ئایا من وازم هێناوە و گەڕاومەتەوە؟

 (ڕێباز ئەکرەم)ی هاوڕێم نووسینێکی (ئارام سدیق)ی بۆ ناردووم، کە ناوی ناوە (بەڕێز گۆینی ونبوو) و بەم شێوەیە دەست پێ دەکات: (شەش ساڵ لەمەوبەر نووسەرێکی کورد بڕیارنامەی وازهێنانی خۆی لە نووسین و بڵاوکردنەوە بڵاوکردەوە. هەر ئەوکات بە وتارێکی کورت سەرنجی خۆمم لەبارەیەوە دەربڕی. ئەو نووسەرە دوای دوو ساڵ تێپەڕین بەسەر بڕیارنامەی وازهێنانەکەیدا نەزیفی بڵاوکردنەوەی کتێب و وتار و چاوپێکەوتنی بەربوو، وەکوو ئەوەی ئیدی وشە بەرەو کۆتایی بڕوات و ئەو بیەوێت لە کتێبی قەبە و چاوپێکەوتنی درێژ تۆڵەی ڕۆژووگرتنە کورتخانەیەنەکەی بکاتەوە).

ئەو نووسەرە منم، کە بە پێویستی نەزانیوە ناوم بهێنێت. ڕاست دەکات و ئەو گوتارەی نووسی. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم ئەگەر خوێنەرێکی وریا هەر ئەم گوتارەی ئێستای بخوێنێتەوە، دەتوانێت بیهێنێتە بەر چاو ئەوەی پێشوویشی چۆن نووسیوە، بگرە تێگەیشتنی ئەو ڕەخنەگرە میلـلییەی بۆ دەردەکەوێت. ئەو خوێنەرە دەتوانێت کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)ی من بخوێنێتەوە، تا بزانێت چۆن مامەڵەم لەگەڵ ئەو گوتارە و یەکێکی دیکەیشیدا کردووە. هەر چەمکێک، کە ئەو فڕێی داوە، هەڵمگرتووەتەوە و بۆ دۆخی خۆیم گەڕاندووەتەوە. واتە لەو ئاستە ڕووکەشە میلـلییەم دوور خستووەتەوە و لە ڕێی دایەلۆگ لەگەڵ فکری ڕەخنەییدا بەرەو ئاقاری ترم بردووە، کە ئەوە بەسەریدا سەپاندووم بۆ هەر یەکێکیان چەند کەناڵێکی فەلسەفی بە سەر بکەمەوە. نزیکەی سەد سەرچاوەم تێدا بە کار هێناوە، تەنانەت ژمارەی لاپەڕەکانیانم نووسیوە. ئەو گوتارە و یەکێکی دیکەیشی بۆ من لە کۆمەڵێک چەمکی فڕێدراو زیاتر شتێکی دیکە نین، بۆیە کتێبەکە لێرە و لەوێ نوکتەیەکی خواستووە، بە تایبەتی ئەو گوتەیەی، گۆیە هیی (مارتین هایدیگەر)ـە و بە زۆر ئاخنیویەتیە ناو یەکێ لەو گوتارانەی. دەرکەوت ئەو فیلۆسۆفە نەک شتی وای نەگوتووە، بگرە ئەگەر گوتبێتی، مایەی پێکەنینە. لەو گوتارەیدا ئەم گوتەیەی نووسیوە: (نووسەری ڕاستەقینە بۆ ئەوە دەنووسێت، کە لێنەکانی بوون و ژیانی لە ڕێگەی نووسینەوە پڕ بکاتەوە). ئەوە چ خوێنەرێکە دوای خوێندنەوەی ئەم ڕستەیە، لە قاقای پێکەنین نادات؟ ئەوە چ نووسەرێکیشە دڵی خۆشە، کە ئەم ڕەخنەگرە بە داهێنەری زانیوە؟ کتێبەکەم لە شێوەی نامەدا نووسیوە، کە وەک ناونیشانەکەی دەریدەخات تێیدا ئەو ڕەخنەگرە میلـلییە بۆ دایەلۆگ بانگهێشت دەکرێت، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە، بەڵکوو ئەوەتە جارێکی دیکەیش هاتووەتەوە بە هەمان تێگەیشتن و شێواز نووسیویەتی. کاتێ وازم هێنا، بە (موفلیس) لە قەڵەمی دام و گوتی هیچم نەماوە بۆ نووسین، بەڵام دوای ئەوەی گەڕامەوە و چەند بەرهەمێکم چاپ کردن، پێم دەڵێت نەزیف بووم. دیارە ئەمجارە پێویست نییە بە یەک کتێب بێمەوە دەنگ، بەڵام نووسینی ئەم گوتارە بە گرنگ دەزانم، چونکێ وەک هەمیشە گوتوومە من مامەڵە لەگەڵ چەمکدا دەکەم، بۆیە گرنگ نییە کێ ئەو چەمکەی بە کار هێناوە و خاوەنی چ پلەیەکی کۆمەڵایەتی و سیمبۆڵییە.

ئەوەی ئەو ڕەخنەگرە میلـلییە لێرەدا کردوویەتی، نوێ نییە و ئەوە نزیکەی پانزدە ساڵە ئاگام لەو شێوازەیەتی. پەلامار دەدات، بێ ئەوەی یەک پەرەگراف لە نووسینت وەربگرێت.

بەر لەوەی لەبارەی ئەم نووسینە نوێیەیەوە بدوێم، داوایەکم لێی هەیە. ئەویش ئەوەیە پێشانی خوێنەری بدات، کە یەکێ لەو بەرهەمانەم ئەوە دەردەخات تووشی نەزیفی بووم. خۆ ئەگەر هەموویان وەربگرێت، ئەوە چاکتریش. ئامادەم تێکڕای نووسینی ئەم چوار ساڵەمی بە وۆرد بۆ بنێرم، تا هەر ڕەخنەیەکی هەیە، بیخاتە ڕوو. لە بەرانبەر ئەوەدا داوای لێ دەکەم بە ئارەزووی خۆی یەکێ لە بەرهەمەکانیم بۆ بنێرێت، بەو مەبەستەی لەبارەیەوە بۆچوونی خۆم بنووسم. کامیان هەڵدەبژێرێت، من ڕازیم و لە ئێستاوە پێی دەڵێم سپاس. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا، بگرە چەند ساڵ پێشتریش بە نامە داوام لێ کردووە وەڵامی پرسیارەکانم بداتەوە و نەیداوەتەوە. پرسیارەکانم لەبارەی ئەو بەرهەمانەوە بوون، کە ناوەناوە بڵاوی دەکردنەوە. هەر کاتێ نووسینێکیم دەخوێندەوە و دەمبینی وا بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک نووسیویەتی، دەهاتم ئەو چەمکانەم بۆ لێک دەدایەوە، کە فڕێی دابوون، تا بە نامەی تایبەت بۆیانی بنێرم. کۆمەڵێک سەرچاوەم دەخستە بەر دەستی، بەو مەبەستەی بیانخوێنێتەوە و هاوکات پێم لەسەر دایەلۆگ دادەگرت، بەڵام وەڵامی نەدەدامەوە. چاکترە بڵێم سەرەتا هەندێک شتی بە هەمان تێگەیشتن و لە هەمان ئاستی زماندا دەنووسی، گۆیە بەرگری لە بۆچوونەکانی دەکات، بەڵام کاتێ زانیی لەبارەی ئەوانەیشەوە سەرنجم هەیە، بێدەنگیی هەڵبژارد. ئەو ڕۆژەی وازم هێناوە، هاتووە ئەم گوتارەی نووسیوە. لە هەمووی سەیرتر، لە گوتاری دووەمیدا نووسیویەتی من نامەم بۆ ناردووە، تا لە خوێندنەوە دووری بخەمەوە. من لە ماوەی ئەو شەش ساڵەی ڕابردوودا یەک نامەم بۆی نەناردووە، بەڵام ئایا چیی خوێندووەتەوە؟ ئەگەر کتێبی گرنگی خوێندووەتەوە، چۆن ئەم گوتارە و کۆمەڵێکی دیکەی بە زمانی ڕۆژانەی جەماوەر نووسیون؟ وەک لەو کتێبەیشدا ئاماژەم پێ کردووە، ئەم خۆی یەکەمجار دوای بڵاوبوونەوەی ئەو گفتوگۆیەی (دانا فایەق) لەگەڵیدا کردووم، نامەی بۆ ناردووم و بە چەند خاڵێک لەو بارەیەوە بۆچوونی دەربڕیوە. واتە ئەو لە دامەزرندنی پێوەندیی نێوانماندا دەستپێشخەر بووە. هیوادارم ڕۆژێک ئەو نامەیەی بڵاو بکاتەوە، تا خوێنەر بزانێت چیی گوتووە! بۆ نموونە نووسیویەتی: (ئەوە چوار ساڵە کتێبت چاپ نەکردووە و بەپێی ئاگاداریی خۆیشم نییتە). ئەرێ مرۆڤ شتی وا بە هاوسەریشی دەڵێت، کە لەگەڵیدا دەژی؟ ئایا ئەوە هەر لە سەرەتاوە نەیویستووە خاڵی لاواز لە مندا بدۆزێتەوە؟ چۆن دەزانیت کتێبی نوێم نییە؟ ئەو بڕیارە ڕەهایە چییە، لە کاتێکدا تۆ ناوی دەیان فیلۆسۆفت هێناون؟ چۆنت توانی ماڵم بپشکنیت و ئەم نهێنییەی تێدا بدۆزیتەوە؟ وەک دەرکەوت چەند بەرهەمێکم هەبوون، بەڵام ئەودەم بە ئاسانی چاپ نەدەکران.

(سدیق) نووسیویەتی: (ئەو نووسەرە دوای دوو ساڵ تێپەڕین بەسەر بڕیارنامەی وازهێنانەکەیدا نەزیفی بڵاوکردنەوەی کتێب و وتار و چاوپێکەوتنی بەربوو، وەکوو ئەوەی ئیدی وشە بەرەو کۆتایی بڕوات و ئەو بیەوێت لە کتێبی قەبە و چاوپێکەوتنی درێژ تۆڵەی ڕۆژووگرتنە کورتخانەیەنەکەی بکاتەوە).

ئایا وازهێنان هیی ئەوەیە وەک لاوازیی نووسەر لێک بدرێتەوە؟ ئایا سەیر نییە تۆ ئەو هەموو بەرهەمەی منت لە بەردەستدا بن و بڵێیت تووشی نەزیفی هاتوویت، بەڵام نموونەیەکیان لێ نەهێنیتەوە، بەڵکوو سەرنجت لەسەر وازهێنانەکە بێت، لە کاتێکدا وەک ڕەخنەگر خۆتت بە ئێمە ناساندووە؟ لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا هەوڵم داوە بە وردی لەو بارەیەوە بدوێم، بۆیە نامەوێت ئەوان پاتە بکەمەوە، بەڵام لێرەدا هێندە دەڵێم من بەپێی هیچ سەرچاوەیەک وازم نەهێنا و بەپێی هیچ سەرچاوەیەکیش نەگەڕامەوە، بەو مانایەی من ئازادم کەی بڕۆم و کەی بێمەوە. ئەوە خەسڵەتی مرۆڤی تاکی سەربەخۆیە، کە بەپێی ناوەوەی بڕیار دەدات، بۆیە ئەو بڕیارە شتێکی چەسپاو نییە و دەشێ بگۆڕێت. ئەوە مرۆڤی کۆیلەیە، کە بەپێی سەرچاوە دەجووڵێتەوە. لە ڕۆمانی (تەرمەوان) و لەسەر زمانی (زیبا)دا گوتراوە: (مرۆڤ کاتێ تەنیا دوو شتی لە بەردەمدان، تا یەکێکیان هەڵببژێرێت، ئەوە ئەوەیانی ویستووە، کە هەڵینەبژاردووە). هەڵبژاردن بۆ مرۆڤی ئازاد کارێکی سەختە، بەڵام ڕەخنەگری میلـلی ناتوانێت ئەوە ببینێت، مادام لە سەرچاوەی زانراوی کۆمەڵگەوە دەڕوانێت و زمانی هەمان زمانی حەشاماتە. لە گوتاری (لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی)دا ئاماژەم بە بۆچوونی (سۆرێن کیەرکەگۆرد)ی فیلۆسۆف و تیۆلۆجن (Theologian) کردووە، کە ئەوە لە ڕێی هه‌ردوو چه‌مکی (ڕه‌وشت) و (نیگه‌رانی)یه‌وه‌ لێک دەداتەوە. پێی وایه‌ ئه‌وه‌ی شێوازی ژیانی تاک دیاری ده‌کات، هه‌ڵسوکه‌وتیه‌تی‌، که‌ هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ ده‌یخاته‌ به‌رده‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌‌وێت. به‌م شێوه‌یه‌ بڕیاردان له‌ لایه‌ک پێوه‌ندیی به‌ ڕه‌زامه‌ندیی خود (self-gratifying) و له‌ لایه‌کی دیکه‌‌ به‌ ڕه‌وشت (Ethical)ـه‌وه‌ هه‌یه‌. واتە تاک خاوه‌نی ئازادیی ته‌واوه‌ له‌وه‌ی‌ چی هه‌ڵده‌بژێرێت، که‌ هه‌ر ئه‌وه‌یشه‌ بڕیاره‌کانی‌ دیاری ده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه‌‌ هاوکات له‌گه‌ڵ خۆیدا نیگه‌رانی ده‌هێنێت. وه‌ختێ که‌سێک له‌سه‌ر لووتکه‌ی شاخێکدا ده‌وه‌ستێت و بۆ خواری خواره‌وه‌ ده‌ڕوانێت، دوو جۆر ترسی لە لا دروست ده‌بن، ترس له‌ که‌وتن و ترس له‌وه‌ی هۆکارێک پاڵی پێوه‌ بنێت خۆی هه‌ڵبدات. ترسی دووه‌میان له‌وه‌وه‌ دێته‌ کایه‌وه‌، که‌ ئازادیی ته‌واوی هه‌یه‌ چی هه‌ڵببژێرێت. واته‌ خۆی هه‌ڵبدات، یان نا؟ خۆی ئه‌و بڕیاره‌ ده‌دات و یه‌کێکیان هه‌ڵده‌بژێرێت، که‌ ناوی (سه‌ره‌سووڕه‌ی، یان ماخۆلانی ئازادی: dizziness of freedom)ی لێ ده‌نێت، به‌وه‌ی دوودڵه‌ کامیان هه‌ڵببژێرێت. واته‌ تاک بوونێکی مۆڕاڵیی هه‌یه‌. پێی وایە نیگەرانی حەقیقەتی ئازادییە، بەو مانایەی نیگەرانی بەو شتەوە پێوەستە، کە مرۆڤ دەیکات. لێرەدا تەنیا ئەو خواری خوارەوەیە نییە نیگەرانیی بۆ دەهێنێت، بەڵکوو چاوی خۆیشیەتی. با وای دابنێین لە خوارەوە ناڕوانێت. کەواتە سەرەسووڕێ کاتێ دروست دەبێت، کە مرۆڤ ئەگەرەکانی خۆی دەبینێت.

ئایا من لە بڕیارداندا کەسێکی ڕاڕام؟ بەڵێ، لەو شتانەی پێوەندییان بە هەڵبژاردنەوە هەیە. ئایا لە بڕیارەکانی خۆم پەشیوان دەبمەوە؟ بەڵێ، چونکێ ئازادییەکەم وام لێ دەکات، ڕاڕا و نیگەران بم، کە ئەوانە پێم دەڵێن خۆتیت و لە شتدا نەتواویتیەوە. ئەگەر بە خوێنەرێکی سەرەتاییی فەلسەفە بڵێم من بەو شێوەیەم، ڕەنگە پێم بڵێت تۆ بە خۆتدا هەڵدەڵێیت، بەڵام ئەو ڕەخنەگرەی میلـلییەی خۆمان دوای چاپکردنی پاشۆلێک کتێب، هێشتا پێی وایە ئەوە خەوشێکی گەورەی کۆمەڵایەتییە، چونکێ ئەو بەوە ڕاهاتووە تەنیا لە سەرچاوەی میلـلییەوە بڕوانێت، ئەو سەرچاوەیەی هیی هەمووانە. خۆیشم ڕۆڵەی ئەم کۆمەڵگەیەم و دەزانم گوتراوە: (پیاو ئەو پیاوەیە، کە لە قسەی خۆی پەشیوان نەبێتەوە)، بەڵام من تاکێکی سەربەخۆم و دەتوانم بڵێم لە منداڵییەوە ئەم نەریتەم تێک شکاندووە. ناکرێت ڕۆماننووس و ڕەخنەدۆز بم و باوەڕم بەمە هەبێت. ئایا ئەو ڕۆژەی وازم هێنا، دەمتوانی وازیش نەهێنم؟ بەڵێ، کەواتە وازهێنانم هەڵبژاردەی خۆم بوو، وەک چۆن گەڕانەوەیشم هەڵبژاردەی خۆمە. گەڕامەوە، کاتێ زانیم ڕەخنەگرێکی میلـلی هەیە و منی کردووەتە بابەت، بابەتێک بۆ فریودان. ژیانم پێی گوتم ئێستا کاتی گەڕانەوەتە. ئەوەتە ئێستایش هاتوومەتەوە دەنگ و دە جاری دیکەیش دێمەوە، ئەگەر بزانم کراومەتەوە بابەت. مرۆڤی تاکی سەربەخۆ، ئەو مرۆڤەی خاوەنی بوونی ڕەسەنە و نەبووەتە شت، پێوەندیی بە ژیانەوە هەیە، بۆیە هەمیشە کێشەی گەورە دێنێتە ئاراوە، لە کاتێکدا ئەو مرۆڤەی بووەتە شت و لە حەشاماتدا تواوەتەوە، کێشەکانی بە شتەوە پێوەستن، بۆیە ئەو کێشانەی بچووکن. دەستی بە باوەڕی کۆمەڵگەوە گرتووە و لەوێوە بۆ چەمکەکان دەڕوانێت، ئینجا با ناوی بێژمار فیلۆسۆفی هێنابێت. من لە بەرهەمەکانمدا دەرمخستووە، کە مرۆڤی یاخی ڕووی لە بابەت نییە، تا یاخیبوونەکەی بە نەمانی بابەت ببڕێتەوە، بەڵام مرۆڤی ناو حەشامات، ئەوەی (ئەلبێرت کامیۆ) لە کتێبی (مرۆڤی یاخی)دا بە دنیای گرێس ناوی دەبات، ڕووی لە بابەتە. ئەگەر من وازم نەهێنایە، ئەو ڕەخنەگرە میلـلییە باسی وازهێنانی نەدەکرد، وەک چۆن ئەگەر نەگەڕابوومایەتەوە، بە لایدا نەدەچوو. ڕووی لە بابەتە و بە پرینسیپی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) بە ڕێوە دەچێت. من ژیانم پێشڕۆمە. ئەو ڕەخنەگرە میلـلییە بە (موفلیس)ی زانیم. لەو کتێبەدا بەشێکی تایبەتم لە ژێر ناونیشانی (ئایا من موفلیسم؟)دا نووسیوە و گوتوومە: {مرۆڤ ئەگەر نەبێتە بەشێک لەم دنیایە، ئەوا پێویستە هەموو شتەکانی لە دەست بدات و ئیفلاسی هەڵببژێرێت. خۆ ئەگەر بووە بەشێکی دانەبڕاوی ئەم دنیایە و کەلێنەکانی بوون و (ژیان!)ی بە هەر شتێک پڕ کرانەوە، ئەوا وەک ئەوانەی ترە و شتێکی نییە بە ناوی جیاوازی}. هەروەها نووسیومە: {وەک پێشتر گوتم من لەم دنیایەدا هەموو شتێک لە دەست دەدەم، بێجگە لە زمان. لەو کاتەی وازم هێنا و لە دۆخێکی نالەباردا بووم، تۆی ڕەخنەگر دەرفەتەکەت قۆزتەوە و هێرشت کردە سەرم، هێشتا ئەو زمانەم لە دەست نەدا و نەهاتم لە هەمان ئاستی زمانی تۆدا بە کاری بهێنم. وەک بینیمان زمان لای (هایدیگەر) واتە بوون. زمان بوونی منە. ئەوەی بوونی ڕەسەنی هەبێت، زمان لە دەست نادات، بەڵام ئەوەی بوونی ساختەی هەبێت، هەر لە بنەڕەتەوە نەبووەتە خاوەنی زمان، تاکوو ترسی لەدەستدانی هەبێت}.

ئەمەیش پەرەگرافێکی دیکەی ئەو کتێبەیە: {ئازیزی من، دەمێکە پێم گوتوویت زمان ئامانجە، نەوەک نووسین. من دەشێ وازم لە بڵاوکردنەوە هێنابێت، بەڵام مانای ئەوە نییە دەستم لە زمانی خۆم هەڵگرتووە. بەشێک لەوانەی وازهێنانی من وا لێک دەدەنەوە، کە ڕووخان و خۆبەدەستەوەدانە، وا لە زمان دەڕوانن، کە بریتییە لە نووسین. ئەگەر نەتنووسی، زمانت نییە، کە ئەمە لای من پێچەوانەیە. وەک گوتم دەستم لە زمانی خۆم هەڵنەگرتووە، کە تەعبیرە لە کەسێتیم و هۆشیاریم دەردەخات. من بنووسم، یان نەنووسم، هەر لە ڕێگەی ئەم زمانەوە پێوەندی بە دنیاوە دەکەم. ئەوەتا بە هەمان زمان لەگەڵ تۆدا دەدوێم. من هەر بەم زمان و هۆشیارییە ژیانم بە ڕێ دەکەم. دەیڵێمەوە نووسین فۆرمێکە لە فۆرمەکانی زمان، کە زمان بێژمار فۆرمی هەن. ئایا نەمدەتوانی لە هەر دەستگەیەکی کولتووری دابمەزرێم و ڕۆژانە گوتارێک بۆ ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانە بنووسم؟ بە تۆی ئازیزی دەڵێم وازهێنانی من بڕیارێکی ناوەوەی خۆمە و ئاڕاستەیە بۆ دەرەوە، نەوەک بەپێچەوانە. مادام دەتوانم بەردەوام بم و بەرهەمم هەیە، ئەوا وازهێنان ویستی خۆمە و بەسەرمدا نەسەپاوە…. نیگەرانی ڕێگەی لێ گرتووم لە ڕۆژنامەی حزبەکاندا ببمە نووسەر و پارەی پێ پەیدا بکەم. ئەگەر پێت وایە من دەستم لە زمانی خۆم هەڵگرتووە و لەگەڵ کولتووری باوی کۆمەڵگەدا ئاشت بوومەتەوە، تەنیا حوکمێکە داوتە، دەنا نووسەر بم و نووسەر نەبم، ئەوە زمان و تێگەیشتنی منن!}.

من لە ڕێگەی دایەلۆگ لەگەڵ فکری ڕەخنەییدا، لە ڕێگەی بۆچوونی فیلۆسۆفانەوە پێشانم داوە، کە ئیفلاسم کردووە. لە دنیا مایەپووچم و لە بەرانبەردا ژیانم بە دەست هێناوە. ئەمڕۆ هەمان ڕەخنەگری میلـلی هاتووە گەڕانەوەکەم بە شەرمەزاری دادەنێت، بێ ئەوەی لەو بارەیەوە دوو دێڕ بنووسێت. دەیڵێمەوە، کە من هەم موفلیسم و هەم لە بڕیاردانیشدا ڕاڕا و نیگەرانم. ئایا گەڕانەوەی من زیانی بە ژیانی یەک کەس گەیاندووە؟ ئایا بەڵێنم بە هیچ کەسێک داوە و گوتوومە تا سەر بەردەوام دەبم، تا ئەگەر وازم هێنا، مانای وایە بەڵێنەکەم شکاندووە؟

ئێستا لەم ڕەخنەگرە میلـلییە دەپرسم، ئاخۆ دەتوانێت چوار دێڕ لەبارەی پەشیوانبوونەوە بنووسێت، بە مەرجێ هەمان قسەی جەماوەر نەکات، وەک ئێستا کردوویەتی؟ دەتوانێت بە نزیکترین هاوڕێی بڵێت ئەو چەمکە بۆ ئەو چی دەگەیەنێت؟ ئایا لەو دوو ساڵەی من وازم هێنا، ئەو چیی نووسیوە؟ لە خۆی ڕادەبینێت پێشانمی بدات؟ ئایا پێی خۆشە من باسی ئەم دوو ساڵەی خۆمی بۆ بکەم؟ دەیەوێت لێم بپرسێت چەند کتێبم خوێندەوە؟ ڕێم دەدات من لەو بپرسم، ئاخۆ دەتوانێت ناوی یەک کتێبی گرنگم پێ بڵێت، کە لەو دوو ساڵەدا خوێندییەوە و لە گوتارێکیدا ڕەنگی دایەوە؟ لێرەیشدا لێی دەپرسم ئایا نەمدەتوانی لە دامودەستگەی یەکێ لەو حزبانەدا وەک نووسەر دابمەزرێم؟ ئاستی ئەوانەی وەرگیران، لە چ روویەکەوە لە سەرووی ئاستی من بوو؟ ئایا وازم هێنا، چونکێ بەرهەمم نەما؟

ئەوەی کردوویەتی، دوو هەڵەی لۆجیکی لە خۆ دەگرێت: یەکەمیان بە (ad hominem) ناسراوە. واتە لە جیاتیی ئەوەی بێت لەبارەی بابەتەکەوە بدوێت، پەلاماری کەسەکە دەدات. دووەمیان پێی دەگوترێت (ignoratio elenchi)، کە بە ئینگلیزی بەم شێوەیە دەینووسن (ignorance of the proof)، بەو مانایەی خۆی لەو بابەتە لا دەدات، تا شتی دیکە بێنێتە ناوەوە و ئەوی پێ دابپۆشێت. مادام من وازم هێناوە و گەڕاومەتەوە، کەواتە نووسەرێکی خراپم، بە ڕادەیەک شەرمە ناوم بهێنێت. هەر لێرەوە دەکرێت بڵێت تووشی نەزیفی هاتووم، بێ ئەوەی یەک پەرەگراف لە بەرهەمەکانم وەربگرێت، تا ئەوە دەربخات. ئەم دوو هەڵە لۆجیکییە بۆچوونەکەی پووچ دەکەنەوە، بەڵام ئایا سەیر نییە ڕەخنەگرێک کۆمەڵێک کتێبی ڕەخنەییی چاپ کردوون، خۆی بە خوێنەری بیرمەندە گەورەکانی کورد دەزانێت، هێشتا ئەم دوو هەڵە لۆجیکییە و کۆمەڵێکی دیکەی لەم شێوەیە بکات؟ تێکستی لاواز پێویستی بەوەیە بە شتی دەرەوەی بەهێز بکرێت، لە کاتێکدا ناتوانێت بەهێز ببێت. لێرەدا هێزی (ئارام سدیق) لەوەدایە توانیویەتی ناوم نەهێنێت و پەلاماری کەسێتیم بدات، بەڵام ئایا ئەو دوو خاڵە دەتوانن ڕێ لەوە بگرن من چەمکەکانی هەڵنەگرمەوە و لاوازییان پێشان نەدەم. بۆچی پێت ناخۆشە کەسێکی موفلیسی پەشیوانبووەوەی وەک من بگەڕێتەوە؟ دەسا پێویستە حەز بکەیت، چونکێ دەتوانیت لەو ڕێیەوە پێشانی خوێنەری بدەیت، کە وازهێنان و پەشیوانبوونەوە مایەی لاوازین. ناوم بهێنیت، چاکترە، چونکێ خوێنەر دەزانێت ئەو کەسە کێیە، کە تا ئەو ڕادەیە لاوازە.

ئینجا نۆرەی ئەم بەشەی پەرەگرافەکەیە: (وەکوو ئەوەی ئیدی وشە بەرەو کۆتایی بڕوات و ئەو بیەوێت لە کتێبی قەبە و چاوپێکەوتنی درێژ تۆڵەی ڕۆژووگرتنە کورتخانەیەنەکەی بکاتەوە).

ڕەخنەگرێک پاش چاپکردنی کۆمەڵێک کتێب، هێشتا پێی وایە نووسین لە وشە پێک دێت، بە مەرجێ هەم لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام) و هەم لەو نامانەی بۆیم ناردوون، ئەو چەمکەم لێک داوەتەوە و لەم ڕووەوە ئاماژەم بە بەرهەمی کۆمەڵێک فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆز کردووە. بۆ نموونە لەوێدا نووسیومە: {تێکست لای (بارت) لە ڕایەڵی دەنگی جۆراوجۆر پێک دێت، کە لە ڕێی ئێنتەرتێکستوالیتییەوە یەک دەگرن. مادام تێکست لە وشە و ڕستە دروست نابێت و مانای جۆراوجۆری هەن، نەوەک مانایەکی دیاریکراو، کەواتە بوونی نووسەر ونە، یان وەک مردوو وایە، کە بۆ کەسێکی گریمانی دەگۆڕێت، بەو مانایەی ئەو گوتاری خۆی لەسەر بۆچوون و لێکدانەوەکانی پێشوو دادەمەزرێنێت}.

ئەمەیش نموونەیەکی دیکە لە هەمان کتێبدا: {بۆچی (لودڤیگ ڤێتگینیشتاین) ناو لە زمان دەنێت گەمە، یان گەمەی بەرز؟ مرۆڤ کاتێ دەدوێت، دەنگ و کاتێ دەنووسێت، وشە بەرهەم دەهێنێت، واتە لەسەر کاغەزدا هێڵ دەنەخشێنێت، بەڵام ئەوە چییە مانا بەو دەنگ و هێڵکارییانە دەدات؟ بەپێی تراکتاتوس (Tractatus)، کە (مانای نامە، پەیام، گوتار، ڕاڤە و شتی لەم بابەتەیە: Treatise)، تاکەڕستە، کە مانای هەیە لەو ناوانە پێک دێت، پێکەوە پێوەستن. ئەو ناوانە دنیایەکی تایبەت بە زمان دەدەن. بەم شێوەیە وەک چۆن دنیا لۆژیکی خۆی هەیە، ئەوا زمانیش خاوەنی لۆژیکی خۆیەتی، کە ئەرکی زمان لەوەدا بەرجەستە دەبێت وێنەی دەرەکیی دنیایە. گەمەی زمان وێنەکەیەتی، کە لەو دنیایەی دروست کردووە. بەوەدا زمان گەمەیە، کەواتە یاسای هەیە وەک هەموو گەمەکانی تر، بۆیە ڕەچاونەکردنی ئەو یاسایانە دەبێتە هۆی تێکچوونی. هەر لە ڕێگەی ئەو گەمەیەیشەوە منداڵ فێر دەبێت و پێوەندیی بە دنیاوە دەکات}.

هەروەها لەبارەی بۆچوونی (ئایزەر)ـەوە نووسیومە: {تێکست لە ڕێگەی وشە و ئایکۆنەوە تەنیا هەندێک سیما پێشان دەدات، کە ئەوانە ڕێگە بۆ خوێنەر خۆش دەکەن لەوێوە بۆ ناوی بخزێت. بە مانایەکی تر خوێندنەوە سنووری ئەو وشە و ئایکۆنانە دەبڕێت و لەودیو نهێنییەکان دەدۆزێتەوە. ئەمەیش مەرجی بەشداریکردنە لەگەڵ تێکستەکەدا بۆ پێکهێنانی کارە ئەدەبییەکە، بەوەی ئەگەر تێکستەکە هەیە، ئەوا کارەکە هێشتا پێک نەهاتووە، تاکوو ئەو کاتەی خوێنەر بەر تێکستەکە دەکەوێت، کە ئەو تێگەیشتنەیش شتێکی بەرجەستە نییە چوارچێوەی هەبێت، بەڵکوو گریمانییە، بێسنوورە و دەشێ بەردەوام گۆڕانی بەسەردا بێت.}

نموونەیەکی دیکە: {چەمکی ئارکیۆلۆجی لای (فۆکۆ) بە مانای کردنەوەی ئەو دیسکۆرسانەن، کە وا خۆیان دەردەخەن قەوارەی یەکگرتوو و چەسپاون. بەم شێوەیە دەیەوێت وشە و شت، دیسکۆرس و بابەت لە یەکتر بترازێنێت و بیانکاتەوە، لێرەوەیە نەک هەر کۆمەڵێک چەمکی نوێ لە دایک دەبن، بەڵکوو چەمکە کۆنەکانیش مانای نوێ بە خۆیانەوە دەگرن. لە بەرهەمەکانی تریشیدا بە هەمان شێوە، بۆ نموونە لە (وشەکان و شتەکان)دا مامەڵە لەگەڵ ئەو چەمکانەدا دەکاتەوە}.

ئەمانە تەنیا چەند نموونەن و دەتوانم هیی دیکەیشی بۆ بێنمەوە، بگرە دەتوانم لەو بارەیەوە گوتارێکی سەربەخۆ بنووسم و نووسیویشمە. ئەو (هایدیگەر)ـە بۆچی دیار نییە، کە زووزوو ناوی دەهێنێت؟ کوا کاریگەریی بەرهەمی ئەو بیرمەندە کوردانەی، بەردەوام پێمان دەڵێت خوێنەریانە؟ ئایا ئەگەر ئەم پەرەگرافە بۆ خوێنەرێکی (هایدیگەر) بخوێنیتەوە، قاقا لێ نادات؟ شتێک هەیە ناوی زمانە و مانای وشە دەردەخات، بەڵام وشە خۆی ئایکۆنە. وشە تەنیا لە جووڵەی بیرکردنەوە و خەیاڵدا دەردەکەوێت، دەنا هەر بوونی نییە. ئایا کاتێ ئێمە دەدوێین و شتی گرنگیش دەردەبڕین، پەنا بۆ وشە دەبەین؟ ئەگەر بمانەوێت ئەو بۆچوونانەمان بەرجەستە بکەین، ئەودەم تیپ بە کار دەهێنین. وشە و نووسین زۆر لە یەک جیاوازن، کە ڕەخنەگری میلـلی بەوەدا لە سەرچاوەی زانراوی کۆمەڵگەوە دەڕوانێت، تێکەڵیان دەکات. وشە وەک (فێردیناند سۆسێر) پێی وایە مانا لە وشەکانی دیکە وەردەگرێت، کە لێرەدا (جیاوازی) بەرهەم دێت، نەوەک (لێکچوون). چەند ساڵ لەمەوبەر (ئارام کاکەی فەلاح)، کە یەکێکە لەوانەی (ئارام سدیق) پێیان سەرسامە، لە گفتوگۆدا هەمان شتی نووسیوە: (فانتازیا خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه‌ و‌ که‌مێکی دێته‌ ناو وشه‌وه‌). نایشارمەوە ئەو گفتوگۆیە و بە تایبەت ئەم ڕستەیە وای لێ کردم بپرسم ئەرێ هەندێک نووسەری کورد تا ئەم ڕادەیە سادەن؟ دوو جار داوام لێ کردووە و ئەمەیش جاری سێیەم، کە ئەوە مانای چییە، بەڵام وەڵامی نەبووە. ئەو خوێنەرانەی دەوروبەرم چەند ساڵە بەم بۆچوونە پێدەکەنن. ئەو نەوەیەی پێش (ئارام سدیق) هەندێک گلەیییان دێتە سەر، کە نەک هەر نەیانویستووە مەعریفەی ڕەخنەیییان بخەنە بەر دەست، بەڵکوو بە لاڕێیشیاندا بردوون و تووشی بەدخۆراکییان کردوون، بەڵام ئایا خۆیان هەوڵیان دا ئەو مەعریفەیە بە دەست بێنن، تا بەو نەوەیەی بگەیەنن؟

ئێستا دەگەینە ئەم بەشەی پەرەگرافەکە: (ئەو بیەوێت لە کتێبی قەبە و چاوپێکەوتنی درێژ تۆڵەی ڕۆژووگرتنە کورتخانەیەنەکەی بکاتەوە).

ئایا دیسان سەیر نییە ڕەخنەگرێک هێشتا بەم شێوەیە لە چەمکی (تێکست) بڕوانێت؟ پرسیاری یەکەمی ئەو گفتوگۆیەی (شاخەوان سدیق)، کە بۆ تەوەرەی (وانەر) لەگەڵیدا کردووم، لەبارەی کورتی و درێژیی تێکستەوەیە و هەوڵم داوە بە وردی لەو بارەیەوە بنووسم، کە هیوادارم خوێنەر بۆی بگەڕێتەوە، تا بزانێت ئەم تێگەیشتنەی ئەو ڕەخنەگرە میلـلییە تا چ ئەندازەیەک ڕووکەشە! ئەم بەشەی لێ وەردەگرم:

{تێکست چییە؟ ئایا مەبەستمان لە لایەنی فیزیکییەتی، یان لایەنە مێتافیزیکییەکەی؟ ڕەخنەگری میلـلی، کە لەم سێ دەیەیەدا دەستی بەسەر تێکڕای کەناڵەکانی دەربڕیندا گرتووە، تەنیا لایەنی فیزیکیی تێکست دەبینێت و لەوێوە بە ئاسانی حوکم بۆ هەموو شتێک دەردەکات، بەوەی چەمکەکان کاتێ دەخرێنە ئاستی میلـلییەوە و بە زمانی ڕۆژانە قسەیان لێوە دەکرێت، زەمینەی لەبار بۆ حوکمدان خۆش دەکەن. یەکێ لە خەسڵەتە زەقەکانی فکری میلـلی، جوداکردنەوەی شتەکانە لە یەکتر. بە مانایەکی دی، دابەشکردنیانە بەسەر دوو لایەنی دژبەیەک، تا یەکێکیان بە باش و ئەوەی تریان بە خراپ دابنرێت. لە (فریدریک نیتشە)وە تا ئەمڕۆ فەلسەفە لە دژی ئەو دابەشکارییەدا وەستاوەتەوە و خوێنەر ئەگەر بۆ بەرهەمەکانم بگەڕێتەوە، دەبینێت، کە من بەردەوام لەو بارەیەوە نووسیومە و ڕووبەڕووی ئەو تێگەیشتنە بوومەتەوە، وا ڕەخنەی میلـلی و زمانی ڕۆژانە بە پرینسیپی دابەشکاری سەپاندوویانە. شتێکی سەیر نییە، کاتێ دەبینین ئەو دابەشکارییە گەیشتووەتە ئەوەی بڵێت ڕۆمان لە چیرۆکی درێژ و چیرۆکی درێژ لە چیرۆکی کورت گرنگترە، یان سەختترە، بە مەرجێ لەم سێ دەیەی ڕابردوودا بێژمار چەمک فڕێ دراون، کە یەکێکیان تێکستە. ئایا چەمکی تێکست دەستنیشان دەکرێت؟ ئایا تێکست چوارچێوەدارە؟ ئایا کورتی و درێژی مانایەکیان هەیە، کاتێ ئاستی فیزیکی تێکست جێ دەهێڵین و بە ئاستە مێتافیزیکییەکەی دەگەین، کە ڕووبەرێکی بێسنوورە؟ ئەوەی خوێنەری ڕەخنەدۆز ڕووبەڕووی دەبێتەوە، مانا شاراوەکانی تێکستن، نەوەک کورتی و درێژی. ئەو تێکستە چیی لە خۆی گرتووە و ئاڕاستەکانی چۆن هاتوون؟ لە پرۆسێسی پێکهاتنیدا دایەلۆگی لەگەڵ چەند تێکستی دیکەدا کردووە و خاوەنی چ هێزێکی دایەلۆگییانەیە لەگەڵ خوێنەردا؟ چ لەو گفتوگۆیەی پێشوودا، کە لە ژێر ناونیشانی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا بڵاو کرایەوە و چ لە بەرهەمەکانی تریشمدا پێم لەسەر ئەوە داگرتووە، کە تێکست پێکهاتەیەکی مێتافیزیکییە و کۆمەڵێک پایەی دژبەیەک ڕایانگرتووە، بۆیە شوێنێک نییە پێی بگوترێت (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی). هەر تێکستێک ئەگەر لە ڕووی فیزیکییەوە سەرەتای هەبێت، ئەوا لە ڕووی مێتافیزیکییەوە سەرەتا خاڵێکی دیاریکراو نییە، بەڵکوو بێژمار سەرەتامان هەن، بەو مانایەی تێکستی داهێنەرانە درێژبوونەوەی هەیە و ڕێ نادات سنووری بۆ دابنێین. لەم ڕووەوە بۆچوونی ڕەخنەدۆزانی وەک (ڕۆلان بارت)، (مێشێل فۆکۆ)، (جاک دێریدا) و ئەوانەی ترم هێناوەتە ناو ئەو دایەلۆگەوە. چەمکی (یاری) ئەوانە کۆ دەکاتەوە، بەو مانایەی لە یاریدا جووڵەکانی تێکست دەردەکەون و وشە لە ئایکۆنەوە بۆ ئاماژە دەگۆڕێت. بۆ نموونە (دێریدا) لە کتێبی (نووسین و جیاوازی)دا پێی وایە یاریی بەردەوامی ماناکان سڕینەوەی سنووری نێوان چەمکەکان و دەرکەوتنی ڕاڤەکانە، تا لەوێوە هەر ڕاڤەیەک بتوانێت تێکستەکە بە شێوەی خۆی پێک بهێنێتەوە (reshaping). من پێم وایە لە ئەتمۆسفێری ئەو یارییەدا کورتی و درێژی مانای خۆیان لە دەست دەدەن. ئەگەر تێکست لە لایەک بێکۆتا بێت و لە لایەکی دی لە ئاڕاستە و ئاماژەی بێسنوور پێک بێت، ئەوە ناکرێت چیرۆکی کورت بە کورت و ڕۆمان بە درێژ بزانین. دەشێ چیرۆکێکی کورت زۆر لە ڕۆمانێکی قەبارەگەورە پتر توانای یاریی هەبێت. بەوەدا تێکستەکانی هەر داهێنەرێک پێوەندیی ڕایزۆمییانەیان پێکەوە هەیە، ئەوە دەکرێت چیرۆکەکانی جارێ بە تەنیا و جارێ لەگەڵ ئەوانەی دیکەدا، واتە لە شێوەی ڕۆماندا بخوێنینەوە}.

(سدیق) دەڵێت گفتوگۆی درێژم کردووە، کە ڕاستییەکەی لەم چوار ساڵەدا تەنیا چوار گفتوگۆم لەگەڵدا کراون، کە دواتر ئاماژەیان پێ دەکەم. وەک گوترا لە تێکستدا شتێک نییە بە ناوی کورتی و درێژی، بەڵکوو دەبێت بپرسین چیی تێدا دەرخراوە؟

ئایا هەر نووسەرێک لەم چوار ساڵەدا هێندە بنووسێت، کە من نووسیومە، مانای وایە نەزیف بووە، یان حوکمەکە پێشوەخت دەرکراوە؟ ئایا بۆ نموونە (بەختیار عەلی) لەم ماوەیەدا چەند کتێبی نووسیوە؟ چەند گفتوگۆی لەگەڵدا کراوە؟ چەند جار لە کەناڵەکانی تیڤی و ڕەیدیۆدا بەشدار بووە؟ چەند کۆڕی گێڕاوە؟ لە چەند ئاهەنگی دابەشکردنی کتێبدا بینراوە؟ ئەرێ ئەو لە منی زیاتر نەنووسیوە و لە منیش پتر لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا دەرنەکەوتووە؟ ئەوانە بۆ ئەوە ناپرسم، تا هەمان شتیش بەو بڵێت، لە کاتێکدا ڕەخنەم لەو تێگەیشتنەی هەیە، بەڵکوو دەمەوێت بزانم ئەوە تەنیا بۆ ڕەزاگرانەکانە، یان هەمووان دەگرێتەوە؟ ئێستا کەس ناچاری نەکردووم و بە ئارەزووی خۆم دەمەوێت هەندێک زانیاری لەبارەی ئەم چوار ساڵەی ڕابردووی تەمەنمەوە بخەمە ڕوو. یەک سەفەرم تەنانەت بۆ کوردستانیش نەکردووە. ئینجا با نەڵێم یەک، بەڵکوو دەڵێم دوو هاوڕێ لە هاوڕێ نزیکەکانمم نەدیون، بەوانەی دانمارکیشەوە. ڕاستییەکەی شەش ساڵە نەمدیون. زۆرکەم لە شارەکەم، بگرە لە ماڵەکەم چوومەتە دەرەوە. لە ڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندیم بە کەسوکار و هاوڕێیانمەوە هەیە، تەنانەت لە فەیسبوکدا ئەکاونتم نییە. هەمیشە گوتوومە پێویست ناکات لە کەسێک بپرسیت چەند دەخوێنێتەوە، چونکێ زمانەکەی ئەوەت پێ دەڵێت. ئایا زمانی بەرهەمەکانم چی بە خوێنەر دەڵێن؟ کاتێ دەڵێم زمان، تێگەیشتنیش دەگرێتەوە. ئایا نیشانەی نەزیفییان پێوە دیارە؟ وەک گوتم پێویستە نموونەیان لێ بهێنرێتەوە، دەنا دەبێتە حوکمی پێشوەختە. ئایا من ناتوانم هەمان تۆمەت هەر بۆ نموونە بخەمە پاڵ (ئومبێرتۆ ئیکۆ) و دەیان بیرمەندی دیکەوە، مادام ئامادە نیم دەست بخەمە سەر یەکێک لە بەرهەمەکانیان، تا بڵێم ئەمە نیشانەی نەزیفییانە؟ ڕاستییەکەی ئەمڕۆ سۆشیاڵمێدیا وای کردووە، بێ ئەوەی بمانەوێت، کەسەکان بێنە ناو ماڵمان و بە نهێنییەکانیاندا ڕۆ بچین، بۆیە ئاسانە بزانین هەر نووسەرێک تا چ ئەندازەیەک لە دەرەوەیەوە و تا چەند لەناو تەنیاییی خۆیدا بەرگەی ئەم هێرشەی تەکنەلۆجیای گەیاندنی گرتووە. ئەوە ڕاستە، کە هەندێک نووسەر هێندەی لە قەرەباڵغین، هێندە لەناو تەنیاییی خۆیاندا نین، کەچی بەرهەمی زۆر بڵاو دەکەنەوە، کە منی خوێنەر ڕێ بە خۆم دەدەم بپرسم، ئەوانە کەی دەخوێننەوە؟ ئایا من یەکێکم لەوانە؟ بە هیچ شێوەیەک! دواتر بۆ ئەم باسە دەگەڕێمەوە و نموونە لە ژیانی (هایدیگەر) دێنمەوە. هیوادارم (سدیق) بێت و بە درۆم بخاتەوە. ئایا هەر بە ڕاستی ئەگەر بێڵایەنانە بە دوای ئەو نووسەرانەدا بگەڕێت، کە زۆر لە دەرەوەن و زۆریش بڵاو دەکەنەوە، من دەدۆزێتەوە، یان کەسانی دیکە؟ هیوادارم لە ئاستی دەربڕینەکەیدا بێت و قسەی خۆی لەو باسەدا بکات، نەوەک بێدەنگی هەڵببژێرێت.

ئایا (سدیق) خۆی لەو کەسانەیە، کە هەرگیز لە بڕیاڕیان پاشگەز نابنەوە؟ لەو گوتارەی، گۆیە لەبارەی منەوە نووسیویەتی، دەڵێت پرسیار گرنگ نییە و هەر کەسێ پرسیار بکات، مایەپووچ دەبێت، بەڵام لەم ماوەیەی پێشوودا گفتوگۆیەکی ئەویان وەک نوکتە بۆ ناردووم و تێیدا جەخت لەسەر بایەخی پرسیار دەکاتەوە. ئایا ناوەوەی داوای لێ کردووە بۆچوونی بگۆڕێت، یان بەپێی دۆخە کۆمەڵایەتییەکان دەیسازێنێت؟ هەندێک شتی وای لەبارەی پرسیارەوە گوتوون، کە هەر کەسێکی دیکەیش، بێ ئەوەی وەک نووسەر خۆی ناساندبێت، دەتوانێت بیانڵێت. گفتوگۆکە لەبارەی چەمکی (نووسین)ـەوەیە. ئەگەر تۆ تەمەنت بیست تا سی ساڵە، یان زیاتریشە و لەو کەسانەیت حەزیان لێیە گوێ لە قسەی خەڵکی گەڕەک بگرن، ئەوە لە خۆم ڕادەبینم پێت بڵێم لەم گفتوگۆیەیدا دەیانبیستیتەوە. دیارە من کێشەم لەگەڵ قسەی خەڵکی گەڕەک نییە، بگرە وەک ڕۆماننووسێک، کە ڕۆمانی فرەدەنگ دەنووسم، بایەخی پێ دەدەم، بەڵام سەمەرە ئەوەیە تۆ ڕەخنەگر بیت و بەم شێوەیە لەبارەی چەمکی (نووسین)ـەوە بدوێیت، کە لانی کەم لە (سۆکرات)ـەوە بووەتە کێشەیەکی گەورەی فەلسەفی و بە مێژووی فەلسەفەدا تێپەڕیوە. من یەک فیلۆسۆف و زمانناسم نەدیوە، ئەو کێشەیە ڕێی پێ نەگرتبێت، بۆیە پێشتریش گوتوومە لینگویستیک لەناو فەلسەفەدا چاوی هەڵهێناوە. ئەگەر (سدیق) خۆی، یان یەکێ لەوانەی، کە دڵیان بەوە خۆشە ئەو بە داهێنەری زانیون، دەڵێن لەم گفتوگۆیەدا تەنیا یەک پەرەگراف هەیە و مایەی پێکەنین نییە، با ئاگادارم بکەنەوە! ئایا (سدیق) ئامادەیە لەبارەی ئەم گفتوگۆیەوە چەند پرسیارێکی ئاڕاستە بکەم؟ یان ڕێی خوێنەرێکی بێلایەن دەدات لەو بارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵدا بکات؟ واتە لەبارەی ئەم گفتوگۆیەیەوە؟ من خۆم سێ خوێنەری لاو پێشنیاز دەکەم، کە هەر نەناسراون. (ئارام فەرید)، (هەرێم لوقمان) و (هیوا حاجی سابیر). کام نووسەری داهێنەر پێی ناخۆشە خوێنەری وریای ڕەخنەدۆز بەرهەمی بخوێنێتەوە و بە پرسیار ڕووبەڕووی ببێتەوە؟ من خۆم ئەو سێ خوێنەرەم لەم ڕێیەوە ناسیون. بۆ نموونە (ئارام فەرید) بەرهەمی (دێریدا)ی خوێندووەتەوە و ماوەیەکی درێژ لەبارەی چەمکی (نووسین)ـەوە گفتوگۆمان کردووە، لە کاتێکدا (سدیق) وەک لێرەدا دەیبینین، شتی وای لەبارەی ئەم چەمکەوە نووسیوە، نازانیت لە ئاستیدا چی بڵێیت!

ئەوەی خوێنەرێکی سەرەتاییی فەلسەفە بێت، کاتێ چەمک (نووسین)ی ڕووبەڕوو دەبێتەوە، خێرا چەند شتێکی دێنەوە خەیاڵ، کە لەم بوارەدا شتی بنەڕەتین. وەک ئایا قسە بایەخی لە نووسین زیاترە، یان بە پێچەوانەوە؟ ئایا زمان لە پێش فکرەوەیە، یان دەکەوێتە دواوەی؟ بۆ نموونە لای (مێرلۆپۆنتی) زمان، یاخود قسه‌ جه‌سته‌ی فکره‌، واته‌ بوونی هه‌ردووکیان پێکه‌وه‌ به‌نده‌، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی لای (پلاتۆ) هه‌بوو، که‌ زمان ده‌که‌وته‌ دوای فکره‌وه.‌ به‌ مانایه‌کی دیکه‌ باوه‌ڕی وابوو زمان ناتوانێت فکر بخوڵقێنێت، چونکێ‌ ده‌که‌وێته‌ دوایه‌وه‌. (سۆکرات) یەک وشە نانووسێت، کە ئەمە دەبێتە میراتێک و بۆ فیلۆسۆفانی دوای خۆی جێ دەمێنێت. من نزیکەی پانزدە ساڵ لەمەوبەر لەبارەی (نووسین)ـەوە گفتوگۆم لەگەڵدا کراوە و لێرەدا بەشێکی لێ وەردەگرم:

{ئه‌گه‌ر پێش (دێریدا) میتافیزیکای خۆرئاوا هه‌ر له‌ (سۆکرات)، (پلاتۆ)، (ئه‌ریستۆ)، (ڕۆسۆ)، (هیگڵ)، (سۆسێر) و (هایدگه‌ر) ڕۆڵی قسه‌ی ده‌خسته‌ پێش نووسینه‌وه‌ و باوه‌ڕی وا بوو، که‌ نووسین تەنیا ئامرازه‌ و ئه‌رکێکی لاوه‌کی ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ، به‌وه‌ی وا له‌ نووسین ده‌ڕوانرا تەنیا نوێنه‌ری قسه‌یه‌، وه‌کوو ئه‌وه‌ی (ڕۆسۆ) ده‌یگوت قسه‌ بناغه‌ی زمانه‌ و نووسین تەنیا فۆرمێکی مشه‌خۆره‌، یان وه‌کوو ئه‌وه‌ی (کلود لیڤی شتراوس) له‌ (خولگه‌ خه‌مناکه‌کان: Tristes Tropiques)دا تاریکبینانه‌ ده‌ڕوانێته‌ نووسین، به‌وه‌ی هاوشانه‌ له‌گه‌ڵ شارستانیه‌ت و ونکردنی گیانی پاکێتییه،‌ ئه‌وە ئه‌م تێڕوانینه‌ لای (دێریدا) هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه‌ و وه‌کوو وه‌همێک سه‌یر ده‌کرێت، به‌ڕاده‌یه‌ک،‌ ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ ده‌کاته‌وه و ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی بڵێت نووسین نه‌ک هه‌ر ناکه‌وێته‌ دوای قسه‌وه‌، به‌ڵکوو هاوشانیه‌تی، بگره‌ ده‌که‌وێته‌ پێشیشیه‌وه‌‌. ئەوان بەو بیانووە قسه‌یان دەخستە سەرووی نووسینەوە، گۆیە قسه‌ له‌ توانایدا هه‌یه‌ هه‌ردوو لایه‌نی قسه‌که‌ر و گوێگر ئاماده‌ بکات، له‌ کاتێکدا نووسین له‌و توانایه‌ بێبه‌شه‌ و ناتوانێت نووسه‌ر له‌کاتی گوتندا ئاماده‌ بکات. به‌مه‌یش قسه‌ ده‌شێوێت و به ‌دروستی ناگاته‌ گوێگر. به‌ مانایه‌کی دیکه،‌ ده‌نگ پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆ له‌نێوان قسه‌که‌ر و گوێگردا داده‌مه‌زرێنێت و ده‌توانێت مانا به ‌ته‌واوی ئاماده‌ بکات. (پلاتۆ) نووسین به‌ ده‌رمان (فارماکۆن) ده‌چووێنێت، که‌ له‌ زمانی ‌گریکدا به ‌هه‌ردوو مانای ده‌رمان و ژه‌هریش دێت، بۆیه‌ له‌ حاڵه‌تی نووسیندا ماناکه‌ی ده‌رناکه‌وێت، مادام قسه‌که‌ر بوونی نییه‌ و له‌ ڕێگەی ده‌نگه‌وه‌ پەیامه‌که‌ ناگه‌یه‌نێت. (دێریدا) له‌سه‌ر ئه‌م تێڕوانینه‌ ده‌وه‌ستێت و پێی وایه‌ ئه‌مه‌ تەنیا وه‌همێکه‌ و ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ هه‌رگیز نایه‌ته‌ کایه‌وه، چونکێ‌ ڕه‌گه‌زه‌کانی وه‌کوو میتافۆر و خوازه‌ تایبه‌ت نین به‌ نووسین، به‌ڵکوو له‌ناو قسه‌کردنیشدا هه‌ن‌. یه‌کێک له‌ ئارگیۆمێنته‌کانی (دێریدا) بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌، ئه‌وه‌یه‌، که‌ مرۆڤ تەنیا له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه‌دا نادوێت، به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ خۆشیدا قسه‌ ده‌کات و خۆیشی گوێ له‌ خۆی ده‌گرێت. لێره‌وه‌یه‌ ئەم فیلۆسۆفە جه‌خت له‌سه‌ر نووسین ده‌کاته‌وه‌، به‌وه‌ی ده‌توانێت ببێته‌ زمان و له‌ هه‌موو بواره‌کاندا کار بکات. پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی، که‌ ده‌گوترا له‌ نووسیندا نووسه‌ر، یاخود قسه‌که‌ر گوم ده‌بێت، ئه‌و پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرێت، که‌ نووسین بوونی نووسه‌ر ده‌پارێزێت و به‌رده‌وامیی پێ ده‌به‌خشێت، چونکێ مه‌رج نییه‌ بوونی نووسه‌ر، بوونێکی ڕاسته‌وخۆ بێت، به‌ڵکوو نووسین ئه‌وه‌ ده‌سه‌پێنێت، که‌ نووسه‌ر له‌ ڕێگەی نووسینه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ بێت. به‌م شێوه‌یه‌ لای (دێریدا) گۆڕان له‌ سەنترالیزمی ده‌نگ (Phonocentrism)‌ـه‌وه‌ بۆ سەنترالیزمی نووسین دێته‌ کایه‌وه‌، به‌وه‌ی نووسین ده‌توانێت به‌رده‌وام چه‌مکی دیکه‌ دابهێنێت. سەنترالیزمی ده‌نگ یه‌کێکه‌ له‌ سیماکانی که‌لتووری خۆرئاوا، که‌ له‌ پرۆسێسی گه‌یاندنی مانادا، ده‌نگ ده‌خاته‌ سه‌رووی نووسینه‌وه، به‌وه‌ی (بوون) به‌ (ئاماده‌گی)یه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه، چونکێ‌ ئه‌و بۆچوونه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دامه‌زراوه‌، که‌ فکری مرۆڤ سەنتەری بوونه‌ و هه‌ر شتێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سەنتەره‌وه‌ بێت، بوونی نییه‌. واته‌ خودی مرۆڤ خۆی له‌ناو هۆشدا جێگیره‌. (دێریدا) ده‌یه‌وێت ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ تێک بشکێنێت، واته‌ بیرۆکه‌ی سەنترالیزمی خۆرئاوا. وه‌ک ده‌بینین (دیکارت)یش توانای زمان به‌ بوونی عەقڵه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ زمان تایبه‌ت ده‌کات به‌ مرۆڤ و له‌ ئاژه‌ڵی دوور ده‌خاته‌وه‌.‌ (دێریدا) وه‌کوو هه‌ر سەنتەرێکی دیکه‌ی ناو فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاوا هه‌وڵی تێکشکاندنی ده‌دات. عەقڵ و ده‌نگیش ئه‌و دوو سەنتەرەن، که‌ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌یان له‌سه‌ر دامه‌زرێنراوه‌ و له ‌ژێر ناوی (لۆگۆس)دا جێگیر بوون. به‌ مانایه‌کی دیکه‌ (لۆگۆس) هاوواتای عەقڵ و ده‌نگه‌. وه‌کوو هه‌ر (دێریدا) خۆی ده‌ڵێت فه‌لسه‌فه‌ له‌ (پلاتۆ)وه‌ هه‌تا ده‌گاته‌ (هوسێرل) پابه‌ندی سەنترالیزمی ده‌نگه‌. ‌ئه‌وه‌یش، که‌ پێی ده‌گوترێت گومبوونی پاکژی له‌ ئه‌نجامی گواستنه‌وه‌ له‌ قسه‌وه‌ بۆ نووسین، دیسان لای (دریدا) وه‌کوو وه‌همێکی ڕۆمانسی سه‌یر ده‌کرێت، ئه‌گه‌رچی نکووڵی له‌وه‌ ناکات له‌ناو نووسیندا توندوتیژییش خۆی حه‌شار داوه‌. به‌هه‌رحاڵ گواستنه‌وه‌ له‌ قسه‌کردنه‌وه‌ بۆ نووسین، گۆڕینی پێوه‌ندیی خواوه‌ند بوو به‌ مرۆڤه‌وه‌، که‌ پێشتر وه‌کوو تابوو سه‌یر ده‌کرا، به‌وه‌ی (هێرمس Hermes) له‌ ڕێگەی زمان، یاخود له‌ ڕێگەی لۆگۆس (Logos)ه‌وه‌ قسه‌کانی (زیۆس Zeus)ی خواوه‌ندی به‌ ڕێگەی زاره‌کی بۆ به‌نده‌کانی ده‌گوێزایه‌وه‌. وه‌کوو (دێریدا) له‌ (ده‌رمانخانه‌ی پلاتۆ)دا له‌سه‌ری ده‌وه‌ستێت و به‌ گه‌وره‌ترین داهێنانی مرۆڤی ده‌زانێت}.

وەک گوترا نزیکەی پانزدە ساڵ لەمەوبەر منی مایەپووچی پەشیمانبووەوە ئەمانە و زۆری دیکەم لەو بارەیەوە نووسیون. ئەگەر (سدیق) داوا بکات، زیاتریشی بۆ دەنووسم و نووسیویشمە. پرسیار ئەوەیە چۆن دەبێت خۆی لە خوار ئەم ئاستەدا بنووسێت؟

هەر لەم گفتوگۆیەدا (سدیق) زمانی بە (ئامراز) داناوە، کە خۆی نووسیویەتی (وەسیلە). ئایا کەسێک زووزوو ناوی (هایدیگەر) بێنێت و زمان بە ئامراز بزانێت، مانای وایە کتێبێکی ئەو فیلۆسۆفەی بە دەستەوە گرتووە؟ من لەو گفتوگۆیەی (شاخەوان سدیق)دا، کە پێشتر ئاماژەی پێ کرا، ئەمانەم نووسیون:

{ڕەخنەگرێکی میلـلی لەم ڕۆژانەدا وا پێناسەی زمانی کردووە، گۆیە (وەسیلە)یە، کە ڕاستییەکەی پێناسەکە هیی خۆی نییە، بەڵکوو هیی خەڵکە و ڕۆژانە لە دەمیانەوە دەیبیستین. لەبارەی چەمکی (نووسین)ـەوە گفتوگۆی لەگەڵدا کراوە و دوو جار لە پەرەگرافێکی کورتدا ئەو وشەیەی پاتە کردووەتەوە: (زمان وەسیلەیەکە بۆ گەیاندن) و (وەسیلەی نووسەر زمانە بۆ گەیاندنی پەیامەکانی). ئێمە ئێستا قسەمان لەبارەی پێوەندیی نێوان ڕۆمان و خوێنەری جیاوازەوەیە. ئایا خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی ئەو گفتوگۆ داڕشتنئامێزەدا چ شتێکی دێتە بەردەم، کە پێشتر لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا نەیبیستووە؟ ئایا لەوەتەی چاومان کردووەتەوە، گوێمان لەو دوو ڕستە سواوە نابێت؟ چەمکی (نووسین)، کە بۆ نموونە (جاک دێریدا) دەیکاتە کێشەیەکی گەورەی فەلسەفی و لە ڕێیەوە ڕووبەڕووی مێتافیزیکای ئامادە (Metaphysics of Presence) دەبێتەوە، وا لەسەر بنەمای دوالیزمەکان دامەزراوە و بە مێتۆدی هەڵوەشاندنەوە لە ئاستی فۆنۆسێنتریزم (Phonocentrism)دا هەڵوێستە دەکات، کە ئەوەیان پێی وایە دەنگ و ئاخاوتن دەکەونە سەرووی (superior to) زمانی نووسینەوە، یان بە مانایەکی تر، ئەوانە لە نووسین گرنگترن، ئەو بڕوای وایە نووسین دەکەوێتە پێش ئاخاوتن و هاوشانیشیەتی، بگرە لە خۆیشی دەگرێت، کەچی ئەم ڕەخنەگرەی ئێمە دەیهێنێتە ئاستی ئامۆژگاری و بەو زمانە میلـلییەی وەسفی دەکات. ئەوە یەکێکە لەوانەی بڕیار دەدەن کێ ڕۆماننووسە و کێ ڕۆماننووس نییە. هەر بە ڕاستی ئەم ڕەخنەگرە میلـلییە و ئەوانەی دیکەیش زمان بە ئامراز تێگەیشتوون. نازانم ئەو هەموو فیلۆسۆفەی زووزوو ناویان دێت، بۆچی لەم گفتوگۆیەدا ونن! شتێکی سەیر نییە، ئەگەر ئەم ڕەخنەگرە ئەو نووسەرانە بدۆزێتەوە و بە داهێنەریان بزانێت، کە وەک خۆی زمان بە ئامراز دەزانن. لە کاتێکدا مێژووی پرسیاری (زمان چییە؟)، هەمان مێژووی فەلسەفەیە و داهێنانی هەر داهێنەرێک بەندە بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پرسیارە، کەچی لە لای بەشێکی نووسەرانی ئێمە کراوەتە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە جەماوەر. فیلۆسۆفێکی وەک (هایدیگەر) لە کتێبی (ڕێگەی زمان: The Way to Language)، یان (ڕێگە بەرەو زمان)دا پێی وایە زمان توانایەک نییە، مرۆڤ هەیبێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەوە زمانە مرۆڤی هەیە. ئەوە زمانە ڕێگە بە هەر دەرکەوتنێک دەدات و هەر ئەویشە وا لە مرۆڤ دەکات لە ئاستی کرانەوەییی گەردووندا کراوە بێت. مەبەستی لە زمان، زمانی شیعرییە، کە حەقیقەتی (بوون) دەردەخات. ڕەخنە لەو بۆچوونە مێتافیزیکییە باوە دەگرێت، کە لەسەر ئەوە دامەزراوە، گوایە زمان بریتییە لە شێوازی دەربڕین و ئامرازێکیشە بۆ ئەوەی لە یەک بگەین. تەنیا بەوەندە ناوەستێت بڵێت زمان ماڵی (بوون)ـە و لە هەموو ساتێکدا گۆی دەکەین، بەڵکوو خودی مرۆڤیش دەکاتە پاسەوانی ئەو ماڵە، کە هەر ئەو پاسەوانەیشە لێکی دەداتەوە. ئەگەر زمان ئامراز بێت، وەک ئەو ڕەخنەگرەمان پێچەوانەی (هایدیگەر) پێی وایە ئامرازێکە بۆ گەیاندن، واتە توانای داهێنانی نییە، بەڵکوو تەنیا بۆ گوێزانەوەی زانراوەکانە. لەم سێ دەیەیەی ڕابردوودا بەردەوام گوتراوە زمان گرنگ نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ گەیاندن. لەبەر ئەوەیشە کەمترین بایەخی پێ دراوە. هەر کاتێ زمان بەشێک نییە لە بوونی خۆت و ئەو بوونەت دەرنابڕێت، ئەوە بە گرنگی نازانیت و بە ئامرازی دادەنێیت، یان وەک ئەو ڕەخنەگرە میلـلییە گوتوویەتی، دەیکەیتە (وەسیلە). ئەگەر ئەم بۆچوونە بکەوێتە بەر چاوی خوێنەرێکی سەرەتاییی (ڕۆڵان بارت) بۆ نموونە، چی دەڵێت؟ (فریدیناد دی سۆسێر) لە کتێبی (خولێک لە زمانەوانیی گشتی: Course in General Linguistics)دا دەڵێت زمان کۆمەڵێک دەستەواژەی ماتماتیکی نییە، کە خەڵک گۆی بکەن، بەڵکوو سیستەمێکی نیشانەکان (system of signs)ـە لە مێشکی ئەو مرۆڤانەی، وا سەر بە هەمان گرووپن و لە کاتی گۆکردندا جێبەجێ دەبێت. پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە وشەکان کۆمەڵێک پێوەندیی ئاڵۆزن و لەنێوان ئەوانەدا دێنە دی، کە پێکەوە دەدوێن، بەو مانایەی دال و مەدلوول (Signifier and signified) بە شێوەی ڕوواڵایی (arbitrary) پێوەندی دادەمەزرێنن، کە یەکەمیان جۆری دەنگ (sound pattern) و دووەمیان مانا (concept) دەگرێتەوە. یەکەمیان لایەنی مەتێریەڵی و دووەمیان لایەنی ئەندێشەیی پێک دەهێنێت. واتە مەدلوول ئاماژە بە مانای شت دەکات، نەوەک بە خودی شت، کە ئەو تێگەیشتنە دواتر لەلایەن (دێریدا)وە دەکەوێتە بەر ڕەخنە، بەڵام ئەمە باسی ئێستامان نییە و پێشتریش لێوەی دواوم. بەهەرحاڵ ئەم تێگەیشتنەی (سۆسێر) لە ڕێی (ڕۆمان جاکبسۆن)، (کلود لیڤی شتراوس)، (لوی ئالتوسێر)، (ڕۆلان بارت)، (مێشێل فۆکۆ) و ئەوانەی ترەوە گەشەی کردووە. بۆ نموونە لە لای (فۆکۆ) زمان شوێنی خود دەگرێتەوە، بەو مانایەی ئەگەر جاران خود سەنتراڵی گەردوون بوو، ئەوەتە ئێستا وا زمان لە هەموو لایەکەوە دەوری داوە و خۆی لێیەوە دەدوێت. (بارت)یش لە (مەرگی دانەر)دا پێی وایە ئەوە زمانە دەدوێت، نەوەک نووسەر. دیارە بواری ئەوەمان نییە لەو بارەیەوە قسەی دیکە بکەین، بەڵام ئەگەر پێویستی کرد، بۆی دەگەڕێینەوە. ئەوەی ئێستا دەمەوێت پێی لەسەر دابگرمەوە، ئەوەیە، کە زمان لە لای ئێمە کەمترین بایەخی هەیە و ڕەخنەگری میلـلی لە تێگەیشتنی میلـلییەوە پێناسەی دەکات. ئایا سەیر نییە لەم سی ساڵەدا فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆز نەماوە بە زمانی کوردی ناوی نەنووسرێت، کەچی تا ئەمڕۆیش دەگوترێت (زمان وەسیلەیە)؟ ئایا دەتوانن لە دوای ئەم دێڕەوە دووی تریش بنووسن؟ ئەرێ دەتوانن چی دیکە بڵێن؟ گوتەکە خۆی وەک پەندی لێ هاتووە و تەنیا لەو دوو وشەیە پێک دێت}.

(سدیق) ئەمەی من بە نیشانەی نەزیفی دەزانێت، بەڵام ئەوەی خۆی داهێنانە، کە قسەی سواوی خەڵک وەک خۆی بۆ ئاستی نووسین دەگوازێتەوە. ئایا خوێنەری ئەو ڕەخنەگرە میلـلییە لە خوێندنەوەی ئەم گفتوگۆیەیەوە چیی نوێی دەست دەکەوێت؟ ئەوانەی دڵخۆشن بەوەی، کە ئەو بە داهێنەری زانیون، لە ئاستی ئەم گوتە سواوانەدا چ کاردانەوەیەکیان هەیە؟

هەر لەم ماوەیەی ڕابردوودا و لە چەند هاوڕێیەکەوە کۆمەڵێک پەرەگرافی نووسینەکانی ئەو ڕەخنەگرە میلـلییەم پێ گەیشتوون، تا پێیان پێبکەنم. بە نووسینەکانی، نەوەک بە کەسێتیی خۆی. هەندێکیان بۆ دەرفەتی دیکە هەڵدەگرم، بەڵام ئەمە نموونەیەکیانە:

(خوێنەری جیدی ئەو خوێنەرە نییە، کە زۆرترین کتێبی خوێندووەتەوە، بەڵکوو ئەو خوێنەرەیە کە زۆرترین کتێبی هەزم کردووە و توانیویەتی سوود لە کتێبەکان وەربگرێت و هزر و ڕوانینی نوێی پێ بەخشیوە بۆ ژیانکردن. خوێنەری جیدی ئەو خوێنەرە نییە، کە کتێبخانەی گەورەی هەیە و زوو زوو وێنەی کتێبخانەکەی لەنێو سۆشیالمیدیادا بڵاو دەکاتەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان لافی پێوە لێ دەدات. بەڵکوو خوێنەری جیدی ئەو خوێنەرەیە تا کتێبخانەکەی گەورەتر بێت زیاتر شەرم لە پیشاندانی دەکات. تا کتێبخانەکەی بێت زیاتر هەست بە نەزانی خۆی دەکات. گەورەیی کتێبخانەی خوێنەری جیدی نیشانەیە بۆ گەورەیی نەزانینی. ئەو لە خەمی پڕکردنەوەی بۆشاییە مەعریفییەکانیایەتی، نەک لافی مەعریفی پێوە لێ بدات).

وەک خۆیم نووسیوەتەوە. ئایا ئەگەر خوێنەرێک، گرنگ نییە ماڵی لە کوێیە، لە دەرگەی دەراوسێکانی بدات، بەو مەبەستەی داوایان لێ بکات لەبارەی چەمکی (خوێنەر)ـەوە بۆی بنووسن، ناتوانن وەک ئەم ڕەخنەگرە کۆمەڵێک وشەی لەم شێوەیە بە دوای یەکدا ڕیز بکەن؟ من تەنیا هێندە دەپرسم ئەوە چ کتێبێکە هەزم دەکرێت؟ وشەی (هەرس)مان هەیە، بەڵام ئارەزووی خۆیەتی، ئەگەر بە کاری نەهێناوە. دیارە دەبێت ئەو کتێبە تا ئەو ئاستە ڕووکەش بێت، دەنا چۆن هەرس دەکرێت؟ هەر بە ڕاستی ئەوە چ خوێنەرێکی هێندە ڕووکەشە، کە زۆرترین کتێب هەرس دەکات؟ هەرسکردن واتە لەبەرکردن. ئایا کتێبێکی (نیتشە)، یان هیی (هایدیگەر)، یان هیی هەر فیلۆسۆفێکی دی هەرس دەکرێت؟ ئەوە چ خوێنەرێکە (زۆرترین کتێبی خوێندووەتەوە)؟ ئەوە چ خوێنەرێکیشە (زۆرترین کتێبی هەزم کردووە)؟ ئەدی ئەو خوێنەرەی (زۆرترین کتێبی نەخوێندووەتەوە) و (زۆرترین کتێبی هەزم نەکردووە)، دەکەوێتە چ خانەیەکەوە؟ (ئەدۆنیس) پێی وایە ڕۆشنبیر کێشە چارەسەر ناکات، بەڵکوو دەیخوڵقێنێت، بەڵام دەبینین ئەو کێشەیەی (سدیق) خوڵقاندوویەتی، هێندە گەورەیە، جاران پێی دەگوترا حلپۆنە. (دایاگاورا، بیرت داکام. هیی باباگاورایش. من تۆ خۆوش داوێ، دایاگاورا). ئەو وشەیە ئەمڕۆ بە کار نایەت. ئەمە بودجەیەکی قەبەی دەوێت، تا بتوانرێت کەسانی پسپۆڕ بۆ ئەم تاقیکردنەوەیە بخرێنە گەڕ، ئاخۆ کێ (زۆرترین کتێبی خوێندووەتەوە و زۆرترین کتێبی هەزم کردووە)؟ ماوەیەکی درێژیشی پێویستە. کێ دەڵێت بە ئەنجامێکی ڕوون دەگەن؟ ئەی ڕەفیقانی تەریقەت، ئەو کێشە گەورەیە چییە، خوڵقاوە؟ ئایا لێرەیشدا نێپەتیزم (nepotism) لە بەرچاو دەگیرێت؟ واتە کەسانێک دەخرێنە پێشەوە، کە شایانی ئەو شوێنە نین؟ ئایا هەموو کتێبێک دەگرێتەوە، یان جۆرێکی تایبەت؟ خەڵکی وا هەن ڕۆژانە کتێبی چەند بڵێی سادە دەخوێننەوە. لە هەشتاکاندا باوکی هاوڕێیەکمان کتێبی تەلەفۆنات (telephone book)ی دەخوێندەوە و بە شانازییەوە دەیگوت زۆری لە بەرە. چێژی بێئەندازەی لە خوێندنەوەی ناو و ژمارەکان دەبینی، بە تایبەتی هیی مرۆڤە دەستەڵاتدار و ناسراوەکان. کاتێ لەو بارەیەوە پرسیارمان لێ دەکرد، بە دروستی وەڵامی دەداینەوە. دەتوانم بڵێم تا ڕادەیەک ئەو کتێبەی (هەزم!) کردبوو. لە چیرۆکێکدا ئەم بیرۆکەیەم بە کارم هێناوە. ئایا ئەوەیش دەگرێتەوە؟ ناڵێم؟ کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە، ئێمە وا هێناومانەتە بەر چاو. ئایا ئەو نووسەرانەی بە داهێنەریان دەزانێت، (زۆرترین کتێبیان خوێندووەتەوە) و (زۆرترین کتێبیان هەزم کردووە)؟ ئایا خۆی (زۆرترین کتێبی خوێندووەتەوە) و (زۆرترین کتێبی هەزم کردووە)؟ ئەو کتێبانەی خوێنراونەتەوە و هەزم کراون، تەنیا هیی بیرمەندەکانی کوردن، یان هیی دیکەیشیان لەگەڵدایە؟ ئایا کتێبی خۆی و هاوڕێکانی هەزم دەکرێن؟ ئەرێ ئەگەر هەزم بکرێن، مانای وا نییە سادە و ڕووکەشن؟ پرسیارن و هیچی دیکە نا. هیوادارم وەڵامم بداتەوە. ئەو گوتانە نەزیفییان پێ ناگوترێت، بەڵام ئەوانەی من لێیان دەڕژێتەوە. دەسا ئەو ڕەخنەگرە میلـلییە بە دوای ئەو کتێبانەدا دەگەڕێت، کە بە ئاسانی هەرس دەکرێن، بۆیە نووسەرانی خۆی دەدۆزێتەوە. من خەریکە لەوە بێهیوا دەبم خۆی وەڵامم بداتەوە، بەڵام خۆزگە یەکێ لەو نووسەرانەی، کە دڵیان خۆشە وا ئەو ڕەخنەگرە بە داهێنەری داناون، بێتە دەنگ و پێم بڵێت ئەوە داهێنانە. نووسیویەتی: (ئەو خوێنەرەیە کە زۆرترین کتێبی هەزم کردووە و توانیویەتی سوود لە کتێبەکان وەربگرێت و هزر و ڕوانینی نوێی پێ بەخشیوە بۆ ژیانکردن). ئەرێ ئەوە زمانی کوردییە؟ من ئیفلاسم کرد، چونکێ نەمزانی ئەم وشانە ڕیز بکەم؟

لەم چوار ساڵەدا ئەم بەرهەمانەم بڵاو کراونەتەوە:

_ کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)، کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا لە شێوەی نامەدا نووسراوە و ئەو چەمکانەی تێدا لێک دراونەتەوە، کە ئەو فڕێی داون.

_ ڕۆمانی (ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟)، (یادەوەریی بووکەڵەکان) و (تەرمەوان)یشم هەر لەم چوار ساڵەدا چاپ کردوون. ئەوەی یەکەم نهێنییەکەی وا لە لای (کارا فاتیح)ـە و (شاخەوان سدیق)یش دەیزانێت. چیرۆکی نووسینەکەی بەم شێوەیەیە: چەند ساڵ لەمەوبەر هەر بۆ خۆشی نوکتەیەکم لەبارەی هاوڕێیەکی منداڵیمەوە هەڵبەست، بەڵام هەندێک ڕاستیی پێشان دەدا. بۆ خۆی و چەند هاوڕێیەکی دیکەمم نارد. ئەمجارە بە چاکم زانی سێ چوار هاوڕێی دیکەم بیخوێننەوە، بۆیە گەیشتە لای (کارا فاتیح)یش. دیارە لەبەر ئەوەیە ئەم لە ڕۆمانەکەدا کارەکتەرە. لێی پرسیم، ئاخۆ بڵاو کراوەتەوە؟ منیش بە پێکەنینەوە گوتم تەنیا بە مەبەستی نوکتە نووسراوە. پێی خۆش بوو بڵاو بکرێتەوە، کە من سەرەتا دوودڵیم نواند. گەیشتە لای (شاخەوان سدیق)، تا بڵاوی بکاتەوە. گوتم مادام وایە، کەمێک دەستکاریی دەکەم. کاتێکم زانی گەیشتە بیستهەزار تا سیهەزار وشە و بە کەڵکی گۆڤار نەهات. لەمەوە درێژەم پێ دا و بووە ئەو ڕۆمانەی وا چاپ کراوە. هەردوو ڕۆمانەکەی ترم بەر لەوەی وازهێنانم ڕابگەیەنم، نووسین، بەڵام ئەوانیش پێداچوونەوەیان دەویست. کۆمەڵێک هاوڕێم دەزانن پڕۆژەی نووسینی ئەو ڕۆمانانەم هەبوو. هیی دیکەیشم هەن و هێشتا چاپ نەکراون. ماوەیەکی کورت بەر لەوەی واز بهێنم، لە تەلەفۆن بە (سابیر ڕەشید) و (سەباح ڕەنجدەر)م گوت. (ئارام محەمەد)یش یەکێکە لەو هاوڕێیانەم، کە دەزانن ئەودەمەی وازم هێنا، کۆمەڵێک بەرهەمم هەبوون. ماوەیەکی کورت بەر لەوەی واز بهێنم، گوتاری (پرۆبلەماتیکی من ئەوەی تر)م بۆ تەوەرەیەکی (بڕوا عەلائەدین) نووسی. ئایا (سدیق) لەبارەی ئەم سێ ڕۆمانەوە بۆچوونی هەیە؟ بۆچی پێی وایە پەلەیان تێدا کراوە و ئەوەی نووسیونی، تووشی نەزیفی هاتووە؟ ئایا خوێندوونیەتیەوە؟ (عەباس بۆسکانی) هاوڕێی هاوبەشمانە. لە دەرەوە دەگەڕێتەوە کوردستان و دەچێتە کتێبخانەکەی. داوای لێ دەکات چەند ڕۆمانێکی باشی کوردیی پێ بدات. ئەویش (ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟) و (یادەوەریی بووکەڵەکان)ی منی لە پاڵ ئەوانەی (بەختیار عەلی) بۆ دادەنێت. (بۆسکانی) لێی دەپرسێت چۆنە کاری وا دەکات، لە کاتێکدا بۆچوونی لەبارەی منەوە بەو شێوەیە نییە؟ (سدیق) دەڵێت ئەوانەی جیاوازن. (بۆسکانی) ئەمەی بە جوان زانیوە لەودا، دەنا بۆی نەدەگێڕامەوە. ئەوەتە دوای چەند مانگێک لەو بۆچوونەی پەشیوان بووەتەوە، چونکێ بینیویەتی نووسەرەکەی خوێنی لە بەر دەڕوات. ئایا پێم ناخۆشە پەشیوان بووەتەوە؟ ئابسلویت نەخێر. ئەگەر دەیەوێت پێشانی بدات ئەو ڕۆمانانە نیشانەی نەزیفیی نووسەرەکەیانن، با بێت و پێشانی بدات!

_ گوتاری لە (ڕەخنەگر کێیە)وە بۆ (ڕەخنە چییە)م بۆ تەوەرەیەکی (ژنەفتن) نووسیوە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم ڕوانینێکی دیکەم لەبارەی چەمکی ڕەخنەوە خستووەتە ڕوو. ئایا (سدیق) لەو بارەیەوە هیچ ڕەخنەیەکی هەیە؟ ئایا پێی وایە بۆچوونەکانم ڕووکەش و سادەن؟ هیوادارم بێتە دەنگ! هەر لێرەدا داوا لە (دلاوەر ڕەحیمی) دەکەم ئەگەر بە نامەی داخراو بێت، یان بە هیی کراوە (ئارام سدیق) بۆ ئەو تەوەرەیە بانگهێشت بکات. ڕاستییەکەی پێم خۆشە گوتارەکەی منی بۆ بنێرێت، بەو مەبەستەی ڕەخنەی لێ بگرێت. ئەوە دەڵێم، لە کاتێکدا بۆچوونی ئەو دەزانم. یەکێ لەو بابەتانەی وەک نوکتە پێم گەیشتوون، پەرەگرافێکە لەبارەی ئەو چەمکە شەڕانگێزەوەیە. با بزانین تا چ ئاستێک سادەی کردووەتەوە و چۆن لەگەڵ قسەی بەرئاگرداندا سازاندوویەتی:

(خاڵێکی دیکەی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە نووسەری ڕاستەقینە دۆستی ڕەخنەیە، هەرگیز لە ڕەخنە ناترسێت، بێباکە لەوەی کێ و چۆن ڕەخنەی لێ دەگرێت، بەڵام بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ڕەخنەدا دەکات. ئەوە تەنها نووسەرە ساختەکانن، کە لە ڕەخنە دەترسن و خۆیانی لێ دەدزنەوە و فەرامۆشی دەکەن. هەندێکجاری دیکەش چیکڵدانەیان هێندە بچووک دەبێتەوە ڕێگەی دادگا لە ڕەخنەگران دەگرن، چونکە دەزانن ئەوەی نووسویانە وڕێنە و دەردەدڵ و کۆپیکارییە، نووسینگەلێک نییە لە وجودی نووسەرێکەوە ئەفرێنرابێت. هەرگیز نووسەرە ڕاستەقینەکان ترسیان لە ڕەخنە نییە، چونکە ئەوان دڵنیان لەوەی نووسیویانە).

من دوای خوێندنەوەی ئەم پەرەگرافە، داخم بۆ دایەگەورە و بابەگەورەم هەڵکێشا، کە ڕۆژگارێک نەهاتن ئەم گوتانەی خۆیان بە کەسانێک بڵێن، تا بۆیان بنووسنەوە. ئەوەتە (ئارام سدیق) هەمان ڕێگەی نەگرت و دەرفەتێکی وای لە دەست خۆی نەدا. ئایا نووسەری ئەم وشانە بەرهەمەکانی (هایدیگەر)ی خوێندووەتەوە؟ من تەنیا هێندە لەوانە دەپرسم، کە دڵیان خۆشە ئەم ڕەخنەگرە بە داهێنەری زانیون، ئایا ئەم پەرەگرافەیان نەخوێندووەتەوە، یان خوێندوویانەتەوە، بەڵام هەستیان نەکردووە بەو شێوەیەیە؟ لە هەمووی پێکەنیناویتر، ئەوەیە، کە ئاماژەی بەوە کردووە، گۆیە لە گوتارێکی وەرگرتووە، ناونیشانەکەی (چەند تێزێک سەبارەت بە نووسەری ساختە)یە. مایەی خۆشحاڵیمە، کە من یەکێکم لەو نووسەرە ساختانە. دوور لە گاڵتە، ئایا چ فێرکارێک هەیە، مەبەستیەتی فێرخوازەکانی بە فکری ڕەخنەیی گۆش بکات و ڕازی دەبێت یەکێکیان داڕشتنێکی لەم شێوەیەی بۆ بنووسێت؟ ئایا ئەگەر لە سەرەتاییدا ئەوەمان بۆ مامۆستا (ڕەمزی وەلی عەلی) بنووسیبووایە، لێی وەردەگرتین؟ ئایا ڕاستە ئەو ڕەخنەگرە گوتارێکیشی لەبارەی (ئەدەب و فاشیزم)ـەوە نووسیوە؟ خۆزگە دەستم دەکەوت! لێم بووەتە مەراق و پێم خۆشە ئەو بابەتەی بخوێنمەوە، تا بزانم چۆن لەو چەمکەی ڕوانیوە. ئایا ئامادەیە بۆمی بنێرێت؟

با بیخەینە ئاستی میلـلییەوە و لەوێ لێی بپرسین: ئازیز، تۆ دڵت فرەوانە، بەڵام چۆنە ڕێی کەسێک نادەیت بە ئازادیی خۆی واز بێنێت و بە ئازادیی خۆی بگەڕێتەوە؟ ئەوەت لێ بووەتە کێشەیەکی گەورە؟ دوو گوتارت لەبارەی وازهێنانم و دانەیەکیشت لەبارەی گەڕانەوەکەمەوە نووسیوە؟ ئایا سەیر نییە ئەو کەسە وا بە پێی خۆی هاتووەتە بەر دەستت، تا پێشانی خەڵکی بدەیت، کەچی خۆت دەدزیتەوە؟ ئەرێ تۆ خۆت ڕەخنەت لەوانە نییە، کە خۆیان دەدزنەوە؟ چیت دەوێت؟ من ئامادەم. ئەرێ ئەمە بابەتە بێتە ناو دنیای نووسینەوە؟ ڕەخنەگرێک دوای ئەو هەموو کتێبەی چاپی کردوون، هاتووە ئەم کێشەیەی ورووژاندووە! لە بابەتێکیدا لاوازیی ڕەخنەی کوردیی بۆ چەند خاڵێک گەڕاندووەتەوە، کە یەکێکیان نەبوونی ڕۆشنبیرییەکی فرەوانە. ڕاستییەکەی ئەم خاڵانە هیی خۆی نین، بەڵکوو لە حەفتاکانەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام ڕیز کراون، بەڵام هیوادارم خوێنەر بۆ سەرەتای دەرچوونی ڕۆژنامەی (هاوکاری) بگەڕێتەوە. واتە بۆ پەنجاوسێ ساڵ لەمەوبەر، تا ببینێت ئەوانەی ڕەخنەیان لە ئەدەبی ڕوانگە دەگرت، چەند لەم ڕەخنەگرە میلـلییەی ئێستامان جیاوازن. ئەگەر بابەتی لەم شێوەیەیان پێ بگەیشتبووایە، لە لام ڕوونە بڵاویان نەدەکردەوە. من خۆم پێم واتە نووسەرانی ڕوانگەیش بە گشتی لەگەڵ (سدیق)دا بەراورد ناکرێن.

_ گفتوگۆی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)، کە تێیدا وەڵامی پرسیارەکانی (شاخەوان سدیق)م داوەتەوە. هەر ئەو نووسەرە بە پێویستی زانیوە گفتوگۆیەکی دیکە بکەین، تا ببێتە بەشێک لە نووسینی ئەو نووسەرانەی لەو تەوەرەیەدا بەشدارن، کە گۆڤاری (وانەر) بۆ بەرهەمەکانی منی تایبەت کردووە. گفتوگۆکە لە سێ پرسیار پێک دەهات، بەڵام تەنیا دووانیان بڵاو کرانەوە. سێیەم بڕیارە لەگەڵ وەڵامی کۆمەڵێک نووسەری دیکە و لە شێوەی کتێبدا چاپ بکرێت. نایشارمەوە، کە دەبووایە (شاخەوان سدیق) لە جیاتیی من، ئەو بۆ نووسینی کتێبی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ) هەڵببژێرێت، چونکێ من زیاتر وەک ڕۆماننووس ناسراوم، لە کاتێکدا ئەو ڕەخنەگرە. ئەوەتە ڕەخنەگرانی عەرەب، ئەمازیگ و کۆپتی بۆ نموونە جگە لەوەی کۆمەڵێک کتێبیان لە زمانەکانی دیکەوە وەرگێڕاون، لەبارەی ئەو چەمکانەیشەوە بە قووڵی نووسیویانن. لەم شوێنەدا داوای لێ دەکەم ئەگەر پێی وایە ئەم گفتوگۆیە یەکێکە لەو نیشانانەی دەریدەخەن، من نەزیف بووم، با بێت و بە خوێنەری پێشان بدات. هیوادارم دەست بۆ کارێکی لەم شێوەیە ببات. لێی دەپرسم بۆچوونی لەبارەی ئەم گفتوگۆیەوە چییە؟ ئایا بە وردی چەمکەکانم لێک داونەتەوە؟ ئایا لە فرەدەنگی گەیشتووم؟

_ کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات)م لەبارەی بۆچوونی ئەو خوێنەرانەوەیە، کە بە ناوی خوازراو کۆمێنتیان بۆ گوتارێکی (سۆران ئازاد) نووسیوە و ناوی منیشیان هێناوەتە ناوەوە. هەموو ئەو چەمکانەی فڕێیان دابوون، بەو مێتۆدەی خۆم هەڵمگرتنەوە و بەرەو دایەلۆگ ئاڕاستەم کردن. (بابەتی ئەو ناوە خوازراوانەیش بۆ کاتی گونجاو هەڵدەگرم). ئایا دەتوانێت ڕاشکاوانە پێم بڵێت بۆچوونی لەبارەی ئەم کتێبەوە چییە؟ دەیەوێت لەو بارەیەوە گفتوگۆ بکەین؟ ئێرە بە دەرفەت دەزانم و دەمەوێت لێی بپرسم ئایا تا چەند کاریگەریی پڕۆژەی ڕەهەند بە گشتی و هیی (بەختیار عەلی)ی بەسەرەوەیە؟ ئایا لە ڕێی بەرهەمەکانی ئەو نووسەرەوە گۆڕان بەسەر ئاستی زمان و تێگەیشتنیدا هاتن؟ ئەو ئاڕاستە فەلسەفییانە چی بوون، کە بە هۆی نووسینەکانی ئەوەوە ناسینی و لە کام گوتارەیدا ڕەنگیان دایەوە؟ بۆ نموونە کاتێ لەبارەی چەمکی (زمان)، (نووسین) و (خوێنەر)ـەوە نووسیی، وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کردن، بۆچوونەکانی ئەو کۆمەکی کردن؟ ئایا دەبێت خوێنەری (بەختیار عەلی) بەم زمانە بنووسێت؟ دەبێت خۆی بە کێشەی هێندە بچووکەوە خەریک بکات؟ ئەگەر کێشەکە پووچ نییە، دەتوانێت بێتە دەنگ و چەند دێڕێکمان لەم بارەیەوە بۆ بنووسێت؟ ئایا هەر بە ڕاستی خوێنەری ئەوە، وەک بانگەشەی دەکات، یان هەر قسەیە؟ هیوادارم ئەگەر وەڵامی منیش نەداتەوە، خۆی لە بابەتێکی سەربەخۆدا ئەو ئەزموونەی بۆ خوێنەر بخاتە ڕوو، کە ڕەنگە کارێکی باش بێت. خۆزگە هاوڕێکانی پرسیاری لەم شێوەیەی لێ بکەن، یان ڕۆژگارێک ڕۆژنامەنووسان دەست بۆ کارێکی وا ببەن.

_ نووسینی کۆمەڵێک گوتار لەبارەی ڕۆمانەوە، کە ئەمانەن: (ڕۆمان لەنێوان جەماوەر و خوێنەردا)، (پەیامی ڕۆمان و ڕۆمانی پەیام)، (سەرچاوەکانی خوێندنەوەی ڕۆماننووس) و (کورتکردنەوەی ڕۆمان). ئایا دەتوانێت بێت سەرنج و ڕەخنەی خۆی لە بارەیانەوە بنووسێت؟

_ گوتاری (ڕەخنەگری میلـلی و پەزپەزەی چەمکی خوێنەر)م لەبارەی ئەم پەرەگرافەیەوە نووسیوە: {بێگومان پۆلێنکردنی خوێنەر، یەکێکە لە سەختترین پۆلێنەکان، بەو پێیەی خوێنەر بوونەوەرێکە سەختە لە ژێر چەتری چەند پێناسەیەکدا کۆ بکرێنەوە، بەڵام لە ڕووە گشتییەکەیەوە و بە وردبوونەوە لە سیمای دەرەوەیان دەتوانین بۆ سێ شێوە پۆلێنیان بکەین، کە ئەوانیش ئەمانەن: یەکەم ”خوێنەری کاتی”. دووەم ”خوێنەری پچڕ پچڕ” (ڕاگوزەر). سێیەم ”خوێنەری هەمیشەیی”.}.

ئەگەر خوێنەرێکی سەرەتایی، بە مەرجێ هۆشیارییەکەی داگیر نەکرابێت و ئەم پەرەگرافە بخوێنێتەوە، چیی نوێی بەر چاو دەکەوێت، کە پێشتر نەیبیستووە؟ ئایا قاقا لێ نادات؟ مەبەستم قاقای بەرزە. ئەدی ئەگەر ئەو خوێنەرە ئەزموونی چل ساڵ خوێندنەوەی هەبێت؟ من هاتووم ئەو چەمکە فڕێدراوەم هەڵگرتووەتەوە و بۆ فەلسەفە گەڕاومەتەوە، تا لەوێدا ڕەهەندەکانی بدۆزمەوە، بۆیە لە (ئەریستۆ)ـەوە دەستم پێ کردووە، تا گەیشتوومەتە (نیتشە)، (هایدیگەر)، (هۆسێرل)، (ڕۆمان ئینگاردن)، (هانز جۆرج گادامێر)، (ژان پۆول سارتەر)، (مۆریس بلانچۆ)، (مێشێل فۆکۆ)، (ڕۆلان بارت)، (جیل دولووز)، (جاک دێریدا)، (جۆناتان کولەر: Jonathan Culler)، (هانس ڕۆبێرت یاوس: Hans Robert Jauss)، (ڤۆلفگانگ ئایزەر: Wolfgang Iser)، (ئومبێرتۆ ئیکۆ)، (جاک ڕیفاتێر)، (نۆترۆپ فرای: Northrop Frye) و ئەوانەی دیکەیش. بۆچوونی هەموویانم هێناوەتەوە و گفتوگۆم لە بارەیانەوە کردووە، بۆیە شتێکی ئاسایییە، ئەگەر تووشی نەزیفی ببم. چەمکێکی سەختە و ناکرێت بە ئاسانی لێی دەربچیت. گوتارەکەم ماوە و خوێنەر دەتوانێت بۆی بگەڕێتەوە. (سدیق) لەبارەی ئەم گوتارەوە دەنگی نەبووە، کە دەکرا لانی کەم بڵێت تۆ لەوانە نەگەیشتوویت، بەڵکوو منی ڕەخنەگر، کە لە ژیانمدا ئیفلاسم نەکردووە، لێیان تێگەیشتووم، کەچی لەبارەی پەشیوانبوونەوەمەوە قسەی هەیە. دیسان داوای لێ دەکەم چوار دێڕ لەبارەی ئەو چەمکەوە بنووسێت. چەمکی پەشیوانبوونەوە.

_ گوتاری (لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی)م لەبارەی گفتوگۆیەکی (ئارام کاکەی فەلاح)ـەوە نووسیوە، کە تێیدا چەند وشەیەکی لەبارەی ئەو فیلۆسۆفەوە گوتوون و نزیکن لەوانەی من چەند ساڵ پێشتر نووسیومن. لە هەمان گفتوگۆدا دەریخستووە لە ئەلفبێی ئەم فیلۆسۆفە نەگەیشتووە، بگرە گومان دەکەم هەر کتێبێکی ئەوی خوێندبێتەوە، بە مەرجێ دەڵێت زۆر لەو فیلۆسۆفەوە فێر بووە. ئەگەر وا نییە، با بێتە دەنگ! هاتووم لە ڕێگەی کتێبەکانی خۆیەوە گوتارێکم نووسیوە و فەلسەفەکەیم شی کردووەتەوە. کارێکی سەخت بوو، بەڵام کۆڵم نەدا. گەیاندمە ئەو ئاستەی خۆم وەک خوێنەرێکی دڵرەقی خۆم پێی ڕازی ببم و مافی بڵاوکردنەوەی پێ بدەم. لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە ئەو فیلۆسۆفەم ناسیوە و لە بارەیەوە خوێندوومەتەوە، کە دواتر گەیشتوومەتە ئەوەی ڕاستەوخۆ دەست بۆ بەرهەمەکانیشی ببەم. لە دیدی (سدیق)دا ئەوەی من نەزیفییە، بەڵام لێی دەپرسم ئەوەی هاوڕێکەی چییە؟ پەرەگرافێکیم پێ گەیشتووە، کە لەبارەی ئەزموونی (ئارام کاکەی فەلاح)ـەوە نووسیویەتی، بە هەموو مانایەک سەمەرەیە. ئەگەر داوای بکەن، بۆیان دەهێنم و بۆچوونمی لە بارەوە دەڵێم. لە (سدیق) دەپرسم بۆچی ئەم گوتارەی من نیشانەی نەزیفییە؟ تکایە لانی کەم با بە هاوڕێ نزیکەکانی بڵێت!

_ گوتاری (کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا)م بۆ گۆڤاری (گێڕانەوەناسی) نووسیوە، کە پێیان خۆش بوو ئەو کارەیان بۆ بکەم. وەک دەردەکەوێت باس لە چەمکی (کات)ـە. لە فەلسەفەی گریکەوە تا (ئۆگستین)، (ئیمانوێل کانت: Immanuel Kant)، (هێنری بێرگسۆن)، (گاستۆن باشولار)، (نیتشە)، (هایدیگەر)، (جیرار جینێت) و هیی دیکە دەگرێتە خۆی. هەوڵم داوە ڕوانینی خۆم لەم ڕووەوە بخەمە ڕوو. مەبەستم بووە بڵێم چۆن لە بەرهەمەکانمدا ڕەنگی داوەتەوە. ئایا (سدیق) لەو بارەیەوە هیچ قسەیەکی جیاوازی هەیە؟ ئەرێ لە بەرهەمەکانیدا شتێکی لەبارەی (کات)ـەوە نووسیوە؟ لە کاتێکدا بۆ ڕەخنەگرێک، بە کە بانگەشەی ئەوە دەکات (هایدیگەر)ی ناسیوە، گرنگە بزانێت ڕەهەندەکانی ئەو چەمکە چین. هیوادارم ئەگەر نووسیویەتی، پێشانی خوێنەرانی بدات.

_ گفتوگۆی (چۆن بۆ ڕزگاری دەگەرێـمەوە؟)، کە هاوڕێی منداڵیم د. شوان سلێمان لەگەڵیدا کردووم و لەبارەی ئامادەییی ڕزگارییەوەیە، دروستتر باس لە ڕاپەڕینی فێرخوازانی ئەم فێرگەیە دەکات لە دژی بەعس. ئەگەر لەو بارەیەوە (سدیق) هەر ڕەخنەیەکی هەیە، هیوادارم نەیشارێتەوە.

_ د. هاوژین سڵیوە لەبارەی ئەدەبی مێردمنداڵانەوە گفتوگۆیەکی لەگەڵدا کردووم.

(سدیق) هەڵەیەکی دیکەی لۆجیکی دەکات، کە بە (Argument from analogy fallacy) ناسراوە، کاتێ لە ڕێی ڕۆمانی (بەڕێز گۆین)ی (باریکۆ)ـەوە دەیەوێت گەڕانەوەکەی من بکاتە نەنگییەکی کۆمەڵایەتی. هەروەها هاوکات هەڵەیەکی دیکەی لۆجیکییە، کە (Association fallacy)ی پێ دەگوترێت. واتە پێکبەستنەوەی شتێک بە شتێکی ترەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی یەک دوو خەسڵەتی هاوبەشیان هەن. بۆ نموونە لە شاری (پ)دا نەخۆشیی کۆلێرا بڵاو دەبێتەوە، کەواتە هەمان شت لە شاری (ڤ)یشدا ڕوو دەدات. بۆچی؟ چونکە هەردووکیان شارن. لە هەردووکیاندا خانووبەرە و ڕێگەوبان هەن. دەی، بەڵام لە هەزاران خەسڵەتی دیکەدا جیاوازن. بە چاوپۆشین لەوەی چۆن لەو ڕۆمانە گەیشتووە، دەپرسم بۆچی دەبێت شێوازی ژیانی کارەکتەری ڕۆمانێک بکرێتە سەنتراڵ، تا ئەوانەی دیکە چاوی لێ بکەن؟ ژیان خەسڵەتی ئیندیڤیدواڵییانەی هەیە، بەو مانایەی هەر تاکێکی سەربەخۆ لەسەر شێوازی خۆی دایدەمەزرێنێت. ژیانی من تەنیا ئەزموونی تاکانەی خۆمە و بۆ کەسانی دی دەست نادات. دڵنیام هاوڕێکانم لە بیریانە، کە بەردەوام گوتوومە ئەوەی من خۆم لە ژیانمدا دەیکەم، بەسەر کەسی دیکەیدا ناسەپێنم، چونکێ تایبەتە بە خۆم.

ئەم بەراوردکارییە وەک گوترا هەڵەیەکی لۆجیکییە و وێنەی ئەوانەی دیکە تێی کەوتووە، دەنا من و ئەو کارەکتەرە دوو کەسی جیاوازین. هیوادارم بۆ کتێبی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ) بگەڕێتەوە، تا بزانێت لەوێدا چۆن لە ڕێگەی کۆمەڵێک فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزەوە باس لە جیاوازی کراوە؟ چۆن ڕەخنە لە شوناس گیراوە و پێ لەسەر فرەدەنگی داگیراوە؟ چی لەبارەی لەچاوکردنەوە (Imitation) و نوێنەرایەتی (Representation)یەوە گوتراوە؟ ئایا ئامادەیە لەم بارەیەوە گفتوگۆیەکی تایبەت بکەین؟ واتە تەنیا لەبارەی ئەم ڕۆمانە و ئەو بەراوردکارییەی کردوویەتی؟ ئایا ئامادەیە؟ من لێرەدا هەر هێندە دەپرسم ئایا ئەگەر یەکێ ڕۆمانەکانی (باریکۆ)ی خوێندبێتەوە، بەم زمانە دەنووسێت؟ بەو شێوەیە لەبارەی ئەو چەمکانەوە دەدوێت؟ وازهێنان و گەڕانەوەی لە لا دەبێتە کێشە؟

نووسیویەتی: { کاتێ ئەم ڕۆمانەم دەخوێندەوە هەستم بە لێچوونێک دەکرد لەنێوان چیرۆکی نووسەرە کوردەکەی پەشیمانبوویەوە لە نووسین و لێشاوێک کتێبی بڵاوکردەوە لەگەڵ چیرۆکی گاسپەر گۆین، کە دوای خۆی (وەک لە ڕۆمانەکەدا هاتووە) تەنها ڕۆمانێک بڵاو دەکاتەوە و ئیدی بۆ هەمیشەیی ون دەبێت}.

ئەگەر هەردووکمان لە یەک دەچین، تۆ کێشەت چییە؟ ڕاستییەکەی من لێرەدا جیاوازی دەبینم، نەوەک لێکچوون، کە بەوەدا خۆمم، لە هەر کەسێکی دیکە جیاوازم. من گەڕاومەتەوە، بەڵام ئەو نا. دیارە نەیزانیوە بە کوردی دایبڕێژێتەوە، دەنا خۆیشی مەبەستی جیاوازییە، نەوەک لێکچوون. ئەو ڕەخنەگرە میلـلییە پێشتر بڕیاری داوە لەبارەی ئەوەی منەوە بڵێت چی، کە ئەمەیش هەڵەیەکی دیکەی لۆجیکییە و بە (confirmation bias) ناسراوە. واتە لە بنەڕەتەوە ویستوویەتی لایەنگریی خۆی بۆ شتێک پێشان بدات و دژی شتێکی دیکە بوەستێتەوە. لەو ڕۆژەوە، کە گوتی: (ئەوە چوار ساڵە کتێبت چاپ نەکردووە و بەپێی ئاگاداریی خۆیشم نییتە)، دژایەتیی خۆی ڕاگەیاند. سەرنج بدەن! منی هاتووەتەوە بەر چاو، نەوەک یەکێک لە بەرهەمەکانم. واتە کێشەی لەگەڵ کەسێتیمدا هەیە. دەکرێت خوێنەرێکی سەربەخۆ ئەگەر بە چاوێکی بێلایەنانە لە وازهێنان و گەڕانەوەی من بڕوانێت، بڵێت: لە پێناوی ژیاندا وازی لە دنیای نووسین هێنا، لە کاتێکدا پڕە لەو شتانەی مرۆڤ تەفرە دەدەن، بەڵام بە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام) گەڕایەوە، بۆ ئەوە نا خۆی بە دەستەوە بدات، بەڵکوو بەو مەبەستەی بە هێزێکی گەورەترەوە شەڕ لە دژی فکری میلـلیدا بکات، بەوەی فکری میلـلی مەڵبەندی کۆبوونەوەی سەرجەم دەستەڵاتەکانە. لەو بارەیەوە نووسیویەتی و پێی وایە ژیان و دنیا دوو ئاستی تەواو جیاوازن. وازهێنان و گەڕانەوەی ئەو نووسەرە، نیشانەی ئەوەیە کەسێکی سەربەخۆیە و هیچ سەرچاوەیەک هەڵیناسووڕێنێت.

بەپێی تێگەیشتنی (سدیق)، کە هەمان تێگەیشتنی جەماوەرە، وێنەیەکی ئایدیاڵی گشتی هەیە و دەبێت چاوی لێ بکرێت، کە ئەو تێگەیشتنە لەسەر ئاستی فەلسەفیدا ڕەخنەی توندی لێ گیراوە. هێندەیش نییە لەبارەی فاشیزمەوە گوتارێکی نووسیوە، لە کاتێکدا ناوەرۆکی فاشیزم زەقکردنەوەی ئەو وێنە ئایدیاڵەیە، تا هەموو ئەوانەی دیکە لە دەوریدا کۆ ببنەوە. دیارە نەیزانیوە بەشێک لەو فیلۆسۆفانەی ساڵەهایە ناویان ڕیز دەکات، چۆن لە دژی ئەو تێگەیشتنەدا وەستاونەتەوە. بەم شێوەیە (لەچاوکردنەوە)، یان (لاساییکردنەوە) یەکێکە لەو چەمکانەی وەک بەشێک لە دۆخی مۆدێرنیتی دراوەتە بەر ڕەخنەی فیلۆسۆفانی فەلسەفەی جیاوازییەوە. ئایا هەموو شتەکان وەک یەک وان؟ ئایا تێکڕای بڕیاردان و پەشیوانییەکان هاوشێوەن؟ ئەمە هەڵەیەکی دیکەی لۆجیکییە و بە هەڵەی جینی (genetic fallacy) ناسراوە. واتە کەسانێکی دیوە بڕیاریان داوە واز لە شتێک بێنن و دوایی بۆی گەڕاونەتەوە، کە ئەوە دەکاتە پێوەر و هیی هەمووانی پێ دەخوێنێتەوە. لە فکری فەلسەفیدا مانای شتەکان جیاوازن. ئایا هەر بۆ نموونە وازهێنان لە نووسین و پەشیوانبوونەوەی، جیاواز نییە لەوەی واز لە سووتاندنی دارستان بێنیت و دوایی بۆی بگەڕێیتەوە؟ ئەگەرچی من ئەوەی خۆم بە پەشیوانبوونەوە دانانێم. وەک گوتم هیچ سەرچاوەیەکم لە بەرچاو نەگرتووە و بەپێی هیچ شوناسێک بیر ناکەمەوە، بەڵکوو ڕەخنە لەمانە دەگرم. من شوناسێکی چەسپاوم نییە. توانای ئەوەم هەیە لە پێوەندیدا بتوێمەوە، وەک چۆن هاوکات هێزی ئەوەم هەیە لە ناو نەچم. بەڵێ، لە یەک کاتدا خاوەنی ئەو دوو هێزەم: هێزی توانەوە و هێزی مانەوە.

لە کتێبی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ)دا نووسیومە:

{ڕەخنەدۆزانی وەک (فۆکۆ) و (دولووز) ڕەخنە لە هەموو ئەو چەمک و سەرچاوانە دەگرن، کە دەیانەوێت شوناسی مرۆڤ پێک بهێنن، کە شوناسێکی چەسپاوە، هاوکات پێ لەسەر ئەوە دادەگرن، کە مرۆڤ بەردەوام شوناسی خۆی دروست دەکات و ئەو شوناسەی بە بەردەوامییەوە بەستراوەتەوە، نەوەک بە سەرچاوە و چەمکەکانەوە، بۆیە هەموو پابەندی و لەچاوکردنەوەیەک دەدەنە دواوە. پابەندبوون بە چەمک و سەرچاوەکان واتە نەبوونی جیاوازی، بەوەی ئەوانە چەسپاون. بە مانایەکی تر، هەر کاتێ لە ڕێی چەمک و سەرچاوەوە بیر دەکەینەوە، ئێمە پابەندی شوناسی نەگۆڕین و هەر ئەو شوناسە وەک خۆی بەرهەم دەهێنینەوە. (فۆکۆ) مێژوو بە هێڵێکی ڕێک نابینێت، بەڵکوو پێی وایە بریتییە لە پچڕان و جیاوازی. بە مانایەکی دی، مێژوو جێگیر و پێکبەستراو نییە، وەک ئەوەی پێشتر (مارکس) بەسەر قۆناغەکان دابەشی کردووە، بۆیە لە بەرهەمەکانیدا، بە تایبەتی لە (ئارکیۆلۆجیای زانین)دا وێناندن، یان نوێنەرایەتی (Representation) دەداتە دواوە، چونکە ئەوەیان هەموو جیاوازی و لەیەکنەچوونێک بە لاوە دەنێت. لەم نێوەدا چەمکی (عەقڵ) زەق دەکرێتەوە و چەمکی (شێتی) دەشاردرێتەوە، کە (فۆکۆ) لە ڕێی ئەوەی دوایییانەوە مێژوو دەخوێنێتەوە و ئەو جیاوازییانە دەدۆزێتەوە، کە لەو دابەشکارییەدا گوم بوون. (دولووز) بە هەمان شێوە لە دژی هەموو لەیەکچوون و وەکیەکییەکدا وەستایەوە. بەم شێوەیە ئەویش ڕەخنە لە وێناندن دەگرێت. لە کتێبی (جیاوازی و دووبارە)دا پێی وایە فەلسەفە جگە لە خۆی شتێکی تر دەرنابڕێت، بەو مانایەی باوەڕی بە گەڕانەوە نییە بۆ سەرچاوە و سەرەتای شتەکان، وەک چۆن دژی هەر کۆتایییەکیشە، بۆیە وا لە مێژوو دەڕوانێت، کە ڕایزۆمە (Rhizome)ـە، نەوەک درەخت، بەو مانایەی مێژوو بریتی نییە لە سەردەمەکان، بەڵکوو بریتییە لە کێشەکان. (ڕایزۆم، یان ڕایزەم، یانیش ڕیزوم، ڕووەکێکە لەسەر زەویدا دەردەکەوێت و ڕەگی نییە). واتە شتەکان جیاوازن، بەڵام لە یەک سەرچاوەوە هاتوون، کە ئەو جیاوازییانە لە پێناوی ژیاندان، وەک ئەو تیمساحەی شەویلگەکانی دەکاتەوە، تا باڵندە گۆشتی ژێر ددانەکانی هەڵبکۆڵن و بیخۆن. لە هەر گۆڕانێکدا ئەو شتە جیاواز و تاکانەیە خۆی دەنوێنێت، کە ئەگەرچی لەوەی ترەوە هاتووە، بەڵام جیاوازە. جیاوازی واتە ڕزگاربوون لە شوناسی ساختە. بەرهەمهێنانەوەی ئەو ئایدیایە بە شێوەی دیکە، بۆیە دەڵێت ئەرکی ژیان ئەوەیە وا لەو دووبارانە بکات لە ئاسمان (سپەیس)ێکدا بژین، کە جیاوازییەکان تێیدا بڵاو بوونەتەوە. جیاوازی هێز بە دووبارە و دووبارەیش هێز بە جیاوازی دەدات. فکر هەر خۆی جیاوازی دروست دەکات، بۆیە ئەو جیاوازییە دوورە لە ڕەهایی. (دولووز) (فەلسەفەی جیاوازی)ی خۆی لەسەر فەلسەفەی (نیتشە)، (بێرگسۆن)، (هیوم) و (سپینۆزا) دادەمەزرێنێت. پێچەوانەی (هیگڵ) ناڵێت جیاوازی نەگەتیڤە، بەڵکوو وەک گوترا لە دووبارەکردنەوەیشدا جیاوازی دەبینێت. پێی وایە جیاوازی نە ناسنامەی هەیە و نە یاسا، چونکە یاسا وا دەکات دووبارەکردنەوە ببێتە مەحاڵ. ئەوانەی ملکەچی یاسای گشتین، لە دووبارەکردنەوەدا دەستەوستانن، بەوەی توانای گۆڕانیان لە خۆیاندا نەهێشتووە. هەر دووبارەکردنەوەیەک دەمانخاتە بەردەم واقیعێکی قووڵتر و هونەریتر، بۆیە بەردەوام پێ لەسەر فکرێکی کۆچەرییانە دادەگرێت، فکرێک لە هیچ شوێنێکدا ئۆقرە ناگرێت و نامێنێتەوە. بەم شێوەیە دووبارەکردنەوە وا دەکات کات بە هێڵێكی ڕاستدا نەڕوات و لە ڕەهەندێک زیاتر بە خۆیەوە بگرێت، بەڵکوو ببێتە مەڵبەندی جیاوازی و لەیەکنەچووەکان. سەیر نییە هێندە بە چەمکی (گەڕانەوەی هەمیشەیی: Eternal Return) سەرسامە، کە ئەوەیان پێی وایە سەرجەم گەردوون بە گیانلەبەر و بێگیانەوە دوای مردن و لەناوچوونیان، زیندوو دەبنەوە و دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەو پرۆسێسە وەستانی نییە، بەڵکوو بەردەوامی وەردەگرێت، کە دەبێتە هۆی پێکگەیشتنی ڕابردوو و ئاییندە لە (ئێستا)دا. ئەو بیرۆکەیە بە چەمکی (شادی)یەوە دەبەستێتەوە، بەوەی شادی نایەوێت کۆتاییی بێت، بەڵکوو پێی خۆشە ببێتە ئەبەدی، کە هەموو ئازارەکانیش هەر شادین. بایەخی (نیتشە) بە جەستە و بە هونەری سەمای ئەو جەستەیە، کردنەوەی دەنگەکانی ئەو جەستەیەیە وەک لە زمانی (زەردەشت)ـەوە دەریدەبڕێت: (جەستە بریتییە لە کۆمەڵێک ئامێری هاوبەشی عەقڵ. بۆ ئەوەی باوەڕی پێ بهێنم، پێویستە سەماکەر بێت)}.

کێ هەیە نەتوانێت ڕۆمانێک کورت بکاتەوە و بڵێت باس لە چی دەکات؟ هەندێک شتی وای لەبارەی ئەو ڕۆماننووسە و ڕۆمانەکەیەوە نووسیون، کە لە دەست هەر کەسێکی تریش دێت. با ئەم پەرەگرافە بە نموونە بێنینەوە: { تایبەتمەندییەکی دیکەی ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە (هەڵبەت ئەوانەی من بینیومە) هەر یەکەیان چیرۆکی کاراکتەرەکانی لە وڵات و سەرزەمنێکی جیاوازدا ڕوو دەدات. ئەم رۆمانە (بەڕێز گۆین) چیرۆکەکەی لە بەریتانیا ڕوودەدات. تایبەتمەندییەکی دیکەی ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە ئەوەیە خوێنەر بەرەو گەشت دەبەن و جوڵەی بەردەوام لەنێو چیرۆکەکەدا هەیە بەجۆرێک خوێنەر ئالودەی ئەوە دەکات کە واز لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە نەهێنێت تا دەگاتە خاڵی کۆتایی}.

ئەرێ ئەگەر بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی خۆمان بگەڕێینەوە، ئەوانەی لە سەرەتای حەفتاکانەوە دەرچوون، دەیان ڕستەی وەک ئەمانەمان بەر چاو ناکەون؟ هێندە گوتراوە فڵان چیرۆک، یان فڵان ڕۆمان گەشتی بە خوێنەر کردووە، سواوەتەوە. ئایا چیرۆک و ڕۆمانەکانی من لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە تا ئەمڕۆ شاری جۆراوجۆر و وڵاتانی جیاوازجیاواز لە خۆیان ناگرن؟ ئایا کارەکتەرەکان هیی نەتەوە و کولتووری جیاواز نین، تەنانەت دایەلۆگەکان بە چەند زمانێک نەنووسراون؟ با خوێنەر هەر بۆ نموونە سەرنج لە (تەرمەوان)م بدات، کە نوێترین ڕۆمانی چاپکراومە، تا بزانێت چەند زمان و کولتووری جیاواز هەن! بۆچی پێی وایە بەرهەمی من گەشت بە خوێنەر ناکات؟ پێناسەی گەشت چییە؟ ئایا مەرجە سەرجەم گەشتەکان وەک یەک و گەشتیارەکان هەمان ڕوانینیان هەبێت؟

ئایا من وازم هێناوە و گەڕاومەتەوە؟ ڕاستییەکەی وازم هێنابێت، یان گەڕابێتمەوە، هیچ لەوە ناگۆڕێت، کە خۆمم. من وەک (هایدیگەر) پێی وایە تەنیام، بەڵام گۆشەگیر نیم. ئەو (سدیق)ـەی زووزوو ناوی ئەم فیلۆسۆفە دێنێت، دەبووایە لەوە بگات، بەڵام ئایا خوێندوویەتیەوە؟ لەم ڕووەوە بۆ بەشێکی ئەو پێشەکییە دەگەڕێمەوە، کە بۆ کتێبی (هەولێر و هەولێری لە کۆنکریتبەندییەوە بۆ هەڵوەشاندنەوە)م نووسیوە، تا پێشانی بدەم ئەوەی ئەو ڕەخنەگرە میلـلییە لە ڕوانگەی میلـلییەوە لێی دەڕوانێت، لای (هایدیگەر) تەواو جیاوازە:

{(هایدیگەر) لە سێپتێمبەری (1933)دا تێکستێک لە ژێر ناونیشانی (تەنیا دارستانی ڕەش ئیلهامم پێ دەبەخشێت)دا دەنووسێت، کە بە زمانێکی شیعری باس لەوە دەکات چۆن کاتێ زانکۆی بەرلین ویستوویانە بیکەنە پرۆفیسۆری کورسی (Chair Professor)، ڕەتی کردووەتەوە، لە کاتێکدا ڕاگری زانکۆی فرایبۆرگ بووە. لە زمانی ئینگلیزیدا ناونیشانەکەی بەم شێوەیەیە: (بۆچی لە گونددا دەمێنمەوە؟ Why Do I Stay in the Provinces?). وشەکە لە ئینگلیزیدا بە کۆ هاتووە، بەڵام لە کوردیدا دەبێتە تاک. لە ئیمپراتۆریای کۆنی ڕۆمانیدا بە ناوچەکانی دەرەوەی پێتەخت گوتراوە. تێکستەکە بەشێکە لە ژیاننامەی ئەو فیلۆسۆفە، کە لە (دارستانی ڕەش)، لە قەراغی شاری تۆتناوبێرگدا کووخێکی هەیە و ژیانی تێدا بە سەر دەبات، ئەو کووخەی بەشێکی زۆری کتێبی (بوون و کات)ی تێدا نووسیوە. بەکورتی لە کووخەکە و ئەو پلە باڵایەی زانکۆدا، یەکەمیانی هەڵبژاردووە، بە مەرجێ ئەگەر بچووایەتە بەرلین، ناوبانگی گەورەی پەیدا دەکرد، بەوەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕووناکایییان دەخستە سەر و لە بارەیانەوە دەنووسی. دەڵێت شارییەکان سەریان لەو گۆشەگیرییەی سووڕ دەمێنێت، کە چۆن لەو شاخە و لەنێو جووتیاراندا ژیان بە سەر دەبات، بەڵام پێی وایە (ئەوە گۆشەگیری نییە، بەڵکوو تەنیایییە. دەکرێت مرۆڤ لە شاری گەورە زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکەدا خۆی گۆشەگیر ببینێت، بەڵام هەرگیز نەتوانێت تەنیا ببێت. بەو شێوەیە تەنیایی دەستەڵاتێکی تەواو جیاوازی هەیە، کە نەهێڵێت گۆشەگیر ببین).

وەک دەبینین (هایدیگەر) هەردوو چەمکی (گۆشەگیری) و (تەنیایی) لە یەک جودا دەکاتەوە، کە لە دووەمیاندا (ویست)ت ئامادەیە، بگرە نەک بە قەرەباڵغی فریو ناخۆیت، بەڵکوو بەرگری دەکەیت نەبیتە بەشێک لێی. واتە قەرەباڵغی ڕێی لێ نەگرتوویت تێکەڵی ببیت، لە کاتێکدا هەوڵی زۆر دەدات بتکاتە بەشێکی جودانەکراوەی خۆی. (هایدیگەر) لەو تێکستەیدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە زمانی ئەو دەشتەکییانە نەشێواوە و یادەوەرییان بەهێزە، بە ڕادەیەک پێی وایە نرخی ئەو گوتە و یادەوەرییانەیان لە ڕێپۆرتاجێک بەرزترە، هەتا ئەگەر ئەو ڕێپۆرتاجە لە ڕۆژنامەیەکی ناسراوی گێتیدا بڵاو کرابێتەوە.

لە شوێنێکی تێکستەکەدا ئەم پارچەیە دەخوێنینەوە: (لە شەوی زستاندا باهۆزی بەفر لە دەوروبەری ماڵدا هەڵدەکات. ئینجا کاتی دەستپێکردنی فەلسەفەیە). ئەمە بە پرسیار و بیرکردنەوەوە دەبەستێتەوە. دەنووسێت: (داڕشتنی هەر بیرۆکەیەک ناکرێت سەخت و تیژ نەبێت. ئەو هەوڵەی هێزی وشە دەیخوازێت، لە خۆڕاگریی درەختی سنەوبەر دەچێت لە بەرانبەر ڕەشەبادا). لەم داڕشتنەدا سێبەری فەلسەفەکەی بە ڕوونی دەبینین. فیکری ئەو لەسەر ژیان و نیهل (عەدەم) دامەزراوە، بەڵام دڵەڕاوکێ و نامۆییش دەکەونە ناوەڕاستی هەردووکیانەوە. لەو نێوەدا دڵەڕاوکێی وجوودی (Existential Anxiety) سەر هەڵدەدات، کە لە ڕێگەیەوە تاک دەیەوێت مانای مەرگ بدۆزێتەوە. بەوەدا هیچ مانایەک جێگیر و تەواو نییە، بۆیە ئەو نیگەرانییە بەردەوامە. ئەوە ناهێڵێت مرۆڤ بوونێکی ڕاستەقینەی هەبێت. لە هەموو شوێنێکە و لە هیچ شوێنێکیش نییە. ئایا ڕووداوەکانی دەرەوە چەند گەورە بن، دەتوانن شتێک لەو نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەی کەم بکەنەوە؟ ئایا دەتوانن بۆ قەرەباڵغیی ڕایبکێشن و دڵنەواییی بدەنەوە؟}.

بەوەدا (سدیق) زووزوو ناوی (هایدیگەر) دێنێت، ئەوە دەمەوێت هەر بە پشتبەستن بەو فیلۆسۆفە یارمەتیی بدەم، تا بەسەر کێشەی بڕیاری وازهێنانمدا زاڵ ببێت، چونکێ وەک دەبینین پێوەی دەتلێتەوە. لە پێشەوە گوترا هەردوو بڕیارەکە، وازهێنان و گەڕانەوە لە منەوە هاتوون. ئەگەر بۆ خۆم کێشە نەبێت، ئایا چ پێویست دەکات ئەو هەموو ساڵە و تا ئەو ڕادەیە بیرکردنەوەی ئەو هەراسان بکات؟ ئەو فیلۆسۆفە لە پەرەگرافی ژمارە (٣٣٦)ی کتێبی (بوون و کات)دا چەمکی (کاتێتیی تێگەیشتن: Temporality of understanding) بۆ تێگەیشتن لە لایەنێکی گرنگی بوونی دازاین بە کار دەهێنێت، کە پێوەندیی بە بڕیاردانەوە هەیە. (دازاین) بە تێگەیشتنەوە دەژی و تێگەیشتنەکانیشی دەبن بە سەرچاوەی بڕیاردان، بەڵام مادام تێگەیشتنەکان لە کاتەوە دێن، ئەوە لەناو کاتیشدا دەگۆڕێن. لەو ڕووەوە تێگەیشتن لەژێر گوشاری کاتدا گۆڕانی بەسەردا دێت، کە ئەوە خەسڵەتێکی ئۆنتۆلۆجیی بوونی دازاینە.

مەبەستی لە (کاتێتی) ئەوەیە، ئێمە لەگەڵ کاتدا یەکمان گرتووە، بگرە بووەتە هەستمان و بە شێوەی ڕەسەن و هۆشیار تێیدا دەژین. بەم شێوەیە هیچ ساتێک ئەزەلی نییە و نامێنێتەوە، مادام تێکڕایان لە گۆڕاندان. ناکرێت کات لە گۆڕاندا بێت و ئێمە وەک خۆمان بمێنینەوە، چونکێ وەک دەڵێت یەکمان گرتووە. تێگەیشتن و بڕیاردانمان پێوەندییان بەو گۆڕانکارییەوە هەیە. ئایا من بەپێی ئەو تێگەیشتنە بۆ هەمان خاڵ، یان بۆ هەمان شوێن گەڕاومەتەوە؟ هەر لە دیدی (هایدیگەر)دا (شوێن)یش ڕەهەندێکە لە ڕەهەندەکانی (دازاین)، کە تێیدا (کات) بەردەوامی و دووبارەکردنەوەی هەمیشەییی خۆی درێژە پێ دەدات. واتە ئەویش لە گۆڕاندایە. کەواتە گەڕانەوەی من بەپێی ئەو تێگەیشتنە جیاوازە لەوەی سەرچاوەی زانراوی میلـلی پێمانی دەڵێت، ئەو سەرچاوەیەی (سدیق) لێیەوە دەڕوانێت و حوکم دەردەکات. لێی دەپرسم ئایا ئەوە بۆچوونی (هایدیگەر) نییە؟ ئایا بە دروستی لێی تێگەیشتووم؟ دەتوانێت لانی کەم پەرەگرافێک لەو بارەیەوە بنووسێت؟

من وەک خوێنەرێک کاتێ بابەتێک دەخوێنمەوە، لە خۆم دەپرسم چیی نوێم پێ دەڵێت؟ (سدیق) لەم گوتارەیدا گوتوویەتی کەسانێک هەن بڕیار دەدەن و لێی پەشیوان دەبنەوە. ئایا ئەوە شتێکی نوێیە؟ من یەکێکم لەوانە. ئەوە چ خوێنەرێکە پێویستی بەم ئەنجامە هەیە؟

(سدیق) ئەوە چەند ساڵە ناوی کۆمەڵێک لەو فیلۆسۆفانە ڕیز دەکات، کە هەندێکیان ڕەخنەی گەورەیان لە پرینسیپی (هۆکار: Causality) گرتووە، کەچی نەک هەر هاتووە لە ڕێی هۆکارەوە وازهێنانی من دەبینێت، بەڵکو تەنیا یەک دانە دەدۆزێتەوە، کە ئەویش مایەپووچییە. واتە هیچم نەماوە بۆ گوتن. (نیتشە) لەم ڕووەوە ڕەخنەی توند لە (سۆکرات) و (پلاتۆن) دەگرێت، بە تایبەتی لە کتێبی (ئاوابوونی بتەکان)دا، کە خۆیان بەو چەمکەوە خەریک کردووە و بوونەتە نوێنەری داخراوی، لە کاتێکدا فەلسەفەی پێشیان لە ڕێگەی تراجیدیاوە کرانەوەییی خۆی ڕاگەیاندووە. پێی وایە (سۆکرات)ی قەشمەری کاریکاتۆری هاوکێشەیەکی گەمژانەی لەنێوان عەقڵ، چاکە و ئاسوودەییدا پێک هێناوە، کە ئەو هاوکێشەیە پێچەوانەی سەرجەم غەریزەکانی گریکی کۆنە. ئەگەر (سۆکرات) بە دوای (هۆکار)دا دەگەڕێت، ئەوە ئەوان، ئەوانی خانەدان ڕقیان لەوە دەبووەوە بە دوای (هۆکار)ی هەڵسوکەوتیاندا بگەڕێن و عەقڵ بکەنە پێوەری چاکە و ئاسوودەیی. دۆگمایەتیی (سۆکرات) لەوەدا دەبینێت، کە دەستی بەو گۆشەنیگایەوە گرتووە، پێی وایە یەک شێوازی ژیان هەیە، ئەویش ئەوەیە عەقڵ پاڵپشتیەتی.

هیوادارم خوێنەر بۆ کتێبی (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ) بگەڕێتەوە، کە لەو بارەیەوە هەوڵم داوە بە وردی بنووسم. ئەمەیش پەرەگرافێکی دیکەیە:

{ڕۆمانی باو بایەخ بە پرینسیپی هۆکار دەدات وەک (تۆدۆرۆڤ) لە کتێبی (شیعریەت)دا دەڵێت ئەمەیش پێوەندیی پتەوی بە کاتەوە هەیە، بە ڕادەیەک تێکەڵییەک لەنێوانیاندا دێتە کایەوە. واتە ئەو هۆکارە وا دەکات ڕووداو بەپێی کاتی دەرەکی بچێتە بێشەوە و گرێچنی باو لە بەرچاو بگرێت، بەڵام بە دیوەکەی دیکەدا ناهۆکاری (Non-causal) ئەو هێڵە ڕاستە تێک دەشکێنێت، کە مانای وایە زنجیرەیی گوێی پێ نادرێت. واتە لە یەکەمیاندا داخران هەیە و لە دووەمیاندا کرانەوە، کە ئەوەیان پرۆسێسی گەڕانە لەناو خوددا. هەر ئەمەیش زمانێکی چڕ دەسەپێنێت، بەوەی لە ئاستی زانراوەوە دەچێتە ئاستی نەزانراوەوە. شێوازی شەپۆلی هۆش وای کرد کات بەو شێوە زنجیرەیییە نەبێت، بەڵکوو پارچەپارچە بکرێت، کە هەر پارچەیەک شێوازی سەربەخۆی هەبێت. ئەو تێگەیشتنەیش فەلسەفە بە درێژاییی مێژووی خۆی خەریکی بوو. بۆ نموونە هەوڵەکانی (نیتشە)، (بێرگسۆن) و (هایدیگەر) لەم ڕووەوە کۆمەکی گەورەیان بە ڕۆمانی فرەدەنگ کرد. ڕەخنەی (ڤالتەر بینیامێن) لەو تیۆرییەی مێژوو، کە لەسەر بنەمای فەلسەفەی (هیگڵ) دامەزرابوو و وای دەبینی مێژووی مرۆڤایەتی گشتگیرە، بەو مانایەی یاسای گشتی بە ڕێوەی دەبات و لە شێوەی هێڵێکی ڕێکدا دەچێتە پێشەوە، دەروازەیەکی دیکەی لە بەردەم ئەدەب و هونەری فرەدەنگدا خستە سەر پشت}.

ماوەتەوە بڵێم (سدیق) چەند ساڵە هەوڵی ئەوە دەدات من بێنێتە ئاستی میلـلییەوە، تا بە زمانی ڕۆژانەی جەماوەر بدوێم، کە ئێرە بوارەکەی خۆیەتی و دەتوانێت قسەی تێدا بکات، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە، چونکێ لە لای من زمانی نووسین تێپەڕاندنی زمانی ڕۆژانەیە. ئەوەیش هەڵەیەکی لۆجیکییە و بە مشتومڕ تا هێڵنج (Argumentum ad nauseam) ناسراوە. واتە کەسێک بابەتێک بە دەمەوە دەگرێت و هێندەی دەڵێتەوە، تا بەرانبەرەکەی دەگاتە ئەوەی هێڵنج بدات و توانای گوتنی نەمێنێت. دەتوانم بڵێم بەو دۆخە نەگەیشتووم. هەر جارێ چەمکێک فڕێ بدات، بەم ڕێگەیە ڕووبەڕووی دەبمەوە.

هاوڕێ نزیکەکانم دەزانن لە ئاستی (ئارام سدیق)دا دڵم گەردی لێ نەنیشتووە. باوەڕ ناکەم یەکێکیان لە دەمی منەوە بیستبێتی وشەیەکی نەشیاوم دەرهەق کردبێت، کە ئەوە چاکەیەک نییە لەسەری حیساب بکەم، بەڵام وەک ئەوەی پێی ڕاهاتووم لە ئاستی فکری میلـلیدا دڵڕەقم، ئینجا گرنگ نییە ئەو فکرە کێ ڕەواجی پێ دەدات. ڕووم لە فکریەتی، نەوەک لە کەسێتییەکەی. فکری هەر یەکەمان هیی ئەوەیە بکرێتە بابەتی گاڵتەپێکردن. ڕێی دەدەم، بگرە پێم خۆشە نموونە لە بەرهەمی من بێنێتەوە و وەک نوکتە بیخاتە بەر چاوی خوێنەر. پێچەوانەی ئەوەی دەڵێت: (هەرگیز نووسەرە ڕاستەقینەکان ترسیان لە ڕەخنە نییە، چونکە ئەوان دڵنیان لەوەی نووسیویانە)، من لەوانەی خۆم تەواو دڵنیا نیم، کە دەشێ سبەی خۆم ڕەخنەیان لێ بگرم. ئەگەر بەرهەمەکانی پێشووم بێنەوە بەر دەستم، بە شێوەی دیکە دەیاننووسم، بەڵام ئەوانە بۆ من گرنگن، چونکێ وەک (کارڵ پۆپەر) پێی لەسەر دادەگرێت هەوڵە بەردەوامەکان زیندووێتیم پێ دەدەن و لەوانەوە فێر دەبم. هەوڵ و هەڵە، هەوڵ و هەڵە. فیلۆسۆفان بە گومانەوە ڕوانیویانەتە بەرهەمەکانی پێشوویان. (مارکس) نموونەیەکی زەقە، کە بۆ هەر چاپێکی نوێی کتێبەکانی چەند گۆڕانکارییەکی کردووە. لە بیری ڕەخنەییدا (دڵنیایی) تەنیا یەقینە و هیچی دیکە. ئەمە گوتەیەکە لە زمانی ڕۆژانەدا باوە، دەنا لە ئاستی نووسینی ڕەخنەییدا شوێنێکی نییە. دژی ئەوەیشم نووسەر بەسەر (ڕاستەقینە) و هیی (ساختە) دابەش بکرێت، کە ئەمە ئاسانکردنەوەیە و بە دۆگمای دەزانم. بە چ پێوەرێک تۆ ڕاستەقینەیت و من ساختەم؟ بەهەرحاڵ ئەمە شێوازی منە لە نووسیندا. بەم ڕێگەیە ڕووبەڕووی ئەم و هەر ڕەخنەگرێکی دیکەی میلـلی دەبمەوە. ئینجا بەپێی ئەو ڕوانینەی (هایدیگەر) بۆ چەمکی (کات) و (بڕیاردان)ی هەیە، ناکرێت (سدیق) بخەینە چوارچێوەوە و بڵێین لە ئاییندەیشدا هەر بەم شێوەیە دەمێنێتەوە. ئایا ئەویش خۆی وا دەبینێت؟ (ئەم پەرەگرافەی کۆتاییم پێویست نییە، بەڵام چونکێ وەک نامە لێی دەڕوانم، بە ئاساییی دەزانم. هەر بە گشتی گوێ بە کۆت و بەندی نووسین نادەم. هیچ کڵێشەیەک لە بەرچاو ناگرم. ئەوەی بە گرنگی دەزانم، ئەوەیە، بە وردی لەبارەی چەمکەکانەوە بدوێم).

لەم لینکەی خوارەوەدا خوێنەر دەتوانێت کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دووکانی شووشەوات) و گوتارەکانی پێشوویشم بخوێنێتەوە، کە لەم نووسینەمدا ناویان هاتووە:

https://jineftin.krd/tag/%da%a9%d8%a7%d8%b1%d9%88%d8%a7%d9%86-%da%a9%d8%a7%da%a9%db%95%d8%b3%d9%88%d9%88%d8%b1/