بنجێک لە بژوێنێک

سەبارەت بە شیعری "ئەلباترۆس"ی بۆدلێر

ئەم ماوەیە ژیانی تاکەکەسیم بەردەوام دەیخستمەوە بیری بڕگەیەک لە شیعری “ئەلباترۆس”ی بۆدلێر. دێڕێک کە بە وەرگێڕانێکی تا ڕادەیەک دروست بە ئینگلیزی دەبێت بە:

His giant’s wings hinder him from walking.

“باڵە گەورەکانی ڕێگە نادەن بە پێ بڕوات”.

ئەلباترۆس ئەو جۆرەی بۆدلێر باسی دەکات باڵندەیەکی زلە بە باڵانێکی گەورەوە. ماڵی ئەوەیە کاتی تۆفان بە ئاسماندا بفڕێت. کاتێ باڵ دەگرێتەوە و لە ئاسماندایە پادشای ئاسمانە، بەڵام کاتێ دەپێکرێت و دەکەوێتە دەست کەشتیوانەکان، لە سەر تەختەی کەشتییەکە لەبەر باڵە زلەکانی کە ڕێگەی ڕەوتێکی ئاسایی نادەن و ڕەوتی ناقۆڵا و ناشیرین دەکەن، دەبێت بە گاڵتەی کەشتیوانەکان.

بۆدلێر لە شیعرەکەدا دەڵێ شاعیر چەشنی پادشای هەورەکان واتە ئەلباترۆسە. بەڵام دروستترە بڵێین ئەلباترۆسی ناو کەشتی _ کە باڵە زلەکانی ڕێگەی نادەن ڕەوتێکی ئاسایی بەڕێوە بچێ _ نە تەنیا شاعیر بەڵکوو سیمبۆلی هەر مرۆیەکە کە لەبەر بیرێکی گەورە، هونەرێکی گەورە، دنیایەکی گەورە کە هەیەتی ناتوانێت ئەرکانێکی سووک و بچووک کە پێی دەسپێردرێت بە ئاسانی ئەنجام بدات.

زۆر جار لە کاتی ڕاپەناندنی* ئەرکێکی سووک و بچووکدا ــ کە ئەوانی تر بە ئاسانی و زۆر ئاسایی ئەنجامیان دەدا ــ ئەلباترۆسم دەهاتە پێش چاو کە دەیەویست بە ڕێدا بچێ و باڵەکانی دەکیڕان بە کەشتیدا و ڕێوەڕینی ناقۆڵا دەبوو.

ئەمەی گوتم بۆ ڕاکێشانی سەرنج بۆ سەر خۆم نییە، زۆرتر بۆ نزیککردنەوەی خوێنەرە لە شیعرەکە و لە هونەری بۆدلێر.

ئەوەی ئاگاداری ئەدەبی کوردی بێت؛ دەزانێت بۆدلێر لە ئەدەبی کوردیدا بە وەرگێڕانی ئەحمەدی مەلا ناسراوە. ئەوەی وەک من چاوێکی بە وەرگێڕانەکاندا گێڕا بێت و هەوڵی دابێت لە شیعرایەتی دەقەکان بگات، دەزانێت ئەحمەدی مەلا چ پەنێکی بەسەر بۆدلێردا هێناوە. پێش ئەوەی بپەرژێمە سەر وەرگێڕانەکە ئەوەش زیاد بکەم:

شارل بۆدلێر (١٨٢١-١٨٦٧) شاعیری فەڕەنسایی

لە زمانی کوردیدا بەزۆری هەر لێکۆڵینەوەیەک لە شیعری بۆدلێر کرابێت؛ پشتی بە وەرگێڕانی هەڕۆڵی ئەحمەدی مەلا بەستووە.

لێرەدا من بەپێی وەرگێڕانە فارسی و ئینگلیزییەکان وەرگێڕانێکی نزیکی دەقەکە ئەنجام دەدەم و لە کۆتاییدا تەنیا باسی هەڵە زەقەکان دەکەم:


دەریاوانان گەلێکجار بۆ بێتاقەتی

باڵندەی گەورەی دەریا ــ ئەلباترۆس ــ دەگرن

ئەلباترۆس هاوڕێیی ڕێبواران

شوێنیان دەکەوێ

ئەو دەمانەی کەشتی بەسەر گەرداوە تاڵەکاندا دەخزێ.


هەر کە لەسەر تەختەبەندی کەشتی

ئەو پاشای ئاسمانەیان، دانا

دەستوپێ سپی و شەرمێون

بەزەیی‌بزوێنانە باڵە گەورە سپییەکانی

بەر دەداتەوە و وەک دوو سەوڵ دەیانکێشێ.


ئەم ڕێبوارە باڵدارە چەند سست و خەشیمە

بەو هەموو جوانییەی جارانییەوە

چەند ناحەز و گاڵتەجاڕە


یەکێک بە سەبیلێکی دەسک‌کورت

یاری بە دەنووکی دەکات

یەکێک شەلەشەل

لاساییی ڕەوتی سەقەتی دەکاتەوە.


شاعیر هەر وەکوو شازادەی هەورە،

کە لەگەڵ بۆران، هاومۆشۆی هەیە و لاقرتی بە ڕاوچییان دەکات.

لە  ئاسمانەوە دوور خراوەتە بۆ ناو هەرای زەوی،

باڵە گەورەکانی ڕێگە نادەن بە پێ بە ڕێوە بڕوات.


سەبارەت بە شیعری ئەلباترۆس دەبێ بزانین ئەو شیعرە لە زمانی فەڕەنسیدا لە ناو قاڵبە شیعرێکی باوی ئەو زمانەدا نووسراوە. شیعرەکە کێش و سەروادارە. کەوابوو لە وەرگێڕاندا ئەو جوانی و چێژەی ئەو کێش و سەروا و قاڵبە دروستیان کردبوو تا ڕادەیەک دەفەوتێت. کێش و سەروا بڕێکجار دەستی شاعیر دەبەستنەوە و ڕەنگە ئەگەر ئەو بەربەستانە نەبن، شاعیر بڕێک لە وشەکانی بگۆڕێت. بەڵام بڕێک شیعرایەتی هەیە کە کاکڵەی شیعرەکەن و دەبێت وەرگێڕ دەستیان لێ بپارێزێت. بە ڕای من بڕگەیەک کە سەرەڕای فەوتانی کێش و سەروا هێشتا ڕەوایی بە وەرگێڕانی ئەو شیعرە دەدات ئەم بڕگەیە:

باڵە گەورەکانی ڕێگە نادەن بە پێ بە ڕێوە بڕوات.

دەکرێ بڵێین هەموو بڕگەکانی دیکە ئامادەکارین بۆ ئەوەی ئەو بڕگەیە مانا پەیدا بکات.

وەرگێڕانەکەی ئەحمەدی مەلا نەیتوانیوە ئەو شیعرایەتییە بگوێزێتەوە. شیعرایەتییەکە لەوەدایە خوێنەر ئەو باڵە گەورانەی کە ناهێڵن ئەلباترۆس ڕەوتێکی ئاسایی بکات، بهێنێتە بەر چاوی خۆی.

ئاماژەم کرد کە شاعیر بۆ خۆیشی لەبەر کێش و سەروا لە هەڵبژاردنی وشەدا دەستی ئاوەڵا نەبووە، کە وابوو گۆڕینی بڕێک لە وشەکان و وەفادار نەبوون بە دەقە سەرەکییەکە ــ ئەگەر ژیرانە بکرێت ــ نە تەنیا خەوش نییە بەڵکوو کارێکی باشە. بۆ نموونە زۆربەی وەرگێڕە فارس و ئینگلیزەکان سیفەتی “تاڵ”یان بۆ “گەرداو” هێناوە بەڵام ئەحمەدی مەلا “سەرشێت”ی هێناوە. من ئەمە بە خەوش نازانم چوون پێم وایە شاعیر یان لەبەر کێش و سەروا دەستی بەستراو بووە کە ئەو وشەیە هەڵبژاردووە یان ئەو وشەیە چەندین مانای هەیە و وەرگێڕەکانی تر نەیانزانیوە چۆن لەگەڵیدا مامەڵە بکەن.

ئەم پاراگرافەم نووسی کە بڵێم لە وەرگێڕانی دەقێکی وسادا گرنگتر لە وشەیەک کە ڕۆڵێکی گرنگی لە شیعرەکەدا نییە، ڕاگرتنی تۆکمەیی و ڕەوانی شیعرەکەیە. گرنگە خوێنەر بزانێت شیعرەکە باسی چی دەکات.

ئاخۆ خوێنەر لە وەرگێڕانەکەی ئەحمەدی مەلادا دەزانێت باسی چی دەکرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە “بەڵێ” هیچ بە “ئا” و “ئم”یشەوە ناوەستێت.

سەرنجتان بۆ ئەم بڕگانە ڕادەکێشم:


یەکێکیان دەنووک دڕدۆنگ بە سەبیلەوە

ئەوی تر شەلەشەل خۆی نیشان دەدا، سەقەتە، دەفڕێ


لێرەدا ئەگەر لە هەڵبژاردنی وشە چاو بپۆشین ناتوانین لەوە چاو بپۆشین کە وەرگێڕ هەر نازانێت شیعرەکە باسی چی دەکا.

شاعیر لێرەدا باسی کەشتیوانەکان دەکا کە یەکێکیان یاری بە دەنووکی ئەلباترۆس دەکا و ئەوی تریان لاساییی ڕەوتی سەقەتی ئەلباترۆس دەکاتەوە کەچی وەرگێڕ جۆرێک وەریگێڕاوە چمان بکەر ئەلباترۆس بێت نەک کەشتیوانەکان.


لەبەر ئەوەی من بۆ خۆم فەڕەنسی نازانم و تەنیا لە پشتی پەردەی وەرگێڕانە فارسی و ئیگلیزییەکاندا پەلکوتانەکانی ئەحمەدی مەلا دەبینم حەز ناکەم بە وردی باسی ئەو هەمگە هەڵەیە لە هەڵبژاردنی وشەدا بکەم.

بە کورتی ئاماژە بەمانە دەکەم:

بەکارهێنانی وشەی “پانوپۆڕ” کە تا ڕادەیەک بارگەیەکی نێگەتیڤی هەیە لە جێی “گەورە” یان “مەزن” لە شوێنکدا کە خوێنەر دەتوانێت هەست بکا “گەورە”یی بۆ ئەلباترۆس لەم شیعرەدا بارگەیەکی پۆزەتیڤی هەیە.

هەر بەم جۆرە هەڵبژاردنی “زەبەلاح” کە دووبارە بارگەیەکی نێگەتیڤی هەیە لە شوێنێکدا کە دەبوو پۆزەتیڤ بێت.

وەرگێڕ “پادشای ئاسمانەکانی” بە “ئەو پادشا لاژەوەردیانە” وەرگێڕاوە. ئەمە هەڵەی تێ پەڕاندووە. کەسێک کە فەڕەنسی بزانێت بەجێترە ئەمە بڵێت، بەڵام پێ دەچێ ئەحمەدی مەلا بێجگە ناشارەزایی لە شیعردا، لە کاتی وەرگێڕانی ئەم دەقەدا تەنانەت فەڕەنسییەکی ئاساییشی نەزانی بێت. ئەمە جێ دێڵم بۆ ئەوانەی فەڕەنسی دەزانن، چون پێم وایە دوای ئەم نووسینەی من کەسێک هەر پەیدا دەبێت لەسەر فەڕەنسی نەزانینی وەرگێڕ قسە بکات.

دەمەوێ جارێکی تر و ئەم جارە ڕوونتر بڵێم:

لە وەرگێڕانی دەقێکی لەم جۆرەدا وەفاداری بە وشە و ڕستەبەندی و دێڕبەندییی دەقە سەرەکییەکە مادام لەتمە لە ڕوونی و ڕەوانی بدات هەڵەیەکی گەورەیە.

کێشەیەکی گەورەی وەرگێڕانەکەی ئەحمەدی مەلا ناڕوونی و ناڕەوانییە کە بەشێکی لەبەر وەفادارییەکی خەشیمانەیە بە ڕستەبەندی و دێڕبەندی دەقی یەکەم.


کۆتایی:

بۆ من گرنگ بوو بڕێک لە شیعرایەتیی ئەو شیعرە بە خوێنەر نیشان بدەم تا بزانێت پێشتر ئەگەر ئەو شیعرەی بە وەرگێڕانی ئەحمەدی مەلا، بەرچاو بکەوتایە و بیخوێنایەتەوە، کردەکەی نەک شیعرخوێندنەوە بەڵکوو کات بە فیڕۆدان دەبوو، لەمەیشەوە دەمەوێت خوێنەر پێ بحەسێ کە چەنێک بە ناوی شیعر خوێندنەوە لەم‌لاو و لەولا کاتی خوی بە فیڕۆ دەدات.

بۆم گرنگ بووم خوێنەر بزانێت کتێبی کوردی چەنێک جێی متمانە و بەقا پێ کردنە.


بۆ بەراوردکاری خوێنەر لە خوارەوەدا شیعری ئەلباترۆس لە ئەم چەند نموونەیەدا هاتووە:

یەکەم بە ئینگلیزی:

دووەم بە فەرەنسی

سێیەم بە فارسی”

چوارەم بە کوردی بە وەرگێڕانی ئەحمەدی مەلا:


The Albatross

Often, to amuse themselves, the men of the crew

Catch those great birds of the seas, the albatrosses,

lazy companions of the voyage, who follow

The ship that slips through bitter gulfs.

Hardly have they put them on the deck,

Than these kings of the skies, awkward and ashamed,

Piteously let their great white wings

Draggle like oars beside them.

This winged traveler, how weak he becomes and slack!

He who of late was so beautiful, how comical and ugly!

Someone teases his beak with a branding iron,

Another mimics, limping, the crippled flyer!

The Poet is like the prince of the clouds,

Haunting the tempest and laughing at the archer;

Exiled on ea

rth amongst the shouting people,

His giant’s wings hinder him from walking.

— Translated by Geoffrey Wagner


L’Albatros

Souvent, pour s’amuser, les hommes d’équipage

Prennent des albatros, vastes oiseaux des mers,

Qui suivent, indolents compagnons de voyage,

Le navire glissant sur les gouffres amers.

À peine les ont-ils déposés sur les planches,

Que ces rois de l’azur, maladroits et honteux,

Laissent piteusement leurs grandes ailes blanches

Comme des avirons traîner à côté d’eux.

Ce voyageur ailé, comme il est gauche et veule!

Lui, naguère si beau, qu’il est comique et laid!

L’un agace son bec avec un brûle-gueule,

L’autre mime, en boitant, l’infirme qui volait!

Le Poète est semblable au prince des nuées

Qui hante la tempête et se rit de l’archer;

Exilé sur le sol au milieu des huées,

Ses ailes de géant l’empêchent de marcher.

— Charles Baudelaire


آلباتروس (L’Albatros)

1  مسافران، غالباً برای سرگرمی خویش

2  «آلباتروس»، پرنده عظیم دریاها را شکار می‌کنند

3  آلباتروس، همسفر بیخیال مسافران است و به دنبال زورق در گردابهای

4  تلخ آب روان…

5  همین که او را بر کف تخته‌های کشتی نهادند

6  این پادشاه پهنه آسمان، ناشی و شرمگین

7  بالهای بلند سپید خود را همچون پاروهای کشتی که در کنار آن

8  فروافتاده‌اند،‌ رها می‌کند.

9  این مسافر بالدار، چه ناشی و بی حال است!

10 او که از این پیش، آنهمه زیبا بود، اکنون چه زشت و مسخره‌انگیز است!

11 یکی منقارش را با «پیپ» می‌تراشد

12 و دیگری لنگ‌لنگان ،‌تقلید پرنده ناتوان را درمی‌آورد!

13 شاعر نیز همانند این پادشاه ابرهاست

14 با توفانها همراه است و بر تیراندازان می‌خندد

15 اما برروی زمین، در میان هیاهوی فراوان تبعید شده است

16 و بالهای غول آسایش او را از ره‌پیمایی باز می‌د‌ارد.

(ترجمه از حسن هنرمندی)


گەلێ جار، بۆ سوعبەت دەریاوان

لەگەڵ خۆ ئەلباترۆس دەبەن، باڵندەی پان و پۆڕی دەریا

بێ باک دوایان دەکەوێت، ڕێبواری سەفەر

پاپۆڕیش بەسەر گێژەڵووکە سەرشێتەکاندا دەخزێ.

هەر کە لەسەر تەختەکان دایننان

ئەو پاشا لاژەوەردیانە، مل کەچ و بێ دەسەڵات،

باڵە گەورە سپییە میهرەبانەکانیان ڕادەخەن

چەشنی سەوڵەکانی ئەم لا و ئەو لا

ئەو ڕێبوارە باڵدارە، چونکە سست و دەغەزارە!

جاران شەنگ ئێستاش کۆمیک و دزێو!

یەکێکیان دەنووک دڕدۆنگ بە سەبیلەوە،

ئەوی تر بە شەلەشەل خۆ نیشان دەدا، سەقەتە دەفڕێ!

شاعیر چەشنی شازادەی هەورانە

کە هامۆشۆی باهۆز دەکا، گاڵتەش بە تیر و کەواندار،

دوور خراوەی سەر زەوی، لە نێو هۆیها

باڵە زەبەللاحەکانی ڕەوتی لێ قەدەغە دەکەن.

گوڵی خراپە، لاپەڕەگەلی ۲۰ و ۲۱


*ڕاپەناندن: (ڕاپەڕاندن+پەن)