دۆنایدۆن

(بە ماریا و ماریاکان پێشکەش)


له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ تاریكییه‌كی ئه‌نگوسته‌چاو باڵی به‌سه‌ر ژووره‌ سارده‌كه‌دا كێشاوه.‌ له‌نێو پێخه‌فه‌كه‌ له‌سه‌ر‌ گازه‌را‌ی پشت ڕاكشاوه‌ و لێفه‌ بۆره ئه‌ستووره‌كه‌یشی تا ژێر چه‌ناگه‌ی هێناوه‌، ده‌ستێكی له‌ژێر سه‌ریه‌وه‌ و ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌یشی تا سینه‌ی بردووه‌. هه‌ناسه‌سوار و دڵیشی خێرا لێ ده‌دات. ڕه‌شه‌با به‌هێزه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ش په‌نجه‌ره‌كه‌ ده‌له‌رزێنێت، به‌ گڤه‌ سامناكه‌كه‌ی گوێچكه‌كانی پڕ کردوون، هه‌راسان ده‌بێت و حه‌جمێنی نامێنێ. له‌ناو جێگه‌كه‌یه‌وه‌ تل ده‌دات و خه‌وی لێ تاڵ بووه‌. “ئاخر چۆن خه‌و بكه‌وێته‌ چاوانمه‌وه‌، خۆ ده‌زانم ئه‌مشه‌ویش وه‌ك دوێنێ شه‌و مۆته‌كه‌ئاسا خۆی به‌ ژوورەکەدا ده‌كات و ده‌ست ده‌نێته‌ ئه‌وكمه‌وه‌.” جه‌سته‌ی شه‌ڵاڵی ئاره‌قكردن ده‌بێت.

هێنده‌ نابات تارمایییه‌كه‌ به‌ ڕوخسارێكی شێواو و جووتباڵی سپییه‌وه وه‌ ده‌ر ده‌كه‌وێ. له‌گه‌ڵ بینینی تارمایییه‌كه‌دا به‌ ڕاده‌یه‌ك بێزاری دایده‌پۆشێ، یه‌كڕاست ڕوخساره‌ ئاوڵاوییه‌كه‌ی وه‌ك كلووه‌به‌فر، سپی هه‌ڵده‌گه‌ڕێت. لە ترساندا، هه‌ر زوو لێفه‌كه‌ به‌سه‌ر خۆیدا ده‌دات. تارمایییه‌كه هێواش هێواش لێی نێزیك ده‌بێته‌وه و خوێن له‌ قاچه‌ بێهێزه‌كانی ده‌تكێن؛ نێو ژووره‌كه هه‌ر له‌ گۆمێكی پڕخوێن ده‌كات. وه‌ك بڵێی بایه‌ك بێت و به‌ر لێفه‌كه‌ بكه‌وێت، لێفه‌كه‌ له‌سه‌ری ده‌خزێت، هه‌ردووك ده‌ستی توند له‌ لێفه‌كه‌ گیر كردووه، چونكه‌ ده‌زانێت، كه‌ هه‌مدیسان تارمایییه‌كه‌ خه‌وی لێ ده‌زڕێنێت. زات ناكات سه‌یری تارمایییه‌كه‌ بكات، له‌ حه‌ژمه‌تدا گاز له‌ لێفه‌كه‌ ده‌گرێت، له‌ دڵی خۆیدا ده‌ڵێت: “هه‌ر چۆنێك بووه‌ ناهێڵم سیمام ببینێت، بۆچی بیبینێت؟” هه‌رچه‌نده‌ هێشتا بوێریی ئه‌وه‌ی نییه سه‌ر له‌ژێر لێفه‌كه‌وه‌ ده‌ربهێنێت، به‌ڵام د‌ەرك به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ تارمایییه‌كه‌ له‌ ژووره‌كه‌دا ده‌جووڵێته‌وه. بۆ تاوێك دێته‌ ژوورسه‌ری، له‌ ته‌ك ڕه‌فه‌ی كتێبه‌كانی پاڵ دیواره‌كه ڕاده‌وه‌ستێت و ده‌ست بۆ كتێبه كۆنه‌ سه‌وزه‌ ئایینییه‌كان ده‌بات، په‌ڕه‌ زه‌رد و بۆره‌كانی هه‌ڵاودیو ده‌كات و له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێت: “هه‌ندێ جار، هه‌ندێ كات، ئه‌وه‌ی، كه‌ هه‌ته‌ نایبینی…” ئه‌و ڕۆژانه‌ی دێنه‌وه‌ یاد،‌ كه‌ هه‌ر كاتێك ئه‌م له‌ ژووره‌وه‌ بووایه‌، كچه‌ تاقانه‌كه‌ی وه‌ ژوور ده‌كه‌وت و له ‌به‌رده‌م ڕه‌فه‌ی كتێبه كۆنه‌ ئایینییه‌كانی پاڵ دیواره‌كه‌دا ده‌وه‌ستا، ده‌ستی بۆ یه‌كێك له‌ كتێبه‌كان ده‌برد و هه‌ر ئه‌و ده‌مه‌یش به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌ چاڵی لاجانگی ده‌نه‌خشانده‌ سه‌ر ڕوخساری. ئه‌و ساته‌یش باوكی بزه‌یه‌كی بۆ ده‌كرد و ڕیزه‌ ددانه‌ خواروخێچه‌كانی ده‌رده‌كه‌وتن. پاشان كیژه‌ خنجیلانه‌كه‌ی له‌ سووچێكی ژووره‌ بچووكه‌كه‌دا ڕۆدەنیشت و به‌ ده‌سماڵه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی، نیوه‌ی قژه‌ خورمایییه‌كه‌ی داده‌پۆشی و سه‌ری به‌سه‌ر كتێبه‌كه ‌داده‌گرت.

ماوه‌یه‌ك تێده‌په‌ڕێت و ئه‌م گوێی له هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕه‌ی كتێبه‌كانی نێو ده‌ستی تارمایییه‌كه‌ نابێت، هه‌ر بۆیه‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك ده‌كات. “سه‌یره‌ بۆچی هیچ خشپه‌یه‌كی نابیستم؟ بڵێی له‌نێو ژووره‌كه‌دا مابێت؟” هه‌ناسه‌ی توند ده‌بێت، پاشان لێفه‌كه‌ له‌سه‌ر ڕوخساری لاده‌دات‌، هه‌ر له‌ جێگه‌ی خۆیه‌وه چاوه سوورهه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی به‌ تاق و كه‌لێنی ژووره‌كه‌دا، كه‌ یه‌كپارچه‌ تاریكییه‌، دێنێ و ده‌بات. له‌گه‌ڵ لابردنی لێفه‌كه‌دا‌ قاچه‌ درێژه‌كانی وه ‌دیار ده‌كه‌ون، له‌و ساته‌دا هه‌ست به‌ لێخشاندنی ده‌ستێكی بچووك ده‌كات، هه‌ر له‌ ده‌ستی‌ ورد و باریكه‌له‌ی زارۆیه‌ك ده‌چن، كه‌ له‌ قاچه‌ درێژ و تووكاوییه‌كانی ده‌خشێنێت. سه‌رنج له‌ ده‌سته‌ بچووكه‌كه‌ ده‌دات، له‌ خوار قاچه‌كانییه‌وه‌ ساوایه‌ك به‌ گاگۆڵکێوە به‌دی ده‌كات، كه‌ ختووكه‌ی ژێرقاچه‌كانی ده‌دات. ئه‌میش واقی وڕ ماوه،‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ستیان لێ وه‌شاندبێت.

ساوایەكه‌ به‌رده‌وامه له‌ ختووكه‌دانی ژێرقاچوقوله‌كانی، ئه‌م به‌ ته‌واوی متەقی لێوە نایێت‌. هه‌راسان و وه‌ڕس ده‌سته‌ وشك و زبره‌كانی له‌ گه‌ردنی خۆی ده‌ئاڵێنێت. هه‌رچه‌ند ده‌كات بۆی نالوێت نه‌ لێوه‌كانی به‌ (م)ێك ببزوێنێته‌وه‌ و نه‌ بشخه‌نێته‌وه. چه‌نده‌ها وشه‌ له‌ ناخیدا په‌نگیان خواردووه‌ته‌وه. “ئاخر تازه‌ كه‌نینه‌وه‌ له‌پای چی؟ ئاهـ، ئه‌وه‌تا كیژه‌ كوژراوه‌كه‌م لێره‌یه‌، ئه‌مێستاكه‌ ئه‌سته‌مه وه‌ك كچه بچووكه‌كه‌ی ئه‌وسای لێ بێته‌وه و منیش به‌ باوكی ببمه‌وه.‌”

له‌و كاته‌دا ‌ڕه‌شه‌باكه‌ به‌هێزتر، ترسناكتر ده‌بێت و په‌نجه‌ره‌كه‌ ده‌شكێنێت، باوكه‌كه‌ وه‌ك باوه‌ش بۆگرتنه‌وه‌یه‌ك خۆی بۆ منداڵه‌كه‌ درێژ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و ده‌بێته‌ كۆترێك، باڵه‌كانی لێك ده‌كاته‌وه‌ و بۆی ده‌رده‌چێت.

باوكه‌كه‌ به‌ په‌شۆكاوی ڕووەو پەنجەرەکە هەنگاو دەنێت، هه‌ر ئه‌و ده‌مه‌ هه‌ردووك ده‌ستی به‌ر لێواری په‌نجه‌ره‌كه‌ ده‌كه‌وێت، خوێنی سه‌ر په‌نجه‌ی زبر و ناوله‌پی ده‌سته‌كانی تینووێتی ورده‌شووشه‌كان‌ ده‌شكێنێ. كه‌چی ئه‌‌م هه‌ست به‌ زام و خوێن ناكات. په‌شۆكاو لە پەنجەرە شکاوەکەوە سەرەتاتکێیەتی، ئێستێك له‌سه‌ر ورده‌شووشه‌كانی سه‌ر مۆکێتە نه‌خشداره‌كه ده‌كات، به‌ڵام هه‌ست به تێهه‌ڵچه‌قینی ورده‌شووشه‌كان، کە بنی پێیەکانی ختووکە دەدەن، ناکات. پاشان به‌نێو ژووره‌كه‌دا به‌ شه‌كه‌تی هه‌نگاو ده‌نێ، هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات و ئاوڕێكی تر ‌به‌ لای په‌نجه‌ره‌كه‌ ده‌داته‌وه‌، چاو ده‌بڕێته خواره‌وه.‌ ورده‌شووشه‌كان قاچه‌كانی وییان زامدار كردووه‌. ترس و خه‌مێكی قووڵ ناخی داده‌گرن، سه‌راسیمه‌ ده‌ست بۆ نێو پرچه‌ بۆز و لووله‌كه‌ی ده‌بات و ده‌ڵێت: “عه‌جیب و غه‌ریبه‌! باشه‌ بۆچی هیچ شووشه‌یه‌ك نه‌شكاوه، كه‌چی قاچه‌كانیشم زامدارن و شوێنپێكانیشم سوورن؟!” چاو ده‌گێڕێت به‌نێو ژووره‌کەدا، هێدی هێدی ڕووناک ده‌بێته‌وه‌. له‌ ناوه‌ڕاستی ژووره‌كه‌دا دۆش داده‌مێنێت، جارێكی تر دێته‌وه‌ لای په‌نجه‌ره‌كه. دونیا به‌ره‌و ڕووناكبوونه‌وه‌ ده‌چێت، خۆر له‌ ئاسۆوه‌ نیوه‌ی خۆی حه‌شارداوه‌. نیگاكانی باوكه‌كه‌ شوێن هه‌ڵفڕینی كۆتره‌كه‌ ده‌كه‌ون. كۆتره‌كه‌ به‌سه‌ر ئاسمانی شاردا ده‌سووڕێته‌وه‌ و له‌و به‌رزییه‌وه‌ ده‌نواڕێته‌ خواره‌وه‌، به‌سه‌ر بڵندگۆی (مزگه‌وتی شه‌هیدان)ه‌وه، ده‌نیشێته‌وه‌.

به‌رزبوونه‌وه‌ی خۆر له‌ ئاسماندا جووڵه‌ی وه‌ شار خستووه‌. ئه‌و ده‌نگه‌ له‌ پڕه‌ی له‌ بڵندگۆی مزگه‌وته‌كه به‌رز ده‌بێته‌وه‌ ‌بانگه‌واز بۆ ونبوونی كچێك ده‌كات، كۆتره‌كه‌ ڕاده‌چڵه‌كێنێت و هەڵفڕین بەرز دەیبات. بۆ تاوێك چاو له‌ خواره‌وه‌ی خۆی ده‌بڕێت، له‌و ساته‌دا پۆلێك كه‌نیشك و لاو به‌دی ده‌كات، كه‌ تێكڕا له‌ به‌رده‌م كتێبخانه‌ی گه‌وره‌ی شار وێستاون و خه‌ریكن به‌ره‌و ناوه‌وه‌ ده‌چن. ئه‌م به‌ره‌و لای كتێبخانه‌كه‌ ده‌فڕێت و له‌ كه‌ناری په‌نجه‌ره‌ كراوه‌كه‌ ده‌نیشێته‌وه.

كیژان و كوڕان ده‌بینێت،‌ كه‌ له‌سه‌ر كورسییه‌كانیان پشت له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌ به‌رانبه‌ر مامۆستا دانیشتوون. ئه‌ویش ڕوو لەوان په‌رتووكێكی قه‌به‌ی به‌ دەستەوە گرتووه‌، چاوه‌ درشته‌كانی له‌سه‌ری‌ ڕاگرتوون. جارجاره‌یش‌ سه‌ری په‌نجه‌ی دۆشاومژه‌ی ده‌گه‌یه‌نێته‌ چاویلكه‌ درێژكۆڵانه‌كه‌ی سه‌ر لووتی، كه‌ تا ئاستی چاوه‌ خه‌واڵووه‌كانیه‌تی، كه‌ هێشتا خوماری شه‌ون. سه‌ر به‌رز ده‌كاته‌وه‌، به‌ده‌م ئاخافتنه‌وه‌ دزه‌نیگا ده‌گرێته كچان، كه‌ چوونه‌ته‌ نێو وشه‌ باقوبریقه‌كانیه‌وه‌. ئه‌ویش په‌رتووكه‌كه‌ی ده‌ستی به‌ملاولادا ده‌جووڵێنێت، به‌ ده‌نگه‌ گڕه‌كه‌ی په‌یڤه‌كانیان بۆ شی ده‌كاته‌وه‌ و باس له‌ مێیینه‌ و كێشه‌كانیان دەکات. به‌ شێوه‌یه‌كی شاعیرانه‌یش وه‌سفی ژن و كچ ده‌كات. به‌ گڕوتینه‌وه‌ باسی كوشتنی ژنانیان بۆ ده‌كات و وانه‌ی مۆڕاڵیان داده‌دات. هه‌مووان بێده‌نگ و واقوڕماو چوونه‌ته‌ قووڵاییی قسه‌كانیه‌وه. ئه‌و به‌ده‌م قسه‌كردنه‌وه‌ سه‌ر‌نجی بۆ سه‌ر كۆتره‌كه‌ ده‌چێت و له‌ پڕ وه‌ك ئه‌وه‌ی زمانی به‌ مه‌ڵاشوویه‌وه‌ نووسابێت، له‌ قسه‌كردن ده‌كه‌وێت و هیچ وشه‌یه‌ك له‌ لێوه‌كانییه‌وه‌ ده‌رناچێت. هێنده‌ نابات كۆتره‌كه‌ ئه‌وێنده‌ر جێ ده‌هێڵێت، گه‌نجه‌كان ئاوڕ بۆ دواوه ده‌ده‌نه‌وە، به‌ڵام هیچ شتێك به‌دی ناكه‌ن. هه‌مووان سه‌یری یه‌كدی ده‌كه‌ن، سه‌رنجیان ده‌خه‌نه‌وه‌ سه‌ر مامۆستا، كه‌ بێده‌نگ هه‌ر چاوی له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌یه.

كۆتره‌كه‌ له‌ فڕین به‌سه‌ر ئاسمانی شاردا به‌رده‌وامه‌ و ڕوو له‌ باخچه‌ی ئازادی ده‌كات؛ له‌وێدا دوو عاشق، كه‌ به ‌ته‌ك یه‌كترینه‌وه‌ له‌ژێر دارێكی ڕووته‌ڵه‌دا ده‌ستله‌ملان دانیشتوون و به‌ قووڵی نیگایان تێك ئاڵاوه.‌ كوڕه‌كه‌ سووراوێكی سووری به‌ دیاری بۆ كچه‌كه‌ هێناوه. ئه‌م، كه‌ كچه‌كه‌ ده‌بینێت دڵنیا نییه‌ له‌ وه‌رگرتنی سووراوه‌كه‌. ئه‌و ڕۆژانه‌ی دێنه‌وه‌ یاد، هه‌ر كاتێ، لێوه‌كانی ئاڵ ده‌كرد. باوكی سه‌رزه‌نشتی ده‌كرد و سووراوه‌كه‌ی لێ فڕێ ده‌دا. ‌خه‌نینه‌وه‌ی منداڵانیش له‌ كاتی خلیسكێنه‌كردنیاندا و كه‌وتنه‌-نێو-چڵپاوی قۆڵته‌كانی به‌رده‌میان، خۆشنوود ده‌بن. 

هێندە نابات پێڕی ڕاوچییەکان دەردەکەون. ئەم ڕاوچییانە ڕۆژانە لەنێو پارک و باخچەکاندا، لەسەر شەقام و نێو ماڵەکاندا سێرەی تفه‌نگه‌كانیان لەسەر کۆتر و ڕیشۆڵه‌كانه‌.

ئەم، لەوەتەی بووەتە کۆتر سیماکانیان دەناسێتەوە، تەنانەت بەر لە دەرکەوتنیشیان، هەر بە نزیکبوونەوەیان بۆنیان دەکات. هەر دوێنێ بوو ڕاوچییەکی بینی ملی كۆترێكی به‌ زیندوویی هەڵکێشا. دەیانبینێت ڕاوچییەکان نیگایان لەسەر جووتێک كۆتره‌ و سێرەیان لێ دەگرن. لە حەژمەتاندا دەکەوێتە باڵەفڕە. سەرنجی ڕاوچییەکان ڕادەکێشێت بۆ لای خۆی. ڕاوچییەکیان بەدەم ڕاوکردنی باڵندەیه‌كی تره‌وه‌ ئاماژەیەک بۆ ئەوەی تەنیشتی دەکات: “شوانە، ئه‌و کۆترەیان بۆ تۆ.”

ئەم دەزانێت تازە بچێتە هەر بەرگێکەوە و بۆ هەر کوێیەکیش بچێت، شوانە قەدەری ئەمە و لێی نابێتەوە. ئەم هەر دەبێت بە دەستی شوانە بکوژرێت. گەڵا، لق و قەدی درەختەکان خوێنی باڵندەکانیان لێ دەچۆڕێتەوە. باخچەکە گمەی کۆتر و چریکەی باڵندەکانی لێ دەبڕێت. هەورێکی چڵکن ئاسمان دادەپۆشێت. قاقای ڕاوچییەکان وەک هەورەگرمە لەنێو پارکەکەدا دەنگ دەداتەوە.

٢٠٢٢