لە زمان زیاتر، چی تر مایەوە؟

گفتوگۆ لەگەڵ "هانا ئارێنت"دا

وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین

ڕێکەوتی 28ی ئۆکتۆبەری 1964 ئەم گفتوگۆیە لەنێوان هانا ئارێنت (Hannah Arendt)  و گونتەر گاوس (Günter Gaus) ساز کراوە کە لەو سەردەمەدا ڕۆژنامەوانێکی زۆر بەناوبانگ بووە و پاشتریش لە حکوومەتەکەی ویلی برانت(Willy Brandt)دا بووە بە فەرمانبەر و پلەدارێکی باڵا. گفتوگۆکە لە تەلەڤزیۆنی ئەڵمانی پەخش کراوە، خەڵاتی ئەدۆڵف گریم (Adolf Grimme) ی بردۆتەوە و هەمان ساڵ لە کتێبەکەی گونتەر گاوسدا (Günter Gaus, Zur Person, Munich, 1965) ژێر ناونیشانی چی ماوەتەوە؟ زمانی دایک؟ (“Was bleibt? Es bleibt die Muttersprache”)، بڵاو کراوەتەوە. جۆن ستامبە (Joan Stambaugh) کردویەتی بە ئینگلیزی و بۆ یەکەم جار لە کتێبی (Essays on Understanding, edited by Jerome Kohn (Harcourt Brace Jovanovich, 1994)) دا بڵاو کراوەتەوە.

هانا ئارێنت (١٩٠٦-١٩٧٥) بیرمەندی ئەڵمانی-ئەمریکی

گاوس دەرگای گفتوگۆکە بەوە دەکاتەوە کە دەڵێت ئارێنت یەکەمین ژنە بەشداری لەو زنجیرە گفتوگۆیەدا بکات کە ئەو بەڕێوەیان دەبات و ئەنجامیان دەدات. هەر بۆیەشە ڕاستەوخۆ ئاماژە بەوە دەدات کە ئارێنت (خاوەن پیشەیەکی نێرانەیە) کە ئەویش بەتایبەتی هی فەیلەسووفەکانە. هەر ئەمەیشە کە دەبێتە دەستپێکی یەکەم پرسیاری گاوس: سەرباری ئەو دانپیانان و ڕێزەی لێی گیراوە، ئایا ئارێنت پێی وایە کە ڕۆڵی ئەو وەک فەیلەسووف شتێکی نائاسایی و سەیرە، لەبەر ئەوەی کە خۆی ئافرەتە؟ ئارێنت وەڵام دەداتەوە:

ئارێنت: دەترسم لەوەی کە پێت بڵێم وا نییە، چونکە من سەر بە بازنەی فەیلەسووفان نیم. پیشەکەم – گەر شیاو بێت پێی بڵیین پیشە- بواری تیۆرەی سیاسییە. من هەرگیز هەست ناکەم فەیلەسووف بم، وەک چۆن پێیشم وا نییە – وەک ئەوەی ئێوە لە دڵسۆزیی خۆتانەوە دەیڵێن – لە بازنەی فەیلەسووفاندا دەموچاوێکی زۆر ئارەزووکراو بم. بەڵام سەبارەت بەو پرسیارەی ترت کە دەروازەی گفتوگۆکەت پێ کردەوە: کە دەڵێیت فەلسەفە بە گشتی وا بیری لێکراوەتە و وێنا کراوە کە بەتەنها پیشەیەکی پیاوانە بێت! من دەڵیم زۆر شیاوە دەشێت ڕۆژێک بێت کە ئافرەتیش ببێت بە فەیلەسووف.

من هەرگیز هەست ناکەم فەیلەسووف بم، وەک چۆن پێیشم وا نییە لە بازنەی فەیلەسووفاندا دەموچاوێکی زۆر ئارەزووکراو بم

گاوس: من خۆم وای دەبینم کە فەیلەسووف بیت.

ئارێنت: باشە، ئێ کە تۆ وات وت، ئیدی من ناتوانم هیچ بڵێم. بەڵام بە ڕای خۆم، من فەیلەسووف نیم. من بۆ هەتاهەتایە ماڵاواییم لە فەلسەفە کردووە. وەک دەزانیت، من فەلسەفەم خوێندووە، بەڵام ئەمە مانای وا نییە کە هێشتا هەر لەگەڵیدا ماومەتەوە.

گاوس: حەز دەکەم زۆر بە بەدیاریکراوی لە دەمی خۆتەوە بیبیستم کە ئایا جیاوازی چییە لەنێوان فەلسەفەی سیاسی و ئەم کارەی ئێستای تۆ وەک پرۆفیسۆری بواری تیۆرەی سیاسی؟

ئارێنت: گوزارشتی (فەلسەفەی سیاسی) کە من زۆر خۆمی لێ لادەدەم، گوزارشتێکە بارکراو بە زنجیرەیەک ترادیسیۆن و نەریت. کە من باسی ئەو شتانە دەکەم، جا ئەکادیمییانە بێت یان نا، هەمیشە ئەوەم لەبەر چاوە کە جۆرە هەستیاری و پەشۆکانێکی زیندوو لەنێوان فەلسەفە و سیاسەتدا، هەیە، ئەوەیە مەسەلەکە، جۆرێک لە ناڕوونی لەنێوان مرۆڤدا وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەوە و وەک بوونەوەرێکی کارا و کردە. بۆ نموونە پەشۆکانێک هەیە کە لە فەلسەفەی سروشتییدا بوونی نیە، هەر بۆیەیشە لەو لایەنەوە کە تایبەتە بە گرفتەکانی سروشت، فەیلەسووفیش دەتوانێت وەک هەر کەسێکی تر، بابەتییانە کێشەکان ببینێت. کاتێکیش ئەو شتانە دەدرکێنێت کە بیریان لێ دەکاتەوە، ئەوا لەجیاتی و بە ناوی هەموو ڕەگەزی مرۆیییەوە قسە دەکات، لێ کە باس دێتە سەر سیاسەت، ناتوانێت کەسێکی بابەتی، ئاسایی و بێلایەن بێت، لانی کەم لە دوای پلاتۆوە.

گاوس: تێدەگەم مەبەستت چییە.

ئارێنت: لەگەڵ بوونی هەندێک دۆخی زۆر تایبەتی و ئاوارتەدا نەبێت، کانت بۆ نموونە، زۆربەی زۆری فەیلەسووفەکان جۆرێک لە کینە و دوژمنایەتییان بەرانبەر بە هەموو چەشنەکانی سیاسەت هەیە. خۆی دەرککردن بەو دوژمنایەتییە زۆر گرنگە بۆ ناسینی کێشەکە، چونکە پرسیارێک نییە تاکەکەسی بێت، بەڵکوو لە سروشتی بابەتەکە خۆیدایە.

گاوس: تۆیش بۆیە ناتەوێت بەشێک بیت لەو دوژمنایەتییە بەرانبەر بە سیاسەت، چونکە باوەڕت وایە کار دەکاتە سەر ئیشەکانت؟

ئارێنت: بێگومان. من نامەوێت ببمە بەشێک لەو دوژمنایەتییە، من دەمەوێت بە نیگا و چاوێکەوە سەیری سیاسەت بکەم کە فەلسەفە لێڵ و تەمومژاوی نەکردووە.

گاوس: تێدەگەم. ئێستا با بچینە سەر کێشەی ڕزگارکردنی ئافرەت. ئایا ئەوە هەرگیز بۆتە مایەی پرسیار بەلای تۆوە و ڕۆژێک لە ڕۆژان بە گرفتت زانیوە؟

ئارێنت: بەڵی بە دڵنیایییەوە. هەمیشە کێشەی لەم چەشنە بوونی هەیە. بەڕاستی من لەمەدا بڕێک مۆدێل کۆنم. هەمیشە باوەڕم بەوە هەبوو کە پیشەگەلێک هەن کە شایستە بە ژن نین و لەگەڵیدا تەبا نایەنەوە، مەبەستم لەو پیشانەیە کە بۆ ئەوان ناشێت. بۆ نموونە بەلای منە شتێکی باش نییە کە ژن ببێتە فەرماندار بەتەنها کارەکەی ئەوە بێت کە فەرمان بدات.

ئەو ئەگەر بیەوێت دۆخی مێیینەیانەی خۆی بپارێزێت، نابێت بهێڵێت کار بگاتە ئەوە و خۆی بخاتە دۆخ و هەڵوێستێکی لەو شێوەیەوە. نازانم تا چەندە ڕاستم لەمەدا، بەڵام هەمیشە باوەڕم وا بووە، بەبێ ئەوەی هیچ هۆشیارییەکی ئەوتۆیشم بەوە هەبووبێت. یان بە مانایەکی تر با بڵێین، هەرگیز هۆشیار نەبووم بەوەی کە ئەو کێشەیە ڕۆڵێکی تایبەتی لە ژیانی مندا وەک خۆم گێڕاوە. زۆر بە سادەیی بیڵێم، من هەمیشە ئەو کارەم کردووە کە خۆم ویستوومە.

گاوس: سەبارەت بە کارەکانت، ئەوەیان شتێکە پاشتر دەچینە ناو وردەکارییەکانیەوە. کارەکانت پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان هەیە بە تێگەیشتن لەو بارودۆخانەی بەهۆیانەوە کردەی سیاسی بەرهەم دێن. دەخوازیت لە ڕێی ئەو کارانەوە کاریگەرییەکی بەرفراوانترت هەبێت؟ پێت وایە کە لەم سەردەمەی ئێستادا کاریگەری دانان لەسەر ئەوانی تر هەروا ئاسان نییە، یان هەر بەلاتەوە گرنگییەکی ئەوتۆی نییە و بایەخێکی لاوەکی هەیە؟

ئارێنت: وەک دەزانیت ئەمە پرسیارێکی ئاسان نییە. لێ گەر زۆر ڕاستگۆیانە بدوێم ئەوا دەڵێم: کاتێک کە کار دەکەم بۆم گرنگ نییە چۆن کاریگەری لەسەر خەڵکی بەجێ دەهێڵێت.

گرنگترین شت بەلای منەوە ئەوەیە کە تێبگەم. نووسین بەلای منەوە بەشێکە لە پرۆسەی تێگەیشتن

گاوس: ئەی کە لە کارەکەت تەواوبوویت؟

ئارێنت: ئێ تەواو، ئیدی لەوێدا تەواو بووم. ئەوەی دەمەوێت بڵیم گرنگترین شت بەلای منەوە ئەوەیە کە تێبگەم. نووسین بەلای منەوە بەشێکە لە پرۆسەی تێگەیشتن، چونکە هەندێک شت لە ڕێی نووسینەوە گەڵاڵە دەبن. من گەر یادەوەرییەکی باشم هەبووایە و بمتوانیایە هەموو ئایدیاکانم بپارێزم، ئیدی گومان دەکەم بمویستایە هیچ بنووسم. من خۆم دەزانم کە چەند تەمەڵم. ئەوەی بۆ من گرنگە پڕۆسەی بیرکردنەوە خۆیەتی. هەرکات توانیبێتم بیر لە بابەتێکی دیاریکراو بکەمەوە، ئەوا لە خۆم ڕازی بووم. گەر دوای ئەوەیش توانیبێتم لە نووسینەکەمدا بە شێوەیەکی باش گوزارشت لە پڕۆسەی بیرکردنەوەکەم بکەم، ئەوەیش وام لێدەکات لە خۆم ڕازی بم.

لێت پرسیم کە داخۆ کاریگەریی کارەکانم لەسەر ئەوانی تر چۆنە؟ گەر بکرێت تۆزێک گاڵتەجاڕانە بدوێم، ئەوا دەڵێم پرسیارەکەت زۆر نێرانەیە. ئەوە پیاوانن کە هەمیشە دەیانەوێت کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئەوانی تر هەبێت. من خۆم تا ڕادەیەک وەک تەماشاکەرێک لەدەرەوە، سەیری ئەوە دەکەم: ئایا من خۆم وەک کەسێکی کاریگەر دێتە پێش چاو؟ نا. من دەمەوێت تێبگەم. گەر ئەوانی تریش بە هەمان ئەو شێوەیە لە بابەتێک تێگەیشتن کە من لێی تێگەیشتووم، ئەوا ئەو هەستەم لا دروست دەبێت کە لە خۆم رازی بم وەک ئەوەی لەناو کۆمەڵێک تاکەکەسدا بژیم کە وەک خۆم بیر دەکەنەوە.

گاوس: ئایا نووسین شتێکە ئاسان بەدەستتەوە دێت؟ ئایا بە ئاسانی بیرۆکەکان پێکەوە دەلکێنیت و بابەتیان لێ دروست دەکەیت؟

ئارێنت: هەندێک جار بەڵی، هەندێک جاریش نا. بە شێوەیەکی گشتی من تا نەتوانم بنووسم، نانووسم. بە مانایەکی تر، تەنها ئەو کاتە دەتوانم بنووسم کە پڕم و خۆم کردووەتە کەرەستە و ڕەشنووسێک بۆ نووسینەکەم.

گاوس: تەنانەت گەر هاتوو بیریشیت لێ کردبێتەوە؟

ئارێنت: بەڵێ. من دەزانم دەمەوێت لەسەر چی بنووسم. من تا بیرم نەکردبێتەوە لە بابەتیک، ناینووسم. من وا ڕاهاتووم کە هەر هەموو بابەتەکە بە یەکجار دەنووسم. ئەوە پڕۆسەیەکە کە زۆر بەخێرایی دەگوزەرێت، تەنها پەیوەستی بڕی خێرایییەکەمە لە چاپکردنیدا.

گاوس: بایەخدانت بە تیۆرەی سیاسی، بە کردار و ڕەفتاری سیاسی، لەمڕۆدا بە چەقی کارەکانت دادەنرێن. هەر لەبەر رۆشنایی ئەوەیشدا نامەگۆرینەوەکانت لەگەڵ پرۆفیسۆری ئیسرائیلی (شۆلیم)دا بۆ من زۆر جێی سەرەنج بوون. لە یەکێک لە نامەکانتدا نووسیبووت: کە گەنج بوویت، هیچ بایەخێکت نە بە سیاسەت و نە بە مێژوو نەداوە. خاتوو ئارێنت وەک یەهودییەک لە ساڵی ١٩٣٣ەوە لە ئەڵمانیا هەڵاتوویت. ئەو دەمە تەمەنت ٢٦ ساڵ بووە. ئایا بایەخدانت بە سیاسەت ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ بەلاوە گرنگ نەبوونی سیاسەت و مێژوو لە پەیوەست بەو ڕووداوانەوە لە کاتی خۆیدا؟

ئارێنت: بەڵی بێگومان. چیدی لە ١٩٣٣ەوە بایەخنەدان و بۆ گرنگ نەبوو شتێکی نەشیاو بوو، تەنانەت بەر لەو کاتەیش.

گاوس: ئەمە بۆ تۆیش وا بوو؟

ئارێنت: بەڵی بە دڵنیایییەوە. من خۆم بە ویستی خۆم ڕۆژنامەکانم خوێندەوە، هەندێک ڕا و بۆچوونیشم دەربارەی شتەکان هەبوو. سەر بە حیزبێک نەبووم، سەرباری ئەوەی کە هەر پێویستیشم بەوە نەبوو. دواجار لە ساڵی ١٩٣١دا چوومە سەر ئەو باوەڕەی کە نازییەکان دەسەڵات دەگرنە دەست، بە بەردەوامییش لەگەڵ خەڵکی تردا باسی ئەو مەسەلەیەم دەکرد و دەمدواندن. بەڵام تا هەڵنەهاتم، بە شێوەیەکی سیستماتیکی خۆمم پێوە سەرقاڵ نەکرد.

گاوس: پرسیارێکی ترم هەیە هەر دەربارەی ئەوەی کە ئێستا باست کرد. تۆ کە هەر لە ساڵی ١٩٣١ەوە باوەڕت وا بوو کە ناکرێت بەر بە نازییەکان بگیرێت لەوەی دەسەڵات بگرنە دەست، هەستت بەوە نەکرد پێویستە چالاکانە شتێکی تر بکەیت تا بەر بەو کارە بگریت؟ بۆ نموونە ببوویتایە بە ئەندامی حیزبێک؟ یا بە شتێکی بێمانات دەزانی و پێت وابوو کە تازە کار لە کار ترازاوە؟

ئارێنت: وەکوو خۆم، باوەڕم نەدەکرد کە ئەوە مانایەکی ئەوتۆی هەبێت. گەر بیرم لەوە بکردایەتەوە – ئەزانی زۆر سەختە بەراورد بە ڕابردوو، لە ئێستادا ئەم قسەیە بکەیت –  لەوانە بوو شتێکم بکردایە، لێ هەستم کرد هیچ ئومێدێک نییە.


سەرچاوە:

HANNAH ARENDT: THE LAST INTERVIEW AND OTHER CONVERSATION: “WHAT REMAINS? THE LANGUAGE REMAINS”: A CONVERSATION WITH GÜNTER GAUS

Zur Person, ZDF TV, Germany

October 28, 1964

Translated by Joan Stambaugh

. 2013 – Melville House Publishing