ژنەفتن ژنەفتن
بابەتی هەڵبژاردە وتار و بۆچوون

نەخۆشیزانیی وۆکیزم

ڕەخنەیەکی فەلسەفی و دەروونشیکاری لە ئایدیۆلۆژیایەکی نوێ

نووسەر پێشڕەو محەمەد
داگرتنی PDF

دەروازە: نەخۆشیزانی و نیشانەکانی

ئایدیۆلۆژیایەک بەنێو جیهانی هزر و سیاسەت و ئەکادیمیادا دێت و دەچێت: ئایدیۆلۆژیای وۆک، یاخود وۆکیزم. لە ڕاستییدا ئێستا جیهانبینیی مرۆڤی نوێ بەگوێرەی ئەم ئایدیۆلۆژیایە دادەڕێژرێت و ئەم ئایدیۆلۆژیایە هەم لەنێو خانەکانی هزری مرۆڤدا دەژیت و هەم لە جەستەیدا، ئەمەش هەم ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و کولتووریی ئەو دیاری دەکات و هەم بڕیارە سیاسییەکانیشی ئاراستە دەکات. بەڵام ئایدیۆلۆژیای وۆک چییە و بۆ هێندە کاریگەرە؟

سەرەتا دەمەوێت بڵێم لەم لێکۆڵینەوە کورتەدا نامەوێت بچمە بنج و بناوانی ئەم دیاردەیە، چونکە لە کتێبێکی سەربەخۆدا، کە ئێستا بەپاڵ پڕۆژەکانی دیکەمەوە، کاری لەسەر دەکەم، بە وردی و بە مێتۆدی ڕەچەڵەکناسانە دەچمە نێو ئەم دیاردەیەوە. ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە، زێدەتر لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و خێرایە و ئایدیاکان بە چڕی خراونەتە ڕوو، نەک بە نموونەی فراوان و شیکاریی دوور و درێژەوە. بەڵام هاوکات خوێنەر بەباشی دەباتە ناو جیهانی ئایدیۆلۆژیای وۆکیزمەوە.

ئێستا با بگەڕێینەوە سەر پرسیارەکە: وۆکیزم چییە؟ وۆکیزم خۆی وەک پێشکەوتووترین فۆرمی وشیاریی ئەخلاقیی ناو مێژووی مرۆڤ پیشان دەدات. بەڵام ئەم نووسینە دەیەوێت پێچەوانەکەی بسەلمێنێت: وۆکیزم پاتۆلۆژیایەکی کۆیی و کۆلێکتیڤە، (نەخۆشییزانییەکی دەستەجەمعییە)، ئەو بناغە و بنچینە دەروونهەژاوییەیە زیگموند فرۆید زۆر زوو نیشانەکانی دیاری کردبوون: دەست بەسەر ئازار و ژان و نادادپەروەریی ڕاستەقینەدا دەگرێت و دەیانباتە نێو هەرێمی مازۆخیزم (خود-ئازارییەوە) کە دواجار هەردووکیان بەئەبەدی دەکات. ئەم دەستنیشانکردنەی نەخۆشی، مێتافۆر و خوازە نییە، دۆخێکی ڕاستەقینەیە. ئەم دروستبوونە، خاڵ بە خاڵ ئەو بونیاد و پێکهاتانە پیشان دەدات کە دەروونشیکاری سەدەیەک پێش ئێستا ئاماژەی پێ کردوون: گوناهی خۆ-ئازاردان، خۆهەڵواسین و شەیدابوون بە مێلانکۆلیا، بیرکردنەوەی جادووگەرییانە، دەرهاوێژی، دڵتەنگی، پاشڤەڕۆچوونی خێڵەکی، و پاڵنەری وێرانکاری کە خۆی لە گوتاری ڕزگاریدا دەڕازێنێتەوە. فرۆید دەنووسێت: «سۆپەرئیگۆ (منی باڵا)، سزای ئیگۆی گوناهبار (منی گوناهکار) بە هەمان هەستەکانی دڵتەنگی و ڕاڕایی دەدات و چاوەڕوانی کۆمەڵێک دەرفەت دەکات لەلایەن جیهانی دەرەکییەوە سزا بدرێت».[1]

یەکێک لە ڕەهەندە بنچینەیییەکانی ئەم ئایدیۆلۆژیایەی وۆکیزم کە خۆی بە گوتاری ڕزگارییخوازی دەڕازێنێتەوە، بریتییە لە جۆرێک بیرکردنەوەی جادووگەری یاخود هەمەتوانایی هزر (Allmacht der Gedanke) وەک فرۆید ناوی دەبات، «ئەم خەڵکە سەرەتایی/گەلە خۆجێیانە خاوەن ڕەهەندێکی زێدەهەڵکشێنراوی دەسەڵاتی ئارەزووەکان و کردەوە دەروونییەکانی خۆیانن، ‘هەمەتوانیی هزر’، باوەڕبوون بە دەسەڵاتی جادووگەرییانەی وشەکان».[2] وۆکیزم بریتییە لە ئایدیۆلۆژیای خێڵەکیی خۆجێیی لە بەرگی پێشکەوتندا بە گوتاری باوەڕهێنان بە هێزی جادووگەریی وشەکان.

تێزەکەی ئەم نووسینەی بەردەستتان دەبێت لە سەرەتاوە بە تەواوی ڕاستەوخۆیەتی و ڕادیکاڵیزمی خۆیەوە بخرێتەڕوو: وۆکیزم بەهێزکردن و بردنەپێشەوە و هەڵکشاندنی دادپەروەری نییە، بەڵکوو قڵپکردنەوەیەتی؛ میراتگری بزووتنەوەکانی بەدەستهێنانی مافە مەدەنییەکان نییە، بەڵکوو بەکاربردن و بەرخۆرییانە، قۆستنەوەیانە؛ دوژمنی ڕاستڕەوی کۆنەپارێز نییە – وەک بانگەشەی دەکات – بەڵکوو ئاوێنەکەیەتی، قوتابییەکەیەتی و ئەفسەرە سەربازگیرەکەیەتی. قووڵترین مەیل و ئاراستەی وۆکیزم بە ئاراستەی ژیان و ڕەهەندی ڕزگاریخوازانەدا نییە، بەڵکوو بە ئاراستەی ڕق و کینە، تێکدان و هەڵتەکاندن و مەرگدا ملی گرتووە – و ئەمەش دەقاودەق ئەو شوێنەیە دەبینین وۆکیزم بە ئاشکرا دەچێتە پاڵ ئایدیۆلۆژیای مەرگدۆستانەی ئیسلامیزمەوە. و وۆکیزم ئایینێکە لە خودی خۆیدا: وەک جۆن مەکوۆرتە باسی دەکات پاریس و نیویۆرک بەسەربەخۆ، سیستەمێکی ئایینیی تەواوەتییان داهێناوە – گوناهی یەکەم، هەڵبژاردە و نەفرەتلێکراو، دادگاییکردنی بیروباوەڕ/بیستن و گوێگرتن بۆ ئاهوناڵەی خوارەوە، دادگا تازەکانی پشکنینی بێباوەڕان و سرووتی تۆبەپێکردنی گشتی – ئەمەش بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆرئاوادا لەناوەوەی خودی زانکۆ و جیهانی فیکر و ڕۆشنبیریدا ڕوو دەدات.[3]

ڕەگوڕیشەکانی ئەم ئایدیۆلۆژیایە، ڕەچەڵەکناسیی ئایدیاکانی بۆ کوێ دەگەڕێنەوە و فۆرمەکانی دەرکەوتنی چین و چۆن بیانناسینەوە؟

١. ڕەچەڵەکناسی

بونیادە کۆنەپارێزییەکانی تیۆریی «پێشکەوتنخوازی»

کۆتێزی وۆک – یاخود ئەو شتەی یاشا مۆنک پێی دەڵێت «کۆتێزی ناسنامە» – وەک بونیادێکی سیاسی-ڕۆشنبیری دەردەکەوێت کە لە پیادەکردن و بەجەماوەرییکردنی پۆستمۆدێرنیزمەوە سەرهەڵدەدات. لەو بیرۆکەیەی میشێل فوکۆوە سەرهەڵدەدات کە دەڵێت حەقیقەت لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات جیا ناکرێتەوە، بۆ نموونە پێی وایە مۆرکگەلی وەک «نەخۆشیی مێشک» و «هۆمۆسێکسوالیتیی» کۆمەڵێک ئامرازی دەسەڵاتن نەک باسکردن و پێناسەکردنی داکەوت و واقیعییەت،[4] هاوشان لەگەڵ ڕوانینەکەی ژاک دێریدا بەوەدا مانا و داکەوت/واقیعییەت لەڕێگەی زمان و پێکهاتە و بونیادە دەقئاساکانەوە دەگوازرێنەوە و نێوەندگیر دەکرێن، «هیچ شتێک لە دەرەوەی دەقەوە بوونی نییە».[5] لەسەر ئەم بنەمایە، چوارچێوەکانی دواتر، لەوانە گۆشەنیگای زانینناسی و ئینتەرسێکشناڵیتی گەشە دەکەن و دەچنە نێو کۆمەڵێک ڕێبازی سیاسییەوە کە ئەزموونی کۆمەڵایەتی لە دەوری زاراوە و چەمک و کاتیگۆرییەکانی سەر بە ناسنامەوە ڕێک دەخەن، واتا ئەو ناسنامە ئازادانەی کە لە هەر چرکەساتێکدا دەکرێت بگۆڕدرێن و تاکەکان ئازادن لە هەڵبژاردنیاندا.

یاشا مۆنک پێی وایە ئەم گەلەستێرەیەی ئایدیاکان لە تیۆریی ئەکادیمییەوە پەڕییەوە نێو کاریگەری و کارتێکردنی بەرفراوانتری دامەزراوەیی و کولتووری، بەتایبەت لە سەروبەندی ٢٠١٠ بەدواوە، شوێنی خۆی لە گوتارێکی پەراوێزیی ئەکادیمییەوە هەڵکشاند بۆ چوارچێوەیەکی باڵادەستی نێو دامەزراوە دەستەبژێرییەکان. هەروەها شوێنپێی کاریگەرییە ڕۆشنبیری و فیکرییەکانی تا سەردەمی گومانگەراییی پۆستمۆدێرنیستی لە حیکایەتە گەورەکان و حەقیقەتی بابەتی هەڵدەگرێتەوە، کە تێیدا زانین تەنها وەک کارکردن و ئەرکداربوونێکی گۆشەنیگا و دەسەڵات مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.[6] لەنێو ئەم چوارچێوە پۆستمۆدێرنیستییەدا، چەمکەکانی وەک ئینتەرسێکشناڵیتی[7] – کە کیمبەرلی کرینشاو پەرەی پێداوە – وەک جەختکردنەوە لەسەر جیانەبوونەوەیی و پێکەوەییی ناسنامە بەناویەکداچووەکان دەبینرێن، لەکاتێکدا تیۆریی گۆشەنیگا (Standpoint Theory) ئەم بابەتە درێژدەکاتەوە بۆ نێو ئەو بانگەوازەی کە هەندێک پێگەی دیاریکراوی کۆمەڵایەتیی ئەو فۆرمانەی زانین بەرهەم دەهێنن، کە مەحاڵە ئەوانیدیکە بتوانن دەستیان پێی بگات. هەڵبەت ئەگەر یاشا مۆنک ڕەگوڕیشەی ئەم ئایدیۆلۆژیایە بەرێتەوە سەر پۆستمۆدێرنیزم، بەتایبەت میشێل فوکۆ، ژاک دێریدا و ژان فرانسوا لیۆتار، ئەوا سوزان نایمان، لە کتێبەکەیدا بەناوی چەپ وۆک نییە، ڕەگوڕیشەکانی دەباتەوە سەر ئۆنتۆلۆژیای دۆست/دوژمنی کارل شمیت و جەنگی سەرتاپاگیری مارتین هایدیگەر بۆ سەر گەردوونگەرایی: خێڵگەرایی دژی مرۆڤایەتی، کردە دژی ئەرگومێنت، خاک-ڕیشەداریی (Bodenständigkeit) دژی عەقڵ، «دژە-مۆدێرنیزم و پیرۆزکردنی بەها و فەزیڵەتە لادێیی/جووتیارییەکان لای هایدیگەر، زۆر باڵادەستر و قووڵ ڕیشەداکوتراوتر بوون لە بیروباوەڕەکانی دیکەی».[8] لە ڕاستییدا لەگەڵ ئەوەی هەوڵی نایمان ڕزگارکردنی چەپە لە داوی وۆکیزم بەوەدا ڕەگوڕیشەکەی دەباتەوە سەر ڕۆشنبیریی نازیزمی ئەڵمانی و پەڕینەوەی بۆ نێو پۆستمۆدێرنیزمی فەڕەنسی، بەڵام بە ڕوانین لە کاریگەریی هایدیگەر لەسەر چەپی پۆستمۆدێرنیزم لە فەڕەنسا، زێدەتر بەناویەکداچوونی گوتاری چەپی کلاسیک و چەپی پۆستمۆدێرنیزممان بۆ دەردەکەوێت.

جیاکارییەکەی نایمان پشت بەوە دەبەستێت کە چەپ بانگەشەی بەردەوامیی گەردوونگەرایی، ماتریالیستی و پابەندبوون بە پێشکەوتن دەکات، وۆکیزم بەپێچەوانەوە تایبەتگەرا و ناوچەگەرایە، هێمایییە و پابەندە بە ئەبەدییەتی چەوساندنەوە. ئەمەش وا دەکات ئایدیۆلۆژیای وۆکیزم بەرێتەوە سەر هزری هایدیگەر، بەتایبەت ئەگەر بزانین هایدیگەر تا قووڵایی دژی گەردوونگەرایی، مۆدێرنیزم، ڕۆشنگەری و بەها لیبراڵییەکان بوو و بە بەهای پێچەوانەی ڕەگوڕیشەداکوتان لە خاکدا یان خاک-ڕیشەداری دەیبینین. فەلسەفەی هایدیگەر تەنانەت دژ و پێچەوانەی گەورەشاریش بوو، بەڵکو ڕەگوڕیشەی لەنێو هەرێمایەتی/ناوچەگەرێتی (Provinzialismus)دا بوو. ئەمەش کاریگەریی لەسەر چەپی پۆستمۆدێرنیستی و جەختکردنەوەی لەسەر ناسنامە بچووکە ناوچەگەرێتییەکان دژی حیکایەتی گەورەی ڕۆشنگەری و گەردوونگەرایی و مۆدێرنیتە هەبوو. بەم پێیە بێت ئەوە چەپ نییە وەها ڕادیکاڵیزە بووە، بەڵکوو دژە-ڕۆشنگەرییە لە بەرگی چەپدا. بەڵام ئەم ڕوانینە تەنها تا سەروبەندی ١٩٤٥ بۆ چەپ بڕ دەکات، واتا ئەو سەردەمەی تێیدا چەپ هێشتا دەکرا وەک بەرگریکاری عەقڵ، ڕۆشنگەری و شارستانێتیی مۆدێرن ببینرێت. دوای ئەو سەردەمە، چەپ زۆرێک لەو شتانە لە خۆیدا جێ دەکاتەوە، کە پێشتر دەیخستنە پاڵ بزووتنەوە و سیاسەتە کۆنەپارێزییەکانەوە و لە دژیان بوو، ئێستا خۆی شوێنی سیاسەتە کۆنەپارێزییە ناوچەگەرێتییە دژە-مۆدێرنیستییەکانی گرتووەتەوە. وۆک لەم ڕووەوە ڕاستی کۆنەپارێز نییە لە بەرگ و ماسکی چەپدا، بەڵکوو شوێنگۆڕکێ و بەناویەکداچوونی چەپ و ڕاستە. لەم ڕووەوە بریتییە لە ئاوێنە هاوتا: وۆکیزم چەپە، ڕاستڕەوی ناسنامەخواز خوێندکاری چەپە و هەر یەکێکیان لە قوتدان و لەناوبردنی ناوەند/سەنتەری لیبراڵدا، بەناویەکدا دەچن و ڕەوایەتی بە یەکتر دەدەن.

٢. ئابووریی دەروونی:

گوناه، میلانکۆلیا و پاڵنەری مەرگ

فرۆید مازۆخیزمی ئەخلاقی – پێداویستیی نەست/نائاگایی بۆ سزادان کە ژان و ئازار وەک بنەمای کەفارەدان/پەشیمانبوونەوە لە تاوان دەبینێت – لە ماتەم جیا دەکردەوە، کە لەڕێگەی لەدەستدان، میلانکۆلیا و ڕەتکردنەوەوە ئیش دەکات، «پێویستبوون بە سزادان (Strafbedürfniss) بریتییە لە دەربڕینێکی پاڵنەری من/ئیگۆ، کە لەژێر کاریگەریی بەرزەمن/سۆپەرئیگۆیەکی سادیستیدا (ئەویدیکەئازاری)، بووەتە مازۆخیستی (خود-ئازاری)؛ واتا وەک بەشێک لە پاڵنەری غەریزەیی بۆ وێرانکاریی ناوەکی کە لەنێو وابەستەییی ئیرۆتیکییانە بە بەرزە-منەوە هەیە و لێرەوە بەگەڕ دەکەوێت»،[9] یاخود «میلانکۆلیا بە جۆرێک لە جۆرەکان بەستراوەتەوە بە بابەتی لەدەستچوو، کە لە وشیاری/هەست سەندراوەتەوە، جیاواز لە ماتەم کە هیچ شتێک تێیدا دەربارەی لەدەستچوون بوونی نییە، نەست/ناوشیاری بێت».[10] گوناهی سەر بە وۆک هەم مازۆخیستیی و هەم میلانکۆلییە لە یەک کاتدا: گوناه لە هەموو کردەیەک جیا کراوەتەوە، لە بنەڕەتدا کراوە بە شتێکی قەرەبوونەکراوە، جیهانێک کەفارەدان و پاکبوونەوە لە گوناه سنوورەکانی ئەودیو مەحاڵیشی بڕیوە. لەم جیهانەدا سپیپێست، خۆرئاوایی، یاخود پیاو – جا زێدەتر پیاوی سپی -، بانگهێشتی نێو هەرێمێک کراوە تێیدا دەست بکات بە جەژن و کەرنەڤاڵی ئەبەدیی خۆ-سەرزەنشتکردن، کە لە هەمان کاتدا بەشاراوەیی جۆرێکیشە لە خۆ-ستایشکردن. واتا منی ڕۆشنبیری وۆکی خۆرئاوایی، داوا لە «پیاوی سپیی خۆرئاوایی» دەکەم ئەبەدییانە سەرزەنشتی خۆی بکات، تا من وەک «پیاو»ی وۆکی خۆرئاوایی، ستایش بکرێم.

پاسکال بروکنەر، فەیلەسووفی هاوچەرخی فەڕەنسی، ساڵانێکی زۆر پێش ئێستا بەم بونیادە دەڵێت: ستەمکاریی گوناه، شێتایەتیی میانەڕەوی، هەنیسک و ئاهوناڵەی پیاوی سپی کە ئازار و ژانی ئەوانیدیکەی دوورەدەست کەرەستەی خاون بۆ درامای ڕزگاریی خۆی. لەنێو ئەم خۆ-تۆمەتبارکردن و خۆ-سەرزەنشتکردن و خۆ-گوناهبارکردنەی خۆرئاوادا بەهۆی مێژووی ڕابردووی خۆیەوە، بە شاراوەیی ئەو هەستەی وەدەرنانە وەستاوە، کە ئەگەر باش بم، هەر من هەم، ئەگەر خراپیش بم، هەر من خراپم، ئەویدیکە لەم چوارچێوەیەدا جێی نابێتەوە. بروکنەر ناو لەم پرۆسەیە دەنێت «نارسیزمی ڕق لەخۆبوونەوە» و دەنووسێت «لە ڕق لەخۆبوونەوەی خۆرئاواییدا، ئەویدیکە هیچ شوێن و پێگەیەکی نییە. ئەمە پەیوەندییەکی نارسیستییانەیە تێیدا ئەفریقی، هیندی یان عەرەب بەشێوەی سەربار لە درامایەکی هەمیشەییدا لەپێناوی جێگیرکردنی نمرەکاندا، ناویان دەهێنرێت و ئاماژەیان پێ دەکرێت».[11] تێزی سەرەکیی ئەم سەرچاوەیە بریتییە لە خۆخەریکبوون و خۆشەیداییی خۆرئاوا بە «بەدناوی»ی ڕابردووی جەنگخوازانە و جینۆسایدکارانەی خۆی، کە لە ڕاستیدا ڕێگەیەکی دژبەرانەی وەستان و مانەوەیە لە چەقی سەرنجڕاکێشانی جیهانیدا – یاخود ئەوەی بروکنەر پێی دەڵێت «باوکڕەفتاریی ویژدانی گوناهبار» و دەنووسێت «خۆ-بچووککردنەوە و سووکایەتیی بەخۆکردن بەڕوونییەکی تەواوەوە بریتییە لە فۆرم و شێوازێکی خۆ-مەزنکردن و خۆ-ستایشکردنی ناڕاستەوخۆ. تەنها ئێمە دەتوانین شەیتان و خراپەکار بین؛ هاوسۆزی، ویستی چاکە و قسەی باش پاڵنەری خەڵکانی دیکەن. ئەمە باوکڕەفتاریی ویژدانی گوناهبارە: بینینی خۆمان وەک پاشایانی بەدناوی هێشتا ڕێگەیەکە بۆ وەستان و مانەوەیە وەک تاجی سەری مێژوو».[12]

لە توێژی ژێرەوەی گوناهدا، پاڵنەری مەرگ ئیش دەکات. لە هیچ بزووتنەوەیەک مەپرسە چی دەڵێت، بەڵکوو چی بونیاد دەنێت: گشت کەلوپەلی وۆک بریتییە لە پەیکەری داڕمێنراو، سەردێڕ و وانەنامەی پاڵاوتەکراو، مرۆڤی کانسڵکراو، پێوەر و بەهای هەڵگیراو و لابراو – لەناوبردن بەبێ بونیادنان، کولتووری ڕەتکردنەوە، پاڵنەری وێرانکاریی لە فۆرم و بەرگێکی گۆڕاوی بەرتەسکی پاڵنەری سێکسیدا (لیبیدۆ). ئەمە ئەو جیهانەی کولتووری ڕەتکردنەوەی هەموو شتێکە کە ڕۆجەر سکروتن پێی دەڵێت «ڕێپێوان بۆ نێو چەقی بۆشایی» یاخود «ڕۆحی ڕەتکردنەوەیی»، و دەنووسێت: «وشەکانی مەفیستۆفیلیسی گۆتەم بیر دەکەونەوە کاتێک دەیەوێت خۆی ڕوون بکاتەوە: من ئەو ڕۆحەم هەمیشە نکووڵیی دەکات و ‘نا’ دەڵێت، ئەو ڕۆحەی هەموو شتێک بۆ هیچ کورت دەکاتەوە و دادەبەزێنێت و ئەو کەسەی لەم ڕێگەیەوە بەرهەمی ئافراندنی ئەوانیدیکە پووچەڵ و پێچەوانە دەکاتەوە».[13] لێرەوەیە نارسیزمی جیاوازییە بچووکترەکان سەرهەڵدەدات: ئەو بزووتنەوەیەی لە دەوری هێرشبردن خۆی ڕێکخستووە، لە کۆتاییدا کاتێک دوژمنەکانی کەم ببنەوە و ئاوا ببن، ڕووی لوولەی تفەنگەکەی لە هاوپەیمانەکانی خۆی دەکات و ئەوەی شۆڕش سەری منداڵەکانی خۆی دەخوات، چیتر ڕووداوێک نییە، بەڵکوو بەشێکە لە سروشتی خۆی، لە مێتابۆلیزم و ئەندامی زیندووی خۆی.

نیچە لە کتێبی ڕەچەڵەکناسیی ئەخلاقدا پێشتر سەرەداوێکمان بۆ بنچینەکانی سەرهەڵدانی ئەم فۆرمەی ئەخلاق دەخاتە بەردەست. ڕق و کینە – ڕق و کینەی داهێنەرانەی ئەوانەی ناتوانن جووڵەیەک بکەن، لەڕێگەی بەهاپێدانەوەیەکی خەیاڵییەوە، تۆڵەی بێجووڵەییی خۆیان لەوانە دەکەنەوە کە دەجووڵێن – مێزی بەهاکان بە هەموو شتەکانی سەرییەوە قڵپ دەکاتەوە: بەهێزی دەبێتە گوناهباری، لاوازیی دەبێتە چاکە و فەزیڵەت، ئازار و ژان دەبێتە نازناوی خانەدانێتی، و ئەو چینە ڕۆحانییەی ئەم هەڵگەڕانەوەیە بەڕێوە دەبات، لەڕێگەی ویژدانی گوناهبارەوە، حوکمی بەهێزەکان دەکات. نیچە باس لە ستراتیژەکانی لاوازەکان دەکات کاتێک بێتواناییان لە جووڵەکردن وەک بژاردەیەک و وەک دەستکەوتێکی ئەخلاقی، سەرلەنوێ ڕاڤە دەکەنەوە: «زۆرینەی هەرە زۆری کورتخایەنەکان، لاوازەکان و چەوساوەکان بە هەموو شێوازەکانییەوە، پەنا دەبەنە بەر درۆ لەگەڵ خۆکردنێکی باڵای ڕاڤەکردنی لاوازی وەک سەربەستی، و بوونیان بەو جۆرەی هەیە، وەک دەستکەوت و فەزیلەت پێناسە دەکەنەوە».[14] لەگەڵ ئەوەی دەستنیشانکردنەکەی نیچە بۆ پێناسەکردنەوە و ڕاڤەکردنەوە و هەڵگەڕاندنەوەی بەهاکان لەلایەن لاوازەکانەوە و بینینی لاوازی، قوربانییبوون و ژان وەک فەزیڵەت، سەرەداوی زۆر گرنگن بۆ تێگەیشتن لە گوتاری بەئەخلاقیکراوی وۆکیزم، خودی فەلسەفەکەی دەبێتە بڕبڕەی پشتی پۆستمۆدێرنیزم وەک مامانی وۆکیزم، بەتایبەت بەوەدا دەڵێت «دژی پۆزەتیڤیزم، کە دەیەوێت بەپاڵ دیاردەکانەوە بووەستێت و دەڵێت: ‘تەنها ڕاستییەکان هەن’، من دەمەوێت بڵێم: نەخێر، تەنها ڕاستییەکان بوونیان نییە، بەڵکوو تەنها ڕاڤەکان هەن».[15]

وۆکیزم بریتییە لە ئەخلاقیاتی کۆیلە لە فۆرمە کۆتایی و تەواو سیکۆلاریزەبووەکەی خۆیدا: بەهاپێدانەوەیەکە بە بەهاکان، کە تێیدا هەستی قوربانییبوون بریتییە لە خانەدانێتی، دەستکەوت گوماناوییە، و قەشە و پیاوی ڕۆحانی دەبێتە سەرباز و ئەفسەری فرەیی و جۆرایەتی. ئەوەی نیچە نەیدەتوانی لەپێشەوە بیبینێت ئەوەیە کە ئەم هەڵگەڕانەوە و قڵپکردنەوەیە ڕۆژێک نەک لەلایەن کڵێساوە، بەڵکوو لەلایەن بەشەکانی سەر بە زانستی مرۆیییەوە ڕوو بدات: ڕق وەک دەسەڵاتی بەڕێوەبردن، ڕێک ئەم ڕەوتەیە سەریهەڵداوە. ئەو مرۆڤە سادەیەیە، کە دەیەوێت هەموو شتێک سادە بکاتەوە، ئەو مرۆڤەیە چیتر نایەوێت ڕیسک بکات، هیچ مەترسییەک بۆ سەر خۆی دروست ناکات و مەترسیدار نییە. «مرۆڤی باش لە ناوەوەی شێواز و ڕێچکەی بیرکردنەوەی کۆیلەدا، بەدڵنیایییەوە دەبێت مرۆڤی نامەترسیدار بێت: خاوەن سروشتی باشەیە، ئاسانە بۆ لەخشتەبردن و ڕەنگە کەمێکیش دەبەنگ بێت».[16]

٣. ئێپستمۆلۆژیای بیرکردنەوەی جادووگەری

گۆشەنیگای ئێپستمۆلۆژی پرسیاری «کێ وا دەڵێت» دەکاتە شوێنگرەوەی پرسیاری «ئەمە ڕاستە؟» – و لەم ڕێگەیەوە پەنا بۆ کەس دەبات، کە بۆ دوو هەزار ساڵ وەک هەڵەیەکی لۆژیکی دانرابوو بکرێتە بەشێک لە پرسی مێتۆد. ئەزموونی زیندووی مرۆڤ دەبێتە وەحییەکی پیرۆز، ئەوانەی توانای بیرکردنەوەیان پیشان دەدەن، بەڵام بە هەمان ڕێگەی ئەزموونی زیندووی ئەوانیدیکەدا تێنەپەڕیون، لەڕووی ئێپستمۆلۆژییەوە بە کوێر لەقەڵەم دەدرێن کە لە ڕۆحی ژیانی زیندوو و ژانی ئەوانیدیکە تێناگەن و لەم ڕووەوە بێدەنگ دەکرێن. ئەمە ئەو هەمەتووانییەی هزرە فرۆید لە کتێبی تەوتەم و تابودا دەیداتە پاڵ قۆناغی زیندووێتی: پاشەکشەکردن لە زانستەوە بەرەو جادوو، تێیدا چاوەڕوانیی ئەوە لە واقیع دەکرێت ملکەچی وشیاری/ئاگایی/هەستی درووست و ڕاست ببێت.[17]

پاڵنەری پەروەردەزانیی ئەم ئێپستمۆلۆژیایە، ئەگەر کلینیکییانە بدوێین، بریتییە لە بەرهەمهێنانی نەخۆشی. گرێگ لوکیانۆف و جۆناسان هایت باس لە سێ ناحەقیقەتی مەزن دەکەن: شلۆقی، بەڵگەهێنانەوەی هەستەوەریی و ئێمە دژ بە ئەوان، وەک جۆرێک چارەسەری زانینڕەفتاری (cognitive behavioral therapy) دەجووڵێنەوە، بەڵام بە شێوەی پێچەوانە: لە زانکۆکاندا خوێندکاران فێر دەکرێن کاردانەوەیان بەرانبەر وشەکان، کتێبەکان و وانەبێژان/قسەکەران هەبێت، و لەمەشدا ترس و تووڕەییتان تێدا دەچێنن و ئەم کارەش بە زێدەڕۆییکردن لەسەر کاریگەریی مەترسی دەکەن و پشت بە وەڵامە ڕاستەوخۆ هەستەوەرییەکان دەبەستن، نەک بەڵگەهێنانەوەی عەقڵانی و پەرە بە جۆرێک بیرکردنەوەی دووانەدژ (dichotomous thinking) دەدەن کە جیهان بۆ نێو دوو کەمپی نەیار دابەش دەکات. بەم جۆرە، خوێندکاران داوای پارێزبەندی لەبەرانبەر لێدوان، قسەکردنی پێچەوانە، دەکەن،[18] بەڵام لە ڕاستیدا بەدوای پارێزبەندیی ئەخلاقیدا دەگەڕێن، کاتێک دەیانەوێت بیرۆکەیەک کانسڵ بکەنەوە، بیرۆکە یان خاوەن بیرۆکەی کانسڵکراو، ڕەتکراوە، توانای بەرگریکردن لە خۆی نەمێنێت. ئەم عەقڵییەتەی دابەشکردنی جیهان بۆ نێو دووانەدژ، ڕەش/سپی، باش/خراپ، ٩٩% دژی ١%، فاشیست/دژەفاشیست، پیاو (خراپ)/ژن (باش)، کۆچبەر (قوربانی)/پیاوی سپی (تاوانبار) و هتد ناتەندروستیی زەینی لەنێو ئەم نەوەیە و نەوەی داهاتوودا دەچێنێت و ڕەوشی مرۆیی بە کارەسات دەکات.

ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کولتوورێک تێیدا «ئاسایش/ئارامی» کە بە مانای پارێزبەندی لە بەرانبەر هەستە نائارامکەرەکان دێت، بەشێوەیەکی کاریگەر و بەرفراوان هانی خەڵک دەدات خۆیان لە هەمان ئەو ئاڵنگارییە باوانەی ڕۆژانەی ژیانی کۆمەڵایەتی لا بدەن و لێی ڕابکەن، ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووبوونەوەیان و هەوڵی چارەسەرکردنیان ئێجگار گرنگن بۆ توانای مانەوە و خۆڕاگریی سایکۆلۆژی لە جیهانێکی ئاڵۆزدا. دەرەنجامی ئەم پرۆسەیەش بەهێزبوونەوەیەکی سیستەماتیکییانەی ئەو خوو و نەریتە زەینییانەن کە پەیوەندییان بە دڕدۆنگی و خەمۆکییەوە هەیە. زمانی ئەم جیهانەش بریتییە لەوەی بە وەرگرتن لە جۆرج ئۆروێل دەتوانین ناوی بنێین زمانی نوێ یاخود گوتاری نوێ (Newspeak): زاراوەیەک ئامانجەکەی باسکردن/وەسفکردن نییە، بەڵکوو پیادەکردنی دەسەڵاتە، هەڵە ناچارییەکانی – وشەکان توندوتیژیین، پیاوان دووگیانن – وەک کۆمەڵێک سوێندی وەفاداری ئیش دەکەن، ڕێک بەوەدا جەنگ دژی دەرککردن بەرپا دەکەن. جۆرج ئۆروێل لەمە تێگەیشتبوو: خواستی پێداگریکردن و پشتڕاستکردنەوەی پووچی، بریتییە لە تەکنیکی جەوهەریی کۆنتڕۆڵکردنی هزر و بیرکردنەوە.[19]

٤. ڕووخساری قوربانی وەک پاڵەوان

برادلی کامپبێل و جەیسن مانینگ لە کتێبەکەیاندا بە ناوی سەرهەڵدانی کولتووری قوربانی – پێگە و ستاتو لەڕێگەی ئازار و ژانەوە، یەکلاکردنەوەی ناکۆکی لەڕێگەی پەنابردن بۆ هێزی لاوازییەوە، لاوازی وەک هێز و فەزیلەت – باس لەوە دەکەن کە ئەم کولتوورە کتومت لەو شوێنانەدا گەشە دەکات تێیاندا گلەیی و گازندە و بۆڵەبۆڵ ڕەوایەتیی ئەخلاقی وەردەگرن: ئەم شوێنانە پارێزراوترین، و بەڕێوەبراوترین ژینگەی ناو مێژوون. گلەیی و گازندە لەگەڵ چاودێری و پارێزبەندیدا گەشە دەکات، نەک لەگەڵ چەوساندنەوەدا.[20] لەم ڕووەوە دەکرێت کولتووری قوربانیبوون وەک نەزم و ڕێکخستنێکی ئەخلاقی پێناسە بکرێت تێیدا پێگەی کۆمەڵایەتی بەشێوەیەکی سەرەکی لە ئازار و ژان، توانای زیانپێگەیشتن و زیانی خەیاڵییەوە سەرچاوە دەگرێت – ئەو زیانە خەیاڵییەی کە ئەویدیکە لەبەر پێگەکەم وەک کەسێکی پەراوێزی، دەتوانێت ڕۆژێک لە ڕۆژان زیانم پێبگەیەنێت – نەک لە دەستکەوت، فەزیڵەت و کردە و جووڵە و هەوڵدانەوە سەرچاوە بگرێت. پێگەی قوربانیبوون ئاسانترین ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی هێمایی. جووڵە و هەوڵدان و کردە دەکرێت مرۆڤی جاڕس و وەڕەسکەر بەرهەم بهێنن، کە نازانێت بگریت، مادام نازانێت بگریت، ناشزانێت دڵخۆش بێت.

لەم چوارچێوەیەی ئایدیالیزەکردنی گوتاری قوربانیدا، قوربانی وەک فۆرمێکی سەرمایەی ئەخلاقی دەجووڵێتەوە: بە دانپیانان و دەسەڵات دەگات، بەڵام تەنها تا ئەو شوێنەی بتوانێت و لە توانایدا بێت ئازار و ژان بەرچاو بخات، بەهای پێ بدات و لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕەوایەتی بۆ وەربگرێت. وەک کامپبێل و مانینگ باسی دەکەن، ئەمە وەڵامێک نییە بەرانبەر بە چەوساندنەوەی ڕوولەسەر و هەڵکشاو، بەڵکوو کولتوورێکە تێیدا «قوربانی پێگەیەکی ئەخلاقیی زۆر گەورەتری هەیە، گەورەتر لە هەر شوێنێکی دیکە»،[21] ئەمەش دەیکاتە سەرچاوەیەکی کۆمەڵایەتی کە ستراتیژییانە دەکرێت هەمیشە بهێنرێتە پێشەوە و بەگەڕ بخرێت. هەر لەبەر ئەمە جێی سەرسوڕمان نییە تاکەکان لەنێو ژینگەیەکی وەهادا هان بدرێن خۆبەخشانە بانگەشەی قوربانیبوون بکەن، چونکە پێگەی قوربانی دەستکەوت و سوودی هەیە و بە ئاسانی ڕێگەت بۆ نێو جیهانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئەکادیمی و ئابووری بۆ دەکاتەوە. دیسان تووشی سەرسوڕمان نابین ئەگەر ببیستین ئەڵمانییەک بۆ ئەوەی لە زانکۆی هارڤارد وەربگیرێت، لە نامەی پێشکەشکارییەکەیدا ڕەگوڕیشەی خۆی بەرێتەوە سەر ئەفریقای باشوور، یاخود زۆهران مەمدانی پێگەی موسڵمانبوون بەکار بهێنێت، بۆ بوون بە سەرۆکی شارەوانیی نیویۆرک، یاخود ژنێک بەبێ هیچ چۆنایەتی و کوالیتییەک، کاتێک لەمێژە ژنبوون پێگەی قوربانی وەرگرتووە، لەپێش هەموو ئەو پیاوانەوە وەربگیرێت کە لە ئەو زۆر زیاتر خاوەن چۆنایەتی و پسپۆڕی و بڕوانامەن.

لێرەوە قوربانی وێنەی پاڵەوان وەردەگرێت و دەبێتە پاڵەوانی ڕۆژگاری نوێ. پاسکال بروکنەر، لە کتێبەکەیدا بە ناوی ئازار دەچێژم کەواتە هەم: ڕووخساری قوربانی وەک پاڵەوان ئەم نەخۆشیزانییە بۆ نێو بوارێکی فراوانتری کولتووری و فەلسەفی درێژ دەکاتەوە. دەڵێت کۆمەڵگە مۆدێرنەکان لە مۆدێلە پاڵەوانخوازییەکانی ناسنامە -ی وەک ئازایەتی، داهێنان، ئامادەیی بۆ قوربانیدانی ڕاستەقینە – گۆڕیوە بۆ ئەو شتەی دەکرێت پێی بڵێین لۆژیکی قوربانیی-تەوەر، کە تێیدا ناسنامە لە پرۆسەی برینداربووندا درووست دەبێت. بروکنەر دەڵێت ئازار و ژان دەبێتە جۆرێک سەرمایەی ئەخلاقی و هێمایی، دەبێتە پاسپۆرتێک بۆ گەیشتن بە دانپیانان، «جاران قوربانیبوون بریتی بوو لە لەدەستچوونێکی هاوبەشی بوونی مرۆیی، ئێستا پاسپۆرتێکە، بە پیشاندانی دەتوانیت ئەوانیدیکە سەرسام بکەیت و بیانهێنیتە ژێر کاریگەریی خۆتەوە»،[22] ئەو پاسپۆرتەیە تاکەکان لەڕێگەی گێڕانەوە و حیکایەتەکانی ئەگەری زیانپێگەیشتنەوە، نەک هەوڵی جووڵە و کردەوە، هەمیشە دەریدەهێنن و پیشانی دەدەن. ئەمەش ئەو داینامیکە بەردەوامە بەرهەم دەهێنێت، کە بروکنەر پێی دەڵێت «ئازار دەچێژم، کەواتە هەم» – هاوکات ناوونیشانی کتێبەکەشە بە فەڕەنسی، کە لە وەرگێڕانی ئەڵمانیدا بووە بە: کۆمەڵگەی قوربانینشینان – و لێرەوە ئازار و ژان دەبێتە بنەما و بنچینەی بوون و ڕەوایەتی.

زمانی قوربانی دەبێتە زمانی پاڕانەوە و گلەیی و گازندە و بۆڵەبۆڵ و ئەمەش هێزی پێدەبەخشێت. بروکنەر دەنووسێت، «زمانی براوە بریتییە لە گوتنی ئەوەی: من لەسەر حەقم، چونکە بەهێزترینم. زمانی قوربانی بەپێچەوانەوە، دەڵێت: لاوازییەکەم چەک و مافی منە».[23] وەک ئەنجامێکیش، قوربانی فۆرم و شێوەی دیکۆری، زەغرەفەیی، نمایشی و هاوکات هەڵاوسانیش وەردەگرێت: مادام پێگەی قوربانی بەندە لەسەر داننان بە ژان و ئازار، کەواتە دەبێت بە بەردەوامی دەرببڕدرێت، فراوان بکرێت و لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە دانی پێدابنرێت و ئەمەش بەرەو ئابوورییەکی کێبڕکێخوازانەی گلەیی و گازندە و کڕوزانەوەی ئەبەدی دەڕوات تێیدا زیانپێگەیشتنی خەیاڵی مەترسیی ئەوەی لەسەر دەبێت هەڵبکشێت و گۆشت و خوێن وەربگرێت. ئازار و ژان دەبێتە خراپە و شەیتانێک، شوێنێک بۆ بەکرێگرتن بە بڕە پارەیەکی کەم یاخود بەبێ پارەش دەتوانیت بەکرێی بگریت و سەرمایەگوازری لەسەر بکەیت. ئەم پرۆسەیە هێندە بەردەوام دەبێت تا کێبڕکێ لەسەر پێگەی قوربانی، دەچێتە نێو قۆناغی حاڵلێهاتن و شاگەشکەیی یاخود ئەو شتەی بروکنەر پێی دەڵێت: «کەرنەڤاڵی پاریاکان» (کەرنەڤاڵی دەرکراوە کۆمەڵایەتییەکان)، «قوربانیگەرایی بریتییە لە شەڕانگێزی: چەندە زیاتر خۆت بکەیتە جێگەی بەزەیی، هێندە زیاتر باوەڕ بەوە دەهێنیت مافی ئەوەت هەیە سزای هەموو ئەوانە بدەیت کە وەک نەیار دەیانبینیت».[24]

کەواتە ئەو بزووتنەوەیەی، ئەو پێگەیەی دەسەڵاتە ئەخلاقییەکەی، پیشەکەی، پارە و بودجەکەی لەسەر گوتاری دژی چەوساندنەوە و ئایدیۆلۆژیای قوربانی دامەزراوە، بەرژەوەندیی بنچینەیی لەوەدایە ئەم دۆخی قوربانیبوون و چەوساندنەوەیە بەئەبەدی و هەمیشەیی بکات – هەر لەبەر ئەوەیە ئەم گوتارە ڕێک زیان بەو کەس و گرووپانە دەگەیەنێت کە بانگەشەی ئەوە دەکات خزمەتیان پێ دەکات، بە گرووپە کەمینەکان دەڵێت دەستکەوت و دەستپێگەیشتن لەو ژینگەیەی «پیاوی سپی» دروستی کردووە، ڕەوایەتیدانە بە دەسەڵاتی «پیاوی سپی»، و قبوڵکردنی پێوەرە چەسپاوە ئەکادیمییەکان لە زانکۆکانی سەنتەرە میترۆپۆلەکاندا، بەئەبەدیکردنی سیستەمی سەرمایەداری و پەیوەندییەکانی سەرمایەیە کە دواجار لە خزمەتی «پیاوی سپی»دان. ئەم گوتارە بە ڕاستەوخۆ بە ئەندامانی گرووپە کەمینەکان دەڵێت مرۆڤ بۆ گەیشتن بە زانین و دەستکەوت پێویستی بە جووڵە و هەوڵدان و کۆشش نییە، بەتایبەت لە مەیدانێکدا تێیدا «پیاوی سپی» درووستی کردووە، چونکە خۆی مەیدانی جەنگی خۆی باشتر دەزانێت، بەڵکوو پێویستی بە تۆڵەیە، نەک زانین، تۆڵەکردنەوەش ئەمڕۆ لە ژینگەی خۆرئاوایی دوای جەنگی جیهانیی دووەم، کە تێیدا ئێستا «پیاوی سپی» گوناهی هەموو تاوانەکانی لەسەر شانە، ئاسانترین ڕێگەیە و باشترین ڕێگەش بۆ ئەمە، ڕۆنانی وێنەی قوربانییە وەک پاڵەوان.

٥. لۆژیکی سەرەڕۆیانەی ڕزگاری

 هێربێرت مارکوزە لە وتارێکی ساڵی ١٩٦٥ی خۆیدا بە ناوی لێبوردەییی چەپێنەر/سەرکوتکار کە دەتوانین بڵێین بزووتنەوەکە مۆڵەتی خۆی لێوەرگرت، پەرە بەو تێزە دەدات کە نالێبوردەیی لەژێر ناوی گرووپی پەراوێزخراودا، بە مانای سانسۆرکردن نایەت، بەڵکوو بریتییە لە ڕزگاری. ئامانجی شۆڕشی مارکوزەیی بریتی نەبوو لە یەکسانی، بەڵکوو لە بەراوەژووکردنەوەی دەسەڵات. ساڵی ١٩٦٥ ئەم ڕوانینە دەخاتە ڕوو: «دەبێت تا ئێستا تەواو ڕوون و ئاشکرا بووبێت کە خەڵک تەنها دەتوانن ئەو کاتە بە مافە مەدەنییەکان بگەن ئەگەر ئەوانەی نکووڵی لە هەبوونی ئەم مافانە بۆ ئەوان دەکەن، چیتر دەسەڵاتیان نەمێنێت ئەم کارە بکەن و ڕزگاری و ئازادیی چەوساوان پێویستی بە وەستانەوە دژی نەک تەنها سەروەرە کۆنەکان، بەڵکوو سەروەرە تازەکانیشیان هەیە».[25] دەرەنجامەکەش بریتی بوو لە پشکنینی هەموو شتێک لەسەر فۆرمی پشکنینی بیروباوەڕی سەدەکانی ناوەڕاست: سەرزەنشتکردنی گشتیی لادینی (چەپی نوێ وەک ئایین و دەرچوون لەم ئایینە، بێ دینی بوو)، نکووڵیکردن و مامەڵەکردن لەگەڵیدا وەک بەڵگە، دانپیانان بەبێ لێخۆشبوون. ئەمڕۆ ئەم دۆخە بە شوێنێک گەیشتووە، کۆمەڵ و پۆل و پۆڕێکی خواپەرستانی نوێی لێ بەرهەم هاتووە کە ئولف پۆشارت پێی دەڵێت پاتاڵ-بۆرژوازی (Shitbürgertum)، بۆرژوازییەکی خووساو، لەلایەن دەوڵەتەوە پارێزگاریلێکراو کە خەریکی کڕینی جیاوازیی ئەخلاقی و بیروباوەڕەکانە، نەک کردەی بەرهەمهێنان – و دابینکردنی سەرمایەش لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەی خەریکی شوشتنەوەی ڕووی وۆکن: پەرەدان بە گوتاری دادپەروەریی هێمایی هیچ تێچوویەکی ئابووری نییە، بەڵام سەرقاڵبوون بە ئابووریی ڕاستەقینەوە تێچووی زۆرە.[26]

زمانی ئەم لۆژیکە تازەیەی ڕزگاری، زمانی ئایینە بە فۆرمێکی هەڵگەڕاوە: شارستانێتیی ژیان (زۆرینە) دژی شارستانێتیی مەرگ (کەمینە). یان دەژین و دژی هێزەکانی تاریکی دەجەنگین، یان هێزەکانی تاریکی گەردوون و هەسارەکە لەناو دەبەن.

٦. قۆچی قوربانی: پیاوی پیری سپی

هەموو ڕێوڕەسمێکی ئایینی پێویستی بە قوربانی هەیە و ڕێوڕەسمی ئایینیی وۆکیش باشترین قوربانی خۆی دۆزیوەتەوە: پیاوی پیری سپی، و وای لێ کردووە وەڵامی هەموو شتێک بداتەوە و بەرانبەر هەموویان بەرپرس بێت: کۆڵۆنیالیزم، ڕاسیزم، سێکسیزم، هەژاریی باشووری جیهان و گەرمبوونی گۆی زەوی.[27] بۆ نموونە لەم لۆژیکەدا تاڵیبان، حەماس، داعش، خومەینی، ئەبوبەکر بەغدادی، ئوسامە بن لادن، ئەردۆغان، ئەحمەد شەرعە، دژە-ژنی لە ڕووسیا، ئیمپریالیزم و کۆڵۆنیالیزمی ڕووسی، چینی، فراوانخوازیی تورکی، جەنگی تیۆکراتیی ئێرانی، هیچیان بەرپرسیارێتی، بگرە بچووکترین گوناه و بەرپرسیارێتییان بەرناکەوێت و هەڵگری ئەم خەسڵەتانەش نین، چونکە سەرجەمی گوناه و تاوانە مرۆیییەکان، دروستکراوی «پیاوی پیری سپی»ن.

پیاوی پیری سپی هەموو پێوەرەکانی بەسەردا جێبەجێ دەبن: تەمەن، ڕەنگ و ڕەگەز؛ هەر خودی کاتیگۆرییەکەی دەیکاتە گوناهبار نەک کردەوەکانی. دەکرێت بەم هێرشەی قوربانی بگوترێت «ڕاسیزم بەبێ کەسانی ڕاسیست»، تۆمەتبارکردنێک هیچ پرۆسەیەکی دادگایی ناتوانێت لێخۆشبوون بۆ تۆمەتبارکراو دەربکات، تۆمەتبارکردن پێویستی بە پرۆسەی یاساییش نامێنێت، بەڵکوو تەنها ئەوەی پێویستت دەبێت ڕێوڕەسمێکی بەکۆمەڵی بەجۆش و خرۆشی هەڵواسینی گوناهە بە «پیاوی پیری سپی»یەوە.[28] پیاوە پیرە سپییە ڕاستەقینەکان، ئەوانەی لە ژیانی واقیعییدا هەن – خانەنشینان، کرێکارانی شوێنگۆڕکێ پێکراو، ئەوانەی بەهۆی خەمۆکی و بێهیواییەوە لەسەرەمەرگدان – خاوەن هیچ دەسەڵاتێک نین، خودی ڕەنگ و ڕەگەز و تەمەنیان دەیانکات بە دەسەڵاتدار، پاشان لە جەوهەردا تاوانبار و گوناهبار. کۆمەڵگەی مۆدێرنی خۆرئاوایی ئێستا وای لێهاتووە تەنها ڕێگە بە هەندێک پێشبڕیار دەدات ئەخلاقییانە قبووڵکراو بن: تۆمەتبارکردن و ئیدانەکردنی «پیاوی پیری سپی» و ڕەتکردنەوەی سەرتاپاگیری شارستانێتیی خۆرئاوایی. بەڵام قسەکردن لەسەر گرووپە کۆمەڵایەتی، ئەتنیکی و ئایینییەکانی دیکە دەبنە تابوو. تۆ دەتوانیت ڕۆژانە جوێن بە «پیاوی سپی» بدەیت، کەس دەنگ ناکات، بەڵام بەبێ ناوهێنانی کەسێکی دیاریکراو بڵێیت ژنان تەمەڵن و پاسپۆرتی قوربانی بەکار دەهێنن، بڵێیت موسڵمانان خراپ دامودەزگاکان دەقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندیی دەرەکی، بڵێیت فڵان گرووپی ئەتنیکی ڕێز لە بەها کولتوورییە باڵادەستەکان ناگرێت، دەکرێت ئەمە وەک بریندارکردنی هەستی کەمینەکان و قوربانییان ببینرێت و قسەکەر ڕووبەڕووی دادگا بکاتەوە. سزا بدرێت، زیندانی بکرێت، داوای قەرەبووی ماددی لێ بکرێت، بۆ کێ؟ بۆ کام ئەندامی ئەم گرووپانە، هێشتا دیار نییە. لەناکاو دەکرێت ڕێکخراوێکی ژنان، موسڵمانان، کەمینەکان، گرووپە ئەتنیکییەکان زەق ببنەوە و خۆیان بکەنە خاوەنی ئەو بڕە پارەیە بۆ قەرەبوو. ڕۆحی وۆکیزم لێرەدا بەڕوونی خۆی ئاشکرا دەکات.

٧. نەخۆشیزانییەکانی فیمینیزمی هاوچەرخ

پێویستە دوو فۆرمی فیمینیزم لە یەک جیا بکرێنەوە: ١) فیمینیزمی مافە یەکسانەکان، وەک منداڵی ڕۆشنگەری، «لە ماری وۆلستۆنکرافتەوە بۆ هەڵمەتی مافی دەنگدانی ژنان، بانگەشە و خواسەکانی شەپۆلی یەکەمی فیمینیزم بە خواست بۆ مافە یەکسانە یاسایییەکان پێناسە دەکرا، نەک مافە جیاوازەکان، بەڵکوو مافە یەکسانەکان. مافی دەنگدان، بەدڵنیایییەوە. بەڵام هەروەها مافی داخوازی بۆ جیابوونەوە، مافی هەبوونی یەکسانی بەخێوکردنی منداڵان و میراتبردنی یەکسانی خاوەندارێتی. خەبات بۆ ئەم مافانە دوور و درێژ بوو، بەڵام بەدەستهاتن»،[29] و ٢) فیمینیزمی گلەیی و گازندە کە هەر یەکێک لەم زاراوانەی سەرەوە قڵپ دەکاتەوە: ژن وەک گۆشەنیگا، ڕەگەزەکان وەک کاتیگۆریی دۆست/دوژمنی شمیت (باوکسالاری)، و خواستەکانی لە بنەڕەتدا ناکرێت بەدی بهێنرێن و تێر ببن، ڕێک لەبەر ئەمەیە گوتاری قەیران بەفراوانی گرژتر دەبێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا هەلومەرجی ڕاستەقینەی ژنانی خۆرئاوایی – کە پارێزراوترین گرووپی ژنانن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هەم بەردەوام باشتر دەبێت و هەمیش لەگەڵ هەر باشتربوونێکدا، گوتارەکەی ناڕوونتر دەبێت. لێرەوە چەمکی «باوکسالاری» (Patriarchy) دەکرێتە دوژمنێکی سەرتاپاگیر هەموو شتی تێدا جێ دەکرێتەوە، ئێرنستۆ لاکلاو و شانتال موفە ئەم دیدگایە ڕادیکاڵتر دەکەن: ئەم کۆمەڵگەیە لە ڕاستییدا سەرمایەدارییە، بەڵام سەرمایەدارییبوون تاقانە خەسڵەت و سروشتی ئەم کۆمەڵگەیە نییە؛ هەم سێکسیستییە و هەم باوکسالاری، با جارێ باسی ڕاسیستی نەکەین.[30]

تیۆری و تێگەیشتنی ئەم ڕەوتە بۆ دەسەڵات پشت بە جۆرێک چەپاندن دەبەستێت کە وارن فارێل – سێ جار یەک لەدوای یەک وەک بۆردی ڕێکخراوی نیشتمانیی ژنانی نیویۆرک هەڵبژێردراوە – دەستنیشانی دەکات: ئایدیای «بێکەڵبوونی نێر»، «ئەو برینەی هەموو پیاوان یەکدەخات بریتییە لە برینی بێکەڵکبوونیان. بێکەڵکبوونیان وەک سەربازان، وەک کرێکاران، وەک باوکان. برینی باوەڕهێنان بەوەی ئەگەر بکوژن و بمرن، خۆشویستراوتر دەبن، چونکە ئەگەر بکوژن و بمرن ئەوانیدیکە دەکرێت بپارێزرێن و بمێننەوە».[31] لەژێر سەقفی شووشەییدا ژێرزەمینی شووشەیی هەیە: پیشە مردووەکان، شوێنی کارکردن و جەنگە مردووەکان، خۆکوژی، سێ بۆ چوار جار زیاترن بەراورد بە ژنان، کەوتن و ئاوابوونی پەروەردە و ڕاهێنانی جەستەیی، ئەو ڕەگەزەی ڕووەو مردنە و کەمتر بەرچاوە، لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەدا ناگونجێت وەک سەرکوتکارێکی خاوەن ئیمتیاز وێنا بکرێت. لەم چوارچێوەیەدا، زاراوەی «باوکسالاری» بەگشتی وەک کۆدێک دەجووڵێتەوە کە ئەم ناهاوسەنگییە دەشارێتەوە یان تەواو سادەی دەکاتەوە.[32] لەو میانەیەدا پیاوبێزی (Misandry) بریتییە لە شوێنگۆڕکێی سێکسیزم: چەمکی «پیاوەتیی ژەهراوی» (toxic masculinity) نیوەی مرۆڤایەتی لە ئاستی جەوهەریدا وەک نەخۆشی، وەک میکرۆب و بەکتریا وێنا دەکات و جەنگ دژی خێزانی ناوکی، خێزانی بۆرژوازی، وەک میراتی یاخیبوونەکانی ١٩٦٨، جۆرێک لە هەڕەمێتیی ژنانەیی درووست کردووە بەها بە ژنان دەدات، بەڵام دایکایەتی ڕەت دەکاتەوە: فیمینیزمێک شکۆ بە هەر هەڵبژاردەیەکی ژنانەیی دەبەخشێت، جگە لە هەڵبژاردەی دایکایەتی. وەک نۆربێرت بۆلتز ئاماژەی پێ دەکات: «هەر فۆرمێکی هێرشبەریی وەک ‘پیاوەتیی ژەهراوی’ دادەنرێت و خەباتی لەدژ دەکرێت، زاراوەیەک ئاماژە بەوە دەکات، مرۆڤایەتی دەبێت ناپیاوانە بێت» (unmännlich).[33]

ئەم لۆژیکە فراوانتر دەکرێتەوە، ئێستا پیاوەتی لە جەوهەر و سروشتدا گرێ دەدرێتەوە بە گوناهی یەکەمی مێژوویی و کۆمەڵایەتی: سێکسیزم نێرانەیە، ڕاسیزم سپییە، و پیاو واتا کۆڵۆنیالیزم. قوربانیی سەرەکیی ئەم سووکایەتییە مۆڵەتپێدراوەش کوڕانن – ئەو کاتیگۆرییەی لە قوتابخانە ڕێنمایی وەردەگرێت و شاشەی تەلەڤزیۆن ئاراستەی دەکات دەبێتە کاتیگۆرییەکی تێکدەر و ڕەگەزەکەشی وەک کاتیگۆرییەکی جەلاد و بکوژ دەبینرێت، بۆ نموونە ڕادیکاڵیزەبوونی کوڕێکی ئەڵمانیی بە ئاراستەی ئایدیای نیۆ-نازیدا وەک بەڵگەیەک لەسەر ژەهراویی پیاوانەیی دەبینرێت، بەڵام لەم جەنگەدا، ڕادیکاڵیزەبوونی هەزاران ژن بە هەمان ئاراستەدا بە ئاسانی لەبیر دەکرێت، چونکە لەگەڵ ئەم چوارچێوە و گوتارەدا ناگونجێت.

بەڵگەی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی داوەشانیش لەو شوێنە واز دەهێنێت و ڕادەکات و بێدەنگ دەبێت کە باوکسالاریی ڕاستەقینە بوونی هەیە: فیمینیزمی چەپ/وۆک تەواو بێدەنگە بەرانبەر بە هەموو ئەو کچ و ژنە موسڵمانانەی بەزۆر لەچکیان بەسەردا دەدرێت، بەزۆر بەشوو دەدرێن، دەبنە قوربانیی توندوتیژی و ژنکوژی لەپێناوی شەرەفدا، چونکە لەم جۆرە فیمینیزمەدا موسڵمان پلەیەکی سەرووی ژن وەردەگرێت؛ هێرشەکە لە بەرانبەردا دەکرێتە سەر نیشانەیەکی سەلامەتتر و بێکێشەتر: پیاوی سپی خۆرئاوایی. ئەو پیاوەی باوەڕی بە فەتوا نییە، بەڵام بەشداری لە کۆنفرانسەکاندا دەکات. فیمینیزمی وۆک بەدوای دوژمنێکدا دەگەڕێت پێشتر خۆی ڕادەست کردبێت و تەسلیم بووبێت، ئەمەش ئێستا بووەتە دیالەکتیکی ئابووریی گلەیی و گازندە و بۆڵەبۆڵ.

٨. مێتافیزیکی جێندەر: هەڵوەشاندنەوەی جەستە

خەمۆکی و دڵتەنگیی جێندەری شتێکی ڕاستەقینەیە و ژان و ئازارەکەشی پێویستی بە هاوسۆزی، پێڕاگەیشتن و بوارێکی پزیشکیی باڵا هەیە. بەڵام ئایدیۆلۆژیای جێندەری شتێکی دیکەیە: ڕادیکاڵترین ڕێبازی ئۆنتۆلۆژی بەشێوەیەکی دامەزراوەییانە خزێنرابێتە نێو کۆمەڵگە لیبراڵییەکانەوە: جەوهەرێکی لە ناوەوەدا بەڕەگەزکراو، تەنها لەڕێگەی پشکنینەوە شایانی زانین، باڵادەست و بەدەسەڵات بەسەر جەستەدا لە هەموو ناکۆکی و ململانێیەکدا. دەکرێت ناکۆکی و دژبەرییە بناغەییەکەی بەم جۆرە دەستنیشان بکەین: داوای ئیمتیازی پێداویستییە بنچینەیییەکان دەکات (نەگۆڕی، مافە مەدەنییەکان) کە تیۆریی خۆیەتی، بەتایبەت لە جودیت بەتلەر بەدواوە، بەڵام دەیەوێت خاوەن نمایشی نەرم بێت (نمایشکار، بەخوڕ و گۆڕاو، درووستکراو)، «شتە ڕەقەکان ئەو شتانەن خەڵک ناتوانێت بیانگۆڕێت و شتە نەرمەکان بەپێچەوانەوە دەکرێت بگۆڕدرێن و دەشێت داوای بڕیاردان بکەن لەسەریان، بە بڕیارە ئەخلاقییەکانیشەوە. کەواتە ئێمەی خەڵکانی مۆدێرن زۆر هاوسۆزترین لەگەڵ ئەو ڕەفتارانەی ناکرێت بگۆڕدرێن، بەڵام دەتوانین هێشتا ڕەخنەگر بین بەرانبەر بەو شێوازی ژیانەی پێمانوایە بابەتی هەڵبژاردنی ئازادە».[34] ئەمە واتا ئەگەر خودی بانگەشەی تیۆریی جێندەری بە نموونە وەربگرین کاتێک دەڵێت ڕەگەزەکان درووست کراون، نەک سروشتییانە پێدراو، دروستکراوی کۆمەڵایەتی و کولتوورین، نەک سروشتێکی ئەبەدی، ئەوا دەتوانین هەمان مێتۆدی ڕەخنەیی بەرانبەر بە ئایدیۆلۆژیای جێندەری خۆی بەکار بهێنین: هەموو ئەو شتانەی کولتوورییانە و کۆمەڵایەتییانە لە مێژوودا تا ئێستا ڕۆنراون، شایانی ڕەخنە لێگرتن و ڕەتکردنەوەن. دەکرێت ئەوەی لە سەردەمێکی مێژووییدا کولتوورییانە ڕەوایەتی هەبێت، لە سەردەمێکی دیکەدا ڕەوایەتییەکەی لەدەست بدات.

با ئاماژە بە پێکهاتە و ڕەهەندێکی قووڵتری ئەم ئایدیۆلۆژییە بکەین: فۆرمێکی سیکۆلاریزەکراوی عیرفانییەت – جەستە وەک هەڵە، پڕیشک و تیشکی ناوەکیی وەک حەقیقەت، دووبارە لەئاوهەڵکێشانەوە (rebaptism) و ناونانەوەی ناوی مردوو: ئەو جەستەیەی تا ئێستا وەک دوو ڕەگەزی ڕاستەوخۆ: نێر و مێ ناسراوە، هەڵەیەکی مێژوویییە و کولتوور مۆرکی لێداوە، کەواتە دەکرێت ڕاست بکرێتەوە، نێر بکرێتە مێ، مێ ببێتە نێر، مێ لەیەک کاتدا نێر بێت و مێ بێت و هیچیشیان نەبێت، تیشکی ناوەکیی ئەو حەقیقەتەیە پێت دەڵێت تۆ لە سەردەمێکدا حەز و سۆزت بۆ شتێک هەبووە و کولتوور لێی زەوت کردوویت، ئێستا گوێ لەم حەقیقەتە بگرە و بگەڕێرەوە سەر جەوهەری خۆت، و ناونانەوەی ناوی مردوو، واتا ئەوەی پێشتر کولتوور تیاماندا کوشتوویەتی، دەتوانین ئەمڕۆ ناوی لێ بنێینەوە: جێندەر/ڕەگەز بریتییە لە ڕۆنراوێکی کولتووری، کەواتە ناسنامە کولتوورییەکانیش خزن و دەجووڵێن و ئەوەی دوێنێ ناسنامەیەک بوو بەسەرمدا سەپێنرابوو، ئەمڕۆ بژاردەی ئازادانەی خۆمە چیتر نەمەوێت.

تێچوونەکانی ئەمەش بەگشتیی ئەوانە دەیدەن کە ئایدیۆلۆژییەکە بانگەشەی ئەوە دەکات پارێزگاریانە. منداڵان: لە ناوەندە ئەوروپییەکاندا هەڵکشانێکی ئێجگار گەورەی بێ پێشینەی سپاردنی منداڵانی بەجێهێڵراو بەو خێزانانە هەیە کە ئامادەیی لەخۆگرتنی ئەو منداڵانەیان هەیە، بەجێمانی بەرچاوی کچانی هەرزەکار، بەگشتی لە فەرمانگەکانی لاوان، لە کڵێساکان و لەو ناوەندانەی تایبەتن بە هەلومەرجەکانی تەندروستیی زەینی، و بەشێکی زۆری چاودێران بۆ ئەمە ئاماژە بە ڕەفتارە کۆمەڵایەتییە کاریگەرەکان دەکەن کە لەم ئایدیۆلۆژیایانەوە دێن.[35]

ژنان: دامەزراوەکان پێشتر بەگوێرەی ڕەگەزی بایۆلۆژی درووست کرابوون: شێڵتەرەکانی ژنان، زیندانەکان، یانە وەرزشییەکان، ئێستا دووبارە بەگوێرەی ناسنامە و پێناسەکردنی ئازادانەی ناسنامەی جێندەری، نەک ڕەگەزی بایۆلۆژی بۆ ئەوانیدیکەش کراوەن: پیاوان. ئەو فیمینیستانەی دژی ئەم ئاوەڵاکردنە بوون، ئێستا هەر لەلایەن ئەو ئایدیۆلۆژییە جێندەرییەی بانگەشەی ئەوەی دەکرد بەرگری لە ژنان دەکات، سزای ئەو فیمینیستانە دەدات و بە لەڕێلادەر لەقەڵەمیان دەدات و لە پیشەکان وردە وردە دوور دەخرێنەوە.

هۆمۆسێکسوالەکان: حەزکردن لە هەمان ڕەگەز، یاخود هاوڕەگەزخوازی، ئێستا ناڕوون بوون و بیرۆکەکانی ناسنامەی جێندەری، شوێنی ئەوانیشی گرتووەتەوە. ئێستا هاتوچۆی جێندەری بە دۆخێک گەیشتووە بووەتە سەرئێشە بۆ هەمان ئەو نەزم و ڕێکخستنە لیبراڵییەی شوێنی بۆ ئەم وۆکیزمە کردبووەوە. پیاوێک ڕەگەزی خۆی دەکاتە ژن، یان ترانسجێندەر و لە کێبڕکێی وەرزشیی ژناندا بەشداری دەکات. ڕەگەزە بایۆلۆژییە پیاوانەیییەکەی پێشووی: ماسولکە، بەدی بڵدینگ، هێز، وای لێ دەکات بە ئاسانی لە کێبڕکێکاندا لەو ژنانە بەرێتەوە کە ڕەگەزی بایۆلۆژییان ژن بووە. بەڵام ئێستا قسەکردن لەسەر ئەوەی ئەو پیاوە – ئێستا ڕەگەزگۆڕاوە و بە ژنبووە – مافی ئەوەی نییە لەنێو یانەی ژنان و کێبڕکێی ژناندا یاری بکات، وەک جیاکاری دەبینرێت و بە تاوان بەرانبەر ئازادیی ناسنامەی جێندەری لەقەڵەم دەدرێت.

لە ڕاستیدا ئەگەر داوی ئایدیۆلۆژیای جێندەری نەتوانێت ڕەخنە بلۆک بکات، ئەوا فەلسەفییانە دەکرێت بڵێین: ڕەگەزی بایۆلۆژی بریتییە لە دوا ڕەهەندە هەڵنەبژێردراوەکانی ڕاستیی مرۆیی. و هەوڵدان بۆ پێناسەکردنەوەی ڕەگەزی جێندەری بەتەواوی لەڕێگەی ناسنامەوە بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ وابەستەکردنی واقیعی کۆمەڵایەتی بە باوەڕی خودی و زەینی نەک ڕاستیی فیزیکی و جەستەیی. گۆڕینی مانای ڕەگەزی جێندەری دەبێتە هێمای گۆڕانێکی فراوانتری مامەڵەکردن لەگەڵ واقیع وەک شتێکی نەرم و خز و گۆڕاو یاخود وەک سەردەمی «پاش-ڕاستی» (post-factual)، «ئەوەی هەیە ڕاڤەیە، نەک ڕاستی». کەواتە مادام ڕەگەزی جێندەریی من ڕاستی نییە، بەڵکوو ڕاڤەی کولتووری و کۆمەڵایەتییە، دەتوانم بیگۆڕم. ئەمەیە کرۆکی ئایدیۆلۆژیای وۆکیزمی جێندەری.

٩. ڕەچەڵەکناسیی خود-ئازاریی خۆرئاوایی

یەکێک لەو دەروازە بەرفراوانانەی شەپۆلی وۆکیزم دەتوانێت بە گەورەیی تێیدا بێتە ناوەوە، بریتییە لە «خود-ئازاریی خۆرئاوایی» (Western Masochism). خود-ئازاری مێژووی هەیە. ئەوەی وەک توانای تاقانەی خۆرئاوا بۆ خۆ-ڕەخنەیی و بەخۆداچوونەوە دەردەکەوێت، «سەرکێشییەکی تاقانە لە بەخۆداچوونەوەدا کە هیچ بتێک بەپێوە ناهێڵێت»،[36] هەنگاو بەهەنگاو دەچێتە نێو پرۆسەیەکی دانپیانانی ئایینییانەوە – ئێستا سیکۆلاریزەبوو – تێیدا پەشمانیی خۆی لە جووڵە کۆنکریتی و بەرجەستەکان دادەبڕێت و دەبێتە ئامانجێک لە خودی خۆیدا. نەریتی ڕۆشنگەریی ڕەخنەی ئەوروپی، دوای کارەساتەکانی سەدەی بیست و مەرگی خوا، دادەڕمێت و دادەوەشێت و بەردەبێتەوە نێو ئایینێکی سیکۆلاری تۆبەکردنەوە کە بریتییە لە پاشماوەی تیۆلۆژییانەی گوناهی یەکەم. وەک پاسکال بروکنەر ئاماژەی پێ دەکات، «کۆمەڵگاکانمان خۆیان دەبێت لە مەسیحایەتی دابماڵرێن، بەڵام جۆش و خرۆش و سۆزەکانمان هەر سەر بە مەسیحایەتی دەمێننەوە»،[37] بەم جۆرە گوناه، تەنانەت دوای نەمان و ئاوابوونی باوەڕ و ئیمانیش، هەر دەمێنێتەوە. لەم ڕووەوە، پەشیمانیی لەوە دەکەوێت «پەیوەندیی بە هەلومەرجە دیارە مێژوویییەکانەوە هەبێت» و لە بەرانبەردا دەبێتە «کاڵایەکی ڕۆحی، بەگشتی فۆرمێکی پارەی دارایی».[38] لەم ئابوورییە ئەخلاقییەدا، بوون خۆی داوای لێخۆشبوون دەکات، ناسنامەی بەمیراتبراو دەبێتە «لەکەیەکی نەسڕاوەی لانەبراو» و خۆرئاوای سیکۆلاریزەبوو بەردەوامە لە شەکەتکردنی خۆی «لەبەردەم دانپیانانی ئایینیی سیکۆلار».[39]

جیهانی سێیەمگەرایی (Tiersmondisme) یەکەم مەشقی سەرتاپاگیری ئەم وشیارییە تۆبەکارەیە. جیهانی سێیەم لەوە کەوتووە داکەوت و واقیعێکی دیاریکراوی مێژوویی و جیۆگرافی بێت و بەڵکوو بووەتە جۆرێک ڕووتکردنەوە و بەئەبستراکتکردنی ڕزگارییبەخشانە کە لەڕێگەیەوە ڕۆشنبیرانی خۆرئاوایی پێداویستیی خۆیان بۆ سەرزەنشتکردن و حەزی کەفارەدان دەردەخەن. وەک بروکنەر ئاماژەی پێ دەکات، «ئێمە زۆر زیاتر لەوەی ئەوانیدیکەمان خۆشبوێن، ڕقمان لە خۆمان دەبێتەوە»؛ ئەفریقی، عەرەب و فەڵەستینی تەنها وەک «زیادە»یەک دەردەکەون لەم «دراما بێکۆتایییەدا».[40] ئەویدیکەی گوایە سەرکوتکراو و چەوسێنراوە وەک کەسایەتی، وەک ئەکتەرێکی مەسیحییانە ئیش دەکات کە لەڕێگەیەوە خۆرئاوا شانۆی ئەخلاقیی خۆی نمایش دەکات، و لەم ڕێگەیەوە چەقێتیی خۆی لەڕێگەی ئەو شتەوە دەپارێزێت کە بروکنەر پێیدەڵێت «ئیمپریالیزم بە هەڵگەڕاوەیی»، «لەکۆڵۆنییخستن ئێمەی لە دەسەڵات داماڵی… بەڵام لە زێدەنرخاندنێکی زەبەلاحدا هەر بەردەوامین لەسەر ئەوەی خۆمان وەک چەق و ناوەندی خراپەی کێشکردن ببینین، کە لەسەریدا گەردوون وەستاوە… حاڵەتێکی شەرمەزارکەر و بێڕووی ئیمپریالیزم بەهەڵگەڕاوەیی».[41] تیۆریی هاوچەرخی لەکۆڵۆنییخستن ئەم بنەمایە وەک خۆی بەمیرات دەبات: جیهانی سێیەمگەرایی بۆ بەکرێدان، وەک فۆرمێکی «پڕۆژەی پشتڕاستکردنەوە» لەنێو زانکۆکاندا بەدامەزراوەیی دەکرێت و لەم جیهانەدا دەرەنجامەکان پێش لێکۆڵینەوەکان دەکەون. تەنها ئەوەندە بەسە وێنەیەکی جیهانی سێیەم پیشان بدەیت کە کەلاوەیە، بۆ ئەوەی هەستی ئەخلاقی بجووڵێنیت، واتا دەرەنجام، بۆیە پێویستت بە لێکۆڵینەوە نییە بۆ ئەم وێنەیە وەهایە. ئاکامی ئەم پرۆسەیەش کەمتر هاوپشتییە، بگرە زێدەتر نارسیستییە – سیاسەتێک تێیدا گوناهی خۆرئاوایی پێویستی بە قوربانییە ئەبەدییەکان هەیە تا خۆی بهێڵێتەوە.

ڕەهەندێکی دیکە بریتییە لە شێتایەتی و فەناتیسیزمی میانەڕەوی و ئەمەش پێکهاتە و باڵەخانەکە تەواو دەکات. خۆ-بچووککردنەوە و سووکایەتیی بەخۆکردن دەبێتە فۆرمێکی شاراوەی خۆ-ستایشکردن و خۆ-مەزنکردن، بەوەدا بانگەشەکردن بۆ قووڵترین گوناه، شکۆیەکی باڵای ئەخلاقی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. پارادۆکسی ڕۆشنبیرانی خۆرئاوایی، باوکانی وۆکیزم، ئەوەیە لە هێرشکردنیاندا بۆ سەر هەموو شتێکی خۆرئاوایی، کەچی چەقێتی و ناوەندێتیی خۆرئاوا دەپارێزن، دەیکەن بە شانۆی هەموو گوناهەکان: هەر ئێمە دەتوانین ڕاسیست بین، کۆڵۆنیالیست، ئیمپریالیست، فاشیست، و نازیست بین، هەر ئێمە بە تەنها دەتوانین بەرجەستەکەری شەیتان بین لەسەر زەوی، هەر ئێمە دەتوانین خراپترینی نێو مێژووی مرۆڤایەتی بین. لێرەوە «ئەریستۆکراتی ئاهوناڵەچییان» سەرهەڵدەدات، هەڕەمێتییەک تێیدا ژان و ئازاری هێمایی شوێنی پلە و پۆستی بەمیراتیبراو دەگرێتەوە و ئەو شوێنەی تێیدا هەمووان «بڕوانامەی تووک و نەفرەتی خۆیان بەرز دەکەنەوە و ئەمەش بەسەر هاوپۆلەکانیاندا بەرزتریان دەکاتەوە».[42] ڕۆشنبیران لەم ڕێپێوانەدا دەبنە «ئەفسەرانی گوناهی یەکەم»، پاسەوانانی ئەرسەدۆکسییەکی نوێ کە لەڕێگەی پەشیمانی و خەمێکی بەئایینییکراوەوە کۆنتڕۆڵی زمان و بیرکردنەوە دەکات. لێرەوە بیری ڕەخنەیی، کە سەردەمێک بەڕاستی تێکدەرانە بوو، دەچێتە نێو کۆنفۆرمیزم و ئاسوودەخوازییەکەوە، کە لەڕێگەی یادەوەریی یاخیبوونی پێشووی خۆیەوە، کە ئێستا پیرۆز و بەخوا کراوە، خۆی نمایش دەکات. ئازایەتی و چاونەترسیی دوێنێ ئێستا تەنها وەک بیرۆکەی سواوی دامەزراوەیی دەمێنێتەوە: ئەمەش تەنها وەک ئەتەکێتی ئەخلاقی نەزمی هاوچەرخ ئیش دەکات.

١٠. ٨ی ئۆکتۆبەر: سەلماندنی ئەزموونی

لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا، حەماس نزیکەی ١٢٠٠ هاووڵاتیی ئیسرائیلیی بەشێوەی میکانیزم و مێتۆدەکانی سەدەکانی ناوەڕاست کوشت و پارچە پارچە کرد و نزیکەی ١٠٠٠ کەسیشی ڕفاندن و بەدیل گرتنی. بەشێکی گەورەی چەپی چیهانی، یان نکووڵی لە کوشتارەکە دەکرد یاخود وەک «بەرەنگاریی دژە-کۆڵۆنیالی» ستایشی دەکرد: پرۆفیسۆرانێک ڕووداوەکەیان وەک ڕووداوێکی «شادیهێن» دەبینی، خوابیرمەندی سیاسەتی ناسنامەی جێندەری، جودیت بەتلەر وەک «ستراتیژی جیاوازی حەماس» ستایشی دەکات و ئەمە «کردەیەکی تیرۆریستیی نەبوو»، و دەڵێت، «دەتوانین بۆچوونمان لەسەر حەماس وەک پارتێکی سیاسی جیاواز بێت؛ دەتوانین بۆچوونی جیاوازمان لەسەر بەرەنگاریی چەکداری هەبێت، بەڵام پێم وایە زۆر ڕاستگۆیانە و لەڕووی مێژوویییەوە دروستە بڵێین ڕاپەڕینی ٧ی ئۆکتۆبەر کردەیەکی بەرەنگاریی چەکداری بوو».[43] تەنانەت خودی دەستدرێژیی سێکسی لەلایەن حەماسەوە بۆ سەر ژنانی ئیسرائیلی، لەلایەن پەیامبەری سیاسەتی جێندەرییەوە، وەک کردەیەکی سێکسیستی، دژە-ژنی نابینرێت، بەڵکوو جۆرێک لە ستراتیژی نوێ و ڕەوای حەماس «دژی کۆڵۆنیالیزم». ژنانی ئیسرائیلی، لەناو سیاسەتدا بن، یان پەیوەندییان بە سیاسەتەوە نەبێت، بە لەدایکبوون، دەبنە هەڵگرانی لەکەی کۆڵۆنیالیزم و هەموو کردەیەک لە دژیان ڕەوایەتیی ئەخلاقی هەیە.

ئێڤا ئیلۆز هەڵوەستە لەسەر ئەو ئامێرە دەکات کە وا دەکات هاوسۆزیی و هاوخەمیی لەگەڵ قوربانیان مەحاڵ بکات: دەقپەرستی (داکەوت/واقیع وەک دەق)، دەسەڵاتپەرستی (هەموو شتێک وەک دەسەڵات)، بونیادە گەڕۆکەکان (کۆڵۆنیالیزمی نیشتەجێکەر، ئاپارتاید، جینۆساید)، بان-ڕەخنەگەری (هەڵکشانی کێبڕکێخوازانەی ئیدانەکردن و سەرزەنشتکردن).[44] لەناوەوەی ئەم جیهانەی کێبڕکێ لەسەر قوربانی، جووەکان لەپێشەوە وەک قەرزدەران وێنا دەکرێن: پیاوی سپی، خۆرئاوایی، کۆڵۆنیالیست، کەواتە کوشتارکردنیان وەک دەروازە و کردەیەکی هاوسەنگکارانە دەردەکەوێت: « MeToo unless you are a Jew».[45] لە توێژی ژێرەوەی ئەم تیۆرییەیەدا سۆسیۆلۆژیایەک ئیشی دەکرد: یاری کۆمەڵەی سفری قوربانیان، کە تێیدا سەرکەوتنی جوویی ماوەیەکی زۆرە دووبارە پۆلێنی جووەکانی کردووەتەوە و ئەوانی بردووەتە دەرەوەی کاتیگۆری و چوارچێوەی قوربانیانی مێژووەوە و تەنانەت یادەوەریی هۆڵۆکۆست خۆی وا دەبینرێت ئامرازێک بێت بۆ دەسەڵاتی جووەکان. پییر-ئەندرێ تاگیێف، فەیلەسووفی هاوچەرخی فەڕەنسی، دوو دەیە پێشتر هەڵوەستەی لەسەر ئەم دەرکەوتانە کردبوو و دەکرێت بڵێین پێشبینیی تیۆرییانەی ئەمڕۆی کردبوو: جووترسیی مۆدێرن (La judéophobie des modernes)، بۆ ئەوەی ڕقت لە جوو ڕەوایەتی وەربگرێت، بە جوو بڵێ زایۆنیست، کۆڵۆنیزەکەر، و ئەنتیسێمیتیزم بگۆڕە بۆ دژە-ڕاسیزم.[46] ئەگەر ئەکادیمیای وۆکیست ئەمەی دانەهێنابێت، ئەوا بەپیشەسازی کردووە.

ئەو سیستەمە ئەخلاقییەی هاوسۆزی و هاوخەمی بەگوێرەی کاتیگۆری و پۆلێنی ناسنامە دابەش دەکاتەوە، ئەوا هەر لە سەرەتاوە هاوسۆزی و هاوخەمی لەناوبردووە و لەم ڕووەوە ٨ی ئۆکتۆبەر، کاردانەوەی جیهان بەرانبەر ٧ی ئۆکتۆبەر، کتومت پشتڕاستکردنەوەی ئەم لەدەستچوون و نەمانەی هاوسۆزی و هاوخەمی بوو.

١١. هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسلامیزم

جیهانی وۆکیست هاوپەیمانێکی ڕۆحی و گیانی بەگیانی دۆزیوەتەوە: ئیسلامیزم. ئەم بەناویەکداچوون و تێکەڵبوونەش تەلارسازییەکی دامەزراوەیی هەیە. فلۆرێنس بێرژو-بلەکلێ، ئەنترۆپۆلۆژیستی هاوچەرخی فەڕەنسی، ناو لەم دیاردەیە دەنێت: «براگەرایی» (frérisme)، توێکاری بۆ تۆڕەکانی ئەوروپای ئیخوان موسلمین دەکات لەڕێگەی دروشم و ڕێبازی «مەرگ لەپێناوی ئەڵادا ئامانجی کۆتاییمانە» و پڕۆژەی فرە-نەوەیی (mutligenerational) تۆمار دەکات کە لەڕێگەی دزەکردنە ناوەوەی دامەزراوەیی و خراپ قۆستنەوەی ستراتیژییانەی لێبوردەییی جیهانی لیبراڵ، هەوڵی ئیسلامیزەکردنی ئەوروپا دەدات.[47] چەکە هەرە کاریگەر و بەهێزەکەی ئەم ڕەوتەش لە جبەخانەی وۆکدا درووست کرا: «ئیسلامۆفۆبیا» (ترس لە ئیسلام)، واتا ڕەخنەگرتن لە تیۆلۆژیایەکی سیاسیی تۆتالیتار و سەرتاپاگیر، وەک ڕاسیزم پێناسە دەکرێت و پۆلێن دەکرێتەوە. لەگەڵیدا دونیایەک فیمینیست، سیکۆلاریست، و خودی ئەو موسڵمانانەی خاوەن دەنگێکی لیبراڵ و جیاوازن، کە هۆشدارییان لەسەر ئەم مەترسییە بە جیهانی خۆرئاوا داوە، لەلایەن دامودەزگای وۆکیزمەوە وێران و بێدەنگ دەکرێن: خودی ئەو ژنەی لە سیستەمی باوکسالاریی خێڵ، لەنێو دڵی پایتەختە ئەوروپایییەکان ڕادەکات و پەنا بۆ پارێزبەندیی لیبراڵ دەهێنێت، لەلایەن دەزگای وۆکیستەوە، وەک بەکرێگیراو و خائین بەرانبەر بە کۆمەڵی پەراوێزخراو دەبینرێت.

ئەم هاوپەیمانییە پارادۆکس و دژبەری نییە، بەڵکوو لۆژیکییە: هەردوو پڕۆژەی چەپ-ڕاستی وۆکیست و ئیسلامیزم ڕۆشنگەری ڕەت دەکەنەوە، هەردووکیان گۆشەنیگا دەخەنە شوێنی حەقیقەتەوە، هەردووکیان ڕقیان لە گەردوونگەراییی لیبراڵ دەبێتەوە. ئیسلامیزەکردنی زانین دەقاودەق ئەو شتە دەدوورێتەوە، کە پرۆسەی لەکۆڵۆنییخستن و بەژنانەییکردنی زانین، چاندبووی. ئێستا ئەوانەش دەکاتە قوربانی کە ڕۆژێک سەر بەم جیهانە بوون و ئێستا دەنگێکی نزمیان هەیە و شەرمنانە ڕەخنەی لێ دەگرن.

١٢. زانکۆی وۆک: گەندەڵبوونی توێژینەوە

بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆرئاوادا، ئایینێک لە ناوەوەی زانکۆدا سەریهەڵداوە و بە دەسەڵاتی زانکۆش بەهێز کراوە. بوارەکانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکان بوونەتە پرس و پشکنینە تازەکانی بیروباوەر؛ هەڵسەنگاندنی تێزەکان داوای بەرپرسیارێتی و وابەستەبوون دەکات، نەک زانین – گزیی و فێڵی لێکۆڵینەوەیی ناسراو بە «گزیی سۆکال»، کە خەباتی منێکی فیمینیستی و «کولتووری دەستدرێژییکردنە سەر سەگی پارک» لە کۆمەڵێک جۆرناڵدا بڵاو دەکاتەوە، تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەی ئەم بوارەیە. بابەتەکە چۆنە؟ ئەم سکانداڵە هەوڵێک بوو بۆ تاقیکردنەوەی جیهانی ئەکادیمی تا بزانێت تا چەندە ڕاستگۆ ماوەتەوە، تەنها بە شوێنگۆڕکێی هەندێک ئایدیای کۆن و کۆنەپارێز و هەمان ناوەرۆک بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک چەمکی «پێشکەوتنخوازانە»ی وەک نووسینەوەی خەباتی منی هیتلەر بە هەندێک دەربڕین و زاراوەی فیمینیستیی بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیتلەر و کتێبەکەی بکرێت، لە جۆرنالدا وەک لێکۆڵینەوەیەکی بواری جێندەر پێشکەش دەکرێت و قبووڵیش دەکرێت. هەروەها لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی «کولتووری دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر سەگی پارک»، لێکۆڵینەوەیەکی ساختە، باس لە کولتووری دەستدرێژیی سێکسی لەنێو سەگەکانی ناو پارک و باخچەی بەخێوکردنی سەگەکان دەکات و کۆمەڵێک تەریب لەنێوان ڕەیپی سەگ و پیاوەتیی دەستدرێژیکارانەی مرۆڤدا درووست دەکات. ئەم پڕۆژەیە ساڵی ١٩٩٦ لەگەڵ ئالان سۆکالی پرۆفیسۆری بواری فیزیا دەستی پێ کرد.[48]

ئەمڕۆ دونیایەک، چیایەک لێکۆڵینەوەی وەها لە جۆرناڵەکاندا بڵاو دەبنەوە، لە بەرانبەر هەر ڕەتکردنەوەیەکیشدا ئامێرێکی جەنگی وەستاوە، ڕاستەوخۆ دەتوانێت ئەو پرۆفیسۆرانە بە چەمکی ناو جبەخانەکانی بۆمباران بکات کە هەوڵ دەدەن یان ئەم لێکۆڵینەوانە ڕەت بکەنەوە یاخود گزیکاری و بێکەڵکییەکەیان بخەنەڕوو: پرۆفیسۆران دەبنە نوێنەری «پیاوی پیری سپی» کە زانینی بۆ خۆی قۆرخ کردووە، دەبنە ڕاسیست، دەبنە درێژەپێدەرانی کۆڵۆنیالیزم، دەبنە دژە-ژن و دژە-فیمینیزم، دەبنە دژە-پاراستنی ژینگە، دەبنە دژی خەڵکانی خۆجێیی و بە کورتی دەبنە دژی هەموو شتێک لە «پیاوی پیری سپی» نەچێت و دواجار دەبنە مەکینەی بڵاوکردنەوەی «ترس و تۆقین لە ئیسلام» (Islamophobia). ئەم ژینگە نەزۆکە، کە دەستپێکەکەی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتناسیی ئێدوارد سەعید و پاشان تیۆریی پۆست-کۆڵۆنیال دەست پێ دەکات، و هەموو تێڕوانینێکی ڕەخنەیی لەسەر ئیسلام، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆچبەران و ڕەفتاری پەنابەران، تەنانەت ڕەفتاری پیاوسالارانەی پیاوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی ژنان، دەکاتە تابوو، ژینگەیەکی بەرهەم هێناوە هەم زانین و زانکۆی نەزۆک و گەندەڵ کردووە و هەمیش دۆخێکی ناچاری بەرهەم هێناوە، بۆ ئەوەی پێت نەڵێن «ئیسلامۆفۆب» (ترس لە ئیسلام)، دەبێت بە ناچاری ببیتە «ئیسلامشەیدا» (Islamophilia). بۆ ئەوەی نەوێریت ڕەخنە لە ڕەفتاری ژن بگریت، تا پێت نەڵێن «پیاوی پیری سپی» کە لە جەوهەردا «فاشیست و نازییە»، ئەوا دەبێت فێری کۆمەڵێک زاراوە ببیت جوێن بە پیاوان بدەیت، وەک پیاو جوێن بە خۆت بدەیت، وەک بۆ نموونە ئەم جوێنە بە بەردەوامی بڵێیتەوە: «دەمی ئاژەڵیی پیاوانەت داخە» (halt dein Männermaul).

١٣. مەرگی فەلسەفە

فەلسەفە پشت بەو بەرپرسیارێتییە دەبەستێت کە ڕژێمی وۆک بەشێوەیەکی ڕەها و ئایدیۆلۆژییانە ڕەتی دەکاتەوە: فەلسەفە دەڵێت حەقیقەت هەیە و تایبەت نییە بە هۆزێک بە خێڵێک؛ فەلسەفە دەڵێت ئەرگومێنت، نەک ئەرگومێنتبێژ، بڕیار دەدات؛ فەلسەفە دەڵێت هیچ شتێک هێندە پیرۆز نییە نەخرێتە ژێر تیشکی ڕەخنە و تاقیکردنەوە و ڕەتکردنەوەوە. بەڵام ڕژێمی وۆک دەڵێت شتێک بە ناوی حەقیقەت بوونی نییە، ئەوەی هەیە گۆشەنیگایە. لەو شوێنەی گۆشەنیگا پێ دادەکوتێت، و باڵادەست دەبێت، هەڵەی لۆژیکی پەنابردن بۆ کەس دەبێتە مێتۆد و گۆڕینی بابەت – لە بانگەشەوە بۆ بانگەشەکار – دەبێتە مەکینەیەک بۆ بیرنەکردنەوە. سۆفیستەکان گەڕاونەتەوە، بەڵام بەشێوەی گێژەڵووکە: پرۆتاگۆراس بەگشتی و کۆیی دەکرێت، تراسیماخوس بە سیستەم دەکرێت و هەڵمەتی کانسڵ و ڕەتکردنەوەش بریتییە لە دادگاییکردنی نوێی سۆکراتەکان لەڕێگەی هاشتاگەکانەوە، بەڵام بە دوو تۆمەتی سەردەمی کەوناراوە وەک خۆی: گەندەڵکردنی لاوان، کوفرکردن بەرانبەر خوایانی شار. پاشەکشێکە شایانی پێوانەکردنە: ئەسینا لانیکەم گوێی لە لێدوانی بەرگرینامەی دادگایییەکە بوو. ڕۆشنبیرانی وۆکی ئەمڕۆ خاوەن ئاراستەیەکی قڕکەرانەن، کە ڕەتی دەکەنەوە بچنە پاڵ دیالۆگەوە، تەنانەت لە کاتی دادگاییکردنی نەیارانیاندا، ڕەتی دەکەنەوە گوێ لە ئەرگومێنتی تۆمەتبارکراو بگرن. تۆمەتەکەی ئەوان دەبێتە حەقیقەتی بابەتی کە شایانی ئەوە نییە هیچ قسە و لێدوانێکی لەسەر بدرێت، حەقیقەتی کەسی تۆمەتبارکراو، دەبێتە ناحەقیقەتی مرۆڤی تۆمەتبارکراو کە ڕێگە نادرێت بزانێت تاوانەکەشی چییە. وەک بڵێیت هەر بەڕاستیی ئێستا لەنێو جیهانی ڕۆمانی دادگایی کافکادا دەژین. تۆمەتبارکراوین بێ ئەوەی بزانین تاوانەکەمان چییە. بە یاساش مافی ئەوەمان نییە گوێمان لێ بگیرێت.

هانا ئارنت زوو ئاماژەی بەوە کردبوو تۆتالیتاریزم ئەوەیە نەتوانیت حەقیقەت لە ناحەقیقەت جیا بکەیتەوە. کەسی بیرکەرەوە ناتوانێت بە ویژدانێکی ڕوون و پاکەوە بچێتە پاڵ تاوانی بەکۆمەڵەوە.[49] ئایدیۆلۆژی دەبێتە ئامرازێک لەپاڵ داواکاری گشتی لە دادگادا ئامادە دەبێت. فەلسەفە ئەو دامەزراوەیەیە لەڕێگەیەوە شارستانێتی دەتوانێت درزی نێوان ئەوەی باوەڕە و ئەوەی حەقیقییە بە کراوەیی بهێڵێتەوە: ئەو درزەی تێیدا ڕاستکردنەوە دەژیت. دایبخە، هەموو هەڵەیەک دەبێتە دۆخێکی ئەبەدی و بەردەوام. شارستانێتیی دەتوانێت بەرگەی فەلسەفەی خراپ بگرێت، بەڵام هیچ شارستانێتییەک لە لەناوبردنی ئەرکی فەلسەفییدا، توانای مانەوەی نەبووە.

١٤. لەودیو وۆکیزمەوە: گەردوونگەراییی لیبراڵ

ئەو نادادپەروەری و نایەکسانییانەی وۆکیزم وزەی خۆیان لێ وەردەگرێت تا پەرە بە خۆی بدات، بێگومان نادادپەروەری و نایەکسانیی ڕاستەقینەن، و واقیع و داکەوتەکەیان بەهێزترین هۆکارە ڕێگە نەدرێت خراپ بۆ ئەجێندای جیاواز بقۆزرێنەوە. ئەڵتەرناتیڤەکەش بریتییە لەو شتەی بزووتنەوەی وۆک دەیەوێت بینێژێت و بە خاکی بسپێرێت: گەردوونگەرایی. شکۆی مرۆڤ هی مرۆڤە بەگشتی؛ مامەڵەی یەکسان لەبەردەم یاسادا تەنها پرەنسیپە کەمینەیەک دەتوانێت پەنای بۆ بەرێت بەبێ ئەوەی سەرەتا دەسەڵاتیشی هەبێت؛ ئازادیی دەربڕین لەڕووی مێژوویییەوە چەکی لاوازەکان بووە؛ پێداویستی، نەک کێبڕکێ، بناغەی دادپەروەرانەیە بۆ دابینکاری.[50]

ڕۆشنگەری هۆکار و پاڵنەری کۆڵۆنیالیزم نەبوو، بەڵکوو بەپێچەوانەوە یەکەم ڕەخنەی ڕادیکاڵ لە کۆڵۆنیالیزم ڕۆشنگەری بەرهەمهێنەری بوو، لای کانت، لای دیدرۆ، لای هێگل و مێتۆدی ڕۆشنگەری بۆ خۆ-ڕاستکردنەوە وەک تەنها ئامرازی شایانی پشت پێبەستن دەمێنێتەوە بۆ چاککردنەوەی هەڵەکانی خۆی. ئەو ڕاستڕەوە ناسنامەخوازەی ئەمڕۆ لە خۆرئاوا سەرهەڵدەدات و ئێستا دەیبینین پێچەوانە و دژی سیاسەتی «وۆک» نییە، بەڵکوو بەرهەمی وۆک خۆیەتی. تەنها ڕێگەی ڕزگاری، ئەگەر ڕێگەیەک مابێتەوە، گەڕانەوەیە بۆ بەهاکانی ڕۆشنگەری، ڕەخنەی ڕادیکاڵ لە هەموو ئەو شتانەی وا دەردەکەون مەحاڵە ڕەخنەیان لێ بگیرێت، کۆتاییهێنان بە سەردەمی حوکم و باڵادەستیی هاتوهاواری کەرنەڤاڵی قوربانیان و ڕێکردنەوە بۆ دیالۆگ و ئەرگومێنت.

دەرەنجام: نیشانەی نەخۆشی و چارەسەر

وۆکیزم نیشانەیەکی نەخۆشییە نەک چارەسەر: نەخۆشییەکی دەماریی کۆییە کە بە گوناهی خود-ئازاردەرانە، بە خۆشەیداکردن و خۆخەریکردنی میلانکۆلییانە، بە زانینناسیی جادووگەرییانە، بە بەقۆچی قوربانیکردنی قوربانیخوازانە، بە نکوڵیکردنی عیرفانی و دەروێشانەی جەستە، بە بەگەڕخستنی دادگاکانی پشکنینی بیروباوەڕ و بە ئاوێتەبوون و چوونە پاڵ تۆتالیتاریزمی ڕاستەقینەوە، وەڵامی ئازار و ژانی ڕاستەقینە دەداتەوە. تاقیکردنەوەکەی لە ٨ی ئۆکتۆبەردا هات، بەڵام بەڕەهایی کەوت و دەرنەچوو: بەئەخلاقییکراوترین بونیادی ناو مێژووی مرۆیی سەلماندی توانای ئەو بڕیارە بنچینەیی و سەرەتاییەی نییە، بڵێت: کوشتاری منداڵان، ڕەیپکردنی ژنان، ڕفاندنی خەڵکی مەدەنی، هەڵەیە. فرۆید دەیگوت نیشانەکان دەرەنجامی ئیدانەکردن نین، بەڵکوو دەرەنجامی کار و زەحمەتی بەهەستکردنی نەستن. ئەم کار و زەحمەتەش بریتییە لە چارەسەر: چاکبوونەوەی حەقیقەت دژی گۆشەنیگا، ئەرگومێنت دژی شانۆی نمایشی، ڕەهەندی گەردوونی دژی خێڵەکی، بونیادنان دژی لەناوبردن، ژیان دژی شەیدابوونی درێژخایەن بە مەرگ. ئەرکی ڕۆشنگەریی ڕزگارییخوازانە هەرگیز بریتی نەبوو لە زیادکردنی پرۆسەکانی دانپیانان، بەڵکو نەهێشتنیان بوو. ئێستا جیهانی وۆک: ڕۆشنبیران، ئەکادیمی، سیاسەتمەداران، چالاکوانانی فیمینیست، جێندەر، ترانسجێندەر، ژینگە و جیهانی سێیەمگەرایی و پۆستکۆڵۆنیال، کڵێساکانی دادگاکانی پشکنین و دانپیانانیان ئێجگار زۆر کردووە و لەم ڕێگەیەشەوە ڕاستڕەوی ناسنامەخوازیان بەهێزتر کردووەتەوە و هەردوولاشیان گرەو لەسەر بەخاکسپاردنی بەها گەردوونییە لیبراڵییەکان دەکەن، هەمان ئەو بەهایانەی خۆی دەرفەتی یەکسانی خۆدەربڕینی بە هەموویان بەخشیوە. مازۆخیزم (خود-ئازاری) لێرەوە ڕوونتر ڕووخساری خۆی دەردەخات: ئەو شتە لەناو دەبەم کە هەوێنی هەناسە و ژیانی منە. ئەرکی فەلسەفە و بیری ڕەخنەیی ئەوەیە نەهێڵێت ئەمە ڕوو بدات.


[1] Freud, Sigmund, Das Unbehagen in der Kultur, herausgegeben von Wolfgang Müller-Funk, Werke, Bd. 3, V und R Verlag, Universität Wien, Wien, 2016, s.95.

[2] Freud, Sigmund, Totem und Tabu, Werke, Bd.5, S. Fischer Verlag, München, 1961, S. 192.

[3] McWhorter, John, Woke Racism: How a New Religion has Betrayed Black America, Penguin House, London, 2021, PP. 9-10.

[4] Foucault, Michel, The History of Sexuality: An Introduction, Vol. 1, translated from the French by Robert Hurley, Pantheon Books, New York, 1978, PP. 55-56.

[5] Derrida, Jacques, Of Grammatology, translated by Gayatri Chakravorty Spivak with introduction by Judith Butler, Of Grammatology Jacques Derrida Fortieth Anniversary Edition Translated by Gayatri Chakravorty Spivak Introduction by Judith Butler, Johns Hopkins University Press, Baltimore, 2016, P. 177.

[6] Mounk, Yascha, The Identity Trap: A Story of Ideas and Power in Our Time, Penguin Press, New York, 2023, PP. 63-66.

[7] بە سانایی: ئینتەرسێکشناڵیتیی دەڵێت چەوساندنەوەی ژنان فرەڕەهەند و چەند بوارێک بەناویەکدا چوون: ژنبوون، چینایەتیی، ئەتنیکیی.

[8] Neiman, Susan, Woke ist nicht Linke, aus dem Englischen von Christiana Goldmann, Hanser Berlin, 2023, S. 15.

[9] Freud, Das Unbehagen in der Kultur, S. 103.

[10] Freud, Sigmund, Trauer und Melancholie, in Gesammelte Werke, Bd.5, Replika Process, London, 1946, S. 431.

[11] Bruckner, Pascal, The Tyranny of Guilt: An Essay on Western Masochism, translated by Steven Rendall, Princeton University Press, Princeton, 2010, P. 101.

[12] هەمان سەرچاوە، ل.٣٤.

[13] Scruton, Roger, Fools, Frauds and Firebrands: Thinkers of the New Left, Bloomsbury, London, 2015, P. 15.

[14] Nietzsche, Friedrich, Zur Genealogie der Moral: Eine Streitschrift, Werke, Bd. 3, Ullstein Verlag, München, 1981, S. 237.

[15] Nietzsche, Friedrich, Nachgelassene Fragmente, 1886/87, Kritische Studienausgabe, herausgegeben von Giorgio Colli und Mazzino Montinari, Bd. 12, Deutscher Taschenbuch Verlag de Gruyter, Berlin und New York, 1988, S. 60. 

بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر پۆستمۆدێرنیزم وەک جەنگێکی نیچەیی، بگەڕێنەوە بۆ بەرگی دووەمی کتێبەکەم، پێشڕەو محەمەد، سەما لەسەر گڕکان: نیچەییزم و سەرهەڵدانی بتەکان، مینێرڤا، سلێمانیی، ٢٠٢٢.

[16] Nietzsche, Friedrich, Jenseits von Gut und Böse: Vorspiel einer Philosophie der Zukunft, Werke, Bd. 3, Ullstein Verlag, München, 1981, S. 178

[17] بڕوانە:

Freud, Totem und Tabu, S. 107.

[18] بڕوانە:

Lukianoff, Greg and Haidt, Jonathan, The Coddling of the American Mind: How Good Intentions and Bad Ideas are setting up a Generation for Failure, Penguin Press, New York, 2018, P. 20.

[19] بڕوانە:

Scruton, Fools, Frauds and Firebrands, P. 160.

[20] بڕوانە:

Campbell, Bradley and Manning, Jason, The Rise of Victimhood Culture, PalgraveMacmillan, New York, 2018, P. 28.

[21] هەمان سەرچاوە، ل.١٣٦.

[22] Bruckner, Pasckal, Die Gesellschaft der Opfer: Porträt des Erniedrigten als Held, aus dem Französischen von Christoph Hesse, Edition Tiamat, Berlin, 2024, S. 15.

[23] هەمان سەرچاوە، ل.١١.

[24] هەمان سەرچاوە، ل.١٤.

[25] Marcuse, Herbert, Repressive Tolerance, in Robert Paul Wolff, Barrington Moore Jr and Herbert Marcuse, A Critique of Pure Tolerance, Beacon Press, Boston, 1969, P. 110.

[26] Poschardt, Ulf, Shitbürgertum, Klett-Cotta, Stuttgart, 2025.

[27] بڕوانە:

Bolz, Norbert, Der alte, weiße Mann: Sündenbock der Nation, Langen Müller Verlag, München, 2023.

[28] سەبارەت بە ڕاسیزمی بێ ڕاسیست بگەڕێنەوە بۆ:

Alexander Marguier Ben Krischke (hrsg.) Die Wokeness-Illusion: Wenn Political Correctness die Freiheit gefährdet, Hierax Medien, 2023.

[29] Murray, Douglas, The Madness of Crowds: Gender, Race and Identity, Bloomsbury, London, 2019, P. 107.

[30] Laclau, Ernesto and Mouffe, Chantal, Socialist strategy: Where next? Marxism Today, January 1981, P. 22.

[31] Farrell, Warren, The Myth of Male Power: Why Men are the Disposable Sex, Fourth Estate, London, 1993, P. 253.

[32] هەمان سەرچاوە، لل.٧٣-٨٥.

[33] Bolz, Der alte, weiße Mann, S. 148.

[34] Murray, The Madness of Crowds, P. 37.

[35] The Cass Review, Final Report (2024); Susanne Schröter, Der neue Kulturkampf . Herder, Berlin, 2023.

[36] Bruckner, The Tyranny of Guilt, P. 33.

[37] Bruckner, Die Gesellschaft der Opfer, S. 24.

[38] Bruckner, The Tyranny of Guilt, P. 2.

[39] Bruckner, The Tyranny of Guilt, P. 8.

[40] هەمان سەرچاوە، ل.١٠١.

[41] هەمان سەرچاوە، ل.٣٥-٣٦.

[42] Bruckner, Die Gesellschaft der Opfer, S. 76.

[43] Judith Butler: “October 7 was an act of armed resistance, https://www.youtube.com/watch?v=wFjYFonN3ZI

[44] بڕوانە:

Illouz, Eva, Der 8. Oktober, aus dem Französischen von Michael Adrian, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 2025.

[45] می توو بزووتنەوەی ئەو ژنانەیە کە باس لە ئەزموونی خۆیان لەگەڵ هاوبەشەکانی ژیانی پێشوویان دەکەن، بەشێوەیەکی ئاشکرا لە میدیا و شەقام و جیهانی ڕۆشنبیرییدا، تەنانەت فلیرتکردن و چاوباشقاڵییەکی سەردەمی هەرزەکاریی لە قوتابخانەشدا، دەتوانێت ژیانی پیاوێک لە تەمەنی گەورەییدا وێران بکات کاتێک هاوپۆلە کچەکەی ئەمڕۆ بابەتەکە بکاتەوە. می توو ئەنلێس یو ئا ئە جوو واتا «تۆی ژنی جوو لە دەرەوەی ئەم ڕەوتەیت» و بەکورتی، واتا ژنانی جوو مافی هەڵدانەوەی ئەو پرۆسەیەیان نییە، چونکە خۆیان بەشێکن لە کێشەکە.

[46] Taguieff, Pierre-André, Rising from the Muck: The New Anti-Semitism in Europe, IL Ivan R. Dee, Chicago, 2004, P. 53.

[47] بڕوانە:

Bergeaud-Blackler, Florence, Kalifat Nach Plan: Frerismus Und Seine Netzwerke in Europa, aus dem Französischen von Raphael Lauterbur, Schiler & Mücke Verlag, Berlin, 2025.

هەروەها بۆ گفتوگۆیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ بێژو-بلەکلێ، بە زمانی ئینگلیزیی، لەسەر هەمان پرس بڕوانە:

The Muslim Brotherhood’s Strategy in Europe – A zoom lecture by Dr. Florence Bergeaud-Blackler, November 13, 2025 https://www.youtube.com/watch?v=ygUZXQ1i1qc

[48] بۆ زانیاریی زیاتر بگەڕێنەوە:

Lukianoff and Haidt, The Coddling of the American Mind, Part II.

[49] بڕوانە:

Arendt, Hannah, The Origins of Totalitarianism, Penguin Classics, New York, 1971, ch. 13; “Thinking and Moral Considerations”.

[50] بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:

Mounk, The Identity Trap, Part IV; Neiman, Left Is Not Woke.

blank
دەربارەی نووسەر
پێشڕەو محەمەد
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە