کێکی شەیتانۆکەیی

وەرگێڕانی: سەعادەت کوردستانی

کاتێ تەلەفوونی کرد تەمەنم چواردە ساڵ بوو. ساڵێک دەبوو کە ئیتر لەگەڵ دایکم و  خوشکەکانم نەدەژیام و لە بەرلین بووم و لای هاوڕێکانم.

دەنگێکی نامۆ بوو. پیاوەکە خۆی بە من ناساند، وتی کە لە بەرلین دەژیت و پرسی کە ئایا پێمخۆشە لەگەڵی ئاشنا بم؟ هەڵوێستەیەکم کرد، دڵنیا نەبووم. سەبارەت بەم چەشنە یەکتربینینانە زۆرم بیستبوو و ساڵانی زووتر ئەو چەشنە دیدارانەم دەهێنایە پێش چاوم، بەڵام ئێستا کە کاتی گەیشتبوو، زیاتر لەوەی خۆشحاڵ بم دڵەڕاوکەم هەبوو. 

قەرارمان دانا. جینی لەبەریش بوو، هەم کۆتەکەی و هەم شەرواڵەکەی. من مکیاجم کردبوو، بردمی بۆ کافەی ڕیشتێر لە مەیدانی هیندەمیت، پاشان چووین بۆ سینەما، فیلمێکی ڕۆمێرمان بینی. پیاوێکی خراپ نەبوو، تۆزێک شەرمێون بوو. منی برد بۆ ڕێستورانێک و لەوێ ناساندمی بە هاوڕێکانی. لە نێوان خۆی و کەسانی دیکە بزەیەکی کاڵ و بەمانای دەکردە پەرژین. من دەمزانی ئەو بزەیە چی پێیە بۆ وتن. چەن جار ڕێگای دامێ کاتی کارکردن سەردانی بکەم. سناریۆی فیلمی دەنووسی، کاری دەرهێنانیشی دەکرد. 

ئەو پرسیارە مێشکمی ئاڵۆز کردبوو کە پارەم دەداتێ یان نا. نەیدا و منیش ئەو ئازایەتییەم تێدا نەبوو داوای پارە بکەم. هەڵبەت گرینگ نەبوو، من زۆرم نەدەناسی و چۆن دەکرا چاوەڕێی شتی وا بم؟ تازە خۆم خەرجی خۆمم دەردەهێنا، خوێندنگەیش دەچووم و منداڵی خەڵکیشم ڕادەگرت. ئەوەندەیشی نەمابوو تەمەنم بگاتە ئاستێک کە بتوانم ببمە گارسۆن لە ڕێستورانەکاندا. ڕەنگە لە داهاتیش کارێکی ڕێکوپێکم پەیدا دەکرد.

دوو ساڵ دواتر من و ئەو پیاوە هێشتایش هەر تۆزێک هەستی غەریبی لە نێوماندا مابوو. پێی وتم کە نەخۆشە. یەک ساڵی ڕەبەق لە جێگایەکدا بوو لە نێوان مەرگ و ژیان. چووم بۆ نەخۆشخانە بۆ سەردانی و پرسیارم کرد کە ئایا شتێکی پێویستە. وتی کە لە مردن دەترسێ و پێیخۆشە هەموو شتێک زووتر کۆتایی پێ بێت. پرسیاری کرد ئایا دەتوانم مۆرفینی بۆ پەیدا بکەم. بیرم کردەوە؛ چەن هاوڕێ و ئاشنایەکم هەبوون مادەی هۆشبەریان بەکار دەهێنا، بەڵام هیچکامیان هیچیان لەبارەی مۆرفینەوە نەدەزانی. لە لایەکی تریشەوە دڵنیا نەبووم لەوەی نەخۆشخانەکە شتەکە پێوشوێن نەگرێ و ڕوونی نەکاتەوە کە ئەو مۆرفینە لە کوێوە هاتووە. داخوازەکەیم لە بیر کرد. هەندێ جار گوڵم بۆ دەبرد.

وتی مۆرفینەکە بوو بە چی؟ منیش پرسیارم کرد حەزی لە چ جۆرە کێکێکە؛ دەمزانی حەزی لە شیرینییە. وتی کە ئێستاکە زیاتر شتی سادە و ساکاری پێ خۆشە، وتی حەزی لە کێکی شەیتانۆکەیییە، هەر ئەوە. چوومەوە بۆ ماڵ و کێکی شەیتانۆکەییم درووست کرد، دوو دەفری پڕ. کاتێک بردم بۆ نەخۆشخانە هێشتا هەر گەرم بوون. وتی کە پێی خۆش بووە لەگەڵ من بژیت، لانیکەم پێی خۆش بووە تاقی بکاتەوە. هەمیشە پێی وابووە دەرفەتی هەیە  و تا ئەوەی کە ڕۆژێک… بەڵام ئێستا ئیتر زۆر درەنگە.

چەن ڕۆژ دواتر پاش جەژنی لەدایکبوونی حەڤدە ساڵانیم مرد. خوشکە بچکۆلەکەم هات بۆ بەرلین، پێکەوە چووین بۆ ڕێوڕەسمی ناشتنی. دایکم نەهات. پێموایە سەری بە کابرایەکی تر گەرم بوو. بێ لەوەیش، باوکمی باش نەدەناسی و خۆشی نەدەویست.