کاتێک نووسەر جڵەوی کارەکتەرەکانی لەدەست دەدات
نەزانراو نییە کە کارەکتەرەکانی ناو هەر بەرهەمێکی ئەدەبی و بەتایبەت ڕۆمان، دەستکردی خەیاڵی نووسەری بەرهەمەکەن. تەنانەت ئەگەر چیرۆکەکان لەسەر بنچینەیەکی واقیعیش بونیاد نرابن، دواجار ئەوەی دەگوازرێتەوە بۆ خوێنەر ئەو وەشانە خەیاڵییەی کارەکتەرەکەیە کە نووسەر وێنای دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەو راستییەشدا، هەمیشە لە کاتی پرۆسەی نووسیندا، کاراکتەرەکان وەک یەکەیەکی سەربەخۆ دێنە بوون و بیرکردنەوە و ئەزموون و دنیابینینی خۆیان هەیە کە ڕەنگ دەداتەوە لە کەسایەتی و ڕەفتار و گوفتاریاندا بە درێژاییی بەرهەمەکە. بەشێک لە نووسەرەکان سەرسام دەبن کاتێک دەبینن کارەکتەرێک ڕەتی دەکاتەوە ئەرکێک جێبەجێ بکات کە پێی دەسپێردرێت بەڵام لەگەڵ بیرکردنەوەی خۆی یەک ناگرێتەوە، هەر لەوێشدا نووسەر تێدەگات کە بەرهەمەکەی فۆڕمێکی هێندە واقیعی و زیندووی وەرگرتووە کە ئیدی نووسەر هێندەی ڕۆڵی گێڕەرەوە و حیکایەتخوێن دەبینێت هێندە وەک بەرهەمهێن تەماشا ناکرێت.
باشترین چیرۆکەکان ئەوانەن کە تەواوی وشە و ڕووداوەکانی لە مێشکی نائاگای نووسەرەوە دێنە دەر. هەمیشە بیرۆکەیەکی سادە دەکرێ ببێتە هەوێنی دروستبوونی بەرهەمێکی مەزن. رۆماننووس کاتێک دەست بە نووسینی کارێکی نوێ دەکات، کەمترین جار لە سەرەتاوە بڕیار دەدات کۆتاییی چیرۆکەکەی چۆن بێت. بە لایەنی کەمەوە، بیرۆکەیەکی ڕوونی نییە دەربارەی ئەوەی ڕووداوەکان چیرۆکەکە بەرەو کوێ دەبەن، چونکە دەزانێت نووسینی ڕۆمانێک وەک بونیادنانی جیهانێکی نوێ وایە کە تەنانەت دروستکەرەکەشی هەموو شتێک دەربارەی نازانێت. هەر هێندەی ئەو جیهانە بەکار خرا ئیدی هەموو پێکهاتەکانی ناوی ڕێڕەوێک وەردەگرن کە زۆر جار پێشبینینەکراو و تەنانەت شۆکهێنەریش دەبن بۆ خودی نووسەر، چونکە بەرهەمی ئەدەبی، بە پێچەوانەی سەرچاوە زانستییەکانەوە، زادەی ئەو هەست و بیرۆکە و ئەزموون و یادگارییانەن کە بەشیكی زۆری لە دۆڵابە لەبیرکراو و خەفەکراوەکانی ناو مێشکی نووسەر شاردراونەتەوە و خودی خۆشی لێیان بێ ئاگایە.
لە کۆی ٥٠ رۆماننووس و چیرۆکنووس کە بەشداری راپرسییەکیان کردووە، رێژەی ٪٩٢ی نووسەرەکان دان بەوەدا دەنێن کە کەسایەتییەکانی ناو بەرهەمەکانیان وەک یەکەیەکی سەربەخۆ و مرۆڤێکی ڕاستەقینە خۆیان پیشان دەدەن و تەنانەت جاری وا هەیە نووسەرەکان گفتوگۆی خەیاڵیی دوور و درێژ لەگەڵ ئەو کاراکتەرە ناراستەقینانەدا دەکەن و بیرۆکەی ڕووداوەکانی ناو نووسینەکانیان بەو شێوەیە دادەڕێژن، بە جۆرێک کە ٪٦٩ی بەشداربووەکانی راپرسییەکە تەنانەت گوێیان لە دەنگی کارەکتەرەکانیشە کاتێک لەگەڵیان دەدوێن.
هەندێک لە نووسەرەکان دەڵێن زۆر جار کاتێکی زۆر تەرخان دەکەن بۆ ئەوەی کەسایەتییە خەیاڵییەکانی ناو ڕۆمانەکەیان ڕازی بکەن بە ئەنجامدانی کارێک لە پێناو باشتربوونی چیرۆکەکە. زۆر جار بەهۆی کارەکتەرێکەوە چیرۆکەکە بە لایەکدا دەڕوات کە زۆر دوورە لەو کڵێشەیەی کە نووسەر لە سەرەتاوە پلانی بۆ داناوە. نووسەرێک باس لەوە دەکات کە چەند جارێک پێویستی کردووە یەکێک یان چەند کارەکتەرێکی ناو چیرۆکەکەی بمرێنێت چونکە خەریک بووە لە بابەتی سەرەکیی ڕۆمانەکە هێندە دووری بخاتەوە کە پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی چیرۆکەکە و دووبارە نووسینەوەی هەبووە لە سفرەوە.
ئالیس واڵکەر، یەکێک لە باشترین و ناسراوترین خانمە نووسەرەکانی ئێستای ئەمریکا، دان بەوەدا دەنێت کە لە ماوەی نووسینی ڕۆمانە بەناوبانگەکەیدا (ڕەنگ ئەرخەوانی)، بەشێک لە کارەکتەرە خەیاڵییەکانی بەردەوام سەردانیان کردووە و تێبینییان داوەتێ لەسەر پرۆسەی نووسینەکە، تەنانەت هەندێک ئامۆژگاریشیان کردووە دەربارەی ژیانی تایبەتیی خۆی. جگە لەوەی کە تەواوی کەسایەتییەکانی ناو ڕۆمانەکە خۆیان هەڵبژاردنەکانی بەردەمیان دیاری کردووە و واڵکەر تەنها چیرۆکەکەی گێڕاوەتەوە.
دەکرێت بناغەی ئەم تێڕوانینە ڕەهەندێکی مێژووییی قووڵی هەبێت. لە ڕابردوودا و بە تایبەت لە ئەدەبیاتی دێرینی یۆنانیدا، ژنە خوداوەندەکانی ئەدەبیات و زانست و هونەر وەک سەرچاوەی ئیلهام بینراون. هۆمەر و سۆفۆکلیس و ئەکیلیس لە بەناوبانگترین ئەو نووسەرانەن کە داستانەکانیان بە بانگهێشتکردنی خوداوەندە ئیلهامبەخشەکان دەست پێ کردووە تاکوو وشەکان بە گوێیاندا بچرپێنن و ئەوانیش تەنها بینووسنەوە، واتا نووسەران تەنها گێڕەرەوە و حیکایەتخوێنن و هیچ ئەرکێکی بەرهەمهێنانیان لە ئەستۆ نییە و جڵەوی ڕووداوەکان و کاراکتەرەکان لە دەست خوداوەندەکانە.
لە سەردەمی هاوچەرخدا و بەتایبەت پاش پتر ناساندنی دەروونناسیی مۆدێرن، لە بری هەر هۆکارێکی دەرەکیی ڕاستەوخۆ، رەگی ئەم دیاردەیە بەسترایەوە بە مێشکی نائاگای نووسەر. بەهۆی ئەوەی کە نووسەر لە کاتی بەئاگاییی تەواودا بەردەوام جەخت لەسەر کوالیتی وشە بە وشەی بەرهەمەکەی دەکاتەوە و هەوڵ دەدات بیگونجێنێت لەگەڵ سەرجەم کۆدە کولتووری و ئەدەبی و بابەتییەکانی سیاقی تێکستەکەوە، هەندێک جار نووسینی تەنها لاپەڕەیەک چەند ڕۆژێکی پێویست دەبێت و لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هۆکاری پچڕانی زنجیرەی بیرکردنەوەی نووسەر بەهۆی وردبوونەوەی بەردەوام لە هەڵبژاردنی وشەکان و دروستکردنی ڕووداوەکان. هەر بۆیە بە تێپەڕبوونی کات، نووسەر ئەرکی نووسین زیاتر و زیاتر ڕادەستی بەشی نائاگای مێشکی دەکات لێدەگەڕێت خۆی و بەرهەمەکەشی بە تەواوی بکەونە ژێر هەژموونی هەست و بیرکردنەوە و کاردانەوە داپۆشراوەکانی ناو خەیاڵی نووسەرەوە. هەر لێرەشەوەیە کە ڕووداوەکان ئیدی خۆیان خۆیان تەواو دەکەن و کارەکتەرەکان فۆڕمی وجودێکی ڕاستەقینە وەردەگرن کە چیتر لەژێر جڵەوی ڕاستەوخۆی نووسەردا نامێنن.
پەیوەندیی نێوان لیۆ تۆڵستۆی نووسەری ڕوسی و یەکێک لە بەناوبانگترین کارەکتەرە خەیاڵییەکانی ناو ڕۆمانەکانی (ئانا کارێنینا) دەکرێت وەک نموونەیەکی زۆرباشی جڵەولەدەستدانی نووسەر تەماشا بکرێت. چیرۆکی سەرەکیی ڕۆمانەکە باس لە چەند خێزانێکی ئەرستۆکراتی کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەم دەکات لە سەینت پیتەرسبۆرگی پایتەختی ئەو کاتەی ڕوسیا. ئانا کارێنینای کەسی یەکەمی چیرۆکەکە ژیانێکی ئاسایی بەسەر دەبات لەگەڵ منداڵەکەی و کاونت ئالێکسیی هاوسەری، کە یەکێکە لە ناسراوترین و ڕێزلێگیراوترین پیاوانی ئەو سەردەمەی وڵاتەکە. پاش ناسینی ئەفسەرێکی سوارچاکیی گەنج بە ناوی کاونت ڤرۆنسکی و دروستبوونی پەیوەندی لەگەڵی، ژیانی ئانا سەرلەبەر دەگۆڕێت. خیانەتەکە دەبێتە بابەتێکی گەرمی قسەڵۆکی ناو خێزانە پایەبەرزەکانی شارەکە، بە جۆرێک ئیدی هیچ بۆنەیەکی کۆمەڵایەتی نامێنێت کە تیایدا بە چاوێکی کەم و پڕ لە گومان تەماشای ئانا نەکرێت. پاش ئەوەی ئالێکسیی هاوسەری ئانا بە پەیوەندییەکە دەزانێت، چونکە جیابوونەوە بە یەکێک لە هێڵە سوورەکانی کولتووری ئەو سەردەمەی کۆمەڵگای ڕوسی دادەنرا، بۆیە لە جیاتی ئەوە چیدیکە ڕێگا نادات ئانا چاوی بە کوڕەکەیان بکەوێت و داوای لێ دەکات لەگەڵ ڤرۆنسکی بڕۆن و وڵاتەکە بەجێ بهێڵن، تاکوو ئیدی ئەم پەیوەندییە نەبێتە هەڕەشە بۆ پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئالێکسی. تەنگژەکان زیاتر دەبن کاتێک دەردەکەوێ ئانا لە ڤرۆنسکی سکپڕە و دواتریش کچێکیان دەبێت لە کاتێکدا ئانا هێشتا بە فەڕمی هاوسەری ئالێکسییە. بەتێپەڕبوونی کات ڤرۆنسکی لە پەیوەندییەکە سارد دەبێتەوە بەتایبەت کە بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر پیشە و کارکردنی دەکەوێت و ناوبانگی بەرەو خراپبوون دەچێت. لەلایەکی دیکەوە ئانا هەست بە گوناحێکی زۆر گەورە دەکات بەرامبەر خێزانەکەی و خودا، ئەمەش بە هێواشی تووشی کۆمەڵێک تەنگژەی دەروونی دەکات و پاڵی پێوە دەنێت بەرەو کۆتایییە خەمناکەکەی چیرۆکەکە.
وەشانە ڕەسەنەکەی ئەم ڕۆمانەی تۆڵستۆی بە زمانی ڕوسی کارێکی دوور و درێژە و سەروو ٨٠٠ لاپەڕەیە. سەرەتا هەفتانە بەش بەش لە ڕۆژنامەیەکی ئەو سەردەمەدا بڵاو کراونەتەوە ئەوەش وای کردووە خەڵکێکی زۆر تامەزرۆی بەشی داهاتوو بێت. هەموو ئەوانەی خوێنەری ئەو کارە بوون، کاتێکی زۆریان لەگەڵ ڕووداوەکاندا بەسەر بردووە و لەگەڵی ژیاون. شێوازی نووسینی تۆڵستۆی لەم کتێبەدا بە جۆرێکە کە خوێنەر بە تەواوەتی هۆگری چیرۆکەکە و تەواوی کارەکتەرەکانی دەبێت، لە ناویشیاندا بە تایبەتی ئانای پاڵەوانی چیرۆکەکە، کە لە دوا ساتەکاندا لە کاتێکدا چاوەڕێی هاتنی شەمەندەفەرەکەیەتی. زۆر بە چاوەڕواننەکراوی و لە چەند چرکەیەکی زۆر کەمدا بڕیار دەدات کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێت و خۆی بخاتە ژێر شەمەندەفەرەکە. هەموو شتێک هێندە بە خێرایی ڕوو دەدات کە خوێنەر زۆر بە ئاشکرا دەتوانێ هەست بە گۆڕانکاری لێدانی ترپەی دڵی بکات. ئەوەی شارەزای شێوازی نووسینی تۆڵستۆی بێت دەزانێت کە هەمیشە پێش ڕووداوە گەورەکان چەند ئاماژەیەکی سادە دەنێرێت بۆ خوێنەر، بەڵام ئەوەی لێرەدا شۆکهێنەرە ئەو ڕاستییەیە کە هیچ کەسێک و تەنانەت وردترین خوێنەرەکانیش پێشبینیی کۆتایییەکی لەم جۆرە ناکەن بۆ ڕووداوەکان، کە خەمۆکی و بێدەنگییەکی قووڵ لە ناخی هەموویاندا بەجێ دەهێڵێت.
کاتێک دەربارەی ئەم کۆتایییە پرسیار لە تۆڵستۆی کرا، دانی بەوەدا نا کە بە هیچ شێوەیەک بەنیازی ئەم کۆتایییە نەبووە و گوتی کە منیش زۆر هاوارم لە ئانا کرد و هەوڵم دا ڕێگری لێ بکەم کە ئەو کارە بکات، بەڵام گوێی بۆ نەگرتم. دوای تەواوکردنی نووسینی ئەو رۆمانە بە ماوەیەک، خودی تۆلستۆی تووشی خەمۆکی و نەخۆشی دەروونی دیکە دەبێتەوە و لە کتێبی “دانپێدانانەکان”دا باس لەوە دەکات دوای مردنی ئانا بۆ چەند ڕۆژێکی تەواو گریاوە و لە ئەنجامدا تووشی ئالوودەبوون بە ئالکۆهۆل و بووە و چەندین جار بیرۆکەی خۆکوشتن هاتووە بە مێشکیدا.
لە کۆتاییدا ئەوە دەردەکەوێت کە سەرەڕای ئەوەی هەمیشە پێشبینی دەکرێت نووسەر وەک بونیادنەری جیهانێکی خەیاڵی بتوانێت لە هەموو کات و ساتێکدا چیرۆکەکان بەو شێوەیە دابڕێژێت کە خۆی مەبەستیەتی، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە زۆربەی جار کارەکتەرەکان فۆڕمێکی سەربەخۆ و جودا وەردەگرن کە بەهۆی شێوازی کەسایەتی و بیرکردنەوەیانەوە هەندێک جار ڕەتی دەکەنەوە چی دیکە فەرمان لە دروستکەرەکەیان وەربگرن و خۆیان بڕیار لەسەر کارەکانی داهاتوویان دەدەن، کە زۆرجاریش ئەمە لە خزمەتی ڕێرەوی چیرۆکەکەدا نییە و بە ئاڕاستەیەکی زۆر جیاوازتر دەیبەن لە مەبەست و پلانی سەرەتاییی نوسەر.