ژوانی ناو هۆبەی قەرەجەكان

"چیرۆكێك بە تامی گێڕانەوەی ئەمریكای لاتین"

لەگەڵ گەیشتیندا، ژەنەراڵ خۆزێ ستێفانۆس فێرناندێز لە ناوەندی گۆڕەپانە دێرینەكەی مێدێلیندا، سێدارەیەكی بۆ ئێمیلیانۆ ئارماندا گۆنزالێس هەڵخستبوو. لە ماڵەكەشیدا وێنەیەكی ئەوی لە دیواری بەرانبەر مێزی كاركردنەكەیەوە هەڵواسیبوو، كە لە یەكێك لە ڕۆژنامەكانی دژی دەوڵەتدا بڵاو بووبووەوە. دەیویست هەمیشە لەبەرچاوانی بێ و بۆ ساتێك لێی خافڵ نەبێت. گۆنزالێس، كە ماوەیەكی زۆر بوو ئارامی لە هێزەكانی دەوڵەت بڕیبوو، لەگەڵ گەریلا سەرسپەردەكانیدا، لە ئەشكەوت و زەنوێرەكانی كوێستانەكانی ئاند خۆی قایم كردبوو. لەو ماوەیەدا هیچ سەركردەیەكی ناوخۆیی هێندەی ئەو هێزەكانی دەوڵەتی پەرێشان نەكردبوو. كەسیش نەیدەتوانی وەها دڵڕەقانە لەسەر ڕێی كاروانە سەربازییەكاندا بۆمب بنێتەوە. دەوڵەت نەیدەزانی ئەم شەیتانە بزێوە چۆن و بە چ هێزێكەوە ڕۆژ بە ڕۆژ گۆڕستانی سەربازەكان بەرین و بەرینتر دەكات. هەمیشە ئەو پرسیارەی لە ژەنەراڵ فێرناندێز دەكرد كە گەریلاكان چۆن ئاگاداری نەخشەكانی ئەون و بۆچی هەردەم هەنگاوێك لەپێشیەوەن؟ ئەویش، كە لە پایتەخت وەك ئەفسەرێكی جەنگاوەر و نەترس ناسرابوو، لە ژێرەوە پەیوەندی لەگەڵ ئینگلیزەكاندا بەستبوو تا یاخیبوونی گۆنزالێس درێژە بكێشێ و دەوڵەت ئاگای لە سنووری شارەكانی باكوور نەمێنێت. بۆ شاردنەوەی پەیوەندییەكەشی توندییەكی زۆری دەنواند و هەموو ڕۆژێكیش سەردانی سێدارە تاك و تەنیاكەی ناوەندی شاری دەكرد؛ ئەو سێدارەیەی وا نزیكەی دوو ساڵی ڕەبەق بوو لەبەر شێ و بارانی مێدێلیندا، لە چاوەڕوانی سەری گۆنزالێسدا بوو. یەكەمین كاری هەر ڕۆژێكی، سەردان و سڵاوكردن لە سەربازە ئێشكگرەكانی بەردەم سێدارەكە بوو:

ـ ڕۆژباش سەرباز! 

ـ ڕۆژباش ژەنەراڵ.

هاواری دەكرد و پاشان بە سینگی دەرپەڕیو و دەستێكی ڕاوەشاو و دەستێك لەسەر كیفی دەمانچەكەی، بە چەند پلیكانەیەكدا سەردەكەوتە سەر ئەو تەختەی كە سێدارە چاوەڕوانەكەی لەسەر هەڵخرابوو. دەگەیشتە بەردەم ئەڵقەی شۆڕەوەبووی پەتەكە و دەستی سەر دەمانچەكەی بەرز دەكردەوە و سەری پەنجەكانی لە داوە زبر و ئەستورەكانی دەخشاند. لەوێوە سەرەتا سەیرێكی ڕیزی سەربازەكان و پاشان ئەو خەڵكانەی دەكرد كە لە دەوری گۆڕەپانەكە كۆ دەبوونەوە و لە چاوەڕوانیی هەواڵی دەستگیركردنی گۆنزالێسدا گوێقوڵاخ دەبوون. بەڵام وەك هەموو سپێدەیەكی تر، نوتقێكی فەرماندانەی كورتی دەدا و لە كۆتایییەكەشیدا دەیگوت: “دڵنیا بن بەم زووانە سەری ئەو یاخییە دەهێنمە سەر دار. یەكەمین خۆراكی ئەم شێرە برسییە چاوەڕوانە دەبێ گەردنی ئەو خیانەتكارە بێ. با هاوڕێ و دۆست و لایەنگرەكانی چاوەڕێی ئەو ڕۆژە بن كە یەك یەك دەیانكەم بە گەرووی ئەم بوونەوەرە مەزنەی خوداوەندی سەربازیدا”.

كە دەهاتە خوارەوە، بە چاوی دڵ خەڵكەكەی دەبینی لە ناخەوە لاقرتێیان دێ و پێی پێدەكەنن. نائارامی و بێمتمانەییی سەربازەكانیشی دەبینی، كە لەوپەڕی وەڕسبوون بەدیار سێدارەیەكی مایەبەزەییەوە، ئۆقرەیان لێ بڕابوو. ژەنەراڵ وەهای پیشان دەدا لە مێدیلیندا تاك و تەنیایە و جگە لە سێدارەكەی ناوەندی گۆڕەپانەكە هیچ دۆستێكی تری نییە. هەر بۆیە بە چاوی نەیار سەیری هەموو كەسێكی دەكرد و گومانی لە هەموو ئەفسەرەكانی دەوروبەریشی هەبوو. هەرگیز پلان و نەخشەی هێرشەكانی لە سەربازخانەكە بەجێ نەدەهێشت و دەیبردنەوە ماڵەكەی، كە ڕاست لە پشتی سەربازخانەكەوە بوو. بەڵام لە جیاتی ئەفسەرەكان و سیخوڕەكانی دەوروبەری، نزیكترین كەسی ژەنەراڵ، واتە مادلینا نەخشەكانی ڕەوانەی كێوەكانی ئاند دەكرد.  

***

مادلینا فێرناندێزی ژنی ژەنەراڵ كە قەت خۆشی لە مێردەكەی نەدەهات و بە زۆرەملێ ڕادەستی بووبوو، ئاشقی جوانی و نیگا بڕندە پیاوانەكانی گۆنزالێسی نێو وێنەكە بووبوو. ڕۆژانە بەدیاریەوە كاتێكی زۆری بەسەر دەبرد و شەوانەش بە خەیاڵ دەچووە ئامێزیەوە. دڵی بەرایی نەدەدا ئەم یاخییە جەربەزە و سەرنجڕاكێشە بە دەستی زرتەزەلامێكی دڵڕەقی وەك مێردەكەی بكوژرێت. لە ڕاستیدا ژەنەراڵیش زۆر باش ئەمەی دەزانی. بە درێژایی ئەو ساڵانەی زەوتی كردبوو، بۆ یەك جاریش بێ ئەوەی هەستی دەستدرێژی لای مادلینا دروست بكات، نەیتوانیبوو ئاوێزانی ببێ. زۆر باش دەیزانی بەو ڕوخسارە گرژ و ڕەوشتە كەمتیارئاساییەیەوە بە ئاسانی ناتوانێ دڵی ژنێك بەدەست بهێنێت، كە هەمیشە وەك غەنیمەتی شەڕ سەیری دەكرا. مادلینا بۆ ساتێكیش نەیدەتوانی ئەو كارەساتە لەیاد بكات وا مێردە ستەمكارەكەی بە سەدان سەربازی بێبەزەیییەوە بەسەر دایك و باوكی و خەڵكی گوندەكەیاندا هێنابووی. ئەو بە چاوی خۆی بینی بوو چۆن منداڵانی گوندی هەڵدەدایە نێو بیرە قووڵەكانی ئاوەوە، تەنیا بەهۆی ئەوەی برا و باوكەكانیان شەڕی یاسا بەزۆر سەپێنراوەكانی دەوڵەتیان دەكرد؛ هێشتا بۆنی دوكەڵی ماڵە سووتاوەكانیان لە لوتیدا بوو. بۆیە هێندەی ماوەیەكی كەم بەسەر هاتنیاندا بۆ مێدێلین تێپەڕی و نەخشە سەربازییەكانی لەسەر مێزی كارەكەی ژەنەراڵ بینی، بڕیاری دا دەست بۆ كارێكی مەترسیدار ببات. كارێك، كە بێ هاوكارێك بەڕێوە نەدەچوو. ئەو هاوكارەش بێجگە لە گلۆریای خزمەتكاریان كەسی تر نەبوو. گلۆریا، وەختێ مادلینای دەبینی ئەوقی وێنەكەی گۆنزالێس بووە، كەم كەم لێی نزیك دەبووەوە.

ـ خانمەكەم وەختێ سەرنج لە گۆنزالێس دەدەن شێوەتان دەگۆڕێت.

گلۆریا بوو. لە یەكێك لەو ساتانەدا، لەسەر سینییەكی تەختەییی نەخشێنراو، قاوەیەك و پارچەیەك كێكی لە بەردەم ژنی ژەنەراڵدا دانا.

ـ مەگەر من چۆن سەیری دەكەم؟

مادلینا كەمێك پەشۆكا. خێرا بەدوایدا گوتی:

ـ نابێ بیرت بۆ هیچ شتێكی تر بچێت. تەنیا بیر لەوە دەكەمەوە …

گلۆریا نەیهێشت قسەكەی تەواو بكات:

ـ خانم، دڵنیا بن بە ئاسانی دەستی هاوسەرەكەتانی پێ ناگات. بەتایبەتی گەر ئێوە ..

ـ ئەگەر من چی؟ ها، گلۆریا من چی؟

خزمەتكارەكە، چونكە بزیسكەی ئەوینی لە چاوانی خانمەكەیدا بەدی كردبوو، ترسێكی نەبوو لەوەی كە بڵێ:

ـ ئەگەر ئێوە هاوكاری بن!   

گلۆریا ئەو ڕۆژە و ڕۆژانی دواتر هێندە باسی جوانی و مێرخاسیی گۆنزالێسی بۆ مادلینا كرد و هەواڵەكانی شەڕی پارتیزانەكانی پێ گەیاند، كە ئاگرەكەی دڵی خانمەكەیی خۆشتر كرد و لەو ڕێگەیەشەوە بووە تەنیا دۆستی متمانەپێكراوی لە شارەكەدا. زۆری نەبرد لە ڕێگەی گلۆریاوە یەكەمین نامەی پڕزانیاری بە ئیمزای نەناسراوێكەوە ڕەوانەی دەرەوەی ماڵ كرد و لەوێشەوە بە تەتەرێكدا گەیەنرایە كێوەكانی ئاند. ئەنجامەكەی بە دڵی مادلینا كەوتەوە. چەند مانگی یەكەم نامەكان بەو جۆرە گەیشتن و نەخشەی هێرشەكان هەڵوەشانەوە. چێشتەنگاوێكی دوای چەند مانگێك لە یەكەمین نامە، خزمەتكارەكە بە مەكرێكەوە نامەیەكی گۆنزالێس لەنێو سوخمەكەی دەردەهێنێت و دەیداتە مادلینا. لە نامەكەدا تكا كراوە كە مادلینا ناسنامەی خۆی ئاشكرا بكات. ئەویش لە وەڵامدا بۆی دەنوسێت :

” ئێمیلیانۆی ئازیز، بمبورە كە لە ترسی ئاشكرابوون ناتوانم خۆمت پێ بناسێنم، هێندەم بەسە كە بزانیت ئاشقتم”.

نزیكەی دوو ساڵ ئاگری ئەوین و ئاگری جەنگ تێكەڵ دەبن و ڕۆژ و مانگەكان تێدەپەڕن. دەیان نامەی پڕ لە حەسرەتی دیدار لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ دەكرێن. لەولاشەوە، چەندین جار بەهۆی ڕزینەوە، ژەنەراڵ بە دەستی خۆی پەتی سێدارەكە دەگۆڕێت. دەیان هێرش و دەیان شكستی ژەنەراڵ و كوژرانی سەدان سەرباز، دەبنە باسوخواسی ڕۆژنامەكان. لەم نێوەندەدا دەوڵەت لە ژەنەراڵ خۆزێ ستێفانۆس فێرناندێز نائومێد دەبێت و بڕیاری گواستنەوە و سڕكردنی دەدات. ژەنەراڵ كە لەم ڕووداوە دەترسا، لەسەر داوای ئینگلیزەكان تكا دەكات ماوەیەكی تر مۆڵەتی بدرێتێ و بەڵێنی سەركەوتن دەدات. دەوڵەت بەو مەرجە ڕازی دەبێت ئەگەر لە ماوەی دوو مانگدا نەیتوانی سەری ئێمیلیانۆ ئارماندا گۆنزالێس بنێرێتە پایتەخت ئەوا ملی خۆی بە سێدارەكەی ناوەندی شارەوە دەكەن.

وادەكەی دەوڵەت بەرەو كۆتایی دەچێت. ترسی مەرگ، ژنەراڵ و ترسی جودایی مادلینا دادەگرنەوە. ئەو ڕۆژانە كەمخەوی و بێخوڵقی دەستی خۆیان لێ وەشاندووە. تەمی خەمێكی قووڵ لەسەر سینەی نیشتووە و ناڕەوێتەوە، هەمیشە وا هەست دەكات شتێكی خڕ و سەنگین بەرئەوكی گرتووە و دەیەوێ شانێكی دڵخواستەی دەست كەوێ تا لەسەری تێر بگری. نیوەڕۆیەكی ناوەڕاستی هەفتە، كە لە بەرانبەر وێنەكەی گۆنزالێسدا دانیشتووە، لەسەر مێزكارەكەی ژەنەراڵ خەریكی نووسینی دوایین نامەیەتی:

“ئازیزی نەدیتەم، دڵ، وەختە لە سینەمدا باڵ بگرێتەوە، خۆزگە ببوایەتە كۆترێك و ئەم نامەیەم لە قاچی ببەستایە. نا، خۆزگە هەر خۆم بمتوانیایە بفڕم و بێمە لات. هەرچۆن بم، ڕەنگە ئەمە دوایین نامەم بێ بۆت. هەموو شتەكان خەریكە كۆتایییان دێت. پێم وایە تا ئێستا ئەوینی خۆم بۆ سەلماندبیت، بۆیە پێش كۆتایی، تەنیا ئاواتی ژیانم ئەوەیە كە بۆ یەك جار بتبینم و لە ئامێزت بگرم. ئیمزا: مادلینا فێرناندێز، ژنی ژەنەڕاڵی مەزنی دەوڵەت”.

لەو وەختەوەی مادلینای ناسی بوو، خولیای ئێمیلیانۆ ئارماندا گۆنزالێس ئیتر تەنیا بۆ ئازادكردنی مێدێلین نەبوو، بەڵكوو نامەكانی مادلینا گوڕوتینێكی جیاوازتریان پێ دەدا. بە وزەی ئەوینی ئەو، لە جاران بەهێزتر شەڕی دەكرد و هەوڵی دەدا زووتر لە ژیانی كوێستانەكان و ئەشكەوتنشینی ڕزگاری ببێ و بگاتەوە شار. بەڵام ئەم نامەیەی دواییان وەك ئاگرێك بوو كە لە پاوانی ئارامیی وی بەربووبێ. “ژنی ژەنەراڵی مەزنی دەوڵەت” ئاشقی بوو! باوەڕی نەدەكرد كە لە یەك كاتدا، لە هەردوو گۆڕەپانی سەربازی و ئەوینیشدا كەوتووەتە بەرامبەر یەك كەسەوە. بۆیە بێ بیركردنەوە لەوەی چی ڕوو دەدات، ئێوارەی هەمان ڕۆژ لە وەڵامدا بۆی دەنووسێت:

“مادلینا لەئامێزنەگیراوەكەم، ڕۆژی یەكشەمە، دانی ئێوارە، لە كەرنەڤاڵی گەورەی شاردا، دێمە ناو دەواری قەرەجەكانەوە و لەگەڵ تەقاندنی یەكەمین فیشەكەشێتەدا وەرە ناو هۆبەی سەرەكیی قەرەجەكانەوە، لەوێ یەكتر دەبینین و بۆ هەمیشە دەبی بە هی من.”

***

وەڵامی نامەكە لە هەموو جارێك زووتر هاتەوە. تەنیا دوو ڕۆژی پێ چوو. بەڵام لای مادلینا تەمەنێك بوو. هەرگیز، لای ئەو هیچ چاوەڕوانییەك هێندە درێژەی نەكێشابوو. وا هەستی دەكرد ژەنەراڵ و هەموو سەربازەكانی میلی كاتژمێرەكانیان ڕاگرتووە و نایەڵن بچێتە پێشەوە. ترس، دڵەوڕاكێ، كەفوكوڵی ئەوین و چاوەڕوانیی دیداری یار پشوویان سوار كردبوو. لەگەڵ گلۆریادا بەرنامەیان داڕشت كە چی بپۆشن، چی لەگەڵ خۆی ببات و چۆن بچنە كەرنەڤاڵەكەوە و بە چ شێوەیەك بگەنە هۆبەی قەرەجەكان. بەدەم ژماردنی دەیان هەزار چركەوە لە كاتژمێرە هەڵواسراوەكەی ماڵەكەیاندا، هەرچۆن بێت ڕۆژی یەكشەمە گەیشت. سەرلەبەیانییەكەی بۆ چاوبەستی دەوروبەر، لەگەڵ گلۆریادا چووە گەورە كاتێدراڵی مێترۆپۆلیتان و پێكەوە نوێژیان كرد و پاڕانەوە. گلۆریا داوای لێ كرد كە بچێتە بەردەم كەشیش و دان بە گوناهەكانیدا بنێت. بەڵام مادلینا ڕەتی كردەوە:

ـ من كە لە كاتێدراڵەكە دەچمە دەرەوە، بڕیارە ڕەدوی خۆشەویستەكەم بكەوم، ئەمەش واتە خیانەتكردن لە هاوسەرەكەم و ئەنجامدانی تاوانێكی گەورە، ئیتر تۆبەكردن چ مانایەكی هەیە؟

ـ لانی كەم داوای بەخشینی گوناهەكانی ڕابردووت بكە.

مادلینا كەمێك بە توڕەیییەوە وەڵامی دایەوە:

ـ لە ڕاستیدا ئەوەی دەبێ داوای بەخشینی لێ بكرێ منم !

گەڕانەوە ماڵەوە و خۆیان ئامادە كرد. دانی ئێوارەكەی، ئاپۆڕەی نێو كەرنەڤاڵی شار كەروێشەكەی دەكرد. كەس ئاگای لە كەس نەبوو. مادلینا و خزمەتكارەكەی بە جلی ئاودامانی كەمەرتەنگ و سینەوازەوە گەیشتبوونە لای ژنە فاڵگرەوەكانی دەواری قەرەجەكان. دنیا خەریك بوو تاریك دادەهات و یەكەمین فیشەكەشێتە هەڵدرایە ئاسمان و هەزاران بزیسكەی ڕەنگاوڕەنگ ئاسمانیان داگرتەوە. مادلینا بە ئاستەم دەیتوانی هەناسە بدات. گەیشتنە بەردەم هۆبەی سەرەكیی قەرەجەكان. ئێستا لەو دیوە و لە بن دەوارەكەدا خۆشەویستەكەی چاوەڕێی دەكات. لادەرەی دەوارەكەیان هەڵدایەوە و چوونە ژوورەوە. مادلینا باوەڕی بە چاوەكانی خۆی نەدەكرد. ئێمیلیانۆ ئارماندا گۆنزالێس بە گوریسێكی ئەستور، لەسەر كورسییەك شەتەك درابوو و كوتەپەڕۆیەكیان لە دەمی ئاخنی بوو. بە چاوی سەركردە و ئەویندارێكی شكستخواردووەوە سەیری چاوانی پڕفرمێسكی مادلینای دەكرد. گلۆریا كە تا ئەوكاتە وەك فریشتەیەك دەینواند، شیرەبزەیەكی شەیتانانەی بۆ مادلینا كرد و چووە باوەشی ژەنەراڵ خۆزێ ستێفانۆس فێرناندێزەوە.                                                                                   

                                                                      پاریس

                                                         16ی ئۆكتۆبەری 2023