کۆمۆنیزمی ڕۆحەکان

(پەردەی شانۆیی)

و. لە ئەڵمانییەوە و لێکدانەوەی: پێشڕەو محەمەد

ئوگین و لۆتار                              تیۆبالد و ئۆسکار

پەردە

خۆرئاوابوون. پەرستگا. خاکی دەوڵەمەند و بەپیت و فراوان. ڕووبار. جەنگەڵەکان. هاوڕێیان. تەنها پەرستگاکە هێشتا ڕووناکە. گفتوگۆ لەسەر سەدەکانی ناوەڕاستە، نەزمە مۆناستی(ڕەبەنی)یەکان لەژێر ڕۆشناییی مانای ئایدیالی خۆیاندا. کاریگەرییان لەسەر ئایین و لە هەمان کاتدا، لەسەر زانست. هەردوو ئاراستەکە بە ڕێگەی جیاوازیی خۆیاندا ڕۆیشتوون، نەزمەکان کەوتوون – بەڵام ئایا نابێت ئێمە ئارەزووی فۆرمە کۆمەڵایەتییە هاوشێوەکان بکەین؟ ئێمە کتومت بە ئاراستەی پرەنسیپی پێچەوانەدا دەڕۆین، بە ئاراستەی گەردوونییەتی بێباوەڕیدا، تا زەروورەتەکەی بۆ ڕۆژگاری خۆمان دەربخەین. ئەم بێ باوەڕی(بێ ئیمانی)یە بەستراوەیە بە ڕەخنەی زانستی لە سەردەمی خۆمانەوە، کە خێرا و بە پەلە بەرەو پێشەوە بە ئاراستەی ڕامان و بیرکردنەوە ئەرێنییەکاندا مل دەنێت. وەرن با هیچ گلەیی و گازندەیەکمان لەم سەردەمە تازەیە نەبێت – بەڵکوو، پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن یارمەتیی بدەین. یان زانست دەبێت مەسیحییەت تەفروتونا بکات، یاخود دەبێت خۆی لەگەڵ مەسیحییەتدا یەک بگرێت، چونکە حەقیقەت ناتوانێت دووان بێت؛ بۆیە بیرۆکە و ئایدیاکە ئەوە نییە ڕێگە بە زانست بدەین پشت بە هەلومەرجە دەرەکییەکان ببەستێت، و لەگەڵ ئیماندا، لەنێو ئەم یەکێتییەدا، کە هەموو ئەوانەی مرۆڤایەتییان خۆش دەوێت و دەیناسن، ئارەزوو و پێشبینی دەکەن بوونێکی سەرسوڕهێنەر، بەهادار و سەربەخۆ بئافرێنن. فاکەڵتی و هۆڵی زانکۆکان و ئەکادیمییەکانی سەردەمی ئێمە. زانکۆکان. ئەکادیمیای نوێ.

ئێوارەیەکی ڕازاوە و جوان ئاوا بوو. پووکانەوەی ڕووناکی وا دەردەکەوێت هەموو دەسەڵاتی خۆی کۆ بکاتەوە و دوایین تیشکە ئاڵتوونییەکانی بەسەر کڵێساکەدا ببارێنێت، ئەو کڵێسایەی لەسەر لوتکە و گردێک هەڵکەوتووە، بە سادەیییەکی دڵڕفێنەوە بەسەر هەرێز و مێرگوزار و ڕەزە ترێکاندا دەڕوانێت. دۆڵی بەرپێی گردەکە چیتر تیشکی کز و پووکاوەی ڕووناکی بەرناکەوێت و تەنها خووڕەی ئاوە نزیکیی ڕووباری نێکارمان پیشان دەدات، کە وازی لە دەنگی بۆڵەبۆڵکەری خۆی هێناوە تا پێشوازی لە هاتنی شەو وەک ئاواز و میلۆدیی ڕۆژانی تێپەڕیو بکات. گاڕانەکان بەرەو لانەکانیان بوونەوە و تەنها ئاژەڵی دڕندەی وەرزیی ماڵیئاسا و بە دزییەوە دەخزایە دەرەوەی دارستانەکانەوە تا لەژێر ئاسمانی ساماڵ و شینی کراوەی شەودا بلەوەڕێت. لوتکەی شاخەکە هێشتا دەدرەوشایەوە. ڕۆحێکی ئارامی و خەمبار هەموو شتێکی دەگەیاند.

وەها «لۆتار»، یەکێک لە دوو لاوەکە، دەستی پێ کرد، کە چەندین هەنگاو دوور لە پەرستگاکەوە پێی خستبووە ناو دیمەنەکەوە، و ئێستا بەجووڵە و دوورکەوتنەوە لە شوێنەکانیان دەیویست ماڵئاواییی لەو دوایین تیشکەی ڕووناکیی بکات سەقفی کڵێساکەی گرتبووەوە: «لۆتار! هەروەها ئازارێکی نهێنی ناشاریتەوە کاتێک چاوی ئاسمان چیتر بەسەر سروشتەوە نییە و لێرەوە زەوی بەرفراوان وەک مەتەڵێک هەڵکەوتووە کە وەڵامەکەی ونە؟ بنواڕە، ئێستا ڕووناکیش ڕۆیشتووە، و هەر لە سەرەتاوە تاریکی باڵی بەسەر کێوە شکۆمەندەکانیشدا کێشاوە. ئەم بێدەنگییە ترسناکە، تۆقێنەرە و بیرکردنەوە لە جوانیی ڕابردوو تامی ژەهر دەدات؛ سەدان جار بەم جۆرە هەستم کردووە، هەرکاتێک ویستبێتم ئازادانە ڕووم لە سەردەمی کۆن بەرەو شەوی ساتی ئێستا وەربگێڕم، جگە لە پەشیمانیی چەقیو، ڕزگاریم پەیدا نەکردووە، کە پەشیمانییەک جگە لە مەرگی دەروون و ڕۆح شتێکی دیکە نییە. ئەمەش هەستکردنێکی ئازاردەرە دەربارەی یادەوەریی مەزنایەتییەکی لەدەستچوو: مەزنایەتییەکی لەدەستچوو وەک تاوانبارێک لە بەردەم مێژوودا دەوەستێت، و ئەو کەسەی زۆر قووڵتر ئەزموونی کردبێت، کاتێک لەم خەونە بێدار دەبێتەوە، ترس و لەرزەیەکی زۆر توندوتیژ دایدەگرێت؛ ئەوەی درز و کەلەبەرێکی نێوان ئێرە و ئەوێ دەبینێت، من، لانیکەم، دەبێت قبووڵی بکات زۆرێک لەو شتە لەدەست چووە کە جوان و مەزن بوو – دەبێت وەک لەدەستچوویەک بۆ هەمیشە قبووڵی بکەم. لەم پەرستگایە بڕوانە؛ چ ڕۆحێکی مەزن و بەشکۆ بونیادی ناوە، بە چ هێزێکەوە توانیویەتی ئەو زەبرە لە جیهانی فراوان بکات! بە مەزارگەیەکی هێمنەوە، وەک تاج لەسەری گردە هێمنەکە نراوە، دێرەکەی لەسەر پانتاییی دۆڵەکە بەرز کراوەتەوە، و لە قەرەباڵغی و شپرزەییی شاردا، کاتێدراڵێکی شاهانەی خوڵقاندووە؛ و هەزاران خەڵک پابەندی ئەم ڕۆحە بوون و بە گالیسکە و بە پۆشاکە درێژ و پیرۆزەکانیان، شڕ و دوور لە شتە ڕازاوەکان کە زەوی دابینی دەکا و بەرهەمی دەهێنێت، بە دەوریدا دەخولێنەوە… بەڵام پێویست ناکات من ئەمەت پێ بڵێم، تۆ خۆت تەواو شارەزای مێژووی جیهانیت. و ئێستا ئەی لە کوێیە مێژووی جیهان؟ تۆ لێم تێدەگەیت – من پرسیار لەو سەردەمە ناکەم ئێستا بۆ ئێمە هاتووە، پرسیار لە شتی مردوو ناکەم، بەڵکوو، ئەگەر حەز بکەیت، دەربارەی ئەو فۆرمەی سەردەمەکە وەریگرت، دەربارەی ئەو وزە و سازگارییەی پێدەچوو بچێتە ناو بێدوایەکییەوە و کەچی هەرچۆنێک بێت زۆرترین مەودای خۆی بە ڕێککەوتنێکی تەواوەوە لەگەڵ ناوەنددا دروست کرد، هەمیشە ئاواز و میلۆدیی کۆن لە هەر جۆرێکی خۆیدا دەگرێت. فۆرم، کە بەم جۆرە دروست بووە، تەنها شتە بتوانێت خاڵێکی بەراوردکاریی ناو پەیوەندییەکانمان بخاتە بەردەستی ئێمە، چونکە ناوەرۆک هەمیشە شتێکە دەبەخشرێت؛ بەڵام فۆرم بریتییە لە بنەچەی ڕۆحی مرۆیی تێیدا سەربەستی وەک یاسا دەجووڵێتەوە و عەقڵ بەدی دێت و ڕوو دەدات. لە کوێیە ئەو پردەی سەرجەمی شکۆی زەوییە دوورەکەمان بۆ دەگوازێتەوە؟ لە کوێیە ئەو ڕۆحە بەوەفا و بەهێزەی کڵێساکانی بونیاد نا و نەزمەکانی دامەزراند، هەموو شتێک بە یەکپارچەیییەکی پێرفێکتەوە بڕازێنێتەوە؟ ئەو ڕۆحەی لە ناوەندەوە، کە لەو ڕۆژگارەدا خۆی بەسەر جیهانی پێشوودا بەرز کردبووەوە، هەموو شتێکی دەخستە ژێر هۆش و دەسەڵاتی ئیمانەوە؟

پەردە

لەگەڵ ئێمەدا، هەموو شتێک لەسەر ڕۆحیی چڕ دەبێتەوە؛ ئێمە هەژار دەبین تەنها لە پێناوی ئەوەی دەوڵەمەند بین.

جیهانی کۆن

١. پاشایەتی. یۆنان، ڕۆمای دواتر

سەدەکانی ناوەڕاست

٢. پاشایەتیی دەستووری

مۆدێرنیتە

٣. کۆماری

٣.٢) نەتەوە جۆراوجۆرەکان – یەک کڵێسا و یەک پاپا

٣.٣) قەشایەتیی گەردوونی، پرۆتستانتیزم وەک دەروازە

سەرچاوەی وەرگێڕان:

Franz Zinkernagel, “Neue Hölderlin-Fünde,” Neue Schweizer Rundschau 19, no. 4 (April 1926), 333–348


دەستنووسی «کۆمۆنیزمی ڕۆحەکان» دەستوخەتی هۆڵدەرلین

لێکدانەوەی وەرگێڕ:

لە ساڵی ١٩٢٦دا فرانتز تسینکێرناگل وتارێکی لە «Neue Schweizer Rundschau»دا بڵاو کردەوە باس لە هاوپێچکردنی کۆمەڵێک دەقی هۆڵدەرلین دەکات کە تا ئەو سەردەمە نەبینرابوون[1]. لەناو ئەو دۆکۆمێنتانەدا کە کۆمەڵێک شیعر و نامەیەکی سەردەمی هەرزەکاریی هۆڵدەرلینیشی تێدایە، دوو فراگمێنتی پەخشانئامێزی پێکەوە گرێدراو هەن لە دەستنووسی سەرپەرشتیاری بەرهەمەکانی هۆڵدەرلین لە سەردەمی ژیانی خۆیدا، کریستۆف تیۆدۆر شڤاب، وەرگیراون. دەستنووسەکە لەسەری نووسراوە: «کۆمۆنیزمی ڕۆحەکان» (Communismus der Geister). فریدریش بایسنە، کە لە ساڵی ١٩٣٣ تا ڕووخانی هیتلەریزم، ئەندامی فەخری و بیرمەندی حزبی نازی بووە، ساڵی ١٩٦١ دەڵێت ئەم دەقە گومانهەڵگرە (Zweifelhaftes)، و بانگەشەی ئەوە دەکات ڕێی تێدەچێت دەقەکە لەلایەن شڤابی سەرپەرشتیاری بەرهەمەکان و هاوڕێی هۆڵدەرلین خۆی نووسرابێت[2]. بەدووی بایسنەدا، هەموو بەرهەمە چاپکراوەکانی دیکەی هۆڵدەرلین، بەو بیست و یەک بەرگەی دیتریش ئی. زاتلەریشەوە (کە ساڵی ١٩٧٠ دەستی پێ کردووە)، بە تەواویی ئەم دەقەیان لە کۆبەرهەمی هۆڵدەرلین فڕێداوەتە دەرەوە. دیارە دەکرێت بە سانایی لە پاڵنەری ئایدیۆلۆژیی بایسنە تێبگەین، لەبەر دوو هۆ، هەم نازیزم دەیویست شاعیرەکە وەک یەکێک لە مەزنەکانی ئەڵمانیا پیشان بدات و هەم بوونی زاراوەی کۆمۆنیزم، کە نازیزم بە دوژمنی ئەڵمانیای دەزانی، خەلەل دەخاتە ناو ڕەوتی ئایدیۆلۆژییەوە.

ئەگەر لە ناوەڕاستی سەدەی بیستدا، کۆمۆنیزمی ڕۆحەکان بە فراوانی فەرامۆش کرا و ئەو ژیانە کورتەی لە ١٩٢٦ هەیبوو، دیار نەما و ئیتر وەک شتێک دانرا تەواو دوور بێت لە پەیکەرەی بەرهەمی هۆڵدەرلین، لەبەر ئەوە هەرگیز نەچووە ناو مشتومڕی زانستییانە و ڕۆشنبیری و ئەکادیمییەوە. تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ، واتا تا ساتی نووسینی ئەم پێشەکییە، لە لێکۆڵینەوەی ئەڵمانییدا هیچ وتارێک بۆ هەڵوەستەکردن لەسەر ئەم دەقە بوونی نییە بە شێوەیەکی پڕ لە وردەکاری و فیکرییەوە شیکاری بۆ بکات. لە کاتێکدا ڕێدەکەوێت لەنێو هەندێک کون و کەلەبەری سەرنجڕاکێشی زمانی ئەڵمانیدا، بۆ نموونە ئیقتباسی شاراوە و بێ ئاماژەی هایدیگەر بە ناوونیشانی دەقەکە، یان چەند تۆمارێکی کەمی دەفتەری تێبینییەکانی پۆل سیلان هەن، دەقەکە هەر وەک تارمایییەک ماوەتەوە. بەڵام بارودۆخەکە لە زمانەکانی دیکەدا بە ڕادەیەکی کەم باشترە: بۆ نموونە ژاک دوهۆنتی فەیلەسووفی فەڕەنسی ساڵی ١٩٨٩ دەقەکە وەردەگێڕێت بۆ زمانی فەڕەنسی[3]، و ئێنریکۆ کاروسۆی فەیلەسوفی ئیتاڵی ساڵی ١٩٩٥ دەقەکە وەردەگێڕێتە سەر زمانی ئیتاڵی. کاتێک ساڵی ٢٠١٩ «بازنەی خوێندنەوەی واڵتەر بنیامین»مان لە بەرلین دامەزراند، هەموو ئێوارانێکی دوو شەممە کۆ دەبووینەوە و گفتوگۆمان لەسەر دەقێکی بنیامین دەکرد، یەکێک لەو دەقانەی هەڵمانبژاردبوو، لێکۆڵینەوەکەی بنیامین بوو بە ناوی «دەربارەی دوو شیعری هۆڵدەرلین»، لەناو ڕەوتی گفتوگۆکەدا، هاوڕێم فرانک ڤۆیگت کە پۆست دکتۆراکەی لەسەر شیعری ئەڵمانی و شیکاریی واڵتەر بنیامین بوو، ئاماژەیەکی کورتی بەم دەقە کرد کە بە تازەیی لە ئەرشیڤی هۆڵدەرلین لە کتێبخانەی گشتیی ڤورتمبێرگ لە شتوتگارت بەرچاوی کەوتووە و نووسخەی لێ کۆپی کردووە، داوام لێکرد نوسخەیەکیش بۆ من کۆپی بکات و ئەوە بوو لە دانیشتنی دواتردا نووسخەیەکی کۆپیی دەقەکەی هۆڵدەرلینی بۆ هێنام و پاشانیش دەقەکەی فرانتز تسینکێرناگلم بە ئەرشیڤکراوی لە ئینتەرنێت دەستکەوت و هەم کۆپییەکە و هەم بڵاوکراوەکەی ساڵی ١٩٢٦م بەراورد کردنەوە. ئەو پێشەکییەی لێرەدا دەیخوێننەوە، ئەو لێکۆڵینەوەیە نییە کە بۆ دەقەکە ئەنجامم داوە (هێشتا لەژێر کارکردن دایە و تەواو نەبووە)، بەڵکوو دەروازەیەکی خێرایە بۆ ئەوەی خوێنەر بباتە ناو خوێندنەوەی دەقەکەوە و لێکۆڵینەوە دوور و درێژەکەش بۆ داهاتوویەکی نزیک هەڵدەگرین کە پەیوەندی بە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکانمەوە هەیە دەربارەی ڕۆمانتیسیزمی ئەڵمانی، فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی و هاوکات شیکاریی واڵتەر بنیامین بۆ سەردەمی بارۆک و هونەری ڕۆمانتیک. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت بیڵێم هەندێک سەرەداوی خێران.

ئەگەر کۆمۆنیزمی ڕۆحەکان لە ڕاستیدا نووسراوەی هۆڵدەرلینە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ١٧٩٠ (هەڵبەت لەو کاتەدا هێگل شیعرێکی بۆ هۆڵدەرلین نووسیوە کە تێماکانی ناو شیعرەکە و دەقەکەی هۆڵدەرلین، خاڵی هاوبەشیان زۆرە، یەکێک لە خاڵە هەرە هاوبەشەکان، چوونە ناو شەوە لە سەردەمی مۆدێرندا)، ئەوا نەک هەم نووسینەکە و هەم سەردەمی نووسینی دەقەکە تەواو گرنگن، بەڵکوو هەروەها سەرسوڕهێنەریشن، چونکە نەک لەبەر ئەوەی بە سانایی دەیسەلمێنێت کە دەقەکە ڕەسەنایەتی هەیە و شاعیرێکی شۆڕشگێڕی مەزنی وەک هۆڵدەرلین نووسیویەتی، بەڵکوو بەکارهێنانی زاراوەی «کۆمۆنیزم» سەرسوڕمانەکە زیاتر دەکات، چونکە یەکەم جارە زاراوەی «کۆمۆنیزم» لە هەر زمانێکدا بەکار بهێنرێت. هۆڵدەرلین زاراوەی «Communismus» بەکار دەهێنێت و ئەمەش زۆر بەسانایی، سەرنجڕاکێشە (هۆڵدەرلین لە جیاتی پیتی K، پیتی C بەکار دەهێنێت کە لەو سەردەمەدا تا سەرەتاکانی ١٨٢٠یش باو بووە، لە جیاتی Karl، هەمیشە دەنووسرا Carl، تەنانەت چەمکی کولتوور (Kultur) تا سەردەمی زۆر دواتریش لە ئەڵمانییدا، بگرە تا لای نیچەش بە (Cultur) دەنووسرا).

blank
تابلۆی «کڵێسای ڤورملینگە کاپێلە»، هونەرمەند لودڤیگ ئولاند

کۆمۆنیزمی ڕۆحەکان لە دوو فراگمێنتی وابەستە پێکهاتووە: یەکەم فراگمێنت بریتییە لە «پەردە» (یان وشە-بە-وشە: نەخشەی نووسین) (Disposition)ی دیمەنێک، لەگەڵ دەستپێکی دیمەنەکەدا کارەکتەرێک دێت قسە بۆ کارەکتەرێکی دیکە دەکات، لە کاتێکدا فراگمێنتی دووەم، کە وا دەردەکەوێتسەرپەرشتیاران، نەک هۆڵدەرلین خۆی، ناوونیشانی «پەردە»(نەخشەی نووسین)یان پێدابێت، بەرنامەی بەرهەمێکی فراوانتر دادەڕێژێت، کە سەردەمەکانی مێژوو دەبڕێت: لە جیهانی کۆنەوە بەنێو سەدەکانی ناوەڕاستدا تا مۆدێرنیتە و سەردەمی مۆدێرن. کەواتە هەر بەڕاست لە بەرهەمەدا بەم ناوونیشانە هەژێنەرەوە بە هەبوونی زاراوەی «کۆمۆنیزم» دەیەوێت چی بڵێت؟ لە کاتێکدا مانشێتی دەستنووسەکە چوار ناو ڕیز دەکات، بە ئەگەرێکەوە هەموویان بەشداری لە دیالۆگێکی دوور و درێژتردا دەکەن یاخود دەیانەوێت کۆمەڵە دیالۆگێک بەڕێ بخەن کە وازی لێ هێنراوە یان لەدەست چووە، پەیکەرەی سەرەکیی دەقەکە تەنها ناوی دوو لاو دەهێنێت: ئوگین و لۆتار. دەکرێت لە ڕاستیدا لۆتار ئاماژە بێت بۆ پاشاکانی سەدەکانی ناوەڕاست لۆتایەری یەکەم و دووەم و ناوی پاشایەتییەکەیان لۆتارینیا. دوای پەردەیەک، کە وەسف و لێکۆدانەوەی دیمەنەکە و گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە هەنووکەیییەکانی تێدایە، ئوگین لە بەردەم پەرستگایەکی سەدەکانی ناوەڕاستدا، کاتێک بەرەو ئێوارەیە و دونیا تاریک دەبێت، بە جۆش و خرۆشەوە قسە بۆ لۆتار دەکات. شوێنی دیمەنەکە هیچ هەڵە و گومانێک ناهێڵێتەوە: باسکردن و وەسفکردنی ئەم کڵێسا-پەرستگایە، کە لەسەر گردێکی فراوان هەڵکەوتووە و دەڕوانێتە دیمەنەکانی دەوروبەر بە ڕووباری «نێکار»یشەوە، گومان بۆ ئەوە ناهێڵێتەوە کە هۆڵدەرلین باس لە ڤورملینگە کاپێلە، پەرستگایەکی سەدەی یانزەهەم دەکات کە لەسەر گردێکی سەرنجڕاکێشی چەند کیلۆمەترێک دوور لە شاری توبینگن (مەڵبەندی فەلسەفیی هۆڵدەرلین، هێگل و شیلینگ) هەڵکەوتووە. لە گفتوگۆ کورتەکەی ئوگیندا بۆ لۆتار، دەقەکە زۆرێک لەو هەمان پرسیارانە زەق دەکاتەوە کە دواتر هۆڵدەرلین لە توبینگە شتیفت (فاکەڵتیی تیۆلۆژیی کە هۆڵدەرلین لە نێوان ١٧٨٨-١٧٩٣ بەشداریی تێدا دەکرد و هێگل و شیلینگیش هاوپۆلی بوون) دەستوپەنجەی لەگەڵ نەرم دەکردن، و بەشێک لەو ناوەرۆک و بابەتانەش دەردەخات کە لە شیعر و پەخشانی دواتری هۆڵدەرلیندا شوێنێکی بنچینەیی وەردەگرن.

blank
«کڵێسای ڤورملینگە کاپێلە» لە ڕۆتنبێرگ ئەم نێکار، هەرێمی بادن-ڤورتمبێرگ، ڕۆژی ٢٤/٥/٢٠٢٢ ویکی پیدیا

بابەت و ناوەرۆکی بنچینەیی کۆمۆنیزمی ڕۆحەکان بریتییە لە گۆڕانی سەردەم، قۆناغ، هەمان ئەو بابەت و تێمایەی کۆی بەرهەمە سەرەکییەکانی هۆڵدەرلینی تەنیوەتەوە. هەردوو ئوگین و لۆتاری لاو لە بەردەم کڵێسایەکی کۆن و پیری سەدەکانی ناوەڕاست دەوەستن، بەڵام هەروەها لە بەردەم دەروازەی مۆدێرنیتەش وەستاون، لەنێو سەردەمێکی تەقینەوەی پاش-شۆڕشگێڕییدا. ئەوەی لەناو پێکهاتەی ئەم سەردەمە نوێیەی هەستکردن و بیرکردنەوەدا سەرەکی و سەنتڕاڵە، بریتییە لە دابڕان و جیابوونەوەی «زانست» (Wissenschaft) لە لایەک و ئایینی مەسیحی بە هەموو فۆرمەکانی ژیانی ناوچەیی، لۆکاڵیی وابەستەیی و ڕێکخستنە مەسیحییەکانەوە، لەلاکەی دیکەوە. سەرسام بەو پەرستگا گەورەیەی لە بەرزییەوە دەڕوانێتە ڕووبار و دۆڵەکەوە، دەقەکە چەمکی ونبووی کۆمەڵەیەکی یەگرتوو و ڕۆحی هاوبەشی و هەرەوەزی شی دەکاتەوە، کە لێرەدا لە «نەزمە مۆناستییەکانی ناو ڕۆشنایی مانا ئایدیالەکەیاندا» بەرجەستە دەبن، و سەدەکانی ناوەڕاست لوتکەی ئەم فۆرمەی ژیان پیشان دەدات کە ئێستا بەسەرچووە و لە بەها کەوتووە. «زانست» لێرەدا کە هەڕەشەی «وێرانکردنی مەسیحییەت» دەکات، بەتایبەتی بریتییە لە فەلسەفەی ڕەخنەییی کانتی نوێ کە لە سەرەتای دەیەی ١٧٩٠دا بە جیهانی فیکری و ڕۆشنبیریی ئەڵمانیزماندا دەهات و دەچوو؛ ئەم ئامادەیییە کانتییە بە دڵنیایییەوە لە ئاماژەی دەقەکەدا بۆ چەمکی «ڕەخنە» (Kritik) تەواو ڕوون دەبێتەوە و لە داڕشتە کانتییەکانی وەک «سەربەستی وەک یاسا» (Freiheit als Gesetz)دا تەواو خۆی ئاشکرا دەکات. کاتێک دەقەکەی دواتری هۆڵدەرلین بە ناوی «دەربارەی یاسای سەربەستی، ١٧٩٤» (Über Das Gesez der Freiheit) بخوێنینەوە و بەراوردی نووسراوە بەناوبانگەکەی کانتی بکەین بە ناوی «ئایین لە ناوەوەی سنوورەکانی عەقڵی ڕووتدا، ١٧٩٣» (Die Religion innerhalb der Grenzen der bloßen Vernunft) – دەقێکی ئێجگار گرنگ بی هێگل و هۆڵدەرلین لە دەیەی ١٧٩٠دا – ئەوا دەتوانین بە سانایی شوێنپێی «زانست» و «ڕەخنە»ی کانت لە دەقی کۆمۆنیزمی ڕۆحەکاندا هەڵبگرینەوە. پەردەی یەکەم دەڵێت، ئەگەر ئایین نابێت وێران بکرێت و لەناو ببرێت، ئەوا دەبێت دابڕانەکە چارەسەر بکرێت و ئایین دەبێت لەگەڵ زانست یەک بگرێت – یان زۆر ڕوونتر، لەگەڵ فەلسەفەدا. بەڵام ئەم یەکبوونە پێکەوەیییە ئەرکێکی سانا نییە؛ هەم دەنگی نووسەرئاسای کەسی سێیەم و کارەکتەری ڕۆحییانە دوودڵ و ڕاڕای ئوگین لە کۆمۆنیزمی ڕۆحەکاندا ڕۆچوونەتە ژێر بارێکی قورس و کوشندەی غەمگینییەکی زاڵ، «کە تەونی ئازارێکی نهێنی» لەناو خەرەندەکە و وردوخاشکردنی سەردەمی نوێی مۆدێرن، «ساتی نوێ» (Neue Zeit) دەچنێت.

نووسەری کۆمۆنیزمی ڕۆحەکان بەڕوونی دەستوپەنجە لەگەڵ قەیرانێکی ئیماندا نەرم دەکات، قەیرانێک هەم شەخسییە و هەمیش بەستراوەتەوە بە ڕەوت و ئاراستەیەکی نوێ و فراوانتری کۆمەڵایەتییەوە، بە «گەردوونییەتی بێ ئیمانی»یەوە (Allgemeinheit des Unglaubens). لەبەر ئەوە، دەقەکە وا دەردەکەوێت لە سەردەمی تازەی شۆڕشی کانتی و جەنگی سپینۆزایی(Spinozastreit)دا نووسرابێت. جەنگ و مشتومڕ و پێکدادانی سپینۆزایی زاراوەیەک بوو فریدریش هاینریش یاکوبی (١٧٤٣-١٨١٩)، فەیلەسووفی کۆنزەرڤاتیڤی ئەڵمانی دژی دانپیانانی گۆتهۆلد ئێفریام لێسینگ (١٧٢٩-١٧٨١)، نووسەر، شانۆنووس و فەیلەسووفی ئەڵمانی، بە سپینۆزاییست بۆ یەکەمجار بەکاری هێنا. هەم جەنگی سپینۆزایی و هەم شۆڕشی کانتی لە ناوەڕاستی دەیەی ١٧٩٠ لە توبینگن و یەنا (ئەو شوێنەی هۆڵدەرلین لێی دەژیا و هێگل لێی مامۆستا بوو) ڕوویان دەدا، ئەگەرچی ئەم گەشەسەندنانە بەجۆرێک نەبوون ئاراستە سیاسی و شۆڕشگێڕییە ڕادیکاڵەکانی ئەو ڕۆژگارە بە سانایی دەستیان پێی بگات و کەشفی بکەن. بەڵام پەردەی دەستپێکی فراگمێنتەکە هیوایەک بۆ یەکخستنەوە و یەکگرتنەوەی زانست، ئایین و ژیان (یان سیاسەت)ی کۆمۆنەیی تێدایە، یەکگرتنەوەیەک، کە دەبێتە دەرەنجامی جۆرێک نوێبوونەوە و گشتاندنی فۆرمی مۆناستیی ژیان لە مۆدێرنیتەدا: واتا پەروەردەی مۆدێرن. چەمکی پەروەردە، «ئەکادیمیی نوێ» چەمکێکی بەتازەیی بیرلێکراوە و داهێنراو بوو، بە فراوانی هەم لە مانا فیکری – لەڕاستیدا ڕۆحی – و هەم دامەزراوەیییەکەیدا دەرک دەکرا، کە لەلایەن کۆنزەرڤاتیڤەکانەوە وا دەبینرا هەڕەشەیەکی ترسناک بێت بۆ سەر ژیانی هاوبەشی سەردەمی مۆدێرنی کارەساتبار. دوای پشتڕاستکردنەوەی گرنگیی «خوڵقاندنی بوونێکی سەرسوڕهێنەر، بەهادار و سەربەخۆ»، یەکەم پەردەی کۆمۆنیزمی ڕۆحەکان بە کێشانی نەخشەی گفتوگۆیەک کە بە ئەگەرێکەوە فۆرمێکی زۆر تەواوتری لێ بەرهەم دەهات، بەم دەرەنجامە دەگات «فاکەڵتییەکان و ئەکادیمییەکانی سەردەمی ئێمە. زانکۆکان. ئەکادیمیای نوێ». لەبەر ئەوە، پەوەردە بابەتێکی سەرەکیی ئەم دەقە و نووسەرەکەیەتی.

ئەگەرچی فراگمێنتەکە پێش ئەوەی پرسیاری ئەکادیمیای نوێ بە وردەکارییەوە وەڵام وەربگرێتەوە، دەوەستێت و دادەبڕێت، بەڵام بابەتی پەیوەندیداری کۆمەڵ (Geimeinschaft)، وەک ناوونیشانەکە پێشنیاری دەکات، گرنگییەکی تایبەت و سەرەکیی هەیە. لە غیاب و نائامادەییی نەزمێکی یەکگرتووی کۆمەڵایەتیدا بەو جۆرەی لە کڵێسای سەدەکانی ناوەڕاستدا هەبوو، واتا لە غیاب و نائامادەییی «ناوەند»ێکی تاقانەدا (Mittelpunkt)، چۆن دەکرێت و ڕێی تێدەچێت کۆمەڵ هەبێت؟ ئوگین ڕاستەوخۆ دەپرسێت: «بەڵام ئێستا ئەو سەردەمە و سەردەمی ئێمە بەراوردکەن: لەکوێدا کۆمەڵێک پەیدا دەکەن؟» لە کاتێکدا ئاواز و تۆنی دەقەکە بەگشتی و بە شێوەیەکی کاریگەر دەنگدانەوەی تاسەی ڕابردوو، پەشیمانی و نۆستالژیای هەیە، بەڵام ئەگەر و توانای نۆستالژییانەی دووبارە دۆزینەوە یان پێچەوانەکردنەوەیەکی ساویلکانە بۆ جۆرێک ئامادەیی ڕابردوو کە کۆمەڵێکی نوێ دابمەزرێنێت، تەواو لە دەرەوەی ڕێساکەوەیە: «دەبێت قبووڵی بکەم کە بۆ هەمیشە لەدەست چووە» (verloren auf immer). خواکان ماڵئاوایییان کردووە و هیچ گەڕانەوەیەک بۆ دواوە بوونی نییە. لەبەر ئەوە شیفرەی «کۆمۆنیزم»ی ناوونیشانی دەقەکەی هۆڵدەرلین بانگەواز بۆ جیهانێکی لەدەستچوو ناکات، کە ئیتر بۆ ئەبەد لەدەست چووە، بەڵکوو بانگەواز بۆ ئەگەر و توانای کۆمەڵ و ژیانی هاوبەشی ناو جیهانێکی مۆدێرن دەکات بەبێ وابەستەیی و پێکەوەییی دەسەڵاتی ڕۆحێکی تاقانەی مەزن، کە ئێستا شوێنی خۆی بۆ فرەیەتییەکی ڕۆحەکان چۆڵ کردووە. ئەو ڕۆحانە خاوەن بناغەیەکی تاقانەی وەک جەوهەر یان بوونێکی هاوبەش نین، بەڵام بەدووی ژیان یان «بوون»ێکی هاوبەش، واتا «سەربەخۆ» و بوونێکی «خۆ-بەڕێوەبەر»(selbständige Existenz)دا دەگەڕێن: کۆمۆنیزمێکی ڕۆحەکان. دەقەکە پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەم کۆمۆنیزمەی ڕۆحەکان دەشێت بە چەند شێوەیەک لە «نەزمە مۆناستییەکان»ی سەدەکانی ناوەڕاست بچێت، بەڵام خاڵی لە هەر جۆرە هاوبەشییەتییەکی چوونییەکی جەوهەری هاوبەش لەگەڵ خاڵقدا و تەواو وشیار بەرانبەر بە «درز و بۆشایی نێوان ئێرە و ئەو»، نێوان «جیهانی پێشوو» (damalige Welt) و پێکهاتەکەی بۆ ژیان و جیهان و مەیدانی نوێ و کراوەی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان. ئوگین تاسەی دووبارەکردنەوەیەکی «شتی مردوو و بەسەرچوو»ی «مەزنایەتیی لەدەستچوو» ناکات، بەڵکوو تاسەی «فۆرم»ێکی نوێی ژیانی هاوبەش (common life) و «ڕۆحی مرۆیی» دەکات. لەبەر ئەوەیە فراگمێنتەکە ناوی «کۆمۆنیزم» وەک ئەگەر و توانای کۆمۆنیتی و کۆمەڵەیەکی بێ بناغە دادەڕێژێت، کۆمەڵەیەک کەس دەسەڵات، زەبر یان گەرەنتی و ناچارکردنێکی ڕوونی نییە. لێرەدا کۆمۆنیزم کەمتر چارەسەرە بگرە زیاتر «مەتەڵێکە وەڵامەکەی بزر بووە»، پرسیارە: «لەکوێ کۆمەڵ/کۆمۆنیتییەک پەیدا دەکەن؟».

بەشی هەرە سەرەکیی فراگمێنتەکە بە زنجیرەیەک پرسیاری لەو شێوەیە کۆتایی دێت، لە کاتێکدا بەشی دووەم، بە ناوونیشانی «پەردە» کە سەرپەرشتیاران پێیان داوە، نەخشەیەکی کورت و بەرنامەساز بۆ بەرهەمێک لە سێ سەردەمی مێژوودا پیشان دەدات: «جیهانی کۆن»، «سەدەکانی ناوەڕاست» و «مۆدێرنیتە» (Neue Zeit). ئەم نەخشەیە بە «پرۆتستانتیزم وەک دەروازە» بۆ شتێکی نوێ، کۆتایی دێت. ئێستا ئێمە لە بەردەم جیهانێکی نوێداین، هیچ گەڕانەوەیەک بۆ دواوە بوونی نییە، داهاتووش ڕوون نییە، بونیادنانەوەی ژیان لەسەر فۆرمی کۆن مەحاڵە، فۆرمی داهاتووش مەتەڵە، تەنها ڕۆحەکان، بە کۆمۆنیزمێکی – بەڕادەیەکی زۆر ناڕوون و گریمانەیییەوە – دەتوانن جیهانێک بخوڵقێنن و ناوی بنێن جیهانی کۆمۆنیزمی ڕۆحەکان. وەک باسکرا بەگوێرەی سەرپەرشتیاران بێت، ئەم دەقە نەخشەیەکی نووسینە بۆ شانۆنامەیەکی بەرفراوان، بە هەر هۆیەک بێت نازانین و دیار نییە بۆ هۆڵدەرلین وازی لێ هێناوە و تا ئەم دوایییانەش بە نادیاری ماوەتەوە. لە لێکۆڵینەوەکەمدا بە دوور و درێژی دەگەڕێمەوە سەر کۆی ئەو پرسانەی لە دەقەکەدا هەن و لە سیاقی مێژووی بەرفراوانی خۆیاندا دەیانخوێنمەوە.

پێشڕەو محەمەد

٢٤ ئایاری ٢٠٢٢ بەرلین


[1]Franz Zinkernagel, “Neue Hölderlin-Fünde,” Neue Schweizer Rundschau 19, no. 4 (April 1926), 333–348.

[2]Friedrich Beissner, Sämtliche Werke, Band 5: Übersetzungen. Grosse Stuttgarter Ausgabe, Verlag: Stuttgart, Cottasche Buchhandlung, 1961.

[3]Jacques D’Hondt, Hegel in seiner Zeit. Berlin, 1818-1831. Ins Deutsche übertragen von Joachim Wilke, Akademie-Verlag, 1990.