بەگژداچوونەوەی هەموو فەلسەفەیەکی مەزن

لە ئەڵمانییەوە: پێشڕەو محەمەد

[تێبینیی وەرگێڕ: ئەم دەقە لە هەرسێ فراگمێنتی بەشی یەکەمی ‘شۆپنهاوەر وەک پەروەردەکار’ی کتێبی ‘ڕامانە ناباوەکان’ وەرگیراوە، کە لە کاتی نووسینی کتێبەکەمدا، وەک کەرەستەی پێویست ئەم بڕگانە و زۆر دەقی دیکەم کردبوون بە کوردی و پێویستم بوون لە کتێبەکەمدا بەکاریان بهێنم، دوای پێداچوونە، بە باشم زانی، ئەم بڕگە مشتومڕسازانە، کە هاوکات بەرپرسیارێتیی نیچە بەرانبەر بە کۆمەڵگەش دەردەخەن، بڵاو بکەمەوە. ئەم نووسراوەیە سەر بە قۆناغی یەکەمی نووسینی نیچەیە و لە قۆناغی ناوەڕاست و سێیەمدا، لەم ئایدیایانە دوور دەکەوێتەوە، شتێک ڕەنگە کەمترین خوێنەری نیچە هەستیان پێ کردبێت: نیچە و بەرپرسیارێتیی بەرانبەر بە گشت. وەرگێڕ]

فریدریش نیچە(١٨٤٤-١٩٠٠) فەیلەسووفی ئەڵمانی

ئەو گەشتیارەی زۆر وڵات و گەلی جۆراوجۆر و بەشی زۆری کیشوەرەکانی بینیوە، لێی دەپرسن کام جۆرانەی چۆنایەتیی مرۆڤی لە هەموو کونج و کەلەبەرەکانی دونیادا بینیوەتەوە؛ و گوتوویەتی: ئەوان خولیایان بۆ تەمەڵیی هەیە. خەڵک هەن پێیان وایە دروست و حیسابی تر دەبوو ئەگەر بیگووتایە: ئەوان هەمووان ترسنۆکن. ئەوان خۆیان لەپشت نەریتە باوەکان و بیروباوەڕەکانەوە حەشار دەدەن. لە بنەڕەتدا هەموو مرۆڤێک باش دەزانێت کە ئەو وەک بوونێکی دەگمەن لەم جیهانەدا تەنها یەکجارە، و گرنگ نییە چەندەش سەیر بێت، ڕوو ناداتەوە جارێکی دیکە وەها بە سەیر و سەمەرەیی و ڕەنگاوڕەنگ دەست لەناو دەستی یەک بنێن و بکەونەوە نێو یەکێتییەکی وەهاوە: ئەو ئەمە دەزانێت، بەڵام وەک ویژدانێکی خراپ دەیشارێتەوە، بۆ؟ لە ترسی هاوسێکەی کە سوورە لەسەر عورفەکانی و خۆی لە پشتییانەوە دەشارێتەوە. بەڵام ئەوە چییە تاکی مرۆیی ناچار دەکات لە دراوسێکەی بتۆقێت، وەک عەوام بیر بکاتەوە و بجووڵێتەوە و بەرانبەر بە خۆی خۆشحاڵ نەبێت؟ لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا ڕەنگە هەستکردن بە شەرم بێت. لە حاڵەتی گشتی و زۆرینەدا بریتییە لە ئارەزووی ئاسوودەیی (Bequemlichkeit)، تەمەڵی (Trägheit) – بە کورتی خولیای تەمەڵبوون (Hang zur Faulheit)ی ئەو شتەی گەشتیارەکە لەبارەیەوە دواوە. ئەو لەسەرحەقە: مرۆڤەکان تەنانەت تەمەڵترن لەوەی ترسنۆک بن و ئەو شتەی زۆر لێی دەترسن ئەو کێشە و گرفتانەیە کە هەر ڕاستگۆیی و ڕووتێتییەکی بێمەرج باری سەرشانیان قوورس دەکات. تەنها هونەرمەندانن ڕقیان لەم ژیانە ئاسوودە و ئاسانە دەبێتەوە کە لە عادەتەکان و بیروباوەڕە ڕیشە نەرمەکان و شاردنەوەی نهێنییەکان و ویژدانی خراپی هەر کەسێکەوە هاتووە، ئەو بنەمایەی هەر بوونێکی مرۆیی موعجیزەیەکی تاقانەیە؛ هونەرمەندان ئازایەتیی ئەوەیان تێدایە مرۆڤمان وەک خۆی، تا دوایین ماسولکە، وەک خودی خۆی و زیاتریش پیشان بدەن، هێشتا زیاتر لەوەش، لەم ئاکامە ڕوون و ڕاشکاوەی تاقانەبوونیدا، ئەو وەک بوونێکی تازە و سەرنجڕاکێش، وەک هەر بەرهەمێکی سروشت و بوونێکی بێزارنەکەر، جوان و ڕازاوەیە و بەهای تێڕامانی هەیە. کاتێک بیرمەندێکی مەزن سووکایەتی بە مرۆڤەکان دەکات، تەمەڵیی ئەو لایەنەی مرۆڤەکانە بیرمەندەکە ئیهانەی پێ دەکات: چونکە بەهۆی ئەم تەمەڵییەوەیە ئەوان وەک کاڵای دەستکرد دەردەکەون کە پێدەچێت بەهای یاوەری و ڕاوێژکردنیان نەبێت. ئەو مرۆڤەی نایەوێت بەشێک بێت لە جەماوەر، بەسادەیی لەوە دەکەوێت بەرانبەر بە خۆی خۆشحاڵ بێت؛ با بەدووی ویژدانی خۆی بکەوێت کە بەم جۆرە بەڕوویدا هاوار دەکات: «خۆت بە! ئەوەی ئێستا دەیکەیت، بیری لێ دەکەیتەوە، ئارەزووی دەکەیت، لە ڕاستیدا تۆ نیت!».

ئەوەی هاوڕێی ڕاستەقینەی هەن، دەزانێت گۆشەگیری و تەنهاییی ڕاستەقینە چ مانایەکی هەیە، تەنانەت ئەگەر سەرجەمی جیهانی دەوروبەریشی بە دوژمن تەنرابێتن.

خەم لە دروستبوونی فەیلەسووفێک دەخۆم بتوانێت ببێت بە نموونە […] کانت توند خۆی بە زانکۆوە هەڵواسیبوو، خۆی کردبوو بە ئەڵقەلەگوێی حکوومەتەکان، لەنێو دەرکەوتەی باوەڕێکی ئایینییدا قەتیس مابوو، و بەرگەی هاوکاران و خوێندکارانی گرتبوو: لەبەر ئەوە سروشتییە کە نموونەی ئەو بەگشتی پرۆفیسۆری زانکۆ و پرۆفیسۆری فەلسەفەی بەرهەم هێنا. شۆپنهاوەر هیچ سەروکارێکی لەگەڵ توێژی خوێندەواران و لێکۆڵەراندا نییە، تەنها و بە جیا دەوەستێت، هەوڵ بۆ سەربەخۆیی لە دەوڵەت و کۆمەڵگە دەدات – ئەمەیە نموونەی ئەو، مۆدێلی ئەو، واتا لەگەڵ چۆنایەتی و خەسڵەتە تەواو دەرەکییەکانەوە دەستپێکردن… ئەو تەواو تەنها بوو؛ بەڕاستی هیچ هاوڕێیەکی هاوشانی نەبوو ئاسوودە و ئارامی بکات – و لەنێوان یەکێک و هیچێکدا، وەک هەمیشە لەنێوان شتێک و هیچێکدا، بێکۆتایی و ئەبەدییەتێک هەیە. ئەوەی هاوڕێی ڕاستەقینەی هەن، دەزانێت گۆشەگیری و تەنهاییی ڕاستەقینە چ مانایەکی هەیە، تەنانەت ئەگەر سەرجەمی جیهانی دەوروبەریشی بە دوژمن تەنرابێتن. ئاخ، دەتوانم تەواو وێنای ئەوە بکەم، ئێوە نازانن تەنهابوون چ مانایەکی هەیە. لە هەر شوێن و کاتێکدا کۆمەڵگە بەهێزەکان، حکوومەت و ئایینەکان، یاخود بیروباوەڕە باو و گشتییەکان هەبووبێتن، بە کورتی لە هەر شوێن و کاتێکدا هەر جۆرێکی ستەمکاری هەبووبێت، ڕقی لە فەیلەسووفی گۆشەگیر و تەنها بووە؛ چونکە فەلسەفە پەناگایەک بۆ مرۆڤ دەکاتەوە کە ستەمکاری ناتوانێت دزە بکاتە ناویەوە: ئەشکەوتی ناونشین، تولەڕێگەی سینە: و ئەمەش خەو لە چاوی ستەمکاران حەرام دەکات. لێرەوەیە تەنهایی و گۆشەگیری خۆی حەشار دەدات: بەڵام لێرەش گەورەترین مەترسی لە بەردەم تەنهاییدا هەیە…

ئەمە یەکەم مەترسیی ئەو سێبەرە بوو شۆپنهاوەر لێیەوە گەشەی کرد: گۆشەگیربوون (Vereinsamung). دووەم مەترسیی پێی دەگووترێت: بەدگومانبوون بەرانبەر حەقیقەت (Verzweiflung and der Wahrheit). ئەم مەترسییە بەرۆکی هەر بیرمەندێک دەگرێت کە بە ڕێگەی فەلسەفەی کانت-دا دەڕوات، ئەوەی لە مێشکدا دەچێنێت کە ئەو لە ئازاچەشتنیدا بەهێزتر و بەرجەستەبوونی سەرجەمی بوونی مرۆڤە و نەک ئەوەی تەنها بیرکەرەوەیەکی قاقالێدەر یان ئامێرێکی ژمێریاری بێت… بەڵام هەرکە کانت کاریگەرییەکی جەماوەری و گشتی تاقی دەکاتەوە، ئێمە دەبێت ڕەنگدانەوەی لەنێو فۆرمی گومانگەرایی و ڕێژەگەرایییەکی هەراسانکەر و تێکشکێنەردا ببینینەوە؛ و تەنها لەنێو چالاکترین و خانەدانترین ڕۆحەکاندا، کە هەرگیز بەرگەی گومانیان نەگرتووە، ئێوە لە شوێنیاندا ڕاپەڕین و بەدگومانیی بەرانبەر بە هەموو حەقیقەتەکان دەبیننەوە، کە بۆ نموونە هاینریش فۆن کلایست وەک کاریگەرییەکی فەلسەفەی کانت ئەزموونی کردبوو. جارێک بە شێوە جووڵێنەرەکەی خۆی نووسیویەتی: «بەم دوواییانە بە فەلسەفەی کانت ئاشنا بووم – و ئێستا دەبێت بیرۆکەیەکت لەگەڵ بەش بکەم کە تێیدا نابێت ترسم لەوە هەبێت چەندە منی بەقووڵی و ئازاربەخش هەژاند، هێندەش تۆ دەهەژێنێت. ئێمە ناتوانین بڕیار بدەین ئەوەی ئایا ئێمە پێی دەڵێین حەقیقەت بەڕاستی حەقیقەتە یان ئەوەی تەنها بەم جۆرە لای ئێمە دەردەکەوێت. ئەگەر دووەمیان ڕاست بێت، کەواتە ئەو حەقیقەتەی لێرەدا کۆی دەکەینەوە، دوای مردنمان هیچ شتێک نییە؛ و هەموو ئەو هەوڵ و پاڵنەرانەی بۆ گەیشتن بە خاوەنداربوون هەن کە تا ناو گۆڕ یاوەریمان دەکەن، پووچ و بێبەرهەمە. ئەگەر لوتکەی ئەم بیرۆکەیە دزە نەکاتە ناو دڵ و دەروونتەوە، بەو مرۆڤەی دیکە پێمەکەنە کە لە قووڵاییی ناوەوەی پیرۆزی خۆیدا هەست بە برینداربوون دەکات. تەنها ئامانجم، باڵاترین ئامانجم، نغرۆ بووە و هیچ ئامانجێکی دیکەم نەماوە». بەڵێ، کەی خەڵک دووبارە لەنێو شێوەیەکی وەهای کلایستیی-سروشتیدا هەستەکانیان بەگەڕ دەکەوێتەوە؟ کەی دووبارە فێر دەبنەوە بە «قووڵایییە پیرۆزەکان»یانەوە مانای فەلسەفەیەک هەڵبسەنگێنن و بپێون؟

blank
“مەزنایەتیی شۆپنهاوەر لەوەدا بوو ڕووبەڕووی وێنەی ژیان لە گشتێتیی خۆیدا بووەوە تا بتوانێت وەک گشتێکیش ڕاڤەی بکات” نیچە

بەڵام ئەمە تەنها پێویستە بۆ ئەوەی، دوای کانت، لەو شتە تێبگەین کە ئێستا شۆپنهاوەر دەتوانێت مانای بۆ ئێمە هەبێت. ئەو دەتوانێت ڕێنیشاندەرێک بێت بەرەو دەرەوەی ئەشکەوتی نائارامیی گومانگەرایی یان خۆبەدەستەوەدانی ڕەخنەیی بەرەو لوتکەی ڕوانگەیەکی تراژیدی ڕێنوێنییمان بکات، بەرەو ئاسمانی شەو بە ئەستێرە باڵکشاوە بێکۆتاکانی بەسەرمانەوە؛ و ئەو یەکەم کەس بوو ئەم ڕێچکەیەی گرت. مەزنایەتیی ئەو لەوەدا بوو ڕووبەڕووی وێنەی ژیان لە گشتێتیی خۆیدا بووەوە تا بتوانێت وەک گشتێکیش ڕاڤەی بکات، لە کاتێکدا بیرتیژترین مێشکەکان ناتوانن لەو هەڵەیە بەدەر بن کە کەسانێک هەن دەتوانن لە ڕاڤەکردنێکی وەها نزیک ببنەوە تەنها بە مەرجی ئەوەی بتوانن ڕاست و دروست ئەو ڕەنگانە تاقی بکەنەوە کە ئەم وێنەیەی پێ ڕەنگرێژ و نەخشێنراوە و ئەو کەرەستانە تاقی بکەنەوە لە پشتی دروستبوونی ئەم وێنەیەوە هەن…

لەوانەیە لەگەڵ ئەم دەرەنجامەدا بووبێت کە [ئەمە] کانڤاسێک بوو زۆر بە وریایییەوە چنرابوو و ڕەنگەکانی بە جۆرێک لەسەری پەرش کرابوون، لەڕووی کیمیایییەوە شایانی تێگەیشتن و لێکجیاکردنەوە نەبن. دەکرێت بگوترێت تەنها ئەو کەسەی تێگەیشتنێکی تیژ و قووڵی بۆ سەرجەمی وێنەی ژیان و بوون هەیە دەتوانێت زانستی تاکەکەس بەبێ ئازاردانی خۆی بەکار بهێنێت؛ چونکە بەبێ ئەم جۆرە وێنە گشتییە ڕێکخەرە، تەنها کۆمەڵە دەزوو و داوێکمان دەبێت سەریان ناچێتەوە سەر هیچ کوێیەک و تەنها ژیانمان زیاتر پەرتەوازە دەکەن و بە توولەڕێگاماندا دەبەن. مەزنێتیی شۆپنهاوەر، وەک گوتوومە، لێرەدایە: وەک چۆن هاملێت بەدووی تارمایی دەکەوێت، ئەویش بەدووی ڕەوتی ئەم وێنەیە دەکەوێت، بەبێ ئەوەی ڕێگە بەخۆی بدات سەری لێبشوێت، پێچەوانەی زانایان، و بەبێ ئەوەی ڕێگە بدات قاچی لە تەڵە و داوی فەلسەفەی قووتابخانەیی مەفهومی گیر ببێت، وەک ئەوەی بەسەر زۆربەی دیالەکتیکزانانی ڕامنەکراودا هات…

بەم جۆرەیە دەکرێت هەمیشە فەلسەفەی شۆپنهاوەری لە هەنگاوی یەکەمدا پێ ڕاڤە بکرێت: تاکگەرییانە، بە تەنها بوونی مرۆیی بۆ خودی خۆی، بۆ گەیشتن بە ڕوانین بۆ ناواخنی چارەڕەشی و پێداویستیی خۆی، بۆ نێو سنووردارێتیی خۆی… شۆپنهاوەر فێرمان دەکات جیاکاری لەنێوان پێشکەوتنە واقیعی و ڕواڵەتییەکانی بەختەوەریی مرۆییدا بکەین: چۆن نە دەوڵەمەندبوون، نە شانازی و شکۆ، نە زانابوون ناتوانن تاک لە هیوابڕاویی قووڵی خۆی لەسەر بێبەهایی بوونی خۆی دەربهێنن و چۆن هەوڵدان بۆ ئەم ئامانجانە تەنها دەتوانێت مانا لە ئامانجێکی باڵا و هەمیشە گۆڕاودا بەدەست بهێنێت: بۆ گەیشتن بە دەسەڵات تا یارمەتیی سروشت بدرێت و بڕێک هەڵە و درز و قڵیشەکانی ساڕێژ بکرێن. ڕاستییەکەی لە سەرەتادا، تەنها بۆ خودی خۆ؛ بەڵام دواجار لەڕێگەی خۆیەوە بۆ هەمووان. بە دڵنیایییەوە ئەمە هەوڵ و کۆششێکە کە بەقووڵی و لە دڵەوە بەرەو پاشەکشێ و پاشگەزبوونەوە و وازهێنانمان دەبات: لەپای چی و چۆن دەکرێت هێشتا لە تاکدا و بەگشتیش باشبوون ڕوو بدات؟

سەرچاوەی وەرگێڕان

Friedrich Nietzsche, Schopenhauer als Erzieher, in Die Geburt der Tragödie. Unzeitgemäße Betrachtungen I – IV. Nachgelassene Schriften 1870 – 1873, Kritische Studienausgabe, herausgegeben von Gorgio Colli und MazzinoMontinari, Walter de Gruyter Verlag, Berlin und New York, 1999.