ئەندێشەی سیاسیی ئیسلامیی مۆدێرن، ”ئیسلامیزم“ و ناسیۆنالیزم

لە ئینگلیزییەوە: حیسامەدین (هیوا) خاکپوور

ئێمە ویستمان بە کەڵک وەرگرتن لە ئیسلام، بە ئێران خزمەت بکەین و جەنابی خومەینی ویستی کە بە کەڵک وەرگرتن لە ئێران خزمەت بە ئیسلام بکات.

مەھدی بازەرگان[1]


ھیچ ئایینێک ڕاستیی جەوھەری نییە، ئایینێک تەنیا دەتوانێت ببێتە ڕاستی کە ھاوتای ئەو شتە بێت کە لە خۆی پێشکەشی دەکات و بەو شێوەش وەربگیردرێت.

کارل بارت[2]


چۆن چیرۆکی ”دین[3]“ و نیشتمان بگێڕینەوە

ھیچ قسەیەکم سەبارەت بەم ھەڵوێستە سەختە پێ نییە.

کەوایە لە بەر خاتر ڕێگەوشوێنەکان نەخۆش مەکەوە.

من بە شانازی دەزانم کە ڕۆژگارانی کۆنی خۆشی پێشوو زیندوو بکەمەوە.

محەمەد ئیقباڵ لاھووری[4]


نەتەوە [یەکێکە لە] تیۆریزەنەکراوترین چەمکەکانی جیھانی مۆدێرن.

پارتا کاترجی[5]


پوختە:

ئەم وتارە پەیوەندیی نێوان ”ئیسلامیزم“ و ناسیۆنالیزم تیۆریزە دەکات و نیشانی دەدات کە ناتوانرێت لە ئینزیوادا لە ناسیۆنالیزم و لە ئایین(ەکان) لێکۆڵینەوە بکرێت. باس لەوە دەکەم کە ئیسلامیزم ناتوانێت بیر لە سیستەمێکی سیاسی لە دەرەوەی دەوڵەت-نەتەوە بکاتەوە و وا دیارە ئەو سنوورە سیاسییانەی کە گوتاری دەوڵەت-نەتەوە سەپاندوویەتی، دەروونی کراوەتەوە. ئەم جۆر دەروونی­کردنەوە بە نۆبەی خۆی لەسەر تێگەیشتنی ئیسلامخوازەکان لە ئۆممە و چەمکە ” گەردوونییە[6]“ ھاوشێوەکان کاریگەری دادەنێت  ئەم وتارە پێملە لەسەر ئەوەی کە سەرنجێکی زۆر بدرێتە سەر کۆدەق[7] لە شیکاری ڕاڤە ئایینییەکاندا. سەرەڕای توخمەکانی بەردەوامی لە ئەندێشەی ئایینیدا، کاریگەریی کۆدەق و بەستێنەکان، ڕاڤە ئایینییەکانی گۆڕاوە و تایبەتمەندیی کاتمەندی[8] پێ داون. محەمەد ئیقباڵ (١٨٧٧- ١٩٣٨) جارێک ئاماژەی بەوە کردووە کە: ڕیسالەتێک کە لە بەردەم موسوڵمانی ھاوچەرخدایە لە ڕادەبەدەرە. دەبێت بیر لە گشت سیستەمی ئیسلام بکاتەوە بەبێ ئەوەی بە تەواوەتی لەگەڵ ڕابردوو داببڕێت. بە ھەر حاڵ ھزراندنەوە[9]یەکی لەو شێوەیە، ھاوچەشن و یەکسان نییە و ھەڵگری نیشانەکانی کارلێک کردن لەگەڵ کۆدەقە کۆمەڵایەتی–مێژووییە تایبەتەکانە. ئەندێشەی ئایینی لە سەردەمی ناسیۆنالیزمدا ئەوندەی کە کاریگەری لەسەر خودی کۆدەقەکان ھەبووە بەو ڕادەیەیش لە کۆدەقەکان کاروەرگری کردووە. ئەم دەیالکتیکە خۆی وەکوو تێکچڕژانێکی دوو لایەنە و بەرامبەر پیشان دەدا. وتاری بەردەست لێکۆڵینەوە لەو تێکچڕژان و کاریگەرییە دوو لایەنانەی نێوان ناسیۆنالیزم و ئیسلام دەکات.


پێشەکی

لەم وتارەدا دەمھەوێت بپەرژێمە سەر کاریگەریی ناسیۆنالیزم لەسەر ئەندێشەی مۆدێرنی ئیسلامی. بۆ ئەم مەبەستە وتارەکەم دابەش دەکەم بەسەر دوو بەشدا. لە بەشی یەکەمدا لە ڕێگەی نموونەگەلێکی کورتی مێژوویییەوە نیشانی دەدەم کە چۆن لە کۆتایییەکانی سەدەی نۆزدە و بەرایییەکانی سەدەی بیستدا گوتاری ناسیۆنالیستی بە شێوەی نابەرھەست ڕێگەی خۆی بۆ نێو ڕاڤە نوێکانی ئیسلام کردەوە. باس لەوە دەکەم کە ڕاڤە ئیسلامییەکان تا دێت پاوان­خواز و تارێنەر دەبنەوە. بۆ نموونە لە کۆدەقی عوسمانیدا، ژمارەیەکی زۆر لە نووسەر و بیرمەندانی غەیرە تورک پێوەرەکانی خۆیان بۆ موسڵمانێکی ڕاستەقینە داڕشت [10]. تەنیا لە کۆدەقی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمە ئیسلامییە ڕکابەرەکاندایە کە ئیمکانی ئەوە ھەیە قسە ناسیۆنالیستییە بووژانەوەخوازەکانی عەرەب وەک محەمەد عەبدۆ و عەبدوڕەحمان کەواکیبی مانای هەبێت.

هەر لەم پاشخانەدا بوو کە کەواکیبی ئیدیعای کرد کە بە پێچەوانەی باقی موسڵمانانەوە، خوێنی عەرەبەکانی حیجاز پاک و بێخەوش ماوەتەوە و هەر بۆیە بە شێوەیەکی تایبەت گونجاوە بۆ سەرکردایەتیی جیهانی ئیسلام. ئەم جۆرە جەختکردنەوە لەسەر پاکی خوێن، ئیدیعایەکی ناراستەوخۆ و زیمنی بوو بۆ بوونی قوڕەیشی ڕاستەقینە – گوایە خاوەنانی ڕاستەقینەی خەلافەتن – نیشانەی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی سیاسەتی ئیتنۆ-ناسیۆنالیزم بوو لەنێو موسڵماناندا[11].

باقی وتارەکە تەرخان دەکەم بۆ باس لەسەر ئیدیعای ئەوەی کە ”ئیسلامیزم“ ناتوانێت بیر لە سیستەمێکی سیاسی لە دەرەوەی دەوڵەت-نەتەوە بکاتەوە. بەڵگە دەھێنمەوە کە ئێسلامخوازەکان ئایدیای سنوورە سیاسییە نەتەوەیییەکانیان دەروونی کردووتەوە. ئەم جۆر دەروونی­کردنەوە بە نۆبەی خۆی لەسەر پێناسەی ئیسلامیزم لە ئۆممە و چەمکە ”گەردوونییە“ ھاوشێوەکان کارتێکەری ھەیە.

محەمەد ئیقباڵ (١٨٧٧- ١٩٣٨ ) 

بووژانەوەی مۆدێرنی ئیسلامی و کۆدەقە مێژووییی کۆمەڵایەتییە تایبەتەکەی

لە ئەندێشەی ئایینی ئیسلامی مۆدێرندا نەتەوە وەکوو شتێکی خۆ-ئاشکرا[12] قبووڵ دەکرێت، چونکاتێ بکەری ئایینی لە چوارچێوەی پاڕادایمی ناسیۆنالیزمدا کار دەکات، ئەو مەیلی ئەوەی ھەیە ئیدیۆمی ئایینی خۆی لەگەڵ ئیدیۆمی ناسیۆنالیزمدا یەک بخات. ژیان لەنێو ”پاڕادایمی ناسیۆنالیستی[13]“دا ھەلومەرجێکی مۆدێرن لە وەرگرتن و تێگەیشتن لە بابەتی نەتەوە دەسەپێنێت و ئەوەیش ڕێگە بە بکەری ناسیۆنالیستی دەدات کە ئیدیۆمە ناسیۆنالیستییەکان بۆ ڕوونکردنەوەی پەیوەندەکانیان لەگەڵ نەتەوە بەکار بھێنن[14]. ئەو پاڕادایمە پێداویستییەکانی خۆی بەسەر ڕاڤە ئایینییەکاندا دەسەپێنێت و وەکوو کۆدەقێک بۆ ھزراندنەوەی ئایین کار دەکات و بەم شێوەیش باندۆری لەسەر پانتایی و سنوورەکانی دەبێت.

 پێویستە ئەم جۆرە پێداویستییە پاڕادایمییە وەک زەمینەیەکی سەرەکی بۆ تێکەڵبوونی ئایین و ناسیۆنالیزم بیریان لێ بکرێتەوە. بە هەمان شێوە، دەبێ تامەزرۆییی موسڵمانانی مۆدێرن بۆ دۆزینەوەی نموونەی فۆرمەکانی حوکمڕانی دیموکراتیک لە سەردەمی زێڕینی ئیسلامدا لەم چوارچێوەیەدا ببیندرێت. لە بەرامبەردا، هەوڵەکانیان بۆ بنیاتنانەوەی ڕابردووی ئایینی ڕەنگە زیاتر مەیلی بەوە هەبێت کە ڕابردوو لەگەڵ دەوڵەتی مۆدێرن بگونجێت نەک بە جۆش و خرۆشەوە بۆ دووبارە ناساندنەوەی ”ئیسلامی ڕەسەن“ ھەوڵ بدەن[15]. بۆچوونەکانی زانایانی موسڵمانی مۆدێرن سەبارەت بە دەوڵەت و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و فۆرمەکانی حوکمڕانی وەک لەم بڕگەیەی خوارەوەدا بۆ نموونە ھاتووە، تەنیا ئەم جۆرە ویست و مەیلانە دەخاتە ڕوو:

کاتێک ڕاوێژ بە ئێستا و ڕابردووی مێژوویی و سەردەمی چوار خەلیفەی ڕاشدین دەکەین، دوای لێکۆڵینەوەی ورد بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە سیستەمی سیاسی باو لەو سەردەمەدا – تا ڕادەیەکی زۆر – بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی ڕەچاو کردووە. یاسادانان لەو سەردەمەدا بە “ئەو دەستە فەقیھانە کە حوکمی یاسایی سەربەخۆیان بەکار دەهێنا” سپێردرابوو. خەلیفه وەکوو سەرۆکی دەوڵەت پسپۆری شەریعەت بوو. لەبری ئەوە، ئەرکی ئەو سنووردار بوو – بە پلەی یەکەم – لە جێبەجێکردنی یاسایی و بەڕێوەبەرایەتی. ئەوە دادوەرەکان بوون کە خاوەنی دەسەڵاتی سەربەخۆ بوون. خەلیفە و حوکمڕانەکانی ھەر وەک ھەموو تاکێک ملکەچی ئەو دادوەرانە بوون.(داکۆکی زیاد کراوە).

 لەم بڕگەیەی سەرەوەدا جگە لە گشتاندن و نادروستییە مێژوویییەکان، تێگەی مۆدێرن لە دەوڵەت بەسەر ڕابردوودا سەپێنراوە و یان ڕابردوو وا لێ کراوە کە لەگەڵ مۆدێرنەدا بگونجێت. خوێندنەوەیەک کە ئیدیعای هەم یەکپارچەیی و هەم بەردەوامی دەکات، کە لە لەگەڵ مێژوونووسی ناسیۆنالیستی ئەزەڵیخوازیدا وێکچوویی ھەیە.

بوژانەوەخوازیی ئیسلامی هەوڵێکە بۆ بنیاتنانەوەی ”ڕابردوو“- جۆرێک لە ڕابردوو کە هەم خزمەت بە ئێستا دەکات و هەم ئاڵێنگاری لەگەڵ ئێستا دەکات. بوژانەوەخوازیی ئیسلامی سەرەڕای فۆرمە مێژوویییە جۆراوجۆرەکانی، بەگشتی ڕوانینگەلێکی دژیەک و ناھەمچوونی بەرامبەر بە چەمکاندنە هاوچەرخەکانی لە ئیسلامدا نیشان داوە. ڕەخنە لە موسوڵمانی ھاوچەرخ بەھۆی دوورکەوتنەوەی گریمانکراوی ئەوان لە ”ئیسلامی ڕەسەن“ کاکڵەی سەرەکیی ئیدیعای بووژانەوەخوازیی ئیسلامی پێک ھێناوە. بەڵام ئەم جۆرە ئیدیعایانە بە شێوەی نەخوازراو و نامەبەستدار ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە کە زانستی ئایینی یان ڕاڤەکانی ئیسلام بەشێکن لە هەوڵەکانی مرۆڤ و بەم پێیەش هەمیشە ڕێژەیی و کۆدەقبەندن. ڕاڤەکانی بووژانەوەخوازەکان لەم ڕێسایە ڕیزپەڕ نین. بەم پێیە سەرەڕای ئەوەش، فۆرمەکانی مۆدێرن لە بووژانەوە یان “ئیسلامیزم” بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پەیامی ڕەسەن، بە مانا خاوێن و بێخەوشەکەی، ھەڵبگەڕێتەوە. لایەنە جۆراوجۆرە ئیسلامخوازەکان لە ئیدیعای دەست ڕاگەیشتنێکی تایبەت و مۆنۆپۆلکراو بە “مانای ڕەسەن”دا ڕوون و بێپەردەن[16]. تەنانەت دەستەواژەی بناژۆخوازی- سەرەڕای پێناسەی جەوهەرخواز و سووکایەتی پێکراوی- بە شێوەیەکی ئایرۆنیک ئیدیعای گەڕانەوە بۆ تێگەیشتنی ڕەسەن لە ”بنەماکان بە جیددی وەردەگرێت. بە گشتی ئەو بۆچوونانە نیشانەی بەربڵاوی و لێکهاڵاوی باوەڕ بە سروشتی ناکۆدەقەمەندی ئایینە.

ڕاڤە ئایینییەکان نابێت لە ژینگە مێژوویییەکان و کۆدەقە کۆمەڵایەتیی سیاسییەکانیان ھەڵبقەندرێن. ئاوڕێک لەو بەرهەمانەی کە لەلایەن زانایانی ئایینی مۆدێرنەوە بەرهەم ھاتوون، ھۆگری ئەتنیکی و نەتەوەیی بەرچاو نیشان دەدات. تەنانەت کاریگەرییە نەتەوەیییەکان لەسەر ڕاڤەی ئایین ڕەنگە هەم بەردەوامی و هەم تایبەتمەندیی کۆدەق بەدوای خۆیدا بهێنێت. تەنانەت کاریگەرییە ئەتنیکییەکان لەسەر ڕاڤە ئایینییەکان ڕەنگە هەم بەردەوامی و هەم تایبەتمەندیی کۆدەق بەدوای خۆیدا بهێنێت. بۆ نموونە لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەمدا، بووژانەوەخوازە غەیرەتورکە موسڵمانانەکان هەستێکی دووفاقی و دژیەکیان سەبارەت بە خەلافەتی عوسمانی و سیاسەتەکانی ھەبوو. دووفاقییەکەیان ڕەگ و ڕیشەی لە هەردوو هەستی ناسیۆنالیستی و ئایینییاندا هەبوو و ڕەنگ و بۆنی ھەستی ڕوولەزیادبووی دژەئیستعماری بە خۆیەوە گرتبوو. بەم جۆرە ڕاڤەکانی بووژاندنەوەخوازەکان لەژێر کاریگەریی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی سیاسی و کولتووری لە یەک کاتدا ناسیۆنالیستی و مۆدێرنیست و دژەئیستعماری وەدەرکەوتن.

ئەمەش دەمانباتە سەر ئەو پرسیارەی کە ئایا ناسیۆنالیزم لە جیهانی ئیسلامدا لە بنەڕەتدا سکۆلارە؟ لە ڕووی مێژوویییەوە، ئەندێشەی ئایینی بەردەوام کەوتۆتە بەرباسی ڕاڤە جۆراوجۆرەکانەوە. ئەندێشەی ئایینی ئیسلامی لەم ڕێسایە ڕیزپەڕ نییە و ئیدیعای گرووپە نەتەوەیییە جیاوازەکان کە لوتفی خودایان لەگەڵە و لەلایەن خوداوە پەسەندکراون یان گەلی هەڵبژێردراوی خودا بوون تەنها یەک نموونەی ڕاڤەیییە. زەحمەتە خوێندنەوە ناسیۆنالیستییەکان بۆ ئیسلام وەلا بنرێن لەبەر ئەوەی «هێندەی ئیسلام هەیە ئەوەندەیش دۆخێک هەیە کە دەیپارێزێت[17]». کەوایە مرۆڤناس تەللال ئەسەد درووست دەڵێت کە: «نابێت ئایین بە شێوەی جیھانداگر پێناسە بکرێت بەڵکوو دەبێت بە جێگەی ئەوە جەخت بکەین لەسەر ئەوەی کە زەینی ئێمە چۆن ئایین پێناسە دەکات[18]». بەڵام بە سەختی دەتوانین لەگەڵ ئەسەد ھاوڕا بین کە ئیدیعا دەکات «ئەگەر چی ئیسلامیزم ھەمیشە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بە کردەوە جێنشینی ناسیۆنالیزمی عەرەبی بووە و ڕاستەوخۆ ڕووی لە دەوڵەت-نەتەوە بووە بەڵام ناکرێت جۆرێک لە ناسیۆنالیزم لە قەڵەم بدرێت[19]». لە کاتێکدا ئەسەد لەو ئیدیعایەی کە دەڵێت ئێسلامخوازی سکۆلار نییە[20] درووست بۆی دەچێت بەڵام پێشنیاری بێئاگاداری ئەو کە «ناسیۆنالیزم لە بنەڕەتدا سکۆلارە[21]» کێشەدارە[22].

ئەو خاڵەی ئەسەد ئاماژەی پێ دەکات لەبەر چەند هۆکارێک شایانی لێکۆڵینەوەی وردترە. بەڵگاندنەکەی تا ئاستێک لە سەر بنەمای پێناسەی خۆی بۆ دەستەواژەی ئوممە ڕۆ ناوە کە گریمانە دەکرێت بووژانەوەی ئامانجی کۆتاییی ئیسلامیزم بێت[23]. بە بۆچوونی ئەسەد شێوازی تێگەیشتن لە ئوممە، ئیسلامخوازی لە ڕەوتێکی ناسیۆنالیستی وەک عەرەبیسم جیاواز دەکاتەوە. ئەسەد دەڵێت کە عەرەبیسم، ئوممە وەک ئوممەتی عەرەبی (العربية)- کە کۆمەڵگەیەکی سیاسییە، وێنا دەکات. هەروەها دەڵێت ئەم کۆمەڵگە سیاسییە وێناکراوە جیاوازە لە «فەزای پێناسەکراوی تیۆلۆژیک کە توانستی ئەوەی دەدا بە موسڵمانان کە لە سەدەکانی ناڤیندا دیسیپلینەکانی دین لە جیهاندا پراکتیزە بکەن[24]». خوێندنەوەی ئەسەد هەم لە کاریگەرییە مێژوویییەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەسەر ئیسلامیزم و هەم لەو مەیلە ناسیۆنالیستییانەی کە لە ڕاڤەی دووبارەی بووژانەوەخوازی عەرەبی-ئیسلامیدا بۆ ئوممە بوونی ھەیە، چاوپۆشی دەکات. ئەوە درووستە کە ئیسلامیزم پەیوەندی لەگەڵ ”نەریت“دا ھەیە. بەھەرحاڵ ئەو نەریتە ئەگەر دەستەواژەی کاترین ئیوینگ بە قەرز وەربگرین ”بە نیگای مۆدێرنیتەدا[25]“ تێپەڕیوە. تەنانەت دەتوانین گرووپە بووژانەوەخوازە موسڵمانەکان بەو جۆرە وەسف بکەین کە دەیانھەوێت «لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنەوە و ئافراندنەوەی دووبارەی ڕابردو ڕاڤەی ھەنووکە بکەن تا لەگەڵ کۆدەقی مۆدێرندا بگونجێت[26]». بەڵام لە خوێندنەوەی ئەسەددا ئەو کۆدەقە مۆدێرنەی کە لە ڕێگەیەوە پەیوەند لەگەڵ ”نەریت“ دەکرێت بە تەواوەتی سەرنجی پێ نەدراوە.

blank
محەمەد عەبدۆ (١٨٤٩-١٩٠٥) و عەبدولڕەحمان کەواکیبی (١٨٥٥-١٩٠٢)

لەوەش گرینگتر، خۆجیاکاریی نەتەوەیی تا ڕادەیەکی زۆر لە بووژانەوەخوازی عەرەبی ئیسلامیدا چەسپاوە و بە جەستە کراوە. لە ڕووی مێژوویییەوە، ڕەوتە بووژانەوەخوازە عەرەبییەکان، موسڵمانی غەیرە عەرەبیان وەک یەکێک لە هۆکارەکانی ”ھەرەسھێنان“ یان ”داڕمانی“ ئیسلام هەست پێ کردووە[27]. ئەوان زیاتر ڕۆڵی غەیرە عەرەبیان لە ئیسلامدا بە نەرێنی سەیر کردووە. ڕەنگی نەتەوەیی لەم جۆرە بۆچوونانەدا ئاشکرایە، چونکە بوژانەوەخوازانی عەرەبی “ناپاک”ی تێگەیشتنی موسڵمانی غەیرە عەرەب لە ئیسلام، بە تایبەتمەندیی نەتەوەیی و مێژووەکەیانەوە دەبەستنەوە[28]. بۆ نموونە محەمەد عەبدۆ، بووژانەوەخوازی بەناوبانگی ئیسلامی میسر، هیچ دوودڵییەکی نەبوو لەوەی بڵێت «بەو پێیەی تورکەکان درەنگ موسڵمان بوون، ئەوان نەیانتوانیوە ڕۆحی ئیسلام بگرن[29]». ئەو نووسیویەتی کە دەسەڵاتی تورکە عوسمانییەکان پاکی (خولوس)ی زمانی عەرەبی پیس کرد و بووە هۆی ناتەبایی و فیرقەگەرایی لەنێوان موسڵماناندا[30].

لە زەینی عەبدۆدا پەیوەندێکی ئۆرگانیک لەنێوان زمانی عەرەبی و ئیسلامدا بوونی ھەبووە. لە لای عەبدۆ داڕمانی یەکەمیان بووە ھۆی داشکانی دووھەمیان. عەبدۆ ھەروەھا لە بەرھەمەکەیدا، الإسلام و النصرانية، ئیدیعا دەکات کە «ئیسلام لە بنەڕەتدا ئایینی عەرەب بووە». بەڵام بڕیاری خەلیفەیەکی عەباسی، ئەلموعتەسیم «بۆ دروستکردنی سوپای بیانی (اجنبی) کە لە تورک و دەیلەم و گەلانی دیکە [غەیرە عەرەب] پێک هاتبێت… بێگانەسازی کرد واتە کردی بە ئیسلامی بیانی و گۆڕینی بۆ غەیرە عەرەب (عەجەم )[ئایین][31]». عەبدۆ تەنیا کەسێک نەبوو کە ڕوانگەگەلێکی لەم جۆرەی ھەبوو. زۆرجار لێدوانی هاوشێوە لەلایەن کەسایەتییە ناسراوەکانی دیکەی بووژانەوەخوازی، لەوانە عەبدولڕەحمان کەواکیبی (١٨٥٥-١٩٠٢) و ڕەشید ڕەزا (١٨٦٥-١٩٣٥) دەکرێت[32]. تەنانەت حەسەن ئەلبەننا (١٩٠٦ – ١٩٤٩)، دامەزرێنەری ئیخوان موسلمین، دەڵێت «ئێمە نکۆڵی لەوە ناکەین کە نەتەوە جیاوازەکان سیفەتی جیاواز و ئەخلاقی تایبەتی خۆیان هەبێت [هەرچەندە] ئێمە پێمان وایە کە لەم بارەوە عەرەبییەت خاوەنی تەواوترین و زۆرترین بەشە[33]».

بە پێچەوانەی بۆچوونی ئەسەد، پێناچێت پێناسەی بووژانەوەخوازان لە ئوممە زۆر جیاواز بێت لەو پێناسەی کە ناسیۆنالیستە عەرەبەکان خستوویانەتە ڕوو[34]. دووبارە پێناسەکردنەوەی مۆدێرن بۆ ئوممە بە قورسی بارگاوییە بە خەباتی دژەکۆلۆنیالیزمی موسڵمانانەوە لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەھەم و سەرەتای سەدەی بیستەم. خەباتێک کە خۆتێگەیشتنی موسڵمانی مۆدێرنی لە قاڵبدا و ئەو توانستەی بە بووژانەوەخوازەکان دابوو ھەموو جیھانی ئیسلام وەکوو ھەبوویەکی ئایینی-سیاسیی یەکگرتوو لە بەرامبەر ڕۆژئاوا بە پەیوەندییە مێژوویییەکانیەوە بە مەسێحییەت ببینن. ھەروەھا ئیدیعای پاوانخواز و لە جەوھەری خۆیدا ئەتنیکی ئایینیی عەرەبە موسڵمانەکان لەسەر خەلافەت، شانسی وێناکردنی ئوممەی لە ڕووی ئەتنیکی سیاسییەوە زیاد کرد[35].

نووسراوەکانی بووژانەوەخوازانی موسڵمانان، بۆ نموونە ئاسەواری کەواکیبی، نموونەی جیاییھەڵنەگری ئیسلامخوازی و ئیدیعا ناسیۆنالیستییەکانی عەرەبە بۆ خەلافەت لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا. کەواکیبی ئیدیعای دەکرد کە هەموو موسڵمانان وەک سەرەتای ئیسلام لە دوای خەلیفەیەکی عەرەب دەکەونەوە. بۆ ئەو، ئەمە ڕاست بوو لەبەر ئەوەی پێی وابوو کە «لەنێو هەموو نەتەوەکان، عەرەبەکان شیاوترین (أنسب)ن کە وەک سەرچاوەی [ڕەسەن]ی ئایینەکە (مرجع في الدين) سەیر بکرێن، و ڕۆڵی سەرچەشنێک ( قدوة) بۆ موسڵمانان بڕەخسێنن[36]». تێڕوانینی نەتەوەیی بۆ ئوممه لە نووسینەکانی کەواکیبیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕوون دەبێتەوە کاتێک موسڵمانان بە ئومەم ( الأُمَم: بەشێوەی کۆ) پۆلێن دەکات[37]. کەواتە، ئەو دەبێژێت: «هیچ نەتەوەیەکی موسڵمان (الأمم الإسلامية )هێندەی عەرەبەکانی نیمچە دوورگە تامەزرۆی پاراستنی سەربەخۆیی و ئازادیی خۆی نییە[38]». کەواکیبی پێداگری دەکات کە زمانی عەرەبی تەنیا یەکەم زمانی تایبەتی (خصوص)ی یەک لەسەر سێی دانیشتوانی موسڵمان نییە، بەڵکوو باوترین (عموم) و دەوڵەمەندترین زمانه[39]. کەواکیبی لە بەرگریکردن لە مافی تایبەتی عەرەبەکان بۆ خەلافەت، سیفەتە نەتەوەیییە ”سەرتر “ەکانی عەرەب دەژمێرێت و پێداگری دەکات کە ئەوان «یەکەم ئوممە بوون کە بنەمای ڕاوێژکارییان پەیڕەو کردووە[40]». ئەو ئیدیعای ئەوە دەکات کە عەرەبەکان «باشترین ئوممەی ڕێنماییکراون لە ڕەچاوکردنی ئیشتراکیە[41](یەکسانیخوازی[42]) [و] «تامەزرۆترین ئوممەن لە ڕێزگرتن و وەفا بە پەیمانەکانیان[43]».

کەواکیبی لە ئیدیعای ئەوەی کە بەدیهێنانی ”پەیامی پێغەمبەرایەتی“و بووژانەوەی ئیسلام تەنیا لە ڕێگەی دووبارە دامەزراندنەوەی خەلافەتێکی عەرەبیەوە موومکینە ھیچ شک و دوودڵییەکی نەبوو[44]. ھەروەھا ئەو لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە خەلیفەیەکی عەرەب تەنیا ڕێگەی ڕزگاریی عەرەبە[45]. بەم شێوەیە، کەواکیبی، شێعرێک لە شاعیری بەناوبانگی سەدەی ناوەڕاستی عەرەب موتەنەبی دەهێنێتەوە کە «خەڵک بۆ [هەر دەستکەوتێک] وابەستەی پاشاکانیانن و هەرگیز ڕزگارییەکی عەرەبی لە ژێر دەستی پاشا غەیرە عەرەبەکاندا ڕوو نادات[46]».

دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە کتێبەکەی کەواکیبی لە نێو بووژانەوەخوازە عەرەبە موسڵمانەکاندا زۆر بەناوبانگ بووە. ئەوەندە بەناوبانگ بوو کە سامی دەهان، یەکێک لە ژیاننامەنووسەکانی کەواکیبی، دەڵێت کە کتێبەکە «یان لەلایەن عەبدۆوە یان لەلایەن ڕەشید ڕەزا»وە کە دوو کەسایەتیی ناسراوی بووژانەوەخوازن پێداچوونەوەی بۆ کراوە[47]». لەلای کەواکیبی ئیسلام و عەرەب دوو شتی جیاییھەڵنەگرن. تەنیا عەرەبەکان دەیانتوانی ”داڕمانی شارستانییەتی ئیسلامی“ کە بەھۆی تورک و غەیرە عەرەبەکانەوە ڕووی دابوو بوەستێنن.

لە بنەڕەتدا بەرگریکردنی کەواکیبی لە شارستانیەتی ئیسلامی، شکۆمەندکردنی عەرەب بوو لە گەشەسەندنی ئەو شارستانییەتەدا. فەزیلەتەکانی ئیسلام- زمانەکەی، پێغەمبەرەکەی، نەزمی ئەخلاقی و سیاسی سەرەتایی- دەستکەوتی عەرەب بوون. بە بۆچوونی ئەو، داڕمانی ئیسلام بەهۆی کردوکاری تورکەکان و کەسانی دیکەی غەیرە عەرەبەوە بوو کە هێنایانە ناو ئوممەکەوە. ئەو تا ئەو ئاستەیش پڕکێشی کرد و پەشیمانی دەربڕی کە تورکەکان هەرگیز بە باشی ئیمانیان نەھێناوە. کەواکیبی داخوازی ئەوە دەکات کە عوسمانییەکان دەستبەرداری ئیدیعای ناڕەوایان بۆ خەلافەت بن و ئەو پۆستە بگەڕێننەوە بۆ خاوەن مافەکانی واتە عەرەبەکان[48].

گوتاری خەلافەت لە باقی جیهانی سوننەدا زیاتر لە بەرامبەری ئامادەییی کۆلۆنیالیزمەوە ھێزی دەگرت، هەر بۆیەش ئاستگەلێ لە هاودەنگی و یەکگرتوویی لەگەڵ عوسمانییەکانی دروست کرد. بەھەرحاڵ خەلافەت وەکوو چەمکێکی مۆنۆپۆلکراو بۆ عەرەب مایەوە[49]. بەم پێیە لە کۆتاییی سەدەی نۆزدە و دەسپێکی سەدەی بیست، دەستەوداوێن بوون بە چەمکگەلێ وەکوو ئوممە و خەلافە لەنێو عەرەبەکان لە بەراوردی دیکەی جیھانی سووننەدا، کاریگەرییەکی زۆر زیاتری لەسەر ئێتنیسیتە ھەبووە. وەها رێبازێک بۆ ژیاندنەوەی ئەم دامەزراوە مێژوویییە، بە سەرکردایەتیی خەلافەتێکی عەرەبی، دەتوانێت هەندێک تیشکی ڕۆشنایی بخاتە سەر کاردانەوە تێکەڵاوەکانی ئەو کەسایەتی و گرووپە موسڵمانانەی وەک عەبدۆ، ڕەشید ڕەزا و وەهابییەکان لە دژی کۆلۆنیالیزمی ئەورووپی. ھەم عەرەبە بووژانەوەخوازەکان و ھەم عەرەبە ناسیۆنالیستەکان لە ترسی ئەوەی کە ئیدیعای ئەوان لاواز بکرێتەوە، تەنانەت ئەو کاتەی لەگەڵ عوسمانییەکان لە دژی ئیستعماری ئەورووپی ڕاوەستان، ھیچ مەیلێکیان نەبوو کە شەرعییەتێک بۆ خەلافەتی عوسمانی قایل بن[50].

هەڵەیە ئەگەر وا دابنێین کە موسڵمانان هەمیشە ئوممەتیان بە شێوەی یەکپارچە وێنا کردووە بە تایبەت دوای مردنی خەلیفەی چوارەم لە ساڵی ٦٥٦. لە ڕاستیدا، لە سەردەمی سەدەی ناوەڕاستدا موسڵمانان جڤاکەکەیان بەگشتی وەک جڤاکێکی سیاسی وێنا نەدەکرد[51]، ڕەنگە لەبەر ئەوەی تەنیا چەند دەیەیەکی خایاند دوای مردنی پێغەمبەر تا موسڵمانان بکەونە ژێر دوو یاسای سیاسیی ڕکابەرەوە – یەکێکیان ناوەندی لە مەدینە بوو و ئەوی دیکەیان لە دیمەشق. ئەمە سەرەتای نایەکگرتوویی و قەڵیشتێکی نەبڕاوە بوو لەنێو موسڵمانان کە هەرگیز کۆتایی نەدەهات و لە سەدەکانی دواتردا ڕەهەندی نوێتر و قەبارەیەکی زیاتری بە خۆوە گرت. لەوەش گرنگتر ناتەباییی موسڵمانان بە شێوەیەکی جیاواز ڕاڤە کراوە. تەنانەت فەرموودەکان (کۆ؛ تاک: فەرموودە، وتەی پێغەمبەر) بۆ پاساودانی ناکۆکییەکان (اختلاف) لەناو ئوممەتدا بەکار ھێنرا و لانی کەم لە ڕووی تیۆرییەوە، وەک نیعمەتێک (رحمة) لەلایەن خوداوە پاساوی بۆ ھێنراوە[52]. ئەم جۆرە ڕاڤانە[53] جیاواز بوون، لە ئینکاری پێویستی گشتی بە مەسەلەی دەوڵەتەوە تا شەرعیەتدان بە ناوچە سیاسییە ڕکابەرەکان هاوکات لە سەرانسەری کۆمەڵگادا. زۆرینەی سوننەکان بە ئامادەییەوە ئەو فەرموودەیەیان قبووڵ کردبوو کە بە توندی شەرعیەتی هەر دەوڵەتێک دوای چوار خەلیفەی یەکەم (ئەوانەی پێیان دەوترێت خولەفای ڕاشدین) ڕەت دەکاتەوە[54]. دواتر بەپێی هەمان فەرموودە، کۆمەڵگەی موسڵمانان لەلایەن پاشاکانی نابەکار یان نادادپەروەرەوە (عدود[55]) حوکم دەکرێن[56].

بیرۆکەکانی بووژانەوەی ئوممە و خیلافەتی ڕاستەقینە هاوکات بوون لەگەڵ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و ڕەوتی دژەکۆلۆنیالیزم لە جیهانی ئیسلامدا، ڕاستییەک کە زەمینەی مێژووییی هاوبەشی هەردوو ناسیۆنالیزمی عەرەبی و بووژانەوەی ئیسلامی ئاشکرا دەکات. لە دوو سەدەی ڕابردوودا، بووژانەوەخوازیی ئیسلامی یەکێک بووە لەو ڕێگایانەی کە موسڵمانانی مۆدێرن کەڵکەڵە و دڵەڕاوکێکانی خۆیانیان پێ فۆرموولە کردووە. بووژانەوەی ئیسلامی کە خۆی هەمەچەشنە، کاریگەری لە جۆرە جیاوازەکانی ئیتنۆ-ناسیۆنالیزم و جوگرافیا و فاکتەرە کۆدەقبەندییەکانی دیکەوە وەرگرتووە. هەر لە سەرەتاوە، بووژانەوەی ئیسلامی خۆی دەستەویەخەی ”حوکمڕانییەکی ئیسلامی ڕەسەن و بەھێز“ کردووە، بە تایبەت لە بەرامبەر هەڕەشەی کۆلۆنیالیزمدا. بەڵام ئەمە نەبووەتە بەرگر لەوەی کە ناسیۆنالیزم بە شێوەیەکی ئارام نەخزێتە ناو گوتاری بووژانەوەی ئیسلامی مۆدێرنەوە.

لە کۆتاییی سەدەی نۆزدەھەم و بەرایی سەدەی بیستەم، عەرەبەکان زیاتر لە دیکەی موسڵمانان گوتاری خەلافەتیان ئیتنیسیزە[57] کرد. بە ھەر جۆر، شایانی ئاماژەیە کە لە سەرانسەری جیھانی ئیسلامدا گوتاری خەلافەت ھەر چی دەھات زێدەتر لەگەڵ ناسیۆنالیزم تێکەڵاو دەبوو. ھەرەسھێنانی خەلافەتی عوسمانی لە ١٩٢٤ ئەو گەرایشە داشاریاوانەی لە نێو موسڵماناندا خستە ڕوو. لە کاتێکدا گرووپە جۆراوجۆرە ئیسلامییەکان تێ دەکۆشان گوتاری نۆستالژیکی خەلافەت زیندوو بکەنەوە، ھاوکاتیش پێشایەتییان بە سنوورە نەتەوەیییەکانی خۆیان وەکوو تەنیا ماڵی موومکینی خەلافەتی ئیسلامی دەدا[58]. پێشایەتیدانی ناسیۆنالیستی لەم جۆرە، بووە هۆی ئەوەی کە یەکەمین کۆنفڕانسی بووژانەوەی خەلافەت لە ساڵی ١٩٢٦ لە قاهیرە بەڕێوەچوو. لە کۆنفڕانسەکەدا «هەر شاندێکی بەشداربوو ویستوویەتی فەرمانڕەوای خۆی بکاتە خەلیفە[59]». بەم پێیە دامەزراندنی خەلافەت لە بنەڕەتدا گەردوونی و گشتگیر نییە. تەنانەت ئەگەر وەک بەجەستەکردنی ”دەوڵەتێکی ئیسلامی ڕاستەقینە“دەرکی پێ بکرێت، گرووپە ئیسلامییەکان بەگشتی دروستکردنی خەلافەتێکی موومکین لەناو فەزای نەتەوەییی ئێستا و ناوخۆی خۆیاندا وێنا دەکەن. گرنگە ئەوە لەبەرچاو بگیردرێت کە ئەم جۆرە گرووپانە چ بە بناژۆخواز یان چ بە ئیسلامخواز ناوزەد بکرێن، سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوەشیان لەناوخۆدا دەروونی کردۆتەوە.


ئیسلامیزم، ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی و دەوڵەت-نەتەوە

کردوکاری ئیسلامخوازەکان لەنێو سنووری دەوڵەت-نەتەوەدا و ئامانجی ستراتیژییان بۆ کۆنترۆڵکردنی پێکهاتەکانی دەوڵەت ناچاریان دەکات لە ئاستگەلێکی جۆراوجۆردا مامەڵە لەگەڵ ناسیۆنالیزم بکەن. بێگومان ئەگەر ناسیۆنالیزم لە بنەڕەتدا وەک بابەتی سکۆلار تێگەیشتنی بۆ بکرێت، ئیسلامیزم ناسیۆنالیزم نییە. بەڵام ئەگەر ناسیۆنالیزم بتوانێت چەمکێکی داڕێژراو[60]بێت، وەک پارتا کاتەرجی[61] باسی لێ دەکات، ھەڵگری ئەوە بێت فۆرمە جۆراوجۆرەکانی دابونەریتە کولتوورییە خۆجێییەکان لە خۆ بگرێت، ئەوا پەیوەندییەکەی بە ناسیۆنالیزمەوە ئاڵۆزترە.

هەوڵە ئیسلامییەکان بۆ کارکردن لە ڕێگەی دەوڵەت-نەتەوەوە لە خۆیاندا زەمینەیەکن بۆ تێکەڵبوونی ئایین و سیاسەت و لەلایەن “بەرژەوەندیی نەتەوەیییەوە” قاڵب دەکرێتەوە. دەوڵەتی مۆدێرن نە بە تەواوی ئایینی لە فەزای گشتی لابردووە و نە لە سیاسەت پاکی کردۆتەوە، نە بێ تەفاوەت و بێلایەنە بەرامبەر بە ئایینەکان. دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرن بەردەوام لایەنەکانی ئایین بەڕێوە دەبات، ھزراندنەوەی لەسەر دەکات، دووبارە پێناسەی دەکاتەوە و بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو لایەنەکانی ئایین لەخۆ دەگرێت یان وەلایان دەنێت. بەڵام مامەڵە و ھەڵسووکەوتی دەوڵەت لەگەڵ ئایین(ەکان) لە سنووری ڕژیمێکی یاسایی (ئەوەی سکۆلاریسمە) ڕوو دەدات، هەربۆیە  ڕاڤەی دەوڵەت بۆ ئایین لە ڕووی یاسایییەوە پێبەندکەرە. ئەگەر مرۆڤ چاوپۆشی لە ھەندێک لە ئایدیۆمە توندوتیژەکانی ئیسلامخوازەکان بکات، ئەوا تێبینی ئەوە دەکات کە هەردوو دەوڵەتی ئیسلامی و غەیرە ئیسلامی لە بەڕێوەبردنی ئایینەکاندا ستراتیژی هاوشێوە دەگرنەبەر. دەوڵەت چ ئیسلامی بێت چ ناسیۆنالیستی بە گشتی ڕاڤە ئایینیەکان بۆ خۆی پاوان دەکات. ئەمەش بە پشتگوێخستنی یان سزادانی ڕاستەوخۆی لێکدانەوەکانی چالاکە نادەوڵەتییەکان بۆ ئایین ئەنجام دەدرێت. کردەوەکانی دەوڵەت لە ئێران[62]، میسر[63]، سعوودیە، و تورکیا[64] لە سێ دەیەی ڕابردوودا شایەتگەلی بەرفراوانمان بۆ دەخەنە ڕوو.

ئیسلامخوازەکان دووبارە ڕاڤەی ئێسلام دەکەنەوە و لەنێو سنوورەکانی پاڕادایمی ناسیۆنالیزمدا کار دەکەن. نابێت کاریگەریی ئەم جۆرە پێداویستییە پاڕادایمییانە لەسەر ئەندێشەی ئایینی بە سووکی وەربگیرێت. ئەگەر ئیسلامخوازەکان ھەر وەکوو ئەوەی تا ئێستە وابوونە، لە ھزراندنەوەی دەوڵەت- نەتەوە وەکوو ”جۆری ئایدیال[65]“ی سیستەمی حکوومەتی مۆدێرن دەستەوسان ماونەتەوە، ئەوان تەنیا دەبنە یەکێکی دیکە لە بارمتەکانی ئەو شتەی مایکێل بیلیگ زیرەکانە ناوی ”ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی[66]“ لێ دەنێت[67]. (دەکرێت وەک پەسەندکردن و شکۆمەندکردنی بێئاگا لە دەوڵەت-نەتەوە بیر لە ناسیۆنالیزمی ھەرڕۆژەیی بکرێتەوە بە واتایەکی تر، دەوڵەت-نەتەوە ‘بە شتێکی بەدیھی و ئاشکرا و بێ ئەملاو ئەولا وەرگیراوە). پاڵنەرەکانی ئیسلامییەکان لە بەشداریکردنیان لە سیاسەتی مۆدێرندا هەرچییەک بن، پرسیارێکی لاوەکییە. ئەوەی لێرەدا جێیی باسە، جیاییھەڵنەگری ڕوانگەی ئیسلامخوازەکان لەمەڕ بابەتی سیاسی لە دیکەی جۆرەکانی ھۆمۆناسیۆنالیزمە[68]. لە ئیسلامخوازیدا ھەر وەک چۆن لە شێوازەکانی تری ئەندێشەی مۆدێرندا، سنووری دەوڵەت هاوکات و ھاوتەریبە لەگەڵ سنووری میللەتدا. ئیسلامخوازێک بە خۆبەدەستەوەدانی یاسایی و نەتەوەیی یان جیابوونەوەی لە باقی ”ئۆممە“ی ئیسلام ڕازییە.

ئاساییبوونی ئەم جۆرە ململانێیانە مۆدێرن و ناسیۆنالیستییە. ئەگەر وەسفێکی لەو شێوەیە دروست بێت، ئەوا ئیسلامییەکان نە لە گەردوونێکی جیاوازدا دەژین و نە شێوازێکی ژیان خەیاڵ دەکەن یان بانگەشەی بۆ دەکەن کە بتوانێت لە دەرەوەی سنووری دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرندا جێگیر ببێت. بۆ ئیسلامخوازەکان وەک هاووڵاتییان پێناچێت قبووڵکردنی سنوورە نەتەوەیییەکان دووڕیان و تەنگەژە[69] پێک بهێنێت. هەر بۆیە موسوڵمانی شێعەی فارسیان لە ئێران بە شانازییەوە کرد بە مەرجێکی دەستوور بۆ ئەوەی سەرۆکەکەیان لەنێوان شتەکانی تردا هاووڵاتییەکی نێرینەی لەدایکبووی ئێران بێت و شێعەیەکی بە ڕەچەڵەک ئێرانی بێت(ایرانی الأصل)[70]. واقیعێکی لەو جۆرە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئیسلامییەک دەبێ هەر وەک هاوتا مەسیحییەکان یان جوولەکەکانی بە ”هۆمۆناسیۆنالیست“ هەژمار بکرێت. لەمەیش زیادتر، بە وتەی بالیبار، ”سنووری دەرەکیی دەوڵەت“ دەبێت بە ”سنووری ناوەکی“ شارۆمەند بگۆڕدرێت[71]، ھەروەھا کە واقیعی پەتی، ژیان لە نێو پاڕادایمی ناسیۆنالیستی، پێوێست دەکات.

زۆر کەس دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) وەک نائاسایییەکی موومکین[72] و وەک گرووپێک کە لە کاریگەریی ناسیۆنالیزم بە دوور ماوە، دەڕوانن. بەڵام چەند فاکتەرێک هەن دەریدەخەن کە پێچەوانەی ئەوە ڕاستە، بەو پێیەی ١) داعش لە بنەڕەتدا کاردانەوەیەکی سوننە-عەرەبە (لێرەدا هێڵکارییەکە گرنگە) بەرامبەر بەو گۆڕانکارییانەی کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا لە عێراق و سوریا ڕوویانداوە. ٢) ڕیتۆریکی بەڕواڵەت جیھانی داعش تەنیا دەبێت وەکوو ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی چەکدارە موسڵمانەکان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ ناو داعیش سەیر بکرێت. ڕیتۆریکی داعیش پێویستیەکی ئایدیۆلۆژیک نییە. پێش پاڵپشتی ئاسمانی ئەمریکا لە کورد لە ساڵی ٢٠١٤، داعیش خۆی لە عەمەلیاتی دەرەوەی عێراق و شام بەدوور گرتبوو. ٣) هه‌رچه‌نده‌، گرووپه‌ جیاوازه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق و سووریا بانگەشەی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ به‌شێكن له‌ داعش، به‌ڵام زۆرجار هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكی راسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ داعیشدا نییه ‌ بەڵکوو تەنیا ئیلهامیان لە کارەکانی داعیش وەرگرتووە. ٤) زمانی عەرەبی میدیای فەرمی داعیشە و لە خۆتێگەیشتنی خۆیدا جێگەیەکی سەرەکی هەیە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە تایبەتمەندی نەتەوەیی ھەیە.٥) ھەروەھا، هیچ غەیرە عەرەبێک نابینن کە شایستەی داگیرکردنی ئەو پێگە خەیاڵییەی خەلافەتە بێت. هەر هەڵبژاردنی ئەبوبەکر بەغدادی بەو باوەڕەوە ڕووی دا کە ئەو بەغدادی- عەباسییە (واتە قوڕەیشی نەسەبە). ٦) دوژمنایەتیی داعیش لەگەڵ کوردەکانی سووریا زۆر جار لە ڕێگەی دەربڕینی ئیتنۆ-ناسیۆنالیستییەوە پیشان دەدرا.

ھەروەھا کە پێشتر ئاماژەم پێدا ئیسلامخوازەکان بە سنوورەکانی دەوڵەت نەتەوە ڕەزایەت دەدەن. بەگشتی، جگە لە هەندێک ڕیتۆریک سەبارەت بە ڕۆڵی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوا لە سەپاندنی سنوورە جوگرافییەکانی ھەنووکە، هیچ ئەدەبیاتێکی ئیسلامخوازانەی بەرچاو نییە کە ئاماژە بەوە بکات کە ڕەنگە دەروونی کردنەوەی سنوورە نەتەوەیییەکان کێشەیەک بۆ پەرستنی ئایینی موسڵمانان پێک بهێنێت. سەلماندن و پەسەندکردنی ھێدی ھێدی سنوورە قەومی نەتەوەیییەکان لە جیھانی ئیسلامدا و دووبارە و چەندبارەبوونەوەی قسە ناسیۆنالیستییەکان ئەم ڕاستینە پیشان دەدات[73]. موسڵمان، جا چ نەریتخواز بێت یان ئیسلامخواز، بە پێویست خۆی بە بێ ئایین نابینێت کاتێک سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوە دەروونی دەکاتەوە. ئەم جۆرە تاکانە خۆیان وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی باوەڕمەندان وێنا ناکەن کە بەهۆی سنوورە نەخوازراوەکانی ئیتنۆنەتەوەیی لە یەکتر جیاکراونەتەوە[74].

blank
گرووپێکی چەکدارانی داعش لە سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان

لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە هەندێک وڵاتدا کۆنترۆڵی دەسەڵاتی دەوڵەتی لە دەستی ئیسلامخوازاندایە. ئەم دەرفەتە لە هەندێک حاڵەتدا توانای نیشاندانی جێگرەوەیەک بۆ دەوڵەت-نەتەوەی ڕەخساندووە. بەڵام ئیسلامخوازی نەک هەر فۆرمێکی بەدیل لە حوکمڕانیی نەخستووەتە ڕوو؛ بە ئاشکرا بێتوانا بووە لە نیشاندانی جیاوازییەکی بنەڕەتی لە شێوازەکانی حوکمڕانی مۆدێرن. ئیسلامخوازەکان لە کاتی دەسەڵاتدا هەوڵیان داوە یاساکانی نەتەوەکانیان ئاییندارتر بکەن و لەگەڵ ئەوەشدا بە تەواوی شکستیان هێناوە لە فایەق بوون یان ئاڵێنگاری قەومپەرەستی باڵادەست لەناو چوارچێوەی نەتەوەییی خۆیاندا. بۆ نموونە ڕێژیمی ئێران یان حکوومەتی ئیسلامیستی تورکی نەک هەر وەک دەوڵەتێکی فارس یان تورک کار دەکەن، بەڵکوو لە بنەڕەتدا لە بەرامبەر نواندنەوە سیاسی، کولتووری و زمانەوانییەکانی ئەتنیکەکانی ناو ئەو نەتەوە نالێبوردەن.

ئیسلامخوازەکان کاتێک لە دەسەڵاتدا دەبن، سیاسەتی ناسیۆنالیستی کۆنەپارێزانە بەرهەم دەهێننەوە. سەرەڕای ئەوەش، بەپێچەوانەی دروشمە ئاینییە گەردوونی و دژە ڕۆژئاوایییەکانیان، هەڵوێستە سیاسییەکانی ئیسلامییەکان بە قووڵی ناسیۆنالیستین. سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتە ئیسلامییەکان وەک هەر دەوڵەت نەتەوەیەکی دیکە، بەو شتە دیاری دەکرێت کە زۆربەی جار بە “بەرژەوەندی نەتەوەیی” پێناسە دەکرێت. بۆ نموونە هەردوو ڕژێمی ئێران و گرووپە ئیسلامییە عەرەبییەکان هەڵوێستگەلێکی دژیەک و یەکناکۆکیان لەسەر زۆرێک لە پرسە کارەساتبارەکان گرتەتە بەر کە بە سیاسەتی ناوچەیی خۆیانەوە فۆرمڕێژ کراون نەک پەیوەندییە ئیسلامییە گەورەکان. بۆ نموونە کۆمەڵکوژی ئەندامانی ئیخوان موسلمین و خەڵکی مەدەنی بێ بەرگری لە حەما[75]، پەیوەندیی دۆستانەی نێوان ئێران و سووریای کەم نەکردەووە ھیچ؛ بەڵکوو بەهێزی کردن. شەڕە جینۆسایدییەکان لە باڵکان و پشتیوانی ڕاستەوخۆی ڕووسیا لە ڕژێمی سلۆبۆدان میلۆشێڤیچ لە ساڵانی نەوەدەکاندا پەیوەندیی دیپلۆماسی نێوان ڕەخنەکانی ئێران لە سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیای نەپچڕاند. هەروەها سەرکوتکردنی توندوتیژانەی چین بۆ سەر دانیشتووە موسڵمانەکانی ئەوەندە گرنگ نەبوو کە میدیای دەوڵەتی لە ئێراندا هیچ ڕووماڵێکی لێ بکات[76]. کاتێک کە باس لە موسڵمانان لە دەرەوەی سنووری نەتەوەی خۆیان دەکرێت، ئەم دەوڵەتانە یان کەمتەرخەم و بێ­خەیاڵ دەمێننەوە یان ئەو جۆرە پرسانە کە تایبەتن بە پێداویستییەکانی ھەرڕۆژەی بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکانی خۆیان چارەسەر دەکەن.

خاڵی سەرەکیی ئەوەیە کە تێگەیشتنی موسڵمانان لە ئیسلام، کتومت لەژێر کاریگەریی ناسیۆنالیزمی مۆدێرن و خواستی کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتدایە. لێرەدا دەمانھەوێت ئاماژە بەوە بکەین کە ئەوانیش دەوڵەت نەتەوەیان وەک ”جۆری ئایدیال“ دەروونی کردۆتەوە. تەنیا لەم چوارچێوەیەدا دەتوانرێت قسەکانی حەسەن ئەلبەننا مانای ھەبێت کاتێک دەڵێت «ئەگەر مەبەستیان لە ”نیشتمانپەروەری“ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییانە بێت کە تاکەکان لەناو وڵاتێکی دیاریکراودا یەک دەخەن و ڕێگەیەکیان نیشان بدات کە ئەو پەیوەندییانە بۆ بەرژەوەندییەکانیان بەھێز بکەن، ئەوا ئێمەش لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵیان هاوڕاین. چونکە ئیسلام ئەمە بە ئەرکێکی ئایینی پێویست دەزانێت[77]».

سەیرکردنی نیشتمانپەروەری وەک ئەرکێکی ئیسلامی لە خۆیدا، ئاماژەیە بۆ تێکەڵبوونی ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم لە بنیاتنانەوەی بیری ئیسلامی مۆدێرن. ڕەنگە لەوەش گرنگتر گونجاندنی نەخوازراوی شێوازە مۆدێرنەکانی وەسفکردنی نەتەوە لەلایەن کەسانی وەک ئەلبەننا بێت، چونکە ئاماژە بەوە دەکات کە “ئیسلامخوازەکان” ناسنامەی نەتەوەیی لە باوەش دەگرن. کاتێک ڕادەی کاریگەریی ناسیۆنالیزم لەسەر ئیسلامخوازەکان وەک ئەلبەننا دەبینین دەتوانین تێی بگەین کە بۆچوونەکانی لەگەڵ بۆچوونەکانی محەمەد ئیقبال بەراورد بکرێت- کە ئەوانی دیکەیان، غەیرە موسڵمانەکان بوون[78]. ئیقبال دەڵێت «ئەو هەستی نیشتمانپەروەرییەی کە بیرۆکەی نەتەوەیی دەیورووژێنێت، جۆرێکە لە بەخوداکردنی شتێکی ماددی و بە تەواوەتی دژایەتی جەوهەری ئیسلام دەکات کە وەک ناڕەزایەتییەک لە دژی هەموو فۆرمەکانی ورد و درشتی بتپەرستی دەردەکەوێت[79]».


ئەنجام

ناسنامەی نەتەوەیی ڕێگەیەکی تایبەتە بۆ ئیرجاع یان وێناکردنی نەتەوەیەک. بە وتەی بیلیگ: «هەبوونی ناسنامەیەکی نەتەوەیی، خاوەندارێتی شێوازەکانی قسەکردنە لەسەر نەتەوایەتی[80]». هەبوونی شێوازی لێدوان لەسەر نەتەوایەتی دیاردەیەکی مۆدێرنە. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، بکەری ئایینی مۆدێرنیش مەیلی ئەوەی هەیە کە میللەت وەک دیاردەیەکی خۆئاشکرا و بەدیھی هەست پێ بکات؛ چونکە بکەری ئایینی لە چوارچێوەی پاڕادایمی ناسیۆنالیزمدا کار دەکات، ئەو مەیلی ئەوەی هەیە هۆشیاریی ئایینی خۆی لەگەڵ هۆشیاریی ناسیۆنالیزمدا یەک بخات. کەوایە چونکە پاردایمی ناسیۆنالیزم کۆدەقێک بۆ ھزراندنەوەی ئایین پێک دەھێنێت کاریگەری لەسەر ڕاڤەی دووبارەی ئایین و ڕەنگڕێژکردنی دادەنێت. پاشخانی نەتەوەیی و کۆدەقی ناسیۆنالیستی/فەرهەنگی، تێگەیشتنی مۆدێرنی موسڵمانان لە ئیسلام لە قاڵب دەدەن. لە زۆر ڕووەوە، لێکدانەوەی ئایینی لە کۆمەڵگە جیاوازە ئیسلامییەکاندا لەگەڵ سنوورە نەتەوەیییە”وێناکراوەکان”دا یەک دەگڕێتەوە. هەم موسڵمانە نەریتییەکان و هەم ئیسلامخوازەکان دەوڵەتە نەتەوەیییەکانی ئێستایان وەک شتێکی دیاریکراو و بەدیھی وەردەگرن و سنوور و مێژووی ئایینیی خۆیان دەکێشنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ مێژووی نەتەوەدا بگونجێت.

خولیای ئیسلامیزم بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت، دەلالەتە لەسەر دەروونی کردنی سنوورە نەتەوەیییەکان لەلایەن ئیسلامخوازەکانەوە و کاریگەریی گشتیی ناسیۆنالیزم لەسەر بیری سیاسی موسڵمانانی مۆدێرن. ئیسلامخوازەکان کاتێک لە دەسەڵاتدا دەبن، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیی ھەرڕۆژەیی دەوڵەت پێداویستی دەکات، ناچار دەبن واز لە بەشێکی زۆری ئایدیالە بەرز و “گەردوونییە”کانیان بهێنن. ئیسلامخوازە مۆدێرنەکان لەگەڵ خودی دەوڵەت-نەتەوە کێشەیان نییە بەڵکوو لەگەڵ ڕێساکان و سیاسەتە تایبەتەکانی دەوڵەت کێشەیان ھەیە. لای ئیسلامخوازەکان هێشتا سروشتی دەوڵەتی مۆدێرن بیرلێنەکراوەیە و وەک شتێکی بەدیھی وەرگیراوە. ئیسلامییەکان دەوڵەتی مۆدێرن وەک بکەری سەرەکی بۆ گۆڕانکاری و کۆنترۆڵکردن و جێبەجێکردنی سیاسەت و بەرنامە کۆنەپارێزانەترەکانیان دەڕوانن. کەوایە بووژانەوەخوازیی مۆدێرنی ئیسلامی سەرەڕای فۆرمە جۆراوجۆرەکانی، بە شێوەیەکی تایبەت خۆجێیین و لەنێو سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوەدا دەمێننەوە.

سەرچاوەکان

66 Billig, 1995: 8

Ammara Muhammad. Abd al-Rahaman al-Kawakibi: The Martyr of Islam and Freedom. (Cairo: Dar Al Shuruq, 1988)

‘Abduh, Muhammad. Al-Islam Wa Al-Nasraniyya/ Islam and Christianity Cairo: al-Manar, 1323/1905.

‘Enayat, Hamid. Seyri Dar Andishay-E Siyasi-Ye Arab/ a Glimpse at Arabic Political Thought Tehran: Sherkat-e Sohami-ye Kitabha-ye Jibi, 2536.

Al-Aqqad, Abbas Mahmud. ‘Abd Al-Rahman Al-Kawakibi Beirut: Dar al-Kitab al-‘Arabi, 1969.

Al-Azmeh, Aziz. Islams and Modernities. Phronesis. London; New York: Verso, 1993.

al-Banna, Hasan. “Our Message.” http://www.ymsite.com/books/our_message/index.htm. Last visited: 10/01/2016.

al-Kawakibi, ‘Abd al-Rahman. Um Al-Qura. Cairo: al-Azhar, 1931.

Asad, Talal. Formations of the Secular: Christianity, Islam, Modernity. Cultural Memory in the Present. Stanford, Calif.: Stanford University Press, 2003.

———. Genealogies of Religion: Discipline and Reasons of Power in Christianity and Islam. Baltimore: Johns Hopkins University Press, 1993.

Balibar, Etienne, and Immanuel Maurice Wallerstein. Race, Nation, Class: Ambiguous Identities. London England; New York: Verso, 1991.

Barker, Philip W. Religious Nationalism in Modern Europe: If God Be for Us. Routledge Studies in Nationalism and Ethnicity. London; New York: Routledge, 2009. Soleimani, Kamal Journal of Humanities and Cultural Studies R&D

Bazargan, Mehdi. Inqilab-E Iran Dar Do Harakat/ the Iranian Revolution in Two Opposing Directions Tehran: Mazaheri, 1983.

Billig, Michael. Banal Nationalism. London; Thousand Oaks, Calif.: Sage, 1995.

Chatterjee, Partha. The Nation and Its Fragments: Colonial and Postcolonial Histories. Oxford India Paperbacks. Delhi; New York: Oxford University Press, 1995.

Cleveland, William L. A History of the Modern Middle East 2nd ed. Boulder, Colo.: Westview Press, 2000.

The Constitution of the Islamic Republic of Iran. http://www.roshd.ir/Portals/0/KarAfarini/PDFs/rules/ghanoone_asasy.pdf.

Devji, Faisal. Muslim Zion: Pakistan as a Political Idea. Cambridge: Harvard University Press, 2013.

Ewing, Katherine Pratt. Arguing Sainthood: Modernity, Psychoanalysis, and Islam. Durham and London: Duke University Press, 2006.

Green, Garrett. Theology, Hermeneutics, and Imagination: The Crisis of Interpretation at the End of Modernity. Cambridge, U.K.; New York, NY: Cambridge University Press, 2000.

Haddad, Mahmoud. ” Arab Religious Nationalism in the Colonial Era: Rereading Rashīd Riḍā’s Ideas on the Caliphate.” Journal of the American Oriental Society 117, no. 2 (Apr. – Jun. 1997): 253-77.

Iqbal, Muhammad. Armaghan-E Hijaz 1938. http://www.allamaiqbal.com/.

———. The Reconstruction of Religious Thought in Islam. California: Stanford University Press, 1930.

———. Rumuz-E Bekhudi Translated by Iqbal Academy Pakistan. Iqbal Academy, 1918.

———. Stray Reflections Iqbal Academy, 1910.

Karpat, Kemal H. The Politicization of Islam: Reconstructing Identity, State, Faith, and Community in the Late Ottoman State. Studies in Middle Eastern History. Boston, MA: Brill, 2001.

Khalid, Adeeb. “Pan-Islamism in Practice: The Rhetoric of Muslim Unity and Its Uses.” In Late Ottoman Society: The Intellectual Legacy, edited by Elisabeth Özdalga, xvii, 348 p. London; New York: RoutledgeCurzon, 2005.

Qutb, Sayyid. The Islamic Concepts and Its Characteristics. Indianapolis IN, USA: American Trust Publications, 1991.

———. Milestones. 1st ed. Karachi: International Islamic Publishers, 1981.

Soleimani, Kamal. Islam and Competing Nationalisms in the Middle East, 1876-1926. New York: Palgrave, 2016.

Rippin, Andrew, and Jan Knappert. Textual Sources for the Study of Islam. Textual Sources for the Study of Religion. Manchester Greater Manchester: Manchester University Press, 1986.

Taves, Ann. Religious Experience Reconsidered: A Building Block Approach to the Study of Religion and Other Special Things. Princeton, N.J.: Princeton University Press, 2009.

سەرچاوە:  Journal of Humanities and Cultural Studies


[1] .  یەکەم سەرۆکوەزیرانی دوای شۆڕشی ١٩٧٩، مێهدی بازەرگان، انقلاب ایران در دو حرکت/ شۆڕشی ئێران لە دوو ئاراستەدا(تاران: مەزاهیری، ١٩٨٣)، ٧٥.

[2] . Garrett Green, Theology, Hermeneutics, and Imagination : The Crisis of Interpretation at the End of Modernity (Cambridge, U.K. ; New York, NY: Cambridge University Press, 2000), 151.  

[3]. ئیسلام یان ئیمانی ئایینی.

[4] . محەمەد ئێقباڵ، ارمغان حجاز، (1938)، http://www.allamaiqbal.com دوایین سەردانکردن: 10/01/2016

[5] .  Partha Chatterjee, The Nation and Its Fragments: Colonial and Postcolonial Histories, Oxford India Paperbacks (Delhi ; New York: Oxford University Press, 1995), xi.  

[6] . universalist.

[7] .context

[8] . temporal specificity.

[9] .  rethinking.

[10]. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بڕوانە:

 Kamal Soleimani, Islam and Competing Nationalism in the Middle East, 1876-1926. (New York: Palgrave, 2016). 

[11] . Abd al-Rahman al-Kawakibi, Umm al-Qura (Cairo: al-Azhar, 1931) 196-97.  

[12] . self-evident

[13] . بڕوانە Michael Billig, Banal Nationalism. (London ; Thousand Oaks, Calif.: Sage, 1995).  

[14] . بۆ باسی ڕۆشنگەرانە لەسەر ئەم مژارە بڕوانە ھەمان سەرچاوەی پێشوو. 

[15] . السیدی بە گێڕانەوە لە کتێبی ”التشريع وسنّ القوانين في الدولة الإسلامية، دار النهضة العربية 1992، 46-55.

[16] . بڕواننە : Sayyid Qutb, Milestones, 1st ed. (Karachi: International Islamic Publishers, 1981ھەروەھا, The Islamic Concept and Its Characteristics (Indianapolis IN, USA: American Trust Publications, 1991). 

[17] .  Aziz al-Azmeh, Islams and Modernities, Phronesis (London ; New York: Verso, 1993), 1.  

[18] .بە گێڕانەوە لە Ann Taves, Religious Experience Reconsidered: A Building Block Approach to the Study of Religion and Other Special Things (Princeton, N.J.: Princeton University Press, 2009), 23. 

[19] . Talal Asad, Formations of the Secular: Christianity, Islam, Modernity, Cultural Memory in the Present (Stanford: Stanford University Press, 2003), 199. 

[20] . Ibid., 195.

[21] . Ibid. 

[22] . Ibid., 196-98. 

[23] . Ibid., 197. 

[24] . Ibid., 197. 

[25] . Katherine Pratt Ewing, Arguing Sainthood: Modernity, Psychoanalysis, and Islam (Durham and London: Duke University Press, 2006). 

[26] . Andrew Rippin and Jan Knappert, Textual Sources for the Study of Islam, Textual Sources for the Study of Religion (Manchester Greater Manchester: Manchester University Press, 1986), 30. Emphasis added 

[27] . تەنانەت محەمەد ئیقبالیش ھەرەسھێنان( انحطاط)ی جیهانی ئيسلام قبووڵ دەکات. یەکێک لە شێعرەکانی بە ناونیشانی “لە سەردەمی ھەرەسھێنان، تەقلید باشترە لە ئیجتیهاد”، دەڵێت:

سەردەمی ئێستا چەندین ئاژاوەی لەژێر سەریدا شاردۆتەوە

لە ژێر سەریدا؛ میزاجی نائارامییەکەی

کۆمەڵگا بەرەو تێکچوون و نابوودییە

لە گەلانی کۆن لەم سەردەمە مۆدێرنانەدا

لەسەرلێشێواویدان؛ لقی ژیان بێ شەوق و تەڕایی لێھاتووە

سەقامگیری لە تەقڵیددایە

ڕێگەی باوباپیرانت بگرە بەر چونکا لەوێدا یەکانگیری و یەکگرتوویی ھەیە

ئارامش و ھێوری لە تەقلیددایە

لە کاتی پاییزدا ئە بێ بەھرە لە گەڵا و میوە

لە دار دامەبڕە بە ھیوای بەھار

Muhammad Iqbal, Rumuz-I Bekhudi trans. Iqbal Academy Pakistan (Iqbal Academy, 1918. http://www.allamaiqbal.com/ last visited: 10/01/2016). 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئیقباڵ ئەو شیعرەی سەرەوەی لە ساڵی ١٩١٨ نووسیوە، لە بەرهەمەکانی دواتردا پێناچێت زۆر گرینگایەتی بە تەقلید بدات. بۆ نموونە ئیقبال لە بەرهەمەکەیدا لە ساڵی ١٩٣٠دا دەڵێت «ڕێزگرتنێکی درۆینە بۆ مێژووی ڕابردوو و زیندووبوونەوەی دەستکردی هیچ چارەسەرێک بۆ زەواڵی گەلێک پێکناهێنێت».( داکۆکی زیادکراوە) بڕوانە The Reconstruction of Religious Thought in Islam (Califoria: Stanford University Press, 2012), 203. 

[28] .Muhammad ‘Ammara. Abd al-Rahaman al-Kawakibi: The Martyr of Islam and Freedom. (Cairo: Dar Al Shuruq, 1988) .

[29] . Hamid ‘Enayat, Seyri Dar Andishay-E Siyasi-Ye Arab/ A Glimpse at Arabic Political Thought (Tehran: Sherkat-e Sohami-ye Kitabha-ye Jibi, 2536), 149. 

[30] . Ibid. 

[31]. محمد عبده، الإسلام و النصرانية، قاهرة، المنار، 1905، 123.

[32] . بڕوانە Mahmoud Haddad, ” Arab Religious Nationalism in the Colonial Era: Rereading Rashīd Riḍā’s Ideas on the Caliphate ” Journal of the American Oriental Society 117, no. 2 (Apr. – Jun., 1997). Also

ھەروەھا، عبدالرحمن الکواکبی، ‌أم القری، قاھرة، الأزهر، 1931 .

[33] .Hasan al-Banna, “Our Message,” http://www.ymsite.com/books/our_message/index.htm. Last visited 10/01/2015. 

[34] . ئەسەد دان بەوەدا دەنێت کە ئوممه دەتوانێت بە مانای “گەلێک” بێت (Formations of the Secular: ١٩٧). بەڵام ئەم دەستەواژەیە شتێکی زیاتری هەیە لەوەی کە ئەسەد پێی دەڵێت “هەستی ‘گەلێک’- ‘کۆمەڵێک’ لە قورئاندا” (هەمان سەرچاوە). لە قورئاندا، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی موسڵمانان وەک ئوممە سەیر دەکرێت، ئیبراهیمیش بە هەمان شێوە- مرۆڤێکی تاکە بە ئوممە دادەنرێت (٢/١٤٣؛ ٢١/٩٢؛ ٢٣/٥٢). بە هەمان شێوە، کۆمەڵەیەکی بچووک لە جوولەکەکان و لە مەسیحییەکان [(3/104؛ 7/159؛ 3/113) بە پێچەوانەی کۆمەڵگاکانی خۆیان بەگشتی]، ئەوانیش بە دەستەواژەی ئوممە دیاری دەکرێن. قورئان هەندێک جار ئەم دەستەواژەیە بەکار دەهێنێت بۆ وەسفکردنی نەریتێکی ئایینی (٧/١٥٩)، هەندێک جاریش بۆ کۆمەڵێک کە لە نکۆڵیکەر و پشتگیریکەرانی پەیامێکی خودایی تازە ناسێنراو پێکدێت (٣/١١٣). ھەروەھا قۆناغێکی سەرەتایی ژیانی مرۆڤایەتی- گوایە ھاوشێوەیی بەکۆمەڵە- وەک ئوممەیەکی یەکگرتوو وەسف دەکرێت (أمة واحدة، ٤٣/٢٢ و ٢٣).

[35] .بۆ زانیاری زیاتر لەم بارەوە بڕوانە بەشی سێھەم.

[36] . الکواکبی، ‌‌‌أم القری، 196و197.

[37] . الأُمَم: کۆیە و تاکەکەی دەبێت بە ” ‌أمّة“.

[38] . الکواکبي، أم القری، 195.

[39] . Ibid. 

[40] . Ibid, 196. 

[41] . دەستەواژەی  الإشتراکية، بەگشتی بۆ واتای سۆسیالیزم بەکاردێت. بەڵام لێرەدا وێدەچێت یەکسانیخوازی ئەو شتە بێت کە ئەلکاواکیبی مەبەستیەتی.

[42] . الکواکبي، أم القری، 196.

[43] . Ibid. 

[44] . Ibid., 150-51. 

[45] . Ibid. 

[46] . Ibid., 151 

[47] .عباس محمود العقاد، عبدالرحمن الکواکبی، بیروت، دارالکتب العربية، 1969، 81.

[48] . William L. Cleveland, A History of the Modern Middle East 2nd ed. (Boulder, Colo.: Westview Press, 2000), 126. 

[49] . بڕوانە، العقاد، عبدالرحمن الکواکبی.

[50] . Ibid., 75. 

[51] . Talal Asad, Genealogies of Religion: Discipline and Reasons of Power in Christianity and Islam (Baltimore: Johns Hopkins University Press, 1993), 197. 

[52] . تا ئێستاش گفتوگۆ لەنێوان پیاوانی ئایینی موسڵمانان لەسەر ئەم فەرموودەیە بەردەوامە. سەیری،http://www.ebnmaryam.com/vb/t32140.html بکە. دوایین سەردانکردن:10/01/2016.

[53] . بڕوانە Soleimani (2016)  .

[54] . بڕوانە Soleimani (2016)  .

[55] . عدود، لە ڕیشەی ”عدّ“ مانای حەرفییەکەی بە واتای گازگرتن یان گرتنی شتێک بە هێزی ددان دێت.

[56] . گەورەکانی سوونەی ئەھلی فەرموودە وەک (ترمذی و نیسایی) ئەم فەرموودەیەیان نەقڵ کردووە. بڕوانە، http://www.dd-sunnah.net/forum/showthread.php?t=5679. دوایین سەردانکردن: 10/01/ 2016.

[57] . ethnicized.

[58] . بۆ پرسیاری ئەوەی کە چۆن موومکینە ناسیۆنالیزم لە بزووتنەوەی خەلافەتدا لە نێوان موسڵمانانی باشووری ئاسیادا جێی ببێتەوە، تمیشای ئەدیب خالید بکەن، ” “Pan-Islamism in Practice: The Rhetoric of Muslim Unity and Its Uses,”  پان-ئیسلامیزم لە پراکتیکدا: ڕیتۆریکی یەکێتی موسڵمانان و بەکارهێنانەکانی”، لە کتێبی کۆمەڵگەی عوسمانیی دوایین: میراتی فیکری،. Late Ottoman Society: The Intellectual Legacy, ed. Elisabeth Özdalga (London ; New York: RoutledgeCurzon, 2005). 

[59] . Kemal H. Karpat, The Politicization of Islam : Reconstructing Identity, State, Faith, and Community in the Late Ottoman State, Studies in Middle Eastern History (Boston, MA: Brill, 2001), 257. 

[60] . derivative concept.

[61] . Partha Chatterjee.

[62] . گوشاری بەردەوامی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر چالاکە ئایینییە جیاوازەکان کە سەرەکیترینیان مەراجعی شیعە (یان ئایەتوڵڵا گەورەکان) بوون، بەڵگەی ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە لە ئیرادەی دەوڵەت بۆ قۆرخکردنی ڕاڤەی ئایینی بۆ ئایین.

[63] . چیرۆکی بەسەرھاتیی نەسر حامید ئەبوزەید و نەوال سەعداوی نموونەی مامەڵەی دەوڵەتی سکۆلارن لەگەڵ ڕاڤە نەخوازراوەکانی ئیسلام.

[64] . ڕەنگە سیاسەتی باڵاپۆش لە تورکیادا زیاتر لە هەموو شتێک پەردە لەسەر بێلایەن نەبوونی دەوڵەتی ”سکۆلار“بەرامبەر بە ئایین لابدات. بەدرێژایی ئەو مشتومڕە بەردەوامانەی سەبارەت بە باڵاپۆشی لە تورکیادا هەبوو، دەوڵەت بەبێ سنوور و بەردەوام ئیسلامی بوونی پەردەپۆشی خستە ژێر پرسیارەوە. دەوڵەت لایەنێکی مشتومڕەکەی گرتە بەر، نەک لەبەر بەرگریکردن لە سکۆلاریزم، بەڵکوو بۆ ھاندانی باڵاپۆش  بە شتێکی نائیسلامی. دەوڵەتی تورک بە ئاشکرا هانی زانایانی ئیسلامیی لایەنگری دەوڵەتی دەدا و پاڵپشتییان دەکرد بۆ ئەوەی پرسیار لە ئایینداری پەردەپۆش بکەن.

[65] . ideal type

[66]. Banal nationalism

[67] . Billig, 1996. 

[68] . مرۆڤی نەتەوەخواز.

[69] . dilemma.

[70] . بڕوانە، مادەی ١١٥ی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ٢٠١٨. http://www.roshd.ir/Portals/0/KarAfarini/PDFs/rules/ghanoone_asasy.pdf. Last visited: 10/01/2016. 

[71] . Etienne Balibar and Immanuel Maurice Wallerstein, Race, Nation, Class : Ambiguous Identities (London England; New York: Verso, 1991), 95. 

[72] . possible anomaly

[73] . جگە لە حزبی ئیخوان موسلمین و بەعس لە عێراق، هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی ئاماژە بە ناوچەی عەرەبی لە ئێران ناکات وەک خاکی عەرەبی داگیرکراو. لە ئەدەبیاتی سیاسی ئیخوان موسلمیندا، ئەم ناوچەیە بە ”عەرەبیستانی داگیرکراو“یان ”عربستان المحتلة“ وەسف کراوە. (دەستەواژەی موحتەل بەزۆری لەلایەن عەرەبە ناسیۆنالیستەکانەوە لە ئاماژەکردنیان بۆ فەلەستین بەکار دێت.) بڕوانە، http://www.ikhwanwiki.com/index.php. دوایین سەردان: 10/01/ 2016. بێگومان ئیخوان موسلمین (لخوان المسلمین) لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا پەیوەندییەکی زۆر ئاڵۆزی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا هەبووە. ئەم نموونەیە بۆ ئەوە هاتووە کە چۆن سنوورە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەتوانن بە شێوەیەکی ئاسایی لە ئەدەبیاتی بەرهەمهێنانی گروپە ئیسلامییەکان ئامادەیی ھەبێت. ناسیۆنالیزمی بەجەستەکراو لەم ئاماژانەدا کاتێک ڕوونتر دەبێتەوە کە پشتیوانیی ئیخوان موسلیمین (سوننە) لە عەرەبە شیعەکان لە ئێراندا لەگەڵ گرینگی نەدان بە چارەنووسی زۆرینەی سوننە کوردەکان بەراورد بکرێت.

[74]. بۆ باسێکی سەرنجڕاکێش لەسەر یەکگرتنی سنوورە ئایینییەکان و نەتەوەیییەکان، بڕوانە :

W. Barker, Religious Nationalism in Modern Europe: If God Be for Us ناسیۆنالیزمی ئایینی لە ئەورووپای مۆدێرن: ئەگەر خودا بۆ ئێمە بێت،, Routledge Studies in Nationalism and Ethnicity (London; New York: Routledge, 2009). 

[75] . کۆمەڵکوژی حەما لە مانگی فێبریوەری ساڵی ١٩٨٢ روویدا، کاتێک سوپای سووریا بە فەرمانی حافز ئەسەد سەرۆکی ئەو وڵاتە، عەمەڵیاتی زەوی سووتاوی بۆ سەر شارۆچکەکە ئەنجامدا. ململانێی ئێستای سووریا و هاوپەیمانێتییە پەیوەندیدارەکان، گەورەترین دەرخەری چۆنیەتی دابەشبوونی گرووپ و ڕژێمە ئیسلامییەکانن لەسەر بنەمای مەیلی ناسیۆنالیستی و بەرژەوەندییەکانیان. جێگەی سەرنجە کە حیزبۆڵڵا و ئێران و ڕژێمی بەشار ئەسەد هاوپەیمانی ڕووسیا بن. هەڵوێستی تورکیا زیاتر بە نالێبوردەیی بۆ هەر دەستکەوتێکی سیاسی کورد دیاری دەکرێت و هەربۆیە هەندێک جار هاوپەیمانی ڕووسیا دەکات و جاری تریش لەگەڵ سعودیە و قەتەر و ئەمریکادایە.

[76] . ئیبراهیم نەبەوی، تەنزنووسی بەناوبانگی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٩دا، دژیەکی و یەکناکۆکی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێرانی سەبارەت بە کاروباری موسڵمانان لە سەرانسەری جیهاندا لەقاو دا. نەبەوی لە پارچەیەکدا سەبارەت بە خامۆشی ڕێژیمی ئێران لە دژی چەوساندنەوەی چین لە کەمینە موسڵمانەکەی نووسیویەتی:

بەرگریکردن لە موسڵمانان لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا [و بەشەکانی تری ئەورووپای ڕۆژئاوا] ئەرکێکی ئایینییە. چونکە ئەوانن بۆ ژیانی خۆیان لە ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا هەڵهاتوون… موسڵمانانی چین بەشێکن لە کاروباری ناوخۆی چین. چونکە، زیاتر لە هەزار ساڵە موسڵمانانی چینی زێدی خۆیان بەجێنەهێشتووە و بە سانایی لە دەوڵەتی خۆیاندا سەربڕدراون. هەروەها ناتوانین ناڕەزایەتیمان هەبێت بەرامبەر بەوەی کە ڕووسیا موسڵمانان لە چیچن کۆمەڵکوژ بکات چونکە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ڕووسیا ناکەین. ئەو موسڵمانانە تەنانەت لە ڕووسیاش ناژین؛ لە وڵاتێکی تر دەژین…. ئێمە بەبێ مەرج بەرگری لە هەموو موسڵمانە تیرۆرکراوەکان دەکەین دوای کۆچکردنیان بۆ وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژئاوا وەک ئەڵمانیا.

http://www.roozonline.com/persian/tanssatire/tans-satire-article/archive/2016/july/12/article/-bc1127ea53.html. Last visited: 10/01/2016. 

[77] . حەسەن ئەلبەننا ” پەیامی ئێمە “.

[78] . بۆ کتێبێکی سەرنجڕاکێش لەسەر ناسیۆنالیزمی ئیسلامی لە سەرەتای سەدەی بیستەمی هیندستان، بڕوانە:

Faisal Devji, Muslim Zion: Pakistan as a Political Idea, (Cambridge: Harvard University Press, 2013). 

[79] . Muhammad Iqbal, Stray Reflections (Iqbal Academy, 1910), 35.  

[80]