بنیادی کاره‌کته‌ر و ئێستاتێکای گێڕانه‌وه‌ له‌ ڕۆمانی “که‌ناڵی مه‌یموونه‌ چه‌کداره‌کان”ی کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور

بەشی یەکەم (١-٢)

من خۆم وام، نازانم خەڵکی تریش، کاتێك بەرهەمێکی ئەدەبی، بە تایبەتی ڕۆمان دەخوێنمەوە، زیاتر بیر لە تەکنیکەکە دەکەمەوە تا لە بابەتەکە. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە، که بابەتەکه، هەرچی بێت، بۆ من گرنگ نییە یان‌ تەکنیک و بابەتەکە دوو شتی تەواو جیاوازن لە یەکتر، بەڵام ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت، بابەتەکان، هەر لە سەرەتای پەیدابوونی هونەری ڕۆمانەوە، نەک لەسەر ئاستی ئەدەبی کوردی، بەڵکوو لەسەر ئاستی ئەدەبی جیهانییشدا، بگرە هەر لە “دانیال دیفۆ”وە تا دەگاتە ڕۆماننووسەکانی ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی ململانێی نێوان بەرەی خێرخواز و بەرەی شەڕخوازدا بوونه. بۆیە، ئەوەی گرنگە، شێوازی گەیاندنی بابەتەکەیە بە خوێنەر و دواجاریش خوێنەر چۆن وەریان دەگرێت. بە واتایەکی تر، خوێنەر چاوەڕوان دەکات، ڕۆماننووس لە گۆشەنیگایەکی نوێ و لەژێر کاریگەرێتیی بیرکردنەوەیەکی بەهێز و بە بینینێکی قووڵتر له‌وه‌ی پێی ڕاهاتووه‌، شتەکانی بۆ بگوازێتەوە. ئیستاتیکای بەرهەمەکە لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوەی “جۆزێف کۆنراد” لە ڕۆمانی “دڵی تاریکی”دا، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٩٩ بە زنجیرە لە گۆڤاری “بلاک وود”دا بڵاو کرایەوە، باسی لێوە دەکات بۆ ئەو کاتەش شتێکی تازە نەبوو‌. “کۆنراد” باس لەو ئارەزووە سروشتییە دەکات، کە مرۆڤ سەبارەت بە خراپەخوازی هەیەتی. ئەم بابەتە پێش ئەویش ورووژێندراوە، بەڵام به‌رخوردکردنی “کۆنراد” لەگەڵ وردەکارییەکانی بابه‌ته‌که‌، بەتایبەتی لە ڕووی گێڕانەوەدا، شتێکی تازە بوو. مامەڵەکردنی “کاروان عومەر کاکەسوور” لەگەڵ بابەتی ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”دا هەمان گرنگی هەیە سەبارەت بە ڕۆمانی کوردی‌. ڕووداوەکانی ڕۆمانەکه لە دوای‌ هەرەسی حەفتا و پێنجەوه و سەرەتاکانی بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی “کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان”ەوە دەست پێ دەکەن. ڕۆماننووس بە وردی دیوەکانی ئەو تێکشکانە دەخوێنێتەوە، کە مرۆڤی کورد دووچاری بووە‌‌. ئەو تێکشکانەی لە مێژە ڕەگی لە ناخی مرۆڤەکاندا داکوتیوە. ئەگەرچی سەرە‌تای ڕووداوەکان لە دوای هەرەسی ساڵی ١٩٧٥ەوە دەست پێ دەکات، بەڵام (کاروان) دەیەوێ ئەوە پیشان بدات، کە کرۆکی ئەم هەرەسه لە پێش ئەمەوە بووە. هەرەسەکە لە بنچینەدا‌ هەرەسی کارەکتەری کورد بووە، ‌هەرەسی ئەو کۆمەڵگەیە بووە، کە مرۆڤی وەکوو “ماجید هەمزە قەڵاتێ” و “رەقە” و “سابیر پوولەکە” و مرۆڤی دەستەپاچەی وەکوو “ئامانج”ی بەرهەم هێناوه.

هه‌ڵبه‌ت تێکڕای ئەو تیۆر و تیۆریستانەی کاریان لەسەر ڕۆمان کردووە، زیاتر لایان بەلای شێوازی مامەڵەکردنی نووسەر لەگەڵ بابەتەکەیدا کردووەتەوە، وه‌لێ ئەوەی لەم ڕۆمانەدا ‌و لە بەرهەمەکانی تری (کاروان)دا هەستی پێ دەکرێت، تێکەڵکردنێکی چڕی بابەتەکەیە لەگەڵ تەکنیکە جیاوازەکاندا‌، بە تایبەتیش تەکنیکی گێڕانەوە، بۆیە ناکرێت‌ خوێنەر، بەبێ وردبوونەوە لە تەکنیکەکان،‌‌ لە بابەتەکە بگات. لەم چوارچێوەیەدا دەستپێکی ڕۆمانەکانی (کاروان) دوای ناونیشانەکانیان، چ لە ڕووی فۆرمەوە و چ لە ڕوانگەی ناوەڕۆکەوه، زیاتر لە ئاماژەیەک هە‌ڵدەگرن. ‌با بۆ ئەم مەبەستە دەستپێکی چەند ڕۆمانێکیی بخەینە ڕوو. ڕۆمانی “کەناڵی مەیمونە چەکدارەکا‌ن” بەم چەند ڕستەیە دەست پێ دەکات:

“لەمڕۆوە ئێوە دەتوانن وەکوو جاران هەر بە ناوە ڕاستەقینەکەی خۆمەوە بانگم بکەن… من کە ئیتر ڕێگەم ناکەوێتەوە ئەو شاخوداخه،‌ ناوی نهێنیم بۆ چییە… ئەو ناوەش هەر خۆتان لێتان نام… خۆ ئێوە بە هەر ناوێکی دیکەش بانگم بکەن، من هەر وەڵامتان نادەمەوە… ئەو دەمەم چۆن چەند ساڵە داخستووە و پێی نادوێم، هەر ئاوا دایدەخەم و نایکەمەوە… بەڵێ، من لەمڕۆوە مەیموونەکەی جارانم، کە لە قەراغی شار بە تەنەکەی ژەنگاوی‌ کووخێکم بۆ خۆم کردبوو…”

دەستپێکی ڕۆمانی “مامزێڕ” بەم شێوەیەیە:

“لە ڕێگە، کاتێ جەنگاوەرە ڕیشنەکان ڕووتوقووت بەسەر لمە داخبووەکەدا دەیانهێناین، لەناو سەرجەمی دیلەکاندا ته‌نیا چاوی منیان نەبەستبوو… ئێستایش، کە ئەوەتا شەکەت و ماندوو خراوینەتە ناو ئەم قەفەزە گەورانەی بەر هەتاوی چلەی ئەم هاوینە پڕووکێنەرەوە، ته‌نیا پرسیار لە من ناکەن… ئەگەرچی به ‌تەواوی لەم نهێنییە تێناگەم، بەڵام وای بۆ دەچم ئەوانیش زانیبێتیان من هەرگیز ناتوانم ڕووداوەکان وەکوو خۆیان بگێڕمەوە… هەمیشە کەسەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت… سنوورەکانی کات و شوێن دیار نامێنن… سیمای ئەفسانەیی بە خۆیانەوە دەگرن… لەو چیرۆکنووسە دەچم، کە لەپێناو خوڵقاندنی ئێتمۆسفێرێکی سەیردا، هیچ شتێک وەکوو خۆی ناگێڕێتەوە…”

ئەم چەند دێڕەی خوارەوەیش دەستپێکی ڕۆمانی “سوارەکان بە قاچاغ بووکیان گواستەوە”یە:

“له ‌سەری کۆڵانە تەسکەکە پێچ دەکەيتەوە…. دەستى کوڕێکى هەرزەکار توند توند يەخەت دەگرێت… لێزانانە و بەخێراييەکى سەير چەقۆى ناو دەستى ڕاستى دەخاتە سەر سنگت:

ـ هەرچييەکت پێيە، داينێ.

گيانت دەکەوێتە لەرزين… تازە هەتاو کەوتووە… کەس بەدەرەوە نييە… سەرنجە ترساوەکانى دەدەيتێ… تەمەنى لە شانزدە تێناپەڕێت… جلێکى پەڕپووتى پۆشيوە… بێگومان ماڵيان لەم گەڕەکە هەژارنشينەيە… هێزێکى بێوێنەى تێدايە… کوڕى ئەو گەڕەکانە توانايەکى گەورەيان لە شەڕدا هەيە… کەسيش نازانێت بۆچى گيانيان هێندە پتەو و بەهێزن …”

هەموو ئەم ڕۆمانانە لە لایەن کەسی یەکەمەوە دەگێڕدرێنەوە و دیالۆگ لەگەڵ کەسێک یان چەند کەسێکی به‌رامبه‌ردا دەکەن. دەشێت قسەکەر خۆی وێنای کەسەکە یان کەسەکان بکات وەکوو لە ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”دا دیارە. کەواتە گێڕانەوەکان‌ بە دیالۆگ دەست پێ دەکەن و دیالۆگیش بریتییە لە ئاخاوتن لەنێوان قسەکەر و گوێگرکه‌یدا. هه‌ڵبه‌ت مەنەلۆژیش هەمان کار دەکات، به‌ڵام، لێره‌دا، قسەکەر وێنای گوێگره‌که‌ی دەکات، ئینجا ئەگەر ئه‌و گوێگره‌ خۆی بێت یان کەسێک یانژی کۆمەڵە کەسێکی به‌رامبه‌ر.

گرنگیی ئەو ڕۆمانەی، کە بە دیالۆگ دەست پێ دەکەن لەوەدایه،‌ کە ڕۆمانەکە پێوەندیی نێوان کارەکتەرەکان زەق دەکاتەوه. خۆ ئەگەر دەستپێكه‌که‌ لە گەرمەی ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەدا‌‌ بێت، وەک لە‌م بەرهەمەدا دەردەکەوێت، ئەوا ڕۆماننووس مه‌به‌ستییه‌تی ئەو گریمانەیە بێنێتە پێشەوە، کە خوێنەر گرنگی بە کارەکتەر بدات. هه‌ندێك جار دیالۆگ باشترین ڕێگەیە بۆ دەستپێکردن‌ و بەرەوپێشبردنی خێرای ڕووداوەکان. کاتێ کارەکتەر لە ناوەڕاستی ڕووداوەکاندا بێت‌ یان کاتێ ڕۆماننووس بیەوێت هەندێک شتی گرنگ بێنێتە پێشەوە، دیالۆگ دەتوانێت خوێنەر بۆ ناو ئەو دەستپێکە ڕابکێشێت. (کاروان) چرکەساتێکی سەرنجڕاکێش و زۆر گرنگ ‌و پێوەندیدار بە پلان و نەخشەکاریی ڕووداوەکان دەکاتە دەستپێکی ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”. ئەوەی پێش ئەم چرکەساتە ڕوو دەدات، دواتر لە ڕۆمانەکەدا باسی لێوە دەکرێت.

به‌ هه‌ر حاڵ، گرنگیی سەرەتای هەر ڕۆمانێک، دواجار، بۆ ئەوەیە، تێکستە‌کە ببێتە جێگەی سەرنجی خوێنەر و بێزاری نەکات. دەکرێ دەستپێکی هەر ڕۆمانێك‌ بە گشتی ئەم خاڵانە لەخۆ بگرێت: سەرەتای ڕووداوێکی گرنگ، کە خوێنەر تووشی ڕامان بکات و پرسیاری لەلا بورووژێنێت، کارەکتەری سەرەکی و ئەو دەوروبەرەی تێیدا دەژی، داڕشتنی باری سەرنجی نووسەر‌، واتە کێ چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە و بۆ کێی دەگێڕێتەوه و چۆنی دەگێڕێتەوە‌، ئاماژەکردن بە بارگرژییەکی بە جۆش، کە ململانێی لێ بکەوێتەوە یاخود خوێنەر هەست بکات، نهێنییەکی لە پشتەوەیە، هەروەها دوورکەوتنەوە لە هەموو زیادەڕۆییەک. هەر وشەیەک، کە بۆ ئەم دەستپێکە هەڵیدەبژێرێت، دەبێ بەهایەکی تایبەتی هەبێت بۆ پێشکەوتنی ڕۆمانەکە‌.

بەرگی ڕۆمانی “کەباڵی مەیموونە چەکدارەکان” کاروان عومەر کاکەسوور، چاپی دووەم ٢٠٢٢، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم

ئەگەر لە چوارچێوەی ئەم دەستپێکی وه‌ها لە ڕۆمانەکانی (کاروان)‌ ورد ببینەوە، هەموو ئەو خاڵانەیان تێدا دەدۆزینەوە‌، کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کردن و بۆ هەر ڕۆمانێکی سەرکەوتوو گرنگن. نووسەر لە هەر یەک لەم ڕۆمانانەدا ڕووداوێکی گرنگ دەخاتە ڕوو. ئەوەی هەر لە سەرەتاوە و بگرە تا کۆتایی زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ڕۆمانەکه،‌ شوێن و پایەی چیرۆکخوانەکەیە: چیرۆکخوان کێیە؟ چیرۆکەکە بۆ کێ دەگێڕێتەوە؟ خوێنەر پێویستە هەر لە سەرەتاوە بە بەردەوامی بەدواداچوون بۆ ئەمە بکات بۆ ئەوەی ئاگاداری گۆڕانی چیرۆکخوان یاخود گوێگرەکەی بێت. ڕۆماننووس، دواتر هەموو بیرۆکەکانی لەسەر وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بونیات دەنێت. دەستپێک لە ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”دا، گیانی بەرەنگاربوونەی تێدایە. سەرەتای پیشاندانی ململانێیەکی پەردەپۆشکراوە‌، کە بەر لە دەستپێکردنی ڕۆمانەکە بوونی هەیە و لە چرکەساتی گێڕانەوە‌‌شدا بەردەوامە.‌ چیرۆکخوان ئاماژە بە پێوەندییەکی ناجێگیر و شلۆق دەکات لەنێوان خۆی وەکوو قسەکەر و هەروەها گوێگره‌که‌ی، کە به ڕاناوی‌ کەسی دووەمی “کۆ”یە. دەشێ ئەم کەسی دووەمی “کۆ”یه کۆمەڵێ کەس یان کۆمەڵێ هێزی ناو‌ کۆمەڵگە بن، کە خۆی وێنایان دەکات، هەروەک دوور نییە‌ چەند دێوەزمەیەکی ناخی خۆی بێت، کە ویست و ئیرادەیان زەوت کردووە. هەموو ئەمانە پرسیار دەورووژێنن. خوێنەر هەر لە سەرەتاوه چیرۆکخوانەکە وەکوو کارەکتەری‌ سەرەکی دەبینێت، کە ئەو هێز و دێوەزمانەی ئاماژەمان پێ کردن، تێکیان شکاندبێت و دەستەمۆیان کردبێت یان کەسایەتییەکەیان شێواندبێت، بۆیە ڕووی قسەکانی لەوان دەکات. تۆ بڵێی چەکەکەی دەستی “هۆ”یەک بێت بۆ ئەم تێکشاندنە؟ ئەگەرنا، ئەی بۆچی فڕێی دەدات؟ کارەکتەرەی قسەکەر لەم دەستپێکەدا مرۆڤێکە له ‌باوەشی سروشتی پان و بەرین و ئاسمانی کراوەدا ــ کە هێمایە بۆ پانتایییەکی فراوانی ئازادی ــ مافی ئەوەشی لێ زەوت کراوە، بە ئارەزووی خۆی ناوێک لە خۆی بنێت. بۆیە دەیەوێ‌ دووبارە، لە سەرەتاوە دەست پێ بکاتەوە و ببێتەوە‌ مەیمونەکەی جاران، بەڵام مەیمون نەک بە مانای ئەو گیاندارەی، کە لە فەرهەنگی هەموو کو‌لتوورەکاندا هەیه ‌و دەکرێت مرۆڤ بە ئاسانی ئاسوودەیی تێک بدات و دەستەمۆی بکات، بەڵکوو بەو مانایەی سەرەتای دەستپێکردنی ژیانە. ئەوسا خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات، ڕێچکەی ئەو کەناڵانە دەشکێنێت، کە هەوڵی تێکشکاندنی ناخیان داوە و دەدەن بۆ ئەوەی خۆی ناو له ‌خۆی بنێت. ململانێیەکەشی هەر بۆ یەکلاکردنەوەی ئەمەیە. دیارە ئەمەش ململانێیەکی ئەزەلییە، مرۆڤ لەپێناوی بووندا دەیکات. پرسیارێکی گرنگتر لە هەموو ئەمانەش ئەوەیە: بۆچی ئەم کارەکتەرە قسە بۆ خۆی دەکات؟ مەبەستم ئەوەیە، کە گوێگره‌که‌ی ته‌نیا لە ڕێگەی وێناکردنەوە ئامادەبوونی هەیە؟ هەموو ئەمانە دەستپێکی ڕۆمانەکە دەکەن بە دەستپێکێکی گرنگ و خوێنەر ناچار دەکات بخزێتە ناو ململانێکەوە. پێم وایە‌ ئەم دەستپێکە بە بەراورد لەگەڵ دەستپێکی ڕۆمانەکانی پێشتریی (کاروان)، بینینێکی قووڵتری تێدا بەرجەسته دەبێت‌.

له ‌نموونەی دووەمدا، واتە لە ڕۆمانی (مامزێر)دا، نووسەر کارەکتەرەکەی خستووەتە ناو هەلومەرجێکی نائاسایی و مەترسیدارەوە. کارەکتەرەکە بە شوێنەکە، واتە “لمە داخبووەکە” نامۆیە، هەروەها ئاوەڵناوی “ریشدار”، کە نووسەر “جەنگاوەرەکان”ی پێ وەسف دەکات لەگەڵ ئاوەڵفرمانی “رووتوقووت” کە شێوازی مامەڵەکردنی دیلەکانی پێ وەسف دەکرێت، کۆمەڵیک پرسیار دێننە پێشەوە، کە خوێنەر لە به‌رامبه‌ریاندا کاردانەوەی دەبێت. بیرمان نەچێت هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی بیرهاتنەوەدان‌. دیارە هەموو پرۆسەیەکی بیرهاتنەوە یان بیرکەوتنەوە خۆی له ‌خۆیدا ڕووداوە.

دەستپێکی ڕۆمانی “سوارەکان بە قاچاغ بووکیان گواستەوە”، کارەکتەرەکەی خستووەتە گەرمەی ڕووداوێکی مەترسیدارەوە، کە ڕەنگە کوشتنی لێ بکەوێتەوە. خوێنەر بە هەناسەگرتنەوە وێنای ڕووداوەکە و ململانێکە دەکات. لەمەش گرنگتر، ناونیشانەکە لە زەمەنی ڕابردووە بەو مانایەی کارەکە بڕاوه‌تەوه و خوێنەر لە به‌رامبه‌ر ئەمەدا پرسیارێکی سەرسووڕهێنەری وەکوو “چی؟”ی له ‌لا دروست دەبێت. خۆ دەشێت‌ بەو مانایەش بێت، کە سەرەڕای هەموو ڕێگرییەکان، بووکەکەیان هەر گواستەوە. بەهەرحاڵ ناونیشانەکە زیاتر لە ئاما‌ژەیەک لەخۆ دەگرێت. ئەمەیش کۆمەڵێک پرسیار بەدوای خۆیدا دێنێت.

blank
کاروان عومەر کاکەسوور. ڕۆماننووس

بێگومان کاتێک ناونیشان زیاتر لە ئاماژەیەک لەخۆ دەگرێت، دەبێتە جێگەی سەرنجی خوێنەر. دەشێت ناونیشانی کورت بۆ ڕۆمان باشتر بێت، چونکە مرۆڤ بە ئاسانی بیری دێتەوە، بەڵام هه‌ندێك جار ناونیشانی درێژ پێویستە، چونکە ڕێگەیەکی مەجازییە بۆ لێکدانەوەی سەرجەم ڕووداوەکان لە تێکستێکی کورتدا. ئەمە ڕێک لە ناونیشانی ئەم ڕۆمانەدا بەرجەستە دەبێت. “ولیەم گۆڵدینگ”(١٩١١-١٩٩٣) یەکەم ڕۆمانی به ‌ناوی “پاشای مێشەکان Lord of Flies ‌”ە، کە “پیتەر برووک” ساڵی ١٩٦٣ بۆ سینەما دەریهێنا و “هاری هووک”یش لە ساڵی ١٩٩٠دا. ناونیشانەکه ‌هەموو ڕۆمانەکەی تێدا کۆ بووەتەوە و لە بنچینەدا لەگەڵ وشەی “بیلزێبوب Beelzebub “، کە وشەیەکی عیبرییە و به ‌مانای شەیتان دێت، هاوواتایە. “گۆڵدینگ” وەک گوزارشتێک بۆ ئەو شەڕانگێزییەی، کە لە دەروونی مرۆڤدا هەیە ئەم ناونیشانه‌ی هەڵبژاردووە. ئەو منداڵانەی بەهۆی تێکشکانی فڕۆکەیەکەوە لە دوورگەکەدا دەمێننەوە بە مێش ئاماژەیان بۆ دەکرێت و”پاشا”کەشیان شەیتانە. “جۆن شتاینبێگ” یەکێک لە ڕۆمانەکانی ناو ناوە “مرواری The Pearl”. دیارە بەبێ دۆزینەوەی مرواری، کە کرۆکی ڕووداوەکانە، نە چیرۆکەکە بوونی دەبێت و نە ململانێی نێوان کارەکتەرەکانیش بەڕێوە دەچێت. دواجار “جۆرج ئۆروێڵ” لە هەڵبژاردنی ناونیشانی “١٩٨٤”دا ئەوە ڕادەگەیەنێت، کە، ئەگەر نموونەی تۆتالیتاری لە حوکمڕانیدا ڕیسوا نەکرێت و وازی لێ نەهێنرێت، ئەوا دونیا لە ساڵی ١٩٨٤ وەک ئەوه‌ی لێ دێت، کە ڕۆمانەکە باسی لێوە دەکات. گرنگیی ناونیشانی ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان” لەوەدایە، کە زیاتر لە واتایەک دەبە‌خشێت. ئەمەش باشترین پێوەرە بۆ ناونیشانی داهێنەرانە. لەسەر ئاستی میللیدا، مەیموون هێمای ناشیرینییە لە کو‌لتووری کوردیدا، بەڵام لە باری ئاساییدا گیاندارێکی هێمنه.‌ بە پشتبەستن بە تیۆری داروینیش هێمایە بۆ سەرەتای ژیان و هێشتا چەند قۆناغێکی ماوە، کە بیبڕێت بۆ ئەوەی ببێت بە مرۆڤ. بەهەرحاڵ، بەپێی ئاماژەکانی ئەم ناونیشانە، لە هەردوو حاڵەتدا شێوێندراوه. له ‌لایەک هێشتا قۆناغەکانی بە مرۆڤبوونی نەبڕیوە و له ‌لایەکی تریش، هێمنی و ئاسوودەیی تێکدراوه ‌سەبارەت بەو چەکەی، کە هەڵیگرتووه، ئەگەرنا بۆ دواتر فڕێی دەدات و ئاسەوارەکانیشی ناهێڵێت؟ بە کورتی ناونیشانەکە ڕەهەندێکی تراژیدیی لەخۆ گرتووە.

    ⚝    ⚝

“کاروان عومەر کاکەسوور” سەرەتا بە چیرۆکی کورت دەستی پێ کرد. بە هەردوو کۆمەڵەچیرۆکی ”سەدەی یەکەمی خەیاڵ” و “ئەسپیدیلۆن” زۆر خێرا سەرنجی خوێنەرانی بۆ خۆی ڕاکێشا، لەبارەی زمانیشەوە لە کەشوهەوایەکی شیعرئامێزی لەریکئاسا داڕێژرابوون. وەک ئەوەی نووسەر تازە دەستبەرداری نووسینی شیعر بووبێت، وا بوو. بۆیە خوێنەر هەر لەو چیرۆکانەوە‌ هەستی دەکرد (کاروان) بینین و سۆزێکی قووڵی هەیە و نزیکترین ژانری ئەدە‌بییش بۆ دەربڕینی ئەم بینینە لای ئەو چیرۆکی کورت بوو. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە، کە شیعر ناتوانێت بینینە قووڵەکان دەرببڕێت. شیعری کوردی لەم بارەیەوە بەرهەمی گەورە گەورەی لەخۆ گرتووە. بەهەرحاڵ، (کاروان) لە گشت چیرۆکە کورتەکانیدا هەوڵی ئەوەی داوە بەردەوامیی ژیان بخاتە ڕوو، سەرەڕای دیوە کێشەئامێزەکانی، زیاتر لەوەی ئەم بەردەوامێتییە دروست بکات. ڕەنگە ئەمە هەر بۆ ئەو وا نەبووبێت، بەڵکوو بۆ زۆربەی نووسەره‌کانی دونیاش، وەکوو “فۆکنەر” و “چیخەف” هەر وا بووه، بەڵام ئەوەی لە ڕۆمانەکانی (کاروان)دا هەستی پێ دەکرێت، دروستکردنی بەردەوامێتیی ژیانە، نەک هەر خستنەڕووی ئەم بەردەوامێتییە. بەپێی لۆژیک، کاتێ نووسەرێک بەم ڕووحییەتەوە ڕۆمان دەنووسێت، پێویستە پاشخانێکی فیکریی دەوڵەمەندی هەبێت. زانیارییەکانی (کاروان) دەربارەی فەلسەفە، مێژوو، سۆسیۆلۆجیا، سایکۆلۆژیا، کو‌لتوور و دواتر ده‌ربارەی باڵندە و ئاژەڵان و…. تاد، وەک لەم ڕۆمانە و لە ڕۆمانەکانی تردا تەوزیف کراون بەڵگەی ئەم پاشخانە دەوڵەمەندەن. مرۆڤ هەست دەکا نووسه‌ر ئاگاداری سەرجەم بارودۆخەکان یاخود هەلومەرجەکانی ژیانی ڕۆژانه ‌و ڕەوتی مێژووه له ‌دەرەوەی پرۆسێسی ڕۆماننووسیندا، بۆیە توانیویەتی لە کاتی تەوزیفکردنیاندا، لە کارلێکی نێوان هەموو ئەمانه ‌و ڕەگەزەکانی ڕۆماندا، لە پێشەوەشیان زەمەن و شوێن زۆر ورد بێت. هه‌ڵبه‌ت ئەم کارلێکە، دواجار، دەبێتە هەوێنی ڕووداوەکان و بەرەوپێشەوەبردنی کارە‌کتەرەکەشی بە شێوەیەکی زۆر ورد لێ دەکەوێتەوە، یان ڕوونتر بڵێین هەردووکیان بە شێوەیەکی هونەریی ڕێکوپێک به ‌یەکەوە گرێ دەدات بۆ ئەوەی ئەم بەردەوامێتییەی ژیان لە ڕۆمانەکە دروست‌ بکات. لە باری پراکتیکدا، ئاڵۆزترین خاڵ، که لەم حاڵەتەدا‌ ڕووبەڕووی هەر ڕۆماننووسێک دەبێتەوه ئەو کاتە دەردەکەوێت، کە کارەکتەرەکان بە ئاڕاستەی جیا جیا دروست دەکات. (کاروان) کارەکتەرەکانی بەم ئاڕاستە جیا جیایانە دروست دەکا، بێئەوەی هیچ درزێکی بێمانا لەناو دەقەکەدا بکه‌وێتە نێوان ڕەهەندەکانی زەمەن و شوێن. ئەم ئاڕاستە جیاجیایانەش، دواجار، هەر لە چوارچێوەی یەک بابەتن و خوێنەر خۆی دەبێ جومگەکانی به ‌یەکتر ببەستێتەوە. ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی، کە نووسەر زۆر بە وردی کاری لەسەر دەکات.

بەر لەوەی مرۆڤ بچێتە بنجوبناوانی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانەوە، پێویستە ئەوە له‌بەرچاو بگرێت، کە کاریگەرترین کارەکتەر ئەو کارەکتەرەیە، بەردەوام واقیع دەخاتە ژێر پرسیارەوە بەو مەبەستەی، هەرەس بە دیواره ڕووکەشەکان بێنێت. کەواتە، چیرۆکی “ئامانجی ماجید قەڵاتێ” و (سۆزانی مام ئەنوەر باخەوان) و (ئازادی هەمین مامان)، لە ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”دا، دواجار لە چوارچێوەی هەمان بابەتن و ئەو ململانێ ئەزەلییە بەڕێوە دەبەن، کە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد.

خوێنەر زۆر بەدەگمەن هەست بە کارەکتەرێکی پاسیڤ دەکات لە بەرهەمەکانی (کاروان)، تەنانەت ئەگەر ئەو کارەکتەرە ناحەزیش  بێت

بێگومان دروستکردنی کارەکتەرەکان بە ئاڕاستەی جیاجیا‌ زیاتر لە ڕێگەی ئەکتیڤکردنیانەوه دێت بە پلەی جیاجیا یان خستنە‌ڕووی هۆکارەکانی ئەکتیڤنەبوون، کە خوێنەر زیاتر لە ڕێگەی هەڵسوکەوتەکانەوە هەستی پێ دەکات. نووسەر، نەک هەر لە ڕۆمانەکانیدا، بەڵکوو لە چیرۆکە کورتەکانیشیدا بەردەوام ئەم حاڵەتەی له بەرچاو گرتووه، بۆیە خوێنەر زۆر بەدەگمەن هەست بە کارەکتەرێکی پاسیڤ دەکات لە بەرهەمەکانی (کاروان)، تەنانەت ئەگەر ئەو کارەکتەرە ناحەزیش (antagonist) بێت واتە پێچەوانەی ئاڕاستەی کارەکتەرە‌ سەرە‌کییەکە بێت. لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە ڕاستییەک بکەم بە تایبەتی سەبارەت بە کارەکتەری دژ لای (کاروان). دیارە مەرج نییە کارەکتەری دژ لە شێوەی مرۆڤێکدا بێت، کە هەناسە بدات، بجووڵێت، ڕا بکات، دەست بوەشێنێت… تاد. دەشێ بەر لە هەموو شتێک لە هێزێکی نادیاردا بەرجەستە بێت یان کۆمەڵێ هێز بن لە ناخی کارەکتەرێکدا لە به‌رامبه‌ر ویست و ئامانجەکانیدا‌ ئاڕاستەیەکی پێچەوانەیان وەرگرتبێت، بۆیە هەتا ڕووبەڕوونەوەکە لە ناوەوە یەکلا نەبێتەوە، مەحاڵە لە دیوی دەرەوە ڕەنگ بداتەوە. ‌کارەکتەری ”ئامانج” لە سەرەتای کەناڵی یەکەمی ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”دا ـ دیارە ئەمە سەرەتای ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە نییە ـ لە حاڵەتی گۆڕاندایە لە کارەکتەرێکی پاسیڤەوە بۆ کارەکتەرێکی ئەکتیڤ، کە بڕیارێکی گرنگ دەدات و تێیدا بانگەشەی ڕووبەڕووبوونەوە دەکات لەگەڵ ئەو هێزانەی، کە ویست و ئیرادەیان دەستەمۆ کردووە یان چوارچێوەیەکی دیاریکراویان بۆ بینینەکانی داڕشتووە. شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەکه لەو چرکەساتەوە دەست پێ دەکات، کە چە‌کەکەی فڕێ دەدات. پێشتر هەموو بینینی ”ئامانج” بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکە لەم چوارچێوەیەدا داڕێژرابوو یان ڕاستتر بڵێین بۆیان داڕشتبوو. ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمجارە ته‌نیا لە ڕێگەی فرێدانی چەکەکەیەوه نییە، کە “هیچ کاتێک [دای] نەدەنا… شەوانەش پێوەی [دەنووست]… باوەڕ[ی] نەدەکرد [بتوانێت] دەستبەردار[ی] بێت” یان باشتر بڵێین ته‌نیا لە ڕێگەی گۆڕینەوەی نییە “بە کراسێک و پانتەڵۆنێکی جینز لەگەڵ یەکێک لە قاچاغچییەکانی ئەو ‘سنوورە’!”‌،

یان سڕینەوەی شوێنەوارەکەی بەسەر‌ هەموو جەستەکەیەوە:

“ئێستا دوای ئەوەی جوان جوان شان و کەمەر و سمتتم شێلاوە، شوێنەواری قایشی تفەنگ و ڕەخت بەسەر گیانتەوە نەماوە”

بەڵکوو لە ڕێگەی پێداچوونەوەیەکی ورد و بێپێچ و پەنایە بە هۆکارەکان، کە ڕۆژگارەکان لە دەروونیدا کەڵەکەی کردوون. ئەمە پرۆسه‌یەکە لە هزری هەموو چیرۆکخوانەکاندا بەڕێوەدەچێت.

ئەگەرچی سەرەتای ڕووداوەکانی ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان” لە کەناڵی یەکەمەوە دەست پێ ناکات و نووسەر لە ڕوانگەی ئیستاتیکای تەکنیکەوه کەناڵەکانی‌ پاش و پێش کردوون، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوە‌کەی ”ئامانج” لەگەڵ ئەو هێزانەی، کە ویستیان لێ زەوت کردووە، لانی کەم بۆ ئێمەی خوێنەر،‌ سەرەتای گۆڕانێکی گەورەیە لە کارەکتەر و بینینیدا. ”ئامانج” دوای ئەمە لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ زەمەنە دوورەکان به‌دوای هۆکارەکانی ئەم تێکشکانەی خۆیدا‌ دەگه‌ڕێت. پێش ئەمە،‌ وەکوو خۆی ئاماژەی پێ دەکات، کەسێکی “ترسنۆک” و “شەرمن” بووە. هەر بۆیەش بە ئاسانی دەستەمۆ کراوە: “ترسێک سەرتاپای گیانی داگرتم… شەرمێکی قورس بە دوایەوە” یان کە دەڵێ “بە ترس و شەرمێکی زیاترە‌وە لە ژنەکانی دیکەم دەڕوانی… تا دەهات ترسەکەم زیادی دەکرد و شەرمەکەم قورستر دەبوو”.

ترس و شەرم پێکهاتەی سەرەکیی ئەم کارەکتەرەن‌، بەڵام کاتێ جورئەت و بوێریی گێڕانەوەی ”ئامانج”مان بۆ دەردەکەوێت وەکوو چیرۆکخوان، ئەو کاتە‌ دەزانین چ ترسێکی ئەستوور و شەرمێکی ناخکوژی شکاندووە. ڕۆماننووسی بە ڕەگەز هیندی “سەلمان ڕوشدی” بە چڕی کاری لەسەر ئەم ترس و شەرمەی کارەکتەری هیندی کردووە بەتایبەتی لە ڕۆمانی “شەرم”دا. زۆرجاریش ڕایگەیاندووە، کە ترس و شەرم کۆمەڵگەی هیندییان کوشتووە. کارەکتەرەکانی (کاروان) لەم ڕۆمانەدا، له‌ چوارچێوه‌ی ئیستاتیکییەوە هەمان ئەو کارە ئەنجام دەدەن سەبارەت بە کۆمەڵگەی کوردەواری. دیارە ئەم بینینە لای “شێرزاد حەسەن”یش بە زەقی بەرچاو دەکەوێت، بەڵام بە جیاوازیی پێکهاتەی کارەکتەرەکان له ‌ڕووی شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا. بەهەرحاڵ، ئەو ترس و شەرمەی ناخی ”ئامانج”، کە هۆکاری ڕاستەقینەی تێکشکانی کارەکتەرەکەیەتی پاشخانێکی قووڵی لە دروستکردنی کەسایەتیی ئەودا هەیە. ئەو خەونە ترسناکەی، کە “هەتاو” لە کەناڵی سێیەمدا بۆ ”ئامانج”ی دەگێڕێتەوە، کاتێ دەڵێت “چەند پیاوێکی دەمامکدراو لە شەوێکی ئەموستەچاودا بە سواری فیلی زل زل کۆمەڵێک ژنیان پێ بووە… تاد”، هەروەها بینینی تارماییی باوکی هەر دوای گێڕانەوەی خەونەکەی “هەتاو”، بەدەر لە هەر ئاماژەیەکی تر، لەگەڵ ترسەکه‌ی ”ئامانج”دا هاوتەریبن.‌ لێکترازانی خێزانەکەی ”ئامانج” خۆی لە خۆیدا خاڵێکی نەخوازراوە سەبارەت بە کەسایەتیی ئەو. بۆیە لە کاتی گێڕانەوەدا حاڵەتە سایکۆلۆژییەکان و وڕێنەکانی ئەو کاتیشی بە وردی تێکەڵ بە گێڕانەوەکە دەکات وەک ئەوه‌ی لە گێڕانەوەی خەونە ترسئامێزەکەی پێش ڕووداوەکەی گۆڕستان، کە (جاویدی شێخ موعتەسەم)ی تێدا کوژرا، پیشانی دەدات، ئەگەرچی گێڕانەوەی وردەکارییەکان بەم شێوەیە ئەوپەڕی جورئەت دەردەخات:

“ئەوسا هەستت کرد دەنگت گۆڕاوە و وەکوو هیی مەیموونەکانی لێ هاتووە… یان تۆ بڵێ مەیموونێک چووەتە ناختەوە و لەجیاتی تۆ دەدوێت… لەمەوە زیاتر تۆقییت… نەتدەویست یەک وشەی دیکە بڵێیت… لە دوورەوە پەنجەرەیەکی ڕووناکت بینی و هەر بەم ترسەوە بەرەو ئەوێ چوویت… لە ژوورەوە دایکت لەگەڵ پیاوێکدا بە ڕووتی ڕایاندەبوارد …”.

سەبارەت بە هەموو ئەمانەوەیە، کە ”ئامانج” پێشتر لە حەقیقەتی ڕووداوەکانی دەوروبەری و لە هەڵوێستی ڕاستەقینەی خۆی به‌رامبه‌ریان هیچی نەزانیوە. ئەگەر زانیبێتیشی ترس و شەرمەکە بەڕادەیەک گەورە بوونە، کە نەیانهێشتووە‌ دەریانبڕێت. ئەم حەقیقەتەش‌ لە ئاماژەکردنەکانی بە “نازانم”، “نەمدەزانی”، “وا بزانم”دا دەردەکەوێت. لە ڕووی تەکنیکیشەوە، دەشێت ئەم “نازانم”انە پانتایییەک بە خوێنەر بدەن بۆ بیرکردنەوە و ڕاستگۆییی چیرۆکخوان باشتر بخەنە بەرچاو. بۆیە، “فڕێدانی” چەکەکە نابێتە ڕەتکردنەوەی ڕۆحی شۆڕشگێڕی، بەڵکوو سەرەتایەکە بۆ شۆڕشگێڕی لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دێوەزمەکانی ناخی خۆیدا. بە مانایەکی تر ”ئامانج”ی کوڕی (ست ڕووناک)ی ناسک و (ماجید هەمزە قەڵاتێ)ی ئەفسەری گەورە و شەڕانی، لەوە تێدەگات، کە ئەوەی پێویستە شەڕی لەگەڵدا بکات ناخی خۆیەتی، نەوەک هێزە دەرەکییەکان. ئەمەیش هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی ڕووبەرێکی فراوانتر و بیرۆکەیەکی قووڵتر بۆ شۆڕشگێڕی، بۆ بینینی ئەو جوانییانەی، کە شاراوەن یان لێیان شاردووەتەوە‌ و دواجار دەبن بە ڕەتکردنەوەی ئەو تێکشکاندنە‌ی‌‌، کە ئاماژەم پێی دا، لە دەروونی خۆیدا. لە سەرێکی ترەوە، چیرۆکخوانەکان هەر لە سەرەتاوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی هەندێک وشە و دەستەواژەی ئاماژەهەڵگر و چیڕۆکەکانی ناو دونیا دروستکراوەکانیانەوە، دۆخی دەوروبەر وەکوو دۆخێکی چەقبەستوو و نەگۆڕ دەخەنە‌ بەرچاو. دیارە مەبەستی نووسەر لەمەدا ئەوەیە، کە لە لایەک دیوی دەرەوە و ناخی چیرۆکخوانەکان هاوتا بکات و لە لایەکی تریشەوە ئەو دۆخە چەقبەستووە، کە چیرۆکخوان بە هەندێ وێنەی ئاماژەهەڵگر پیشانی دەدات، وەکوو وێنەی “کورتەک و شەرواڵە چڵکنەکە” لە کەناڵی یەکەم، هەروەها ئاماژەکردن بە کراسەکه‌ی ”ئامانج”، کە “بە بزمارێکی قەد دیواره پەڕپووتەکەوه[ی]‌ هەڵدەواسی” و تەنانەت گوندەکەیش، کە دەڵێت:

“سەیرێکی ناو گوندەکەم کرد، کەسی دیکەم بەرچاو نەکەوت… تەنانەت باڵندەیەک، پشیلەیەک، سەگێکم نەدەبینی… نە دەنگ و نە ڕەنگی هیچ زیندەوەرێک… بە کورتی هەموو شتێک سەیر و ترسناک دەهاتە بەرچاوم”.

 لەگەڵ چه‌ندان وێنەی تریش، که ڕەنگدانەوەی دۆخێکی ترسئامێزن و لەگەڵ تێکشکانی ناخی “ئامانج”دا هاوتەریبن. هەتا “ئامانج” زیاتر لە هۆکارەکانی ئەم تێکشکان و دەستەمۆبوونە قووڵ بێتەوە، تەکنیکی جوانتر لە گێڕانەوەکەدا بەرجەستە دەبێت، بۆ نموونە، لە کەناڵی سێیەم ”ئامانج” بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵیی بۆ خۆی دەگێڕێتەوە:

“شەوانی منداڵی کاتێک بە تەنیا لە‌سەر تەختی نووستنە‌کە‌ت پاڵ دە‌کە‌وتیت، خەیاڵی ترسناکت دە‌کرد… کە‌سانی سەیروسەمەرە، کە‌ شێوەی خورافییان هەبوو، خۆیان و گیانە‌وەرە زەبە‌لاحەکانیان لە‌ شوێنێکی وەکوو ئەم حەمامەوە‌ دەهاتن، چەندین گۆڕستان و کە‌لاوەیان دە‌بڕی و دە‌گەیشتنە‌ ناو باخ، حەوشە و ژوورەکانتان‌… هەستت دە‌کرد کۆمەڵێک لە‌و پیاوە دە‌مامکدراوانە‌ وا لە‌مدیو لە‌سەر دایکت پاڵ کە‌وتوون …”

هەر لە هەمان کەناڵدا ئەمە دەگێڕێتەوە:

“بەهاری حەفتاوچوار بۆ یەکەمجار ئەو شەقاوەیەت لەو دەشتەی سەر ڕێگەی قوتابخانە بینی… دوو قاچی دواوەی پشیلەیەکی زیندووی بە زنجیری ئەستوور بە قەنارەیەکەوە شۆڕ کردبووەوه، کە ئاگری کۆتەرەدارەکانی ژێری پەیتا پەیتا دەیبرژاند…”

“ئامانج”ی چیرۆکخوان لە دونیا دروستکراوەکەیدا لە چوارچێوەی گێڕانەوەدا، چه‌ندان چیرۆک و شتی سەیر و سامناکی ترمان بۆ دەگێڕێتەوه دەربارەری شەڕەسەگی قەراغ شار و شەڕەگوللە و قرتاندنی کلکی مارمیلکە و ترس و نیگەرانی سەبارەت بە هەر کارەساتێکی چاوەڕوانکراو و دووفاقیی دایکی و….. تاد. چیرۆکەکان بە ڕادەیەک مەترسیدارن، کە خۆیشی سەری لێ شێواوە و گومان لە ڕاستێتیی هەندێکیان دەکات وەک چیرۆکی ئەو پیاوەی، کە سه‌باره‌ت به‌ دڵپیسییه‌وه‌ هاوسەره‌که‌ی جێ دەهێڵێت، بۆیە بە خۆی دەڵێت: “رەنگە هەر خۆت ئەو چیرۆکەت هەڵبەستبێت بەوەی تۆ هەمیشە سەرچاوەیەک بوویت بۆ بیرۆکەی سەیروسەمەرە”‌. مانەوەی ئەو هەموو دیمەن و چیرۆکە ترسناکانە لە هزر و یادەوەریی ”ئامانج”دا خۆی لە خۆیدا تێکشکانی ناخیەتی تا ئەو چرکەساتەی ددان بە ترسنۆکی و دەستەپاچەیی خۆیدا دەنێت. ئەم ددانپێدانانە خاڵی وەرچەرخانە لە بیرۆکەی گشتیی ڕۆمانەکەدا، چونکە بەم ددانپێدانانەیە، کە ”ئامانج” دوور لە خواستی خۆی دەبێته یەکەم کەسی یاخی دوای هەرەس، لە کاتێکدا تەمەنی تەنیا سیانزدە ساڵە!

یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکان سەبارەت بە کارەکتەر پێشکەشکردنیەتی بۆ جاری یەکەم. کارەکتەری ”ئاواز”، کە یەکێکە لە کارەکتەرە مشتومڕئامێزەکان، چیرۆکخوان لە ڕێگەی بینینی کچێکی لادێییەوە پێشکەشی دەکات کاتێ دیمەنی یەکێک لە کچه لادێییەکان وێنەیەکی تر لە نەستی چیرۆکخوانەکە، واتە ”ئامانج”، دێنێتە پێشەوە. دیارە بە یەکبەستنەوەی ئەم دیمەنە لەگەڵ وێنەی ”ئاواز”، بەپێی لۆژیکی سایکۆڵۆژیا، لە ڕێگەی بوونی خەسڵەتێکی هاوبەشەوە لەنێوان هەردووکیاندا‌ دێت، کە دواجار لە تەکنیکێکی وردی گێڕانەوەدا بەرجەستە دەبێت و تێیدا چیرۆکخوان دەگەڕێتەوە بۆ زەمەنێکی زۆر پێشتر:

“ئەمە زیاتر دەیخستمە سەر ئەو باوەڕەی من پێشتر دیمەنێکی ئاوام لە خەون، یان لە ڕاستیدا بینیوە… دەتوانم بڵێم هەر ئەمەش بوو وای لێ کردم، کە بۆ ساتێک یەکێک لە کچەکانم لێ ببێتە ”ئاواز”… “

 خەسڵەتە هاوبەشەکە ئەو ڕەهەندە مێیینەیییەیە، کە لە خودی ناوی ”ئاواز”دا هەیە. ئەم ناوە لە زمانی کوردیدا زیاتر بۆ کچە، بۆیە چیرۆکخوان بە کچە لادێییەکەی دەبەستێتەوە وەکوو ڕەگەزێکی مێیینە. لە کاتێکدا ”ئاواز” لە ڕۆمانەکەدا مرۆڤێکی نێرە. خوێنەریش بۆ یەکەمجار سەری لێ دەشێوێت. کاروان لە ڕێگەی ئەم ناوەوە کار لەسەر کارەکتەری ژن دەکات وەکوو کارەکتەرێکی ئەکتیڤ، کە لە شۆڕشێکی بە ناوەڕۆک ڕەوای گەلەکەیدا چەکی هەڵگرتووە. بۆ ئەوەی ئەم کارکردنەی لەسەر ڕەگەزی مێیینە هێندەی تر کارا بکات، هەرچی خەسڵەتی مێیینە هەیە دەیخاتە پاڵ ”ئاواز”ی پیاو:

“بیرم کەوتەوە چۆن لە قۆنا‌‌غی سەرەتایی و ناوەندی ناومان نابوو “سامیە جەمال”، چونکە لەسەر شێوازی ئەو هونەرمەنده ناسراوە سەمای دەکرد…”

هەروەها نووسەر لە ڕێگەی ناوهێنانی تراکتۆرێکەوە، کە پێشمەرگەکانی بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکەوە دەگوازتەوه، بۆ یەکەمجار دەمانباتە ناو دونیا تراژیدییەکەی “دادە دلارام”‌، که‌ “تریفە”ی کچی، بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە تراکتۆرێکەوه، لۆرییەکەی دواوە دەیپلیشێنێتەوە.

بەهەرحاڵ‌، گێڕانەوە هونەرییە فەنتازیئامێزەکانی هەموو چیرۆکخوانەکان‌، گەڕانەوەیە بۆ واقیعی ناو کۆمەڵگە بە هەموو دیوە نیگەتیڤ و جوانەکانییەوە لە به‌رامبه‌ر واقیعی چرکەساتی گێڕانەوەکان بە جیاوازیی زەمەنەکانەوە. کێشەکان لە هەردوو حاڵەتدا لە زۆر ڕووەوە هاوتەریبن. ئەوەتا ”ئامانج”، خۆیشی دڵنیا نییە، کە ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ ناو شار ئاخۆ “[دەتوانێ] هەروەکوو جاران بە تەنەکەی ژەنگاوی کووخێک لە قەراغی شار پێکەوە[بنێت] ئەوەندەی [ژیانی] ماوە، لەناویدا [بیگوزەرێنێ]”، چونکە خۆی بەرهەمی ئەو واقیعەی ئەوێنده‌رە، کە هیچی کەمتر نییە لە واقیعی دیمەنە سیزیفئامێزەکە:

“من لەو شەوەوە زیاتر شتەکانم لێ دەبووە مەتەڵ… تێنەدەگەیشتم ئاخۆ من چەکدارم یان دەبێ بەردی گەورە گەورە بخەمە سەر شانم و بیانگوێزمەوە، بەبێ ئەوەی بزانم چ مەبەستێکیشم لەم کارەدا هەیە…”

لەگەڵ ئەوەشدا، “سەرۆ مەنجەنیق” دەیەوێ ئاڕاستەیەکی تر بۆ بەرد دابهێنێت جیا لەو ئاڕاستە سیزیفئامێزەی، کە لە سەرەوه ئاماژەمان پێ دا. بەرد لای “سەرۆ مەنجەنیق” دەبێتە سەرچاوەی “دەیان ئاوازی گۆرانیی کۆن و نوێ، هیی خەمناک و هیی هەڵپەڕکێ… بەردەوام ناو کۆڵەپشتەکەی پڕ بوو لە بەرد… مەنجەڵ و قاپ و کووپیشی لە بەرد داتاشیبوو”. ئەمە لە ڕووی هونەریی ڕۆمانەکەوە، ڕێک هاوتەریبە لەگەڵ ئاڕاستە جیاجیاکانی کارەکتەرەکان، کە ڕۆمانەکە بەردەوام لە ڕێگەی هەڵسوکەوت و چالاکییە هزرییەکانی چیرۆکخوانەکانەوە قووڵیان دەکاتەوە. بەرد لای “سەرۆ” نابێتە ئەو ئامرازە بێزارهێنە وەک لەلای سیزیفدا هەیە. ڕاستییەکەی ئەمە تەوزیفکردنی ئەفسانەی “سیزیف”ە بە دیوێکی پێچەوانەوە. نووسەر دوو واقیع بۆ بەرد دێنێتە پێشەوه، کە پێچەوانەی یەکترن‌، هەروەها لەم وێنانە و دواتر لە تەواوی ڕۆمانەکەدا کار لەسەر ئاڕاستە دژەکان دەکات. تەنانەت لە کارەکتەرەکان و شوێن و زەمەنە جیاجیاکانیش ئەم ئاڕاستە دژبەیەکانه ئامادەبوونیان هەر هەیە. بۆ نموونە “ئامانج” بە ئاڕاستەیەک کار دەکات ڕێک پێچەوانەی باوکیەتی و هەڵسوکەوتی “شێرزاد ناجی” وەکوو دواتر دەیبینین زۆر لە هیی “ئازادی هەمین مامان” جیاوازە. بەهەرحاڵ، جارێ با لە باسەکەی “ئامانج” لانەدەین. ڕاستییەکەی، کاتێ “ئامانج” بە قووڵی دەچێتە ناو ڕووداوەکانی ڕابردوو و لەوێشەوە تایبەتمەندێتییەکانی کارەکتەرەکان پیشان دەدات، بۆ ئەوەیە هۆکاری ڕاستەقینە بۆ بڕیارە‌کەی خۆی پیشان بدات. ئەو بڕیارەی، کە بیرێکی قووڵ و فەلسەفەیەکی قووڵتری لە پشتەوەیە. “ئامانج” لە شاخەوە ڕووی قسەکانی لە شار و لەو‌ کۆمەڵگەیه و لە دێوەزمەکانی ناخی خۆی‌ دەکات و بڕیارەکەی دەدات. هەموو ئەو کارەکتەرە لاوازانە ڕەت دەکاتەوە، کە دواتر خوێنەر ئاشنایان دەبێت. ئەم بڕیارەی “ئامانج” شکاندنی ئەو شەرم و ترسەیە، کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێ دان، لانی کەم بۆ خۆی.

blank
عەلی عوسمان یاقووب، وەرگێڕ و ڕەخنەگر

لە سەرێکی ترەوە، پێشکەشکردنی هەر کارەکتەرێک بۆ یەکەمجار، کۆمەڵێک پرسیار دەربارەی دەورووژێنێت و خوێنەریش هەر لە شێوازی پێشەکەشکردنەوەوە جۆرێک لە هاوسۆزی یان هەڵوێستێکی نەگەتیڤانە لە به‌رامبه‌ریدا پیشان دەدات، وەک لە کارەکتەری باوکی “ئامــــانج” و “فەرەیدوون”ی برایدا دەردەکەوێت. “باوکی ئامانج” هەر لە سەرەتاوە وەکوو کارەکتەرێکی توندوتیژ دەردەکەوێت، کە ڕۆژێ لە ڕۆژان “برا بچووکەکەی خۆی بە گوللە ڕاو نا”وه و بەر لەمەیش، ئەو کاتە‌ی، کە ”ئامانج” تەمەنی‌ تەنیا پێنج ساڵ بوو، ئەم “‘پەروین’ی خوشکی و تاقە کوڕەکەی “خەجاوی کوببەفرۆش”ی لە نیوەشەوێکی پاییزی شەستوهەشتدا له ‌بەردەرگا لە خوێندا گەوزاندبوو”. ئەمە بەشێکە لە سەرچاوەی ترس و نیگەرانییەکانی “ئامانج”. بەڵام ڕێک بە پێچەوانەی باوکی “ئامانج”، خوێنەر لەگەڵ کارەکتەری “فەرەیدوون” هاوسۆز دەبێت، چونکە هەردەم ژیانی لە مەترسیدا بووە. ئەم مەترسییە لەگەڵ نیگەرانییەکانی ئێستای “ئامانج”دا هاوتەریبە. بەهەرحاڵ، ئەگەر هەڵوێستی خوێنەر نەگەتیڤ بێت به‌رامبه‌ر بە هەر کارەکتەرێک، دواجار، ورووژاندانی گومانێکی گەورەیە به‌رامبه‌ر بە کۆمەڵگە، نەک به‌رامبه‌ر بە خودی کارەکتەرەکە وەکوو تاک، چونکە ئەوە کۆمەڵگەیە، کە هەڵسوکەوتی کارەکتەرەکانی هێناوەتە بەرهەم.

هەموو ئەو کارەکتەرانەی، کە ئەم ڕۆمانە لە خۆیانی دەگرێت، کارەکتەری ڕاسته‌قینه‌ن، نەک بەو مانایەی خوێنەر لە دونیای واقیعدا دەیانناسێتەوه ‌و ئاماژەیان بۆ دەکات، بەڵکوو بەو مانایەی ددان بە بوونی ئەم جۆرە کارەکتەرانەدا‌‌ دەنێت. ڕاستە نووسەر خۆی دروستی کردوون، ئاگاداری هەڵسوکەوت و شێوازی بیرکردنەوەیانە، دەزانێ چییان بەسەر دێت و چییان بەسەر نایەت، چی دەکەن و چی ناکەن. ئه‌وه‌ش ڕاستە، کە فڵان کارەکتەر جۆرێک لە هاوسۆزی دەوورووژێنێت، وەکوو لە کارەکتەری “ئامانج” و “سۆزان” و “فەرەیدوون”دا دەبینین، بەڵام (کاروان)، وەکوو ڕۆماننووس، بێلایەنیی خۆی لە ئاست هەموو ئەمانەدا‌ دەپارێزێت و ئەگەر هاوسۆزیش بێت لەگەڵ یەکێک یان دژی یەکێکیان بێت، هەوڵ دەدا ئەم هاوسۆزییە بە هیچ شێوەیەک لە ڕۆمانەکەدا‌ زەق نەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەکوو دواتر باسی لێوە دەکەین، دەشێ خوێنەر لە بەدواچووندا بۆ وردەکارییەکانی‌ هونەری گێڕانەوە لە ڕۆمانەکەدا، جۆرێک لە هاوسۆزیی نووسەر بدۆزێتەوە، کە بە شێوەیەکی هونەری لە ڕۆمانەکەدا بەرجەستەیە.

⚝⚝⚝

پرۆسەی داهێنان لە ئەدەبی ڕۆمان چه‌ندان دیوی هەیە. ڕۆماننووس دەتوانێت لە بچووکترین وردەکاریدا جۆرێک لە داهێنان ئەنجام بدات. یەکێک لەو وردەکارییانە لەوەدایە، کە وێنەی ناو مێشکی نووسەر بتوانێت وێنەیەکی جیاواز دروست بکات. ئەمەیش، دواجار، مانای گواستنەوه‌ی پرۆسەکەیە لە گۆشەنیگای نووسەرەکەوە بۆ کارەکتەرێکی بەئاگا و هۆشیار. ئەم حاڵەتە لە زۆربەی ڕۆمانەکانی (کاروان)دا بەرچاو دەکەوێت، بەو مەبەستەی زمان و کارەکتەر، هەروەها هەلومەرجی ڕووداوەکەش سەربەستییان پێ بدرێت. “ئامانج” و “ئازادی هەمین مامان” و “سۆزان”، وەکوو چیرۆکخوان سەربەستییەکی تەواویان هەیە لە گێڕانەوەدا‌، نەک هەر لەبەر ئەوەی هیچ کەسێکیان لە به‌رامبه‌ردا نییە تا خەسڵەتێکی تەمومژاوی ببەخشنە‌ گێڕانەوەکەیان، بەڵکوو لەبەر ئەوەی نووسەر دەست ناخاتە ناو کاروباریانەوە. لەگەڵ ئه‌وه‌شدا، کاتێك مرۆڤ لە مەسەلەی گێڕانەوە قووڵ دەبێتەوە، هاوسۆزیبوون یان هاوسۆزینەبوون دەبێتە مەسەلەیەکی مشتومڕئامێز و هیی ئەوەیە خوێنەر لەسەری بوەستێت، چونکە نووسەر، وەکوو چیرۆکخوان، ته‌نیا لە شێوازی گێڕانەوەکەی خۆی، نەک لە ناوەرۆکەکەیدا، دەست دەخاتە کاروباری چیرۆکخوانەکانەوە‌، بۆیە خوێنەر جاروبار لە میانی ڕستەکاندا هەست بە ئامادەبوونی نووسەر دەکات وەکوو چیرۆکخوان. ئەمەیش مەسەلەیەکە دواتر باسی لێوە دەکەین. “ئامانج” لە کەناڵی یەکەمدا ڕوو لە کۆمەڵگە یان دێوەزمەکانی ناخی خۆی دەکات. بۆیە، ڕاناوی کەسی دووەم، واتە گوێگر، ڕاناوی کۆیە. دواتر ئەم ڕاناوە نامێنێت و گێڕانەوەکە ڕەوتێکی ئاسایی نێوان چیرۆکخوان و خوێنەر وەردەگرێت. دوای نزیکەی بیست لاپەڕە، چیرۆکخوان دوو کەسایەتیی تێدا بەرجەستە دەبێت: قسەکەر و گوێگر. گوێگریش هەر خۆیەتی، واتە چیرۆکخوان قسەکان بۆ خۆی دەگێڕێتەوە:

“زۆر جار بە خۆمم گوتووە خۆزگە بە قسەی “شۆڕش”ت دەکرد و […] هەرگیز ئەوەت بیر ناچێتەوه، کە تازە هاتبوو، جلەکانی دایکتی لەبەر دەکرد… “‌

‌ئەم حاڵەتە تا کۆتاییی کەناڵی یەکەم و لە کەناڵی سێیەمیشدا، کە چیرۆکخوان هەر ”ئامانج”ە، بەردەوام دەبێت. جێگەی ئاماژەپێدانە، کە هەریەک لە (ئازادی هەمین مامان) و (سۆزانی مام ئەنوەر باخەوان) وەکوو چیرۆکخوان شتەکان بۆ خۆیان دەگێڕنەوە. (ئازادی هەمین مامان)ی چیرۆکنووس، وەکوو چیرۆکخوانی کەناڵی دووەم، سەرەتا له‌ “دیدگای دەرەوە”، واتە وەکوو کەسێکی دەرەوەی ڕۆمانەکە، قسە دەکات. ئینجا قسەکانی ئاڕاستەی “ع. نەزەری” ناوێک دەکات، کە خوێنەر بۆ یەکەمجار پێی ئاشنا دەبێت. دوای ئەمە چیرۆکخوان شتەکان بۆ خۆی دەگێڕێتەوە، ڕێک وەک لە کەناڵی یەکەم لەگەڵ ”ئامانج” ڕووی دا:

کاتێک دەڵێم تۆ بە منداڵی بەو تەکنیکانە ئاشنا دەبیت، ئەوە ڕێک مەبەستم ئەو شەوانەیە، کە لێفەکەت لە نووکی پەنجەکانی پێتەوە هەتا تەوقی سەرتی داپۆشیوە… خۆت گرمۆڵە کردووە و بە ئەنقەست بیر لە ڕووداوی ترسناک دەکەیتەوە…

یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم کارەکتەرە سووربوونە لەسەر ئەوەی ناوی دایکی خۆی “هەمین مامان” بکاتە پاشگری ناوی خۆی سەرەڕای ئەوەی، کە “ڕەشاد کارەباچی”ی باوکی، بەر لەوەی هەر بە کارەبا بمرێت، کارەبای بۆ هەموو شار ڕاکێشابوو. دیارە ئەمەیش بایەخدانە بە پێگەی ژن له ‌لایەکەوە و لە لایەکی تریش “ئازاد” هەر لە ڕێگەی پیشەکەی دایکییەوە، واتە مامانییەوە، لەپاڵ ئەوەی، کە کارگوزاریش بووە لە قوتابخانەکەی دایکی “ئامانج” دەچێتە ناو ڕووداوەکانەوە. ئەمە یەکەم ئەلقەی بەیەکبەستنەوەی کەناڵی یەکەم و دووەمە ـ هەڵبەت ڕووداوەکانی کەناڵی دوووەم بەر لە کەناڵی یەکەمە ـ کە دواجار بەیەکبەستنەوەی دوو قۆناغی جیایه و دەبێتە بنەما بۆ تەکنیکی ڕۆمانەکە وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێ دا.‌

 خوێنەر هەست دەکات، کە نووسەر ته‌نیا تۆمارکەری ڕووداوەکانە، نەک نووسەری چیرۆکەکه. هەڵبەت سەبارەت بەم تەکنیکەیە، خوێنەر‌ هەست دەکا‌ کارەکتەرەکان وەکوو وێنەیەکی هزری چنراون و بەرە بەرە پێش دەکەون بێئەوەی نووسەر تەنگەتاویان بکات. واتە بونیادی کارەکتەر، وەکوو دێتە بەرچاو، لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی نووسەر بەڕێوە دەچێت. دەشێت خوێنەر هەست بەوە بکات، کە کارەکتەرەکە دەیەوێت ببێت بە‌ وێنەیەکی دەقاودەقی نووسەر خۆی، سەبارەت بەوەی نووسەر خۆی دەئاخنێتە گێڕانەوەکە، بەڵام دیارە ڕۆماننووس‌ هەست بەم شتە دەکات، بۆیە زوو بەرزەفتی دەکات. لەگەڵ ئه‌وه‌شدا، ئێش و ئازاری کارەکتەرەکان د‌ەبینێت و وەکوو ئەوان هەستیان پێ دەکات. ڕەنگە لێرەدا پرسیارێک خۆی قووت بکاتەوە: ئایا نووسەر هەر لە سەرەتاوە دەزانێت کۆتاییی کارەکتەرەکانی بە چی دەگەن؟ هەڵبەت ئەزموونی ڕۆماننووسانی دونیا ئەوه دەسەلمێنێت، کە نووسەر دەشێت وێنای چوارچێوەکەی بکات، بەڵام لە سەرەتاوە بە وردەکارییەکانی ئەم کۆتایییە نازانێت. ئەم حاڵەتەیش لە داڕشتنی کارەکتەرەکان و پێوەندییان بە ڕووداوەکانەوە ڕەنگ دەداتەوە.

داڕشتن و پێشخستنی کارەکتەر‌ دیوێکی گرنگە لە ڕۆمانەکانی (کاروان)‌. لەوەیش گرنگتر ئەکتیڤکردنی کارەکتە‌رەکەیە.

بێگومان داڕشتن و پێشخستنی کارەکتەر‌ دیوێکی گرنگە لە ڕۆمانەکانی (کاروان)‌. لەوەیش گرنگتر ئەکتیڤکردنی کارەکتە‌رەکەیە. کارەکتەری ئەکتیڤ، لای کاروان هەر ئەوه ‌نییە بزاوت و جووڵەی جەستەیی زۆر بێت، بەڵکوو پرۆسێسی بیرکردنەوە و ڕامان و ڕێکخستنی ڕووداوەکان لە هزری کارەکتەر ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئەم ئەکتیڤبوونەیە وەکوو لە کارەکتەری “ئامانج” و “ئازادی هەمین مامان” و “سۆزان”دا بە ڕوونی دەردەکەوێت‌. لە لایەکی ترەوە، مەرج نییە ته‌نیا کارەکتەرەکە ڕاستەوخۆ سەرچاوەی ئەکتیڤبوون بێت، بەڵکوو دەشێ ئەم ئەکتیڤبوونە، ئینجا جەستەیی بێت یان هزری، لە شتە بێگیانەکان، لە گواستنەوەی زەمەنەکان، لە گۆڕینی شوێنەکانیش بەرجەستە بکرێت. بۆ نموونە، دەشێ هەڵکەوتەی پەڵە‌هەورێک، سێبەری پە‌ردەیەک، وێنەی سەر دیوارێک یان سەندووقێک یاخود شێوەی بەردێک، ببێتە سەرچاوه‌ی جووڵە‌یەکی ئەوتۆ لە پانتاییی ڕۆمانەکە، کە دواجار خوێنەریش بە بەردەوامی ئەمسەروئەوسەر پێ بکات. هەڵبەت ئەم جووڵەیە بە هیچ شێوەیەک ناکرێت بەدەربێت لە گواستنەوەی ئازادانەی زەمەن. ئامادەبوونی زەمەن ئامادەبوونێکی زۆر ئاڵۆز و فرەشێوە و فرە‌ئاڕاستەیه، چونکە نووسەر ڕۆمانەکه‌ی لەسەر ڕ‌ەگەزی زەمەن و سروشتی ئەو زەمەنه ‌و کاریگەرێتی بەسەر ڕووداوەکان و دروستکردنی کارەکتەر بونیاد دەنێت‌. دیارە مرۆڤ دەبێ زەمەن لە چوارچێوەی ڕۆمانەکە جیا بکاتەوە لە زەمەن لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیەدا‌، چونکە چوارچێوەی زەمەنی ڕۆمانەکە، فراوان بێت یان نا، بۆ نووسەر گرنگ نییە بەقەد ئەوەی لەناو ئەم‌ چوارچێوەیەدا چۆن گەمە بە زەمەنەکان‌ دەکات. بۆ نموونه، ئێمە لەسەر ئاستی ئەدەبی جیهانیدا، ڕۆمانمان هەیە، کە ڕووداوەکانی لە چوارچێوەی زەمەنێکی زۆر کورت دایە. ئەوەتا ڕۆمانی “خاتوو داڵاوای”، کە “ڤرجینیا وه‌‌ڵف” نووسیویەتی، هەموو ڕووداوەکانی ته‌نیا یەک ڕۆژ دەخایەنێت، سەرەتا لە بەیانییەکە “خاتوو داڵاوی” خۆی بۆ ئاهەنگەکە ئامادە دەکات. لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ ئاهەنگەکە بەڕێوە دەچێت. بەڵام لەم ماوەیەدا گشت نهێنییەکانی “خاتوو داڵاوی” بەهۆی ئەو پێوەندییانەی بە خەڵکی ترەوە دەیکات یان لە ڕێگەی یادگارییەکانەوە ئاشکرا دەبن، بۆیە بەرزیی ڕۆمانەکە لە تەکنیکەکەدایە، لە مامەڵەکردنی ڕۆماننووسەکەدا‌‌یە لەگەڵ زەمەنەکە. نووسەر دەتوانێت پانتاییی ئەو زەمەنە بۆ ساڵێک، دوو ساڵ یان بیست ساڵ و زیاتریش درێژ بکاتەوە. کاتێك نووسەری “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان” پەنا بۆ یادەوەریی “ئامانج” یان “ئازادی هەمین مامان” یاخود “سۆزانی مام ئەنوەر باخەوان” دەبات و بیرەوەرییەکانیان دەربارەی خەڵک و شوێن و ڕووداو و پێوەندییەکان زیندوو دەکاتەوە، پرۆسەکه لە چوارچێوەی هوشیاریی “ئێستا”دا بەڕێوە دەبات. ئەمە‌ش، نەک هەر خوێندنەوەی ئێستایە بۆ زەمەنە بەسەرچووەکان بە هەموو ئەو ڕووداوانەی، کە کارەکتەر لە یاده‌وه‌ریی خۆیدا هەڵی گرتوون، بەڵکوو دەبێت بە بنچینە بۆ خوێندنەوەیەکی تۆکمە بۆ داهاتووش. زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم “ترس لە زەمەن” و “پرسیار لە زەمەن”، لە هەموو بەرهەمەکانی (کاروان)، بە شێوەی جیاواز دووبارە دەبنەوە. لەم ڕۆمانەشدا ئەو پرسیار و ترسە زەقتر دەبنەوە. بۆ نموونە “نیهال فیکری”، ئەو نووسەرە میسرییەی دوای نووسینی ڕۆمانێک لە وڵاتەکەی ڕاو دەنرێت و “سۆزان” لە کەمپی دانمارک دەیناسێت، لەبارەی زەمەنەوە هەمان ترسی هەیە، کە “سۆزان” و کارەکتەرەکانی دیکەیش هەیانە:

{بۆ ئەوەی مەرگ لە پەلوپۆت نەخات، پێویستە کەسێکی دیکە لەسەر شێوازی خۆت بخوڵقێنیت، بگرە دەبێ ئەو کەسە هەر کتومت خۆت بیت، کە لە داهاتووەوە دەگەڕێتەوە و بەرەو ڕووت دێت، بێئەوەی بهێڵیت پێت بگات، چونکە هەر کاتێ ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە ڕوو دەدات، ئەوا تۆ شتێکت نامێنێت خەونی پێوە ببینیت… لە کاتێکدا (سۆزان) بیر لەو پرۆسێسە دەکاتەوە، ئەو خۆی هەندێک گۆڕانکاری بەسەر گوتەکەیدا دەهێنێت، بەوەی دەڵێت نەخێر، شتێک نییە بە ناوی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو، ئەوەی هەیە (بیرچوونەوە) و (بیرهاتنەوە)ن، کە ئەگەر یەکەمیان بیەوێت هەموو ساتەکانی تەمەنمان بە جوان و ناشیرینیەکانییه‌وە بسڕێتەوە و خۆی جێگەیان بگرێتەوە، ئەوا دووەمیان بەردەوام گوێچکەمان بە هاواری خۆی پڕ دەکات: (بۆ کوێ دەچیت؟ هەرگیز شتێکی دیکەت دەست ناکەوێت لەوانەی پێشووت بچێت و هەمان نرخی ئەوانی هەبێت، کە بەسەر چوون و پێیان ناگەیتەوە!)… ئەوسا (سۆزان) بە دەست خۆی نییە (کوێنتین)ی کارەکتەری ڕۆمانی (ژاوەژاو و توندوتیژی The Sound and the Fury)ی (ولیام فۆکنەر)ی بیردێتەوە، ئەو کاتەی باوکی کاتژمێرەکەی پێ دەبەخشێت، کە ئەویش خۆی لە باوکیەوە بۆی ماوەتەوە و پێی دەڵێت: (I give it to you not that you may remember time, but that you might forget it now and then for a moment من بۆ ئەوە ناتدەمێ، تاکوو زەمەنت وەبیر بێتەوە، بەڵکوو بۆ ئەوەیە جارناجار زەمەنت لە بیر بچێتەوە)… ئەو ڕۆمانەی لە کتێبخانەی شارەکەوه‌ هێناوە و لەناو بێدەنگی و ترسێکی گەورەدا خوێندوویەتیەوە… گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی زەمەن زەفەر بە هەموو خانەوادەیەک دەبات، بە چاوپۆشین لە پێکهاتە و قەبارەی ئەو خانەوادەیە… دەبێت دواجار وەک خانەوادەکەی (کۆمپسۆن)، درەنگ یان زوو بە شێوەیەکی تراژیدی هەڵبوەشێتەوە…}.

ئەو نموونەیە بە تەنیا بەسە تاکوو بزانین کارەکتەرەکان لە ئاستی زەمەندا هەست بە چ ترسێکی گەورە دەکەن. هەر بە ڕاستییش زەمەن هەموو ئەو خانەوادانە هەڵدەوەشێنێتەوە هەر لە خانەوادەکەی “ئامانج”، “سۆزان”، “ئازاد”ەوە تاکوو ئەوەی “ئەردەڵان”ی خاڵی “سۆزان” و ئەوانی تریش. هەر ئەو ترسەیە وای کردووە ڕۆمانەکە یەک کۆتایی نەبێت، بەڵکوو لانی کەم ببێتە خاوەنی سێ کۆتاییی جیاواز. واتە هەرسێ چیرۆکخوانەکە شوێنێک بۆ کۆتاییی ڕۆمانەکە دادەنێن، ئەگەرچی ئەو شوێنەش خاڵێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو شوێنێکە لەناو (Meta-Time)دا، واته‌ له‌ناو ئه‌و چوارچێوه‌ زه‌مه‌نییه‌ گریمانکراوه‌ی له‌گه‌ڵ به‌سه‌رچوونی زه‌مه‌نی ناوه‌وه‌ی ڕووداوه‌کاندا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت.

کاتێك “فکری کۆپتەر” وەکوو “سۆزان” لە کەناڵی چوارەمدا دەیگێڕێتەوە، داوا لە “سۆزان” دەکات بچێت قژی دایکی ببڕێت، چونکە دەیەوێ لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی خزمێکیان بەشدار ببێت، “سۆزان” بیر لە دووفاقیی ئەم کوڕە دەکاتەوە، بەڵام لەبەر ڕۆشنایی‌ هوشیاریی چرکەساتی گێڕانەوەکەیە، کە “سۆزان” دەڵێت: “ڕەنگە ئەوسا بە خۆتت گوتبێت: ‘ئەو وێنەیەی مرۆڤ لە ماڵەوە هەیەتی، هەرگیز ئەوە نییە، کە لە دەرەوە پیشانی خەڵکی دەدات'”.

دوور نییە‌ هەوڵدان بۆ دروستکردنی کارەکتەری ئەکتیڤ بەو شێوەیەی، کە باسمان لێوە کرد، وای لە (کاروان) کردبێت کەمتر بایەخ بە ڕەنگی چاو و قژ و جلوبەرگی کارەکتەرەکانی بدات، ئەگەرچی ڕەنگە ئەم کارەش بۆ‌ باری سایکۆلۆژیی کارەکتەرەکان‌ گرنگ بێت. بە واتایەکی تر، ئەو زیاتر بایەخ به ڕەفتار و بەو هەستە دەدات، کە دەریدەبڕن و هەروەها بە‌ شێوازی ئاخاوتن و ئەو ڕسته ‌و دەستەواژانەی، بەکاریان دێنن لەپاڵ کارکردنێکی چڕ لەسەر نەستی کارەکتەرەکە. بۆیە، خوێنەر هەست دەکات ڕۆماننووس، بەمەبەستی دروستکردنی کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی ورد، بۆ هەر کارەکتەرێک ئەکتەرێکی لە ناخی خۆیدا هەڵگرتووە تا ڕۆڵی کارەکتەرەکانی بۆ ببینێت. ئەم ئەکتەرانەی ناخی ئەو بەردەوام لە بیرکردنەوە و جووڵەدان. لە حاڵەتی ئاوادا، نووسەر تا نەزانێت کارەکتەرەکان، لە زەمەن و هەلومەرجە جیاوازەکاندا، چۆن قسەکانیان تەواو کردووه، چۆن هەڵسوکەوتیان لەگەڵ یەکتر کردووه، چیرۆکەکە‌ کۆتایی پێ نایەت. ئەم شێوازە مامەڵەکردنە لەگەڵ چیرۆکەکە، بونیادی ڕۆمانەکە دەکاتە بونیادێکی کۆنکرێتی. (کاروان) وەکوو ده‌رهێنه‌رێکی شانۆ وایە، کە‌ لە دەرهێنانی شانۆگەرییەکدا ئەوپەڕی وردەکاری بەکار دێنێت. لە کاتێکدا ده‌رهێنه‌ر بە شێوەیەکی پراکتیکی مەشق بە ئەکتەرەکانی دەکات بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە ڕۆڵی کارەکتەرەکان بگێرن، بەڵام (کاروان) پرۆسەی مەشقکردنەکه زۆر بە وردی‌ لە هزری خۆیدا بەڕێوە دەبات. جێگەی ئاماژەپێکردنە، کە ده‌رهێنه‌ر زیاتر پشت بە جووڵەی جەستە یاخود زمانی جەستە دەبەستێت تەنانەت لە حاڵەتە دەروونییەکانیشدا، جگە لە حاڵەتەکانی خۆدواندنی کارەکتەر، کەچی ڕۆماننووس پێویستی بە کۆمەڵێ ڕ‌سته ‌و دەستەواژەی گونجاو یان بە کورتی بڵێین زمان هەیە بۆ دەربڕینی ئەم حاڵەتانە. بۆ نموونه، کاتێ کارەکتەرێک لەژێر بارێکی دەروونیی تایبەتیدا هەواڵێکی ناخۆش دەبیستێت، کاریگەرێتیی ئەم هەواڵە لەسەر تەختەی شانۆ لە ڕەنگوڕووی ئەو ئەکتەرەدا دەردەکەوێت، کە ڕۆڵی کارەکتەرەکە دەبینێت. بەڵام ڕۆماننووس پێویستە لە هەڵبژاردنی ئەو وشەو دەستەواژا‌نەدا زۆر ورد بێت، کە بۆ دەربڕیرنی ئەم حاڵەته بەکاریا‌ن دێنێت. لەم بارەوە (کاروان) ئەوپەڕی وردەکاری لە هەڵبژاردنی ڕستەکان، دەستەواژەکان، هەروەها هاوتەریبکردنیان لە‌گەڵ هەلومەرجەکانیاندا پیشان دەدات. لە لایەکی ترەوە بەکارهێنانی خاڵبەندی بەو شێوە چڕوپڕە، کە خەسڵەتێکی بەرچاوی گشت ڕۆمانەکانیەتی، دەیسەلمێنێت، کە ڕۆماننووس چەندە بەدوای هەڵسوکەوت و ئاخاوتنی ئەکتەرەکانی ناو دەروونی خۆیەتی. بە کورتی، مەسەلەکه لای (کاروان)‌ هەر ئەوە نییه، کە لە ناوەوەی خۆی وردببێتەوە، بەڵکوو بەپێی ئەو شارەزاییەی، که دەربارەی خۆی و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی و ئەو دەوروبەرەی تێیدا ژیاوە، هەیەتی، لە ناوەوەی خەڵکی تریش ورد دەبێتەوە. ئەمەیش بۆ هونەری ڕۆماننووسین خاڵێکی زۆر هەستیارە، چونکه لە لایەک کارکردنێکی‌ هونەرییانەیە لەسەر بونیادی کارەکتەر و لە لایەکی تریشەوە پانتایییەک بۆ هاوسۆزیبوون یان هاوسۆزینەبوون دەبەخشێتە خوێنەر.

‌دەشێ پێوەندیی هەر ڕۆماننووسێک بەو ئەکتەرەی، کە لە ناخی خۆیدا بۆ کارەکتەرەکە دروستی دەکات ببێتە مایەی کێشە بەو پێیەی، کە دواجار سەربەستیی کارەکتەرەکه سنووردار دەکات، چونکە پرۆسێسی دروستکردنی کارەکتەرەکە دەکەوێتە ژێر ‌کاریگەرێتیی شوێن و کەسەکانی ناو دونیای واقیعەکەوە‌ بەسەر خودی نووسەرەکە بەڕادەیەک، نووسە‌ر‌ هەست ناکات کەوتووەتە ژێر تەلەسمی ئەم کاریگەرێتییە. مرۆڤ لەم ڕوانگەیەوە‌ هەست دەکات کاریگەرێتیی‌ کەشوهەوای ناو خێزان و شوێنە میللییەکان بەسەر بەرهەمەکانی (کاروان)دا‌ بەرچاون، بەڵام کارەکتەرەکانی وەکوو چۆن لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕەفتار دەکەن، ئاوان. ‌ کو چۆن له‌ ژیانی رۆژانه‌ ره‌فتار ده‌که‌ن، ئاوان. دیارە پێوەندییەکی زۆر هەیە لەنێوان کارەکتەر و ئەو دەوروبەرەی، کە کارەکتەرە‌کە تێیدا دەژی. ئەوەی لە ڕۆمانە‌کانی (کاروان)دا بە گشتی هەستی پێ دەکرێت ئەوەیە کە کارەکتەرەکان ههرهههرووداوه‌کان ڕەگیان لەو دەوروبەرە داکوتاوە، کە نووسەر خۆی تێیدا ژیاوە. پێوەندیی نێوان ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە لەگەڵ ئەو دەوروبەرە لە دیالۆگەکانەوە بەرجەستە دەبن، چونکە نووسەر لەوە ئاگادارە، کە شوێن و دەوروبەر بە هەموو ڕەهەندەکانیانەوە، زۆر بە خێرایی‌ هەندێ بیرۆکه دروست دەکەن، پێوەندییان بە کارەکتەرەکانەوە هەیه.‌ نووسەر پاڵنەرە سایکۆلۆژییەکان، دیوە شاراوەکانیان بە ڕوونی دەبینێت، بۆیە، هەڵسوکەوتی هیچ کارەکتەرێک لەخۆڕا نەهاتووە. ئەوەی “شێرزاد ناجی” دەیکات، با لە ڕوانگەی ئەو بیروباوەڕەشەوە بێت، کە بڕوای پێیەتی، هەڵبەت “ئازادی هەمین مامان” ناتوانێت بیکات، ئەگەرچی هەمان بیرباوەڕ کۆیان دەکاتەوە. مرۆڤ ناتوانێت وێنای “مام ئەنوەری باخەوان” بکات وەک “سابیر پوولەکە” ڕەفتار بکات. هەر ڕەفتارێکی “شێرزاد ناجی”، کە دەیکات، پاساوی هەیە، هەروەک هەر ڕەفتارێک، کە “ئازادی هەمین مامان” خۆی لێ دەپارێزێت و نایکات، پاساوی هەیه و‌ ڕەنگدانەوەی شێوازی بیرکردنەوەیەکی جەوهەریی کارەکتەرەکەیەتی. لەڕووی هونەرییەوە، وەکوو بیرۆکەیەکی گشتی، کاتێک هەڵسوکەوتی کارەکتەرێک هیچ پاساوێکی نەبێت، مانای ئەوەیه نەخشەکاریی ڕۆمانەکە تۆکمە نییە، هەندێ بۆشایی تێدا ماوەتەوه و‌ هێشتا پڕ نەکراونەتەوە. ڕۆماننووس لەم ڕۆمانەدا ئەم حەقیقەتەی له ‌بەرچاو گرتووە، بۆیە هەڵسوکەوت و ڕووداوەکان پاساوی خۆیانیان هەیە، ئینجا ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ. دیالۆگ لە پاڵ گێڕانەوه ورد و تۆکمەکەوە‌ دەبێتە کلیلی شتەکان. بۆیە بەر لە هەر دیالۆگێک، نووسەر ئامادەکارییەکی وردی بۆ دە‌کات چ لەبارەی دەوروبەرەکە و چ لە باری سایکۆڵۆژییەوە. دواجار، مرۆڤ هەست بەوە ناکات، کە ڕستەیەک یان دەستەواژەیەک لە دیالۆگەکان له ‌دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە بێت، کە کارەکتەرەکەی تێدا دەژی چ لە دیوی دەرەوە و چ لە ڕووی دەروونییەوە، تەنانەت ئەو وڕێنە و داڵغە و گواستنەوە خێرایییەی زەمەنەکانیش، کە لە حاڵەتی ئاوادا ڕوو دەدەن پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان بە دۆخەکەوە هەیە، کە ڕۆماننووس دەیهێنێتە پێشەوە، بەڵام نابێ ئەوەشمان له ‌بیر بچێت، کە زۆر جار گواستنەوە له‌ زەمـەنێکه‌وه‌ بۆ زه‌مه‌نێکی تر لە ڕێگەی وشەیەکەوە ئەنجام دەدرێت، کە ڕەنگە لە ڕواڵەتدا هیچ پێوەندییەکی بە دەوروبەرەکەوە نەبێت، بەڵام ئەو ئاماژەیەی لێی دەکەوێتەوە پێوەندیی بە دەوروبەرەکەوە هەیە و خوێنەر زۆر بە زەحمەت هەستی پێ دەکات. ئەمەیش دیوێکی ئەو ئیستاتیکەیە، کە نووسەر، ئەگەر مەبەستیشی نەبێت، لە ڕۆمانەکەیدا بەرجەستە کردووە.

ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”، بە گشتی مامەڵە لەگەڵ کارلێک و کاریگەرێتیی نێوان کارەکتەرەکان و هەروەها دەوروبەرەکەوە دەکات بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە.

کەواتە ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”، بە گشتی مامەڵە لەگەڵ کارلێک و کاریگەرێتیی نێوان کارەکتەرەکان و هەروەها دەوروبەرەکەوە دەکات بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە. دیارە مرۆڤ بۆ هەر ڕووداوێک یان بۆ هەر هەڵسوکەوتێکی تایبەت بە هەر کارەکتەرێک لێکدانەوەیەکی جیای هەیە بەپێی سروشتی ڕووداوەکە یان ئەو کەسەی، کە ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە، بۆیە کاتێك خوێنەر لە دەرەوەی بازنەی ململانێکانەوە سەیری ڕووداوەکان دەکات، شتێکی ئاسایییە، بە چاوی ئەو کارەکتەرەوە ڕووداوەکان ببینێت، کە لە هەموویان زیاتر لەگەڵ میزاجی خۆی دەگونجێت. مەسەلەکە دەوەستێتە سەر تێڕوانینی مرۆڤ دەربارەی ئەو پێوەندییەی، ڕۆماننووس به‌رامبه‌ر بە ڕووداوەکانی چیرۆکەکە دروستی دەکات. هەڵبەت ئەمەیش لە ڕێگەی چیرۆکخوانەکەوە دێت. لەبەر ئەوەی ڕۆحی ڕۆمان لای (کاروان) لە گێڕانەوەدایە و گێڕانەوەیش لە بینینی چیرۆکخوانەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە چیرۆکخوان لای (کاروان) نەک هەر وەکوو دیدگای دەرەوه ‌(external viewpoint)، کە لە بازنەی عەقڵی گشتی جێگەی دەبێتەوە بەکار دێت، بەڵکوو دەبێتە پێکهاتەیەکی بنچینەییی ڕۆمان.

پێوەندیی ڕۆماننووس بە ”ئامانج” و ئەو ڕووداوانەی، کە دەیگێڕێتەوە جیایە لە پەیوەنییەکە بە (“ئازادی هەمین مامان” و ئەو شتانەی، کە دەیگێڕێتەوە ئەگەرچی لە چوارچێوەی گێڕانەوەشدا، مرۆڤ هەست بە جۆرێک لە هاسۆزیبوون یان نەبوون لەگەڵ ئەم و ئەودا دەکات بێئەوەی بەتەواوی بتوانێت دوا هەڵوێستی لەسەر دابڕێژێت. ئەمە مەسەلەیەکە لە کۆتایییەکانی ڕۆمانەکەدا بڕیاری لەسەر دەدرێت.

⚝⚝⚝

لێکۆڵینەوە لە پرۆسێسی گێڕانەوە، هەر لە سەردەمی “ئەفلاتوون”ەوە تا ئەمڕۆ لەسەر بینینی جیاوازییەکاندا بونیاد نراوە. “ئەفلاتوون” خۆی “راپسۆد”‌ لە “هۆمیرۆس”ی شاعیر جیادەکاتەوە. دیارە “راپسۆد” ئەو کارەکتەرەیە ئەفسانەکانی “ئەلیاد” و “ئۆدێسە” دەگێڕێتەوە، کە “هۆمیرۆس”ی شاعیر نووسیوونی، هەروەها گێڕانەوەی ساده، کە شاعیر خۆی شتەکان دەگیڕێتەوە لە لاساییکەرەوە جیا دەکاتەوە، کە چیرۆکەکە لە ڕێگەی لاساییکردنەوەی دەنگ و دەربڕینی خەڵکی تر دەگێڕدرێتەوە. “ئەڕەستۆ”یش پلان و نەخشەی چیرۆک لە ڕووداوەکانی ناو چیرۆک جیا دەکاتەوە. شاعیری ئینگلیزی “سێر فیلیپ سیدنی” (١٥٥٤-١٥٨٦) سەرنج بۆ جیاکردنەوەی مێژوو لە چیرۆک ڕادەکێشێت. تیۆریستەکانی سەردەمی ڕێنیسانس بەردەوام باسیان لە ئەفسانە و ئه‌و مۆڕاڵه‌ کردووه، که‌ له‌پشت ئه‌فسانه‌که‌دایه‌. لەسەردەمی نوێدا، بونیادگەراکان هێڵێک لەنێوان چیرۆک و گوتاردا دەکێشن. “جیرارد ژانیه” لە دەستپێکی لێکۆڵینەوەیەکیدا بەناوی “گوتاری چیرۆکی هونەری” پێی وایە کێشەکانی چیرۆک سێ تەوەر دەگرنه ‌خۆ: زەمەن، کە پێوەندیی نێوان زەمەنی چیرۆکەکە و زەمەنی گوتارەکە دەردەبڕێت، هەروەها بارودۆخی ناو چیرۆکەکە وەکوو چۆن چیرۆکخوان دەیبینێت لەگەڵ شێوەی ئەو گوتارەی، کە چیرۆکخوان بەکاری دێنێت.

پرۆفیسۆر “رۆجەر سیمۆن”۱، کە خاوەنی چه‌ندان لێکۆڵینەوەیە لە بواری شیعر و ئەدەبی ڕۆمان و هونەردا، پێی وایە تیۆرەکانی گێڕانەوە بە گشتی بەسەر دوو جۆردا دابەش دەکرێن: یەکێکیان جەخت لەسەر پیشاندانی خودی چیرۆکەکە دەکاتەوە، کە پێک هاتووە لە کارەکتەرەکان، دیمەنەکان، ڕووداوەکان، هەروەها هەموو ئەو کار و کردەوانەی، کە‌ لە چوارچێوەی گێڕانەوەدا تێیان دەگەین. ئەم تیۆرانە جەخت لەسەر چیرۆک دەکەنەوە وەکوو چیرۆک. ئەوەی تریشیان تایبەتە بە تەکنیکەوە، واتە جەخت لەسەر شێواز‌ی گواستنەوەی چیرۆکەکە دەکات. بە واتایەکی تر گفتوگۆ لەسەر ئەو هەموو ئەو “هۆ”یانە دەکات، کە بۆ گواستنەوەی چیرۆکەکە بەکار دێن، وەکوو فیلم، شانۆنامە، وێنە، شێوازی ڕێکخستنی بەشەکان، هەروەها سروشتی “هۆ”ی گێڕانەوە و پێوەندیی چیرۆکخوان بە نووسەر و کارەکتەرەکانەوە و ئەو شێوازەی، کە چیرۆکخوان هەڵیدەبژێرێت بۆ گێڕانەوە… تاد. بەڵام ئەو تیۆرانەی، کە کار لەسەر پیشاندانی خودی چیرۆکەکە دەکەنەوه، ئاماژە بە ئامادەبوونی نووسەریش دەکەن لە گێڕانەوەدا. ئەمە ئەو حاڵەتەیە، کە لەم ڕۆمانەدا بەرچاو دەکەوێت. بۆیە، نهێنییەکانی هونەری گێڕانەوە لە ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”دا ئەو کاتە‌ دەردەکەون، کە مرۆڤ بە ئاڕاستەی ئەم دابەشکردنەدا کاری لەسەر بکات، چونکە ئەم جۆرە دابەشکردنە لە ڕوانگەی ڕەخنەی سەردەمەوە زۆر گرنگ و سوودبەخشە. ئەگەر بەپێی ئەم دابەشکردنەدا‌ لە ڕۆمان بکۆڵینەوە، پێویستە کۆمەڵێ ئاڕاستە بگرینە بەر، کە شیکردنەوەی یەکە بە یەکەی پێکهاتەکان و تەکنیکەکانی تایبەت بە ڕۆمان ئاسانتر و ڕوونتر دەخەنە بەرچاو: وەکوو بایەخدان بە پێکهاتەکا‌نی ئەو چیرۆکە یان ئەو چیرۆکانەی، کە ڕۆمانەکە لە خۆیان دەگرێت و ڕادەی پێوەندییان بە چیرۆکخوانەوە. بۆ نموونە، ئەرستۆ، لەم بارەوە بایەخ بە پلانی چیرۆک دەدات‌، “ئی. ئێم. فۆرستەر” کارەکتەر بە گرنگ دەزانێت، هەروەها فەیلەسووف و ڕەخنەگری ئەمریکی “کینیس بورک” (١٨٩٧−١٩٩٣)، پێی وایە بۆ لێکۆڵینەوە لە ‌بەکارهێنانی زمان وەکوو “هۆ”یەک بۆ پێوەندیکردن و تێگەیشتن لە پاڵنەرەکانی مرۆڤ و هۆکارەکانیان و شیکردنەوەی ڕووداوەکانی ناو هەر چیرۆکێک، پێویستە مرۆڤ کار لەسەر پێنج شت بکات: چی ڕوودەدا؟ لە کوێ و کەی، واتە لە چ دەوروبەرێکەوە؟ کێ تێوەگلاوە؟ چۆن تێوەگلاوە؟ مەبەستی لەم تێوەگلانە چییە؟ ئاشکرایە هەموو ئەمانه نووسەر دەخەنە دەرەوەی بازنەکە لەکاتێکدا ئەو لە تەواوی ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکەدا لە ڕێگەی گێڕانەوەدا ئامادەبوونی هەیه.‌ “نیکۆلاس وەڵتەرسترۆف” لە کتێبی “بەرهەم و دونیای هونەر”دا پێی وایە، کە گێڕانەوە دیوێک یان چەند دیوێکی هەیە، یەکێکیان پیشاندانی ئەو‌ دونیا درو‌ستکراوە یان هەڵبەستراوەیه، کە‌ لە چوارچێوەی چیرۆکە سەرەکییەکەی نووسەردایە. دیارە، لەم ڕۆمانەدا، (کاروان) ئەم دونیا ئەفرێندراوە دەداتە دەست چەند چیرۆکخوانێکەوە، بەڵام خۆیشی له ‌ڕێگەی هەندێک ڕستە و دەستەواژەوە لەناو ئەم دونیایەدا جۆرێک لە گێڕانەوە بەڕێوە دەبات. هەر بۆیەش گێڕانەوە دەبێتە پێکهاتەیەکی ئەم دونیا دروستکراوە‌یش. کەواتە‌ مرۆڤ نابێت ته‌نیا بە لای دیالۆگەکانی نێوان کارەکتەرەکانی ناو دونیا دروستکراوەکەدا بچێت و هیچی تر. سەبارەت بەم حەقیقەته،‌ پێم وایە ئەگەر خوێنەر وشە بە وشە لەگەڵ ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان”دا نەژی، مەحاڵە لە نهێنییەکانی ئیستاتیکای گێڕانەوە بگات. هەڵبەت ئەگەر لەمەیش نەگەیشت مەحاڵە بە تەواوی لە ڕۆمانە بگات.

بەر لەوەی پرۆسەی گێڕانەوەکان دەست پێ بکات، پرۆسەیەکی تر لە یادەوەریی هەر یەک لە چیرۆکخوانەکان، ”ئامانج” و “ئازادی هەمین مامان” و “سۆزانی مام ئەنوەر باخەوان”دا بەڕێوە دە‌‌چێت، کە پرۆسەی بیرهاتنەوەی بیرەوەرییەکانە. کاتێك مرۆڤ بیری ناچێت، کە شتەکان بیر خۆی بێنێتەوە، خەیاڵ سنووری نێوان “خود”ی چیرۆکخوان و دونیای دەرەوە ناهێڵێت. ئەو کاتە‌، چیرۆکخوان دەبێتە هەموو گەردوون و هەموو گەردوونیش دەبێتە ئەو. ئەو کاتە‌ چیرۆکخوان دەبێتە هەموو خەڵک و هەموو خەڵکیش دەبن بە ئەو. ئەم هاوکێشەیە پانتایییەکی زۆری لە یادەوەریی چیرۆکخوانەکانی ئەم ڕۆمانە داگیر کردووە. یادەوەریی چیرۆکخوانەکان دەتوانێت هەموو ئەو شتانە بگرێتە خۆ، کە ئێمە لەوە دەچێت پێیان نەزانین. لەبەر ئەوەی چیرۆکخوانەکان توانایەکی گەورەی بیرکردنەوە یان بیرهاتنەوەیان هەیە، ئەوەی بینیویانە و بیستوویانە، هەردەم دەیبیستن و دەیبیننەوە. وزە و توانای چیرۆکخوانەکان لە پرۆسێسی بیرهاتنەوەی شتەکانی ڕابردوودایە و هەر ئەمەشە دەبێت بە سەرچاوە بۆ داڕشتنی داهاتوو.

کاتێك چیرۆکخوانەکانی ڕۆمانی “کەناڵی مەیموونە چەکدارەکان” بە ڕابردووی خۆیاندا دەچنەوە و پەنا بۆ بیرەوەرییەکانیان دەبەن، لەوێ خۆیان و هەموو خەڵکەکە و دەوروبەرەکە دەدۆزنەوە. بەم شێوەیە دەتوانن وەسفی ئەو وێنەیەی خۆیان بکەن، کە لە یادەوەرییاندا هەڵگیراوە. بیرەوەرییەکان هەستێکیان له ‌لا دەورووژێنن، کە دەبێتە مایەی بەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر. ”ئامانج” لە کەناڵی سێیەمدا، کاتێک باسی ماڵی خۆیان بۆ ئێمە دەگێڕێتەوە، دەڵێ:

“گۆمێکی لە بەردەم بووە و سەدان قاز و مراویی کێوی مەلەیان تێدا کردووە… من زۆرجار بۆنی گۆمەکە و باڵندەکانم لە دەرگاو دیوار و گڵی سەربانەکە‌مان دەکرد …”

دواتر بۆ خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێ:

“بیری خانووە کۆنەکەی خۆتانت کرد، بەتایبەتی کاتێ لە سەربان لە کۆترە سپییەکانت د‌ەڕوانی و وەکوو ملوانکەیەکی گەورە دەهاتنە بەرچاو، کە کرابوونە ملی ئاسمانەوە… ئەوان پۆل پۆل لە گەڕەکی “تەعجیل”ەوه بەسەر باخی گڵکەنددا دەهاتن و دەگەیشتنە ئەوێ… هێندە چاوت لەسەریان ڕادەگرت، تا بیناییت لێڵ دەبوو و کۆترەکان وەکوو دوو کلووی شەکری ناو پیاڵەی پڕ چای گەرم دەتوانەوە… ماڵی “شێخ موعتەسەم”یش چەند جووتێکی نەجەفی و شیرازییان هەبوو… هەتا ئێستاش کولانەکانیان، کە بە سەندووقی چا دروست کراون، ماون و کاتێ هەتاویان لێ دەدات، بۆنێکی ئێجگار خۆش بەو ناوەدا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام خۆیان لەگەڵ فرۆشتنی خانووەکەدا پەرتەوازە بوون…”

گرنگیی ئەم دیمەنانەی ناو یادەوەریی ”ئامانج” لەوەدایە، کە هەندێک بیرەوەری تری له ‌لا دەورووژێنن، بۆیە ناکرێت خوێنەر پێی وابێ ئەمانە دیمەنێکن بۆ سەرجەم پرۆسەی گێڕانەوەکە کاریگەرێتییەکی ئەوتۆیان نییە. بەهەرحاڵ، سەبارەت بەم ڕاستییەیە، کە سەرجەم پرۆسەی بیرهاتنەوەکەیش لە ئامێزی هۆشیارییەکی قووڵدا بەڕێوە دەچێت. لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە: ئایا هۆکاری ئەم بیرهاتنەوەیه یان بیرهێنانەوەیە‌ چییە؟ دیارە کاتێک مرۆڤ، هەست بە نائاسوودەیی و نائارامی دەکات سەبارەت بە بۆشایییەک، کە دەروونی داگیر کردووە، ئەو کاتە حه‌ز ده‌کا بزانێت کێ ئەم بۆشایییەی دروست کردووە و چۆن پڕ دەکرێتەوه، بۆیە شتێکی ئاسایییە بە ڕابردووی خۆیدا بچێتەوە. لە دونیای ئەدەب و هونەریشدا، گومان لەوەدا نییە، کە‌ هیچ ڕۆماننووسێک، هیچ شاعیرێک، هیچ نیگارکێشێک بەرهەمەکەی بۆ ڕابردوو نییە، بەڵکوو بۆ داهاتووە. لەگەڵ ئه‌وه‌شدا، ئەگەر ڕابردوویان لە ناخی خۆیاندا هەڵنەگرتبێت ناتوانن داهاتوو دابڕێژن. نابێ ئه‌وه‌شمان لە بیر بچێت، کە ڕابردوو بە هیچ کام لە چیرۆکخوانەکان ناڵێت، چۆن بژین، بەڵکوو پیشانیان دەدەن، چۆن نەژین!

یادەوەری‌ بۆ پرۆسێسی گێڕانەوە وەکوو عەمبار وایه. هەموو کەرەسە‌ کو‌لتوورییەکانی تێ دەخرێت. زۆربەی کەرەسەکانیش لە شێوەی چیرۆکدان.

لە سەرێکی ترەوە، لەبەر ئەوەی بیرهاتنەوەی شتەکان لە یادەوەریی چیرۆکخوانەکاندا زیاتر بە ڕووداوەکانەوە گرێ دراوه، بۆیە دەکرێ بڵێین بەپیتی و بەهێزیی یادەوەرییە‌کانیان پێوەندییەکی کەمیان بە ئاستی ڕۆشنبیرییانەوە هەیە. چیرۆکخوان ئەزموونی لەگەڵ ڕووداوێک، خەیاڵێک، خەونێک یان کەسێک یان چەند کەسێکەوە هەیە و لە چرکەساتێکی تایبەتدا، بێئەوەی هیچ بەربەستێکی له ‌بەردەمدا بێت، دەیگێڕێتەوە. بێگومان ڕووداوە گرنگ و پڕماناکان هەردەم یادەوەریی چیرۆکخوانەکان زیاتر بە جووڵە ده‌خه‌ن، بۆیە زۆرجار ئەو ڕووداوانە دووبارە دەبنەوە. بێجگە لەمەش،‌ پرۆسەی بیرهێنانەوەکەیش ئاسانتر دەکەن. ئەگەر پێوەندییەکانی زەمەن و شوێن و ڕووداوەکان گێڕانەوەکانی هەریەک لە “ئامانج” و “ئازادی هەمین مامان” و “سۆزان”ی بە یەکتر نەبەستایەتەوە لە فۆرمی ڕۆمانێکی ئاوادا، ئەو کاتە‌ گێڕانەوەی هەر یەکێکیان دەبوو بە بایۆگرافێکی سەربەخۆ بە هەمان گرنگیی ڕۆمانەکە. لە کاتێکدا ئەو ڕووداو و بەسەرهات و چیرۆکانه، کە لە چواچێوەی گێڕانەوەکەدا دەکەونە ناو دونیا دروستکراوەکان، بە چرکەسات و هەلومەرجی گێڕانەوەکان و هەروەها بەو شێوازەوە، کە چیرۆکخوان بەکاری دێنێت بۆ گێڕانەوەی شتەکان،‌ بەستراونەتەوه، بەڵام دواجار ئەوە یادەوەریی نووسەرە، کە ئەو بیرەوەریانەی لە چرکەساتەکانی گێڕانەوەکاندا هەڵگرتووە، هەڵبەت بە هەستکردن بە ئامادەبوونی گوێگر تەنانەت ئەگەر خۆیشی بێت.‌

یادەوەری‌ بۆ پرۆسێسی گێڕانەوە وەکوو عەمبار وایه. هەموو کەرەسە‌ کو‌لتوورییەکانی تێ دەخرێت. زۆربەی کەرەسەکانیش لە شێوەی چیرۆکدان. چیرۆکەکان پێمان دەڵێن خەڵکەکانیان کێن و پێشتر چی بوون و ئێستا چۆنن. هەرکاتێک ئەم چیرۆکانە لە ڕێگەی گێڕانەوە زیندوو دەکرێنەوە، هەمان کار جێبەجێ دەکەن. چیرۆکەکانی “ماهیڤان” و “ژالین” و “شێرزاد ناجی” و “ئاواز” و شەقاوەکانی شار و چیرۆکی “حاتەم دێوانە” و “مەجۆی شوان” و “دایکی سۆزان” و “ڕەفعەت حەمدی” و “ڕەمزی ئازادی” و… تاد، وا دەردەکەون، کە مرۆڤ پێشتر هەموویانی بیستبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی یادەوەریی چیرۆکخوانەکان بەو ئاڕاستەیەدا دەچێت، کە ڕابردوو لە وێنەی ئێستادا زیندوو بکاتەوە، بۆیە گرنگیی ڕووداوەکانی ڕابردوو، لە باری ناوەڕۆکدا، زۆر کەم کراوەتەوه. لە لایەکی ترەوە، بیرەوەرییەکان تێکەڵێکن لە مەسەلە کەسێنی و مێژوویییەکان، هەروەها پێوەندییەکانی چیرۆکخوان بە کۆمەڵگە و ڕەوشە سیاسییەکانەوە‌. زۆر جار ئەفسانە و خورافەشی تێکەڵ دەبێت. “ئامانج” لە کەناڵی سێیەمدا دەڵێت:

“بارانێک هەیە چەند ساڵێک جارێک دەبارێت… ئەو بارانە زۆر کەم دەخایەنێت… هەتا تۆ لە ئاسمان دەڕوانی، ئەو تەواو بووە… دڵۆپەکانی گەورەن… کاتێ دەکەونە سەر زەوی، وەکوو گوڵی سەر قوماش دەردەکەون، چونکە تەنیا شوێنی خۆیان تەڕدەکەن و ئەو ڕووبەرەی دیکە بە وشکی دەمێنێتەوە… ئەو بارانە بۆنێکی خۆش لەو خۆڵە تینووە هەڵدەستێنێت… خەڵکی گەڕەک دەڵێن لەوکاتەدا ئەگەر مرۆڤ هەرچی بخوازێت، بۆی دێتە دی …”

تێکەڵبوونی هەموو ئەمانە مانای ئەوەیە، کە یادەوەریی چیرۆکخوانەکان سنووری ماوەی ژیان و ئەزموونی ئەوانیشی بەزاندووە. ئەو ڕابردووەی، کە چیرۆکخوان ئەزموونیشی لەگەڵدا نەبووە، دواجار، کە لە چوارچێوەی گێڕانەوە دادەڕێژرێت، وەک ئەوەی لێ دێت، کە ئەزموونێکی ڕاستەقینەی لەگەڵدا هەبووبێت.

جێگەی ئاماژەپێکردنە، که زانیارییەکان لە یادەوەریی چیرۆکخوانەکاندا بە شێوەیەکی زۆر هونەری ڕێک دەخرێن بەر لەوەی لە چوارچێوەی گێڕانەوەکەدا‌ دەرببڕدرێن. پرۆسەکه، وەکوو پرۆسەیەکی هونەری، یەکجار ئاڵۆز و سەختە. زۆر لە دروستکردنی ڕۆڵی کارەکتەر دەچێت لە لایەن ئەکتەرەوە. لەوێ بینەر ته‌نیا دیوی دەرەوەی پرۆسەکە دەبینێت. ئەویش بریتییە لە جووڵەی جەسته، کە لە ئەنجامی مەشق و ڕاهێنانێکی تێروتەسەلەوە هاتووە. لەکاتێکدا هیچ جووڵەیەکی جەستە ئەنجام نادرێت ئەگەر پێشەکی ئامادەکارییەکی هزری و دەروونیی بۆ نەکرێت و ئەکتەر لە خەیاڵی خۆیدا ڕێکی نەخات. بە واتایەکی تر پرۆسەی نواندن، وەکوو لە ڕواڵەتدا دەردەکەوێت، دەرچوونی ئەکتەرە بۆ دەرەوەی خود، بەڵام ڕاستییەکەی پرۆسەکه پێچەوانەی ئەمەیە، واتە‌ بریتییە لە گەڕانەوە بۆ خود و دواتر دەبێتە دەرچوون بۆ دەرەوەی خود. چیرۆکخوانەکانی ئەم ڕۆمانە هەمان شت دەکەن. بەر لەوەی ڕووداوێکی گرنگ یان کارەکتەرێکی دیار یاخود بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێش لە یادەوەریی خۆیدا بۆ گێڕانەوە ئامادە بکەن، بە شێوەیەک لە شێوەکان وێنەیەک پیشانی خوێنەر دەدەن، کە لەگەڵ ڕووداوەکە یان کارەکتەرەکه یاخود بیرۆکەکە‌ هاوتەریبە، نموونە‌یش بۆ ئەمە زۆرە. بەر لەوەی “فەوزی داود”ی هونەرمەند بناسین، “گوڵدان”ی کچی، کە ئەنتیکفرۆشە دەناسین. خوێنەر هەر لە ناوەکەیەوە هەست بەوە دەکات، کە ڕەهەندێکی هونەریی هەیە. کەواتە ناوی “گوڵدان” و پیشەکەی وەکوو شوناس وان بۆ “فەوزی داود”ی هونەرمەند. هەروەها بەر لەوەی چیرۆکخوان چیرۆکی “عیماد” و “ئیمان”مان بۆ بگێڕێتەوە، وێنەی “ماڵەباجێنە”کە لە یادەوەریی‌ خۆیدا زیندوو دەکاتەوە و بۆ ئێمەی دەگێڕێتەوە، کە لەگەڵ چیرۆکی “عیماد” و “ئیمان”دا هاوتەریب دەبێت. ئەگەرچی لە ڕووی زمانەوانییەوە هیچ ئاماژەیەک بۆ ئامادەبوونی نووسەر، وەکوو چیرۆکخوان، لەم حاڵەتانەدا نییە، وه‌لێ مرۆڤ ڕێکخستنی گێڕانەوەکە لە یادەوەریی چیرۆکخوانەکە بەو شێوەیەی، کە لە مەسەلەی “گوڵدان” و چیرۆکی “عیماد” و “ئیمان”دا باسمان کرد دەخاتە پاڵ نووسەر خۆی.


۱ .بڕوانە لاپه‌ڕه‌ ٣٦٩ له‌:

The Journal of Aesthetics and ArtCriticism, Vol. 45, No. 4 (Summer, 1987), pp. 369,by: Blackwell Publishing.