سروشتی مرۆڤ، تاک و کۆمەڵگا

بەشی یەکەم: سروشتی مرۆڤ (١-٣)

لە ئینگلیزییەوە: ڕێباز باوزی

سروشتی مرۆڤ، تاک و کۆمەڵگا[1]  

١- بەرایییەک بۆ باسەکە.

لە ڕاستیدا لە سەرانسەری تیۆری سیاسیدا، بابەتێکی دووبارەبووەوە هەیە، ئەویش پەیوەندیی تاک و کۆمەڵگایە. واتا دەستوپەنجەنەرمکردنە لەگەڵ کۆمەڵێک پرسی وەک: (سروشتی دادپەروەری، کایەی ئازادی، خواستی یەکسانی و بەهای سیاسەت)، لە قووڵاییی ئەم پرسانەدا، سروشتی مرۆڤ هەیە، ئەو شتەی کە مرۆڤ دەکات بە (مرۆڤ)، بە نزیکەیی هەموو پرەنسیپ و بیروباوەڕە سیاسییەکان لەسەر بنەمای جۆرێک لە تیۆری سروشتیی مرۆڤ دامەزراون، کە هەندێک جار بە ڕوونی داڕێژراون و هەندێ جاری دیکەش بە ناڕوونی ئاماژەیان پێ کراوە. بە پێچەوانەوە دابڕانی ئەو توخمە مرۆیییە ئالۆزانە، دۆخێکی پێشبینی نەکراوە لە سیاسەتدا، هەر بۆیە چەمکی سروشتی مرۆڤیش بۆ تیۆریستە سیاسییەکان، مایەی سەختییەکی زۆر بووە، مۆدێلەکانی سروشتی مرۆڤ جیاوازییەکی بەرچاویان هەیە و، هەر مۆدێلێکیش کاریگەریی ڕیشەیی لەسەر چۆنیەتیی ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە، بۆ نموونە مرۆڤەکان خۆخوازن یان کۆمەڵایەتین؟ عەقڵانین یان ناعەقڵانین؟ ئایا لە بنچینەدا ئەخلاقین یان لە بنەڕەتدا خراپەکار و گەندەڵن؟ ئایا بوونەوەری سیاسین یا بوونەوەری تایبەتن؟ وەڵامی ئەم پرسانە بە چڕی پەیوەندیی تاک و کۆمەڵگا دەگرێتە خۆی. بەتایبەتی تا چەند ڕەفتاری مرۆڤ لەلایەن هێزە سروشتییەکانەوە یا زگماکییەکانەوە لە قاڵب دەدرێت و تا چەند بە ژینگەی کۆمەڵایەتی مەرجدار دەکرێت؟ ئایا مرۆڤەکان (تاکەکان) سەربەخۆن لە یەکتر و خاوەنی کارەکتەری جیاواز و ناوەزەن، یا بوونەوەری کۆمەڵایەتین و ناسنامە و ڕەفتارەکانیان لەلایەن ئەو گرووپانە لە قاڵب دەدرێن، کە لێوەی هاتوون؟ ئەم جۆرە پرسانە نەک هەر بابەتگەلێکی بەردەوامی فەلسەفی بوون، یا هەڵبژاردنی نێوان ئەوەی پێی دەگوترێت (پەروەردە و سروشت)، بەڵکوو بەردی بناغەی یەکێک لە قووڵترین دابەشکارییە ئایدۆلۆژییەکان بوون، ئەویش ململانێی نێوان (تاکگەرایی و کۆمەڵگەرایی)یە.

١/١ سروشتی مرۆڤ[2]         

زۆر جار بیرۆکەی سروشتی مرۆڤ بە شێوەیەکی سادە و گشتگیر بەکار دەهێنرێت، وەک جۆرێک لە کورتکراوەی (ئا ئەمەیە مرۆڤ)، بەڵام لە کرداردا باسکردن لە سروشتی مرۆڤ، بریتییە لە ئەنجامدانی کۆمەڵێک گریمانەی گرنگ سەبارەت بە هەردوو دووانەی مرۆڤ و ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا دەژین.

هەرچەندە بۆچوونەکان لەبارەی ناوەڕۆکی سروشتی مرۆڤەوە جیاوازن، بەڵام خودی چەمکەکە واتایەکی ڕوون و یەکگرتووی هەیە. سروشتی مرۆڤ ئاماژەیە بۆ تایبەتمەندیی جەوهەری و نەگۆڕی مرۆڤەکان، جەخت دەکاتە سەر ئەوەی چی زگماکی”سروشتی”ییە لە ژیانی مرۆڤەکاندا و لە بەرانبەردا چی لە ڕێگای پەروەردە یا ئەزموونی کۆمەڵایەتییەوە بەدەست هێناوە، ئەمەش بەو مانایە نییە، کە ئەوانەی پێیان وایە ڕەفتارەکانی مرۆڤ زیاتر لەلایەن کۆمەڵگاوە لە قاڵب دەدرێن، نەک بە تایبەتمەندیی نەگۆڕ و زگماکی، وازیان لە بیرۆکەی سروشتی مرۆڤ هێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی سنووردار لە بیرمەندانی سیاسی بە ئاشکرا بیرۆکەی سروشتی مرۆڤیان ڕەت کردووەتەوە، بۆ نموونە، فەیلەسووفی بوونگەراییی فەڕەنسی ژان پۆڵ سارتەر (١٩٠٥-١٩٨٠)، ئاماژەی بەوە داوە، کە شتێک نییە بە ناوی (سروشتی مرۆڤ)ی تایبەتی، کە دەری بخات مرۆڤەکان چۆن مامەڵە یا ڕەفتار دەکەن. لە ڕوانگەی سارتەرەوە بوون پێش جەوهەرە، واتا مرۆڤ لە ڕێگای کار و کردەوەکانی خۆیەوە ئەزموونی ئازادی دەکات و پێناسەیەک بۆ خۆی چێ دەکات، لەم دۆخەدا جەختکردنەوە لەسەر هەر چەمکێکی دی لە سروشتی مرۆڤ، سووکایەتیکردنە بە خودی ئەو ئازادییە.

لە لایەکی دیکەوە بەکارهێنانی چەمکی سروشتی مرۆڤ، کورتکردنەوەی ژیانی مرۆڤ نییە، بۆ کاریکاتێرێکی یەکڕەهەندی، بەڵکوو زۆربەی بیریارانی سیاسی ئاگاداری ئەوەن، کە مرۆڤ بوونەوەرێکی ئاڵۆز و فرەلایەنە، لە توخمە بایۆلۆژی و فیزیکی و دەروونی و هزری و کۆمەڵایەتی، یا ڕۆحییەکان پێک هاتووە. بۆیە چەمکی سروشتی مرۆڤ چاوپۆشی لەم ئاڵۆزییە ناکات و نایشارێتەوە، ئەوەندەی هەوڵی ڕێکخستن و دیاریکردنی هەندێک تایبەتمەندی وەک “سروشتی” یا “جەوهەری” دەدات. جگە لەمەش شیاوە، ئەگەر هەر شتکی وەک “کرۆکی مرۆڤ” هەبێت لە ڕەفتاری مرۆڤدا ڕەنگ بداتەوە، بەڵام ڕەنگە هەمیشە ئەمە وا نەبێت، هەندێک لە تیۆریستەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بەشێک لە مرۆڤەکان نکووڵی لە سروشتی ڕاستەقینەی خۆیان دەکەن، بۆ نموونە، سەرباری بەڵگە و ئاماژەی زۆر پەیوەست بە ڕەفتاری چاوچنۆکی و خۆپەرستانە، هێشتا سۆسیالیستەکان لەو باوەڕەدان، کە مرۆڤەکان هاریکاری و کۆمەڵایەتین و پێیان وایە، ئەم ڕەفتارانە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە مەرجدارن و سروشتی نین.

بۆیە گرنگە لەبیرمان بێت، کە بە هیچ شێوەیەک سروشتی مرۆڤ چەمکێکی ڕوون و زانستی نییە، هەرچەندە لەوانەیە تیۆرییەکانی سروشتی مرۆڤ بانگەشەی بنەمایەکی ئەزموونی یا زانستی بکەن، بەڵام هیچ تاقیکردنەوەیەک یان لێکۆڵینەوەیەکی نەشتەرکارانە ناتوانێت “جەوهەر”ی مرۆڤ ئاشکرا بکات. بۆیە هەموو مۆدێلەکانی سروشتی مرۆڤ نۆرماتیڤ(پێوانەیی)ن، کە لە گریمانە فەلسەفی و ئەخلاقییەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە، بۆیە لە بنەڕەتدا تاقی ناکرێنەوە.

ئەم باسوخواسە ناکۆتایییانە لەسەر سروشتی مرۆڤ، بە شیوەیەکی تایبەتی پەیوەندییان بە تیۆریی سیاسییەوە هەبووە، ناوەندی سەرەکیی ئەم مشتومڕانەش پیی دەگوترێت پەیوەندیی (سروشت و پەروەردە)، ئایا مرۆڤ بەرهەمی فاکتەری زگماکی و بایۆلۆژییە، یان بە پەروەردە و ئەزموونی کۆمەڵایەتیی مۆدێرن کراوە؟ پرسێکی لەم جۆرەش بەقووڵی پەیوەندی بە تاک و کۆمەڵگاوە هەیە. لە لایەکی دیکەوە پرسی ئەوەی تا چەند ڕەفتاری مرۆڤ بەرەنجامی ژیرییە، کە بە عەقڵ و ئارگیومێنت ڕێنمایی دەکرێن؟ یا بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆتوبەندی پاڵنەرە ناعەقڵانییەکانن؟ لە کۆتاییدا ئایا خودی ئەو پاڵنەرانە چین کە زاڵن بەسەر ڕەفتارەکانی مرۆڤدا؟ بە تایبەتی ئایا مرۆڤ بە سروشتی خۆی خۆپەرست و ئیگۆخوازە، یان لە بنەڕەتدا هاریکار و خۆبەخش و کۆمەڵایەتییە؟ ئەم جۆرە ڕەچاوکردنانەش لە ڕێکخستنی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، بەتایبەت دابەشکردنی سامان و سەرچاوەی دیکە، زۆر گرنگن.

١/٢-١ سروشت بەرانبەر پەروەردە[3]   

ڕەنگە بنەڕەتیترین ئارگیومێنت سەبارەت بە سروشتی مرۆڤ ئەوە بێت، کە چی هۆکارێک یان هێزێک لە قاڵبی دەدات، ئایا کڕۆکی ئەم سروشتە جێگیرە یاخود پێدراوە، ئایا لەلایەن “سروشت”ەوە مۆدێرن کراوە، یاخود بە کاریگەریی ئەزموونی کۆمەڵایەتی یان “پەروەردە” پێکهاتە کراوە؟ لەم دۆخەدا “سروشت” بە واتای هۆکارە بایۆلۆژی یان بۆماوەیییەکان دێت. ئەمەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە کڕۆکی مرۆڤ سروشتێکی نەگۆڕ و دامەزراوە، ئەم بیروباوەڕانە گرنگییەکی زۆری لە تیۆری ساسیدا هەیە، لە پلەی یەکەمدا ئەوە دەگەیەنێت، کە پێویستە تیۆرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای چەمکێکی پێشوەختە بنیات بنرێن ئەویش سروشتی مرۆڤە، واتا بەسادەیی مرۆڤ ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگا نییە، بەڵکوو کۆمەڵگا ڕەنگدانەوەی سروشتی مرۆڤە.

دووەم؛ ئەوە پیشان دەدات، کە ڕەگ و ڕیشەی تێگەیشتنی سیاسی بەگشتی لە زانستە سروشتییەکان و بەتایبەتی لە زانستی بایۆلۆژیدایە، بۆیە دەبێت ئارگیومێنتە سیاسییەکان لەسەر بنەمای تیۆرییە بایۆلۆژییەکان بنیات بنرێن، کە سیمایەکی زانستی بەو ئارگیومێنتانە ببەخشن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی تیۆرییە بایۆلۆژییەکانی سیاسەت لە سەدەی بیستەمدا پەرەیان سەندووە.

بێگومان ئەو تیۆرییە بایۆلۆژییەی، کە زۆرترین کاریگەری لەسەر بیری سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبووە، بریتییە لە (تیۆری هەڵبژاردنی سروشتی –Theory of natural selection)­ی چارلس داروین (١٨٠٩-١٨٨٢)، کە لە کتێبی (ڕەچەڵەکی جۆرەکان –The Origin of Species) ساڵی (١٨٥٩) پەرەی پێداوە، ئامانجی داروین ڕوونکردنەوەی جۆراوجۆری ناکۆتاییی چەشنەکان بوو، کە لەسەر زەوی بوونیان هەبوو، ئەو پێی وابوو، هەر جۆرێک لە ڕێگەی زنجیرەیەک گۆڕانی بۆماوەییی هەڕەمەکییەوە، گەشە دەکات، کە هەندێکیان خۆیان دەگونجێنن و دەمێننەوە، لە کاتێکدا ئەوانەی توانای خۆگونجاندییان نییە، لە ناو دەچن. هەرچەندە وا دەردەکەوێت داروین ئاگادار بووبێت، کە تیۆرییەکانی دەرکەوتەیەکی ڕیشەییی سیاسییان هەیە، بەڵام پەرەی بەم ڕیشەیییە نەداوە.

یەکەم هەوڵ بۆ پێشخستنی تیۆری کۆمەڵایەتی داروینیزم، لەلایەن هیربێرت سپێنسەر (١٨٢٠-١٩٠٣) لە کتێبی (مرۆڤ بەرانبەر دەوڵەت) ساڵی (١٨٨٤) ئەنجام درا، سپێنسەر زاراوەی “مانەوەی بەهێزەکان”ی داهێنا، بۆ ئەو ململانێێ ناکۆتایییەی لەنێوان مرۆڤەکاندا هەیە، کە لە ڕێگەیەوە ئەوانەی باشترین خۆگونجاندنیان هەیە لەگەڵ سروشت، دەمێننەوە و دەچنە لووتکە، وە ئەوانەی ئارەزووی سروشت نین، نغرۆ دەبن، بەم مانایە سەرکەوتن و شکست، زەنگینی و هەژاری، لە ڕووی بایۆلۆژییەوە دیاری کراوە و دەستکاریکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سروشتی، تەنیا خزمەت بە لاوازی جۆرەکان “چەشنەکان” دەکات. ئەم ئایدیایانەش کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر لیبڕالیزمی کلاسیک هەبووە. وە ئەمەش بنچینەیەکی بایۆلۆژییانەی پێ بەخشی، بۆ دژایەتیکردنی دەستتێوەردانی دەوڵەت لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، لە لایەکی دیکەوە داروینیزمی کۆمەڵایەتی یارمەتیدەر بوو بۆ داڕشتنی بیروباوەڕی فاشیستی و ئەو ململانێ ناکۆتایییەی لەنێوان گەلان و ڕەگەزە جیاوازەکانی جیهاندا هەبوو.

لە سەدەی بیستەمدا، تیۆرییە سیاسییەکان زیاتر لەژێر کاریگەریی بیرۆکە بایۆلۆژییەکاندا بوون، بۆ نموونە، ئیسۆلۆجیستەکانی وەک: (کۆنراد لۆرێنز و نیکۆلاس تیمبێرگن) لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی ورد لە ڕەفتاری ئاژەڵان، تیۆرییەکانیان پەیوەست بە ڕەفتاری مرۆڤ پەرەپێدان.

لۆرینز لە کتێبی (دەربارەی شەڕانگێزی –On Aggression)دا (١٩٦٦) ئاماژەی بەوە داوە، کە شەڕانگێزی پاڵنەریکی سروشتییە و لە هەموو چەشنەکان”بوونەوەرەکان”دا بەدی دەکرێت، بە چەشنەکانی مرۆڤیشەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە لەسەر ڕوونکردنەوەی جەنگ و تووندوتیژیی کۆمەڵایەتی، وەک جۆرێک لە ڕەفتاری غەریزەیی و زگماکییانەی مرۆڤ. سەرهەڵدانی سۆسیۆ-بایۆلۆژی لە ساڵانی حەفتاکان و پەرەسەندنی دەروونناسی لە دواتردا، پاڵنەرێکی بەهێز بوو بۆ ئەوەی پیی دەگوترا شۆڕشی بایۆ-تێکنۆلۆژیا و هەڵدانەوەی DNAی مرۆڤ، بۆیە وای کردووە ڕوونکردنەوەی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی لە ڕووی بەرنامەسازی بایۆلۆژییەوە، پەیوەندی بە میراتی گوماناویی پەرەسەندنی ئێمەوە هەبێت. یەکێک لە کاریگەرترین بەرهەمەکانی سۆسیۆ-بایۆلۆژی کتێبی (جینی خۆپەرست –The Selfish Gene) (١٩٨٩)ی ڕیچارد داوکینز (١٩٤١-) بوو، کە مرۆڤ وەک “ئامێری جین” ڕوون دەکاتەوە، داوکینز پیی وابوو، کە هەردوو خۆپەرستی و مرۆدۆستی، سەرچاوەکەیان لە بایۆلۆژییاوەیە. لە زۆربەی دۆخەکاندا ئەم تیۆریایانە گشتگیرێتی ڕەچاو دەکەن، ئەوان پێیان وایە مرۆڤەکان سیمایەکی گشتگیر و هاوبەشیان هەیە، بە پشتبەستن بە میراتی بۆماوەیییەوە، بەڵام تیۆرییەکانی دیکە پێان وایە جیاوازییەکی بایۆلۆژیی بنەڕەتی لەنێوان مرۆڤەکاندا هەیە و ئەمانەش گرنگییەکی سیاسییان هەیە، کە لە دۆخی ڕەگەزپەرستەکاندا دەگونجێت، کە ڕەگەزە جیاوازەکان وەک ئەوەی جۆریکی نموونەیی بن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ڕەگەزپەرستەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە جیاوازیی بۆماوەییی بنەڕەتی لەنێوان ڕەگەزەکانی جیهاندا هەیە، بۆیە لە میراتی نایەکسانیی جەستەیی و دەروونی و هزرییاندا ڕەنگ دەداتەوە، کە بیروباوەڕی “نازیزمی ئاریایی” توندڕەوترین فۆڕمی دەرکەوتنی بوو، ئەو باوەڕەی کە گەلی ئەڵمانی “رەگەزی باڵان”.

هەروەها یەکێک لە قوتابخانە فێمینیزمییەکان، بە ناوی فێمێنیزمی ڕادیکاڵ، کە هەندیکجار پێی دەگوترێت “فێمینیزمی جوێخواز” پیی وایە جیاوازیی بایۆلۆژی و نەگۆڕ لەنێوان مرۆڤەکاندا هەیە، بۆ نموونە لەنێوان ژن و پیاودا، ئەم تیۆرییە پیی دەگوترێت “جەوهەرگەرایی” چونکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە جیاوازیی ژن و پیاو، ڕەگ و ڕیشەی لە سروشت “جەوهەری” ئەواندایە. بۆیە نایەکسانیی رەگەزی لەسەر بنەمای مەرجی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو لەسەر بنەمای مەرجی بایۆلۆژیی ڕەگەزی نێرە بۆ زاڵبوون بەسەر ڕەگەزی مێیینە. بۆ نموونە، لە کتێبی (دژ بە ئیرادەی ئێمە –Against Our Will) (١٩٧٥)ی سوزان بڕاونمیلەردا، ئاماژەی بەوە داوە، کە (هەموو پیاوان لە ڕووی بایۆلۆژییەوە بەرنامەڕێژ کراون، تا زاڵ بن بەسەر کۆی ژناندا)، یەکەمیان لە ڕیگەی دەستدریژییەوە و دووەمیش لە ترسی دەستدرێژی ئەو کارە دەکەن، دەرەنجامێک کە هەندێک لە تیۆری دەروونناسیی پەرەسەندنیش پشتگیری دەکەن.

لە بەرانبەردا، تیۆرییەکانی دیکەی سروشتی مرۆڤ زیاتر جەخت لەسەر “پەروەردە – ڕاهێنان” دەکەنەوە، واتا ژینگەی کۆمەڵایەتی یان ئەزموون، کاریگەری بەسەر کارەکتەری مرۆڤەوە هەیە. بە ڕوونی ئەم بۆچوونانە، گرنگی هۆکارە بایۆلۆژییە جێگیر و نەگۆڕەکان، کەم دەکەنەوە. لە بری ئەوە جەخت لەسەر جۆرێکی نەرم و نیان لە سروشتی مرۆڤ دەکەنەوە، یان ئەوەی پێی دەگوترێت “شێوەگیری”. کە ئەمەش گۆڕینی ئاراستەی تێگەیشتتنی سیاسییە لە بایۆلۆژیاوە بەرەوە کۆمەڵناسی، چونکە ڕەفتاری سیاسی، کەمتر خۆی لە قەرەی جەوهەری نەگۆڕی مرۆڤ دەدات، ئەوەندەی باس لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەکات، جگە لەوەش ڕزگارکردنی مرۆڤایەتییە لە کۆتە بایۆلۆژییەکان، بۆیە زۆر جار ئەم تیۆرییانە ئاڕاستەیەکی گەشبینانە و یۆتۆپیایی هەیە.

کاتێک سروشتی مرۆڤ نەگۆڕ و جێگیر بێت، ئەگەری پێشکەوتن و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی سنووردار دەبێت، بەڵام ئەگەر گۆڕاو و شێوەگیری بیت ئەوا دەرفەتەکان فراوان و ناکۆتا دەبن، خراپەکارییەکانی وەک، ململانیی کۆمەڵایەتی، ستەمکاری سیاسی و نایەکسانیی جێندەری، دەتوانین بە تەواوەتی بە سەریاندا زاڵ بین، چونکە لە بنەڕەتدا هۆکارەکەیان کۆمەڵایەتییە و بایۆلۆژی نییە.

بیرۆکەی ئەوەی کە سروشتی مرۆڤ شێوەگیرییە و لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە لە قاڵب دراوە، ناوەندی زۆرێک لە تیۆرییە سۆسیالیستەکانە، بۆ نموونە لە کتێبی (ڕوانگەیەکی نوێی کۆمەڵگا–A New View of Society) (١٨١٦) سۆسیالیستی بەریتانی ڕۆبێرت ئۆوین (١٧٧١-١٨٥٨) بنەمایەکی سادەی پێشخست، کە “هەر کارەکتەرێکی گشتی لە باشترینەوە بۆ خراپترین، لە دواکەوتووترینەوە بۆ ڕۆشنبیرترین جۆر، دەشێت لە کۆمەڵگایەکدا هەبێت”، لە نووسینەکانی کاڕڵ مارکسدا، ئەم بنەمایە لە ڕێگەی هەوڵێکەوە پەرەی سەندووە، کە ژینگەی کۆمەڵایەتی چۆن و بۆچی ڕەفتارەکانی مرۆڤ مەرجدار دەکات. مارکس پێی وایە “ئەمە هۆشیاری مرۆڤەکان نییە کە بوونیان دیاری دەکات، بەڵکوو بە پێچەوانەوە بوونە کۆمەڵایەتییەکانیان هۆشیارییان دیاری دەکات”. مارکسیستەکانی دواتر پێیان وابوو، کە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هزری بە شێوازی بەرهەمهێنانی ژیانی ماددیی “سیستمی ئابووریی هەنووکەیی” مەرجدار کراوە. بەڵام مارکس لەو باوەڕەدا نەبوو، کە سروشتی مرۆڤ ڕەنگدانەوەی پاسیڤی ژینگەی ماددی بێت، بەڵکوو مرۆڤ کارکەرە و بەرهەمهێنەرە، بەردەام لە هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی ئەو جیهانەدایە، کە تێیدا دەژیت. بەم پێییە لە ڕوانگەی مارکسەوە سروشتی مرۆڤ لە ڕێگەی پەیوەندییەکی دینامیکی “دیالێکتیکییەوە” لەنێوان مرۆڤایەتی و جیهانی ماددیدا شکڵ دەگرێت و فۆڕموولە دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە فێمینیستەکان پشتگیریی لەو بۆچوونە دەکەن، کە ڕەفتاری مرۆڤ لە زۆربەی دۆخەکاندا بە هۆکاری کۆمەڵایەتی مەرجدار کراوە، بۆ نموونە لە بەرهەمە سەرەکییەکەیدا (ڕەگەزی دووەم–The Second Sex) (١٩٤٩) سیمۆن دی بۆڤوار (١٩٠٨-١٩٨٦) ئەوەی خستە ڕوو، کە “بە ژنێتی لەدایک نابین بەڵکوو دەبین بە ژن” پەیوەست بە ڕەتکردنەوەی چەمکی جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان ژن و پیاو. فێمینیستەکان وێنەیەکی بنەڕەتیی ناڕەگەزی “ئەندرۆجینی”یان لە سروشتی مرۆڤ دیاری کردووە، چونکە جیاکاریی ڕەگەزی لە ڕێگەی پڕۆسەی مەرجی کۆمەڵایەتییەوە دێتە بوون، بەتایبەتی لە خێزاندا، بۆیە دەتوانرێت سەرەنجام بەرەنگاری بکرێت و بنبڕ بکرێت.

چارلس داروین (١٨٠٩-١٨٨٢) بایۆلۆژیست و جیۆلۆجیست و فەیلەسووفی بەریتانی

لە لایەکی دیکەوە دەروونناسانی ڕەفتارگەرا پشتگیریی سروشتی ناجێگیری و گۆڕاوی مرۆڤ دەکەن، کە بە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان لە قاڵب دەدرێت، هەر یەک لە (پاڤلۆڤ، جۆن واتسن و برووس سکینەر) پێیان وایە، بەسادەیی ڕەفتاری مرۆڤ لە ڕێگەی کاردانەوە و بەرپەرچدانەوەوە دیاری دەکرێت، هەر لەبەر ئەمەشە سروشتی مرۆڤ دەرکەوتەی ژینگەکەیەتی. بۆ نموونە پاڤلۆڤ ئەوەی ڕوون کردەوە، کە چۆن ئاژەڵەکان دەتوانن لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی تووندی مەرجدارکردنەوەوە فێر بن، بە پاداشتکردنیان بۆ پیشاندانی ڕەفتارێکی درووست، ئەمەش بە ئەنجامدانی لەسەر سەگێک، کە لە تیۆرییاکاندا بە (سەگەکەی پاڤلۆڤ) ناودارە. ئەم بیرۆکانە بوونە بنەمای دەرکەوتنی دەروونناسی لە یەکێتیی سۆڤیەتدا، کە ڕەفتارگەرایی بەڵگەی زانستی بۆ تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکانی مارکس دابین دەکرد. دەروونناسی ئەمریکایی برووس سکینەر پێی وابوو، کە بە تەواوەتی پڕۆسە ناوەکییەکان ڕەفتاری مرۆڤ دیاری دەکەن، بۆیە مرۆڤی وەک “سندوقێکی ڕەش” وێنا دەکرد، سکینەر(١٩٠٤-١٩٩٠) لە کتێبی (ئەودیوی شکۆ و سەربەستی-Beyond Freedom and Dignity )(١٩٧١)دا وێنەیەکی دیاریکراوی سروشتی مرۆڤی خستە ڕوو، سکینەر پێشنیاری ئەوەی کرد و ناونیشانی ئەوەی دانا، کە با شکۆ و ڕێز لەخۆگرتن لە سەگەکەی پاڤلۆڤ زیاتر نەبیت. واتا رەفتارەکانی مرۆڤ بەرەنجامی کار و کاردانەوەیە و ئەمەش پێچەوانەی ویستی سروشتییانەی ئازادییە. ئەم جۆرە بۆچوونانە بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ پشتگیریکردنی بیرۆکەی ئەندازیاری کۆمەڵایەتی بەکار هێنران، بیرۆکەی ئەوەی دەتوانین ئەو مرۆڤانە دروست بکەین کە دەمانەوێت، تەنیا بە بنیاتنانی ژینگەی کۆمەڵایەتیی گونجاو.

١/٣-١  ژیریی بەرانبەر (غەریزە– ڕەمەک)[4]  

ناوەندی گفتوگۆی دووەمان لەسەر ڕۆڵی عەقڵانییەتە لە ژیانی مرۆڤدا، بەڵام ئەمە ڕۆ ناچێتە ناو دیاریکردنی پەیوەندیی نێوان فەلسەفەی عەقڵانی و ناعەقڵانی. پرسی سەرەکیی ئەوەیە کە تا چی ڕادەیەک عەقڵ کاریگەری لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ هەیە؟ ئەمەش پیشاندانی جیاوازییە لەنێوان ئەو کەسانەی جەخت لەسەر بیرکردنەوە و شیکاری عەقڵانی دەکەنەوە و ئەوانەیش تیشک دەخەنە سەر ڕۆڵی “پاڵنەر –Impulse” و غەریزە، یا پاڵنەرە ناعەقڵییەکانی تر.

باوەڕبوون بە هێزی عەقڵی مرۆڤ لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا، کە بە سەدەی عەقڵ ناسراوە لە سەدەی حەڤدە و هەژدەدا، گەیشتە ترۆپک. لەو ماوەیەدا فەیلەسووفان و بیرمەندانی سیاسی لە دۆگمایی و باوەڕی ئایینی دوورکەوتنەوە و لە بری ئەوە بیرۆکەکانیان لەسەر بنەمای عەقڵانیزم دانا، ئەو باوەڕەی کە جیهانی فیزیکی و کۆمەڵایەتی تەنیا بە ئەزموونی عەقڵی دەتوانرێت ڕوون بکرێتەوە. بەپێی ئەم بۆچوونە مرۆڤ لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی عەقڵانییە و لەلایەن عەقڵ و پڕۆسەی شیکردنەوە و ئارگیومێنتەوە ڕێنوێنی دەکرێت، وەها بۆچوونێکیش بەڕوونی لە دەربڕاوە دوالیزمەکەی فەیلەسووفی فەڕەنسی ڕێنی دیکارت (١٥٩٦-١٦٥٠) دەرخرابوو، [بیر دەکەمەوە، کەواتا هەم –Cogito Ergo Sum]، لە ڕاستیدا دیکارت مرۆڤی وەک ئامێری بیرکردنەوە وێنا دەکرد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت عەقڵ تەواو جیاوازە لە جەستە. واتا عەقلانییەت ئەوە دەگەیەنێت، مرۆڤ توانای ئەوەی هەیە ژیان و جیهانەکەی دابڕێژێت، ئەگەر مرۆڤەکان بوونەوەرێکی عەقلانی بن، ئەوا بەڕوونی چێژ لە ویستی ئازادی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەبینن، بۆیە تیۆرییە عەقلانییەکانی سروشتی مرۆڤ زیاتر گرنگی بە ئازادی و خۆبەڕێوەبەری تاک دەدەن، جگە لەوەش زۆر جار عەقلانیزم بنەمای بیری سیاسیی رادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەیە، تا ئەو ڕادەیەی چەندە مرۆڤ توانای تێگەیشتنی لە جیهانەکەی هەبێت، ئەوەندەش توانای باشترکردن و ڕیفۆڕمی هەیە.

سەرەتاییترین بیرە عەقڵانییەکان سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسووفانی یۆنانی کۆن، بۆ نموونە ئەفڵاتوون (٣٢٧-٣٤٧ پ.ز) پێی وایە باشترین فۆڕمی حکوومەت ئەوەیە، کە لەلایەن نووخبەیەکی ڕۆشنبیرەوە فەرمانڕەوایی بکرێن، ئەوانیش (فەیلەسووف و پاشاکانن)، هەروەها بیرۆکە عەقڵانییەکان لە سەرهەڵدانی ڕێبازی لیبڕاڵ و سۆسیالیستی لە سەدەی نۆزدەدا کاریگەرییەکی بەرچاویان هەبوو. بیرمەندانی لیبڕاڵی وەک جۆن ستیوارت میل (١٨٠٦-١٨٧٣) تا ڕادەیەکی زۆر تیۆرییەکانیان لەسەر بنەمای ئەوە داڕشتبوو کە مرۆڤ بوونەوەرێکی عەقڵانییە، ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە بۆچی میل ئەوەندە بڕوای بە ئازادیی تاک هەبووە، بە شێوەیەک بە ڕێنمایی عەقڵی دەتوانن بە دوای بەختەوەری و کەتوارەکی خۆیاندا بگەڕێن. بە هەمان شێوە میل پەیوەست بە مافی دەنگدانی ژنان پێی وابوو، کە ژنانیش وەک پیاوان عەقڵانین و مافی ئەوەیان هەیە کاریگەریی سیاسییان هەبێت، لە بەرانبەردا تیۆرییە سۆسیالیستییەکانیش لەسەر بنەمای عەقلانیەت بنیات دەنران، ئەمەش لە نووسینەکانی (مارکس و ئەنگڵز)دا بەڕوونی دیار بوو، ئەوان برەویان بەو شتە دا، کە پێی دەگوترا “سۆسیالیزمی زانستی”، مارکس و ئەنگلز لە بری ئەوەی خۆیان بە شیکاری ئەخلاقی و جەختکردنە ئەخلاقییەکانەوە خەریک بکەن، یان ئەوەی پێی دەگوترێت (سۆسیالیزمی یۆتۆپی)، زیاتر هەوڵیان دەدا لە ڕێگەی پڕۆسەی شیکاری زانستییەوە داینامیکی مێژوو و کۆمەڵگا ئاشکرا بکەن. بۆ نموونە کاتێک پێشبینیی کۆتاییی سەرمایەدارییان کرد، لەبەر ئەوە نەبوو کە پێیان وایە لە ڕووی ئەخلاقییەوە خراپە، بۆیە شایانی لەناوچوونە، بەڵکوو شیکارییەکانیان وای دەردەخست کە دەبێت ڕوو بدات، ئەمەش ئەو ئاڕاستەیە بوو کە مێژووی دەجووڵاند.

(کۆنراد لۆرێنز) ئاماژەی بەوە داوە کە شەڕانگێزی جۆرێکە لە ڕەفتاری ڕاهاتووی بایۆلۆژی و لە ڕێگەی پڕۆسەی پەرەسەندنەوە گەشەی کردووە، بۆیە شەڕانگێزی و دڕندەییی مرۆڤ وەک جۆرێکی زگماکی”سروشتی” دەبینرێت، کە هەر ‌هەوڵێک بۆ سنووردارکردنی ئەم تووندوتیژی و نائارامییە کۆمەڵایەتی و شەڕانگێزییە، بێئاکامە.

ئەم دیدە بۆ مرۆڤ وەک ئامێری بیرکردنەوە لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمەوە سەرنجێکی زۆری رەخنەیی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، خەونی ڕۆشنگەری بۆ جیهانێکی ڕێک و عەقڵانی و هەڵکردن و لێبوردەیی”تۆلێرانس” بەهۆی بەردەوامبوونی ململانێ کۆمەڵایەتییەکان و سەرهەڵدانی هێزە بەهێز و بەڕواڵەت ناعەقلانییەکانی وەک ناسیۆنالیزم و ڕەگەزپەرستی، بە شێوەیەکی خراپ تووشی نەنگی بوو. ئەمەش بووە هۆی پەرسەندن و گرنگیدان بەو کاریگەرییانەی هەست و سۆز و غەریزە و پەڵنەرە دەروونییەکانی دیکە، لەسەر سیاسەت هەیانە. وە لە هەندێک ڕووەوە ئەم گەشەسەندنانە لەسەر نەریتێکی دامەزرا و جێگیر بنیات نرابوون، ئەمەش تا ڕادەیەک لای بیرمەندە کۆنزێرڤاتیڤەکان “نەریتخوازەکان” بەدی دەکرا، وەک جۆرێک لە کاردانەوە بەرانبەر عەقڵانییەت، بۆ نموونە ئێدمۆند بێرک (١٧٢٩-١٧٩٧) جەختی لەسەر ناکامڵی ژیریی مرۆڤەکان دەکردەوە، بە تایبەت کاتێک تووشی تەنگژەی ژیانی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، بە کورتی ناتوانین کەشفی جیهان و ئاڵۆزییەکانی بکەین و عەقڵی مرۆڤ تووشی جۆرێک لە ئاڵۆزی و سەرلێشێواوی دەبێت بۆ تێگەیشتن لە دیاردەکانی. بۆچوونێکی لەم جۆرە کاریگەرییەکی قووڵی نەریتخوازانەی هەبوو، لەسەر ئەو تیۆریا عەقلانیەی کە لیبڕاڵ و سۆسیالیستەکان خەونیان پێوە دەبینی، بەوەی کە مرۆڤ دەتوانێت هۆشیارانە باوەڕی خۆی بە دابونەریت و بیروباوەڕەکانی چێ بکات. لە هەمان کاتدا تیۆریستە نەریتخوازەکان لە کەسە سەرەتایییەکان بوون کە دانیان بە هێزی ناعەقڵانیدا ناوە، بۆ نموونە تۆماس هۆبز (١٥٨٨-١٦٧٩) باوەڕی بە هێزی عەقڵی مرۆڤ هەبووە، بەڵام تەنیا وەک ئامرازێک بۆ ئامانجێک، بە بڕوای هۆبز ئارەزووە ناعەقلانییەکان زاڵن بەسەر مرۆڤدا، ڕق و کینە، ترس، هیوا و ئارەزوو، کە بەهێزترینینان خواستی بەکارهێنانی دەستەڵاتە بەسەر ئەوانی دیکەدا. لە بنەڕەتدا ئەم تێڕوانینە ڕەشبینانە بۆ سروشتی مرۆڤ وای کرد هۆبز بگاتە ئەو ئەنجامەی کە تەنها حکوومەتێکی بەهێز و خۆسەپێن دەتوانێت ڕێگری لە کۆمەڵگا بکات لە کەوتنە نێو ئاژاوە و پشێویی. هەروەها بێرک جەختی لەوە دەکردەوە هەستە ناعەقڵانییەکان ڕۆڵیان هەیە لە داڕشتنی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، لە کاتێکدا ئەوەی ناوی لێ نابوو “عەقڵی ڕووت” کەمتر ئەو ڕۆڵەی هەیە، لەدایکبوون بە غەریزە سروشتییەکانەوە ئاسایش و هەستکردن بە ناسنامەی کۆمەڵایەتی بۆ مرۆڤەکان دابین دەکات. هەندێک لە زانایانی بایۆلۆژیی مۆدێرن ڕوونکردنەوەیەکی زانستییان بۆ ئەم بابەتە پێشکێش کردووە، بەتایبەت (کۆنراد لۆرێنز) ئاماژەی بەوە داوە کە شەڕانگێزی جۆرێکە لە ڕەفتاری ڕاهاتووی بایۆلۆژی و لە ڕێگەی پڕۆسەی پەرەسەندنەوە گەشەی کردووە، بۆیە شەڕانگێزی و دڕندەییی مرۆڤ وەک جۆرێکی زگماکی”سروشتی” دەبینرێت، کە هەر ‌هەوڵێک بۆ سنووردارکردنی ئەم تووندوتیژی و نائارامییە کۆمەڵایەتی و شەڕانگێزییە، بێئاکامە.

بەشێک لە کاریگەرترین تیۆرییەکان، بۆ ڕوونکردنەوەی پاڵنەرە ناعەقڵانییەکان لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ پەیوەست بوون بە دەرووناسیی فرۆیدییەوە، کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا پەرەی پێدرا. سیگمۆند فرۆید (١٨٥٩-١٩٣٩) سەرنجی خستە سەر جیاوازیی نێوان “عەقڵی ئاگایی” کە بارکراوە بە کار و فەرمانی عەقڵانی و “عەقڵی نائاگایی – ناهۆشەکی” کە یادەوەریی چەپێنراو و کۆمەڵێک پاڵنەری دەروونی بەهێزی لەخۆ گرتووە. بەتایبەت فرۆید تیشکی خستە سەر سێکسییەتی مرۆڤ، کە بە [ ID ] دەناسرێت، ئەم بەشە کانگای وزە دەروونییەکانە و مرۆڤ هەر لە لەدایکبوونەوە هەڵگرییەتی، کە سەرەتاییترین غەریزەیە لەناو نائاگاییدا، هەروەها لیبیدۆ [ Libido ] وزە دەروونییەکان کە لە ID ییەوە سەرچاوە دەگرن پەیوەستن بە ئارەزووی سێکسییەوە. لە کاتێکدا فرۆید خۆی جەختی لەسەر لایەنی چارەسەریی ئەم بیرۆکانە دەکردەوە و زنجیرەیەک تەکنیکی پەرە پێدا کە بە شێوەیەکی گشتی بە (دەروونشیکاری –Psychoanalysis) ناسراون.

بەشێکی دیکە پێیان وابوو کە ئەم دەرخستانەی فرۆید گرنگی سیاسییان هەیە، یەکێک لە فێرخوازەکانی دواتری فرۆید ویلیام ڕایش (١٨٩٧-١٩٥٧) بوو، کە ڕوونکردنەوەیەکی بۆ فاشیزم لەسەر بنەمای بیرۆکەی سێکسییەتی چەپێنراو خستە ڕوو، بیرمەندانی چەپی نوێی وەک (هێربێرت مارکۆزە) و فێمینیستەکانی وەک (جێرماین گریر) لە پەرەپێدانی سیاسەتی ڕزگاریی سێکچواڵێتیدا سوودیان لە دروونناسیی فرۆید وەرگرتووە.

١/٤١ململانێ بەرانبەر هەماهەنگی[5]   

ناوەندی ناکۆکییەکانی بواری سێییەم پەیوەستە بەوەی، ئایا مرۆڤەکان لە بنەڕەتدا خۆپەرست و ئیگۆیستن، یان بە شێوەیەکی سروشتی کۆمەڵایەتی و هاریکارن. ئەم مشتومڕانە گرنگییەکی سیاسیی بنەڕەتییان هەیە، چونکە ئەم تیۆرییە دژبەیەکانەی سروشتی مرۆڤ، پشتگیری لە فۆڕمە ڕیشەیی و جیاوازەکانی ڕێکخستنی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەکەن. ئەگەر مرۆڤ بە سروشتی خۆی بەرژەوەندیخواز بێت، ئەوا ململانێ لە نێوانیاندا تایبەتمەندییەکی حەتمیی ژیانی کۆمەڵایەتییە و لە هەندێک لایەنەوە تایبەتمەندییەکی تەندرووستە، لەگەڵ ئەوەشدا تێۆرییەکی لەم شیوەیەی سروشتی مرۆڤ تا ڕادەیەکی زۆر بە بیرۆکە تاکگەرایییەکانی وەک، مافی سروشتی و خاوەندارییەتی تایبەتی پەیوەستە، زۆر جاریش وەک پاساوێک بۆ بازاڕ یان نەزمی ئابووری سەرمایەداری بەکار دێت، لە چوارچێوەیەکدا کە تاکەکان باشترین دەرفەتیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان.

ئەو تیۆرییانەی کە سروشتی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خۆپەرست و بەرژەوەندیخواز وێنا دەکەن، دەتوانرێت لای یۆنانییە کۆنەکانیش بەدی بکرێت، بەتایبەت لای هەندێک لە سۆفیستەکان، بەڵام لە سەرەتای قۆناغی مۆدێرندا بە شیوەیەکی سیستماتیک پەرەیان پێدرا. لە بیری سیاسیشدا لە گەشەکردنی تیۆرییەکانی مافی سروشتیدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، بەتایبەت کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد، هەر تاکێک خودا بە کۆمەڵی مافی جێگیرەوە دروستی کردووە، ئەم مافانەش تەنیا و تەنیا هی تاکن. سوودگەرایی (Utilitarianism) کە لە کۆتاییی سەدەی هەژدەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا پەرەی سەندووە، هەوڵی دا ڕوونکردنەوەیەکی بابەتییانە و زانستییانە لە بارەی خۆپەرستی مرۆڤەوە پێشکێش بکات، جێرمی بێنتام (١٧٤٨-١٨٣٢) مرۆڤی وەک بوونەوەرێکی (چێژپەرست – ‌Hedonistic) و خۆشیخواز وێنا کردووە، لە ڕوانگەی بێنتامەوە چێژ و بەختەوەری سروشتییانە باشە و ئازار و ناخۆشیش سروشتییانە خراپە، بۆیە تاکەکان هەوڵ دەدن بۆ ئەوەی زۆرترین چێژ و کەمترین ئازار بەدەست بهێنن، بۆیە خەمڵاندنی هەریەکێکیان لە ڕووی زاراوەی “سوودگەرایی”یەوە، لە سادەترین شێوەدا پەیوەستە بە بەهای بەکارهێنانیانەوە. ئەم تێڕوانینە بۆ مرۆڤ، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هەردوو تیۆریی (ئابووری و سیاسی) هەبووە. ئابووری تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای مۆدێلی “هۆمۆ-ئیکۆنۆمییک”[6] دامەزراوە و لە رووی ماددییەوە، تا ئەوپەڕی بەرژەوەندیخواز و خۆپەرستە. ئەم گریمانە فەلسەفییانە بۆ ڕوونکردنەوەی چالاکی و هاوسەنگی سەرمایەداریی بازاڕ بەکار دەهێنرێن، هەروەها بنەمای تیۆرییە سیاسییەکانیشن، لە تیۆرییەکانی (گریبەستی کۆمەڵایەتی –Social-Contract )ی سەدەی حەڤدەدا درێژ دەبێتەوە تا هەڵبژاردنی گشتی قوتابخانەکانی زانستی سیاسیی مۆدێرن.

پشتگیریی زانستی بۆ سروشتی بەرژەوەندیخوازییانەی مرۆڤ، لەسەر بنەمای داروین و بیرۆکەی جۆرێک لە تێکۆشان بۆ مانەوە بوو، بەڵام بیرۆکە داروینییەکان دەتوانرێت بە شێوازی زۆر جیاواز لێک بدرێنەوە، نووسەرانی وەک (لۆرێنز و ئاردرێ) پێان وایە، هەر ئەندامێکی چەشنەکان لە ڕووی بایۆلۆژییەوە بەرنامەڕێژ کراوە، تا مانەوەی خودی چەشنەکە مسۆگەر بکات. بۆچوونێکی لەم چەشنە ئەوە پیشان دەدات کە بوونەوەرەکان، لەوانەش مرۆڤەکان لە کۆتاییدا بۆ مانەوەی “چەشنە باشەکان” تێدەکۆشن، بیرۆکەیەک کە لە ئامادەگی دایکێکدا ڕەنگ دەداتەوە، بۆ قوربانیدان بە هیوای پاراستنی بەچکەکانی. بە واتایەکی دیکە تاکەکان ڕەفتارێکی هەماهەنگییانە و کۆمەڵایەتی پیشان دەدەن تا ئەو ڕادەیەی چەشنەکان (جۆرەکان –Species) بخەنە پێش خۆیانەوە. لە لایەکی دیکەوە نووسەرانی مۆدێرنی وەک ڕیچارد داوکینز (١٩٨٩) ئاماژەیان بەوە کردووە، کە هەموو جینێک، ئەوانەی تایبەتن بە تاکی جیاجیا، هێڵێکی خۆپەرستانەی هەیە و بەدوای مانەوەی خۆیدا دەگەڕێت.

تیۆرییەکی لەم جۆرە، ئەوە دەخاتە ڕوو، کە خۆپەرستی و ململانێ لەنێوان تاکەکاندا لە بنەڕەتدا جۆرێکە لە ڕەفتارێکی بایۆلۆژی بەرنامەڕێژکراو، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت بە شێوەیەکی نەزانانە خۆپەرستن

تیۆرییەکی لەم جۆرە، ئەوە دەخاتە ڕوو، کە خۆپەرستی و ململانێ لەنێوان تاکەکاندا لە بنەڕەتدا جۆرێکە لە ڕەفتارێکی بایۆلۆژی بەرنامەڕێژکراو، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت بە شێوەیەکی نەزانانە خۆپەرستن. هەرچەندە داوکینز پێی وابوو کە تاک بە خۆپەرستی لەدایک دەبێت، بەڵام جەختیشی لەوە دەکردەوە کە دەتوانرێت دەستکاری ئەم ڕەفتارانە بکرێت، ئەگەر فێری (بەخشندەیی و مرۆدۆستی) بکرێن.

وێنەیەکی زۆر جیاوازی سروشتی مرۆڤ وا لەناو ئایینە گەورەکانی جیهاندا خراوەتە ڕوو، ئایینە یەکتاپەرستەکانی وەک مەسیحییەت و ئیسلام و جوولەکە، مرۆڤ وەک دروستکراوێکی پیرۆزی خودا وێنا دەکەن، بۆیە ڕۆح وەک جەوهەری مرۆڤ دەبینێت، نەک لایەنی ئاوەزی و فیزیکی، کە لە ئایینی مەسیحییەت بە (ڕۆح -Soul) نوێنەرایەتی دەکرێت، ئەو باوەڕەی کە مرۆڤ دروستکراوێکی ئەخلاقییە و بە قەدەری خودایییەوە بەستراوەتەوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر باوەڕی سۆسیالیستی هەبووە، بەوەی کە جەخت لەسەر گرنگی بەزەیی و دلۆڤانی و مرۆڤایەتییەکی هاوبەش دەکاتەوە. ئایینە ڕۆژهەڵاتییەکانی وەک هیندۆسی و بوودایی جەختێکی زۆر لەسەر یەکبوون و پێکەوەژیان دەکەنەوە، هەروەها بڕوایان بە بە فەلسەفەی ناتووندوتیژی هەیە. بۆیە جێگەی سەرسووڕمان نییە زۆر جار بیری ئایینی بنەمای تیۆرییەکانی سۆسیالیزمی ئەخلاقی بوون، بەڵام هەڵە دەبێت ئەگەر وا دابنێین هەموو تیۆرییە ئایینییەکان کاریگەریی سۆسیالیستییان هەیە. بۆ نموونە بیروباوەڕی پڕۆتستانتەکان پێداگری لەسەر ڕزگاریی تاک و جەختکردنەوە لەسەر بەهای ئەخلاقی و خەبات و تێکۆشان دەکات، کە زۆر جار پیی دەگوترێت (ئەخلاقی پڕۆتستانت –Protestant ethic) کە زیاتر پەیوەستە بە بیرۆکەی خود-هاریکاری و بازاڕی ئازاد، تا میهرەبانی و بەزەییی سۆسیالیستی. جگە لەوەش باوەڕی مەسیحی بە (گوناهی ڕەسەن –Original Sin)[7] دیدێکی ڕەشبینانەی بۆ مرۆڤایەتی چێ کردووە و لە بەرانبەردا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بیری سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبووە، ئەمەش لە نووسینەکاکنی سانت ئۆگستین و مارتن لۆثەردا ڕەنگی داوەتەوە.

هەروەها تیۆرییە سکیۆلارییەکانیش هەوڵیان داوە سەرنج بخەنە سەر (جەوهەری کۆمەڵایەتی)ی سروشتی مرۆڤ، بە شێوەیەکی نەریتی جەختیان خستۆتە سەر گرنگی بوونە کۆمەڵایەتییەکەی، بەوەی کە هەم بە شێوەی کۆمەڵ دەژین و هەمیش هەماهەنگیی کۆمەڵایەتییان هەیە وەک ئەندام و پێکهێنەرانی کۆمەڵگەیەک، بۆیە خۆپەرستی و ململانێ بە هیچ شێوەیەک سروشتی نییە و بەڵکوو بەرهەمی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییە بەوەی کە لەسەر بنەمای پاداشت و هاندان بنیات نراوە. کڕۆکی بوونی مرۆڤ کۆمەڵایەتی و هاریکارە، تیۆرییەک کە بە ڕوونی بەکار هات بۆ ئامانجی کۆمۆنیستی و خاوەندارییەتیی کۆمەڵ، یان نموونەی سۆسیالیستی مامناوەندی بۆ دەوڵەتی خۆشگوزەرانی. یەکێک لەو چەند هەوڵانەی بۆ پەرەپێدانی تیۆرییەکی زانستی پەیوەست بە سروشتی مرۆڤ بە درێژاییی هێڵەکانی کۆمەڵایەتیبوون و پڕۆسەی هەماهەنگی، لەلایەن پیتەر کڕۆپۆتکین (١٨٤٢-١٩٢١)ەوە ئەنجام درا.

blank
پیتەر کڕۆپۆتکین (١٨٤٢-١٩٢١) جوگرافیناس و تیۆریستێکی ئەنارکیستی ڕووسی

پیتەر کڕۆپۆتکین (١٨٤٢-١٩٢١) جوگرافیناس و تیۆریستێکی ئەنارکیستی ڕووسی بوو، یەکەمین کوڕی بنەماڵەیەکی خانەدان بوو، کە چووە خزمەتی سەربازی تسار ئەلێکساندەری دووەم، کرۆپۆتکین لە کاتی خزمەت لە ناوچەی جورای سنووری نێوان فەرەنسا و سویسڕا، بیرۆکەی ئەنارکیستی لا گەڵاڵە بوو. لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ڕووسیا لە ڕێگەی بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکانەوە بەژداری چالاکیی شۆڕشگێڕانە دەکات و هەر ئەمەش دەبێتە هۆی زیندانیکردنی لە سانت پرۆسبۆرگ لە ساڵی (١٨٧٤). دوای هەڵهاتنی لە زیندان، لە دەربەدەریدا و ڕووی لە ئەورووپای ڕۆژئاوا کرد، دوای شۆڕشی ساڵی (١٨١٧) دەگەڕێتەوە بۆ ڕووسیا. ئەنارکیزمی کرۆپۆتکین هەم بە ئەزموونە ڕووسییەکەی لە قاڵب دراوە و هەمیش بەتایبەتی سەرسامی خۆ-بەڕیوەبەری جەماوەری، کە بەژدارن لە کۆمۆنەی نەریتی جووتیارانی ڕووسیادا. ئەمەش بناغەیەکی پتەوی زانستی-عەقڵانی پێبەخشی، ئەنارکیزمی زانستی کڕۆپۆتکین لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (هاریکاریی هاوبەش-Mutual Aid) ئاماژەی پێکراوە. ئەو خواستی دووبارە کارکردن بوو لەسەر تیۆری پەرەسەندنی داروینی، کە دەیگوت: هاریکاری و هاودەنگیی کۆمەڵایەتی، نەک کێبڕکێ و ململانێ. کڕۆپۆتکین لایەنگری (ئەنارکۆ-کۆمۆنیزم) بوو، سەرمایەداری و دەوڵەتی وەک بەربەستێک لە بەردەم کۆمەڵایەتیبوونی سروشتی مرۆڤدا دەبینی.

کڕۆپۆتکین بیرۆکەی پەرسەندنی قبووڵ کرد، کە لە دوای داروینەوە بەسەر بایۆلۆژیدا زاڵ بوون، بەڵام هیچ کۆک نەبوو لەگەڵ بیرۆکەی (مانەوەی بەهێزەکان-دا). لە کتێبی (هاریکاری هاوبەش –

Mutual Aid)(1902)دا تیۆرێکی پەرەپێدا، کە لە بنەڕەتدا جۆرێک بوو لە ئاڵنگاری پەرەسەندنی داروین، لە بری ئەوەی کۆک بێت لەگەڵ ئەوەی مانەوەی چەشنەکان، بەرەنجامی خەبات و کێبڕکییەی ئەو ئەوەی خستە ڕوو، ئەو چەشنەی کە مرۆڤ لە جۆرە کەمتر سەرکەوتووەکان جیا دەکاتەوە، توانا و گەشەسەندنییەتی بۆ هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەش. بۆیە هاریکاری تەنیا بیرۆکەیەکی ئەخلاقی یان ئایینی نییە، بەڵکوو پێویستییەکی کارەکییە کە پڕۆسەی پەرەسەندن کردوویەتی بە بەشێکی بنەڕەتی لە سروشتی مرۆڤ. لەسەر ئەم بنەمایە، بیرۆکەکانی کڕۆپۆتکین هەم لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستیدا- بوو کە تێیدا سامان بە هاوبەشی لەلایەن هەمووانەوە خاوەندارێتی دەکرێت، هەمیش جۆرێک لە ئەنارکیزم کە مرۆڤ دەتوانێت بە هاوکاری و ئاشتییانە کاروباری خۆی ڕاپەڕێنێت.

سەرچاوە: ئەمە پاژی سێیەمە لە بەشی یەکەمی کتێبی

Political Theory An introduction, “Andrew Heywood”

 Third Edition


[1] Human nature, the Individual and society

[2] Human Nature

[3] Nature Versus Nurture

[4] Intellect Versus Instinct

[5] Competition Versus Cooperation

[6]– هۆمۆئیکۆنۆمیکۆس، یان مرۆڤی ئابووری، وێناکردنی مرۆڤە وەک بکەرێکی عەقلانی، کە بەردەوام و زۆر بە بەهێزی خەریکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانییەتی و بە باشترین شێوە بە دوای ئامانجە دیاریکراوەکانیدا دەگەڕێت. وشەکە لەسەر بنەمای وشەی [هۆمۆ ساپیێنس] وەرگیراوە.

لە ڕوانگەی (ئادەم سمیس) مرۆڤی ئابووری ئامانجێکی بەرژەوەندیخوازانەی هەیە و ژیرانە ئامڕازەکانی هەڵدەبژێرێت، بەردەوام بەدواداچوون بۆ بەرژەوەندییەکانی دەکات، ئەمەش بۆ ماوەیەکی درێژ ڕۆڵی سەرەکی لە تایبەتمەندیی ڕەفتاری تاک لە ئابووریدا گێڕاوە. (وەرگێڕ)

[7]– مەبەست لە تاوانی یەکەمین مرۆڤە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ئادەم بە خواردنی میوە قەدەغەکراوەکە (ناسینی چاکە و خراپە) واتا سەرپێچی خودای کردووە و ئەم تاوان و گوناهەشی بە بۆماوەیی گواستۆتەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆی. بنەمای بیرەکە لە کتێبی پیرۆزدا هەیە. (وەرگێڕ)