کوردناسیی سۆڤیەت و ڕۆژهەڵاتناسیی کوردی

لە ئینگلیزییەوە: سەمیع میرزایی

کوردناسیی سۆڤیەت و ڕۆژهەڵاتناسیی کوردی[1]

پێشەکی

توێژینەوەکانی ڕووسیزمانی بیرمەندان لەبارەی کوردەکانەوە چ لە ڕووسیای تێزاری و چ لە سۆڤیەتدا، لە گرنگترین یارمەتییەکان لە بواری کوردناسیدان: لە درێژەی سەدەی نۆزدە و زۆربەی سەدەی بیستەمدا، بەرهەمە بڵاوبووەکانی بیرمەندانی ڕووسیای تێزاری و سۆڤیەت سەبارەت بە کورد، هەم لە باری چۆنایەتی و هەم چەندایەتییەوە گەشەسەندووترە. لە خوارەوە، ئەمەوێ بە کورتی شوێنی مێژووی توێژینەوە ڕووسیزمانەکان سەبارەت بە کورد کەوم. بە ڕای من ئەم مێژووە تەنیا بۆ مێژووی توێژینەوەی کوردی جێی سەرنج نییە، بەڵکوو هەندێک پرسیاری گشتیتر و تیۆریکاڵ دەخاتە بەر باس. بە تایبەت، بانگهێشتمان دەکات بۆ گۆڕاندنی هەندێک لە باوەڕە سەرەکییەکانی کتێبی بەناوبانگی “ڕۆژهەڵاتناسی[2]“ی ئیدوارد سەعید[3]. لەمێژە دەرکەوتووە کە سەعید سەبارەت بە پێوەندیی نزیکی نێوان توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتناسان و پڕۆژە ئیمپریالیستییەکان، تەنیا لەسەر ئەزموونەکانی ئینگلیسی و فەڕەنسی لە سەدەی نۆزدەهەمدا و ئەمریکی لە سەدەی بیستەمدا ورد دەبێتەوە. بەڵام سەرنجێکی وەها لە ڕۆژهەڵاتناسیی ئەڵمانی و ڕووسی و هۆڵەندی نادات، لەحاڵێکدا کە هەرسێکیان گرنگییەکی زۆریان لە درێژاییی سەدەی نۆزدەهەمدا بووە. ئەو شتەی کە بە تایبەتی بۆ وتەکانی سەعید کێشە دەسازێنێت ئەمەیە کە لە زۆربەی سەدەی نۆزدەهەمدا توێژینەوە ئەڵمانیزمانەکان هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ پڕۆژە داگیرکارییەکان و پلانە ئیمپریالیستییەکاندا نییە. بەم جۆرە، ڕۆژهەڵاتناسیی ڕووسی، هەرچەند لە پێشدا بە سۆنگەی فەڕەنسییەکان و -ڕەنگە بنەڕەتیتر-لە ڕێگەی توێژینەوە ئەڵمانییە دواترەکانەوە بیچمی گرت، [بەڵام] سەختە بڵێین کە [ڕۆژهەڵاتناسیی ڕووسی] ناوخۆییکردنەوەی کاریگەریی ئیمپریالیستیی فەڕەنسیی یا ئەڵمانییە، چون ڕووسیا بۆ خۆی وەک ئیمپراتۆریایەک وابوو. (هەڵبەت لە مانای پێش مۆدێردندا، کە زۆر نزیکە لە مانای ئەمڕۆکەییی هێزێکی ئیمپریالیستی لەسەر بنەمای سەرمایەداریی مۆدێرن).

باسێکی تر ئەمەیە کە ڕۆژهەڵاتناسیی سۆڤیەت بریتی بوو لە ژمارێکی زۆری بیرمەندانی ناوخۆیی یان ڕۆژهەڵاتی. کەواتە بەو شێوە کە لە درێژەدا باسی دەکەم، ژمارێکی بەرچاو لە توێژەرانی کوردی کە خۆیان بە ڕەچەڵەک کورد بوون، لە بەرهەمهێنانی زانستی کوردناسیدا بەشدارییان بووە. سەرەتا تەنیا کوردەکانی دەڤەری سۆڤیەت بوون، بەڵام لە ١٩٦٠ بەملاوە، کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت کوردەکانی عێراقیشی لە خۆ دەگرت. ئەوەی کە کورد لەم بابەتەدا ڕۆڵی هەبووە، بۆ خۆی هەندێک پرسیاری گشتیتر سەبارەت بە بەشداربوونی بیرمەندانی ناوخۆیی لە زانستی ڕۆژهەڵاتناسیدا دروست دەکات. شرۆڤەکردنی ئەم گێڕانەوە و خۆوێناکردنانە لەژێر ئەم ناوانەدا زۆر سەرنجڕاکێشە: “ڕەژهەڵاتناسیی ناوخۆییکراو[4]” یان “خودڕۆژهەڵاتناسی[5]” یان “ڕۆژهەڵاتناسیی ڕۆژهەڵاتی[6]“. بەڵام من پێم وایە کە وەها دەستەواژەگەلێک ناتوانێت مافی هۆکارێتیی دەورگێڕانی ناوخۆیی/ ناڕۆژاوایی بە تەواوی دیاری بکات. من دەمەوێت ئەم پرسیارە گشتییانە بە تاوتوێکردنێکی کورتی مێژوویی سەبارەت بە کوردناسیی سۆڤیەت و ڕیشەکانی لە خوێندنەوەکانی ئیمپراتۆریی ڕووسیادا بخەمە بەر باس.[i]

توێژینەوە کوردییەکان لە ڕووسیای تێزاری

ڕەنگە بتوانین بە متمانەوە بڵێین کە کوردناسی، وەکوو لقێکی زانستیی سەربەخۆ لەنێو خوێندنەوە ئێرانییەکاندا، لە ئیمپراتۆری ڕووسیاوە سەری هەڵدا، بەڵام ئەم سەرهەڵدانە بە هۆی وابێژییەکی زمانناسانە کە بەرهەمی توێژینەوە ئەڵمانییەکان بوو بیچمی گرت. کوردناسی لەسەر ئەم بەردەبناغە دانراوە کە زمانی کوردی بنزاراوەیەکی زمانی فارسی نییە، بەڵکوو لقێکی جیاوازە لە زمانە هێندوو-ئێرانییەکان. ئەم ئیدعایە سەرەتا بە وردییەوە لەلایەن توێژەرانی ئەڵمانی، ئێمیل ڕودیگێر[7] (1-1871180) و ئاگوست فرێدریش پوت[8] (2-1887180) خراوەتە بەر باس.[ii] پاشان ئەم جیاوازییە زمانناسانەیە، بوو بە بنەمای داخوازییەکی گەورەتر کە دەڵێت کورد، لە مانای مۆدێرن و ڕۆمانتیکەکەیدا، نەتەوەیەکی جیاوازە و خاوەنی تایبەتمەندیی ئەتنیکی یان بنەچە و فولکلۆر و داب و نەریتی خۆیە، کە بە تەواوی لەگەڵ دراوسێ موسڵمان و مەسیحییەکانیدا وەکوو تورکەکان و فارسەکان و ئەرمەنییەکان و ئاسوورییەکان جیاوازە. ئەم ڕوانگە ڕومانتیک-ناسیۆنالیستییه سەرنجی زیاتر خستە سەر بابەتە جیاوازەکانی کوردەکان، نەک ئەو ماتێریاڵ و بابەتە کولتوورییانە کە لەگەڵ دراوسێکانیاندا هاوبەش بوو. سەرنجی ڕووسەکان بۆ لایەنی کورد (هەروەها بۆ ئەرمەنییەکان و دیکەی خەڵکی قەفقاز) لە دوای شەڕی کریمەوە (1853-1856) -کە ڕووسیای لەگەڵ عوسمانی و ئیمپراتۆریای ئینگلیس و فڕانسەدا ڕووبەڕوو کردەوە- زیادی کرد. ئەم شەڕ و هێرشە ئیمپریالیستییە لەنێو دەقە کرمانجی و زازایییەکاندا کە پێتێر لێرچ[9] (1827-1884) توێژەری ئەڵمانی بڵاوی کردەوە بە ڕوونی دیارە و دەنگی داوەتەوە. لێرچ بابەتەکانی خۆی لەنێو بەندکراوە کوردەکانی پارێزگای ئیسمۆلێنسکەوە کۆ کردبووەوە.

یەکەمین توێژینەوە کوردییەکان لە ڕووسیای تێزاریدا لەلایەن خاچاتور ئابۆڤیەن[10] (1809-1827) توێژەر و نووسەری ئەرمەنییەوە بوو. بەرهەمەکانی ئابۆڤیەن کە بە زمانی ئەرمەنی بوون لە دەرەوەی جڤاکی ئەرمەنی‌زمان بڕەوێکی وایان نەبوو.[iii] کاریگەرترین توێژینەوە سەرەتایییە کوردناسانەکان یەکەم جار لەلایەن دیپلۆماتە ڕووسەکانەوە بوو کە یان ڕۆیشتبوونە مەڵبەندە کوردنشینەکان یان ڕۆیشتبوونە نزیکی ئەو مەڵبەندانە. ئاگۆست ئەلێکساندر ژابا[11] (1894-1801) لەدایکبووی پۆڵەند، کاتێک لە ئەرزڕوومدا وەکوو باڵیۆزی ڕووسیا کاری دەکرد، لەگەڵ زانایەکی خۆجێیی بە ناو “مەلا مەحموود بایەزیدی” پێوەندیی گرت، کە لە کۆکردنەوەی ژمارەیەکی زۆری دەستنووسە کوردییەکاندا (کە قەرار بوو ببنە بنەمایەک بۆ دەستنووسە کوردییەکانی ئاکادێمیای ئیمپارتۆریای سەن‌پێتێرزبوورگ) یارمەتیی دا و هەروەها خۆیشی (ژابا) ژمارەیەک دەق و بابەتی گرنگی نووسی و بڵاوی کردەوە.[iv] فەرهەنگی کوردی-فەڕەنسی ژابا، یەکێک لە سەرەتاییترین و گەورەترین هەوڵەکان لەپێناو فەرهەنگنووسیی کوردیدا بوو کە فێردیناند یووستی لە ساڵی 1879دا بڵاوی کردەوە. هەر لە سەن‌پێتێرزبوورگدا بوو کە ڕوونووسی ڤێلیامینۆڤ-زێرنۆڤ[12] و هەروەها وەرگێڕانی فەڕەنسی شارمۆی[13] لە شەرەفنامە، بەرهەمی شەرەف خانی بەدلیسی، ڕووداونووسی کوردزمانی دەرباری ئەو سەردەمە، کە بە زمانی فارسی نووسراوە، چاپ و بڵاو کرایەوە.[v] له ڕاستیدا دەکرێت ئاکادێمیای پاشایەتیی زانستەکانی سەن‌پێترزبوورگ و نوێنەری دواجاری لە سۆڤیەتدا زۆرینەی ساڵەکانی سەدەکانی نۆزدە و بیستدا وەکوو ناوەندی توێژینەوە کوردییەکان لە دنیادا بناسین.

تەرکیزی ڕۆژهەڵاتناسانی ڕووسی لەسەر جیاوازیی کورد و ئەرمەنییەکان لەگەڵ دراوسێکانیاندا، لەگەڵ زێدەخوازیی ئیمپریالیستی ڕووسیا دەرهەق بە پاشایەتیی عوسمانی و ئێرانی قەجەری و سیاسەتگەلی “ناکۆکیی باو کە و پاشایەتی کە”دا -کە هەر لەپێناوی ئەم بابەتەدایە- هەماهەنگە. بەڵام بێگومان ناکرێت زانستی ڕۆژهەڵاتناسی بە تەواوی کورت کەینەوە بەم ئامانجە زێدەخواز و ئیمپێریالیسییانەوە.[vi] بێجگە لەمەش، ئەم بابەتە کە کوردناسیی سەرەتاییی ڕووسیا، تەنیا لەپێناوی پلانەکانی گەشەی دەوڵەتیدا بووە، دەبێتە هۆی ئەوە کە دەورگێڕانە ناوخۆیییەکان بە تایبەت نووسراوە سەرەتایییەکانی ناسیۆنالیستە ئەرمەنییەکان سەبارەت بە شوناسی نەتەوەیی کورد و ئەرمەنی لە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و عوسمانیدا، ڕەچاو نەکرێت. هەرچەند کە سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم نووسراوانە، چ لە بواری کاریگەریدانان لەسەر بیری کورد و ئەرمەنییەکان سەبارەت بە خۆیان و چ لە بواری کێشە لێکۆڵینەوەیییەکانەوە -کە دواجار کێشەکانیان سەلمێندرا- زانیارییەکی کەم لە بەردەسدایە.[vii]

بێگومان دوو کەس لە گەورەترین بیرمەندانی کوردناسی، ڤلادێمیر مینۆڕسکی[14] (-19661877) و بازیل نیکیتین[15] (1960-1855) بوون. هەردووکیان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە ساڵە دواییینەکانی حکوومەتی قاجاردا دیپلۆمات بوون.[viii] وا دیار بوو کە چارەنووسی مینۆرسکی بە دیپلۆماتبوون گرێی خواردبووبێت، بەو بۆنەوە کە ئەندامێکی لێژنەی دیاریکردنی سنووری نێوان ئێران و عوسمانی بوو، بەڵام لە ئاکامدا بە هۆی بزووتنەوە سیاسییە پێشبینینەکراوەکان وازی لێ هێنا -بە تایبەت گرنگترینیان ڕاپەڕینی 1917. مینۆڕسکی پاشان بوو بە یەکێک لە دیارترین بیرمەندانی نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکوو تەواوی ئێران. پاش خوێندنی لە بەشی یاسای زانکۆی مۆسکۆ، ڕۆیشتە ناو دەزگای دیپلۆماسی ڕووسیا و بوو بە یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی نێونەتەوەییی دیاریکردنی سنووری نێوان ئێران و عوسمانی. مینۆڕسکی دوای ڕاپەڕینی ڕووسیا، لە پاریس نیشتەجێ بوو. لە ساڵی 1933 بەملاوە لە کۆلێژی ڕۆژهەڵاتناسیی لەندەن وانەی زمانی فارسی وتووەتەوە. لە چاپی یەکەمی ئینساکلۆپێدیای ئیسلامدا، بابەتی زۆری سەبارەت بە مێژوو و زمان و باوەڕە ئایینییەکانی کوردەکانەوە پێشکەش کرد. بەرهەمە سەرەتایییەکانی مینۆڕسکی تا ڕادەیەکی زۆر بەپێی ئەتنۆگرافی و زمانناسیی مەیدانی، بە تایبەت لە باکووری ڕۆژاوای ئێراندایە، بەڵام لە دەقە دوایییەکاندا سەرنجی خستە سەر دەستنووسە کۆنینەکانەوە، بە هۆی ئەم لێکۆڵینەوانە، هەڵوێستێکی بەناوبانگی هەیە کە “سەڵاحەددین، دامەزرێنەری زنجیرەی ئەیووبییان، لە بواری ئەتنیکییەوە کورد بووە و پشتەکانی بە ڕەچەڵەک دەگەڕێنەوە سەر کوردەکانی حەدبانی لە ناوچەی دێوێن‌دا”.[ix] بەپێی قسەی بوسوۆرس[16]، مینۆڕسکی نیشتمانپەروەرێکی پڕ گڕوتینی ڕووسی بووە. [بوسوۆرس] خۆی شایەتی ئەوە بووە کە کاتێک لە ساڵی 1942دا لێنینگراد لە گەمارۆی ئەرتەشی ئەڵماندا بووە، مینۆڕسکی ڕوونووسێکی کتێبی “تذکره‌ الملوک”ی خۆی پێشکەشی “کوردناسانی سۆڤیەت” کردووە. لە ساڵی 1960دا کاتێک کە ئاکادێمیای زانستەکانی سۆڤیەت، وەکوو مێوانی فەخری بۆ بیستوسێهەمین دانیشتنی نێونەتەوەییی ڕۆژهەڵاتناسان لە مۆسکۆدا بانگهێشتی دەکەن، دەگەڕێتەوە بۆ ڕووسیا.

بازیل نیکیتین بۆ ماوەیەک وەکوو جێگری کۆنسوولی ڕووسیا لە شاری ورمێی ئێراندا کاری کردبوو. وەکوو ژابا، مەلایەک بە نێو مەلا سەعید قازی، دەقە کوردییەکانی بۆ دەنووسی. لە دوای ڕاپەڕینی ڕووسیا هەڵدێت بۆ فەڕانسە. هەرچەند کە خوێندەواریی ڕۆژهەڵاتناسی نەبوو، بە واتای دروستتر تەنانەت کەسێکی ئاکادێمیکیش نەبوو، بەڵام کۆمەڵێک بەرهەمی کاریگەر لەسەر کوردەکان بڵاو دەکاتەوە، بە تایبەت شڕۆڤەیەکی گشتی لە ساڵی 1956دا.[x] بە وتەی سکالبێرت یوجێل[17] و لێ ڕەی[18] (2006; پاراگرافی 6-8) بیرمەندانێک وەکوو نیکیتین بوون کە دامەزرێنەری ڕوانگەی جەوهەرخوازانە سەبارەت بە کورد بوون، ئەوەش لە ڕێگەی وردبوونەوە لەسەر “ڕۆحی نەتەوەیی”[19] جیاواز و ئەو بابەتانەی کە لە دراوسێکانی جیاوازی دەکردنەوە (نیکیتین؛ 1956:56). ئەم جەختە لەسەر فۆلکلۆر (نیکیتین (1956: 255) بە شوێنکەوتن لە ڤیلچۆفسکی[20]، ناوی دەنێت “هیپرترۆفی (گەورەبوونی نائاسایی) فۆلکلۆر[21]“ی کوردی)، لەکاتێکدا کە کاریگەرییەکانی باوەڕە ئایینی و ئیسلامی و کولتووری فارسی بە بێ‌بایەخ نیشان دەدات. ( ئاماژە بە هەوڵە کولتووری هاوبەشەکان لەگەڵ ئەرمەنییەکاندا ناکرێت)، تەنیا یەکێک لە ڕێگەکانە بۆ ناسینی کورد وەکوو نەتەوەیکی جیاواز. ڕەنگە دڕدۆنگ بین لە کاریگەری شکڵ‌دەرانەی نیکیتین لەسەر گریمانەگەلی زات‌داهێنەری سۆڤیەت (بەو بۆنەوە کە کتێبە سەرەکییەکەی کە بە فەڕەنسی بوون، تا ساڵی 1956 بڵاو نەکرانەوە و لە ساڵی 1964یشدا بوو کە وەرگێڕایەوە سەر زمانی ڕووسی) بەڵام بێ‌گومان بە پڕۆسەیێکی زانستی گەورە کە دەکرێت ناو بنرێت “فۆلکلۆریزاسیونی کورد”، یارمەتیێکی باشی بەو گریمانەیانە داوە. لە خوارەوە تایبەتمەندییەکانی ئەم پڕۆسەیە دەخەمە بەر باس.

خوێندنەوەگەلی کوردی لە یەکێتیی سۆڤیەت

باوە کە دەڵێن توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتناسیی سۆڤیەت، بەرهەمهێنەرەوەی وتەزاکانی توێژینەوەکانی پێش ڕاپەڕینی ڕووسیا و بە تایبەت نەریتەکانی ڕۆژهەڵاتناسیی ئەڵمانین.[xi] بەڵام ئەم پرسیارە بێوەڵام دەمێنێتەوە کە ئەو دابڕانە سیاسییە ئاشکرایە کە لە ساڵی 1917دا دەرکەوت، تا چ ڕادەیەک دابڕانێکی هزری و ئایدیالۆجیکی لە توێژینەوە کوردییە ڕووسیزمانەکاندا دروست کرد. ئێستا ڕوون نییە کە تا چ ڕادەیەک دەتوانین ئاسەواری بیرمەندانی سەردەمی پاشایەتیی ڕووسیا -یان بە واتای سۆڤیەتییەکەی: بۆرژواکان- وەکوو مینۆرسکی یان نیکیتین لە بەرهەمەکانی وەچەکانی دواتری کوردناسانی سۆڤیەتدا ببینین. بۆچوونی سەرەکیی من ئەمەیە کە ژمارێک لەو گریمانە کێشەسازێنەرە ناسیۆناڵیستیانە -کە بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ پرسی زمان وەکوو سازێنەری نەتەوەکان و هەندێکیشیان دەگەڕێنەوە بۆ فۆلکلۆریزاسیۆن کوردەکان کە پێشتر باسی کرا -میراتی زانستی کوردناسیی پێش ڕاپەڕینن. بەڵام پێویستە تا کاتێک کە لێکۆڵینەوەی باشتر و گەورەتر نەکراوە ئاکامی یەکجارەکی بخرێتە دواوە.

چارەنووسی کوردناسی -و دیکەی کۆمەڵەی خەڵکی کورد- لە یەکێتیی سۆڤیەتی تازەدامەزراودا، جیاوازیی بوو لەگەڵ کەندولەندی سیاسەتەکانی ناسیۆناڵیستی سۆڤیەت و هەروەها شەڕی هێز لە کرملین و ناوەندە خۆجێیە فەرمانبەرەکان. لە سەرەتاکانی 1920دا، کوردەکان لە لایەنی کاربەدەستانی سۆڤیەت وەکوو نەتەوەیێکی جیاواز، بە فەرمی دەناسران. هەرچەند کە ئەمە بە مانای مافی خۆرێڤەبەری نەبوو بەڵام مافی پەروەردەی سەرەتایی و باڵای بە زمانی کوردی دەدا و بەستێنێکی باشی بۆ چرۆکردنی چالاکیی ئەدەبیی کوردی ساز دەکرد. لە ساڵی 1923دا، یەکەیێکی بچووکی حکوومەتیی کوردی (uyzed) لە ئازەربەیجان لە نزیکەی شاری لاچین دامەزرا کە تا ساڵی 1929 درێژەی هەبوو. لە ساڵی 1922دا، ئەلفوبێیەکی ئەرمەنی بۆ زمانی کوردی داهێنرا کە زۆر بە کار نەهێنرا و بڵاو نەبووەوە. ئەلفوبێیەکی لاتینی کە لەلایەن ئایسۆر مارگۆلۆف[22] و عەرەبێ شەمۆ دروست کرا، کاریگەرییەکی زیاتری هەبوو، [بەڵام] ئەلفوبێیەکی باشتر لە ئەلفوبێی لاتینی، بە سۆنگەی جەلادەت بەدرخان لە ساڵی 1919دا داهێنرا، ئەلفوبێیەک کە لە دوایییەکانی 1920دا، لەنێو کوردەکانی سووریای سەرپەرشتی‌کراو و لە تورکیای 1960ەوە بەم لا برەوی پەیدا کرد.[xii] لە ئەرمەنستانی سووڤیەتدا بوو که یەکەمین کتێبەکانی وانەیی قۆناخەکانی سەرەتایی و دواناوەندی بە زمانی کرمانجی یان کوردی سەروو نووسران؛ هەروەها یەکەمین هەنگاوە بنەمایییەکان بۆ وێژەی پەخشانیی مۆدێرن بە زمانی کوردییش زیاتر هەر لێرەوە، لە ڕێگەی رۆمان و کورتەچیرۆکەکانی عەرەبێ شەمۆ و ئیتری نووسەران دەستی پێ کرد. لە ساڵی 1935 لە ئیرەڤاندا بوو کە شەمۆ یەکەمین ڕۆمانی کوردی لەژێر ناوی شوانی کورد (sivane kurmanj)، بڵاو کردەوە.[xiii]

 لە 1920 بەملاوە، چەند ناوەندی گەورەی کوردناسی لە سۆڤیەت دامەزرا. بێ‌گومان یەکەمیان لێنینگراد بوو. شوێنێک کە کوردناسی لەوێدا چ لە زانستگە و چ لە ئاکادێمیای زانستەکاندا کەوتە بەر سەرنج، بە تایبەت لە لایانی “فریمەن”[23] (1879-1968) پسپۆری توێژینەوە بەراوردکارانەکانی زمانە کۆن و مۆدێرنە ئێرانییەکان و “یوسف ئوربێلی”[24] (1887-1961)، کە لە ساڵی 1931 لە زانستگەی لێنینگراددا، زمانناسیی کوردیی وەکوو لقێکی جیاواز و سەربەخۆ، دامەزراند. ئوربێلی لە 1916 تاکوو 1937 لە زانستگای لێنینگراددا وانەی کوردی وتووەتەوە؛ لە ساڵی 1959دا، بەشی کوردی لە ڕێکخراوەی گەلانی ئاسیایی لە ئاکادێمیای زانستەکانی سۆڤیەتدا لە لێنینگراد دامەزراند. لە ساڵی 1961دا کوردۆیڤ وەکوو سەرۆکی ئەم بەشە بوو بە جێنشینی. ئوربێلی لە بەیاننامەی داواکاری دامەزراندنی بەشێکی جیاوازی کوردی دەنووسێت:

بە لەبەرچاوگرتنی پێویستێتی داڕشتنی چارتی کات‌دانانی کاری ئاکادێمیکی بۆ لێژنەی کوردناسی، لە یەکەمی مارسی 1959، لێژنەی کوردناسان کە ئێستا بەشێکن لە دێپارتمانی ئێرانی، بە مەبەستی دروستکردنی بەشێکی سەربەخۆ هەڵبژێردرێن. ئەم بەشە [پێشنیارکراوە] بە سەرپەرشتی من و بەشداریی ئەم ئەندامانە: کوردۆیڤ[25]، زاکرمەن[26]، ڕودێنکۆ[27]، مووسائیلیان[28]، دێمەنتیێڤا[29] و خوێندکارانی دکتورا: سمیرنۆڤ[30]، یوسوپۆڤ[31]، ئەیوبی[32] و جەلیلۆڤ[33]، پێکدێت.[xiv]

کەواتە هەرچەند لقێک یان پلەیەکی مامۆستایەتی بۆ بەشی کوردی تەرخان نەبوو، بەڵام کوردناسیی سۆڤیەت بۆ هەتاهەتایە پتەوتر لە پێشوو جێگیر بوو و گەیشتە ئاستێک کە ڕەنگە وەکوو بەرزترین ئاستی پێشکەوتنی لە درێژەی نائارامبوونی دۆخی سیاسیی شەستەکان و هەفتاکانی زایینی ناو بنرێت. لە وێژەدا سەبارەت بە دۆخی سیستەمی ئەم توێژینەوە کوردناسانەیانە، هەندێک دوولایەنێتی هەیە. هەندێک لە سەرچاوەکان بە کورسییەکانی کوردناسی ئاماژە دەکەن و هەندێکیش تەنیا باس لە مامۆستاکانی خاوەنی کورسیی زمانە ئێرانی یا ڕۆژهەڵاتناسییەکان دەکەن کە لەمەڕ زمان یان مێژووی کوردەکانیشەوە لیکۆڵینەوەیان بووە. من هیچ بەڵگەیەکی ئارشیڤیم نەدۆزییەوە کە بوونی کورسییەکی ڕاستەقینەی سیستەمیی کوردەکان لە پتێرزبوورگدا بسەلمێنێت.

دووهەمین ناوەندی گرنگی کوردناسیی سۆڤیەت، ئەرمەنستانی سۆڤیەت بوو. شوێنێک کە زانستی ئاکادێمیک هاتە بەرهەم و دەرفەتی ڕۆژنامەگەری و وێژە و بە تایبەت نووسینی کتێبی وانەییی پۆلەکانی سەرەتایی و دواناوەندیی بە زمانی کوردی بۆ کوردەکان ڕەخسا. هەروەها لە ئیرەڤاندا بوو کە یەکەمین کۆنگرەی کوردناسیی پان‌سۆڤیەت لە ساڵی 1934دا بەڕێوە چوو، کە لەوێ داواکاریی ئەم بابەتانە کرا: نووسینی فەرهەنگێکی کوردی و ڕێزمانێکی مێژوویی، گەشەکردنی زیاتری توێژینەوە کوردییەکان لە لێنینگراد و مۆسکۆدا و هەروەها دامەزراندنی بەشێکی ڕۆژهەڵاتناسی لە ئاکادێمیای زانستەکانی ئەرمینیا، کە بریتی بێت لە کومیتەیەکی کوردناسی. هەروەها لەم کونگرەیەدا (یان بە هۆی ئەم کونگرەیەوە) بوو کە دەستەواژەی “کوردولۆژی” باوی پەیدا کرد؛ هەرچەندە کە ئەم بابەتە زووتر لەلایان نیکیتینەوە بە کار هێنرا بوو[xv] [بەڵام] دەقە پێشووەکان وەکوو ئەوانەی رۆدیگر و پوت، لە دەستەواژەی “توێژینەوە کوردییەکان” کەڵکیان وەرگرتبوو. ناوەندێکی دیکەی کوردناسیی سۆڤیەت، زانستگەی مۆسکۆ بوو، کە لەوێ زمانناسێک بە ناوی میلێر[34] (کۆچکردووی 1958) بەرپرسی بوو، هەروەها ناوەندێکی دیکەش لە باکو پێتەختی ئازەربەیجان، کە تا ساڵی 1959 شکڵی نەگرت. من لێرەدا ئەم ناوەندانە و هەروەها چالاکییە کوردناسانەییەکان لە جۆرجیا و ئاسیای ناوەندی (گرنگترینیان کەزاخستان) دەنێمە لاوە.
پێویستە کە کاریگەریدانانی سیاسەتەکانی ستالین لە 30 و 40ەکانی زایینی سەبارەت بە نەتەوە یاخییەکان، بە سەر کوردناسی ئاکادێمیکەوە هەڵبسەنگێندرێت؛ بەڵام بە تایبەت لە قەفقاز، ئاکامەکانی [ئەو سیاسەتانە] زۆر بەرچاو بوو. هەرێمی خۆڕیڤەبری کوردیی “کوردستانی سوور” لە لاچین کە پێشتر لە ساڵی 1930دا وەکوو پارێزگا ناسرابوو خێرا بە فەرمانی کرملین بە تەواوی هەڵوەشایەوە. لە ساڵی 1936دا فێدراسیۆنی قەفقاز هەڵوەشایەوە و ژمارێکی زۆر لە کوردەکانی ئەرمینیا و ئازەربەیجان بۆ ئاسیای ناوەندی دوور خرانەوە. لە ساڵی 1944یشدا، کوردەکانی جۆرجیاش تووشی وەها چارەنووسێک بوون. دەرەنجامە کولتوورییەکانی بە ڕوونی دیارە: بە وتەی حەسەنپوور، بڵاوکردنەوەی کتێب بە زمانی کوردی لە نێوان ساڵەکانی 1938 تا 1944 ڕاوەستا و بڵاوکردنەوەی کوردی لە ساڵی 1950وە دەستی پێکردەوە.[xvi]

هەرچەند کە ژماری کتێبە کوردییەکان کەمەوە بوو بەڵام لە دوای شەری گەورەی دووهەم و مردنی ستالین لە ساڵی 1953دا هەمیسان زۆر بووەوە. ڕەنگە لەوانە کانات کوردۆیێڤ (بە ڕووسی کراوی قەناتێ کوردۆ) (1909-1985) وەکوو گرنگترین کوردناسی سۆڤیەت کە خۆیشی کورد بوو، جێی سەرنج بێت.[xvii] لە پارێزگای قارس سەر بە عوسمانی لە دایک بوو، شوێنێک کە بنەماڵەکەی لە ساڵی 1918دا بەرەو وڵاتی ڕووسیای دوای ڕاپەڕین هەڵاتن و پاشان لە ساڵی 1921دا لە شاری تێفلیس جێنشین بوون. کوردویێڤ لە نەسڵی یەکەمی ئەو خوێندکارانە بوو کە لە ساڵی 1928دا بۆ درێژەدان بە خوێندنیان نێردران بۆ لێنینگراد. لەوێدا لەگەڵ فریمەن، ئوربێلی و هەروەها نیکولای مار[35] (1934-1865) کە لە ساڵی 1911وە سەرۆکی بەشی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکانی زانستگای سەن‌پتێرزبوورگ بوو، دەیخوێند. باوە کە دەڵێن “مار” بەرپرسی تیۆری زمانە یافتیکیەکان بوو، کە لە ساڵەکانی 1920 و 1930دا، نەک وەکوو ئورتودوکسێکی زانستی کە سەر بە دوکتورینێکی دەوڵەتی بوو، تا کاتێک کە ستالین خودی خۆی لە وتارە بەناوبانگەکەی لە ژووەنی 1950 لە پراودا، سەبارەت بە مارکسیسم و زمانناسی هێرشی کردە سەر بابەتەکەی مار. لە 1955دا کوردۆیێڤ، کە لە ساڵی 1946ەوە خەریکی وانەبێژی لە لێنینگراد بوو، ڕەخنەیەکەی لەسەر گریمانە یافتیکییەکانی بەرهەمەکانی زمانناسانی پێشوو بە تایبەت میلێر، ویلسیێڤسکی و کووکرمەن[36]، کە لەسەر زمانی کوردی کاریان دەکرد، بڵاو کردەوە. کەواتە کوردناسی سۆڤیەت دەرخەری بزووتنەوە و مشتومڕێکی زانستی و سیاسی بەربڵاوتر بوو، بە تایبەت توێژینەوە زمانناسانە کوردییەکان لە یەکییەتی سووڤیەتدا بە ئاشکرا لەگەڵ تیۆرییەکانی مار و سڕینەوەی دواجاریاندا پێوەندی بوو.[xviii]

بە گشتی، وا دیارە کە کوردەکان یان بیرمەندانی کورد کە لە لێنینگراد و مۆسکۆدا کاریان دەکرت، تا ڕادەیەکی زۆر کەم لەژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی گۆڕانی نەتەوەییدا بوون. لە ئەرمینیای سۆڤیەتدا، یەکێک لە دیارترین بیرمەندانێک کە خەریکی لێکۆڵینەوە لەسەر فولکلۆری کوردی بوو، حەجی جندی[37] (1908-1990) بوو. جندییش وەکوو کوردۆیێڤ لە قارسدا لە دایک بوو، پاشان لە 1918 لەگەڵ بنەماڵەیدا بەرەو ئەرمینیا هەڵهات. دوای ڕۆیشتن بۆ کۆلێژی فیلولۆژیی زانستگای ئیرڤان لە ساڵی 1930دا، بوو بە سەرۆکی ئاکادێمیای فێرکاری کوردی لە ئەرمینیادا. تاکوو لە ساڵی 1938دا، بە بیانووی ئەوەی کە جاسووسێکی ئیمپریالیستە، قۆڵبەست کرا و خرایە زیندان.[xix] دوو لێکۆلەری دیکەی سۆڤیەت کە بە ڕەچەڵەک کورد بوون، ئوردیخان جەلیل[38] (1932-2007) و جەلیل جەلیل[39] (لە دایک‌بووی 1936) بوون، کە کۆمەڵە بابەتێکی زۆریان لە فولکلۆری کوردی، بە تایبەت لەنێو کوردە ئیزەدییەکانی دانیشتووی ئەرمینیای سووڤیەت، کۆ و بڵاو کردەوە. دوای دەرچوون لە زانستگای ئیرەڤان، ئوردیخان ڕۆیشتە نێو چالاکە کوردەکانی زانستگای لێنینگراد. جەلیل، لە ساڵی 1963 تا 1993وە بوو بە سەرۆکی لێژنەی کوردی لە ئاکادێمیای زانستەکاندا و لە دوای هەڵوەشینەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، کۆچی کرد بۆ ئوتریشیا.[xx]

لە لێژنەی کوردەکانی لێنینگراددا، مارگارێت ڕۆدێنکۆ (1928-1977)ش بەشدار بوو. ئەو یەکەمین (و تا ئێستا تەنیا کەسێکیشە کە) بەرگی ڕەخنەیی [و شرۆڤە کراوی] مەم و زینی خانی بڵاو کردووەتەوە، کە وەکوو گەورەترین حیماسەی نەتەوەیی کوردەکان ناسراوە. هەروەها زۆرێک لە بەرهەمە فولکلۆرە ناوازەکانی وێژەی کەلاسیکی کوردی بە شرۆڤەوە بڵاو کردەوە وەکوو: “زەمبیل‌فرۆش”ی مەلا حەسەن باتەیی، “شێخ سەنعان”ی فەقێ تەیران و “لەیلا و مەجنوون”ی حارس بەدلیسی؛ هەروەها دەستنووسەکانی مەلا مەحموود بایەزیدی له “عادات و تقالید الاکراد”دا (نامیلکەیەک سەبارەت بە داب‌و‌نەریتی کوردەکان) کە لەسەر داواکاری ژابا نووسرابوون. ڕوونووسێکیش سەبارەت بە لاواندنەوە زارەکییەکانی ئیزەدییەکان، کە بەرهەمی کاری مەیدانی لەنێو ئیزەدییەکانی ئەرمینیا، جۆرجیا و ئازەربەیجان بوو، لە پاش مەرگی [ڕۆدێنکۆ] بڵاو بووەوە.[xxi]

هەڵوەشینەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991دا، ئەمجارە نە بە هۆی بەڵگە ئابوورییەکانەوە، کە بە هۆی بەڵگە ئایدیالۆجیکییەکانەوە بوو، هەڵبەت بێجگە لە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی لە قەفقازدا. لە ساڵی 1992دا، لاچین بە دەستی هێزە ئەرمەنییەکانەوە داگیر کرا و کوردەکان، دامەزرانی “کۆماری کوردی لاچین”یان ڕاگەیاند، کە پاشان دەرکەوت ڕووداوێکی کورتەمەودایە؛ تاکوو ئێستا لاچین، بە توندی لەژێر فەرمانی ئەرمەنییەکاندا، وەکوو کریدورێکی ستراتژیک لە نێوان ئەرمەنستان و کۆماری خودخوێنراوی قەرەباغدا، ماوەتەوە. لە ڕووسیا توێژینەوە کوردییەکان، لەو شوێنەی کە ئێستاکە بە ئاکادێمی زانستەکانی ڕووسیا لە سەن‌پتێرزبوورگ ناوی دەبەن درێژەی هەیە، بە تایبەت لە لایانی “زارع عەلیۆنا یوسوپۆڤ”[40] (لە دایک بووی 1934)ی زمانناسەوە، کە زیاتر لەسەر زاراوەکانی سۆرانی و هەورامی کار دەکات. توێژینەوە کوردییەکان پاش یەکیەتی سووڤیەت کەم بوونەتەوە. لە ساڵی 2005وە لە کاتی ڕێکخستنەوەی ئەنستیتۆی ڕۆژهەڵاتناسیدا، بەشی کوردی لەگەڵ دێپارتمانی ڕۆژهەڵاتی نزیک، بە سەرۆکایەتی ئاکمووشکین[41] تێکەڵ کرا.[xxii]

هەندێک لە تایبەتمەندییە گشتییەکانی کوردناسیی سۆڤیەت زۆر بەرچاون. یەکێک لەو بابەتانە کە پێشتریش باسی کرا، کاریگەری هۆکارە سیاسی یان ئایدیالۆجیکییەکانە لە هەڵبژاردنی تیتری لێکۆڵینەوەکاندایە. لاندۆ[42] (1975:195) ئاماژە دەدات بە نەبوونی توێژینەوە سیاسییەکان لەنێو بەرهەمەکانی سۆڤیەت لەسەر کوردەکان؛ بێنینگسون-یش ئاماژە دەکات کە بەرهەمێکی وەها سەبارەت بە ئێتنۆگرافی و مێژووی هاوچەرخ[ی کوردەکان] بوونی نییە. دەکرێت کە نەبوونی بەرهەمە ئێتنۆگرافییەکان پێوەند بدەین بە ئەوەی کە وەرگرتنی ئیزنی کاری مەیدانی لە ئێران و عێراقدا کارێکی دژوار و سەختە، بەڵام بە وتەی لاندۆ، گرنگی‌نەدان بە بابەتە سیاسی و مێژووییەکانی هاوچەرخ، ڕەنگە خواستی کاربەدەستانی سۆڤیەت بێت کە نایانەوێت بەبۆن کوردەوە لە هاوپەیمانەکانی خۆیان [واتا ئێران و عێراق] دوور بکەونەوە.

لە لێکۆڵینەوە زمانناسییەکاندا، بۆ خوێندنەوەی زاراوەکان و بەرهەمەکانی ڕێزمانیی مێژوویی خواستێکی بەرچاو هەیە.[xxiii] لێکۆڵینەوەکانی سۆڤیەت سەبارەت بە ئەدەبی کوردی، نیشانی دەدەن کە دابونەریتە زارەکییەکان لە سەرەوەی دابونەریتە نڤیسیارییە باڵاکان، کە بۆ خوێندن لە قوتابخانەکاندا بە کار دەبرێن، دادەنرێن. هەروەها کاتێک باسی ئەدەبی کلاسیکی کوردی دەکرێت، ئەم بابەتە زیاتر دەڕۆنە نێو چوارچێوەی خوێندنەوە چەشن‌ناسانەکانی حیماسەی قارەمانانە یان پێکهاتەی ئەدەبی نەتەوییەوە، نەک چوارچێوە بۆماوەیی و ناوچەییەکان؛ بۆ نموونە وەکوو بەشێک لە ئەدەبی گەورەتری ئیسلامی، فارسی یان فارسی‌زمان. بەرگی چاپکراوی تێزی مارگارێت ڕودێنکۆ (کە نوسخەیەکی نڤیسیاری ڕەخنەییە لە مەم و زینی ئەحمەد خانی) لە ساڵی 1955دا، لە زنجیرەیەکی ئەدەبیدا بە ناو “بیناکانی ئەدەبیی خەڵکانی ڕۆژهەڵات”دا بڵاو بووەوە.

 خاڵی هاوبەشی گشت ئەم توێژینەوەیانەی سەبارەت بە ئەدەبی باڵا و نەریتە زارەکییەکانی فولکلۆر، ورد بوونەوە لەسەر لایەنە پێکهاتەیی و فورمیکەکان و سەرنج‌نەدان لە لایەنە پورفێرمەنسیی و کردارییەکانە. پەیوەستەکانی کتێبی “چیرۆکە ڕەشکۆیانەکانی کوردی”ی ڕۆدێنکۆ (243-5) بریتییە لە شیکارییەکی چەشن‌ناسانەی بابەتەکانی نێو موتیفەکانی چیرۆکە فولکلۆرە کوردیەکان؛ کە نیشاندەری بەکارهێنانی بەستێنێکی سەرچاوەگرتوو لە ڕوانگەی مورفۆلۆژیکاڵی پراپ و دیکەی شێوازە فورماڵیستی و پێکهاتەیی‌خوازانەکانی هاوشێوەیە. لایانی پێرفۆرمەنس یان خوێندنەوە (بە ئاهەنگ و گۆرانی) زۆر سەرنج نەدراوە. کەواتە تا ئەو شوێنەی کە تێگەیشتبێتم، هیچ لێکۆڵینەوەیەکی ڕێک‌وپێک بە زمانی ڕووسی لەبارەی بەگۆرانی‌وتنەوەی چیرۆکە ڕەشکۆیانەکان و دیکەی فوڕمە شیعرییەکان وەکوو ڕووداوێکی مووسیقیایی، کە لەلایەن هەڵبەستوانێکی خۆماڵی یان دەنگ‌بێژێکەوە وترا بێت بوونی نییە.

 لەگەڵ ئەم سەرنج‌نەدانە بە لایەنە پێرفۆرمەنسەکان، چوارچێوەدانانی ناسیوناڵیستی و بەراوردکارانەی دووبارەی وێژەی زارەکی و نووسراوی کوردەکان وەکوو “خەڵکێکی ڕۆژهەڵاتی” جیاوازیش بوونی نییە. کەواتە مەم و زینی خانی، لە چوارچێوەی حیماسە نەتەوەیییکاندا، لەگەڵ شیعری مەسنەوی فارسیدا هەڵدەسەنگێندرێت و تاوتوێ دەکرێت. پێشتر ئوربێلی لە ساڵی 1938دا ئاستی شیعرەکەی خانیی لەئاست Vephkhistqaosani (شەرڤان لە پێستی پڵنگدا) ڕووستاولی‌دا[43] دەزانی، کە ئێستە وەکوو حیماسەی نەتەوەیی جۆرجیا دەناسرێت؛ ئوربێلی دەڵێت ئەحمەدی خانی بۆ کوردەکان وەکوو فیردەوسی بۆ ئێران و ڕووستاولی بۆ گورجییەکانە.[xxiv] دروستە کە وردبوونەوە لەسەر حیماسەی خانی لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی حیماسە نەتەوەییەکاندا بەتەواوی بەڵگەمەندە، بەڵام لەڕاستیدا ئەم چوارچێوە خۆی نیشاندەری هەڵسەنگاندنی ناسیۆنالیستی دووبارەی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمه: تەنیا لە کۆتاییەکانی سەردەمی عوسمانییەکان بوو کە نووسەرانێک وەکوو حاجی قادری کۆیی مەم‌وزینیان گەیاندە بارەگای حیماسەی نەتەوەیی کوردی. لەئاکامدا، ئەم چوارچێوەدانانە دووبارەیە بوو بەهۆی جەختێکی لەڕادەبەدەر ‌لەسەر گرێدراوەیی خانی بە ئەدەبی پێش‌مۆدێڕنی ڕۆژهەڵاتییەوە، لەهەمووان گرنگتر، شیعری کلاسیکی مەسنەوی فارسییە کە خودی خانی بە ڕاشکاوی وەکوو سەرمەشقی خۆی ناوی دەبات.

 ڕەنگە ئەم ڕوانگە فۆرماڵیستی و هەڵسەنگاندنە بە جێگەی ئەوە ڕوانگەیەکی مێژوویی-بۆماوەیی هەبێت بۆ چیرۆکە ڕەشۆکییەکان و حیماسە نەتەوەییەکان، زۆرتر لە ڕوانگە فۆرماڵیستی و پێکهاتەیی‌خوازانەکانی سۆڤیەت کاریگەری وەرگرتووە، وەکوو مۆرفۆلۆژیی چیرۆکە ڕەشۆکییەکانی ڤیلادیمیر پراپ. بەڵام هێشتا بۆ سەلماندنی ئەم داخوازییە بەڵگەیەکم پێ نییە. سەرهەڵدان و نەمانی تیۆرییەکانی یافتیک سەبارەت بە زمانی کوردی بەڕاشکاوی نیشاندەری سیاسەتەکان (حەزوخواستەکانی) ستالین بوو؛ بەڵام ناکرێت دیکەی تایبەتمەندییەکانی کوردناسیی سۆڤیەت لەڕێگەی سیاستەکانی پێوەندی ناوخۆیی یان نێونەتەوەییە لێکبدرێن. سەرنج‌نەدانێکی بەردەوام و بەرچاو بەسەر لایەنە ئیسلامییەکانی کولتووری کوردیدا زاڵە کە زۆرجار لەگەڵ ڕوانگەیەکی ئاشکرای -زیاتر ڕاشکاو- دژەدیندا هاوکاتە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم سەرنج‌نەدان بە زانستە ئیسلامییەکان و دەستە سۆفیانە ئۆرتۆدۆکسەکان یان بنیاتخوازەکان، بێ‌گومان ڕوانگەی دژەئایینی بیرمەندانی سۆڤیەت بوو. عەرەب شەمیلۆف بەڕاشکاوی باسی ژیاننامەکەی خۆی کە تیایدا بیرەوەرییەکانی خۆی لە زیکری دەروێشانی هێنابوو، لە گۆڤارێکی ئاتێئیستی دژەئایینی بەناوبانگدا بڵاو کردەوە.[xxv] لە ساڵەکانی 1930دا ئەم هەوڵانە -بەتایبەت لە ئەرمینیای سۆڤیەتدا- بۆ قووڵکردنەوەی جیاوازیی نێوان کوردە موسڵمانە سوننەکان و کوردە ئێزەدییەکان -کە بە کوردی قسە دەکەن بەڵام ئایینزایەکی دیکەیان هەیە- زۆرتر کرانەوە. بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش ئەمەیە کە وادیارە ئەو تیۆرییە لاوازەی کە لەنێو کوردە سکۆلارەکان و ناسیۆناڵیستەکاندا باوە کە ئێزەدییەکان زەرتوشتین و درێژەدەری ئایینی کۆنی ئێرانی کوردەکانن لە یەکێتیی سۆڤیەتدا بایەخی وەهای پێ نەدرا. کەواتە سەرنج خستنە سەر ڕێبەری گەورەی دەروێشانی کورد، مەولانا خالید نەقشبەندی (1779-1827)، سەرەڕای پێوەندییە ڕوونەکانی لەگەڵ چالاکییە دوایییەکانی بزووتنەوەی خالیدیە لە قەفقاز، بەهۆی نەبوونی لەنێو توێژینەوە کوردییەکان چ لە ڕووسیا و چ لە سۆڤیەتدا بابەتێکی گرنگە.[xxvi] کە ڕەنگە نیشاندەری هەستیارییە سیاسییەکانی ئەو سەرەمە بووبێت: ژمارێکی زۆر لە دەروێشانی خالیدی لە دوای تێکشکانی شۆڕشی شێخ سەعید لە ساڵی 1925دا لە کۆماری تازەدامزراوی تورکیا هەڵاتن. وادیارە زۆرینەیان لە ساڵەکانی 1930دا بە فەرمانی ئیستالین بۆ کەزاخستان دوور کرانەوە.

ڕەنگە باس‌کردن لە وشکەڕۆییەکی گشتی دژەئیسلامی لە کوردناسی سۆڤیەت دوور لە ڕاستی بێت. جیا لەمەش ناتوانین ئەم ناهاوسەنگییە بەئاسانی لە ڕێگەی هەندێک دەستەواژەی ئایدۆلۆجیکییەوە پاساو بدەین بۆ نموونە هەموویان سەرچاوەگرتوو لە سیاسەتە دژەئایینییەکانی لنین و ئیستالین بزانین یان سەرچاوەگرتوو لەو نواندنەوە گشتیانەی سۆڤیەت لە ئیسلام (بەتایبەت تەرێقەت) بە کۆنەپەرەستی. هەروەها کە لە بانەوە ئاماژە درا، یەکەمین هەنگاوەکان بۆ فۆلکلۆریزاسیۆن و ئیسلام‌سڕینەوە لە کوردەکان پێشتر لەلایەن بیرمەندەکانی پێش سەردەمی سۆڤیەت کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا کاریان دەکرد هەڵگیرا بوو.

ئەم سەرنج‌نەخستە سەر بابەتە ئیسلامییەکان هاوکات لەگەڵ فۆلکلۆریزاسیۆنی ئاماژەکراودا، بە ڕای من بوون بە هۆی گرنگی‌نەدان یان ڕەچاونەکردنی سیستەماتیکی پەروەردەی ئایینی پێش‌مۆدێڕنی کوردەکان. بەرهەمە سەرەتاییەکانی زانایانی ئایینی پێش‌مۆدێڕنی کورد، وەکوو کتێبی “سەرفا کورمانجی” لە “عەلی تەرەماخی” پێشتر لەلایەن ژابا و مەلامەحموود بایەزیدی لە ساڵەکانی 1860 کەوتبووە بەر سەرنجەوە، بەڵام تا ساڵی 1971 نە لە مۆسکۆ و نە لە لێنینگراد بڵاو نەکرایەوە بەڵکوو لە بەغداد چاپ کرا.[xxvii] ڕێزمانەکەی تەرەماخی خۆی لە خۆیدا سەرنجڕاکێشە، چون نە تەنیا کۆنترین نموونەی لەبەردەستی دەقی کوردییە بەڵکوو بریتییە لە سەرەتاییترین بابەتە پارێزراوەکان لەبارەی ڕێزمانی زمانی کوردی. سەیر ئەوەیە کە لێژنەی بەرپرسی بڵاوکردنەوەی کۆکراوەکانی ئەلێکساندر ژابا بەڕاشکاوی و بە کورتی ئەم دەقەی وەکوو بابەتێکی خاوەن “گرنگیی پلەدوو” وەلا ناوە.[xxviii]

شەجەرەنامەی کوردناسی سۆڤیەت لە عێراق

کوردناسی سۆڤیەت لە درێژەی شەڕی سارددا ڕۆڵێکی نێونەتەوەیی گرنگی هەبوو. قۆناغێکی نوێ لەم گەشە نێونەتەوەییەدا کاتێک دەستی‌پێکرد کە خوێندکارانی کورد، بەتایبەت عێراقی پاش شۆڕش، بەمەبەستی خوێندن هاتنە دەرەوە. هەروا کە پێشتر ئاماژە درا، کوردۆیڤ لە ساڵی 1961دا بوو بە بەڕێوەبەری لێژنەی توێژینەوە کوردییەکان کە لەلایەن ئۆربێلی‌یەوە دامەزرا بوو. لە ساڵی 1960 بەم لاوە ئەم ناوەندە نەک تەنیا لە کۆماری ئەرمینیا کە بەشێوەیەکی ڕوو لە زیادە لە عێراقیشەوە خوێندکاری وەرگرت، حکوومەتی پاشایەتی عێراق کە سەربە بەریتانیا بوو لە شۆڕشی 1958دا تێکشکا و کۆمارێکی شۆڕشگێرانە و لایەنگری سۆڤیەت لەلایەن ژنەڕاڵ عەبدولکەریم قاسم دامەزرا. بەبۆنەی چاکبوونەوەی پێوەندییەکانی نێوان عێراق و سۆڤیەت و دەرکەوتنی ئاسۆیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنێکی ئاشتیخوازانە پرسی کوردستانی بندەستی عێراق بەپێی پەیمانی 1959ی نێوان حکوومەتی نوێی بەغداد و پارتی دێموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەڵا مستەفا بارزانی، یەکەمین دەستەی خوێندکارانی عێراقی لە ساڵی 1960دا بۆ درێژەدانی خوێندنی باڵای خۆیان نێردران بۆ سۆڤیەت. لەنێو ئەم خوێندکارانەدا چەند خوێندکاری کوردیش هەبوون کە بڕیار بوو لە لقی کوردناسی‌دا بخوێنن. دوو کەس لە گرینگترینیان عیزەدین ڕەسووڵ (لەدایکبووی 1931) و مارف خەزنەدار (لەدایکبووی 1930) بوون.[xxix] ڕەنگە کاریگەرترین خوێندکاری کوردی سۆڤیەت مارف خەزنەدار بووبێت. لە ساڵی 1961 بۆ خوێندن ڕۆیشتە پاڵی کوردۆیڤ لە لێنینگراددا و لە ساڵی 1967دا تێزەکەی کە لەژێر ناوی “وێژەی مۆدێڕنی کوردی وەکوو دەربڕینی خەباتی چینایەتی و ڕزگاریی نەتەوەیی” بە زمانی ڕووسی بڵاو کرایەوە. دواتر بوو بە سەرۆکی چەند ئاکادێمیای کوردی و بەرهەمێکی زۆری نووسی کە زۆرتریان تەنانەت لە قۆناغی دوانەوەندیشدا بەکارهێنران. خەزنەدار ئێستاکە خەریکی نووسینی ژیاننامەیەکی 7 بەرگییە کە تا کاتی نووسینی ئەم وتارە دوو بەرگی لەچاپ دراوە کە بەداخەوە دەقەکەی هێشتا نەگەیشتووەتە ساڵەکانی ژیانی خەزنەدار لە سۆڤیەتدا.[xxx]

ڕەسووڵ سەرەتا لە پارتی شیوعیی عێراقدا چالاک بوو. بەپێی ڕاپۆرتەکان لەو ماوەدا کە سەرنووسەری بەشی کوردی ڕۆژنامەی پارتی شیوعیی عێراق بوو تەواوی بابەتەکانی پێوەندیدار بە کولتوور و سیاسەتی کوردی بە تەنیا دەنووسی. لە ساڵی 1963 ڕەسووڵ دکتۆرای خۆی لە زانکۆی باکوودا وەرگرت کە تێزەکەی لەژێر ناوی “ڕیاڵیزم لە وێژەی کوردی”دا بوو. لە ساڵی 1977دا بە وەرگێڕاندنی کتێبێک سەبارەت بە “مەم و زینی ئەحمەدی خانی” بۆ زمانی ڕووسی کە پێشتر لە ساڵی 1975دا بە عەرەبی بڵاوی کردبووەوە، بڕوانامەی DSC لە ڕێکخراوەی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکانی ئاکادێمیای زانستەکانی مۆسکۆ وەرگرت. لەو کتێبەدا ڕوانینێکی مۆدێرنیستی بۆ خانی وەکوو فەیلەسووفێکی سکۆلار -تەنانەت مارکسیستیش- هەیە.[xxxi] دواتر ڕەسووڵ ڕۆیشتە جێگەکەی مارف خەزنەدار و بوو بە سەرۆکی ئاکادێمیای کورد لە بەغداد.

 جێگیربوونی زانایانی ڕاهاتوو لە سۆڤیەت و کاریگەری‌وەرگرتوو لە مارکسیزم لە بەشە کوردییە تازە دامەزراوەکانی زانکۆکانی بەغداد و سلێمانی و لە ئاکادێمیای کوردیدا نیشاندەری گۆڕانکارییەکی بەرچاو (کە خێرا بەسیستەم کران) بە بەراورد بە نەسڵی پێشووتری زانایانی کوردی عێراق وەکوو عەلادین سەجادی مێژوونووسی ئەدەبی و تۆفێق وەهبی زمانناس کە لە حوجرە -یان مەکتەب- خوێندبوویان بوو. باسی پێشینەی سۆڤیەتی و مارکسیستی لێکۆڵینەوە کوردناسانەکانی ئەمڕۆ (و فێرکاری زمان و وێژەی کوردی) لە کوردستانی بندەستی عێراقدا خۆی وتارێکی جیاوازی پێویستە، لێرەدا هەر ئەمە بڵێین کە ئەم فۆرمەی بەسیستەمکراوەیی فێرکاری، نیشاندەری هاوکێشییەکی ناجێگر لە نێوان فاکتەرە مارکسیستی و ناسیۆنالیستەکانی کوردە. لە هەلومەرجی ئەوسای عێراقدا پێویستییەکی زۆر هەبوو بۆ گەیشتن بە چەشنێک لە گونجاوێتی لەگەڵ ناسیۆنالیزمی عەرەبی ئەو حکومەتانەی کە لە دوای 1958 یەک لە دوای یەک دەچوونە سەر تەخت و هەمووشیان (بەتایبەت حیزبی پان‌عەرەبیی بەعس کە لە ساڵی 1968 حکوومەتی بەدەستەوە بوو) خۆیان وەکوو شۆڕشگێر و بە هاوپەیمانی سۆڤیەت دەخوەندەوە. ئەم ناسیۆنالیزمە کوردییە مارکسیستییەش تاڕادەیەک مەجبوور بوو لەگەڵ ناسیۆنالیزمی ئێرانی پەهلەوییەکاندا ڕووبەڕوو بێتەوە. بەم شێوە خەزنەدار پێی وایە لەڕووی بەڵگە ئایینییەکانەوە کوردەکان (کە زۆرتر سەر بە ئیسلامی سوننەن) لەگەڵ عەرەبەکاندا (کە وادانراوە ئەوانیش هەر بەم جۆرە سەر بە ئیسلامی سوننەن) گرێدراوییەکی توندتریان هەبێت و لەژێر کاریگەرییەکی زۆرتری یەکتردا بووبێتن تا ئەوەی لەگەڵ نەریتێکی ئێرانی کە خەزنەدار بەشێوەیەکی تایبەت بە شێعەی دەناسێت و بە بەرهەمی کولتووری ئایینی و ئەدەبی عەرەبی دەزانێت. هەر بەو جۆرەی سۆڤیەت، زانستی کوردناسی پێویستە لەگەڵ کۆمەڵێک بارودۆخی دژواز و سەرکوتکەردا بسازێت.

ڕۆژهەڵاتناسیی ناوخۆیی‌کراو؟

زانستی کوردناسیی بەرهەمهاتوو لەلایەن کوردەکانی دانیشتوو یان خوێندکاری سۆڤیەت بە ڕوونی لەباری ئادیالۆجیکییەوە بیچم‌گرتوو یان کاریگەری‌وەرگرتوو لە دۆخی ئەوێ بوو. کەواتە هەڵەیە ئێمە ئەم کوردناسییە وەکوو ڕۆژهەڵاتناسییەکی “ناوەکیکراو” یان “ڕۆژهەڵاتی” ڕەت بکەینەوە کە بریتی بێت لە بەرهەمهێنانی نائاگایانە و یان ئەنقەستی پۆلێنبەندی و دکتۆرینە چەوتەکانی زانایانی دەرەکی کە لەژێر کاریگەریی -ئەگەر نەڵێین پەیڕەو- هێزە داگیرکەرەکان و سیاسەتەکانی هێزە ئیمپریالیستییەکاندایە. دەستەواژەی “ڕۆژهەڵاتناسیی ناوخۆیی‌کراو” سەرەتا لەلایەن “جرالدین هێنگ”[44] و “جاناداس دێڤان”[45] لەبارەی سەنگاپووری پاش‌داگیرکراوییەوە بەکارهێنرا،[xxxii] بەڵام تا شوێنێک کە من ڕێگەم پێ بردبێت ئەم چەمکە لەباری تیۆرییەوە شی‌نەکراوەتەوە. بەڵام بەڕوونی هەندێک دەنگدانەوە و نیشانەی لە ڕەخنەی ئایدۆلۆجیای مارکسیستی (بە وردی بڵێم گرامشیی) تێدایە. ئەگەر بمانەوێت ڕوونتر باسی بکەین واتا هەندێک بیروڕای سەرچاوەگرتوو لە هێژێموونی کولتووریی ئیمپریالیستی ڕۆژاوایی پارێزهەڵنەگر و هەروەها زانستێکی هەڵە لەنێوان دەستەیەک لە چالاکانی ناڕۆژاواییدا کە بەشێوەیەکی نەخوازراو یان ناڕەخنەیی دەق و چەمکە ڕۆژاواییەکان بەکار دێنن. وادیارە چەمکی “ڕۆژهەڵاتناسی ڕۆژهەڵاتی” بەتایبەت لەو نووسەرانەیدا کە زۆرتر بە دنیای عەرەبەوە خەریکن باوی پەیدا کردبێت.[xxxiii] سەرەڕای ئەمە چەمکی ڕۆژهەڵاتناسی ناوەکیکراو یان ڕۆژهەڵاتناسی ڕۆژهەڵاتی تا ڕادەیەک کێشەسازە، چون بەردەنگی پاسیڤ، تەنیا چەمک و بایەخ و ئارمانجە ڕۆژاواییە هێژێموونیکەکان نیشان دەدەنەوە. کەواتە مەترسی ئەوە هەیە کە نووسەرانی ناڕۆژاوایی لە هەموو هۆکارێکی سەربەخۆ یان خۆبەڕێوەبەر بێبەش بکات و ئایدۆلۆجیای ئیمپریالیستی ڕۆژاوایی وەکوو گشتێکی یەکگیرتر و بەربڵاوتر و حەتمیتر لە ڕاستییەکەی نیشان بدات. وردبوونەوەیەکی سیستەماتیکتر لەسەر ئەزموونەکانی ئەڵمان و ڕووسیای سەدەی نۆزدە و سۆڤیەتی سەدەی بیست و ڕۆڵی سەرەکی کوردەکان لە بەرهەمهێنانی زانستی ڕۆژهەڵاتناسیی سۆڤیەت، تاڕادەیەکی زۆر ئەم وێنە نزیک و لەبەردەستە لە هێژێموونی ئیمپراتۆریا ئاڵۆز دەکاتەوە.

لە ڕاستیدا باسکردن لە یەکیەتیی سۆڤیەت وەکوو هێزێکی ئیمپریالیستی، یان پێناسەکردنی ڕۆڵی سۆڤیەت لە ئاسیای ناوەندی و دەڤەری قەفقاز وەکوو ڕۆڵێکی داگیرکارانە، ساناکردنەوەی لەڕادەبەدەری باسەکەیە. سیاسەتی سۆڤیەت بەگشتی [ئەگەر خۆیشی نەیویستبێت] بەرەو ئازادی و مۆدێڕنیزاسیۆنی خەڵکی خۆی بووە، هەرچەند لەوانەیە چەمکگەلی سەرەکیتر لە هەڵوێستە ڕۆژهەڵاتناسانەکان‌ لەبارەی وڵاتە داگیربووەکان و دنیای ئیسلام، هەندێک چەمکی ڕۆمانتیک و ناسیۆنالیستی جیددی بن کە لە ڕۆح یان کەسایەتی تایبەت بە خەڵکی سۆڤیەت وەرگیراون و لە زمانەکان و زاراوەکان و فۆلکلۆر و حیماسە نەتەوەییەکانیاندا وێنا بووە و دەربڕاون. ڕەنگە کولتوورسازی ئەکادێمیک و دیکەی جۆرەکانی کولتوورسازی کوردەکان و دیکەی نەتەوەکانی سۆڤیەت لە درێژەی ئایدۆلۆجیا ڕومانتیکەکانی سەدەی نۆزدەدا کە نەریتە پەتییە فۆلکلۆرەکان (کە وێدەچوو لە هەموو جۆر لێکدراوێکی دەرەکی بەری بووبێت) بەرز ڕادەگیران، پاڵپشتی لێوە بکرایەت. ئەم ڕەوتە لە فۆلکلۆریزاسیۆن ڕەنگە یارمەتیدەری ناساندنی کوردەکان وەکوو ئەتنیک یان نەتەوەیەکی جیاواز بێت، بەڵام لەولایشەوە بریتی بوو لە کەم‌بایەخ نیشاندان یان حاشاکردن لە جیهان‌نیشتمانی و چەندزمانی پێش‌مۆدێڕن و مۆدێرنی سەرەتایی.

ئاکام

ناکرێت لە گرنگی و کاریگەریی بیرمەندانی ڕووسیا و سۆڤیەت لە گەشەی زانستی کوردناسیدا حاشا بکرێت. بە ڕای کوردۆیڤ بە بۆنەی هەوڵەکانی بیرمەندانی سۆڤیەت بوو کە “کوردناسی کە پێشتر وەکوو لقێکی پلە دوو لە ئێران‌ناسی دەناسرا ببێتە لقێکی سەربەخۆ لە ڕۆژهەڵاتناسی.” (وەرگیراو لە بێنینگسۆن 1960: 530). پاش شۆڕشی 1917 یارمەتییە خوێندکارییەکانی سۆڤیەت لەسەر پەروەردەکردن و ڕزگاری خەڵکی مسڵمانی سۆڤیەت چڕ ببووەوە. جێی سەرنجە لە کوردناسیی سۆڤیەتدا لایەنە دژەئیمپریاڵیستییەکانی بیری مارکسیستی لە ئاستێکی کەمتر لە لایەنەکانی خەباتی چینایەتی و ڕزگاری نەتەوەیی دەبینرێت. بە شێوەیەکی وردتر، وا دیارە نووسەرەکانی سۆڤیەت بابەتە کێشەسازە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتناسیی “بۆرژوایی” بەرهەم دێننەوە بۆ نموونە تەرکیز لەسەر ناسنامەی ئەتنیکی یان نەتەوەیی بەجێگەی ئاگایی چینایەتی. هەروا کە لە بانەوە باسم لێ کرد گرنگتر لە هەموو شت ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەکانی ڕووسی‌زمان لەسەر فۆلکلۆریزاسیۆنی کوردەکان کاریگەری داناوە. سەرنجی سیستەماتیک (یان لەڕادەبەدەر) بە نەریتە فۆلکلۆرەکان، کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وادانراوە یان ڕاشکاوانە وتراوە کە بەتەواوی و بۆ هەمیشە کوردییە، نە تەنیا هاوبەشێتی فۆلکلۆری لەگەڵ دراوسێ عەرەب و تورک و ئەرمەنی و دیکەی وڵاتەکاندا هەیە که هەروەها بەستێنەکەی لە فەرهەنگی عەرەبی و وێژەی فارسیدایە. تەنانەت بەرگە ڕەخنەییەکانی دەقە گرنگە کلاسیکەکان بە جێگەی جەختکردن لەسەر نەریتی ئەدبی فارسی کە زۆرینەی واتاکان و وشەکانی خۆی لەو گرتبوو، لەڕێگەی جەختکردن لەسەر گرنگی نەتەوەیی بەرەو لایەنی بەرهەمهێنانەوە و بەهێزکردنی تێ‌خوێندنەووەی ناسیۆنالیستی لە وێژەی کوردی دەچوون.

 وشەی “کوردۆلۆژی” کە بەپێی توێژینەوە ڕووسی یان سۆڤیەتییەکانەوە دانراوە و بابەتێکی جیاواز لە “لێکۆڵینەوە کوردییەکانە”، نە تەنیا خاوەنی چەمکە ناسیۆناڵیستییەکی جیاوازە بەڵکوو نیشاندەری فۆلکلۆریزاسیۆنە پێشووەکانیشە کە بە تایبەت لەلایەن بیرمەندانی ئیمپراتۆریای ڕووسیا و یەکێتیی سۆڤیەتەوە ئەنجام درابوو. ناسیۆنالیزمێک کە لە پەیکەری خەڵک یان نەتەوەیەکی کوردیی پەتی دەرکەوتبێت، لەڕێگەی فۆلکلۆر و زاراوە ئاخاوتنییەکانی خۆیەوە دیاری دەکرێت نەک لەڕێگەی پێوەندییە بەربڵاوەکانی لەگەڵ دیکەی دراوسێ  مسڵمان و نامسڵمانەکانی. بەهەرحاڵ ڕەنگە بە ناسیوناڵیزمێکی ڕومانتیکەوە نزیک بێت تا بە گریمانە تایبەتە ڕۆژهەڵاتناسانەکان. ڕەنگە ئەمە تاڕادەیەک نیشاندەری قەرزێکی زانستی گەورە بێت بە نەریتی ئەڵمانی، بەجێگەی نەریتی فەڕەنسەیی یان بەریتانیی لە بواری زانستە مرۆییەکاندا و بەتایبەت کاری فیلۆلۆجیکاڵی ئەڵمانی لە زمانناسی مێژوویی-بەراوردیدا. چونکوو ئەوە زانایانی ئەڵمانی ڕۆدریگەر و پۆت بوون کە زمانی کوردی‌یان وەکوو زمانێکی جیاواز دەسنیشان کرد. لێکۆڵینەوە زماناسانەکانی دواتری سۆڤیەت لە بارەی زمانی کوردی، زیاتر پێوەندی لەگەڵ ڕێزمانی مێژوویی و لێکۆڵینەوەکانی زاراوە لە نەریتی ئەڵمانیدا بوو، هەڵبەت بێجگە لە کاریگەرییە کەموکورتەکانی مار و گریمانەی یافتیک. یەکێک لە تایبەتمەندییە ڕووسیاییەکانی لێکۆڵینەوەکانی فۆلکلۆر کە لە بەرهەمەکانی ڕۆدێنکۆ و ئەوانی تردا دەبینرێت، جەخت لەسەر ڕوانگەی مۆرفۆلۆجیکاڵەکانی پراپ -بەپێچەوانەی بۆماوەیی- بۆ چیرۆکە فۆلکەکانە.

وادیارە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کوردناسی سۆڤیەت جەخت لەسەر سکۆلاریسمێکی نەگۆڕە کە لە سەرنجنەخستنێکی بەرچاو بە بابەتی ئیسلام لەنێو کوردەکانەوە دەردەکەوێت، کە زۆرتر لەگەڵ ڕوانگەیەکی تەک ڕەهەندیدا هاوکاتە، کە بریتییە لە بەکۆتایی گەیشتنی دین و نەمانی جۆراوجۆری ئەتنیکییەکان. خاڵی دووهەم ڕەنگە بەرهەمی سیاسەتە پووچەڵەکانی سۆڤیەت بووبێت بەڵام خاڵی یەکەم میراتییەک بێت کە لە سەردەمی پێش سۆڤیەتەوە بە جێ مابێت. لە مینۆرسکییەوە بەملا، لێکۆڵینەوەکانی رووسیزمان (و دیکەی زمانەکان) حەزێکی فراوانیان بۆ تاوتوێی دەستە باوەڕجیاوەزەکان هەبوو کە بۆنموونە گرنگتر لە هەموویان ئێزەییەکان و ئەهلی حەق بوون. لە سەردەمی سۆڤیەتدا ئەم حەز و خواستە بۆ لێکۆڵینەوە فۆلکلۆرەکان بەهەمهاتەوە، کە تا ڕادەیەک بوو بە هۆی گرنگینەدان بە فێرکارییەکانی ئیسلام و فەرهەنگی حوجرەکان.

ئەوەی کە تەواوی ئەو کارانەی کە لە بواری کوردناسی لە سۆڤیەتدا کراوە تەنیا بە بەرهەمی ئایدۆلۆجیای مارکسیستی-لینینیستی بزانین واتا ئەو هەموو کارەمان تا ئاستێکی لە ڕادەبەدەر بەزاندووە کە بایەخە زانستییەکەشیان لە ڕێگەی فەشێنە ئەکادێمیکە سیاسییەکان وەکوو تیۆری یافێتیکی مار، دەکەوێتە مەترسییەوە. کەواتە تا شوێنێک کە لایەنگرییە ناسیۆنالیستییە ڕۆمانتیکەکان بەرهەم بێنەوە، دەتوانێت لایەنە کێشەسازەکانی زانستە مرۆییەکان (و بە تایبەت لێکۆڵینەوە زمانی و فۆلکلۆرییەکان) بە گشتی دەربخاتەوە. [xxxiv]

یەکێکی تر لە ئاڵۆزییەکانی گێڕانەوە سوننەتییەکانی ڕۆژهەڵاتناسی، ڕۆڵگێڕانی نووسەرە کوردە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لە بەرهەمهێنانی زانستی کوردناسییە. بە کورتی، لەوانەیە ئەزموونی کوردناسی سۆڤیەت ببێتە هۆی پێداچوونەوە و چاککاریگەلێکی بنەمایی لە ڕوانگە باوەکانی ڕۆژهەڵاتناسیدا، بە تایبەت ڕەنگە بۆ یارمەتییەکانی ڕووسیا و سۆڤیەت بانگەشەمان بکات کە لە ڕاستیدا بەقەد یارمەتییەکانی ئەڵمان بووە بەڵام سەرنجێکی کەمتر دراوە بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئەوان لە زانستی ڕۆژهەڵاتناسیدا.


[1] توێژینەوە سەرەتایییەکان بۆ ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی داهێنانی کولتووری و بنەماکانی زانستە مرۆیییەکان کە لەلایەن NWO پاڵپشتیی لێوە دەکرێت، ئەنجام درا، کە سپاسیان دەکەین. درافتی کۆتایی کاتێک نووسرا کە لە پشتیوانییەکان و دۆخی چالاکانەی ڕێکخراوی توێژینەوە پێشکەوتووەکانی هۆڵەند (NIAS) لە واسناردا کەڵکی وەرگرت.

[2] Orientalism

[3] Edward Said

[4] internalized orientalism

[5] auto-orientalism

[6] oriental orientalism

[7] Emil Rödiger

[8] Friedrich Pott August

[9] Peter Lerch

[10] Khatchatur Abovian

[11] Auguste Alexandre Jaba

[12] Veliaminof-Zernof

[13] Charmoy

[14] Vladimir Minorsky

[15] Basile Nikitine

[16] Bosworth                                                            

[17] Scalbert-Yücel

[18] Le Ray

[19] national soul

[20] Vil´cevsky

[21] hypertrophie de folklore

[22] Aisor Margulov

[23] A.A. Freiman

[24] Iosef Orbeli

[25] K.K.Kurdoev

[26] I.I.Zukerman

[27] M.B.Rudenko

[28] J.S.Musaelyan

[29] E.I.Dementieva

[30] I.A.Smirnova

[31] Z.A.Yusupova

[32] K.R.Eyubi

[33] J.Jalilov

[34] B.V. Miller

[35] Nikolay Marr

[36] Cukerman

[37] Haciyê Cindî

[38] Ordikhanê Celil

[39] Celilê Celil

[40] Zare Alievna Yusupova

[41] O.F. Akimushkin

[42] Landau

[43] Rustaveli

[44] Geraldine Heng

[45] Janadas Devan


[i] بۆ بینینی لێکۆڵینەوەکانی پێشووتر کە تەرکیزیان لەسەر سەردەمی سۆڤیەت بوو بڕوانن بۆ:

Alexandre Benningsen (1960) ‘Les Kurdes et la kurdologie en Union Soviétique’, Cahiers du Monde russe et soviétique, vol. 1, no. 3, pp. 513-530

Muhammad Mokri (1963) ‘Kurdologie et enseignement de la langue kurde en URSS’, L’ethnographie, N.S. 57: 71- 105

Jacob M. Landau, ‘The Kurds in some Soviet works’, Middle Eastern Studies 11 (1975): 195-198

Rohat Alakom (1991) [1987], Kürdoloji Biliminin 200 Yıllık Geçmişi (1787-1987), Istanbul, Deng (esp. ch. 6).

[ii] E. Rödiger and A.-F. Pott, “Kurdische Studien,” Zeitschrift für die Kunde des Morgenlandes 3, 1840, pp. 1-63; 4, 1842, pp. 1-42; 5, 1844, pp. 57-83; 7, 1850, pp. 91-167.

[iii] بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی ئابۆڤیەن بڕوانن بۆ:

Q. Kurdoyev, H. Abovian kak issledovatel’-kurdoved [Kh. Abovian as a Kurdologist Researcher], Istorija Russkogo Vostokovedenija (Moscow 1956).

[iv] دەقێکی بایەزیدی لەپاش سەدەیک دوای خۆی لەلایەن مارگەرێت ڕۆدێنکۆوە بڵاوە بوو:

Bajazidi, Mela Maxmud (1963) Nravy i obycai Kurdov [`Adat û rusûmatname-i Ekradiye]. Perevod, predislovije i primecanija M.B. Rudenko, Moskva: Izdatel’stvo Vostocioj literatury.

[v] V. Veliaminof-Zernof (ed.), Scheref-nameh ou Histoire des Kourdes, par Scheref, prince de Bidlis (St. Petersburg: Eggers 1860); François Bernard Charmoy (tr.), Chèref-nâmeh, ou Fastes de la nation Kourde (2 vols. in 3; St. Petersburg: Eggers 1868-1875).

[vi] بۆ زانیارییەکی مێژوویی زیاتر لەبارەی کوردناسی لەم بوارەدا بڕوانن بۆ:

Scalbert-Yücel, Clémence and Ray, Marie Le (2007) ‘Knowledge, ideology and power. Deconstructing Kurdish Studies’, European Journal of Turkish Studies, No. 5; available online at http://www.ejts.org/document777.html; for a brief discussion of Russian and Soviet kurdology, see especially para. 24-26

[vii] بۆ زانیارییەکی سەرەتایی بڕوانن بۆ:

Yektan Türkyilmaz, ‘Armenian nationalist literature on the Kurds’ (paper presented at the workshop ‘Islam, Europe, and the Secular-Religious Divide’, University of Amsterdam, December 2009).

[viii] Cf. C.E. Bosworth 2004, ‘Minorsky, Vladimir’, Encyclopaedia Iranica (online at http://www.iranica.com/newsite/index.isc?Article=http://www.iranica.com/newsite/articles/ot_grp5/ot_minorsky_20 040720.html).

نیکیتن کتێبێکی لەژێرناوی “ایرانی که من شناختم” (Tehran: Ma`refat, 1329/1950) بڵاو کردەوە کە تیایدا باسی ساڵەکانی 1915 تا 1918 کە لە ورمێدا نیشتەجێ بووە دەکات، بەداخەوە من ئەم کتێبەم دەس نەکەوت.

[ix] Vladimir Minorsky, “Kurds, Kurdistān. History A: Origins and Pre-Islamic History,” in EI2 V, pp. 447-49. Idem, “Kurds, Kurdistān. History B: The Islamic Period up to 1920,” ibid., pp. 449-64. Idem, Notes sur la secte des Ahlé Haqq, Paris, 1922; originally published in RMM 40, 1920, pp. 20-97; 45, 1921, pp. 205-302. Idem, “Études sur les Ahl-i Haqq, I Toumari’,” Revue de l’histoire des religions 97/1, 1928, pp. 90-105; Studies in Caucasian History (London: Taylor’s Foreign Press 1953).

[x] Basile [Vasilij] Nikitine, Les kurdes: Étude sociologique et historique (Paris: imprimérie nationale 1956; translated into Russian in 1964).

دەقی نووسراو لەلایەن مەڵا سەعید قازی کە لەلایەن ڕۆدێنکۆ بڵاو کرایەوە:

‘Les Kurdes racontés par eux-mêmes’, L’Asie française no. 231 (Mai 1925), 148-157; idem, ‘Kurdish stories from my collection’, Bulletin of the School of Oriental Studies 4 (1926), 121-138).

هەروەها بڕوانن بۆ:

‘Une apologie kurde du sunnisme’ Rocznik Orjentalistyczny 8 (1933); ‘The Tale of Suto and Tato’ (BSOS 3 (1923): 69-106, written jointly with E.B. Soane

بەداخەوە بەبۆن نەبوونی ڕێ‌وشوێن ناکرێت باس لە پێوەندییەکانی نێوان بیرمەندانی ڕووسی و ئینگلیزی و دیکەی زانایان بکرێت.

[xi] Michael Kemper, Studying Islam in the Soviet Union (Amsterdam: Vossiuspers UvA, 2009)

بۆ بەراوردێکی وردبینانەتری ئەم ئەلفوبێ‌یانە:

A. Hassanpour, Nationalism and Language in Kurdistan, 1918-1985. San Francisco: Mellen Research University Press 1992, ch. 8.2, esp. pp. 374-6.

[xii] بۆ بەراوردێکی وردبینانەتری ئەم ئەلفوبێ‌یانە:

A. Hassanpour, Nationalism and Language in Kurdistan, 1918-1985. San Francisco: Mellen Research University Press 1992, ch. 8.2, esp. pp. 374-6.

[xiii] گرنگترین ڕومانی شەمۆ “شوانی کورد” لەبنەڕەتدا لە ساڵی 1935دا نووسرا، کە لەم دواییانەدا بە هەردوو ئەلفوبێی سیریلیک (کە ئەلفوبێی سەرەکی کتێبەکەیە) و ئەلفوبێی لاتینی (کە پێی وەرگێڕدراوەتەوە) لە تورکیا چاپ کراوەتەوە. لە ساڵی 1989 بنکەی کوردی پاریس لەسەر بنەمای چاپی نوورەدین زازا لە دەقی کوردی کتێبەکە لە ساڵی1947  لە بەیرووت، چاپێکی دوو زمانەیی کوردی-فەرەنسی Sivanê kurd/Le berger kurde بڵاو کردەوە. دەقی زازا لە زۆر شوێندا لەباری وشەسازی و ڕستەسازییەوە لەگەل دەقی سەرەکیدا یەکناگرنەوە. دەگوترێت کە چاپە کوردییەکەی زازا لەسەر بنەمای وەڕگێڕانی فەرەنسەیی نیکیتین بوو کە لە وەرگێڕانی ڕووسی دەقە کوردییە سەرەکییەکە کرابوو.

[xiv] وەرگیراو لە:

http://kurdica.orientalstudies.ru/eng/index.php?option=com_content&task=view&id=196&Itemid=86

[xv] بڕوانن بۆ:

B. Nikitine 1932 ‘Où en est la Kurdologie?’, Annali del Reale Instituto Orientale di Napoli.

[xvi] بۆ زانیاری وردتر لەسەر گۆڕانی سیاسەتی زمانەوانی بەرامبەر بە کورد لە یەکێتی سۆڤیەتدا بڕوانن لە:

Hassanpour (1992: 139-143).

[xvii] Q. Kurdoyev 1973 Grammatika kurdskogo jazyka na materiale dialektov kurmandzhi i sorani (Moscow: Nauka).

دواتر چاپێکی کوردی بە ئەلفوبێی لاتینی لەم بەرهەمە لە سوێد بڵاوکرایەوە:

Gramera Zmanê Kurdî (Kurmancî-Soranî) Stockholm: Wesanên Roja Nû 1990.

بڕوانن بۆ:

Tarîxa edebiyeta Kurdî, written explicitly for ‘rural workers and peasants’ (2 vols., Stockholm: Roja Nû, 1983-1985.

بۆ زانیاری زیاتر لە ژیاننامەی بڕوانن لە:

Joyce Blau’s In memoriam, Studia Iranica 15 (1986): 249-256.

[xviii] Q. Kurdoyev 1955 Kritika osiboçnyh vzgljadov na kurdsky jazyk [ڕەخنە لە بۆچوونە هەڵەکان لەسەر زمانی کوردی]. Kratkie soobisçenya instituta vostokovedenya XII: 43-61.

[xix] بڕوانن بۆ:

Cewarî, Firîda Hecî (2007) Hecîyê Cindî, jiyan û kar, Yerevan: Wesanxana “Asoxîk”.

[xx] بڕوانن بۆ:

Dzhalil, Ordikhane and Dzhalil, Dzhalile (1972) Kurdskiye poslovicy i pogovorki. Na Kurdskom i Russkom yazikakh, Moskva: Glaviaya redakciya vostotsioj literatury.

هەروەها:

Celîl, Celîlê (1985) Jiyana rewsenbîrî û siyasî ya Kurdan (di dawiya sedsala 19’a û destpêka sedsala 20’a de), Uppsala: Jîna Nû. Celîl, Celîlê and Celîl, Ordîxanê (1994) Destanên Kurdî, Istanbul: Zêl Yayinlari. Celîl, Celîlê, et al. (1998) Yeni ve yakin çagda Kürt siyaset tarihi, Istanbul: Pêrî Yayinlari.

[xxi] M.B. Rudenko, Mam u-Zīn / Aḥmed Xānī ; tekst kritik, tařgama u-pīškhabar M.B Rudenko (Moscow: Akademiya Nauka 1962); Nravy i obyčai kurdov: kurdskij tekst s russkim perevodom / Mela Machmud Bajazidi ; perevod, predisl. i primeč. M.B. Rudenko (Moskva : Izd-vo vostočnoj lit. 1963); Kurdskije Narodnije Skazki [Kurdish national ……], Akademija Nauk SSSR. Institut vostokovedenija 1970; Kurdskaya obryadouaya poeziya [Kurdish Poetry of Lamentation]. Moscow: Akademija Nauk 1982.

مووسائیلیان خوێندکاری ڕودێنکۆ لەسەر پێداچوونەوەکان بەردەوام مایەوە:

Musaelyan, Zh S. (1983) Zambil’frosh. Kurdskaya poema i ee fol’klornye versii. Kriticeskij tekst, perevod, primecanija, predislovie, prilozhenie Zh.S. Musaeljan, Moskva: Izdatel’stvo “Nauk”.

[xxii] بڕوانن بۆ:

http://kurdica.orientalstudies.ru/eng/index.php?option=com_content&task=view&id=196&Itemid=86

دوایین هەوڵی گەورەی زانایانی ڕووسی‌زمان کە لە نەریتی (پاش) سۆڤیەتدا کاریان کردووە، دوو بەرهەم بووە لەسەر مێژووی کورد:

Sherko Mixoyî (Sh. Mgoj): Sovremennyj Kurdistan. Problemy natsional’nogo dvizhenija, Moskva: Kurdskij naucno-prosvetil’skij tsentr / Navenda Lêkolînên Kurdî, 1995 and Lazarev, M. S. and Mgoj, Sh X. (ed.) (1999) Istorija Kurdistana, Moskva; translated into Turkish as Kürdistan tarihi, Avestakitap 2007).

[xxiii] جگە لە بەرهەمەکانی کوردۆیڤ کە لە سەرەوە باسمان کرد، ئەمانە گرنگتری بەرهەمەکانن:

Bakaev, C. X. (1965) Yazyk Azerbaydzhanskix Kurdov, Moskva: Izdatel’stvo “Nauka”; Farizov, I. O. (1957) Russko-Kurdskij slovar’, Moskva: Gosudarstvennoe Izdatel’stvo Inostrannyx i Natsional’yx Slovarej; Jusupova, Z. A. (1985) Sulejmanijskij dialekt Kurdskogo jazyka, Moskva: Izdatel’stvo “Nauka”; Smirnova, I. A. and Ejjubi, K. R. (1998) Kurdskij dialekt Zaza (Dersim), Moskva: Tsentr Kurdskix Issledovanij; Tsabolov, R. L. (1976) Ocerk istoriceskoy fonetiki kurdskogo yazyka, Moskva: Akademiya Nauk SSSR Institut Vostokovedeniya; and Eyyubi, K. R. and Smirnova, I. A. (1968) Kurdskiy dialekt Mukri, Leningrad: Izdatelstvo “Nauka”

ئەم توێژینەوەیانە لە نەریتێکی ڕووسی پەیڕەوی دەکەن کە دەگەڕنەوە بۆ پێش لە بزووتنەوە لە زمانناسی باسکردیدا، بۆ نموونە:

F. Justi’s 1880 Kurdische Grammatik (St Petersburg: unknown).

[xxiv] وەرگیراو لە: Kurdoyev (1983: 107)

[xxv] E. Shemo 1930 Kurdskie dervishi, Ateist no. 59 (December 1930): 41-46.

[xxvi] بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی شۆڕشی خالیدیە لە قەفقاز بڕوانن لە:

M. Kemper, The North Caucasian Khalidiyya and ‚Muridism’: Historiographical Problems. In Journal for the History of Sufism 5 (2006), 111-126.

[xxvii] Eli Teremaxi, Destûrê zimanê ‘erebî bi kurdî [The rules of the Arabic language in Kurdish], ed. by M. Khaznadar; Baghdad: Dâr al-zi/amân 1971).

[xxviii] Jaba (1860: vii).

[xxix] زانیارییەکانی من سەبارەت بە ژیاننامەی ئەم بەرەیە زیاتر بەپێی ئەو وتووێژانەیە کە لەگەڵ عیزەدین ڕەسووڵ لە بەرواری ئۆکتۆبەری 1992 لە شاری هەولێر و لەگەڵ مارف خەزنەدار لە بەرواری ژووییەی 2009 لەشاری هەولێر کردوومە.

[xxx] Marouf Khaznadar, Rozhgarî min (My Memoirs), vol. 1, Peydabûn, 1930 -1949 [The Beginning, 1930-1949] and vol. 2, ….., 1949-1958 […19..-19..] (Arbil: Chapkhaney Haji Hashim 2009).

[xxxi] Ref Rasul Arabic, Russian, Turkish.

[xxxii] Geraldine Heng and Janadas Devan, ‘State fatherhood: The politics of nationalism, sexuality, and race in Singapore.’ In A. Parker a.o. (eds.) Nationalism and Sexualities (New York: Routledge 1992), pp. 343-364, esp. p.

[xxxiii] چەمکی “ڕۆژهەڵاتناسی ڕۆژهەڵاتی” بە ڕاشکاوی بەڵام بەبێ هیچ جۆرە شیکردنەوەیەکی تیۆریک لە کتێبی “ڕۆژهەڵاتناسییەکان لە لێکۆڵینەوەی فەڵسەفەی ئیسلامیدا” لە لایەن محەمەدعەلی خالیدییەوە بەکار هێنراوە:

Radical Philosophy, no. 135 (2006): 25- 33, esp. pp. 29-31

هەروەها بەڵگەکانی هاوشێوە لەبارەی ناوەکی‌کردنەوەی نۆڕمەکان و بایەخەکانی داگیرکەران، بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە یان نهێنی لە هەندێک بەرهەمدا هاتوون وەکوو کتێبی ” Before Homosexuality in the Arab World (Chicago 2007)” لە خالید ئەل ڕوەیحێب یان کتێبی ” Desiring Arabs (Chicago 2008)” لە ژۆزێف مەسعەد.

[xxxiv] بڕوانن بۆ:

R. Bauman & Ch. Briggs 2003 Voices of Modernity: Language Ideologies and the Creation of Inequality. Cambridge University Press.