ڕۆشنبیری جاگلەر لە حەڤدەی شوباتەوە بۆ ئەزموونی ڕۆژاڤا
لە ساڵی (2015)دا لەژێر ناونیشانی (زۆرایەتی و جاگلەر: هەوڵێک بۆ لێکدانەوەی سێکوچکەی ڕۆشنبیر، دەستەڵات و زۆرایەتی لە دوای ڕاپەڕینەوە)دا سیمینارێکم چ له سوێد و چ له دانمارک پێشکهش کرد، کە تێیدا ئەوەم خستە ڕوو چۆن ڕۆشنبیری جەماوەری لە هەمان دیدگەی جەماوەرەوە دەڕوانێت و بە هەمان زمانی جەماوەریش لەبارەی ڕووداوەکانەوە دەدوێت. ئەو سیمینارەم کردە وتارێک، کە سەرەتا لە (دەنگەکان) و دوای شەش ساڵیش لە (ژنەفتن)دا بڵاو کرایەوە.(1) وام بە چاک زانی لەوەی (ژنەفتن)دا هەندێک پەراوێز بنووسم، کە پێوەندییان بە دۆخی ئەو ماوەیەوە هەبوو. لێرەدا هەوڵ دەدەم هێڵە گشتییەکانی ئەم گوتارەم بخەمەوە ڕوو، تا لێرە و لەوێیش بۆچوونم لەبارەی واقیعی ئەمڕۆی کوردستانەوە ڕابگەیەنم، هاوکات تێگەیشتنی ئەو ڕۆشنبیرانە زیاتر بدەمە بەر ڕەخنە.
جاگلهر (Juggler) ئهو پاڵهوانهیه، که یاریی جاگلینگ (Juggling) دهکات. دهتوانێت له یهک کاتدا و زۆر به خێرایی چهند شتێک ههڵبدات، تا ههر جارێ یهکێکیان بگرێتهوه. ئهم ههڵدهداتهوه و ئهو دهگرێتهوه. ئیتر بهم شێوهیه! جاگلهر به سیستەمێکی نهگۆڕ کار دهکات. ههر گۆڕانێک بهسهر سیستەمهکهیدا بێت، یارییهکهی تێک دهچێت و ڕۆڵهکهی تهواو دهبێت. لای بینهری جاگلینگ ئهو ماتێریهڵه هێنده گرنگ نییه، که جاگلهر به کاری دههێنێت، بهڵکوو لێرهدا ژماره و خێرایی بایهخی زیاتریان ههیه. واته تاکوو ژمارهی ئهو مەتێریهڵانهی ههڵیاندهدات، زۆرتر بێت و خێراتر جێگۆڕکێیان پێ بکات، یارییهکه چاکتر سهرنج ڕادهکێشێت و زیاتر درێژه دهکێشێت. جاگلهر خۆی له بنهڕهتدا مرۆڤێکی یاخییه و له ڕێی هونهرهکهیهوه جۆرێک له تراجیدیا نمایش دهکات، کە ئاستی زانراو تێدەپەڕێنێت و لە نەزانراودا هەڵدەسووڕێت. هەندێجار ئەو شتانەی هەڵیاندەدات و دەیانگرێتەوە، جێگەی مەترسین، وەک چەقۆ و شتی نووکتیژ، بهڵام کاتێ ڕۆشنبیر دهیهوێت ههمان ڕۆڵی ئهو له زماندا ببینێت، پرۆسێسهکه بۆ کۆمیدیا دهگۆڕێت. بهم شێوهیه ڕۆشنبیری جاگلهر بوونهوهرێکی پهسهندکراوی کۆمهڵگهیه. نهک ههر ڕهخنه لهو نۆرم و بههایانه ناگرێت، که خهڵک به پیرۆزیان دهزانن، بهڵکوو دهیشیانپارێزێت. پەنا بۆ توخمی ڕازاندنەوە (flowery)، دەبات، کە هیی سەدەی حەڤدەمە و دراوەتە بەر ڕەخنەی توند. ئەوانە بەردەوام و لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە هەوڵ دەدەن چینی دیکە بخەنە سەر ئەو بابەتانەی، وا خەڵک بە پیرۆزیان دەزانن و بەرگرییان لێ دەکەن. پێویستی بهوهیه بهردهوام دهربکهوێت و به زمانی میللی بدوێت. به پێوهری ویژدان ڕووداوهکان ههڵبسهنگێنێت، چی باشه و چی خراپ؟ ئهو پێوهندییه ئاڵۆزهی نێوان دهستهڵات و ڕۆشنبیری هێنده ساده کردووهتهوه، که دهیهوێت بڵێت ڕۆشنبیر ئهوهیه زۆر له مێدیاکاندا دهردهکهوێت، پشتی زۆرایهتییهک دهگرێت و دژی زۆرایهتییهکی دی دهوهستێتهوه، بێ ئهوهی ئایدیای نوێ بناسێنێت، یان شێوازێکی دیکهی بیرکردنهوه دابهێنێت. بهکورتی نه توانا و نه ئارهزووی تێپهڕاندنی ههیه، بۆیه له ئاستی زمانی خهڵکدا دهمێنێتهوه و به شێوازێک دهنووسێت، که جیاوازی دروست نهکات.
ئێمە ئەمڕۆ لە بەردەم ئەزموونی ڕۆژاڤاداین و ئاوڕێک بۆ حەڤدەی شوبات دەدەینەوە، کە پێشانی داین ئەو ڕۆشنبیرە جەماوەرییانەی لە ڕاپەڕینەوە بانگەشەیان دەکرد، گۆیە خاوەنی پڕۆژەی هزریی ڕەخنەیین، تا چ ئەندازەیەک پێبەندی تێگەیشتنی جەماوەرن و چۆن هەموو سەرمایەکەیان بریتییە لە هاوار. ئەوانە لەگەڵ بانگخوازی ئیخوانیدا ڕێک کەوتن، بگرە کەوتنە ژێر کاریگەریی ئیخوانیزمەوە و هەمان تێگەیشتنی ئەوانیان ڕازاندەوە. گۆڕان وەک بزووتنەوەیەکی پۆپیۆلیستی، کە ئیخوانیزم هەڵیسووڕاندووە، بووە پاڵپشتی ئەو جاگلەرانە و لە ڕێی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە ڕەواجی بە بەرهەمەکانیان دەدا، کە بریتی بوون لە درووشم، هوتاف، بانگ و نوێژی بەکۆمەڵی سیاسی. نەیزیزم لە ئەڵمانیادا وەک بزووتنەوەیەکی پۆپیۆلیستی لە تووڕەییی نەتەوەپەرست و کۆنزەرڤاتیڤەکانەوە دروست بوو. دەستگەی پڕوپاگەندەی نەیزیزم تێکڕای کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەکانی بۆ پەیمانی ڤێرسای (Treaty of Versailles) دەگەڕاندەوە، کە جوو و چەپی بە هەموو باڵەکانیەوە بە هۆکاری ئەو مەینەتییانە دەزانی. گۆڕان لە ڕێی هەندێک چەمکی وەک (گەندەڵی)، (برسێتی)، (بێکاری) و هیی دیکەی لەم شێوەیەوە هەوڵی دەدا جەماوەر کۆ بکاتەوە، تا بەگژ بەها زیندووەکانی کۆمەڵگەیاندا ببات. هاوکات ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئەوەی ڕادەگەیاند، کە ئەگەر بۆ حوکمی ئایینی بگەڕێینەوە، ئەوە لەو مەینەتییانە ڕزگار دەبین. ئەو چەمکانە تەنیا چەند مەتێریەڵێک بوون بۆ هەڵدان و گرتنەوە (جاگلینگ)، دەنا ئەو بزووتنەوەیە پێچەوانەی ئەزموونی ڕۆژاڤا، هیچ بەرنامەیەکی نوێی لەم ڕووەوە نەدەخستە ڕوو، بگرە ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرد، نەدەگەیشتە ئەوەی پارتی و یەکێتییش پێی گەیشتبوون. بە پاڵپشتی ڕۆشنبیرە جاگلەرەکان ڕەواجی بە هزری کۆنەپەرستی و چەقبەستوو دەدا. هەندێکیان هەر خێرا و لەگەڵ دامرکاندنەوەی شەقام، بۆ باوەشی ئەو حزبانە گەڕانەوە، کە بە جەماوەریان دەگوت مژدە وا دەڕووخێن. لە سەردەمی گۆڕاندا سلێمانی تا ڕادەیەکی زۆر ئەو ڕەنگەی لە دەست دا، کە بە درێژاییی مێژووی بەعس پاراستبووی، بەڵام ئەوەتە لەگەڵ ئەزموونی ڕۆژاڤادا جارێکی دیکە دەرکەوتووەتەوە.
هەندێک ڕۆشنبیری جاگلەر لەم دۆخەی بە هۆی ئەزموونی ڕۆژاڤاوە هاتووەتە پێشەوە، دەیانەوێت جارێکی دی جاگلینگ بکەن، بەو مانایەی ئەو شتانە هەڵدەدەن و دەگرنەوە، کە زۆرایەتیی ئەمڕۆ ئارەزووی لێیانە. بە هەمان زمانی خەڵک دەنووسن و گوتەی ڕەونەقدار بە گوێی ئەو جەماوەرەدا دەدەن، کە ئەگەر لەسەر هەر یەکێکیاندا بوەستیت، لە ڕووکەشی پتر نادۆزیتەوە. پرسیار ئەوەیە: ئایا ئەگەر بۆ بەرهەمەکانی ئەو ڕۆشنبیرانە بگەڕێینەوە، بە ئاماژەیش ئەم دۆخە نوێیە دەبینین، یان وەک گوترا بەرگرییان لەو تێگەیشتنە کردووە، کە ئیخوانیزم لە ڕاپەڕینەوە هەوڵی دەدا بەسەر کۆمەڵگەمانیدا بسەپێنێت؟ ئایا ئەوانەی ئەمڕۆ کەزیی ژن بە سیمبۆڵی ئازادی دادەنێن، لە حەڤدەی شوباتدا هەوڵیان نەدەدا ئەو کەزییە بە سەرپۆشی کوردییش نا، بەڵکوو بە هیی خەلیجی دابپۆشن؟ ئەرێ نەیاندەویست بەرەیەک لەو ئیسلامییانە پێک بهێنن، کە دژایەتیی نەورۆز و ئەی ڕەقیبیان کردووە، بگرە ژنیان بە زەعیفە ناساندووە و خەونیان بەوە بینیوە لە ماڵدا، دروستتر لە ناندیندا بەندیان بکەن؟ ئەگەر بۆ ڕۆمان و شیعری ئەو نووسەرانە بگەڕێینەوە، چەند کارەکتەری ژنی ئازاد دەبینین وێنەی ئەوانەی ڕۆژاڤا ڕووبەڕووی ستەم ببنەوە؟ ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی مەڵبەندی ململانێی ئازادیی پرچ و داپۆشینیەتی. ئایا ئەو ڕۆماننووسانە دەتوانن لە ڕۆمانەکانیاندا نموونەیەکمان بۆ بهێننەوە، کە پێشانی بدات ڕوانینێکی جیاواز لە هیی جەماوەریان بۆ ئەو چەمکە هەبووە. ئەرێ دوو ساڵ لەمەوبەر بەرگی پەڕتووکێکیان بە وێنەی ژنێکی باڵاپۆش نەنەخشاند وەک لە پەڕتووکی (ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسی)دا لێوەی دواوم؟(2) ئایا ئەو ڕۆشنبیرانە ئەمڕۆ باسی پرچی ژنیان دەکرد، ئەگەر جەماوەر خۆی پێی نەگەیشتایە؟
دیارە لێرەدا نامەوێت ڕوانین و هەڵوێستی هەموویان پێکەوە بخوێنمەوە، کە هەندێکیان لەم یەک دوو ساڵەی ڕابوردوودا کەموزۆر گۆڕانکارییان لە خۆیاندا کردووە، بەڵام ئایا ناکرێت ئەوانە ڕابوردووی خۆیان بدەنە بەر ڕەخنە و ڕایبگەیەنن، کە ڕوانینیان لە هیی بانگخوازی ئیخوانی و سیاسەتبازی ڕووکەش جودا نەدەکرایەوە؟ هەروەها کاتێ باسی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەکەم، مەبەستم لە هەموو هەڵسووڕاوانی نییە، کە دواتر هەندێکیان بوێریی ئەوەیان نواند ڕەخنە لە خۆیان بگرن و جێی بهێڵن.
موسوڵمانی ئاسایی، ئەوانەی وەک ئەو ڕۆشنبیرانە نەکەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئیخوانیزم و گوێیان بەو تۆقاندنە نەداوە، کە بەسەر کۆمەڵگەیاندا سەپاندووە، لە مزگەوتەکاندا ڕاپەڕین و ئەو کارەکتەرانەیان داگرتە خوارێ، کە چەند ساڵە بە هاوکاریی ڕۆشنبیری جاگلەر پەلاماری دەنگی ئازاد دەدەن. هەندێک لەو مەلایانەی، کە ئیخوانیزم نەیکردوونەتە بەشێک لە پڕۆژە سیاسییەکەیان، بەر لەو ڕۆشنبیرانە درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی)یان گوتەوە و پشتگیریی خۆیان بۆ خەباتی ژنان دەربڕیی. ئیخوانییەکان لە حەڤدەی شوباتدا گەیشتنە ئەوەی هەموو شتەکانی خۆیان بە پیرۆز دابنێن و هەر کەسێک بە لادەر بزانن، ئەگەر ڕەخنەیان لێ بگرێت، تەنانەت کەناڵی جەزیرە و تاقمەکەی، کە ئەمڕۆ بە ئاشکرا بانگەواز بۆ قڕکردنی کورد دەکەن، خرانە سەرووی ڕەخنەوە. ئەو ڕۆشنبیرانە ئەگەر تا ئەم ڕادەیە دوای ڕووداو کەوتوون و هێشتا تێگەیشتنیان نەگەیشتووەتە ئاستی جەماوەریش، ئەو پڕۆژانە چین، کە دایانمەزراندوون؟ ئەرێ هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە لەو جەماوەرە دانەبڕێن و لە ڕێی جاگلینگەوە پێیان بڵێن ئێمە هەین؟
لەو گوتارەمدا نووسیومە: بهگشتی کۆمهڵگهکان بهر دوو جۆر ڕۆشنبیر دهکهون: یهکهمیان، ڕۆشنبیرێکی سادهیه و ههمان ڕوانینی خهڵکی بۆ چهمکهکان ههیه. به مانایهکی دی ئاستی جهماوهر تێناپهڕێنێت، بۆیه توانای بهرههمهێنانی نییه و دهبێته بهشێک لهو زۆرایهتییه. ژمارهیان زۆره و له ههموو شوێنێکدا دەبینرێن. ههمیشه لایهنهگری شتێک و دژی شتێکی دیکهن. زووزوو دهردهکهون و ناسراون، بهڵام هیچ کاریگهرییهکیان نییه. پێوهندیی سهرهکییان به ڕووداوی ڕۆژانهوه ههیه و کهمتر به لای شته شاراوهکاندا دهچن. بهشێکیان دهرچووی زانکۆکان و بهشهکهی دیکهیان ئهماچهرن، واته ئارهزوویان لێیه ئهرکی ڕۆشنبیر ببینن. لێرهدا گرنگه ئهوه بڵێین، که ئهو ڕۆشنبیره لهبهر ئهوه ساده نییه، دهرچووی زانکۆیه، بهڵام به گشتی زانکۆکان ڕۆشنبیری ڕووکهش بهرههم دههێنن. کاتێکیش ههندێک ڕۆشنبیری دهرچووی زانکۆ ئهم ئاسته سادهیه تێدهپهڕێنن، ئهو تێپهڕاندنه بهرههمی بیرکردنهوهی خۆیانه.
دووهمیان، ڕۆشنبیرێکی ڕەخنەدۆزه. نه دژه و نه دۆسته، بهڵکوو کهسێکی ڕاڤهکاره. لهوه تێگهیشتووه ئهرکی ڕهخنه تێپهڕاندن و کردنهوهی کهناڵی نوێیه له ههر بابهتێکدا، که ڕووبهڕووی دهبێتهوه. بهوهدا سهرقاڵی پڕۆژهی فکرییه، کهم دهردهکهوێت، بهڵام لهگهڵ ههر دهرکهوتنێکیدا ئایدیای نوێ دههێنێت و پرسیاری دڵڕهقانه دهورووژێنێت. زمانێکی ئاسانی نییه، چونکه ئاستی تێگهیشتنی جهماوهری تێپهڕاندووه. دهستهڵات و زۆرایهتی خۆشیان ناوێت، بهڵام ههر ئهویشه کاریگهریی ههیه.
کاتێ ڕۆشنبیر لهسهر شێوازی تایبهتی خۆی و به مێتۆدی ڕهخنه کۆمهڵگه دهخوێنێتهوه، نایهوێت به هیچ تێگهیشتن و پێناسهیهکی پێشتر و هیی هاوکاتی خۆی ڕازی ببێت، بهڵکوو تێگهیشتنی دیکە، پێناسهی نوێ و سهربهخۆ دادههێنێت.
هەر لەوێدا نووسیومە:
گرنگه ئێمه بهرگهی ئهو شۆکه بگرین، که زۆربهی ئهو ڕۆشنبیرانهی دوێنێ به گهورهمان دهزانین، جاگلهر دهرچوون و ئهمڕۆ هیچ پڕۆژهیهکی فکریی ڕهخنەیییان نییه. پێم وایه تهنیا شۆکێکی لهم شێوهیه دهتوانێت وامان لێ بکات نهک ههر ئاستی ئهم ڕۆشنبیره، بهڵکوو ئهو دۆخهی ئێستایش تێبپهڕێنین… ئهوهی زۆرایهتی دهجووڵێنێت و گۆڕانی بهسهردا دههێنێت، ئاڕاستهی جیاواز و پێچهوانهیه. داعش، که هێزێکی نهخوازراوه، کاتێ بهر ئهو زۆرایهتییه دهکهوێت، به توندی به لاوه دهنرێت، بهڵام ههر ئهویشه دهیههژێنێت. قورس نییه بهرههمی ئهو ههژانه ئهگهر کهمیش بێت، ببینین، که ئهمه پێمان دهڵێت ئهو زۆرایهتییه تهنیا به ئاڕاستهی پێچهوانه دهورووژێت و دهگۆڕێت، نهوهک بهو فکرانهی دڵنهواییی دهدهنهوه، که هێشتا ڕۆشنبیری ئێمه ئهو ئاڕاستهیهی نهگرتووه. خۆ ئهوانهی ویستوویشیانه به مێتۆدی ڕهخنه ڕووبهڕووی ببنهوه، تاکوو ئهمڕۆ ژمارهیان کهمه و ههوڵهکانیان سهرهتایین.
یهکێ لهو خاڵانهی ههر ڕۆشنبیرێکی ڕەخنەدۆز، که خواستی تێپهڕاندنی مۆدێلی ڕۆشنبیری جاگلهری ههیه، لێیان تێدهگات، ئهوهیه، ئهرکی ڕۆشنبیر ئهرکێکی قورسه و بیرکردنهوه پرۆسێسێکی سهخته. ههمیشه کاری دهستهڵات چ دهستهڵاتی سیاسی، چ دهستهڵاتی کۆمهڵایهتیی له شێوهی خێزان، فێرگە، پهرستگه و ئهوانهی دی ئاسانه، بهوهی ئهوان نهک مهبهستیان نییه زۆرایهتی تێبپهڕێنن، بهڵکوو تا بۆیشیان بکرێت شهڕ لهپێناوی هێشتنهوهی ئهو دۆخه جێگیرهدا دهکهن. ئایدیۆلۆجیا، ههم ئایدیۆلۆجیای سیاسی و ههم ئایدیۆلۆجیای ئایینی لهسهر ئاسانکاری دامهزراون. چهند پرینسیپێکیان ههن، که به ئاسانی له بهر دهکرێن و دهگوترێنهوه. ههموو دامودهستگهکانی وهک خێزان، پهرستگه، فێرگه و زۆری تریش دهیانڵێنهوه و به ئاسانی له مێشکدا دهچهسپێن، بهڵام کاری ڕۆشنبیر قورسه، بهوهی دهبێت گومان لهو پرینسیپانه بکات و ههڵیانبوهشێنێتهوه، بگره به ئایدیای نوێ ڕووبهڕوویان ببێتهوه. ههر لهبهر ئهوهیشه ڕۆشنبیری جاگلهر به شته گهوره و زهقهکانهوه دهلکێت، بهڵام ڕۆشنبیری ڕەخنەدۆز بۆ ناو شته وردهکان ڕۆ دهچێت و ئاڕاستهی نوێیان تێدا دهدۆزێتهوه. بهم شێوهیه ڕۆشنبیر ئهوه نییه کێشهی له قهبارهی خۆی بچووکتر، یان هێندهی قهبارهی خۆی دروست دهکات، بهڵکوو ئهوهیه کێشهی گهورهتر له قهبارهی خۆی دهخوڵقێنێت. ڕۆشنبیری میللی، که هێنده ڕووی له زۆرایهتییه و لێی جودا نابێتهوه، لهبهر ئهوه نییه دهیهوێت لهگهڵ خهمهکانیدا بژی، وهک ئهوهی بانگهشهی بۆ دهکات، بهڵکوو ئهوهیه توانای نییه ئهو ئاسته جێ بهێڵێت، بهوهی له داڕشتنی پرسیاری نوێدا دهستهوستانه، له کاتێکدا تهنیا له ڕێی پرسیاری نوێوه ڕۆشنبیر دهتوانێت مهودای نێوان خۆی و جهماوهر دروست بکات، که مهرجی سهرهکیی داهێنانه.
حهڤدهی شوبات به ڕوونی دهریخست، که بە گشتی ڕۆشنبیری کورد چهند سادهیه و له دهرهوهی دوالیزمی چاکهوخراپهدا، توانای بینینی دنیای نییه. ئهو ڕووداوه پێشانی داین ڕۆشنبیری کورد ههمان ئهو تێگهیشتنهی ههیه، که خهڵکی ئاسایی ههیانه. ئهوهی له ههر شتێک زیاتر بایهخی پێ درا و به پیرۆز زانرا، چەمکی ڕەوشتبازی بوو. هوتاف، سۆلهگهن و نزا لای ئهو ڕۆشنبیره له لێکۆڵینهوه و وردبوونهوه گرنگتر بوون.
****
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە نموونەی بۆچوونی یەکێ لەو ڕۆشنبیرانە بکەم، کە لەم چەند ساڵەی ڕابوردوودا ملکەچی خواستی جەماوەر بووە و ئەوانەی دەربڕیون، کە ئیخوانیزم بەسەر کۆمەڵگەیدا سەپاندوون. ئەو دەقەی لێرەدا وەریدەگرم، لای جەماوەر دەنگدانەوەی هەبووە، بەڵام من وەک نموونەی هزری میلـلی پێم گەیشتووە، کە ئەمڕۆ ئەو خوێنەرە فریونەخواردووە پەیدا بووە و قاقا بۆ ئەم جۆرە تێگەیشتنە لێ دەدات.
نووسیویەتی: (کورد دەوڵەتی لەبەر پەرتەوازەیی خۆی بۆ دروست نابێت. کاتێک ئازادیمان دەستدەکەوێت، نازانین چۆن بەکاریبهێنین، هەمیشە بەدوای دۆخێکدا دەگەڕێین بمانکاتەوە بە کۆیلە، چونکێ هەرگیز بە ئازادی ڕانەهاتووین. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئێمە تەنها نەژادین، نەبووین بە نەتەوە، نەتەوەسازی ڕێگە و ڕێباز و پلانی تۆکمەی خۆی هەیە، کە هەمووی بە لێکدانەوە و پێداچوونەوەی وردی پەروەردەی هزری و داڕشتنەوەی نەتەوەسازی دێتەبوون).
واز لە هەڵەی ڕێنووس، نژوە، ڕیتم، وشەسازی و ڕستەسازی بهێنە، کە دەتوانم بڵێم تێکڕای دەقەکەیان گرتووەتەوە، بەڵام ئایا ئەم بۆچوونە هیی کەسێکە، لە هەموو تەمەنیدا پەڕتووکێکی گرنگی خوێندبێتەوە؟ زێدەڕۆیی ناکەم، ئەگەر بڵێم لە قۆناغی ناوەندیدا خۆمان لەم جۆرە دەربڕینانە دەپاراست. ئەرێ ئەم تێگەیشتنە هەر ئەوە نییە، کە ئیخوانیزم لە ڕاپەڕینەوە تا ئەمڕۆ ڕەواجی پێ دەدات، گۆیە ئێمە خۆمان دوورین لەوەی خۆمان بە ڕێوە ببەین، بۆیە پێویستە لە ئۆمەتدا بتوێینەوە؟ ئەرێ ئەم تێگەیشتنە لەگەڵ ئەو بەرخۆدانەی ئێمە، بە تایبەتی لەگەڵ هیی ژنانماندا دێتەوە، کە ئەوەتە لەپێناوی ئازادیدا ڕووبەڕووی هێزە چەقبەستووەکان بوونەتەوە؟ ئەمڕۆ ژنی کورد لە جیهاندا وەک سیمبۆڵی ئازادی لێی دەڕوانرێت. وێنەیان لەسەر تیشێرت و جانتای لاواندا دەبینرێت.
جارێ ئەم پەرەگرافە پڕە لە هەڵەی لۆجیکی. نووسیویەتی: (کورد دەوڵەتی لەبەر پەرتەوازەیی خۆی بۆ دروست نابێت.).
ئایا هیچی نوێی تێدایە؟ ئەرێ ئەوە کێیە ئەمە نازانێت؟ ئایا دەوڵەت هەر لە پێناسە سادەکەیدا کۆکردنەوەی ئەو پەرتەوازەیییە نییە؟ بێگومان تا ئەو کاتەی شتەکان پەرتن، کۆکراوە نین. بەپێی یاسای نادژایەتی (law of non-contradiction)ی (ئەریستۆ) ناکرێت شتێک لە یەک کاتدا خۆی و دژەکەی بێت. هەم پەرت و هەم کۆکراوە بێت.
(ماکس ڤیبەر)ی کۆمەڵناس ئەمەی بە چەمکی کاریزماوە بەستووەتەوە، کە لە هەردوو پەڕتووکی (ڕەوشتی پرۆتستانتی و گیانی سەرمایەداری:The Protestant Ethic and the Spirit of Capitalism) و (کۆمەڵناسیی ئایین: Sociology of Religion)دا وەها لێکی دەداتەوە، کە خەسڵەتێکی باڵای بەخشش و سروشئامێزە، لەو سەرکردە و پێشڕۆیانەدا بەرجەستەیە وا لایەنگرانیان بڕوایان پێ دەهێنن، بەوەی دەتوانن بەو هێزە لەبننەهاتووەیان ئەرکە سەخت و مەزنەکان بگرنە ئەستۆ. بەم شێوەیە سەرکردەی کاریزمی خاوەنی هێزێکی بانسروشتە و ئەم هێزەیش تایبەتە بە خۆی، دەنا مەحاڵە لە کەسانی ئاساییدا ببینرێت. (ڤیبەر) پێی وایە دەرکەوتنی کەسێتییە کاریزماکان ڕۆڵی گەورەیان لە گۆڕانی کۆمەڵایەتی (Social Change)دا هەیە، بەڵام هاوکات ئەوەیش ناشارێتەوە، کە ئەم گۆڕانە بەندە بەوەی ئەو سەرکردانە تا چ ئەندازەیەک پێبەندی بەڵێنەکانیانن و چۆن زەوینە بۆ هاتنی قۆناغێکی نوێ خۆش دەکەن. بە مانایەکی دی، کاریزما تەنیا بریتی نییە لە خەسڵەتەکانی کەسێتیی سەرکردە، بەڵکوو داینەمیکیای دەستەڵات و پاوەنخوازییش دەگرێتەوە لە چوارچێوەی کۆمەڵایەتی (sociological framework)دا. لێرەدا (ڤیبەر) چەمکی سۆزداریی کۆمەڵایەتی (community emotionality) بە کار دەهێنێت و مەبەستی ئەو لایەنگرێتییەیە لای لایەنگران سەر هەڵدەدات، کە پێوەستە بە توانای سەرکردەی کاریزمی لە جووڵاندنی سۆزی کۆمەڵگە و ڕاکێشانی بەرەو لای خۆی. بە مانایەکی دی، دروستکردنی ناسنامەی کۆمەڵ (collective identity) لای ئەو لایەنگرانە. دەکرێت بگوترێت دەستەڵاتی کاریزمی (Charismatic authority) بەو پێوەندییەوە بەندە، کە لەنێوان سەرکردەی کاریزمی و لایەنگرانی دادەمەزرێت. سەرکردەی کاریزمی کۆمەڵگە لە ئاستی دەستەڵاتی باو (traditional authority)ـەوە، کە خاوەنی خەسڵەتی باوکسالاری و نێرسالارییە؛ ڕەوایەتیی خۆی لە دابونەریتە چەسپاو و دێرینەکانەوە وەردەگرێت، دەباتە ئاستی دەستەڵاتی عەقڵانیەتی یاسایی، کە سیستەمێکە تێیدا دەستەڵات لە یاسا و ڕێساکان (laws and rules) وەردەگیرێت، نەوەک لە کەس و دابونەریتەکان. بە مانایەکی دی، شێوازی دەستەڵات لە ستانداردەوە دەگۆڕێت بۆ مۆدێرنیتی، کە لەم ئاستەدا ئەرکەکەی تەواو دەبێت، چونکێ دامەزراندنی دامودەستگەی کۆمەڵایەتیی مۆدێرن لە قۆناغێکی تەواو جیاوازدا بە ڕێوە دەچێت، بەڵام (ڤیبەر) لێرەدا چەمکی بەڕۆتینکردنی کاریزما (Routinization of Charisma) بە کار دەهێنێت. مەبەستیشی ئەوەیە کاریگەریی ئەو سەرکردە کاریزمییە دەمێنێت و لە ڕێیەوە دامودەستگەکان دادەمەزرێن. بەم شێوەیە شێوازی پشتاوپشتی و میرات تێک دەشكێت و شێوازی دەستەڵاتی یاسا شوێنی دەگرێتەوە. دەکرێت بگوترێت سەرکردەی کاریزمی بە سروشتی خۆی لەناو کۆمەڵگەی ستانداردا سەر هەڵدەدات و لەوێوە هەنگاو بەرەو کۆمەڵگەی عەقڵانی دەنێت.
ئایا ئیتاڵیا و ئەڵمانیا بەر لەوەی (گاڵیباردی) و (بیسمارک) ڕێکیان بخەن، پەرش و بڵاو نەبوون؟ ئەگەر بۆ مێژووی دێرین بگەڕێینەوە، بە هەمان شێوە دەبینین ئیمپراتۆریەتەکان لە ڕێی جەنگی ناوخۆوە دروست بوون و پەرتەوازەیی کۆتاییی هاتووە. ئایا (سەرجۆنی ئەکەدی)، (چین شی هۆنگ)، (ئەسکەندەری مەزن)، (ئۆگستس قەیسەر) و ئەوانەی دی هەر ئەوەیان نەکردووە؟ ئەمە ئەلفوبێیە و نازانم بۆچی هێندە زل کراوە! دەکرێت لە هەر ناوەندێکی کۆمەڵایەتیی وەک گەڕەکدا بیبیستیت و بیستوویشمانە. (ئەرێ ئێمە تا بڵاو بین، مانای وا نییە گرد نین؟). گەمەیەکی فۆلکلۆرییش بە ناوی (گەنم گرد و جۆ بڵاو) هەیە و تا سەرەتای حەفتاکانیش مابوو. واتە لە منداڵییەوە ئەمە دەزانین.
لە مێژووی ئێمەدا بەردەوام هەوڵی لەم شێوەیە هەبووە، کە ئەزموونی ڕۆژاڤا خۆی بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەم ئاڕاستەیەی گرتووە. بۆیە دەڵێم (بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەم ئاڕاستەیەی گرتووە)، چونکێ شێوازێکی ستانداردی کاریزما نییە، بەڵکوو جیاوازە. لە جیاتیی تاکسەرکردە، سەرکردەی کۆمەڵ هەن و ڕۆڵی ژن تێیدا بە ڕوونی دیارە.(3) ئاییندەیش هێشتا نەهاتووە، تا قسەی لێوە بکەین، کە وەک (کارڵ پۆپەر) ڕایدەگەنێت هەر پێشبینییەک لەم بارەیەوە جۆریکە لە خورافە.(4)
بە درێژاییی مێژووی دیارمان هێندەی ئەمڕۆ ئێمەی کورد یەک نەبووین. ئەو یەکبوونە نەک سڕینەوەی ئاڕاستە جیاوازییەکان نییە، بەڵکوو لەناو ئەو یەکێتییە کۆمەڵایەتییە (social integration)دا ململانێی ئاڕاستەکان پتر جۆش دەستێنن و ئێمە لە مێژوودا دەبینە کارەکتەری چالاکی بەرهەمهێنەر. ئەو ژنەی لە حەڤدەی شوباتدا بانگخوازانی ئیخوان بە هاوکاریی ڕۆشنبیری جاگلەر هێرشیان دەکردە سەر و دەیانگوت پێویستە بگەڕێتەوە ماڵ، ئەوەتە وەک کەزییەکەی هەموو بەشە دابڕاوەکانی کوردستانی پێکەوە هۆنیوەتەوە. تازە چ هێزێک دەتوانێت بڕیاری داپۆشینی کەزیی ژن بدات؟ کورد بە درێژاییی تەمەنی هەوڵی داوە لە ڕێی پیاوەوە لەسەر شانۆی ململانێی مێژوودا ببێتە کارەکتەر و سەری نەگرتووە، بەڵام ئەوەتە ژن لەوێوە دەستی درێژ دەکات و بۆ ئەوێی ڕادەکێشێت. ئەگەر هێشتا لەسەر خاکدا ئەو دەوڵەتەمان دانەمەزراندووە، ئەوە هێزێکی گەورە یادەوەریمانی هەژاندووە. ئەو هێزە پێچەوانەی هیی حەڤدەی شوبات، کە هیی شمەک بوو، هیی ژیانە و تەنیا ژیانیش توانای دامەزراندن و ڕماندنی هەیە. دامەزراندن و ڕماندن پێچەوانەی یەکتر نین، بەڵکوو یەک کردەن و ئەو کردەیەیش ناگاتە خاڵێکی دیاریکراو، تا لە شوێنێکدا بوەستێت. نە سەرەتای هەیە و نە کۆتایی. سەرنج دراوە بە ئاماژەیش هێرش ناکرێتە سەر نەتەوە و ڕەگەزەکانی تر، لە کاتێکدا حەڤدەی شوبات دژایەتیی خۆی بۆ کوردستان و بەهاکانی کورد نەدەشاردەوە. هەموو ئەو بەهایانەیان لە یەکێتی و پارتیدا بەرجەستە کردبوو، تا بتوانن هێزێکی کۆمەڵایەتی و سیمبۆڵی لە دژیاندا کۆ بکەنەوە، بە مەرجێ سەرکردەکانیان هەمیشە بە دۆستی نزیکی ئەوانە ناسراون. من ئەوسا دەمپرسی ئەگەر یەکێک کتێبی (ئەلفوبێ)ی (باڵدار) بباتە قەرەباڵغییەکەی حەڤدەی شوبات، تا چەند وانەیەکی لێ بخوێنێتەوە، چیی پێ دەڵێن؟ هاواری ڕۆشنبیری جاگلەر و بانگخوازی ئیخوانی هەر دەنگێکی سەرکوت دەکرد، ئەگەر بەو ئاڕاستەیەدا نەچووایە.
ڕۆشنبیرەکەمان نووسیویەتی: (کاتێک ئازادیمان دەستدەکەوێت، نازانین چۆن بەکاریبهێنین.). گوتەی (ئازادی دەسەنرێت، نادرێت) هێندە باوە، لە منداڵییەوە بیستوومانە. لە شیعری (داری ئازادی)ی (بێکەس)ی شاعیریشدا ڕەنگی داوەتەوە، کە لە پۆلی چوارەمی سەرەتاییدا پێی ئاشنا بووین، بەوەی لێرەدا ماف و ئازادی هاوواتان. ئایا ئازادی بەهایەکی سروشتیی مرۆڤە، یان ئامێرێکە و لەپێناوی بەرژەوەندییەکدا دروست کراوە، تا کەسانێک فێرمان بکەن چۆنی بە کار بهێنین؟
ئازادی غەریزەی مرۆڤە. (نیتشە) جەخت لەسەر ئاژەڵێتیی مرۆڤ دەکاتەوە، بگرە پێی وایە غەریزەی ئاژەڵییانە بوونێکی بنەڕەتییانەی ئەو مرۆڤە پێک دەهێنێت، بۆیە دەیبەستێتەوە بە حەقیقەتی سەرەتایی لە سروشت (primal truth in nature)دا، کە شارستانیەت لەپێناوی بەهای ساختەدا ئەم غەریزەیەی سەرکوت کردووە. لەمەوە مرۆڤ حەقیقەتی خۆی لە دەست داوە و حەقیقەتی ساختەی گرتووەتە باوەش، کە ئەوەیش ڕەوشتی نزمی لاوازی بەرهەم هێناوە، بۆیە پەنا بۆ فێڵ، تەڵەکەبازی، فریودان، تۆڵە و شتی دیکەی لەم بابەتە دەبات. ئەوە غەریزەی جەستە نییە ئەمانە هەڵدەسووڕێنێت، بەڵکوو لە ئەنجامی بەریەککەوتنی هەردوو بەشی کێوێتی و شارستانیەتییەوە دەردەکەون. ئەم غەریزەیە لە عەقڵ و هۆشیاری باڵاترە، کە لە خەوندا دەردەکەوێت، بەوەی خەون دۆخی ڕاستینەی غەریزە دەردەخات و ئەو غەریزەیەیش دەتوانێت لەگەڵ سروشتدا لەنگەری خۆی ڕابگرێت، کە ئەو غەریزەیە دەکەوێتە پێش هۆشیارییەوە. ئەگەر غەریزە ژیانی مرۆڤی ڕاگرتووە و پەرەی پێ دەدات، کە دەکرێت بڵێین چاوگی ئازادییە، ئەوە هۆشیاری وەهم بەرهەم دەهێنێت. ئەو مرۆڤە لە خەوندا دەگاتە باوانە سەرەتایییەکانی، کە دۆخێکی ڕاستگۆیانەیە و عەقڵانیەتی ساختە نەیشێواندووە، لە کاتێکدا ئەوەی شارستانیەت لە خشتەی بردووە، شەڕی خۆی لە ڕێی ئەو بەها نزم و ڕەوشتە لاوازەوە دەکات، بەڵام ئەمانە بە سەربردەی ناسنامە و قوربانی (narrative of identity and victimhood) دەشارێتەوە، بەو مانایەی پشت بە کۆمەڵێک تێگەیشتنی باوی کۆمەڵگە دەبەستێت و خۆی وەک قوربانی لە بەرانبەر ئەوەی دیکەدا پێشان دەدات. بینیومانە چۆن هەندێک نووسەری جەماوەری و ڕەخنەگری میلـلی لە جیاتیی ئەوەی ڕووبەڕووی ڕەخنە ببنەوە، لە جیاتیی ئەوەی چەمکەکان لێک بدەنەوە، دەچن وا خۆیان پێشان دەدەن، گۆیە قوربانین و زوڵمیان لێ کراوە. هەیانە پەنا بۆ ڕۆژنامەی حزبەکان دەبات و لەوێوە جوێن دەدات.(5)
دەبینین لای (نیتشە) مرۆڤ بە ئازادی هاتووە، وەک لە خەوندا دەردەکەوێت، بەڵام شارستانیەت ئەو ئازادییەی نەک هەر لێ سەندووەتەوە، بەڵکوو لە بیریشی بردووەتەوە. ئەوەتە لە ڕوانینی ئەو ڕۆشنبیرە دیارەماندا ڕەنگی داوەتەوە، کە پێی وایە ئێمە ئەگەر ئازادییش بە دەست بهێنین، هەر خۆمان دەکەینەوە کۆیلە. کاتێ تێگەیشتنی ئەم ڕۆشنبیرە تێدەپەڕێنین و هیی تاکانەی خۆمان دادەمەزرێنین، دەبینین ئازادی بریتییە لە تێکشکاندنی زنجیرەکان و داهێنانی بەهای نوێ لە ڕێی هزری ڕەخنەیییەوە. (نیتشە) پێی وایە ویستی ئازاد (free will) چەمکێکە، پیاوانی ئایینی و ئایدیۆلۆجی دایانهێناوە، تا لەو ڕێیەوە دەست بەسەر مرۆڤدا بگرن. ئەگەر ئەو لە کردارەکانی ئازاد بێت، پێویستە هەمیشە سەرزەنشت بکرێت و هەست بە گوناهـ بکات، کە ئەوەیش تەمبێکردن، سزادان، پێدانی مژدەی بەهەشت و هیی دیکە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە لە پەڕتووکی (ئاوابوونی بتەکان)دا کریستیانەتی بە جەلادی مێتافیزیکا (Christianity is a metaphysics of the hangman) ناو دەبات، کە دژی غەریزە و ئارەزووە سروشتییەکانی مرۆڤە.(6). ویستی ئازاد (free will) خەسڵەتی مێگەلە، دەنا مرۆڤی باڵا ڕووبەڕووی چارەنووسی دەبێتەوە (amor fati)، کە هێزێکی کاریگەرە و بواری بۆ دەڕەخسێنێت، تا لەگەڵ داخوازییەکانیدا پێوەندییەکی گونجاو دابمەزرێنێت. بە مانایەکی دی، ئازادی بریتییە لە داهێنانی بەهای نوێ. دەروونناسیی کۆن بە تەواوی دەروونناسیی ویست (psychology of will)ـە. قەشەکان لە سەرووی ئەو کۆمەڵگە کۆنانەوەن و مافیان بە خۆیان داوە سزا بسەپێنن. ئەوان وەها لە مرۆڤ دەڕوانن، کە بە شێوەیەک ئازادە، ببێتە تاوانبار، تا سزای بەسەردا بسەپێنن.(7)
بەم شێوەیە ئەو فیلۆسۆفە کوتەکوەشێنە هەم ویستی ئازاد بە مانا باوەکەی دەداتە دواوە و هەم حەتمیەتە میکانیکییەکەیش، بەڵکوو ویستی هێز (will to power) لە ئارادایە، کە هێزێکی ناعەقڵانیی شاراوەیە لە تاکدا و لە سەرچاوەیەکی تاریکەوە هەڵدەقوڵێت، ئارەزوو و پاڵنەرەکانی هەڵدەسووڕێنێت. (لە سەرچاوەیەکی تاریکەوە هەڵدەقوڵێت)، بەو مانایەیە، کە ناکرێت لە شتێکدا کورتی بکەینەوە و سەرەتای بۆ دابنێین، وەک ئەوەی نووسەرەکەی ئێمە کردوویەتی. دەکرێت بگوترێت ئازادییەکی سروشتییە و چاوگی داهێنانە. هەر لە ڕێی ویستی هێزیشەوە لە پەڕتووکی (لەدایکبوونی تراجیدیا)دا ڕووبەڕووی چەمکی ویستی ژیان (will to life)ی (شۆپێنهاوەر) دەبێتەوە، کە ئەو پێی وایە هێزێكی نابینای زیرەکە و لە ڕێی پاڵنەری سێکسییەوە مرۆڤ هەڵدەسووڕێنێت. ئەوەیش سەرچاوەی نائومێدییە، بەوەی ئەو ویستە بە سروشتی خۆی برسییە و تێر نابێت. بەپێی ئەم ڕوانینە سادەیەی ڕۆشنبیرەکەمان ئازادی پێوەندیی بە غەریزەوە نییە، وەک ئەوەی (نیتشە) پێی لەسەر دادەگرێت، بەڵکوو بەرهەمی هۆشیارییە، ئەو هۆشیارییە گشتییەی (نیتشە) بە وەهم و ساختەی دەزانێت، بەو مانایەی هۆشیاریی ئێمەی کورد نەگەیشتووەتە ئەوەی ئازادی قەبووڵ بکەین و کاتێکیش بە دەستی دەهێنین، ئەوە بە دوژمنی خۆمانی دەزانین و فڕێی دەدەین، تا ببینەوە کۆیلە. نازانم بۆچی بە ناوی هەموومانەوە دواوە!
ئەگەر چەمکی ئازادی ببەینە لای فیلۆسۆفانی بوونگەرا، ئەوە ئاستێکی دیکەی تەواو جیاوازی دەبینین، لە کاتێکدا نووسەرەکەمان لە خوار تێگەیشتنی باوی خەڵکدا لێوەی دواوە.
نووسیویەتی: (هەمیشە بەدوای دۆخێکدا دەگەڕێین بمانکاتەوە بە کۆیلە، چونکە هەرگیز بە ئازادی ڕانەهاتووین.).
ئەو (هەمیشە) و (هەرگیز)ـەی لە کوێ هێناون؟ هەڵەیەکی لۆجیکییە و بە (slippery slope) ناسراوە، کە حوکمدانێکی گشتگیر و خێرایە (hasty generalization argument). ئایا دەتوانین هیچی لەسەر هەڵبچنین؟ ئایا هەمیشە بە دوای ئەو دۆخەدا دەگەڕێین؟ لە چ ڕێیەکەوە ئەم ئەنجامەی بە دەست هێناوە؟ ئایا پەنای بۆ (ئیندەکشن) بردووە، کە (پۆپەر) لە ئاستی فەلسەفیدا داویەتیە بەر ڕەخنە، چجای لە ئاستی میلـلیدا، وەک ئەوەی نووسەرەکەمان دەریبڕیوە؟(8)
چۆن لە ڕێی سەرنجەوە گەیشتووەتە ئەوەی بڵێت ئێمە هەموومان (بەدوای دۆخێکدا دەگەڕێین بمانکاتەوە بە کۆیلە، چونکە هەرگیز بە ئازادی ڕانەهاتووین)؟ سەختە بڕیارێکی لەم شێوەیە لەبارەی تێکڕای بولبولەکانی قەفەزێکەوە بدەیت، چجای هیی نەتەوەیەک. ئایا ئەگەر من دەرگەی قەفەزی بولبولەکانم کردەوە، بگرە هەر قەفەزەکەم تێک شکاند، بەڵام بولبولەکان نەیانویست بفڕن، مانای وایە ئازادییان ناوێت؟ ناکرێت کۆمەڵێک هۆکاری دی لە ئارادا بن؟ ئایا خوێندنەوەی ئێمە بۆ بابەت سنووردارە و لە خاڵێکدا دەوەستێت، یان ڕاڤە کردەیەکی بێسنوور و بێکۆتایە، کە لە هەر تەکانێکدا ئاڕاستەکەی دەگۆڕێت و بەرەو ڕووبەرێکی دیکەی نەزانراو ڕێ دەگرێت؟ ئەرێ ئاڕاستە ڕەخنەیییە فەلسەفییەکانی ئەم شەست حەفتا ساڵەی ڕابوردوو بە گشتی لەبارەی ئەو بێسنوورییەی ڕاڤەوە نەدواون، کە بۆ نموونە هەڵوەشاندنەوەی (دێریدا) و (فۆڵد: Fold)ی (دولووز) دوو نموونەی دیارن؟ فۆڵد، چەمکێکە، کۆمەڵێک خەسڵەتی ئاڵۆز و پەنهان دەگرێتە خۆی، بەو مانایەی دەکرێت هەمیشە بنووشتێتەوە، پێچ بکاتەوە، بگۆڕێت و بجووڵێت، کە ئەو خەسڵەتانە وا دەکەن ناوەوە و دەرەوە ببنە یەک. بابەت لە چەند چینێک پێک دێت، نەوەک لە یەک چین. بە مانایەکی دی، هەر شتێک کۆمەڵێک چین و توێژی هەن. بەم شێوەیە تێکڕای توخمەکانی گەردوون (کات، شوێن، بیرۆکە و ماددە) لە یەک شت پێک هاتوون، کە ئەوانە ئەگەرچی وەها دێنە بەرچاو لێکدابڕاون، بەڵام پێکەوەن و لە ڕێی کردەی نووشتانەوە و پێچکردنەوەوە شێوەی سەربەخۆ وەردەگرن.(9)
چۆن تێکڕای ئەندامانی نەتەوەیەک ئازادییان ناوێت و ئەگەر بە دەستیشی بهێنن، دەیانەوێت ببنەوە کۆیلە؟ ئایا ڕاستە هەموومان کۆیلەین؟ ئایا ئەم ئەنجامە جێگەی گومان نییە؟ ئەرێ ئەو ژنە کەزیدارانەمان (بەدوای دۆخێکدا دەگەڕێن بیانکاتەوە بە کۆیلە، چونکە هەرگیز بە ئازادی ڕانەهاتوون)؟
ئەگەر ڕۆشنبیرەکەمان بازی بۆ ئەو ئەنجامە هەڵداوە و پێی گەیشتووە، کەواتە ئازادی چ مانایەکی هەیە؟ ئەرێ ئەمڕۆ کێشانی هەر هوتافێک بۆ ئازادی، جگە لە هەڵدانی شت و گرتنەوەی، مانایەکی دیکە دەگەیەنێت؟ بۆچی دڵمان بەو ئازادییە خۆش بکەین، مادام بەوە ڕاهاتووین پەنا بۆ دۆخێک ببەین، تا لە خۆمانی بستێنینەوە؟ ئەو لەخۆسەندنەوەیە لای ڕۆشنبیرەکەمان حەتمییە و هەر دەبێت پێی بگەین.
وای ڕاگەیاندووە هەموو جووڵەیەکمان پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە. ئەمە ڕوانینێکی ئێسکەتۆلۆجییانەیە بۆ مێژوو (An eschatological view of history). ئەم ڕوانینە مێتافیزیکییە بە تایبەتی لای (نیتشە) کەوتووەتە بەر ڕەخنەی توند، کە دواتر لای ڕەخنەدۆزانی پۆستمۆدێرن، ئەوانەی ڕەخنە لە دۆخی مۆدێرنیتی دەگرن، بە هێزێکی گەورەترەوە دەردەکەوێت و مێژوو لەوە دەردەچێت هێڵێکی ڕێکی پێشبینیکراو بێت، بەڵکوو پڕە لە لادان، پێچکردنەوە، وەستان، ناکاوی و هیی دیکە. ئەدەب بە گشتی و ڕۆمانی فرەدەنگ بە تایبەتی سوودی لەم تێگەیشتنە بینیوە و چەمکی کات گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا هاتووە. لەبەر ئەوەیشە ڕۆماننووسە داهێنەرەکان ئەوانەن پێوەندیی دایەڵۆگییانەیان لەگەڵ فەلسەفە دامەزراندووە. ڕۆمانی میلـلی لەم تێگەیشتنەوە دەنووسرێت، کە ئەم نووسەرەمان دەستی پێوە گرتووە.
دیسان دەپرسین ئایا ڕۆشنبیرەکەمان لە ڕێی سەرنجەوە بەم ئەنجامە گەیشتووە؟ خۆ ئەگەر لەو ڕێیەیشەوە پێی نەگەیشتووە، ئەوە دیسان دەچێتە بواری فاڵ و خوێندنەوەی ناولەپەوە. هەستەکان دەکرێت لە هەندێک باردا کۆمەکمان بکەن، بەڵام ناتوانین بە پێشڕۆی خۆمانیان بزانین لە بەدەستهێنانی زانیندا. وەک (نیتشە) لە ئەفۆریسمی یەک لە بەشی (عەقڵ لە فەلسەفەدا)ی پەڕتووکی (ئاوابوونی بتەکان)دا دەڵێت: نا بۆ ئەوانەی باوەڕیان بە هەست هەیە، چونکێ هەست تووشی دەردی هەڵەی لۆژیکی بووە. هەست ناڕەوشتییە. فریومان دەدات و لە دنیای ڕاستینەمان دادەبڕێت، بۆیە پێویستە لە وەهمی هەست خۆمان ڕزگار بکەین. مێژوو شتێک نییە، جگە لە باوەڕهێنان بە هەست.(10)
بەپێی پرینسیپی نادڵنیاییی هایزینبێرگ (Heisenberg Uncertainty Principle)، کە زانای ئەڵمان (هایزینبێرگ) لە ساڵی (١٩٢٧) لە بواری فیزیای کوانتۆم دایهێاوە، مەحاڵە مرۆڤ هەموو شتێک بە تەواوی بزانێت و بە تەواوییش پێوانەی دوو خەسڵەتی پێکەوەگرێدراوی جووتێ شت لە یەک کاتدا بکات، کە هۆکارەکەی بۆ بوونی دووفاقیەتی ماددە لەنێوان گەردیلە و شەپۆل (wave-particle duality of matter)دا دەگەڕێتەوە، کە تا وردیی زانینمان لەبارەی شوێنی تەنۆلکەیەکەوە زیاتر بێت، ئەوە وردیی زانینمان لەبارەی کاتیەوە کەمتر دەبێت. پێچەوانەکەیشی ڕاستییەکەیەتی. ئەوە پێوەندیی بە خەسڵەتی گەردوونەوە هەیە لە ئاستی ئەتۆمیدا، دەنا لەبەر ئەوە نییە کەرەستەکانی پێوانە سنووردارن. ئەو ڕۆشنبیرە چۆنی زانیوە (هەمیشە بەدوای دۆخێکدا دەگەڕێین بمانکاتەوە بە کۆیلە، چونکێ هەرگیز بە ئازادی ڕانەهاتووین)؟
نووسەرەکەمان نووسیویەتی: (لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت ئێمە تەنها نەژادین، نەبووین بە نەتەوە.).
ئەمەیش هەر هەڵەیەکی تری لۆجیکییە و بە (False premise) ناسراوە، کە پێشەکییەکی هەڵە دەخاتە ڕوو، یان بناغەیەکی چەوت دادەمەزرێنێت و شتی لەسەر هەڵدەچنێت، بەو مانایەی دەیەوێت خێرا بە ئەنجامێک بگات، کە ئەنجامەکە لە بنەڕەتەوە هەڵەیە و ناکرێت هەڵەیش نەبێت. کاتێ زانیمان ئێمە هەمیشە بە دوای ئەو دۆخەدا نەگەڕاوین، کە دەمانکاتە کۆیلە، کەواتە بۆمان دەرناکەوێت نەتەوە نیین، بەڵکوو نەژادین. ئایا پێشەکییەکی هێندە سادە، هەر ئەم ئەنجامە ڕووکەشەی بە دوادا نایەت؟ ئینجا من دەپرسم ئەگەر ئەمە یاریکردن نییە بە وشە، دەتوانێت پێمان بڵێت ئەوە مانای چییە؟ (یاریکردن بە زمان) و (یاریکردن بە وشە) لە یەکتر جودان، کە یەکەمیان بەکارهێنانەوەی زمانە لە ئاستێکی دیکەدا، بەو مانایەی نووسەری داهێنەر وێنەکانی زمانی باوی ڕۆژانە تێک دەشکێنێت و هیی نوێیان لێ پێک دەهێنێت، کە نووسین هەمیشە توانای هەیە ئەو وێنە نوێیانە بخاتە باری داینامیکییەوە، تا بەردەوام هیی نوێتریان لێ بەرهەم بێت و ڕێ نەدات هیچ نوێیەک تا سەر خۆی بە نوێ بزانێت، بەڵکوو لە هەر جووڵەیەکدا کۆن دەبێت، مادام هیی دیکە لە هەمان گۆڕەپاندا دەردەکەون، بەڵام یاریکردن بە وشە تەنیا بانگەشەیە و بە شێوەی فریودەرانە بە ڕێوە دەچێت.(11).
ئایا نەتەوە و نەژاد قاڵبن، یان بەشێکن لە کردەی پەرەسەندن و لە ڕێی بژارکردنی سروشتییەوە هاتوون؟ ئایا ئەگەر هەندێک لە ڕەگەکانیان دیارن، بێژمار ڕەگیشیان شاراوە نین؟ ئایا وەک لای (نیتشە) بینیمان، لە سەرچاوەیەکی تاریکەوە هەڵناقوڵێن؟ ئەرێ دەکرێت پێمان بڵێت: دەربڕینی (نەتەوەسازی ڕێگە و ڕێباز و پلانی تۆکمەی خۆی هەیە، کە هەمووی بە لێکدانەوە و پێداچوونەوەی وردی پەروەردەی هزری و داڕشتنەوەی نەتەوەسازی دێتەبوون) چییە؟ دیسان دەپرسین ئایا نەتەوەسازی، (لەگەڵ پارێزی زۆرم بۆ بەکارهێنانی وشەکە) دەستکردی مرۆڤە، بەو مانایەی بە مەبەستەوە کراوە، یان بەرهەمی کردەی پەرەسەندنە و کردەی بژارکردنی سروشتی هەڵیسووڕاندووە؟ ئایا ڕەگەز، یان نەژاد (Race) و نەتەوە وەک دەوڵەت و حوکمڕانی وان، تا پێک بهێنرێن، یان ئەو کردەیە هێناونی؟ ڕەگەز، یان نەژاد لایەنی بایۆلۆجییە، لەسەر بنەمای شێوە و خەسڵەتەکانی جەستە و پێکهاتەکانی دیاری دەکرێت، کە ڕەنگی قژ، هیی چاو و توخمی دیکە دەگرێتەوە، لە کاتێکدا ئیتنیسیتی (Ethnicity) ناسنامەی کولتووری دەگرێتەوە، کە لە نەتەوەدا بەرجەستە دەبێت. (کلوود لیڤی شتراوس)ی فیلۆسۆف و ئەنترۆپۆلۆجیست پێی وایە کولتوورێک لە کولتوورێکی دیکە باڵاتر نییە و هیچ نەژادێک ناکەوێتە سەرووی نەژادێکی ترەوە، بەڵکوو هەموویان هاوشانن. (شتراوس) چەمکی (نەژاد) لەوە دوور دەخاتەوە، پێوەندیی بە بایۆلۆجیاوە هەبێت وەک ئەوەی باوە، بەو مانایەی ڕەخنە لەو تێگەیشتنە دەگرێت، کە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە، گۆیە نەژادی باڵا کولتووری باڵا بەرهەم دێنێت، لە کاتێکدا (نەژاد) خۆی بەرهەمی کولتوورە، نەوەک هیی بایۆلۆجیا. بەم شێوەیە گەشەکردنی کولتوورە جیاوازەکان بەندە بە کارلێکی ئەو نەژادانەوە، نەوەک بە زاڵکردنی یەکێکیان بەسەر ئەوەی تریانەوە. لە کتێبی نەژاد و مێژوو (Race and History)دا چەمکی تیۆریی خزمایەتی (kinship theory) بە کار دەهێنێت، تا ئەوە دەربخات، کە کولتوور لە ڕێی تێکەڵبوونی گرووپەکانەوە هاتووەتە دی، بەو مانایەی نەژادی بێگەرد (pure race) خورافەیە و ئەوەی هەیە فرەییی کولتوورییە. بەم شێوەیە جلوبەرگ و خۆراکی کوردی بۆ نموونە لە ڕووی بەهاوە لە هیی عەرەبی و تورکی کەمتر نین، وەک ئەوەی ڕوانینی ڕەگەزپەرستانەی ئیخوان ئەوان بە باڵاتر دەزانێت، بەڵکوو هاوشانن و دەتوانن لە یەکتر وەربگرن. هەمەجۆریی کولتووری دیاردەیەکی بابەتییانەیە و پێوەندیی بە هۆکاری مێژوویییەوە هەیە، نەوەک بە نەژاد و بایۆلۆجیاوە.(12)
لێرەدا گوتەی ڕۆشنبیرەکەمان زۆر سادەتر دەردەکەوێت، کە پێی وایە (کاتێک ئازادیمان دەستدەکەوێت، نازانین چۆن بەکاریبهێنین، هەمیشە بەدوای دۆخێکدا دەگەڕێین بمانکاتەوە بە کۆیلە، چونکێ هەرگیز بە ئازادی ڕانەهاتووین.).
دیارە زمان، مێژوو و جیۆگرافیایش کرۆکی هەر نەتەوەیەکن، بەڵام دەوڵەت شێوازی حوکمڕانییە و یاسا ڕۆڵی تێدا دەبینێت، کە ئەوانە هەر یەکەی خاوەنی کۆمەڵێک کیشەن و ڕێ نادەن سنووری کۆنکریتییان بۆ دابنێیت، بەڵکوو پێکدا چڕژاون. چەمکی ئۆمەت (Nation)یشمان هەیە، کە لە نەتەوە فرەوانترە و لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەردەکەوێت، بگرە دەکرێت لە چەند نەتەوەی جیاواز پێک بێت، بەڵام هاوکات بۆ یەک نەتەوەیش بە کار دەهێنرێت. چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی (nation-state)یش هەر دەچێتە بواری سیاسەتەوە و ئاماژەیە بە مێژوو و زمانی هاوبەش. هەر لێرەدا چەمکی خەڵک (people)یش هەندێجار هاوواتای گەلە و کۆمەڵێک کولتووری جیاواز دەگرێتە خۆی. ئینجا (ڕێگە و ڕێباز و پلانی تۆکمەی خۆی هەیە) مانایان چییە و بە چ مەبەستێک بە دوای یەکدا ڕیزی کردوون؟ ئەدی ئەم چەند وشەیە: (هەمووی بە لێکدانەوە و پێداچوونەوەی وردی پەروەردەی هزری و داڕشتنەوەی نەتەوەسازی دێتەبوون) چین؟ ئەرێ خەڵکی ئاسایی لە ژیانی ڕۆژانەیشدا ئەم گوتانە بە کار دەهێنن؟ دەیەوێت بڵێت کێشەیەکی گەورە هەیە، لە کاتێکدا نازانین ئەو کێشەیە هەر چییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بەم شتانە چارەسەر دەکرێت. لێرەدا بابەتێکی ناو ناوە (نەتەوەسازی)، گۆیە کێشەی هەیە و بەو ڕێگە و پلانانە چارەسەر دەکرێت، کەچی دواتر دەبینین ئەوانە هەموویان بۆ (داڕشتنەوەی نەتەوەسازی)ن. واتە بۆ داڕشتنەوەی هەمان بابەتن. کوا کێشە و کوا چارەسەر؟ ئایا لە دنیای فەلسەفەدا، کە دنیای ئاماژە و بواری ڕەخنەیە، کێشە چارەسەر دەکرێت، یان قووڵ دەکرێتەوە و لێک دەدرێتەوە، کە ئەم ڕاڤەیە وەک گوترا بێکۆتایییە و هەمیشە لە ئاستی جیاوازدا ڕووبەڕووی هەمان کێشە دەبێتەوە. بۆ نموونە ئێمە لە (سۆکرات)ـەوە کێشەی زمانمان هەیە، کە ئەم کێشەیە بە (پلاتۆ)، (ئەریستۆ)، (دێکارت)، (کانت)، (هیگڵ)، (نیتشە)، (سۆسێر)، (هایدیگەر)، (ڤیتگنیشتاین)، (دێریدا) و بێژمار فیلۆسۆفی تردا تێدەپەڕێت و هێشتا نەبڕاوەتەوە، کە لەم ڕووەوە دەیان ئاڕاستەی جیاواز دەرکەوتوون. بەرهەمی فەلسەفە بریتییە لە ڕاڤەی جیاوازجیاواز، نەوەک لە چارەسەر. چارەسەر لە دنیای ئایدیۆلۆجیادا هەیە، دەنا فەلسەفە بواری بەرهەمهێنانی کێشەی نوێیە. لە ڕەخنەی میلـلیدا بەردەوام وشەی چارەسەرت دێتە بەرچاو، بەوەی لەسەر بنەمای (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) دامەزراوە، کە وەک لێرەدا دەیبینین بە هەمان زمان و تێگەیشتنی جەماوەر، بگرە لە خوارتریش قسەی لێوە کراوە. ئایا ئەم کردەیە لە واقیعدا هیچ کاریگەرییەکی هەیە، یان تەنیا لەناو زمانی ڕۆژانەدا بە ڕێوە دەچێت و یاریکردنە بە وشە؟ ئەگەر بە مەبەستی فریودانی جەماوەر نەنووسراوە، دەتوانێت بۆیان بگەڕێتەوە و چوار دێڕی ترمان لەم بارەیەوە بۆ بنووسێت؟
ئەرێ کاتێ بەم زمانە سادەیەی جەماوەر لەبارەی ئەو چەمکانەوە دەنووسین، شتێکی نوێ بە دەستەوە دەدەین؟ هەندێک وا دەزانن کاتێ نموونەیەک لە بەرهەمەکانی وەردەگرم و بەم شێوەیە لێکی دەدەمەوە، ئەوە تەنیا پێوەندیی بە پەرەگرافێک و دووانیەوە هەیە، بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی دەقناسییەوە لێی بڕوانین، دەڵێین دیدگەیەک هەیە و ئەوانەی لێ کەوتوونەتەوە، کە هەر لەو دیدگەیەیشەوە ئەوانەی تری بەرهەم هێناون. دیارە من پێشتریش گوتوومە ئامادەم لەبارەی هەر پەڕتووکێکیەوە گفتوگۆ بکەم و بەم مێتۆدە بیخوێنمەوە. ئایا ئەگەر ئەم بابەتە ناوی نووسەرێکی تری بەسەرەوە بێت، سەرنجی جەماوەر ڕادەکێشێت، یان قاقای بۆ لێ دەدرێت؟ ئایا ئەودەمیش ڕەخنەگرە میلـلییەکان دەڵێن فەلسەفەیە و هەموو کەسێ لێی تێناگات؟ (13).
ئایا ئەو ڕۆشنبیرەی دوێنێ لەبارەی چەمکی ئازادییەوە ئەم بۆچوونەی دەربڕیوە و گوتوویەتی ئێمە هەرگیز ئازادیخواز نین، بگرە ئەگەر ئازادی بە دەست بهێنین، لە خۆمانی دەستێنینەوە، بۆ ئەم دۆخەی ئەمڕۆ هیچی پێیە؟
هەمیشە گوتوومە نووسین بریتییە لە تێپەڕاندنی زمانی ڕۆژانە، کە زمانی ڕۆژانە ئاستی تێگەیشتنی گشتی پێک دەهێنێت و سەرجەم دەستەڵاتەکان تێیدا کۆ دەبنەوە. بە مانایەکی دی، زمان ئایدیۆلۆجیای باو دەردەبڕێت. لە حەفتاکان و هەشتاکاندا ئەگەر کوردێ بیگوتایە: (ئای هەژاری!)، ئەوە بەبێ ئەوەی هیچ مەبەستی بووایە، وا لێک دەدرایەوە لە دژی سەرمایەداریدا ناڕەزاییی دەربڕیوە و هیوای سەرکەوتنی سۆسیەلیزمی خواستووە، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینەوە، کە ئایدیۆلۆجیای ئیخوانیزم باشووری کوردستانی داپۆشیی، ئەوە هەمان گوتە بەو شێوەیە دەخوێنرایەوە، گۆیە عەلمانیەت بە نەفرەت دەکات و دەنگ بە ئیخوان دەدات، بۆیە بەشێکی نووسەر و هونەرمەندان لەپێناوی ڕازیکردنی جەماوەردا، پەنایان بۆ ئەم زمانە دەبرد. لەم دۆخەی ئەمڕۆدا ئەو پێوەندییەی نێوان گوتن و سەرچاوە پچڕاوە. هەر لەم کەرنەڤاڵانەی تا ئێستا بە ڕێوە چوون، هەم شێوازی گوتن گۆڕاوە و هەم ئەو سەرچاوەیە بە لاوە نراوە، بۆیە تەنانەت درووشمی ئایینییش بە گشتی بۆ ئەو سەرچاوەیەی ئیخوان ناگەڕێنرێتەوە. وەک گوترا هەندێک مەلا درووشمی (ژن، ژیان، ئازادی) دەڵێنەوە. باسی چوار پارچەی کوردستان دەکەن و پشتگیریی خۆیان بۆ سەرکەوتنی ڕۆژاڤا لە دژی چەتەکانی (جۆلانی) ڕادەگەیەنن، بگرە بەهای کەزی دەهێننە بەرچاو. (چەتەکانی جۆلانی) دەربڕینی خۆیانە. خانمێکی باڵاپۆش گوتی ئەو ژنە شەڕەڤانانە خوشکمن، بە مەرجێ لە بنەڕەتەوە پۆشینی بەرگەکەی بەو مەبەستە بووە لەوان نەچێت. ڤیدیۆی هەندێک لەو بانگخوازانەیان بۆ ناردووم، کە تا دوێنێ نزایان دەکرد خودای گەورە (ئەردۆگان) سەر بخات، کەچی ئەمڕۆ دەڵێن ئامادەن گیانیان فیدای کوردستان بکەن و ژنی شەڕەڤان بە مایەی شانازی دەزانن. لە هەموو ئەوانەدا دەمەوێت بڵێم ئاستی زمانی ڕۆژانەمان نەک هەر گۆڕاوە، بەڵکوو سەرچاوەکەیشی تێک شکێنراوە.
نابێت ئەوە بشارینەوە، کە زمانی ڕۆژانە خاوەنی پاوانخوازییە و هەوڵ دەدات ئەوانە بە لاوە بنێت، کە پێی نادوێن، بۆیە ئەمڕۆ کەسانێک دەزانن، ئەگەر بە کاری نەهێنن، دەکەونە پەراوێزەوە. دیارە ئەمە شتێک لەوە ناگۆڕێت، کە زمانی ڕۆژانەمان چووەتە ئاستێکی باڵاترەوە، تەنانەت دەکرێت بە دەربڕینی (باشلار) بڵێین دابڕان هاتووەتە دی. ئەوە تەنیا بەرهەمی ڕۆژاڤا نییە، بەڵکوو هیی هەموو ئەوانەیشە، کە هەوڵی تێکشکاندنی زمانی باویان داوە و زمانی تاکانەی خۆیان داهێناوە. بێگومان ژمارەیان کەمە، بەڵام بەوەدا ئەو ئاڕاستانە هێزی خۆیان لە ژیان وەرگرتووە، نەوەک لە شمەک، ئەوە جیاوازییان هێناوە و کاریگەرییان جێ هێشتووە. ئەم گۆڕانکارییە تەنیا هیی ئاستی سۆسیۆلۆجی نییە، بەڵکوو لە ئاستی ئێستاتیکایشدا دەرکەوتووە. لەم چەند ساڵەی ڕابوردوودا بە ڕوونی دیومانە چۆن ڕووبەڕووبوونەوەی هزر و زمانی میلـلی هێزی پەیدا کردووە. ئەو پرسیارانەی لە نووسەرە جەماوەرییەکان کراون، کە ئەمانە دووانیانن: (بۆچی لە ئاستی جەماوەردا دەدوێن؟ ئەرێ ئەوەی ئێوە گوتوتانە، هەر ئەوە نییە خۆیشمان دەیزانین؟)، دنیای نووسینمانیان گۆڕیی و ئاستی تێگەیشتنمانی هەڵکشاند.
هەر کولتوورێک ئاستێکی دیاریکراوی زمانی ڕۆژانەی هەیە و لێی دانابەزێت. ئەمە دۆخێکی چەسپاو نییە، بەڵکوو بەردەوام لە گۆڕاندایە. ئەوە وا دەخوازێت نووسینی داهێنەرانە ئەم ئاستەیش تێبپەڕێنێت. بە مانایەکی دی، نووسین تەنیا کاتێ دەتوانێت داهێنەر بێت، کە ئەم زمانەی ڕۆژانەیە تێک دەشکێنێت و لە ئاستێکی باڵاتردا دەریدەخاتەوە. ئەوەیش ئاستی ئاماژەیە. کێ بەردەوام زمانی ڕۆژانە تێک دەشکێنێت و بە زمانی تاکانەی خۆی دەدوێت؟ ئەوەی ڕوانینێکی جیاوازی هەیە. لێرەوە ئەو خودە تێدەپەڕێنێت، کە دامودەستگە کۆمەڵایەتییەکان پێکیان هێناوە و هەر خۆیشیان تێیدا دەدوێن. بەم شێوەیە داهێنەر هەمیشە ئەو خودەی تێدەپەڕێنێت و خۆی ناسنامەی پێ دەدات، کە خودی ئەو ناسنامەیە جێگیر نییە، بەڵکوو کردەیەکی داینامیکییە و توانای بەرهەمهێنانی جیاوازیی هەیە. ئەگەر ئەو ڕۆشنبیرە جەماوەرییانە تا ئەمڕۆ زمانیان لە ئاستی جەماوەردا بوو، ئەوە لەمەودوا لە خوارتریشە، کە بە ڕوونی دەبینین ئاستی تێگەیشتن و زمانیان لەلایەن جەماوەرەوە تێپەڕێنراون.
سەرچاوەکان:
2. کاکەسوور، کاروان عومەر، ئاماژە فەلسەفییەکانی شێواز و شێوازناسی، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی کتێبی نووسیار، ژمارە (59)، چاپی یەکەم، 2025، دانیمارک.
3. لەو گفتوگۆیەی (دلێر سەلیم) لەبارەی کۆمەڵەوە لەگەڵ من و چەند نووسەرێکی دیکەیدا کردووە، هەوڵم داوە ئەمانە و زۆری تر لەبارەی چەمکی کاریزماوە بڵێم. پەڕتووکەکە هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە.
4. کاکەسوور، کاروان عومەر، سادەنووسی لە ئاست پرسیار و ڕاڤەدا، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانی کتێبی نووسیار، ژمارە (54)، چاپی یەکەم، 2024، دانیمارک. دەکرێت لەم لینکەی خوارەوەیشدا بخوێنرێتەو:
لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی – ژنەفتن
5. ماوەی پێشوو یەکێ لەو ڕۆژنامانە بە منەوە گرتبووی و گەیشتە ئەوەی پەیامنێرێکی پێم بڵێت گەمژە، کە لێرەوە سپاسی دەکەم و هیوای بەردەوامیی بۆ دەخوازم. هەر ئەوانە ناوی دەیان فیلۆسۆف و چەمک بە دوای یەکدا دەهێنن. هەمیشە گوتوومە هەبوونیان گرنگە. لە ڕێی هەڵگرتنەوەی ئەو چەمکانەی لە دنیای شمەکدا فڕێیان دەدەن، تا بیانبەینە دنیای ئاماژە و لەوێدا لێکیان بدەینەوە، بەردەوام ئاستی میلـلی تێدەپەڕێنین و دەریدەخەین زمانی ڕۆژانەی جەماوەر لە نووسیندا چ گاڵتەجاڕییەکە!
6. Nietzsche, Friedrich, The Twilight of the Idols: How to philosophise with the hammer. (1927) TRANSLATED BY ANTHONY M. LUDOVICI LONDON: George Allen And Unwin Ltd., London. RUSKIN HOUSE, 40 MUSEUM STREET, W.C.1 NEW YORK: THE MACMILLAN COMPANY. PP.42
7. کاکەسوور، کاروان عومەر، سادەنووسی لە ئاست پرسیار و ڕاڤەدا.
8. لەو نامەیەی لەژێر ناونیشانی (تێپەڕاندنی خود و واقیعی باو لە ڕێی وێنەی شیعرییەوە)دا بۆ نزیکەی حەفتا شاعیری دوای نەوەی ڕاپەڕینم نووسیوە، باسم لەم چەمکە و کۆمەڵێکی تر کردووە. هەوڵم داوە ڕوانینی خۆم لەبارەی شیعرەوە بخەمە ڕوو، جیاوازی و خەسڵەتەکانی شیعری ئەوانەیش بخوێنمەوە. ناوی شاعیرەکان لە (A)ـەوە بۆ (Z) نووسراون: (ئاکام کەوسەری)، (ئالان پەری)، (ئارام حاجی)، (ئازاد بەهین)، (ئەحمەد مستەفا زەکی)، (بابانی شەن)، (بەشدار سامی)، (بڵند باجەلان)، (بڕیار محەمەد)، (چۆلی فایەق)، (دابان عەتار)، (داستان بەرزان)، (دیار لەتیف)، (ئیسماعیل سابیر)، (غەمگین بۆڵی)، (گۆران ڕەسووڵ)، (هەڵاڵە سوهرابی)، (هەرەس: ئەنوەر عەباسی)، (هێرۆ کوردە)، (ژاوێن شالی)، (ژیار ئەسوەد)، (کاروان حاجی)، (کارزان ڕەحمان)، (لازۆ ئازاد)، (ماردین ئیبراهیم)، (نارین ڕۆستەم)، (نەهرۆ جەرجیس)، (نەشمیل عەلی بەرزنجی)، (نەوا ئەمین)، (نەورەس محەمەد)، (ئومێد قەرەنی)، (پەخشان عەبدولڕەحمان)، (سەردار نۆڕێ)، (پێشەوا کاکەیی)، (پشتیوان عەلی)، (ڕابەر فاریق)، (ڕاهۆز کامەران)، (ڕەها ئەبووبەکر)، (ڕەشید مەحموود)، (ڕەزا عەلیپوور)، (ڕێبین ئەحمەد خدر)، (ڕزگار سوبحی)، (سایە قووغان)، (سایۆ ڕەجەب)، (سامان حەسەن)، (سندی ڕێشاخ)، (سۆران ساڵح)، (سۆران محەمەدەسوورە)، (سروشت نەوزاد)، (سۆما مەلا)، (سومەییە جەلال)، (شاخەوان ئەحمەد باپیر)، (شاڵاو حەبیبە)، (شانۆ بەکر)، (شەرمین وەلی)، (شکار محەمەد)، (شنە نووری)، (تەیب قادر)، (یوونس ڕەزایی)، (زاموا محەمەد)، (زانیار ڕەوا) و (زوڵەیخا کەریم).
9. Nietzsche, Friedrich, The Twilight of the Idols: The twilight of the idols : How to philosophise with the hammer.PP.17
10. Ibid. PP. 41-42.
11. کاکەسوور، کاروان عومەر، سادەنووسی لە ئاست پرسیار و ڕاڤەدا. ل.161
12. ئەم پەرەگرافەی پێوەندیی بە ڕوانینی (شتراوس)ـەوە هەیە، هەر لەو گفتوگۆیە وەرگیراوە، کە لەبارەی کۆمەڵەوە لەگەڵمدا کراوە.
13. بەشێکی ئەم باسە لە کتێبی (ڕاڤەی چەمکەکان لە جیهانی ئاماژەدا) وەرگیراوە، کە گفتوگۆیەکە و تێیدا کۆمەڵێک پرسیار ورووژێنراون و چەندان چەمک لێک دراونەتەوە. هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە.