ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

سێلین بە گۆچان و سەبەتەوە

نووسەر چاڕلز بوکۆوسکی
وەرگێر لە ئینگلیزییەوە: ژیار هۆمەر

                                    کوردییەکەی بۆ دلاوەر ڕەحیمی

ئەمشەو هیچ نیم.

پەیوەندیم بە دار و دیوارەوە نەماوە،

سەر و دەست و پێی زۆرم بینیوە،

دەنگی زۆرم بیستووە،

بەردەوامی منی لە پەلوپۆ خستووە،

مۆسیقا هەر مۆسیقاکەی جارانە،

هەوایش تەواو چەقی بەستووە.

وێنەیەکی سێلین بە دیوارەکەمەوەیە،

گۆچانێکی پێیە،

سەبەتەیەکی بە دەستەوەیە،

پاڵتۆیەکی زۆر قورس شانی داخزاندووە،

تاڵێکی درێژ بە لاجانگیدا شۆڕ بووەتەوە،

ژیان ئەوی تاساندووە،

سەگەل پەلاماریان داوە،

دیارە زۆر زۆر، 

زۆر زۆر.

ئەم پزیشکە،

ئەم وشەنووسە،

ڕێی دارستانێکی گچکەی وەبەر گرتووە،

ئەوەی گەرەکیەتی هەر مردنە،

نەک هیچی دیکە،

ئەوەتا وێنەکەی بە دیوارەکەوەیە

و مردووە.  

ئەمساڵ ١٩٨٨ـە،

تەواوی ئەم مانگانە

بە ناخۆشی تەنراوە

و پێشتر هەستم پێ نەکردووە.

جگەرەیەک دادەگیرسێنم و

چاوەڕێ دەبم.

سەرچاوە: 

Celine With Cane And Basket, The Last Night of the Earth, Charles Bukowski, Black Sparrow Press – 1992 (Translated into Kurdish by Jiyar Homer) 

blank
دەربارەی نووسەر
چاڕلز بوکۆوسکی

چاڕلز بوکۆڤسکی؛ساڵی ١٩٢٠ لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە دایکێکی ئەڵمانی و باوکێکی سەربازی ئەمەریکی-ئەڵمانی هاتووەتە دنیا. پاش دوو ساڵ بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆچ دەکەن. بوکۆفسکی زیاتر لە سۆنگەی ڕۆمانەکانییەوە ناوبانگی دەرکردووە. بەڵام هاوکات کە لەسەر نووسینی ڕۆمان خورت بووەتەوە، شیعر و کورتەچیرۆکیشی نووسیوە. پتر لە ٥٣٠٠ شیعر و کورتەچیرۆکی نووسیوە. حاڵ و هەوای فەزای شاری لۆس ئەنجڵس لەنووسراوەکانی بوکۆفسکیدا بە ڕوونی دیارە. ساڵی ١٩٥٧ لەگەڵ باربارا فیریی شاعیر و نووسەر هاوسەرگیری کردووە، بەڵام دوو ساڵ دواتر لێک جوێ بوونەتەوە. ئەم ڕووداوە بوکۆفسکی بەرەو شەرابخۆریی پتر ڕاکێشاوە. منداڵێکی بە ناوی فرانس سمیت لە مارینا لوییس بووە. ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ لیندا لی بەیلی ئاشنا دەبێت و پاشان هاوسەرگیری دەکەن. بوکۆفسکی پاش ئەوەی لەلایەن ناوەندی چاپی "بلەک سپەررۆ"وە پێشنیاری مووچەی مانگێ 100 دۆلار تا کۆتایی ژیانی پێ دەدرێت، دەست لە کاری ئیدارەی پۆست هەڵدەگرێت و لەوەبەدواوە سەرقاڵی نووسینی شیعر و چیرۆک دەبێت. ساڵی ١٩٩٤ لە سەند پێدرۆی کەلی فۆرنیا بە هۆی شێرپەنجەی خوێن کۆچی دوایی دەکات. ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی لەلایەن ڕاهیبێکی بووداییەوە بەڕێوەدەچێ. لەسەر کێلەکەی نووسراوە "هەوڵ مەدە!" کە بە وتەی لیندای ژنی بوکۆفسکی، واتە: لە بری ئەوەی هەوڵ بدەیت، دەست پێ بکە و کارەکە ئەنجام بدە''.

هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە