دایکم لە مەزرایەک دەژیا لە ئەفریقیا

وەرگێڕانی: عەبدولکەریم شاکر

“دایکم لە مەزرایەک دەژیا لە ئەفریقیا” گوێی لە خەدیجەی کچی بوو وای گوت. خەدیجە حەزی دەکرد بە کادی بانگ بکرێت، بەتایبەتی لای هاوڕێکانی، موناش هەموو هەوڵێکی دەدا تا ئەمەی لەیاد بێت. ئەو و دوو هاوڕێ نزیکەکەی؛ کلێر و ئەیمی، لە دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژەدا سەیری فیلمی [1]Out Of Africa یان دەکرد، وا ڕاهاتبوون دوانیوەڕۆی زۆربەی یەکشەممان ئەم کارە بکەن، لێ هەر جارێ دەچوونە ماڵی یەکێکیان بۆ سەیرکردنی ڤیدیۆ. لە ماڵی ئەوان ڤیدیۆ هەبوو، لە ماڵی دوو کچە هاوڕێکەشی دی ڤی دی. کادی دوای تەواوبوونی فیلمەکە ئەو قسەیەی کرد، لە ماوەی ئەو بێدەنگییە کورتەی هەندێک جار دەکەوێتە کۆتاییی چیرۆکەکە، زرینگانەوەی ئەو بزماتەیە بوو کە لە فیلمەکەدا پات دەبێتەوە (مەزرایەکم هەبوو لە ئەفریقیا)[2]، بە تۆنە دەنگێکی لاواندنەوەیی کە بەسەر دیمەنە سروشتییەکاندا درێژ دەبووەوە، تا کارین بلێکسن[3] بخاتە کەشێکی تراژیدییەوە، ئەڤینی ونبوو، مەزرای ونبوو، فیردەوسی لەدەستچوو، کەوتن. ئا لەو ساتەدا کادی گوتی: “دایکم لە مەزرایەک دەژیا لە ئەفریقیا”.

مونا هەستی کرد کە پێویستە خۆی بە ژوورەوەدا بدات، تا پێیان بڵێ کە شتەکە وەها نەبووە، هیچ شتێکی لەم چەشنە بوونی نەبوو، بەڵام هەر دوای ساتێک لە قسەکەی کادی؛ گوێی لە پێکەنینی یەکێک بوو، ئەو پێکەنینە وای کرد دوودڵ بێت و بگەڕێتەوە، وای زانی ئەیمییە بە سەرسووڕمان و دڵخۆشیییەوە پێدەکەنێ، بەڕاست دایکت وای کردووە؟ لەوانەیە قسەکەی کادی تەنێ لافلێدانێکی نێوان کچەهەزرەکارەکان بووبێ.

ئەمە یەکێک بوو لەو چیرۆکانەی سەردەمی منداڵی دەیبیست؛ ئەو کاتەی دەگەڕایەوە ماڵەوە، چونکە منداڵی بچووکتر حەزیان لە بیستنی چیرۆکە، هەندێک جار زۆریان لێ دەکرد تا چیرۆکێکیان بۆ بگێڕێتەوە، دەتگوت منداڵەکان لە ئاماژەیەکی قسەکانی تێدەگەین. جەمالی کوڕە گەورەشی ئەو چیرۆکانەی بە وردەکارییەوە لەیاد مابوون، وەها قسەی دەربارەی کەسایەتییەکانی نێو چیرۆکەکە دەکرد، دەتگوت دەیانناسێت، ئۆی؛ مام عەبدوڵڵا هەمیشە وەهایە بۆ پارە، ئەدی وا نییە؟ چەند پیسکەیە.

جەمال ئێستا گەورە بووە و ئەم شتانەی تێپەڕاندووە، دەتوانێ بە درێژاییی شەو لە دەرەوە بمێنێتەوە و لە ماڵی هاوڕێیەکی بخەوێت. بەڵام کێ بەڕاستی دەزانێت چی دەکات، بۆنی ئارەقە و دووکەڵ و خواردنی هەرزان لە جلەکانی دەهات، دایکیشی ئەمەی بەو شوێنانە دەبەستەوە کە گەنجان بۆی دەچن، لێ هەر جارێک چووبایە ژوورەکەی و جلەکانی بۆ شووشتن کۆ کردبایەوە، هاواری بەسەردا دەکرد و لۆمەی دەکرد، ئەو جلەکانی وەکوو خۆی خۆش دەویستن.

جەمال بە خواروخێچی دەڕۆیشت؛ دەتگوت قاچ و ئەژنۆی هێواش هێواش لە ژێریدا دەتوێنەوە، بە هەمەحاڵ، ئێستا ئەو تارمایییەکانی منداڵی ئەوی هیچ بەلاوە گرنگ نین، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ بژاردەیەکی نەبوو جگە لە نیشاندانی بایەخ، چونکە کەسێكی بیرخستەوە کە ئەو هەمیشە بە تۆزێک ئاشنایییەوە دەربارەی دەدوا، بۆیە هەر سەری دەلەقاند؛ بەو هیوایەی چیرۆکەکە زوو تەواو ببێ، خواخوای بوو وەک هەمیشە چیرۆکەکە درێژوبرێژ نەکاتەوە.

کادی وا نەبوو، ئەو بەوردی خۆیشی بیر نەدەهاتەوە، بەڵکوو زۆربەی کات دەبووایە بیری بهێننەوە. “با با، تۆ مام عومەر دەناسی، ئەو پیاوە بوو کە مەزرایەکی هەبوو، ئەو مەزرایەی کە چواردە ساڵ بووی بۆ چەند هەفتەیەک چووبووی بۆ ئەوێ”. هەندێک جاریش بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەموو شتێکی دێتەوە بیر، ڕێک وەک ئێستا؛ دوای بینینی چەند دیمەنێكی سۆزداری و پەرۆشی، چیرۆکی مەزراکەی بیرکەوتەوە و بە دوو کچەهاوڕێکەی گوت: دایکم لە مەزرایەک دەژیا لە ئەفریقیا. ڕاستییەکەی هیچ شتێکی لەم چەشنە بوونی نەبوو؛ نە گالیسکە دەگەڕان، نە ئەسپ، نە شووشەی کڕیستاڵ هەبوو نە خزمەتکاریش، نە کەسانێکیش هەبوون کە دەبووایە لە خۆیان بپارێزرێن، بەڵکوو ئەوە ئەو بوو ملکەچی خەڵك بوو، ملکەچی ژیان و ئەوانی دیکە بوو، ئەوانەی لێرە دەیانناردە ئەوێ، لەوێشەوە دەیانناردەوە ئێرە، ئەوانەی خۆشیان دەویست و خاوەنیشی بوون، هەر ئەمەش وای کرد هاوڕێکەی کادی قەشمەری بکات.

ئەو باش دەیزانی کە ناکرێت ژیانی مونا هیچ شتێكی نزیک لەو ژیانە جوانە بێت کە ئێستا لە تەلەڤزیۆن بینییان، شتەکە پێوستی بە بیرکردنەوەیەکی وا نییە تا هاوڕێکەی لەوە تێبگات کە دایکی کادی ناکرێت لە مەزرایەک ژیابێت لە ئەفریقیای ڕاستەقینە، ئەفریقیای ئاسمان واڵا، سێبەری درەختی چڕوپڕ، ڕێگای بە ئاکاسیا[4] داپۆشراو و هەیوانی چرادار بێت. بە ئەگەری زۆرەوە ئەفریقیای دایکی کادی ئەو ئەفریقیایەیە کە چەند دیمەنێکیان لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن بینیووە: شەقامی قەرەباڵغ و کێلگەی وشکی پڕ لەو منداڵانەی تووند دامێنی دایکییان گرتووە.

لەوانەیە هاوڕێکەی کادی بەم شێوەیە بیری نەکردبێتەوە، لەوانەشە ئەوە قەشمەری نەبووبێت کردبێتی، ئەوەش کە وای کرد مونا هەست بە گەمژەیی بکات؛ ئەو بیرکردنەوانە بوون، ئەو بیرکردنەوانەی بە هۆیەوە خەریک بوو لێیان بە ژوور بکەوێت و سەرزەنشتیان، بەڵام پرسیاری ئەو تامە تاڵەی ئەو هەستە جێی هێشت لە مێشکیدا دەخوولایەوە، دەبێ لەبەر تەمەنی بووبێ؟ ئەو لە قسەکانی کادیدا تکایەکی بیست: تکایە وا خۆت نیشان بدە کە دایکم ئاوا بوو کاتێک لە ئەفریقیا بوو و منیش لە تۆ دەچم. خۆ لەوانەشە هەر تکا نەبووبێت، کادیش نەیدەتوانی وێنای ئەفریقیا بکات جگە لەو وێنانەی ئێستا لە تەلەڤزیۆن بینی، نەشیدەتوانی سەیری دایکی بکات؛ مەگەر بەم شێوەیە بژیێت.

چەند کچۆڵەیەکی چواردە ساڵ بوون، ئەوەندەی نەدەهێنا شەرمەزاریان بکات، بەتایبەتی کادی، ئەگەر چووبایە ژوورەوە و پێی گوتبان ئەو مەزرایەی تێیدا دەژیا بەو شێوەیە ڕاقی و خەیاڵی نەبوو، بەڵکوو بچووک و درۆین و بێقیمەت بوو و زۆر مرۆیی بوو، لە ئەفریقیاش نەبوو، لە شوێنێکی ڕاستەقینە بوو، لە شوێنێک هەموو شتێک ناوێکی هەیە، هەر لە بۆنی گژوگیا و گەڵاوە تا بچووکترین گۆڕانی کەشوهەوا.

لەوەتەی کچەکەی قسەی کردووە لە شوێنی خۆی نەجووڵاوە، لە توەڕەیییان شەلەل بووبوو، لێ وردە وردە تووڕەیییەکەی ڕەوایەوە و هەستکردن بە تاوان شوێنی گرتەوە، چی بووە تا ئەم هەموو تووڕەیییە دایبگرێ؟ خۆ ئەوان لە جیهانێکن و ئەمیش لە جیهانێک. کچە دڵناسکەکەی و دوو هاوڕێ چاکەکەی بۆ چارەنووسی کیسەڵێكی بریندار و سەگاڤێکی ڕاوکراو دەگریان، بەڵام بەوپەڕی بێموبالاتییەوە پشت دەکەنە ئەو کەسانەی بەڕاستی شایەنی گرنگیپێدان و خەملێخواردنن.

یادەوەرییەکان هەراسانیان کردبوو، نەیدەزانی بۆ هەندێک شت پێیەوە نووساون و ناڕۆن، لە خۆی پرسی ئاخۆ دەبێ ئەمە حاڵی هەموو ئەو خەڵکە بێت کە لەسەر شەقام دەیانبینێت، ئەوانەی لە ماڵ و نیشتیمانەکانیان دوورن، سووڕمابوو لەوەی دووری چۆن بیرکەوتنەوەکانیش دەگۆڕێ.

بە بیستنی ئەو هەموو ئامادەکارییەکان ڕێکخران، بەڵام دەتگوت بیسەرێکە و هیچی دیکە، وەکئەوەی مەبەستی قسەکان ئەو نەبووبێت. چەند مانگێک بوو باوکی دیار نەبوو، چاوەڕوانیش نەدەکرا لە داهاتووەیەکی نزیکدا بێتەوە. کە منداڵ بوو هیچ سەرسام نەبوو بەو ماوە درێژانەوی باوکی تیێدا نائامادە بوو، بگرە ئەوەندە بە بارودۆخەکە ڕاهاتبوو؛ هەر تێبینیشی نەدەکرد، ڕاستتر بڵێن تەنێ ئەو کاتە هەستی پێ دەکرد کە باوکی لە ماڵەوە بوو، ئەو کاتە هەستی دەکرد کە باوکیان زۆر دەڕوات.

هەموو ڕووداوەکان ئەو کاتە ڕوویان دەدا کە باوکیان لەگەڵیان بوو، وەکئەوەی دایکیان چاوەڕێی هاتنەوەی بووبێت، بەر لەوەی بڕیارێک بدات یان هەر کارێکی گرنگ بکات، لەوانەیە ئەویش حەزی بەم ڕێگەیە بووبێ، لەوانەیە ناچار بووبن چاوەڕێی ئەو پارەیە بن کە لە سەفەر درێژەکانیدا دەیهێنایەوە بۆ ئەوە بتوانن هەر شتێک بکەن. لەم ساڵانەی دواییش مونا هەستی دەکرد ئاوازی ژیانی دایکی بە دووری باوکی هێواش دەبێت و ئەو ژیانەی لەگەڵ خوشک و دایکی بەسەری دەبات بێڕەنگ بووە. دواجار شتەکان بۆ ئەو سەختتر بوون و نەخۆش کەوت، زۆر دەم دادەنیشت و لەتاو سەرئێشە سەری دەخستە نێو دەستەکانی، نەیدەتوانی ئاسانترین کاریش بکات. مونا و حەوای خوشکە گەورەی؛ بەسەری پەنجەیان لێی نزیک دەبوونەوە و لە پەنای دادەنیشتن، ئەو دەمانەی هەناسەی لەسەرخۆی تاکە دەنگی نێوانیان بوو، ئەو و خوشکەکەشی هەوڵیان دەدا بە کەمترین دەنگ بەرکەوتنیان هەبێت. لە هەمبەر فرمێسکەکانی دایکیان بێتوانا بوون، ئەوان وایاندەزانی ئەگەر دایکیان دەست بە گریان بکات هیچ شتێک ناتوانی بیوەستێنێ تا فرمێسکەکانی دەبڕێن، ڕۆژی وا هەبوو بەهۆی هەڵەیەکی بچووکیان بە درێژاییی ڕۆژ دەگریا، وای لێ دەهات؛ هەرسێکیان ئەوەندە دەگریان تا شەلەل دەبوون بەهۆی ئازارە نەزانراوەکانیان.

ڕۆژێکیان پوورە ئامینە هاتە سەردانیان، ئەو ڕۆژە مونا گوێی لە ئامادەکاریی گواستنەوەی بوو بۆ لادێ، پوور کە خوشکی گەورەی دایکیان بوو، گوتی کە بەخێوکردنی دوو کچ بەیەکەوە توانایەکی زۆری دەوێت، بۆیە مونا لەگەڵ خۆی دەبات تا دایکی باشتر دەبێت، “حەوا دەتوانێت گرنگی بە دایکی بدات و پشووی بداتێ و ساغلەمی بۆ بگەڕێنێتەوە، تۆش لەگەڵ من دێی بۆ لادێ و لەوی کارێکت بۆ دەدۆزینەوە”.

وەختێک بیری نەبوو، ئاخۆ کەسک شتێکی گوت دەربارەی نەچوونی بۆ قوتابخانە، لێ ئەمە یەکەم شت بوو مونا خۆی بیری لێ کردەوە، ئەمە واتە چەند ڕۆژێک مۆڵەت لە قوتابخانە وەردەگرێت. لە ماوەی کاتژمێرێکدا مونا پێداویستی چەند ڕۆژێكی خستە جانتاوە، لەپەنای پووری دەڕۆیشتن بەرەو شوێنی وەستانی پاسەکان، شاڵێكی حەریری تازەی لە مل کردبوو، باوکی بە دیاری بۆی هێنا بوو کۆتا جار کە گەڕایەوە ماڵەوە. ئەمەی بەباشی لەیادە چونکە یەکەم جار بوو بیپۆشێت.

مەزراکە تەنێ پازدە میل[5] لە شار دوور بوو، کە منداڵ بوو چەند جارێکی دیکەش سەردانی کردووە، مام عومەریشی چوار تا پێنج جار دەبینی لە ساڵێكدا، چونکە کە دەهاتە شار سەردانی دەکردن، بەڵام ئەو هیچ بیرۆکەیەکی نەبوو دەربارەی بەسەربردنی چەند هەفتەیەک لەو مەزرایە.

مام عومەر زۆر بە کەمی زەردەخەنەی دەکرد، بەڵام دەتزانی لەبەر ئەوە نییە کە جاڕسە یان دڵخۆش نییە، ئەو تەنێ زەردەخەنە ناکات و تەواو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جارە زەردەخەنەیەکی کرد کە مونای بینی هێدی هێدی بە ڕارەوەکەدا دێتە ماڵ. لە سێبەری هەیوانەکەدا دانیشتبوو، بە لقی خورما سەبەتەی چێ دەکرد، کاتێ دەنگی ئەو و پووری بیست کە لە ڕارەوەکە دێن؛ چاوەکانی بەرزکردنەوە و ڕووی بوو بە زەردەخەنەیەکی بێدەنگ.

خانووەکە کەوتبووە سەر لێژایییەک، ڕووبارێکی بچووک بە ژێریدا تێدەپەڕی، مەزارکەش بە درێژاییی شەش فەدان[6] بە درێژاییی ڕووبار کەوتبووە پشت خانووەکە. هەمیشە یەکەم شەوی بیرە کە لە مەزراکە بەسەری برد؛ بێدەنگی قووڵی لادێ، لە ڕاستیدا بێدەنگییەکی تەواو نەبوو، لەبەر ئەوەی زرنگە زرنگ و خشەخشە و دەنگی هەڵواسراوی وەسفنەکراو دەهات لەو دەنگە نەبیستراوانەی شەو، بێدەنگییەک بوو کە پێت دەنایە دەرەوەی ماڵ؛ نەڕەیەکی کز پەلاماری دەدا. لە کاتی خەوتنیدا گوێی لە هاواری بەرز دەبوو، هەر کە چاوی دەکردەوە نەدەما، دەنگی بەهێزی هەناسەی بۆقەکانی دەم ڕووباری دەبیست.

ژوورێکی تایبەتیان پێدا، پوورە ئامینە گوتی: “چەند هەفتەیەک لێرە دەبیت، ئیسراحەتی خۆت وەرگرە”، خانووەکە بچووک بوو؛ تەنیا دوو ژوور و ئەمبارێک بوو، کۆخت نەبوو، خانووی جووتیارێکی بچووک بوو. هەندێک کاتی ساڵ ئەو ژووەرەی تێیدا دەخەوت دەکرایە ئەمباریش، هەر بۆیە شوێنی پەڵەی باشماوەی ڕووەکی بەسەر ئەو دیوارەوە بوو کە بە سپی ڕەنگ کرابوو و نەدەسڕانەوە. پەنجەرە بچووکەکە ئەسیری شیشەکان بوو، دوور لەو ڕووبارە؛ لە بەرزی لێژایییەکەدا کەتبووە سەر باغێكی دارمۆز.

بە ڕۆژ دەبوو مونا لە نزیکی پوورە ئامینە بێت، چاوەڕێ بوو ئیشێکی ماڵەوەی پێ بسپێرێت، بەڵام باش تێدەگەیشت کە مەبەستی سەرەکی چاودێریکردنی بوو، لەبەر ئەوەی ئەو کچە چواردە ساڵیشە. لە گسکدانی حەوشە و چێشتلێنان و جل شووشتن و پاککردنەوەی میوە و پڕکردنی سەبەتەکان و گواستنەوەیان بۆ بازاڕێ شار، یارمەتی دەدا. سەرەتا کارەکە گەلێک سەخت بوو، بەڵام دواتر بۆ بە ڕۆتینێک کە چێژێکی سەیری لێ دەبینی، دوانیوەڕۆیان، ئەگەر زۆر ماندوو نەبووایە و مام عومەریش جەوی باش بووایە، دەیبرد بۆ بینینی کاروباری مەزرا، هەندێکجاریش تا بن دارمانگۆ گەورەکە پیاسەی پێ دەکرد، لەوێ خەڵک چاوەڕێی ئەو پاسەیان دەکرد کە دەیبردن بۆ شار.

دوکانێکی بچووکیشی لێ بوو، ئەو دەمانەی مام عومەر بۆ ئەحواڵپرسی و هەواڵگۆڕێنەوە دەچوو، خاوەنی دوکانەکە قاوەی بۆ ئامادە دەکردن. یەکەمجار کە بردی پێێ گوت: “بڕۆ سڵاو لەوانەی ژوورەوە بکە”. دوای ئەوە ڕاهاتبوو سڵاو لە ژنەکان بکات و لەگەڵیان دابنیشێت، تا مام عومەر قسەی لەگەڵ ئەو پیاوانە تەواو دەبوو کە لەژێر درەختەکە دانیشتبوون.

ڕۆژێکیان پیاوێكی دیکەش لەگەڵ ئەوان هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، دیاربوو چەند ساڵێک لە مام عومەر گەنجتر بوو، لەوانەیە لە سەرەتای سییەکانی تەمەنیدا بێت، بە ڕوویەکی زەردەخەنەیی و دووچاوی فزووڵی گەش، مام عومەر پێێ گوت کە ئەوە عیسایە و دراوسێی هەرە نزیکیانە. مونا لەپشت ئەوان دەڕۆیشت و بە تۆنی دەنگی نێوانیان دەیزانی کە پەیوەندییەکی تووندوتۆڵیان هەیە. عیسا زووزوو پەیوەندی پێوە دەکردن، بەڵام ئەو دواتر ئەمەی زانی، چونکە عیسا خۆی و هاوسەر و منداڵەکانی چووبوونە پێمبا[7] بۆ سەردانی خزمانیان. کە گەڕایەوەش لەگەڵ مام عومەر لە  هەیوانەکە دادەنیشتن؛ قسەیان دەکرد، پێدەکەنین و قاوەیان دەخواردەوە. جاروبار پوورە ئامینەش لەگەڵیان دادەنیشت، چونکە ئەو هاوڕێیەکی باشی ئەوان بوو، لە هاوسەر و منداڵەکانی دەپرسی و جارجار بە کوڕم بانگی دەکرد.

هەمیشە مونای بانگ دەکرد تا بێت و سڵاوی لێ بکات، مونا تەنیا دەیتوانی تێبینی ئەوە بکات کە بە لاچاو سەیری دەکات، تەنیا دەیتوانی تێبینی ئەوە بکات کە گرنگی پێ دەدات، چەند ڕۆژێک بەم شێوەیە بەردەوام بوو، بە تێپەڕینی کات سەردانەکانی بوونە ڕۆژانە، ئیتر هەر کە چاوێکی تێدەکرد یان دەیپشکنی؛ موچرکەیەکی گەرم بە جەستەیدا دەهات، وردەوردە چاوتێبڕینەکانی هێواشتر دەبوونە، تا ڕۆژێک بە نهێنی زەردەخەنەیەکی بۆ کرد، ئەویش بە زەردەخەنەیەکی بە ڕوودا کردەوە و ڕووی دوور وەرگێڕا و هەستی بە دڵخۆشییەکی لە ڕادەبەدەر دەکرد.

مەحاڵ بوو کەسێک لەوە تێنەگات کە دەگوزەرێ، ئیتر وای لێهات مام عومەر بە ئامادەبوونی عیسا تووشی دڵەڕاوكێ و نائاسوودەیی دەبوو، پوورە ئامینەش هەمیشە کارێکی پێ دەسپارد، یەک لە هەردووکیان شتێکیان پێی نەگوت. زەدەخەنە و نیگاکانی سەرنجی ئەویان ڕاکێشا بوو، لێ ئەم شتەی دەشاردەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو هیچی نەگوتبوو و مام و پووریشی زۆر وریا بوون، هەستی بە دڵنیایی دەکرد، وەکئەوەی لە یارییەکدا بێت.

شەوێک هاتە بەردەم پەنجەرەکەی، لەوانەشە ئەمە جاری یەکەم نەبووبێت، لەوانەیە پێشتریش ئەم کارەی کردبێت، پەنجەرەکە کەوتبووە سەرووی دیوار، دوو دەسکی دارینی هەبوو، کە یەکەمجار گەیشتە ئەوێ، لە تاریکاییی لادێ دەترسا؛ بۆیە هەردووکی داخست. دوای ماوەیەک یەکێکی بە کراوەی جێدەهێشت، لەو شەوەدا لە خەو ڕابوو، هەستی کرد شتێک ڕوویداوە، چاوەکانی یەکسەر کەوتنە سەر پەنجەرەکە، ئەوەندە ترووسکایی لە هەوای شەودا هەبوو تا سێبەری سەرێک لای پەنجەرەکە ببینێت. نەیتوانی هەناسەیەکی تۆقین کپ بکات، تا دەستی خستە سەر دەمی خۆی بۆ گێڕانەوەی، هیچی نەبرد و زانی ئەوە عیسایە، وا خۆی نیشاندا کە هێشتا خەوتووە، دوای ساتێك گوێی لە هەناسەکانی بوو، دواتر هەستی کرد شڵەژانی هەناسەی ئەویان بەخەبەر هێناوەتەوە، دوای گاڤێک سەرەکە بزربوو، لێ بوێری ئەوەی نەبوو پەنجەرەکە دابخات، لە ترسی ئەوەی لە کاتی داخستن دەستی بۆ درێژ بکات، خۆی درێژ کردبوو، بەڵام زۆربەی شەوەکە بە ئاگا بوو، دەخەوت و بە ئاگا دەهاتەوە، چاویشی لەسەر پەنجەرەکە بوو.

بۆ ڕۆژی دواتر چوو سەیری دەرەوە بکات، گومبەتێک خۆڵی پەیتی بینی کە لەسەری وەستابوو بۆ ئەوەی سەیری ژوورەوە بکات، بەڵام دەبووایە خۆی بە شیشەکان هەڵبواسێت، دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە کە عیسا هاتە سەردانیان، مونا لەنێو خانوو نەهاتە دەرەوە، بە ڕاچەنینەوە وەڵامی سڵاوەکەی دایەوە. شەوەکەش هەردوو دەسکی پەنجەرەکەی داخست؛ خۆی درێژ کرد و بەخەبەرەوە چاوەڕێی هاتنی بوو. هەر کە گەیشت هەستی کرد دەستەکانی پەنجەرەکە پاڵ دەدەن، بە دەنگێکی نزم دەپاڕێتەوە و پات دەکاتەوە: “خۆتم لێ مەشارەوە” و دەنگی هەناسەی بیست، دوای گاڤێک دەنگەدەنگێکی ناسکی بیست شیشەی پەنجەرەکەی جێهێشت. مونا نەیتوانی بەرگەی ترس بگرێت و بەیانییەکەی هەر کە پوورە ئامینەی بینی؛ پێی گوت. بۆ ساتێک پووری هیچی نەگوت، دڵتەنگ دیار بوو، دەتگوت مونا هەواڵی زەرەرێکی مەزنی پێداوە. بە مونای گوت: “هیچ شتێک بە عومەر نە‌ڵێی”، داوای لێ کرد شتومەکەکانی ئامادە بکات، بە کەمتر لە کاتژمێرێک لە ڕێگە بوون بەرەوە پاس، لەژێر دارمانگۆکە وەستان. مام عومەریش لە نهێنێ ئەم پەلەپەلە تێنەدەگەیشت و لێی پرسی: “شتێکی خراپ ڕوویداوە؟” پوورە ئامینە گوتی: “نا تازە بیرم کەوتەوە کە بەڵێنم دابوو ئەمڕۆ بیگەڕێنمەوە… خۆت دەزانی چەند هەفتەیەکە لێرەیە”.

لەپڕ مونا لەگەڵ دەنگی کادی بەخەبەر هاتەوە بانگی دەکرد: “لە کوێی”، کادی هاتە ناندین، ڕێک وەکوو دایکی لە چواردە ساڵیدا، ڕوو بە پێکەنین و پارێزراو، وەک ئەو ماڵەی تێیدایە، هاتە ئەو شوێنەی دایکی لەسەر مێز، لەگەڵ یادگارییەکانی دانیشتبوو، لەپشتەوە پاڵی بە دایکییەوەدا و قژی درێژی بە دەوری دایکی بڵاوەبوو، نێوچاوانی ماچ کرد و لێی پرسی: “چی دەکەی”، بەبێ چاوەڕوانی یەکسەر وەڵامی دایەوە: “دەچینە ماڵی ئەیمی، دوو کاتژمێری دیکە دەگەڕێمەوە”.

مونا گوتی: “شتەکە وا نەبوو، مەبەستم مەزراکەی ئەفریقیایە”. کادی گوتی: “ئۆی.. کەواتە بیستت دایکە، هەر دەمویست سەرنجیان ڕابکێشم تا ئیرەییم پێ ببەن”.

****

عەبدولڕەزاق گورنە ڕۆماننوسێکی تەنزانییە، بە زمانی ئینگلیزی دەنووسێت و نیشتەجێی بەریتانیایە. لە ٢٠ی سێپتێمبەری ١٩٤٨ لە سەڵتەنەتی زەنجەبار لەدایک بووە. ساڵی ١٩٦٨ بۆ خوێندن چووە بۆ بەریتانیا، لە زانکۆی کاتەنبری خوێندوویەتی، دواتر چووە بۆ زانکۆی کێنت و لە ساڵی ١٩٨٢ بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە. خاوەنی چەندین خەڵاتی ئەدەبییە، ساڵی ٢٠٢١ بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی، بۆ “سازشنەکردن لەسەر کاریگەرییەکانی کۆلۆنیالیزم و هاوسۆزی لەگەڵ چارەنووسی کۆچبەر لەنێو جیاوازیی کولتووری و کشیوەری”. گورنە خاوەنی چەندین کتێبە لەوانە: (یادگەی کۆچ ١٩٨٧)، (ڕێگەی حاجیان ١٩٨٨)، (دۆتی ١٩٩٠)، (بەهەشت ١٩٩٤)، (لە ستایشی بێدەنگیدا ١٩٩٦)، (لە ڕێگەی دەریاوە ٢٠٠١)، (کۆچ ٢٠٠٥)، (کۆتا دیاری ٢٠١١)، (دڵبەرد ٢٠١٧)، (دوای ژیان ٢٠٢٠) و کورتەچیرۆکی (دایکم لە مەزرەیەک دەژیا لە ئەفریقیا). شایەنی باسە ئەمە یەکەم بەرهەمی ناوبراوە بە زمانی کوردی.


[1] فیلمێکی سینەماییی ئەمریکییە، ساڵی ١٩٨٥ بەرهەم هاتووە، لە ڕۆمانی نووسەری دانمارکی “کارین بلێکسن’ وەرگیراوە.

[2] ئەو ڕستەیەیە کارین بلێکسن لە کۆتاییی فیلمەکەدا دەیڵێت.

[3] کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکەیە، مێڕڵ ستریپ ڕۆڵەکەی گێڕاوە.

[4] ڕوەکێکی گوڵ زەردە، قەبارەی بەقەد درەختێک دەبێت.

[5] میلێک = ١.٦٠ کیلۆمەتر.

[6] یەکەیەکی پێوانەیە، یەک فەدان = ٤٢٠٠ مەتری چوارگۆشە.

[7] دورگەیەکی وڵاتی تەنزانیایە، بە دوورگەی سەوز ناسراوە.