ئەرکی پاراستنی دەستچن نووسینەوەی بەشێکی شاردراوەی کولتوورە
کۆچبەر بەشێک لە کۆمەڵگای کوردییە و دەتوانین بڵێین ئەگەر کەمێک کۆنتر لێی بکۆڵینەوە بەشی هەرە سەرەکیی کوردستان لە عەشیرە کۆچبەرەکان پێک هاتووە. کوردستان بە هۆی جوگرافیایەک کە هەیەتی لە کۆنەوە تا ئێستا یەکێک لە باشترین جوگرافیاکان بووە بۆ ژیانی کۆچبەری، چونکە دوو ژینگەی سەرەکی کە سەرچاوەی ژیانی کۆچبەرییە یانی گەرمیان(بۆ وەرزی سارد) کوێستان(بۆ وەرزی گەرم) بە باشترین شێوە لە کوردستان بووە.
کۆچبەرەکان بە هۆی ئەو شێوە ژیانەی کە هەیانە خاوەنی چاند و فەرهەنگی تایبەت بە خۆیانن کە لەم بوارە لە ژیانی لادێ و شارەکان جیایان دەکاتەوە، هونەری دەستچن یەکێک لەو چاند و کولتورە بە هێزەی کۆچبەرەکانە.
ئەمە بەو مانا نییە کە شار و گوندنشینی دەستچنی نییە، جۆری دەستچنی کۆچەری جیاوازە لە شار و گوند. هەر بەم هۆیە لە شێوازێکی ئاکادمیک دەستچنەکان دابەش دەکرێن بە سێ شێوە:
- شاری
- لادێیی یا گوندی
- کۆچبەری
ئێمە لێرەدا باسی سەرەکیمان کۆچبەرەکانە بۆیە خۆمان لە باسکردن لەسەر بەشەکانی دیکە دەپارێزین.
هەر ئەو جۆرەی ئاماژەمان پێ دا دەتوانین بە پلەبەندییەکی ئەکادیمی و بە مەبەستەوە بڕوانین بۆ دەستچنەکان لەم سێ جۆرە دەستچنانەی کە خستمانە نێو دەلاقەی ڕوانین دەتوانین بڵێین دەستچنی کۆچبەرەکان گرینگترین جۆری دەستچنە بە تایبەت بۆ ئێمەی کورد، چون لە هەموو ئەوانی دیکە بە خاراوی و بێ تێکەڵاوتر بۆمان ماوەتەوە و ئەمەش دەتوانێت زۆرترین نرخاندنمان پێ بگەێنێت.
دەستچن بە تەواوەتی هەر ئەو جۆرەی لە ناوەکەی دیارە هەمووی ئەو شتانە دەگرێتە خۆی کە بە دەست دەچنرێت.
دەستچنی کۆچبەرەکان بە خۆشحاڵییەوە ئەگەر بمانهەوێ لێی ورد بینەوە بە دڵنیایی لە وتارێکی ئاوا کرژدا ناگونجێت و دەبێ بچینە پانتاییی پەرتووکەوە و مژاری تایبەتی بۆ بکەینەوە.
دەستچن لە کۆمەڵگای کۆچەریدا ناتوانرێت وەک کەرەستەیەکی ئابووری یاخود ماڵی، باروبارخانە سەرنجی بدرێت چون دەستچنەکان وەک ئامراز و پێداویستی ژیان دێتە چنین و بەرهەمهێنان.
هەر بەم هۆیەش ڕوانین لە دەستچنی کۆچبەری زیاتر لەوەی ڕوانینێکی ئابووری بێت، ئەگەر بەشێوەیەکی مێژوویی لێی بروانین، دەبێت هەڵکێشرێت لە سەرنجێکی کۆمەڵایەتی و کولتووری. دەستچنی کۆچبەرەکان لە ژێر کاریگەریی شتانێکن کە دەتوانین لە چەند خاڵدا ئاماژە بە گرینگترینیان بکەین.
- بار و دۆخی ژێ و ژیان
- ڕۆڵی هەرە سەرەکیی ژنان
- کاریگەریی فەزا، کات و شوێن
- کاریگەریی هۆکارەکان وەک جەژن و شادی و شایی و خەمەکانیان
- کاریگەریی هزر و بیر و باوەڕەکان …
کۆچەرییەکان بەردەوام لە بەهاردا دەژین یانی کۆمەڵگایەکی بەردەوام بەهاریان پێ دەوترێت، بەم شێوە کە کەشوهەوا گەرم دەبێت دەچنە جێگەی فێنک و کە ساردیش بوو ڕوو لە هەرێمە گەرمەکان دەکەن، بۆیە بەردەوام لە جێگاێکی بەهاری و سەوزدا دەژین کە ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر جۆری ژیانیان بە هۆی گەڕان بە شوێن لەوەڕگا بۆ ماڵات و حەیوانەکانیان کە ژیانیان لەسەر ئەمە دەسوورێت و ئەمە بەشی سەرەکی لە ژیانیانە.
هەر بەم هۆیەش لە بەرهەمەکانیاندا زۆر بە دەگمەن ڕەنگی زۆر زۆر گەرم و زۆر سارد دەکەوێتە بەرچاو بۆیە بەرهەمەکانیان وەک بەرهەمانێکی شاد لە هاوسەنگ تەون و دەستچنی شاری و لادێیی دەناسرێت.
کۆچەرییەکان بە هۆی ئەوەوە کە نیشتەجێ نەبوون و تا زۆرتریش بە مێژوویاندا دەڕۆینە خوار ئەم هاتوچۆ ئێڵاخ(کوێستان) و گەرمیان کردنەیان جگە لەوەی زۆرتر بووە بەڵکوو ناوبەرەکانیشی زۆر درێژتر بوون، ئەمە و چەندین هۆی دیکە وەک فۆڕم و جۆری ڕەشماڵەکانیان، شێوازی ژینی ناو ڕەشماڵەکان تاوەکوو کەرەستەی چنین و کاتی چنینیش لەگەڵ گەلێک شتانی دیکە لە شێوازی لادێیی و شاری جیایان دەکاتەوە. تەواوی ئەم جیاوازییانە هەرکام بە شێوەیەک کاریگەری کردووەتە سەر کولتووری دەستچنەکانیان؛
بە جۆرێک کە فۆڕمی ڕەشماڵ و چۆنیەتیی دانیشتن لە ناو ڕەشماڵەکاندا شێوەیەکە کە وای کردووە زۆرتری تەون و بەڕە و مافوورە کۆچەرییەکان بە لاکێش یانی چوارگۆشەی درێژ لە فۆرمدا دەرکەون.
یاخود ئەو گەرمێن و کوێستان کردنە بووەتە هۆی ئەوەی زۆرتری ئەو ڕەنگانەی بەکار دەبرێن گەرم بن، هەر وەها ئەو داری مافورەیەی کە لەسەری دەچنرێت تەخت و لەسەر زەوین دابنرێت، بەو هۆیە ناتوانرێت لەناو ڕەشماڵ دابنرێت چون میچ یاخود بەرزاییی ڕەشماڵ کەمە و هەرئەمەش هۆی ئەوەیە کە دارەکانیان درێژاودرێژ لەسەر زەوین دادەنرێن جیا لەمانەش هاتوچۆکردنیان بەم شێوەیە ساکارتر و ڕاحەتتر بووە بۆیان.
بە تەواوی ژیانی کۆچبەری بەبێ دەستچن نەسووراوە یاخود بەبێ دەستچن ژیانی کوچەری زۆر حەستەم و سەخت بووە. دەستچنەکان لە جلوبەرگ و ڕاخەرەوە بگرە تاوەکوو خودی ڕەشماڵەکانیش بە دەست چنراون.
ئەم کولتووری چنینە لەنێو کۆچبەر چەندین هۆ لەخۆی دەگرێت کە گرنگترینیان دووری ژیانی کۆچەری لە سەنتەرە ئابووری و کڕین و فرۆشتنەکانی سەردەم و نەبوونی کەرەستەی هاتوچۆیی خێرا و هەروەها تێکەڵاوییەک کە کۆچەر لەگەڵ سروشت هەیەتی و بوونی خوری و مووی زۆر بووە کە ئەمانە هەریەک کاریگەریی جیاوازی لەسەر ژیان و شێوەی ژێی ناو کۆچەریدا هەبووە.
هەر ئەو جۆرەی باسمان کرد دەستچنەکان زۆرتر بۆ بەکارهێنانی ژیانی رۆژانە بووە بۆیە ئەم دەستچنانە چەندین جۆری لە مەحفەرەو ڕاخە تاکوو گوریس و قەیاس و پەردە و ئەوانەی کە بۆ جوانی دەچنران لەخۆ دەگرێت.
زۆرتری ئەم بەشە لە چاندی کۆچەرەکان بەرهەمی دەستی ژنانی کۆچبەر بوون بە شێوەیەک کە دەتوانین بڵێین پیاو لەم بەشە لە چاند و فەرهەنگ بە تایبەت لە ناو کۆچبەرەکان هیچ رۆڵێکی بە دەستەوە نییە بۆیە ئەم دەستچنانە هەڵگری رۆح و هەستێکی ژنانن و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەم باوەڕە لێیان بڕوانین کە زۆرترین باوەڕ و هەستی کولتووری تێکەڵ کرابێت چون لە کۆنەوە تاکوو ئێستا ئەوەی کە سینگ بە سینگ و بە شێوەی زارەکی زۆر باشتر لە پیاو توانیبێتی چاند و کولتووری ڕاگرێت ژنان بوون، بۆیە یەکێک لەو شتانەی کە کاتێک توێژەر کات بۆ توێژینەوە لەسەر ئەم بابەتە تەرخان دەکات، دەبێ بیری لێ بکاتەوەو ناسینی لەسەر دۆخ و باوەڕ و فکر و جیهانی کۆمەڵگا و بە تایبەت ژنانی ئەو چینەیە کە دەستچنەکان بەرهەم دێنن.
دەستچنەکان بەرهەمی هەموو هەستێکی کۆمەڵگان، بەو واتایە کە هەر شتێک و پێشهاتێک لە هەر سەردەمێک پێش هاتووە و هەر باوەڕ و ئایین و هزرێک کە بووە، توانیوێتی خۆی لە ناو دەستچنەکان بە شێوەی هێما و سیمبول دەر بێنێت یانی ئەو کەسەی کە چنیویەتی بە تایبەتی لە کۆمەڵگای کۆچبەری بەبێ هیچ نەخشەیەک دەست بە چنینی تەون و مافوورە یا گڵێم و بەڕە یا هەر دەستچنێک دەکات و جاری وایە ئەم نەخشە و گەڵالەیەی کە لە مێشکی دەیخاتە سەر ئەو بەرهەمە دەگەڕێتەوە بۆ باوەرێکی چەندین سەدەی پێش خۆی یا خود باوەرێک کە لەو کاتەدا هەیە و لە قاڵبی فۆرمێک دەیخاتە سەر بەرهەمەکەی.
زۆرتری ئەو نەخشانەی کە لە بەرهەمە دەستچنەکاندا بە تایبەت کۆچبەرەکان دەبینرێت بە داڕشتن و نەخشەیەکی پێشەکی بەرهەم نایەت، بەڵکوو لە نەخشەیەک دێت کە سینگ بە سینگ و زار بەزار وەک ئەدەبیاتی زارەکیمان بەو کەسەی کە دەیچنێ گەیشتووە و ئەویش فێری بووە یا بەرهەمی مێشک و هەست و باوەڕ و فیکری ئەو کاتە و ئەو سەردەمەی ئەو کەسەیە، بۆیە بەم نەخشانە لە ئاکادیمی دەستچنەکان پێیان دەڵێن، فیکری چن یا زێنی چن بەو واتا کە بە زەین و دوور لە هەر جۆرە پلانێک چنراوە.
دەستچنە کۆچبەرەکان ڕەنگی زۆری تیا نییە، بە هۆی ئەوەی کە ئەو جوگرافیایەی کە تێیدا دەژین زیاتر لە چەند جۆرە گیای تیا نەبووە کە بتوانن ڕەنگی لێ بگرن و لە سەنتەرە شارییەکانیشەوە دوور بوون کە بتوانن رەنگ وەدەست بخەن بۆ بەرهەمەکانیان. بۆیە هەر عەشیرەتێک بە پێی گەرمیان و کوێستانێک کە بۆی دەچوو تام و ڕەنگی بەرهەمەکانیان تایبەت بە خۆیان بوون.
لەم سونگەوەیە کە کەسە شارەزاکان، دەستچنەکان بە ناوی عەشیرەکانیانەوە ناو دەبەن و دەیانناسن، چون هەر عەشیرەتێک بەپێی هەلومەرج و کولتوور و چاندی تایبەت بە خۆی و جوگرافیا و پێداویستییەکانی، دەستچنی تایبەتی بە مۆتیف و ڕەنگ و جۆری چنینی خۆی دایڕشتووە و چنیوێتی.
لەم ساڵانەی دواییدا، کۆچبەرلە ژێر کاریگەری و ئاڵوگۆڕی جیهانی لە ناوچەکە و پێشکەوتنی بەشی ئابووری زۆرتر بە لای بێزینێسدا ڕۆشتووە و ئەو رۆحە چاند و کولتوورییەی تا ئاستێک لێ شۆردراوەتەوە و کۆچبەرەکانیش هاوشانی شار و گوندەکان ئەو جۆرە بەرهەمانە دەچنن کە بازرگانەکان پێیان دەڵێن. یانی دەستچنەکان بوونەتە بەشی ئابووری بۆیان و لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دوور کەوتووەتەوە.
کۆچبەری لە ئێستادا لە کەمترین ئاستی خۆیاندان و بە داخەوە بەرهەمە خۆماڵییەکانیشیان تا دێت کەمتر دەبێت بە شێوەیەک کە زۆر بە کەمی تەنانەت ڕەشماڵیش بەکار ناهێنن. ئەوانیش بە هۆی کەمتەرخەمی کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییە خراپەکانی سەردەم و تا دێت کەمڕەنگ دەبنەوە.
هەر بەم هۆیە گەورەترین ئەرکێک کە لەسەرمانە کاتێک دەزانین بەرەو پەرەسەندن ناچێت ئەوەی، کە ئەوەی بۆمان ماوە بیپارێزین و نەهێڵین ئەم بەشە لە چاندمان کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە داڕشتنی بناخەی نەتەوەییمان هەیە بفەوتێت و ڕایگرین و بیگەیەنین بە دەستی نەوەکانی داهاتوو.
ئەرکی سەرشانمان لەم دۆخە ئەوەیە بە هەر شێوەیەک لە ڕێگەی توێژینەوە و کردنەوەی مووزە و سازدانی فیلم و داکیۆمێنت و ئەرشیڤبەندی و هەر جۆرێک کە بۆمان دەگونجێت دەست بدەینە ڕاگرتن و هەڵگرتن و هەڵسەنگاندن و نرخاندنیان بۆ بکەین.
بە داخەوە لە ئێستادا هیچ جۆرە سەنتەرێکی کەلەپووری و مووزە و ئاکادێمیای چاند و کولتوورییەک کە ستانداردی جیهانی بێت لە کوردستان نابینرێت کە بە ڕوونی پلانێک بۆ داهاتووی ئەوە دابڕێژێت، بەڵکوو دڵگەرمییەک لە بەرانبەر ئەو ئەرکەدا ببینین کە سبەی نەوەکانی ئەو وڵاتە بتوانن کەڵکی لێ وەبگرن.
ئەو دۆخەی کە ئێستا کولتوور و چاندی کوردی تێدایە، پێویستی بە پلان و بەرنامەی زۆر جیدی هەیە کە پێش بە لە ناوچوونی بگیرێت و کۆمەڵگا و گەنجەکانمان لە بەرانبەر چاندی خۆیان ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەوەی تێڕوانینیان ببێتە تێڕوانینێکی هزرمەندانە و پاراستن بکەنە ئەرکی خۆیان لە بەرامبەر ئەو هەژموونەی لە سەر چاند و کولتوورمان هەیە.
لە دەزگا ئاکادێمییەکان دەبێ بە هەموو شێوازێک پلان و بەرنامە بۆ هۆشیارکردنەوە دابڕێژرێت. لە کەسانی شارەزا بۆ کارکردن و توێژینەوە لەسەری کەڵک وەرگیرێت، مووزەکان بە شێوەیەکی پرۆفشناڵتر و پڕ پێوەندی تر لەگەل دونیادا بن و هاوکاری لەگەڵ کەسە شارەزاکاندا بکەن.
مخابن کە زۆرینەی دەستچنە کوردییەکان بە جێی ئەوەی لە خزمەتی ئابووریی خۆماندا بن و لە ئەرشیڤی مووزەکان و کولکسیۆنەکانماندا بن، بە هەرزان دەفرۆشرێن بە بازاری وڵاتانی دراوسێ و لەوێش لە ناسنامە پاکیان دەکەنەوە.
لە ئێستادا کە ئێمە خەریکین لەسەر ئەم بابەتە بیر دەکەینەوە، وڵاتانی دەوروو بەرمان بەشێکی زۆر لە ئابوورییان لەسەر دەستچنەکان و بە تایبەتی تەون یا فەرشی دەستکرد هەڵدەسوورێت. ساڵەهایە لە زانکۆکانیان بەشی تایبەت بەم مژارە وەک چاند و هونەری دەستچن تا ئاستی باڵای خوێندن کراوەتەوە.
لە زۆربەی وڵاتە ئەورووپییەکان لە مووزەکانەوە تاکوو دووکان و بازاڕەکان کە بگەرێی بەشێکی زۆر لە تەون و دەستچنە کوردییەکان دەدۆزیەوە کە لای خۆمان بایەخیان پێ نەدراوە و بە هەرزان لە دەستمان داون.
ڕاستی ئەوەیە کە هەر مژارێک لەمانەی کە ئێمە زۆر بە کرژی بەسەریدا تێپەڕین جێی توێژینەوە و باسکردنی زۆر زۆرە و پێویستی بە کات دانانی باشە بۆ ئەوەی بتوانین چاند و کولتوورمان باشتر بناسین و باسی بکەین و نەهێڵین لە هەر جێگەێک بە هەر شێوەیەک پیان خۆشە بە ناوی خۆیانەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بۆیە هیوادارم کەسانێک هەبن کە بیری لێ بکەنەوە و خەمی لێ بخۆن.
سەرچاوە:
مێژووی هونەر و کولتوور بەرگی شەشەم – Arthur Upham Pope
کولتووری عەشیرەکان بەشی کوردستان -Ali Nozarpour
فەرشە کوردییەکان – Shirin Souresrafil
کۆڕسکەری(تەونکەر) کوردی، وێنەێک لە هزری خۆی – Masoud Rahimi
کاریگەری کولتوور و کۆمەلگا-ئایدیای کولتوور – Terry Eagleton