ژیان، گەڕان بە دوای گێڕانەوەدا

لە ئینگلیزییەوە: ڕێباز باوزی

     هەمیشە زانراوە و زۆر جار دووبارە دەبێتەوە کە ژیان شتێکە لە چەشنی گێڕانەوە، لێرەدا باسی چیرۆکی ژیانێک دەکەین وەک تایبەتمەندیی مەودای نێوان لەدایکبوون و مردن، لەگەڵ ئەوەشدا تێگەیشتنی چیرۆکی ژیان بەم ڕێگەیە هێندە ڕوون و سانا نییە، بۆیە شتێکی باو و ئاسایییە کە دەبێت سەرەتا ملکەچی گومانی ڕەخنەیی بین. ئەم گومانەش بەرهەمی هەموو ئەو مەعریفەیەیە، کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا سەبارەت بە گێڕانەوە بە دەست هاتووە، مەعریفەیەک کە وا دەردەکەوێت گێڕانەوە لە ڕەوتی ژیانی ئەزموونی دوور دەخاتەوە و تەنیا لە ناوچەی خەیاڵدا قەتیسی دەکات. بۆیە سەرەتا لە هەوڵێکدا بەناو ئەو گێڵگە ڕەخنەیییەدا ڕەت دەبین بۆ ئەوەی دووبارە بە جۆرێکی دیکە بیر لەو پەیوەندییە زۆر ڕاستەوخۆ و سادەیەی نێوان مێژوو و ژیان بکەینەوە، بە شێوەیەک ئەندێشە بەشدار بێت لە دروستکردنی ژیاندا. بۆیە دەمەوێت بۆ پەیوەندیی نێوان گێڕانەوە و ژیان، ڕاستینەکەی سۆکرات بە کار بێنم کە دەڵێت: «ژیانێک تاقی نەکرابێتەوە، شایانی ژین نییە». وەک خاڵی دەستپێک بۆ ئەوەی ئەو ناوچە ڕەخنەیییە تێپەڕێنم، سەرنجێکی شرۆڤەکارییانە دەخەمە ڕوو: «چیرۆکەکان دەگێڕدرێنەوە و ناژین، ژیان مانەوەیە و ناگێڕدرێتەوە» بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پەیوەندییەی نێوان ژیان و گێڕانەوە، سەرەتا لە کردەی گێڕانەوە خۆی دەکۆڵینەوە.

ئەو تیۆرییە گێڕانەوەیییەی ئێستا دەیخەینە ڕوو، لە یەک کاتدا زۆر تازەیە بەو پێیەی لە فۆڕمی گەشەسەندوودا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فۆڕمالیستە ڕووس و چیکییەکانی دەیەی بیست و سییەکان، بونیادگەرە فڕەنسییەکانی شێست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، لە هەمان کاتدا تیۆرییەکی تەواو کۆنیشە بەو پێیەی دەتوانین وێنایەکی پێشوەختەی لە “پۆیەتیکا – هونەری شیعر”ی ئەرستۆدا ببینین. ڕاستە ئەرستۆ تەنیا سێ ژانری ئەدەبیی ناسیوە و خستوونیەتە ڕوو، کە ئەوانیش «داستان، تراژیدیا و کۆمیدیا»ن، بەڵام شیکارییەکەی ئەوەندە گشتگیر و ڕوواڵەتی بووە کە مەودای بۆ گواستنەوەی مۆدێرنە جێ هێشتووە. لێرەوە من چەمکی ناوەندی “ئیمپلۆتمێنت – بونیادنان” دەپارێزم، کە بە زمانی یۆنانی «مووثۆس»ە هەم  ئەفسانە «بە مانای چیرۆکێکی خایاڵی» و هەمیش پڵۆت «بە مانای چیرۆکێکی باش بونیادنراو» دەگەیەنێت. هەر ئەم لایەنە دووهەمەی مووثۆسی ئەرستۆیە کە وەک ڕێبەرێک لێرەدا وەریدەگرم، لە دەرەوەی چەمکی پڵۆت کە هیواخوازم هەموو ئەو توخمانەی دەتوانن یارمەتیمان بدەن بۆ دووبارەداڕشتنەوەی پەیوەندیی نێوان ژیان و گێڕانەوە، بکێشم.

ئەوەی ئەرستۆ بە پڵۆت ناوی دەبات پێکهاتەیەکی ئێستاتیکی نییە، بەڵکوو کردەیەکە وەک پڕۆسەیەکی یەکگرتوو کە دواتر هەوڵ دەدەم ڕوونی بکەمەوە، تەنیا لە خوێنەر یان بینەردا تەواو دەبێت، مەبەست لە یەکخستنی پڕۆسەی پێکهاتەکەیە کە ناسنامەیەکی داینامیکی بە چیرۆکی گێڕدراوە دەبەخشێت؛ ئەوەی دەگێڕدرێتەوە چیرۆکێکی تایبەتە، یەکەیەکی تەواوە لە خۆیدا، هەر ئەم پڕۆسەی پێکهاتەیی و بونیادنانەیە کە لە بەشی یەکەمی پێشکەشکردنەکەمدا دەیخەمە بەر تاقیکردنەوە.


  بونیادنان   (١)

     من بە شێوەیەکی بەرفراوان کردەی بونیادنان وەک یەکخستنەوەی توخمە نایەکسانەکان و فرەچەشنەکان پێناسە دەکەم، دەبێت بپرسین یەکخستنەوە لە نێوان کامە توخمانەدا؟ سەرەتا یەکخستنەوە و پێکهێنانی هەموو ئەو ڕووداو و پێشهاتانە کە فرەن و چیرۆکەکە یەکگرتوو و تەواو دەکەن، لەم ڕوانگەیەوە پڵۆتەکە خزمەت بە دروستکردنی چیرۆکێک دەکات کە چەندین ڕووداون، یان بە جۆرێکی دیکە ڕووداوە زۆرەکان دەگۆڕێت بۆ یەک چیرۆک. لەم ڕووەوە ڕووداوێک زیاترە لەوەی تەنیا ڕووداوێک بێت، مەبەستمان زیاترە لە شتێک کە تەنیا ڕوودەدات؛ ئەوە ئەو شتەیە کە بەشدارە لە پێشخستنی گێڕانەوەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی. بە شێوەیەکی پەیوەندیدار چیرۆکی گێڕدراوە هەمیشە زیاترە لەوەی تەنیا ڕیزکردنێک بێت، بەڵکوو ڕێکخستنی زنجیرەیەک ڕووداوی یەک لە دوای یەکە لەناو کۆیەکی ئاشکراتردا. بەڵام پڵۆتەکە هەر چۆنێک بێت لە ڕوانگەی دووهەمیشەوە یەکخستنەکە دەکات؛ پێکهاتەکان پێکەوە ڕێک دەخات بە ئەندازەی بارودۆخە نەخوازراوەکان، دۆزینەوەکان، ئەوانەی کردارێک ئەنجام دەدەن و ئەوانەشی تووشی ئازار دەبن، بەریەککەوتنی بەڕێکەوت یان پلان بۆ داڕێژراو، کارلێکی نێوان کارەکتەرەکان لە ململانێ بەرامبەر هەماهەنگیی یەکتر، بەو مانایەی کە ئایا بە باشی یان خراپی لەگەڵ ئامانجەکاندا ڕێک دەخرێن، لە کۆتاییدا یەکخستنی هەموو ئەو ڕووداو و پێشهاتانە لە یەک چیرۆکدا پڵۆتەکە دەکاتە کۆیەک کە دەتوانرێت بڵێین لە یەک کاتدا هەم کۆکە و هەمیش ناکۆک. «هەر لەبەر ئەمەشە پێویستە قسە لە بارەی کۆکبوون و ناکۆکیی دژەکان  بکەم». ئێمە لە ڕێگەی کردەی شوێنکەوتنی چیرۆکێکەوە تێگەیشتنێک لەم پێکهاتەگەرایییە بە دەست دەهێنین؛ شوێنکەوتنی چیرۆکێک کردەیەکی یەکجار ئاڵۆزە، بە ڕێنماییی چاوەڕوانییەکانمان سەبارەت بە ئاکامی چیرۆکەکە دەست پێ دەکات، چاوەڕوانییەک لەگەڵ هەر جووڵەیەکی چیرۆکەکەدا خۆمان ڕێک دەخەینەوە، تاوەکو هاوکات دەبێت لەگەڵ دەرەنجامەکەدا.

ڕەنگە دووبارەگێڕانەوەی چیرۆکێک بە باشترین شێوە ئەم یەکخستەی پێکهاتەکان ئاشکرا بکات، تا ئەو ڕادەیەی کە ئێمە کەمتر سەرنجمان لەسەر لایەنە پێشبینینەکراوەکانی چیرۆکەکە دەبێت، بە ئەندازەی ئەوە و زیاتر گرنگی بەو شێوازە دەدەین کە دەمانگەیەنێتە ئاکام و کۆتاییی چیرۆکەکە. لە کۆتاییدا بونیادنان بە مانا قووڵ و فراوانەکەی بریتییە لە یەکخستنی نایەکسانەکان، کە دواتر بە کاری دێنین بۆ تایبەتمەندکردنی کاتی دیاریکراوی هەموو چیرۆکەکە. دەتوانین بڵێین هەموو چیرۆکێک کە دەگێڕدرێتەوە دوو جۆر “کات”ی تێدایە، یەکێکیان کراوە و پچڕپچڕە، لە ڕووی تیۆرییەوە نادیار و پێناسەنەکراوە، زنجیرەیەک ڕووداو کە هەمیشە بواری ئەوەت بۆ دەهێڵێتەوە پرسیار چێ بکەی لە بارەی کاتەکەیەوە، چونکە کاتەکەی نادیارە و زەمەنی ڕووداوەکان یەک لە دوای یەک نین لە ڕووی کاتبەندییەوە، لە لایەکی دیکەوە چیرۆکەکە لایەنێکی دیکەی کات دەخاتە ڕوو، کە هەمەکییە و لە ساتی یەکخستنی ڕووداوەکان دەگاتە لووتکە و بە داخستن و کۆتاییهاتنی  چیرۆکەکە لای خوێنەر شێوەبەندییەکی کاتی تایبەت وەردەگرێت. کەواتە چنینی چیرۆکێک لە ڕوانگەی کاتەوە، کێشانی شێوەبەندییەکی یەک لە دوای یەکە، بۆیە هەر لە سەرەتاوە دەتوانین گرنگیی ئەم شێوازە لە ڕێکخستنی چیرۆکەکە لە ڕوانگەی کاتبەندییەوە لە بەرچاو بگرین، بەو پێیەی بۆ ئێمە “خوێنەر” کات هەم ئەوەیە کە تێدەپەڕێت و لە جووڵەدایە، هەمیش ئەوەیە کە بەرگە دەگرێت و دەمێنێتەوە “دواتر دەگەڕێینەوە سەر ئەم خاڵە”. با بۆ ئەم ساتە خۆمان لە دەستنیشانکردن و تایبەتمەندکردنی چیرۆکێکی گێڕدراوە وەک کۆیەکی کاتی و کردەی شیعری و دروستکردنی نێوەندگیرییەک لە نێوان کات وەک تێپەڕبوون و کات وەک خایاندندا بهێڵینەوە. ڕەنگە ئەگەر باس لە ناسنامەی «کات»ی چیرۆکێک بکەین، ئەوا دەبێت ئەو شتە دەستنیشان بکرێت کە دەمێنێتەوە و ڕاگوزەر نییە لە بەرامبەر ئەو شتەی تێدەپەڕێت و لە جووڵەدایە. لەم شیکارییەدا چیرۆک وەک کۆکردنەوە و یەکخستنی نایەکسانەکان دەتوانین سێ ئەدگار دەستنیشان بکەین کە ئەمانەن:

١- ئەو نێوەندگیرییەیە کە پڵۆت لە نێوان ڕووداوە فرەچەشنەکان و چیرۆکێکی یەکگرتوودا ئەنجامی دەدات.

٢- سەرکەوتنی کۆدەنگییە بەسەر دژیەکیدا.

٣- لە کۆتاییشدا ململانێیە لە نێوان ڕێکخستن و پێکهاتەدا.

لێرەوە دەمەوێت دەرەنجامێكی ئیپستمۆلۆجی «ماریفەتناسی» بۆ تێزی بونیادنان وەک یەکخستن و کۆکردنەوەی فرەچەشنەکان بخەمە ڕوو، ئەم دەرەنجامەش پەیوەندیی بەو جۆرە تێگەشتنەوە هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ کردەی ڕێکخستن. ئەرستۆ هیچ دوودڵ نەبوو کە بڵێ: «هەموو چیرۆکێکی باشگێڕدراوە و بونیادنراو، شتێکمان فێر دەکات»، جگە لەوەش دەیگوت کە چیرۆک لایەنە گشتگیرەکانی بارودۆخی مرۆڤ ئاشکرا دەکات و لەم لایەنەشەوە شیعر فەلسەفیتر بووە لە مێژوو، کە ئەمیان زیاتر وابەستەی لایەنە حیکایەتییەکانی ژیانە. هەرچییەک لەسەر ئەم پەیوەندییەی نێوان شیعر و مێژوو بگوترێت، بێگومان هێشتا تراژیدیا، کۆمیدیا و داستان، ئەو ژانرانەن کە ئەرستۆ دەیانناسێت، جۆرێک تێگەیشتن پەرە پێ دەدەن کە  دەتوانرێت ناو بنرێت “تێگەیشتنی گێڕانەوە” و لە کرداردا زۆر نزیکترە لە ژیریی حوکمە ئەخلاقییەکان، تا بۆ زانست، یان بە شێوەیەکی گشتگیرتر بەکارهێنانی تیۆرییانەی عەقڵ. ئەمەش دەتوانرێت بە شێوەیەکی زۆر سادە نیشان بدرێت. ئەخلاق وەک ئەوەی ئەرستۆ بیری لێ کردۆتەوە و وەک ئەوەی ئەمڕۆش دەتوانرێت بیری لێ بکرێتەوە، بە شێوەیەکی ئەبستڕاکت باس لە پەیوەندیی نێوان فەزیلەت و گەڕان بە دوای بەختەوەریدا دەکات. ئەرکی شیعر لە فۆڕمی گێڕانەوە و دراماتیکیدا، خستنەڕووی نێوەندگیرییەکە لە نێوان ئەندێشە و کارەکتەرە هەمەجۆرەکان کە کۆمەڵێک بیری ئەزموونی پێک دێنن و بەهۆیانەوە فێر دەبین لایەنە ئەخلاقییەکانی ڕەفتاری مرۆڤ و شادی و ناشادی بەیەکەوە ببەستینەوە. لە ڕێگەی شیعرەوە فێر دەبین کە چۆن پێچەوانەبوونی چارەنووس لە ئەنجامی ئەم یان ئەو ڕەفتارەوە دێتە ئاراوە، چونکە ئەمە لەلایەن پڵۆتەوە لە گێڕانەوەکەدا پێکهاتووە. هۆکاری ئاشنابوونی ئێمەش بەم پڵۆتانە ئەوەیە کە لە خودی کولتوورەکەمانەوە سەرچاوەیان گرتووە، هەر ئەمەشە فێرمان دەکات کە فەزیلەتەکان، یان باشترە بڵێین فۆڕمەکانی نایابی، بە خۆشی و ناخۆشییەوە ببەستینەوە. ئەم وانانەی شیعر کە ئەرستۆ قسەیان لەبارەوە دەکات گشتگیرن، چونکە لە پلەیەکی نزمتردان لەچاو لۆژیک و بیری تیۆریدا. سەرەڕای ئەوەش دەبێت قسە لەبارەی تێگەیشتنەوە بکەین بەڵام بەو مانایەی ئەرستۆ بەخشیویەتی بە فرۆنێسیس «کە لاتینییەکان بە مانای دووربینی وەریانگێڕاوە، واتای فرۆنێسیس ئەو فەزیلەتە هزرییەیە کە یارمەتیی گۆڕینی غەریزە ئەخلاقییەکان دەدات بۆ ئەخلاقی کردەیی، بە دابینکردنی ئەو مەعریفەیەی پێویستە بۆ گۆڕینی فەزیلەت بۆ کردەیەکی سەرکەوتوو». بەم مانایە من ئامادەم باس لە تێگەیشتنی فرۆنێتیک «داناییی کردەیی» بکەم بۆ ئەوەی لەگەڵ تێگەشتنی تیۆریدا بەراوردی بکەم، بەم پێیەش گێڕانەوە هیی پێشووترە، نەوەک هیی دواتر.  

ئەرستۆ (٣٨٤-٣٢٢پ. ز) فەیلەسووفی یۆنانی دێرین

ئەم دەرەنجامە ئیپستمۆلۆجییە لە شیکارییەکەی ئێمەدا بۆ پڵۆت، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەوڵەکانی گێڕانەوەناسیی هاوچەرخ هەیە بۆ بنیاتنانی زانستێکی ڕاستەقینەی گێڕانەوە. بە بڕوای من ئەم هەوڵانە کە بێگومان بەجێ و ڕەوان، بەڵام تا ئەو ڕادەیە خۆیان بە ڕەوا دەبینن، کە هەمیشە بیرێکی پێشوەختە لە پێش خۆیانەوە دابنێن، بۆیە بەم هاوشێوەکردنە پێکهاتە قووڵەکان دەخە ڕوو، کە تا ڕادەیەکی زۆر بۆ ئەوانەی چیرۆک دەگێڕنەوە و شوێن چیرۆکەکان دەکەون نادیارە، بەڵام گێڕانەوەناسی لە هەمان ئاستی عەقڵانییەتی زمانەوانی و زانستەکانی تری زمان دادەنێن. تایبەتمەندکردنی عەقڵانییەتی گێڕانەوەناسیی هاوچەرخ بەم هێزی هاوشێوەکردنە لە ڕیزبەندی دووەمی گوتاردا، شتێکە کە پێشتر وەک منداڵێک لێی تێگەیشتبووین، واتە وەک چیرۆک بە هیچ شێوەیەک گومان ناخەینە سەر ئەرکە هاوچەرخ و مۆدێرنەکانی، بەڵکوو بە سادەیی مەبەست لێی ئەوەیە بە وردی لە پلەبەندیی پلەکانی زانین و مەعریفەدا دایانبنێین.

بۆیە لەبری ئەرستۆ دەتوانم لە شوێنێکی دیکە پشکنینی مۆدێلێکی بیرکردنەوەی مۆدێرنتر بکەم، وەکوو  مۆدێلی بیرکردنەوەی “کانت”. بۆ نموونە ئەو پەیوەندییەی لە کتێبی «ڕەخنەی عەقڵی بێگەرد»دا لە نێوان «سکێماتیزم و پۆلەکان»دا دایدەمەزرێنێت. بەگوێرەی دابەشکارییەکەی کانت، سکێماتیزم ناوەندی داهێنەریی کاتیگۆری و پۆلەکان دیاری دەکات و پۆلەکانیش بنەمای ڕێکخستنی تێگەیشتن و زانین دیاری دەکات. بە هەمان شێوە بونیادنان «ئیمپڵۆتمێنت» ناوەندی داهێنەریی گێڕانەوە پێک دەهێنێت و گێڕانەوەش بنایتنانەوەی یاساکانی عەقلانییەت و بناغەی چالاکیی شیعری پێک دەهێنێت. بەم پێیە بونیادنان زانستێکە کە خۆی پێداویستییەکانی خۆی لە خۆ دەگرێت؛ ئەوەی هەوڵی دووبارەبنیاتنانەوەی دەدات سنووردارکردنە لۆژیکی و نیشانەیییەکانن، لەگەڵ یاسا گۆڕاوەکان، بە جۆرێک کە نوێنەرایەتیی کردەی گێڕانەوە دەکەن. بۆیە تێزەکەم هیچ بەرابەرییەک بەرانبەر گێڕانەوە دەرنابڕێت؛ بەڵکوو دیاری کراوە بۆ ئەوەی بڵێت گێڕانەوە گوتارێکی پلە دووە، کە هەمیشە تێگەیشتنێکی پێش گێڕانەوەیە و لە ئەندێشەی داهێنەرەوە سەرچاوە دەگرێت.

بۆیە لەمەودوا تەواوی شیکارییەکانم لە ئاستی ئەم تێگەیشتنە گێڕانەوەیەی پلە یەکدا دەبێت، بەڵام بەر لەوەی ڕوو لە پرسی پەیوەندیی نێوان چیرۆک و ژیان بکەم، دەخوازم سەرنجی دەرەنجامی دووەم بدەم، کە دەمخاتە سەر ڕێڕەوی دووبارەلێکدانەوەی پەیوەندیی نێوان گێڕانەوە و ژیان. بۆیە دەبێت بڵێم ژیانێکی چالاکی گێڕانەوەیی هەیە کە لە چەمکی نەریتی تایبەتمەندیی چوارچێوەی گێڕانەوەدا تۆمارکراوە، ئەگەر بڵێین خودی چوارچێوە «سکێما»ی گێڕانەوە مێژوویەکی تایبەتی خۆی هەیە و ئەم مێژووەش هەموو سیمایەکی نەریتی هەیە، بە هیچ شێوەیەک پۆزش نییە لە نەریتێک وەک گواستنەوەی پاشماوەیەکی بێگیانی نەبزۆک، بە پێچەوانەوە بریتییە لە دەستنیشانکردنی نەریت، وەک گواستنەوەیەکی داهێنەرانەی زیندوو کە هەمیشە دەتوانرێت بە گەڕانەوە بۆ دیارترین ساتەوەختەکانی، بە پێکهاتەی شیعری، چالاک بکرێتەوە. گەڕانەوە بۆ دیاردە نەریتییەکان کلیلی کارکردنی مۆدێلەکانی گێڕانەوەیە و دواجاریش دەستنیشانکردن و ناسینەوەیانە. لە ڕاستیدا پێکهێنانی ئەم نەریتەش پەیوەستە بە کارلێکی نێوان دوو هۆکار، ئەوانیش بریتین لە «داهێنان و پوختەکردن/ لەبێژنگدان» هەر ئەم پوختەکردنی بونیادنانەیە کە ڕێگەمان دەدات پۆلێنی ژانرە ئەدەبییەکان بکەین. بەڵام نابێت ئەو ڕاستییە لە بەرچاو نەگرین کە ئەم مۆدێلانە جەوهەری ئەبەدی پێک ناهێنن، بەڵکوو لە مێژوویەکی باڵفتەکراوەوە سەرچاوە دەگرن کە سەرەتایەکی نادیاریان هەبووە. بەڵام ئەگەر ئەم پڕۆسەی پوختەکردنە ڕێگەمان بدات بەرهەمێک وەک «تراژیدیا، ڕۆمانێکی پەروەردەیی، درامایەکی کۆمەڵایەتی، یان هەر شتێک…» دەستنیشان بکەین، ئەوا ناسینەوەی بەرهەمێک هەرگیز بەهۆی ئەو مۆدێلانەی کە لەوێ پوختەکراون، دواییی نایەت.

هەروەها دیاردەیەکی تر دەشێت لە بەرچاو بگرین، ئەویش «دیاردەی داهێنانی پێچەوانە»یە، بۆچی؟ چونکە مۆدێلەکان کە خۆیان لە داهێنانێکی پێشووترەوە سەرچاوە دەگرن، جۆرێکیش لە ڕێنمایی بۆ ئەزموونێکی دواتر لە بواری گێڕانەوەدا دابین دەکەن. یاساکان لەژێر فشاری داهێنان و نوێگەریدا دەگۆڕێن، بەڵام بە هێواشی دەگۆڕێن، تەنانەت بەهۆی پڕۆسەی پوختەکردنەوەوە بەرەنگاری گۆڕانکاری دەبنەوە. بەم پێیە داهێنان وەک جەمسەری پێچەوانەی نەریت دەمێنێتەوە.

هەمیشە بوار بۆ داهێنان و نوێگەری هەیە، تا ئەو ڕادەیەی ئەوەی بەرهەم هاتووە بە مانا بنچینەیییەکەی لە دەرکەوتن و پەیدابوونی شیعردا، هەمیشە ئەم بەرهەمە بەرهەمێکی تاکەکەسییە. بۆیە هەر کارێک بەرهەمێکی ڕەسەنە، بوونێکی نوێیە لە کایەی گوتاردا، بەڵام پێچەوانەکەشی کەمتر نییە لە ڕاستی، داهێنان وەک ڕەفتارێکی باڵا و ڕێبەرێکی هەمیشەیی دەمێنێتەوە؛ کاری خەیاڵسازییش لە هیچ شوێنێکەوە پەیدا نابێت، بە جۆرێک لە جۆرەکان بەستراوەتەوە بەو مۆدێلانەی کە نەریتێک دەیگوازێتەوە، بەڵام دەتوانێت بچێتەوە ناو پەیوەندییەکی گۆڕاوەوە لەگەڵ ئەم مۆدێلانەدا. لە ڕاستیدا مەودای شیکارییەکان هێجگار بەرینن لە نێوان جەمسەرەکانی دووبارەبوونەوەی ملکەچی و لادانێکی پێشبینیکراو، بۆیە دەبێت هەموو پلەکانی شێواندنێکی ڕێکخراو تێپەڕێنێت.

حیکایەت و ئەفسانە باوەکان، گێڕانەوەی نەریتی، بە گشتی لە جەمسەری دووبارەبوونەوە نزیکترن، هەر لەبەر ئەمەشە کە شانشینێکی باشتر و پەسندکراوتری پێکهاتەگەرایی پێک دەهێنن. بەڵام هەر کە لە مەیدانی ئەم گێڕانەوە نەریتییانە تێپەڕین، لادان بەسەر یاسادا سەردەکەوێت. بۆ نموونە ڕۆمانی هاوچەرخ دەتوانرێت تا ڕادەیەکی زۆر وەک دژە-ڕۆمان پێناسە بکرێت، چونکە هەر خودی یاساکانن کە دەبنە بابەتی تاقیکردنەوە و ئەزموونی نوێ. هەرچی بتوانین لەسەر ئەم بەرهەم و ئەو کارە بیڵێین، ئەوا ئەگەری لادان لە پەیوەندیی نێوان پوختەکردن و داهێناندا دەگرێتەوە کە نەریتێک پێک دەهێنێت. هەر گۆڕانکارییەکی نێوان ئەم جەمسەرانە مێژووییبوونی خۆی بە خەیاڵی بەرهەمدار دەبەخشێت و نەریتی گێڕانەوەش بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.


     لە گێڕانەوەوە بۆ ژیان (٢)  

      ئێستا دەتوانین سەرنج بخەینە سەر ئەو پاڕادۆکسەی کە پێشتر ئاماژەمان پێ دا: «چیرۆکەکان دەگێڕدرێنەوە و ژیان مانەوەیە و ناگێڕدرێتەوە»، پێ دەچێت بۆشایییەکی پڕنەکراوەی خەیاڵ و ژیان لە یەکتر جیا بکاتەوە. بۆ تێپەڕاندنی ئەم کەلێن و بۆشایییەش بە بڕوای من دەبێت بە کۆی دەربڕدراوە پاڕادۆکسەکەدا بچینەوە. با بۆ ئەم ساتەوەختە هەر لەسەر لایەنی گێڕانەوە بمێنینەوە و لێرەوە بزانین خەیاڵ بە چی شێوەیەک دەمانباتەوە بۆ ژیان. تێزەکەی من لێرەدا ئەوەیە (پڕۆسەی داڕشتنی پێکهاتەکان لە دەقدا تەواو نابێت، بەڵکوو لە خوێنەردا تەواو دەبێت) و لەژێر ئەم مەرجەشدا دەلوێت دووبارە ژیان بە گێڕانەوەوە ڕێکبخرێتەوە.   

«گرنگی و بایەخی گێڕانەوەیەک لە بەیەکگەیشتنی جیهانی دەق و جیهانی خوێنەرەوە سەرچاوە دەگرێت».

پێویستە ڕوونتر بڵێم: «گرنگی و بایەخی گێڕانەوەیەک لە بەیەکگەیشتنی جیهانی دەق و جیهانی خوێنەرەوە سەرچاوە دەگرێت». بەم پێیەش کردەی خوێندنەوە دەبێتە ساتەوەختێکی ڕەخنەیی لە تەواوی شیکارییەکەدا، کە بەندە بە توانای گێڕانەوە بۆ گۆڕینی ئەزموونی خوێنەر. ڕێگەم بدەن سەرنج بخەمە سەر ئەو تێرمانەی لێرەدا بە کارم هێناون، ئەوانیش «جیهانی دەق و جیهانی خوێنەرن». باسکردن لە جیهانی دەق باساکردنە لە کۆمەڵە ئەدگار و سیمایەک کە سەر بە هەموو بەرهەمێکی ئەدەبین، کە ئاسۆیەکی ئەزموونی و ئەگەری لە بەردەمیدا دەکاتەوە، جیهانێک کە توانای مانەوەی هەبێت. دەق شتێک نییە بەسەر خۆیدا داخرابێت، بەڵکوو ڕاگواستنە بەرەو جیهانێک کە زۆر جیاوازە لەوەی تێیدا دەژین. خۆگونجاندن لەگەڵ بەرهەمێک لە ڕێگەی پڕۆسەی خوێندنەوەوە، ئاشکراکردنی ئاسۆی جیهانێکە کە تێیدا “کردە و کارەکتەر و ڕووداوەکانی چیرۆکێک” لە خۆ دەگرێت. لە ئەنجامدا خوێنەر لە یەک کاتدا هەم سەر بە ئاسۆی ئەزموونی بەرهەمەکەیە و هەمیش سەر بە ئاسۆی ڕاستەقینەی خۆیەتی وەک خوێنەر. ئاسۆی چاوەڕوانی و ئاسۆی ئەزموونی، بە بەردەوامی ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و پێکەوە ئاوێتە دەبن.

blank
هانس گادامێر (١٩٠٠-٢٠٠٢) فەیلەسووفی ئەڵمانی

 هانس گادامێر (١٩٠٠-٢٠٠٢)  باس لە بایەخی بنچینەیی تێکەڵبوون و یەکگرتنی ئاسۆکان دەکات بۆ هونەری تێگەیشتن لە دەقێک. من باش ئاگادارم ڕەخنەی ئەدەبی وریایە بۆ پاراستنی جیاوازیی ناوەوەی دەق و دەرەوەی دەق. هەر گەڕان و هەوڵدانێک بۆ دنیای زمانەوانی لە دەرەوەی مەودای خۆی دەبینێت، کەواتە شیکاری دەقەکە درێژ دەبێتەوە تا دواسنوورەکانی دەقەکە خۆی و هەر هەوڵ و هەنگاونانێک بۆ دەرەوەی دەقەکە قەدەغە دەکات. لێرەدا پێم وایە جیاوازیی نێوان ناوەوە و دەرەوە، بەرهەمی خودی میتۆدی شیکاریی دەقەکانە و ناکۆکە لەگەڵ ئەزموونی خوێنەردا. ئەم ناکۆکییەش دەرەنجامی تایبەتمەندی و ئەدگاری ئەو یەکانەیە کە زمان کاریان لەگەڵ دەکات بۆ ئەدەب، بۆ نموونە [فۆنێم، لێکسیم و وشە]کانن. بۆ زمانەوانی، جیهانی ڕاستەقینە دەرەوەی زمانەوانییە. کەتوار نە فەرهەنگ و نە ڕێزمان لە خۆ دەگرێت. ڕێک ئەم لێکدانەوە و دەرهێنانە لە زمانەوانییەوە بۆ شیعرییەت وام لێ دەکات ڕەخنەیییانە لێی بنواڕم.

بڕیاری میتۆدۆلۆژی، شیاوە بۆ شیکاریی پێکهاتەیی و مامەڵەکردنی ئەدەب لەگەڵ پۆلە زمانەوانییەکان، کە خاڵی جیاکەرەوەی ناوەوە و دەرەوەی دەق دەسەپێنن. لە ڕوانگەی هێرمێنۆتیک (دەقناسی)ییەوە، واتە لە ڕوانگەی لێکدانەوەی ئەزموونی ئەدەبییەوە، دەقێک مانایەکی تەواو جیاوازی هەیە لەو دەقەی کە شیکاریی پێکهاتەیی بە خواستن لە زمانەوانی، لە خۆیدا دەیناسێتەوە. هێرمێنۆتیک نێوەندگیرییە لە نێوان مرۆڤ و جیهان، مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و خۆی: خود، نێوەندگیریی نێوان مرۆڤ و جیهان ئەوەیە کە ئێمە پێی دەڵێین ئاماژەگەرایی، نێوەندگیریی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ بریتییە لە توانای پەیوەندیکردن، نێوەندگیریی مرۆڤ و خۆی بریتییە لە تێگەیشتن لە خود، کەواتە بەرهەمێکی ئەدەبی ئەم سێ ڕەهەندە لە خۆ دەگرێت: «ئاماژە و پەیوەندی و تێگەیشتن لە خود». بەم پێیە کێشەی هێرمێنۆتیک لەو شوێنەوە دەست پێ دەکات کە زمانەوانی وازی لێ دەهێنێت، هەوڵ دەدات ئەدگاری نوێی ئاماژەگەرایی بدۆزێتەوە کە ڕوون و باسەنی نین، کۆمەڵەسیمایەکی پەیوەندیکردن کە بەرژەوەندیخوازی نین، بە هەمان شێوە ئەدگارەکانی خود کە ڕەنگدانەوەی کەسی نەرگسی”خۆویست” نین، چونکە ئەمانە لە کارە ئەدەبییەکانەوە سەرچاوە دەگرن. یەک وشە: «هێرمێنۆتیک» بە خاڵی بەیەکگەیشتنی پێکهاتەی (ناوخۆیی) دەقەکە و ڕێکخستنەوەی (دەرەوە)ی ژیان دادەنرێت. بە بڕوای من هەموو ئەو شتانەی سەبارەت بە داینامیکی پێکهاتەگەراییی ئەدەبی باس کران، تەنیا ئامادەکارییەکی درێژخایەنە بۆ تێگەیشتن لە کێشە ڕاستەقینەکە، ئەویش گواستنەوەی داینامیکییەتێکی گوانجاوە بۆ دەقە ئەدەبییەکە، لەم ڕووەوە “بونیادنان” کاری هاوبەشی دەق و خوێنەرە. بۆیە پێویستە ئێمە یاوەری و شوێنکەوتەی پێکهاتەکە بکەین و توانستی ئەوەمان هەبێت تا دواسنوورەکانی کارەکە لەگەڵی بڕۆین. شوێنکەوتنی گێڕانەوەیەک، کاردانەوەی کردەی ڕێکخستنە کە فۆڕمێک بە کارەکە دەبەخشێت. هەروەها کردەی خوێندنەوەیە کە یاوەری و ئاوێزانیی دەقێک لە نێوان داهێنان و پوختەکردندا دەکات. لە کۆتاییدا ئەوە کردەی خوێندەنەوەیە کە کارەکە تەواو دەکات و دەیگۆڕێت بۆ ڕێبەرێکی خوێندنەوە، هەوڵی کەشفکردنی سنوورە نادیار و کپکراوەکانی دەدات، بە لێکدانەوەکانی، کارەکە بەنرختر و دەوڵەمەندتر دەکات، هەوڵی دووبارە لێکدانەوە بە شێوازی نوێ و بە کۆنتێکستێکی مێژووییی نوێ دەدات. کەواتە بەپێی ئەم شیکارییە لە ئێستاوە دەتوانین وردە وردە بزانین چۆن دەتوانرێت گێڕانەوە و ژیان لەگەڵ یەکتر ئاشت بکرێنەوە، چونکە خوێندنەوە خۆی لە ئێستاوە شێوازێکی ژیانە لە جیهانی ئەندێشەی کارەکەدا؛ بەم مانایە بەر لەوە دەتوانین بڵێین: «چیرۆکەکان دەگێڕدرێنەوە، بەڵام لە دۆخی خەیاڵی و ئەندێشەییشدا دەژین». ئێستا پێویستە تێرمەکەی تری ئەم دژایەتییە، ئەوەی پێی دەڵێین “ژیان” ڕێک بخەینەوە، دەبێت ئەو خۆبەڵگە هەڵەیە بخەینە ژێر پرسیارەوە کە بە گوێرەی ئەو ژیانە دەژین، نەک گێڕانەوە.

ئەوەی دەبێت بخرێتە ژێر پرسیارەوە ئەو هاوکێشە زۆر سادەیەیە کە لە نێوان ژیان و ئەزمووندا دروست کراوە. «ژیان لە دیاردەیەکی بایۆلۆژی زیاتر نییە، تا ئەو کاتەی لێك نەدراوەتەوە».

بۆ ئەم مەبەستەش دەمەوێت جەخت لەسەر توانای پێشگێڕانەوەی ئەو شتە بکەمەوە کە ئێمە پێی دەڵێین ژیان. ئەوەی دەبێت بخرێتە ژێر پرسیارەوە ئەو هاوکێشە زۆر سادەیەیە کە لە نێوان ژیان و ئەزمووندا دروست کراوە. «ژیان لە دیاردەیەکی بایۆلۆژی زیاتر نییە، تا ئەو کاتەی لێك نەدراوەتەوە». وە لە لێکدانەوەشدا خەیاڵ ڕۆڵی نێوەندگیری دەگێڕێت بۆ کردنەوەی دەروازەی ئەم قۆناغە نوێیەی شیکارییەکە. بۆ ئەمە پێویستە ئاماژە بە تێکەڵەی «ئازار و نواندن» بکەین کە خودی بەرگی ژیان پێک دەهێنێت، هەر ئەم تێکەڵەیەیە کە گێڕانەوە هەوڵ دەدات بە شێوەیەکی داهێنەرانە لاسایی بکاتەوە. پەیوەست بە ئەرستۆوە لە ڕاستیدا ئێمە ئەو پێناسەیەمان قرتاند کە بۆ گێڕانەوە دەیکات، ئەو ناوی دەنێت: «لاساییکردنەوەی ڕووداوێک» (The imitation of an action / Mimesis of the praxis). بۆیە دەبێت بە دوای ئەو خاڵە کۆمەکییانەدا بگەڕێین کە گێڕانەوە دەتوانێت لە ئەزموونی زیندووی نواندن و ئازاردا بیدۆزێتەوە و لەم ئەزموونەشدا داوای کۆمەک لە گێڕانەوە دەکات و پێویستییەکەی ڕوون دەکاتەوە. یەکەم خاڵی چەسپاو و لەنگەری کە بۆ تێگەیشتنی گێڕانەوە لە ئەزموونی ژیاندا دەیدۆزینەوە، لە خودی پێکهاتەی نواندن و ئازارەکانی مرۆڤ پێکدێت. لەم ڕووەوە ژیانی مرۆڤ جیاوازییەکی زۆری لەگەل ژیانی ئاژەڵاندا دەبێت. ئێمە لە ڕێگەی توانستەوە دەزانین ڕووداو و سۆز چییە و بەکارهێنانیان بە شێوەیەکی مانادار لە تەواوی ڕایەڵەی دەربڕینەکان و ئەو چەمک و زاراوانەش کە لەلایەن زمانە سروشتییەکانەوە پێمان دەبەخشرێن تا جیاوازی بکەین لە نێوان ڕووداو و تەنیا جووڵەیەکی فیزیکی و ڕەفتاری سایکۆ-فیسیۆلۆژیدا. بەم شێوەیە تێدەگەین کە بە بیرۆکە، ئامانج، ئامراز، بارودۆخ و… هتد چی ئاماژەدار و واتابەخشە. هەموو ئەم چەمکانە بەیەکەوە وەرگیراون تا ڕایەڵەی ئەو شتە پێک بهێنن کە دەتوانین بە [واتاسازیی ڕووداو] ناوی ببەین. لەم تۆڕەشدا هەموو ئەو بەشە بنچینەیییانە دەدۆزینەوە کە بوونە هۆی دروستکردنی توخمە نایەکسانەکان. لەم ڕووەوە ئاشنابوونمان بە ڕایەڵەی چەمکی نواندنی مرۆڤایەتی هەمان ڕیزبەندی و ئاشنایەتییە کە لە پڵۆتی چیرۆکەکاندا هەیە و بۆ ئێمە ئاشنایە. ئەمەش هەمان تێگەیشتنی “فرۆنێتی”یە کە ڕێبەریی تێگەیشتن لە جووڵە و سۆز و سەرانسەری گێڕانەوەدا دەکات. دووەم خاڵی چەسپاو ئەوەیە کە گێڕانەوە خۆی لە تێگەیشتنی پڕاکتیکیدا دەبینێتەوە، واتە لە سەرچاوە سیمبۆلیکییەکانی بواری پڕاکتیکیدایە. ئەم تایبەتمەندییە بڕیاردەدات کە ئەم لایەنانە چین و چۆن دەتوانرێت بەهۆیەوە بزانین، سەر بە کام جێگۆڕکێ و گواستنەوەی شیعرییە.

ئەگەر بە ڕاستی بتوانرێت ڕووداوێک بگێڕدرێتەوە، ئەوا لەبەر ئەوەیە کە پێشتر لە نیشانە و یاسا و نۆرمەکاندا ڕوون کراوەتەوە؛ واتە هەمیشە بە شێوەیەکی سیمبولی و ڕەمزی نێوەندگیری دەکرێت. ئەم تایبەتمەندییەی ڕووداو لەلایەن ئەنترۆپۆلۆژیای کولتوورییەوە زۆر جەختی لەسەر کراوەتەوە. ئەگەر ڕوونتر لە بارەی میانگیریی سیمبولییەوە بدوێم، بۆ ئەوەیە لە نێوان هێماکانی سروشتێکی کولتووریدا ئەوانە جیا بکرێتەوە کە بنەمای ڕووداون، تا ئەو ڕادەیەی کە مانا سەرەتایییەکەی پێک دەهێنن؛ پێش ئەو کۆمەڵە سەربەخۆیانەی کە سەر بە ئاخاوتن و نووسینن و لە ئاستی پڕاکتیک جیا دەکرێنەوە. کاتێکیش درک بەمانە دەکەین، کە پرسی ئایدۆلۆژیا و یۆتۆپیا دێتە گۆڕێ. بۆ ئەم ساتە سەرنجەکانم لە چوارچێوەی ئەوەدا گیر دەکەم کە دەتوانرێت ناوی لێ بنرێت: «هێماگەریی ناڕاستەوخۆ، یان ناوەکی» لە بەرانبەر هێماگەریی ئاشکرا یان ئۆتۆنۆمییدا. لە ڕاستیدا بۆ مرۆڤناس(ئەنترۆپۆلۆژیست)ێک، تایبەتمەندیی ئەو هێماگەرییە ناڕاستەوخۆیەی لە ڕووداودا هەیە ئەوەیە، کە کۆنتێکستێکی وەسفی و تاریفی بۆ ڕووداوە تایبەتەکان پێک دێنێت. بە واتایەکی دیکە، لە پەیوەندیدا لەگەڵ ڕێسایەکی هێماییی دیاریکراودا کە دەتوانین ئاماژەیەکی تایبەت وەک ئاماژەدان بەم یان ئەو لێک بدەینەوە. هەمان ئاماژەی بەرزکردنەوەی قۆڵ و باسک، دەتوانرێت بەپێی کۆنتێکستەکە وەک شێوەیەکی سڵاوکردن، یا ڕاگرتنی تەکسی، یان دەنگدان تێبگەین. پێش ئەوەی ملکەچی هیچ لێکدانەوەیەک بین، هێماکان خۆیان لێکدەرەوەی ناوەکیی ڕووداون. بەم شێوەیە هێماگەری خوێندنەوەیەکی سەرەتایی بە ڕووداو دەبەخشێت. ڕووداو دەکاتە نیمچەدەقێک کە هێماکان بنەڕەت و یاسای واتایی بۆ دابین دەکەن، بەم هێمایانەش دەتوانرێت ڕەفتارێکی دیاریکراو لێک بدرێتەوە.

سێییەم خاڵی چەسپاوی گێڕانەوە لە ژیاندا لەوە پێک دێت، کە دەتوانرێت ناوی بنێین: «چۆنییەتیی پێشگێڕانەوەی ئەزموونی مرۆڤ». هەر ئەمەشە کە بە ڕەوای دەبینین باس لە ژیان بکەین، وەک چیرۆکێک لە دۆخی تازەپێگەیشتووی خۆیدا، هەروەها باس لە ژیان وەک چالاکی و سۆزێک بکەین کە بە دوای گێڕانەوەیەکدا دەگەڕێت. تێگەیشتن لە ڕووداو هەر تەنیا ئاشنابوون نییە بە چەمکی ڕایەڵەکانی ڕووداو، یان سنووردار بێت بە نێوەندگیرییە هێمایییەکان، بەڵکوو تا ئەو شوێنەش پەل دەکێشێت کە لە ڕووداودا ئەو ئەدگارە کاتیاینەش بناسێنێت کە دەخوازن و داوای گێڕانەوە دەکەن. بە ڕێکەوت یا بە هەڵە نییە کە ئێمە بە شێوەیەکی باو باسی ئەو چیرۆکانە دەکەین کە بەسەر خۆمان دێت، یا ئەو چیرۆکانەی بەدەستیانەوە گیرۆدە بووین، یان بە سادەیی تەنیا باسی چیرۆکی ژیانێک دەکەین. ڕەنگە لێرەدا پێتان وابێت ئامانجی شیکارییەکەمان بە دەوری ئەڵقەیەکی خاڵیدا دەخولێتەوە، بەڵام ئەگەر هەموو ئەزموونی مرۆڤ پێشتر بە نێوەندگیریی جۆرێک لە سیستمی هێمایی بووبێت، ئەوا دەقیقەن بە نێوەندگیریی هەموو جۆرە چیرۆکێکیشە کە بیستوومانە. پاشان چۆن دەتوانین باس لە چۆنیەتیی گێڕانەوەی ئەزموون و ژیانی مرۆڤ وەک چیرۆکێک لە دۆخی تازەپێگەیشتوودا بکەین، لەکاتێکدا دەرچەیەک نییە دەستمان بە شانۆی زەمەنی لە دەرەوەی ئەو چیرۆکانە ڕابگات، کە لەلایەن کەسانی دیکە دەگێڕدرێنەوە. بۆ ئەمەش بە کۆمەڵێک بارودۆخ وەڵام دەدەمەوە، کە بە بڕوای من ناچارمان دەکەن ئەزموونێک وەک گێڕانەوەیەکی مەجازی لەو جۆرەیە، کە نەک لە دەرهاویشتەی ئەدەبەوە بۆ ژیان سەرچاوە دەگرێت، بەڵکوو داخوازییەکی ڕاستەقینە بۆ گێڕانەوە پێک دەهێنێت. ئەو دەربڕاوەی سەرەوە [پێکهاتەی پێشگێڕانەوەی ئەزموون] کە باسمان کرد، تا ڕادەیەکی باش هاوکارمان دەبێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بارودۆخانە.

بێ ئەوەی کایەی ئەزموونی ڕۆژانە جێ بهێڵین، ئایا مەیلی ئەوەمان نییە لە زنجیرەیەک ئەڵقەی دیاریکراوی ژیانی خۆماندا، شتێک ببینین وەک چیرۆکێک کە هێشتا نەگێڕدراوەتەوە، چیرۆکێک کە داوای گێڕانەوە دەکات؟ جارێكی دیکەش، ئایا چیرۆکەکان بە پێناسە و باسکردن ناگێڕدرێنەوە؟ ئەمە لەکاتێکدا باس لە چیرۆکێکی ڕاستەقینە دەکەین جێگای مشتومڕە، بەڵام ئایا چەمک و بیری “ماتەچیرۆک” نائاشکرا، پەسەند نییە؟ لێرەوە دەوەستم بۆ ئەوەی دوو بارودۆخی کەمباوتر لە بەرچاو بگرم، کە تێیدا دەربڕینی «چیرۆکێک کە هێشتا نەگێڕدراوەتەوە» وەک هێزێکی سەرسووڕهێنەر خۆی بەسەرماندا دەسەپێنێت. ئەو نەخۆشەی کە قسە لەگەڵ دەروونشیکارێک دەکات، تەڵزمە پەرشوبڵاوەکانی چیرۆکەکانی، خەونەکانی، دیمەنە سەرەتایییەکان، زنجیرەیەک ڕووداوی ناکۆک بە یەکتری بۆ دەهێنێت، لێرەوە ئامانجی سەرەکی و ڕەوای توێژەر ئەوەیە لەم فڕاگمێنتانەدا چیرۆکێک دەربهێنێت، کە لە یەک کاتدا تۆکمەتر و لە لایەکی دیکەوە ئاشکراترە، ئەمەش لەپێناو تێگەیشتن و کۆکردنەوەی کۆی گێڕانەوەکە. ئەم لێکدانەوە گێڕانەوەیییەی تیۆریی دەروونشیکاری ئەوە دەگەیەنێت کە چیرۆکی ژیانێک لەو چیرۆکانەوە گەشە دەکات کە نەگێڕدراونەتەوە و بە ئاڕاستەی چیرۆکە ڕاستەقینەکان کپ کراون (بوون بە ماتەچیرۆک)، لەکاتێکدا بناغەی چیرۆکە سەرەکییەکە لەوانەوە ناسنامەی خۆی وەردەگرێت. ئەمەش دڵنیاییمان دەداتێ لە گەڕان بە دوای بەردەوامییەتی ناسنامەی نێوان ماتەچیرۆک و چیرۆکی ڕاستەقینە و ئاشکرا.

دۆخێکی دیکە هەیە کە پێ دەچێت لەگەڵ چەمکی «چیرۆکی نەگوتراو» بە باشی بگونجێت، ئەمەش دۆخی دادوەرێکە کە هەوڵ دەدات لە تۆمەتبارێک تێبگات، بەهۆی هەڵدانەوەی ئەو گرێیانەی کە تۆمەتبارەکە تێیدا گیری خواردووە و لێی ئاڵۆز بووە. دەتوانین بڵێین تاک لە چیرۆکەکاندا تێکەڵ بووە، بە جۆرێک بەر لەوەی هیچ بگێڕێتەوە، تووشی ئەم ئاڵۆزبوونە دەبێت. پاشان ئەم تێکەڵبوونە وەک پێشمێژووی چیرۆکێکی گێڕدراوە دەردەکەوێت کە سەرەتای چیرۆکەکە لە لایەن گێڕەرەوەوە هەڵدەبژێردرێت. پێشمێژووی چیرۆکەکە ئەوەیە، کە بە کۆیەکی فراوانتری دەبەستێتەوە و پاشخانێکی پێ دەبەخشێت. ئەم پاشخانەش لە پێکداچوون و سەریەککەوتنی ماتەچیرۆکەکان دروست دەبێت، تا دەگاتە چیرۆکە ئاشکرا و زیندووەکە. ئەو چیرۆکانەشی کە دەگێڕدرێنەوە، دواترهەر لەم پاشخانە دێنە دەرەوە و هەر لەگەڵ دەرکەوتنیشیاندا سەبجێکتی ناڕاستەوخۆش سەر هەڵدەدەن. پاشان دەتوانین بڵێین چیرۆکەکە توانای وەڵامدانەوەی ئێمەی مرۆڤی دەبێت. «ئاکامی سەرەکیی ئەم شیکارییە بوونگەرایییەی مرۆڤ، وەک ئەوەی لە چیرۆکەکاندا تێکەڵ بووە، ئەوەیە کە خودی گێڕانەوە خۆی پڕۆسەیەکی لاوەکییە، کە لەسەر بنەمای تێکەڵاوی و ئاڵۆزیمان لە چیرۆکەکاندا چەسپاوە». گێڕانەوە، شوێنکەوتن، تێگەیشتن لە چیرۆکەکان، تەنیا درێژەی چیرۆکە نەگوتراوەکانە.

لەم دووانە شیکارییەدا دەردەکەوێت کە شوێنکەوتنی خەیاڵ، واوەتریش خەیاڵی گێڕانەوە، ڕەهەندێکی بنچینەییی تێگەیشتنە لە خود. ئەگەر ڕاستە خەیاڵ تەنها لە ژیاندا تەواو دەبێت و ئەو ژیانەش تەنیا لە ڕێگەی ئەو چیرۆکانەوە درک دەکەین کە دەیانگێڕینەوە، ئەوا ژیانێکی تاقیکراوە بە واتا سۆکراتییەکە، ئەو ژیانەیە کە دەگێڕدرێتەوە. ژیان چی دەگێڕێتەوە؟ ژیانێک کە تێیدا هەموو پێکهاتە بنەڕەتییەکانی ئەو گێڕانەوەیە دەدۆزینەوە کە لە بەشی یەکەمدا باسمان کرد، بە تایبەتیش شانۆگەریی نێوان کۆکبوون و دژیەکی، کە بۆ ئێمە وەک جۆرێک لە تایبەتمەندیی گێڕانەوەکە دەردەکەوت. ئەم دەرەنجامەش بە هیچ جۆرێک پاڕادۆکسیکاڵ و سەرسوڕهێنەر نییە.  

blank
سانت ئۆگستین (٣٥٤-٤٣٠) فەیلەسووفی مەسیحی سەرەتای سەدەکانی ناوەڕەاست

ئەگەر دانپێدانانەکانی کتێبی یازدەهەمی سانت ئۆگستین (٣٥٤-٤٣٠ز) بکەینەوە، تاریفێکی گونجاو بۆ “کات”ی مرۆڤ دەدۆزینەوە، کە بە تەواوی هاوتایە لەگەڵ پێکهاتەی ڕێککەوتنی دژیەک و ناتەبای ئەرستۆدا، کە چەند سەدەیەک پیشتر لە داڕشتەی پۆیەتیکا(هونەری شیعر)دا تێیگەیشتبوو. ئۆگستین لە نامە بەناوبانگەکەی دەرەبارەی کاتدا، کات وەک دەرکەوتەی دابڕانێکی بەردەوامی نێوان سێ لایەنی ئێستا دەبینێت: «چاوەڕوانی- کە ناوی دەنێت ئێستای داهاتوو، یادەوەری- کە ناوی دەنێت ئێستای ڕابردوو، سەرنج- کە ناوی دەنێت ئێستای ئێستا». لەمەشەوە جۆرێک لە ناجێگیریی کات دێتە ئاراوە؛ لەوەش زیاتر دابڕانی بەردەوامە. بەم شێوەیە ئۆگستین کات بە درێژبوونەی ڕۆح (Distentio Animi) پێناسە دەکات. واتە پێک دێت لە دژێتیی هەمیشەییی نێوان سروشتی ناجێگیریی ئێستای مرۆڤ و سەقامگیریی ئێستای ئیلاهی، کە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو لە یەکیەتی و ڕووداوێکی داهێنەرانە پێک دێت. ئەمەش ئاڕاستەمان دەکات بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی پێناسەکەی ئەرستۆ بۆ پڵۆت و پێناسەکەی ئۆگستین بۆ کات ببینەوە. دەتوانین بڵێین لە ئۆگستیندا دژیەکی بەسەر کۆکبووندا سەردەکەوێت؛ هەر ئەمەشە نەهامەتیی بارودۆخی مرۆڤ. لە بەرانبەردا لای ئەرستۆ کۆکبوون بەسەر دژیەکیدا سەردەکەوێت؛ ئەمەشە بەهای بێئەندازەی گێڕانەوە کە بۆ دانانی ئەزموونێکی کاتی ڕێکوپێک داوای دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت بەو ئەندازەیە گوشار بخەینە سەر ئەو دژبەرییە، چونکە بۆ خودی ئۆگستین دژیەکی دروست نەدەبوو ئەگەر ئێمە توانای درێژبوونەوە و کشانمان نەبایە و مەیل و نیازمان بەرەو یەکیەتییەک نەنابایە؛ لە نموونەیەکی سادەی وەک خوێندنەوەی شیعرێکدا ئەمە بە باشی دەردەکەوێت- کاتێک خەریکە شیعرێک دەخوێنمەوە، سەراپای هەنووکە و ئێستا لە ئاوەزمدایە، پاشان کاتێک دەست دەکەم بە خوێندنەوە، بەشەکانی یەک لە دوای یەک لە داهاتووەوە دەڕۆن بەرەو ڕابردوو و بە ئێستادا گوزەر دەکەن، بە جۆرێک شاعیر بە تەواوی ڕۆدەچێتە ڕابردووەوە. بۆیە دەبێت مەبەست و ئامانجی لێکۆڵینەوەکەمان پوختەتر بکەین، ئەگەر هەست بە کەمێک گازگرتنی ستەمکارانەی کات بکەین، کە هەرگیز ڕۆح لە پەرتبوونی دژیەکیی نێوان چاوەڕوانی و یادەوەری و سەرنج دواییی نایەت. کەواتە ئەگەر لە ئەزموونی زیندووی کاتدا، دژیەکی بەسەر کۆکبوونیدا سەرکەوێت، ئەوا دووهەمیان هێشتا وەک ئۆبجێکتی هەمیشەییی ئارەزووی ئێمە دەمێنێتەوە. سەبارەت بە ئەرستۆ دەتوانرێت پێچەوانەکەی بگوترێت، ئێمە پێشتر ئاماژەمان بەوە دا کە گێڕانەوە کۆکردنەوەی نایەکسانەکانە، لێ کۆکبوون و هاوپەیمانێتی هەرگیز بەبێ ململانێ و کۆکردنەوەی خودی ئەو نایەکسانانە نادۆزینەوە. لەم ڕووەوە تراژیدیا نموونەیەکی شیاوە، هیچ تراژیدیایەک بێ وەرچەرخان ڕوونادات، گۆڕانی چارەنووس، ڕووداوە ترسێنەر و ئارامەکان، هەڵەیەکی زەق، هامارتیا (کێماسیی پاڵەوان) لە نەفامی و نەزانیی پاڵەوانەکەوە سەرچاوە دەگرن، نەوەک خراپەکاری. ئەگەر کۆکبوونیش سەرکەوت بەسەر دژێتیدا، ئەوەی گێڕانەوە پێکدێنێت ئەوا لە ڕاستیدا خودی ململانێی نێوان ئەم دوانەیە.

با ئەم شیکارییەی دژیەکی و کۆکبوونی گێڕانەوە و کاتە بۆ خۆمان لێگەڕێین. ژیانی ئێمە وەک مەیدانی چالاکییەکی بنیاتنەر دەردەکەوێت، کە لە بنەڕەتدا لە تێگەیشتنی گێڕانەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە بەهۆیەوە هەوڵ دەدەین کەشفی ئەو شوناسە بکەین کە لە دەرەوەی گێڕانەوەکە بۆمان پێک دێنێت. لێرەوە چەمکی (شوناسی گێڕانەوە) بۆ من جێی بایەخە، چونکە ئێمە پێی دەڵێین سەبجێکتیڤییەت، نە زنجیرەڕووداوێکی پچڕپچڕە و نە جەوهەرێکی نەگۆڕە، بەڵکوو ڕاڕەوێکی پەرەسەندنە. ئەمە ڕێک ئەو جۆرە ناسنامەیەیە کە پێکهاتەی گێڕانەوە بە تەنیا دەتوانێت لە ڕێگەی داینامیزمەوە دروستی بکات. ئەم پێناسەیە بۆ سەبجێکتیڤییەت لە ڕووی شوناسی گێڕانەوەوە کۆمەلێک دەرکەوتە و کاریگەریی هەیە؛ وەک دەستپێک دەشێت گەمەی پوختەکردن و داهێنان بۆ تێگەیشتن لە خۆمان بە کار بهێنین، کە بە گشتی لە هەموو نەریتێکدا هەیە، بە هەمان شێوە هەرگیز لە دووبارە لێکدانەوەی ناسنامەی ئەو گێڕانەوەیە ناوەستین لەژێر ڕۆشناییی ئەوەی کە کولتوورەکەمان بۆمان پێشنیاز دەکات. بەم مانایە تێگەیشتن لە خۆمان هەمان تایبەتمەندی و ئەدگارە نەریتییەکان دەخاتە ڕوو بۆ تێگەیشتن لە بەرهەمێکی ئەدەبی. هەر بەم شێوەیەش فێر دەبین ببینە گێڕەرەوە و پاڵەوانی چیرۆکی خۆمان، بەبێ ئەوەی لە ڕاستیدا ببین بە نووسەری ژیانی خۆمان. کەواتە دەتوانین چەمکی «دەنگی گێڕانەوە» کە سەمفۆنیای بەرهەمە مەزنەکانی وەک داستان و تراژیدیا و دراما و ڕۆمان پێکبدێنێت، بۆ خۆمان بە کار بهێنین. جیاوازییەکەش ئەوەیە لە هەموو ئەم بەرهەمانەدا، ئەوە نووسەرە خۆی لەژێر باڵی گێڕەرەوەدا حەشار داوە و دەمامکی کارەکتەرە جۆراوجۆرەکان دەپۆشێت و لەنێو هەموو ئەوانەشدا دەنگی گێڕەرەوە باڵادەستە، کە چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە و دەری دەخات. دەشتوانین ببین بە گێڕەرەوەی خۆمان، بە لاساییکردنەوەی دەنگی ئەم گێڕەرەوانە، بەبێ ئەوەی بتوانین ببینە نووسەر، ئەمە جیاوازیی گەورەی نێوان ئەندێشە و ژیانە. کەواتە ڕاستە ئەوەی ژیان مانەوەیە و چیرۆکەکانیش دەگێڕدرێنەوە. جیاوازییەکی دیکەی هەڵواسراو دەمێنێتەوە، بەڵام ئەم جیاوازییە بەشێکی هەڵدەوەشێتەوە بەهۆی هێزی ئەو پلۆتانەی کە لە کولتوورەکەمانەوە بە دەستمان گەیشتووە و ڕۆڵی ئەو کارەکتەرە جیاوازانەی کە لە چیرۆکەکەدا ئەرکی جیاواز دەگرنە دەست و دەبنە دڵخوازی ئێمە و خۆشەویستییەکی زۆرمان بۆیان دەبێت. واتە ئەم جیاوازییە هەڵواسراوە بەشێکی بەهۆی پلۆتەکەوەیە، کە لە کولتووری نەریتێکەوە بۆمان دێت و بەشێکیشی خودی کارەکتەرەکانن، کە دەبنە دڵخوازی ئێمە و لەگەڵمان دەمێننەوە و دەژین. بۆیە لە ڕێگەی گۆڕانکارییە خەیاڵییەکانی ئیگۆی خۆمانەوەیە کە هەوڵ دەدەین تێگەیشتن لە گێڕانەوە وە دەست بخەین. تاکە جۆرێکیش کە لە هەڵبژاردنی ڕوواڵەتی نێوان گۆڕانی ڕەها و شوناسی تەواو ڕزگاری دەبێت، ئەوا لە نێوان ئەم دوانەدا شوناسی گێڕانەوەیە.

لە کۆتاییدا، ڕێگەم بدەن بڵێم ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین سەبجێکت، هەرگیز لە سەرەتاوە نادرێت، یان ئەگەر وەهاش بێت، ئەوا لەژێر مەترسیی ئەوەدایە کە لە ئیگۆی ڕژد و نەرسیسیدا کورت بکرێتەوە، لەم بەستێنەشدا ئەدەب بە وردی دەتوانێت ڕزگارمان بکات لێی. کەواتە ئەوەی لە لایەنی نەرگسییەوە لە دەستی دەدەین، لە لای گێڕانەوە وە دەستی دێنینەوە. لەبری ئیگۆیەک کە عاشقی خۆی بووە، خودێک دێتە ئاراوە کە بە هێما کولتوورییەکان ڕێنوێنی دەکرێت، کە لە نێوان ئەو گێڕانەوانەی لە نەریتی ئەدەبیی ئێمەدا بۆمان ماونەتەوە، هەروەها ئەو گێڕانەوانەش یەکێتییەکمان پێ دەبەخشن کە جەوهەری نییە، بەڵکوو گێڕانەوەیییە.

سەرچاوە: دەربارەی پۆوڵ ڕیکۆر، گێڕانەوە و لێکدانەوە. ئامادەکردنی دەیڤد وود

On Paul Ricoeur; Narrative And Interpretation, Wood, David. 1991 University Of Warwick; London.

سەرچاوەی دیکە بۆ بابەتەکە:

1- کات و گێڕانەوە، بەرگی ٣،٢،١.

2- هێرمێنۆتیکای ڕووداو.

3- یادەوەری، مێژوو و بیرچوونەوە.

4- فینۆمینۆلۆژیا و هێرمێنۆتیکا (دیارەدەناسی و دەقناسی) لە ڕوانگەی ڕیکۆرەوە.