ئێواره‌یه‌کی گوڵه‌باخی
عادڵ به شۆڕتێکی بۆر و کۆنه‌وه له بهردەرگای حه‌مام ڕاوه‌ستابوو، مریەم به ئه‌سپایی لێی نزیک بوویه‌وه. پیاو پشتی له‌و بوو و نه‌یده‌بینی که ژنەکەی گه‌وره‌ترین چه‌قۆی ئاشپه‌زخانه‌ی به ده‌سته‌وه‌یه. مریەم به پارێزه‌وه هه‌نگاوی هه‌ڵگرت. چه‌قۆکه‌ی له‌نێو له‌پی ده‌ستی ڕاستی وا توند توند گرتبوو کە هەستی دەکرد دەسکە دارینەکەی لە گۆمی ئارەقینی لەپی دەستی خوساوە، خاولییه‌کیش به ده‌ستی دیکه‌یه‌وه بوو، خاولییه‌کی گه‌وره‌ی بۆر که زیاتر له بەتانیی سه‌ربازخانه ده‌چوو. ژن ئارام و بێکشه چووه پێشه‌وه. پیاوەکەی له‌و به‌رزتر بوو، که‌ڵه‌گه‌تتر و گۆشتنتر. به هه‌موو تواناوه چه‌قۆکه‌ی چه‌قانده ناوشانی پیاوەکەی. عادڵ لای کرده‌وە: «ئه‌ی داوه‌شێی! جارێک نه‌بوو داوای شتێک بکه‌م و چوار سه‌عات نه‌گه‌ڕێی به شوێنیا…»
مریەم گەڕایەوە بەرەو ئاشپه‌زخانه. به‌ده‌م وردکردنی پیازه‌وه فرمێسک به چاوه‌کانی شۆڕ بوویه‌وه…
«مریه‌م، مریه‌م!»
ژن به باڵی کراسه‌که‌ی ئاوی سەروچاوی سڕی، دهستەکانی شۆرد، ده‌رگای حه‌مامی که کرده‌وه عادڵ له‌سه‌ر چوارپایه‌یه‌کی دارین دانیشتبوو و له‌نێو ته‌م و هه‌ڵمی داخدا چاوه ده‌رپۆقیوه‌کانی نووقاندبوو، سۆنایەکی دۆزەقییانە. مریەم بە هەموو هێزەوە له‌قه‌یه‌کی کێشایە پێ شکاوه‌که‌ی چوارپایه‌ی دارینەوە، عادڵ به پشتدا که‌وت و شێرەی ئاوه سارده‌که که بۆ لاقشۆردنی دهسنوێژان دانرابوو چه‌قییه پشتەوەی سه‌ری، خوێنی گه‌رم قڵپه‌ی کرد و ڕژایه سه‌ر موزاییکی زه‌رد و شینی بنپێیان. عادڵ به چاوی سووره‌وه واق مابوو: «ئه‌ی خوا نهتیهرێ… دوو سه‌عاته بانگت ئه‌که‌م…» ژن لفکه‌که‌ی نوقمی که‌فی سابوون کرد و جاده‌یه‌کی پان و سپیی له ناوشانی مێرده‌که‌یەوە کێشایه خوار، تا سه‌ر که‌مه‌ر و لێواری شۆڕته بۆره‌که‌ی… مریەم لفکه‌که‌ی فڕه دایه سووچی حه‌مامه‌که‌وه و چنگی هەڵپێچا لە قژه کهفاوییهکانی عادڵ و به هه‌موو زۆرێکه‌وه ناوچاوی پیاوەکەی کوتا به کاشییه گوڵگوڵینهکانی دیواری حەمامەکەدا… خوێنی سووری عادڵ تێکه‌ڵ به که‌فی سپیی سابوون، گوڵه ڕه‌نگپه‌ڕیوه‌کانی کاشییه‌کانی بووژانده‌وه و حه‌مامه‌که پڕ پڕ بوو له گوڵه‌باخی ئاڵوواڵ… بۆنی گوڵه‌باخ جه‌رگ و جه‌سته‌ی ژنەکەی ته‌زاند و فڕەی دایە نێو ئێواره‌یه‌کی دوور، هاوینێکی داخ، ژوانێکی ته‌ڕ… پیاو ده‌ستی کرده نێو قژه شێدارکانی ژن‌دا و پشتی نووساند به کاشییه گوڵداره‌کانه‌وه… مریه‌م!
گوڵهباخییهکان له پێشچاوی مریەم هەڵوەرین، چاوه‌کانی پڕ بوون له دڵۆپهشهونمی داخ و لەسەر کوڵم و لاملی دڵۆپ دڵۆپ ڕۆچوونە نێو دۆڵی سڕ و کاسی سینگییەوە… عادڵ دەمی نزیکی لاملی گه‌رم و ته‌ڕی مریه‌م کردەوە و لە گوێچکەیدا چرپاندی: «له زووه تاسه‌م نه‌کردبووی…» بۆنی سابوون هورووژمی برده نێو ده‌ماره‌کانی مریەم. به هه‌موو جه‌سته‌ی ژنەکەدا خوێنێکی ڕه‌ش و مه‌ییو گه‌ڕا.
«مریەم! مریەم!»
مریەم… لەمێژ بوو مردبوو.