بۆچی ڕۆمان نانووسی؟

لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر

(خۆرخێ لویس بۆرخێس) چیرۆکنووس و شاعیر و وتارنووس و وەرگێڕێکی ناوداری ئەمریکای لاتینە. ساڵی ١٨٩٩ لە بوێنۆس ئایرێس هاتووەتە دنیاوە. بە چوار ساڵی نووسین و خوێندنەوەی زانیوە. بە نۆ ساڵی شازادەی بەختیاری ئۆسکار وایڵدی لە ئینگلیزییەوە بۆ ئیسپانی وەرگێڕاوە. ساڵی ١٩١٤ لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو سویسرا کۆچی کردووە. لە خوێندنگا فێری فەڕەنسی بووە و بە چڕی وێژەی فەڕەنسیی خوێندووەتەوە، دواتر لە ڕێی تاقە فەرهەنگێکەوە خۆی فێری ئەڵمانی کردووە و خوێنەری گەلێک بەرهەمی گرنگی ئەو زمانەیش بووە. ساڵی ١٩١٩ چوونەتە ئیسپانیا و لە بارسێلۆنا گیرساونەتەوە. لەوێ دەفتەرەشیعرێک و کۆمەڵەچیرۆکێکی نووسیوە بەڵام بڵاو نەبوونەتەوە. ساڵی ١٩٢١ لەگەڵ بنەماڵەکەی بە کەشتی گەڕاوەتەوە ئەرجەنتین. گۆڤارێکی بە ناوی پریسما لە بوێنۆس ئایرێس دامەزراندووە، تەنیا دوو ژمارەی لێ دەرچووە. ساڵی ١٩٢٤، لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا، گەڕاوەتەوە ئەورووپا و یەکەمین دیوانی ڕووناکی بینیوە. ساڵی ١٩٣٥، لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا، یەکەمین کۆمەڵەچیرۆکی لە ئەرجەنتین بە چاپ گەیاندووە. ساڵی ١٩٣٨، بووەتە بەرپرسی کتێبخانەی بوێنۆس ئایرێس. ساڵی ١٩٤٦، خوان دۆمینگۆ پێرۆن سەرۆکایەتیی ئەرجەنتینی گرتووەتە دەست و بەو پێیەی بۆرخێس زۆر دژی پێرۆنیزم بووە، ناچار دەستی لەو کارە کێشاوەتەوە و چەند ساڵێک مامۆستای وێژەی ئینگلیزی بووە. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی پێرۆنی لە ساڵی ١٩٥٥، بۆرخێس وەک بەرپرسی کتێبخانەی نیشتمانی هەڵبژێردراوە.

لەو ساڵانەدا، دنیای سەرنجڕاکێشی گێڕانەوەکانی گەیشتووەتە لووتکە و دوو بەرهەمی گرنگی خۆی بڵاو کردووەتەوە؛ چیرۆکەکان (١٩٤٤) و ئەلف (١٩٤٩). هەروەها چەند بەرهەمێکی هاوبەشی لەگەڵ ئەدۆڵفۆ بیۆی کاسارێس و هاوڕێکانیدا نووسیوە.

بۆرخێس هەر لە مێرمنداڵییەوە گیرۆدەی هەمان نەخۆشییەکەی باوکی بووە، بە ڕادەیەک ساڵی ١٩٥٥ سۆمای چاوی کوژاوەتەوە. کوێری چۆکی پێ دانەداوە، درێژەی بە نووسین و گێڕانەوە داوە؛ سەرەتا بە یارمەتیی دایکی، پاشان خوێندکار و هاوکار و هاوڕێ و دواخێزانی: ماریا کۆداما. ئیدی بەم شێوازە بەرهەمەکانی بڵاو کردووەتەوە.

دیارترین زانکۆکانی دنیا گرنگییان بە بۆرخێس داوە و بانگهێشتیان کردووە. چەندین خەڵاتی پڕبایەخیشی وەرگرتووە، لەوانە: فۆرمێنتۆر لە ١٩٦١ (لەگەڵ ساموێل بێکێت)، میگێل دێ سێرڤانتێس لە ١٩٧٩. گەرچی شایانی بووە، بەڵام لە خەڵاتی نۆبێڵ بێبەش بووە، دیارە ئەمەیش مشتومڕێکی زۆری لێ کەوتووەتەوە.

خۆرخێ لویس بۆرخێس دواڕۆژەکانی تەمەنی بە گەشت و گەڕان لەگەڵ ماریا کۆدامادا بەسەر بردووە. ڕۆژی ١٤ـی جوونی ١٩٨٦ لە ژنێڤ، شاری تافی لاویەتیی، دواکۆچی کردووە.

بۆرخێس قەت ڕۆمانی نەنووسیوە و پرسیاری ”بۆ چی ڕۆمان نانووسی؟” هەمیشە بەرۆکی گرتووە. لەم کورتەوتارەدا، خۆی هۆکارەکەی ڕوون دەکاتەوە.

***

بۆچی ڕۆمان نانووسی؟

خوێندکار: مامۆستا، هۆنراوە و چیرۆکەکانتان لە دەرەوەی وڵات زۆر باش ناسراون، کەچی هێندەی من بزانم قەت ڕۆمانتان نەنووسیوە. گەر وایە، پێم خۆشە بپرسم داخۆ چ هۆیەکی تایبەتی لە پشتەوەیە؟

بۆرخێس: پێم وایە دوو هۆی سەرەکی هەیە: یەکەم، تەوەزەلییە چەقبەستووەکەم. دووەم، ڕاستییەکەی زۆر متمانەم بە خۆم نییە و حەزیش دەکەم جڵەوی نووسینەکانم بکەم؛ سا ئیتر بە هۆی کورتییەکەیەوە، جڵەوکردنی چیرۆک لە ڕۆمان ئاسانترە.

با بڵێین، ڕۆمان لە پەستا هەڵدەڕێژرێت، پاشان ئەم بەشانە لە مێشکی خوێنەر و نووسەردا ڕێک دەخرێنەوە. لە بەرانبەردا، وەک چۆن جڵەوی غەزەلت پێ دەکرێت، بە هەمان وردبینییشەوە جڵەوی چیرۆکت پێ دەکرێت: هەمووی بە جارێک لە بەرچاوتدا دەبێت.

لە لایەکی ترەوە، ڕۆمان بەربڵاوە، بە هۆی  کاری هزر و فەرامۆشییشەوە، زۆر وردەکارییت لە بیر دەچێتەوە.

وێڕای ئەوەیش، پێم وایە نووسەر هەیە توانیوویەتی هەموو پێکهاتەکانی ڕۆمان بترنجێنێتە توێی چیرۆکەوە: ئێستا دوو ناوم لە خەیاڵدایە، ڕودیارد کیپلینگ[1] و هێنری جەیمس[2]، بێگومان نابێت بیانخەینە پەڕاوێزەوە.

لە ڕوانگەی منەوە، دواچیرۆکەکانی کیپلینگ وەک زۆرینەی ڕۆمانەکانی دنیا چڕوپڕن. گەرچی ڕۆمانی کیم (Kim)ـی کیپلینگم خوێندووەتەوە و هەر دەیخوێنمەوە، کەچی پێم وایە بەشێک لە دواچیرۆکەکانی، بۆ نموونە “Dayspring Mishandled”، یان ڕەنگە “Unprofessional” و “The Gardener”، وەک کیم و زۆر ڕۆمانی دیکە، سیخناخی مرۆڤایەتی و ئارێشەکانی مرۆڤن.

بە هەر حاڵ، بڕوا ناکەم من قەت ڕۆمان بنووسم، گەرچی چاک دەزانم سەردەمەکە داوای ڕۆمان لە نووسەران دەکات.

خەڵک بەردەوام لێم دەپرسن “کەی ڕۆمان دەنووسی؟”، منیش دڵی خۆم دەدەمەوە بەوەی ڕۆژانێک داوا لە نووسەران دەکرا “کەی چیرۆکی پاڵەوانی دەنووسی؟” یان “کەی شانۆنامەیەکی پێنج‌پەردەیی دەنووسی؟”، کەچی ئێستا ئەو پرسیارانە باویان نەماوە.

هەروەها بە بۆچوونی من، ژانری چیرۆک لە ڕۆمان کۆنترە، ڕەنگە زیاتر بمێنێتەوە و تەمەنیشی لە ڕۆمان دوورودرێژتر بێت.

لێرەدا نووسەرێکی دڵخوازی ترمم بیر دەکەوێتەوە: وێڵز[3]. ئەوەی سەبارەت بە وێڵز دەیڵێم، هێنری جەیمسیش دەگرێتەوە: “پێم وایە چیرۆکەکانی ئێجگار لە ڕۆمانەکانی باڵاتر و بەپێزترن.”

سەرچاوە:

¿Porqué no escribe novelas?, Jorge Luis Borges, Ciudad Seva (Traducido al kurdoporJiyar Homer)


[1] Rudyard Kipling

[2] Henry James

[3] H. G. Wells