ئێدوارد سەعید و مێژوونووسیی دوای کۆڵونیالی
دەستپێک
ئەو گۆڕانانەی، لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمدا، لە ڕووتەختی هزری ڕۆژئاواییدا ڕوویان دا، بواری ئەوەی ڕەخساند، لە ناوکۆی جیاواز و بەپێی پاشخانی تیۆریی فرەجۆر و لە ڕوانگەی فرەچەشنەوە، تەماشای مێژوو و گێڕانەوەی مێژوویی و چۆنیەتیی نووسینەوەی بکرێت. تا لەگەڵ ئەو پەرەسەندنە هزری و تیۆرییانە ڕێک بێتەوە، کە لە بوارە زانستییەکانی تردا ڕوویاندابوو، بەتایبەت بواری زانستە مرۆڤایەتییەکان. گۆڕانەکان گومانیان خستە سەر شێوازە باوەکانی مێژوونووسین، کە لەسەر بنەمای گێڕانەوە گەورەکانی مێژوو دامەزرابوو، بۆ نموونە مێژوونووسیی ئیمپراتۆرییانە یاخود مارکسییانە و هەموو ئەو مۆدێلە گشتگیرانەی ڕابردوویان شرۆڤە دەکرد. ئەوەبوو چەندین هزرڤان و بیرمەند دەرکەوتن، وەک بۆ نموونە میشێل فوکۆ، جاک درێدا و ڕەخنەگرانی قوتابخانەی فرانکفۆرت…تاد، هاتن ئەو گریمانە بنەڕەتییانەی توێژینەوەی مێژوویییان لەسەر دامەزرابوو هەڵوەشاندەوە و ئەو تۆڕە ئاڵۆزەیان کەشف کرد، کە پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵات، گوتار و بەرهەمهێنانی مەعریفە، لەنێویشیدا گێڕانەوەی ڕابردوویان ڕام کردبوو. ئەوەتا فوکۆ، بەپێی ڕێبازە ئارکیۆلۆژی و جینالۆژییەکەی، ئەوەی ڕوون کردەوە مێژوو چەشنێکە لە پێڕەوکردنێکی گوتارییانە، کە ڕیشەکەی لەنێو بونیادە دەسەڵاتییەکاندایە، بەو مانایەی هەرچی دەگێڕدرێتەوە لە چوارچێوەی تێگەیشتن و نواندنێکی دەسەڵاتییانەیە بۆ ڕابردوو. هەر ئەمەش بیرۆکە نەریتییەکەی پێوەست بە ”حەقیقەتی بابەتییانەی مێژوو”ی هەژاند. جاک درێداش، بەپێی ڕێبازە هەڵوەشانەوەگەرایییەکەی خۆی، دەقی مێژوویی لەو دەسەڵاتە ڕەهایەی پێی دەدرا داماڵی و ڕوونی کردەوە، کە مانای دەق جێگیر نییە و چەشنێک لە لاگیریی ئایدۆلۆژییانە ڕۆڵی لە بە ئەرشیڤکردنی بەڵگە و نواندنی مێژووییدا هەبووە.
لەبەرامبەر بەمانە، چەند قوتابخانەیەکی مێژوونووسی دەرکەوتن، لە نووسینەوەدا، هەم تێزی ئەم فەیلەسوفانەیەن قەبووڵ کردووە، هەمیش برەویان بە ڕێباز و مێتۆدی جیاوازتر داوە. ئەوەتا قوتابخانەی ئەناڵی فەڕەنسی کودەتایەکی لە بواری لێکدانەوە و شیکردنەوەی مێژوویی بەرپا کرد، بەتایبەت لە میانەی چەمکگەلی وەک (ماوەی درێژ – longue durée) و جەختکردەنەوەیان لەسەر بەردەوامێتیی بونیادە مێژوویییەکان. ئەمە سەرباری ئاوێتەکردنی مێتۆدی بوارە زانستییەکانی دی بە لێکۆڵینەوەی مێژوویی، بەتایبەت بواری جوگرافیا، ئابووری و کۆمەڵناسیی هاوچەرخ. ئەمەش مێژوونووسی خستە نێو چوارچێوەیەکی دییەوە، کە گشتگیرانەتر و لە دووتوێی فرەپسپۆڕییەوە ڕابردووی گێڕدراوەی بونیاد دەنایەوە. خۆ ئەگەر”وەرچەرخانی زمانی” لە بواری فەلسەفە، کە زیاتر لەگەڵ تێزەکانی لودڤیک ڤیتگنشتاینەوە دەستی پێ کرد، کایەی مێژوونووسی ناچار بە پێداچوونەوە بە بنەما چەقبەستووەکانی و چۆنیەتیی گێڕانەوە و ڕۆڵی زمان لە شێوەگیرکردنی کەتوار و واقیعی مێژوویی کرد، وەرچەرخانێکی ڕیشەییش بووە، کە بەسەر بنەما مەعریفییەکانی مێژووناسیدا هات؛ پەڕینەوە لە جەختکردنەوە لەسەر ژێدەری دەرەکییانەی ئەم کەتوارە بۆ شرۆڤەکردنی بونیادە زمانییەکان، وەک نێوەندی بەرهەمهێنانی مانا. ئەمەش گریمانەی بێلایەنی و درووستی پڕۆسەی گەیشتن بە ”حەقیقەتی مێژوویی” هەڵوەشاندەوە. بە کاریگەریی ئەم وەرچەرخانەش بوو، چیدی نووسینەوەی مێژوو وەک گێڕانەوەیەکی بێلایەنانەی کەتوار تەماشا نەکرا، بەڵکوو وەک بونیادێکی گوتارییانە دەبینرا، کە لە دووتوێی ڕەمزی زمانییانە، ستراتیژییەتی ڕەوانبێژییانە و پۆلێنکردنی تژی بە پەیوەندییەکانی دەسەڵات، بەرجەستە دەبوو (فوکو، ٢٠٠٨: ١٩-٢٠). لە ئاکامی ئەمەشدا مێژوونووس ئاگاییی زیاتری پەیدا کرد لە هەمبەر بە سروشتی دەقئامێزانەی کارەکەی و سنوورە مەعریفییەکانی ژێدەر و ئەو چەمکانەی بەکاریان دەهێنێت. ئەمەش ڕۆڵی لە داڕشتنەوەی ماناکانی چەمکی ”مەعریفەی مێژوویی”دا هەبوو، کە چیتر وەک بەرجەستەکردنێکی بابەتییانەی ڕابردوو نەما، بەڵکوو – لێرە بەدواوە – وەک بەرهەمێکی زمانییانە تەماشای دەکرا.
هەرچۆنێک بێت، جێکەوتەی کۆی ئەم گۆڕانانە بەسەر نووسینەوەی مێژوو، خۆی لە دووبارە داڕشتنەوەی تێگەیشتنی زانستی بۆ مێژوو بینیەوە، نزیکی خستەوە لە بوارەکانی هێرمینۆتیکا و لێکدانەوەی سیمیۆلۆژییانە و تیۆریی گوتار، تا ببێتە بوارێکی ڕەخنەیی بەئاگا لە هەمبەر بە سیاسەتەکانی ”بەرجەستەکردن لەنێو ڕابردوو” و ”نواندن لەنێو گێڕانەوە”، ئەمەش تا باشتر لە فرەییی ئەزموونی مێژوویی و جیاوازی لە گێڕانەوەیدا بگات.
یەکێک لەو ڕەوتە هزرییانەی لە هەناوی ئەم گۆڕانە مەعریفییانە هاتە دەر، ڕەوتی پۆستکۆڵۆنیالی بوو، کە جەختی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تێگەیشتنی هەژموونگەرانەی ئەوروپایی بەسەر مێژوونووسی کردۆتەوە. چەمکەکە پتر لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست برەوی سەند و لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووشدا گەیشتە لووتکە و هەندێکجار مەرزە ئاکادێمی زانستییەکانیشی بەزاند؛ بووە بڵندگۆیەک بۆ ڕەخنەگرتن لە میراتی کۆڵۆنیالی و ئەو زنجیرەبەندییە قووچەکییەی برەوی پێ دەدا. تیۆریزەکارانی نێو ڕەوتەکە بەدوای ئاشکراکردنی ئەو دژیەکییە بوون، کە کۆمەڵگەکان لەدوای نەمانی داگیرکاریی ڕاستەوخۆوە دووچاری ببوونەوە، بەتایبەت – ئەوان بیانویستایە یان نا – بە تۆڕێک پەیوەندیی ئابووری، کولتووری و سیاسی، هەر بە زلهێزەکانەوە گرێ درابوون.
چەندین هزرڤان ڕۆڵیان لە دەرکەوتنی ڕەوتە هزرییەکەوە هەبووە. نووسینەکانی نووسەری فەڕەنسی فرانز فانۆن (١٩٢٥-١٩٦١)، بەتایبەت لە هەردوو کتێبی ”پێستی ڕەش و ڕووپۆشی سپی” و ”چەوساوەکانی سەر زەوی” ژێدەری بنەڕەتی ئەم دەرکەوتنەن. لەم دوو کتێبە خۆمان لەبەردەم بە پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی هزری کۆڵۆنیاڵی دەبینینەوە. فانۆن بە توندی ڕەخنەی لە ئیمپریالیزمی ئەوروپایی گرتووە و ڕایدەگەیەنێت ئەم داگیرکارییە سیاسییە بۆتە هۆی ئەوەی ئەوروپا لەگەڵ بنەماکانی خۆیدا (بەتایبەت ڕێزگرتن لە مرۆڤ) دژ بێتەوە؛ لەگەڵ مرۆڤدا بجەنگێت و بیکوژێت و تەنانەت زەبروزەنگ لە بانگەوازکردن بۆ ئایینی مەسیحی (بزووتنەوەی موژدەگاری) بەکار بهێنێت (Green & Kathleen, 2016: 279). ئەم ڕەخنانەی ئەو هۆکار بوون بۆ تیۆریزەکردنی تێزی دژە کۆڵۆنیالی، کە بەو چەمک و دەستەواژانەی بەکاری هێنان و مانای پێدان دەستی پێ کرد. بە چەشنێک توانی زەمینەی شرۆڤەیەکی جیاواز بۆ پەیوەندیی نێوان سیستەمی کۆڵۆنیالی و مرۆڤی کۆڵۆنیالیزەکراو بسازێنێت.
چەمکی پۆستکۆڵۆنیالیزم، لەگەڵ دەرکەوتنیەوە، ئاماژە بوو بۆ لێکۆڵینەوەی جێکەوتەکانی ئیستیعمار بەسەر کولتوور، ناسنامە و پەیوەندییەکانی هێز. ڕۆشنایی خستە سەر بەردەوامێتیی مێژووی ئیستیعماری لە شێوەگیربوونی کۆمەڵگە سەردەمییەکاندا. هەتا نهاش ئەم بوارەی توێژینەوە بەدوای ئاشکراکردنی ئەو ڕێگایانەدایە، کە هێزە داگیرکارییەکان، توانیان بەهۆیەوە زمان و ئایدۆلۆژیا و بەها کولتوورییەکانی خۆیان، بەسەر میللەتانی ژێردەستە بسەپێنن. بوارە زانستییەکە پتر بەدوای ڕاگەیشتنە بەسەر ئەوەی چۆن ئەم سیاسەتە بۆتە هۆی ڕاگرتنی دوورمەودای کاریگەریی نەریتە ڕەسەنەکان و تێگەیشتنی میللەتانی پەراوێزخراو لە خودی خۆیان.
لێرەوە، تیۆریی پۆستکۆڵۆنیالیزم زیاتر گرنگی بەو پەراوێزە جوگرافییانە دەدات، کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی کولتوورە ئەوروپییە سەنتەرگەراکەوە (Ashcroft, Griffiths, & Tiffin, 2002: 11). مەبەستی بنەڕەتیش هەر تەنها ڕزگاربوون لە دۆخی پەراوێزی نەبووە و نییە، بەڵکوو ڕەخنەگرتن و هەڵوەشاندنەوەی گوتارە کۆڵۆنیالییەکە بووە، تەنانەت پێداچوونەوەش بە چییەتی ڕۆژئاواییبوون و پرسیارکردن لە ڕەسەنێتیی هزر و بەرهەمە عەقڵییەکانیشی. ئەمەش بۆ ئەوەی ئەوروپا بخرێتەوە نێو ئەو بەستێن و ناوکۆ مێژووییە جیهانییەی، کە بنەماکەی کاریگەری و کارتێکردنە، نەک ڕەسەنێتی و ناڕەسەنێتی، سەنتەرێتی و کەنارگیری…تاد. ئەم تێگەیشتن و هەوڵی هەڵوەشاندنەوەیە، لەگەڵ تێز و نووسینەکانی فانۆن، بە ئاڕاستەی ئەوەدا بوو وەک گوتارێکی هزری خۆی بنوێنێت. مەبەستە بنەڕەتییەکەش هەڵوەشاندنەوەی کۆڵۆنیالیزمی هزریی ئەوروپایی بوو، هەروەها بەقەیرانکردنی ئەو مێژووەی لەگەڵ دەرەوەی خۆی هەیبوو و لە سێبەریدا مێژووی جیهانیشی جێ کردبۆوە و دەینواند.
قۆناغی هەرە گرنگی ئەم مێژووەی هزری دژەکۆڵۆنیالییە بە ئێدوارد سەعید (١٩٣٥-٢٠٠٣)ەوە بەندە؛ بە نووسینی کتێبی ”ڕۆژهەڵاتناسی”، کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٨ چاپ کراو پاشان چەند کتێب و وتاری دی بەدوادا هات. کتێبەکە بە خاڵی وەرچەرخان لە گەڵاڵەبوونی تیۆریی پۆستکۆڵۆنیالی دانراوە. ئەو ڕۆڵی لە تیۆریزەکردنی ئەم ڕەوتە هزرییەدا هەبوو و دواتریش جێکەوتەی گرنگی بەسەر ڕوانگەی مێژوونووسان لە سەرەدەریان لەگەڵ مێژوودا هەبووە.

پاشخان؛ ئێدوارد سەعید و کتێبی ڕۆژهەڵاتناسی
نووسەری کتێبی ڕۆژهەڵاتناسی ویستویەتی بە کورتی، ڕەخنە لە چۆنییەتیی وێناکردن و نواندنی ڕۆژئاوا بۆ ”ڕۆژهەڵات” بگرێت و ئەو گوتارە هەڵبوەشێنێتەوە، کە لە پشت ئەم پڕۆسەیەدا بووە. ئەم ئەکادێمیستە پێی وابوو ڕۆژهەڵاتناسی، وەک بازنەیەکی هزر و ئەزموون، چ ئاماژە بێت بۆ پەیوەندیی مێژووییی نێوان ئەوروپا و ئاسیا، یاخود سیستەمێکی خوێندنی مەعریفەی ئەوروپایی بێت، یانیش ئەو ئەگەرە ئایدۆلۆژی و وێناکاری و خەیاڵە فەنتازییانە بگرێتەوە، کە لەوێ لەبارەی جیهانێک بە ناوی ڕۆژهەڵاتەوە درووست بووە، ئەوا خاڵی هاوبەشی هەریەک لەم ڕەهەندانە ئەو هێڵەیە، کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیا کردۆتەوە. هێڵێکی نەبینراو، کە مرۆڤ خۆی درووستی کردووە و حەقیقەتێکی سروشتی نییە، ئەوەندەی جوگرافیایەکی خەیاڵکراوە (سعید، ١٩٩٦: ٣٤).
تێزەکەی ئێدوارد سەعید، کە پشتی بە چەمکە بنەڕەتییەکانی نێو فەلسەفەی میشێل فوکۆ بەستبوو، بەتایبەت هەردوو چەمکی دەسەڵات و زانین، لەسەر ئەوە بونیادنرابوو، کە ڕۆژهەڵاتناسی تەنیا تەنێکی ئەدەبی یاخود دەربڕینێکی هونەری نییە، بەڵکوو گوتارێکە پاڵپشتی ئایدۆلۆژیای سەنتەرگیریی ئەوروپایی دەکات و بەهۆیەوە دەستەبژێری ڕۆشنبیر بەهانە بۆ حوکمی کۆڵۆنیالی دەهێننەوە. ئەوان، لەمیانەی ئەو زانینەی بەرهەمی دەهێنن، ڕەوایەتی بە هەژموونی دەسەڵاتییانەی ئەم سیستەمە بەسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵات دەدەن(سەعید، ٢٠١٨.: ٣٨). ئەم نووسەرە فەڵەستینییە هەوڵیداوە، ئەو پێشمەرجانە بدۆزێتەوە و ڕەخنەیان لێ بگرێت، کە بەهۆیانەوە زانین گۆڕانی بەسەردا دێت و تووشی پەتاکانی دەسەڵات دەبێت. کارکردنی ئەو لەسەر جێکەوتە زیانبەخشەکانی ئەم دەسەڵاتە بەسەر زانین، پەیوەست بوو بە باوەڕی ئەو بە ڕۆڵی چاکەکارانەی زانستی بەرهەمهاتوو لە پانتاییی کۆمەڵایەتیدا.
ئێدوارد سەعید بینیویەتی ڕۆژهەڵاتناسی پارادایمێکە، بۆ ئەو زانینە بە دەزگاییکراوەی، ئەگەر بتەوێت بەرەنگاری ببیتەوە، دەبێ بێیت زانینێکی پێچەوانە بەرهەم بێنیت (غاندي، ٢٠٢١: ٩١-٩٢). لێرەوە، پستبەستنی بە تێگەیشتنی فوکۆ بۆ چەمکی گوتار، هاوکاری بوو لەوەی بتوانێت ڕەهەندەکانی گوتارە ڕۆژهەڵاتناسییەکە باشتر ببینێت و بە بونیادی فراوانی دەسەڵاتی ببەستێتەوە. دەسەڵاتێک کە بەئاگایە و بەرزەفتی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی زانینی کردووە. ئەو هاتووە، لە میانەی شرۆڤەکردنێکی مێتۆدییانەی ئەو دەقانەی لە سەدەی هەژدە بەدواوە لەبارەی ڕۆژهەڵات بەرهەم هێنرابوون، گفتوگۆی لەسەر چۆنیەتیی نواندنی ڕۆژئاوا بۆ ئەوی تری ڕۆژهەڵات کردووە و ویستویەتی دەریبخات، کە نووسینەکانیان چەندە بە ویستی ئیمپریالیزمییانەی ڕۆژئاوا خۆی، گرێدراون (Kennedy 2013: 17). پێی وابوو هەر ئەمە وایکردوە وێنایەکی جێگیر و نەگۆڕی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی درووست ببێت، وەک کارێکتەری دواکەوتووی ناعەقڵانی و نزمتر لە مرۆڤی ڕۆژئاوایی. ئەمەش بەهانە دەبێت بۆ هەژموونی کۆڵۆنیالییانەی ئەوروپا بەسەر خاک و زەوی ئەو مرۆڤە. ئیدی وەک مامۆستای گەورەمان موحسین محەمەد حوسێن (٢٠١١: ٢٠٢) ئاماژەی پێداوە، ئەوەی ئێدوارد سەعید ویستویەتی جەختی لەسەر بکاتەوە کرۆکی نەگۆڕی گوتاری ڕۆژهەڵاتناسانە بوو؛ باڵادەستیی ڕۆژئاوا و دواکەوتووییی ڕۆژهەڵات. لەم بەستەنەشدا، ئەو زانینەی بەرهەم هاتووە و بەرهەم دێت، تۆکمەکردنی ئەو تێزی باڵادەستیی خود و دواکەوتووییی ئەوی ترە، بەو پێیەش بێت ئەم دووانە هەرگیز بەیەک ناگەن.
لە ڕاستیدا، ئێدوارد سەعید چەمکە بنەڕەتییەکانی نێو هزری ڕۆژهەڵاتناسی هەڵوەشاندەوە. لەسەرووی هەموویانەوە چەمکی ”ڕۆژهەڵات”؛ ئەوانەی سەر بە ”ئێمە”ی سەنتەرگیری ڕۆژئاوایی نین. ئەو بەوە گەیشتووە ئەم چەمکە لە ناوکۆ ئەوروپایییەکەدا مانا جیۆ – مێژوویییەکانی خۆی لەدەست داوە و زێتر وەک وێنەیەکی خەیاڵی لە چوارچێوە گیراوە، وێنەیەک پڕ بە پێوەرەکانی ڕۆژئاوایی، لە پڕۆسێسی خەیاڵکردنەوە، کێشراوە. بەو پێیەش بێت، لە گوتاری ڕۆژهەڵاتناسیدا، ڕۆژهەڵات بوونێکی ڕاستەقینەی نییە و ئەو مانا درووستەی نییە کە هەیەتی. بەڵکوو وێنایەکە و هەڵگری چەردێک خەسڵەتی نەگۆڕە (ستەمکار، توندوتیژ، شەهوەتباز…تاد.)، وای لێ دەکات لەنێو وێنەی ئەوروپایی بۆ ناسنامە، کە لە بیرۆکەی سەنتەرگیریی ئەوروپی چڕ دەبێتەوە، جودا بکرێتەوە (الیعقوبي و طحطح، ٢٠١٩: ١٤٦). بنەمای هەرە سەرەکیی پڕۆژە ڕەخنەیییەکەی ئێدوارد سەعید، بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوە و سڕینەوەی وێنا دەقگرتووەی ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵاتی کێشابوو. دەقگرتنێک کە چوو بووە سەرووی هەر گۆڕانێکی مێژوویی لە پانتایییە ”ڕۆژهەڵاتی”یەکەدا ڕوو بدات، چونکە وەک کرۆکێکی نەگۆڕی نامێژوویی و سەروو زەمەنییانە بینراوە، کە خەسڵەت و تایبەتمەندیی نەرێنییانەی بەسەردا زاڵ بووە.
ئێدوارد سەعید ڕاشکاوانە بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕۆژهەڵاتناسی، کە بەشێکی زیندووی مەعریفەی کۆڵۆنیالی بووە، وەک بەرەنگاربوونەوەی ئەو پڕۆسەی بێدەنگکردن و پەراوێزخستنە دەبینی، کە بەسەر ڕۆژهەڵات وەک بابەتێکی مێژووکرد سەپێنرابوو. ئەو دەڵێ (١٩٩٦: ٣٩) ڕۆژهەڵاتناسی چەندە زانستێک بووە بۆ تێکەڵکردن و لەخۆگرتن، کە ئەمەش خۆی لە دامەزراندنی چەمکی رۆژهەڵات و جێکردنەوەی لەنێو زەینی ئەوروپایی دەبینیەوە، ئەوەندەش لەنێو ئەزموونی سیاسیدا هاوتای هەبووە، ئەویش هەژموونکاری و دەستبەسەرداگرتن و بەرزەفتکردن بوو لەلایەن ئەوروپاوە. لەم پڕۆسەیەشدا ڕۆژهەڵات خۆی نە دەنگی لێوە هاتووە و نە گوتاری بەرهەم هێناوە، بەڵکوو ”ئەوی تر”ە کز و بێدەنگەکەی ئەوروپا بووە.
بەرهەمەکانی ئێدوارد سەعید، کاریگەرییان بەسەر داڕشتنی ڕوانگەیکی ڕەخنەیی بۆ ڕۆڵی ئیمپریالیزم لە شێوەگیرکردنی ژیانی کولتووری و هزریی هەم ڕۆژئاوا و هەمیش ڕۆژهەڵاتدا هەبووە. ئەو پەیوەندییە تەواوکارییەی لەنێوان بزووتنەوەی ئیمپریالی و گوتارە ڕۆژهەڵاتناسییەکەدا هەبوو سەعیدی بەوە گەیاند، کە زۆربەی زۆری ئەو زانینەی لەبارەی ئیسلام و ڕۆژهەڵاتەوە بەرهەم هێنراوە، بەتایبەت لە سەدەی نۆزدە بەدواوە، لە خزمەت داگیرکارییەکە بوو (الیعقوبي و طحطح، ٢٠١٩: ١٤٨-١٤٩). تا وای لێ هاتووە دەوڵەتە سەرمایەدارەکان پشتیان بە داتا و لێکۆڵینەوەکانی توێژەر و گەڕیدەکانیان دەبەست بۆ فەراهەمکردنی ئەم سیاسەتەیان. تەنانەت هەندێک لە ڕۆژهەڵاتناسان زانست و زانینی خۆیان ڕاستەوخۆ خستبووە خزمەتی سیاسەتی فراوانخوازی و هەژموونی دەسەڵاتییانەی دەوڵەتەکانیان بەسەر ڕۆژهەڵاتەوە.
ڕەخنەکانی ئەم نووسەرە هەر بە دەقە ڕۆژهەڵاتناسییە ئەکادێمییەکان، یان نووسینی گەڕیدە و نوێنەرە دیپلۆماتەکان نەوەستاوە. بەڵکوو درێژ بۆتەوە بۆ ڕەخنەگرتن لە دەقە ئەدەبی و کولتوورییەکانیش. ئەو لە کتێبی کولتوور و ئیمپریالیزم (1993)، مێتۆدی خوێندنەوەی یەکتربڕی پەیڕەو کرد، بۆ شرۆڤەکردنی ئەوەی کە چۆن لە ئەدەبیاتی کلاسیکیی ئەوروپاییدا غەیرە ئەوروپی نوێندراوە و چۆن چۆنی ئەدەب ڕۆڵی لە تۆکمەکردنی ئایدۆلۆژیای ئیمپریالی هەبووە و ڕوانگەی ئەوانی تری پەردەپۆش کردووە (1993: 66). ئەم مێتۆدەش ڕۆڵی گرنگی لە برەودان بە ڕەخنەی ئەدەبی پۆستکۆڵۆنیالی هەبووە، هانی توێژەرانیشی داوە بتوانن نادیارەکانی گێڕانەوە، لە نێو بەرهەمە کولتوورییە هەژموونگەراکاندا بدۆزنەوە. لێرەوە، کولتووری هزریی ئێدوارد سەعید، چۆتە چوارچێوەی فرە دیسپلینییەوە. بە چەشنێک کە کتێبەکەی پردێک بوو لەنێوان ئەدەب و مێژوو و ئەنسرۆپۆلۆژیا، تا بەهۆی ئەم فرەیییەوە ڕوونی بکاتەوە، چۆن نواندنی کولتوورییانە بزووێنەری هێزە سیاسی و ئابوورییەکانی بووە. بەمەش ئەو هەوڵیدا ڕەخنەی توند لە بیرۆکەی بێلایەنی لە گێڕانەوەی مێژووییدا بگرێت، لەگەڵ ئەمەدا ڕوونی کردەوە گێڕانەوە ئەدەبییەکانیش، لەسەر گریمانەی ڕەسەنی ئیمپریالییانەوە هەڵچنراون.
ڕەخنەی ئێدوارد سەعید لە گێڕانەوەی کۆڵۆنیالییانەی مێژوو
ئێدوارد سەعید هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بۆچوونە چەسپیوەی نێو هزری ئەوروپییەکانی داوە، کە جەختی لەوە دەکردەوە بۆ ئەوەی غەیرە ئەوروپایی لە بەستێنیی مێژووییدا هەبن، ئەوە دەبێت مێژووەکەیان ئەو سیستەمی بەهایانە لەخۆ بگرێت، کە ئەوروپا بەرهەمی هێناون. وەگەرنا جێگەیان لەسەر ڕووتەختی مێژوویی، مێژوو بە مانای پێشکەوتن و پەرەسەندنی بەردەوام، نابێتەوە. بۆیە گەر دەخوازن هەبن، دەبێت پەیڕەوی لە تێزە ئایدیالەکانی ئەوروپا بکەن و بە هەژموونی جیۆ – کولتووری و جیۆ – سیاسییەکەی ڕازی ببن. ئەم سەنتەرگیرییە ئەوروپایییە مەیسەر نەدەبوو ئەگەر بە پەراوێزخستنی ئەوانی تری دەرەوەی بازنەی شارستانییەتی ڕۆژئاوایییەکەی لەگەڵ نەبایە (حسن، ٢٠٢٢: ١٣١). چونکە – بەم تێگەیشتنە – ئەوەی ئەوان بەرهەمیان هێناوە، بەها بنەڕەتییەکانن بۆ هەر هەبوونێک لەنێو مێژوودا. ئەو پێی وابوو، ئەوەی کردوویەتی، لە چاوخشاندنەوە بە گوتاری ڕۆژهەڵاتناسی، بەشێکە لە ناوکۆیەکی فراوانتر، کە تێیدا لێکۆڵینەوە لە ژن، ڕەشپێست و گرۆ ئیتنییەکان، هەروەها لێکۆڵینەوەی سۆسیالیستی یاخو دژە ئیمپرییالیانەش هەن (سعید، ١٩٩٦: ٣٦). واتا ئەو لێکۆڵینەوە و بوارە زانستییانەی تایبەتن بەو کۆمەڵ و گرۆ مرۆیییانەی لە نێو گوتاری ئیرۆ سەنتەرییانەی مێژوونووسیندا نوێنەرایەتی نەدەکران، یاخود بە خراپی نوێندراون و بواری ئەوەیان پێ نەدراوە، لەو کایانەی لە ڕووی سیاسی و هزرییەوە دیاری کرابوون، بە باشی خۆیان بنوێنن و ئەو کەتوار و واقیعە مێژوویییەی هەیانبووە بەرجەستەی بکەن.
ئەمەش بۆ ئەو کات، لە مێتۆدی نووسینەوەی مێژووی پەراوێز خراوان یاخود نائەوروپییەکاندا، وەرچەرخانێکی بنەڕەتی بوو. ئەمە سەرباری ئەوەی پشتبەستنی ئەو بە چەمکی ”گوتار”، بەو شێوەیەی میشێل فوکۆ دایڕشتبوو و تەماشاکردنی ڕۆژهەڵاتناسی وەک سیستەمێکی گوتارییانە، توانی بە بونیادی دەسەڵاتییانەی ئەوتۆی ببەستێتەوە، کە بەرهەمهێنانی مەعریفە و نواندنی ڕابردوو سنووربەند دەکات و هەژموونی بەسەردا دەکات. ئەم تێزە ئەو گریمانانەی مێژووی ڕۆژئاوای لەسەر دامەزرابوو خستە بەردەم پرسیاری جیدییەوە و وەک توێژەرێکیش دەڵێ (El-Haj, 2005) بانگەوازێک بوو بۆ پێداچوونەوە بە چۆنیەتیی پێکهاتنی مەعریفەی مێژوویی و ڕێبازەکانی بڵاوکردنەوە و سەپاندنی.
بۆ مێژوونووسی سەنتەرگیر، ڕوانگە و گێڕانەوە و بەهای هێزە ئەوروپییەکان، چوارچێوەی زانینی مێژوویی دیاری کردوە، لەگەڵیشیدا بەپەراوێزبینین و شێواندنی مێژووی ژێردەستە لەئارادا بووە. ئەم گوتارە لەوەدا چڕ بۆتەوە جڤاکە ئەوروپایییەکان وەک سەنتەری شارستانیەت، پێشکەوتن و پرەسەندنی مێژوویی دەنوێنن، واتا نوێنەری هەرە دیاری دینامیکای مێژوویی دەکەن. لەبەرامبەرا ئەوی تری غەیرە ئەوروپایی چەقبەستووە، بێ مێژووە و پێوستی بەوەیە نوێ بکرێتەوە، واتا ئەوپەڕی میکانیکبوونی مێژوویی. ئەم تێگەیشتنە وێنایەکی بەیانی و قوچەکییانەی مێژوو بەرهەم دەهێنێت، کە تێیدا گۆڕان و پێشڤەچوون چیەتیی مێژووەکە پێک دەهێنن و دەستکەوتی ئەوروپای نوێ سەنگی پێوانی هەموو کارایییەکی مێژوویییە. لەگەڵیشیدا ئەو ”ئاڵۆسکاوی لە کارابوونی مێژوویی”، کە دەشێ ئەوانی تر هەیانبێت، وەلا دەنرێت. یانیش لە چوارچێوە هەمەگیرە ئەوروپایییەکەدا دەبینرێت و لەنێو گێڕانەوە مێژووەکانیدا دەنوێندرێت. ئاکامی تێگەیشتنی ئاواش ڕوونە؛ ڕەوایەتی بەخشین بە هەژموونی دەسەڵاتیی ئیمپریالی و وێناکردنی ”بەرزەفتکاری”، وەک حەتمیەتێکی مێژوویی و پێداویستییەکی سەردەمییانە بۆ هەبوون لەنێو مێژوودا، نەک ڕژێمێکی قۆرخکار، کە ڕووخساری هەرەدیاری مێژووەکەی زەبروزەنگ و مەحوکردنەوەی کولتووری ئەوانی تر بووە. ئەو فۆڕمە گێڕانەوەیەی هزری ئەوروپایی ویستویەتی بیسەپێنێت، نەک هەر ڕاستییەکانی پەیوەست بە مێژووی توندوتیژی کۆڵۆنیالیزمی دادەپۆشی، بەڵکوو چوارچێوەیەکی دۆگماشی بۆ گێڕانەوە داڕشتبوو و کاریگەری بەسەر کۆی گوتاری مێژوویی لە ئاستی جیهانیدا هەبووە.
لە ڕووی مەعریفییەوە، ڕوانگەی سەنتەرگەرانەی ئەوروپایی بە چەشنێک ئەزموون، تیۆری و ڕێبازە ئەوروپایییەکانی گشتاندووە، تا وای لێ هاتووە وەک پێوەری سروشتی بۆ هەر شرۆڤە و شیکارێکی مێژوویی دەربکەون. ئەمەش بووە هۆی وەلانانی زانین و تێگەیشتنی جیاواز بۆ مێژوو و گێڕانەوە غەیرە ئەوروپییەکانی ڕابردوو. کاریگەریی کۆڵۆنیالیزم لەوەدا دەردەکەوێت، کە گرنگیی زۆر بە سەرچاوەی ئەرشیڤی نووسراو داوە و پێناسەکردنی مێژووی وەک مێژووی تۆمارکراو و نواندنی دۆکیومێنتی ماددی، وەک تاکە کەرەستەی گێڕانەوەی مێژوویی. ئەمەش، زۆربەی کات، دەسەڵاتە کۆڵۆنیالییەکان زەقیان کردۆتەوە و بانگەشەیان بۆ کردوە، لەهەمبەر بە نەریتی زارەکی و کولتووری مادی و گێڕانەوەی خۆجێییان داناوە. ڕەنگە مێژووی کورد لەم ڕووەدا نموونەیەکی زۆر باش بێت، کە زۆرجار لە گوتاری مێژوویی ئەوروپایی، وەک میللەتێکی دەرەوەی مێژوو نواندراوە و دەنوێندرێت، چونکە بەشی هەر زۆری مێژووەکەی لە دەرەوەی دەقی نووسراودایە. مێژوونووسی ئەوروپایی، بە جەختکردنەوەی زۆری لەسەر دەقی نووسراو تا ئاستی بەپیرۆز بینینی بەڵگەنامە ئەرشیڤییەکان، دەیەوێت گەورەییی مێژوویییانەی خۆی بسەلمێنێت و ناهاوسەنگیی کاراییی مێژووییی لەنێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بەرجەستە بکات: ڕۆژئاوای نێو گێڕانەوەی تۆمارکراو و ڕۆژهەڵاتی دەرەوەی ئەم چەشنە گێڕانەوەیە. بەمەش گەلانی کۆڵۆنیالیزەکراو تەنیا بەردەنگی نەرێنیی مێژوون، نەک کاراییی نێو ئەم مێژووە بە بەشەکەی خۆشیانەوە.
ئێدوارد سەعید لە کتێبەکەیدا ورد ڕەخنەی لەم تێگەیشتنە سەنتەرگەرایە گرتووە و پێی وایە ئەمە چەشنێکە لە چڕکردنەوەی ئایدۆلۆژییانەی مێژووی جیهانی. ئەوە ڕوون دەکاتەوە مێژوونووسان، گەریدە و کارگێڕانی ئیمپریالیست، ئەگەر مێژوویان گێڕاوەتەوە، لەگەڵیدا کاریان بۆ بونیادنانی ڕۆژهەڵاتێکی ئەفسانەیی کردووە، کە خزمەت بە ئامانجە هەژمونگەراکەی کردەی سیاسی کردووە (Burke and Prochaska, 2008: 12). ئەو نموونە بە بەرهەمەکانی ئێڕنست ڕینانی فەڕەنسایی و لۆرد کڕۆمەر دەهێنێتەوە، کە چۆن لە گێڕانەوەیان بۆ مێژوو و نواندنی ڕۆژهەڵات لەنێویدا، هەوڵی تۆکمەکردنی چەمکی باڵادەستیی ئەوروپاییان داوە (سەعيد، ٢٠١٨: ٢٦٢-٣١١). ئەم نواندنەشیان بەپێی چوارچێوەی مەعریفی تێگەیشتنی ڕۆژئاوایی بۆ زانستی مێژوو بووە، کە گشت ڕەگەزێکی غەیرە ئەوروپایی وەلا ناوە، یاخود بە کەم و ناڕەسەنی بینییە (Kennedy, 2013: 22). ئەوان لەمیانەی پێناسەکردنیان بۆ ئەوەی ڕۆژئاوایییە، کاریان بۆ بە ئەوی ترکردنی ڕۆژهەڵات کردووە. ئەمەش ئەو ڕەخنەیەیە، کە سەعید بە توندی لە مێژوونووسیی ڕۆژئاوایی گرتووە و وەک پێشتر گوتمان بریتی بوو لە چڕکردنەوەی گێڕانەوە بەدەوری ڕابردووی پنتێکی دیاریکراوی شارستانیدا. هەر ئەوەیە وای کردووە، ئەو دەقانەی مێژوونووسەکان هانایان بۆ بردووە، ئەوانە بوونە، کە ئەم تێگەیشتنەیان پشتڕاست کردۆتەوە و جەختیان لەسەر پەراوێزبوون و ناکاراییی مێژووییی ئەم ئەوی ترە کردۆتەوە، لەگەڵیشیدا بەهانەیان بۆ ”سیاسەتی ئیمپریالی” و ”حەتمیەتی مێژوویی”ی قۆناغەکە هێناوەتەوە.
بونیادنانی مێژوونووسیی پۆستکۆڵۆنیالی
گرفتی هەرە سەرەکی ئەو مێژووەی عەقڵە کۆڵۆنیالییەکە بەرهەمی دەهێنا و دەیگێڕایەوە ئەوە بوو، کە مێژووی ژێردەستەی وەک چۆن هەبووە نەنووسیوەتەوە، بەڵکوو وەک بەشێکی ئەو ناوکۆ مێژوویییەی پێی وایە مێژووی خۆیەتی و لە پەراوێزیدا ژێردەستەکانی هەبوون و هەن، نواندویەتی. واتا ئەوەی دەینووسییەوە، وەک فرانز فانۆن (٢٠٠٤: ٤٣) گوتوویەتی، مێژووی ئەو وڵاتە نەبووە کە داگیری کردووە و خەریکی بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی بووە، بەڵکوو مێژووی نەتەوەیی خۆی بووە لەوێدا.
ڕزگاربوون لەو تێگەیشتنە ڕۆژئاوایییە بۆ مێژوو، پێویستی بەوە بوو لە ڕۆژهەڵات خۆیدا کەسانێک دەربکەون، هەم ئەو مێژووە نووسراوە هەڵبوەشێننەوە و هەمیش لە دیدگا و بە مێتۆدێکی جیاواز، جارێکی دی مێژووی خۆیان بنووسنەوە، بەتایبەت مێژووی پەیوەندییان بە زلهێزە کۆڵۆنیالییەکانەوە. ئیتر مێژوونووسیی پۆستکۆڵۆنیالی سەری هەڵدا. دەرکەوتنی ئەم فۆڕمەی مێژوونووسینیش، لە بنەڕەتەوە، لەپێناو ڕەتکردنەوەی گێڕانەوە ئەوروپایییەکە بوو بۆ مێژووی ئیمریالیستانەی خۆی و چۆنیەتیی نواندنی مێژووی ئەو ناوچە و وڵاتانەی دەستی بەسەردا گرتبوون و لەژێر هەژموونیدا بوون. هەر لەو وڵات و شوێنانە، توێژەرانێک دەرکەوتن پێیان وابوو دەبێ لە ڕوانگەی ژێردەستەوە هەردوو مێژووەکە بنووسرێتەوە؛ لە دیدی ئەوانەوە تەماشای ئەم ئەزموونی داگیرکارییە بکرێت و لە دەرەوەی هەژموونی دەسەڵاتییانەی و جێکەوتەکانی بەسەر گێڕانەوەی ڕابردووەکە ببینرێت (Green & Kathleen, 2016: 238). بەو مانایەی پەراوێزخراو و بێدەنگکراو گێڕانەوەی خۆی هەبێت، بۆ ڕابردوویەک تێیدا ئەو خراوەتە نێو ئەم دۆخی پەراوێزبوون و باری نەدوان لەسەر خودی مێژووکردانەی خۆیەوە.
دەرچوونی کتێبەکەی ئێدوارد سەعید وەک ڕووداوێک تەماشا دەکرێت؛ وەرچەرخانێکی گرنگی نێو گەڵاڵەبوونی ئەم گوتارە پۆستکۆڵۆنیالیە، گۆڕانێکی ڕیشەیی بەسەر گوتارەکە خۆی و ڕەهەندەکانیدا هێناوە. ئەوەی ڕۆڵیشی هەبوو لەوەی ئاوا کتێبێک، جێکەوتەی هزرییانەی دوورمەودای هەبێت ئەوە بوو نووسەرەکەی جەختی لەوە دەکردەوە، کە دەبێت پێداچوونەوەیەک بەو سیستەمە بکرێت هزریی مێژوویی لەقالب دابوو. بەتایبەت ئەگەر هاتبوو، لە ناوەڕۆکدا، ڕووە نادیارەکانی گوتار و دەقی کۆڵۆنیالیزمییانەی ئاشکرا کردبوو و پەیوەندییەکانی بە کردەی سیاسی ڕوون کردبۆوە. جا، وەک لەیلا غاندی (٢٠٢١: ٨١) ئاماژەی پێ داوە، شیکردنەوەی گوتار و دەقی کۆڵۆنیالیش یەکێکە لە ڕوخسارە هەرە دیارەکانی پۆستکۆڵۆنیالیزم.
ئێدوارد سەعید بەم ڕەخنانەی، ئەفسانەی مێژوونوسیی بابەتییانەی تێک شکاند، کە تا ئەوکات مێتۆدی هەرە پێشکەوتووی نووسینەوەی مێژوو بوو لە ئەوروپا. ئەو سەلماندی ئەو مێتۆد و تێگەیشتنە بۆ مێژوو، وەک لە بەرهەمە ڕۆژهەڵاتناسییەکاندا ڕەنگی دابۆوە، لە بنەڕەتدا بەهۆی یەکتربڕینی دەسەڵات و مەعریفەوە بووە، مەبەست لێی سەپاندنی ڕوانگەیەکی تاکڕەهەند بوو بەسەر مێژوو لەخۆیدا (Çelik, 2018: 382). ئەمەشی ڕاستەوخۆ پەیوەست کرد بە ڕەخنەگرتنی لە سەنتەرگیرییە ئەوروپایییەکە، لە نووسینەوەی مێژوو. هەروەها ڕۆڵی هێزە ئیمپریالییەکان، لە شێوەگیرکردنی گێڕانەوە بەگشتی. لە کتێبی ڕۆژهەڵاتناسی بە ڕوونی دەردەکەوێت، کە نووسەرەکەی چۆن بەدوای ئاشکراکردنی جێ دەستی دەسەڵاتی کۆڵۆنیالی بوو، لە سەپاندنی وێنەی جێگیر و نەگۆڕی مێژووکرد لەنێو گێڕانەوەکاندا. خۆ لەو بەرهەمانەشی، کە لە ئەدەبیاتی ئەوروپایی دەدوێت، هەر مێژوونووسانە سەرەدەری کردووە و وەک شیلی والیا (٢٠٠٦:٧) ئاماژەی پێ داوە، وەک دەقی ئیستاتیکانە لە دەقە ئەدەبییەکانی نەڕوانیە، بەڵکوو وەک بەڵگەنامەی مێژوویی بینیونی. ئەمەش لەو بڕوایەوە، کە دەقەکان چەشنێک لە نواندن لەخۆ دەگرن و وێنە گەورەکەی لە قاڵبدانی ڕۆژهەڵات ڕوونتر پیشان دەدەن.
ڕەخنە لە کۆڵۆنیالیزم، لەگەڵ ئێدوارد سەعید، بووە پڕۆژەیەکی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی گوتار و ڕەفتاری ئیستیعمارییانە. لەم ڕوانگەیەوە ئەو بە نووسینەکانی، وەک توێژەرێک بۆی چووە (حسن، ٢٠٢٢: ١٣٩)، هەوڵی داوە ڕەهەندە تیۆرییەکەی ئەم پڕۆژەیە تۆکمە بکات. ئەمەش بە ئاشکراکردنی خەوشەکانی گوتارەکەی و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بانگەشەیەی، جەختی لەوە دەکردەوە گوایە گوتارێکی زانستییە، پشت ئەستووریشە بە زانین و بابەتگەرایییەوە. هەربۆیە هاتووە ئیشی لەسەر چەند دۆز و پرسێکی مێژوویی کردووە، کە هاوکاری بوون لە ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی چۆنیەتیی هەژموونی کۆڵۆنیالیزم بەسەر گێڕانەوە لە کولتوورە خۆجێییەکاندا. هەروەها لێکۆڵینەوەی وەڵامدانەوەی دەوڵەت و نەتەوەی ژێردەست بۆ میراتی کولتووری کۆڵۆنیالیزم، بەتایبەت لە قۆناغی دوای سەربەخۆبوون.
هەموو ئەمە ئاسان نەبوو، ئەگەر ئەو نەهاتایە، ڕەخنەیییانە، بنەما جێگیر و پیرۆزکراوەکانی نێو هزریی ئەورووپایی، لە ڕوانگە و ڕەهەندێکی جیاوازەوە نەخوێندبایەوە. بۆ نموونە هات گەردوونگەراییی ڕۆشنگەری ڕەت کردەوە، ئەمەش وەک ڕاپەڕینێک وابوو دژ بە مێتۆدە باوەکانی تێڕامان لە مێژوو، بە چەشنێک نووسینەوە لە مەیل بەلای هەمەگیرییەوە پەڕییەوە بۆ گێڕانەوەی پارچەپارچە و فرەدەنگ؛ گرنگیدان بە گێڕانەوە خۆجێییەکان، لەبری ئەو گێڕانەوانەی ئەوروپا بەرهەمی هێنابوون. ئەم ئاڕاستەیەش سەرەدەری لێکدانەوەی فەلسەفەی مێژووی ئەوروپایی، لە سەدەی هەژدە و نۆزدە، بۆ چەمکی ”پێشکەوتن” هەڵدەوەشاندەوە، بەتایبەت لێکدانەوەی هیگڵییانە بۆ چەمکەکە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕوانگەی ئێدوارد سەعید ڕێژەگەری پۆستمۆدێرنە و حەتمییەتی مارکسییانەی ڕەت دەکردەوە. لەبەرامبەردا، لە میانەی سیستەمگەلی ئاڵۆسکاوی مەعریفی و ئابوورییەوە، بە دوای پەیوەندیی هێزدا بووە. لەم ڕووەدا، ڕەخنەی ئێدوارد سەعید لە مارکسیزم دەشێ نموونەیەکی گرنگ بێت، بۆ بینینی کتێبەکەی وەک سەرچاوەیەکی ئەم مێتۆدە و هەندێک لە ڕەهەندەکانی تیۆریی پۆستکۆڵۆنیالی بەگشتی. ڕەخنەکانی ئەو، پتر ئاڕاستەی مارکسیزمی ئۆرسۆدۆکسی بوو و پەیوەست بوو بە ڕەخنەگرتن لە هەژموونی ”گێڕانەوە گەورەکان”، بەسەر ڕوانگە هەمەگیرە ئەوروپایییەکەوە. لەلای ئەو، شکستی ڕیشەیییانەی چەمکەکانی مارکسیزم لە درووستکردنی ئەو ڕوانگەیە، لەوەدا بوو کە نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ دراوە سیاسییە تایبەتەکان و ئەزموونی مێژووی جیهانی کۆڵۆنیالیزەکراودا بگونجێنێت. ئەو لە کتێبی ڕۆژهەڵاتناسیدا ویستوویەتی بسەلمێنێت، کە تیۆرییەکەی مارکس دووچاری کێماسیی ڕۆشنبیرانە بووە و مارکس خۆی کەمترین زانیاری لەبارەی جیهانی دەرەوەی ئەوروپادا هەبووە. هەر بۆیە، وەک لەیلا غاندی (٢٠٢١: ٨٨-٨٩) شرۆڤەی کردوە، مارکس کۆڵۆنیالیزمی وەک پڕۆژەیەکی مێژوویی بینیوە، کە ڕێگا خۆش دەکات لەبەردەم بەجیهانیکردنی ”شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری” و دواتریش تێکشکاندنی شێوازە ”دواکەوتوو” و ”پێش سەرمایەدارییەکان”ی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی.
ئێدوارد سەعید پێی وایە ئەم تێگەیشتنەی مارکس و تێزەکانی قوتابخانە فەلسەفییەکە، لەبارەی گۆڕانی سۆسیو – ئابووری، نەک هەر لە بنەڕەتەوە خەوشی زۆریان هەیە، بەڵکوو ئەگەر لە ڕوانگەی جیهانی کۆڵۆنیالیزەکراو و لە ڕووی ئاکارییەوە تەماشای بکەین، ئەوا قێزەونە و ڕیسوایییە. چونکە هەمان ئەو مۆدێلە سواوەی دووبارە کردۆتەوە، کە لە سەدەی نۆزدەدا هەبووە و جەختی لەسەر جیاوازیی کرۆکییانەی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەکردەوە. سەرباری ئەمەش، وا لە ڕۆژهەڵاتی کۆڵۆنیالیزەکراو دەڕوانێت، وەک ئەوەی وێنەیەکی ئەبستراکت بێت بۆ تیۆرییەکە، نەک بارستایییەکی مرۆیی، کە خەڵکەکە بەدەست سیاسەتە داگیرکارییەکەوە دەناڵێنن. هەربۆیە لێکدانەوەکەی مارکس نەک هەر نەگونجاو بووە، بەڵکوو پشتی بە مەنتقێکی ساختەشەوە بەستووە، مەنتقی ئەرکی شارستانییانەی ئەوروپای داگیرکەر بۆ گەڕاندنەوەی ئاسیا، بۆ نێو ”ڕەوتی واقیعییانەی مێژوو” و ڕزگارکردنی ئەم کیشوەرە، لە دواکەوتوویی و هەژاریی پێش قۆناغی ئیمپریالی!. لێرەوەیە، ئەگەر مارکس گوتویەتی ”ئاسیایییەکان ناتوانن نوێنەرایەتیی خۆیان بکەن و دەبێ نوێنەرایەتی بکرێن”، ئێدوارد سەعید (١٩٩٦: ١٠٨) حەماسەت گرتوویەتی و گوتویەتی نەخێر وانییە؛ میللەتانی پاشکۆ و ژێردەستە دەتوانن بدوێن و خۆیان بنوێنن. باشترین بەڵگەش، بەڕای ئەو، مێژووی بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی سەدەی بیستەم بووە.
جێکەوتەی ئەم ڕەخنانە، لە زۆر لەو توێژینەوە پۆستکۆڵۆنیالییانە دەردەکەوێت، کە لەبارەی چینی ژێردەستە نووسران. تێیاندا تێکەڵبوونی چین، ڕەگەز و جۆری کۆمەڵایەتی، لە درووستبوونی دینامیکای کۆمەڵایەتی دەبینرا (Chakrabarty, 2000: 45)، لە کاتێکدا ئەم دینامیکایە، بە کاریگەری چڕکردنەوەی چەمکی چینایەتی بە لێکدانەوە مارکسییەکە، پەراوێز خرابوو. ئەمە پێویستی بەوە بووە، لە دەرەوەی سەرچاوە نەریتییەکانی بەردەستی مێژوونووسان، سەرچاوەی جیاواز بەکار بهێنرێت. تا مێژوونووس وێنایەکی فرەڕەهەندی زەمەنی لە لا درووست ببێت، کە پێشتر ئەرشیڤە کۆڵۆنیالییەکان ئەم چەشنە ڕوانگەیەیان بۆ زەمەنی مێژوویی نەخستۆتە بەردەستی. خۆ ئاوێتەکردنی ئێدوارد سەعید بۆ بونیادگەراییی پاش مۆدێرنە، لەگەڵ مەتریالیزمی مێژوویی، بووە هۆی داڕشتنی چوارچێوەیەکی جیاواز، کە بە مێژووگەراییی پۆستکۆڵۆنیالی ناسرا (postcolonial historicism). ئەمەش مێتۆدێکە ڕەخنەی گوتارییانە و شیکردنەوەی مەتریاڵییانە تێکەڵ بەیەک دەکات، بەڵام لە دەرەوەی ئەو حەتمییەتگەرایەی مارکسییەکان جەختییان لەسەر کردبۆوە. ڕەنگە لە یەکەمین نموونەکانی بەکارهێنانی ئەم مێتۆدە، کتێبە بەناوبانگەکەی سەر بە قوتابخانەی پۆستکۆڵۆنیالی تیمۆثی میشێل بێت، بەناوی ”کۆڵۆنیالیزەکردنی میسر”. نووسەر(٢٠١٣)، ئەوەی بۆ دەرکەوتووە وێناکردنی بەریتانییەکان بۆ جووتیاری میسری، وەک کەسانێک کە لە سروشتیاندا تەمبەڵ و تەوەزەڵن (کە ئەمەش لە ئاستی گوتاردا خەسڵەتپێدانی کولتوورییە)، لە بنەڕەتدا واقیعی چەوساندنە و بەکارهێنانی ئەم چینەی، لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی دەشاردەوە. نەک ئەوەی خوێندنەوەیەکی وردی چۆنیەتیی درووستبوونی مێژوویییانەی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکەیان بێت، وەک لە خۆیدا هەبووە.
ئێدوارد سەعید و لێکۆڵینەوەی پاشکۆ
چاوەڕێی ئەوە دەکرا جێکەوتەی بەشدارییە هزرییەکانی ئێدوارد سەعید بەسەر ڕەوتە نوێیەکانی مێژوونووسیدا هەبێت، بەتایبەت ئەوانەی دژە کۆڵۆنیال بوون، یان لە دەرەوەی هەژموونی هزرییانەی ئەم جووڵانەوە سیاسی – ئابوورییە بیریان کردۆتەوە. هەرواش بوو، ئەوەی ئەو کردبووی فەراهەمکردنی زەمینەیەکی تیۆری بوو، کە مێژوونووسیی پۆستکۆڵۆنیاڵی تێدا چەکەرەی کردووە و پێگەیشتووە. هەرچەندە ئەو ڕەتی کردۆتەوە یەکێک بێت لە دامەزرێنەرانی ئەم ڕەوتە هزرییە، بەڵام خۆ ڕەخنەکانی لە چەمکی ڕۆژهەڵات سەرەتایەک بوون بۆ ”بزاڤی ڕزگاربوون”ی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕوانگە و دیدە ڕۆژئاوایییەکەوە (غراتالو، ٢٠١٨: ١٠٨). ئەمەش کۆڵەگەی هەرە بنەڕەتی هزری پۆستکۆڵۆنیالییە.
بەکارهێنانی مێتۆدی قوتابخانەی جنێڤ لەلایەن ئێدوارد سەعید لە یەکەمین نووسینەکانیدا، ئەوی زیاتر بە قوتابخانەی پۆستکۆڵۆنیالییەوە گرێداوە. ئەو مێتۆدی نوێی ڕەخنەی بەکار نەهێنا، هەرچەندە لەکاتی نووسینی کتێبەکەیدا باڵادەست بووە، بەڵام وەک مێتۆد ڕەتی کردۆتەوە، چونکە وای بینیوە بە چەشنێک سەرەدەری لەگەڵ دەقدا دەکات، وەک ئەوەی دابڕاو بێت لە مێژووی ڕۆشنبیری و چوارچێوەی سۆسیۆ – کولتووریی نووسەرەکەی. بەڵام هات مێتۆدەکەی جنێڤی بەکار هێنا، کە ئەوان لە لێکۆڵینەوەی دەقدا، لە میانەی شیکردنەوەی وردی زمانی نووسین، بەدوای بونیادنانەوەی ڕوانگەی نووسەر بوونە بۆ بوون. هەر ئەم تێگەیشتنەش وای کرد نووسینەکەی ئەو ببێتە سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخش، بۆ ئەو توێژەرانەی بواری مێژوو، کە بیریان لە هەڵوەشاندنەوەی گوتارە کۆڵۆنیالییەکە کردۆتەوە و بەدوای گەڕاندنەوەی دەنگی پەراوێزخراوانەوە بوون(Roddan, 2016: 45). چونکە بۆ ئەمانە، ئەگەر دەیانویست لە بەرزەفتی ئەوروپایی بۆ حەقیقەتی مێژوویی دەربازیان ببێت، ئەوا تێزەکانی سەعید پاشخانێکی مێتۆدی باش بوون. ئەمە بە ئاشکرا لە کاریگەربوونی یەکێک لە قوتابخانە هەرە گرنگەکانی مێژوونووسیی پۆستکۆڵۆنیالی دەردەکەوێت، کە ئەویش قوتابخانەی هیندییە، ئەوەی پتر بە ”لێکۆڵینەوەی پاشکۆ – Subaltern Studies” ناسراوە. چەمکی سەبەڵترن لە بنەڕەتدا بە مانای پاشکۆ دێت، توێژەرانی هیندی لە بیریاری ئیتالی ئەنتۆنیۆ گرامشییان وەرگرتووە، کە لای ئەو بە مانای چینە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە دەهات (اشکروفت و آخرون، ٢٠١٠: ٣١٩-٣٢٠). بەڵام هیندییەکان، بەتایبت ڕێناجیت گوها، مانای تریان پێ بەخشی و بۆ وەسفکردنی خەسڵەتی گشتی پاشکۆبوون لە جڤاکی باشووری ئاسیا بەکاریان هێنا.
لەم قوتابخانەیەدا پۆستکۆڵۆنیالیزم وەک ئامرازێکی ڕەخنەیی بووە و لە زۆر خاڵدا لەگەڵ ڕەوتی پۆستمۆدێرنە یەکتربڕ بووە. بەتایبەت هەڵتەکاندن و وەلانانی گێڕانەوە هەژموونگەراکان، ئەوانەی وەک دانیال وۆلف (٢٠٢١: ٣٤٥) وەسفی کردووە، کۆڵۆنیالیزم و هاوپەیمانەکانی لە دەستبەژێرە خۆجێییەکان بەسەر گێڕانەوەی مێژوویییان سەپاندبوو. ئەم دەستە نوێیە هەوڵیاندەدا، لە بری ئەو گێڕانەوانەوە، گێڕانەوەی خۆجێیی بهێننە پێش و دەقەکان بە چەشن و ئاڕاستەی جیاواز بخوێننەوە، بۆ ئەوەی بتوانن پەی بەوە ببەن، کە نووسەرانیان نەیانگوتووە، نەک ئەوەی گوتراوە و بیستراوە.
وەک زانراوە، هیندستان نقێمی تاجی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی بوو. هەر لەگەڵ سەربەخۆبوونی، گفتوگۆ و مشتومڕێکی زۆر لەنێو دەستەبژێری ئەم وڵاتە، دەستی پێ کرد. ئەوان دەیانویست جیاواز لە گێڕانەوە کۆڵۆنیالییەکە (کە جەختی لەسەر مۆدێرنە و جێکەوتەکانی، پەرەسەندنی ئابووری و تێکەڵکردنی کۆڵۆنییەکان بە سەرمایەداری جیهانی دەکردەوە)، ئەزموونی کۆڵۆنیالیزم هەڵسەنگێنن. لە دەرەوەی ئەم بابەت و ناونیشانە هەمەگیرانەوە ڕەهەندەکانی مێژووەکەی ببینن. مێژوویەکی خۆجێیی بگێڕنەوە، بەدەنگی خەڵکی هیندستان خۆیان بێت و ڕۆڵیان لە درووستکردنی تێگەیشتنیان بۆ ئێستای خۆیان بنوێنێت. ئەمە وای دەخواست توێژینەوەی ئەوتۆ ساز بکەن، کە چەشنێک لە سەنتەرێتی بە کولتووری نێوخۆییان ببەخشێت و بەهایەکی پێ بدات، جیاوازبێت لەو بەهایانەی کولتوورە ڕۆژئاوایییە – کۆڵۆنیالیستەکە ویستبووی بیسەپێنێت (Green & Kathleen, 2016: 278). چونکە ئەوان دەیانزانی، ئەگەرچی پرۆسێسە سیاسییەکە کۆتایی هاتبوو، بەڵام هێشتا لەڕووی ئابووری و کولتوورییەوە، جێکەوتەی قووڵی بەسەر زەمینەی هیندییەوە هەر مابوو.
لێکۆڵینەوەی پاشکۆ لەسەرەتادا وەڵامێک بوو بۆ دەرکەوتنی بیرۆکەی ”مێژوو لە ژێرەوە”، کە مارکسییە بەریتانییەکان دەمێک بوو کاریان لەسەر چەمکەکە کردبوو و لەگەڵ ڕەخنەکانی ئێدوارد سەعید لە سیستەمی مەعریفەی ڕۆژئاوایی ڕێک دەهاتەوە. دەستەی یەکەمی دامەزرێنەرانی ئەم قوتابخانەیە، هەر لە زانکۆ ئینگلیزییەکان خوێندبوویان، بەڵام پەروەردەکراوی ئەو مێژوونووسە بەریتانیانە بوون، کە سەر بە قوتابخانەی مارکسی بوون (وولف، ٢٠٢١: ٣٤٥؛ الیعقوبي و طحطح، ٢٠١٩: ١٠٩-١١٠). دواجار بنەماکانی ئەم قوتابخانەیەی نووسینەوەی مێژوو، لەسەردەستی مێژوونوسی هەرەدیاری هیندی ڕاناجیت گوها (١٩٢٣-٢٠٢٣)، جێگیر بوون. لەوێ، نەک هەر ڕەخنە لە گێڕانەوەی ئیمپریالییانە بۆ مێژووی هیندستان گیرا، بەڵکوو پێداچوونەوەیەکیش بوو بەو فۆڕمەی مێژوونووسین، کە لە دوای ساڵی ١٩٤٧یش، هەر باو بووە. ئەمە پێداچوونەیەوەک بوو، مەبەستی بوو مێژوو لە تێگەیشتنە باوەکە (مێژووی سەردەستە و دەستەبژێری سیاسی)، ڕزگار بکات. لەگەڵیشیدا گرنگی بە نووسینەوەی مێژووی بونیادە کۆمەڵایەتیی – ئابوورییەکان بدات؛ مێژووی ژێردەستە و پەراوێزخراوان.
پاشخانە مارکسییەکەی مێژوونووسەکان وای کرد جەخت لەسەر تێپەڕاندنی مێژووی دەستەبژێر بکەنەوە، کە هەر عەقڵیەت و ڕوانگەی کۆڵۆنیالی سەپاندبووی. ئەوەبوو ڕێناجیت گوها، لە یەکەمین بەرهەمەکانی (1983: 7)، گێڕانەوە نەتەوەییەکانی خستەژێر باری ڕەخنەوە و گفتوگۆی وردی لەبارەوە کردن. بەتایبەتیش جەختی لەسەر کاریگەربوونی دەستەبژێری هیندی، بە گێڕانەوە ئیستیعمارییەکان، کردەوە. دەیگوت ئەوان بە مێتۆدێکی کۆڵۆنیالییانەوە لەو مێژووەیان کۆڵیوەتەوە و بەسەر کۆی گێڕانەوەی مێژوویی هیندستانیان سەپاندووە. لە بەرامبەردا چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی دی وەک: جووتیار، کرێکار و ژنان، کە زۆرینەی دانیشتوانی نیمچە کیشوەرەکە بوون، نەگێڕدراونەتەوە و نادیارن؛ وەک ئەوەی لە دەرەوەی مێژوودا بن.
ئیدی مەبەستی ئەم قوتابخانەیە ڕاستکردنەوەی ئەو ناهاوسەنگییە بوو، کە لە بواری ئەکادێمیدا بەرچاو دەکەوت. بەتایبەت ئەگەر دەیانبینی توێژەرانی نێو دەزگا زانستییەکان، جەخت لەسەر ڕۆڵی سەنتەرییانەی چینی دەستەبژێر و هەژموونی ڕۆشنبیریی دەستەبژێرانە دەکەنەوە. ئەوان دەیانویست هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانەی ئەم ڕۆڵ و هەژموونە بکەن، لەپاڵیدا ڕەوش و پێگەی پەراوێزخراوان و ژێردەستەکانیش ببینن. هەربۆیە پتر ویستیان نووسینەوەیەکی جیاوازی مێژووی هیندستان بهێننە ئارا؛ مێژوویەک، کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر هەژموونی تێگەیشتنی ئەم دەستەبژێرە بۆرژوایەدا بوو و لەبنەڕەتیشدا بەرهەمی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی بوو (اشکروفت و آخرون، ٢٠١٠: ٣٢٠). ئەمە ئەو مێژووە بوو، کە زانینە کۆڵۆنیالییەکە کلیلە وشەکانی دیاری کردبوو و تێیدا، بە کاریگەریی نەریتە کۆڵۆنیالییەکەی مێژوونووسین، جەخت لەسەر سوودەکانی حوکمی کۆڵۆنیالی بۆ هیندستان دەکرایەوە. بەتایبەت لە ڕووی فەراهەمکردنی یەکگرتوویەکی سیاسی، سیستەمی سەردەمییانەی خوێندن، بونیادی نوێی ئابووری و پەرەپێدانی هزری ناسیونالیستی…تاد (شاکرابارتي، ٢٠١٦: ١٠).
ڕێناجیت گوها ڕێک هات ڕەخنەی لەمە گرت و ڕایگەیاند، کە ئەم پڕکردنەوەی گێڕانەوەی مێژوویی بە کاراییی دەستەبژێرەوە، مانای ئەوەیە بەشداریی میللی لە درووستکردنی ڕووداوی مێژوویی پشتگوێ خراوە. لەگەڵ ئەودا هزرڤانێکی تر دەرکەوت، ئەویش گایاتری سپیڤاک بوو، کە ئاماژەی بەوەدا دەبێت مێتۆدێکی ڕوون هەبێت، لە ناساندنی پەراوێزخراو و چۆنیەتی جیاکردنەوەیان لە کۆمەڵگەی بنەڕەتی هەژموونگەرا و جەختکردنەوە لەسەر ئەم جیاوازبوونە. مەبەست لەمەش بەدەنگهێنانی ژێردەستەیە، وەک لە وتارە گرنگ و پارادیمییەکەی، بە ناونیشانی ”ژێردەستە دەتوانێ قسە بکا؟” (٢٠٢٢)، وردی کردۆتەوە و ئاماژەی پێداوە. ئەم هزرڤانە هیندییانە و چەندانی دی لە مێژوونووسەکانی وڵاتەکە، لە نووسینەوەیان بۆ مێژوو، هەوڵیاندا تیۆرە باوەکان تێپەڕێنن، بەتایبەت تیۆرە مارکسییەکە، کە هەندێک لە دەستەبژێری هیندی بە جێگرەوەی تیۆرییە ڕۆژئاوایییەکانیان دەزانی (وولف، ٢٠٢١: ٣٤٨)، چونکە جەختی لەسەر کاریگەریی بونیادی کۆمەڵایەتی – ئابووری بەسەر ڕەوتی مێژوودا دەکردەوە.
ئەوەی جێی سەرنج بوو دیدگای ئێدوارد سەعید بۆ ڕۆژهەڵاتناسی، وەک سیستەمێکی گوتارییانە، بەتایبەت لەو ڕووەی ”ئەوی تر”ی ڕۆژهەڵاتی نیگەتیفانە دەبینی و لەزۆر باردا دەیخستە دەرەوەی ئەو مێژووەی عەقڵی ئەوروپایی، بە تاکە مێژووی درووستی مرۆڤایەتی دەزانی، بووە ئەو چوارچێوە ڕەخنەیی و تیۆرییەی مێژوونووسانی قوتابخانەی پاشکۆ بەکاریان هێنا، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو فۆڕمە باوەی نووسینەوە مێژوو. بەتایبەت جەختکردنەوەی نووسەرە فەڵەستینییەکە لەسەر دینامیکای دەسەڵات و مەعریفە؛ زەقکردنەوەی ئەو زەبروزەنگە مەعریفییەی، لەنێو نوێگەری کۆڵۆنیالیستی و پاش کۆڵۆنیالستیدا هەبووە. ئێدوارد سەعید خۆی ڕادەگەیەنێت، کە کتێبەکەی مەعریفەیەکی ڕەها و دابڕاو نییە، بەڵکوو مەبەستێکی تری لەپشتە، ئەویش سەرەداوێک بداتە دەست توێژەران، تا بەدوای توێژینەوەی وردتردا بن. ئەو لەمەدا زیاتر مەبەستی توێژەرانی جیهانی عەرەبی بوو. بەڵام ئەوەبوو زیاتر لە دەرەوەی ئەم جیهانە جێکەوتەی هەبوو و زوو هەندێک لە توێژەرە هیندییەکان، ڕوانگەی ئەویان لە لێکۆڵینەوەکانیاندا بەرجەستە کرد (شاکرابارتي، ٢٠١٦: ١٩). بۆیە دڵخۆشی خۆی ڕاگەیاندووە، ئەگەر بینیویەتی تێزەکانی لە قوتابخانەی مێژوونووسیی هیندی و قوتابخانەکانی تری سەر بە ڕەوتی پۆستکۆڵۆنیالی گرنگیان پێدراوە (سعید، ١٩٩٦: ١١٤). خۆی دوای گەڵاڵەبوونی ڕەهەندە هزری و مێتۆدییەکانی قوتابخانە هیندییەکە و هاتنەپێشی لێکۆڵینەوەی مێژووی پەراوێزخراوان، لە وتارێکی لە ساڵی ١٩٩٤دا، جەختی لەوە کردۆتەوە کتێبەکەی تەنیا شیکردنەوەیەکی ڕەخنەییانەی فرەکولتووری نەبوو، بۆ چۆنیەتیی بەکارهێنان و بەگەڕخستنی مەعریفە لەلایەن دەسەڵاتێکەوە، کە دەخوازێت بەهۆیەوە پێگەی خۆی پتەو بکات، بەڵکوو گەواهیدانێکیش بووە لەسەر ڕەوشی پاشکۆ و پەراوێزخراوان؛ ڕەوشی چەوساوەکانی سەر زەوی، کاتێک دێن لە خۆیان دەدوێن. ڕایدەگەیەنێت (١٩٩٦: ١٠٨) ئەو وەک نووسەری کتێبەکە دەیەوێت ڕۆڵێک بگێڕێت؛ ڕۆڵی ئاگایییەک، کە نوێنەرایەتیی خودێک دەکات، لە چوارچێوەی کۆمەڵێک دەق و گوتارێکی مێژووکردی پەیوەست بە خودی ڕۆژئاوایییەوە، چەپێنراوە و شێوێندراوە.
هەرچۆنێک بێت، لەم وتارە، لێرە و لەوێ دەرکەوت، ڕەخنەگرتنی ئێدوارد سەعید لە ”نواندن”، بەیەکێک لە بەشدارییە هەرە دیارەکانی هزری ئەوە. ئەو بەمە گرەوی ئاکارییانەی نووسینەوەی مێژوویی، بەم چەمکە ناساندەوە. ڕێک ئەمەش بوو، کە گایاتری سپیڤاک لە وتارەکەی خۆی، وردتر کاری لەسەر کرد. لەوێ ڕوونی کردۆتەوە چۆن هەوڵە ئەکادێمییە ڕۆژئاوایییەکان، لە پێناو گێڕانەوەی دەنگی ژێردەستە، بەرهەمهێنانەوەی گوتارێکی کۆڵۆنیالانە بووە، کە بەناوی ئەوان دواوە (سپیڤاک، ٢٠٢٢: ٥٣). ئەم قەیرانە وای لە مێژوونووسان کردوە، ڕووبەڕووی هەڵوێستی خۆیان لە پرۆسێسی بێدەنگکردندا ببنەوە. ئەمە لە کتێبەکەی پارثا چاترجی بە ناونیشانی ”هزری ناسیونالیستی و جیهانی کۆڵۆنیالی” بەڕوونی دەردەکەوێت، کاتێک نموونەی ئەوە دەهێنێتە، چۆن دەستەبژێری ناسیۆنالیستی هیندی دەستیان بە سەر زانستی کۆڵۆنیالی داگرت، لە بەرامبەردا نووسینی ئەوانەی لە دەرەوەی ئەم زانستانە، لە مێژووی هیندی قۆناغی دوای داگیرکاریی بەریتانی دوابوون، پشتگوێ دەخران (Chatterjee, 1986: 38). هەربۆیە، وەک سپیڤاک گوتویەتی، ئەگەر مێژوونووسان دەیانویست لەو تەڵەزگە مەعریفییە ڕزگاریان ببێت، دەبایە هەم پێگەی مەعریفییانەی خۆیان پێناسە بکەن و هەمیش ئاگایانەتر لە مەرزەکانی توانای نواندنی ئەوی تر بگەن.
وەک بینیمان ئێدوارد سەعید پتر هەوڵی ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی نێوان کۆڵۆنیالیست و کۆڵۆنیالیزەکراو دابوو. بەڵام قوتابخانەی ”لێکۆڵینەوەی پاشکۆ”، بە دوای ئەو دابەشبوونانەدا بوون، کە لە خودی کۆڵۆنیالیزەکراودا هەبوو: چینایەتی، ڕەگەز و پاشکۆیەتی جووتیاران. لەمەشدا توانیان ئەوە دەربخەن، کە چۆن ئەو گێڕانەوە نەتەوەیییە باوانەی هەبوون، هەمان پلەبەندیی قوچەکییانەی ئیستعماریان دووپات کردۆتەوە. ئەمەش لە میانەی بەباشتر زانینی مێژووی چینی سەردەستە، لە مێژووی چینەکانی ژێرەوە (Chatterjee, 1986: 38). بێگومان ئەم وەرچەرخانە پێویستی بە دابڕانێکی مێتۆدییانە و نوێکردنەوەی شێوازی کارکردنی مێژوونووسەوە هەبووە. بۆیە دەبینین کاری ئەرشیڤکردن و سەرچاوەگیری، لە بەڵگەنامە ناوەندییەکانی دەوڵەتەوە گۆڕا بۆ سەرچاوەی لۆکاڵی؛ نەریتی زارەکی و پاشماوەی ماددی پەراوێزخراوان (Guha, 1983: 333). بەمەش بەرەنگاری ئەو مێژووگەرایییە ئەوروپییە بوونەوە، کە وەک ئاماژەمان پێدا ئێدوارد سەعید بە وردی ڕەخنەی لێ گرتبوو.
گایاتری سپیڤاک ڕایگەیاندووە، کتێبەکەی ئێدوارد سەعید بۆتە دەقێکی بنەڕەتی و سەرچاوەیەک، کە بەهۆیەوە لێکۆڵینەوەی پاشکۆ، ئاوا لەچوارچێوەی دەزگای ئەکادێمیدا جێگەی بۆ کرایەوە. ئەو وای دەبینی ئێدوارد سەعید توانی لێکۆڵینەوەی پۆستکۆڵۆنیالی، وەک بوارێکی سەربەخۆی زانستی بنوێنێت و لەمیانەی شرۆڤەی گوتاریی ڕۆژهەڵاتناسییەوە ڕوونی کردەوە پەراوێزخراو دەتوانێت بدوێت و دەنگی هەبێت و بەشێکی چاڵاکی کایەی زانستیی سەردەمەکە بێت (غاندي، ٢٠٢١: ٨١-٨٢). لە وتارە بەناوبانگەکەی، کە ئاماژەمان پێدا، بە ئاشکرا جێکەوتەی هزری ئێدوارد سەعید دەبینین، بەتایبەت کاتێک سوودی لە ڕەخنەی ئەو لە ”نواندن” گرتووە. هەرچەندە لە هەندێ بابەتیش کەمێک ڕەخنەیییانە لە هزری سەعید لایداوە، نەخاسمە لە پرسیارکردنی لەسەر توانای ئەکادێمیای ڕۆژئاوایی لە گێڕانەوەی ئاگایی بۆ پاشکۆ. ئەم خاتوونە جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە دەنگی ژێردەستە هەردەم وەک نێوەندگیرێک، لە نێوان گوتارە هەژموونگەراکان، دەمێنێتەوە (٢٠٢٢: ٦١-٦٤). ئەمەش پێشڤەچوونێک بوو لە تێگەیشتی ئێدوارد سەعید، ئەگەر هاتووە قسەی لەسەر بێدەنگکردن کردووە. سپیڤاک، هەر بە کاریگەری نووسەری ڕۆژهەڵاتناسی، دان بەوە دادەنێت، کەوا گێڕانەوەی دەنگ بۆ ژێردەستە قورسە. وایدەبینی زۆربەی کات ئەم دەنگە، لەنێو گوتاری دەستەبژێردا دەنوێنرێت. ئەمەش وادەکات گەڕانەوە بۆ ڕەسەنی بیروبۆچوون و ڕوانگە میللییەکە، قورس و ئەستەم بێت. بێگومان ئەم ڕەخنەیە پێمان دەڵێت، کە پێویستیی بەردەوام هەیە بەوەی توێژەران بە ئاگایییەوە سەرەدەری لەگەڵ دەق و سەرچاوە و گێڕانەوەکان بکەن و لە کاریگەریی گوتارە ئاکادێمی و سیاسییە هاوچەرخەکانیان داببڕن.
خاڵێکی تری یەکتربڕ لەنێوان کارەکەی ئێدوارد سەعید و مێژوونوسیی پاشکۆ، پەیڕەکردنی مێتۆدی فرە پسپۆڕیی بوو. وەک دەزانین ئێدوارد سەعید ئەدەب، فەلسەفە، مێژوو و لێکۆڵینەوەی کولتووری ئاوێتەی یەکتر کردووە، بۆ خوێندنەوەی گوتارەکەی ڕۆژهەڵاتناسی. ئەمەش بەردەستخستنی مێتۆدێکی هەمەگیرانە بوو، لە شیکردنەوەی بنەما کولتوورییەکانی مێژوونوسیی کۆڵۆنیالی. ئەو، لە میانەی ئاوێتەکردنی ڕوانگەی پسپۆڕییە جیاوازەکانەوە، توانیبووی ئەو پەیوەندییە ببینێت، کە لەنێوان پەیکەرە کولتووری و سیاسی و ئابوورییەکاندا هەبووە، بەتایبەت لە داڕشتنی مەعریفەی مێژووییدا (Kennedy, 2013: 89). ئەوەتا بە بەکارهێنانی شیکردنەوەی ئەدەبی لە ڕەخنەگرتن لە دەقی مێژوویی، توانی خەسڵەتی درووستکراو و ساختەی گێرانەوە مێژوویییەکان باشتر دەربخات (Çelik, 2018: 382) بە هەمان شێوە، جەختکردنەوەی لەسەر بە دەقکردنی مێژوو، هاوکار بووە لەوەی تێبگات تۆمارە مێژویییەکان دەقی بارگاوین بە هەڵوێستە ئایدۆلۆژییەکانی نووسەرانیان. هەر ئەمەش ڕۆڵی هەبوو لەوەی لێکۆڵینەوەی مێژوویی بە ئاقارێکی جیاوازدا بڕوات. کێنیدی (2013: 102) تێبینی ئەوەی کردووە، کە هەم ئێدوارد سەعید و هەمیش بیریار و مێژوونووسانی سەر بە قوتابخانە هیندییەکە، بەم ئاوێتەکردنەی مێتۆدی پسپۆڕییە جیاجیاکان، هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی گێڕانەوە هەژمونگەراکانیان داوە. هەر ئەمەش هاوکار بوو لەوەی باشتر لە ئاڵۆزییەکانی مێژوو و هزری کۆڵۆنیالی و قۆناغی پاشتریش بگەن.
کەوابێ ڕەخنەگرتن لە گێڕانەوەی کۆڵۆنیالی بۆ مێژوو، خاڵێکی هەرە هاوبەشی پڕۆژەکەی ئێدوارد سەعید و تێزە هزرییەکانی قوتابخانە مێژوونووسییەکە بوو. هەردوولا ڕەخنە لەو ڕێبازانە دەگرن، کە بەهۆیانەوە دەوڵەتانی داگیرکەر هاتوون، دابڕاو لە ڕوانگەی میللەتانی ژێردەستە، ڕەوتی مێژووەکەیان بەرجەستە کردۆتەوە. جەختکردنەوەی ئێدوارد سەعید لەسەر چۆنیەتیی ئەم نواندنەی ئەوروپییەکان بۆ ڕۆژهەڵات، لەگەڵ شیکردنەوەی گوها بۆ دیاردەی وەلانانی گێڕانەوەی کۆڵۆنیالی، لە نوێنەرایەتیکردنی پاشکۆ، ڕێک دێتەوە. بۆ نموونە گوها (1983: 15)، لە قسەکردنی لەسەر ڕاپەڕینی جووتیارانی هیندستان، ئەوەی دەرخستووە چەندە جووتیار خۆی، سەنتەرگیرانە، ڕەوتی مێژووی ئاڕاستە کردووە. ئەمەش پێچەوانەی ئەو وێنا کۆڵۆنیالییە بووە، کە بۆیان درووست کرابوو و بەسەریاندا سەپێنرابوو، گوایە ئەوان ”هەڕەمەکییانە’‘ کردار دەنوێنن و ”بێعەقڵانە” خۆیان بەرجەستە دەکەن و ”گێرەشێوێنانە” لەنێو ڕەوتی ڕووداوەکاندا دەردەکەون. ئەمەش هەمان ئەو ڕەخنەیەی ئێدوارد سەعید بوو لە وێنای ڕۆژئاوایی بۆ ڕۆژهەڵات، ئەگەر دەیانگوت ناتوانن نوێنەرایەتیی خۆیان بکەن و توانای خۆبەرزەفتکردنیان نییە و پشێوی دەخەنە نێو ڕەوتی درووستی مێژوو. بۆیە دەخوازن ئەوە لە زەیندا بەرجەستە بکەن، کە هەژموونی ئیمپریالییانە حەتمیەتێکی مێژوویییە، مەبەست لێی دەربازبوونە لەم گێرەشێوینییە و بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەوتی مێژوو خۆیەتی.
تێزەکانی ئێدوارد سەعید و ڕەخنەی مێژوونووسان
لەسەرەتاوە بینیمان گرنگی کتێبەکەی ئێدوارد سەعید، هەر لە جێکەوتە هزرییەکانی نەبووە، بەڵکوو لە مێتۆدەکەیشی بوو. بەتایبەت شیکردنەوەی دەقە ڕۆژهەڵاتناسییەکان و هەوڵدان بۆ داڕشتنەوەی ڕووی نادیاری ئەوەی نووسراوەتەوە. لە بواری مێژوودا، ئەو مێژوونووسانی خستە بەردەم ئالەنگاری هەڵوەشاندنەوەی لاگیرییەکانی نێو تێزی سەنتەرگیریی ئەوروپایییەوە. ئەمەش زیاتر لە میانەی داننان بە فرەچەشنی ئەزموونی مێژووییدا بوو، کە وا دەخوازێت بەدوای مێتۆدی جیاوازی نووسینەوەدا بین؛ هەمەگیر بەڵام فرەچەشن، کە بتوانێت ڕوانگە جیاوازەکان لەخۆ بگرێت و وابکات دەنگی کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکانی نێو گێڕانەوە سەنتەرەگەراکە، باشتر و ڕوونتر ببیسترێت. ئەم وەرچەرخانە لە تێگەیشتنی گێڕانەوەی مێژوویی زۆر گرنگە، ئەگەر دەخوازین تێگەیشتنێکی دادپەروەرانە و فرەڕەهەندمان، بۆ مێژووی جیهانی، چنگ بکەوێت. شیلی والیا (٢٠٠٦: ٢٦-٢٧) ڕایدەگەیەنێت نووسینەکانی ئێدوارد سەعید ڕۆڵێکی بنەڕەتیان لەو گفتوگۆیانەدا هەبوو، کە لە ڕووتەختی هزریی ئەوروپاییدا، سەبارەت بە تیۆریی مێژوو باو بوون. ڕۆڵی ئەویش پتر لە تێگەیشتن بۆ ”حەقیقەتی مێژوویی” و چۆنیەتیی ”نواندن”ی لە ناوکۆی گوتارییانەدا بووە. ئەو وای لە حەقیقەتەکە نەڕوانیوە ڕەها بێت، ئەوەندەی پەیوەستە بە دۆخی گشتی و هەڵوێستی سیاسییەوە. ئەوە بەو مانایە نایەت نکۆڵی لە ڕێبازە ئیمپیرییەکە کردبێت، پێی وابێت هەموو گێڕانەوەیەکی مێژووی ڕابردوو ساختەیە. بەڵام جەختی لەوە کردۆتەوە نووسینی ئەکادێمییانەی ئەوروپایی لەبارەی ڕابردوو، پێوەست بووە بە بونیادنانی ئیمپراتۆرییانەوە. لەو دەستپێکەوە ڕاستییەکانیان وێنا کردووە و دواتر لە گێرانەوەی مێژووییدا بەرجەستەیان کردوون. لەگەڵیشیدا چەشنێک لە خۆبەگەورەزانی کولتووری و ڕەگەزی هەبووە، کە ڕیشەی لەنێو پلانی هێنانەدی ئامانجە سیاسییەکان داکوتاوە.
لای ئێدوارد سەعید مێژوونووسین و نواندن دوو بنەمای سەرەکین، کە دەشێن هاوکار بن لە تێگەیشتنی ئەو پەیوەندییەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە گەڵ ژێردەستەکانیان درووستیان کردبوو. بەچەشنێک کە دەشێ تەنانەت شێوازی ئەکادێمییانەی مێژوونووسی و بەکارهێنانی سەرچاوە و پەراوێزدانان خودان بونیادێکی ئایدۆلۆژییانە بێت، کە جۆرێک بێت لە نواندنی واقیعی مێژوویی، نەک واقیعەکە لەخۆیدا. ناکرێ ئەم فۆڕمەی نواندنیش، بەو بونیادە ئایدۆلۆژییەیەوە، بەدەر بێت لە لاگیرییەوە. ئەو باش لە گرفتی نواندن لە چوارچێوەی میتۆلۆژیای ئایینی و مێژوویی گەیشتووە و درکی بەوە کردووە، کە چۆن لەم پرۆسەیەدا شتەکان لە جێگەی خۆیان دانانرێن و دەشێوێندرێن و لە بەهایان کەم دەکرێتەوە. هەر ئەمەش دیدگای ئەوی بەچەشنێک داڕشت، کە وای ببینێت گێڕانەوەی درووستی مێژوو، ئاکامێکی ستراتیژیای کولتوورییە، لە پێناو پاراستنی دەسەڵات و دەستکەوتە ماددییەکان ساز کراوە (والیا، ٢٠٠٦: ٢٩-٣٠). بەو مانایەی نواندن، کرۆکی هەر نووسینەوەیەکی مێژوو پێک دەهێنێت، کاتێک مێژوونووس دەیەوێت بەهۆیەوە حەقیقەتێکی مێژوویی بەرجەستە بکات. ئەمە پرۆسەیەکە، گەر بەئاگا نەبین، بە لاڕێماندا دەبات. لەگەڵیشیدا ئەو بڕوایەش بەهێز دەکات، کە مێژوو هیچ نییە جگە لەوەی مێژوونووس نووسیویەتیەوە. بۆیە ئەو بونیادە ئایدۆلۆژی و چوارچێوە سۆسیۆ – کولتوورییەی زەینی مێژوونووسی تێدایە، مێژووەکە دەنوێنێت و بە بەکارهێنانی زمان وەک هۆکاری پەیوەندی، دەیخاتە بەردەستمان.
ئەم تێز و دیدگا پارادیمییەی ئێدوارد سەعید لەنێو مێژوونووسان گفتوگۆ و مشتومڕی زۆریان بەدوادا هات. هەرچەندە وەک بینیمان ڕەخنەی ئەو لە گێڕانەوەی کۆڵۆنیالی لەگەڵ ئامانجەکانی نووسینەوەی مێژووی دوای کۆڵۆنیالی ڕێک دەهاتەوە، بەڵام بەشێک لە مێژوونووسان پێیان وابوو مێتۆد و دەرەنجامەکانی قەیرانیان تێدایە، چونکە ئێدوارد سەعید خۆی پتر مەیلی بەلای گشتاندنەوەیە و کەمتر لەچوارچێوەی ناوکۆیەکی دیاریکراوی مێژووییدا ماوەتەوە، بە چەشنێک نابینین نموونەکانی بە ناوکۆیەکی ئاوا پەیوەست بووبێت. ئەمە وای کردووە، وەک جۆن مەکەنزی (1994: 132) ئاشکرای کردووە، پەیوەندیی نێوان تێزە هزرییەکانی ئێدوارد سەعید و مێژوونووسان ئاڵۆز خۆی بنوێنێت و خاڵی هاوشێوە و نەگونجانیان ڕوون دەرنەکەوێت.
ئەوەی خوێنەری ئێدوارد سەعید بێت، تێبینی ئەوەی کردووە، کە ئەو چەندە کاری لەسەر چەمکی ئەکادێمیی ئۆرگانی کردووە، ئەو چەمکەی زۆر لە ڕەهەندەکانی بۆ گرامشی و تێگەیشتنی بۆ ئەرکی ڕۆشنبیر دەگەڕێتەوە و لای ئێدوارد سەعید لە تێوەگلانی ڕۆشنبیر و ئەکادێمیان بە کردەی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەیان بۆ ئایدۆلۆژیای باو و بەرزکردنەوەی دەنگی پەراوێزخراوان خۆی بینیوەتەوە (سەعید، ٢٠١٨: ٣٧-٣٩). بەلای ئەو ”بێلایەنی” و ”بابەتیبوون” تەنیا ئامرازن؛ دەزگای نەریتگەرا بۆ چەپاندنی ڕوانگەی جیاواز بەکاری دەهێنێت. لەبەرامبەردا پێی وابوو دەبێت دەستەبژێری ڕۆشنبیر پرسیاری هەستیار بوروژێنن و لە هزردا هەردەم گەڕیدە بن، خۆ بەدوور بگرن لەوەی بکەونە ژێر کاریگەریی ڕژێمە بەرزەفتکارەکانەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم تێگەیشتنەی ئێدوارد سەعید، لەلایەن هەندێک لە مێژوونووسان، ڕەخنەی وردی لێ گیراوە. بەتایبەت لەوەی زیاد لە پێویست تیۆرییە و کەمتر ڕیشەی بە ناو ناوکۆی ئاڵۆزی مێژوویییەوە شۆڕبۆتەوە. ڕەنگە یەکێک لە دیارترینی ئەوانەی ڕەخنەیان گرتووە جۆن مەکەنزی (1994)، بێت. ئەو پێی وایە ئەم وێنایە لەگەڵ ڕوانگەی ئەو مێژوونووسانە ڕێک دێتەوە، کاریگەر بوون بە ڕێبازە مارکسییەکە، کە جەختیان لەسەر ڕۆڵی مێژوونووس لە دۆزینەوە و بەسەنتەرکردنی گێڕانەوە لەبیرکراوەکان یاخود چەپێنراوەکان دەکردەوە. هەروەها مێژوونووسان ڕەخنەی ئەوە لە ڕێبازی ئێدوارد سەعید دەگرن، بەوەی زیاد لە پێویست تیۆرییە و کەمتر ڕیشەی لەنەو ناوکۆ مێژوویییە وردەکان داکوتاوە. مەکەنزی ئاماژە بەوە دەدات، کە گشتگیریی ڕەخنەکانی ئێدوارد لە ئیمپریالیزم، بەتایبەت لە کتێبی ”کولتوور و ئیمپریالیزم” (1993) ورد نین و ئەزموونەکان نەگێڕدراونەتەوە تا پاڵپشتی باشتری تێزەکانی بکەن، لەکاتێکدا مێژوونووسان زیاتر بەدوای ئەو گێڕانەوانەدان. هەر ئەمەش وا دەکات بەرهەمەکەی ئێدوارد سەعید بە گشتی مێژوویی بێت، بەڵام لە ڕووی کردەکییەوە نامێژوویییانە دەربکەوێت.
مەبەستی هەرە بنەڕەتی ئێدوارد سەعید ڕەخنەگرتن بوو لە گێڕانەوە گەورەکانی ڕۆژئاوا. تێکشکاندنی ئەو تێزەی، کە دەیویست لەنێو مێژوودا بەدوای جێگیر و نەگۆڕەکانی ڕۆژهەڵات بگەڕێت و لە نووسینەوەدا جەختی لێ بکاتەوە. ئەمە ئەو چوارچێوەیە بوو، کە بنەمای ئایدۆلۆژی ئیمریالیزمی پێکهێنابوو. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک پێیان وایە ئەم تێزەی ئێدوارد سەعید سادەکردنەوەی دۆزەکەیە، بەتایبەت ئەگەر هاتووە هەژموونی کولتوورییانەی ڕۆژئاوای وەک یەک قەوارەی جێگیر و نەگۆڕ بینیە. مەکەنزی ئاماژەی بەوە داوە کولتوورە ئیمپریالییەکە لە گۆڕانی بەردەوامدا بوو و هەرگیز جێگیر نەبووە و فرەڕەنگ بوو؛ قەوارەیەکی نەبزۆت یاخود یەکگرتوو نەبووە (MacKenzie, 1995: 133-134). ئەگەر ئێدوارد سەعید هاتووە ئاوای وێنا کردووە، ئەوا کارتێکردنە ئاڵۆزەکانی پشتگوێ خستووە، بەمەش لە دینامیکای هێزە کولتوورییەکانی کەم کردۆتەوە و وەک گوتارێکی حەتمییانەی سادە خستوویەتیە ڕوو. تۆ تەماشای ناسنامەی کولتووری بەریتانیا بکە لە سەدەی نۆزدە، دەبینی چەندە بە پێشبڕکێ و ململانێ، لەگەڵ هەریەک لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا، کاریگەر بووە. وەک چۆن بە پەیوەندییە ئیمپریالییەکانیشی، لە ناوچەکانی ژێردەستی، کاریگەر بووە.
ئەوەی ئێدوارد سەعید لە مێژووی بینیوە و ویستوویەتی بیکاتە مۆدێلێک بۆ نووسینەوەی مێژووی پەیوندییەکە، جەختکردنەوەی بوو لەسەر دووانەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەو ئاڵۆزییە نێوخۆیییانە وەلا دەنێت، کە پەیوەندییەکەی تێدا پەرەی سەندووە و هۆکاری بنەڕەتی بووە لە تێگەیشتنی دینامیکای ئیپمراتۆرگەرایی. هەر مەکەنزی (1995: 135) وای دەبینێت شیکارییەکەی ئێدوارد سەعید، هەژارە لە سەرەدەریکردن لەگەڵ دژیەکی و دەرەنجامی هەڕەمەکی و ڕێککەوت و بڕیاری هەنووکەیییانە، لەکاتێکدا ئەمانە لە لێکۆڵینەوەی مێژووییدا ڕەگەزی بنەڕەتین. مێژوونووسان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ئەستەمە بتوانن پێشبینی وردی پێشهاتەکان بکەن. بۆ نموونە سیاسەتی پەروەردەیی بەریتانیا لە هیندستان، لە پێناو درووستکردنی هاوکار و لایەنگیر بوو، بۆ سیاسەتە ئیمپراتۆرییەکە. بەڵام بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، ئەوەی ڕوویدا ئەوە بوو، سیاسەتە فێرکارییەکە هۆکارێک بوو بۆ تۆکمەکردنی خەبات و بەرەنگاری و پتەوبوونی ناسیونالیزمی هیندی. خۆ ئەگەر نموونەی کوردی بهێنینەوە دەشێ ئاماژە بە هەمان سیاسەتی پەروەردەییی عوسمانی، لە دامەزراندنی قوتابخانەی ڕوشدییە بکەین؛ لەبری ئەوەی هەر کادیری خۆی تێدا پێ بگەیەنێ، دەبینین دەستەی منەوەرانی کورد دەرکەوتن و درەنگتر دژ بە سیاسەتە ئیمپراتۆرییەکەی گوتاری نێوی کوردبوون و کرداری کوردانەیان نواند.
دەشێ دوایین ڕەخنەی مێژوونووسانە لە نووسینەوەکانی ئێدوارد سەعید ئەوە بێ، ئەو لە ڕەهەندێکی تەواو ئاکارییەوە تەماشای بابەتەکان دەکات. ئەمەش سەرنجی ڕەخنەگرانی ڕۆشنبیر زیاتر ڕادەکێشێ، وەک هی مێژوونووسان، کە بەدوای ئاڵۆزییەکان و نادیارەکانی ڕابردوو دان. ئەو ئەگەر لە هەر کەسێک، ڕۆژهەڵاتناسێک، گەڕیدە یان دیپلۆماتێک دەدوێ، ڕاست و ڕێک لە نێو دووانەی وەک ”پاڵەوانانی دژ بە ئیمپریالیزم” و ”دڕندە ئیمپریالیستەکان” پۆلێنبەندیان دەکات، بەمەش سروشتی فرە ڕوخساری ڕووداو و کارای مێژوویی پشتگوێ دەخات؛ دەشێ کەسێک ئەگەر لە پۆستێکی سیاسیدایە بە چەشنێک لە مێژوو بدوێت، کە لە پۆستەکەی نەما و خۆی بۆ نموونە لە نێو دەزگایەکی ئەکادێمی بینیەوە بە چەشنێکی تر ئەو مێژووە ببینێت و بینووسێتەوە. خۆ لە بواری کوردناسیدا نموونەی زۆری ئاوامان هەن: مینۆرسکی، نیکیتین و ئیدمۆندس…تاد، لەو کەسانەن.
هەرچی ڕەخنەی مێژوونووسانی پۆستکۆڵۆنیالییە لە ئێدوارد سەعید، ئەوا زێتر لە بینین و چرکردنەوەی پەیوەندییەکان بووە بە دوالیزمەکان؛ ڕۆژهەڵات/ڕۆژئاوا، سەردەستە/ژێردەستە، کە لەشێوەی ئەو تیۆرییە ڕۆژئاوایییانەی خۆی ڕەخنەی لێ گرتبوون، چەشنێک لە حەتمییەتی مێژوویی پێوە دیارە. ئەمە ڕەخنەیەکی نووسەرێکی دیاری هیندییە، کە ئەویش هومی بابایە و هاتووە لەم تێزە هەرە بنەڕەتییەی سەعید گرتوویەتی. لە ڕوانگەی ئەودا ڕۆژهەڵاتناسی، چ وێناکردن بێت یان بەرجەستەکردنی ڕاستییەکانی رۆژهەڵات، دیدگا بێت یان گێڕانەوە، لەبەریەکدانانی هەمەگیر و تایبەتمەندبوون بێت، کە ئەمە مێتۆدی کارکردنی ئیدوار سەعید بوو، دەشێ ئەم دژیەکییە ڕووکەشە پۆزەتیفانەتر ببینرێت و کۆکراوەی هەم زانست و زانینی تۆکمەی کۆڵۆنیالیزم بێت، هەمیش خەیاڵکردنی ئەوی تر بێت. ئەم هزرڤانە هیندییە وای دەبینێت دوالیزمەکە (ڕۆژئاوا لەبەرامبە بە ڕۆژهەڵات) و پڕۆسێسی وێناکردنەکە، تەنیا مانای دژیەکبوون و دابڕان ناگەیەنێت، ئەوەندەی دەشێ ئاماژەش بێت بۆ مەبەستێکی سیاسی – ئایدۆلۆژیی پەیوەست بە زەمەنی کۆڵۆنیالی. ئەمەش مەبەستێک بووە، ڕێگەی بە ئەوروپا داوە، بە هێمنی و بە شێوەیەکی مەجازییانە بە ئاڕاستەی ڕۆژهەڵات هەنگاو بنێت (یانج، ٢٠٠٢: ٢٩٥-٢٩٦). هومی بابا پێی وایە، لە دەرەوەی ئەم دابەشکردنانەوە، دەشێ چەمکگەلی تر هەبن، پەیوەندییەکان بناسێنن، وەک دووڕەگی و تێکەڵبوون، کە بە دوو خەسڵەتی هەرە بنەڕەتی پەیوەندییە کۆڵۆنیالییەکانیانی دەزانێت، نەک ئەو دوالیزمە توندانەی دەشێ تۆڕی پەیوەندیی نێوان دەستەبژێری خۆجێیی و کاربەدەست و کارگێڕانی ئیمپریالی بشارنەوە (Bhabha, 1994: 88). لەلای خۆیەوە چاترجی جەختی لەوە کردۆتەوە و ڕوونی کردۆتەوە، کە چۆن ناسیونالیزمی دژە کۆڵۆنیالی لە هیندستان گوتارێکی وەرگیراوە و لە ئاکامی ئاوێتەبوونی زانینە کۆڵۆنیالییەکان و نێوخۆیییەکانەوە داڕێژراوە.
ئەم ڕەخنانە بە مانای ئەوەیە توێژەرەکان ویستوویانە جەخت لەسەر پەیڕەوکردنی ئۆنتۆلۆژیایەکی پەیوەندگەرا بکەنەوە، کە چەمکانێکی وەک ناسنامەی شل و کاریگەری و کارتێکردن…تاد لەخۆ دەگرێت. لەم تێگەیشتنەوەیە، چاترجی پێی وایە مەیلی ئێدوارد سەعید بۆ هارمۆنیا لە پەیوەندیدا، جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە. نموونە بەوە دەهێنێتەوە، کە چۆن ناسیونالیزمی دژە کۆڵۆنیالی لە هیندستان دەستی بەسەر زانین و زانستە کۆڵۆنیالییەکاندا گرتووە و کردوویەتیە ئامرازێکی گوتارییانە (Chatterjee, 1986: 50)، گوتارێک کە ڕەنگ و ڕووی ژێردەستەی هەبووە و پاشکۆیەتی لە نێو ڕەوتی مێژوو بەرجەستە کردووە، نەک دەسەڵاتی کۆڵۆنیالییانە.
لێرەوە تێدەگەین پاشماوەی کولتووری ئێدوارد سەعید و ئامادەییی تێزە هزرییەکانی لە نێو مێژوونووسیی پۆستکۆڵۆنیالی و ”لێکۆڵینەوەی پاشکۆ”، تەنیا چاولێکردنەوەیەکی کوێرانەی ئەو نەبووە و بابەتێکیش نییە لە پەراوێزدا بووبێت. بەڵکوو وەک داڕشتنەوەیەکی ڕیشەیییانەی بیروبۆچوونەکانی ئەو دەبینرێت، بەڵام بە تێپەڕاندنی چوارچێوەی سەنتەر/ پەراوێزی کۆڵۆنیالییانە و وەڵامدانەوەیەکیش بووە بۆ هەژموونی نێوخۆییی نەریتە هزرییەکانی. ڕەوتی هزریی قوتابخانەی پۆستکۆڵۆنیالی، بەردەوامێتی و ڕەخنەگرتن بوو لە ئیپستمۆلۆژیای ئێدوارد سەعید و بۆ کاراکانی نێو قوتابخانەی پاشکۆش ڕیشەداکوتان بوو، لەنێو وردەکارییەکانی مێژووی باشووری ئاسیا، بەتایبەت هیندستان. دەشێ ئەمەش ڕەخنەیەکی بنەڕەتی بێت لە کاری ئەم قوتابخانەیە، کە هزرڤان و مێژوونووسەکانیان نەیانتوانی پانتاییی مێژووی ئەوێ تێپەڕێنن؛ تێز و تیۆرییەکانیان بە چەشنێک بگشتێنن، لەبار بن بۆ تیۆریزەکردنی مێژوویییەکی جیهانییانە.
کۆتایی: ئێدوارد سەعید چی بۆ ئێمە پێیە؟
تەمەنی کتێبەکەی ئێدوارد سەعید لە نیو سەدە نزیک دەبێتەوە. لەو ماوەیەش گۆڕانی گەورە بەسەر کۆی زانستە مرۆڤایەتییەکان، لەنێویشیاندا ڕۆژهەڵاتناسی و مێژوونووسیندا هاتووە. لەگەڵ ئەوەش هێشتا ئەم کتێبە وەک دەقێکی کلاسیکیی ڕەخنەگرتن لە گوتاری کۆڵۆنیالی و هزری ڕۆژئاوایی سەرەدەری لەگەڵدا دەکرێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕەخنەیەکی بنچینەیییانەی مێتۆد و تیۆرییە باوەکانی مێژوونووسینی لەخۆ گرتووە. بەتایبەت ئەوانەی، لەچوارچێوەی سەنتەرگیریی ئەوروپایییەوە، مێژووی مرۆڤایەتیان دەخوێندەوە و دەیان نووسییەوە. بەرهەمەکەی ئەو لاگیریی کرۆکییانەی ئەم مێتۆدانەی دەرخست. بانگەوازێکیش بوو، بۆ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەییانە و هەمەگیرانەی توێژینەوەی مێژوویی. ئەم مێتۆدە نێوپسپۆڕییەی ئەو– کە وەک بینیمان جەختی لەسەر سیاسەتی نواندن و سروشتی درووستکراوی گێڕانەوە مێژوویییەکان دەکردەوە – جێکەوتەی زۆری بەسەر لێکۆڵینەوەی پۆستکۆڵۆنیالی و زانستە مرۆڤایەتییەکان بەگشتی هەبوو. چونکە بەرهەم و تێزەکانی چوارچێوەیەکی نوێیان خستە بەردەست توێژەران بۆ ئەوەی مەعریفە لە دەرەوەی کاریگەرییەکانی هزری کۆڵۆنیالی چاو لێبکەن و بەرەنگاری گریمانە نەریتییەکان، لەبارەی چییەتیی مێژوو، ببنەوە. بەتایبەت ئەگەر دەبینین پاڵپشتی تێگەیشتنێکی دادەوەرانە و هەمەگیرانەی بۆ ڕابردووی مرۆڤایەتی دەکرد. ئەو کەرستەی ئەوتۆی خستە بەردەستیان بتوانن بەهۆیەوە، بە گێڕانەوە ئیمپریالییەکاندا بچنەوە؛ هەڵیوەشێننەوە و دەنگ بۆ پەراوێزخراوان بگێڕنەوە. هەرئەمەش بوو وای کرد نووسینەکانی ببنە ئیلهامبەخشی چەردێک قوتابخانەی مێژوونووسی، لەوانەش قوتابخانەی پاشکۆ، کە کەسە دیارەکانی نێوی هاوڕای ئێدوارد سەعید بوون، لە بەرەنگاربوونەوەی چوارچێوە ئەوروپییە سەنتەرگەراکانی گێڕانەوە و نواندنی ڕابردوو و بانگەوازکردن بۆ مێژوویەکی هەمەگیرتر.
لێرەوە، تێزەکانی ئێدوارد سەعید، وەرچەرخان بوون لەنێو زانستی مێژوودا. ئەوەی ئەو کردی مێژوونووسانی بە ئاڕاستەی ئەوە برد مێتۆدی نوێ لە نووسینەوەدا بەکار بهێنن و، لە بواری پسپۆڕییەکەیاندا، پشت بە بنەمای ئیپستمۆلۆژییانەی نوێ ببەستن. ئەو ئەگەر بەوە گەیشت نووسینەوەی مێژوو بەشێکی تەکنیکیی دەسەڵاتدارێتییە، توێژەرانی ناچارکرد ڕیشەیییانە لە مۆدێلە ئەوروپییەکەی مێژوونووسی بکۆڵنەوە. لەوەش گرنگتر چیدی لەو ڕوانگە تاکڕەهەندەوە لە ڕابردوو نەڕوانن، بەڵکوو بە چەشنێک بیبینن، کە دوالیزمە باوەکان تێپەڕێنێت و پەراوێزخراو، نەبینراو و پشتگوێخراویش لەخۆ بگرێت. لەوەش گرنگتر لە دەرەوەی زەینی ئەرشیڤگەرانەوە، کایەی مێژوونووسین دابڕێژنەوە.
سەرباری ئەوەی ناتوانین نکۆڵی لە لێکەوتەی هزری ئێدوارد سەعید بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەنگی مێژوونووسان بۆ تێزەکانی ئاڵۆز بوو. چونکە، ئەگەرچی گوتارە ڕەخنەیییەکەی لەگەڵ ئامانجەکانی مێژوونووسیی پۆستکۆڵۆنیالی بۆ هەڵوەشاندنەوەی گێڕانەوە ئیمپریالییەکان ڕێک هاتۆتەوە، بەڵام هەندێکجار جیاواز بووە لەگەڵ مێتۆدی ئەزموونگەری و وردی ناوکۆییانە، کە مێژوونووسان وەک یەکەمین هەنگاوەکانی مێژوونوسی دەبینن و پێیان وایە، بەبێ ئەم هەنگاوە، ڕاگەیشتن بەسەر ڕابردووی گێڕدراوە، کەموکورتی زۆری تێدا دەبێت. ئەم جیاوازییە ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەگەر دەخوازین مێژوویەکی جیاواز بنووسینەوە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی پۆستکۆڵۆنیالیشدا جێگەی ببێتەوە، ئەوا دەبێت قووڵتر سەرەدەری لەگەڵ هەر مێتۆدێکی نووسینەوەی مێژوودا بکەین کە بەکاری دەهێنین. ئەمەش تا بتوانین خۆمان لە گشتاندنە بەرفرەکان ڕزگار بکەین و لەو ئاڵۆزی و دژیەکییانەش بگەین، کە دیاردە مێژوویییەکان هەیانە و سادەیان نەکەینەوە.
هەرچۆنێک بێت هزری ئێدوارد سەعید تێز و دیدگای لێکۆڵینەوەی پاشکۆ و پەراوێزخراوان تەواو دەکات، چونکە هەردوولایان لەوەدا هاوشێوە بوون، کە بەرەنگاری چوارچێوەی سەنتەرگەرای ئەوروپی بوونەتەوە، بواری ئەوەشیان بە ژێردەستە داوە بڵێت ئێمەش لەنێو ڕووداوە مێژوویییەکاندا هەین و کاراین. ئەو ڕەخنانە بەیەکەوە و لەگەڵیشیدا ڕەخنە و ڕوانگەی چەند ڕەوتێکی هزریی ئەوروپایی، لەوانەش پۆستمۆدێرنە، هاوکار بوون لە شێوەگیرکردنی تێگەیشتنێکی جیاواز بۆ گێڕانەوەی مێژوویی و بواردان بە پێداچوونەوەی وردی چۆنیەتیی گەڵاڵەبوونی ئایدۆلۆژیای ئیمپریالی و بەرهەمهێنانی کولتوور و زانینی مێژوویی لە چوارچێوەیدا. بۆیە ئەگەر بێین ڕوانگەی ئێدوارد سەعید تێکەڵ بە شرۆڤە و لێکدانەوەی قووڵی مێتۆدییانە بکەین، ئەوکات وەک توێژەری بواری مێژوو، دەتوانین ئەو بۆشایییەی لەنێوان ڕەخنەی کولتووری و لێکۆڵینەوەی مێژووییدا هەیە بەرتەسک بکەینەوە. بەمەش بواری مێژوونووسی فراونتر و گرنگییەکەی زێتر دەکەین. بەهای زێدەتریش بە ڕوانگەی مێژوویی، لە تێگەیشتنی ئێستا و جەنجاڵییەکانی، دەبەخشین.
ئەمە لە ئاستە گشتییەکەدا، بەڵام لە زەمینەی کوردی بۆ لێکۆڵینەوەی مێژوو، وەک دەزانین قەیرانەکان زۆرتر و تێگەیشتنەکان هێشتا سادەتر خۆ دەنوێنن. ئەگەر ئێدوارد سەعید باسی کۆمەڵگە کۆڵۆنیالیزەکانی دەکرد، خۆ کورد ژێردەستە و پەراوێزی کۆڵۆنیالکراوەکانە. بۆیە بابەتی گرنگ بۆ مێژوونووسانی ئەم پانتایییە مرۆیییە، هەر ئەوە نابێت چەندە کۆڵۆنیالیزم چەمک و تێگەی هزرییانەی خۆی خزاندۆتە نێو گێڕانەوەدا. بەڵکوو لە زەمینەی ئێمە و نزیک بە ئێمە، چ کاریگەری و کارتێکردنیشی بەدوادا هاتووە. ئەوی تری سەردەستە و ئێمەش کە، لەدوای نەمانی کردەکییانەی کۆڵۆنیالیزمیش، هەر بە ژێردەستەیی ماوینەتەوە، چ کاریگەری هەبووە بەسەر داڕشتنەوەی ڕوانگە و ڕێبازی مێژوونووسیمان. چ جێکەوتەی بەسەر خۆدۆزینەوەی مێژوونووسییانەمان هەبووە، لەو ناوکۆ گێڕانەوەییەی بەسەرماندا، وەک کارەکتەری سەر بە گێڕانەوەی زارەکی و کەم مێژوونووسین، سەپێنراوە و ئێمە بە ئاگایی و بێئاگایی هەوڵمانداوە بە چەمک و تێگەی ئەوانەوە، گێڕانەوەی خۆمان لەو ناوکۆیەدا ببینینەوە و ڕەوایەتی بە هەبوونی مێژوویییانەمان لە چوارچێوەیدا بدەین.
ئەوەمان بیر بێت، بەشی هەرە بنەڕەتی تێگەیشتنی مێژوویییانەمان بۆ خودی کوردانەمان، ئەوی تر درووستی کردووە. جا چ لە قۆناغی پێش مۆدێرنە و چ قۆناغی مۆدێرنە و هەژموونی تێزە کۆڵۆنیالییەکان بووبێت. ئیدی ئەگەر فرانز فانۆن کاتی خۆی گوتی چەمکی جیهانی سێیەم، پڕ بە مانای وشەکە، لەلایەن ئەوروپاوە ئەفرێنراوە (یانج، ٢٠٠٢: ٢٥٩)، ئەوا چەمکی نیشتیمانییانە (عێراقی، تورکیایی، سوری و ئێرانی) پڕ بە مانای وشەکان، لەلایەن ئەوانی ترەوە، بۆ ناساندنی هەبوونی مێژووی ئێمە داتاشراون. گێڕانەوەی مێژووش بەشێکە لە ناسنامەی داڕێژراو، کە لە تێگەیشتنی سەردەستەوە (ئەوروپای کۆڵۆنیالی یان فۆرمی دەوڵەت نەتەوەی پاش کۆڵۆنیال) زانیارییەکانی نێوی مانای وەرگرتووە و پاککردنەوەی لە چەمک و دەستەواژە و تێزەکانی ئەستەم بووە. تۆ تەماشای تێگەیشتنی مێژوویییانەمان بۆ چەمکانێکی وەک کوردایەتی، کوردستان، باشوور، باکوور، جووڵانەوەی نەتەوەیی، بزاوتی نیشتیمانی، شۆڕشی کوردی، ڕاپەڕین…تاد.، بکە. ئەوکات دەزانی چەندە مانا لەوانی تر و لە ناوکۆی هزرییانەوە وەرگیراوە و لەنێو ناوکۆی کوردیدا جێنشین کراوە.
بێگومان ئەوەی گوتم هەرگیز بە مانای دژبوون نایەت لەگەڵ هزری ئەوروپایی و جێکەوتە مەعریفییەکانی، ئەوەندەی مەبەستم ئاوڕدانەوەیە، بە ئاڕاستەی چییەتیی هەبوونمان لەنێو زەمەن، ئینجا دۆزینەوەی تایبەتمەندییەکانی گێڕانەوەی مێژووییمان و جیاکارییەکانی کارایی و سروشتی زانینی مێژوویییانەی خۆجێیی. ڕاگەیشتن بەسەر ئەم بابەتانە بە خۆدابڕینی هزری و دژبوون و ڕەتکردنەوەی هەرچی لە دەرەوەیە نابێت، ئەوەندەی بەئاگابوون و تێپەڕاندن و تیۆریزە و بەرواردکارییەوە دێتە جێ. بەهەمان شێوە بە خۆتەنیاکردن و گومانکردن، لە هەرچی نووسراوە، مەیسەر نابێت. ئەوەندەی بە شرۆڤە و شیکردنەوە، لە ڕەهەندێکی ڕەخنەیییەوە، دەبێت. لێرەوە، ئەگەر خوازیاری نووسینەوەی مێژوویەکی پۆستکۆڵۆنیاڵانە و پۆستدەوڵەتییانە بین، ئەوا دەبێت ورد چەمکگەلی وەک زەمەنی مێژوویی، ڕووداو، نواندن، کارەکتەر، قۆناغبەندی…تاد، بناسینەوە و پێناسە بکەینەوە. نەک پێمان وابێت بە خەیاڵکردنی مێژوو و بەئەفسانەکردنی هەبوونمان، یان گەڕانەوە بۆ قۆناغی پێش کۆڵۆنیالیزە دەتوانین ئەمە بکەین، کە هەندێکجار ئایدۆلۆژییانە وەک سەردەمی زێڕین وێنای دەکەین و جگە لە هەستێکی خۆڕازیکردن و خۆبەزلزانییەکی ساختە، مەعریفەیەکی ئەوتۆی مێژوویی بەرهەم ناهێنێت.
ئەوەی مەبەستم بوو بیڵێم و هەقە ئەهلی مێژوو لای خۆمان لایەکی بەلادا بکەنەوە، گرنگی خۆناسینەوەی مێژوویییانەیە، لە میانەی هەمەچەشنکردنی هزر و مێتۆدی گێڕانەوە و هەنوکەییبوون لە ناساندندا.
سەرچاوەکان
کوردی
سپیڤاک، گایاتری. (٢٠٢٢). ژێردەستە دەتوانێ قسە بکا؟ وەرگێڕانی: سەنگەر حاجی، هەولێر: چاپخانەی ڕۆکسانا.
سەعید، ئێدوارد. (٢٠١٨). ڕۆژهەڵاتناسی؛ ڕۆژهەڵاتی داهێنراو لەلایەن ڕۆژئاواوە، وەرگێڕانی: موحسین ئەحمەد عومەر، هەولێر: ماڵی وەفایی.
عەرەبی
أشكروفت، بيل و آخرون. (٢٠١٠). دراسات ما بعد الكولونيالية : المفاهيم الرئيسية تأليف : ؛ ترجمة أحمد الروبي و أيمن حلمي و عاطف عثمان، القاهرة: المشروع القومي للترجمة.
حسن، مجدي عز الدين (٢٠٢٢). مابعد الكولونيالية ادوارد سعيد نموذجا، المجلة الموریتانية للدراسات الفلسفية، مؤسسة بیت الحکمة، العدد الأول.
حسین، محسن محمد. (٢٠١١). الاستشراق برؤية شرقية، بيروت – بغداد: دار الوراق.
سعید، ادوارد. (١٩٩٦). تعقیبات علی الاستشراق، ترجمة و تحرير: صبحي حديدي، بیروت: المؤسسة العربية للدراسات والنشر.
شاکرابارتي، دیبیش. (٢٠١٦). دراسات التابع والتأريخ ما بعد الكولونيالي، ترجمة: ثائر ديب، مجلة اسطور، العدد (٣).
غاندي، ليلی. (٢٠٢١). نظرية مابعد الکولونیالية؛ مدخل نقدي، ترجمه: لحسن احمامة، الجبيل: دار صفحة.
غراتالو، کریستیان. (٢٠١٨). هل يجب التفكير في تاريخ العالم بطريقة أخرى؟ ترجمة: الهادي التیومي، المنامة: هيئة البحرين للثقافة والآثار.
غها، راناجیت. (٢٠١٩). التاریخ عند نهاية التاریخ العالمي، ترجمة: ثائر دیب، المنامة: هيئة البحرين للثقافة والآثار.
فانون، فرانز. (٢٠٠٤). معذبو الارض، ترجمة: سامي الدروبي و جمال الاتاسي، الجزائر – بیروت: منشورات انبیت و دار الفارابي.
فوكو، ميشيل. (٢٠٠٨). حفريات المعرفة، ترجمة: سالم يفوت، الدار البيضاء–بيروت: المركز الثقافي العربي.
میتشل، تیموثي. (٢٠١٣). استعمار مصر، ترجمة: بشير السباعي و احمد حسان، الطبعة الثانية، القاهرة: مدارات للأبحاث والنشر.
والیا، شيلي. (٢٠٠٧). إدوار سعید وکتابة التاریخ، ترجمة: احمد خریس و ناصر ابو الهيجاء، عمان: أزمنة للنشر والتوزیع.
وولف، دانیال. (٢٠٢١). تاریخ موجز للتاریخ؛ تدوین التاریخ کونیا منذ العصور القديمة وحتی الیوم، ترجمة: حیدر عبدالواحد راشد، بغداد: دار الرافدين.
الیعقوبي، خالد؛ طحطح، خالد. (٢٠١٩). التاریخ من أسفل، القاهرة: رؤية للنشر والتوزیع.
یانج، روبرت. (٢٠٠٢). أساطير بيضاء؛ كتابة التاريخ والغرب، ترجمه: احمد محمود، القاهرة: المشروع القومي للترجمة.
ئینگلیزی
Ashcroft, B., Griffiths, G., & Tiffin, H. (2002). The Empire Writes Back: Theory and Practice in Post-Colonial Literatures (2nd ed.). Routledge. https://doi.org/10.4324/9780203426081
Bhabha, H. K. (1994). The Location of Culture. Routledge.
Burke III, E. and Prochaska, D. (2008) Genealogies of Orientalism: History, Theory, Politics. Santa Cruz: University of California, Santa Cruz. Available at:
Çelik, Z. (2018). Reflections on Architectural History Forty Years after Edward Said’s Orientalism, Journal of the Society of Architectural Historians, 77(4), pp. 381–386. Available at: https://online.ucpress.edu/jsah/article-abstract/77/4/381/60311.
Chakrabarty, D. (2000). Provincializing Europe: Postcolonial Thought and Historical Difference. Princeton University Press.
Chatterjee, P. (1986). Nationalist Thought and the Colonial World: A Derivative Discourse.
El-Haj, N.A. (2005). Edward Said and the Political Present’, American Ethnologist, 32(4), pp. 538–555. Available at:
Gallien, C. and Jokic, O. (2015). Eighteenth-Century Orientalism in Contemporary British Historiography and Literary Criticism’, Literature Compass, 12(4), pp. 183–194. Available at:
Green, A., & Troup, K. (2016). The houses of history: A critical reader in history and theory (2nd ed.). Manchester University Press.
Guha, R. (1982). Elementary Aspects of Peasant Insurgency in Colonial India. Oxford: Oxford University Press.
Kennedy, V. (2013). Edward Said: A Critical Introduction. Cambridge: Polity Press.
MacKenzie, J. M. (1994). Edward Said and the historians. Nineteenth Century Contexts, 18(2), 229–235. https://doi.org/10.1080/08905499408583378
Mitchell, T. (1988). Colonising Egypt. Cambridge University Press.
Prakash, G. (1994). Subaltern Studies as Postcolonial Criticism’, The American Historical Review, 99(5), pp. 1475–1490.
Roddan, H. (2016). Orientalism is a Partisan Book’: Applying Edward Said’s Insights to Early Modern Travel Writing’, History Compass, 14(1), pp. 12–21. Available at:
Said, E. (1993). Culture and Imperialism. London: Vintage books.