ڤالانتاینی سوور: عەشق و شۆڕش

ئەوە سێکسواڵیتی نییە کە پێویستە ئازاد بکرێت، بەڵکوو عەشقە.

 (سلاڤۆی ژیژەک)

ڕوونکردنەوە:

ئەم بابەتەی لێرەدا دەیخوێنیتەوە وتار نییە، هەروەک نووسینیش نییە، بەڵکوو بەشێکە لە گفتوگۆیەکی هاوبەشی تۆمارکراو کە لەلایەن پێگەی (Progressive International)ەوە و لەڕێی بەرنامەی زوومەوە، تایبەت بە ڕۆژی ڤالانتاین ڕێک خراوە. هەریەک لە (ئێڤا ئیلۆز، مایکڵ هارت، ئێجە تەمەلکوران، ئەلێنکا زوپانچیچ و سلاڤۆی ژیژەک) تیایدا بەشدارن و لە ئاستی جیاوازی (سیاسی- بەکاڵاکردن- ئیرۆس- ئاگاپێ- دەروونشیکاری)دا سەرنج و خوێندنەوەی خۆیان دەخەنە ڕوو. دەکرێت بڵێین ئێمە لێرەدا پوختەی بەشی یەکەمی گفتوگۆکەمان نووسیوەتەوە و تا ڕادەیەک هەوڵمان داوە ڕێکخستنێکیان بۆ بکەین و پاشان وەریبگێڕین و، ڕەنگە لە داهاتوودا بەشەکەی دیکەشی ئامادە بکەین، ڕەنگە نەشیکەین بەهۆی ئەو سەرنج و ڕەخنەیەی کە لە بەشی دووهەمی گفتوگۆکە هەمانە، چ لە ڕووی خوێندنەوە و ڕەمزاندنی دەروونشیکارییانەی عەشق و ئارەزووەوە کە بە ڕای ئێمە زیان بە کۆی عەشق و پەیوەندییە مرۆیییەکان دەگەیەنێت، چ لە ڕووی ئەو بەهەندوەرنەگرتنەی تایبەتمەندکردنی سێکس و ئیرۆس کە ڕایەڵەی سەرەکیی ڕاگرتنی پەیوەندییە مرۆیییەکان و خودی ژیانیشە لەلایەن مایکڵ هارتەوە.  (وەرگێڕ).

ئێڤا ئیلۆز (١٩٦١-) کۆمەڵناسی ئیسرائیلی-فەڕەنسی

ئێڤا ئیلۆز:

لێرەدا بەکورتی سەرنجی خۆم دەخەمە ڕوو، لەبەر ئەوەی ڕۆژی خۆشەویستییە (ڤالانتاین)، دەمەوێت بە شیعرێک دەست پێ بکەم کە لە سەدەی حەوتەمی پێش زایینیدا لەلایەن شاعیری گریکی سافۆ(Sappho)ەوە نووسراوە. بەم شیعرە دەست پێ دەکەم، لەبەر ئەوەی پێم وایە لەو تاکە قەسیدەیەدا، سافۆ ئەو توخمە بنەڕەتییانە دادەڕێژێت کە ئێمە وەک جەوهەری هەستی عەشق پێناسەیان دەکەین. ئەمەش شیعرەکەیە:

لەبارەی ئەوەی باشترینە

سافۆ

هەندێک ئاهەنگی جوانی دەگێڕن

لە شۆڕشگێڕان، یان جەنگاوەران،

یاخود کەشتی دەم شەپۆل

لە شەڕدا لەسەر دەریا.

جەنگ شکۆمەندیی خۆی هەیە،

بەڵام من، باڵاتر لە لوتکەی ئەم شکۆمەندییە سەربازییانە

ئەو تاکە شتە بەرز دادەنێم کە تۆ خۆشت ئەوێت.

بۆ سەلماندنی ئەم وتەیە

مێژوو تاقی بکەرەوە:

هەموو هێلینمان لە یادە،

کە خێزانەکەی خۆی جێهێشت،

منداڵەکەی، و هاوسەرە شاهانەکەی،

بۆ گرتنی دەستی غەریبەیەک:

جوانییەکەی هاوتای نەبوو،

بەڵام کڕنوشی بۆ ئەمری عەشق برد.

کەواتە عەشق هێزە

کەس ناتوانێت لێی لا بدات،

بیرکردنەوەکانی منیش

دەبێت بۆ زۆر دوور، شوێن ئازیزەکەم بکەون:

تەلیسمی پێکەنینەکەی

مەزنترین شادیم پێ دەبەخشێت

مەزنتر لە هەموو پاڵەوانە بڕۆنزپۆشەکان.

بە تێڕوانینی من، سافۆ زۆر زیاتر لەوەی لە دایۆتیما(Diotima)ی ئەفڵاتووندا هاتووە- کە قسە لەسەر ئەوە دەکات عەشق چییە- ئەو ئایدیایە دەربارەی ئیرۆس؛ خوداوەندی عەشق، دەخاتە ڕوو کە تاوەکوو ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمەدا ماوەتەوە. وەک دەزانین لای ئەفڵاتوون بیرۆکەی پشت ئیرۆس ئەوەیە بە شێوەیەکی کوشندە مرۆڤ بریندار دەکات و وایان لێ دەکات عەقڵ لەدەست بدەن. بۆ سافۆ و ئەوانەی کە هەڵگرەوەی تێڕوانینی ئەون، عەشق هەم دژ بە دونیای نێرانە و هەمیش لە سەروو ئەو جیهانە نێرانەیەی گەڕان بەدوای شکۆمەندی و شەڕدا، وەستاوە. تەنانەت پارمەنیدس، ئیرۆس وەک یەکەمینی نێو هەموو خوداوەندەکان دەستنیشان دەکات. وەک دەبینن، لای گریکەکان بە تووندی هەست بە هێز و دەسەڵاتی ئیرۆس کراوە و سافۆ لێرەدا دەیکاتە هێزێک، دەسەڵاتێک بەرزتر، باڵاتر لە کارامەیی و ئازایەتیی نێرانە. وەک خۆی ئاماژەی بۆ دەکات: ئەو تاکە شتەی کە کەسێک خۆشی ئەوێت لە سەروو شکۆمەندی سەربازییانەوەیە. بۆیە ئەمە جەختکردنەوەیەکی ڕوونە کە عەشق سەروەرە بەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە وڵات و بردنەوە و سەرکەوتنەوە هەیە. وەک چۆن ژیژەک ئاماژەی پێ دەدات: عەشق ئاکتێکی شۆڕشگێڕانەیە و لە سەروو بەرژەوەندیخوازی و لە سەروو خود-پارێزییەوەیە (Self-preservation).

جگە لەوەش، ڕەنگە تێبینیی ئەرکی دایکانەش بکەین، بەو پێیەی ناچاری دەکات و پاساوی پێ دەدات، ژن، هێلین وەک ژنێک، منداڵەکەی جێ بهێڵێت، لەبەر ئەوە لە شیعرەکەی سافۆدا پێم وایە عەشق وەک هێزێک ئاکت دەکات، یاخود وەک هێزێک خۆی پیشان دەدات، هێزێکی دەرەکی کە تاکەکان ناچار دەکات  گرووپەکانیان جێ بهێڵن، وە مرۆڤ لە خێڵەکەی، لە نەتەوەکەی، خێزانەکەی، بەکورتی لە خودی کۆمەڵگا جیا دەکاتەوە. بەکورتی، ئەم میتۆلۆژیایەی عەشق هەتا ئەمڕۆ بەردەوامە و لەگەڵیدا دەژین و بە شیوازێک لە ڕۆژێکی وەک ڤالانتایندا ئاهەنگی بوونی دەگێڕین.

با بیر لە ڕۆژی ڤالانتاین بکەینەوە، مەبەستم خودی ڕۆژەکەیە، کە ئێمە و عەشق دەبێت ئاهەنگی تیادا بگێڕین. ئەوەندەی من ئاگادار بم، ئەمڕۆ، لانی کەم، لە هەشت وڵاتدا ئاهەنگی ڤالانتاین ساز دەکرێت؛ ئەمریکا، کەنەدا، مەکسیک، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئوسترالیا، دانیمارک، ئیسرائیل، و ئیتاڵیا، لە ڕاستیدا نۆ وڵات. خەڵکی دیاری دەکڕن بۆ خێزان، هاوڕێ، تەنانەت سەگ و پشیلەکانیان. لە ساڵی ٢٠١٩دا، تەنیا لە ڕۆژی ڤالانتایندا زیاتر لە ٢١ ملیۆن دۆلار خەرج کراوە، گەر لە هێڵی سەر نەخشەی داتاکان بڕوانین دەبینین ئەو ژمارانە بەپێی ساڵەکان بە شێوەیەکی دیار لە زیادبووندایە. یەکێکی دیکە لە ڕاستییە گرنگەکان ئەوەیە کە ٦٠٪ی خەڵک لەنێوان تەمەنی ٢٥-٣٥ ساڵیدا، ئاهەنگی ڕۆژی ڤالانتاین دەگێڕن، ئەم ژمارەیەش بەپێی زیادبوونی تەمەن بە شێوەیەکی دراماتیکی دادەبەزێت، وە ئەمە دەریدەخات، بەپێی کات، جۆرێک لە گۆڕان لە گرنگیدانی خەڵک بەم رۆژە بەدی دەکرێت. لە هەندێک بڕگە(ئارتیکڵ)دا ئەوەم بینی کە وا چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژی ڤالانتایندا هەر تاکێکی ئەمریکی بە تێکڕا بڕی ١٦٢ دۆلار لە کڕینی شمەکەکانی وەک شیرینی، کارتی پیرۆزبایی، گوڵ، چوونەدەرەوەی ئێوارە، خشڵ، جلوبەرگ، کارتی دیاری، خەرج بکات. کۆمپانیاکانیش لە ڕۆژی ڤالانتایندا لە دەسەویەخەی ڕکلامکردندان بۆ هاندانی خەڵک بۆ کڕینی بەرهەمەکانیان. دەنکن دۆنەت (Dunkin Donuts) کەمپینێکیان ئەنجامدا کە تیایدا کڕیارەکان دەتوانن لەڕێی ئینستاگرامەوە لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی زۆرترین خۆشەویستی دەنکندا بەشدار بن، بە بەکارهێنانی ئەو دۆنەتانەی کە لە شێوەی دڵدا بۆ فرۆشتن دروست کراون. هەروەک لە چەندین شوێنی دیاریکراوی دیکەدا، بە شێوەی پەخشی ڕاستەوخۆ پێشبڕکێکە ئەنجام دەدەن، ئامانجیش لەم گواستنەوەیە ئاشکرایە، دروستکردنی کەشێکی چالاکە بۆ کڕینی ئەو دۆنەتانە لەلایەن کڕیارەکانەوە. هەموو ئەمانە تەنیا بۆ بەکورتی ناساندنی تێزەکەم بوو کە لە چەند کتێبێکدا پەرەم پێداوە، ئەویش ئەوەیە کە سەرمایەداری، بەتایبەت لەپاش جەنگی جیهانیی دووهەمەوە، بەردەوام لە بەرهەمهێنانی کاڵا سۆزدارییەکاندا بووە کە من ناوی دەنێم ‘Emodities‘، ئەو کاڵا سۆزدارییانەی کە پێم وایە لەژێر چاودێری تیۆرەکانی بەکاربردندا بەرهەم دەهێنرێن، بەڵام لە نیوەی سەدەی بیستەم بەدواوە، ڕیشاڵێکی زۆر بەهێزە بۆ گەشەی سەمایەداری. بۆیە بابەتەکە، تێڕوانینەکە سەبارەت بە کاڵا بەو شێوەیە نییە بڵیین سۆزەکان پاڵنەرن بۆ بەکاربردن، ئەوە شتێکی ئاسایییە، هەرکەس زانیاری لەبارەی مارکێتینەوە هەبێت ئەوە دەزانێت، بەڵکوو بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدارتر سۆزەکان (Emotions) بوونەتە جۆرێک لە کاڵا (Commodities)، ئەمەش تاڕادەیەک هاوشێوەی تێگەیشتنە لە ئەزموونکردنی (بەکارهێنانی) کاڵا (Commodity Experience)، وەک گەشتیاری و کات بەسەربردن، کە ئەمانە کاڵای مەعنەوین، بەکاربەر دەکەن بە ئۆبێکتێک بۆ ئەو شتەی کە کاری لەسەر دەکەن. بۆیە لەڕاستیدا، داینەمیکییەتی مەترسیداری گەشەی سەرمایەداری ڕووەو فراوانکردنی ئەزموونکردنی کاڵایە، ئەوەی کە دەیکڕین چیتر کاڵایەک نییە لە دەرەوەی ئێمەدا، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، ئەوە خودی خۆمانە کە بەکاری دەبەین. خودی خۆمان لە ئەزموونی سۆزداریی تایبەتدا بەکار دەبەین، بەوەش دەبینە هاو-بەرهەمهێن (Co-Producers)ی ئەو کاڵایانەی کە بەکاریان دەبەین. لەبەر ئەوە هەست و سۆز و کاڵاکان پێکەوە بەرهەم هێنراون، بەکاربردن و دەربڕینی سۆزدارییانە پێکەوە دێن، سۆز لەگەڵ بەکاربردندا دروست دەکرێت. کاتیگۆری کاڵا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دروستکردن و بەهێزکردن و بەردەوامیدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەوانی تردا، ئەو پەیوەندییانەی کە گرنگییان پێ دەدەین، عەشق، ڕۆمانسییەت، خێزان، هاوڕێیەتی، کاڵای بایەخپێدراون، ئەو کاڵایانەی کە لە کۆنتێکستی پاشەکشەی خێزان بۆ ڕووبەرێکی دیاریکراو لەخۆیدا، لە ئەنجامی سەرمایەدارییەوە سەریان هەڵداوە، وە پێناسەکردنەوەی خێزان وەک یەکەیەکی سۆزداری و زیادبوونی جەختکردنەوە لە هەست و سۆز و خۆشەویستی بۆ دروستکردنی تاک و شوناس بەگشتی. بۆیە لەم سیاقەدا، لە چوارچێوەیەکدا کە ژیانی کەسی، ژیانی ئەویندارانە، بووەتە ئایدیاڵێک، سۆزەکان دەکرێن بە کاڵا، ئەمەش لەڕێی گەشەی سەرنجڕاکێشی مومارەسەکانی پێشکەشکردنی دیارییەوە ئەنجام دەدرێت، وەک ئەنترۆپۆلۆجیستەکان پێمان دەڵێن؛ بەخشینی دیاری بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییە کەسییەکان گرنگە.

پراکتیکە ڕۆژئاوایییەکانی بەخشینی دیاری، بە هەمان شێوە وەک بەکاربەر و پراکتیکە سۆزدارییەکان، بەدامەزراوەیی کراون. بۆ نموونە، هەندێک بۆنەی وەک ڕۆژی دایک، یان ڕۆژی ڤالانتاین ڕێوڕەسمی بەکاربردن و خۆشەویستییە پێکەوە. لە ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەوە تا ئەمڕۆ، ڤالانتاین بووەتە بۆنەیەکی ناسراو و پشووی کڕیار لە ناو ئەمریکادا. لە کاتێکدا ڕۆژی دایکان لە دەوروبەری ١٩٢٠ەوە سەری هەڵداوە. ئەم دوو ڕۆژە هەر لە سەرەتاوە، بەکاربەر و پراکتیزە سۆزدارییەکان لە یەک کاتدا ڕووەو بەخشینی دیاری ئاڕاستە کراون، وە ئامانج لەمەیش بۆ دڵنیابوونەوەی بەشداری تاکە هەم لە بازاڕ، و هەم ئەوەی من ناوی دەنێم یەکەی بایەخپێدان. ئەوان هەستەکان دروست ناکەن، کە ڕەنگە دروستیشی بکەن؛ ئەوەندەی خواستی دووبارە نوێکردنەوەی ڕێوڕەسمی دووپاتکردنەوەی هەست و سۆز دەکەن، ئەمەش بۆ من ئەو شێوازانە دەردەخات کە کولتووری بەکاربردن تەنیا پەیوەندییەکانی ڕێک نەخستووە، بەڵکوو ئەخلاقی ئابوورییانەی دەربڕینی (ئەدای) هەستەکانیشی چڕ کردووەتەوە. وە ئەم جۆرە بەیەکداچوونەی بایەخدان و بەکاربردن تەنیا بۆ دەربڕینی بایەخ و خۆشەویستی دیزاین نەکراوە، بەڵکوو بۆ دامەزراندنی هەستە تایبەتەکانی وەک خۆشم دەوێیت، لە ڕۆژی ڤالانتایندا دووبارە دەریدەبڕمەوە، دیزاین کراوە.

پێم وایە ڕۆژی ڤالانتاین فۆڕمێکی سەرەتایییە بۆ بیرکردنەوە لەو جۆرە پڕۆسێسەی چڕکردنەوەی پەیوەندییە کەسییەکان و بەکاڵاکردن لە هەمان کاتدا. هەروەها تیشک دەخاتە سەر ڕاستییەکی سەرەکی سەبارەت بە سەرمایەداری، ئەویش ئەوەیە کە کاپیتاڵیزم تەنیا نامۆبوون و جیاوازی دروست ناکات، بەڵکوو لە ڕاستیدا، لەڕێی خودی پێکهاتەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە کار دەکات و پەیوەندییە کەسییەکان چڕتر دەکاتەوە. وە پێم وایە خۆشەویستیی ڕۆمانسی کلیلی ئەم پڕۆسەیەی ئاوێتەبوونی تەواوەتی و نەرمی بەکاربردنە لەناو سوبێکتیڤیتەدا.

****

blank
مایکڵ هارت (١٩٦٠-) تیۆرسیەنی سیاسی و ئەدەبی ئەمریکایی

مایکڵ هارت:

پێم وایە، بەتایبەت لە ڕۆژی ڤالانتایندا، پێویستە مرۆڤ ڕەخنەیەک بەرامبەر بە خۆشەویستی سەرپێ بخات، بۆ کردنەوەی ڕووبەرێک بۆ بیرکردنەوە لە ڕووانگەی سیاسییانەی عەشق، بێگومان بەو شێوەیەی ئێڤا لەگەڵ بەکاڵاکردندا کردی. لە ڕۆژی ڤالانتایندا پێویستە هێرش بکرێتە سەر بیرۆکەی خاوەندارێتیکردنی یەکتر (دووانەی خاوەندار)، دووانەی دژە-کۆمەڵایەتی، ئەو کەپڵەی خۆی وەک گشت (Whole) دەبینێت، لەبەر ئەوە پێویستی بە کۆمەڵگا نییە، ئەم جووتە دژە- کۆمەڵایەتییە لێرە لە زیادبووندایە، کە من پێم وایە ڕێگری لە ئەگەری سیاسییانە، یان تەنانەت شۆڕشگێڕییانەی چەمکی خۆشەویستی دەکات. بەڵام ڕاستییەکەی من نامەوێت قسە لەسەر ئەوە بکەم، یاخود لانیکەم لەم کورتە باسەدا.

پێم وابوو باشتر دەبێت گەر بە جیا هۆکاری گرنگیدانم بە خۆشەویستی وەک کۆنسێپتێکی سیاسی و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ڕوون بکەمەوە. سەرەتا گرنگیم بۆ بیرکردنەوە لە بابەتەکە هەبوو، چونکە لەو باوەڕەدا بووم لەگەڵ ئەزموونی من و ئەزموونی زۆرێک لە خەباتگێڕانی نێو چالاکییە سیاسییەکاندا دەگونجێت. پێدەچێت شۆڕش کارەکتەری هاوبەشی لەگەڵ خۆشەویستیدا هەبێت، یاخود تەنانەت ناوی خۆشەویستی هەڵگرتبێت. ئەوەی بە پلەی یەکەم مەبەستمە ئەمەیە، یاخود ئەمە سادەترین شێوازی بیرکردنەوەیە لێی. خۆشەویستیی لێرەدا، لانیکەم، هەڵگری دوو خەسڵەتە، دوو تایبەتمەندی، ئەو دوو تایبەتمەندییە سەرەکییەی کە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە؛ یەکەمیان سروشتی پەیوەندییەکەیە کە دروستی دەکات، وە دووەمیان تایبەتمەندیی گۆڕانکارییە، ئەزموونی گۆڕانکارییە، بۆ من ئەمە شتێکە کە وا لە خۆشەویستی دەکات تێڕوانینێکی ئەخلاقی هەبێت، زیاتر لە هاوڕێیەتی، یان سۆڵیدارێتی. بۆیە دەمەوێت ئەم دوو خاڵە ڕوون بکەمەوە، بەو شێوەیەی کە من دەیبینم، یان بیناسێنم لای سپینۆزا، بێگومان بە لەبەرچاونەگرتنی ئەو ڕووبەرەی کە لێوەی وەردەگرین، بەڵام زۆر پراکتیکییە، بۆ من زۆر پراکتیکییە. ئەم دوو توخمەی کە باسم لێوەکردن، لە پەیوەست بە تایبەتمەندیی پەیوەندی و گۆڕانکارییەوە.

یەکەمیان سەبارەت بە پەیوەندی، سپینۆزا وەک هەمیشە، پێناسەیەکی جیۆمێتریکی جوان پێناسەی عەشق دەکات، عەشق شادییە، لەگەڵ ناسینی هۆکاری دەرەکیدا (External Cause). بۆ تێگەیشتن لەمە، پێویستە شادی وەک پێناسەیەک بۆ زیادبوونی هێزی من بۆ بیرکردنەوە و ئاکتکردن، ببینیت. کەواتە عەشق زیادبوونی هێزی منە بۆ بیرکردنەوە و ئاکتکردن لەگەڵ ناسینی هۆکاری دەرەکی. بۆ من ئەمە زۆر پراکتیکییە. مەبەستم، سەرەتا لە پەیوەست بە بیرکردنەوەوە لە ڕووبەرێکی فیکرییدا بیری لێ بکەمەوە. زۆربەی بەرکەوتنەکانم لەگەڵ کەسانی تردا شادیبەخش نین. دڵتەنگ دەبم، بەو مانایەی یارمەتیدەر نین، وام لێ ناکەن بەهێزتر بیر بکەمەوە، زۆرکات پێم وایە لە شتێک تێدەگەم، و دەست دەکەم بە ئاخاوتن لەگەڵ کەسانی تردا، دواتر هەست بە گەمژەیی دەکەم، چیتر تێناگەم. بەڵام هەندێک کەس هەن ئەزموونی ئەوە دەکەیت کاتێک پێکەوەن و پێکەوە بیر دەکەنەوە، بەڕاستی زۆر بەهێزتر دەبیت، زۆر بەهێزتر بیر دەکەیتەوە، دەمەوێت بڵێم دەست بەو کەسانەوە بگرن، بیانپارێزن، بەتووندی دەستیان بگرن. لانیکەم، ئەمە یەکەمین تێگەیشتنە لەوەی کە خۆشەویستی چییە، کە زۆر بەهێزتر کراویت، وە ناسینەوەی پەیوەندیت بە ئەوانەوە وەک هۆکاری دەرەکی، بەهێزترت دەکات. بۆیە جارێکی دیکە دەیڵێمەوە؛ گەر تۆ بتوانیت لە پرسی بیرکردنەوەدا بیناسیتەوە، بۆ نموونە: ئەو گرووپەی لەگەڵیاندا دەخوێنیت، وات لێ دەکەن بەهێزتر بیت، گرووپی ڕۆشنبیرەکان بەهێزترت دەکەن، بەڵام کەسانی زۆر دیاریکراون. من لە ڕووی شۆڕش و خەباتەوە بەتەواوی بە هەمان شێوە بیر لەم بابەتە دەکەمەوە. دەزانیت؟ هەندێک کەسی دیاریکراو و تایبەت هەن کە تۆ زۆر بەهێزتریت لەگەڵیاندا بۆ ئاکت، دەتوانیت زیاتر ئاکت بکەیت و زیاتر بیر بکەیتەوە. ئەمە یەکەم ڕوونکردنەوەم بوو دەربارەی پەیوەندی. ئەمە تاڕادەیەک ئەو شتەیە کە هەوڵ دەدەم خۆشەویستی لە کۆنتێکستی سیاسیدا جێ بکەمەوە بە بیرکردنەوە لە پەیوەندی لەو ئاستەدا.

دووهەم توخمی سپینۆزا کە یارمەتیم دەدات، وەک ئاماژەم پێدا دەبێتە هۆی ئەم تێڕوانینە لە کارەکتەری گۆڕانکاری. سپینۆزا بەم تێڕوانینە لە هێزی کاریگەر دەست پێ دەکات، ئاماژە بەوە دەدات هێزی کرانەوە بۆ کاریگەربوون وەڵامدەرەوەی دەسەڵاتی ئاکتکردنە. دەبینین زۆرکات بە شێوازێک بیر لە هێزی کاریگەربوون دەکرێتەوە کە وەک لاوازییەک دەبینرێت، وەک بێدەسەڵاتی سەیر دەکرێت، یاخود بە نەبوونی سەروەرێتی بەسەر ئەوی دیکەدا لێک دەدرێتەوە، یان ڕادەی کاریگەربوون بە ئەوی دیکە پەیوەندی بە لاوازی تۆوە هەیە، سپینۆزا پێداگری لەسەر نەخێر، لەسەر پێچەوانەی ئەمە دەکات، لە ڕاستیدا ئەوە هێزە، هێزێک کە توانای تۆ بەرز دەکاتەوە بۆ ژیان لەنێو جیهاندا، بۆ کاریگەربوون بە ئەوانی دیکە، وە ئەو کاریگەربوونە، ئەو کارتێکراوییە شتێکی پاسیڤ نییە، بەڵکوو وەڵامدەرەوەیە، وەک ئەوەی ناتوانیت بەهێز بیت لە ئاکتەکانتدا ، لە بیرکردنەوەتدا، بەبێ هەمان کرانەوە بۆ هەستیاری (لاوازی)(Vulnerability) ڕەنگە ئەوە وشەکە بێت، تەواو دڵنیا نیم- لە بەرامبەر ئەوانی تردا. دەسەڵاتی تۆ بۆ ئاکت بەتەواوی پەیوەستە بە هێزی تۆوە بۆ کاریگەربوون بە ئەوی تر. ئەمەی کە من بیری لێ دەکەمەوە تێگەیشتنە لە توانای گۆڕانکارییانەی عەشق، ئەو هێز، یاخود دەسەڵاتەی پەیوەستە بە توانای تۆوە بۆ ئامادەبوون و گۆڕان لەلایەن جیهانەوە. جارێکی تر لەوێدا بیرم لەم کارەکتەرە گۆڕانکارە کردۆتەوە کە جیاوازە لە تێگەیشتنی من بۆ هاوڕێیەتی، بیرکردنەوەی جیاواز هەن سەبارەت بە هاوڕێیەتی، سۆڵیدارێتی، یان هاوپەیمانییەکی تایبەت، بەڵام ئەم خەسڵەتەی خۆشەویستی جیاوازترە، تۆ دەبیتە ئەوی تر، دەگۆڕێیت، جیاواز لە پێشتر لە خۆشەویستیدا، وە بیرکردنەوە لەمە بە مانایەکی سیاسی، بە مانای خەبات، کە بەهۆیەوە گۆڕانت بەسەردا هاتووە، بوویتەتە شتێکی تر. ئەمە هێزی تۆیە بۆ ڕێگەدان بە کاریگەری. وە ڕەنگە لەڕووی جیاوازییشەوە درکی پێ بکەین، لە نەریتی شۆڕشگێڕانەدا، یاخود لەنێوان کۆنسێپتەکانی ڕزگاری و ئازادیدا. ڕزگاری شتێکی ئاسایییە، هەمان شتە، هەمان پێشووە، وەک خۆت مانەوەیە، سوبێکت، هیچ گۆڕانکارییەکی سوبێکتیڤ لە ڕزگاریدا نییە، مرۆڤ ئاسایی بە هیچەوە نەبەستراوەتەوە. لە کاتێکدا ئازادی شتێکی تەواو جیاوازە، لە ئازادیدا سوبێکت گۆڕانی بەسەردا هاتووە، تۆ وەک پێشتر نەماویتەتەوە. لێرەدا کۆتایی پێ دەهێنم. تەنیا ویستم ئەو دوو شێوازە سەرەکییەی بیرکردنەوە لە خۆشەویستی لە سیاقی سیاسی، یان تەنانەت شۆڕگێڕانەدا وەک کواڵیتی پەیوەندییەکە کە بەهێزترە لە مەرگ، یان هەر شتێکی تر، بخەمە ڕوو. ئەوی تر کارەکتەری  گۆڕانکارییە. توانا، یاخود هێزی جیاوازبوون، بۆ من دوو توخمی بنەڕەتین بۆ دەستپێکی قسەکردن دەربارەی خۆشەویستی لە کۆنتێکستی سیاسی یان شۆڕشگێڕانەدا.

*****

blank
ئێجە تەمەلکوران (١٩٧٣- ) ڕۆژنامەنووس و نووسەری تورکی

ئێجە تەمەلکوران:

زۆرێک لە ئێمە بوێری بەکارهێنانی ئەم دوو وشەیەمان نییە، بێ لکاندنیان بە بنەمایەکی ڕەجعییەوە. هەر کاتێک قسە لەسەر عەشق و شۆڕش بکرێت پێویستیان بە ڕوونکردنەوەی زیاتر دەبێت. ئەوان دەڵێن نەخێر، ئێمە هێند ساویلکە نین بڕوا بەم وشانە بکەین. ئەو خەندەیەی کە لە کاتی وتنی، یان بیستنی، ئەم دوو وشەیەدا خۆی سەپاندووە بەسەرماندا، لە ڕاستیدا نیشانەی شکستێکی ترسناکە، گەر ڕای من وەردەگریت. ئەمە تاڵیی شکستخواردن و سینزمی دۆڕاوە لەڕووی پڕۆگرێسەوە. ئەم بزەیە وام لێ دەکات بیر بکەمەوە، لەبەر ئەوەی تراژیدییە، ئەمڕۆ تەنیا ئایین، یان با بڵیین مەسیحییەت، ئەو وشەیە (خۆشەویستی) بە بڕواوە بەکار دەهێنێت، بە بێ پێویستبوون بە گاڵتەجاڕیییەک لە کاتی بەکارهێنان، یان بیستنیدا. ڕاستییەک کە جێی بەزەیییە ئەوەیە؛ کۆتاجار کە بینیبێتم خەڵک هاواری وشەی شۆڕشیان کردبێت ئەو کاتە بوو کە (Capitol Hill) لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپەوە ڕووبەڕووی ئاژاوە و پشێوی بوویەوە. پێدەچێت لەم چوار دەیەی دواییدا چەمکی شۆڕش لەلایەن دانیشتووانە نوێیەکانەوە دەستی بەسەردا گیرابێت، دواجار بەتەواوەتی قۆرخیان کردووە. لەبەر ئەوە کاتێک پێشکەوتووخوازان قسە لەسەر سیاسەت دەکەن نیازیانە خۆیان دوور بگرن لەم دوو وشەیە. بەتایبەت خۆشەویستی. مایەی داخە ئەو کەسانەی بوێری ئەوەیان هەیە بیر لە دونیایەکی باشتر بکەنەوە، بەڵام، لە وشەی عەشق و پرسە سۆزداری و ئەخلاقییەکان دەترسن. بەداخەوە، وا دیارە ئەخلاق و خۆشەویستی بۆ مۆنۆپۆلی ئایین جێهێڵراوە. لە پەیوەست بەم بابەتەوە، خەیاڵم چوو بۆ لای کتێبەکەی سپینۆزا، بۆیە خۆشحاڵم کە مایکڵ بەر لە من ئاماژەی پێ دا، بۆیە نامەوێت باس لە دیوە فەلسەفییەکەی بکەم، بەڵام لەبری ئەوە بیر لە عەباکەی سپینۆزا دەکەمەوە. وەک دەزانن، پاش ئەوەی سپینۆزا وەک گومڕا دەناسێنرێت، هەستی بەوە کرد کە دەکرێتە قوربانیی دەستی لینچ (Lynch)، ئەوەبوو لە هەوڵی کوشتنەکەی لینچ ڕزگاری بوو، بەڵام پشتی عەباکەی دەدڕێت، دەڵێن گوایە تا ڕۆژەکانی کۆتاییی ژیانی ئەو عەبایەی هەڵگرتووە، وەک ڕمزێک بۆ بیرخستنەوەی خۆی کە بەخت یاوەری بووە. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە سپینۆزا بڕێکی بەرچاو لە نووسین دەربارەی عەشق و هاوڕێیەتی دەنووسێت، پێم وایە شتێکی قووڵتر لەژێر هەڵگرتن و پاراستنی عەباکەیدا هەیە تا کۆتاییی ژیانی. من وەک بەڵێنێک سەیری عەباکەی سپینۆزا دەکەم، بەڵێنێک بۆ خۆشویستنی مرۆڤ سەرەڕای واقیعیەتەکەی، کە بۆ ئەمڕۆمان زۆر گرنگ و لە کاتی خۆیدایە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە ڕووبەڕووی خراپترین نوێنەرەکانی ئەلگۆریزمی چەشنی خۆمان و ئەو تۆڕە داراییەی کە چواردەوری پەیوەندییەکانمانی داوە، لە خۆشەویستیدایە لەگەڵ شەڕێکی دراماتیک و فەزیحدا، بۆیە ئێستا سەختترین کاتە بۆ خۆشویستنی مرۆڤ. لەلایەک خراپەیەکی سەیر هەیە، باش وایە بۆ خۆپاراستن تەنیا پشیلەیەکت هەبێت. عەشق پێدانی شمشێرێکی داری شکاوە بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی. بۆیە پرسیارەکەی من ئەمەیە: ئایا دەتوانین خۆشەویستی لە سیاسەت وەرگرینەوە لەپێناو سیاسەتێکی پێشکەوتووخوازدا؟ دەتوانین خۆشەویستی، کە شتێکی بنەڕەتییە بۆ جیهانێکی باشتر، وەرگرینەوە؟ وەڵامەکەی من زۆر زۆر سانایە: بەڵێ دەتوانین، دەشبێت ئەوە بکەین، چونکە پێویستە من زیاترم خۆش بوێت، وەک لەوەی خۆش بویسترێم. ئەم بازدانە لە سانایی بە گرنگ دەزانم بۆ سیاسەتێکی پێشکەوتووخواز لەمڕۆدا.

سەرچاوە:

https://www.youtube.com/live/LtWq26Ag7DI?feature=share