چەمکی سادەیی وەک بانگەشەی داهێنان

ناوەناوە چەمکی (سادەیی)م لە ڕەخنەی میلـلیدا بەر چاو دەکەوێت، کە وەک تێکڕای چەمکەکانی تر بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک قسەی لێوە کراوە. شتێکی نوێ نییە، بەڵکوو لانی کەم ڕەگی بۆ سەرەتای حەفتاکان دەگەڕێتەوە، کاتێ هەندێک نووسەر لە ئاستی ئەندامانی (گرووپی ڕوانگە) و ئەوانەی دیکەدا ناڕەزایییان دەردەبڕی، گۆیە بە زمانی ئاڵۆز دەنووسن. هاوکات پێیان لەسەر سادەیی دادەگرت، بەو مانایەی پێویستە نووسین هێندە ڕوون بێت، هەمووان لێی تێبگەن. دەیانگوت ئەدەب و هزر ئەرکی هۆشیارکردنەوەی خەڵک دەگرنە ئەستۆ، کە بەوەدا چینی کرێکار و جووتیار ناهۆشیارن، زمانی سادە دەتوانێت ئەو بۆشایییەیان پڕ بکاتەوە. لەم ڕووەوە نموونەی هەندێک نووسەریان دەهێنایەوە، تا پێشانی بدەن، کە ئەوانە زمانیان سادەیە، بەڵام قووڵن. ئەم تێگەیشتنە باوە، کە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە، گۆیە زمان شتێکی فیزیکییە و سنووردارە، بگرە تەنیا ڕێگەیەکە بۆ تێگەیشتن؛ تا ئەمڕۆیش بە هەمان ڕیتم و ناوەرۆک درێژەی هەیە، تەنانەت گەیشتووەتە ئەوەی بگوترێت سادەیی داهێنانە و تەنیا لە دەست ئەوانە دێت، کە داهێنەرن.

ئەگەر نووسەرانی پێشوو لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆجیای سۆشیالیستی و ناسیۆنالیستییەوە بەرگرییان لە سادەیی دەکرد، ئەوە ئەوانەی ئەمڕۆ بانگەشەیەکی لەم شێوەیە ناکەن، بەڵام بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک لەو بارەیەوە دەنووسن و بە (سادەیی)دا هەڵدەڵێن. ئەوەی لێرەدا گۆڕاوە، نووسەرەکانن، دەنا تێگەیشتنەکە لە ماوەی ئەم پەنجا ساڵەدا وەک خۆی ماوەتەوە. دەتوانم بڵێم بە گشتی ئەوانەی ئەمڕۆ لەوانەی پێشوو سادەترن. لە حەفتاکان و هەشتاکاندا هەوڵی گرنگ بۆ نوێکردنەوەی شیعر و چیرۆک دراون، کە تا نەوەدەکانیش بەردەوامییان هەبووە، لە کاتێکدا ئەمڕۆ فکری میلـلی بە گشتی بوارەکانی نووسینی گرتووەتەوە. زمانی نووسەر و سیاسەتساز وەک یەکیان لێ هاتووە، بۆیە دامودەستگە حزبییەکان هێندە ئاسان هەردوو لایان کۆ دەکەنەوە. لە ڕۆژنامەیەکی وەک (هاوکاری)دا، کە لە ژێر سانسۆری حزبێکی دیکتاتۆردا دەردەچوو، دەتتوانی گوتاری ڕۆشنبیری و هیی سیاسەت لە یەک جودا بکەیتەوە. دەتزانی ڕوانینی هەندێک نووسەر لەگەڵ هیی سیاسەتسازەکان، بگرە لەگەڵ هیی بەڕێوەبەرانی ڕۆژنامەکەیش یەک ناگرێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ لەو ڕاگەیاندنانەدا هەمان ئاستیان هەیە. وەک ئەوە وایە هەندێک لەو نووسەرانە بەشێکی جودانەکراوەی سیاسەتی ڕۆژنامەکان بن، بەوەی زمانەکە هەمان زمانە. خۆ هەتا ئەگەر هەندێکیان پێوەندییشیان بە حزبەکانەوە نەبێت، بەڵام هێشتا زمانیان لە هیی سیاسەتسازان دەچێت، بەوەی سادەیی ئەو ئاستەیە هەمووان کۆ دەکاتەوە. واتە ئەو نووسەرانە کاتێ ناوی چەمکە ئەدەبی و فکرییەکان دەبیستن، دێن و بە زمانی سیاسەت قسەیان لێوە دەکەن. بە هەمان لۆجیکیش دەنووسن، کە ڕاستییەکەی ئەو چەمکانەیان هێناوەتە ئاستی میلـلییەوە و لەوێوە بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک پەلاماری ژیانی هەر کەسێک دەدەن، کە بە شێوەی جیاواز دەیانبینێت. هەڵەیەکی لۆجیکییە و بە پەلاماردانی کەسێتی (Attacking the person)، (Ad hominem fallacy) ناسراوە. ئاسانە و زمانێکی سادەی گەرەکە، بگرە خۆدزینەوەیە لە ڕاڤەکردنی چەمکەکان. ئەو هەڵە لۆجیکییە زیاتر زەق دەبێتەوە، کاتێ وا دەزانن بەو هەڕەشانە دەنگی ڕەخنە ناهێڵن و لەبارەی نووسینە سادەکانیانەوە پرسیار ناکرێت. ئەوانە هێرش دەکەنە سەر ژیانی نووسەران، بەڵام هاوکات ڕێ لەو نووسەرانە دەگرن لەبارەی نووسینەکانیانەوە بۆچوون دەرببڕن. بەم شێوەیە (سادەیی) بە پیرۆز دەزانن و پارێزگاریی لێ دەکەن. پێیان وایە دەق سنووردارە و دەکرێت لە شوێنێکدا کۆتاییی پێ بێت، کە دواتر ئێمە هەر لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین ئەم تێگەیشتنە سادەیەیش هەڵبوەشێنینەوە. واتە جەخت لەسەر بێسنووریی دەق دەکەینەوە. لەم ڕووەوە دایەڵۆگ لەگەڵ فکری فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان دادەمەزرێنین.

هەندێک دەقی سادە بەوەدا لە هێزی ناوەکی بێبەشن، پێویستیان بەوەیە لە دەرەوە، واتە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا وزەیان بخرێتە بەر، بەو مانایەی کەسانێک کۆ بکەنەوە، تا پشتگیریی خۆیانیان بۆ ڕابگەیەنن. سەیر نییە، ئەگەر هەندێک ڕەخنەگری میلـلی و نووسەری سادەنووس لە پێناوی بەرگریکردن لە نووسینەکانیان، پەنا ببەنە بەر ئەو ڕێیانەی لە کولتوورەکەدا باون. کاتێ ناتوانن ڕاڤەی چەمکەکان بکەن، هەوڵی ناوزڕاندنی ئەوانە دەدەن، کە ڕەخنەیان لە نووسینیان گرتوون، بە تایبەتی ئەمڕۆ لە سەردەمی سۆشیاڵمێدیادا بوارەکەیان زیاتر بۆ ڕەخساوە. هەڵەیەکی دیکەی لۆجیکییە و بە (پەنابردن بۆ تۆقاندن: Appeal to fear) ناسراوە. هەموو ڕێیەکت لە دژدا دەگرنە بەر، تەنیا ئەوە نەبێت، کە پەرەگرافێک لە نووسینێکت بهێنن و لێوەی بدوێن، لە کاتێکدا دەبووایە ئەمە و زۆری دیکەیان بکردایە، تا لەو ڕێیەوە پێشانی خوێنەری بدەن، کە ئەوەی ڕەخنەی لێ گرتوون، چەند لاوازە!

هەندێک لەوانە بۆچوونی نووسەرانی تر وەردەگرن و بە کەمێک دەستکارییەوە دایاندەڕێژنەوە. بە مانایەکی دی، چەمکەکان دەهێننە ئاستی میلـلییەوە و بە زمانی ڕۆژانە قسەیان لێوە دەکەن، کە ئەمە بە دزیی ئەدەبی (پلەیجیریزم: Plagiarism) ناسراوە. لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەڵۆگێکی بەردەوام)دا بەشێکم بۆ تەرخان کردووە و نموونەم لێ هێناوەتەوە. بەکورتی (ئاسانکردنەوە) خەسڵەتی دیاری نووسینی میلـلییە، کە لەم دوو دەیەی ڕابردوودا نووسەرە سادەنووس و ڕەخنەگرە میلـلییەکان زیاتر لە جاران دەستیان داوەتێ.

نووسەری داهێنەر هێزی خۆی لە ڕاڤەی چەمکەکان وەردەگرێت، گوێ بەو لایەنە نادات. دەسا مادام ئەوانە چەمکن و فڕێ دراون، هەر نووسەرێکی دی دەتوانێت هەڵیانبگرێتەوە، تا لەو دۆخە چەسپاوەیان دوور بخاتەوە و بەرەو ئاستی ئاماژەیان ببات. ئەمە هەر خۆی ڕووبەڕووبوونەوەی سادەیییە، بگرە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر تێگەیشتنێکە وا لەسەر ئەم سادەیییەدا قوت کراوەتەوە. بەوەدا ئەو نووسەرە میلـلییانە ڕوویان لە جەماوەرە، نەوەک لە خوێنەری ڕەخنەدۆز، هەمیشە کەسانێکی هاوشێوەیان دەدۆزنەوە، گوێیان لێ بگرن، کە ئەوە هەر خۆی هەڵەیەکی دیکەی لۆجیکییە و ناوی (argument to the people)، یان (appeal to people)ـە. ئینجا هەڵەی بانگەوازکردنی خەڵک (fallacy of mob appeal)، بانگەوازکردنی باوەڕی گشتی (appeal to common belief) و زۆری تریش هەر لەناو ئەو بازنەیەدان. (ئارتوەر شۆپێنهاوەر) لە کتێبی (هونەری ڕاستێتی)دا، کە تەرخانە بۆ هەڵەی لۆجیکی، ناو لەمەیان دەنێت باوەڕپێهێنانی جەماوەر، نەوەک دژەکەت (Persuade the Audience, Not The Opponent). لێرەدا پەنا بۆ ئەوە دەبررێت ڕوو لە جەماوەر بکرێت، چونکە ئەوان پسپۆڕ نین و نایزانن، لە کاتێکدا ئەوە بەرانبەرە دەیزانێت. لەمەوە جەماوەر فریو دەدرێن و دەگەنە ئەوەی وا بزانن ئەو بردوویەتییەوە.(1)

هەندێجار ئەو ڕەخنەگرە میلـلییانە ناونیشانی زەق بۆ نووسینەکانیان هەڵدەبژێرن و بەو زمانە سادەیەیان کۆمەڵێک چەمک فڕێ دەدەن، چونکێ دەزانن فریودانی جەماوەر ئاسانە. بۆ نموونە دەنووسن: (فڵان خاوەنی هێزێکی گەورەی داهێنانە، بەڵام فیسار ڕووخاوە و لە کەڵک کەوتووە)، بێ ئەوەی لەم نێوەدا چەمکێک ڕاڤە بکەن و دایەڵۆگ لەگەڵ خوێنەری ڕەخنەدۆز دابمەزرێنن، بەڵکوو کۆمەڵێ ڕستەی سواو بە دوای یەکدا ڕیز دەکەن، کە پێشتر لە ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا بیستراون.

کاتێ لە بەرانبەر دەقێکداین، تەنیا دەتوانین لەبارەی پێکهاتەی ئەو دەقەوە بدوێین، دەنا هێنانی هەر شتێکی دیکەی دەرەوەی و پێوەلکاندنی، هەڵەی لۆجیکییە و ناتوانێت هیچ وزەیەک بەرهەم بهێنێت. ئەو سادەیییە تەنیا سادەییی تری لێ دەکەوێتەوە و تێکەڵی باوەڕی کۆمەڵگە دەبێتەوە، کە هەر خۆی لەوێوە هاتووە. لۆجیکی سیاسەتە، گۆیە بوونی لایەنگری زۆر، ڕەوایەتی (legitimacy) بەو بابەتە دەدات، وا خراوەتە دەنگدانەوە. لە دنیای ئاماژەدا هەم چەمکەکان مانای دیکەیان هەیە و هەم لۆجیکەکانیش جیاوازن، بۆیە نووسەری داهێنەر چاوی لەسەر ڕاڤەی چەمکەکانە، نەوەک ژمارەی ئەوانەی پشتگیریی بۆچوونەکانی دەکەن. نووسینی داهێنەرانە پێچەوانەی نووسینی سادە لە دژی ڕەوایەتی دەوەستێتەوە، بەوەی پێوەرەکانی ڕەوایەتی (measures of legitimacy) هیی کۆمەڵگەن و دەستەڵاتخوازن. لە پشت هەر ڕەوایەتییەکدا دەستەڵاتی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیمبۆلی و هیی دیکە ئامادەن.

 ئەمڕۆ دەگمەنن ئەو نووسەرانەی ڕوانینی دیکەی جیاواز بۆ ئەو چەمکانە دەخەنە ڕوو و ئەم سادەیییە تێدەپەڕێنن. سەیرەکە ئەوەیە، لەم دوو دەیەی ڕابردوودا بێژمار ناوی فیلۆسۆف و بیرمەندی وەک (هایدیگەر)، (کارڵ پۆپەر)، (نیتشە)، (جیل دوولوز)، (مێشێل فۆکۆ)، (ڕۆڵان بارت) و هیی دیکە لەناو ڕەخنەی میلـلیدا هێنراون، دەیان چەمکی فەلسەفی و ئەدەبی فڕێ دراون، کەچی دواجار هەر تێگەیشتنی باو و زمانی ڕۆژانەی جەماوەر پشتیان پێ دەبەسترێن.

ئایا نووسەرێکی داهێنەر هەیە، ئینجا گرنگ نییە بوارەکەی چییە، بە سادەیی نووسیبێتی؟ مێژووی فەلسەفە بریتی نییە لە تێپەڕاندنی سادەیی؟ بەوەدا زمان ئیمبیگویتی لە خۆی دەگرێت و لەسەر کۆمەڵێک دژایەتی دامەزراوە، زیاتر لە مانایەک دەردەخات و لێکدانەوەی جیاواز دەسەپێنێت، کە تا ئەو زمانە پتر لە ئاستی زانراوی شت دوور بکەوێتەوە و قووڵتر ڕۆ بچێتە ئاستی نەزانراوەوە، ڕووبەری ئەو ئیمبیگویتییە فرەوانتر و دۆزینەوەی مانای ڕاستینە سەختتر دەبێت. لێرەوەیە زۆرینەی تیۆرییەکانی ئەدەب و هونەر بۆ ئەوە هاتوون، بە شێوازی خۆیان ئەو مانایانە لێک بدەنەوە، کە ئەوە تێپەڕاندنی بەردەوام و بێپسانەوەی سادەیییە.

ئایا ئەو نووسەرانەی خۆمان کاتێ هێندە بە توندی پێ لەسەر سادەیی دادەگرن، ئەوە لە ڕێی خوێندنەوە و ڕاڤەوە پێی گەیشتوون، یان هەر چاویان لەناو سادەییدا کردووەتەوە؟ ئایا ئەوانە ئەگەر لە نووسینی دەقی ئەدەبیی وەک چیرۆک، شیعر و ڕۆماندا سادەن، ئەوە لە گوتار و گفتوگۆکانیاندا بۆچوونی جیاوازیان دەربڕیوە، یان لە هەمان ئاستدا هاتوونەتە دەنگ؟ ئایا وەک تیۆری لەبارەی چەمکی (سادەیی)یەوە نووسیویانە و لەم ڕووەوە دایەڵۆگیان لەگەڵ فکری فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان دامەزراندووە، یان سادەیی ئەو ڕووبەرەیە، کە تێیدا ماونەتەوە و جێیان نەهێشتووە، بۆیە کاتێ دەدوێن، هەمان بۆچوونی خەڵک دووبارە دەکەنەوە؟ ئایا ئەو چەمکە بۆ ئەوەیە بێتواناییی هەندێک نووسەری پێ بشاردرێتەوە، بە تایبەتی دوای دەرکەوتنی ئاڕاستەی جیاواز لەناو دنیای نووسینماندا؟

لەبارەی سادەیییەوە کتێب دەنووسرێت، چاپ دەکرێت و ئاهەنگی بۆ دەگێڕن. نووسەری سادەنووس دەهێنن و دەیدوێنن، تا باسی ئەو ئەزموونەی خۆی بکات، کە لەگەڵ سادەییدا هەیەتی. چۆن توانیویەتی ئەو هەموو ساڵە خۆی لە بەرانبەر هێرشی ئاڕاستە فەلسەفییەکاندا بگرێت؟ چۆن نەیهێشتووە تیۆرییەکانی ئەدەب زەفەری پێ ببەن و وای لێ بکەن لەم زمانە میلـلییەی دوور بکەوێتەوە؟ چۆن ئەو هەموو سەرچاوە فکری و ئەدەبییە تەفرەیان نەداوە و بەو شێوەیە خۆی لێ دوور گرتوون؟

لە سەرەتای ڕاپەڕیندا هەوڵی گرنگ لەو پێناوەدا درا، تا دۆخی سادەیی تێبپەڕێنرێت، بەڵام زۆرینەیان شکستیان هێنا و نەیانتوانی وزەی نوێ بخەنە بەر ئەو هەوڵانە، بگرە تێکەڵی فکری میلـلی بوونەوە و چارەنووسی خۆیان دایە دەست ڕەخنەگرە میلـلییەکان. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا وەک بەردەوام گوتوومە ئەو نووسەرە میلـلییانە واقیعی زانراو لە خۆیاندا بەرجەستە دەکەن و ڕاستگۆیانە ئاستی زمانی ڕۆژانەمان دەردەخەن، کە لێرەوە زەمینە بۆ تێپەڕاندن خۆش دەبێت، بە مەرجێ ئەو تێپەڕاندنە ئامادەییی خۆی پێشان بدات. بە مانایەکی دی، ئەمڕۆ ئەوانە جووڵە دەخەنە ناو کولتووری بیرکردنەوەمان. بەرهەمی ئەم واقیعەن و ناکرێت نکووڵی لە بوونیان بکەین. لە ڕێی ئەوانەوە پرسیاری (ئایا سەرچاوەی گرنگیان لە بەردەستدا نین، تا لە ڕێیانەوە ئەم ئاستەیان تێبپەڕێنن، یان سەرچاوەکان هەن، بەڵام خۆیان نەیانتوانیوە پێوەندیی دایەڵۆگییانەیان لەگەڵ دابمەزرێنن؟) دەرکەوتوون. ئایا ئەمانە هەموو ئەو بانگەشانە بە درۆ ناخەنەوە، گۆیە فکری ئێمە لەم سی ساڵەی دواییدا گەشەی زۆری کردووە و بیرمەندی مەزنی بەرهەم هێناوە، بگرە پێمان ناڵێن هێشتا (سادەیی) سیمای ڕاستینەی فکرمانە؟ ئایا ئەوانە بەرهەمی نووسەرە دیارەکانی خۆمانیان نەخوێندووەتەوە، یان خوێندوویاننەتەوە وەک ئەوەی بەردەوام بانگەشەی دەکەن، بەڵام ئەوانیش لە هەمان ئاستدا نووسراون و نەیانتوانیوە وزەیان پێ بدەن؟ وەڵامەکان هەر چییەک بن، شتێک لەوە ناگۆڕێت، کە ئەوانە دەرخەری ئاستی کولتووری ئەمڕۆمانن. دەگەینە ئەوەی بڵێین کاتی ڕووبەڕووی نووسینەکانیان دەبینەوە و چەمکە فڕێدراوەکانیان هەڵدەگرینەوە، تا بە ئاستی ڕاڤەیاندا ببەین، ئەوە فرەئاڕاستەیی، فرەدەنگی و فرەڕەهەندی دێنینە ناو دنیای بیرکردنەوەمان. من هاوڕای ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەم، کە بەرهەمی ئەوانە بە سادە دەزانن، بەڵام لەگەڵیان نیم، کاتێ دەڵێن پێویست ناکات ڕووبەڕوویان ببینەوە. پێم وایە دەبێت لەبارەی جۆری ڕووبەڕووبوونەوەکەوە قسە بکەین. بەوەدا چاومان تەنیا لەسەر چەمکەکانە، نەوەک لەسەر ژیانی تایبەتیان، ئەوە دەکرێت لە ڕێی ڕاڤەکردنی ئەو چەمکە فڕێدراوانەوە ئاستی دیکەی نوێی زمان و تێگەیشتن دەربخەین. ئەوەیش دەڵێم، کە دەرکەوتنی هەر ئاڕاستەیەکی نوێ، ئەو ئاڕاستەیەی ئاستی زانراو و زمانی ڕۆژانە تێدەپەڕێنێت، بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم شێوازە سادەیەی نووسینە، کە بە تایبەتی لەم دوو دەیەی ڕابردوودا بواری ڕۆمان، چیرۆک، شیعر، ڕەخنە و ئەوانەی دیکەی گرتووەتەوە. ژمارەی سادەنووسەکان زۆرە و لەبارەی یەکدییەوە دەنووسن. یەکتر دەدوێنن و ئەمیان بەویاندا هەڵدەڵێت، بەو مەبەستەی هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیمبۆلی پێک بهێنن و بەرگری لەم دۆخە بکەن، بگرە لەو ڕێیەوە دژی هەر ئاڕاستەیەکی جیاواز ببنەوە، کە دەیەوێت ئەم دۆخە تێبپەڕێنێت.

****

بەو مەبەستەی ئەم چەمکە، چەمکی سادەیی، لەم سادەیییە دوور بخەینەوە و شتێکی جیاواز لەو بارەیەوە بڵێین، دەبێت بۆ دنیای دەق بگەڕێینەوە، کە گەردوونی ماناکان و مەڵبەندی ململانێی خوێندنەوەکانە. دیارە کاتێ باس لە سادەیی دەکرێت، مەبەست لە دەقە، بۆیە وەک پێشتر گوترا پێویستە لەم چەمکە بکۆڵینەوە، تا بزانین، ئاخۆ بانگەشەی ئەو نووسەرانە تا چ ئەندازەیەک هێزی دایەڵۆگی هەیە و دەتوانێت چ وزەیەک بە خوێندنەوەی ئێمە بدات. ئایا دەقی فرەئاڕاستە و فرەڕەهەند دەکرێت سادە بێت؟ ئایا لە پشت ئەوەی دەگوترێت (فڵان سادەیە، بەڵام قووڵە)، تێگەیشتنێکی فەلسەفی ئامادەیە، یان ئەوە هەموو گوتەکەیە و بە زمانی ڕۆژانە نووسراوەتەوە؟

ئەوانە سادەیی وەک دۆخێکی چەسپاو و دیاریکراو دەبینن، بەڵام ئایا بەو شێوەیەیە؟ بۆ کەسێک ئازادانە بیر بکاتەوە، نەوەک لە ڕێی سەرچاوە و پێوەرەوە، هەر ئاستێک، کە ئێستا پێی گەیشتووە، سادەیە و دەبێت جێی بهێڵێت، بەو مانایەی ئەم سادەیییەی ئەمڕۆی نە هەمان ئەوەی دوێنێیەتی و نە لەوەی سبەیشی دەچێت. بەم شێوەیە سادەیی لای ئەو کەسە هەمان سادەیی نییە لای کەسێکی تر، کە لە ڕێی سەرچاوەی زانراوەوە بیر دەکاتەوە و پێوەرەکانی کۆمەڵگە لە بەرچاو دەگرێت. دەشێ ئەوەی لای نووسەرێکی داهێنەر (سادەیی)یە، لای نووسەرێکی میلـلی ئاڵۆز بێت، ئەگەرچی (ئاڵۆزیی مەبەستدار) هەر خۆی هاوواتای سادەیییە. ڕەخنەی میلـلی، کە لۆجیکی (چاکە و خراپە) هەڵیدەسووڕێنێت، (سادەیی) وەک دژی (ئاڵۆزی) دەبینێت. ئەم لۆجیکە لە دنیای زانراوی شمەکدا دەمێنێتەوە و ناگاتە دنیای ئاماژە. کاتێ سادەیی تێدەپەڕێنین، ڕوومان لە ئاڵۆزی نییە، بەڵکوو ئەو جووڵەیە بە سروشتی خۆی فرەدەنگی و فرەئاڕاستەیی دەهێنێت. ئاڵۆزی بەشێکە لەو جووڵەیە، نەوەک هەمووی. سادەیی ئەو دۆخەیە، کە لە پرۆسێسی بیرکردنەوەی ئازاددا دەردەکەوێت، تا لێیەوە ئاڕاستەی نوێ بدۆزینەوە، نەوەک بە دۆخێکی چەسپاوی بزانین و بیکەینە پێوەر بۆ سڕینەوەی هەر ئاڕاستەیەکی دیکە، کە جێی هێشتووە. بەم شێوەیە نە سادەیی مەبەستدارە و نە قووڵییش، بەو مانایەی هەر نووسەرێک بە سروشتی خۆی ناوەوەی دەردەبڕێت. کاتێک وێنەکانی ناوەوە سادەن، ئەوە زمان ئەرکێکی سووکی دەکەوێتە سەر شان، کە گواستنەوەی ئەو وێنانەیە لە (زانراو)ـەوە بۆ (زانراو). لە نووسەری سادەنووسەوە بۆ جەماوەر. لەم خاڵەدا ڕوانینی نووسەر لەگەڵ ڕوانینی باوی کۆمەڵگە یەک دەگرێتەوە و زمانەکەی هەمان زمانی خەڵکە. لێرەدا نووسین تا ئەو ڕادەیە سادەیە، کە هەر ئەندامێکی ئەو کۆمەڵگەیە دەیناسێتەوە و لێی تێدەگات، وەک لە دەقی ئەدەبیی نووسەری سادەنووس و گوتاری ڕەخنەگری میلـلیدا هەیە، بەڵام کاتێ وێنەکان فرەدەنگ و فرەڕەهەندن، دۆخی زمان دەگۆڕن و لە چەند ئاڕاستەی جیاوازدا خۆیان دەردەخەن، کە هەر خوێنەرێک بە شێوازی خۆی بە یەکیان دەبەستێتەوە و مانایان لێ پێک دەهێنێت. لەو پێوەندییە دایەڵۆگییەی نێوان نووسەر و خوێنەردا، هەردوو لا گەشە دەکەن، مادام ئەوەی خراوەتە ڕوو، هەمان شتی زانراوی واقیع نییە، بەڵکوو نەزانراوە و ترازاوە. بە مانایەکی دی، ئەو ماددەیە دەسووتێنرێت، تا وزەی هۆشیاریی نوێی لێ بەرهەم بێت. ناکرێت ئەزموونی نووسەرێکی داهێنەر، کە ئەو دایەڵۆگە داینەمۆیەتی، بە یەک ڕیتم بخوێنرێتەوە، بەڵکوو بەپێی هەڵکشانی هۆشیارییەکە لە گۆڕانی بەردەوامدایە، وەک چۆن ئەزموونی خوێنەری ڕاڤەکەریش بەو بەردەوامییەوە پێوەستە، لە کاتێکدا بەرهەمی نووسەری سادەنووس، کە واقیعی زانراو دەردەخاتەوە، بە هەمان ئەو پێوەرانە دەخوێنرێتەوە، وا لە بەرچاوی گرتوون. خوێنەرەکەیشی لەناو زانراودا دەمێنێتەوە و گۆڕانی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، بەوەی توخمەکانی دایەڵۆگ لە بەرهەمی سادەدا ونن. ژمارەیان کەم نییە ئەوانەی نیو سەدەیان لە بواری نووسیندا بە ڕێ کردووە، کەچی هێشتا ئەو ئاستەی سەرەتایان جێ نەهێشتووە. ئایا خوێنەرێکی وریای ئەمڕۆ چیی لە کۆی ئەزموونی ئەوانە دەست دەکەوێت؟ لە ڕێیانەوە چەند ئاڕاستەی فەلسەفی و ئەدەبی دەناسێت؟ بە چەند چەمکی نوێ ئاشنا دەکرێت؟ ئەرێ یەکێ لەو چیرۆکنووس، شاعیر، ڕۆماننووس و ڕۆژنامەنووسانەی بانگەشەی سادەیی دەکەن، لەبارەی چەمکێکی ئەدەبییەوە شتێکی گوتووە، جیاواز بێت لەوەی خەڵک گوتوویانە؟ چەمکێکی وەک (گێڕانەوە: Narration)، کە تەنیا لەم سەدەیەی ڕابردوودا دەیان فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزی وەک (میکایل باختین)، (ژولیا کریستیڤا)، (پۆول ڕیکۆر)، (ڕۆڵان بارت)، (جیرار جینێت)، (تزڤیتان تۆدۆرۆڤ) و هیی دیکەی بە خۆیەوە خەریک کردووە، کەچی نووسەرێکی سادەنووسی بواری ئەدەبی گێڕانەوە دێت و بە پشتبەستن بە کولتووری میلـلی باسی دەکات، دەتوانێت چ پرسیارێکی نوێ لای خوێنەر بورووژێنێت؟ لە ماوەی سی چل ساڵی تەمەنی نووسینیدا پێویستی بەوە نەبووە بزانێت توخمەکانی وەک ڕووداو، کەسێتی، کات، شوێن، بابەت و هیی دیکە چ ڕایەڵێکیان لەناو فەلسەفەدا هەیە، ڕێ بە خۆی دەدات هەر بەو تێگەیشتنەی لە کۆمەڵگەی وەرگرتووە، لێیانەوە بدوێت، سەرنجی چ خوێنەرێکی وریا ڕادەکێشێت؟ ئایا ئەو ڕەخنەگرە میلـلییانەی بەرهەمی سادەی نووسەری سادەنووس دەقۆزنەوە، بەوەی لە هەمان ئاستی تێگەیشتنی خۆیاندا نووسراوە، لەوە زیاتریان گوتووە، کە ئەمیان داهێنانە و ئەویان هیچ نییە؟ ئایا بوونی ناوی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزان لە دەقێکدا دەتوانێت سیمای سادەی ئەو دەقە بشارێتەوە، لە کاتێکدا نە گوتەکانیان لە سەرچاوەی یەکەمەوە وەرگیراون و نە ڕایەڵ (کۆنتێکست)ـەکانیشیان لێک دراونەتەوە؟ چۆن من لە کاتێکدا خۆم بە خوێنەری فیلۆسۆفێکی وەک (هایدیگەر) دەزانم و بانگەشەی ئەوە دەکەم، گۆیە بەرهەمەکانیم خوێندووەتەوە، بەڵام زمانی نووسینم وەک هیی ڕۆژانەی خەڵکی ئاسایی ڕوونە، بگرە بە (سادەیی)شدا هەڵدەڵێم؟ ئایا خوێندنەوەی دایەڵۆگییانەی فەلسەفە هێز بە زمان نادات و نایخاتە ئاستی دیکەوە، تا بیکاتە خاوەنی ئەو توانایەی، کە لە ڕێیەوە ئاستی زانراوی ڕۆژانە تێبپەڕێنێت؟

 ئەوانەی دەستیان بە سادەیییەوە گرتووە و بەرگریی لێ دەکەن، پێیان وایە هەم نووسەر لە یەک ئاڕاستە پێک دێت و هەم خوێنەریش. واتە بەپێی ئەو تێگەیشتنە باوەی لە ئاستی میلـلیدا هەیە، بڕوایان وایە نووسەر پەیامێکی پێیە و بە زمانێکی ئاسان دەیگەیەنێتە خوێنەر، لە کاتێکدا وەک لە تیۆرییەکانی خوێنەر، یان تیۆریی وەرگر (Reception theory)دا دەیبینین هەر یەکەیان خاوەنی کۆمەڵێک ئاڕاستەیە. دەق بەر لەوەی بە شێوەی فیزیکی لە کات و شوێندا بەرجەستە ببێت، لە تۆڕێکی بەرفرەوانی بیرۆکە، یادەوەری، ڕامان، سەرنج، خەون، زیندەخەون و هیی دیکە پێک هاتووە، بۆیە سەختە سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتاییی هیچ دەقێک دیاری بکەین، تا بگاتە ئەوەی یەک خەسڵەتی بدەینە پاڵ، ئینجا ئەو خەسڵەتەیش (سادەیی) بێت، کە ناکرێت لەناو ئەو تۆڕە بەرفرەوانەدا شتێکی نوێمان بە دەستەوە بدات.

لە پێشەوە گوتمان بۆ ئەوەی لەبارەی (سادەیی)یەوە بدوێین، پێویستە بۆ دەق بگەڕێینەوە، تا بزانین، ئاخۆ دەقی فرەئاڕاستە ڕێمان دەدات سادە بیر بکەینەوە و بنووسین؟ کاتێکیش دەڵێین دەق، ئەوە سێ توخمی کاریگەر دەردەکەون: نووسین، نووسەر و خوێنەر، کە یەکەمیان پێوەندیی نێوان دووەم و سێیەم دێنێتە گۆڕێ. پێوەندییەکی پرۆبلەماتیکە و ڕاڤەی بەردەوام دەیهێڵێتەوە. کاری ئەدەبییش هەر لێرەوە دێتە بەرهەم، کە لە سەرووی ئاستی دەقەوەیە. بە مانایەکی دی، لە ڕێی چالاکیی خوێنەرەوە کاری ئەدەبی دروست دەبێت.

(ئومبێرتۆ ئیکۆ) بە درێژاییی کتێبی (خوێنەر لە حیکایەتدا)دا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە دەق لە کۆمەڵێک بنیادی جۆراوجۆر پێک دێت و بوونی ئەو هەموو ئاڕاستە جیاوازە، زەمینە بۆ دەرکەوتنی مانای جیاواز خۆش دەکات، بەوەی هەم نووسەر و هەم خوێنەر لەناو ئەو کولتوورەدا ئەزموونی پێشینەیان هەیە. واتە ئەو واقیعەی دەشێ لە ڕێی خەیاڵەوە دروست بکرێت، پێکهاتەی ئەم واقیعە لە خۆی دەگرێت و خوێنەریش لەوێوە دەق ڕاڤە دەکات. بە مانایەکی دی، ئەو واقیعە خەیاڵکردە خەسڵەتەکانی خۆی لەم واقیعە دەخوازێت.(2)

هەر لێرەیشەوەیە خوێنەری وریا، کە ئەو بە خوێنەری نموونەیی (Model Reader) ناوی دەبات، دەخزێنرێتە ناو دنیای دەقەوە، بەو واتایەی توانای هەیە لێکدانەوە بۆ ئەو مانایانە بکات. واتە {دەق قوماشێکە و لە نیشانەکان چنراوە. کراوەیە و ڕاڤەدار (open and interpretable)ـە. پێویستە وا لێی بڕوانرێت، کە گشتێکی پێکەوەبەستراو (coherent whole)ـە و خوێنەری نموونەییی خۆی دادەمەزرێنێت. زیاترە لەوەی چەند وشەیەکی نووسەر و ماناکانی خوێنەر بێت… بەم شێوەیە دەق ئامێرێکی تەمبەڵە و پێویستی بە خوێنەری نموونەیییە، تا هێزی بداتێ و زنجیرەیەک بۆشاییی بۆ پڕ بکاتەوە، لە کاتێکدا پڕکردنەوەی تەواو نایەتە کایەوە، مادام دەق هەمیشە کراوەیە}.(3)

واتە بەپێی تیۆریی سیمۆتیکای (ئیکۆ) چەمکەکانی دەق و ڕاڤە بە شێوەیەکی تۆکمە پێکدا چڕژاون، کە مەحاڵە ئەمیان بەبێ ئەوەی دیکەیان ئاماژەی پێ بکرێت. بە ڕوونی دیارە هەر کاتێ ڕاڤە لە ئارادایە، پێویستە شتێک هەبێت، تا لێک بدرێتەوە، کە ئەوەیش دەقە.(4)

ئۆمبرتۆ ئیکۆ (١٩٣٢-٢٠١٦) نووسەر و فەیلەسووفی ئیتالیایی

کاتێ ماناکان بێسنوورن و ڕاڤەکان کۆتایییان نایەت، ئەوە بەردەوام ئاڕاستەی جیاواز لە هەر خوێندنەوەیەکدا دەردەکەوێت، چونکێ دەق، کە لە زمان پێک دێت، چەسپاو نییە، بەڵکوو بزۆکە و توانای بەردەوامیی هەیە. هەر خوێندنەوەیەک بە شێوازی خۆی مانای نوێ بەرهەم دێنێت و ئەو بەردەوامییە دەپارێزێت، کە بە گشتی ئاڕاستە فەلسەفییەکانی پۆستمۆدێرن وا دەڕواننە دەق، لە بێژمار مانا پێک دێت و لەم نێوەدا هیچ خوێندنەوەیەک ناتوانێت خۆی بە کۆتایی بزانێت، بەڵکوو هەمیشە لە دوایەوە هیی جیاوازتر دێت، وەک لە ئاڕاستەی هەڵوەشاندنەوە (Deconstruction)دا دەیبینین. لەم شوێنەدا گوتەی (سادەیی داهێنانە)، تەنیا بانگەشەیە و لە پشتیەوە هەمان تێگەیشتنی باوی کۆمەڵگە هەیە. لە ماوەی ئەو پەنجا ساڵەی ڕابردوودا یەکێ لەوانەی ئەم چەمکەیان فڕێ داوە، ئاوڕی نەداوەتەوە، تا پێمان بڵێت چیی دیکەی بە دوادا دێت.

ڕەخنەی میلـلی وا لە دەق دەڕوانێت، هاوشانی واقیعێکی دیاریکراوە و تەنیا ئەوە دەگوازێتەوە، کە لێوەی دیارە. بەم شێوەیە زمانی نووسین و زمانی ڕۆژانە هەمان ئاستن، لە کاتێکدا وەک گوترا نووسین تێپەڕاندنی زمانی ڕۆژانەیە. واتە دنیای زانراوی شمەک جێ دەهێڵێت و ڕوو لە دنیای نەزانراوی ئاماژە دەکات. لێرەدا مانای وشە دەگۆڕێت و دەچێتە ئاستی دیکەوە، کە ناکرێت بە ئاسانی لێی تێبگەین. (لودڤیگ ڤیتگینیشتاین) پێی وایە مانای وشە لە بەکارهێنانیدا دەردەکەوێت، بۆیە پێویستە بپرسین چۆن بە کار هاتووە، نەوەک مانای چییە.(5)

لە دەقی ئەدەبیی میلـلی و ڕەخنەی میلـلیدا وشە هەمان مانای زمانی ڕۆژانەی هەیە و هەمان ئەرکیش دەگرێتە ئەستۆ، بۆیە هێندە ڕوونە و هەر ئەندامێکی کۆمەڵگە نەک هەر لێی تێدەگات، بەڵکوو دەتوانێت وەک ئەو نووسەرە میلـلییانەیش بینووسێت. لێرەدایە ئەو بانگەشەیەی نووسەرە سادەنووس و ڕەخنەگرە میلـلییەکان دەیکەن، گۆیە ئەوان بە مەبەست هێندە سادە دەنووسن، وزەیەکی نییە. ئەوان خۆیان دەردەبڕن و زمان لە ئاستە زانراوەکەیدا بە کار دەهێنن. واتە هێشتا پێیان وایە زمان ڕێگەیەکە بۆ دەربڕین، کە ئەو تێگەیشتنە لە ئاستی فەلسەفیدا هێزی لێ بڕاوە.

چەمکی (هێرمینیوتیکا)یش لەم بەریەککەوتنەی خوێنەر و دەقدا هاتووەتە کایەوە، کە هەر یەک لە (فریدریک شلایەرماخەر) ،(کارل بارت)، (ڕۆدۆلف بۆڵتمان)، (مارتین هایدیگەر)، (هانز گادامەر)، (ولیام دەلتای)، (پۆول ڕیکۆر)، (ڕۆلان بارت)، (جاک دێریدا)، (ئومبێرتۆ ئیکۆ) و ئەوانەی دیکە کاتێ بایەخی پێ دەدەن، مەبەستیان تێپەڕاندنی ئەو سادەیییەیە، وا ڕەخنەی میلـلیی ئێمە دەستی پێوە گرتووە. وەک (داڤید جاسپەر) لە کتێبی (پێشەکییەکی کورت بۆ هێرمینیوتیکا)دا دەڵێت وشەی هێرمینیوتیکا (hermeneutics)ی ئینگلیزی لە وشەی هێرمس (hermeneus)ی یۆنانیی کلاسیکەوە شێوەی وەرگرتووە، کە بە مانای ڕاڤەکەر و توێژەر دێت. ئەوانەن شتەکان لێک دەدەنەوە. لە خاڵێکی نووسینەکانی (پلاتۆ)ی فیلۆسۆفدا شاعیرەکان وا پێناسە کراون، گۆیە (ڕاڤەکەری خوداوەندن: interpreters of the gods). لە ئەفسانەی یۆنانیدا هێرمس نوێنەری خوداوەندە.(6)

پێی وایە دەقەکان لە یەکتر دابڕاو نین، بەڵکوو پێوەندییان پێکەوە هەیە. خوێندنەوەت بۆ دەقێکی دیاریکراو، دەروازەیە بۆ چوونەناوەوەی دەقەکانی تریش، بەو مانایەی ئەگەر ئەو دەقانە لە ڕووی مێژوویییەوە لە یەک دوورن، ئەوە هێشتا ئەمیان بەویانەوە بەستراوەتەوە. ئینجیل بە نموونە دەهێنێتەوە، کە لەگەڵ ئەوەیشدا دەگوترێت گوتەی خوداوەندە، بەڵام وەک دەقێکی ئەدەبی لە کۆمەڵێکی دیکەی پێش خۆیەوە هاتووە، کە هەندێکیان ون بوون و هەندێکیان لە بیر چوونەتەوە.(7)

(پۆول ڕیکۆر) پێی وایە دەق لەوە دەرچووە لەگەڵ ئەوەدا هاوڕێک بێت، کە نووسەر دەیەوێت. ماناسازیی زارەکی (الدلالة اللفظیة) و ماناسازیی ئاوەزی (الدلالة الذهنیة) دوو چارەنووسی جیاوازیان هەن.(8)

blank
پۆل ڕیکۆر (١٩١٣-٢٠٠٥) فەیلەسووفی فەڕەنسی

مەبەستی (ڕیکۆر) ئەوەیە دەق دنیای نووسەرەکەی دەتەقێنێتەوە، بەو مانایەی فۆرمولەی سەرەتایییانەی ئەو سەربەخۆیییەیە وا دەکات دەق بێسنوور ببێت و لە ئاسۆی سنوورداری نووسین دوور بکەوێتەوە، بەڵکوو بۆ شتێکی بێکۆتا بگۆڕێت. لێرەدا دەق لە شێوەی (نووسین) و خوێنەر لە شێوەی (وەرگر)دا بەر یەک دەکەون، تا ڕاڤە بێتە کایەوە. هەر کاتێ ڕاڤە لە ئارادایە، شوێنێک بۆ سادەیی نامێنێتەوە، بەوەی ئەو جووڵەیە توانای هەیە بچێتە ناو نهێنییەکانی بابەت و لە کۆمەڵێک ئاستی دیکەدا دەریبخاتەوە. زۆریی ڕاڤە و ئاستە جیاوازەکانی ئەو ڕاڤەیە وا دەکەن دەق چەسپاو نەبێت، بەڵکوو بۆ کۆمەڵێک دۆخی دیکە بگۆڕێت. هەر (ڕیکۆر) لەم ڕووەوە دەنووسێت: (مانای دەق خۆی لە بەردەم بێژمار خوێندنەوە و ڕاڤەدا دەکاتەوە. ئەم دەرفەتە کرانەوەیەی خوێندنەوە جۆراوجۆرەکان هاوواتایەکی دایەلێکتیکانەی سەربەخۆییی سیماتیکییانەی دەقە. لەمەوە گرفتی بەدەستهێنانی مانای دەق دەبێتە کارێک، کە پارادۆکسەکەی لە هیی نووسین کەمتر نییە. مافی خوێنەر و مافی دەق بەر یەک دەکەون لە ململانێیەکی گرنگدا، کە جووڵەی تەواوی لێ بەرهەم دێت. ئینجا ڕاڤە دەست پێ دەکات، کاتێ گفتوگۆ تەواو دەبێت).(9)

لەو ململانێیەدا مانا ڕۆڵی بنەڕەتی دەبینێت، کە دەکرێت لە ئاستی جیاوازدا خۆی دەربخات. وەک دەبینین (ڕیکۆر) ئەمە بە کارێکی ئاسان و سادە نازانێت، بەڵکوو پێی وایە هەمان ئەو سەختییەی لە دەقدا هەیە، بۆ خوێنەریش دەپەڕێتەوە. هەر (ڕیکۆر) دەڵێت هێرمینیوتیکا چەکێکە بۆ گومانێک لە دژی فێڵی هۆشیاریی ساختە. وا بە کار دەهێنرێت، کە ئامادەکارییەکە بۆ ئەوەی ئەو مانایەی هاتووە، باشتر ببیسترێت. ئاماژە بە (فرۆید) دەکات، کە ئەو خەون بە چیرۆکێکی کورت دەزانێت، بەڵام هەمیشە خاوەنی فرەلێکدانەوەی ناوەکییە، بۆیە چیرۆکە پەنهانەکە لە بیستنی یەکەمیدا ڕوو لە مەبەست دەکات، تا بۆ دەقێک بگۆڕێت، کە لە چاو ئەوەی یەکەم ڕوونترە. بەم شێوەیە ماناکان زۆر دەبن.(10)

(دێریدا) پێی وایە ناکرێت دەق سادە بێت. ئەوەیش بە چەمکی (شوێنەوار: Trace)ـەوە گرێ دەدات، بەو مانایەی دەق بە شێوەی بێسنوور لە شوێنەواری شتی دیکەی جیاوازی دەرەوەی خۆی پێک هاتووە. واتە هەر دەقێک شوێنەواری کۆمەڵێک جیاوازیی دیکەیە، چونکێ سروشتی زمان، جیاوازییە. بە دەربڕینێکی دی، مانای پوختی شت دەداتە دواوە، بەوەی هەر مانایەک ئاماژەیە بە کۆمەڵێک مانای دی. بەم شێوەیە نووسین بریتییە لە تۆڕێکی تەواو لە پێوەندیی ناوەکی و هەر ئەوانەیشن نیشانەکان پێک دەهێنن، کە لەو بەردەوامییەدا شتێک هەیە بە ناوی دەسستنیشاننەکردنی مانا (indeterminacy of meaning)، بەوەی ئەو پرۆسێسە هەمیشە و فێڵزانانە ئاشکراکردنی خۆی دوا دەخات. {هەر نیشانەیەک بەهای خۆی لەوەدا بە دەست دێنێت، کە لە نیشانەکانی دی جیاوازە. هەر نیشانەیەک شوێنەواری ئەو نیشانانەی تر هەڵدەگرێت، کە لێی جیاوازن، لە پێناوی بەدەستهێنانی بەهاکەی وەک نیشانەیەکی جیاواز (differential sign)… ناکرێت شوێنەوار لە نیشانەدا کورت بکرێتەوە، وەک چۆن نایشکرێت جارێکی دی بۆ یەک نیشانە بگەڕێنرێتەوە، بەڵکوو پێویستە وەک جیاوازی لێی بڕوانرێت، کە نائاماژە (non-signifying) و ناگشت (non-plenary)ـە}.(11)

 هەر (دێریدا) لەم ڕووەوە دەنووسێت: {شوێنەوار (الأثر) تەنیا مانای ونبوونی بنەچە (الأصل) نییە، واتە لێرەدا _لەو گوتارەی دەیگرینە خۆ و لەو ڕێیەی دەیگرینە بەر_ شوێنەوار ون نەبووە، وەک چۆن ڕۆژێک پێک نەدەهات، ئەگەر لە بەرانبەر ڕەسەندا نەبووایە، بەو مانایەی لێرەدا شوێنەوار بووەتە بنەچەی بنەچە}.(12)

واتە ماناکان لە هەر دەقێکدا بریتین لە شوێنەواری کۆمەڵێک جیاوازی، نەوەک هیی بنەچەیەکی دیاریکراو، بۆیە ڕێگرن لەوەی دەستنیشان بکرێن، چونکێ سروشتی ئەو بنەچەیە وایە، کە لە هەر لقێک لەو لقانەی لێی دەبنەوە، وەک کردارێکی دواخستن جیاوازیی خۆی دەردەخات. واتە ناهێڵێت مانایەکی چەسپاو و دیاریکراوی هەبێت، بەڵکوو بێکۆتا مانای جیاواز بە دەستەوە دەدات. لەو دواخستن و درێژبوونەوەیەدا بێژمار مانای نوێ دەردەکەون و هەر یەکەی ئاماژە بە کۆمەڵێک مانای دیکە دەکات. بەم شێوەیە تۆڕی ماناکان بەردەوام لە کشان و فرەوانبووندایە، بە ڕادەیەک شوێنێ بۆ (سادەیی) نامێنێتەوە.

ئەگەر لە دیدی (فۆکۆ)وە بڕوانینە چەمکی سادەیی، ئەوە دەکرێت بڵێین بەرهەمی لەیەکچوون (resemblance)ـە، کە سەردەمی ڕێنەیسانسی پێ دەناسێتەوە و پێی وایە لەسەر ئەم توخمانە دامەزراوە: (گونجاندن؛ لەچاوکردنەوە؛ هاوشێوەکردن؛ سۆزنواندن: convenience; emulation; analogy; sympathy). واتە ئەو لەیەکچوونە تێکڕای زانینی مرۆڤ پێک دەهێنێت. بەم شێوەیە بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت چی لە چی دەچێت. لێرەوە دەکرێت هەر شتێک بە شتێکی دیکە بچووێنێت، کە دەبێتە پرۆسێسێکی بێسنوور و نابڕێتەوە. کاتێکیش شتەکان لە یەک دەچن، هیچ گۆڕانێک ڕوو نادات. خانوو لە شاخ دەچێت، شاخ لە هەور، هەور لە گردۆلکە و تاد. ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەوەیە، بزانرێت نهێنیی ئەو لەیەکچوونە چییە. وەک لە سەرەوە پێشانمان دا (فۆکۆ) ئەو چوار توخمەی بۆ لەیەکچوون دیاری کردوون. بۆ نموونە لە یەکەمیاندا، کە گونجاندنە، ئەو مرۆڤە دەیەوێت جەستە و ڕۆح پێک بچووێنێت. لەمەوە پەنا بۆ لێکدانەوەیەکی ساکار دەبات، گۆیە ڕۆح هێندەی گوناهـ لێ بار کراوە، وەک جەستە قورس بووە، بۆیە لە یەک دەچن. ئەمیان بینراو و فیزیکی، ئەویان نەبینراو و مێتافیزیکی. چۆن لە یەک دەچن؟ ئەو لێکدانەوەیە چ هێزێکی هەیە؟ یان بەپێی چوارەمیان، کە سۆزنواندنە، دەڵێت گوڵەبەڕۆژە لە خۆر دەچێت. شێوەیان وەک یەک وایە. لەسەر ئەوە تێگەیشتن دادەمەزرێنێت. ئەوانە مەعریفەیەکی دەرەکی پێک دەهێنن و ئامانجەکە تەنیا ئەوەیە پێشان بدرێت لەنێوان ئەو شتانەدا لەیەکچوون هەیە. (فۆکۆ) پێی وایە ئەو مەعریفەیە هەڵدەقوڵێت و زۆرە، چونکێ شتەکان بێسنوورن.(13)

ئەو نووسەرە سادەنووس و ڕەخنەگرە میلـلییانەی بە سادەییدا هەڵدەڵێن، پشتیان بەم لەیەکچوواندنە بەستووە و لەوێوە دژایەتیی هەر نووسەرێکی دیکە دەکەن، کە سادەیی تێدەپەڕێنێت. ئەو زمانەی پێی دەنووسن، هەمان زمانی خەڵکە و ئەوەی دەریدەبڕن، هەر ئەوانەن لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا هەن و سواونەتەوە. سەیر ئەوەیە وەک پێشتر گوترا ناوی دەیان فیلۆسۆف، بیرمەند و ڕەخنەدۆزیان هێناون، بێ ئەوەی شتێکیان لەبارەی تێگەیشتنیانەوە نووسیبێت، بگرە کۆمەڵێک گوتەی سادەیان داونەتە پاڵ، کە هەر خوێنەرێکی سەرەتاییی فەلسەفە دەزانێت ناکرێت ئەوانە گوتەی ئەوان بن. کاتێ داوایان لێ دەکەیت چەند دێڕێکی دیکەت لەو بارەیەوە بۆ بنووسن، دەنگیان نامێنێت. ڕێیەکی زۆر ئاسانە نووسەری داهێنەر بە موفلیس، پاسەوان، نەزان، نەخوێندەوار و هیی دیکە بچووێنن، مادام پرینسیپی لەیەکچوواندن سەروەرە. ئەوەی بە لایدا ناچن، ئەوەیە، ئاماژە بە پەرەگرافێکی نووسینەکانیان بکەن و ڕەخنەی لێ بگرن. بەم شێوەیە خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوە دەپارێزن. چەمکێک فڕێ دەدەن و تۆ دێیت لەو بارەیەوە دایەڵۆگ دادەمەزرێنیت. ئەو چەمکە ڕاڤە دەکەیت، تا پێشانی بدەیت ئەوان فڕێیان داوە و بە زمانی ڕۆژانەی خەڵک لێوەی دواون. لەم ڕووەوە بۆ کۆمەڵێک سەرچاوەی گرنگ دەگەڕێیتەوە و چەند پرسیارێکیان ئاڕاستە دەکەیت، کە پێوەندییان بەو چەمک و بەو فیلۆسۆفانەوە هەیە، خۆیان ناویان بردوون، بەڵام واز لەوانە دەهێنن و دەچن لە لایەکی دیکەوە پەلامارت دەدەن. ئایا دەکرێت تۆ وا خۆت پێشان بدەیت (فۆکۆ)ت ناسیوە، بەڵام هاوکات بڵێیت سادەیی داهێنانە و لە دەست هەموو کەس نایەت؟ بە خوێندنەوەی خۆم دەرکەوتنی ئاڕاستەی جیاواز لەناو بیرکردنەوەماندا زیاتر نووسەری سادەنووس و ڕەخنەگری میلـلیی خستووەتە بەردەم ئەوەی هێندە بەرگری لە سادەیی بکەن. وەک گوترا ئەمڕۆ خوێنەرێکی وریای پرسیارکەر دەرکەوتووە، کە ئەو سادەیییە نەک هەر تینووێتیی ناشکێنێت، بەڵکوو لە ڕێی پرسیار و ڕاڤەوە ڕووبەڕوویشی دەبێتەوە.

سەرچاوەکان:

  1. Schopenhauer, A., 2011. The Art of Being Right (Translated by Thomas Bailey Saunders). Preliminary: Logic and Dialectic. [online] Xenopraxis.net. Available at: http://xenopraxis.net/readings/schopenhauer_artofalwaysbeingright.pdf
  2. إیکو، امبرتو، القاريء في الحکایة، التعاضد التأویلي في النصوص الحکائیة، ترجمة: انطوان أبو زید، المرکز الثقافي العربي، الطبعة الأولی، الدار البیضاء، 1996، ص172-173
  3. Guillemette, Lucie and Josiane Cossette, Textual Cooperation. Available at:

http://www.signosemio.com/eco/textual-cooperation.asp

  • Pisanty, Valentina, From the model reader to the limits of interpretation. Available at:

https://www.degruyter.com/document/doi/10.1515/sem-2015-0014/html?lang=en

  • Meitei, Ningombam Bupenda, The meaning of a word lies in its use. St.Stephen’s College, Department of Philosophy, University of Delhi. Available at:

https://philarchive.org/archive/MEITMO-3

  • Jasper, David, A Short Introduction to Hermeneutics, Westminster John Knox Press ; London, Louisville, 2004, P.7
  • Ibid. p. 161
  • ريكور، بول، من النص الی الفعل، ابحاث التأویل، ترجمة: محمد برادة وحسان بورقیة، عین للدراسات والبحوث الانسانیة والاجتماعیة، الطبعة الاولی، القاهرة، 2001، ص289
  • Ricoeur, Paul, Interpretation theory: Discourse and the Surplus of Meaning, Fort Worth: Texas Christian University, Press, c1976. P.31-32
  • ريكور، بول، صراع التأويلات، دراسات هيرمينوطيقية، ترجمة د. منذر عياشي، مراجعة د. جورج زیناتي، دار الكتاب الجديد المتحدة، الطبعة الأولی، بيروت، 2005، ص100.
  • Milesi, Laurent, Derrida and Posthumanism (I): From Sign to Trace. Available at:

Derrida and Posthumanism (I): From Sign to Trace

  1. دیریدا، جاك، في علم الکتابة، ترجمة وتقدیم: أنور مغیث ومنی طلبة، المرکز القومي للترجمة، الطبعة الثانیة، القاهرة، 2008، ص147

13. کاکەسوور، کاروان عومەر، ئەرێ ئەوە کانت و فۆکۆ لە کوێن؟ لەم لینکەدا دەست دەکەوێت: