شێرکۆ بێکەس

لە سروشتەوە بۆ مێژوو: هەوڵێک بۆ هێگلیانیزەکردن

«وشەی ‘مێژوو’ بەشێوەیەکی کورتخایەن لەسەر ڕووخساری سروشت دەنووسرێت. ڕووخسارناسیی ئەلیگۆرییانەی مێژووی سروشتیی، کە دەخزێنرێتە نێو درامای ماتەمەوە، لەنێو واقیعدا لەسەر فۆرم و شێوەی وێرانە دەردەکەوێت» – واڵتەر بنیامین، سەرچاوەی درامای ماتەمی ئەڵمانیی

چەمکی «مێژووی سروشتیی» (Naturgeschichte) چەمکێکی سەنتڕاڵی ناو مێژووی فەلسەفەیە لە هێگلەوە بۆ واڵتەر بنیامین و بۆ ئادۆرنۆ. لانیکەم لە سەردەمی هێگلەوە، هیچ فەلسەفەیەک نییە بتوانێت لەم ئایدیایە ڕابکات. واڵتەر بنیامین لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا «سەرچاوەی درامای ماتەمی ئەڵمانیی» (Ursprung des deutschen Trauerspiels) هەوڵ دەدات سەرهەڵدانی مۆدێرنیتە، ئەلیگۆریی، و داڕمان و کەوتنی ئۆبژێکتەکان و ئەزموونەکان بە تێپەڕینی کات، شی بکاتەوە. بنیامین بەپشتبەستن بە هێگل مێژووی سروشتیی وەک چەمکێکی بایۆلۆژیی یان زانستیی شی ناکاتەوە، بەڵکو وەک گۆشەنیگایەکی فەلسەفیی بۆ تێگەیشتن لە کارلێکی نێوان سروشت و مێژوو، کە تێیدا دەستکەوتە مرۆییەکان، کولتوور، و مێژوو بە شێوەیەکی زووتێپەڕ ڕوو دەدەن، و لەم پرۆسەیەدا هاوشێوەی پرۆسە سروشتییەکانی دیکە، چۆنایەتییەکانیان لەدەست دەدەن. لەم نووسینەدا دەمەوێت لە ڕوانگەی فەلسەفەی فینۆمینۆلۆژیی هێگل و مێژووی سروشتیی بنیامینەوە بڕگەیەکی شیعریی شێرکۆ بێکەس بەسەر بکەمەوە، کە تێپەڕینمان لە سروشتەوە بۆ مێژوو پیشان دەدات، بەڵام ئەم تێپەڕینە لە سروشتەوە بۆ مێژوو دوو قۆناغی زۆر سەرەکیی و بگرە پێشمەرجی هەیە: داستان و ئەفسانە. لەنێو مێژووی ئەدەبی کوردییدا، کەس وەک شێرکۆ بێکەس نەیتوانیوە بەم سێ دێڕە، ئەم قووڵاییە ئاوەڵا بکات. لەبەرئەوە، بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە، پێویستە ئەو فەلسەفەیە لە مێژوویدا بەسەر بکەینەوە، کە لە هەموو فەلسەفەکانی دیکە زیاتر ئەم بابەتەی شی کردووەتەوە: هێگل و بەدووایدا واڵتەر بنیامین، کە هەم بەقووڵیی هێگلییە و هەمیش لە زۆر شوێندا لێی جیا دەبێتەوە.

لە کەرتی «پێنجەم»ی دیوانی «خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ» (١٩٩٨)دا ئەمە دەخوێنینەوە:

«ئەوە شاخە؛ لەم دەراڵی بەردانەدا دۆڵپای داستان

پێ ئەگرێت و ئەفسانە چاوی ئەپشکوێ و مێژوو دەست بە

باهۆزەوە ئەگرێ و ئەڕوا.»

شێرکۆ بێکەس (١٩٤٠-٢٠١٥)

١: سروشت: هەرێمی ڕاستەوخۆیەتیی

«ئەوە شاخە؛ لەم دەراڵی بەردانەدا دۆڵپای داستان

پێ ئەگرێت…

لە سیستەمی فەلسەفیی هێگل-دا سروشت شوێنێکی سەرەکیی، بەڵام لە هەمان کاتدا سەرەتایی و بەرایی وەک خاڵی دەستپێکی گەشەی ڕۆح داگیر دەکات، کە هێگل بە هەرێمی ڕاستەوخۆیەتیی و پێداویستیی (Unmittelbarkeit und Notwendigkeit) پێناسەی دەکات. لای هێگل سروشت تەنها جیهانی بەرجەستە و فیزیکیی درەخت، ڕووبار و چیاکان نییە، بەڵکو هەروەها کاتیگۆرییەکی مێتافیزیکیشە – هەرێمێکی دەرەکیی، ماتریالیی کە یاسا ئاسنینەکانی هۆکاربەندیی و ڕێکەوتکردیی حوکمی دەکەن. لە کتێبەکەیدا، فەلسەفەی سروشت، وەک بەشێک لە ئینسایکلۆپیدیای زانستە سروشتییەکان، هێگل سروشت وەک «ئەویدیکە»ی ڕۆح دەهێنێتە پێشەوە، هەرێمێک تێیدا ڕۆح تەنها لە دۆخی نابیرکردنەوەیی و بێباکییدا بوونی هەیە، کە پێداویستیی و زەروورەت حوکمی دەکەن نەک ئازادیی و سەربەستیی. سروشت لەم مانایەدا، ماک و کەرەستەیەکی خاو و ڕاستەوخۆیە کە لێیەوە وشیاریی و خود-وشیاریی لەڕێگەی پرۆسەی دیالەکتیکییەوە سەرهەڵدەدەن. ئێرە ئەم هەرێمەیە تێیدا سەربەستیی شاراوە و نادیارە و تەنها بەشێوەیەکی ماتەوزە هەیە، بەڵام بەدینەهاتووە، چونکە هێشتا ڕۆح لە جەوهەری خۆدیاریکەری خۆی بە ئاگا نەهاتووەتەوە و بێدار نەبووەتەوە. لای هێگل، سروشت ئامانجێک نییە لەخۆیدا، بەڵکو سات و ڕەهەندێکی ناو ئاوەڵابوونی دیالەکتیکییانەی ڕۆحی ڕەهایە، قۆناغێکە تێیدا ڕۆح نادیارە، لەنێو دەرەکێتیی یاسا سروشتییەکاندا گیری کردووە، بەڵام دەیەوێت لەڕێگەی کاری بیرکردنەوە و ئیشکردنی مێژووەوە، ڕاستەوخۆیەتیی خۆی تێپەڕێنێت. جیهانی سروشتیی، لەڕێگەی بازنەکانی هەڵکشان و داکشان، سەرهەڵدان و داڕمانەوە، لەڕێگەی پرۆسە میکانیکیی و ئۆرگانییەکانەوە، خاوەن خود-وشیاریی خۆی یاخود ئامانجداربوونی خۆی نییە کە لە قۆناغە باڵاکانی ڕۆحدا دەیبینینەوە. لەبەرئەوە، سروشت هەم وەک بناغە و هەم وەک چەکێک خزمەت بە پێشکەوتنی دیالەکتیکیی بەرەو سەربەستیی خود-وشیارانە دەکات، کە تێیدا ڕۆح دەست دەکات بە ناسینی خۆی وەک یەکێتیی و ئاشتبوونی نێوان بکەر و بابەت (سەبژێکت و ئۆبژێکت).

ئەگەرچی وا دەردەکەوێت واڵتەر بنیامین لە نیگای یەکەمدا ئاراستەیەکی ماتریالیستیی و مێژوویی بەرەو سروشت بگرێتە بەر، بەڵام بە قووڵبوونەوە تێدەگەین هەم تەواوکەرە و هەمیش گۆشەیەکە لێیەوە دەوڵەمەندیی هزری هێگل دەبینین. لای بنیامین سروشت بەتەنها بریتی نییە لە کاتیگۆرییەکی مێتافیزیکیی، بەڵکو دیاردەیەکە مێژوو گەیاندوویەتی، کاری مرۆڤ، تەکنەلۆژیا و بەرهەمی کولتووریی دروستیان کردووە و فۆرمیان پێداوە. لە بەرهەمە گەورە تەواونەکراوەکەیدا، پڕۆژەی پاساژەکانی پاریس و لە وتارەکانیدا دەربارەی سوریالیزم و مارسێل پروست، بنیامین سروشت وەک ڕەهەند و لایەنێکی بەجادووییکردن و نامۆبوونی ناو مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەبینێت. لێرەدا وا دەردەکەوێت بنیامین لە گەشبینیی دیالەکتیکیی هێگل جیاببێتەوە، کە سروشت وەک قۆناغێکی پێویست بەرەو خود-بەدیهێنانی ڕۆح دەبینێت، بنیامین سروشت وەک تەڵەیەکی ناو «مێژووی سروشتیی» داڕمان و زووتێپەڕیی و کورتخایەنیی لێک دەداتەوە. بە گەڕانەوە بۆ یەکەم کارکردنی لەسەر ئەم چەمکە لە کتێبەکەی ساڵی ١٩٢٦ی خۆیدا، سەرچاوەی درامای ماتەمی ئەڵمانیی، بنیامین سروشت وەک هەرێمێک وێنا دەکات تێیدا بەرهەمە مرۆییەکان و پرۆسە سروشتییەکان بەردەبنەوە ناو یەکترییەوە، ئەمەش شلۆقیی، ناسکێتیی و کورتخایەنیی هەردوو لایەنەکە دەستنیشان دەکات. لای بنیامین ڕاستەوخۆیەتیی سروشت بریتی نییە لە خاڵێکی دەستپێکی بێلایەن، بەڵکو مەیدانێکە کەوتووتە نێو شوێنپێ مێژووییەکانەوە – وێرانەکان، کاڵاکان و بابەت و کەرەستە لەبیرکراوەکان کە مۆرکی داهێنانی مرۆییان بەنێوچەوانەوە لکێنراوە. جیهانی سروشتیی، لە ڕاستەوخۆیەتییە دەرکەوتە و ڕواڵەتییەکەیدا، هەمیشە و لە سەرەتاوە هێزە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی سەرمایەداریی دەیگوازنەوە، کە سروشت دەکەنە نمایشێک یاخود سەرچاوەیەک بۆ خراپ بەکارهێنان. بەڵام بنیامین هەروەها لە سروشتدا ڕەهەند و ماتەوزەیەکی ڕزگارییخوازانەش دەبینێت: لە سات و ڕەهەندەکانی ڕۆشنایی دیالەکتیکییدا، وەک ڕووبەڕووبوونەوەی سرویالیستیی لەگەڵ جوانیی لەمۆدکەوتوو، بەسەرچوو یاخود ڕاگوزەری دیمەنێکی سروشتییدا، لێرەدا سروشت کۆمەڵێک نیگا بۆ هارمۆنییەکی لەدەستچوو یاخود ئەگەرێکی یۆتۆپیایی ئاوەڵا دەکات. بنیامین هەروەها پێیوایە سروشت کەمتر قۆناغێکە کە دەبێت تێبپەڕێنرێت، بەڵکو سەرچاوەیەکە بۆ کۆمەڵێک وێنەی دیالەکتیکیی کە پێشکەوتنی ڕاستەهێڵیی مێژوو دەوەستێنێت، داوا لە ڕامانی ڕەخنەیی دەکات بیر لە ئێستا بکاتەوە.

٢: داستان: سەرهەڵدانی ڕۆحی بکەریی

«ئەوە شاخە؛ لەم دەراڵی بەردانەدا دۆڵپای داستان

پێ ئەگرێت…

تێپەڕین لە سروشتەوە بەرەو داستان ساتێکی بنچینەیی لە ئاوەڵابوون و ئاشکرابوونی وشیاریی مرۆییدا دەردەخات کە تێیدا ڕۆح لەڕێگەی نێوبژیوانیی گێڕانەوە و خەیاڵەوە مامەڵە لەگەڵ جیهاندا دەکات، دەست دەکات بە چنینی ئەزموونی تاک لەنێو قوماشێکی بوونی کۆیی و پێکەوەییدا. لای هێگل بەو جۆرەی لە ئێستاتیکا: وانەکان دەربارەی هونەرە جوانەکاندا هەڵوەستەی لەسەر دەکات، داستان قۆناغێکی بنچینەیی نێو گەشەسەندنی هونەر پیشان دەدات، کە لە کۆمەڵگە کۆنە مرۆییەکانی وەک یۆنانی کۆندا، دەرکەوتوون، بۆ نموونە لە ئیلیادە و ئۆدیسەی هۆمیرۆس-دا. چوارچێوەی دیالەکتیکیی هێگل پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات کە داستان بە تەنها فۆرمێکی ئەدەبیی نییە، بەڵکو دەرکەوتە و بەرجەستەبوونی پێشکەوتنی ڕۆحە بەرەو خود-وشیاریی، و دەکەوێتە سەر یەکتربڕی قۆناغە سیمبولیی/هێمانیی و کلاسیکییەکانی هونەرەوە. داستان لەنێو ئەو کولتوورانەدا دەردەکەوێت کە تێیدا ڕۆحی مرۆیی دەست دەکات بە داڕشتن و ڕۆنانی پەیوەندیی خۆی بە جیهانی دەرەکییەوە – سروشت، کۆمەڵ و ڕەهەندی خوایی – و ئەم کارەش لەڕێگەی ئەو گێڕانەوە پاڵەوانخوازییانەوە ئەنجام دەدات کە سەبژێکتیڤیتیی/خودێتیی تاک بەرز دەکەنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا تاکە بەرزکراوەکە لە ژینگەی خۆیشیدا دەهێڵنەوە. ئەم گێڕانەوە هەروا بە سادە و سانایی بریتی نین لە کۆمەڵێک خەیاڵی ڕووت یاخود حیکایەتی هەڵاتن لە دونیا؛ بەڵکو بەرجەستەکەری وشیاریی کۆیی گەلێکن، وەک نێوانگرێک دەجووڵێنەوە کە لەڕێیەوە کولتوورێک بیر لە بەهاکانی، خەبات و هیوا و خەوانەکانی دەکاتەوە.

بە گۆشەنیگای هێگل، داستان بریتییە لە قۆناغی پێش-ڕامان، و ئەم قۆناغەش بە یەکێتییەکی ڕاستەوخۆ و بەگشتیی زیندوو/ئۆرگانیی نێوان تاک و گشتدا دەناسرێتەوە. لەم قۆناغەدا، ڕۆحی بکەریی – خودوشیاریی ڕوولەگەشەی تاک – هێشتا بە تەواویی خۆی لە جیهانی بابەتیی یاخود خوایی دانەبڕیوە. پاڵەوانی داستان، وەک ئەخیلێس یاخود ئۆسیسوس، لە جیهانێکدا دەجووڵێتەوە تێیدا بکەرێتیی تاک بە چارەنووسەوە بەستراوەتەوە، بە دەستێوەردانی خواییەوە گرێدراوەتەوە و بەندە لەسەر چارەنووسی کۆیی کۆمەڵ. ئەم یەکێتییە ڕەنگدانەوەی ئەو شتەیە هێگل پێیدەڵێت سروشت و خەسڵەتی «بنچینەیی» کۆمەڵگە سەرەتاییە مرۆییەکان، کە تێیدا کردەوەکانی تاک لە ڕەوشت و نەریت و ڕۆحی گشتیی جیانابنەوە. لەبەرئەوەیە داستان بریتییە لەو فۆرمەی گێڕانەوە کە لە هەوڵی ناوەکیی ڕۆح بۆ بەدەرکییکردنی ژیانی ناوەوەی خۆی تێدەگات، دەیخاتە نێو جیهانێکی خوایان، پاڵەوانان و هێزە بنچینەیی و دەرەکییەکانەوە. بەڵام ئەم دانەپاڵە وابەستە بە ڕاستەوخۆیەتیی ڕووداوە دەرەکییەکانەوە دەمێنێتەوە، خاوەن ئەو قووڵاییە نییە کە فۆرمە هونەرییەکانی دواتر وەک تراژیدیا یان فەلسەفیی هەیانبوو و لەڕێگەیانەوە دەیانتوانی بەخۆیاندا بچنەوە، ئەمەش دەبێتە نیشانی چەندین قۆناغی دیکە لە گەشتی دیالەکتیکییانەی ڕۆحدا بەرەو خود-وشیاریی. لای هێگل، داستان هەنگاوێکی بنەڕەتییە لەم پێشکەوتنەدا، چونکە ڕێگە بۆ مرۆڤایەتیی خۆشدەکات بوونی خۆی بگێڕێتەوە، فۆرم بە ئەزموونەکانی ببەخشێت و دەست بکات بە پرۆسەی ناسینەوەی خۆی وەک ئەو بکەرەی دەتوانێت مێژووی خۆی دروست بکات.

هەڵبەت واڵتەر بنیامین لە کتێبی «حیکایەتخوان»دا کاری لەسەر پرسی داستان کردووە بە وردیی، بێگومان نزیک و کاریگەر بە هێگل. بۆ نموونە، ئەو حیکایەتخوانیی زارەکیی خەرمانەگرتووی کۆمەڵی داستانەکانی پێش مۆدێرن دەخاتە بەرانبەر گێڕانەوە کەرتکەرت و تاکگەرییەکانی سەردەمی مۆدێرنیتە. بنیامین داستانەکان وەک کۆمەڵێک گێڕانەوەی کۆیی و ڕێوڕەسمئاسا دەبینێت کە بەها کولتوورییەکان و حیکمەتی پراکتیکیی («ڕاوێژ») لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازێتەوە، ئەو حیکمەتەی ڕیشەی لە جیهانبینیی پێش-مۆدێرندا هەیە کە تێیدا ڕەهەندی مرۆیی و ڕەهەندی خوایی ئامێزانی یەک دەبن. بەپێچەوانەی هێگلەوە، کە داستان وەک قۆناغێکی دیالەکتیکیی لە گەشتی ڕۆحدا بەرەو خود-وشیاریی دەبینێت، بنیامین غەمگینە بەرانبەر بە داوەشان و ئاوابوونی داستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەعەقڵانییکردن و بەکاڵاییکردنی مۆدێرندا. بەڵام لای هەردوو بیرمەندەکە داستان نیشانەی قۆناغێکی پێکهێنەرە لە ڕۆحی بکەرییدا، کە دەبێتە پردی پەیوەندیی یەکێتیی پێش-ڕامان و تاکایەتیی خود-وشیار و ئەمەش خزمەت بەو بەرهەمە کولتوورییە دەکات کە دەبێتە سەنگەرێک لە بەرانبەر بە نامۆبوونی سەردەمی مۆدێرن، و لە هەمانکاتیشدا حیکایەتی شوێن و پێگەی مرۆڤ لە گەردووندا دەگێڕێتەوە.

٣: ئەفسانە: دەرکەوتنی هێمایی ڕۆح

« لەم دەراڵی بەردانەدا دۆڵپای داستان

پێ ئەگرێت و ئەفسانە چاوی ئەپشکوێ…

ئەفسانە لە سیستەمی فەلسەفیی هێگلدا قۆناغێکی زۆر سەرەکیی ناو ئاوەڵابوون و دەرکەوتنی ڕۆح پیشان دەدات کاتێک بەرەو خود-وشیاریی و زانینی ڕەها لەبەرەوپێشچوون دایە. لای هێگل، بەو جۆرەی لە فەلسەفەی ئایین و فەلسەفەی هونەردا هەڵوەستەی لەسەر دەکات، ئەفسانە بە سانایی بریتی نییە لە کۆکردنەوەیەکی حیکایەت و چیرۆکەکان یاخود بەرهەمە کولتوورییەکان، بەڵکو دەرکەوتەیەکی جووڵەئاسا و داینامیکیی هەوڵی ڕۆحی مرۆییە بۆ تێگەیشتن لە ڕەهایەتیی لەڕێگەی فۆرمە هێمایی/سیمبولییەکانەوە. بە سەرهەڵدانی لە کولتوورە کەوناراییەکانی وەک یۆنان، میسر و هیند، ئەفسانە ڕاستەوخۆیەتیی ئەزموونی هەستەکیی (ئەزموونی سەرەتایی) دەگۆڕێت و دەیباتە نێو گێڕانەوە ئاڵۆزترەکان و هێماکانەوە – خواکان، ڕێوڕەسمەکان و گەردوونەکانەوە – کە فۆرمی مرۆیی/کەسیی بە خوا دەبەخشێت و دەبێتە پردی پەیوەندیی نێوان مرۆڤایەتیی و ڕەهەندی نەمریی/بێدوایەکیی. بەپێچەوانەی داستانەوە، کە لەنێو تایبەتێتیی تاکە پاڵەوانییەکان و خەباتە هاوبەشەکاندا دەمێنێتەوە، ئەفسانە گەشتی ڕۆح بۆ پرسیارە گەردوونییەکانی بوون، هۆکارێتیی و کارکردنی نێوان ڕەهەندی مرۆیی و ڕەهەندی خوایی بەرز دەکاتەوە. لای هێگل ئەفسانە سات و ڕەهەندەکی دیالەکتیکیی نێو گەشەسەندی ڕۆحە، قۆناغێکە تێیدا ڕەها لەڕێگەی وێنەی هەستەکییەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام هەشتا لەنێو ڕشنایی عەقڵانیی و چەمکسازییانەی فەلسەفەدا بەتەواویی دەرک ناکرێت. ئەفسانە وەک پردێکی هێمایی دەجووڵێتەوە کە نێوبژیوانیی نێوان ڕاستەوخۆیەتیی سروشت و وشیاریی ڕامانئاسایی خود-وشیاریی مێژوویی دەکات، بەڵام هێشتا لە قۆناغێکدا دەمێنێتەوە کە هەستەکیی و تایبەتە، خاوەن گشتێتیی سیستەماتیکی بیری فەلسەفیی/ڕامانیی نییە.

هێگل ئەفسانە وەک بەرهەمێکی وێناکردنی مرۆیی دەبینێت کە هەوڵ دەدات لە ڕەهایی تێبگات، لە فۆرمی خوایەتییە بەمرۆڤکراوەکان و گێڕانەوە گەردوونییەکاندا، حەقیقەتە ڕۆحییەکان بەدەرەکیی دەکات. لە فێنۆمێنۆلۆژیای ڕۆح و وانەکان دەربارەی فەلسەفەی ئاییندا دەڵێت ئەفسانە بیر لە قۆناغی پێش-ڕامانیی وشیاریی دەکاتەوە، لەو شوێنەی ڕەهایی بەشێوەیەکی حەدەسیی (سۆسەیی) نەک چەمکسازانە، دەرک دەکرێت. بۆ نموونە، لە ئەفسانەی یۆنانییدا، خواکانی وەک زیۆس یاخود ئەسینا ڕەهەندە یەزدانییەکان بەرجەستە دەکەنەوە – دەسەڵات، دانایی، دادپەروەریی – لە کاتێک و لە هەمان کاتدا هەڵگر و ڕەنگدانەوەی کۆمەڵێک چۆنایەتیی و ناکۆکیی مرۆییشن. لای هێگل ئەم بەمرۆییکردنەی ڕەهەندی خوایی (anthropomorphism) هەم هێز و توانایی و هەم سنووردانان و بێهێزییە: ئەمە وا دەکات وشیاریی مرۆیی توانای دەستگەیشتنی بە ڕەهەندی خوایی هەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم حاڵەتە دەبەستێتەوە بە فۆرمە هەستەوەرییەکانی وێناکردن، و ڕێگە لە داڕشتن و ڕۆنانی تەواوەتیی عەقڵانیی ڕەهایی دەگرێت. لەبەرئەوە ئەفسانە ڕێگەی ناوەڕاستی نێو دیالەکتیکی ڕۆح داگیردەکات، ڕاستەوخۆیەتیی سروشت (وەک لە ئایینە سەرەتاییەکاندا باوە) بە سەرهەڵدانی خود-وشیاریی مرۆییەوە دەبەستێتەوە. ئەفسانە قۆناغێکی پێویستی ناو گەشتی ڕۆحە، زەمینە بۆ تێگەیشتنی چەمکسازییانەی فەلسەفە لە ڕەهایی ئامادە دەکات، وەک بەو جۆرەی لە گەشەسەندنەکانی دواتردا دەردەکەون، بۆ نموونە لە مەسیحایەتیی یاخود ئایدیالیزمی فەلسەفییدا. بەڵام هۆشداریی ئەوەش دەدات کە وابەستەیی ئەفسانە بە ڕەهەندی خەیاڵیی یاخود گێڕانەوەیی واتا ئەفسانە بە ناکامڵی دەمێنێتەوە، وەک دەرکەوتن و ئاوەڵابوونێکی لاوەکیی حەقیقەت دەمێنێتەوە کە دەبێت بۆ نێو فۆرمە باڵاترەکانی بیری عەقڵانیی بەرزبکرێتەوە (aufgehoben).

ئەگەرچی واڵتەر بنیامین لە گۆشەیەکی جیاوازترەوە لە ئەفسانە نزیک دەبێتەوە، بەڵام ئەم چوارچێوە هێگلییە بە ڕامانەکانی دەربارەی مێژوو، ئەلیگۆریی و چۆنایەتیی خەرمانەیی فۆرمە هێماییەکان، دەوڵەمەندتر دەکات. لە کتێبەکەیدا سەرچاوەی درامای ماتەمی ئەڵمانیی و هەروەها لە تێزەکانیدا دەربارەی مێژوو، بنیامین ئەفسانە وەک قۆناغێکی پێشکەوتوو لەنێو ئاوەڵابوونێکی دیالەکتیکییدا نابینێت، بەڵکو وەک کۆگایەکی یادەوەریی کولتووریی و مانا سەیری دەکات، کە تێکەڵە بە خەرمانە و بەرانبەر بە کورتکردنەوەی شتەکان بۆ تەنها ڕەهەندی عەقڵانیی، دەوەستێتەوە. لای بنیامین هێما ئەفسانەییەکان – وەک خواکانی یۆنانی کەونارا یاخود حیکایەتە گەردوونییەکانی میسر – بەتەنها کۆمەڵێک نزیکبوونەوەی حەدسیی و سۆسەیی نین لە ڕەهەندی ڕەهایی، وەک هێگل دەیگوت، بەڵکو قورساییەکی مێژوویی هەڵدەگرن، دەست بەسەر ئەزموونی کۆیی کولتوورێکدا دەگرن کە بەجۆرێک، کاتی هێڵیی بەجێدەهێڵێت. بەپێچەوانەی هێگلەوە، کە ئەفسانە بەردێکی بناغەیە بەرەو فەلسەفەی عەقڵانیی، بنیامین هێما ئەفسانەییەکان وەک ڕەهەندێکی ئەلیگۆرییانە دەبینێت، کە ئاماژە بە مێژوویەکی دابەش و کەرتکەرت و ناهێڵیی دەکەن. بە ڕوانینی بنیامین خواکان و ڕێوڕەسمەکانی ئەفسانە بریتی نین لە تەنها کۆمەڵە وێنەیەکی هەستەکیی، بەڵکو بریتین لە «گەلەستێرەکان»ی مانا کە لە یادەوەریی کولتوورییدا دەمێننەوە، حەقیقەتەکان دەربارەی بوونی مرۆڤیی ئاشکرا دەکەن، کە ڕەنگە ڕۆشنایی چەمکسازییانەی فەلسەفە تاریکی بکەن.

چەمکی «خەرمانە» (Aura) لای بنیامین لێرەدا بەتایبەت شتەکەمان زیاتر بۆ ڕوون دەکاتەوە، ئەگەرچی بیرمەندەکە لە دەیەی ١٩٣٠یەکاندا توند ڕەخنە لە چەمکەکە دەگرێت. بنیامین خەرمانە وەک ئامادەیی تاقانەی بابەتێک یاخود هێمایەک پێناسە دەکات کە ڕەگ و ڕیشەی لەنێو بەستێنی مێژوویی و کولتوورییدا هەیە و مانایەکی دووریی و شکۆ ئاشکرا دەکات. هێما ئەفسانەییەکانی وەک پەیکەرەکانی خوایان یاخود ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی هیندی کەونارا، خاوەن ئەم خەرمانەیەن، وا لە بینەر دەکەن بەشداریی لەنێو بوونێکی کاتیی بکات کە ئێستا بە ڕابردووی پێش مێژووییەوە گرێدەداتەوە. لای بنیامین ئەم چۆنایەتییە خەرمانەییە ئەفسانە لە عەقڵانییەتی لەجادووداماڵراوی فەلسەفەی مۆدێرن جیادەکاتەوە، کە هێگل نوێنەرایەتیی دەکرد. لەو شوێنەی هێگل ئەفسانە وەک قۆناغێکی گرنگ دەبینێت بەڵام دەبێت تێبپەڕێنرێت، بنیامین دەڵێت فۆرمە هێماییەکانی ئەفسانە خاوەن دەسەڵاتێکی وەستێنەرن و دەتوانن گێڕانەوە ڕوولەپێشەکانی مێژوو بۆ ساتێک بووەستێنن. بۆیە ئەفسانە بەم مانایە تەنها پێشینەیەک نییە بۆ فەلسەفە، بەڵکو مۆدێل و شێوازێکی بوونیشە کە وزەی ناوەکیی «ڕزگارییخوازانە»ی مێژووی لەخۆیدا هەڵگرتووە – واتا ساتەکانی وەستان کە تێیدا ڕابردوو بۆ ساتی ئێستا دەدوێت و دەستدەکات بە دروستکردنی تەنگژە بۆ هەژموونی پێشکەوتنی عەقڵانیی تەکنیکیی.

٣: مێژوو: بەدیهاتنی سەربەستیی و خود-وشیاریی

« مێژوو دەست بە

باهۆزەوە ئەگرێ و ئەڕوا…

لای هێگل مێژوو زنجیرەیەکی ڕووتی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو شانۆی مەزن و شکۆمەندی خۆبەدیهێنانی ڕۆحە (Selbstverwirklichung des Geistes) کە تێیدا وشیاریی مرۆیی بەرەو خود-وشیاریی ڕەها و سەربەستیی لەڕێگەی کارلێکی دیالەکتیکییانەی نێوان ئایدیاکان، دامەزراوەکان و کردەوەکانەوە دەڕوات. لە کتێبەکەیدا بەناوی فەلسەفەی مێژوو هێگل مێژوو وەک ئاوەڵابوونێکی عەقڵانیی ڕۆح دەبینێت، پرۆسەیەک لەڕێگەیەوە مرۆڤایەتیی ڕاستەوخۆیەتیی سروشت تێدەپەڕێنێت و بە سەربەستیی ژیانی ئەخلاقیی (Sittlichkeit) و خود-وشیاریی دەگات. ئەم جووڵە دیالەکتیکییە دەبێتە هۆی ئەوەی عەقڵ خۆی لەجیهاندا دەربخات. مێژوو لەم مانایەدا بریتییە لە گێڕانەوەی گەشتی ڕۆح لە وزەی ناوەکییەوە (potentiality) بەرەو کردەکییبوون (actuality)، و تێیدا کۆمەڵگە مرۆییەکان بەنێو کۆمەڵێک قۆناغی جیاوازدا تێپەڕ دەبن – جیهانی خۆرهەڵاتیی، یۆنانیی، ڕۆمانیی و مۆدێرن (ئەڵمانیی) – هەر یەکێکیان لە شوێن و بەستێنی خۆیدا بەشێوەیەکی ڕوولەپێش بەدیهاتنێکی تەواوتری سەربەستیی پیشان دەدەن.

لە جیهانی خۆرهەڵاتییدا، سەربەستیی کورتکراوەتەوە بۆ سەربەستیی یەک کەس، بۆ ستەمکار، کە ئیرادە و ویستە سەرەڕۆکەی حوکم دەکات، و هەموو ئەوانیدیکە دەکاتە پاشکۆ و ئەڵقەلەگوێی دەسەڵاتەکەی. لێرەدا، وشیاریی لەنێو ڕاستەوخۆیەتییەکی پێش-عەقڵانیی و هەڕەمییدا دەمێنێتەوە، کە تێیدا زۆرێک هێشتا نائازادن و ڕۆحی مێژوو هێشتا لە قۆناغی کۆرپەلەیی دایە. جیهانی یۆنانیی و ڕۆمانیی پێشکەوتنێکی لاوەکیی لەم پرۆسەیەدا ئەنجام دەدەن، هەندێک وەک ئازاد دەبینرێن – هاوڵاتییانی ناو دەوڵەت-شاری یۆنانیی یاخود کۆماری ڕۆمانیی – بەڵام ئەم ئازادیی و سەربەستییە هێشتا ناتەواوە، چونکە کۆیلەکان، ژنان و بێگانەکان وەدەردەنێت. دیالەکتیکی سەربەستیی لە جیهانی مۆدێرندا (کە هێگل جیهانی ئەڵمانیی بەم جیهانە مۆدێرنە دەبینێت) دەگاتە لوتکە، و تێیدا پرەنسیپی سەربەستیی گەردوونیی دەردەکەوێت، لانیکەم لە چەمک و لە وشیارییدا. لێرەدا، دەوڵەت وەک بەرجەستەبوونی ژیانی ئەخلاقیی عەقڵانیی (Sittlichkeit) دەبێتە ئەو مەیدان و گۆڕەپانەی تێیدا سەربەستیی تاک و عەقڵی گشتیی پێکەوە ئاشت دەبنەوە. لای هێگل، دەوڵەت بە سانایی و بە تەنهایی بریتی نییە لە دامەزراوەیەکی سیاسیی، بەڵکو بەدیهاتنێکی کۆنکریتیی و بەرجەستەی ڕۆحە، و تێیدا تاکەکان وەک کۆمەڵێک بکەری مێژوویی لەڕێگەی بەشدارییکردن لە کۆمەڵە عەقڵانیی و ئەخلاقییەکاندا بە خود-وشیاریی دەگەن. لەبەرئەوە، مێژوو دەبێتە پرۆسەی نەرێکردن و هاوکات بەرزکردنەوە (Aufhebung)، کە ڕاستەوخۆیەتیی سروشت و سنوورەکانی فۆرمە پێشووییە کۆمەڵایەتییەکان دەڕەتێنرێن، و دەچنە نێو سەربەستییەکی عەقڵانیی و خود-وشیارانەی مۆدێرنیتەوە.

زۆربەی جار، فەلسەفەی مێژووی هێگل وەک ڕوانینێکی گەشبینانە بۆ پێشکەوتنی عەقڵانییانەی مێژوو بینراوە و لە بەرانبەردا بیری بیرمەندانێکی گوایە ڕەشبین بۆ مێژوو لە بەرانبەری دانراوە، لەوانە واڵتەر بنیامین. پێویستە سەرەتا بڵێین هەم تێگەیشتنی هێگل بۆ مێژوو گەشبینانە نییە و هەم تێڕوانینی بنیامین بۆ مێژوو ڕەشبینانە نییە و ئەمە سادەکردنەوەیەکی هەردووکیانە. هێگل بڕوای بە چالاکیی بەردەوام هەیە بۆ بەدیهێنانی مێژوو، کەواتە نەک گەشبینینیی ناچالاکانە، بەڵکو کردەی بەردەوام ئامانجی مێژوو بەدیدەهێنێت و بنیامینیش لەلای خۆیەوە بەردەوام باس لە گرتنی ساتەکانی مێژوو دەکات کە وەک فلاشی کامێرا دەردەکەون و ئەگەر لەساتی دروستی خۆیاندا نەگیرێن بۆ ئەبەد لەدەست دەچن. کەواتە هەردوو بیرمەند بۆ بەدیهێنانی مێژوو جەخت لەسەر بکەربوونی چالاکانەی مرۆڤ دەکەنەوە.

لە نووسراوە بەناوبانگەکەیدا، «تێزەکان دەربارەی چەمکی مێژوو» (کە لە جیهانی ئینگلیززماندا بە: تێزەکان دەربارەی فەلسەفەی مێژوو ناسراوە) (١٩٤٠) بنیامین دەست دەکات بە ئاڵنگارکردنی ئایدیا و بیرۆکەی مێژوو وەک مارشێکی هێڵیی بەرەو سەربەستیی، لێرەشدا وا لێکدراوەتەوە بنیامین تێزەکانی دەخاتە بەرانبەر ئایدیالیزمی هێگلیی بۆ مێژوو وەک باوەڕێکی نەگۆڕ بۆ پێشکەوتنی سەربەستیی. کاتێک لەگەڵ پەلاماری نازیزمدا بۆ پاریس تێزەکانی دەنووسێت، بنیامین مێژوو وەک کێڵگەیەکی نابەردەوامیی وێرانەکان دەبینێت، کە قوربانیان و چەوساوان تێچووی ئەو شتە دەدەن پێیدەگوترێت پێشکەوتن. تێڕوانینی بنیامین بۆ مێژوو جەختکردنەوەیە لەسەر «ساتی ئێستا» (Jetztzeit)، کە ڕابردوو و ئێستا تێکەڵی یەک دەبن بۆ وەستاندنی بەردەوامیی مێژوو. هەڵبەت هێگل-یش مێژووی وەک شتێک دەبینی بۆ تێگەیشتن لە ئێستا و گۆڕینی داهاتوو.

لای بنیامین مێژوو بریتییە لە گەلەستێرەیەکی ئەو سات و ڕەهەندانەی کۆمەڵێک بەڵێنی بەدینەهاتوویان لەخۆیاندا هەڵگرتووە، و ئەرکی مێژوونووسیش بریتییە لە «تەقاندنەوە»ی ئەم بەردەوامییە لەڕێگەی زەقکردنەوە و بانگکردنەوەی دەنگە بێدەنگکراو و سەرکوتکراوەکان. ڕوانینی بنیامین بۆ مێژوو لە بنەڕەتەوە ڕەنگدانەوەی دیالەکتیکی هێگلە بەڵام لەبری بکەرە ڕاستەوخۆکانی مێژوو، لای بنیامین ڕەهەندێکی کۆییتر دێت، کە پێیدەڵێت «ساتی مسیانیی» و لە بنەڕەتدا نزیکە لە چەمکی شۆڕش لای کارل مارکس، و مێژوو وەک دید و لایەنێکی ڕزگاریی دەبینێت نەک سەرکەوتن. «فریشتەی مێژوو»ی بنیامین، بە وەرگرتن لە «فریشتەی نوێ»ی پاول کلی، زەق زەق لە وێرانەکانی ڕابردوو دەڕوانێت، کە بەهۆی بای پێشکەوتنەوە نەک بەرەوپێشەوە، بەڵکو بەرەو ڕابردوو فڕێدەدرێت، و لێرەدا ڕوانینی بنیامین بۆ مێژوو، ڕوو لە ڕابردووە بۆ بێدارکردنەوەی دەنگە کپکراوەکان و ڕوانینی هێگل ڕوولەداهاتووە بۆ ڕزگارکردنی ئێستا و بونیادنانی داهاتوو. جیاوازیی لای دوو بیرمەندەکە بریتییە لە ئاوەڕدانەوە بۆ ڕابردوو و نیگابڕین لە داهاتوو، بەڵام هەردووکیان لەوەدا کۆکن، کە ڕابردوو ئەگەر ڕزگار نەکرێت، داهاتوو بوونی نابێت.

٤: شێرکۆ بێکەس: پردی پەیوەندیی هێگل و بنیامین

ئێمە لێرەدا دەتوانین دوو جیهانی شیعریی بخەینە بەرانبەر یەک: جیهانی شیعریی ئەڵمانیی سەردەمی ڕۆمانتیسیزم کە خۆراکی خۆی لە سروشت وەردەگرێت، و بکەری مرۆیی تێیدا دەستەوەستان و ناکاریگەرە و ئەمەش دەبێتە پاڵنەر بۆ پەلاماری ڕەخنەیی هێگل و بنیامین بۆ سەر چەمکی سروشت لە ئەدەبی ئەڵمانییدا، بەوەدا سروشت دەرنشینە و باڵایەتیی بەسەر مرۆڤدا هەیە و بوونی مرۆڤ ون دەبێت، یاخود دەکرێتە پاشکۆ. لە بەرانبەردا ئێمە خاوەن جیهانی شیعریی کوردیین، کە تێیدا سروشت لە پەیوەندیی دوولایەن دایە لەگەڵ مرۆڤ. سروشت دەتوانێت ببێتە پەناگا بۆ ڕزگاریی، بەڵام ناتوانێت بە تەواوەتیی حوکمی مرۆڤ بکات، چونکە ئەوە بکەری مرۆییە بە نیگاکانی دەتوانێت سروشت ڕاڤە بکات، مانای پێبدات و ڕەهەندی سیاسیی پێببەخشێت، کە پێناسەکەرەکەی مرۆڤە، نەک سروشت پێناسەی مرۆڤ بکات. ئێمە لە شیعری کوردییدا فۆرم و ڕەهەندێکی «بەمرۆییکردنی سروشت» دەبینین، لەکاتێکدا لای ڕۆمانتیسیزمی ئەڵمانیی، ئێمە بەر «بەسروشتیکردنی مرۆڤ» دەکەوین. سروشت چالاک و مرۆڤ ناچالاک. دیارە لێکۆڵینەوە لەم پرسە بابەتی ئەم توێژینەوەیە نییە و من لە بەشی یەکەمی بەرگی یەکەمی کتێبی «سەما لەسەر گڕکان» بەتایبەت لەو بەشەی بۆ «ئەفسانەی بنەڕەت: بەسیاسییکردنی دار و تەختە» تەرخانمکردووە، بە دوور و درێژیی باس لەم ڕەهەندەی «بەسروشتییکردنی مرۆڤ» لە فەلسەفە و هونەر و ئەدەبی ئەڵمانییدا دەکەم. لێرەدا دەمەوێت ڕاستەوخۆ بپەڕمەوە سەر ئەم بڕگەیەی شێرکۆ بێکەس کە بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە هەڵمبژاردووە.

سروشت، شاخ (چیا) لە نەریتی کوردییدا، هاوشێوەی ئەڵمانەکان ڕەهەندی سیاسیی وەردەگرێت، واتا لە ڕەهەندی ڕاستەوخۆیەتیی دەکەوێت، «هیچ دۆستێکمان نییە جگە لە چیاکان»، دەنگدانەوەی قووڵی ئەم سایکۆلۆژیا سیاسییەن کە مێژووی کوردی پێدا تێپەڕ دەبێت. بەڵام ئەم بەسیاسییکردنەی سروشت مێژوویەکی تازەتری هەیە بەراورد بە نەریتی ئەڵمانەکان، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕاپەڕینی هۆزە ژەرمەنەکان دژی ئیمپراتۆریای ڕۆمانیی، بەتایبەت بەوەدا کە ئیمپراتۆریاکە لە زێدەتر لە ناوچە تەختەکاندا دەیتوانی باڵادەست بێت و نمایشی دەسەڵات بکات، تا لەو شوێنانەی بە دارستانی چڕ ناسرابوون، لەوانە ئەڵمانیا. دارستان لە نەریتی ئەڵمانییدا، و چیا لە نەریتی کوردییدا ئەم پێگەیە وەردەگرن. دارستان دەبێتە دۆستی هۆزە ژەرمەنەکان کە ڕێگەیان بۆ خۆش دەکات بەردەوام بۆسە بۆ سوپای ڕۆمانیی دابنێن و لە چاوتروکانێکدا خۆیان حەشار بدەن. پەلاماری هۆزە ژەرمەنەکان بۆسەر ئیمپراتۆریای ڕۆمانیی، کۆتایی ئەم ئیمپراتۆریەتە مەزنەی لێدەکەوێتەوە، کە زیاتر لە نیوەی سەر زەوی داگیرکردبوو. تەنها شوێنێک دەستی بەسەردا نەدەڕۆیشت، ناوچە ئەڵمانییەکان بوو، ئەویش بۆ هەڵکەوتە جیوگرافییەکەی دەگەڕایەوە. لەم ڕووەوە سەردەمی ڕۆمانتیسیزمی ئەڵمانیی، بە سەردەمی باڵای شیعراندنی دارستان ناسراوە. دیارترین شیعرسازانی دارستانبینیی بریتین لە لودڤیگ تیک، یۆزێف فۆن ئایشندۆرف، تیۆدۆر شتۆرم، فریدریش گۆتلیب کلۆپستۆک و هتد. ئەم دارستانبینییە بۆ سەردەمی شاعیرانی مۆدێرنیش پەڕیوەتەوە، کە لە بنەڕەتدا خەریکی شیعراندنی شارستانێتیی و شارسازیی بوون دژی سروشت، لەوانە، ڕاینەر ماریا ڕیلکە:

«ئا لەوێ بووی تۆ وەک دارستان ڕەگداکوتاو،

و خاوەن هەزاران قووڵایی بووی،

و خۆت دەبوویتە دارستانی چڕ و فراوان،

و لە قووڵایی تاقانەیی و سەمەرەییتەوە،

دەنگانێکی زۆر هاواریان دەکرد».

شیعراندنی دارستان بەڕادەیەکی وەها سیاسیی گەیشتبوو، وایکرد ئەو بیرمەندانەی خەریکی هزراندن و فەلسەفاندنی پرۆسەی شارستانێتیی بوون، هۆشداریی قووڵ دژی دارستانبینیی و دارستانپەرستیی بدەن، کە خەریکە دەبێتە سەروەری مرۆڤ، نەک شوێنێک بۆ حەوانەوەی مرۆڤ و سەیرکردنی وەک ئۆبژێکت/بابەتێکی جوانیی. بەسیاسییکردنی دارستان واتا لەسیاسەتداماڵینی مرۆڤ. هێگل لە یەکەم ئەو بیرمەندانە بوو دژی ئەم ڕەوتە وەستابووەوە. هێگل مێژووی جیهان وەک ڕەهەندی پێچەوانەی سروشت دەبینێت. لە مێژوودا شۆڕش ڕوودەدات، لە سروشتدا، دژە-شۆڕش: «ئەگەر دارستانە ئەڵمانییەکان هێشتا [بەوجۆرە مابان و لەوێ هەبان] بەدڵنیاییەوە هەرگیز شۆڕشی فەڕەنسیی ڕووینەدەدا» (وانەکان دەربارەی فەلسەفەی مێژوو). بەڵام جیاوازیی سروشتبینیی لەنێوان کورد و ئەڵمانەکاندا ئەوەیە کە لەگەڵ ئەوەی چیابینیی دەبێتە سەرچاوەیەکی سایکۆلۆژیای سیاسیی، بەڵام هاوکات پەناگەیەکیش بۆ شۆڕش. وەک لەو بڕگەیەی شێرکۆ بێکەسدا دەیبینین کە لە سروشتدا داستان لەدایک دەبێت، و داستانیش ڕێگەی خۆی بۆ ئەفسانە دەکاتەوە، بەڵام هەموویان لە کۆتاییدا خۆیان بە مێژوو دەسپێرن.

هەم لەنێو دارستاندا و هەم لەنێو چیادا، داستان لەدایک دەبێت؛ ئەمە ئەو شتەیە هێگل ستایشی دەکات و ناوی دەنێت: ساتی نەتەوەیی (monumenta nationum). کاتێک سروشت وا دەکات نەک سەروەری داستان، بەڵکو شوێنێک بێت بۆ لەدایکبوونی داستان، «ئەوە شاخە؛ لەم دەراڵی بەردانەدا دۆڵپای داستان پێ ئەگرێت» دەبینین لای بێکەس سروشت دەبێتە مەیدانی لەدایکبوونی ئەو شتەی دەتوانین بە قۆناغە یەکەمەکانی گەشەی گەلێک ناوی ببەین کە تێیدا داستان، یاخود داستانی یەکەم (original epic)، بناغەی وشیاریی گەلێک/خەڵکێک پێکدەهێنێت. داستان کە لەدایک دەبێت ئاسانکاریی بۆ ئەوە دەکات لە فۆرمی سەرەتایی، ناڕوون و لێڵی وشیارییەوە بەرەو قۆناغێک بپەڕینەوە تێیدا هەست بە توانای بەرهەمهێنانی جیهانی تایبەتی خۆمان بکەین و هەست بکەین لەو جیهانەدا لە ماڵی خۆمانین. داستان شوێنی بەرهەمهێنانی جیهانبینییەکی نوێ و وشیارییەکی نوێیە بۆ جیهان چۆن بە هی خۆمانی بزانین و چۆنیش تێیدا بژین. داستان یەکەم بەردی بناغەی ئەو شتە دادەنێت کە زۆر درەنگتر پێیگوترا «ناسنامەی هاوبەش». داستان هەروەها دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ فۆرمبەخشین بە باوەڕە ئایینییەکان و نۆرم و بەها ئەخلاقییەکانی گەلێک کە وایان لێدەکات ببنە گەلی ئەبەدیی و نەمر. لەبەرئەوە هێگل داستانی وەک دیاردەیەکی کولتووریی و مێژوویی دەبینی کە دەبێتە ئامرازێکی بنچینەیی بۆ هێشتنەوە و ڕاگرتن و هەروەها ڕوونکردنەوەی تێگەیشتنێکی هاوبەشی ئەخلاقیی و باوەڕیی بۆ جیهان، واتا گشتێتیی ئەو پەیوەندییە جەوهەرییانەی دەسەڵاتی بیرکردنەوە و بەهاکان دەربارەی وشیاریی مێژوویی بەدەستەوە دەگرن.

ئەفسانە قۆناغی دوای سروشت و داستانە، واتا بەرزترین قۆناغی وشیاریی مرۆییە پێش سەرهەڵدانی وشیاریی مێژوویی. ئەفسانە توانای دانانی بناغەی پتەوتری بۆ وشیاریی مێژوویی گەلێک هەیە. لەم ڕووەوە ئەفسانە دەتوانێت مۆرکی ئەو قۆناغە سەرەکییە بێت کە تێیدا ڕۆح دەردەکەوێت و خۆی ئاوەڵا دەکات و بەرەو خود-وشیاریی و زانینی ڕەها دەڕوات تا دەگاتەوە بە مێژوو و لەوێدا سوکانی گەشتەکە ڕادەستی مێژوو دەکات: «دۆڵپای داستان پێ ئەگرێ و ئەفسانە ئەپشکوێ»، بێکەس بە وردیی گوزارشتی لەمە کردووە. ئەفسانە لێرەدا بە سانایی بریتی نییە لە کۆکردنەوەیەکی حیکایەت و چیرۆکەکان یاخود بەرهەمە کولتوورییەکان، بەڵکو دەرکەوتەیەکی جووڵەئاسا و داینامیکیی هەوڵی ڕۆحی مرۆییە بۆ تێگەیشتن لە ڕەهایەتیی لەڕێگەی فۆرمە هێمایی/سیمبولییەکانەوە. بێکەس هەوڵدەدات ڕۆحی مرۆڤی کورد لەم گەشتەدا پوخت بکاتەوە و وێنای بکات. بەڵام گرنگترین و دوا قۆناغ لێرەدا ئەوەیە کە مێژوو دەست بە گەشتەکەی دەکات:

« مێژوو دەست بە

باهۆزەوە ئەگرێ و ئەڕوا»

مێژوو بریتی نییە لە گێڕانەوەی ڕابردووان، لە حیکایەتی «گەورەپیاوان»، مێژوو شتێکە هەمیشە ڕووی لە ئێستا و لە داهاتووە. لە نەریتی باوی مێژوونووسییدا، ئێمە بەردەوام پێمان دەگوترێت مێژوو واتا زانینی ڕابردوو، چیرۆکی مەزنەکان و شارستانێتییەکان، بەڵام کەمترین شتمان لەسەر ئەوە پێدەگوترێت چۆن مێژوو بکەینە گۆشەنیگای ئێستا و داهاتوو. لە نەریتی فەلسەفەدا هێگل یەکەم بیرمەند بوو بە ڕادیکاڵیی گۆڕانی بەسەر تێگەیشتنماندا هێنا بۆ مێژوو. لێرەوە ئێمە دەتوانین لەبری چەمکی مێژوونووسیی، چەمکی «مێژووبینیی»، واتا بینینێک بۆ مێژوو بۆ بیرکردنەوە لە ئێستا و داهاتوو. مێژوو بریتی نییە لە خولانەوەیەکی بازنەیی، یاخود خولانەوەی ئەبەدیی سیزیفیی، مێژوو داینامیکی هەیە و دەڕواتە پێشەوە، بەڵام لێرە و لەوێ، زۆربەی جار، دەوەستێت و ئێستێک دەکات. مێژوو جووڵەیە لەڕێگەی پێکدادان لەگەڵ ئێستادا. لە شۆڕشەکاندا، لە خەباتە سەربەخۆییەکاندا، لە جەنگە کولتوورییەکاندا، ئەو ساتانەیە مێژوو دەوەستێت و بیر دەکاتەوە. واڵتەر بنیامین ئەم دیالەکتیکی جووڵە و وەستانەی مێژوو لە وێنەیەکدا دەگێڕێتەوە:

«لە شۆڕشی مانگی جولایدا شتێك ڕوویدا و ئەوەى ڕوون كردەوە، كە ئەم وشیارییە هێشتا زیندووە. لەیەكەم ئێوارەى جەنگەکەدا ڕوون بووەوە لە خاڵە جیاوازەكانی پاریسدا، كەسانێك بەشێوەى هاوكات، بەڵام جیا و دوور لەیەكتر، تەقە لە کاتژمێرە گەورەكانی سەر بورجەكان و مەیدانەكانی شار دەكەن، شایەتحاڵێكی زیندوو، كە ڕەنگە لەم بینینەى خۆیدا ئیلهامی لە هونەری كێش و سەروا وەرگرتبێت، دەنووسێت:

كێ باوەڕی دەكرد! وەك پێمان دەڵێن

لە خوارەوەى هەر بورجێك،

یوشەعە تازەكان هەن

پێدەچێت لە خودی کات تووڕە بووبێتن

تەقەیان لە کاتژمێرە قوڕمیشدارەكان دەكرد

تا ڕۆژ بووەستێنن».

لێرەدا دەبینین مێژوو خۆی بە ساتی ئێستادا دەکات، تا ڕۆژ بووەستێنێت، ئەوەی ڕوویداوە، کۆی بکاتەوە و لێیان بڕوانێت، ئینجا ڕەوت و داینامیکەکە بخاتەوە جووڵە. مێژوو هەمیشە وەک باهۆز و تۆفان دێت، لەگەڵ باهۆز و تۆفانیشدا ڕێدەکات. لەم دێڕانەی بێکەس-دا «مێژوو دەست بە باهۆزەوە ئەگرێ و ئەڕوا»، گەڕانی مێژوومان بەرەو سەربەستیی پیشان دەدات، جووڵەیەکی بێکۆتایی مرۆڤی کورد. مێژوو لەم بینینەی بێکەس-دا بریتییە لەو پرۆسەیەی جاروبار یاخود دەوەستێنرێت و دەستپێدەکاتەوە، یان ناوەستێت تا نەگاتە سەربەستیی. وەستاندنی مێژوو لەلای مرۆڤی کورد دوو ڕەهەندی هەیە: ناچاریی و خۆویست. ناچاریی ئەو ساتانەیە کە کارەساتەکان و هێزە دەرەکییەکان دەیوەستێنن: داگیرکاریی، جینۆساید، سڕینەوە. بەڵام خۆویست ئەو ساتانەیە مرۆڤی کورد مێژوو دەکاتەوە هاوڕێ و یاوەری باهۆز و تۆفان دژی داگیرکاریی، جینۆساید و سڕینەوە. مێژوو لێرەدا ئەو «تۆفانی بەهەشت»ەیە لە دوو شوێنەوە هەڵدەکات: ناچاریی و خۆویست. ئێمە زۆرجار دەوەستین و ئێستێک دەکەین بزانین چیمان بەسەر هێنراوە، هەرکە وردەکارییەکانمان زانین، مێژوو بە تۆفان و باهۆز دەسپێرینەوە. هەر ئەوەی ئێمە لە سروشتەوە دەستپێدەکەین، لەسەر کەنارەکانی داستان لەنگەر دەگرین، تۆوی ئەفسانە دەچێنین و پاشان ملی ڕێگە دەگرینەوە، پێمان دەڵێت گەشتی ئۆدیسەیی مرۆڤی کورد لەگەڵ مێژوودا، هەمیشە ڕووی لە داهاتووە نەک لە ڕابردوو. مرۆڤی کورد هەمیشە لەم گەشتەدا لە جووڵە دایە، جووڵەیەک بەرەو داهاتوو. لێرەوە دەتوانین بڵێین بێکەس دەیەوێت پێمان بڵێت: هاوڕێترین کەس بۆ مێژوو بەرەو داهاتوو، ڕۆحی مرۆڤی کوردە. بەڵام ئەم مێژووەش دەبێت لە شوێنێک لەنگەر بکرێت: سەربەستیی و ژیانی ئەخلاقیی، کە بە ڕەهایی دەبێت لە دەوڵەتدا بەدیبێت.

سەرچاوەکان:

Hegel, Enzyklopädie der philosophischen Wissenschaften im Grundrisse 1830. Erster Teil. Die Wissenschaft der Logik, Suhrkamp Taschenbuch Wissenschaft, Frankfurt am Main, 1986.

Hegel, Phänomenologie des Geistes, Suhrkamp Taschenbuch Wissenschaft, Frankfurt am Main, 1986.

Hegel, Vorlesung über die Ästhetik, Suhrkamp Taschenbuch Wissenschaft, Frankfurt am Main, 1986.

Hegel, Vorlesungen über die Philosophie der Geschichte, Suhrkamp Taschenbuch Wissenschaft, Frankfurt am Main, 1986.

Rainer Maria Rilke, Die Gedichte: Nach der von Ernst Zinn besorgten Edition der »Sämtlichen Werke«, Insel Verlag, 1988.

Walter Benjamin, Thesen über den Begriff der Geschichte, Werke und Nachlaß. Kritische Gesamtausgabe, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 2010.

Walter Benjamin, Ursprung des deutschen Trauerspiels, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 2000.

پێشڕەو محەمەد، سەما لەسەر گڕکان: نیچە و هونەری سەرتاپاگیر، بەرگی یەکەم، پلاتفۆرمی مینێرڤا، سلێمانیی، ٢٠٢٢.

پێشڕەو محەمەد، کەرنەڤاڵی شکستخواردووان: خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ تێزەکان دەربارەی چەمکی مێژووی واڵتەر بنیامین، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، ٢٠٢١.

شێرکۆ بێکەس، خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ، لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئاپیک-سوید ستۆکهۆڵم، چاپی یەکەم، ١٩٩٨.