پێشانگاى هونەریى دیكۆمێنتا و سەرنجێك
دوێنێ، ڕێكەوتى ١٨ .٠٦ .٢٠٢٢ لە شارى كاسڵ لە ئەڵمانیا پانزەیەمین پێشانگاى هونەرى “دیكۆمێنتا” Documenta دەستى پێ كرد. دیكۆمێنتا پێنج ساڵ جارێك دەكرێتەوە و لەسەر ئاستى جیهان بە گەورەترین ڕووداوى هونەریى شێوەكاری دادەنرێت كە خەڵاتەكەى بۆ هونەر دەكرێت بە نۆبڵى ئەدەبیات و ئۆسكارى سینەما بەراورد بكرێت. كارەكان لەم پێشانگایەدا لە ڕووبەرێكى گەورەى ناوەندى شارەكەدا، لە ٣٢ شوێنى بەرفراوانى كراوە و داخراودا، پیشان دەدرێن و ماوەى سەد ڕۆژ بەردەوام دەبێت. بە گوێرەى داتاكان لەو ماوەیەدا زیاتر لە یەك ملیۆن كەس لە ناوخۆى ئەڵمانیا و جیهانەوە سەردانى شارەكە دەكەن. جگە لە نمایشى كارە شێوەكارییەكان چەندین چالاكی تر بەڕێوە دەچن، وەكوو كۆڕ و سیمینار، پێشانگاى كتێب، كۆنسێرتى میوزیك، سەما. لە بنەڕەتدا ئەم پێشانگایە ساڵى ١٩٥٥ لەلایەن ئارنۆڵد بودەى هونەرمەندەوە بۆ یەكەمجار ڕێك خراوە بە ئامانجى ناساندنى ئەو ستایل و بەرییانە هونەرییانەى كە لە ماوەى دەسەڵاتدارێتیى نازیدا دەرفەتیان پێ نەدرابوو تێكەڵ بە كۆمەڵگەى ئەڵمانى ببین.
لە چواردەیەمین پێشانگاى دیكۆمێنتادا (٢٠١٧) خەڵاتى یەكەم بەخشرایە هونەرمەندى كورد “هیوا ك.” بۆ كارى When We were Exhaling. ئەم جارەیان پتر گرنگى بە كارى دەستەجەمعى دراوە و یەكێك لە ئامانجەكانى پێشانگاى ئەمساڵیش هەر ئەوەیە كە هونەرمەندانى وڵاتانى جیهان لە كارى پێكەوەییدا لێك نزیك ببنەوە. بەڵام هەوڵێك دەستبەجێ دژ بەم بانگەشەیە وەستایەوە، ئەویش ناڕەزایەتى بەشێك لە لایەنگرانى زایۆنیزم بوو دژ بە پێشانگاكە. لێرەدا تەنیا سەرنجێك لەسەر ئەم پرسە دەردەبڕم و لە ڕۆژانى داهاتوودا ڕەنگە چەند كارێكى هونەرى بخەمەڕوو.
پوختەى ئەم مەسەلەى ناڕەزایەتییە ئەمەیە كە كارگێڕیى پێشانگاى پانزەیەمینى دیكۆمێنتا سپێردراوە بە ڕوان گروپ Ruangruppe كە گروپێكى هونەریى ئەندۆنیزین. گروپە دژە دژە-سامییەكان لەبەر دوو هۆكار لەم كارە ناڕازیین:
یەكەم: هونەرمەندى موسوڵمانى ئەندۆنیزى و فەڵەستینى بانگهێشت كراون و كارەكانیان لە شوێنە بەرچاوەكاندا نمایش دەكرێن، لە كاتێكدا هیچ هونەرمەندێكى ئیسرائیلى بانگهێشت نەكراوە.
دووەم: هەندێك لە ئەندامانى ڕوان-گروپ مەیلى پۆستكۆلۆنیالیزمیان هەیە. جا لەم بارەدا كە ئەوان دژ بە كۆلۆنیالیزمن، ئیسرائیلیشیان لە ڕیزى دەوڵەتانى كۆلۆنیالیستدا حسێب كردووە بەو پێیەى وەك كۆلۆنى خۆى دەستى بەسەر بەشێك لە خاكى فەلەستیندا گرتووە. بەلاى هەندێك لە گروپە بەرەنگارەكانى دژە-سەمەتیزمەوە، ئەم هەڵوێستە بە واتاى جووبێزى و ڕاسیزمە.
بەم ناڕەزایەتییەوە پێشانگاكە دەستى پێ كرد، تەنانەت سەرۆكوەزیران “شتاین مایار” دوودڵى خۆى بەرامبەر پێشانگاكە دەربڕى، بەشێكى بەرچاویش لە ڕۆژنامەگەریى ئەڵمانى هێندەى تر حەشۆیان دا و كردیان بە باسى گەرمى ڕۆژ؛ تەنانەت ڕۆژنامەى Bild بە “سكانداڵ” ناوى برد. هێندەى بزانم هێشتا شتێكى جددى بۆ بەرگریكردن نەنووسراوە جگە لە یەك دوو ڕوونكردنەوەى ناڕاستەوخۆى كارگێڕیى پێشانگاكە و شارى كاسڵ، وەك بڵێى هیچ كەس ناوێرێت خۆى لە قەرەى ئەم پرسە بدات، بۆ ئەوەى بە “دژە-سامى” و “لایەنگرى موسوڵمان” تۆمەتبار نەكرێت. بەلاى منەوە ئەم هێرشە بۆ سەر دیكۆمێنتا عادیلانە نییە، لەبەر ئەوەى خۆى بڕێك مەیلى ڕاسیستى تێدایە. چۆن؟
گومانى تیا نییە كە بزووتنەوەى دژە ڕاسیزم كاریگەریى گەورە و بەرچاوى هەبووە لەسەر كۆمەڵگەى ئەڵمانى دواى نازیزم تاوەكوو ئێستا. ئەو هەمەڕەنگییەى لە كۆمەڵگەى ئەڵمانیدایە و ئەو پێشوازییەى لە دە ساڵى ڕابردوودا لە پەنابەران، بە پەنابەرانى موسوڵمانیشەوە كراوە، بەرهەمى ئەو خەباتە درێژەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا ڕاسیزم هێشتایش بەرچاوە، بەم پێیەى خەباتى دژە ڕاسیزم گرنگییەكەى هەر وەكوو خۆیەتى، بەڵام ئێستا هەندێك شت گۆڕاون. جووەكان توانیوویانە تاڕادەیەك ژیان و سەلامەتى نەك ئەوانەى كە لە ڕۆژئاوا دەژین، بەڵكوو جووەكانى نێو چوارچێوەى دەوڵەتى ئیسرائیلیش گەرەنتى بكەن. ئەوان دەزانن هێشتایش لە كۆمەڵگەى ڕۆژئاواییدا دژایەتیى سامى بنەبڕ نەبووە، بۆیە تەواو هەستەوەرن بەرامبەر هەر كردە و گفتارێك كە بە ئاستەم بۆنى جووبێزیى لێ بێت بۆ ئەوەى نەهێڵن بە هیچ جۆرێك زەمینەى هۆڵۆكۆستێكى تر بسازێتەوە. لە بەرامبەردا فیگورێكى تر هەتا بێ سەلامەتى ژیان و كەرامەتى زیاتر لەدەست دەدات، ئەویش فیگورى مرۆڤى موسوڵمانە، بەتایبەت لە دواى جەنگى ئۆكرانیاوە پەنابەرى ڕۆژهەڵاتى زۆرینە موسوڵمان “پلەى دوو”ى نەك كۆمەڵگە، بەڵكوو پلەى دووى پەنابەرانیشن؛ زیادەن و ڕێیان لە ئەوروپییەكانى دیكە گرتووە. ئەوە ڕاستە كە بەشێكى بەرچاو لە پەنابەرانى موسوڵمان كێشەى زۆریان بۆ كۆمەڵگە ئەوروپییەكان ناوەتەوە، هەر لە توندڕەوییەوە تاوەكو پەچە، لە نەریتگەرایییەوە تاوەكوو كارى ڕەش، بەڵام لە ئێستادا هەر گوتارێك دژ بە “موسوڵمان” لە ڕۆژئاوا، تەنانەت ئەگەر لاى جوویشەوە بێت، دەچێتە خزمەتى ڕاسیزمى دژە موسوڵمانەوە. ئەو جووانەى كە پتر لەم هێڵە ڕاسیستییە نزیك دەبنەوە زایۆنیستەكانن؛ جووە دەمارگیرەكان بۆ دەوڵەتى ئیسرائیل كە هەر ڕەخنەیەك لە دەوڵەتەكە وەك دژایەتیى سامى لێك دەدەنەوە. ئەم ناڕەزایەتییەى وا ئێستا بەرامبەر دیكۆمێنتا هەیە ڕێك گوتارێك هەڵگریەتى كە “دەوڵەت” و “گەل”ى ئیسرائیل هاوشوناس و تەبا دەبینێت، واتە نەك خۆى هیچ كارێكى دەوڵەتەكەى سەركۆنە ناكات، بەڵكوو هەر سەركۆنەیەك بە ڕاسیزم بەرامبەر هەموو گەلى جوو لێك دەداتەوە.
دوێنێ زایۆنیستەكان بەرامبەر ئەو بینایەى كە لە فریدریش پلاتزى شارى كاسڵ بۆ بەرێوەبردنى پێشانگاكە تەرخان كراوە، بە ئاڵاى ئیسرائیلەوە خۆپیشاندانیان كرد و هەندێك لە دروشمەكانیان ئەمانە بوون: “ئیسرائیل بۆ زایۆنیزم”؛ “نابێ هیچ سەكۆیەك بۆ ئەوانە هەبێت كە دژى ئیسرائیلن”، “هاوپشتى بۆ سەروەرێتیى [دەوڵەتى] جوو”، “دژ بە بە هەر دژە زایۆنیستێك”. بەلاى منەوە ئەم پرسە وەك “دژایەتیى سامى” قابیلى داكۆكى نییە. میشێل وۆڵف-زۆن لە وتارەكەیدا زۆر هەوڵ دەدات پاساوى ئەم ناڕەزایەتییە بەوە بدات كە دەوڵەتى ئیسرائیل پارێزەرى گەلى جووە، لەبەر ئەوە هەركەس ئەم مافە بۆ جوو بە ڕەوا نەبینێت ئەوا ڕاسیستێكى دژە سامییە. ئەو هەندێ لە هونەرمەندانى ڕوان-گروپ بە بەشدار لە كەمپەینى Boycott, Divestment and Sanctions (BDS)ـى نەیار بە ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات؛ هەروەها دەڵێت ئەو ئەندامانە سەركۆنەى كۆلۆنیالیزمى ڕۆژئاوایى و ئیسرائیلییان كردووە، بەڵام سەركۆنەى كۆلۆنیالیزمى چینى، ڕووسى، عوسمانى و ئەندۆنیزییان (!) نەكردووە. هەڵبەت دەشێت وا بێت ئەگەرچى هەرگیز ناشێت كۆلۆنیالیزمى فەرەنسى بە هى ئەندۆنیزى بەراورد بكرێت، بەڵام هێشتا ئەم پاساوە بەس نییە و خۆیشى پارادۆكسیكاڵە: وۆڵف-زۆن هەموو فەڵەستینییەكان لەوێوە بە دژە سامى تۆمەتبار دەكات كە دان بە دەوڵەتى ئیسرائیلدا نانێن، بەڵام ئەو جووەى وا هیچ شتێك، نە دەوڵەت و نە خاك و نە ژیان بۆ فەڵەستینییەك بە ڕەوا نابینێت، بە ڕاسیزم تۆمەتبار ناكات. لە لایەكی تر ناوهێنانى چەندبارەى “موسوڵمان” لە وتارەكەیدا، هەر وەك لە زۆربەى ئەو وتار و ڕاپۆرتانەى تردا وا دەربارەى ئەم پرسەن، ئەنقەستە و زەمینەسازییە بۆ شتێك كە دەكرێت بە “موسوڵمانبێزى” ناوى ببرێت.
دژایەتیى ڕاسیزم تەنیا لەو هاوسەنگییەدا كاریگەر و حەقیقییە كە بەسەر خۆیدا هەڵنەگەڕێتەوە، كە دژایەتیى ڕاسیزم بێت لە هەموو فۆڕمەكانیدا. دژایەتیى ڕاسیزم ئەو كاتە بەهاى هەیە كە توندڕەوى بۆ نەتەوە/دەوڵەت/نەژاد تا ئەو ڕادەیە تۆخ نەكاتەوە كە خۆراك بە توندڕەویى دیكەى ڕاسیستى بدات. دژایەتیى ڕاسیستى بەرامبەر جوو گەر بە واتاى دەرمارگیری بێت بۆ نەتەوەیەك، بۆ raceـێك بە ناوى “جوو”، ئەوا بە واتاى دژایەتیى ڕاسیزمە لەپێناو ڕاسیزمدا نەك لەپێناو نا-ڕاسیزم.
جگە لەو وێنەى كارەكەى هیوا كە لە چواردەیەمین پێشانگاى دیكۆمێنتا، ساڵى ٢٠١٧ گیراوە، سەرجەم وێنەكانى دیكە كارى پێشانگاى دیكۆمێنتاى پانزە ٢٠٢٢ن و لەلایەن نووسەرى ئەم یاداشتە كورتەوە چركێنراون.