دانپێدانانەکانی مەیموونێکی شیناگاوا

لە ئینگلیزییەوە: کامۆ ئاراز

پێنج ساڵێک پێش ئێستا، لە میوانخانەیەکی بچووکی ژاپۆنی لە شارچۆکەیەکی کانیاوە گەرمەکان* لە پارێزگای گونما، چاوم بەو مەیموونە بەساڵداچووە کەوت. میوانخانەکە لادێیی، یان گەر وردتر بڵێم، کەلاوەیەک بوو، بە زەحمەت لە جێی خۆی مابووەوە، کە بە ڕێکەوت وا هەڵکەوت شەوێکی لێ بەسەر بەرم.

ئەوکات خەریکی گەشتکردن بووم، بۆ هەر کوێیەک دڵم بیخواستایە. کاتژمێر ٧ـی ئێوارە لایدابوو ئەو وەختەی گەیشتمە شارۆچکەی کانیاوە گەرمەکان و لە شەمەندەفەرەکە دابەزیم. لە کۆتاییی وەرزی پاییز نزیک دەبووەوە، زۆر دەمێک بوو خۆر ئاوا بووبوو، شارۆچکەکە داپۆشرابوو بە تاریکایییەکی شینباوی تۆخ کە تایبەت بوو بە ناوچە شاخاوییەکان. بایەکی سارد و بەتەز لە لووتکەکانەوە دەهاتە خوارەوە، بە درێژاییی شەقامەکەدا ئەو گەڵایانەی بە ئەندازەی مشتەدەست دەبوون، خشەخشیان دەهات و دەجووڵان.

بە ناوەندی شارۆچکەکەدا ڕۆیشتم، دەگەڕام شوێنێک بدۆزمەوە تاوەکو لێی بمێنمەوە، وەلێ هیچ کام لەو میوانخانانەی شیاو دیار بوون دوای ژەمی ئێوارە پێشوازییان لە میوان نەدەکرد. لە پێنج شەش شوێن وەستام، بەڵام هەموویان بێپێچوپەنا دەستیان نا بە ڕوومەوە. دواجار، لە ناوچەیەکی چۆڵوهۆڵی دەرەوەی شارۆچکەکە، میوانخانەیەک کەوتە بەرچاوم کە پێشوازییان لێ کردم. لە شوێنیکی چۆڵ و شڕ و کۆنە دەچوو، هیچی وای نەمابوو لە خانەی بێنەواکان بچێت. ساڵانێکی زۆر بە بەرچاویەوە تێپەڕیان کردبوو، بەڵام ئەو ئەفسوونەی نەبوو کە لە میوانخانەیەکی کۆنی چاوەڕێ دەکەیت. کەلوپەلەکانی ئێرە و ئەوێی میوانخانەکە کەمێك خواروخێچ بوون، وەک بڵێیت بێباکانە چاک کرابێتنەوە، ڕەنگ و بۆیان لەگەڵ باقیی شوێنەکەدا یەکی نەدەگرتەوە. گومانم کرد ئەم شوێنە ئاوا وەک خۆی بمێنێتەوە لە زەمینلەرزەی داهاتوودا و دانەڕوخێت، تەنها دەمتوانی ئاوات بخوازم ئەو ماوەیەی لەوێ بەسەری دەبەم بوومەلەرزەیەک ئەوێ نەهەژێنێت.

میوانخانەکە ژەمی ئێوارەیان دابین نەدەکرد، بەڵام ژەمی بەیانیانیان پێشکەش دەکرد. نرخی مانەوەی شەوێک لەوێ بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو هەرزان بوو. لە دەرگای چوونەژوورەوە مێزێکی پێشوازیی سادە هەبوو، لە پشتیەوەی پیاوێکی پیری لووسکە دانیشتبوو- تەنانەت توکێک برۆی پێوە نەبوو- کە پێشوەختە پارەی مانەوەی شەوێکی لێ وەرگرتم. نەبوونی برۆ لەسەر ڕوخساری، چاوە گەورەکانی پیرەمێردەکەی بە شێوەیەکی سەیروسەمەرە دەدرەوشاندەوە. لەسەر دۆشەکێکی زەوییەکەی تەنیشتیەوە پشیلەیەکی ڕەنگقاوەییی گەورە ڕۆنیشتبوو، ئەویش بە هەمان شێوەی شوێنەکە کۆن بوو و بۆ خۆی قووڵ لێی خەوتبوو. دەبێت شتێکی هەڵە سەبارەت بە لووتی پشیلەکە هەبووبێت، ئاخر بڵند وەک لە هەر پشیلەیەکی دیکە تا ئێستا بینیبێتم، دەیپرخاند. جاروبار ڕیتمی پرخەکانی لە ڕێڕەوی ترپەکە لایاندەدا. هەموو شتێک لەم میوانخانەیەدا کۆن دەردەکەوتن و وا دەهاتنە پێشچاو کە خەریکە لێک دەترازێن.

ئەو ژوورەی نیشانم درا تەنگ بوو، وەک ئەو کۆگایەیە کە تێیدا دۆشەک و لێفەی خەوتنی تێدا هەڵدەگیرێت؛ ڕووناکی بنمیچەکە کز بوو، لەگەڵ هەر هەنگاوێکم  زەویپۆشە دارینەکەی ژیر تاتامییەکە١ سامناکانە جیڕەجیڕی لێوە دەهات. بەڵام زۆر درەنگ بوو تا ناڕەزایی دەرببڕم. بە خۆمم گوت کە دەبێت دڵخۆش بم بنمیچێک بەسەر سەرمەوەیە و دۆشەکێکیش هەیە لەسەری بنووم.

هەموو ئەو بارەسەفەرەی٢ پێم بوو بریتی بوو لە جانتا گەورەکەی کۆڵەپشتم، لەسەر زەوییەکە دام نا و بەرەو شارەکە بە ڕێ کەوتمەوە. (ڕاستییەکەی ئەمە ئەو جۆرە ژوورە نەبوو بمەوێت کاتی تێدا بگوزەرێنم.) لەو دەوروبەرە چوومە فڕۆشگایەک کە نوودڵزی سۆبایان دەفڕۆشت٣ و ژەمێکی سادەم لەوێ خوارد. یان دەبوو ئەوە بخۆم یانیش هیچ، ئاخر چێشتخانەیەکی دیکەی کراوە لەو دەوروبەرە بە دی نەدەکرا. بۆ خۆم بیرەیەکم نۆشی، هەندێکم لە مەزەی باڕەکە خوارد لە پاڵ ژەمەسۆبایەکی گەرم. سۆباکە دەخورا، نە هێندە خراپ بوو نە هێندەش باش، سوپەکەشی نیمچەگەرم بوو، بەڵام دیسان، هیچ گلەیی و گازندەیەکم نەدرکاند. خەوتن بە گەدەی بەتاڵەوە شکستە. دوای ئەوەی فرۆشگای سۆباکەم جێ هێشت، ویستم هەندێک سووکەژەم و بوتڵێکی بچکۆلەی ویسکی بکڕم، بەڵام هیچ سووچەفرۆشگایەکم٤ نەدۆزییەوە. کات هەشت لایدابوو، تەنها سەنتەری یارییەکانی ساچمەتەقاندن کرابوونەوە کە ئاسایی ئەو جۆرە کاتبەسەربردنە لە شارۆچکەی کانیاوە گەرمەکاندا باو بوو. ئیدی بە پێ گەڕامەوە بۆ میوانخانەکە، لەوێ پۆشاکم گۆڕی و ڕۆبێکی یوکاتام٥ پۆشی و چوومە خوارەوە بۆ گەرماو.

بەراورد بە باڵەخانە و کوچەکانی، گەرماوی کانیاوە گەرمەکانی نێو میوانخانەکە بە ڕادەیەکی سەرسووڕهێنەر نایاب بوو. ئاوە بەهەڵمبووی گەرماوەکە ڕەنگێکی سەوزباوی تۆخی هەبوو، ئاوەکە ڕوون نەکرابووەوە، بۆنی گۆگردەکە لە هەموو ئەو شتانەی تا ئێستا بۆنم کردوون تیژتر بوو، لەنێو ئاوەکەدا خۆم خوساند، تا سەر ئێسقان خۆم گەرم کردەوە. هیچ خۆشۆرێکی تری لێ نەبوو (پێم وا نەبوو هیچ میوانێکی دیکە لە میوانخانەکە ژووری گرتبێت)، بۆ خۆم پڕ بە دڵ چێژم لە گەرماوە پشوودرێژ و ئەهوەنکەرەوەکە وەرگرت. دوای ماوەیەک هەستم بە کەمێک لە سەرسووڕان کرد، بۆیە لە ئاوەکە هاتمە دەرێ تا خۆم وشک بکەمەوە، ئینجا چوومەوە ناو حەوزەکە. دواجار پێم وا بوو ڕەنگە ئەم میوانخانە بە سەروسیما وێرانە هەڵبژاردەیەکی باش بووبێت. بێگومان ئێرە ئارامبەخشتر بوو وەک گەرماوکردن لەگەڵ گرووپێکی گەشتیاریی بەنازونووز، کە ئاسایی لە میوانخانە گەورەکان بەو شێوەیە بوو.

بۆ جاری سێهەمین سەرقاڵی خۆلفکەشۆری بووم وەختێک مەیموونەکە بە خشەخشە دەرگا شووشەیییەکەی خزاندە ئەولاوە و کردیەوە، ئینجا هاتە ژوورەوە. “ببەخشە،” بە دەنگێکی نزمەوە وای گوت. ماوەیەکی پێ چوو تا درکم کرد بەوەی خۆ ئەوە مەیموونە. ئەم ئاوە چڕوپڕ و گەرمە نەختێک سەرمی گێژ کردبوو، جا هەرگیز چاوەڕێی ئەوە نەبووبووم گوێم لە مەیموونێک بێت قسە بکات، سا بۆیە نەمتوانی دەسبەجێ پەیوەندی دروست بکەم لەنێوان ئەوەی دەمبینی و ئەو ڕاستییە ئاشکرایەی کە ئەمە مەیموونێکی ڕاستەقینەیە. مەیموونەکە دەرگاکەی لە پشت خۆیەوە داخست، ئەو سەتڵانەی لە چواردەوری پەرشوبڵاو بوون ڕێکی خستنەوە، ئینجا گەرمیپێویکی خستە نێو حەوزی گەرماوەکەوە تا پلەی گەرمییەکەی بپێوێت. بە وردی لە ژمارەگری سەر گەرمیپێوەکەی ڕوانی، چاوەکانی بەیەکدا هاتنەوە، وەک بڵێیت بەکتریاناسێک بێت کە سەرقاڵی جوداکردنەوەی چەشنێکی نوێ لە وردەزیندەوەرانێکی نەخۆشخەرە.

“گەرماوەکە چۆنە؟” مەیموونەکە لێمی پرسی.

گوتم “زۆر خۆشە. سوپاس”. وشەکانم لەنێو هەڵمەکەدا بە چڕی و لەسەرخۆ دەنگیان دایەوە. زۆر ئەفسانەئاسا بوو، وەک دەنگی خۆم نەبوو، بەڵام لەباتیی ئەوە، وەک زایەڵەیەکی ڕابردوو وا بوو کە لە قووڵاییی دارستانێکەوە سەر باتەوە. جا ئەو زایەڵەیەش . . . ئادەی خولەکێک بوەستە. مەیموونێک لێرە چی دەکات؟ وە بۆچی بە زمانی من دەپەیڤێت؟

“بە لفکە پشتت بۆ بشۆم؟” مەیموونەکە ئەو پرسیارەی لێ کردم، دەنگی هێشتا نزم بوو. دەنگێکی ڕوون و فریودەری هەبوو وەک ئەو کەسەی لە گرووپی دوو-ۆپ دەنگە باریتۆنەکەی٦ هەبوو. هەموو ئەمانە شتانێک نەبوون مرۆ پێشبینیی ڕێتێچوونیان بکات. بەڵام هیچی سەیر سەبارەت بە دەنگی نەبوو؛ گەر چاوت بقوچانایە و تەنها گوێگر بووبایت، وات دەزانی کە کەسێکی ئاسایییە قسە دەکات.

وەڵامم دایەوە “بەڵێ، سوپاس”. مەبەستێکم نەبوو لەوەی لەوێ دابنیشم تا چاوەڕێی کەسێک بم بێت و پشتم بۆ بشوات، بەڵام گەر دەستم بە ڕوویەوە بنایە دەترسام وا بیر بکاتەوە کە من دژی ئەوەم مەیموونێک ئەو کارە بکات. زانیم کە پێشنیازەکەی لە میهرەبانیی خۆیەوە هەڵقوڵاوە، بێگومان نەشمدەویست هەستی بریندار بکەم. بۆیە بە شێنەیی لە حەوزەکە هەڵسام و لەسەر سەکۆیەکی دارین لێی ڕۆنیشتم، پشتیشم لە مەیموونەکە بوو. 

مەیموونەکە هیچ جلوبەرگێکی لەبەردا نەبوو. ئەمەش بۆ مەیموونەکان شتێکی ئاسایییە، بۆیە بۆم پرسێکی هێندە جێی بایەخ نەبوو. پێ دەچوو تا ڕادەیەک پیرەمەیموونێک بێت، تاڵی سپی بە سەریەوە زۆر بوون. لفکەیەکی نەرمونۆڵی بچووکی هێنا، سابوونی لێ خشاند، بە دەستێکی مەشقپێکراوانەش پشتمی وەستایانە شێلا.

مەیموونەکە سەرنجێکی خستە ڕوو “ئەم ڕۆژانە ساردی کردووە، ئەی وا نییە؟”

“وەک ئەوەی لێ هاتووە کە دەیڵێیت.”

“ماوەیەکی زۆری نەماوە ئەم شوێنە بەفر دایپۆشێت. ئینجا دەبێت بە پێمەڕە بەفر لە سەربانەکانەوە ڕاماڵن، جا بڕوام پێ بکە ئەمە ئەرکێکی هێندە ئاسان نییە.” دوای گوتنی ئەمە وەچانێکی کورت هاتە ئاراوە، ئینجا بە قسە خۆم پێدا کرد.

“کەوایە دەتوانیت بە زمانی مرۆڤ قسە بکەیت؟”

مەیموونەکە بە گورجی وەڵامی دایەوە “هەڵبەتە دەتوانم.” وا پێ دەچوو چەندبارە ئەم پرسیارەی لێ کرابێت. “لە تەمەنێکی بچووکەوە لەلایەن مرۆڤەکانەوە گەورە کراوم، جا بێ ئەوەی خۆم پێی بزانم لە پڕێکدا دەستم بە قسە کرد. بۆ ماوەیەکی زۆر لە تۆکیۆ دەژیام، لە شیناگاوا.”

“چ جێیەکی شیناگاوا؟”

“لە دەوروبەری گۆتێنیاما.”

“ئەوێ جێیەکی خۆشە.”

“بەڵێ، هەر وەک دەزانیت، بۆ ژیانکردن شوێنێکی دڵگیرە. جا لە نزیکییەوە باخچەی گۆتێنیامای لێیە، چێژم لە دیمەنە سرووشتییەکانی ئەوێ وەردەگرت.”

لەم خاڵەوە گفتوگۆکەمان وەستا. مەیموونەکە لە پیاخشاندنی لفکەکە بە قایمی بە پشتمدا بەردەوام بوو (هەستێکی نایابی هەبوو)، لە پاڵ هەموو ئەمانەدا دەمویست مەتەڵەکان بە ئاوەزمەندانە هەڵبهێنم. مەیموونێک لە شیناگاوا بەخێو کراوە؟ پاڕکی گۆتێنیاما؟ زمانزانێکی وەها ڕەوانیش؟ ئاخر ئەمە چۆن ڕێی تێ دەچێت؟ بۆ خاتری خوا، ئەمە تەنها مەیموونێکە. مەیمونێکە و هیچی تر.

گوتم “لە میناتۆ-کو دەژیم.” بە کورتی و پوختی ئەمە دەربڕینێکی بێمانا بوو لە منەوە.

“خۆ هێندە لێک دوور نەبووین، وا دانێ دراوسێ بووین.” مەیموونەکە ئەمەی بە تۆنێکی دۆستانەوە پێ گوتم.

لێم پرسی “چ جۆرە کەسێک تۆی لە شیناگاوا گەورە کردووە؟”

“سەردارەکەم پڕۆفێسۆری کۆلێژ بوو. شارەزای بواری فیزیا بوو، لە زانکۆی تۆکیۆ گاکوگێی پلەیەکی بەرزی هەبوو.”

“کەوایە کەسێکی زۆر زیرەک بووە.”

“بێگومان وا بوو. زیاد لە هەر شتێک شەیدای موزیک بوو، بە تایبەتی ئاوازەکانی بروکنەر و ڕیچارد ستراوس. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی منیش ئارەزوو بۆ موزیک پەیدا بکەم. بەردەوام گوێم لە موزیک دەبوو. هەڵە نابێت گەر بڵێیت، تێگەیشتنێکی باشم دەربارەی موزیک بۆ درووست بوو تەنانەت بەبێ ئەوەی خۆم درکی پێ بکەم.”

“حەزت لە بروکنەرە؟”

“بەڵێ. حەوتەمین سیمفۆنیای. هەمیشە پێم وا بووە جوڵەی سێیەمی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لێوانلێوە لە گەشبینی.”

منیش خۆم تێ هەڵقورتاندە باسەکەوە “بە زۆری گوێ لە سیمفۆنیای ژمارە نۆی دەگرم.” دیسان ڕستەیەکی دیکەی بێمانا.

مەیموونەکە گوتی “بەڵێ، ئەوەشیان موزیکێکی دڵڕفێنە.”

“کەوایە ئەو پڕۆفیسۆرە تۆی فێری زمان کردوە؟”

“ئەو فێری کردم. خاوەنی هیچ منداڵێک نەبوو، ڕەنگە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەمە، هەر کاتێکی بەتاڵیی هەبووایە پڕ بە دڵ ڕاهێنانی پێ دەکردم. زۆر ئارامگر و دانبەخۆگرتوو بوو، ڕێکوپێکی و بەدیسیپڵنی، لەسەروو هەموو شتێکەوە بۆ ئەو جێی بایەخ بوون. کەسێکی ڕژد بوو و پەندە دڵخوازەکەی ئەوە بوو کە چەندبارەکردنەوەی ڕاستییەکان بە بەردەوامی ڕێگە درووستەکەیە بۆ گەیشتن بە حیکمەت. هاوژینەکەشی کەسێکی کەمدوو و شیرین بوو، هەمیشە مامەڵەکردنی لەگەڵم میهرەبانانە بوو. هەردووکیان باش پێکەوە دەگونجان، جا ڕاستی کەمێک دوودڵم لە گوتنی ئەمە بە بێگانەیەک، بەڵام بڕوام پێ بکە، چالاکییەکانی کاتی شەوانیان ئەبووە گەڕەلاوژە.”

گوتم “ڕاست.”

دواجار مەیموونەکە لە شووشتن و شێلانی پشتم تەواو بوو. “سوپاس بۆ پشوودرێژیت.” ئەمەی گوت و سەری دانەواند.

گوتم “سوپاس بۆ تۆ. بە ڕاستی ئیشێکی چاکت کرد. جا هەر بەو بۆنەیەوە، ئایە لەم میوانخانەیە کار دەکەیت؟”

“بەڵێ. سوپاسگوزاریانم کە هێندە میهرەبان بوون ڕێم پێ بدەن لێرە دابمەزرێم. میوانخانە گەورەتر و کەشخەکان هەرگیز کار بە مەیموونێک نادەن. بەڵام ئەمان لێرە هەمیشە پێویستیان بە کارمەند هەیە، جا گەر سوودێکت هەبێت، گوێ نادەن بەوەی تۆ مەیموونیت یان هەر شتێکیت. بۆ مەیموون مووچەکە کەمترینە، تەنها لەو شوێنانەش ڕێگەم پێ دەدەن کار بکەم وەختێک بە زۆری لە بەرچاوان بزرم. ئیدی شتگەلێکی وەک پاککردنەوە، ڕێکخستنی گەرماوەکە و ئەم جۆرە شتانە. زۆرینەی میوانەکان تووشی شۆک دەبن ئەگەر مەیموونێک چا یان شتێکیان بۆ ببات. جا کارکردن لە چێشتخانەکەش بۆ من هەر نابێت لەبەر ڕێسای پاکوخاوێنی و تەندرووستیی چێشتخانەکان.”

پرسیم “ئایە بۆ ماوەیەکی درێژە لێرە کار دەکەیت؟”

“سێ ساڵێک دەبێت.”

“بەڵام پێ دەچێت بە زۆر شتدا تێپەڕیبیت پێش ئەوەی لێرە جێگیر ببیت؟”

مەیموونەکە بە خێرایی سەرێکی لەقاند. “زۆر ڕاستە.”

دوودڵ بووم، وەلێ دواتر خۆم یەکلا کردەوە و لێیم پرسی “گەر بە لاتەوە ئاسایی بێت، دەتوانیت زۆرترم دەربارەی باکگراوندی خۆت پێ بڵێیت؟”

مەیموونەکە کەمێک بیری لەمە کردەوە، ئینجا گوتی “بەڵێ، ئەوە ئاسایییە. پێم وا نییە هێندەی ئەوەی چاوەڕوانی دەکەن سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام کاتژمێر ١٠ لە کار دەبمەوە و دەتوانم ئەو وەختە لە ژوورەکەت سەردانت بکەم. ئایە ئەمە بۆت گونجاوە؟”

وەڵامم دایەوە ” بە دڵنیایییەوە، سوپاسگوزار دەبم گەر بۆ ئەوکات هەندێک بیرە لەگەڵ خۆت بهێنیت.”

“زۆر باشە. کەوایە کۆمەڵێک بیرەی سارد دەهێنم بە دڵی تۆ. ئایە بیرەی ساپۆرۆت پێ باشە؟”

“هەڵبژاردەیەکی باشە. کەوایە تۆ بیرە دەخۆیتەوە؟”

“بەڵێ، جارجارە دەخۆمەوە.”

“کەوایە گەر ئەرک نەبێت دوو بوتڵی گەورە لەگەڵ خۆتدا بهێنە.”

“گەر تێگەیشتبم، تۆ لە سویتی ئارایسۆ لە نهۆمی دووەم دەمێنیتەوە؟”

گوتم “ئەوە ڕاستە.”

“ئەمە کەمێک سەیرە، ئەی تۆش پێت وا نییە؟” مەیموونەکە ئەمەی گوت. ئینجا بە حیلکەیەکەوە بەردەوامیی بە قسەکەی دا “میوانخانەیەک لەنێو چیاکان لەنێو ژوورێک بە ناوی ئارایسۆ— ‘کەنارێکی بەردەڵانیی’.” لە ژیانمدا تا ئێستا گوێبیستی پێکەنینی هیچ مەیموون نەبووبووم. بەڵام پێم وایە مەیموونەکانیش پێدەکەنن، تەنانەت جارجارەش  دەگرین. نەدەبوو ئەمە سەرم بسووڕمێنێت، لەوەتەی ئەو دەیتوانی قسە بکات.

لێم پرسی “بە هەرحاڵ، تۆ ناوت هەیە؟”

“خۆی لە خۆیدا نەخێر، هیچ ناوێکم نییە. بەڵام هەمووان بە مەیموونەکەی شیناگاوا بانگم دەکەن.”

مەیموونەکە دەرگا شووشەیییەکەی کردەوە، ڕووی وەرگێڕا، بە ڕێزەوە سەری دانەواند، ئینجا بە هێواشی دەرگاکەی قەپات کرد.

کەمێک دوای کاتژمێر دە بوو وەختێک مەیموونەکە هات بۆ سویتی ئارایسۆ، سینییەکی پێ بوو کە دوو شووشەبیرەی گەورەی لەسەر بوو. لە پاڵ شووشەمەیەکان، سینییەکە کلیلێکی بوتڵکەرەوە، دوو پەرداخ و هەندێک سووکەژەمی لە خۆ گرتبوو: سکویدی٧ وشککراو و خۆشکراو و کیسەیەک کاکیپی- بستە و توێشووی برنج٨. ئەمانە خۆئاسایی مەزەی نەریتیی باڕەکان بوون. ئەم مەیموونە گەلێک وریا و زیتەڵە بوو.

مەیموونەکە ئێستا جلی پۆشیوە، شەڕواڵێکی وەرزشانەی خۆڵەمێشی و کراسێکی ئەستووری قۆڵدرێژ کە “I♥NY”ـی لەسەر نەخشێنرابوو، وەک هیی دەستی دوو وەها بوو ها وەختێک جلوبەرگی منداڵێک بۆ هیی نەوەی دوای خۆی دەمێنێتەوە.

ژوورەکە هیچ مێزێکی لێ نەبوو، بۆیە لە پاڵ یەکتریەوە لەسەر هەندێک سەرینی زابوتۆنی٩ تەنک لە زەوییەکە و پشتمان بە دیوارەکەوە، لێی دانیشتین. مەیموونەکە دەستی دایە کلیلی هەڵپچڕانی سەری بوتڵەبیرەکان و سەری دانەیەکیانی شکاند و دوو پەرداخی پڕ کرد لە بیرە. بێ نقە زرنگێکمان لە پەرداخەکانمان هێنا و دەستمان بە مەینۆشین کرد.

مەیموونەکە گوتی “سوپاس بۆ بیرەکان”، بە خۆشحاڵییەوە بیرەکەی دەنۆشی. منیش هەندێکم خواردەوە. با سەرڕاستانە بڵێم؛ هەستێکی نائاشنا و سەمەرە بوو لە تەک مەیموونێک دابنیشیت و پێکەوە مەی بنۆشن، بەڵام ئیدی پێم وایە لەسەری ڕادێیت.

“خواردنەوەی بیرەیەک لە دوای کار هەرگیز نائومێدت ناکات.” بە پشتی دەستە تووکنەکەی، دەمی سڕی. “بەڵام، بۆ مەیموونێک، هەڵڕەخسانی دەرفەت بۆ خواردنەوەی بیرەیەکی وەکوو ئەمە دەگمەنە.”

“لێرە لەم میوانخانەیەدا دەژیت؟”

“بەڵێ، ژوورێک هەیە. جۆرێکە لە ژوورەبەیتوونەیەک١٠، ڕێگەیان پێ داوم لەوێ بخەوم. جاروبار مشک دێن و دەچن، بۆیە قوڕسە بتوانیت لەوێ پشوو بدەیت، بەڵام من مەیموونم، سا دەبێت بەنمەک بم کە جێخەوێکم هەیە و ڕۆژی سێ ژەمی پڕاوپڕیش دەخۆم. مەبەستم نییە لەوەی ئێروکانە بەهەشت بێت یان شتێکی لەو چەشنە.”

مەیموونەکە نۆشینی یەکەم پێکەمەی تەواو کرد، سا پێکەکەیم پڕ کردەوە لە مەی.

بە ڕێزەوە گوتی “خەجاڵەتم.”

“ئایە لەگەڵ جۆری خۆت ژیاویت واتە نەک تەنها مرۆڤەکان؟ مەبەستمە بڵێم لەگەڵ مەیموونەکانی تر؟” ئەوەم لێ پرسی، ڕاستی شتانێکی دەمویست بیانپرسم.

“بەڵێ، چەند جارێک،” ئەمە وەڵامی مەیموونەکە بوو، کەمێک نیگەرانی ڕوخساری پۆشی. چرچولۆچییەکانی لاچاوی قووڵتر چەمانەوە. “لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر، بە زۆرەملێ لە شیناگاوا دەربەدەر کرام و لە تاکاساکییاما بەریان دام، ئەو ناوچەیەی باشوور کە بە پاڕکی مەیموونەکانی بەناوبانگە. سەرەتا پێم وا بوو دەتوانم لەوێ بە ئاسوودەیی بژیم، بەڵام بەو شێوەیە شتەکان نەڕۆیشتن بە ڕێوە. مەیموونەکانی دیکە هەڤاڵانی ئازیزی من بوون، بە هەڵە لە قسەکانم مەگە، بەڵام، چونکە لە ناوماڵی مرۆڤدا گەورە بووم لەسەر دەستی پڕۆفیسۆر و خێزانەکەی، نەمدەتوانی هەستەکانم بە باشی بۆیان دەرببڕم. شتانێکی هاوبەشی کەم لە نێوانماندا هەبوون، پەیوەندیبەستنیشم لەگەڵیان ئاسان نەبوو، پێیان دەگوتم ‘تۆ قسەی قۆڕ دەکەیت،’ سا گاڵتەیان پێ دەکردم و شەڕیان پێ دەفرۆشتم. مەیموونە مێیینەکان حیلکەحیلکیان بوو وەختێک دەیانبینیم. مەیموونەکان زۆر هەستیارن بەرانبەر جیاوازییە وردیلەکان. ئەوان ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی منیان بە گاڵتەجاڕانە لێک دەدایەوە، ئەمەش ئەوانی وەڕەس دەکرد، هەندێک جاریش توڕەی دەکردن. مانەوەم لەوێ سەختتر بوو، دواجار هەر خۆم ئەوێم جێ هێشت و سەری خۆم هەڵگرت. بە واتایەکی تر، بوومە مەیموونێکی سەرەڕۆ.”

“پێ دەچێت تەنیایییەکی زۆرت چەشتبێت.”

“هەر بە ڕاستی بەو جۆرە بوو. کەس پارێزگاریی لێ نەدەکردم، ناچار بووم بە تەنها خۆم بە دوای خواردندا وێڵ بم و بە جۆرێک لە جۆرەکان بەرگەی مانەوە لە ژیاندا بگرم. وەلێ لە هەمووی خراپتر ئەوە بوو کە کەسێکت دەست نەدەکەوت پەیوەندیی لەگەڵدا ببەستیت. نەمدەتوانی نە لەگەڵ مەیموونەکان یاخود مرۆڤەکان قسە بکەم. گۆشەگیرییەکی بەم ڕادەیە ئێجگار بەسوێیە. تاکاساکییاما پڕە لە مرۆڤە سەردانکەرەکان، بەڵام خۆ نەمدەتوانی کتوپڕ لەگەڵ هەر کەسێکدا کە دێتە سەر ڕێم  دەست بکەم بە گفتوگۆ. ئەوە بکە و قوڕبەسەرییەکی بێپایان بە دەست بخە. ئاکامەکەی ئەوە بوو لە هیچ کام لایان، نە لێرە نە لەوێ، ئۆقرەم نەگرت، نامۆ بووم بە جیهانی مرۆڤەکان، نامۆ بووم بە جیهانی مەیموونەکان. ژیوارێکی١١ تژی لە پەژارە بوو.”

“نەشتدەتوانی گوێ لە بروکنەر بگریت.”

“ڕاستە. ئەوە چیتر پارچەیەکی ژیانم نییە.” مەیموونەکەی شیناگاوا ئەمەی گوت و نەختێکی تر بیرەی نۆشی. لە ڕوخساری ورد بوومەوە، بەڵام، لەبەر ئەوەی سوور هەڵگەڕابوو، تێبینیم نەکرد گەر سوورتر هەڵبگەڕێت. زانیم ئەم مەیموونە زوو مەی نایگرێت و بەدمەست نییە. یانیش ڕەنگە نەتوانیت لە مەیموونەکاندا بە هۆی ڕوخساریانەوە ئەو پێشداوەرییە هەڵبهێنیت وەختێک کە مەستن.

“شتێکی تر کە بە ڕاستی ئەشکەنجەی دام گرێدانی پەیوەندی بوو لەگەڵ مێیەکان.”

گوتم “تێدەگەم، بەڵام لە ‘گرێدانی پەیوەندی’ مەبەستت لە…؟”

“بە کورتی، هیچ پریشکەئارەزوویەکی سێکیسم بۆ مەیموونە مێینەکان نەبوو. زۆر هەلم بۆ ڕەخسا تا لەگەڵیاندا ڕابوێرم، بەڵام هەرگیز مەیلم لێی نەبوو.”

“کەواتە مەیموونە مێیەکان نەیاندەورووژاندیت، هەرچەندە لەوەی خۆت مەیموونیت؟”

“بەڵێ. مەبەستەکەمت چاک پێکا. ئەمە زۆر شەرمەزارکەرە، بەڵام، بە ڕاستی تەنها دەتوانم مێی مرۆڤم خۆش بوێت.”

بێدەنگ بووم و دڵۆپەم لە پێکەکەم نەهێشت. کیسەی سووکەژەمە بەخرمەخرمەکەم هەڵپچڕی و چنگێکم دەرهێنا. “پێم وایە ئەم شتە بۆ هەندێک کێشەگەلی ڕژد سەر دەکێشێت.”

“بەڵێ، ڕێک وایە، کێشەگەلێکی ڕاستەقینە. ئیدی بە خۆم و مەیموونێتیمەوە، هیچ چاوەڕوانییەکی ئەوەم نەبوو مرۆڤە مێیەکان بەرسڤی ئارەزووەکانم بدەنەوە. وێڕای ئەمەش، ئەمە پێچەوانەی زانستی بۆهێڵناسییە.”

چاوەڕێی ئەو بووم بەردەوام بێت. مەیموونەکە بە توندی پشتەگوێی دەخوراند و دواجار بەردەوام بوو.

“سا ناچار بووم ڕێگایەکی تر بدۆزمەوە بۆ ڕزگاربوون لە حەز و ئارەزووە بەدینەهاتووەکانم.”

“مەبەستت لە ‘ڕێگەیەکی تر’ چییە؟”

“ڕەنگە بڕوام پێ نەکەیت.” مەیموونەکە بەوە دەستی کرد بە وەڵامدانەوەم. “دەبێت بڵێم لەوانەیە بڕوام پێ نەکەیت. بەڵام، ئیتر لە خاڵێک لە خاڵەکان دەستم کرد بە دزینی ناوی ئەو ژنانەی دەکەوتمە داوی خۆشەویستییانەوە.”

“دزینی ناوەکانیان؟”

“ڕاستە. دڵنیا نیم بۆچی، بەڵام پێ دەچێت بە بەهرەیەکی تایبەتەوە لە دایک بووبم کە توانای ناودزینم هەبێت. گەر بمەوێت، دەتوانم ناوی کەسێک بدزم و بیکەم بە هیی خۆم.”

شەپۆلێک لە سەرکوێری ڕووی تێ کردم.

“دڵنیا نیم کە لێت تێبگەم. وەختێک دەڵێیت دزینی ناوی خەڵک، مەبەستت ئەوەیە کە هەر بە یەکجاری ناوەکانیان لە دەست دەدەن؟”

“نەخێر. ئەوان بە تەواوەتی ناوەکانیان لە دەست نادەن. بەشێک لە ناویان دەڕفێنم، تەنها پارچەیەک. بەڵام کاتێک ئەو پارچەناوە دەبەم، ناوەکە کەمتر مایەدار دەبێت، لە جاران کاڵتر دەبێتەوە. وەک چۆن کاتێک خۆر بە هەورەکان دادەپۆشرێت سێبەرەکەی تۆش لەسەر زەوییەکە کز دەبێت. جا، ئیدی دەکەوێتە سەر کەسەکە، هەیە هەر ئاگای لێ نییە ناوەکەی لە دەست داوە. تەنها ئەو هەستەیان دەبێت کە شتێک لەسەر ڕێڕەوی خۆی نییە.”

“بەڵام هەندێکیان بە ڕوونی درکی پێ دەکەن، وایە؟ لەوەی کە پارچەیەک لە ناویان دزراوە؟”

“بەڵێ، بێگومان. هەندێک جار بۆیان دەردەکەوێت کە ناتوانن ناوەکەی خۆیان بێتەوە یاد. زۆر نالەبارە، بە ڕاستی وەڕەسکەرە، وەک ئەوەی دەشێت بە ئەندێشەتدا بێت. تەنانەت ڕەنگە ناوەکەی خۆیان وەک خۆی چۆنە نەناسنەوە. لە هەندێک باردا، دەناڵێنن بە شتێکی نزیک لە قەیرانی شوناس. ئەمەش هەمووی خەتای منە، ئاخر ئەوە منم کە ناوەکانیانم دزیون. زۆر بەداخم بۆ ئەمە. زۆر جار هەست بە قوڕساییی ویژدانی تاوانبارم دەکەم کە پانم دەکاتەوە. دەزانم ئەمە کارێکی هەڵەیە، کەچی ناتوانم ڕێ لە خۆم بگرم. هەوڵ نادەم پاساو بۆ ڕەفتارەکانم بهێنمەوە، بەڵام ئاستی دۆپامینی١٢ جەستەم ناچارم دەکات وا بکەم. وەک ئەوەی دەنگێک پێم بڵێت ‘هێی، بڕۆ دەی، ناوەکە بدزە. خۆ کارێکی نایاسایی نییە.’

قۆڵەکانم بە ناو یەکدا بردن و لە مەیموونەکە ورد بوومەوە. دۆپامین؟ دواجار دەستم کرد بە قسەکردن “ئەو ناوانەی دەیاندزیت تەنها ناوی ئەو خانمانەن کە بەدڵتن یان ئارەزووی سێکسیت بۆیان هەیە. ئایە تێگەیشتنەکەم تەواوە؟”

“ڕێک. خۆ من لەخۆڕا و هەڕەمەکییانە ناوی هەموو کەسێ نادزم.”

“تا ئێستا چەند ناوت دزیوە؟”

بە سیمایەکی ڕژدەوە مەیموونەکە پەنجەکانی خۆی کۆ کردەوە. لەگەڵ ئەوەی خەریکی ژماردن بوو، بە بەر خۆیەوە شتانێکی دەچرپاند. جا سەری بڵند کرد. “تێکڕا حەوت ناون. ناوی حەوت ژنم دزیوە.” 

ئایە ئەمە زۆر بوو یان کەم؟ چما کێ دەزانێت؟

پرسیم “جا چۆن ئەوە دەکەیت؟ گەر پێت ناخۆش نەبێت پێمی بڵێیت.”

“پتر بە هێزی ویست ئەوە دەکەم. هێزی سەرنجدان، وزەی دەروونی. بەڵام ئەمە بەس نییە. شتێکم دەوێت کە ناوی کەسەکەی لەسەر نووسرا بێت. ناسنامە زۆر نموونەیییە. مۆڵەتی شۆفێری، ناسنامەی زانکۆ، پێناسی بیمە، یان پاسپۆڕت؛ شتی هاوشێوەی ئەمانە. ناوەلەزگەش کێشەی نییە. بە هەرحاڵ، پێویستە شتەکە هاوشێوەی ئەوانەی ئاماژەم پێ دان، بە دەستمەوە بگرم. زۆر جار دزی تاکەڕێگەیە بۆ بەدەستهێنانی شتێکی ناولەسەرنووسراو. زۆر کارامەم لە بە-خشکەیی-چوونە-ناو-ژووری خەڵک وەختێک لەوێ نین. ئینجا بە دوای شتێکدا دەگەڕێم ناویانی لەسەر بێت و دەیبەم.”

“کەوایە ئەو شتەی ناوی ژنەکەی لەسەر نووسراوە، لە پاڵ هێزی ویستی خۆت، بە کار دەهێنیت ئینجا ناوەکەی دەدزیت؟”

“خۆیەتی. بۆ ماوەیەکی درێژ سەیری ناوە نووسراوەکە دەکەم، سەرنج لەسەر هەست و سۆزەکانم چڕ دەکەمەوە، ناوی کەسەکەی خۆشم دەوێت هەڵدەمژم. کاتێکی زۆر دەخایەنێت، ئاوەز و جەستەت تەواو ماندوو دەکات. وا بە سەراپایی بەنێویدا ڕۆدەچم، بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشێک لە ژنەکە دەبێتە بەشێک لە من. ئیدی خرۆشی و ئارەزووەکانم کە تا ئەوکات بێدەرچە بوون، بێ گیروگرفت دادەمرکێنەوە و تێر دەبن.”

“کەواتە هیچ دەسبازییەکی فیزیکی نییە؟”

مەیموونەکە بە توندی سەری ڕاوەشاند. “دەزانم من مەیموونێکی بێئەرزشم، بەڵام هیچی نەشیاو ناکەم. ناوی ئەو ژنەی خۆشم دەوێت دەیکەمە بەشێک لە خۆم- ئەمە بۆ من بەسە. هاوڕام لەوەی ئەمە کەمێک خوێڕییانەیە، بەڵام هاوکات تەواو ڕەفتارێکی پاک و پلاتۆنیکە١٣. بە کورتوپوختی، خۆشەویستییەکی بێئەندازەم هەیە بۆ ئەو ناوەی لە ناخمدا هەڵمگرتووە، هەڵبەت بە نهێنی. وەک شنەبایەکی فێنک وایە بە شێنەیی بەسەر مێرگێکدا گوزەر بکات.”

بە گوتنی “هممم” سەرسامیم دەربڕی “پێم وایە دەتوانیت بەوە بڵێیت باڵاترین چەشنی خۆشەویستییەکی ڕۆمانسی.”

“هاوڕاتم. بەڵام باڵاترین چەشنی تەنیاییشە. وەک دوو ڕووی یەک دراو. هەردوو ئەم لایەنە پەڕگرانە پێکەوە لکاون و هەرگیز لە یەکتری جیا ناکرێنەوە.”

گفتوگۆکەمان لێرەوە وەستا، من و مەیموونەکەش بە بێدەنگییەوە بیرەکەمان دەنۆشی، مەزەی کاکیپی و وشکەسکویدەکەشمان دەخوارد.

لێم پرسی “بەم دوایییانە هیچ ناوێکت دزیوە؟”

مەیموونەکە سەری بەملاوئەولادا ڕاتەکاند. دەستی برد بۆ مووە ڕەقەکانی سەر قۆڵی و هەندێکی گرتن، وەک ئەوەی بڵێیت بیەوێت دڵنیا بێت کە مەیموونێکی ڕاستەقینەیە. “نەخێر لەم ئاخروئۆخریانەدا ناوی هیچ کەسم نەدزیوە. پاش ئەوەی هاتمە ئەم شارۆچکەیە، بڕیارم دا چیتر لەو جۆرە هەڵسوکەوتە نابەجێیە تێوە نەگلێم. ئەمەش خۆشبەختانە بەهۆی ئەوەی ئەم مەیموونە بچووکە توانی ئارامی و ئاسوودەیی بدۆزێتەوە. ناوەکانی ئەو حەوت ژنەی لە دڵمدا هەڵمگرتوون گەنجینەی منن و بۆ خۆم ژیانێکی هێمن و خامۆش دەژیم.”

گوتم “خۆشحاڵم کە ئەوە دەبیستم.”

“دەزانم کە ئەمە لەلایەن منەوە زۆر بێشەرمانەیە، بەڵام بەتاسم گەر لە چاکیی خۆتەوە مۆڵەتم بدەیت بیروبۆچوونی خۆم دەرببڕم سەبارەت بە بابەتی خۆشەویستی.”

گوتم “بێگومان.”

مەیموونەکە چەند جارێک چاوەکانی بەربڵاوانە ترووکاند. برژانگە ئەستوورەکانی بۆ سەر و خوار شەپۆلیان دەدا وەک ئەوەی شنەبایەک بیانجوڵێنێت. بە هێواشی هەناسەیەکی قووڵی هەڵمژی، چەشنە هەناسەیەک وەک ئەوەی بازدەرەکان هەڵیدەمژن پێش ئەوەی ڕابکەن بەرەو ناوچەی بازدانەکە.

“باوەڕم وایە خۆشەویستی سووتەمەنییەکی بنچینەیییە بۆ بەردەوامبوون لە ژیان. ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو خۆشەویستییە کۆتاییی پێ بێت، یان ڕەنگە بە هیچ کوێیەک نەگات، بەڵام تەنانەت گەر کاڵ ببێتەوە، تەنانەت گەر تاکلایەنە بێت، هێشتا دەتوانیت دەست بەو یادەوەرییەوە بگریت کە کەسێکت خۆش ویستووە. یادەوەریی ئەوەی کەوتبوویتە داوی ئەڤینی کەسێکەوە. ئەمەش سەرچاوەیەکی بەهاداری گەرموگوڕییە. بەبێ ئەو سەرچاوە گەرمە، دڵی کەسێک- دڵی مەیموونیش- سەرماوسۆڵەیەکی سەخت دەیبات و دەیبەستێت، دەبێتە وێرانەخاکێکی بێپیت. دەبێتە شوێنێک کە هیچ تیشکێکی خۆری پێ ناگات، شوێنێک کە گوڵەکێوییەکانی ئاشتی، دارەکانی هیوا، هیچ هەلێکیان نییە بڕوێن. ئا لێرە لە دڵمدا، ناوی ئەو حەوت ژنە شۆخوشەنگەی خۆشم ویستوون بەرز هێشتوونەتەوە.” مەیموونەکە لەپی دەستێکی خستە سەر سینگە تووکنەکەی. “بە نیازم ئەم یادگارییانەم وەک سەرچاوەی سووتەمەنییەکی چکۆلانە لە لای خۆم بهێڵمەوە تا ئاگری شەوانی تەزیومی پێ خۆش بکەم، تا گەرموگوڕ بمهێڵێتەوە لەگەڵ ئەوەی بەردەوامی بەو ماوەیە بدەم کە ماومە لە ژیانی کەسیی خۆم.”

مەیموونەکە دیسانەوە حیلکەیەکی کرد و چەند جارێک بە هێواشی سەری بەملاوئەولادا بزواند.

“ئەوە ڕێگەیەکی سەیرە بۆ دەربڕینی ئەوەی ئێستا گوتم، ئەی وا نییە؟” ئەمەی گوت. “ژیانی کەسیی. سەرەڕای ئەوەی من مەیموونم، کەس نیم، هیی هیی!”

کات یانزدە و نیو بوو کە دوایین دڵۆپەی دوو بوتڵەبیرەکەمان تەواو کرد. “دەبێت بڕۆم،” مەیموونەکە گوتی “هێندە هەستم بە باشی و ئاسوودەیی کرد، دەترسم زۆربڵێیی و زماندرێژیم کردبێت. بمبەخشە.”

“نەخێر، پێم وا بوو چیرۆکێکی زۆر سەرنجڕاکێشە،” وام گوت. ئیدی لەوانەیە “سەرنجڕاکێش” وشە دروستەکە نەبووبێت. مەبەستم ئەوەیە، هاوبەشیپێکردنی بیرەیەک و گفتوگۆکردن لەگەڵ مەیموونێک خۆی لە خۆیدا ئەزموونێکی ڕیزپەڕ بوو. لە سەروو ئەمانەشەوە، ئەم مەیموونە شەیدای بروکنەر بوو و هاوکات ناوی ژنانیشی دەدزی لەبەر ئارەزووە سێکسییەکانی (یان ڕەنگە لەبەر خۆشەویستی)، سا ”سەرنجڕاکێش” پەیڤێکی دەسپێک نەبوو وەسفی ئەم هەلومەرجە بکات. ئەمە باوەڕپێنەکراوترین شتێک بوو تا ئێستا بیستبێتم. بەڵام نەمدەویست زیاد لە پێویست هەستوسۆزەکانی مەیموونەکە ببزوێنم، هەر بۆیە ئەم وشە ئەهوەن و بێلایەنەم هەڵبژارد.

لەگەڵ ئەوەی ماڵئاواییمان کرد، دراوێکی هەزار یێنیم١٤ دایە دەستی. گوتم “زۆر نییە، بەڵام تکایە شتێکی شیاوی پێ بکڕە و بیخۆ.”

سەرەتا مەیموونەکە ڕەتی کردەوە، بەڵام پێداگریم کرد و دواجار پەسەندی کرد. پارەکەی قەد کرد و بە وریایییەوە خستییە ناو گیرفانی شەڕواڵەکەیەوە.

گوتی “ئەمە لە چاکیی خۆتە. تۆ گوێت گرت لە چیرۆکە پووچەکەی ژیانم، بانگهێشتی بیرەنۆشینت کردم، ئێستاش ئەم دڵگەورەیییەم لەگەڵ دەنوێنیت. نازانم کە چۆن پێزانینە بێپایانەکەم دەرببڕم بۆت.”

مەیموونەکە شووشەبیرە بەتاڵەکان و پێکەکانی خستنە سەر سینییەکە و هەڵیگرتن بۆ دەرەوەی ژوورەکە.

بەیانیی ڕۆژی دواتر، میوانخانەکەم جێ هێشت و گەڕامەوە تۆکیۆ. لە مێزی پێشوازییەکە، نە پیاوە پیرە سەیرە لووسکە و بێبرۆکە لە هیچ کوێیەک دەبینرا، نە پشیلە پیرەکەش کە کێشەی لووتی هەبوو. لەجیاتیی ئەو ژنێکی قەڵەوی ڕووگرژی چلساڵانی لێ بوو. کاتێک گوتم دەمەوێت پارەی زیاتر بدەم بۆ بوتڵەبیرەکانی دوێنێ شەو، بە ڕوونی پێی گوتم هیچ خەرجییەکی زیادە لەسەر پسووڵەنامەکەم نییە. “هەموو ئەوەی لێرە هەمانە بیرەی قوتووی نێو ئامێری فرۆشتنەکەیە،” لەسەر قسەکانی پێداگر بوو “ئێمە هەرگیز بوتڵەبیرە نافرۆشین.”

دووبارە سەرم لێ شێوا. هەستم دەکرد دەتگوت پارچەکانی ڕاستەقینەیی و ناڕاستەقینەیی هەڕەمەکییانە جێگۆڕکێ لەگەڵ یەکتریدا دەکەن. بەڵام ئەوەی هیچ گومانێک هەڵناگرێت دوو بوتڵی گەورەی بیرەی ساپۆرۆم لەگەڵ مەیموونەکەدا خواردووەتەوە بەدەم گوێگرتن لە چیرۆکی ژیانیەوە.

بە نیاز بووم باسی مەیموونەکە لەگەڵ ژنە چلساڵانەکەدا بهێنمە بەر باس، بەڵام دژی ئەو نیازە بڕیارم دا وا نەکەم. لەوانەیە مەیموونەکە بە ڕاستی بوونی نەبووبێت، هەموو ئەو ماوەیەش زیاتر نەبووبێت لە وەهمێک، بەرهەمێکی مێشکمەوە بووبێت بەهۆی سەرمەستبوونی بە خۆشۆردنی ماوەدرێژ لەنێو کانیاوە گەرمەکان. یان ئەوەی من بینیم خەونێکی سەمەرەی لەڕاستیچووە. ئەگەر شتێکی وەک ئەمەم بگوتایە “ئێوە پیرەمەیموونێکی کارمەندتان لێرە هەیە و دەشتوانێت قسە بکات، وایە؟” ڕەنگ بوو شتەکان بە ئاقارێکی دیکەدا گوزەر بکەن، لە خراپترین سیناریۆشدا، ژنە پێی وا دەبوو من مێشکم لە دەست داوە. ئەگەری زۆر بوو مەیموونەکە لەوێ بە ڕەشی١٥ کار بکات بۆیە لە تۆماری کارمەندەکان ناوی نەبێت، میوانخانەکەش نەیەوێت بە شێوەیەکی بە ئاشکرا دانی پێدا بنێت لە ترسی ئاگادارکردنەوەی دەزگای باج یان دەزگای تەندروستی.”

وەختێک سەرنشینی ئەو شەمەندەفەرە بووم کە بەرەو ماڵەوە دەیبردمەوە، لە مێشکمدا هەموو ئەو شتانەی مەیموونەکە پێمی گوتبوون سەرلەنوێ لێم دانەوە. هێندەی لە توانامدا بوون بیرەوەرییەکانم هێنایەوە یاد و لەو پەڕاوەی بۆ کارکەم بە کارم دەهێنا هەموویم نووسینەوە، وا بە نیاز بووم هەر کە گەیشتمەوە تۆکیۆ سەراپای ئەو ئەزموونە لە دەسپێکەوە تا کۆتایی بنووسمەوە.

گەر مەیموونەکە بە ڕاستی بوونی هەبوو بێت- ئەمەش تاکە لێکدانەوە بوو باوەڕم پێی بوو- هێندە دڵنیا نەبووم باوەڕ بە چەندی قسەکانی بکەم کە بەدەم خواردنەوەی بیرەوە لەگەڵم کردبوونی. تا ڕادەیەک سەخت بوو بڕیار لەسەر چیرۆکەکەی بدەم. ئایە بەڕاست دەکرا ناوی ژنان بدزیت و بیانکەیت بە هیی خۆت؟ ئایە ئەمە جۆرە بەهرەیەکی تایبەت بوو کە تەنها ئەم مەیموونەی شیناگاوا هەیبوو؟ ڕەنگە مەیموونێکی دەردەدرۆگۆ١٦بووبێت. جا کێ دەزانێ؟ خۆی، پێشووتر هەرگیز نەمبیستووە مەیموونێک درۆی بەترشوخوێ و پێوەنراو بکات، وەلێ، گەر مەیموونێک هێندە بە زمانپاراوانە و لێهاتوویییانەوە بتوانێت بە زمانی مرۆڤ بدوێت، ئەگەری ئەوە دوور نییە خووی بە درۆکردنەوە گرتبێت.

وەک بەشێک لە پیشەکەم چاوپێکەوتنم لەگەڵ چەندان کەسد کردووە، زۆر باش ڕاهاتبووم لەسەر ئەوەی بزانم کێ جێی متمانەیە و کێش جێی متمانە نییە. کاتێک کەسێک بۆ ماوەیەک سەرگەرمی قسەکردنە، بە سەرنجدان لێی، دەتوانیت هەندێک ئاماژە و سەرەداوی وردبینانە خڕ بکەیتەوە و هەستی پێ بکەیت کە ئایە کەسەکە جێی باوەڕە یان نا. بە هیچ شێوەیەک ئەم هەستەم نەبوو لەوەی ئەو چیرۆکەی مەیموونەکەی شیناگاوا بۆی گێڕامەوە ساختە و هەڵبەستراو بێت. نیگای چاوەکانی و دەربڕینەکانی، بەو شێوازەشی کە ناوەناوە بە قووڵی بیری بۆ هەندێ شت دەچوو، وچانەکانی، ئاماژەی دەستەکانی، بەو شێوەیەی کە زمانی بە گیری دەهێنا بۆ پەیداکردنی وشەیەکی گونجاو- هیچ وا پێ نەدەچوو قسەکانی ساختەچێتی بن یان زۆری لە خۆی کردبێت ئەو چیرۆکە هەڵبەستێت. بگرە لە سەروو هەموو شتێکەوە، ڕاستگۆیییەکی بەئازار لە پشت دانپێدانانەکانییەوە هەبوو. گەشتە تاکەکەسییە ئارامەکەم کۆتاییی پێ هات، گەڕامەوە بۆ نێو گێژەڵووکەی ڕۆتینیاتی ڕۆژانەی شار. تەنانەت کاتێک هیچ ئەرکێکی زێدە گرینگی پەیوەست بە پیشەکەمەوە نییە و دەستبەتاڵم، بە جۆرێک لە جۆرەکان، لەگەڵ ئەوەی بە تەمەندا دەچم، دەبینم تا دێت سەرقاڵتر دەبم. کاتیش هەر وا بەردەوام خێرا دەبێت. لە کۆتاییدا هیچم سەبارەت بە مەیموونەکەی شیناگاوا بە کەس نەگوت، هیچیشم لەسەر نەنووسی. وەختێک کەس باوەڕم پێ نەکات بۆچی هەوڵ بدەم؟ مەگەر بتوانم بەڵگە بخەمە ڕوو-  بەڵگەی سەلماندنی ئەوەی مەیموونەکە بوونی هەیە- دەنا خەڵک پێم دەڵێن کە من “دیسان لە گیرفانی خۆمەوە ئەم قسانە دەردەهێنم.” خۆ گەر سەبارەت بەو مەیموونەش بە شێوەی وێژە بمنووسیایە، چیرۆکەکە سەرنج و مەبەستێکی ڕوونی نەدەبوو. دەمتوانی وەک ڕۆژی ڕووناک خەیاڵ بکەم کە چۆن ئێدیتۆرەکەم سەری لێ دەشێوا و چاوی دەچووە پشتی سەریەوە “دوودڵم پرسیارێکت لێ بکەم، چونکە تۆ خۆت نووسەرەکەیت، بەڵام تێمای ئەم چیرۆکە چییە؟”

تێما؟ خۆشم نازانم گەر یەکێکی هەبێت. چیرۆکەکە تەنها سەبارەت بە مەیموونێکە کە زمانی مرۆڤ گۆ دەکات، ئەوەی پشتی میوانەکان دەشوا لە کانیاوە گەرمەکانی شارۆچکەیەکی بچکۆلەی سەر بە ناوچەی گونما، ئەوەی بیرە چێژ لە بیرەنۆشین دەبینێت، دەکەوێتە داوی خۆشەویستیی مرۆڤە مێیینەکان، ناویشیان دەڕفێنێت. چ تێمایەک لەمەدا هەیە؟ یان چیرۆکێکی وا چ پەیامێکی تێدایە؟

لەگەڵ ئەوەی کات تێدەپەڕی، بیرەوەرییەکانی شارۆچکەی کانیاوە گەرمەکانیش دەستیان کرد بە کاڵبوونەوە. گرنگ نییە بە چ ئەندازەیەک بیرەوەرییەکان ڕوونن، ناتوانن کات ببەزێنن. 

بەڵام ئێستا، کە پێنج ساڵ تێپەڕیوە، دەخوازم لەسەری بنووسم، بە کۆمەکی ئەو تێبینیانەی وەختی خۆی نووسیبوومن لەناو شەمەندەفەرەکە. ئەمەش لەبەر ئەوەی لەم ماوانەی دواییدا شتێک ڕووی داوە و وای لێ کردووم لێی ڕابمێنم. گەر ئەم ڕووداوە ڕووی نەدایە، پێ نەدەچوو ئەمەی ئێستا بنووسم.

چاوپێکەوتنێکی پەیوەست بە کارەکەمەوەم هەبوو لە هۆڵی قاوەخانەی هۆتێلێک لە ئاکاساکا. ئەو کەسەی چاوم پێی دەکەوت سەرنووسەری گۆڤارێکی گەشتیاری بوو. ژنێکی زۆر جوان بوو، سیساڵان دەبوو، وردەڵە بوو، قژێکی ڕەشی درێژیشی هەبوو، ڕەنگوڕوویەکی خوێنشیرینی هەبوو لەگەڵ دوو چاوی گەورە و دڵڕفێن. سەرنووسەرێکی بەتوانا بوو. هێشتاش خانمێکی سینگڵ١٧ بوو. چەند جارێک ئیشوکار کۆی کردبووینەوە، لەگەڵ یەکتریش دەگونجاین. دوای ئەوەی لە ئیش بووینەوە، لەسەر ئەسکەمیلەکانمان پاڵمان دایەوە و بۆ ماوەیەک قسەمان کرد.

مۆبایلەکەی زەنگی لێ دا و بە سیمایەک وەک ئەوەی داوای بەخشین بکات لێی ڕوانیم. ئاماژەیەکم بۆ کرد تا وەڵامی پەیوەندییەکە بداتەوە. سەیرێکی ژمارە هاتووەکەی کرد و وەڵامی دایەوە. پێ دەچوو پەیوەندییەکە سەبارەت بە دابینکردن و پێشوەختەگرتنی شتێک یان شوێنێک بێت. ڕەنگە ڕێستۆرانت، یان هۆتێل، یان پسووڵەی فڕۆکە، ئیدی شتێکی وا. ئیدی بۆ ماوەیەک قسەی کرد، پەڕاوە چکۆلانەی پلانەکانی نێو گیرفانی پشکنی، ئینجا بە سیمایەکی ئارێشەدارەوە سەیری کردم.

“زۆر داوای لێبووردن دەکەم،” ئەمەی پێ گوتم بە دەنگێکی نزم، بە دەستیشی مۆبایلەکەی داپۆشیبوو. “دەزانم ئەمە پرسیارێکی سەیرە، بەڵام ناوم چییە؟”

بە هەناسەبڕکێوە، بەڵام تا پێم کرا بەبێ خۆشپرزەکردن، ناوی تەواویم پێ گوت. سەری لەقاند و زانیارییەکەی بۆ کەسی نێو هێڵی پەیوەندییەکە پاتە کردەوە. ئینجا پەیوەندییەکەی داخستەوە و دیسان داوای لێبوردنی لێم کرد.

“بە ڕاستی بۆ ئەمە داوای لێبوردن دەکەم. لە ناکاو نەمتوانی ناوی خۆم بیر بێتەوە. زۆر خەجاڵەتبارم.”

پرسیم “جاروبار ئەوە ڕوو دەدات؟”

دڕدۆنگ دیار بوو، بەڵام دواجار سەری لەقاند. “بەڵێ، ئەم ماوەیە زوو زوو ئەمەم بەسەردا دێت. ناتوانم ناوەکەم بێنمەوە یاد. وەک ئەوە وایە کتوپڕ هۆشم لە دەست بدەم.”

“ئایە شتەکانی دیکەشت لە یاد دەچن؟ وەک لەبیرچوونەوەی ڕێکەوتی لەدایکبوونت یان ژمارەی مۆبایلەکەت یان ژمارەی نهێنی کارتبانکیت؟”

یەکەودەست سەری ڕاوەشاند. “نەخێر، هەرگیز. هەمیشە یادەوەرییەکی باشم هەبووە. ڕۆژی لەدایکبوونی هەموو هاوڕێکانم دەزانم. تەنانەت بۆ تاقەجارێکیش ناوی کەسم لە بیر نەچووەتەوە. بەڵام، هێشتا هەندێک جار ناتوانم ناوی خۆم بیر بێتەوە. ناتوانم سەری لێ دەربکەم. دوای چەند خولەکێک، یادەوەریم کارا دەبێتەوە، بەڵام ئەو چەند خولەکە زۆر نیگەرانکەرە، ئیدی تووشی پەشێوی دێم. ئەوە وەک ئەوە وایە چیتر خۆم نیم. پێت وایە ئەمانەی نیشانەت دەسپێکی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر بن؟”

ئاهێکم هەڵکێشا. “بە شێوەیەکی پزیشکی نازانم، بەڵام کەی دەستی پێ کرد، هەر کتوپڕ ناوی خۆت بیر نەکەوتەوە؟”

ژنە چاوەکانی ورد کردەوە و بیری لە پرسیارەکەم کردەوە. “پێم وایە نزیکەی نیو ساڵێک پێش ئێستا بوو. لە یادمە چوومە دەرەوە بۆ پیاسە تا چێژ لە بینینی گوڵە قەیسییەکان ببینم. ئەوە یەکەم جار بوو کە ناوەکەم نەهاتەوە یاد.”

“ڕەنگە پرسیارێکی سەیر بێت، بەڵام ئەو کات هیچت بزر کردبوو؟ شتێکی وەک ناسنامە، مۆڵەتی شۆفێری، پاسپۆرت، کارت بیمە؟”

لێوی خۆی گەست، بۆ ماوەیەک ڕۆچووە نێو بیرکردنەوە، ئینجا وەڵامی دایەوە ” دەزانی چی، ئێستا کە تۆ ئاماژەت بەوە دا، لە بیرمە ئەوکات مۆڵەتی شۆفێرییەکەم بزر کرد. کاتی نانی نیوەڕۆ بوو و لەسەر ئەسکەمیلێکی باخچەکان دانیشتبووم، وەختی پشوو بوو، جانتای دەستییەکەمم لە پاڵ خۆم دانابوو لەسەر ئەسکەمیلەکە. سەرقاڵی تۆخکردنەوەی سووراوەکەم بووم، جا کاتێک ئاوڕم داوە جانتا دەستییەکەم دیار نەمابوو. بە ڕاستی تێنەگەیشتم، بە هەمووی چرکەیەک بوو ئاگام  لێ نەبوو، هەستم بە کەسیش نەکرد و گوێشم لە شەقای هیچ کەسێک نەبوو. لە دەوروبەری خۆمم ڕوانی، بەڵام هەر خۆم بە تەنێ بووم. پاڕکەکە هێمن بوو، دڵنیاش بووم گەر کەسێک بهاتبا و هەوڵی دزینی جانتاکەمی بدایە بێشک دەمزانی.”

چاوەڕێم کرد تا لە قسەکردن بەردەوام بێت.

“بەڵام ئەمە هەموو شتە نامۆکە نییە. هەمان ئەو پاشنیوەڕۆیە لەلایەن پۆلیسەوە پەیوەندیم پێوە کرا، پێیان گوتم جانتاکەم دۆزراوەتەوە. لە نزیک بنکەیەکی پۆلیسی پاڕکەکە دانرابوو. پارە و کارتی بانکییەکانم و مۆبایلەکەم لە ناو جانتاکەدا بوون. هیچیان دەستیان لێ نەدرابوون. تەنها مۆڵەتی شۆفێرییەکەمی تێدا نەبووبوو. پۆلیسەکە زۆر حەپەسابوو. کێ هەیە تەنها مۆڵەتەکە بەرێت و دەست نەبا بۆ پارەکە، جانتاکەش لە بەردەرگای بنکەی پۆلیس جێ بهێڵێت؟”

بە ئەسپایی ئاهێكم هەڵکیشا، بەڵام هیچم نەگوت.

“ئەمە کۆتایی ماڕچ بوو. دەسبەجێ چووم بۆ ئۆفیسی ئۆتۆمبێلەکان لە سامێزو و مۆڵەتێکی نوێم دەرکرد. هەموو پێشهاتەکە زۆر سەیروسەمەرە بوو، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی وەهای نەبوو.”

“سامێزو لە شیناگاوایە، وایە؟”

گوتی “ئەوە ڕاستە. لە هیگاشیۆیە. کۆمپانیاکەم لە تاکاناوایە، بە تەکسی ماوەیەکی کورتی دەوێ.” بە شێوەیەکی گوماناوی لێمی ڕوانی “پێت وایە ئەمە پەیوەندییەکی بەوەوە هەبێت؟ واتە لە نێوان لەبیرچوونەوەی ناوەکەم و گومکردنی مۆڵەتی شۆفێرییەکەم؟”

بە پەلە سەرم ڕاوەشاند. نەمتوانی مەیموونەکەی شیناگاوا بهێنمەوە بەرباس.

“نەخێر، بڕوا ناکەم پەیوەندییان بە یەکدییەوە هەبێت،” ئەوەم پێی گوت “ئەوە لە پڕێکدا بە مێشکمدا هات، چونکە بە ناوەکەتەوە گرێ دراوە.”

وا پێ نەدەچوو قەناعەتی بە پاساوەکەم هێنابێت. دەمزانی کەمێک مەترسیدارە پرسیاری تر بکەم، وەلێ یەک دانە پرسیاری تری گرنگ هەبوو.

“هەرچۆنێک بێت، لەم ماوانەدا چاوت بە هیچ مەیموونێک نەکەوتووە؟”

گوتی “مەیموون؟ مەبەستت لە ئاژەڵە؟”

گوتم “بەڵێ، مەیموونی ڕاستەقینە.”

سەری ڕاوەشاند “ماوەی ساڵانێکە پێم وا نییە هیچ مەیموونێکم دیبێت. نە لە باخچەی ئاژەڵان، نە لە هیچ شوێنێکی تر.”

ئایە مەیموونەکەی شیناگاوا گەڕاوەتەوە سەر فێڵ و تەڵەکە کۆنەکانی پێشووی؟ یان ئەمە مەیموونێکی ترە و هەمان ڕێگەکانی ئەو بە کار دەهێنێت بۆ ئەنجامدانی هەمان تاوان؟ (مەیموونێکی کۆپی؟) یان تەواو شتێکی دیکە بوو، جیا لە مەیموون، ئەمە بکات؟

بە ڕاستی نەمدەویست بیخەمە مێشکمەوە کە مەیموونەکەی شیناگاوا دەستی داوەتەوە ناودزین. پێی گوتم بە دڵنیایییەکی زۆرەوە کە ناوی ئەو حەوت ژنە لە ناخیدا بەس بوون بۆی، ئاسوودەش بوو بەوەی ئەو ماوەیەی لە ژیانیدا ماوە لەو شارۆچکە چکۆلەیەی کانیاوە گەرمەکان بەسەر بەرێت. واش پێ دەچوو کە بە ڕاستی مەبەستی ئەوە بووبێت کە لە زاری دەهاتە دەرەوە. بەڵام ڕەنگە مەیموونەکەی شیناگاوا دۆخێکی سایکۆلۆژیی درێژخایەنی هەبووبێت، بارێک کە ئاوەز بە تەنها نەیدەتوانی جڵەوی بگرێت. ڕەنگە ئەم نەخۆشییە، پێکڕا لەگەڵ دۆپامینەکەشی، پاڵیان پێوە نابێت وا بکات! لەوانەیە هەموو ئەم شتانە هێنابێتیانەوە بۆ ڕاوەناوەکانی لە کوچەوکۆڵانەکانی شیناگاوا لەپێناو دامرکاندنەوەی خووە دزێوەکانی جارانی.

ڕەنگە خۆشم هەوڵبدەم یەک دوو جارێک تاقی بکەمەوە. لە شەوە بێدارەکانم ئەم بیرۆکە خەیاڵاوییە خۆی دەخزێنێتە نێو مێشکمەوە. ناسنامە یان لەزگەناوی ژنێک کە خۆشم دەوێت دەڕفێنم، وەکوو لەیزەرێک سەرنجمی لەسەر خڕ دەکەمەوە، ناوەکەی ڕادەکێشمە نێو ناخم، دەست بەسەر بەشێک لە ئەودا دەگرم بۆ خۆم. دەبێت ئەو هەستە چۆن بێت؟

نەخێر. ئەوە هەرگیز ڕوو نادات. من هەرگیز دەستڕەنگین و تەڕدەست نەبووم، هەرگیز ناشتوانم شتێک بدزم کە هیی کەسێکی ترە. تەنانەت گەر ئەو شتە هیچ بوونێکی دەستلێدراوی نەبێت، دزینیشی پێچەوانەی یاسا نەبووبێت.

خۆشەویستیی لەڕادەبەدەر، تەنیاییی لەڕادەبەدەر. تەنانەت لەو کاتەوە کە گوێ لە سیمفۆنیایەکی بروکنەر ڕادەدێرم، بیر لە ژیانی تایبەتیی ئەو مەیموونەی شێناگاوا دەکەمەوە. وێنای ئەو پیرەمەیموونە دەکەم لەو شارۆچکە چکۆلانەیەی کانیاوە گەرمەکان لە ژوورەبەیتوونەی میوانخانە کەلاوەئاساکەوە، لەسەر دۆشەکێکی تەنک نووستوە. بیریش لەو سووکەژەمانە دەکەمەوە- کاکیپی و سکویدی وشککراوە- کە پێکەوە چێژمان لێ وەردەگرت، ئەو بیرانەشی پێکەوە دەماننۆشین، پاڵیشمان بە دیوارەکەدا دابووەوە.

لەو کاتەوە ئەو ژنە شۆخوشەنگەی کە سەرنووسەری گۆڤاری گەشتیاری بوو نەمدیوەتەوە، بۆیە نازانم چ چارەنووسێک بەسەر ناوەکەیدا هاتووە. هیوادارم تووشی هیچ کوێرەوەرییەک نەهاتبێت. ئیدی ئەو ژنێکی بێتاوانە. هیچ کام لەمانە خەتای ئەو نین. لەبارەیەوە هەستێکی ناخۆشم هەیە، بەڵام هێشتا ناتوانم پاڵ بە خۆمەوە بنێم تا باسی مەیموونەکەی شیناگاوای بۆ بکەم.

پاشکۆ:

*فیلیپ گابریێل لە ژاپۆنییەوە وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی. دەقە ڕەسەنەکە لە نویۆڕک تایمز بڵاو کراوەتەوە:

https://www.newyorker.com/magazine/2020/06/08/confessions-of-a-shinagawa-monkey-haruki-murakami

*کانیاوی گەرم [hot-spring]، بە ژاپۆنی پێیان دەگوترێت ئۆنسێن، چەشنێک لە کانیاون کە ئاوەکەی ناویان گەرمە بە ڕادەی دەوروبەری کوڵان. هەندێک لە شارۆچکە هەن کە ئەم جۆرە کانیاوە گەرمانەیان زۆرن و گەشتیاران و خەڵکانێکی زۆر بەمەبەستی پشوودان سەردانیان دەکەن، باوەڕیش وایە کە بەهایەکی چارەسەرکاری و پزیشکیشیان هەیە.

*ئەم وەرگێڕانە پێشکەشە بە ماریای ئازیز.

١تاتامی حەسیری ژاپۆنییە و جێگەی خەوی لەسەر ڕا دەخرێت.

٢بارەسەفەر=luggage

٣نوودڵز [noodles] زۆر لە سپاگێتی دەچێت. ئەو ئیندۆمیەی پێی ئاشناین نودڵزە. دەکرا دەستەواژەی ماکەرۆنی یان سپاگێتی بەکار بهاتبانایە یان تەنانەت شەعریەی درێژکۆلە، وەلێ بە گونجاوم نەزانین، بە کوردییش دەستەواژەی پڕواوپڕم نەدۆزیەوە و وشە ئینگلیزییەکەم بە گونجاوتر زانی.

سۆباش چەشنێکە لە نودڵزی ژاپۆنی.

٤دەستەواژەکە بە ئینگلیزی convenience storeـە، corner shopـیشی پێ دەگوترێت، کە گۆڤار، مەی، ئایسکرێم، سووکەژەم و ئەو جۆرە کاڵایانە دەفرۆشن. بە کوردی وشەیەکی پڕ بە پێستم بۆی نەدۆزییەوە. بە ژاپۆنییش هەر بە ئینگلیزی دەیڵێن بەڵام بە گونجاندن لەگەڵ سیستەمی دەگی ژاپۆنی: کۆنبینیەنس سوتۆا.

٥یوکاتا پۆشاکێکی ژاپۆنییە، ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی و واتە پۆشاکی گەرماو.

٦گرووپی دوو-ۆپ doo-wop باندێکی موزیکی ڕەشپێستی ئەمەریکی-ئەفریکایی بوون لە ١٩٥٠ـاکانی سەدەی ڕابردوو لە ژانری پۆپ ڕۆک گۆرانیان دەچڕی. لە گۆرانی چڕیندا، باریتۆن چەشنێکە لە دەنگی پیاوان کە دەکەوێتە نێوان تۆنی باس و تێنۆر.

٧سکوید جۆرە ئاژەڵێکی ژێر دەریایە، ئەم بوونەوەرە وەختێک هەست بە مەترسی نێچیرگرێک بکات مەرەکەب دەپرژێنێت و خۆی قوتار دەکات. لە وڵاتانی باشووری کیشوەری ئاسیا وشک دەکرێنەوە و خۆشەدەکرێن و وەک سووکەژەم دەفرۆشرێن.

٨کاکیپی سووکەژەمێکی ژاپۆنییە و تێکەڵەیەکە لە بستە و کریسپی برنج کە خۆشەکراوە بە سۆسی سۆیا؛ توێشوو لە بەرانبەر cracker بەکار هاتووە.

٩لە نەریتی ژاپۆنییەکاندا زابوتۆن گۆشە یان سەرینێکی تاکنەفەرییە و وەختێک کەسێک لەسەر زەوییەکە دادەنیشێت بە کاری دەهێنێت.

١٠ژوورەبەیتوونە وەرگێڕانە بۆ attic.

١١بەگوێرەی فەرهەنگی خاڵ ژیوار وشەیەکی ئەردەڵانییە بۆ گوزەران و ژیان. لەم وەرگێڕانە بەرانبەر بە وشەی بوون/وجود/existenceوەگەڕ خراوە.

١٢دۆپامین ڕژێنێکی مێشکە کە بەرپرسیارە لە بەخشینی هەستی چێژ لە مرۆڤەکان.

١٣پلاتۆنیک [یان ئەفڵاتونیانە؛ بە ئینگلیزی platonic]

١٤یێن دراوی وڵاتی ژاپۆنە. ١٠٠٠ یێن بە نزیکەیی دەکاتە ١٠٧٥٠ دیناری خۆمان.

١٥بە ڕەشی وەرگێڕانە بۆ off-the-books واتە وەختێک کەسێک بە نایاسایی یان بە شێوەیەکی نافەرمیانە کار لە شوێنێک دەکات. بۆ نموونە ئەو کوردە پەنابەرانەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە نایاسایی کار دەکەن دەگوترێت کە بە ‘ڕەش’ ئیش دەکەن.

١٦دەردەدرۆگۆ وەرگێڕانە بۆ pathological liar، کە جۆرە نەخۆشییەکی دەروونییە، کەسی نەخۆش هەمیشە تەنانەت بۆ چکۆلەترین شتیش درۆ دەکات.

١٧.دەکرا وشەیەکی کوردی لەباتیی سینگڵ بە کار بهێنرێت بەڵام وا دیارە ئەو دەستەواژەیە ئێستا لەنێو کۆمەڵگەدا جێی خۆی گرتووە.