مەیموونی شینگاوا

لە فارسییەوە: دینۆ

بەم دوایییانە بە زۆر ناوی خۆی بیر دەهاتەوە. بە زۆری کاتێک کەسێک لە ناکاو لە ناوەکەی دەپرسی، ئەوەی بەسەردا دەهات. بۆ نموونە کاتێک بۆ کورتکردنەوەی قۆڵی کراسەکەی دەچووە دوکانێک و بەرگدرووەکە[1] دەیپرسی: خاتوون ناوتان چییە؟ یەکسەر تووشی لەبیرچوونەوە دەبووەوە. تەنیا ڕێگەی بیرهاتنەوەی ناوی ئەوە بوو بڕوانامەی لێخوڕینەکەی بێنێتە دەرەوە و لەسەر ئەودا ناوەکەی خۆی بخوێنیتەوە. ئەمە لە لای ئەو کەسانە زۆر سەیر دیاربوو. ئەگەر لە کاتی قسەکردن لە تەلەفۆندا ئەوەی بەسەردا بهاتبایە، ناچار بووایە لەناو جانتاکەیدا بگەڕێت، بێدەنگییەک دروست دەبوو، کەسەکەی بەرانبەری سەری لەوە سووڕ دەما و نەیدەزانی خەریکە چ شتێک ڕوو بدات. هەر کاتێک ئەو دەستپێشخەریی دەکرد و خۆی ناوی خۆی دەگوت، لە بیرهاتنەوەی ناوەکەی کێشەیەکی نەبوو. هەتا کاتێک بیری دەهاتەوە کە ڕەنگە ئەوەی بیر نەیەتەوە کە یادگەی بە باشی کاری دەکرد، بەڵام کاتێک پەلەی بوو، یان کەسێک لە ناکاو ناوی لێ دەپرسی، یادگەی وەک گڵۆپێک بڵاچەیەکی لێ دەدا و دەکوژایەوە؛ ناوی خۆی بەتەواوی لە بیردەکرد. هەرچەندەی هەوڵی دەدا زیاتر لەوە تێدەگەیشت ئەو ناوەی کە تەمەنێک لەگەڵیدا ژیاوە، بیری ناکەوێتەوە.

جگە لە ناوی خۆی هیچ شتێکی دیکەی بیر نەدەچووەوە؛ ناوی ئەو مرۆڤانەی دەوروبەری، ناوونیشان، ژمارەی تەلەفۆن، بەرواری لەدایکبوون، ژمارەی ناسنامەی خۆیشی لە بیر بوو. تەنانەت ژمارەی تەلەفۆنی هاوڕێکان و کڕیارە گرنگەکانیشی لە بیر بوو. یادگەی هەمیشە باش بووە، تەنیا لە بیرهاتنەوەی ناوی خۆیدا کێشەی هەبوو. ئەو ئاریشە نزیکەی ساڵێک پێشێ دەستی پێ کردبوو، پێش ئەوکاتە هەرگیز شتی وای بەسەردا نەهاتبوو.

ناوی دوای هاوسەرگیریی، میزوکی ئاندو بوو، ناوی کچێنییشی ئاوزاوا بوو. 

هیچ یەک لەو ناوانە نائاسایی و جیاواز نەبوون، تێنەدەگەیشت بۆچی بیری دەچووەوە. پێش سێ ساڵان کاتێک لەگەڵ پیاوێک بە ناوی تاکاشی ئاندو هاوسەرگیریی کرد، پاشناوی ئاندوی بۆ ناوەکەی زیاد بوو، بووە میزوکی ئاندو. سەرەتا ڕاهاتن بەو ناوە نوێیە کەمێک سەخت بوو، شێوازی دەربڕینی ناوەکە بە لایەوە بێمانا بوو، بەڵام دوای ئەوەی چەند جارێک لەبەر خۆیەوە گوتییەوە، خووی پێوە گرت و پێی ڕاهات. بە بەراوردکردن بە هەندێک ناوی تری وەک میزوکی میزوکی، یان میزوکی میکی کە سەردەمانێک هاوڕێیەکی هەبوو خانەوادەکەی ناوی میکی بوو، میزوکی ئاندو هێندەش خراو دیار نەبوو. ماوەیەک درێژەی کێشا بەڵام وردە وردە بە ناوە نوێکەی ڕاهات.

ساڵێک پێشتر بیرچوونەوەی ناوەکەی دەستی پێ کردبوو. سەرەتا مانگی جارێک بوو، بەرەبەرە ژمارەی بیرچوونەوەکان هەڵکشا، تا وای لێ هات هەفتەی جارێک ناوی خۆی بیر دەچووەوە. کاتێک میزوکی ئاندو لە هزریدا نەدەما دەبووە ژنێکی بێکەس و بێناوونیشان. هەتا جزدانەکەی پێ بوو، کیشەیەکی وای نەبوو، بەڵام کاتێک جانتاکەی ون کرد، هیچ بەڵگەیەکی بە دەستەوە نەما. وەکو بیرچوونەوەی فیلمی هیندی[2] نەبوو، هێشتا دەیتوانی ناوونیشان یان ژمارەی تەلەفۆنی بیر بکەوێتەوە و بە یەکجاری بزر نەبێت. سەرباری ئەوەش، بیرچوونەوە ئازاری دەدا، هەستی دەکرد وەک ئەوە وایە لە خەوێکی قووڵدا بێت و خەبەری نەبێتەوە. میزوکی ڕۆیشتە زێڕەنگەرێک و بازنگێکی بچکۆلەی کڕی، داوای لە زێڕەنگەرەکە کرد کە ناوی خۆی، واتە: میزوکی  ئاوزاوای لەسەر بنەخشێنێت. هەستی دەکرد وەک ئەو سەگ و پشیلانەی لێ هاتووە کە هەمیشە پەتێکیان بە ملەوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە هەوڵی دەدا لە کاتی ڕۆیشتنەدەرەوە ئەو بازنگە لەگەڵ خۆیدا ببات. هەر ساتێک ناوی خۆی بیر چووەوە تەنیا نیگایەکی لە مەچەکی بکردبا بەس بوو، ئیدی پێویستی بە دەرهێنانی ناسنامە نەبوو، لە تەماشاکردنە عەنتیکەکانی ئەوانی دی ڕزگاری دەبوو.

هیچ شتێکی لەبارەی ئەو کێشەیەوە بە هاوسەرەکەی نەگوت. دەیزانی ئەگەر پیاوەکەی ئەوەی بزانیبا یەکسەر بە هاوسەرگیرییەکەیانی دەبەستەوە.  پیاوێک بوو لەبارەی هەموو شتێکەوە سەربەگێچەڵ بوو، ویستی ئازاردانی کەسی نەبوو، بەڵام ئەوە سروشتی وی بوو، هەمیشە لێکدانەوەی زۆری بۆ شتەکان دەکرد. پیاوێکی زۆریش چیڕەدرێژ[3] بوو کاتێک دەستی بە قسان دەکرد. لەبەر ئەوە بوو میزوکی هیچی پێ نەگوت. پێی وابوو ئەگەر بۆ مێردەکەی باس بکات، مێشکی دەبات و سەری لێ دەشێوێنێت. میزوکی لە پیاوەکەی دڵگران نەبوو، سەبارەت بە خانەوادەکەشی هەستی خراپی نەبوو، جگە لەو خووە کنجکۆڵییەی کە وەخت و ناوەختی بۆ نەبوو، لە هیچ شتێکی تر بێزار نەبوو. خەزووری میزوکی دکتۆرێک بوو نۆرینگەیەکی بچووکی لە شاری ساکاتا لە ناوچەی پارێزگای ناماگاتا بەڕێوە دەبرد. خەسوو و خەزووری کەسانێکی خۆپارێز بوون، بەڵام لەبەر ئەوەی مێردی میزوکی کوڕی دووەمیان بوو، زۆر دەستیان لە ژیانی وەرنەدەدا. میزوکی خەڵکی ناگۆیا بوو، ژبەر هەندێ زستانە سەرما و سەختەکەی ساکاتا ئازاری دەدا. بەڵام لە پاش عەیامێک، ساڵی چەند جارێک لەوێ دەڕۆیشت، وردە وردە شارەکەی بە دڵدا چوو. میزوکی و پیاوەکەی دوو ساڵ دوای هاوسەرگیرییان قەرزیان وەرگرت و لە باڵەخانەیەکدا لە شینگاوا شوقەیەکیان کڕی. پیاوەکەی سیساڵان بوو، لە تاقیگەی کۆمپانیایەکی دەرمان کاری دەکرد. میزوکی بیستوشەشساڵان بوو، لە کۆمپانیای هۆندا کاری دەکرد. وەڵامی پێوەندییەکانی دەدایەوە، قاوەی بۆ کڕیارەکان دەبرد، مامەڵەکانی لەبەر دەگرتنەوە و وێنەیەکی لێ ئەرشیڤ دەکردن. مامەڵەی کڕیارەکانی ڕایی دەکرد. مامی میزوکی یەکێک لە بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکان بوو، دوای ئەوەی میزوکی لە زانکۆی ژنان دیبلۆمی باڵای وەرگرت، ئەو ئیشەی بۆ دۆزییەوە. ئیشێکی زۆر سەرنجڕاکێش نەبوو، بەڵام هەندێک بەرپرسیارێتیی تێدا بوو، هێندەش خراو نەبوو. هەر کاتێک فرۆشیارەکان لە دەرەوەب بوونایە، ئەو بە کڕیارەکان ڕادەگەیشت و وەڵامی پرسیارەکانی دەدانەوە. فرۆشیارەکانی لە کاتی مامەڵەدا بینیبوو، لێیانەوە شێوازی بەڕێکردنی کڕیار بە زوویی فێر ببوو. خێرایی و خاسیەتەکانی هەموو خۆڕەوەکانی لەبەربوو، دەیتوانی بە ئاسانی باوەڕ بە کڕیار بهێنێت کە لێخوڕینی ئەو ماشێنەیان وەک ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی نییە، سواربوونی ئەمەیان زۆر ئاسوودەترە. میزوکی زۆر خۆشمەشڕەب[4] بوو، هەمیشە خەندەیەکی سەرنجڕاکێشی لەسەر لێو بوو، کە هۆکار بش بۆ ئەوەی کڕیارەکان لەگەڵیدا هەست بە ئاسوودەیی بکەن. بە هەمان شێوە زیرەکانە و بە ئاسانی دەیتوانی بیری کڕیارەکان بخوێنێتەوە و ڕایان بگۆڕێت. بە داخەوە سەرباری ئەوهەموو شتەش هێشتا بۆی نەبوو داشکان بۆ کڕیارەکان بکات، یان مامەڵەکە تەواو بکات، یان شتێکی خۆڕایی بە کڕیارەکان بدات، لەبەر ئەوە بوو هەر کاتێک کڕیار ڕازی دەبوو مامەڵەکە ئیمزا بکات، دەبووایە میزوکی بانگی یەکێک لە فرۆشیارەکان بکات و ڕێژەیەک لە خێرەکەی بەر ئەو دەکەوت. ئەوەی بۆ میزوکی دەمایەوە تەنیا داوەتی جەمێک بوو لەلایەن ئەو فرۆشیارەی قازانجەکەی بردبوو.

جارجار بیری لەوە دەکردەوە ئەگەر بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا ڕێگەیان بەو دەدا وەک فرۆشیار کار بکات، ئەوا فرۆشی ماشێنەکانیان زۆرتر دەبوو، بەڵام ئەوانی تر وەک ئەو لە شتەکەیان نەدەڕوانی[5]. کۆمپانیاکە هەر ئاوا بوو. بەشی فرۆش جیا بوو لە بەشی بەڕێوەبردن، جگە لە هەندێک حاڵەتی دەگمەن نەدەتوانرا سنووری ئەو دوو ئیشە لێک تێپەڕێندرێن. ئەوەش بە لایەوە گرنگ نەبوو، کەسێکی  زۆر بەتەماح نەبوو، بە دوای کارێکی هەمیشەییدا وێڵ نەبوو، تەنیا دەیویست کاتەکانی دەوامی بە ڕێ بکات و لە پشووەکانی سوودمەند بێت.

لەسەر کار هێشتاش هەر ناوی کچێنیی خۆی بە کار دەهێنا، لەبەر خاتری گۆڕینی ناوەکەی دەبووایە تەواوی زانیارییەکانی لە سیستەمی کۆمپیووتەری کۆمپانیادا بگۆڕێت. ئەو سەرئێشەیەی نەدەهێنا. لەبەر هۆکاری دارایی ناویان لەنێو شووکردووەکان نووسیبوو، بەڵام ناوەکەیان وەک خۆی هێشتبووەوە. خۆیشی دەیزانی ئەوە کارێکی دروست نییە، بەڵام لە شوێنی کارەکەی هیچ کەسێک لەو بارەیەوە گلەییی نەکرد. ئەوان لەوە سەرقاڵتر بوون بپەرژێنە سەر ئەو چشتانە. لەبەر ئەوە ناوی لەسەر کارتی سەر سنگی و سیستەمی هاتنەژوورەوەی، هەر میزوکی ئۆزاوا بوو. نەیدەویست لە پاشناوی هاوسەرەکەی ڕابکات، بەڵام گۆڕینی، ڕێوڕەسمی زۆری دەویست، ژبەر هەندێ وازی لێ هێنا. ئەگەر یەکێکی بدۆزیبایەوە ئەو کارەی لەباتیی ئەو بکردبا، خۆشحاڵ دەبوو ناوی میزوکی ئاندو بە کار بهێنێت. پیاوەکەی لەوە ئاگادار بوو، بەڵام پێنەدەچوو کێشەیەکی لەگەڵ ئەوەدا هەبێت. چونکە هۆکارەکەی میزوکی دەزانی، گلەییی نەبوو و لەسەری قوڕس نەدەکرد.

میزوکی بەرەبەرە نیگەران دەبوو، پێی وابوو لەبیرکردنی ناوی خۆی لەوانەیە نیشانەی نەخۆشییەکی کوشندە بێت، لەوانەیە نیشانە سەرەتایییەکانی زەهایمەر بێت. دونیا پڕ لە نەخۆشیی لە ناکاو و مەرگهێن بوو، ئەو تازە ئەوەی زانیبوو نەخۆشیی هانتینگتۆن و لاوازیی ماسوولکە هەیە. جگە لەوەی نەخۆشیی تریش هەبوو کە ئەو هیچی لەبارەیانەوە نەژنەفتبوو. نیشانە سەرەتاییەکانی ئەو نەخۆشییانە زۆر ئاسایی بوون، یان هەندێک نیشانەی لاوەکی، بەڵام نائاسایی بوون وەک لەبیرچوونەوەی ناو…

میزوکی بۆ نەخۆشخانەیەکی گەورە ڕۆیشت و کێشەکەی بۆ دکتۆر ڕوون کردەوە، بەڵام پزیشکی لاوی ڕەنگزەرد و لێوبەبار کە زیاتر لە نەخۆش دەچوو نەک دکتۆر، ئەوەی بە هەند وەرنەگرت، لە میزوکیی پرسی: “جگە لە ناوەکەت هیچ شتێکی دیکەت بیردەچێتەوە؟”

میزوکی وەڵامی دایەوە: “نەخێر، تەنیا ناوی خۆم بیر دەچێتەوە.”

پزیشک بە دەنگێکی بێهەست کە هیچ هاوخەمییەکی تێدا نەدەخوێندرایەوە گوتی: “ئەهاااا زیاتر بە نەخۆشیی دەروونی دەچێت، ئەگەر شتی تریشت بیر چووەوە سەردانمان بکەوە تا هەندێک پشکنینت بۆ بکەین. ئێمە لێرە نەخۆشانێکی زۆرمان هەیە کە کێشەی گەورەتریان هەیە لەوەی تۆ، لەبیرچوونەوەی ناو کێشەیەکی هێند زەلام[6] نییە.” وا دیار بوو بە تانەوە ئەو قسەیەی پێ دەگوت. ڕۆژێکیان میزوکی لە هەواڵنامەی قەزاکەدا چاوی بە هەواڵێک کەوت کە ڕایگەیاندبوو بنکەیەکی ڕاویژکاری لە شاردا کراوەتەوە. لە ستوونێکی یەکجار بچووکدا کە دەکرا بە ئاسانی چاوی هەر کەسێک بەسەریدا گوزەر بکات و نەیبینێت، تێیدا نووسرابوو: بنکەکە دوو جار لە مانگێکدا لەلایەن کەسی شارەزاوە دانیشتنی تایبەت، بە پارەیەکی کەم بە ڕێوە دەبات. تەواوی دانیشتووانی سەرووی هەژدەساڵی شینگاوا دەتوانن سەردان بکەن و نهێنییەکانیشیان پارێزراو دەبێت. میزوکی پێی وابوو ئەو بنکەیە کە لەلایەن ئیدارەی قەزاکەوە بە ڕێوە دەبرا، دەتوانێت لە کێشەکەیدا یارمەتی بدات.  لەگەڵ ئەوەشدا لە ماوەی هەفتەکەدا وەرگرتنی مۆڵەت بۆ سەردانیکردنی بنکەکە بە لای کرێکارانی دیکەوە سەخت بوو و بۆ ئەو ئاسان بوو. پێویست بوو پێشتر تەلەفۆنیان بۆ بکات و کاتی سەردانیکردنی بۆ دیاری بکەن. بۆ هەر دانیشتنێکی نیوکاتژمێری، دووهەزار دیناریان[7] وەردەگرت کە پارەیەکی زۆر نەبوو. چاوپێکەوتنیان لە کاتژمێر یەکی چوارشەمەی داهاتوو بۆ دانا.

کاتێک گەیشتە بنکەی ڕاوێژکارییەکە، لەوە گەیشت خۆی تاقە سەردانیکەریانە. بەرپرسی پرسگەکە گوتی:  “ئەو بەرنامەیە تازەیە، هێشتا خەڵک شتێکی وا لەبارەیەوە نازانن، دڵنیام دوای ئەوەی لەبارەیەوە دەزانن زۆر قەرەباڵغ دەبێت.”

ڕاوێژکار ناوی تتسوکی ساکاکی بوو. ژنێکی کەڵەگەتی میهرەبان بوو، پێدەچوو پەنجاساڵان بێت. پرچی کورتی بە قاوەییی کاڵ ڕەنگ کردبوو. خەندەیەکی دۆستانەی لەسەر دەموچاوە خرپنەکەی بوو. چاکەت و پانتۆڵێکی زستانەی کاڵ و بلووزێکی ئاوریشمی بریقەداری پۆشیبوو. ملوانکەیەکی لە مرواری دروستکراوی لە مل بوو، پێڵاوێکی پاژنەنزمی لە پێدا بوو. زیاتر وەک دراوسێیەکی خۆشەویست دەردەکەوت نەک ڕاوێژکار.

ژنەکە بۆ کردنەوەی قسان گوتی: “پیاوەکەم لێرە لە بەڕێوەبەرایەتی کار دەکات. بەڕێوەبەری نووسینگەی خزمەتگوزاریی گشتییە، بەهۆی ئەوەوە توانیمان بە یارمەتیی بەڕێوەبەرایەتی، ئێرە بکەینەوە. ڕاستییەکەی تۆ یەکەم سەردانیکەرمانی، زۆر خۆشحاڵین کە هاتییە ئێرە، ئەمڕۆ چاوپێکەوتنم لەگەڵ کەسی تردا نییە، بۆیە با سوود لە کاتەکەمان وەرگرین و بە شێنەیی دەست بە قسان بکەین.”

میزوکی گوتی: “خۆشحاڵ بووم بە بینینتان.” لە خەیاڵی خۆیدا بیری لەوە دەکردەوە ئایا کەسێکی ئاوا دەتوانێت هاوکاریی بکات یان نا.

ژنەکە وەک ئەوەی بیری ئەوی خوێندبێتەوە، گوتی: “بێخەم بە من بڕوانامەی ڕاوێژکاری دەروونیم هەیە و لە ئیشەکەی خۆمدا لێهاتووم.” خاتوو ساکاکی لە سەر کورسییەکی ئاسنین دانیشت و میزوکی لەسەر قەنەفەیەک کە پێدەچوو تازە لە کۆگا هێنابێتیانە دەرەوە، دانیشت. سپرینگەکانی لەملاولایەوە هاتبوونە دەرەوە و بۆگەنێکی لێ دەهات کە لووتی دەچووزاندەوە.

“هیوادارم زوو بتوانین کەلوپەلی نوێ بۆ ئێرە بکڕین، تاکو زیاتر لە نووسینگەیەکی ڕاوێژکاری بچێت. لە ئێستادا دەبێت خۆمان بگونجێنین. ئێرە موڵکی شارەوانییە و یەک دونیا مامەڵەی فەرمیی هەیە. جێیەکی بێزارکەرە. بەڵێن دەدەم جاری داهاتوو شتێکی شیاوتر بۆ دانیشتن پەیدا بکەم. ئومێدەوارم وتوێژی ئەمڕۆمان زۆر خراپ نەبێت.”

میزوکی شانی دادا و تەواوی بەسەرهاتەکەی بۆ باس کرد. ژنەکە هیچ سەرسامییەکی پیشان نەدا و پرسیاریشی نەکرد، تەنیا بە وردی گوێی بۆ بەسەرهاتەکەی ڕاگرتبوو، ڕوخساری بێجووڵە بوو، تەنیا جارجار بیرکردنەوەی پێوە دیار بوو. خەندەیەکی کاڵ وەکوو مانگی شەوانی بەهار ڕوخساری جێ نەدەهێشت. دوای ئەوەی میزوکی قسەکانی تەواو کرد، ژنەکە گوتی: “بیرۆکەیەکی زۆر باش بوو کە ناوەکەت لەسەر بازنگەکە هەڵکۆڵیوە. زۆر خۆشحاڵم کە بابەتەکەت بەو جۆرە ڕوون کردەوە. گرنگترین ئیش ئەوەیە ڕێیەکی کرداری پەیدا بکەیت بۆ ئەوەی هەندێک لە کێشەکانت چارە بکەیت. لەجێی نیگەرانبوون باشترە بە شێوەیەکی واقیعییانە بیر لە کێشەکە بکەیتەوە. دەزانم ژیریت و ئەو بازنگەشت زۆر لێ دێت.”

میزوکی پرسی: “بە ڕای ئێوە دەشێ لەبیرکردنی ناوم پێوەندیی بە نەخۆشییەکی خراپەوە هەبێت؟ تا ئێستا حاڵەتی وات بینیوە؟”

خاتوو ساکاکی گوتی: ‘پێم وانییە هیچ نەخۆشییەک ئەو نیشانە سەرەتایییانەی هەبێت، بەڵام من لەوە دڵگرانم کە نیشانەکانت لە پارساڵ زیاتر بووە. لەوانەیە لە دوای ئەو نیشانانە هیی تریشت لێ دەرکەوێت، یان بیرچوونەوەکەت بۆ شتی تریش پەرە بستێنێت. باشترە بەرەبەرە لەگەڵیدا بچینە پێش و لە بنەڕەتی نەخۆشییەکە بکۆڵینەوە. پێم وایە لەبەر ئەوەی لە دەرەوە کار دەکەیت، بیرچوونەوەی ناوت کێشەی زۆرت بۆ دروست دەکات.” خاتوو ساکاکی بە هەندێک پرسیاری پێشەکی دەربارەی ژیانی میزوکی دەستی پێ کرد: چەند دەبێت هاوسەرگیریت کردووە؟ ئیشت چییە؟ تەندروستیت چۆنە؟ دواتر دەربارەی سەردەمی منداڵی، خانەوادە و سەردەمی قوتابخانە، دواتر دەربارەی شتانێک کە حەزی لێیانە و شتانێک کە ڕقی لێیانە، کارگەلێک کە باش دەیتوانی ئەنجامیان بدات و کارگەلێک کە لێیان خراپ بوو. میزوکی هەوڵی دەدا تا دەتوانێت بە خێرایی و ڕاستگۆیی وەڵام بداتەوە. میزوکی لە خانەوادەیەکی ئاساییدا گەورە ببوو، باوکی لە کۆمپانیایەکی گەورەی بیمەدا کاری دەکرد، خانەوادەکەی زۆر دەوڵەمەند نەبوون، بەڵام میزوکی بیری نەبوو هەرگیز لەبەر پارە دووچاری کێشە بووبێتەوە. باوکی پیاوێکی ڕژد بوو دایکیشی هەستیار و کەمێک گرینۆک. خوشکی گەورەی هەمیشە یەکەمی پۆلەکەی بوو، بەڵام میزوکی هەستی دەکرد کەسێکی ڕووکەش و دزێوە. سەرباری هەموو ئەو چتانەش میزوکی کێشەیەکی وای لەگەڵ خانەوادەکەیدا نەبوو، قەت مشتومڕی لەگەڵدا نەکردبوون. میزوکی خۆیشی لەو منداڵانە بوو کە زۆر بەرچاو نەبوو. هیچ کاتێک نەخۆش نەدەکەوت، قیافەیەکی ڕێکی هەبوو، بەڵام هەرگیز کەسێکیش پێی نەگوتبوو جوانکیلە. تا ڕادەیەک خۆی پێ ژیر بوو، لایەنە زیرەکییەکانی زیاتر بوو لە تەمبەڵییەکانی. وەلێ لە هیچ بارێکدا کەسێکی تایبەت نەبوو. لە قوتابخانە چەند هەڤاڵێکی هەبوو، زۆربەیان هاوسەرگیرییان پێک هێنابوو و گواستبوویانەوە شاری تر و هەواڵێکی لێیانەوە نەبوو. لەبارەی هاوژینییەکەیەوە شتێکی تایبەتی بۆ گوتن پێ نەبوو. سەرەتاکان زۆرێک لەو دەمەقاڵێیانەیان هەبوو کە زۆربەی تازەهاوسەرەکان دەیانبێت. بەڵام بەرەبەرە توانییان ژیانێکی ڕازیکەر بۆ خۆیان پێک بێنن. پیاوەکەی کەسێکی کامڵ نەبوو بەڵام تایبەتمەندیی زۆر باشیشی تێدا بوو؛ میهرەبان، بەرپرسیار، شیک، هەموو خواردنێکی دەخوارد، هەرگیز گلەییی نەدەکرد، لەگەڵ هاوکاران و بەرپرسانی کاریشی زۆر باش بوو، هەڵبەتە هەندێک جار لەسەر کارەکەشی بەهۆی بەردەوامی و زۆربەرکەوتنی لەگەڵ خەڵکانێکی زۆر، هەندێک شتی ناخۆشی تووش دەبوو، بەڵام بەهۆی ئەو شتانەوە جڵەوی خۆی لە دەست نەدەدا و تووڕە نەدەبوو. کاتێک میزوکی وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، لەوە تێگەیشت چ ژیانێکی یەکڕیتمی هەبووە. هیچ شتێکی سەرنجڕاکێش لە ژیانیدا ڕووی نەدابوو. ئەگەر لە ژیانی ئەو فیلمێکیان بەرهەم بهێنایە، یەکێک لەو فیلمانە دەبوو کە کەمترین تێچووی دەبوو، هەڵبەتە خەڵک لە ناوەڕاستی فیلمەکەدا خەونووچکە دەیبردنەوە. دیمەنی یەکڕەنگ درێژ دەبووەوە، نە دیمەنەکە دەگۆڕا، نە دووری و نزیکی کامێرا، نە هیچ شتێکی خراو یان سەرنجڕاکێش  ڕووی دەدا. خۆیشی لەوە تێگەشتبوو کە ڕاوێژکار ناچارە گوێ لە بەسەرهاتە وەڕسکەرەکەی ئەو بگرێت. دڵی بۆ ڕاوێژکار دەسووتا، دڵنیا بوو لەوەی تا کۆتایی ناتوانێت جڵەوی باوێشکەکانی بگرێت. بیری لەوە دەکردەوە ئەگەر ئەو لە جێی ڕاوێژکارەکە گوێی لە بەسەرهاتێکی بێکۆتایی و یەکڕەنگ و یەکڕیتمی وەک ئەوەی خۆی بگرتبا، لە کۆتاییدا ڕۆژێک لە داخی سواویی بەسەرهاتەکە شەقی دەبرد. تسوکی ساکاکی بە ڕژدی گوێی لە قسەکانی میزوکی دەگرت. جارجار هەندێک شتی لای خۆی یاداشت دەکرد. کاتێک دەهاتە گۆ، ماندووێتی و بێزاری پێوە دیار نەبوو، تەنیا هەست بە گەرمی و تامەزرۆیی دەکرا. میزوکی هەستی بە ئارامییەکی سەیر دەکرد. تا ئەوکاتە هیچ کەسێک هێندە بە حەوسەڵەوە گوێی بۆ قسەکانی ڕانەدێرابوو. کاتی چاوپێکەوتنیان تەواو بوو، کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاندبوو. هەستی دەکرد باری سەرشانی سووک بووە.

خاتوو ساکاکی خەندەیەکی خستە سەر لێوی و پرسی: “خاتوو ئاندو دەتوانن چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو لە هەمان کاتدا بێن.”

میزوکی وەڵامی دایەوە: “بە دڵنیایییەوە. بۆ ئێوە کێشەی نییە؟”

“بە دڵنیاییەوە نەخێر، هەر کاتێک حەزت لێ بوو وەرە، چەند دانیشتنێکی دەوێت تا بزانیت چەندت سوود لێی بینیوە. وەکوو تەلەفۆنی بەرنامەی ڕادیۆیی نییە بیانەوێت تەنیا کاتت لێ بە هەدەر بدەن. وەرە با سوود لە کاتەکەمان وەرگرین و هەوڵ بدەین کارەکەمان ئەنجامی هەبێت.”

لە دانیشتنی دووەم بوو کە خاتوو ساکاکی پرسی: “با سەیر بکەین بزانین هیچ شتێک بە ناوەوە پەیوەست بێت، جا ناوی خۆت یان ئەوانی تر بێت، یان ناوی ئاژەڵان، یان هیی ئەو شوێنانەی بۆی ڕۆیشتوویت، یان ناسناو یان هەر شتێکی لەو بابەتە بیرت نایاتەوە؟ هەر شتێک بە ناوەوە پەیوەست بێت، هەر شتێکت بیر دێتەوە بیڵێ، تەنانەت ئەگەر زۆر گرنگیش نەبێت، هەر شتێک دەربارەی ناو بێت، هەوڵ بدە بیرت بێتەوە.”

میزوکی چەند ساتێک چووە خەیاڵەوە، دواتر گوتی: “پێم وانییە شتێکم بیر بێتەوە، ئێستا هیچ شتێکم بە خەیاڵدا نایا… ئەها بوەستە! شتێکم دەربارەی ناونیشان بیر هاتەوە!”

“ناونیشانێک؟ زۆر نایابە!”

میزوکی گوتی: “بەڵام ئەو ناونیشانە هیی خۆم نەبوو، هیی کەسێکی دی بوو.”

خاتوو ساکاکی گوتی: “کێشە نییە، بۆم باس بکە.”

میزوکی دەستی پێ کرد: “هەروەک هەفتەی ڕابردوو گوتم، من سەرەتایی و دواناوەندییشم لە قوتابخانەی تایبەتی خوێندووە. ئێمە لە ناگۆیا دەژیاین و قوتابخانەمان لە یۆکۆهاما بوو، لەبەر ئەوە لە بەشەناوخۆیی دەماینەوە و کۆتاییی هەفتە دەگەڕاینەوە ماڵێ. شەوانی شەممە بە شەمەندەفەری شینکانس دەڕۆیشتین و پێنجشەممان دەگەڕاینەوە[8]. تا ناگۆیا تەنیا دوو کاتژمێر کاتی دەویست، هەر لەبەر ئەوە زۆر هەستم بە تەنیایی نەدەکرد.”

خاتوو ساکاکی سەری ڕاوەشاند و گوتی: “ئەرێ لە ناگۆیا قوتابخانەی تایبەتیی باش نەبوو؟ بۆچی ناچار بوویت ئەو هەمووە ڕێیە تا یوکۆهاما ببڕیت؟”

“دایکم خۆی لەو قوتابخانەیە خوێندبووی، حەزی دەکرد یەکێک لە کچەکانی بنێرێ بۆ ئەوێ. منیش پێم وابوو ژیان لە دووریی خانەوادەکەم شتێکی باشە. ئەوێ قوتابخانەیەکی ئایینی بوو، بەڵام ئاسوودە بووین. چەند هاوڕێیەکم پەیدا کرد، هەموویان منیان خۆشدەویست، تێکڕاشیان کچانێک بوون لە جێی دیکەوە هاتبوون و دایکیان پێشتر لەوێ خوێندبووی. من شەش ساڵ لەوێ بووم. لەوێ زۆر خۆشم ڕابوارد، تەنیا خواردنەکانیان نەبێت هەندێک ناجۆر بوو.”

خاتوو ساکاکی خەندەیەکی کرد و گوتی: “گوتت خوشکێکی گەورەتریشت هەیە؟”

“بەڵێ! ئەو دووساڵ لە من گەورەترە.”

“بۆچی ئەویان نەناردە ئەو قوتابخانەیە؟”

“خوشکم لەو مرۆڤانەیە کە مانەوەی لە ماڵەوە پێ باشترە. کەسێکی تەندروستیش نییە، لەبەر ئەو چتانە ئەو لە ماڵێ مایەوە و لە شاری خۆمان ڕۆیشتە قوتابخانە. من هەمیشە لەو سەربەخۆتر بووم. کاتێک سەرەتاییم تەواو کرد، دایبابم لێیان پرسیم ئایا پێم خۆشە بۆ قوتابخانە بچمە یوکۆهاما یان نا؟ منیش ڕازی بووم. بەو هۆیەوە کۆتاییی هەفتانیش سواری شەمەندەفەری شینکانس دەبووم کە زۆر پێم سەرنجڕاکێش بوو. زۆربەی منداڵەکان ژووریان هەبوو، بەڵام هەر کەسێک پلەی وەرگرتبا ژوورێکی نوێیان پێ دەدا. من تازە بە نوێنەری فێرخوازانی بەشەناوخۆیی هەڵبژێردرابووم، لەبەر ئەوە ژوورێکی نوێیان بە تەنیا پێ دام. هەر کەسێک لە بەشەناوخۆ تابکۆیەکی پێ دەدرا کە لەسەر لەوحەی هاتنەژوورەوەی باڵەخانەکە هەڵدەواسرا. دیوی پێشەوەی تابلۆکە بە ڕەنگی ڕەش نووسرابوو، دیوی پشتەوەی بە سوور نووسرابوو. هەر کەسێک بڕۆیشتبا دەبوو دەمەوڕووی بکردبایەوە. بەم جۆرە ئەگەر ناوی کەسێک بە ڕەنگی ڕەش بووایە، مانای ئەوە بوو لە بەشەناوخۆییە، بەڵام کاتێک سوور بووایە واتە لە دەرەوەیە. ئەگەر بڕیار بووایە کەسێک شەو لە بەشەناوخۆیی نەبووایە یان بۆ ماوەیەک جێی هێشتبا، پێویست بوو لەوحەکەی لەسەر تابلۆکە دابگرێت. کارێکی هاسان بوو، قوتابییان بە نۆرە لە پشت مێزی پرسگەوە دادەنیشتن و وەڵامی تەلەفۆنەکانیان دەدایەوە، بە سەیرکردنی لەوحەکانی سەر تابلۆکە دەیانزانی کام کچە لە بەشەناوخۆیییە و کامیان چۆتە دەرەوە. بە هەرحاڵ، ئەو ڕووداوە لە تشرینی یەکەم ڕووی دا. پێش نانی ئێوارە خەریکی موتاڵاکردنی ئەرکەکانی ماڵەوە بووم، خوێندکارێکی پۆلێکی خوار خۆم بە ناوی یوکو ماتسوناکا، سەردانی کردم. ئەو جوانترین کچی بەشەناوخۆیی بوو. پێستێکی زیوینی هەبوو، قژی درێژ و خاو بوو، ڕوخسارێکی وەک بووکەشووشەی هەبوو. دایک و باوکی لە کانازاوا چێشتخانەیەکی بەناوبانگیان هەبوو؛ خانەوادەیەکی زەنگین بوون. یوکۆ هاوپۆلی من نەبوو، لەبەر ئەوە ناتوانم بە دڵنیایییەوە لەبارەیەوە بدوێم. نمرەکانی زۆر بەرز بوون، ئەمەش سەرنجڕاکێشی کردبوو. زۆرێک لە قوتابییە بچووکەکان خەریک بوو بیپەرستن. ئەویش زۆر میهرەبان بوو، هیچ کێشەیەکی لەگەڵیاندا نەبوو. کچێکی بێدەنگ بوو، هەرگیز هەستەکانی خۆی دەرنەدەبڕی. هیچ کاتێکیش نەتدەتوانی لەوە تێبگەیت بیر لە چی دەکاتەوە. کچۆڵەکانی پۆلە نزمترەکان هەمیشە بە دوایەوە بوون، بەڵام پێموایە هاوڕێی گیانی بە گیانی نەبوو.”

میزوکی لە پشتی مێزەکەوە دانیشتبوو، گوێی بۆ ڕادیۆ ڕاداشتبوو کە گوێی لە تەقەی دەرگا بوو. کاتێک دەرگای کردەوە، یوکۆ ماتسوناکا  لە بەردەمی[9] وەستابوو. پانتۆڵێکی جینز و چاکێتێکی یەخەپانی پۆشیبوو. یوکۆ پرسی: ‘خولەکێکت کات هەیە پێکەوە قسان بکەین؟”

میزوکی بە سەرسووڕمانەوە گوتی: ‘بە دڵنیایییەوە، ئێستا دەستم بەتاڵە.”

یوکۆی دەناسی، بەڵام هەرگیز ڕێک نەکەوتبوو پێکەوە قسەیەکی تایبەت بکەن، هیچ کاتێکیش یوکۆ دەربارەی بابەتێکی تایبەت داوای یارمەتی لە میزوکی بکات. میزوکی فەرمووی لێ کرد دانیشێت، تاکو ئەویش بەو ئاوە گەرمەی نێو قۆرییەکە چایەک دێم بکات.

یوکۆ یەکسەر پرسی: “تا ئێستا هەرگیز ئیرەییت بە کەسێک بردووە؟”

ئەو پرسیارە سەری میزوکیی سووڕ ماند، بەڵام بە ڕژدەوە بیری لێ کردەوە و گوتی: “نا، پێم وانییە! تا ئێستا شتی وا نەبووە.”

“تەنانەت جارێکیش؟”

میزوکی سەری ڕاوەشاند و گوتی: “باشە، کاتێک بەبێ پێشەکی یەکسەر ئەو پرسیارە دەپرسیت ناتوانم هیچ شتێک بڵێم. بزەبت مەبەستت چ جۆرە ئیرەیییەکە؟”

“بۆ نموونە یەکێکت خۆشبوێت، بەڵام ئەو کەسێکی تری خۆشبوێت. چاوت لە شتێک بێت بەڵام کەسێکی تر بێت و بە دەستی بێنێت. یان کارێک تۆ نەتوانی ئەنجامی بدەیت بەڵام کەسێکی تر بە ئاسانی بیکات… ئیدی لەو جۆرە چشتانە.”

میزوکی گوتی: “تا ئێستا بیری وام بە خەیاڵدا نەهاتووە، ئەی تۆ؟”

“زۆر جار.”

میزوکی نەیدەزانی چی بڵێت، کچۆڵەیەکی وەک یوکۆ چی دیکەی لە خودا دەویست؟ جوان بوو، دەوڵەمەند بوو، نمرەکانی بەرز بوون، هەموو خۆشیان دەویست ، ڕۆشناییی چاوی دایک و باوکی بوو. دەنگۆی ئەوەی بیستبوو کە لەگەڵ کوڕێکی قۆزیش لە پێوەندیدایە. ئاخر چ کەسێک لەو دنیایەدا هەبوو یوکۆ ئیرەیی پێ ببات؟

میزوکی پرسی: “بۆ نموونە کەینێ ئیرەییت دەجووڵێت؟”

یوکۆ کە هەوڵی دەدا بە تەواوی ئاگای لە قسەکانی بێت، گوتی: “پێم باشە باسی وردەکارییەکان نەکەم، گوتنی هەموو وردەکارییەکان کارێکی پەسند نییە، بەڵام لەمێژە دەمویست بزانم تا ئێستا ئیرەییت بە کەس بردووە؟”

میزوکی هەر تێنەدەگەیشت یوکۆ چی لێ دەوێت، بەڵام بڕیاری دا تا جێیەک بتوانێت ڕاستگۆیانە وەڵامی بداتەوە. دووبارە گوتی: “تا ئێستا نەبووە ئیرەیی بە کەسێک بەرم، نازانم بۆ، لەوانەشە باوەڕ نەکەیت، بەڵانەکینێ مەبەستم ئەوەیە بەو جۆرەش نییە کە هەرچی ویستوومە و دڵم خواستوویەتی پێی گەیشتبم. ڕاستییەکەی زۆر شت هەن بێهیوام دەکەن، خۆیشم باوەڕ ناکەم، وەلێ هەر چۆنێک بێت تا ئێستا ئیرەییم بە کەس نەبردووە.”

یوکۆ ماتسوناکا خەندەیەکی کرد و گوتی: “باوەڕ ناکەم ئیرەیی زۆر پێوەندیی بە دۆخی مرۆڤەکانەوە هەبێت، ئەگەر بەخت یاوەرت بێت حەسوودی بە کەس نابەیت، بەڵام ئەگەر ژیان ڕووی خۆشیت نیشان نەدات، حەسوود دەبیت. ئیرەییبردن بەو جۆرە نییە، وەک ڕژێنێکە لە ناوەوەی مرۆ گەشە دەکات و گەورە و گەورەتر دەبێت. جیاوازییەکی نییە چ هۆکارێکی هەیە، تەنانەت ئەگەر پێیشی بزانیت هیچ کارێکت لە دەست نایەت، ڕێک وەکوو ئەوە وایە بڵێیت ئەوانەی  خۆشبەخت نین شێرپەنجە دەگرن، بەڵام ئەوانەی خۆشحاڵن نایگرن. ئەو قسەیە ڕاست نییە. پێت وایە دروست بێت؟”

میزوکی بێ ئەوەی قسەکانی یوکۆ ببڕێت گوێی گرتبوو، یوکۆ نەیتوانی درێژەی پێ بدات. گوتی: “زۆر سەختە دەربارەی ئیرەیی لەگەڵ کەسێکدا بدوێیت کە تا ئێستا نەیبردووە. ژیان بە بەددڵی[10] گەلێ سەختە، وەک ئەوە وایە دۆزەخێکی بچووکت لە ناوەوەی خۆتدا هەڵگرتبێت و بیبەی بۆ ئەملاولا. پێویستە سوپاسی خودا بکەیت کە تا ئێستا ئیرەییت بە هیچ کەسێک نەبردووە.”

یوکۆ ساتێک بێدەنگ بوو، شتێکی وەک بزە لەسەر لێوی نەخشا.

میزوکی بیری لەوە کردەوە چەندە ژیکەڵە و بەردڵە؛ جلوبەرگی جوان، جەستەیەکی ناوازە. ئەگەر مرۆڤێک وەک ئەو هێندە دڵڕفێن بێت بۆ هەرجێ بڕوات هەموو تەماشای بکەن، دەبێت چ هەستێکی هەبێت؟ ئەوکات لەوانەیە کەسێکی لەخۆباییی لێ دەرچێت؟ یان ئەو جوانییە زیاتر ببێتە مایەی دەردەسەر بۆی؟ سەرباری ئەو بیرۆکانەش میزوکی ئیرەییی بەو نەدەبرد.

یوکۆ لەو کاتەی چاوی لەسەر دەستەکانی میزوکی بوو کە کەوتبوونە سەر تەنوورەکەی، گوتی: “دەمەوێت بچمەوە ماڵێ، خزمێکمان مردووە دەبێت بۆ تازییەکەی لە ماڵ بم. لە بەڕێوەبەری بەشەناوخۆییش مۆڵەتم وەرگرتووە، پێویستە دووشەممە بەیانییەکەی بچمەوە. تا دەگەڕێمەوە، دەتوانیت تابلۆکەم لەلای خۆت بپارێزیت؟”

یوکۆ تابلۆی ناوەکەی لە گیرفانی دەرهێنا و دایە میزوکی.

میزوکی گوتی: “بەسەر چاو، بەڵام بۆچی ئەوەت بە من دا؟ دەتتوانی لە چەکمەجەی مێزتەوالێتەکەتدا هەڵیگریت.”

یوکۆ سەرنجی کەوتە سەر نیگاکردنی میزوکی و گوتی: “ئەمجارە تۆ بۆم هەڵگرە، لە شتێک نیگەرانم، نامەوێت ئەوە لە ژوورەکەمدا هەڵگرم.”

میزوکی گوتی: “زۆر باشە.”

یوکۆ گوتی: “نامەوێت کاتێک لێرە نیم مەیموونێک بیبات و بڕوات.”

میزوکی بە خێرایی گوتی: ‘خۆ ئێرە مەیموونی لێ نییە.” پێنەدەچوو یوکۆ گاڵتە بکات. دواتر یوکۆ چووە دەرەوە و لە دوای خۆیەوە تابلۆکەی و پیاڵەچایەکی نەخوراوە و جێیەکی چۆڵ کە پێش چەند چرکەیەک وانەبوو، بە جێ هێشت.

میزوکی بە خاتوو ساکاکی گوت: “ڕۆژی دووشەممە یوکۆ نەگەڕایەوە بەشەناوخۆیی. مامۆستا ئەو ڕۆژە بۆی نیگەران بوو، تەلەفۆنی بۆ دایبابی کرد. دڵنیا بووینەوە ئەو هەر نەشگەڕاوەتەوە ماڵێ. هیچ کەسێکیش لە خانەوادەکەی نەمردبوون. ئەسڵەن تازیەیەک لە گۆڕێ نەبوو. هەموو قسەکانی بە درۆ هەڵبەستبوو. هەفتەیەک دواتر تەرمەکەیان دۆزییەوە. شەممەی هەفتەی[11] داهاتوو کە لە ناگۆیا گەڕامەوە، بیستم لە جێیەک لە دارستانەکەدا دەماری خۆی بڕیوە. هیچ کەسێک نەیزانی بۆ ئەو کارەی کردووە. هیچ یاداشتێک یان شتێکی دوای خۆی جێ نەهێشتبوو. هاوژوورەکەی دەیگوت وەک هەمیشە بووە و هیچ ناڕەحەت دیار نەبووە. یوکۆ خۆکوژیی کردبوو بێ ئەوەی تەنانەت یەک وشەش بە کەسێک بڵێت.”

خاتوو ساکاکی پرسی: “ئەرێ کاتێک ئەو خاتوو ماتسوناکایە هاتە ژوورەکەت و تابلۆی ناوەکەی پێت دا و لەبارەی ئیرەیییەوە قسەتان کرد، نەیدەویست شتێکت پێ بڵێت؟”

“با لەبارەی ئیرەیییەوە قسەی بۆ کردم، بەڵام من زۆر گرنگیم پێی نەدا، دواتر لەوە تێگەیشتم ویستوویەتی پێش مردنی قسەی دڵی بۆ من بکات.”

“بە کەست گوتووە هاتووەتە لات؟”

“نەخێر، هەرگیز!”

“بۆچی ئەوەت نەکرد؟”

میزوکی سەری ڕاوەشاند و لە فکران ڕاچوو: “ئەگەر بمگوتبا زیاتر گێژیان دەکردم، پێم وانییە هیچ کەسێک بیتوانیبا لەو بابەتە تێبگات.”

“کەواتە پێت وایە هۆکاری خۆکوژیی یوکۆ ئیرەیی بووە؟”

“بەڵێ، ڕێک ئەوەیە کە گوتم، کێ هەبوو لەو دونیایەدا شیاوی ئیرەییی کچێکی وەکوو یوکۆ بێت؟ ئەوکات هەمووان ناڕەحەت بوون، پێم وابوو باشترین کار ئەوەیە هیچ بە هیچ کەس نەڵێم. ئەووەخت بەشەناوخۆیی شڵەژابوو، قسەکردن لەو بارەیەوە وەک شقارتەپێکردن لەنێو کۆگای بارووت وابوو.”

“تابلۆی ناوەکە چی لێ هات؟”

“هێشتاش ماومە، ئەوم لەگەڵ تابلۆکەی خۆمدا لە جانتایەکدا دانا و لە چەکمەجەی دۆڵابێکم هاوێشت.”

“بۆچی تا ئێستا پاراستووتە؟”

“قوتابخانە هێندە شڵەژابوو، دەرفەتی ئەوەم نەبوو بیگەڕێنمەوە، هەتا درەنگتریش دەبوو گەڕاندنەوەی لە لام سەختتر دەبوو. نەشمتوانی خۆم ڕازی بکەم و فڕێی بدەم. بیرۆکەی ئەوەشم بۆ هات کە لەوانەیە یوکۆ ویستبێتی لای خۆم بۆی بپارێزم. نازانم بۆچی ئەو منی بۆ ئەو کارە هەڵبژارد.”

“زۆر سەیرە! تۆ و یوکۆ زۆر نزیک نەبوون، وایە؟”

“بەشەناوخۆیییەکەمان بچووک بوو، بۆیە جارجار تووشی یەک دەبووین و چەند قسەیەکمان پێکەوە دەکرد، بەڵام هاوپۆل نەبووین، هەرگیز لەبارەی شتی تایبەتییەوە نەدەدواین. لەوانەیە لەبەر ئەوەی من نوێنەری خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکە بووم، بۆ لای من هاتبێ. هیچ شتێکی ترم بە بیردا نایەت.”

“لەوانەیە یوکۆ بە هۆکارێک کەیفی بە تۆ هاتبێت، لەوانەیە شتێک بووبێتە هۆی ڕاکێشانی ئەو بۆ لای تۆ.”

میزوکی گوتی: “من ئاگاداری هیچ شتێک نەبووم.”

خاتوو ساکاکی بێدەنگ بوو، وەک ئەوەی بیەوێت لە شتێک دڵنیا بێتەوە، چەند چرکەیەک سەرنجی لە میزوکی دا: “بە ڕاستی تۆ لە هەموو ئەو شتانە هەرگیز تەنانەت یەک جاریش ئیرەییت بە کەسێک نەبردووە؟”

میزوکی ساتێک قڕوقەپی[12] کرد، دواتر گوتی: ‘نا، پێم وانییە، تەنانەت جارێکیش.”

“ئەو قسەیە واتە تۆ تەنانەت نازانیت ئیرەیی چییە؟”

“با، بە تەواوی دەزانم چۆنە، لانیکەم دەزانم چ شتێک دەبێتە هۆی ئیرەییبردن، بەڵام ئەوەی چ هەستێک بە مرۆڤ دەدات و چەندە درێژە دەکێشێت، چەند بەتوانایە، یان لەوانەیە بتوانێت چەندە مرۆڤ ئازار بدات، ناتوانم لەوانە حاڵی بم.”

خاتوو ساکاکی گوتی: “حەقی تۆیە، حەسوودییش وەک هەموو هەستەکانی مرۆڤان قۆناغی هەیە، کاتێک زۆر بەهێز نەبێت لەنێوان حەسوودیبردن و حەسوودبوون جیاوازی هەیە. زۆربەی مرۆڤەکان حەسوودیبردن تاقی دەکەنەوە، بۆ نموونە یەکێک لە هاوکارانت پێش دەکەوێت، یان هاوپۆلێکت دەبێتە ڕووناکیی دیدەی مامۆستاکەت، یان دراوسێیەکت تیروپشک دەباتەوە. لەو جێیانە مرۆڤ تەنیا ئیرەیی دەبات، هەموو ئەو ڕووداوانە هەندێک نادادانە دەردەکەون، هەندێک مرۆ ناڕەحەت دەکەن. ئەم کاردانەوانە ئاسایین. دڵنیایت هیچ کاتێک لەو جۆرە هەستانەت نەبووە؟ هەرگیز ئیرەییت بە کەسێک نەبردووە؟”

میزوکی وچانێکی دا و گوتی: “پێم وانییە. زۆر کەس هەن لە من خۆشبەختترن، بەڵام ئەوە نابێتە هۆکاری ئەوەی من ئیرەیییان پێ ببەم. بە بڕوای من هەرکەس ژیانی تایبەتی خۆی هەیە.”

“لەبەر ئەوەی مرۆڤەکان جیاوازن، ناکرێت پێکیان بەراورد بکەین؟”

“من بەم جۆرەی دەبینم.”

خاتوو ساکاکی هەرتک[13] دەستی لەسەر مێزەکە نوشتاندبووەوە، دەنگە هێواشەکەی سەرسامییەکەی پێشان دەدا. گوتی: “ڕوانینێکی سەرنجڕاکێشە! هەر چۆنێک بێت هەروەکوو پێم گوتیت ئەوە دەربارەی دۆخی هێواشی ئیرەیییە. لە کاتی حەسوودیی بەهێزدا دۆخەکە جیایە. ئیرەیی وەک مشەخۆر لەنێو دڵی مرۆڤدا دەمێنێتەوە، هەروەکوو یوکۆ گوتی وەک ڕژێنێکی پیس بەرەبەرە ڕۆحی مرۆ دەخوات و هەندێک کات تەنانەت دەبێتە هۆی مردنی. ئەو مرۆیەی ناتوانێت پێش لە هەستی ئیرەیی بگرێت، ژیانی وەک دۆزەخێکی ڕاستەقینەی لێ دێت.”

کاتێک میزوکی گەیشتەوە ماڵێ، ڕۆیشتە لای دۆڵابەکەی و ئەو کارتۆنە مقەبایییەی تابلۆی یوکۆ و هیی خۆشی کە تێیدا پاراستبووی، دەرهێنا. تەواوی یادگارییەکانی ژیانی: نامەکانی، ئەلبوومی وێنە و شتی تریشی لەوێ ئاخنیبوو. هەمیشە ویستبووی لە دەستی ئەو شتانە ڕزگاری بێت، بەڵام هەرگیز ئەو دەرفەتەی بۆ ڕێکنەکەوتبوو، هەر لەبەر ئەوە بۆ هەرجێ دەڕۆیشت، ئەو جانتایەی لەگەڵ خۆیدا دەبرد. بە جوانی ناو جانتاکە گەڕا، بەڵام نەیتوانی ئەو پاکەتەی تابلۆی ناوەکانی تێدابوو بدۆزێتەوە. سەری سووڕ ما! یەکەم جار کە ماڵیان باری کردبووە ئەو باڵەخانەیە، تەماشای جانتاکەی کردبوو. بە تەواوی بیریەتی پاکەتەکەی تێدا دیبوو. لەو کاتەوە جانتاکەی نەکردبووەوە، هەر بۆیە دەبوو پاکەتەکە لەوێ بووایە. پاکەتەکە لە کوێ دەیتوانی بڕوات؟ لەو کاتەوەی هەفتەی جارێک بۆ ڕاوێژ دەچووە لای خاتوو ساکاکی، زۆر نیگەرانی بیرچوونەوەی ناوەکەی نەبوو. هێشتاش وەک پێشتر ناوی خۆی بیر دەچووەوە، بەڵام وا دیار بوو زۆر ناڕەحەتی ناکات و جگە لە ناوەکەی شتی تر لە یادگەیدا نەدەڕۆیشتە دەرەوە. لەبەر بازنگەکەی زۆر شەرمەزار نەدەبوو، بەرە بەرە هەستی بەوە دەکرد بیرچوونەوەی ناوەکەی بەشێکی ئاسایی ژیانیەتی. میزوکی هیچی لەبارەی دانیشتە دەروونییەکانی بە مێردەکەی نەگوتبوو، نەیدەویست شتێک لەو بشارێتەوە، بەڵام پێی وابوو شیاوی ئەو سەرکێشییەی نییە. مەسەلەی لەبیرچوونەوەی ناوی میزوکی و هەفتەی جارێک ڕۆیشتنی بۆ لای ڕاوێژکار، بە هیچ جۆرێک پیاوەکەی ناڕەحەت نەدەکرد، تێچووی دانیشتنەکانیش زۆر نەبوو.

میزوکی دەربارەی ونبوونی تابلۆی ناوەکان هیچی بە هیچ کەس نەگوت، پێی وابوو ئەگەر خاتوو ساکاکیش هیچ لەوبارەیەوە نەزانێت جیاوازییەک لە دۆخی دانیشتنە ڕاوێژکارییەکانیان دروست ناکات.

دوو مانگ تێپەڕی، هەر چوارشەممەیەک میزوکی بۆ ڕاوێژ دەڕۆیشتە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەی ئیدارەی قەزاکە. ژمارەی سەردانیکەران زیادی کردبوو، لەبەر ئەوە خاتوو ساکاکی کاتژمێری دانیشتنەکەی بۆ نیو کاتژمێر کەم کردبووەوە. ئەو بابەتە بە لایانەوە گرنگ نەبوو، چونکە فێر ببوون چۆن سوود لە کاتەکەیان وەرگرن. هەندێ جار میزوکی حەزی لێ بوو زیاتر قسان بکەن، بەڵانەکینێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پارە کەمەی دەیدا، نەیدەتوانی گلەیی بکات. پێنج خولەک پێش تەواوبوونی دانیشتنەکە خاتوو ساکاکی گوتی: “ئەمڕۆ نۆیەمین دانیشتنمانە، لەبیرکردنی ناوت کەمی نەکردووە، بەڵام بە بەراورد بە پێشتر زیادیش نەبووە، وایە؟”

میزوکی گوتی: “نا، زیاد نەبووە.”

خاتوو ساکاکی گوتی: “نایابە!”

پێنووسە ڕەشەکەی خستە نێو جانتاکەیەوە و دەستەکانی لێک گرێ دا و خستییە سەر مێزەکە. بۆ ساتێک بێدەنگ بوو، دواتر گوتی: “لەوانەیە، دەڵێم لەوانەیە، دانیشتنی داهاتوومان دەربارەی گفتوگۆکانمان بە شتێک بگەین.”

“دەربارەی لەبیرکردنی ناوەکەم؟”

“ڕێک، ئەگەر هەموو شت بەپێی بەرنامە بڕواتە پێش، دەتوانم هۆکاری سەرەکی دەستنیشان بکەم، تەنانەت پێشانیشتی بدەم.”

“دروستە.”

میزوکی تێنەدەگەیشت خاتوو ساکاکی بە چ ئەنجامێک گەیشتووە، بۆیە پرسی: “واتە مەبەستتان ئەوەیە هۆکارەکە شتێکە دەکرێ بیبینین؟”

خاتوو ساکاکی لەکاتێکدا دەستەکانی لێک هەڵدەسوو، گوتی: “بە دڵنیایییەوە دەبینرێت، شتێکە دەکرێ لەسەر لاپەڕەیەک بینووسین و بڵێین فەرموو ئەوەیە. هەڵبەتە تا هەفتەی داهاتوو ناتوانم دەربارەی وردەکارییەکان هیچت پێ بڵێم، لە ئێستادا ناتوانم بە دڵنیایییەوە بڵێم بە ئەنجام دەگەم یان نا، بەڵام هیوام وایە ئەنجامەکەم دەست بکەوێت. ئینجا هەموو شتێکت بە تێروتەسەلی پێ دەڵێم.”

میزوکی سەری لەقاند.

“بە هەرحاڵ دەمەوێت بڵێم ئێمە هەوراز و نشێوی زۆرمان تێپەڕاندووە، وا ئێستا خەریکە بە ڕێگەچارەیەک دەگەین، بیستووتە دەڵێن: ژیان سێ هەنگاو دەتباتە پێشەوە و دوو هەنگاو بەگت پێ لێ دەدا؟ پێویست ناکات خۆت دڵتەنگ بکەیت، تەنیا بڕوا بەم خانمە پیرە؛ ساکاکی، بکە. هەفتەی داهاتوو دەتبینم، بیرت نەچێت لە کاتی ڕۆیشتنت نۆرە بنووسە.” چاوێکی لە میزوکی داگرت.

هەفتەی داهاتوو کاتێک میزوکی گەیشتە نێو نووسینگەی ڕاوێژکاری، خاتوو ساکاکی بە خەندەیەک کە تا ئەوکات میزوکی لێی نەدیبوو، پێشوازیی لێ کرد.

خاتوو ساکاکی بە خۆنازینەوە گوتی: “لە هۆکاری لەبیرچوونەوەی ناوەکەت گەیشتم، ڕێگەچارەیەکیشم بۆت پەیدا کردووە.”

میزوکی پرسی: “واتە لەمە بە دوا ناوی خۆم لە بیر ناکەم؟”

“نا، ئیدی ئیتر ناوی خۆت بیر ناچێتەوە، کێشەکە چارە کرا.”

میزوکی بە دوودڵییەوە گوتی: “هۆکارەکەی چی بووە؟”

خاتوو ساکاکی لەو جانتا ڕەشەی لە تەنیشت خۆی دانابوو، شتێکی دەرهێنا. لەسەر مێزەکەی دانا و گوتی: “وا بزانم ئەوە هیی تۆیە.”

میزوکی لەسەر قەنەفەکە بەرزەپێ بوو. ڕۆیشتە لای مێزەکە، شتەکانی سەر مێزەکە دوو تابلۆ بوون، لەسەر ڕووی یەکێکیان نووسرابوو میزوکی ئاوزاوا و لەسەر ئەوەکەی تریان[14] یوکۆ ماتسوناکا. میزوکی ڕەنگی پەڕی، بۆ لای قەنەفەکە ڕۆیشت و لەسەری دانیشت. بۆ ساتێک بێدەنگ بوو، وەک ئەوەی بیەوێت جڵەوی وشەکانی بکات، هەرتک دەستی بەرامبەر دەمی ڕاگرت.

خاتوو ساکاکی گوتی: “پێم وایە سەرت سووڕ دەمێنێ، بەڵام خەفەتی لێ مەخۆ.”

میزوکی گوتی: “چۆن بوو ئێوە…”

“چۆن تابلۆکەی ئێوەم دۆزییەوە؟

میزوکی بە سەر، وەڵامی بەڵێی دایەوە.

خاتوو ساکاکی گوتی: “یەکێک لێی دزیبووی، منیش لێم سەندەوە، بە هۆی ئەوەوە بوو تۆ لە بیرهاتنەوەی ناوی خۆت کێشەت بۆ دروست بووبوو.”

“بەڵام کێ…”

خاتوو ساکاکی گوتی: “چ کەسێک هاتە نێو ماڵەکەت و ئەو تابلۆیانەی دزی و بۆچی، باشترە لەجێی ئەوەی ئەو پرسیارانە لە من بپرسیت، لەو کەسەی بپرسیت کە ئەو کارەی کردووە.”

میزوکی بە سەرسووڕمانەوە پرسی: ‘مەگەر ئەو لێرەیە؟”

“هەڵبەتە. ئێمە دۆزیومانەتەوە و تابلۆکانمان لێی سەندووەتەوە. هەڵبەتە خۆم ئەو کارەم نەکردووە، پیاوەکەم و یەکێک لە هاوکارانی ئەو کارەیان کردووە. بیرتە پێم گوتیت پیاوەکەم لە ئیدارەی خزمەتگوزاریی گشتی بەڕێوەبەری بەشە؟”

میزوکی بێ ئەوەی بیر بکاتەوە سەری دەجووڵاند.

“باشە، پێت باشە بچین تاوانبارەکە ببینین؟ دواتر دەتوانیت خۆت ڕووبەڕوو هەرچیت ویست پێی بڵێیت.”

میزوکی بە دوای خاتوو ساکاکی کەوت. لە نووسینگەکە چوونە دەرەوە، تا کۆتاییی داڵانەکە ڕۆیشتن و سواری باڵاڕۆکە[15] بوون. ڕاڕەوی چۆڵی ژێرزەمینەکەیان هێند بڕی، تا گەیشتنە دەرگایەک.

لە ژوورەکەدا، پیاوێکی باریکەڵەی درێژی پەنجاساڵان لەگەڵ گەنجێکی کەتەی[16] دەوروبەری بیست و کسوور ساڵ، لەوێ وەستابوون. هەردووکیان جلوبەرگی ڕەنگخاکیی کاڵی دەوامیان لەبەردا بوو. پیاوە بەتەمەنەکە تابلۆیەک لەسەر سینگی هەڵواسرابوو کە لێی نووسرابوو «ساکاکی» و لە تابلۆی گەنجەکەشدا نووسرابوو «ساکورادا». ساکورادا دارێکی ڕەشی لە دەستیدا بوو.

کاکی ساکاکی پرسی: “دەبێت ئێوە خاتوو ئاندو بن؟ من یوشیوو ساکاکیم، هاوسەری تتسوکی. ئەوەش کاک ساکورادای هاوکارمە.”

میزوکی گوتی: “خۆشحاڵم بە ناسینتان!”

خاتوو ساکاکی لە پیاوەکەی پرسی: “خۆ دەردەسەریی بۆ دروست نەکردوون؟”

کاکی ساکاکی وەڵامی دایەوە: “نەخێر، پێم وابێت بە مەرجەکانمان ڕازی بووە. ساکورادا تەواوی بەیانی ئاگای لێی بووە. بە ڕوواڵەت زۆر بەئەدەب ڕەوتار دەکات. زۆر باشە با خەریکی ئیشی خۆمان بین.”

ساکورادا کەمێک ناهومێدانە* گوتی: “تا ئێستا بێدەنگە، پێم خۆش بوو هەندێک ئاژاوەگێڕی بکات تا وانەیەکی باشی پێ بدەم، حەیف وای نەکرد.”

کاکی ساکاکی گوتی: “ساکورادا ڕاهێنەری تیپی کاراتێی زانکۆی میجییە. یەکێکە لە باشترین کەسەکانمان.”

میزوکی پرسی: “ئەو کەسەی هاتە نێو ماڵەکەمان و تابلۆکانی دزی کێ بوو؟”

کاکی ساکاکی گوتی: “باشترە بڕۆین، تا خۆت بیبینیت.”

لە بەشی پشتەوەی ژوورەکەدا دەرگایەکی تری لێ بوو. ساکورادا ئەو دەرگەیەی کردەوە، گڵۆپی هەڵکرد. چاوێکی خێرای بە ژوورەکەدا گێڕا و ڕووی تێ کردن و گوتی:  “پێناچێ کێشەیەک هەبێت، فەرموون.”

سەرەتا کاکی ساکاکی، دواتر هاوسەرەکەی و کۆتا کەسیش میزوکی چوونە ئەو ژوورەی لە کۆگا دەچوو. لە ژوورەوە ئەسکەمیلێک* دانرابوو، مەیموونێک لەسەری دانیشتبوو، گەورەتر لە مەیموونێک و گچکەتر لە مرۆڤێکی پێگەیشتوو بوو. بە نزیکەیی کەمێک لە منداڵێکی سەرەتایی گەورەتر بوو. مووەکانی کەمێک درێژتر بوون لە مەیموونی ئاسایی، ڕەنگی خۆڵەمێشی بوو. زەحمەت بوو تەمەنی بزانرێت، بەڵام دیار بوو زۆر گەنج نییە. دەست و پێی مەیموونەکە بەهێز بە کورسییە دارینەکەوە بەسترابوونەوە. کلکی لەسەر زەوییەکەدا ڕاخرابوو. کاتێک میزوکی هاتە ژوورەوە، مەیموون تەماشایەکی کرد و سەری لەبەر خۆی نا.

میزوکی بە سەرسووڕمانەوە پرسی: “مەیموونێک؟”

خاتوو ساکاکی وەڵامی دایەوە: “بەڵێ. مەیموون بوو تابلۆکانی لە ماڵەکەت دزی، ڕێک لەو کاتەدا تۆ دەستت کرد بە لەبیرکردنی ناوی خۆت.”

میزوکی بیری هاتەوە کە یوکۆ گوتبووی: “نامەوێت مەیموونێک ئەوەم لێ ببات و بڕوات.” مووچرکێک بە بڕبڕەی پشتی میزوکیدا هات.

میزوکی بە سەرسووڕمانەوە پرسی: “ئەی ئێوە چۆن…”

خاتوو ساکاکی گوتی: “چۆن من لەو بابەتە تێگەیشتم، هەروەکوو پێم گوتی من پیشەگەرم و بڕوانامەی ئیش و ئەزموونێکی زۆریشم هەیە. هەرگیز بە ڕووکاری مرۆڤەکان هەڵیانمەسەنگێنە. قەت پێت وانەبێت توانای ڕاوێژکارێک کە بە پارەیەکی کەم لە دەزگایەکی حکوومی کار دەکات، لەوە کەمترە کە لە نووسینگەیەکی زۆر گەورە کار دەکات.”

میزوکی گوتی: “هەڵبەتە. تەنیا سەرم سووڕ ماوە و…”

خاتوو ساکاکی بە خەندەوە گوتی: “خەمێ مەخۆ گاڵتەم کرد، ڕاستییەکەی من هەندێک عەنتیکەم، ژبەرهەندێ من و زانکۆ و دەزگاکان ناتوانین پێکڤە هەڵکەین. هەر بۆیە پێم باشترە لە جێیەکی وەک ئێرە کاربکەم. هەروەکوو دیتیشت، من شێوازی تایبەت بە خۆمم هەیە.”

کاکی ساکاکی زیادی کرد: “بەڵام بە تەواوی کاریگەرە.”

میزوکی پرسی: “کەواتە ئەم مەیموونە کە تابلۆکانی دزیوە!”

“بەڵێ ئەو هاتە ماڵەکەتان و تابلۆکانی لە دۆڵابەکەدا دزی. نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا بوو، پێم وایە هەمان کات بیرچوونەوەکەت دەستی پێ کرد؟”

“بەڵێ ئەوکاتانە بوو.”

“مەیموون گوتی: “خەجاڵەتم!” دەنگی ئارام، بەڵام چالاک بوو. هاوسەنگی لە تۆنیدا بوو.

میزوکی بە سەرسووڕمانەوە زیڕاندی: ‘قسەش دەکا!”

مەیموون کە دۆخی ڕوخساری هیچ نەگۆڕابوو، وەڵامی دایەوە: “بەڵێ من دەتوانم قسان بکەم. شتێکی تریش هەیە پێویستە لەسەری داوای لێبوردنتان لێ بکەم؛ کاتێک هاتمە ماڵەکەتان، نەمدەویست جگە لە تابلۆکان هیچ شتێکی دی ببەم، بەڵام زۆر برسیم بوو، هەردوو مۆزەکەی سەر مێزەکەم برد، زۆر خۆش دیار بوون، نەدەکرا جێیان بێڵم.”

ساکورادا لەکاتێکدا بە دارەکەی بە ناولەپی خۆیدا دەکێشا، گوتی: “هەی حەیوانی[17] بێچاووڕوو. کێ دەتوانێت کردەوەی تر ئاشکرا بکات کە کردووتە. دەمانەوێ لێکۆڵینەوەی زیاترت لەگەڵ بکەین تا لەوە تێبگەین.”

کاکی ساکاکی گوتی: “بە قوڕسی وەری مەگرە، خۆی ویستی بابەتی مۆزەکەمان پێ بڵێت، پێناچێت دڕندە بێت. تا کاتێک بە تەواوی لە بابەتەکە تێنەگەین پێویست ناکات ئاوا توند بین لەگەڵی. ئەگەر بزانن لەگەڵ ئاژەڵێک خراو ڕەفتارمان کردووە تووشی دەردەسەرییەکی گەورەمان دەکەن.”

میزوکی لە مەیموونەکەی پرسی: “بۆچی تابلۆکانت برد؟”

مەیموون وەڵامی دایەوە: “ئەوە ئیشی خۆمە، من مەیموونێکم کە ناوی مرۆڤەکان دەدزم، ئەوە وەک نەخۆشییەکی کوشندەیە بۆم. کاتێک چاوم بە ناوێک دەکەوێت، ناتوانم جڵەوی خۆم بگرم، هەڵبەتە هەموو ناوێک نا، هەر کاتێک چاوم لە دووی ناوێک بێت دەبێت بە هەر نرخێک بووە بە دەستی بێنم. خۆیشم دەزانم ئەوە کارێکی ڕاست نییە، بەڵام بە دەست خۆم نییە.”

“تۆ دەتویست بێیتە بەشەناوخۆیییەکەی ئێمە و تابلۆکەی یوکۆ بدزیت؟”

“بەڵێ، من عاشقی جوانکیلە ماتسوناکا بووبووم، هەرگیز لە ژیانمدا کەسێک هێندە سەرنجمی ڕانەکێشابوو، بەڵام کە نەمتوانی شتێک بکەم بە دەستی بێنم، بڕیارم دا بە هەر نرخێک بووە ناوەکەی بە دەست بێنم. ئەگەر تەنیا ناوەکەشیم دەست کەوتبایە ڕازی بووم، بەڵانەکینێ پێش ئەوەی نەخشەکەم جێبەجێ بکەم، کیژۆڵە ماتسوناکا دونیای جێ هێشت.”

“ئەدی تۆ دەستت لە خۆکوژییەکەی ئەودا نەبووە؟”

مەیموونەکە بە ناڕەحەتی سەری ڕاوەشاند و گوتی: “نەخێر، نەمبووە، ئەو ڕووداوە هیچ دەستی منی تێدا نییە، تاریکییەک ناخی ئەوی پڕ کردبوو.”

“ئەی چۆنچۆنی دوای ئەو هەموو ساڵە زانیت تابلۆکەی لای منە؟”

“زۆری ویست تا توانیم لەوە تێبگەم. کاتێک ماتسوناکا مرد، ویستم ناوەکەی لەسەر لەوحەکە بدزم، بەڵام لەوێ نەبوو، هیچ کەسێکیش نەیدەزانی تابلۆی ناوەکەی لە کوێیە. بۆ دۆزینەوەی شوێنەوارێک هەوڵی زۆرم دا و بەدبەختیی زۆرم کێشا، بەڵام نەمتوانی پەیدای بکەم. لەبەر ئەوەی تۆ و ماتسوناکا زۆر لێکەوە نزیک نەبوون، هەر بە خەیاڵیشمدا نەدەهات تابلۆکەی لای تۆ جێ هێشتبێت.”

میزوکی گوتی: “ڕاست دەکەیت!”

“بەهاری پار بوو بیرۆکەیەک لە مێشکمدا بڵاچەی کرد، کە لەوانەیە، تەنیا لەوانەیە، ئەو تابلۆکەی دابێتە ئێوە. کاتێکی زۆری ویست تا توانیم شوێنەوارتان بدۆزمەوە، بزانم هاوسەرگیریتان کردووە و ناوی نوێتان میزوکی ئاندوە، لە باڵەخانەیەک لە شینگاوا دەژین. خۆشتان دەزانن، مەیموونبوون ئەو کارە زۆر هێواش دەکاتەوە. بە هەر شێوەیەک بووە توانیم ئەوانە بدزم.”

“ئەدی بۆ تابلۆکەی منت برد؟ بۆچی تەنیا ئەوەی یوکۆت نەبرد؟ من لەبەر ئەو ئیشەی تۆ تووشی دەردەسەریی زۆر بوومەوە.”

مەیموونەکە بە شەرمەزارییەوە سەری لەقاند و گوتی: “زۆر زۆر داوای لێبوردن دەکەم. کاتێک چاوم لە سەر ناوێک بێت هەر دەبێ بیدزم. ئەوە شەرمەزارکەرە، بەڵام ناوی ئێوە بەڕاستی دڵی بچکۆڵەی منی بزواند. هەروەکوو گوتم ئەوە نەخۆشییەکە، جۆرێک وەسوەسەیە کە ناتوانم بەسەریدا زاڵ بم. خۆیشم باش دەزانم کارێکی دروست نییە، بەڵام هیچم لە دەست نایەت. لە ناخی دڵمەوە لە هەموو ئەو کێشانەی بۆ ئێوەم دروست کردووە داوای لێبوردن دەکەم.”

خاتوو ساکاکی گوتی: “ئەو مەیموونە لە زێرابەکانی شینگاوا خۆی شاردبووەوە، بۆیە داوام لە مێردەکەم کرد داوای یارمەتی لە هاوکارە گەنجەکەی بکات، تا بیگرن.”

کاکی ساکاکی گوتی: “ساکورادا زەحمەتییەکەی کێشا.”

ساکورادا بە خۆنازینەوە گوتی: “کارمەندی حکوومەت دەبێت ئامادە بێت تاکو ئەگەر حەیوانی وەک ئەمە لە زێرابەکان خۆی شاردەوە دەست بە کارەکەی بکات. ئەو حەشارگەیەکی لە تاکاناوا هەیە وەک بنکەی چالاکییەکانی لە تۆکیۆ بە کاری دێنێت.”

مەیموونەکە گوتی: “لە شاردا جێیەک بۆ ژیانی ئێمە نییە، دارستانەکان گەلێک کەمن و بە ڕۆژ جێیەک بۆ خۆشاردنەوە نییە. ئەگەر لەسەر زەوییش بڕۆین، خەڵک هێرشمان دەکەنە سەر و دەیانەوێت دەستگیرمان بکەن. منداڵەوردکە بە دوامان دەکەون، لەبەر ئەوە ناچارین لە ژێرزەمینەکان خۆمان وەشێرین.”

میزوکی لە خاتوو ساکاکیی پرسی: “ئەی ئێوە چۆن توانیتان لەوە تێبگەن مەیموونەکە لە زێرابەکان خۆی شاردووەتەوە؟”

“دوو مانگ پێشتر کە پێکەوە قسەمان کرد، لەگەڵ بابەتەکەدا ڕۆیشتم، زۆر شت وردە وردە بۆم ڕۆشن دەبوونەوە. لەوە گەیشتم دەبێت شتێک هەبێت ناوەکەتی دزیبێت. هەر چییەک بووایە دەبوو لە ژێرزەوی بژیایە. جێگەلێکی کەم هەبوون ئەو دەیتوانی لێیان بژی. یان دەبوو لە زێرابەکان بێت یان تونێلەکانی میتڕۆ. ژبەر هەندێ بە مێردەکەمم گوت گیانەوەرێک هەیە لە زێرابەکان بژی و داوام لێ کرد ئەوێم بۆ بگەڕێت. ئەویش ئەو مەیموونەی دۆزییەوە.”

میزوکی ماوەیەک نەیتوانی قسان بکات، دواتر پرسی: “بەڵام چۆن بە گوێگرتن لە قسەکانی من ئەوەتان بۆ دەرکەوت؟”

کاکی ساکاکی کە زۆر ڕژد دەردەکەوت، گوتی: “لەوانەیە بۆ من کە مێردی ئەوم، باش نەبێت ئەو قسەیە بکەم، بەڵام هاوسەرەکەم مرۆڤێکی زۆر تایبەتە و توانای نائاساییی هەیە. لە ماوەی بیستودوو ساڵی هاوسەرگیریمان زۆر شتی سەیرم لێی دیوە. لەبەر ئەوە ئەوەندە هەوڵێکی زۆرم دا تا ئەم نووسینگەیەی ڕاوێژکاری لێرەدا بۆ بکەمەوە، بەم جۆرە دەتوانێت سوود بە هەموو خەڵکی شینگاوا بگەیەنێت.”

میزوکی پرسی: “دەتانەوێت چی لە مەیموونەکە بکەن؟”

ساکورادا یەکسەر گوتی: “نابێت لێگەڕێین زیندوو بێت. گرنگ نییە خۆی چی دەڵێت، کاتێک ئەو جانەوەرانە خووی ئاوایان تێدا دروست دەبێت ئیتر ناتوانن دەستەبەرداری بن. زۆری پێ ناچێت دەگەڕێنەوە سەر خووە کۆنەکەیان، قوونەک فێر بوو بە تڕین تەرکی ناکا بە بەڕین[18]، دڵنیابن لەوە.”

کاکی ساکاکی گوتی: “بوەستە، گرنگ نییە ئێمە چ بەڵگەیەکمان بۆ کوشتنی ئەو هەیە، ئەگەر کۆمەڵەکانی مافی ئاژەڵان بەوە بزانن ئێمە مەیموونێکمان کوشتووە، شکاتمان لێ دەکەن، ئەو وەختەش دەبێت دونیایەک پارە ببژێرین. بیرتە کاتێک قەلەڕەشەکەمان کوشت، چ هەرایەکیان نایەوە؟ نامەوێت شتێکی وا ڕوو بداتەوە.”

مەیموون لەکاتێکدا سەری بۆ دادەنواند، گوتی: “داواتان لێ دەکەم نەمکوژن. دەستم دامانتان من کردم و ئێوە نەیکەن[19]، ڕاستە من کێشەی زۆرم ناوەتەوە، دانی پێدا دەنێم کارەکەم دروست نەبوو، بەڵام هەندێک ئەنجامی باشیشی هەبووە.”

کاکی ساکاکی بە توندی پرسی: “وەڵام بدەوە! دزینی ناوی مرۆڤەکان دەبێت چ ئەنجامێکی باشی هەبێت؟”

“من ناوی مرۆڤەکان دەدزم، قسەی تێدا نییە و ڕاستە، بەڵام بەو کارەم خراپییەکانیشی لەگەڵ ناوەکەیدا دەبەم. نامەوێ بە خۆمدا هەڵبڵێم، بەڵام ئەگەر ئەوکات دەمتوانی تابلۆی ناوی ماتسوناکا بدزم، لەوانەیە ئێستا زیندوو بووایە.”

میزوکی پرسی: “چۆن ئاوا دڵنیای؟”

مەیموون گوتی: “دەمتوانی لەگەڵ ناوەکەیدا هەندێک لە تاریکییەکانی ناخیشی لەگەڵ خۆمدا ببەم.”

ساکورادا گوتی: “من باوەڕ بەو چەڵتەچەڵتانە ناکەم، ئەو دەزانێت گیانی لە مەترسیدایە بۆیە دەیەوێت لێکدانەوەی ئاوا بۆ کارەکەی بکات.”

خاتوو ساکاکی لەکاتێکدا دەستەکانی لێک گرێ دابوو، گوتی: “لەوانەیە ئاواش نەبێت، دەکرێ باشییشی هەبێت. دواتر ڕووی لە مەیموونەکە کرد و گوتی: کاتێک ناوەکان دەدزیت باشی و خراپییەکانیش پێکەوە دەبەیت؟”

مەیموون گوتی: “بەڵێ وا دەکەم، من چارەیەکی ترم نییە، هەموو شتێک وەک ئەوەی هەن لەگەڵ خۆمدا دەبەمە شوێنێک.”

میزوکی لە مەیموونەکەی پرسی: “باشە، چ شتانێکی خراپ لەگەڵ ناوەکەی مندایە؟”

مەیموونەکە گوتی: “پێم باشترە هیچ شتێک لەو بارەیەوە نەڵێم.”

میزوکی پێداگریی کرد و گوتی: “تکایە بیڵێ!” دواتر ساتێک وچانی دا و گوتی: “ئەگەر وەڵامی پرسیارەکەم بدەیتەوە، لێت دەبوورم و لە هەموو ئەوانەی لێرەن داوا دەکەم بتبەخشن.”

“بەڕاستیتە؟”

میزوکی لە کاکی ساکاکیی پرسی: “ئەگەر ئەو مەیموونە ڕاستییەکەم پێ بڵیت، ئێوە دەیبەخشن؟ ئەو گیاندارێکی خراپ نییە. لەو ماوەیەدا زۆر ئازاری کێشاوە، لێگەڕێن بزانم دەیەوێت چیم پێ بڵێت. دوای ئەوە دەیبەین لە شاخی تاکۆ یان شوێنێکی ئاوایی بەڕەڵای دەکەین، پێم وانییە ئیتر کێشە بۆ کەسێکی دی دروست بکات، ئێوە چی دەڵێن؟”

کاکی ساکاکی گوتی: “ئەگەر ئێوە ئەوەتان دەوێ، من کێشەیەکم نییە.”

دواتر ڕووی لە مەیموونەکە کرد و گوتی: “ها چ دەڵێی، سوێند دەخۆیت ئەگەر لە چیاکان بەڕەڵات بکەین ئیدی گۆڕت گوم دەکەیت و نایەوە تۆکیۆ؟”

مەیموونەکە بە دڵتەنگی بەڵێنی دا: “بەڵێ قوربان، قەسەم دەخۆم، ئیتر کێشە بۆ هیچ کەسێک دروست ناکەم، ئیدی هێندەش گەنج نیم، هەوڵ دەدەم لەمەودوا ژیانێکی نوێ دەست پێ بکەم.”

ساکورادا گوتی: “بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە دەتوانین نێوشانەکانی داغ بکەین و نیشانی بکەین، تا ئەمجارە بیناسینەوە. پێم وایە ئەو چرایەی بۆ مۆری قەزاکە سوودی لێ دەبینین، لەو دەوروبەرە بێت.”

مەیموونەکە پاڕایەوە: “تخوا قوربان گیان ئەوەم لەگەڵدا مەکەن. ئەگەر داغم بکەن ئیدی مەیموونەکانی تر ناهێڵن تێکەڵیان بم، هەرچیتان دەوێت پێتان دەڵێم، بەس داغم مەکەن.”

کاکی ساکاکی گوتی: “باشترە هەندێک نیانتر بین، واز لە داغکردن بێنین. ئەگەر مۆرەکەی قەزاکە بە کار بهێنین بۆ بەستنی بەڵێنەکەی نێوانمان باشترە.”

ساکورادا بە نائومێدی گوتی: “حەقی ئێوەیە.”

میزوکی لە چاوە بچووک و سوورەکەی مەیموونەکە ڕاما و گوتی: “باشە بۆچی ناڵێیت چ شتانێکی خراپ لەگەڵ ناوەکەی مندایە؟”

“ئەگەر بیڵێم لەوەیە بڕەنجێیت.’

“گوتم گرنگ نییە، بیڵێ.”

بۆ ساتێک مەیموونەکە کە لۆچێکی زۆر لە نێوچەوانیدا بوو، بیری لێ کردەوە و گوتی: “پێم باشە ئەوشتانە نەزانیت.”

“گوتم گرنگ نییە، بە ڕاستی دەمەوێت ڕاستییەکە بزانم.”

مەیموونەکە گوتی: “باشە، دەیڵێم. دایکتان ئێوەی خۆش ناوێت، هەرگیز خۆشی نەویستوویت، تەنانەت بۆ چرکەیەکیش، لەو کاتەوەی لە دایک بوویت، نازانم بۆ، بەڵام ئەوە ڕاستییەکەیە. خوشکە گەورەکەشت بە هەمان شێوە تۆی خۆشناوێت. دایکتان ئێوەی بۆ قوتابخانەی یوکوهاما نارد تا لە دەستتان ڕزگاری بێت. ئەو دەیویست چەندەی دەتوانێت تۆ دوورتر بنێرێت. باوکتان کەسێکی خراپ نییە، بەڵام لەو جۆرە مرۆڤانەش نییە کە بەتوانا بێت و بتوانێت بەرگریتان لێ بکات. ژبەر هەندێ کاتێک بچووک بوون، هیچ وەختێک خۆشەویستیی تەواوتان نەدیتووە. پێم وایە خۆتان لەوە ئاگادارن، بەڵام بە ئەنقەست چاوتان لە ئاستی ئەو ڕاستییەدا بەست. ئێوە هەوڵتان دا هەموو هەستە نەرێنییەکانتان سەرکوت بکەن. ئەو بابەتە بووەتە بەشێک لە بوونتان. لەبەر هەندێ هەرگیز نەتانتوانیوە کەسێکتان لە ناخی دڵەوە خۆشبوێت.”

میزوکی بێدەنگ بوو.

“ژیانی خانەوادەی ئێوە خۆش و بێکێشە دیارە، لەوانەیە بەو جۆرەش بێت، بەڵام ئێوە لە ناخی دڵتانەوە هاوسەرەکەتان خۆشناوێت، ڕاستی ناڵێم؟ تەنانەت ئەگەر منداڵیشتان ببێت، بابەتەکە ئەوەندە ناگۆڕێت.”

میزوکی نوتقی لێوە نەهات. سەری دانەواند و چاوانی داخست. هەستی دەکرد جەستەی لە دۆخی شیبوونەوەدایە. پێست و ئەندامەکانی و ئێسکیشی لە دۆخی وردوخاشبووندا بوون. تەنیا شتێک دەیژنەفت* دەنگی هەناسەهەڵکێشانی خۆی بوو.

ساکورادا لەکاتێکدا سەری ڕادەوەشاند، گوتی: “کارەساتە مەیموونێک بوێریی هەبێت ئەو قسانە بکات. سەرۆک ئیدی من ناتوانم بەرگە بگرم. ڕێگەم بدەن بە سزای کارەکەی بگەیەنم.”

میزوکی گوتی: “هێدی بن. ئەوەی مەیموونەکە گوتی ڕاستە. ماوەیەکی زۆرە ئەوانە دەزانم. بەڵام هەمیشە چاوم لە ئاستیان داخستووە. ئەو ڕاستی گوت. تکا دەکەم بیبەخشن. بیبەنە شاخەکان و بەڕەڵای بکەن.”

خاتوو ساکاکی دەستی لەسەر شانی میزوکی دانا و گوتی: “دڵنیایت ئەوەت دەوێت؟”

“ئیتر ناوەکەی خۆم وەرگرتووەتەوە، گرنگ نییە، ئیدی دەمەوێت لەگەڵ هەموو ئەو شتانە بژیم. ئەوە ناوی منە، ژیانی منە.”

خاتوو ساکاکی ڕووی لە هاوژینەکەی کرد و گوتی: “ئازیزەکەم! وا باشترە پشووی کۆتاییی هەفتە مەیموونەکە ببەیتە کێوی تاکۆ و بەڕەڵای بکەیت. پێت چۆنە؟”

کاکی ساکاکی گوتی: “بە ڕای من کێشەی نییە، دەتوانین خۆڕەوە[20] تازەکەشمان تاقی بکەینەوە.”

مەیموون گوتی: “نازانم چۆن سوپاستان بکەم.”

کاکی ساکاکی گوتی: “خۆ لە ئۆتۆمبێلدا تێک ناچیت؟”

مەیموون گوتی: “بەڵێن دەدەم کوشنی ماشێنە نوێکەتان پیس نەکەم. بە درێژاییی ڕێگاکە ئاگام لە ڕەوتارەکانم دەبێت. بێزاریشتان ناکەم.”

کاتێک میزوکی خواحافیزیی لە مەیموونەکە دەکرد، تابلۆی ناوی یوکۆ ماتسوناکای پێ دا و گوتی: “ئەوە با لای تۆ بێت. لای خۆت بیپارێزە و ئیتر ناوی کەسی تر مەدزە.”

مەیموون لەکاتێکدا زۆر ڕژد دەردەکەوت، گوتی: “وەک چاوم دەیپارێزم. ئیدی هەرگیز دزییش ناکەمەوە، بەڵێن دەدەم.”

“دەزانیت بۆچی یوکۆ پێش مردنی ئەو تابلۆیەی لە لای من جێ هێشت؟ بۆچی منی هەڵبژارد؟”

مەیموون گوتی: “نازانم بۆ، بەڵام ئەگەر ئەو کارەی نەکردبووایە، من و تۆ نەماندەتوانی یەکتری ببینین، پێم وایە یاریی چارەنووس بووە.”

میزوکی گوتی: “ڕاست دەکەیت حەقی تۆیە.”

“ئەو شتەی گوتم ئێوەی ڕەنجاند؟”

میزوکی گوتی: “بەڵێ، زۆر ناڕەحەتی کردم.”

“خەجاڵەتم! نەمدەویست ئەو شتانەتان پێ بڵێم.”

“پێویست ناکات، خۆم بە جۆرێک ئەو شتانەم دەزانی، لە کۆتاییدا دەبوو ڕۆژێک ڕووبەڕووی ڕاستییەکان ببوومایەوە.”

مەیموونەکە گوتی: “خەیاڵم ئاسوودە بوو.”

میزوکی گوتی: “خوات لەگەڵ، پێم وانییە ئیتر بتوانین یەکتری ببینین.”

مەیموون گوتی: “ئاگاتان لە خۆتان بێت، زۆر سوپاس کە ڕۆحی خراپی منت ڕزگار کرد.”

ساکورادا لەکاتێکدا دارەکەی لە ناولەپی دەستی دەدا، گوتی: “باشترە ئیدی لەو دەوروبەرە نەتبینین. ئەمجارە دەتبوورم، لەبەر ئەوەی سەرۆکم وای دەوێت، بەڵام ئەگەر یەک جاری دی لێرە بتبینم، بە ئاسانی ڕزگارت نابێت.”

مەیموونەکە لەوە گەیشت ئەوە تەنیا هەڕەشەیەکی بێبنەما نییە.

دوای ئەوەی میزوکی و خاتوو ساکاکی گەڕانەوە نووسینگەی ڕاوێژکارییەکە، خاتوو ساکاکی پرسی: “باشە! بۆ هەفتەی ئایندە چی بکەین؟ هیچ شتێکی تر هەیە بتەوێت لەبارەیەوە لەگەڵمدا بدوێیت؟”

میزوکی سەری ڕاوەشاند و گوتی: “نەخێر، مەمنوونم، پێم وایە کێشەکەم چارە بووە، بۆ هەموو ئەو کارانەی بۆ منتان کردووە سوپاستان دەکەم.”

“ناتەوێت لەبارەی ئەو شتانەوەی کە مەیموونەکە پێی گوتیت پێکەوە قسان بکەین؟”

“نەخێر، پێویستە خۆم لەگەڵ ئەو شتانە ڕابێم. پێویستە بۆ ماوەیەک خۆم بیریان لێ بکەمەوە.”

خاتوو ساکاکی گوتی: “دڵنیام ئەو کارە توانایەکی زیاترت پێ دەبەخشێت.”

میزوکی پرسی: “ئەگەر نەمتوانی، دەتوانم دیسان بێمەوە لاتان؟”

خاتوو ساکاکی بزەیەکی کرد و گوتی: “هەڵبەتە، دیسان دەتوانین پێکەوە خەریکی شتانێکی دی بین.” دەستی یەکتریان گوشی و ماڵئاوایییان لە یەکتری کرد.

کاتێک میزوکی گەیشتەوە ماڵێ، بازنگ و تابلۆی ناوەکەی لەنێو پاکەتێکی قاوەیی دانا، پاکەتەکەی خستە نێو جانتا مقەباکەی کە لەنێو دۆڵابەکەدا بوو. ئێستا کە ناوەکەی خۆی وەرگرتبووەوە، دەیتوانی ژیانێکی ئاساییی خۆی بژیت. لەوانە بوو ژیانێکی شیاوی هەبێت، یان دیسان شتەکانی لێ تێکوپێک بچێتەوە، بەڵام لانیکەم ناوەکەی خۆی لە کن بوو، ناوێک کە بە تاقی تەنیا هیی خۆی بوو.

…..

پەراوێز:

* A shingawa monkey

ئەو سەرچاوەیەی ئێمە لێیەوە وەرمانگێڕاوە:

میمون شینگاوا

– دیدن دختر  صد در صد دلخواه در صبح زیبای ماه آوریل/  ترجمە: محمود مرادی/ چاپ سوم

ئەم چیرۆکەی هاڕوکی هیی ماوەیەکی زۆر لەمەوپێشە، لەم ساڵانەی دوایی چیرۆکێکی تری نووسیوە لێرە ناو و لینکی چیرۆکەکە دادەنێم پێشنیازی وەرگێڕەکانی دی دەکەم وەریبگێڕن.

ناونیشانی چیرۆکەکە بە کوردی دەبێتە (دانپێدانانەکانی مەیموونێکی شینگاوا)

ئەمەش ناوە ئینگلیزییەکەی و لینکی چیرۆکەکەیە

Confessions of a Shingawa monkey

by Haruki Murakami

لینکی چیرۆکەکە بە ئینگلیزی:

https://www.newyorker.com/magazine/2020/06/08/confessions-of-a-shinagawa-monkey-haruki-murakami

[1] لە وەرگێڕانە فارسییەکەدا نووسراوە فروشندە واتە فرۆشیار، بەڵام لەبەرئەوەی لە ژینگەی ئێرەدا مرۆ دەچیتە لای بەرگدروو بۆ دەستکاری کردنی جلەکانی بۆیە گۆڕیومانە بە بەرگدروو.

[2] ئیدیۆمی (خۆ فلیمی هیندی نییە) لەناو ژینگەی ئێمەدا باوە بۆ شتێک زۆر گەورەکرابیتەوە و درۆی زۆری تێداکرابێت، وەرگێڕی فارسی تەنیا نووسیویەتی وەک فیلمەکان نییە، بەڵام ئێمە بەو ئیدیۆمەمان گۆڕی.

[3] چیڕەدرێژ: زۆربڵێ، چەنەدرێژ، درێژدادڕ، زۆربڵێ( فەرهەنگی ئاناهیتا)

[4] لە وەرگێڕانە فارسییەکەدا هاتووە(خیلی خوب  صحبت می کرد) ئێمە بە خۆشمەشڕەب وەرمانگێڕاوە.

[5] لێرەدا لەجێی فکر نمی کردند لێیان نەدەڕوانیمان بەکارهێناوە، چونکە پێمان وایە ڕوانین تەنیا بۆ تەماشاکردنێکی رووکەشی بەکارنایەت و پێوەندی بە بیرکردنەوە و تەماشاکردنیشەوە هەیە.

[6] زەلام: شتی گەورە(فەرهەنگی خاڵ)

[7] نووسەر (دووهەزار ینی) بەکارهێناوە کە دراوی یابانە، ئێمە لیرەدا بە دینار گۆڕیومانە.

[8] لە کتێبی تریشدا بینیومانە وەرگێڕە فارسەکان لە وەرگیڕانی پشووی کۆتاییی هەفتەدا وەرگێڕانی وشەیی دەکەن کە بەڕای ئێمە گونجاوترە یان لە پەراوێز روونکردنەوە بدەیت یان بیگۆڕین لەگەڵ ژینگەی خۆمان بیگونجێنین، وەرگێڕی فارسی نووسیویەتی (هر شب جمعە با قطار شیکانس می رفتم و یکشنبه بر می گشتم)  ئێمە لێرە کردوومانەتە شەوانی شەمە بە شەمەندەفەری شینکانس دەڕۆیشتین و پێنجشەممان دەگەڕاینەوە. لەبەرئەوەی لەزۆربەی قوتابخانە تایبەتیەکانی ئێرە هەینی و شەممان پشووە.

[9] لە وەرگێرانە فارسییەکە نووسراوە لەدەرگا درا دەرگای کردەوە و لە بەردەرگا وەستابوو، ئەوەندە وشەی دەرگا دووبارە کردووەتەوە بە بروای ئێمە ئەوەندە دووبارەکردنەوەی وشەیەک بەبێ هۆکارێکی شیاو چێژی ڕستەسازی دەکوژێت، بۆیە ڕستەی کۆتاییمان گۆڕیوە و نووسیومانە کاتێک دەرگای کردەوە لەبەردەمیدا وەستابوو، لەجێی ئەوەی بنووسین لەبەردەرگا وەستابوو.

[10] بەددڵ: حەسوود فەرهەنگی مەردۆخ، لێرەدا هێناومانەتەوە تا وشە زۆر دووبارەنەکەینەوە و دەرفەتێکیش بێت بتوانین ڕەخنەیەکی ئەو هاوواتایەی بەددڵ لە فەرهەنگی مەردۆخدا بکەین، وشەیەکی ترمان لە کوردیدا هەیە لەڕووی پێکهاتە و ماناوە زۆر لە بەددڵ نزیکە و ماناکەشی لەڕووی لۆژیکییەوە جیاوازە لە حەسوودی هەروەک لە فەرهەنگی خاڵیشا هاتووە(دڵپیسی: بریتییە لە گومان پەیاکردن دەربارەی یەکێک بەخراپی) دڵپیس زۆر نزیکە لە بەددڵ یان دڵخراپ.

[11] وەرگێڕە فارسەکە یکشنبەی نووسیوە ئێمە بەقەسد گۆڕیومانە بە شەممە تا لەگەڵ پشووی خوێندنگاکانی خۆمان ڕێکی بخەین.

[12] قڕوقەپ: بێدەنگی و قسەنەکردن(فەرهەنگی خاڵ): بیصدا(هەنبانە بۆرینە)

[13] هەرتک: هەردووکیان، هەردک: هردو(مەردۆخ، هەنبانەبۆرینە)

[14] تر: دی: دیکە

ئێمە هەموویان بەکار دێنین و هەمووشیان بەپێی فەرهەنگە ناسراوەکانی زمانی کوردی هەمان مانا دەدەن لەوانە(فەرهەنگی خاڵ، هەنبانەبۆرینە)، تەنیا پێویستە ئاگاداربین لەو هەڵەیەی لەگەڵ (تر)ی پاشگر بۆ پلەی بەراورد بەکاردێت، ئەمیان بە کۆتایی وشەکەوە دەنووسێندرێت، بەڵام ئەوەی بەمانای (دی، دیکە) دێت دەبێت لە وشەکەی پێش خۆی جیابکرێتەوە.

[15] باڵاڕۆ: مصعد(گۆفەند و زنار)

[16] شتی زلی قەبە(خاڵ)

[17] حەیوان: گیاندار، جانەوەر(مەردۆخ، هەنبانەبۆرینە) بۆچی وشەی حەیوان بەکارهینراوە؟ لەبەرئەوەی زیاتر لە زمانی ئاخاوتن هەی حەیوان وەک جنێو یان سووکایەتی بەکاردێت و خۆشگۆترە لەسەر زمان.

[18] پەندێکی کوردی گونجاوە بۆ ئەو شوێنە.

[19] من کردم ئێوە نەیکەن، لە وەرگیڕانە فارسییەکە لە ڕووی پیکهاتەی رستەوە ڕێک شتێکی ئاوایی ناڵێت، بەڵام ئێمە بەو ئیدیۆمە کوردییە گۆریومانە و گونجاندوومانە.

[20] خۆڕەو: ئۆتۆمۆبیل