمەنییەکاندا گەورە بووە و لەوێ زمانی کوردیی لە بیر چووەتەوە. کتێبەکانی سەرەتای بە زمانی ئەرمەنی و ڕووسی چاپ کردووە.

[27] “گوڵیزەر” ١٩٥٦، ”مەم و زین” ١٩٥٩، ”شێعران و پۆیێمان” ١٩٦٣

[28] “کەسکەسۆر” ١٩٦١، ”حسرەتا من” ١٩٦٣، ”مێڤانێ ڕۆژێ” ١٩٦٦، ”ئەفراندنێ تەزە” ١٩٦٩، ”پایز” ١٩٧١

[29] “نوور” ١٩٦١، ”خەتێن حوبێ” ١٩٦٧، ”ئەز و عێل” ١٩٧٤، ”گوڵا گەلی” ١٩٧٩، ”دڵێ بەنگی” ١٩٨٩

[30] “قورنا من” ١٩٦٣، ”بیست ساڵێ دن” ١٩٧٠، “سینەم” ١٩٧٥، ”ئازایی” ١٩٨٨

[31] “گوڵ” ١٩٦٠، ”دڵ و وەتەن” ١٩٦٢، ”بەربانگا وەتەنێ من” ١٩٦٧، “باقە تەڤ” ١٩٧٢، “زەرێ” ١٩٨١، “زنێ” ١٩٨٤، “ئازێ” ١٩٨٨

[32] “شەمدین” ١٩٦٤، ”هیڤەرۆن” ١٩٦٧، ”حەسرێد بهارە” ١٩٧٦، ”سمڵ” ١٩٨٩

[33] “بەرب تەڤێ” ١٩٦٥، ”خەم و خەیاڵ” ١٩٧٩، “حەیر و گومان” ١٩٨٩

[34] “شڤەرێ” ١٩٦٦، ”کولیلکێ چیا” ١٩٧٥، “تیرێنج” ١٩٨٧

[35] “کڵامێ ڕێ” ١٩٧٥، ”زۆزان” ١٩٨٤، ”نیڤڕۆ” ١٩٨٧

[36] “شۆڕشا خەبەرا”، ١٩٨٧

[37] لە وێژەی کوردانی یەکیەتیی سۆڤێتی جاراندا، هێشتا تووشی زۆر وشەی عەرەبی دەبینەوە. هۆکارەکەیشی ئەوەیە، ئەو وشانە لە زمانی گەلدا هەبووە، لە فۆلکلۆری کوردیدا هەبووە و ئەوانەی عەرەبییان نەزانیوە بە کوردییان داناوە. نووسەرە کوردەکان بەر لە هەموو شتێک دوورەپەرێزیان لە وشەی ڕووسی و ئەرمەنی گرتووە.

[38] ئیمساعیلێ دووکۆ، ١٩٦٦. عەسکەرێ بۆیک ١٩٧٨، عەسکەرێ بۆیک، ١٩٩٠. تۆسنێ ڕەشید، ١٩٨٨

[39] ح. جندی، ١٩٥٤، ١٩٧٠

[40] Thomas Bois, The Kurds, 1966, 136.

[41] Martin van Bruinessen,  2000.

[42] مەبەستی وێژەیە بە زاراوەی کورمانجیی ژووروو – ت. ڕ.

[43] هەمان سەرچاوە

سەرچاوە:

  1. ZorabêBûdî, The Kurds and the Caucasus. 2005.
  2. Çatoêv, KurdênErmenistanaSovyêtê,Yêrêvan, 1965. (Bi zimanêrûsî).
  3. The Encyclopedia of Islam, Leiden, E.S. Brill, 1986, c. V.
  4. Folklorakurmanca,kitêbapêşin, berevkirin û hazirkirin H. Cindî û E. Evdal. 1936
  5. NizameddinRzaev, www.kurdishmedia.com, 05.06.2006.
  6. Arîstova, T. F., KurdênPişkavakazê, ‘Naûka’ Moskva 1966, (Bi zimanêrûsî).
  7. FerhadPîrbal, The Kurdish literature in the soviet republic Armeni, The Kurdish Globe, 07 August 2008.
  8. FerhadŞakelî, TosinêReşî, Kovara “Raman” N89, 2004, Hewlêr.
  9. Thomas Bois, The Kurds,Khayats, Beirut, 1966.
  10.  Thomas Bois, Coup d’œil sur la littératurekurde” 1955.  “Al- Machriq”, Mars-Avri.
  11. WezîrêEşo, “Nûdem” N32, 1999.
  12. Cindî, Edebyetakurdî li ErmenistanaSovyêtê, 1954 (bi zimanêermenî). OçêrkaedebyetakurdayeErmenistanaSovyêtê, 1970 (bi zimanêermenî).
  13. OrdîxanêCelîl, PoêzîyaCegerxwînebajarvanîyê, 1966.
  14. ÎsmaîlêDûko, “Zewacabêdil”, 1966. EskerêBoîk“Sincoqîzaxwedidemêr”, 1978, EskerêBoîk “Mem û Zîn”, 1990. TosinReşîd, “Sîyabend û Xecê”, 1988.
  15.  Martin van Bruinessen, Transnational aspects of the Kurdish question. Working paper, Robert Schuman Centre for Advanced Studies, European University Institute, Florence, 2000.

*ئەم لێکۆڵینەوەیە ساڵی ٢٠١٠ لە یەکەمین کۆڕی نێونەتەوەییی وێژەی کوردی لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندراوەتەوە.

ئەم وتارە لەم سەرچاوەیەوە بە کوردیی ناوەندی داڕێژراوەتەوە:

Wêjeyakurdî li YekîtîyaSovyetê, TosinêReşîd, Riataza.com, 29-11-2015 (Ji KurmancîboSoranî: Jiyar Homer)

ژیاننامە

تۆسنی ڕەشید (TosinêReşîd): نووسەر و لێکۆڵەر و شاعیر و ڕۆماننووس و چیرۆکنووس و شانۆنووس و ڕۆژنامەنووس و وەرگێڕێکی کوردی ئێزیدییە. ساڵی ١٩٤١ لە گوندی کوڕەکەندی ناوچەی ئێچمیادزینی ئەرمەنستان لە دایک بووە. نووسەرێکی هەرە دیار و گرنگی کوردستانی سوورە. ئامۆزازای قاناتی کوردۆیە. لە خوێندنگای گوندەکەیان تا پۆلی چواری بە کوردی خوێندووە، پاشان لە گوندە ئەرمەنییەکانی دراوسێیان، درێژەی بە خوێندن داوە. ساڵی ١٩٦٤، کۆلێژی فیزیا-بیرکاریی لە ئینستیتووتی یەریڤان تەواو کردووە. ساڵی ١٩٧٥ تێزی دکتۆراکەی نووسیوە و بووەتە دکتۆری زانستی کیمیا. ساڵانێکی دوورودرێژ لە زانکۆی یەریڤان و ئینستووتە ئەکادیمییەکانی ئەرمینیادا کاری زانستیی کردووە و گەلێک وتاری بە چاپ گەیاندووە. ساڵی ١٩٦١، یەکەمین وتاری لە ڕۆژنامەی ڕیا تەزەدا بڵاو بووەتەوە. ساڵی شەستەکان، زۆر وتار و شیعر و چیرۆکی لە ڕۆژنامەی ڕیا تەزە و ڕادیۆی یەریڤان بڵاو کردووەتەوە. ماوەی دوانزە ساڵێک، وتاری زۆری بە ناوی ئێنسیکڵۆپێدیای کوردی لە ڕادیۆی یەریڤان بڵاو کردووەتەوە. وتارەکانی لەسەر مێژوو و وێژە و چاندی کوردی بووە؛ پرسی ڕۆژانەی کوردیان لە خۆ گرتووە. ساڵی ١٩٦٣ لە یەریڤان، لە ژێر کاریگەریی شۆڕشی باشووری کوردستان، تۆسنی ڕەشید لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا کۆمەڵەی کوردی دامەزراندووە؛ لە سەرانسەری یەکیەتیی سۆڤێتدا یەکەمین کۆمەڵەی نەتەوەیی بووە. پاشان بۆ وشیارکردنەوە و بووژانەوەی هەستی کوردایەتی، زۆر جار چووەتە ناو کوردانی جۆرجیا و کازاخستان و قیرخستان. لە ساڵی ١٩٩٣ـەوە نیشتەجێی ئوسترالیایە. پەڕتووکەکانی: کڵامی ڕێ (شیعر، ١٩٧٥)، زۆزان (شیعر، ١٩٨٤)، نیڤرۆ (شیعر، ١٩٨٧)، سیابەند و خەجێ (شانۆ، ١٩٨٨)، شەڤا بێ خەو (چیرۆک، ٢٠٠٠)، ژ بۆ بیرئانینا قاناتێ کوردۆ (لەگەڵ حسێن حەبەش، ٢٠٠٠)، ئێزیدیاتی ئۆلەکە هێ ژی نەناسکری (لێکۆڵینەوە، ٢٠٠٤)، من بێریا شەڤێن سپی کرییە (چیرۆک، ٢٠٠٥)، مەستوورە، سەرێ هێژایی تاج بوو (ڕۆمانی مێژوویی، ٢٠٠٥). هەروەها بەرهەمی پووشکین، تۆڵستۆی، چێخۆڤ، بوونین، ڤۆزنێسێنسکی، ئیسحاقیان، سێڤاکی لە ڕووسی و ئەرمەنییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوە. خاوەنی دەیان وتاری بەپێزە، ژیار هۆمەر بەشێکیانی بە کوردیی ناوەندی داڕشتووەتەوە.

ژیار هۆمەر (Jiyar Homer): وەرگێڕ و نووسیار. لەدایکبووی ١٩٩٦ـی سلێمانییە. کارمەندی ناوەندی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی (AUIS)ـیە. نووسیاری گۆڤاری ئیلیانـە. زمانی کوردی و ئیسپانی و پۆرتوگالی و ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی دەزانێت. بەرهەمی چەندین نووسەری ئەمریکای لاتینی بۆ کوردی وەرگێڕاوە. وەرگێڕی پێچەوانەیشە؛ شیعری شێخ ڕەزای تاڵەبانی، عەبدوڵڵا گۆران، شێرکۆ بێکەس، هێمن موکریانی، ڕەفیق سابیر، بەختیار عەلی، عەبدوڵڵا پەشێو، فەرهاد پیرباڵ، دلاوەر قەرەداغی، چۆمان هەردی، کەژاڵ ئەحمەد، هیوا قادر، پێشەوا کاکەیی، دلاوەر ڕەحیمی، کاوان نەهایی، ئەنوەر عەباسی، بڕیار محەمەد تاهیر، ڕێبین خدر، وریا مەزهەر، فەرید خانی بۆ سەر زمانی ئیسپانی وەرگێڕاوە. بەرهەمەکانی لە ١٩ وڵات بڵاو بوونەتەوە، لەوانە لە گۆڤاری World Literature Today ،Literary Hub ،Poesía ،Periódico de Poesía ،The Brooklyn Rail ،Buenos Aires Poetry Círculo de Poesía. پڕۆژەکانی لە چوارچێوەی کتێبدا: ڕۆمانی بیر، خوان کارلۆس ئۆنێتی، لە ئیسپانییەوە وەریگێڕاوە (وەشانخانەی کەشکۆڵ، ٢٠٢٢). لەگەڵ د. ئالانا ماری لێڤنسۆن لابرۆس کۆمەڵەچیرۆکی «پەتاتەخۆرەکان»ـی فەرهاد پیرباڵی بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاوە و وەشانخانەی دیپ ڤێڵوم (Deep Vellum) لە ئەمریکا بڵاوی دەکاتەوە. لەگەڵ دەیڤد شووک دیوانی «پەناهەندەی ژمارە ٣٣٣٣٣»ـی پیرباڵی بۆ ئیسپانی وەرگێڕاوە و وەشانخانەی گاتۆ نێگرۆ (Gato Negro Ediciones) لە مەکسیک بڵاوی دەکاتەوە. هەنووکە سەرقاڵی وەرگێڕانی «حەسار و سەگەکانی باوکم»ـی شێرزاد حەسەن و کۆچیرۆکەکەی کارلۆس ڕویز زافۆنە. پێشتریش وەک نووسیار و بەرپرس و بەڕێوەبەر لە گۆڤاری سینەنا(Cine-Na) و تەماشە(Temaşe) و زارەما ((Zarema کاری کردووە.