دژ بە نەبوونی هاوتەبایی
(دەربارەی درۆکانی نووسەر؛ لەگەڵ نۆدلمان و جۆنسۆندا
نێوان کردار و گوتن، نێوان کردە و نووسین، نێوان ئەوەی کە دەوترێت و ئەوەی کە جێبەجێ دەکرێت، هەمیشە و بە درێژاییی مێژووی فەلسەفە خۆی، بە چەندین شێوازی جیاواز لێک دراوەتەوە و لەگەڵ خۆیشیدا چەندین بۆچوونی دژبەیەکی دیکەی بەرهەم هێناوە. ئێمە کاتێک باس لە گرێدانی ئەم دوانە و هاوتەبایییان یاخود دژبوونیان دەکەین لەگەڵ یەکدیدا، لەو ڕووەوە بۆمان گرنگن کە ئەمانە توانای درکاندنی چەند ڕاستییەکیان هەیە لەبارەی درۆوە و بەشدار دەبن لە تێکشکاندنی وەهمی بەبتکردن و پیرۆزبینینی نووسەراندا. بۆ نموونە: نووسەرێک هەوڵی داوە دەربارەی هەندێک بابەت ڕاستگۆیانە بدوێت و بنووسێت، منی خوێنەر چۆن بەر ئەو نووسینە بکەوم و درک بە ڕاستبوونەکەی بکەم؟ بۆ دڵنیابوونەوە لەم ڕاستگۆبوونە ناچارین دابچۆڕێینە نێو ژیانی تایبەتییەوە، بچینە ئەو شوێنە جێهڵراوانەی کە نووسەر لێی شاردووینەتەوە و نەیهێناونەتە نێو دەقەکەیەوە. بێگومان ئەمەش لە ڕێی کنەکاری و پشکنینی کردە ڕۆژانەیییەکانی نووسەرەوە دەبێت. لە ڕاستییشدا ئەم کنەکارییە، ئەم هەڵکۆڵین و داچۆڕینە بەنێو ژیانی تایبەتی نووسەراندا، لە یەکەمین سیمادا وا دەردەکەوێت کە جۆرێک بێت لە لێکۆڵینەوەی پۆلیسییانە، بەڵام منی خوێنەری گومانکار، ناچارم پەنای بۆ ببەم و بەلامیشەوە گرنگە، لەوەدا گرنگە کە دەبێتە بەڵگە بۆ یەکلاییکردنەوەی ڕادەی پەیوەستێتیی خودی نووسەر بەو پەیامانەی ئاراستەی ئەوانی تری کردووە یاخود ئاراستەی منی خوێنەری دەکات. گەر هاوتەبایی بینرا ئەمە گەواهیدەرە بۆ هەبوونی هاوتەباییی کەسییانەی نووسەر بە نووسینەکانیەوە، خۆ ئەگەر پێچەوانەکەشی بوو، ئەوا ئێمە بەر کۆمەڵێک لێکدژی نوێ دەکەوین و ناچارین لە سۆنگەی ئەو لێکدژانەوە خوێندنەوەیەکی زۆر جیاوازتر بۆ دەقەکانی بکەین.
ئایا ئاشکرابوونی لێکدژیی نێوان کردە و نووسین لای نووسەر، هیچ لە بەهای دەقەکانی کەم دەکاتەوە؟ لە ڕاستیدا وەڵامی ئەم پرسیارە نە نەخێرە و نە بەڵێ، بەڵکوو لەو نێوەندەدایە و بەپێی سەردەم و قۆناغەکان، بە ڕەچاوکردنی دۆخی ڕاستەقینەی ژیانی نووسەر وەڵامەکانیش گۆڕانیان بەسەردا دێت، هەڵسەنگاندنەکان بە هەر ڕێیەکدا بڕۆن، دواجار ئەوە پێوەرە ڕەخنەیییەکانی سەردەمە جوداکانن بە شێوازی پەسەندکراو، وەڵامەکانمان دەخەنە بەردەست. ئێمە دەزانین درۆکردنی خودی نووسەر دەرهەق بە پەیام و هێڵە گشتییەکانی بیرکرنەوەی خۆی، دەرهاویشتەی کۆمەڵێک هۆکاری جودای نێو ئەو ژینگەیەیە کە نووسەری تیا دروست بووە. ئەم درۆکردنەش کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی ناتەباییی نێوان کردە و دەق، ڕەنگە باشترین ئاماژە بێت بۆ مەحاڵبوونی پراکتیزەکردنی تیۆری وەک خۆی لە سەرزەمینی واقیع، نەک هەر بۆ ڕەنگدانەوەی لە ژیانی گشتی کۆمەڵگادا، بەڵکوو بۆ ڕەنگدانەوە لەسەر خودی داڕێژەری تیۆرییەکەش، ئەمەش بە ڕووکەش هەواڵێکی ئومێدبەخش نییە و ڕەنگە وابەستەبوونی خوێنەر بە بەرزێتی و لەسەر هەقبوونی تیۆرییەکان کەمێک کاڵ بکاتەوە، لێ ئەوە دەستکەوتێکی مەزنە بۆ ئەوانەی ناخوازن جیهان ببێتە مۆڵگەی یەک بیر و یەک تیۆری و یەک ڕەنگ و دەنگ؛ ئەوانەی بڕوایان بە ڕێژەییبوونی هەقیقەتە و لەسەرهەقبوونی تەواوەتیی تیۆرییەک، یان یەک ڕێچکە و ڕێبازی زاڵ بە توندی ڕەت دەکەنەوە.
فرانسۆ نۆدلمان چی دەدرکێنێت؟
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بەر دەیان کتێبی جۆراوجۆر کەوتووم، کە بە پلەی یەک ئامانجیان پەردەهەڵماڵین بووە لە سەر ناتەباییی نێوان نووسین و کردار؛ ئامانجیان وردبوونەوە بووە لەو دژیەکییەی کە لە نێوان بیروڕاکانی نووسەر و هەڵسوکەوتەکانیدا هەن، لەنێو هەموو ئەوانەشدا لەو بڕوایەدام هیچیان هێندەی فەیلەسووفێکی وەک فرانسۆ نۆدلمان دەستیان نەخستۆتە سەر خاڵە سەرەکییەکان سەبارەت بەو لێکدژییانەی کە لە نێوان شێوازی ژیانکردن و شێوازی قسەکردنی کەسە ناودارەکاندا هەیه. نۆدلمان زۆر شتی نوێ لەو بارەیەوە دەڵێت، زۆر مەسەلەی هەستیار و لایەنی کردەییی ژیانی فەیلەسووف و بیریاران بە وردی لێک دەداتەوە و لە پەیوەندیدا بە جۆری نووسین و تێڕوانینەکانیەوە، هەڵێنجاندنیان بۆ دەکات.
نۆدلمان کە هەم مامۆستای فەلسەفەیە لە نیویۆرک و هەمیش فەیلەسووفێکی ناوداری فەرەنسا، ئەوەندە ئەم پرسی درۆکردنەی بە لاوە گرنگە؛ ئەوەندە نیازێتی ئەو لێکدژییانەی نێوان نووسین و کردار دەربخات و نەهێڵێت خوێنەر بە جوانیناسیی دەق و وشەسازیی نووسەر فریو بخوات، تا دەگات بەو ڕادەیەی کتێبێکی گرنگ لەو بارەیەوە بنووسێت و ساڵی ۲۰۱٥ بە ناونیشانی: (بلیمەتی درۆکردن)۱ چاپ و بڵاو بکاتەوە. نۆدلمان لەم کتێبەدا و لە ڕێی لێکۆڵینەوەیەکی وردەوە دەربارەی ژیان و نووسینەکانی هێندێک لە فەیلەسووفەکان، بە ناونیشانێکی لاوەکیی سەرنجڕاکێشەوە: (ئایا فەیلەسووفە گەورەکان درۆیان کردووە؟) دەرگیرمان دەکات لەگەڵ ئەو بنەمایەی کە ئەستەمە بە تەواوی هاوتەبایی لە نێوان دەق و کردەدا دروست ببێت و هەمیشە ئەم دووە لە ناکۆکی و دژبووندان بە یەکدی و لە چەندین جێدا بەریەکەوتنی توند لە نێوانیاندا دەبینین. نۆدلمان بۆ پشڕاستکردنەوەی ئەمە، دەمانگێڕێتەوە بۆ فەیلەسووفانی گەورەی نێو مێژووی ئەوروپا، لەوانەش: (ژان ژاک ڕۆسۆ، ژان پۆل سارتر، میشێل فۆکۆ) و لە ڕێی بەراوردکاریی نێوان کردە و گوتەی ئەمانەوە، گومانێکی زۆر دەخاتە سەر بەشێکی زۆری ڕاستگۆیییان لە پەیامدا، نەک لەپێناوی شکاندنەوە و بەکەمگرتنیاندا؛ بەڵکوو لەپێناوی بەلاڕێدانەچوونی خوێنەردا؛ لەپێناوی ناچارکردنی خوێنەر بەوەی کە جارێکی دی بەو ئاسانییە فریوی جوانیناسی و قووڵبینیی دەق نەخوات و بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ پەیامی ئاراستەکراوی نووسەردا بکات و چۆن درۆ لە ڕاستی جیا بکاتەوە؛ چۆن لەنێو خودی ڕاستیشدا بە دووی درۆدا بگەڕێت و هەمیشەش دیوەکانی تری دەق ببینێت. هەڵبەت لەم هەوڵەی نۆدلماندا وەکیەکی زۆر دەبینرێت لەگەڵ کایەیەکی نوێی وەک ڕەخنەی کەلتووریدا، لێ نۆدلمان زۆرتر مەبەستی هەڵێنجاندنی لێکچوون و ناتەبایییەکانی نێوان کردەی نووسەر و گوتنەکانێتی، هەرچەندە لە چەند جێیەکی دیشدا کردەی نووسەریش گرێ دەداتە ئەو کەلتوورە گشتییەوە کە نووسەری تێدا دەژی، واتا بە جۆرێک لە جۆرەکان پێکگرێدانی کارلێکی نێوان کەلتووری تاکەکەسی و کەلتووری گشتییش دەبێتەوە بە بەشێک لەم ڕوانینەی نۆدلمان.
نۆدلمان لەو پرسیارەوە دەست پێ دەکات کە ئاخۆ فەیلەسووفە گەورەکان درۆیان کردووە؟ زۆر نابات کە هەر خۆی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێن وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، بە شێوەیەک کە خوێنەر هیچ گومانێکی لەوەدا نەمێنێتەوە کە بەڵێ بەشێک لە فەیلەسووفە گەورەکانی نێو مێژووی مرۆڤایەتی، درۆی زۆر گەورەیان کردووه! فەیلەسووفانێک کە نووسین و تیۆرییە پڕ بایەخەکانی خۆیان تەرخان کردووە بۆ بابەتگەلی لە چەشنی پەروەردەی تەندروست و وابەستەیییە ئاکارییەکان و ویژدانی مرۆیی و… هتد، کەچی کە ئاوڕ لە ژیاننامەکانیان دەدەینەوە، کە سەیری کردە ڕۆژانەیییەکانیان دەکەین، دەبینین بە تەواوی پێچەوانەی ئەو نووسین و تیۆرییە مرۆیییانە وەستاونەتەوە کە خودی خۆیان داڕێژەر و برەوپێدەری بوون. بۆ نموونە: نۆدلمان کاتێک باسی ڕۆسۆ دەکات، یەکێک لەو کتێبانەی کە پەنای بۆ دەبات و لێیەوە هەوڵ دەدات لێکدژییەکانی ئەم فەیلەسووفە دەربخات، کتێبی (ئێمێڵ)ە. ئەو کتێبە پەروەردەیییەی کە ڕۆسۆ وەک ڕێگەچارەی پەروەردەیەکی تەندروست دەیخاتە بەردەستی ئێمە. هەڵبەت نۆدلمان ئەوە دەزانێت کە پەروەردە و مێژووی گەشەسەندنەکەی، خۆیان بە قەرزاری ئێمێڵ دەزانن و دەشزانێت ئێمێڵ چ سوودێکی گەورەی بە سیستەمی پەروەردە گەیاندووە، بەڵام بۆ نۆدلمان ئەمە بە تەنها بەس نییە و دەچێتە بەراوردکارییەوە، بۆیە دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی تایبەتی ڕۆسۆ، تا بزانێت چەندە پەیامەکانی نێو ئەو کتێبە دەرهاویشتەی هەقیقەتێکی ژیانییانەی نووسەرەکەین. لە دەرئەنجامی کنەکارییەوە بەنێو ژیانی ڕۆسۆدا، لەوێوە ئەو ڕاستییە شاردراوە دەهێنێتە پێشەوە کە چۆن ئەم فەیلەسووفە دەرهەق بە منداڵەکانی خۆی بێباکانە و دڵڕەقانە مامەڵەی کردووە و ئامادە نەبووە نەک هەر پەروەردە بەڵکوو بەخێویشیان بکات و ڕەوانەی هەتیوخانەی کردوون، کە ئەمەش ڕێک پێچەوانەی پەیامە پەروەردەیییەکەی ئێمێڵە. لەکاتێکدا ڕۆسۆ وای لە خەڵکی تێگەیاندبوو کە ئەو پاکترین و ڕاستگۆترین فەیلەسووفی سەردەمی خۆیەتی و گوتنی هەقیقەت لای ئەم لە هەموو شتێکی دی گرنگترە، هەر بۆیەشە هەمووان دژایەتی دەکەن و ڕووبەڕووی پلانگێڕییەکی گەورە بۆتەوە؛ کەچی کە دەچیتە نێو ژیانیەوە دەزانیت چ ناتەبایییەکی گەورە لە نێوان گوتە و کرداریدا هەبووە…!
نۆدلمان هەر بە ڕۆسۆوە ناوەستێت و نموونەی فەیلەسووفێکی دیکە دەخاتە بەردەستی خوێنەر، دەچێتە نێو ژیان و نووسینەکانی فەیلەسووفێکی وەک میشێل فۆکۆوە و پەردە لەسەر چەند درۆیەکی لادەدات. بۆ نموونە لەکاتێکدا خودی فۆکۆ بۆ خۆی یەکێک بووە لەوانەی زۆرترین داکۆکیی لە دەرخستنی هەقیقەت کردووە و دژ بە درۆ وەستاوەتەوە، لەنێو خوێنەرەکانیشیدا بەوە ناسرابوو کە هەقبێژە و ناتوانێت لە هیچ دۆخێکدا ڕاستی بشارێتەوە، کەچی لەو کاتانەدا فۆکۆ نهێنییەکی گەورەی لە خۆدا هەڵگرتبوو، هەوڵی شاردنەوەی نەخۆشییەکەی دەدا و لە هەمووانی شاردبووەوە! تەنانەت دوایین وانەشی لە کۆلیژ دو فرانس دەربارەی ئازایەتییە لە گوتنی هەقیقەتدا و بەسەر جوامێری و ئازایەتیی سۆکراتدا هەڵدەڵێ، لێ ئەوەی سەیرە فۆکۆ لەو کاتانەدا سەرباری ئەوەی کە نەخۆشییەکەی بڕستی لێ بڕیوە، کەچی هێشتا ئازایەتیی ئەوەی نییە دان بەو هەقیقەتەدا بنێت و بێ هیچ سڵەمینەوەیەک ئاشکرای بکات بۆ هەمووان! بەمەش لێکدژی و ناتەبایییەکی ڕوون لە نێوان شێوازی پەسن و پیاهەڵدانی فۆکۆ بۆ ئازایەتی لە گوتنی هەقیقەت و نەشاردنەوەی لەگەڵ هەوڵەکانی خۆی بۆ شاردنەوەی ڕاستێتیی نەخۆشییەکەیدا بە دی دەکرێت. فۆکۆ لەو باوەڕەدا بوو مرۆڤ بە گوتنی ڕاستی خۆی دەردەخات و لە لای خەڵکیش وەها دەناسرێت کە کەسێکە هەقیقەت دەڵێت، ئەم گوتنی ڕاستییە و ئاراستەکردنی بەرەو ئەوانی دی باشترین جۆری دەرخستنی هەقیقەتە، بۆ ئەم گوتنەش مرۆڤ پێویستی بە ئازایەتییە، ئازایەتی لە دەربڕینی هەقیقەتدا، وەک چۆن فەیلەسووفانی ڕیواقی دژ بە ستەمکاری هەمان ئازایەتییان هەبوو، بۆ پشتیوانی لەمەش نموونەی چەندین فەیلەسووفی جوامێر کە باجی ڕاستگۆیییان داوە دەهێنێتەوە، ئا لێرەدایە نۆدلمان دەپرسێت: لەژێر ڕۆشناییی ئەمەدا مافی تەواوەتیی ئەوەمان هەیە کە بپرسین ئاخۆ کەسێک کە بەم شێوەیە باسی ئازایەتی دەکات، لە ڕاستیدا خۆی بەو شێوەیە ئازایە؟
پرسێکی دیکەی گرنگ کە نۆدلمان لە کتێبەکەیدا ئاوڕی لێ دەداتەوە، پرسی خۆشویستنی هەقیقەت و ڕقلێبوونەوەیە لە درۆ، بۆچی ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین کە حەزمان لە هەقیقەتە و ڕاستیمان خۆش دەوێت، بەڵام هەرگیز نامانەوێت باس لە حەزکردنمان بکەین لە درۆ؟ ئایا ئەمە نیشانەی ڕاستگۆبوونی هەمیشەیییانەی ئێمەیە وەکو مرۆڤ یاخود خۆگونجاندنە لەگەڵ ئەو خواستە گشتییەی کە بەهای داوەتە هەقیقەت و درۆی وەک کردەیەکی قێزەون ناساندووە؟! بۆچی ئەو کەسەی کە لەپێناوی گوتنی هەقیقەتدا قوربانی دەدات، شانازی بە خۆیەوە دەکات و لەبەر چی حەز دەکات خۆشویستنی خۆی بۆ هەقیقەت پیشانی دەوروبەرەکەی و خەڵکیش بدات؟ ئایا بانگەشەکردن بۆ خودی هەقیقەت و ڕاگەیاندنی ڕقلێبوونەوە لە درۆ ناسنامەی ڕاستگۆیی دەدەنە بانگەشەکارەکە و پێگەی کۆمەڵایەتیی دەدەنێ؟ نۆدلمان لەم سۆنگەیەوە، لە دووی گەڕان بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانەوە، دەگەڕێتەوە بۆ نێو ژیانی تایبەتی بەشێک لەو فەیلەسووفە گەورانەی مێژوو کە خۆیان بە بانگەشەکاری هەقیقەت و دوژمنی درۆ و فێڵ ناساندووە، بۆ ئەمەش لە کتێبی “دانپێدانانەکان”ی ڕۆسۆوە دەست پێ دەکات و زۆر بە وردی خاڵە ناکۆک و ناتەباکانی نێوان ڕاستێتیی ژیان و ڕاستێتیی نێو دەقەکان دەخاتە ڕوو، ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە چۆن ئەم فەیلەسووفە مەزنە بۆ شاردنەوەی لێکدژییە دەروونیەکانی خۆی و لابردنی پەڵە و تاوان و درۆکانی نێو ژیانی خۆی، هەقیقەتێکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە و داوامان لێ دەکات لەو هەقیقەتە هەڵبژێردراوەی دەستی خۆیەوە سەیری ژیانی بکەین و ئەو تەنها لەو ڕێیەوە بخوێنینەوە! کە چۆن لە ڕێی بەیانکردنی هەقیقەتێکی دروستکراوەوە درۆیەکی ڕاستەقینەمان لێ دەشارێتەوە، لەکاتێکدا ئێمە دەزانین ئەوەندەی ئەوەی کە گرنگە مرۆڤ درۆ لە گەڵ ئەوانی تردا نەکات، ئەوەندەش و بگرە زیاتریش گرنگە درۆ لەگەڵ خۆیدا نەکات، بەڵام بۆچی ڕۆسۆ ئەم درۆیە دەکات؟ نۆدلمان ئەوە دەدرکێنێت کە لە درۆدا چێژێکی تایبەتی هەیە، ئەم چێژەش تەنها لەو دەمەدا دەگاتە ترۆپک کە دەرهەق بە خۆمان ئەنجامی بدەین، چێژی خۆنیشاندان وەک ڕاستبێژێکی مەزن و داکۆکیکارێک لە هەقیقەت، با لە ناواخنیشدا هەڵگری دژیەکییەکی گەورەیش بین لە نێوان ئەوەی کە بەوانی تری دەڵێین و ئەوەشی کە خۆمان دەیکەین و دەیزانین. هەروەک ئەوەی ڕۆسۆ خۆی لە کتێبی (ڕۆسۆ دادگاییی ژان ژاک دەکات) لە ڕێی سێ تەوەری سەرەکییەوە داکۆکییەکی گەورە لە خۆی دەکات و باس لەوە دەکات کە ئەو لە هەمبەر گەلەگۆمەکەیەکی گەردوونیدایە و هەمووان دەیانەوێت لەکەدار و تاوانباری بکەن، ڕۆسۆ لێرەدا دەیەوێت خۆی وەکوو قوربانییەکی هەقیقەت وێنا بکات و لە هەموو بەرپرسیارێتیەک خۆی دابماڵێت! ڕۆسۆ بە گوتەی نۆدلمان دەیەوێت وا لە درۆکانی خۆی بکات کە لە ڕووی ئەخلاقی و عەقڵییەوە پەسەندکراو بن و مشتومڕ نەخەنەوە.
یەکێکی تر لەو فەیلەسووفانەی کە دەچنە خانەی ناهاوتەبایییەوە لای نۆدلمان، فەیلەسووفێکی مەزنی وەک “ژان پۆل سارتر”ە، ڕابەری فەلسەفەی بوونگەرایی و خاوەن و داهێنەری چەمکی ئیلتیزام. نۆدلمان دەمانباتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی چلەکانی سەدەی بیست و سەردەمی داگیرکاریی ئەڵمان و ژێردەستەییی پاریسییەکان، باس لەوە دەکات کە چۆن فەیلەسووفێکی وەک سارتر دەستبەرداری بەرگریکردن لە پاریس دەبێت و تا ڕادەیەک نووسین و لێکدانەوەکانی دەخاتە خزمەتی داگیرکاریی ئەڵمانیاوە و لە ڕێی جەختکردنەوەیەوە لە بەهانەی فریودانی دەروونی، کەچی دوای ئەوەی کە ئەڵمانەکان پاریس جێ دەهێڵن و شارەکە ئازاد دەبێت، سارتر دەست دەکاتەوە بە بانگەشەکانی خۆی و دواتریش کە گۆڤاری (سەردەمە نوێیەکان) دەردەکات زۆر بە چڕتر ئیش لەسەر چەمکی ئیلتیزام دەکات، هەروەها سارتر کە باس لە ڕۆحی بەرەنگاری و شێوازی بەگژداچوونەوەی داگیرکەر دەکات لە پاریس بە ” ئێمە” ئاماژە بەو ڕۆحی بەرەنگارییە دەکات و بە شێوەیەک دەڵێت ئێمە کە کرێکاران و زیندانییە سیاسییەکان و جووەکان و… هتد بە “من”ی سارترییەوە گرێ بدات و لە ڕێی ئەو یاریکردنەوە لە زماندا، “ئێمە”ی پیاوی بەرگریکار لە خاک و نیشتمان جێی “من”یشی تێدا ببێتەوە، تاکو دواجار “من”ی سارتر وەک پیاوێکی بەرگریکاری ڕاستەقینە بناسێنێت، لەکاتێکدا ئەو لە ماوەی ساڵانی جەنگدا بە هیچ جۆرێک خۆی نەخستبووە نێو مەترسییەکی ڕاستەقینەوە و نەببووە بەشێک لەو “ئێمە”یە.
نۆدلمان دوای ئەوەی کە هەموو ئەو لێکدژییانە دەخاتە ڕوو کە لە نێوان تیۆری و کرداری بەشێک لە فەیلەسووفە مەزنەکانی مێژوودا هەیە، خوێنەر ناچار دەکات بگەڕێتەوە بۆ ئەو پرسیارانەی کە لە دەستپێکەوە پرسیبووی: ئایا جەختکردنەوە لە تیۆرییەک و ڕەفتارکردن بە پێچەوانەی ئەو تیۆرییەوە لەسەر ئاستی ژیانی کەسییانە، لێکدژییە یان درۆ یانژی نەخێر هیچیان نییە و دەچێتە خانەی ئازادیی ڕەفتارکردنەوە؟ ئاخۆ ئەو فەیلەسووفانەی کە بانگەشەی وابەستەبوون دەکەن بە هەقیقەتەوە، لەکاتێکدا کە خۆیان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا خەریکی پیادەکردنی درۆن، بلیمەتن یان درۆزن و دووڕوو؟ هەرچۆنێک بێت دواجار خوێنەریش درک بەوە دەکات کە هەندێک جار لێکدژی و ناتەبایییەکی گەورە لە نێوان نووسین و ژیانی تایبەتی نووسەردا هەیە و ئەم ناتەبایییەش زۆر جار ڕوونتر ئەوە دەردەخات کە درۆ لەنێو پانتاییی ژیانی ڕۆشنبیریدا چ ئامادەگییەکی گەورەی هەیە! بەڵام بە دڵنیایییەوە ئەمە لە ڕێی دەقەوە کەمتر ئاشکرا دەبێت و زۆرتر لە ڕێی کنەکارییەوە لە ژیانی کەسیدا و بەراوردکرنی بە دەق، بەیان دەکرێت. هەر بۆیەشە دەبینین زۆرێک لە فەیلەسووفە گەورەکان دژ بەوە بوون ژیان و نووسینیان تێکەڵ بە یەکدی بکرێت و بگرە زۆر جار لەگەڵ باسنەکردنیدا بوون، ئەوان دەیانەوێت خوێنەر تەنها لە ڕێی دەقەوە بیانبینێت، نۆدلمان وەک گەواهیدەرێک بۆ ئەم ترسەی فەیلەسووفان، دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو وەڵامەی “هایدیگەر” کاتێک لەبارەی ژیانی ئەرستۆوە پرسیاری لێ دەکرێت، کەچی ئەو بەتەنێ وا وەڵام دەداتەوە: «ئەو لە دایک بوو، کاری کرد و مرد!». بەم وەڵامەش دەیەوێت خواستی وردبوونەوە لە ژیانی خۆی و پەیوەندیی بە نازییەکانەوە بە خواستێکی ناڕەوا و بێبایەخ لێک بداتەوە و وا لە خوێنەر بکات نەچێتەوە بە لایدا.
پۆڵ جۆنسۆن دژ بە نەبوونی هاوتەبایی
یەکێکی تر لەو کتێبانەی کە زۆر بە وردییەوە لەسەر ئەم پرسە وەستاوە و بەر ڕەخنەی داوە، کتێبی “ڕۆشنبیران”۲ ی “پۆڵ جۆنسۆن”ە. جۆنسۆن کە خۆی ڕەخنەگر و نووسەرێکی دیاری خۆرئاوایە، زۆر بە توندی ڕەخنە لە نووسەر و بیرمەند و فەیلەسووفانی ڕۆشنگەریی ئەوروپی دەگرێت و پێی وایە ئەوان کەسانی نەخۆش و دووڕوو و بێئەمەک بوون. ئەوەی گوتوویانە و نووسیویانە زۆر دوور بووە لەوەی کە لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا ئەنجامیان داوە. ئەوان زۆر جار پێچەوانەی بیروباوەڕ و بانگەشەکانیان جوڵاونەتەوە و کەسانی ترسنۆک و فێڵباز بوون. دیارترین ئەو ڕۆشنبیرانەی لەم کتێبەدا بەر ڕەخنە دراون، بریتین لە: (ژان ژاک ڕۆسۆ، مارکس، بێرتراند ڕاسل، ژان پۆل سارتر، هەمینگوەی). جۆنسۆن هەوڵی داوە لە ڕێی ژیانی تایبەتییانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕۆشنبیرانەدا بکات نەک لە ڕێی نووسینەکانیانەوە. بۆیە بەشێکی زۆری سەرچاوەکانی ئەم کتێبە، قسە و گێڕانەوەی هاوڕێ و هاوسەر و خوشک و برا و کەسە نزیکەکانیانە. لەم کتێبەدا ئێمە ڕۆسۆ و مارکس و سارتر و ڕاسل لە ڕێی هەڵسوکەوت و هەڵوێست و کردەوەکانیانەوە دەناسین، نەک لە ڕێی کتێبەکانیانەوە. بۆ نموونە “جۆنسۆن” کە باسی “مارکس” دەکات پێی وایە “مارکس” هیچ شارەزایییەکی کردەییی ئەوتۆی لەبارەی بازرگانی و پارەوە نەبووە و نەیتوانیوە باییی ئەوە پارە پەیدا بکا کە خۆی پێ بژێنێت، بۆیە وەکوو مشەخۆرێک لەسەر گیرفانی ئەنگڵس و هاوڕێ و ناسیاوەکانی ژیاوە. بە درێژاییی تەمەنی نە کرێکاری کردووە و نە کارگەیەکی بینیوە، کەچی زۆرترین قسەی لەسەر ئەو دوانە کردووە! مەبەستی سەرەکیی جۆنسۆن لە نووسینی ئەم کتێبە، دەرخستنی ئەو دووفاقییەیە کە لە نێوان نووسەر و ژیانیدا هەیە، ئەو دەپرسێت: بۆ دەبێت ئەوانەی ئامۆژگاریی خەڵک و کۆمەڵگاکان دەکەن و ڕێنموێنییان دەکەن باشتر و پێشکەوتوتر بن و ڕەخنە لە لایەنە خراپەکانیان دەگرن، خۆیان لە ژیانی تایبەتییاندا زۆر لەو خەڵکە خراپتر بژین؟ بۆ دەبێت پێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن بجووڵێنەوە؟!
ئەم پرسە لەوەدا گرنگە کە ئێمە بزانین هەمیشە ئەوەی قسەکردن و نووسینی جوانە، ئەوەی باسی ئازادی دەکات، ئەوەی باسی خۆشەویستی و دیموکراسی و چەمکە گرنگەکانی دیکەی دونیا دەکات، مەرج نییە خۆی یەکێک بێت لە جێبەجێکارانی ئەو نووسین و قسانە. هەمیشە دەبێ ئاگاداری دووفاقیی ڕۆشنبیران بین و بزانین کە دەشێت ئەوانیش درۆزنێکی ڕاستنووس بن. هەرچەندە ناکرێت لەبەر پاپەندنەبوون و بەئەمەکنەبوونی ئەو نووسەرانە بە پەیامی نێو دەق و نوسینەکانیان، کتێب و نووسراوە جدی و بەنرخەکانیان بۆ مرۆڤایەتی پشتگوێ بخەین. ئێمە لەمڕۆدا ناتوانین خۆمان بە قەرزارباری ئەو ڕۆشنگەرە مەزنانە نەزانین و لە گرنگی و بایەخی پەیامەکانیان کەم بکەینەوە. ئێمە دەزانین بە هۆی ئەوانەوە ئازادی و ماف و شکۆی مرۆیی قۆناغی زۆر گەورەی بڕیوە، لێ لەگەڵ ئەوەشدا نابێت نکووڵی لەو ڕاستییە بکەین کە نووسین زووتر و زیاتر ئامانجی خۆی دەپێکێت ئەگەر لە کەسێکەوە هاتبێت، زار و کردار و نووسینی وەک یەک تەبا بن و ڕەنگدانەوەیان لەسەر یەکتر وەک یەک ڕوون و بێگرێ بووبێت.
نۆدلمان و جۆنسۆن هەردووکیان بە تەواوی ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە بۆچی و لە چیدا گرنگە نووسەر وابەستە بێت بە پەیامەکانی خۆیەوە و هاوتەبایی لە نێوان کردە و گوتنیدا هەبێت، هاوتەبایی لە نێوان هەڵوێست و کردە ڕۆژانەیییەکانی لە لایەک و نووسین و گوتنەکانی لە لایەکی ترەوە هەبێت، سەرباری ئەوەی کە ئەوان دەزانن نووسەرانیش وەک هەر مرۆڤێکی دی مەیلی ملکەچکردن و خەڵکفریودان و درۆ و فێڵکردن لەوانی دییان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەشزانن هێشتا خوێنەرانێکی زۆر هەن لە هەبوونی ئەم ڕاستییە شاراوەیە بێئاگان و مینا پەیامبەر و کەسێکی پیرۆز دەڕواننە نووسەرانی دڵخوازیان.
ناکرێت خوێنەر ئەوە نەزانێت کە هەموو چوونەنێوێکی دەق چوونەنێوێکی ڕاستەقینە نییە، دەق لەخۆگری تێماکانی زمانە و وشەدانێکی گەورەیه، ڕازاندنەوە زمانەوانییەکانی نێو دەق زۆر جار وا دەخوازن چوونەنێوەکانی نووسەر چوونەنێوی ڕاستەقینە بن، دەکرێت ئەمەش جاروبار لە دۆخی نووسیندا ڕوو بدات، بەڵام هەرگیز ئەمە گەواهیدەر نییە بۆ ئامادەبوون و وابەستەبوون و چوونەنێوێکی ڕاستەقینەی نووسەر لە دەرەوەی بازنەی دەق و لە پانتاییی ژیانی گشتیدا. هەڵبەت ئەم ناتەبایییەش، ئەم ئاوێتەنەبوون و نەچوونەنێوەش، هەر وا شتێکی لەخۆڕا و بێهۆکار نیە، بەڵکوو پەیوەستە بە دۆخە گشتی و تایبەتییەکانی ئەو دەمەی نووسەر تێیدا دەژی، کە ڕەنگبێ نەتوانێت هاوتەبایییەکە بە شێوەیەک بپارێزێت کە هیچ جۆرە دژیەکی و ناتەبایییەک لە خۆیدا گل نەداتەوە و ئەوەی دەیباتە نێو کتێبەکانەوە بیباتە نێو ژیانیشیەوە.
درۆکانی نێو دەق و درۆکانی نێو ژیان
دوای ئاوڕدانەوە لە دیدی هەریەک لە نۆدلمان و جۆنسۆن، پرسیارێک دێتە پێشێ؛ ئایا لە نێوان درۆکانی نێو دەق و درۆکانی نێو ژیاندا هیچ پەیوەندییەک هەیە؟ ئایا تا چەند ئەو بۆچوونە دروستە کە درۆکانی نووسەر بە مەترسییەوە دەبەستێتەوە؟ ڕاستە درۆ وابەستەبوونێکی سەیری بە مەترسییەوە هەیە، ناکرێت باس لە درۆ بکەین و پرسی مەترسییەکان و ترسە دەرەکییەکان بخەینە لاوە، لەو سۆنگەیەشەوە دەکرێت ئاماژە بەوە بدەین کە هەروەک چۆن درۆکانی نێو ژیان بۆ خۆپاراستنن لە مەترسیگەلێکی هەنووکەیی، ئاوهایش درۆکانی نێو دەق دەشێت بۆ خۆپاراستن بن لە مەترسیگەلە هەنووکەیییەکان، بۆیە زۆر جار لە هەلومەرجە سەختەکاندا و لە کاتی هەبوونی سانسۆرە جۆراوجۆرەکاندا نووسەران پەنا دەبەنە بەر هێماگەلێک و زمانێکی جودای نووسین دەئافرێنن، تاکو بە ئاسانی واتا ڕاستەقینەکانیان لێک نەدرێتەوە، لێ ئەوەی جێی داخە بڕێک لەو ناتەبایی و درۆیانەی دێنە نێو ژیانی نووسەرەوە هیچ پەیوەندییەکیان بە ترسە دەرەکییەکانەوە نییە و نووسەر خۆی خوڵقێنەریانە، کە دەکەوینە بەراوردکردنیانەوە، لەوە تێدەگەین کە درۆی نێو دەق و درۆی نێو ژیان دوانەیەکی لێکدانەبڕاون و هەبوونی هەر کامێکیان بێ هیچ گومانێک کار دەکاتە سەر ئەوی تریان. واتا گەر نووسەرێک درۆی لە دەقدا کردبێت گومان لەسەر ئەو کردانەش دروست دەکات کە لە ژیاندا کردوونی، هەروەک چۆن هەبوونی درۆی نێو ژیانی نووسەر گومان دەخاتە سەر ڕاستێتیی پەیامی نێو دەقەکانیش، بەم جۆرەیش ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەم دووە هەم لە پەیوەندیدا بە یەکتر توند پێکەوە گرێدراون و هەمیش ترس بەو شێوەی کە باسی لێوە دەکرێت و لە زۆر دۆخدا وەک بەهانەیەک دەهێنرێتەوە، مەرج نییە گرێدرابێتە درۆوە.
ئێمە کاتێک سەیری دەق دەکەین زۆر جار بەر ڕاستییەکی سەرنجڕاکێش دەکەوین و کەمتر درک بە درۆی شاراوە دەکەین، بەڵام کە بە تاقیکردنەوەکانی نێو ژیاننامەی نووسەردا گوزەر دەکەین؛ کە سەیری کردەکانی دەکەین؛ کە ڕۆدەچینە بەراوردکارییەوە لە نێوان دەق و کردەدا، هەمیشە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە کردە زیاتر درۆلەخۆگرتووترە وەک لە دەق، ئایا ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەمیشە دەربڕینی ڕاستێتی لە گوتن و نووسیندا ئاسانترە و کردار قوڕستر؟ لە زۆر ڕووەوە دەشێت هۆکارەکانی هەبوونی ناتەباییی نێوان کردە و گوتن بۆ ئەم خاڵە بگەڕێنینەوە، ئاخر زۆر جار ئەوەی کە دەگوترێت و لە چوارچێوەی نووسین و وێژەدا جێی بۆ دەکرێتەوە، مەرج نییە بتوانرێت بە هەمان ئاست دەرگیری واقیع بکرێت و بخزێنرێتە نێویەوە. موتەنەببی کە دیارترین شاعیری مێژووی عەرەبە، بەوە ناسرابوو کە زۆرترین پیاهەڵدانی بە جوامێری و کردەی چاونەترسانەدا هەیە، ڕۆژێکیان لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ کوفە چەند کەسێک بە نیازی کوشتن ڕێی لێ دەگرن و داوی بۆ دەنێنەوە، سەرەتا کوڕەکەی و نۆکەرەکەی دەکەونە داوەکەوە و کوڕەکەی دەکوژن، موتەنەببی کە ئەمە دەبینێت هەوڵی خۆقوتارکردن دەدات، لەو کاتەدا نۆکەرەکەی ڕوو دەکاتە موتەنەببی و پێی دەڵێت تۆ کە خاوەنی ئەم شیعرەیت: (الخيل والیل و البیداء تعرفني والسیف والرمح والقرطاس والقلم) ئاوها هەڵدێی و دەڕۆیت؟ ۳
لێرەدا ئەوە دەبینین کە نۆکەرەکەی موتەنەببی چونکێ زۆر بە قووڵی تێکەڵی ئەو دەربڕینە بوێرانەیەی موتەنەببی بووە، بۆیە بە لایەوە سەیر دەبێت کە لە واقیعدا پراکتیزەکردنی ئەو وشانە نابینێت و ناهاوتەبایییەکی گەورە لە نێوان شیعرەکە و کردەی شاعیرەکەدا هەیە، لای وی کە بە هەمان دیدی خوێنەرێکەوە تەنها چوونەنێو دەق دەبینێت و تەریبی دەکاتەوە لەگەڵ چوونەنێو ژیان، ناکرێت ناتەبایییەکی لەو شێوەیە بوونی هەبێت! موتەنەببی کە گوێبیستی نۆکەرەکەی دەبێت، درک بەو ناتەبایییە تراژیدییەی نێوان یەکێک لە بەرزترین دەقەکانی خۆی و واقیعی کردەییی نێو ژیانی خۆی دەکات، ئەوەندەش بە زانینی ئەو ڕاستییە تاڵە ئازار دەچێژێت کە ڕوو بکاتە نۆکەرەکەی و پێی بڵێت: «کوشتمت، خودا بتکوژێت…!» واتا موتەنەببی پێش ئەوەی تاڵیی کوشتنی فیزیکییانەی خۆی بە دەستی ڕێگرەکان بچێژێت، تاڵیی کوشتنی مەعنەوییانەی خۆی بە دەستی نۆکەرەکەی چەشتووە! ئەو درەنگ درکی بەوە کرد کە نووسین بۆ خۆی زۆر ئاسانترە لە کردار، کردارێک کە جێبەجێکاری هەمان پەیامی نووسین بێت و بە هیچ جۆرێک لە هێڵە گشتییەکانی ئەو پەیامە لانەدات کە خودی خاوەنی دەق بۆ خۆی ڕۆژگارێک لەنێو دەقدا بانگەشەکاری بووە. دواجار ئەم بەسەرهاتە دەمانباتەوە سەر پرسێکی دی و بابەتێکی دیکەی گرنگ کە لە جێگای دیدا هەوڵ دەدەین بچینەوە سەری، پرسی ئەوەی داخۆ ئەم پەردەهەڵماڵینە ڕووبەڕوویییە لەسەر هەبوونی درۆیەک، لەسەر هەبوونی لێکدژی و ناتەبایییەکی گەورە لە بەرچاوی نووسەر خۆیدا، چ دەرئەنجامێکی لێ دەکەوێتەوە؟ بەردەوامی و لێکدژیی زیاتر و ژیان لای نووسەر، یان تەریقبوونەوە و بەرگەنەگرتنی ئاشکرابوونی درۆ و لێکدژی و هەڵبژاردنی مەرگ وەک ئەوەی موتەنەببی هەڵیبژارد؟
ژێدەرەکان:
۱. فرانسوا نودلمان: عبقرية الكذب آو هل كذب كبار الفلاسفة؟، ترجمة: آیاد عیسی، الجبیل، السعودية، طبعة الاولی، ۲۰۲۲.
۲. بول جونسون: المثقفون، ترجمة: طلعت الشایب، دار الشرقیات للنشر والتوزيع، القاهرة، طبعة الاولی، ۱۹۹٨.
۳. محمد حسین الدباء، القصیدة التي تسببت بمقتل المتنبي، صحیفة آلایام ، عدن، الیمن، ۲٨، ۲۰۱٨. هەروەها بڕوانە: يوسف آحمد الشيراوي: آطلس المتنبي آسفاره من شعره و حياته، المؤسسة العربية للدراسات، بيروت، الطبعة الاولی، ۲۰۰٤.