کوڕە کوردەکەی موحیەدین ئیبن عەرەبی

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ''ژیانی هزریی لە حیجازی پێش وەهابییەت؛ تیۆلۆژیای سۆفییانەی ئیبراهیمی گۆرانی''

دەروازە

ئیبراهیمی کوردی گۆرانیی شارەزووری (١٦١٦-١٦٨٩)، یەکێک بوو لە دوایین ئەو حەکیم و زانا کوردانەی قۆناغی درەنگی مێژووی کلاسیک، کە کاریگەریی دوورمەودای بەسەر کۆی هزری ئیسلامییەوە هەبووە. بە ”موجەدید”ی سەدەی حەڤدەمی زایینی دەزانرێ، بەتایبەت لە ڕووتەختی هزری سەنتەری دەرکەوتنی ئیسلام؛ لە وڵاتی حیجاز. بەشدارییەکانی ئەو لە بواری سۆفیزم، کەلامناسی و ڕیفۆرمی ئیسلامی، جێکەوتەیان بەسەر دەستەبژێری زانستی – ئایینییەوە هەبووە، نەک هەر لە حیجاز، بەڵکوو لە زۆر شوێنی تری جیهانی ئیسلامی: هەر لە نیمچە دوورگەی هیندییەوە بگرە تا بە باکووری ئەفریقیا دەگات.

لەم کورتە باسە دەخوازین شرۆڤەیەکی پوخت بۆ کولتووری هزری ئەم زانایەی شارەزوور بخەینە ڕوو، زێتریش بە جەختکردنەوە لەسەر تێزی ”یەکێتیی بوون – وحدة الوجود”ی سۆفییانە، هەروەها ڕۆڵی بەرفراوانی ئەم زانایە لە لێکۆڵینەوەی نەریتییانەی ئیسلامیدا. ئەمەش بە خوێندنەوەی دوایین کتێبێک، کە لەم چەند ساڵەی دوایی، لەلایەن دکتۆر ”ناصر محمد یحیی ضميرية” بە ئینگلیزی لە بارەیەوە نووسراوە. تێیدا، بە کورتی بایۆگرافیای هزری ئەم زانا کوردەی بونیادناوەتەوە؛ ویستوویەتی بیروبۆچوونی گۆرانی لە ناوکۆی مێژووییی خۆیدا بخوێنێتەوە و جێکەوتەی بەسەر پەرەسەندنی هزری ئیسلامی، لە قۆناغی پێش مۆدێرن، دیاری بکات.

کتێبەکەی ناصر ضميرية بە ناونیشانی ”ژیانی هزری لە حیجازی پێش وەهابییەت؛ تیۆلۆژیای سۆفییانەی ئیبراهیمی گۆرانی”[1]، لە ساڵی ٢٠٢١دا چاپ بووە. کتێبێکی گرنگە بۆ خوێندنەوەی هزری ئیسلامی لەم قۆناغە درەنگەیدا، کە سەدەی حەڤدەیە و لە پانتایییەکی گرنگی فەرامۆشکراوی ئەو سەردەمدا، کە حیجازە. نووسەر ویستوویەتی، بە پشتبەستن بە چەندین سەرچاوەی یەکەمینی دەستنووس و چاپکراو، بە لێکۆڵینەوەی وردی ژیان و هزری کەلامناسییانە و سۆفییانەی زانایەکی کۆچکردوو لە کوردستانەوە بۆ ئەوێ، گێڕانەوە باوەکان لەبارەی کەوتنی ڕەوشی هزری ئیسلامی، لە قۆناغی پێش هەژموونی وەهابیزم، هەڵسەنگێنێت. لە هەوڵی ئەوەدا بووە تێگەیشتنێکی جیاواز بۆ ئەو مێژووە بخاتەڕوو، دەریبخات کارایەکی وەک ئیبراهیمی گۆرانی و تێزەکانی، نەک هەر ناشێ لەنێو گێڕانەوە باوەکانی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بەم قۆناغە جێگیر ببن و بە قۆناغی کەوتنی هزر وەسف بکرێت، بەڵکوو دەشێ گێڕانەوەیەکی تەواو جیاوازمان، لەسەر کۆی سروشتی ئەم هزرە بخەنە بەردەست و لە بیرۆکەی شێوەگیربووی ”کەوتن” و ”داڕمان”مان دوور بخەنەوە؛ بمانخەنە بەردەم هزرێکی پڕ لە ژیان، کە لەوێدا و لەو سەردەمدا، لەسەر دەستی ئەم زانا کوردەوە، بەرهەم هێنراوە.

بەستێنی مێژوویی و هزریی گۆرانی

گەشتی هزرییانەی ئیبراهیمی گۆرانی لە کوردستانەوە دەستی پێ کردووە. بەڵام نووسەرەکە کەمتر لای بەلای ئەم بەشەی بایۆگرافیای زاناکە کردۆتەوە. بەمەش جیاوازی لەگەڵ کارەکەی مێژوونووسی گەورە عیماد عەبدولسەلام ڕەئوف (١٩٤٨-٢٠٢١)هەیە، کە لە کتێبێکی سەربەخۆ لەبارەی ئەم زانایە، بەشێکی بۆ خوێندنەوەی ژینگەی کوردستانییانەی پەروەردەبوون و پێگەیشتنی تەرخان کردبوو[2]. دەشێ ئەم نووسەرە، لەبەر کەمی زانیاری و پابەندبوونی بە چوارچێوەی توێژینەوەکەی، کە ڕەوشی هزری و ڕۆڵی گۆرانییە لە حیجاز، گرنگی ئەوتۆی بەم قۆناغەی ژیانی نەدابێت. بەلای ئەو کۆچی گۆرانی بۆ شاری مەدینە لە ساڵی ١٧٤٩، خاڵی وەرچەرخان بووە لە ژیانیدا. هەرواش بوو، ئەو لەوێ زوو تێکەڵ بە کولتووری هزری باو بووە و دەقە گرنگەکانی خۆی نووسیون. مەککە و مەدینە، لەم قۆناغە، شوێنی جڤاکێکی زیندووی زانستی بوون. بۆ زانا کوردەکانیش، لە زوویەکەوە، مەنزڵگای خوێندن و ژیان بووە[3]. لەو سەردەمەشدا، کە ئەو زانا شارەزوورییە چووە، چەندین زانای دی کورد لەوێ دەژیان و لەنێو جڤاکی زانستی – ئایینیدا، کارایانە خۆیان نواندووە و دەستنووسەکانیان شایەتە لەسەر چالاکیی هزری – ئایینییانەیان.[4]

زیندووێتیی جڤاکە زانستییەکە لە گفتوگۆ و مشتومڕە کەلامی و فیقهی و سۆفییانییەکاندا بوو. زانا کوردەکان بەڕێوەبەری گفتوگۆکان و وروژێنەری زۆر لە دۆز و پرسەکان بوونە. زۆری نەبردووە ئیبراهیمی گۆرانیش وەک کارەکتەری هەرە دیاری نێو جڤاکەکە دەرکەوتووە، ئەمەش گرنگیی پاشخانە کوردستانییەکەی ئەو نیشان دەدا لە فۆرمەلەکردنی ئەم کارەکتەرەیدا. لەوێ سەرنجی شاگردان و فێرخوازانی زۆربەی جیهانی ئیسلامی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و وانەکانی بە گرنگی وەرگیراون. هەر ئەمەش هۆکار بووە بۆ تەشەنەکردنی تێزە هزرییەکانی ئەو لە جیهانی ئیسلامی؛ کاتێک ئەو فێرخوازانە، هەریەکە و گەڕاوەتەوە وڵاتی خۆی و گۆرانی و بیروبۆچوونەکانیان بە شوێنە دوورەدەستەکان ناساندووە.

ئەم ڕۆڵەی حیجاز لە هەناردەکردنی هزری گۆرانی و هەندێک زانای تری کورد، سەرنجی توێژەرانی ئەم سەردەمەی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. پێش ضمیریە، مێژوونووس بەشیر موسا نافع جەختی لەوە کردۆتەوە، کە ناوچەکە سەنتەرێکی زیندووی چالاکیی هزری بووە، بەتایبەت لە هەردوو بواری کەلامناسی و تەسەوفەوە[5]؛ ئەو دوو بوارەی دەستەبژێری زانستیی کوردی، بەدەر لە تێگەیشتنە میللییە باوەکەی ئەوەی دووەم، لەم قۆناغە درەنگەدا پێیەوە ناسرابوون و ڕۆڵیان لە زیندووهێشتنەوە و گواستنەوەی گرنگترین تێزەکانی بۆ بنکە زانستییەکانی ئەو پانتایییەدا هەبووە. بەتایبەتیش شاری مەدینە، کە گۆرانی بەشی هەرە زۆری ژیانی تێدا بەسەر بردووە، بەهۆی پێگە ئایینییەکە و ڕەهەندە ڕەمزییەکانییەوە، سەنتەرێتی خۆی لە ئاڵوگۆڕی زانستی پاراستبوو؛ ‌بەردەوام سەرنجی هەم زانا کورد و غەیرە کوردەکان و هەمیش زانستخوازانی سەرتاپای جیهانی ئیسلامی ڕادەکێشا. لەو ژینگە دینامیکییەدا بووە، کە گۆرانی برەوی بە هزری خۆی داوە و زۆرترین کتێبەکانی نووسیوە؛ بواری ئەوەی بۆ ڕەخساوە ڕۆڵی خۆی لە داڕشتنی گوتاری هزریی سەردەمەکە بگێڕێ.

چوارچێوەی بەستێن

کتێبەکە بە خستنەڕووی وێنەیەکی گشتی حیجاز لە سەدەی حەڤدە، دەست پێ دەکات. واتا ئەو قۆناغەی مێژوونووسان وا وەسفی دەکەن قۆناغی پاشەکشەی هزری بووە لە جیهانی ئیسلامیدا. ضمیریە ئەرگومێنتی خۆی لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەم تێگەیشتنە بونیاد ناوە. ئاماژەی بەوە داوە، کە سەرباری وەرچەرخانە سیاسی و کولتوورییەکان و کاریگەرییان بەسەر گۆڕینی سەنتەرەکانی بەرهەمهێنانی هزر لەم جیهانەدا، حیجاز هەر وەک سەنتەرێکی جێگیری ئەم هزرە ماوەتەوە. ئەوەی ڕێگەی بەم بەردەوامییەش داوە، چوارچێوە جیهانی و خۆجێیەکەی بووە. پەیوەندیی گرێدراوی بە کارا مێژوویییە زانستییەکانی ناوچە جیاوازەکان و هاتنییان بۆ ئەوێ و دەرکەوتنی دەستەبژێرێکی زانستی – ئایینیی تایبەتمەند، کە ڕۆڵیان لە برەودان بە ڕەوتە هزرییەکانی پەیوەست بە تەسەوف، فەرموودەناسی و زانستە عەقڵییەکانەوە هەبووە.

ضمیریە جەختی لەوە کردۆتەوە، لەم دیمەنە هزرییەدا، زاناکەی شارەزوور ڕۆڵە هەرە سەرەکییەکەی گێڕاوە. ئەمەشی بە فرەجۆری و فرەچەشنی بەرهەمەکانییەوە بەستۆتەوە، کە کەلامناسی، سۆفیزم، فەلسەفە و فەرموودە بوار و بابەتە سەرەکییەکانی بوونە. ئیدی، ئەگەر نووسەر ویستویەتی دەوڵەمەندیی نەریتی هزری لە حیجاز ڕوون بکاتەوە، پشتی بە چۆنیەتیی شێوەگریبوونی سیستمی هزریی گۆرانی و کارە جیاوازەکانی بەستووە. ئەو دەزانێ و ڕایدەگەیەنێ ئەم کەسێتییە، بەراورد بە کەسانی دی، هەقی خۆی پێ نەدراوە لە لێکۆڵینەوە و تەنانەت چاپکردنی بەرهەمەکانیشی. لەکاتێکدا ئەو فرەیییەی لەنێو سیستەمە هزرییەکەیدا هەبووە، نەک هەر دیمەنە گشتییەکەی ڕەوشی هزریی حیجاز دەردەخات، بەڵکوو ئاوێزەیەکیشە بۆ باشتر بینینی ڕەوتە هزرییەکانی کۆی جیهانی ئیسلامی.

جێگەی سەرنجە نووسەر، لە دۆزینەوەی ئەو پێگە گرنگەی زانا کوردەکە، میتۆدێکی تایبەتی پەیڕەو کردووە بۆ دۆزینەوەی ئەم سەنتەرێتییە و ڕۆڵی لە حیجازدا. ئەویش بەدواداچوونیەتی بۆ زنجیرەی گێڕەرەوان و پشتبەستن بە ” الإسناد” وەک ئامرازێکی مێتۆدییانە، بۆ ئاشنابوون بە زنجیرەی گواستنەوەی زانستەکان. لەمیانەیەوە توانیویەتی لە چۆنیەتیی گواستنەوەی زانین لە چوارچێوەی جیهانی ئیسلامی بگات، بەتایبەت ڕۆڵی نێوەندگریی زانا کوردەکان، مامۆستاکانی گۆرانی لە کوردستان، لە گواستنەوەی زانستە عەقڵییەکانی پانتایییە فارسییەکە بۆ پانتاییی عەرەبی و هێشتنەوەی زانستە عەقڵییەکان بە زیندوویی، لە سەردەمانێکدا کە نەفرەت لەم زانستانە کراوە، بەڵام لە زەمینە کوردییەکەدا بروەی پێدراوە و لە چوارچێوەی سیستەمی باوی قوتابخانەییدا خوێنراون، وەک ئەم لە چەند توێژینەوەیەکدا ڕوونمان کردۆتەوە. نووسەرەکە بەدوای دۆزینەوەی ئەو تۆڕە پەیوەندییە هزرییەدا بووە، کە زانا کوردەکەی حیجازی بە ناوچەکانی تر، وەک نیمچە دورگەی هیندی و باکووری ئەفریقیا و ناوچەکانی ژێردەستی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، گرێدابوو. بەو مێتۆدە توانیویەتی کاراییی حیجاز لە پانتایییە گشتییەکەدا ڕوون بکاتەوە، بەچەشنێک چیتر وەک ناوچەیەکی پەراوێزخراو نەبینرێ، بەڵکوو وەک سەنتەرێکی گرنگی کەلامناسی و هزری فەلسەفی چاوی لێ بکرێ. لەوێشدا ئەوە گۆرانی بووە، کە سەنتەری بەرهەمهێنانی زانستەکان بووە.  

دەزگای فێرکاری و تۆڕە هزرییەکان

 بەشی بنەڕەتی کتێبەکە بۆ دۆزینەوەی ژێرخانی پەروەردەییی حیجاز تەرخان کراوە، کە لەم قۆناغەدا قوتابخانەی ئایینی، کتێبخانە، ڕیبات و گۆشەی سۆفییانەی لەخۆ گرتبوو. ئەم دەزگایانە ڕۆڵێکی گرنگیان لە پاڵپشتیی زانا و شاگردەکانیان و ئاسانی گواستنەوەی زانین لە جیهانی ئیسلامیدا هەبووە. لێرەوە کارەکەی ضمیریە وردەکاری زۆر لەبارەی چۆنیەتیی خوێندنی زانستە عەقڵییەکان و دەقە فەلسەفییەکان لەخۆ گرتووە. کتێبەکەی ئەوە دەریدەخات، کە چۆن زانایەکی وەک گۆرانی بە تۆڕێک لە پەیوەندیی زانستییانە بە قووڵی بە دەوروبەری خۆیدا گرێدرابوو. ئەوەی چنینی ئەو تۆڕەشی سانا کردووە حەج بوو، کە کەناڵێکی گرنگی ئاڵوگۆڕی بیروڕا و دەقە لەبەرگیراوەکان بووە. هەر ئەمەش هۆکاری هەرە بنەڕەتی بووە لەوەی سەنتەرێتیی پانتایییە جوگرافییەکە و زانا هەرەدیارەکەی، لە بواری هزریی فەلسەفی و کەلامناسی، بەردەوام بێت.

دەزگا فێرکارییەکانی ئەوێ، کە لەژێر کاریگەریی گۆرانی و شاگردە کوردەکانی بوون، تەنیا بەخوێندنی زانستە شەرعییەکان نەوەستابوون، بەڵکوو ببوونە بنکەی خوێندنی کەلام و زانستە عەقڵییەکانیش. ضمیریە بە چاودێریکردنی ڕەوشی ئەم دەزگایانە، بە تایبەت مەدرەسەکان، بۆی دەرکەوتووە، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەزبەرکردن و گواستنەوەی زارەکی و بەکارهێنانی ئیسنادەوە، زانستەکانیان خوێندووە و دەوریان کردۆتەوە. لەگەڵیشیدا ڕاستی و دروستی ناوەڕۆکی دەقەکانیان سەلماندوە. بە هەمان شێوە نووسەر لە ڕۆڵی گرنگی کتێبخانەکانی حیجاز، لەم پڕۆسێسی فێرکاری و ژیانە هزرییەدا دواوە. کتێبخانەکان سەر بە مەدرەسە و ڕیباتەکان بوون، خەزێنەی گرنگی زانستی بوون، کە ژمارەیەکی زۆری دەقە بنەڕەتییەکانی فیقهناسی، کەلامناسی، تەسەوف و زانستە عەقڵییەکانیان لەخۆ گرتبوو. هەبوونی ئەم دەقانەش زۆر گرنگ بوون بۆ زانای وەک ئیبراهمی گۆرانی؛ پشتی پێ بەستوون، بۆ خوێندنەوەی ڕەوتە هزرییەکانی پێشین و هی سەردەمەکەی.

نووسەر لە لێکۆڵینەوەی ئەم پاشخانە فێرکارییە، ویستویەتی سەرچاوەکانی هزرینی زاناکان، لە سەرووی هەموویانەوە ئیبراهیمی گۆرانی، هەروەها پەیوەندیگرێدانیان بە بەردەنگەکانیان و چۆنیەتیی گواستنەوەی زانین بۆ فێرخوازانیان، بخاتە ڕوو. ئەمەش بۆ سەلماندنی هەم زیندوێتیی پانتایییە جوگرافیییەکە لە بواری هزریدا، هەمیش پیشاندانی چۆنیەتیی گەڵاڵەبوونی ئەو گوتارە هەمەگیرەی زانایەکی وەک ئیبراهیم کاری لەسەر داڕشتنی جومگەکانی کردبوو.

بەرگری هزرییانەی گۆرانی لە ”یەکێتیی بوون – وحدة الوجود”

خاڵێکی بەهێزی کتێبەکەی ضمیریە لێکۆڵینەوەی وردیەتی لە بەشدارییە هزرییەکانی گۆرانی، بەتایبەت هەوڵەکانی بۆ کۆکردنەوەی نەریتە هزرییە جیاوازەکان لەیەک بۆتەی گشتگیردا. نووسەر ڕوونی کردۆتەوە، ڕیشەی کەلامناسی و تێگەیشتنی سۆفییانەی گۆرانی دەگەڕایەوە بۆ هزری موحیەدین ئیبن عەرەبی. بێ ئەوەی ئەمە بەو مانایە بێت ئەم زانایە تەنیا لە چوارچێوەی تێگەیشتن و چەمکەکانی نێو ئەو هزرەدا مابێتەوە. خۆ لە بەرهەمەکانی دەبینرێت، تەواو سەرقاڵی زانستە عەقڵییەکان و نەریتی کەلامناسیی فەلسەفی سەردەمانی پێشین بووە. و ویستوویەتی وەک سیستەمێکی هەمەکییانەی هزری سەرەدەریان لەگەڵدا بکات. ئەم ئاوێتە و کۆکردنەوەی دیسپلینە زانستییە جیاوازەکان، لەو دۆزە میتافیزیکی و خوداناسییانە دەردەکەوێ، کە گفتوگۆی لەبارەوە کردوون، وەک بۆ نموونە: ”بوون – الوجود”، سیفەتەکانی خودا، قەدەر و پەیوەندیی نێوان خالق و مەخلوق…تادوایی.

وەک گوتمان ضمیریە لە گەڕانی بەدوای هزرە میتافیزیکی و گەردوونناسییەکانی گۆرانیدا، جەختی لەسەر پەیوەندیی قووڵی زاناکە لەگەڵ تێزەکانی ئیبن عەرەبیدا دەکاتەوە. بۆی دەرکەوتووە شرۆڤەی گۆرانی بۆ ”بوون” و ڕوانگە فەلسەفییەکان لەبارەی ئەم چەمکە و چەمکە تیۆلۆژییەکانی تری وەک کڕۆک، ئەفرین و سیفەتە خودایییەکان، هەم زۆر قووڵن و هەمیش ئاڵۆز لە تێگەیشتندا. بە کورتی گۆرانی سیستەمێکی تۆکمەی هزری داڕشتووە، تێیدا عیرفانیی سۆفییانەی تێکەڵ بە گوتاری تیۆلۆژییانەی عەقڵانی کردووە. لێرەوە کاریگەرییەکانی ئیبن عەرەبی ڕوونتر دەردەکەون، بەتایبەت لە داڕشتنی ماناکانی چەمکی ”بوون”دا. شرۆڤەی گۆرانی بۆ چەمکەکە ئەوەیە، کە لەخۆیدا جەخت لەسەر ”یەکێتی” دەکاتەوە؛ ئەو بوونەوەرەکان وەک جیلوەی خودایی دەبینێت. لەگەڵیشیدا ڕوونی کردۆتەوە، کە کرۆکی خودا هەر بە جیاوازی و باڵایی دەمێنێتەوە. ئەمەش خاڵێکی سەرەکیی تێزی داکۆکی کردنیەتی لە یەکێتیی بوون. لێرە ضمیریە ئاماژەی بە چۆنیەتیی بەکارهێنانی چەمکی بوون لەلایەن گۆرانی دەدات، لە پێناو گەیشتن بەو سیستەمە خوداناسییەی تێکەڵییە عیرفانی و عەقڵانییەکە فەراهەم دەکات.

داکۆکیی گۆرانی لەم چەمکە ئاڵۆزە، بە دیارترین بەشداریی هزرییانەی ئەو دادەنرێت. ئەمەش پتر بەرگری بووە لە بنەمایەکی پەیوەست بە گەورە سۆفییەکەی ئەندەلوس، کە گریمانەی ئەوە دەکات هەر بوونێک دەرکەوتنێکی تاکە حەقیقەتی ڕەهای خودایە. داکۆکییەکەی گۆرانی دووبارەکردنەوەی ئارگیومێنتەکانی پێشوو نەبووە، لەبارەی چەمکەکە و ماناکانی. بەڵکوو هەوڵێکی ئاڵۆزی خۆی بووە، بۆ ئاشتکردنەوەی ئەم چەمکە میتافیزیکییە عیرفانییە، بە خوداناسیی ئۆرسۆدۆکسییانەی ئیسلامی. بۆ ئەوەی بابەتەکە ڕوونتر ببێتەوە، دەگەڕێینەوە بۆ توێژینەوەیەکی ئەلیکزەندەر کینیش[6] لەبارەی ئیبراهیمی گۆرانی وەک بەرگریکارێک لە وەحدەتی وجود. ئەو لە وتارەکەیدا بە وردی باس لەوە دەکات چۆن گۆرانی هەوڵی داوە ڕوونی بکاتەوە، کە لە کاتێکدا هەموو مەخلوقەکان دەرکەوتنی بوونی خودان، بەڵام جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان خالق و مەخلوقدا هەر دەمێنێتەوە. ئەم جیاکارییەش زۆر گرنگە بۆ پاراستنی پاکێتیی تیۆلۆژییانەی یەکتاپەرستیی ئیسلامی، بێ ئەوەی لەخۆگرتنی تێڕوانینە عیرفانییەکە جێکەوتەی خراپی بەسەر ئەم پاکێتییەوە هەبێت.

لەلای خۆیەوە، ضمیریە ویستویەتی ئەو تێگەیشتنە میتافیزیکییەی گۆرانی ڕوونتر بکاتەوە. هاتووە دەریخستووە زانا کوردەکە هەوڵی داوە گونجانێک لەنێوان هزری عیرفانیی ئیبن عەرەبی و تیۆلۆژیای ئیسلامی بدۆزێتەوە، بەتایبەت لە تێگەشتن بۆ ئەم چەمکە ئاڵۆزە. تێگەیشتنی ئەو بۆ بوون لەوە سەرچاوەی گرتووە خودا، وەک تاکە هەبووی ڕاستەقینە، دەتوانێت بە هەر شێوەیەک بێت خۆی دەربخات، بەبێ ئەوەی بەم دەرکەوتنانە سنووردار ببێت. بێگومان ئەو بەم ڕێبازەی، بەرەنگاری هەموو تێگەیشتنە تیۆلۆژی و فەلسەفییەکانی سەردەمەکەی کردووە، بەتایبەتیش لە مەسەلەی پەیوەست بە لێکدانەوەی (هێرمینۆتیکییانە)ی سیفەتەکانی خودا.

بەرگری گۆرانی لە ”یەکێتیی بوون” لەو سەردەم و شوێنەدا گرنگیی خۆی هەبووە. لە زەمینەیەکی ئایینی – هزریی ئەوتۆدا، کە زاناگەلی دیار ڕەخنەی توندیان لێ گرتبوو، بەتایبەت ئیبن تەیمیە. ڕەخنەگران پێیان وابوو ئەم بنەمایە، هێڵی جیاکەرەوەی نێوان خالق و مەخلوق کاڵ دەکاتەوە، ئەمەش هۆکارە بۆ هەرتەقە(بیدعە)، هەڵگەڕانەوە و دەڕچوون لە دین. ئیبن تەیمیە و شوێنکەوتووانی پێیان وابوو یەکێتیی بوون، جیاکاریی بنەڕەتیی نێوان ئەوەی خودایییە و ئەوەیش کە پەیوەستە بە ئەفرێنراوەکانی تێکداوە و بەشێوەیەکی کاریگەر ئەم دووانەی هاوئاست کردووە[7]. ئەوان دەیانگوت بنەما و بیرۆکەیەکی ئاوا دەرگای بەڕووی ئەنتینۆمیزمدا کردۆتەوە، بەچەشنێک دەشێ لەژێر پەردەی یەکگرتنی عیرفانییانە لەگەڵ خودایەتیدا، فەرمانە ڕەوشتی و بنەما بەهاییەکانی ئیسلام پشتگوێ بخرێن.

لە وەڵامی ئەم ڕەخنانە، گۆرانی ئارگومێنتێکی وردی پەرە پێداوە؛ هەوڵی داوە لە یەک کاتدا هەم بنەما سەرەکییەکانی یەکتاپەرستیی ئیسلامی بپارێزێت، هەمیش بەرگری لە ڕەوایەتی میتافیزیکای عیرفانییانە بکات. زاناکە جەختی لەوە کردۆتەوە، کە ئەگەر هەموو بوونەوەرەکان ئاماژەن بۆ دەرکەوتنی بوونی خودا، بەڵام هیچیان هاوبەش نین لە کرۆکە خودایییەکە. کڕۆکی خودایی، وەک ئەو دەیگوت، ناوازە و زاڵە و ناشێ هاوتا بکرێت لەگەڵ هەبوونی هەنووکەیییانەی بوونەوەرە ئەفرێنراوەکان. ڕێبازی گۆرانی لەمەدا بریتی بوو لە جەختکردنەوە لەسەر جیاوازیی نێوان ”بوونی پێویستیی خودا – وجود واجب” و ”بوونی شیاو – وجود ممكن”ی ئەفرێنراوەکان. پێی وابوو لەبەرئەوەی ئەفرین ڕەنگدانەوەی خودایێتییە، بۆیە لە بنەڕەتدا جیاواز دەمێنێتەوە لە ئەفرێنراو.

لە شرۆڤەی ئەم بابەتەدا توێژەر هاوڕا بووە لەگەڵ کینیش، ئەگەر هاتۆتە سەر بەرگری ئیبراهیمی گۆرانی لەم چەمکە بنەڕەتییەی نێو سیستەمی هزریی ئیبن عەرەبی، تیشکی خستۆتە سەر مێتۆدی گۆرانی لە چارەسەرکردنی ئەو ئالەنگارییانەی بنەمای یەکێتیی بوون دەیوروژێنێت. گۆرانی وای بینیە بنەماکە بە ئاڕاستەی گەیشتن بە ئاکامی دژەدینانە نییە، بەڵکوو تێگەیشتنێکی قووڵترە لەبارەی پەیوەندیی نێوان خودا و مەخلوقەکانی؛ تێگەیشتنێکە جەخت لەسەر باڵاییی خودا دەکاتەوە، لەگەڵ داننان بە بەرجەستەی هەبوونی لە جیهاندا[8]. بەمەش بەرگرییەکەی گۆرانی وەک پڕۆژەیەکی پێشکەوتووی بواری خوداناسی خۆی دەنوێنێت، کە – وەک بینیمان – مەبەستی بووە دژیەکیی نێوان میتافیزیکای عیرفانییانە و بنەما چەسپیوەکانی نێو تیۆلۆژیای ئیسلامی نەهێڵێت.

لە کۆی ئەم پڕۆسێسی بیرکردنەوەیەدا، ئیبن عەرەبی بۆ ئیبراهیمی گۆرانی چوارچێوەیەک بووە بۆ تێڕامان و لێوردبوونەوە. هەرچی دەقەکانی ئەم  زانا کوردە بخوێنێتەوە بۆی دەردەکەوێت، کە ڕیشەی ئارگیومێنتە تیۆلۆژییەکانی بیرۆکەکانی ئیبن عەرەبی دان، تا ئەو ڕادەیەی کە ئیبن عەرەبی وەک ژێدەری سەرەکی باسە تیۆلۆژییەکانی گۆرانی وان. لەگەڵ ئەوەشدا، لە هەندێک بابەت لە مامۆستاکەی زێتر ڕۆچووە و شرۆڤەی وردی خۆی بۆ هەبووە. ضمیریە لە بەدواداچوونی بۆ تێگەیشتن و لێکدانەوەی گۆرانی لەبارەی سیفەتە خودایییەکان، قەدەر و ویستیی مرۆڤانە، تێبینی ئەم قووڵبوونەوەیەی گۆرانی کردووە. ئەو ڕایدەگەیەنێ بەشێکی ئارگیومێنتە تیۆلۆژییەکانی ڕەنگدانەوەی بەشدارییە ناوازەکانی خۆیین. ئەمەش بە تایبەتی لە سەرەدەریکردنی لەگەڵ خودا وەک ”بوونی ڕەها  – الوجود المطلق”دا دیارە، کە نووسەر وا ئاماژەی پێداوە لە گفتوگۆ میتافیزیکی و تیۆلۆژییەکانی گۆرانیدا وەک بابەتێکی ناوەندی دەردەکەون و ڕەنگدانەوەی ڕەوتە فیکرییە فراوانەکانی سەردەمەکەین.

هزری ئایینی و سۆفییانەی تری ئیبراهیمی گۆرانی

ضمیریە لە کتێبەکەیدا، هەر بەوە نەوەستاوە بەشداریی گۆرانی لە بابەتێکی هەستیاری وەک یەکێتیی بوون ڕوون بکاتەوە، بەڵکوو بەدوای بابەتگەلی هزریی تریشدا بووە، کە بەشێک بوونە لە کۆی سیستەمی بیرکردنەوەی ئەم زانایە. بەتایبەت ئەو بابەتانەی ئازادیی هزریی ئەو و ڕێبازە ڕیفۆرمیستەکەی نیشان دەدەن. گۆرانی دەستی بۆ زۆر لەو پرسانە بردووە، کە لە کولتووری ئیسلامیدا مشتومڕی زۆریان لەبارەوە کرابوو و دەکرا. لەوانەش پرسی ”ئیمانی فیرعەون” و چەمکگەلی وەک ”فەنابوونی ئاگر” و ”ڕەسەنایەتیی ئایەتە شەیتانییەکان” و پەسنی ”حەقیقەتی کەعبە” بەسەر ”حەقیقەتی موحەممەدی”. لێکۆڵینەوەی ئەم پرس و باسانە ئامادەییی گۆرانی نیشان دەدەن، بۆ بەشداریکردنی کارایانە لەو گفتوگۆ و مشتومڕانەی لە سەردەمەکەیدا باو بوون و هەندێکجاریش تەحەدای بیروبۆچوونە زانستییە – ئایینییە باوەکانی کردووە. لەوانەش بۆچوونی هەردوو بەرەی ئەشعەرییەکان و حەنبەلییەکان. نووسەری کتێبەکە ویستویەتی بە وردی لە مێتۆدی هزرینی گۆرانی بگات، کاتێک هاتووە، بە پاباندییەکی تۆکمەی هزری و ڕێبازێکی نێوەندگیرییانەوە، سەرەدەری لەگەڵ هەریەک لەم پرسانەدا کردووە. ئەمەش بە بۆچوونی نووسەر تەواوکەر و ڕەنگدانەوەی کۆی پڕۆژە هزرییەکەیەتی؛ ئەگەر ویستوویەتی نەریتە جیاجیاکانی هزری ئیسلامی لەبەریەک دابنێت و چەمک و دەستەواژەکانیان ئاوێتەی یەکتر بکات و وەک سیستەمێکی تەواو تەماشای بکات، لەگەڵیشیدا دڵسۆز بووە بۆ بنەما بنەڕەتییەکانی تیۆلۆژیای ئیسلامی.

ئەم چوارچێوە میتۆدییەی کاری ئیبراهیمی گۆرانی لە بابەتێکی گرنگی وەک ”کەلامی خودایی” و شرۆڤەی بۆ مشتومڕەکان لەسەر ئەم چەمکە، بە ڕوونی دیارە. وەک دەزانین، ئەمە پرسێکی هەرە سەرەکیی نێو خوداناسیی ئیسلامییە، کە کاریگەریی بەرچاوی بەسەر تێگەیشتن لە خەسڵەت و سیفەتە خودایییەکان و سروشتی وەحی هەبووە. ڕێبازی گۆرانی لە خوێندنەوەی ئەم پرسە، دیسان هەر ناوەندگیرانە بووە؛ هاوسەنگی لەنێوان بۆچوونی قوتابخانە جیاوازەکانی لا مەبەست بووە، بەتایبەتی لەنێوان ئەشعەرییەکان، کە خۆی سەربەوان بووە و حەنبەلییەکان، کە لە زەمینەی حیجازیدا بەهێز بوون. توانای گۆرانی لە ئاشتکردنەوەی ئەم ڕەوتە جیاواز و دژیەکانە، وەک ضمیریە ئاماژەی پێداوە، ئاماژەیە بۆ تۆکمەییی سیستەمە هزرییەکەی و ڕوانگە هەمەگیرەکەی بۆ پرسە تیۆلۆژی و فەلسەفییەکان، کە تێیدا دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و تێزی چوونیەکی لەلادا گرنگتر بووە لە دژیەکبوون و دوورکەوتنەوە لە یەکتر.

ڕیفۆرم و بوژاندنەوەی سۆفیزم

ئاوەرتەبوونی ئیبراهیمی گۆرانی لە تێگەیشتنی باوی سەردەمەکەی، زیاتر لە بواری تەسەوفدا بووە، کە ڕەهەندێکی گرنگی میراتە هزرییەکەی ئەوی پێک دەهێنا. ضمیرییە تێبینی ئەوەی کردوە نوسینەکانی گۆرانی لەبارەی ڕەوشت و نەریتی سۆفییانە، ڕەگ و ڕیشەی لەنێو بنەما فێرکارییەکانی دەستەی یەکەمی سۆفییاندا هەبووە. بەڵام ڕەنگدانەوەی ڕێبازی ئەویش بوون لە سەرەدەری لەگەڵ ئەم پرسە گرنگانە. بەپێی ضمیریه خەسڵەتێکی هزرییانەی ئەو لەم ڕووەدا، پابەندی توند بووە بە بنەما ڕەفتارییە نەریتییەکان و لەخۆگرتنی نۆڕمە هەرە باڵاکانی سۆفیبوون، لەگەڵ تێکەڵبوونی بەرفرە بە ڕەهەندە میتافیزیکییەکانی هزری عیرفانی. بەمەش خۆی لە خەوش و خاڵی تەسەوفی سەردەمەکەی بەدوور گرتووە و ویستویەتی بیخاتەوە سەر ئەو ڕێبازە بنەڕەتییەی گەورە سۆفییانی پێشوو لەسەری بوون. مەیلی گۆرانی بۆ ڕەهەندە ڕەوشتییەکانی تەسەوف، وەڵامدانەوەیەکی ئەو بووە بۆ زێدەبوونی دەرچوون و لەڕێلادان لەنێو سیستەمی کولتووری سۆفیایەتیدا. گۆرانی ئەم دەرچوونەی بە مەترسی بۆ سەر بنەما ڕەوشتی و ڕەفتارییەکانی کۆی جڤاکی ئیسلامی بینیە. بۆیە ئاوا لە چەندین بەرهەمیدا هەڵوەستەی لەسەر کردوە و ڕەخنەی توندی لێ گرتوە.

تایبەتمەندبوونی بۆچوونەکانی ئیبراهیمی گۆرانی بەو مانایە دێت، ئەو ڕیفۆرمیستانە تەماشای تەسەوف ئیسلامی کردوە. بۆیە دەشێ بەیەکێک لەوانە ئەژمار بکرێ، کە لە ژێر چەمکی ”سۆفییزمی نوێ”دا کۆ دەکرێنەوە. مێژوونووس بەشیر نافع، لە بەدواداچوونی بۆ ئەم چەمکە، دەریخستووە، کە ئاڕاستەیەکی ڕیفۆرمخوازانەی نێو تەسەوف بووە، لە کۆتایییەکانی سەدەی هەژدە زێتر شێوەگیر بووە[9]. کەسانی نێو ئەم ئاڕاستەیە هەوڵیانداوە بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە یەکەمینەکانی تەسەوف و هەوڵ بدەن نەریتە زوڵاڵەکانی ببیننەوە. ئەمەش پتر وەک پەرچەکردارێک بووە دژ بەو فۆڕمە تەریقەتییانەی تەسەوف، کە بە تێگەشتنی ئەم کەسانە چەندین نەریت و ڕێوڕەسمی نەشیاوی تێدا جێگیر کرابوو. یەکێک لەو زانایانەی ڕەوتە نوێیەکە دەیتوانی بۆی بگەڕێتەوە و پشت بە تێزەکانی ببەستێ، گۆرانی بوو، کە لەدوای خۆی کاریگەری و هەژموونی بەسەر کۆی هزری ئیسلامی لەگەرمەی دابووە. ڕۆڵی گۆرانی لەم ناوکۆیەدا گرنگ بوو؛ بنەما هزرییەکانی ئەو بناغەیە بوون، کە ڕیفۆرمخوازەکان دەیانتوانی تەلاری ڕەخنەییانەی خۆیانی لەسەر بونیاد بنێن. سەرباری ئەوەی دواتر، ڕەوتە توندگەراکەی محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب لە حیجاز جێکەوتەی دوورمەودای دەبێ، بەڵام ئەو ژینگە هزرییەی زانایەکی وەک گۆرانی و مورید و شاگردە کورد وغەیەرە کوردەکانی ڕەخساندبوویان، بەشدارییەکی فراوانتری لە گەڵاڵەکردنی ڕەوتی چاکسازیی ئیسلامیدا کردووە. بەتایبەت پڕۆسێسی گونجاندن و ئاوێتەکردنەکە، کە بووەتە ئەو چوارچێوەیەی ڕیفۆرمیستانی دواتر بەهۆیەوە توانیویانە سەرەدەری دروست لەگەڵ تەسەوفدا بکەن، نەک بەتەواوی ڕەتی بکەنەوە، وەک وەهابیەت وای کرد. بەڵکوو ئەوانیش هەوڵیانداوە لەخۆی بگرن، بە چەشنێک لەگەڵ ئامانجە دوورمەوداکانیان لە چاکسازییەکە بگونجێت.

blank

دەشێ کاریگەرییەکانی گۆرانی، لەم ڕووەدا، لە چۆنیەتیی سەرەدەری ڕیفۆرمخوازان لەگەڵ ڕەفتار و نەریتی سۆفییانەدا ببینین. ئەوان هەوڵیانداوە ئەو ڕەفتارانە بپاڵێون و لە خەوشی تەریقەتییانەی پاک بکەنەوە. ئەمەش، هاوشێوەی گۆرانی، لەمیانەی جەختکردنەوەیان بووە لەسەر ڕەهەندە ئەخلاقی و مینۆکییەکانی سۆفیزم. هەروەها سەرەدەریکردن لەگەڵ لایەن میتافیزیکییەکانی هزرەکە. لێرەدا، بەرگرییەکەی گۆرانی لە چەمکی یەکێتیی بوون، بناغەیەکی گرنگی تیۆلۆژییانە بووە، بۆ هەریەکێک ویستبێتی میتافیزیکای سۆفییانە تێکەڵ بە ئامانجە هەمەگیر و بەرفراوانەکانی ڕیفۆرمدا بکەن.

دۆزینەوەی جێکەوتەکانی هزریی گۆرانی، بەسەر ڕیفۆرمخوازان، لە سەدەی هەژدە و نۆزدە تا سەرەتای سەدەی بیست، پێویستی بە توێژینەوەی وردە. بابەتەکە هەر لە چوارچێوەی سوودوەرگرتنی لە ڕێبازە ئاوێتەییەکەی نەوەستاوە. بەتایبەت، کە کۆی سیستەمە هزرییەکەی لەبەردەستدا بووە و لەبار بووە بۆ لەخۆگرتن. ڕەنگە دۆزینەوەی پەیوەندیی ڕیفۆرمخوازان بە هزری تەسەوف بەشێکی زۆری ئەو جێکەوتانەمان نیشان دا، لە بابەتێک کە تا ئێستا لە گوتاری ئیسلامیدا مشتومری زۆی لەبارەوە دەکرێ.، ئەویش پەیوەندیی نێوان تەسەوف و ڕیفۆڕمە لە هزری ئایینیدا.

بەرهەمەکانی گۆرانی: میراتێکی بەبڕشت

گۆرانی نووسەرێکی بە بەرهەم بووە. بەلای کەمی سەد تێکست بۆ ئەو دەگێڕدرێتەوە، کە زۆربەیان هێشتا دەستنووسن، لە سەرانسەری کتێبخانە جیهانییەکاندا ماونەتەوە. ضمیریه ئەم بەرهەمانەی کەتەلۆگ کردووە و بۆ سێ جۆر پۆلێنی کردوون: ئەوانەی خۆی لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کردوون، ئەوانەی لە کەتەلۆگەکاندا ڕیزکراون بەڵام دەستی پێنەگەیشتوون، لەگەڵ  ئەوانەی بە هەڵە دەدرێنە پاڵ گۆرانی. پشکنین و شرۆڤەکردنی هەشتا و شەش لەو بەرهەمانە، فراوانیی هەوڵە فیکرییەکانی ئەم توێژەرە دەردەخات. لەمەشدا ویستوویەتی بەسەر زۆربەی ئەو بوارە زانستییانە ڕابگات، کە گۆرانی تێیاندا مامۆستا بووە، ئەوانیش بریتین لە تیۆلۆژیا، تەسەوف، فەلسەفە، سەرف و نەحو، فەرموودە و فیقهی ئیسلامی.

ئەوەی لە شرۆڤەی توێژەرەکە دەردەکەوێت و سەرنجی ڕاکێشاوە، توانای گۆرانی بووە لەوەی – وەک بینیمان – بوارە زانستییە جیاجیاکان ئاوێتەی یەکتر بکات. ئەو تەنانەت ئەگەر باسی پرسە فیقهییەکان یان زمانەوانییەکانی کردبێت، هەر بە خەمە تیۆلۆژییەکانی خۆی، وەک تێزی بنەڕەتی نێو سیستەمە هزرییەکەی، بەستۆتەوە. ئەمەش نەک هەر تۆکمەییی ئەو سیستەمەمان نیشان دەدا کە بونیادی نابوو، بەڵکوو پابەندیشی بە دەرخستنی هاڕمۆنیای نێوان زانستە عەقڵانی و زانستە نەقڵییە نەریتییەکان، دەردەخات. بەمەش، بەرهەمەکانی لە پەنجەرەیەک دەچن، دەڕواننە سەر ڕەوتی فراوانتری هزری، کە لە دەمی ئەودا باو بوون، بەتایبەتیش ئەوەی پێشتر ئاماژەمان پێدا: دۆزینەوەی هێڵە یەکتربڕەکانی نێوان هزریی عیرفانی و زانستە عەقڵییەکانی نێو سیستەمە هزرییە ئیسلامییەکە.

ضمیریە، گرنگی بەرهەمەکانی گۆرانی، هەر لە کرۆکی بابەتەکاندا چڕ نەکردۆتەوە. بەڵکوو لە دابینکردنی تێگەیشتنێکی گشتگیریش سەبارەت بە  ڕەوشی هزریی جیهانی ئیسلامی لە ماوەی سەدەی حەڤدەدا، سەرەدەری لەگەڵدا کردوون. ئەو وایدەبینێ بەرهەمەکان و هۆکاری پشت نووسینیان و ئەو گوتارە هەمەگیرەی دەریدەبڕن، ڕەنگدانەوەی ئەو مشتومڕ و گفتوگۆ جۆراوجۆرانەن، کە لە ناوچەکەدا دەکران، هەر لەبارەی میتافیزیکای سۆفییانەوە بگرە تا فەلسەفەی عەقڵانی ئیسلامییانە. ئەوە تەنیا ناوەڕۆکی بەرهەمەکان نەبووە سەرنجڕاکێش و ڕچەشکێن بوون، بەڵکوو میتۆدی کارکردنی گۆرانیش تایبەتمەندیی خۆی هەبووە. میتۆدێکی ئەوتۆ، کە بواری بە ئیبراهیم داوە چاودێری چۆنیەتیی گواستنەوەی زانین بەنێو ناوچە و سیستەمی کولتووریی فرەچەشنەوە بکات. لەگەڵیشیدا پارێزگاریکردن لە بەردەوامێتیی نەریتە هزرییە ئیسلامییەکان، تەنانەت بەوانەش کە بڤە بوون و تەکفیر کرابوون و دەکران. ئەمە سەرباری جەختکردنەوە لەسەر ئەو ڕێبازەی بەهۆیەوە ئەم نەریتانە لە چوارچێوەی جیاوازدا گونجێنراون و گۆڕانیان بەسەردا هاتووە.

نەریتی هزریی ئیبراهیمی گۆرانی و جێکەوتەکانی

ناوەندگیریی زاناکەی شارەزوور لەنێوان نەریتی عیرفانیی ئیسلامی و زانستە عەقڵییەکان، بەتایبەت لە نزیکخستنەوەی تێز و نەهێشتنی دژیەکییەکانی نێو هزری ئیبن عەرەبی، هۆکاربوون بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو و لەدوای خۆی ڕیزێک بخاتە سەر دیواری مێژووی هزری ئیسلامی. بەر لە ضمیریە، ئەیکزاندەر کینیش تێبینی ئەوەی کردوە چارەسەری گۆرانی بۆ ئەم دژیەکییەکان، لە میانەی جەختکردنەوە لەسەر تێگەیشتنێکی فرەچین بۆ جیلوەی زاتی خودایی، ڕێگەی بەوەداوە تێزەکانی لەنێو شرۆڤە جیاوازەکان بۆ چەمکی ”یەکێتیی بوون” جێگەیان ببێتەوە، نەک هەر ئەمە، بەڵکوو چەمکەکە بخاتە نێو چوارچێوەیەکی گەورەترەوە[10]. بەمەش نەک هەر ڕەوایەتی بە میتافیزیکای عیرفانی لەنێو نەریتیی ئیسلامی بەخشی، بەڵکو چوارچێوەیەکی بۆ تێگەیشتن لە فرەچەشنی هزری تەسەوفی ئیسلامی دابین کرد. بەشیر نافع بەدواداچوونی بۆ جێکەوتەی ئەم مێتۆدی کارکردنەوەی گۆرانی لە حیجاز کردووە و تیشکی خستۆتە سەر ڕۆڵی ئەم زانایەی شارەزوور لە بوژانەوەی هزری ناوچەکە، بەتایبەت نزیکخستنەوەی تەصەوف و کەلامناسی ئیسلامی. بەچەشنێک، ئەوەی گۆرانی کردوویەتی دەنگدانەوەی لە زۆربەی قوتابخانە وبنکە زانستییەکانی ئەوێ هەبووە.

بەڵام خۆ، وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا، حیجاز بەسەر ناوچەکانی تری جیهانی ئیسلامیدا کراوە بوو و ضمیرییەش ئەوەی سەلماند، کە سەنتەرێکی گرنگی بەرهەمهێنانی هزری ئیسلامی ئەو سەردەمە بوو، کە گۆرانی تێدا ژیاوە. بۆیە چاوەڕێی ئەوە دەکرێ، هزر و بۆچوونەکانی هزرڤانێکی بە بڕشت لە بەرهەمی فرەچەشن سنوورەکانی ئەم دەڤەرە ببەزێنن و بگوازرێنەوە زۆربەی ئەو بنکە زانستییانەی کاراکانی نێویان پەیوندییان بە حیجازەوە هەبووە. لێرەوە یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی میراتی فیکری گۆرانی، جێکەوتەکانیەتی بەسەر نەوەکانی دواتر لە زانایان. بەتایبەت دوای ئەوەی، لەلایەن شاگردەکانیەوە، بنەماکانی هزرەکەی بۆ ناوچەی جیاجیای جیهانی ئیسلامی گوازرانەوە و بەشداربوون لە فۆرمەلەکردنی گوتاری عیرفانییانە و تیۆلۆژییانە هەبووە. کوردناسی هەرە دیار مارتین ڤان بڕۆینیەسن، لە چەند توێژینەوەیەکیدا، دیڤچوونی بۆ ئەم بابەتە کردووە. بۆی دەرکەوتووە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بیروبۆچوونەکانی ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە پەرەپێدانی نەریتە سۆفییە خۆجێییەکان، چونکە فێرخوازەکانی، ئەگەر گەڕانەوە ماڵباتی خۆیان، تێزەکانی مامۆستاکەیان لەگەڵ ناوکۆی کولتووری و فیکری ناوچەکەدا گونجاندووە[11]. کاریگەرییەکانی ئیبراهیمی گۆرانی لە هیندستان زێتر دەرکەوتووە، بەتایبەت بەسەر دەستەی ئەو زانایانەی لە دەرباری شاکانی مەغۆلدا بوون. بەرگری ئەو لە یەکێتیی بوون و بوژاندنەوەی تێزەکانی ئیبن عەرەبی، بەردەنگی زۆریان لەوێدا هەبوو. بەتایبەت لەنێو ئەوانەی سەرگەرمی کۆکردنەوە و خستنەبەریەکی نەریتە فەلسەفییە ئیسلامی و خۆجێییەکان بوون.

کاریگەریی بیروڕاکانی گۆرانی هەر لە سنووری جیهانی ئیسلامی نەماوەتەوە. بەڵکوو زوو بەرهەمەکانی لەلایەن زانایانی ئەوروپیش ناسران، کە لە کاتی پەیوەندیگرێدانیان بە زانایانی موسڵمان و سەرقاڵ بوون بە وەرگێڕانی دەقە ئیسلامییەکانەوە، ئەم زانایەی شارەزووریان ناسیوە. پێشوازیکردن لە بیروڕاکانی گۆرانی لە ڕۆژئاوا بەمانای بەجیهانیبوونی میراتە هزرییەکەی دێت، لەگەڵ گرنگی بەشدارییەکانی، لە مێژووی فراوانتری هزری ئیسلامیدا.

بەهای زانستیی نووسینەکەی ضميريه

ئەوەی کتێبەکەی ضمیریه بخوێنێتەوە لەوە تێدەگات، بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە سەرەدەری لەگەڵ گێڕانەوە ڕۆژهەڵاتناسییە نەریتییە دەقگرتووەکان کردوە. ئەو گێڕانەوانەی هاتوون نەریتی هزری ئیسلامی، لەنێوان سەدەی شازدە بۆ نۆزدە، وەک قۆناغی ”داڕمان” و ”چەقبەستن” دەناسێنن، وەک ئەوەی تێیدا بەرهەم و کەسێتیی ئەوتۆ نەبووبن شایستەی لێکۆڵینەوە و ئاوڕلێدانەوە بن. ئەم گێڕانەوانەش بەڕوونی هەژموونی گەورە ڕۆژهەڵاتناسەکان و گوتارەکەیان، کە زێتر لە سەدەی نۆزدە گەڵاڵە ببوو، دەردەخات. ضمیریە لە کتێبەکەی دەخوازێت ئەم تێڕوانین و وێنا شێوەگیربووانە هەڵوەشێنێتەوە؛ لە ناوکۆی ئەکادیمییانەی ڕۆژئاوایییەوە جەخت لەسەر هەبوونی ڕەوت، ڕوانگە و گفتوگۆی قووڵی زانستی، لەم قۆناغە درەنگەی مێژووی پێش مۆدێرن، بکاتەوە.

کتێبەکەی ضمیریه ڕەخنەیەکی ڕاستەوخۆی ئەو گێڕانەوانەن، کە بەدەوری چەمکگەلی وەک ”کەوتن” و ”نەزانی”ی دەخولێنەوە، کە مێژووی قۆناغەکە، نەک هەر لە حیجاز بەڵکوو هی زۆربەی پانتاییی ئیسلامی، بەو فرەچەشنییەی هەیبووە، پێ وەسف دەکرێت.  توێژەرەکە، بە گرنگیدان بە ژیان و بەرهەمەکانی ئیبراهیمی گۆرانی، بەردەوامێتی و زیندووێتیی زانستە عەقڵانی و تیۆرییەکانی لە حیجاز، لە ماوەی سەدەی حەڤدەهەمدا، پیشان دەدات. دید و شیکارییەکانی گۆرانی لە چوارچێوەی نەریتێکی هزریی فراوانتردا دادەنێت تا ئەوە بخاتەڕوو، کە چۆن حیجاز سەرەڕای گۆڕانی ڕەوشە سیاسی و کولتوورییەکانی سەردەمەکان، وەک ناوەندێکی هزری دینامیکانە ماوەتەوە.

بێگومان کارەکەی ضمیرییە، کە لە زۆر ڕوودا ورد و زانستییە، بەڵام بواری تری پەیوەست بەم زانا کوردە هەن، پێویستیان بە کار و لێکۆڵینەوەی زیاترە. هەر لە چاپکردنی دەستنووسەکانی، کە ئەو پشتی پێ بەستوون و زۆرێکیان تا ئێستا بڵاو نەکراونەتەوە و پێوست دەکات زانستییانە لێیان بکۆڵرێتەوە و چاپ بکرێن، تا گرێدانەوەی زاناکە بە زەمینە خۆجێییەکەی خۆی و دۆزینەوەی ئەو ڕیشە مێژوویییانەی کەسێتییە زانستییە – ئایینییەکەی تێدا شێوەی گرتووە. سەرباری ئەمە، کتێبەکە وەک تازە گوتمان بەرەنگاری ئەو گێڕانەوە ڕۆژەهەڵاتناسییانەی پەیوەست بە داڕمانی هزری دەکات، بەڵام دەتوانێت سوود لە بەراوردێکی وردتر لەگەڵ بزوتنەوە هزرییە هاوچەرخەکانی دەرەوەی حیجازیش وەربگرێت، وەک ئەوانەی ئێرانی سەفەوی یان هیندستانی مەغۆلی یان تەنانەت گەشەسەندنە هزرییەکانی پانتایییە کوردییەکە، بەتایبەت هزری ئایینی – عیرفانییانە لە شێوەی بیروبۆچوونەکانی یارسان، خالیدییەی موجەدیدی…تادوایی. کاری بەراوردکارییانەی ئاوا دەشێ هەم ڕەسەنێتیی هزری گۆرانی و هەمیش چۆنیەتی برەوسەندنی ئەو چەمکانەی لێکی داونەتەوە، ڕوونتر بنوێنێ.

بێگومان گرنگیدانی گۆرانی و نواندنی وەک سەنتەری چالاکی هزریی پانتایییەکە ڕەوایەتی خۆی هەیە، بەڵام شیکارییەکی فراوانتر بۆ زاناکانی دیکەی حیجاز، لە هەمان سەردەم، جا چ کوردەکان بن لە گۆرانییەکانی دی بگرە تا بەرزنجیییەکان یانیش غەیرە کوردەکان، دەتوانێت وێنەیەکی گشتگیرتر لە ژیانی فیکری ناوچەکە بکێشێ. سەرەڕای ئەوەش، قووڵاییی شیکردنەوە و دەوڵەمەندیی سەرچاوە بەکارهێنراوەکان، ئەم کتێبە دەکاتە سەردەستەی توێژینەوە هاوچەرخەکان، لە بواری لێکۆڵینەوەی ئیسلامیدا. لە کتێبەکەدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە بەرهەمەکانی ئیبراهیمی گۆرانی سەرچاوەی دەوڵەمەندن و ئاسانکارییەکی زۆر دەکەن، بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی تیۆلۆژیای ئیسلامی و عیرفان و زانستە عەقڵییەکانی سەدەی حەڤدە.

هەرچەندە نووسینەکەی ضمیریە بەشدارییەکی گرنگە لە ناساندنی کەسێتی و هزری ئیبراهیمی گۆرانی، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە خاڵی بێ لە ئاستەنگ و کێماسی. ڕەنگە دیارترینیان ئەوەبێ، وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا، ئەو پاشخانە کۆمەڵایەتی – ئایینییەی هزری ئیبراهیمی گۆرانی تێدا گەڵاڵە ببوو پشتگوێ خستووە. دیارە مەبەستمان زەمینە کوردییەکەی دروستبوونی زانایەکی ئاوایە، زەمینەیەک کە خودان سیستەمێکی هزرییانەی خۆی بووە و گۆرانی لە چەندین شوێنی بەرهەمەکانی بۆی گەڕاوەتەوە و گرنگییەکەی پیشانداوە. هەروەها فۆڕمێکی دیاریکراوی خوێندن و دەزگایەکی فێرکاری، ڕێگەی بە دەرکەوتنی کارەکتەری زانستی – ئایینی وەک گۆرانی داوە.  

ئەوەی لە کتێبەکە و توێژینەوەکانی تریش باسی لێ نەکراوە جێکەوتەی هزری زاناکەیە، بەسەر قەوم و وڵاتەکەی خۆیەوە، لە کاتێکدا هەندێک لە کتێبەکانی لەلایەن زانا و شاگردە کوردەکان لەبەر دەگیرانەوە و دەخوێنران[12]. ڕەنگە عوزرخواییی ئێمە بۆ توێژەر ئەوە بێت، کە بێئاگایە لە نەخشی هزریی کوردستان، بەتایبەت هی ئەو سەردەمەی ئیبراهیمی گۆرانی تێدا دەرکەوتووە؛ نە دەستنووسەکان و نە لێکۆڵینەوەی نوێی ئەوتۆی بەکارهێناوە، وەک چۆن هاوکاری بوونە لە بینینی نەخشی هزریی حیجاز، ئاواش هاوکاری بوونایە لە بینینی زەمینەی پێگەیشتنی ئیبراهیمی گۆرانی لە وڵاتی خۆیدا.

هەڵسەنگێنەرێکی بەرهەمەکە[13] وایدەبینێ، لە ڕووی ڕێکخستن و دابەشکردنی کتێبەکەوە، گرفت هەیە. پێیوایە سەرباری ناسینەوە و ناساندنی بەرهەمە زۆرەکانی گۆرانی، تێکەڵییەک دەبینرێت و ناتەبایی لە ناسینەوەی بەرهەمەکانی بەرچاو دەکەوێت. ئەمەش چەشنێک لە سەرلێشێواوی بۆ خوێنەر دروست دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ناتەبایی لە پەیکەری کتێبەکە و نادروستی لە سەلماندنی ناو و ناوەڕۆکی هەندێک لە بەرهەمەکانی گۆرانی، کەموکوڕی وردیلەن، لەهەمبەر بەو توانایەی توێژەر لە پێشکەشکردنێکی تۆکمەی بابەتەکە نواندوویەتی. ئەم گرفتانە، لەڕاستیدا ڕەنگدانەوەی ئالەنگارییەکانی سەرەدەریکردنن لەگەڵ دەستنوسەکان و ئاڵۆزییەکانی نێو هزریی ئیبراهیم خۆی.

بەدەر لەمە، کتێبێکە بەشداریەکی پڕ بایەخە لە بواری خۆی، بەتایبەت لێکۆڵینەوە لە کەسێکی ڕچەشکێنی سەردەمەکەی، کە هزر و بیروبۆچوونەکانی مشتومڕی زۆر هەڵدەگرن، بەڵام کتێبەکە هاتووە وێنەیەکی گشتگیری خستۆتە بەر دیدی بەردەنگەکانی و شرۆڤەی قووڵ سەبارەت بە قۆناغێک، کە زۆرجار بە هەڵە تێیگەیشتووین، پێشکەش دەکات. بەچەشنێک باسەکانی ناو کتێبەکە دەروازەیەکی گرنگ بەسەر لێکۆڵینەوەی زیاتری بواری ژیانی هزری و کولتووریی جڤاکی ئیسلامی دەکەنەوە. بەتایبەت لە قۆناغی بەر لە دەرکەوتن و هەژموونی ئەو ڕەوتە توندڕەوانەی، تێز و بۆچوونەکانیان، لەو زەمینەیەی گۆرانی تێیدا کارابوو سەپاند. لە سەرووی هەمووشییانەوە ڕەوتی وەهابی.

دواجار!

ئیبراهیمی گۆرانی، نەک هەر هزرڤانی دیاری سەردەمەکەیەتی، بەڵکوو سەروەتێکی گرنگی هزریی سەروو زەمەنە و بیروبۆچوونەکانی وەرچەرخانێکی نێو هزری ئیسلامین، لە دوایین قۆناغی مێژووی کلاسیکیدا. بۆیە لە ئێستادا دەبینین، چەندین توێژەر، خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرهەم و تێزە هزرییەکانی، تەرخان کردوە. توێژەرانی وەک ضمیریه و چەندانی تر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، بەدوای پیشاندان و دەرخستن و شرۆڤەی ڕۆڵی ئەون لە نەخشی هزری ئیسلامیدا.

مخابن لای ئێمە کەمتر گرنگی بە بەرهەمەکانی دراوە. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە توێژەرمان نین، کاریان لەسەر نەکردبێت. دکتۆر عابد پشدەری، لە زانکۆی سلێمانی، یەکێکە لەو توێژەرانەی بەشی سەرەکی کارەکانی خۆی لێکۆڵینەوەن لەم زانایەی شارەزوور. توانیویەتی هەم دەستنوسی زۆر لە بەرهەمەکانی کۆ بکاتەوە، هەمیش – لە دوتوێی نامەیەکی دکتۆرا – لە بیروبۆچوونە کەلامییەکانی کۆڵیوەتەوە. لە ئێستادا خەریکی لێکدانەوە و ئامادەکردنی کۆی بەرهەمەکانیەتی بۆ چاپ. بەمەش بوارێک بۆ توێژەران دەڕەخسێت، تا بتوانن وردتر لە گوتاری هزرییانەی ئەم زانایە بکۆڵنەوە.

پەراوێزەکان


[1] ناونیشانی کتێبەکە بە ئینگلیزی ئاوایە:

Intellectual Life in the Ḥijāz before Wahhabism: Ibrāhīm al-Kūrānī’s Theology of Sufism.

[2] إبراهيم الشهرزوري الکوراني – حیاته وآثاره، ص ص٦-٢٢.

[3]  توێژەر زیمار خالد حامد، نامەیەکی ماستەری لەبارەی ڕۆڵی سیاسی و شارستانییانەی کورد لە وڵاتی حیجاز، لە سەدەی شەش بۆ نۆ نوسیوە، تێیدا دەردەکەوێت، لە زوویەکەوە زانا کوردەکان ڕویان کردۆتە ئەوێ و کاریگەریی قوڵیان بەسەر نەخشی هزریی ناوچەکە هەبووە. ئیبراهیمی گۆرانی، کە درەنگتر دەچێ، تەواوکەری ئەو مێژووەی کوردەکانە.

[4]  بۆ تێگەیشتن لە بەشداریی زانستی و ئایینی ئەم زانایانە، کتێبەکەی یاسین تەها محەمەد (٢٠٢٣) زانیاری گرنگی لەخۆگرتوە.

[5] Taṣawwuf and Reform in Pre-Modern Islamic Culture, P. 307

[6] Ibrāhīm al-Kūrānī (d. 1101/1690), an Apologist for waḥdat al-wujūd, P. 41.

[7] ئیبن تەیمییە لە فەتواکانی، هەروەها لە چەندین کتێبی خۆی وەک الصواعق المرسلة، درء تعارض العقل والنقل  و چەندانی تر هەڵوێستی توندی خۆی لەسەر ئەم چەمکە و کۆی هزری موحیەدین ئیبن عەرەبی دەربڕیوە.

[8] Knysh A. Ibid.

[9] Nafi, Ibid, P. 308.

[10] Knysh A. Ibid.

[11] Mullas, Sufis, and Heretics, 111-119.

[12] چاوخشاندنێکی خێرا بە بەرهەمەکانی شێخ محەمەد عەلی قەرەداغی لەبارەی دەستنوسی زانایانی کورد ئەم ئامادەییەی ئیبراهیمی گۆرانی بە ڕوونی دەردەخات. بۆ نموونە بڕوانە: کنوز الکرد في خزائن دار المخطوطات العراقية، ج٢، ص ص ٤٥٦-٤٦٣.

[13] Çelik, Şerife Nur. “Intellectual Life in the Ḥijāz before Wahhabism: Ibrāhīm Al-Kūrānī’s (d. 1101/1690) Theology of Sufism, p. 176.

سەرچاوەکان

کوردی

  • حامد، زیمار خالد. ” کورد ل وەلاتێ حیجازێ د چەرخێن (٦-٩ مش/١٢-١٥ز)دا – ڤەکۆلینەک ل دۆر ڕۆڵێ وان یێ سیاسی و شارستانی”، نامەی ماستەر، زانکۆیا دهوک، (٢٠٢١).
  • محەمەد، یاسین تەها. ناودارانی کورد لە دەستنوسخانەکانی عەرەبستان – ژیاننامە و ناسینی هەندێک لە دەستخەتەکان، سلێمانی: یەکەی دەستنووس و سامانی کولتوری زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، ٢٠٢٣.

عەرەبی

  • رؤوف، عماد عبد السلام. إبراهيم الشهرزوري الکوراني – حیاته وآثاره، اربیل: اصدارات الجمعية الثقافية التاريخية لكردستان، ٢٠١٠.
  • القرداغي، محمد علي. کنوز الکرد في خزائن دار المخطوطات العراقية، اربیل: الاکاديمية الکوردية، ٢٠١٤.

ئینگلیزی

  1. Çelik, Şerife Nur. “Intellectual Life in the Ḥijāz before Wahhabism: Ibrāhīm Al-Kūrānī’s (d. 1101/1690) Theology of Sufism”. İslam Araştırmaları Dergisi, no. 50 (July 2023): 176-79. https://doi.org/10.26570/isad.1325181.
  2. Dumairieh, Naser. Intellectual Life in the ijāz Before Wahhabism: Ibrāhīm al-Kūrānī’s (d. 1101/1690) Theology of Sufism. Leiden: Brill, 2022.
  3. Knysh A. Ibrāhīm al-Kūrānī (d. 1101/1690), an Apologist for waḥdat al-wujūd. Journal of the Royal Asiatic Society. 1995;5(1):39-47. doi:10.1017/S1356186300013493
  4. Nafi, Basheer M. “Taṣawwuf and Reform in Pre-Modern Islamic Culture: In Search of Ibrāhīm al-Kūrānī.” Die Welt Des Islams 42, no. 3 (2002): 307–55. http://www.jstor.org/stable/1571418.
  5. Van Bruinessen, M.. Mullas, Sufis, and Heretics, Istanbul: The Isis Press & Gorgias Press, 2011.