من و ڕۆمانى (مۆزەخانەى کوڕەقژدرێژ)

(له‌ده‌ستدانی سامان زۆر له‌ په‌یداکردنی قورستره.‌)

لە ڕۆمانەکەوە.

***

وەکوو خوێنەرێکى ناو دنیاى ئەدەبى گێڕانەوە هەمیشە چێژ لەو تێکستانە وەردەگرم، کە بێژمار ئاسۆى نەزانراو لە بەردەم خوێنەردا دەکەنەوە. بە مانایەکى تر، بە هۆى پرۆسەیەکى فکرییەوە لە زانراوەوە بۆ نەزانراو پەڕیونەتەوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو لەگەڵ خوێنەردا دەکەونە دایەڵۆگەوە و گومان دەخەنە سەر هەموو ئەو زانراوانەى، کە وەکوو حەقیقەتى ڕەها و نەگۆڕ تەماشاى کردوون و دەستى پێیانەوە گرتووە. دەتوانم بڵێم بەرهەمەکانى (کاروان عومەر کاکەسوور) لەم چەشنەن، بەو مانایەى، بەرهەمێکى ئەم نووسەرە نادۆزیتەوە زانراوەکانى خۆتت پێ بداتەوە، بەڵکوو وەکوو گوترا گومان دەخاتە سەر زانراوەکانت و لەگەڵ خۆیدا بەرەو نەزانراوەکانت دەبات، ئەم پرۆسێسە لە ڕێگەى ڕەهەندە فکرى، فەلسەفی و سایکۆلۆجییەکانى ناو بەرهەمەکانیەوە ئەنجام دەدات، بەبێ ئەوەى کاریگەریی ئەم سێ ڕەهەندە لە بەهاى ئەدەبیی تێکستەکانى کەم کردبنەوە.

(کاروان)  لە بەرهەمەکانیدا بە گشتى کار لەسەر تێکشکاندنى حەقیقەت و ڕەخساندنى دەرفەتى یەکسان بۆ هەموو دەنگەکان بەبێ جیاوازى دەکات، لە بەرهەمى (کاروان)دا هەر کارەکتەرێک خاوەنى دەنگى خۆیەتى و لە هیی کارەکتەرێکى تر ناچێت. لێرەوەیە جیاوازى لە دایک دەبێت. بەهاى جیاوازییش لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات، کە دەنگێک نەبێتە هۆى سڕینەوەى یەکێکى تر.

***

سەرەڕاى ئەوەى ڕۆمانى (مۆزەخانەى کوڕەقژدرێژ) لەسەر چەندین بابەتى گرنگ ڕاوەستاوە، بەڵام نووسەر بەتایبەت چەمکى نامۆیى و یاخیبوونى قووڵ کردووەتەوە و ئاڕاستە جیاواز و ئاسۆ نەزانراوەکانى ئەو دوو چەمکەى پێشان داون. کوڕەقژدرێژ نامۆیى و یاخیبوونەکەى خۆى خۆش دەوێت. واتە ڕووبەڕووی چارەنووسى دەبێتەوە و بە هیی خۆیی دەزانێت. بە مانایەکى تر، ئەم نامۆیی و یاخیبوونە کەس بە سەریدا نەسەپاندووە، بەڵکوو خۆى بەوپەڕى ئازادییەوە هەڵی بژاردووە و چێژى پێ دەبەخشێت، پێچەوانەى نامۆبوونى کۆمەڵایەتى، کە دەوروبەر بۆى دروست دەکەن. هەرچەندە گرتنى لەلایەن پۆلیسى پاراستنى ڕەوشت و ئەمنەوە لە خەونەکەى دوور دەخەنەوە، کە پێى وایە ئەگەر وا بڕوات و هەموو تەمەنى لە زینداندا بەسەر ببات، ئەوا فریاى بەدیهێنانى خەونەکەى ناکەوێت (لەدەستدانى سامانەکەى باوکى) واتە ڕابردوو بڕووخێنێت و ئێستا دابمەزرێنێت. ڕاستییەکەیشی ئەوەی دەیەوێت بیڕووخێنێت، ئەو بەها ساختانەن، کە دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکان بەو ڕابردووەیان لکاندووە و ئەو بە هیی خۆیانیان دانانێت. لەمەوە ڕووبەڕووی دەستەڵاتەکان دەبێتەوە، لە پێش هەموویانەوە دەستەڵاتی کۆمەڵایەتی، کە پۆلیسی پاراستنی ڕەوشت نوێنەریەتی و دەستەڵاتی سیاسی، کە لە ئەمندا بەرجەستەیە. لەناو ئەو ژمارە زۆرەى گرتنیدا دەتوانین ئاماژەیەکى فەلسەفی بدۆزینەوە، ئەویش ترسى یاسا و کۆمەڵە لە تاکە دەنگێک، کە جیاوازە و لەوان ناچێت. لێرەدا هێزى جیاوازبوون دەردەکەوێت، کە بە ژمارە ناپێورێت، بەڵکوو جیاوازییەکە بۆ خۆى گەورەترین هێزى بە کوڕەقژدرێژ بەخشیوە، بە ڕادەیەک، هەر کاتێک لە زیندان ئازاد دەکرێت، ڕاستەوخۆ دەست بەو کارە دەکاتەوە، کە هۆکارى گرتنەکەى بووە.

ڕۆمانى (مۆزەخانەى کوڕەقژدرێژ)ی کاروان عومەر کاکەسوور، چاپی ٢٠٢١ کتێبخانەی ئاشتی، هەولێر

***

هەر لە سەرەتاى ڕۆمانەکەوە بەر ئەم دەربڕینە دەکەوین؛ من چیرۆکى کوڕەکەچەڵتان بۆ ناگێڕمەوە، کە لاى هەمووان زانراو و ئاشکرایە، بەڵکوو هیى کوڕەقژدرێژتان بۆ دەگێڕمەوە، کە پێى نامۆن و نەتانبیستووە. واتە بازدان لە چیرۆکێکى فۆلکلۆرى و زانراوەوە بەرەو چیرۆکێکى نەزانراو. وەکوو لە پێشتر گوترا (کاروان) زانراوەکانى خۆتت پێ ناداتەوە. (ئەوەى ئێستا من بۆتى دەگێڕمەوە چیرۆکى کوڕەقژدرێژە، کە ڕێک پێچەوانەى چیرۆکى کوڕەکەچەڵە. ل٦)

ئەگەر لە تێکستدا ناو ناسنامە بێت بۆ ناسینەوەى کارەکتەر، ئەوا لێرەدا ناوى خودى کەس و شتەکان ئاستى ئاسایی تێدەپەڕێنن و بە شێوەیەکى نامۆ بە کار هاتوون، تەنانەت کۆى ڕۆمانەکە ناوى تایبەتیى یەک کارەکتەرى تێدا نییە. هەموویان، یان بە هۆى خەسڵەت، یاخود لە ڕێی پیشەیانەوە ناویان هاتووە، بۆ نموونە (کوڕەکەچەڵ، کوڕەقژدرێژ، ژنى ساڵۆن، ژنى ژێرزەمین، ژنە قەڵەوەکە، کچى گیتارژەن، کچى چیرۆک و چەندین ناوى تر) هەروەها ئەو ئامێرانەى، کە کوڕەقژدرێژ ناوى نامۆى بۆ هەڵبژاردوون و داوا لە بازرگانان دەکات بۆى بهێنن، بەڵکوو لێرە بیانفرۆشێتەوە، وەکوو (بەفرماڵ، پاپزیڤزیڤا، کەژاوەى فیل، تەڵەى پڵنگ). پرۆسێسی ناونان لەم ڕۆمانەدا زیاتر لە ئاماژەیەکی هەیە، کە سەرجەمیان نامۆیییەکە خەستتر دەکەنەوە. مرۆڤێک تەمەنی شەشتی تێپەڕاندووە و هێشتا بە (کوڕەقژدرێژ) بانگ دەکرێت. پۆلیس لەناو بازاڕدا سەریان بە گوێزان پاک تاشیوە، گوایە سزایان داوە و هەر بە (کوڕەقژدرێژ) بانگ دەکرێت، کە دەگاتە ئەوەی خۆی لە قاقای پێکەنین بدات. (ئه‌مڕۆ له‌ کاتێکدا ته‌مه‌نی له‌ شه‌ست تێپه‌ڕیوه‌، که‌چی هه‌ر وه‌ک سه‌رده‌می منداڵی و لاوێنیی چڕه‌ و زوو درێژ ده‌بێته‌وه. ل٨٠)‌… یان (ئه‌مجاره‌ له‌ زیندان به‌ ده‌رمانێکی کیمیاوی قژیان سووتاندووه‌ و سه‌ری یه‌ک تاڵی پێوه‌ نه‌ماوه‌. هه‌میشه‌ که‌لـله‌ی له‌ به‌رهه‌تاودا ده‌بریسکێته‌وه‌. ئه‌وه‌ بۆ ساڵێک ده‌چێت موویه‌ک سه‌ری ده‌رنه‌هێناوه و چاوه‌ڕێیش نییه‌‌ ئیدی تاڵێکی دیکه‌ی لێ بڕوێته‌وه، به‌ڵام هێشتا هه‌ر ناوی کوڕه‌قژدرێژه‌. کاتێ نێوی خۆی به‌ خه‌ڵک ده‌ڵێت، له‌ قاقای پێکه‌نین ده‌ده‌ن‌. ل151)

چەندین جار ژنى ژێرزەمین و کوڕەقژدرێژ هەوڵ دەدەن ناوى یەک بزانن، ئەنجام هەوڵەکان بێسوود دەبن:

(- دەتوانم لێت بپرسم ناوت چییە؟

– کوڕەقژدرێژ.

ژنە قاقایەک لێ دەدات.

– منیش ناوى خۆمت پێ ناڵێم، بەڵام دەتوانیت هەر بە ژنى ژێرزەمین بانگم بکەیت! ل ١٣١-١٣٢)

***

کارەکتەرى کوڕەقژدرێژ هەڵگرى دوو بیرى فەلسەفییە، نامۆیى و یاخیبوون، کە نامۆیە بە دەوروبەرەکەى و ئەم نامۆبوونە واى لێ دەکات لە هەموو دامودەستگە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵگە یاخی ببێت. هۆکارى نامۆبوونەکەى دەرەوەى خۆى نییە، یان دەستەڵاتى خۆى تێدا نەبێت، بەڵکوو هیى ناوەوەى خۆیەتى و لەو ڕێگەیەوە هەوڵى دامەزراندن و دۆزینەوەى خۆى دەدات. لێرەوە کوڕەقژدرێژ نامۆیی و یاخیبوونەکەى بە هۆشیارییەوە گرێ داوە. ئەمە وا دەکات یاخیبوون لە ڕابردوو ڕوو بدات. یەکەم ڕەتکردنەوەى مێژوویى، یاخیبوونە لەو ژیانەى خێزان بۆ تاک دروستى دەکات. کوڕەقژدرێژ لە سەرەتادا بە هۆى کەمیی تەمەنیەوە نامۆیییەکى ناهۆشیارانەى بەرانبەر خێزانى خۆى هەیە. دواى ماوەیەکى زۆر بە هۆشیارییەکى فەلسەفییەوە بیر لەو بێباکییەى دایک و باوکى دەکاتەوە، کە لە منداڵى و هەرزەکاریدا کاتیان بۆى نەبووە. (بۆى دەرکەوتووە دایک و باوک هەمیشە ئەرکى ڕۆڵەکانیان قورس دەکەن، ئەوەتا دواى شەست ساڵ ئینجا توانیی ئەوە چاک بکات، کە ئەوان تێکیان دابوو. ل٨٧)

ئەو سامانە زۆرەى باوکى بۆى جێ هێشت، بەو مەبەستەى بە هۆى ئەو سەروەتە زۆرەوە کوڕەکەى ژیانێکى ئاسوودە و دوور لە ترس و دڵەڕاوکێ بە ڕێ بکات، کەچی لەبرى ئەوە، بازرگانیکردن دەکاتە بیانوویەک بۆ لەناوبردنى سامانەکەى باوکى، چونکە پێى وایە ئەو ڕابردووەى بۆى دروست کراوە، پێى نامۆیە و هیى ئەم نییە، دەبێت لێى یاخی ببێت و بەو هۆیەوە داهاتووى خۆى دروست بکات. سامانەکەى لە ناو دەبات و دەست بە کرێکارى و پاشان لە بازاڕدا دەستفرۆشی دەکات. ڕەتکردنەوەى ئەو ڕابردووە لە دایەڵۆگێکی درێژى نێوان کوڕەقژدرێژ و ژنى ژێرزەمیندا دەردەکەوێت:

(- ژیانمم بە کرێکارى دەست پێ کردووە و دواتر بوومەتە دەستفرۆش. تۆ بۆت هەیە هەموو کاتێ لەبارەى ئەوانەوە پرسیارم لێ بکەیت.

ژنە دەپرسێت:

-ئینجا کەى دەستت دایە کرێکارى و کەى ڕووت کردە دەستفرۆشى؟

-دەکرێت بڵێم ساڵێکە.

ژنە ڕووى گرژ دەکات و دەڵێـت:

-گاڵتە هەموو دەمێ خۆش نییە. حەزم لێیە پێوەندییەکەمان ڕژدییشى تێدا بێت.

-گاڵتە ناکەم.

-ئەى پێشتر چیت دەکرد؟ خەریکى چى بوویت؟

-لێرەوە ڕابردوو دەست پێ دەکات و پێتى ناڵێم.

-ئەها! کەواتە بۆم هەیە تەنیا لەبارەى یەک ساڵى تۆوە بپرسم و شت بزانم. وایە؟

-بەڵێ. ل ١٣٢-١٣٣)

تەنانەت لەوە دوورتریش دەڕوات، لە دایەلۆگێکى ترى خۆى و ژنى ژێرزەمیندا، کاتێک پرسیارى ناوى لێ دەکات، بە کاتەوە دەیبەستێتەوە:

(- ئەرێ ڕستەى (ناوت چییە؟) ڕابردووە، یان داهاتوو؟

– لە ڕووى فۆرمەوە داهاتووە، بەڵام لە ڕووى ناوەڕۆکەوە ڕابردووە.

– دەتوانم لێت بپرسم ناوت چییە؟

– کوڕەقژدرێژ. ل١٣٠)

تاکە شتێک، کە کوڕەقژدرێژ داخى بۆ هەڵبکێشێت، ئەوەیە، پێنج ئامۆژگارییەکەى دى لە دەمى باوکیەوە نەبیست، تاکوو کارەکەى ئاسانتر بووایە و ڕێک پێچەوانەى ئەوانەى بکردایە، بەڵام ئەو یەکەیان سەرەکییە: (هەرگیز بە مەبەستى بازرگانى دەست بۆ شتێک مەبە، کە دانیشتووان پێویستیان پێى نییە. ئەو کەلوپەلانە بهێنە، کە خەڵک بۆى پەرۆشن و بەکاریان دەهێنن! ل٢٥) هەموو ئەم دەربڕینانەى کوڕەقژدرێژ هێمان بۆ ڕەتکردنەوەى ڕابردووى خۆى و دامەزراندنى ئێستا و داهاتوو. ئەم یاخیبوونە لە ڕاسپاردەى باوکى، یاخیبوونێکى فەلسەفییە و نایەوێت رێگەى باوکى بگرێت، چونکە ڕێگەیەکى دیار و زانراوە و ئامانجى کوڕەقژدرێژیش مانەوە نییە لەناو زانراوەکاندا، بەڵکوو هەنگاونانە بەرەو نەزانراوەکان. تەنانەت ئامادە نییە گوێیشى لێ بگرێت. ئەمە بە ڕوونى لە دایەلۆگى نێوان خۆى و باوکیدا دەردەکەوێت:

(- ڕاسته‌ هه‌رگیز ڕێک نه‌که‌وتووه‌ ئێمه‌ ئاوا پێکه‌وه‌ دابنیشین و قسه‌ بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌مڕۆ زۆر پێویسته‌ گوێم لێ بگریت، که‌ شه‌ش شتت پێ بڵێم، یان چاکتره‌ بڵێم شه‌ش ئامۆژگاریت بکه‌م، تاکوو له‌ دوای مردنم سوودیان لێ ببینیت.

ئه‌گه‌رچی کوڕه‌قژدرێژ هێنده‌ی دی هه‌ست ده‌کات باوکی به‌ ده‌ست گرفتێکی گه‌وره‌وه‌ ده‌تلێته‌وه‌، بگره‌ له‌وه‌ ده‌چێت واده‌ی مه‌رگی نزیک بووبێته‌وه‌، به‌ڵام پێی ده‌ڵێت:

– گوێت لێ ناگرم.

باوکی وه‌ک باوه‌ڕی نه‌کردبێت کوڕه‌که‌ی ئاوا وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ سه‌رسووڕمانه‌وه‌ لێی ده‌پرسێت:

-چی؟ گوتت گوێ ناگریت؟

– وام گوت… دیاره‌ گوێت لێ بووه‌!

– بۆ به‌ خۆشیی خۆته‌، گوێ ده‌گرێت، یان نایگریت، ملهووڕ؟ دوایی تۆ ده‌زانیت چیت پێ ده‌ڵێم؟

– نامه‌وێت بیزانم.

– کاتی ئه‌وه‌م نییه‌… واز له‌م ده‌به‌نگییه‌ت بێنه‌ و جوان گوێم بۆ شل بکه‌!

– هیچ شتێکم پێ مه‌ڵێ!

– تۆ له‌م جاره‌ زیاتر من نابینیته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ر ده‌بێت گوێم لێ بگریت.

ئه‌وده‌م کوڕه‌قژدرێژ ده‌ڵێت:

-که‌واته‌ گوێت لێ ده‌گرم، بۆ ئه‌وه‌ی بزانم ئه‌و شه‌ش شته‌ چین، تاکو ڕێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ بکه‌م. ل ١٦-١٧)

دەکرێت گونجاو بێت بگوترێت ڕەتکردنەوەى ئەو ڕابردووە، جیا لەوەى بە هیى خۆى نازانێت، بەڵکوو دەیەوێت تێکیشی بشکێنێت. ئەو کڕیارەى، کە هەمیشە ئەو کەلوپەلە نامۆیانەى بازرگانان بۆى دەهێنن، بە زۆر و بە نیوەى نرخ لێى دەکرێت، کوڕەکەچەڵە، کە لە سەرەتاى ڕۆمانەکەدا بە کورتى باسى دەکرێت و لە ناوەڕاستدا دەردەکەوێتەوە. ئاشکرایە کوڕەکەچەڵ پاڵەوانێکى ناو چیرۆکە فۆلکلۆرى و ئەفسانەیییەکانە، کوڕەقژدرێژ وەکوو سیمبۆڵى بیرکردنەوەیەکى ئەفسانەیی دەیبینێت و دەیەوێ ڕووبەڕووى ببێتەوە. (دوایى ئەو دەستى هەڵدەبڕێت و پاروکەکەى لا دەبات. سەرى لە ژێر ڕووناکاییدا دەبرسکێتەوە. لێى دەپرسێت:

-ئێستا زانیت من کێم، کوڕەقژدرێژ؟

ئەگەرچى دەیناسێتەوە، ڕاستتر بۆى ڕوون دەبێتەوە کێیە، بەڵام بە شێوەیەک سەرى سووڕ ماوە، ناتوانێت بە (بەڵێ) وەڵام بداتەوە، بۆیە کابرا هەر خۆى لێى دەپرسێت:

-کوڕەکەچەڵ ناناسیتەوە؟

ئینجا پێى دەڵێت:

-تۆ بەختەوەریت، کە دواى چەند ساڵێک زانیوتە ئەو پیاوە سەیرە کێیە هەر جارێ دەتەوێ شتومەکەکانت بە دڵى خۆت بفرۆشیت، پەیدا دەبێت و لێت تێک دەدات، بەڵام ئێستایش من نازانم کوڕى گام، یان هیى مرۆڤ. ل٨٣-٨٤)

***

کوڕەقژدرێژ بە تەواوى مانا کارەکتەرێکى نامۆیە لەنێو دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵگە. سەرەتاى ئەم نامۆبوونەى لاى خێزان بۆ دروست دەبێت، کە تاقانەى دایک و باوکێکى بێباکە. (پێویستە ئەوەیش بزانین چ دایکى و چ باوکى کاتیان زۆر کەمە. ئەمیان (دایکى) بەیانییان لە ئامادەیییەکى کچان و ئێوارانیش لە ناوەندییەکى کوڕاندا وانەى ئینگلیزى دەڵێتەوە، لە کاتێکدا ئەویان (باوکى) وازى لە کارى میرى هێناوە، کە بەڕێوەبەرى فەرمانگەیەکى گەورە بووە؛ ئێستا بە کارى بازرگانییەوە خەریکە. زووزوو بۆ دەرەوەی وڵات سەفەر دەکات. هێندەی لێرەیشە خەریکى ساغکردنەوەى شتومەکەکان و پێوەندیکردنە بەم بازرگان، بەو دەڵاڵ و بەو دووکاندارەوە. ل12) ئەمە جگە لەوەى، کە زۆربەى کات خۆى لە ماڵێکى چۆڵ و بێدەنگدا دەبینێتەوە، کە جگە لە چکەچکى کاتژمێر هیچى دیکە نابیستێت. دواتر لە دەرەوە نەک هەر هیچ هاوڕێیەکى نییە، بەڵکوو لە کۆڵان و گەڕەک تانەى لێ دەدرێت، لە قوتابخانەیش وەکوو دامودەستگەیەکى کۆمەڵایەتیی گرنگ، گاڵتەى پێ دەکەن و لەبەر قژى درێژى لە قوتابخانە دەردەکرێت. دواتر لە دەرەوە و لە شەقامەکاندا چەندین جار و هەر جارەى بۆ چەندین ڕۆژ و مانگ پۆلیسى پاراستنى ڕەوشت و ئەمن دەکەونە وێزەى و دەستگیرى دەکەن.

***

کوڕەقژدرێژ خاوەنى زمانێکى تایبەت بە خۆیەتى، بە جۆرێک، ناوى نامۆى وا بۆ ئامێرەکان هەڵدەبژێرێت، کە تەنانەت بازرگانانیش لێى تێناگەن، لەو ڕێگەیەوە تووشى چەندین گرفتى دەکەن، داواى هێنانى دوو میلیۆن بەفرماڵ دەکات و (بازرگان بە سەرسووڕمانەوە دەپرسێت:

-ژنە؟ ئەوە تۆ باسى چى دەکەیت؟ کوا بازرگانیى مرۆڤ ماوە، ڕۆڵە؟ ئەى قەدەغە نەکراوە؟ ل٢٦) دواتر بازرگانەکە دەڵێت تەمەنم لە پەنجا هەڵدەکشێت و تەنیا چەند جارێک لێرە دیومە بەفر ببارێت. داواى هێنانى کەلوپەلى وەکوو بەفرماڵ، پاپزیڤزیڤا، کەژاوەى فیل و )تەڵەى پڵنگtiger(trap دەکات. زۆر جار بە هۆى ئەو نامۆبوونەى زمانەوە ڕووبەڕووى جوێن و سووکایەتیش دەبێتەوە:

(- کام داون (calm down)، کام داون، مامە!

– دایکى خۆت بە کەم داونە. باوەڕ ناکەم تۆ باوکى خۆت بناسیت، چونکە لام ڕوونە زۆڵیت، ئەى بەرەڵا. ل٦٣)

(قژدرێژ ده‌نگی به‌رز ده‌کاته‌وه‌ و پێی ده‌ڵێت:

-کوره‌، تۆ بڕۆکه‌ریت. من هه‌ر…

بازرگان ناهێڵێت قسه‌که‌ی ته‌واو بکات:

-به‌ کێ ده‌ڵێیت بڕۆ که‌ر، سه‌گبابی خوێڕی؟ له‌گه‌ڵ منته‌ بڕۆ هه‌ی که‌ر؟

-به‌ڵێ، به‌ تۆ ده‌ڵێم بڕۆکه‌ر. ئاخر برۆکه‌ر (Broker) واته‌ که‌سێک کاروباری بازرگانی له‌نێوان کڕیار و فرۆشیاردا ڕێک بخات. به‌ڵێ، تۆ بڕۆکه‌ریت. من هه‌ر ئه‌وه‌م لێت ده‌‌وێت، یارمه‌تیم بده‌یت. ل٦٥-٦٦)

***

کارەکتەرى کوڕەقژدرێژ هەر لە یەکەم ساتى لەدایکبوونیەوە بە هۆى درێژیى قژیەوە نامۆ دەردەکەوێت. (کاتێ لە دایک بووە، قژى خاوى گەیشتووەتە سەر شانى، بە ڕادەیەک دۆکتۆر و سیستەرەکان سەریان لێى سووڕ ماوە. تاکوو ئەو کاتە نەک کوڕ، بەڵکوو کچیشیان نەدیوە بە قژى وا درێژەوە هاتبێتەوە دنیاوە. هیچ کاتێکیش ئەو قژە درێژە بۆ کوڕەقژدرێژ مایەى ئاسوودەیى نەبوو، بەڵکوو هەمیشە نەهامەتیی بۆ هێناوە. هەر لە سەرەتاوە گاڵتەیان پێ کردووە، کە لە کچ دەچێت. ل١١) ئەم نامۆبوونەى ڕووخسارى کاریگەریی لەسەر پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى داناوە و لە کۆڵان، گەڕەک، قوتابخانە و دەرەوەیش ڕووخسارى، یاخود دروستتر بڵێم قژى درێژى کردوویەتییە کەسێک، کە هەم نامۆ، هەم مایەى گاڵتەجاڕى بێت. یەکێک لە هۆکارەکانى دەرکردنى لە قوتابخانە، قژە درێژە نائاسایییەکەیەتى، پاشان لە گەڕەک گاڵتەیان پێ کردووە و لە بازاڕیش پۆلیسى پاراستنى ڕەوشت چەندین جار بە مەقەستى کول قژیان هەڵپاچیوە.

بەگشتى شوێنەکان نامۆ و نائاسیین، ژێرزەمین وەکوو شوێنێکى نامۆ. ئەو نووسینگە و ئۆفیسەى، کە کوڕەقژدرێژ کەلوپەلەکانى خۆى تێدا هەڵدەگرتن، کەتووەتە گەڕەکێکى هەژارنشین. بە هەموو پێوەرێک بوونى ئۆفیسێک لە گەڕەکێکى هەژارنشین زیاتر لە هەر شوێنێکى تر دەکەوێتە بەر هێرش، دزى و تاڵانکردن. (بۆی ده‌رکه‌وتووه‌ کارگه‌ و شتی دیکه‌ی له‌م بابه‌ته‌ له‌ گه‌ڕه‌که‌ هه‌ژارنشینه‌کاندا زیاتر ده‌که‌ونه‌ به‌ر شاڵاوی تاڵانی و تێکشکاندن، به‌وه‌ی ئه‌وان وا ڕاهاتوون له‌ ‌شتی گه‌وره‌ تووڕه‌ ده‌بن و داخی دڵیانی پێ ده‌ڕێژن، به‌ڵام هه‌ر ئێره‌ی لا چاکتره‌، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ناسرێت و به‌ نهێنی ئیشی خۆی بکات. ل٦٩-٧٠). هەروەها شوێنى ساڵۆنەکەیش لە ناوجەرگەى بازاڕدایە و ژنی ساڵۆن لەوێ دەژی، کە دواتر دەزانرێت خۆی هەم لە کەسوکاری و هەم لە دەستەڵاتی سیاسی شاردووەتەوە.

***

ڕۆماننووس ویستوویەتى ئێمەى خوێنەر هێندەى بەر بیرکردنەوە و ڕوانینەکانى کوڕەقژدرێژ و ئەوانى تر بکەوین، هێندە بە لاى خەسڵەتە جەستەیییەکانیاندا نەچووە. (تەنیا پرچى درێژى نەبێت.) ئەمە بووەتە شێوازێکى تایبەت لە ناسینەوەى (کاروان) لەناو ئەدەبى گێڕانەوەدا. ئەوەی دەردەخرێت، بەشێکی وێنەکەیە، نەوەک هەمووی، بەو مانایەی تەواوکردنی وێنەکە بۆ خوێنەر جێ دەهێڵێت، تا خۆی بە شێوازی خۆی خەریکی ببێت، کە ئەوە تەواو لەگەڵ دنیای ناوەوەدا ڕێک دەکەوێت، بەوەی لە ئاماژە پێک هاتووە، نەوەک لە شت. بە کاتی دەروونی ئاڕاستەی جۆراوجۆری گرتووە، نەوەک بە کاتی دەرەکی و یەک ئاڕاستەی ڕێکی هەبێت. تەنانەت لە لاى (کاروان) کارەکتەر بە هۆى زۆریى ژمارەى دەرکەوتنیەوە نابێتە کارەکتەرى سەرەکى، بگرە هەر لاى ئەم نووسەرە شتێک نییە ناوى لێ بنرێت کارەکتەرى سەرەکى و هیى لاوەکى. ئەوەتا لە گفتوگۆیەکدا، کە (محەمەد کەریم) لە بەشى (ئەدەب و هونەر)ـى (کوردستانى نوێ)ـدا لەگەڵیدا کردووە، لەبارەى کارەکتەرەوە دەڵێت: (هێزی كاره‌كته‌ر له‌ ژماره‌ی ده‌ركه‌وتنه‌كانیدا نییه‌، به‌ڵكوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ چ كاریگه‌رییه‌ک له‌ ئاڕاسته‌ی گێڕانه‌وه‌دا ده‌كات و تا چ ڕاده‌یه‌ک گوته‌ و هه‌ڵسوکه‌وته‌كانی ده‌بنه‌ جێگه‌ی پرسیار. به‌ مانایه‌كی دی بوونی ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ له‌و تێكسته‌دا چ جیاوازییه‌ک ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌.)

لە پرۆسێسى گێڕانەوەى ڕۆمانەکەدا چەندین کارەکتەرى دیکە دێنە ناوەوە، ئەگەرچی دەرکەوتنەکانیان بەراورد بە کارەکتەرى کوڕەقژدرێژ کەمترن، بەڵام بەها و هێزى دەرکەوتنیان لە خۆیان و لە ناوەوە وەردەگرن، نەوەک لە دەرەوە، هەر یەکێک لەو کارەکتەرانە نوێنەرى خۆیانن، زمانى تایبەت بە خۆیان هەیە و لە هیى کارەکتەرێکى تر ناچن. بە دەربڕینێکى تر، دەرکەوتنى ئەوان بۆ مەبەستى تەواوکردنى چیرۆکەکانى کوڕەقژدرێژ نین، بەڵکوو خاوەنى چیرۆکى تایبەت بە خۆیانن، وەکوو کوڕەکەچەڵ، ژنى ژێرزەمین، ژنى ساڵۆن، کچى چیرۆک و کچى گیتارژەن.

بەرهەمی (کاروان) بریتییە لە ئاماژە، چونکە شتەکانی دەرەوە لە ناوەوە بۆ ئاماژە دەگۆڕێت. ئەوە تەنیا گۆڕینی یاساکانی کاتی دەرەکی نییە، بەڵکوو گۆڕینی ئاستەکانی زمانیشە لە ڕاستەوخۆیییەوە بۆ ناڕاستەوخۆیی.

***

ڕۆمانى (مۆزەخانەى کوڕەقژدرێژ) بە تەکنیکى شەپۆلى هۆش نووسراوە، واتە ڕۆمانەکە خۆى لە دەستى سێیانەى مۆپاسانى (سەرەتا، گرێ، کۆتایی) و گێڕانەوەى کرۆنۆلۆجى ڕزگار کردووە، کات لەتوکوت کراوە و زیاتر لە ڕێگەى کاتى ناوەوە درێژە بە پرۆسێسى گێڕانەوەى ڕۆمانەکە دەدرێت. (کاروان)، نەک هەر لەم بەرهەمەیدا، بەڵکوو لە سەرتاپێیاندا ئەم تەکنیکە بە کار دەهێنێت. واتە کاتی ناوەوە، نەوەک کاتی دەرەوە بایەخ پێ دەدات، کە ئەمە وای کردووە بە ئاماژەی کەم دیمەنی زۆر بهێنێتە بەر چاوی خوێنەر. وەک سەرەتایش گوتم بەرهەمی (کاروان) بریتییە لە ئاماژە، چونکە شتەکانی دەرەوە لە ناوەوە بۆ ئاماژە دەگۆڕێت. ئەوە تەنیا گۆڕینی یاساکانی کاتی دەرەکی نییە، بەڵکوو گۆڕینی ئاستەکانی زمانیشە لە ڕاستەوخۆیییەوە بۆ ناڕاستەوخۆیی. خوێنەر لێرەدا بوونەوەرێکی دەستەپاچە نییە، کە تەنیا گوێ بگرێت، بەڵکوو ئەرکی هەیە. ئەوە خوێنەرە هەر لە ڕێی ئاماژەوە ئەو دیمەنانە بە شێوازی خۆی پێک دەبەستێتەوە و مانایان لێ پێک دەهێنێت.

ئەگەرچی ڕۆمانەکە لە ڕووخساردا وا دەردەکەوێت یەک پارچەیە و یەک نارەتەری هەیە، بەڵام لە ناوەوەدا لە چەند بەش پێک هاتووە و زیاتر لە نارەتەرێکیش هەن، کە چیرۆکی ئەوانەی تر دەگێڕنەوە. ئەوەی چیرۆکی ژنی ساڵۆن دەگێڕێتەوە، هەمان نارەتەر نییە، کە چیرۆکی ژنی ژێرزەمین دەگێڕێتەوە. هەروەها نووسەر ئازادیی تەواوی بە کارەکتەرەکان داوە، تا لە ڕێگەی دایەڵۆگەوە خۆیان دەربخەن، بۆیە دایەلۆگ لەم ڕۆمانەدا ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت و ناهێڵێت نارەتەری هەمووشتزان دەستەڵاتی خۆی بەسەر کارەکتەرەکاندا بسەپێنێت. بە مانایەکی تر، نارەتەر و خوێنەر هاوکاتی یەکتر زانیاری لە دەمی کارەکتەرەکانەوە بە دەست دەهێنن، کە ئەوە مانای ئەوەیە نووسەر پێشتر بڕیاری نەداوە تێکستەکە چ ئاڕاستەیەک بگرێت، بەڵکوو بەرەو نەزانراوی بردووە، تا خۆی خۆی بنووسێتەوە. ئەمە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی ڕۆمانی نوێ، یان ڕۆمانی پۆستمۆدێرن، کە تێکست دەدوێت، نەوەک نووسەر. ڕۆمان خۆی خۆی دەنووسێتەوە، نەوەک نووسەر بینووسێتەوە.

***

کوڕەقژدرێژ، نەک هەر لە مێژووى فەرمی یاخی دەبێت، بەڵکوو یاخیبوونەکەی دەگاتە ئەوەی ئەو کەلوپەلە سەیرانەی خۆیشی، کە ڕۆژگارێک لە ڕێی بازرگانەکانەوە هێناونی، تا ساغیان بکاتەوە، بشکێنێت. ئەو کەلوپەلانەی ڕۆژگارێک لەسەریان گیراوە، بگرە بە هۆیانەوە بووەتە گاڵتەجاڕ، وا وەک ئەنتیک لە مۆزەخانەی نیشتمانی دانراون، گوایە ئەوانە ڕۆژگارێک لەم وڵاتەدا دروست کراون و بە کار هاتوون. کوڕەقژدرێژ کاتێک لەگەڵ ژنى ژێرزەمین و کچى چیرۆکدا سەردانى مۆزەخانە دەکات، هەموویان دەبینێت و دەیانناسێتەوە، بۆیە دەچێتە لاى جامخانەى پاپزیڤزیڤاکان و بە لەقە دەیانشکێنێت. لەمەوە تێکڕای خەڵک پەلاماری دەدەن و دەیانەوێت بیکوژن. ئینجا پۆلیس دەگات و دواتر ئەمن لە پۆلیسی وەردەگرن، تەنانەت ژنی ژێرزەمین، کە ئێستا هاوسەری کوڕەقژدرێژە، وای زانیوە ئەو کەلوپەلانە هەر بە ڕاستی ڕۆژگارێک لێرە دروست کراون و بە کار هاتوون، بۆیە کاتێ کوڕەقژدرێژ پێی دەڵێت با بڕۆنەوە ماڵەوە، تا چیرۆکی ئەوانەی بۆ بگێڕێتەوە، ئەو لێی تێناگات، لە کاتێکدا پێشتر زۆر هەوڵی لەگەڵ داوە بەشێک لە ڕابردووی ژیانی بۆ بگێڕێتەوە و ڕازی نەبووە.

ئەم دەربڕینە لە بەردەم دوو خوێندنەوەدا ڕاماندەگرێت؛ یەکەم، کوڕەقژدرێژ نەک هەر بیرۆکەى پیرۆزکردن ڕەت دەکاتەوە، بەڵکوو دژى پیرۆزکردنى ڕابردووى خۆیەتى لەلایەن ئەوانى تریشەوە. دووەم، یاخیبوونى بەردەوامی لە یاساکان، کە نابێت ئەو کەلوپەلانە دەربهێنرێن و ببرێنە دەرەوە، ئەم بە ئامانجى وەستان لە دژى ئەو یاسایە، دەریان دەهێنێت و دەیانشکێنێت.

وەکوو پێشتر گوترا، ژنى ژێرزەمین و کوڕەقژدرێژ وا ڕێک کەوتن، کە کوڕەقژدرێژ لەبارەى ڕابردووەوە هیچ شتێک بە ژنى ژێرزەمین نەڵێت، کەچى لە کۆتاییی ڕۆمانەکەدا پێى دەڵێت با بچینەوە بۆ ماڵ، (هەموو شتێک لەبارەى ڕابردووى خۆمەوە بۆ تۆ و کچى چیرۆک دەگێڕمەوە. ل١٥٧) بەڵام بەهۆى شکاندنى پاپزیڤزیڤاکانەوە بۆ هەمیشە لە زیندان توند دەکرێت. ئەمە ماناى تەواوبوونى ڕۆمانەکە و بیرۆکەى یاخیبوونەکەى نییە، ڕەنگە لە زیندانیشدا دەستبەردارى ئەو جیاوازى و یاخیبوونە نەبێت.

لە مۆزەخانەدا هەموو میکانیزمەکانی دەستەڵات بە ڕوونی دەردەکەون، کە لە ئەمن، پۆلیس، مێژوونووس، ئەکتەر، جەماوەر و هیی تردا بەرجەستەن. ئەمن وەک ڕەهەندی سیاسی. پۆلیس وەک ڕەهەندی یاسای کۆمەڵایەتییانەی دەستەڵات. مێژوونووس وەک ڕەهەندی گوتار (دیسکۆرس)ی دەستەڵات، کە لە گێڕانەوەی مێژوویەکی دەستەڵاتدارانەدا خۆی دەنوێنێت. ئەکتەر وەک نمایشی ئەو گوتارە مێژوویییەی دەستەڵات. جەماوەری فریودراو وەک ڕەهەندی ڕەوایەتی، کە بەرگری لە گوتاری دەستەڵات دەکات و بە پیرۆزی دەزانێت.

ڕەگەزی پارۆدی لەم ڕۆمانەدا کاری پێ کراوە، کە بریتییە لە گاڵتەکردن بە دەستەڵات و نوێنەرانی دەستەڵات. بۆ نموونە ئەمن، پۆلیس، بازرگان و هیی تر دەبنە مایەی پێکەنین و ڕیسوا دەکرێن.

دەکرێت ڕۆمانی (مۆزەخانەی کوڕەقژدرێژ) بە ڕۆمانی ئیکزۆتیک، یان فانتازی دابنێین، کە شێوەیەکە لە شێوەکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن. واتە ئەتمۆسفێرێکی سەمەرە هەیە و هەرچی ڕەگەزی وەک کارەکتەر، ڕووداو، کات، شوێن، شتومەک و هیی تری تێدان، نائاسایی و سەیرن، بۆیە خودی زمانیش هەر سەیرە و شتی باو دەرنابڕێت.

ڕەگەزی پارۆدی لەم ڕۆمانەدا کاری پێ کراوە، کە بریتییە لە گاڵتەکردن بە دەستەڵات و نوێنەرانی دەستەڵات. بۆ نموونە ئەمن، پۆلیس، بازرگان و هیی تر دەبنە مایەی پێکەنین و ڕیسوا دەکرێن. لە هەندێک شوێندا خوێنەر لە قاقای پێکەنین دەدات، لە کاتێکدا خودی ڕووداوەکە تراجیدییە. (له‌و کاته‌دا سێ چوار پۆلیس به‌ره‌و ڕووی دێن. هه‌ر یه‌که‌ی جگه‌ له‌ تفه‌نگ، که‌ژاوه‌یه‌کی فیلیشی خستووه‌ته‌ سه‌ر پشتی‌. دیمه‌نیان به‌ هه‌موو مانایه‌ک سه‌یره‌، به‌ڵام جگه‌ له‌م، که‌سی دیکه‌ پێکه‌نینی پێیان نایه‌ت. ده‌گه‌نه‌ سه‌ری و به‌ شه‌ق و بۆکس تێی ده‌که‌ون. ل٩٠) ڕۆمانی (کاروان) لە دیمەن پێک هاتووە، نەوەک لە وشە، بۆیە دەبێت بەردەوام دیمەنەکان بهێنرێنە بەر چاو. با بیهێنینە بەر چاو سێ چوار پۆلیس لەسەر شەقامێکدا تفه‌نگیان پێیە و که‌ژاوه‌ی فیلیان خستووه‌ته‌ سه‌ر پشت. ئایا ئەو دیمەنە بە هەموو مانایەک سەیر و پێکەنیناوی نییە؟ کاتێ ئەو پۆلیسەی لە بازاڕ لەسەر تەنەکە قژی هەڵدەپاچێت، لێی دەپرسێت ئەو کاسکێتانەی بۆ چین، (کوڕه‌قژدرێژ نازانێت چ وه‌ڵامێکی بداته‌وه‌، چونکه‌ هه‌ر ناتوانێت وه‌ڵامی خۆیشی بداته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی قژی هه‌ڵپاچراوه‌ و دیمه‌نه‌که‌ی گه‌وره‌ و بچووکی بازاڕ دێنێته‌ پێکه‌نین، چی له‌ کاسکێت بکات؟ پیاوێک له‌سه‌ر ته‌نه‌که‌ و له‌ ناوجه‌رگه‌ی بازاڕدا سه‌ری هه‌ڵپاچراوه‌ و سه‌د کاسکێتی ژنانه‌یشی پێیه‌! کاسکێتی ژنانه‌؟ به‌ڵێ، کاسکێتی ژنانه‌. هاهاهاها. واته‌ ئه‌گه‌ر تۆ نه‌شیبینیت، به‌ڵکوو ته‌نیا له‌ ده‌می که‌سێکه‌وه‌ بیبیستیت، قاقا لێ ده‌ده‌یت. ئه‌دی کاتێ پێت بڵێن نیازی وایه‌ سه‌د کاسکێته‌که‌ بۆ لای ژنێک ببات، که‌ له‌ ساڵۆنی خانماندا کار ده‌کات؟ ناترسیت به‌رگه‌ی شاڵاوی پێکه‌نین نه‌گریت و دڵت بوه‌ستێت؟ ل١١٨)

ئەو دوو ڕەگەزە، (ئیکزۆتیک) و (پارۆدی) لە ڕۆمانی پۆستمۆدێرندا بایەخیان هەیە و (کاروان) لەم ڕۆمانە و ئەوانەی تریدا بە هۆشیارییەوە بە کاری هێناون. تێکەڵکردنی جیهانی مێتۆلۆجیا و واقیع لەم ڕۆمانەدا تەکنیكێکی ترە و زیاتر خەسڵەتی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن بە گێڕانەوەکە دەدات، کە بە مێتاگێڕانەوە (Metafiction) ناسراوە. کوڕەکەچەڵ وەک ئاماژە بۆ مێتۆلۆجیا و کوڕەقژدرێژ وەک ئاماژە بۆ واقیع تێکستەکە دەکەنە فرەڕەگ. واتە وەک ڕۆمانی باو تەنیا یەک ڕەگی نییە، بەڵکوو فرەڕەگ، فرەدەنگ و فرەئاڕاستەیە. بوونی کارەکتەری بێماڵ و ئاوارە دیسان بە یەکێک لە سیماکانی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن دادەنرێت، کە لەم ڕۆمانەدا ژمارەیان زۆرە. کوڕەقژدرێژ خۆی دوای لەدەستدانی سامانەکەی، لەو دنیایەی ئەواندا خۆی دەبینێتەوە. (بڕیاری داوه‌ ئه‌مشه‌و له‌ به‌رده‌رگه‌ی هیچ دووکانێکدا نه‌خه‌وێت، به‌ڵکوو بچێته‌ ناو ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ کرێکاره‌کان شیشه‌که‌یان ده‌به‌ست و به‌ شه‌ڕ ده‌هاتن. شوێنێکی ئاوا هه‌میشه‌ بۆ بیرکردنه‌وه‌ چاکتره‌. ئه‌گه‌رچی پاسه‌وانێکی تووڕه‌ی هه‌یه‌ و گه‌لێجار دیویه‌تی جوێنی به‌وانه‌ داوه‌، که‌ ویستوویانه‌ شه‌وان بۆ خه‌و و حه‌سانه‌وه‌ ڕووی تێ بکه‌ن، به‌ڵام ‌ئه‌م ده‌زانێت چۆن شوێنی خۆی ده‌کاته‌وه‌. ل ١٣٨)

دەکرێت بڵێم لە سەرجەم کارەکانی (کاروان)دا نەتەوە، زمان، کەلتووری جۆراوجۆر هەن، کە ڕۆمانی پۆستمۆدێرن بایەخی تایبەت بەوانە دەدات. لەم ڕۆمانەیشدا جگە لە کورد، نەتەوە و زمانی دیکەی وەک هیی عەرەب، ژاپۆن، چین، ئینگلیز دەردەکەون، تەنانەت دواجار ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە ژنی ژێرزەمین عەرەبە. (دۆکتۆری زانکۆیه‌ و له‌ کۆلیژی هونه‌ردا لێکچه‌ی ئێستاتیکای گوتووه‌ته‌وه‌. مێرده‌که‌ی گیراوه‌ و ئه‌م ڕزگاری بووه‌. کچێکی هه‌یه‌، ئێستا ته‌مه‌نی چوار‌ ساڵه‌ و لای پووری داناوه‌. مێرده‌که‌ی به‌رگه‌ی ئه‌شکه‌نجه‌ی نه‌گرتووه‌ و دوای سێ مانگ گیانی ده‌رچووه‌. ژنی ژێرزه‌مین شاره‌که‌ی جێ هێشتووه‌ و لێره‌، ڕێک له‌م ژێرزه‌مینه‌دا گیرساوه‌ته‌وه‌. به‌وه‌دا زمانی کوردیی زانیوه‌، به‌ ئاسانی شوێنی خۆی کردووه‌ته‌وه‌. ل١٤٩)

(مۆزەخانەی کوڕەقژدرێژ) نموونەیەکی دیاری ئەدەبی پۆستمۆدێرنە، کە گێڕانەوەکە بە ئاڕاستەی جیاوازجیاوازدا دەجووڵێت و لە هەر جووڵەیەکدا کۆمەڵێک خەسڵەتی نوێ لە خۆی دەگرێت.

دوای هەموو ئەوانە دەگەینە ئەوەی بڵێین (مۆزەخانەی کوڕەقژدرێژ) نموونەیەکی دیاری ئەدەبی پۆستمۆدێرنە، کە گێڕانەوەکە بە ئاڕاستەی جیاوازجیاوازدا دەجووڵێت و لە هەر جووڵەیەکدا کۆمەڵێک خەسڵەتی نوێ لە خۆی دەگرێت. ئەو داینەمێکییە وای کردووە کارەکتەرەکان لە دۆخێکدا نەمێننەوە، بەڵکوو هەر یەکەیان بەردەوام بچێتە دۆخی ترەوە. کوڕەقژدرێژ لە ڕووی بایۆلۆجیا و سایکۆلۆجیادا هەمیشە لە گۆڕاندایە و ئەو گۆڕانەیش لە بەرچاوی خوێنەردا ڕوو دەدات. هەم ڕووی ناوەوە و هەم ڕووی دەرەوەی دەگۆڕێن. لەو جووڵەیەدا نەک هەر سەردەمی جۆراوجۆری مێژوویی، بەڵکوو شوێنی ڕەنگاوڕەنگی جیۆگرافیاییش دەردەکەون، کە (باختین) ناو لەوە دەنێت کرۆنۆتۆپ، بەو مانایەی ڕەگەزەکانی کات و شوێن لەو ئەتمۆسفێرەدا پێکەوە دەبەسترێنەوە. جەستە هەر لەم ڕۆمانەدا بایەخی گەورەی هەیە. هێرشەکان لە هەموو لایەکەوە بۆ سەر جەستەن و ئەوەی بە پلەی یەکەم کوڕەقژدرێژ بەرگری لێ دەکات، جەستەیەتی، کە بە تایبەتی بە هۆی قژە درێژەکەیەوە دەکەوێتە بەر شاڵاو. ئەو شاڵاوە لە ئاستی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری، زمان و سیمبۆڵیدا دەردەکەوێت. ئەوەیش دیسان سیمای پۆستمۆدێرنیتی بە تێکستەکە دەبەخشێت، کە جەستە لە سەردەمی پۆستمۆدێرندا بووەتە جێگەی بایەخ، کە ڕۆمانی فرەدەنگیش مامەڵەی تایبەتی لەگەڵدا دەکات، ئەگەر نەگوترێت ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ڕۆمانی جەستەیە. تەکنیکەکانی گێڕانەوە لەوەدا یارمەتیدەرن، کە هەموو ئەو ڕەگەزانە لە ئەتمۆسفێری ڕۆماندا کۆ بکەنەوە.

سروشتى ڕۆمانەکە وایە، کە بە ڕووى هەموو ئەگەرەکاندا کراوەیە و لە ئاستەکانى تێکست و خوێندنەوەى (ئۆمبێرتۆ ئیکۆ)دا بریتییە لە تێکستێکى کراوە، کە هەڵگرى چەندین خوێندنەوەى کراوەیە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

* ڕۆمانى (مۆزەخانەى کوڕەقژدرێژ) لە ساڵی ٢٠٢١ لە کتێبخانەى (ئاشتى)چاپ و بڵاو کرایەوە.

+ ئەم گوتارەوەک پێشەکییەک لە ڕۆمانی (مۆزەخانەی کوڕەقژدرێژ)دا بڵاو کراوەتەوە. هەروەها لە ژمارە (١٢٠٠) و (١٢٠١)ی پاشکۆی (ئەدەب و هونەر)ی (کوردستانی نوێ)دا بە دوو بەش بڵاو بووەتەوە.