کارکردن وەک جۆرێک لە توندوتیژی

ئەم مرۆڤانە کار دەکەن

پرۆژەی ئەم مرۆڤانە کار دەکەن پرۆژەیەکە کە بە شێوازی جیاواز کاری تێدا دەکرێت وەک نمایشی هونەری، سیمینار وگفتوگۆ، تێکست و زۆر شێوازی تر کە لە شوێن و کاتی جیاوازدا ئەنجام دەدرێت. ئاڤان عومەر ڕێکخەر و بەڕێوەبەری پرۆژەکەیە.

تێمای گشتی پرۆژەکە دەربارەی پرسی کارە بەگشتی و ڕۆڵی جێندەر لە پرسی کاردا بەتایبەتی.  خۆشبەختانە  کۆمەڵێک وزە و توانای نایاب و تایبەت ئامادە بوون و ئامادەن  بۆ کارکردن لە پرۆژەکەدا، چونکە بابەتەکەیان بەلاوە گرنگە. هەریەک لە بەشداربووان لە بواری خۆیدا لەسەر بابەتەکە کار دەکات کە بەتەواوی بە شێوازێکی خۆبەخشە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ پڕۆژەکە بە زنجیرەیەک کاری هونەری، کە لە شوێن و کاتی جیاوازدا لە شاری سلێمانی ئەنجام دران دەستی بە چالاکییەکانی کرد. کۆمەڵێک هونەرمەندی شێوەکار و کەسانی تر بە پڕۆژە و کاری گرنگ بەشدارییان کرد، کارەکان لە چوارچێوەی دوو نمایشی گروپی و حەوت نمایشی سەربەخۆدا نمایش کران، کە لە ڕێگای ماڵپەری تایەبت بە پڕۆژەکەوە دەتوانن زیاتر دەربارەی چالاکییەکان زانیاری وەربگرن.

هۆزان مەحموود، نووسەر و شارەزا لە بواری جێندەر و فێمینیزمدا، بە سیمینارێک لە پڕۆژەکەدا بەشدارە لەژێر ناونیشانی: “کارکردن وەک جۆرێک لە توندوتیژی”

لێرەدا هۆزان مەحموود تیشک دەخاتە سەر کار وەک فۆرمێک لە توندوتیژیی دژی مرۆڤ بەگشتی و ژن بەتایبەتی. پاشان خودی کۆنسێپتی کارکردن، گەڕان بەدوای کاردا و مووچەی کار لە سیستەمی کەپیتالیزمدا باس دەکات. ئەمانە کە هەمووی هاوتایە لەگەڵ توندوتیژی، نادڵنیایی، بێباوەڕی، نەپارێزراوی و کاتی زۆری کارکردن بە پارەی کەم، لە پاڵ سەرکۆنەکردن و گەمارۆدان و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ لە پرسی کاردا تاوتوێ دەکات.

باس لە تێڕوانینی نووسەر و فێمینیست سیلڤیا فریدرچی دەکات، کە ئیش وەک فۆرمێکی توندوتیژی دەخاتە ڕوو، ئەمەش زۆر هاوکاری دەکات بۆ تێگەیشتن لە کەڵەکەبوونی سەروەت و سامان لە ڕژێمی سەرمایەداریدا. لە بەشێکی تری قسەکانیدا دەپەرژێتە سەر پرسی ئەو جۆرە کارانەی کە زۆرتر ژن دەیکات، و لەگەڵ گرنگی ئەم کارانەدا دەکرێت وەک فۆرمێک لە توندوتیژیی بەرامبەریان ببینرێت. پاشان گفتوگۆی ئەوە دەکات کە چۆن کار ئایدیاڵایزکراوە و لەناو کۆمەڵگەدا بوونمان و نرخمان وابەستەی کارەکانمانن کراون، بە تایبەتی بۆ ژن کە لە بازاڕی کاردا لەژێر فشارێکی زۆردایە.

لە کۆتاییدا، باسی پلەبەندی و گرنگی و بەهای نیوان کارەکان دەکات، ئەم بڕیارە کێ دەیدات کە چ جۆرە کارێک باشتر و گرنگترە؟ لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا هەندێک کار هەن کە زۆر پێویست و سەرەکین بۆ ژیان، بەڵام وەک کارێکی گرنگ هەژمارناکرێن، ئەمە بە پێچەوانەی هەندێک کاری تری ناپێویستەوە کە گرنگ و گەورە کراون، لەژێر ڕۆشنایی تیۆری پرۆفیسۆری ئەنترۆپۆلۆجی (دەیڤید گرەیبەر) باس دەکات کە بە ناوی کاری بێمانا (Bullshit Job) ناو دەبرێت. دەتوانین زۆرێک لەو کارانە بناسین کە مووچەی زەبەلاحیشیان پێ دەدرێت و بە گرنگ هەڵدەسەنگێندرین، لە کاتێکدا هیچ گرنگی ئەوتۆیان نییە لە کۆمەڵگە و ژیاندا. 

لە کۆتاییدا هۆزان ئەوە دەخاتەڕوو کە کارکردن گرنگە بۆ هەموو کەسێک و کۆمەڵگە ناچێت بەرێوە ئەگەر کارە بنەڕەتییەکان و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان گرنگییان پێ نەدرێت. بەڵام سەرمایەداری ڕۆژ بە ڕۆژ کارە بنەرەتییەکان لاوەکی دەکات و مووچەبڕاویان دەکات، لە ئاست ئەوەدا کارگەلێک گرنگی پێ دەدرێت کە هیچ سوودێکی نییە بۆ ژیانی مرۆڤ و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە.

هەندێک هێڵی سەرەکیی سیمینارەکە:

  • چاودێریکردنی مرۆڤ لە کاتی کارکردندا، بووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤ هەمیشە لە دڵەراوکێدا بژی.
  • توندوتیژی فۆڕمی زۆری هەیە، کە لە ئێستادا خۆشبەختانە زۆربەیان تیۆریزەکراون.
  • تا ئێستاش زۆربەی ئەوکارانەی کە ژن دەیکات لە سپەیسی گشتیدا هێشتا چاودێریکردن و ئاگاداریی ئەوانی ترە، لە کاتێکدا کارەکانی تر وەک بڕیاردان هی پیاوەن.
  • ئیشە بنەڕەتی و گرنگەکان لە کۆمەڵگادا لەلایەن سیستەمەوە بێبەها بەرجەستە دەکرێت.
  • خەونبینین و هەوڵدان بۆ ئەو کارانەی کە گرنگ پیشان دراون و پێگەیشتنیان قورسە، جۆرێکە لە توندوتیژی کە لەم سەردەمەدا مرۆڤەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە.
  • مەرج نییە مرۆڤ کار بکات تاوەک گرنگ بێت، بەڵکوو ئەوە ژیانکردنە مانا دەدات بە ژیان.

لەم بەستەرەی یوتیوبدا گوێ لە سێمینارەکەی هۆزان مەحموود بگرن: