بەم ڕستەیە دەست پێ دەکەم:
لە ڕوانگەی منەوە ــ هەتا ئێستا ــ ڤەژینبووکس ئابڕوومەند ــ معتبر ــ ترین فەرهەنگی کوردییە.
تا ئێرە خوێنەر وا دەزانێت من ڤەژینبووکس و ڤەژینلینکسم لێ تێکچووە! بەڵام وا نییە. لەبەر چاوی من ڤەژینبووکس لە ڤەژینلینکس و هەموو قامووسە کوردییەکانی تر دیکشنرییەکی باوەڕپێکراوترە.
لە فەلسەفەی زماندا دەگوترێت؛ مانای ڕاستەقینەی وشەکان لە بەکاربردن و لە کانتێکست و ڕستەکاندا دەر دەکەوێت. هەر لەبەر ئەم ڕاستییەیە کە لە فەرهەنگە زەنگینەکانی دونیادا کاتێک دەیانەوێت مانای وشەیەک دیاری بکەن وشەکە لە ڕستەیەک یان دەربڕینێکدا بەکار دەبەن و دیاری دەکەن کە فڵان وشە لە فیسار بەستێن و کانتێکستدا چ مانایەک دەدات.
لەگەڵ ئەوەی لە بڕێک لە فەرهەنگە کوردییەکاندا هەوڵ دراوە مانای وشەکان بەپێی بەستێن لێک بدرێتەوە، دەبینین لە بڕێک لەو فەرهەنگانەدا مانای وشەکە بە هەڵە لێک دراوەتەوە. سەیری ئەم نموونەیە بکەن کە لە فەرهەنگی ڕەنگی پازار هەڵم بژاردووە:
له لاپەڕی ۱۱۰۰دا ئەم دێڕە شیعرەی کامەران موکری هێنراوە؛
با هەزار و یەک هۆنراوەی ڕەنگاوڕەنگ
وەکوو کچی گۆشی نازی شۆخ و شەنگ.
گوایە ــ بەپێی تێگەیشتنی فەرهەنگنووس ــ لێرەدا وشەی ڕەنگاوڕەنگ وەک ڕەنگێک بەکار هاتووە. بەڵام لێرەدا وشەی ڕەنگاوڕەنگ پەیوەندی بە ڕەنگەوە نییە بەڵکوو مانای فرەچەشن ــ متنوع ــ دەدات.

بەم دوو پێشەکییەوە دەتوانیت لە گرنگی ڤەژینبووکس تێ بگەیت. ڤەژینبووکس ماڵپەڕێکە کە بەشێک لە ڕەسەنترین دەقە کوردییەکانی تێدایە. هەر کەسێک بیەوێت مانای ڕاستەقینەی وشەیەک لە بەستێنێکی تایبەتدا بدۆزێتەوە دەتوانێت بە گەڕان بۆ ئەو وشەیە لە ڤەژینبووکسدا دەیان نموونە بدۆزێتەوە. لەم ڕووەوە له ڕوانگەی منەوە ڤەژینبووکس فەرهەنگی دێهخودای کوردییە.
دامەزرێنەرانی ڤەژینبووکس ئەم ئامانجانەیان بۆ کارەیان داناوە:
ــ دروستکردنی کۆگایەکی دەق (corpus) لە بەرهەمی نووسەران و شاعیرانی کورد.
ــ کۆکردنەوەی زانیاریی زیادە (metadata) وەک شێوەزار، ڕێککەوت و … لەگەڵ دەقەکاندا.
ــ دیاریکردنی بەشە تایبەتەکانی نێو دەقەکان وەک تاگی زمان بیانی و تاگی ناوی تایبەت و …
ــ بەهێزکردن و بەرزکردنەوەی پلەی زمانی کوردی لە ناوەرۆکی سەر وێبدا.
ــ دابینکردنی پێگەیەکی ناوەندی بۆ بەژێدەرکردن و ئاماژەپێدان بە سەرچاوە مێژوویی و ئەدەبییەکانی کوردستان.
هەموو ئەو ئامانجانە بەرزن و ڤەژینبووکس هەموویانی پێکاوە. بەڵام لە ڕوانگەی منەوە ڤەژینبووکس بەم ژێرخانەی هەیەتی دەتوانێت ئامانجی گەورەتر و بەرزتر بپێکێت. ئامانجێک کە دەتوانم پێی بێژم؛ ئامانجی کردنی ڤەژینبووکس بە دێهخودای کوردی. ئامانجی کردنی ڤەژینبووکس بە باوەڕپێکراوترین قامووسی کوردی. قامووسێک کە بۆ هەر وشەیەکی کوردی دەیان نموونەی بەکاربردنی ئەو وشەیە بخاتە بەردەست.
ڤەژینبووکس بە گۆڕینێکی بچووکی ژێرخانەکەی لە ئاستێکی تردا دەتوانێت لەخۆگری مێژووی گەشە و گورانی زمانی نووسینی کوردی بێت. وای دابنێ ڤەژیبووکس لەخۆگری ڕەسەنترین و بایەخدارترین دەقە کوردییەکان بێت، دەقەکانیش بەپێی ڕێککەوت و کرۆنۆلۆژیا ڕیز کرا بن. لە کاتی گەڕان بۆ وشەیەکی کوردی نموونە دۆزراوەکان بەپێی مێژووی نووسینی دەقەکان ریز بکرێن، لەم حاڵەتەدا ئێمە تێ دەگەین فڵان وشەی کوردی سەرەتا لە کام دەقی کوردیدا تۆمار کراوە. بەمەش ئێمە دەتوانین مێژووی گەشە و گورانی زمانی کوردی بزانین.
ئەوەی بڕێک دەقە فەلسەفییەکانی دیبێت له گرنگیی مێژووی گەشە و گورانی زمان و وشە تێ دەگات. کە باسی بوتیقا دەکرێت دەگەیت بە پۆئتیک و لە پۆئتیکەوە دەڕۆیت تا دەگەیتە پۆئسیس(دروستکردن) لە زمانی یۆنانیدا.
لە باسی وشەی ئەقڵدا دەتبەنەوە بۆ وشەی عوقولی عەرەبی کە پەتێک بووە بۆ بەستنەوەی چوارپەلی وشتر.
هەزاران نموونەی وا هەیە کە گرنگیی مێژوو و گۆڕاوگۆڕ ــ تطور ــی وشە لە هزر و فەلسەفەدا نیشان دەدەن. مێژووی فەلسەفە هەر مێژووی دروستبوون و گۆڕانی وشەکانە.
ئەوەی ڤەژینبووکس لای من گەورە و بەرز دەکات ئەو ژێرخانەیە کە هەیەتی و دەتوانێت ببێت بە سەرچاوەیەکی باش بۆ زانینی مێژووی گۆڕان و گورانی زمانی نووسینی کوردی.
لەم ماوەیەدا کتێبی حەوتەوانەی دکتۆر سەلاحەدین خەدیو بڵاو بوویەوە.
ئەو کتێبە دووبارە گرنگیی بوونی سەرچاوەیەک بۆ زانینینی مێژووی وشەی کوردی دەر دەخات. دکتۆر خەدیو لەو کتێبەدا باسی کۆمەڵێک چەمک و وشە دەکات کە کەی و چۆن هاتنە ناو زمان و دونیای کوردەوە. وشەگەلی وەک گەل، نەتەوە، سەربەخۆیی، ئۆتۆنۆمی و هتد. بوونی ژێرخانێکی پتەوی وەک ڤەژینبووکس ئاسانکارییەکی گەورەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی هزر و زمان و وشەی کوردی.
خەسارناسیی ڤەژینبووکس
ئامانجی چوارەمی ڤەژینبووکس ئەمە بوو:
ــ دابینکردنی پێگەیەکی ناوەندی بۆ بەژێدەرکردن و ئاماژەپێدان بە سەرچاوە مێژوویی و ئەدەبییەکانی کوردستان.
من ئەم دەقەم نووسی چون ڤەژینبووکس بە ژێرخانێکی گەورەی فەرهەنگیی کورد دەزانم و حەز دەکەم بەڕێوەبەرانی پێداچوونەوەیەک بە کارەکەیاندا بکەن کە باشتر خزمەتی کوردی بکات.
سەرەڕای ئەوەی ڤەژینبووکس لەخۆگری بەشێکە لە ڕەسەنترین دەقەکە کوردییەکان، سەیرکردنی لیستی کتێبەکان نیشان دەدات ڤەژینبووکس خاوەنی پرۆگرامێکی تۆکمە نییە. بەشێکی بەرچاوی ئەو دەقانەی لە ڤەژینبووکسدا دانراون دەقی پلە سێ و پلە چواری کوردین، لە حاڵێکدا زۆرێک دەقی ڕەسەنتر و باوەڕپێکراوتر هەن کە دەبوو هەبن و نین.
بە ڕای من ئەوەی پێویستییەکی هەنووکەیییە بۆ ڤەژینبووکس دیاریکردنی بەرجەوەندێکی کارییە بە جۆرێک سەرەتا لیستێک لەو کتێبانەی دەبێ هەبن دیاری بکرێن و دواتر داوا بکرێت له بەشداربووان کارەکە ڕاپەڕێنن نەک ئەوەی کەسەکان بە دڵخوازی خۆیان دەق هەڵبژێرن.
پێشنیاری من بە هاوڕێیان ئەوەیە بەرجەوندێکی کاریی دیاری بکرێت. دەقەکان دەبێت بەپێی بنەماگەلێک کە بەڕێوەبەران دیاری دەکەن هەڵببژێردرێن. پێشنیاری من ئەوەیە لە هەڵبژاردنی دەقەکاندا چەند خاڵ ڕەچاو بکرێت:
ــ گرنگیی ئەدەبی؛ دەبێ ئەو دەقانەی خاوەنی گرنگییەکی ئەدەبین هەڵببژێردرێن. لەم بابەتەدا نابێت تەنیا گرنگی بە دەقی زۆر کۆن بدرێت. زۆر دەقی نزیکی ئەدەبی هەن دەکرێت بە ڕەزامەندی خاوەنەکانیان کە هێشتا زیندوون دابنێرێن. وەک شیعرەکانی عەبدووڵڵا پەشێو، مودریک کەریمی، سەعید عبادەتیان یان ڕۆمانەکانی محەممەد ئوزوون، فەرهاد پیرباڵ، شارام قەوامی، چیرۆکەکانی عەلی غوڵامعەلی و حەمەفەریق حەسەن.
ــ گرنگی زمانی؛ دەبێ ئەو دەقانەی لە مێژووی زمانی کوردیدا گرنگیان هەیە دابنرێن. بۆ ئەم مەبەستە دەکرێت ڕۆژنامە و گۆڤار کوردییە کۆنەکان بە ڕێنووسی ڤەژینبووکس تایپ بکرێنەوە و دابنرێن. ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، بە تایبەت ئەوانەی نێوان ۱۹۴۰ تا ۱۹٨۰ بە وردی مێژووی گۆڕانی کوردی و دروستبوونی کوردیی نوێ و کوردیی نووسین نیشان دەدەن. لێرەدا گرنگی گۆڤارەکان لە کتێبەکان فرەترە. چون زۆربەی وشە دروستکراو و نوێیەکان کەسانێک دروستیان کردووە کە ڕەنگە قەد نووسینیان بە شێوەی کتێب بڵاو نەکردبێتەوە.
ئەگەر ڤەژینبووکس بتوانێت گۆڤار و ڕۆژنامە کۆنە گرنگەکان بە ڕێنووسی ئەمڕۆ دابنێت؛ کاری لێکۆڵەران بۆ کۆڵینەوە لە وشەی کوردی ــ تۆ بیخوێنەرەوە بیرکردنەوەی کورد بە کوردی ــ ئاسانتر دەبێت.
باسی یەک نموونە دەکەم. وای دابنێ کەسێک بیەوێت بزانێت یەکەم نووسەران و بیرمەندانی کورد کە باسی استثمار ــ بە فارسی ــ یان exploitation ــ بە ئینگلیزی ــ یان کردووە چ هاوتایەکی کوردییان بۆ داناوە. بە گەڕان لە ڤەژینبووکسدا بۆ وشەی چەوسانەوە دەگەین بە دەقێکی حەسەن قزڵجی لە کتێبی ” کۆبەرهەمی حەسەن قزڵجی”. پاراگرافێک لەو کتێبە ببینن:
سەرمایەداری ڕژێمێکە بناغەی لەسەر چەوسانەوە و ڕەنجخۆری کاری کرێگرتەیە لە لایەن سەرمایەدارەکانەوە. چەوسانەوە و ڕەنجخۆری یاخود سوود لێکێشانەوە ئەوەیە سەرمایەدارەکان ئەو نرخە زیادەیە بۆ خۆیان هەڵئەگرن کە کارگەر بە ڕەنجی شان و کاری خۆی پەیدای ئەکات.
لەم نموونەیەدا یەکێک لەو یەکەم کوردانەی ویستوویە بە کوردی لەسەر چەوسانەوه بنووسێت؛ سێ هاوتای بۆ ئەو چەمکە داناوە؛ ڕەنجخۆری، چەوسانەوە، سوودلێکێشانەوە. ئەگەر بمانەوێت بزانین نووسەران و بیرمەندانی کوردینووس سەرەتا چەمکەکانیان چۆن کردووە بە کوردی؛ دەبێت سەیری ڕۆژنامە و گۆڤارە کۆنەکان بکەین. ئەگەر ڤەژینبووکس بتوانێت ڕۆژنامە و گۆڤارە کۆنەکان لە خۆی بگرێت، گەڕان و کۆڵینەوە لە بیرکردنەوەی کورد ــ بە کوردی ــ ئاسانتر دەبێت.
بێجگە گۆڤار و ڕۆژنامە کۆنەکان کە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی کوردین، دەکرێت کتێبی نووسەرانێک دابنێرێت کە زمانی نووسینیان کوردییەکی ڕێک و پێکترە. وەک کتێبەکانی مەسعوود محەممەد، جەمال نەبەز، حەمەسەعید حەسەن، شێرزاد حەسەن، فرات جەوەری، عەبدوڵڵا پەشێو، فەرهاد پیرباڵ.
ــ گرنگی شێوەزارەکی؛ خەسارێکی گەورە ئەوەیە دەقەکان بە شێوەی لارەسەنگ بە سەر ناوچە و شێوەزارەکاندا دابەش بوون. ڕوونە کە ناوچە و شێوەزارەکان له ڕووی ژمارەی دەقی ئەدەبییەوە هاوسەنگ نین. بڕێک ناوچە و شێوەزار دەقیان زۆرترە، سەرەڕای ئەمەش ڕێژەیەکی بەرچاوی دەقی پلە چەندم لە ناوچە و بنزارێکی دیاری کراوە دانراوە لە حاڵێکدا بڕێک ناوچە یەک دەقیان لێ دانەنراوە. ئەم خەسارە وا دەکات زۆرێک وشەی کوردی هەن کە لە ڤەژینبووکسدا یەک نموونەشیان لێ نادۆزرێتەوە، چون لە ناوچەیەک بەکار دەبردرێن کە دەقی لە ڤەژینبووکسدا نییە. بۆ ئەم مەبەستە باشترە ڤەژیبووکس ڕێژەیەکی کۆتا بۆ ناوچە و شارە جیاوازەکان دابنێت تا بە جۆرێک ڤەژینبووکس هەموو وشەی کوردی لهخۆ بگرێت.
با نموونەیەک بهێنمەوە. لە ڤەژینبووکسدا ئەگەر بە شوێن وشەی “جوایەز” ــ جیاواز بە بنزاری دەوروبەری هەولێر ــ دا بگەڕێیت؛ ۳ نموونە دەهێنێت کە هی شاعیرێکە بە ناوی ڕاجی. بەڵام ئەگەر بە شوێن وشەی “جیاواز”دا بگەڕێیت ۲۰۷ جار دەدۆزرێتەوە. لێرەدا دەبینی دیوانی ڕاجی چون هی ناوچەیەکی جیاوازترە ڤەژینبووکسی له ڕووی چەشناوچەشنی شێوەزارەییەوە دەوڵەمەند کردووە.
لە کۆتاییدا بە ڕاوێژی کابرا کە گوتی “شێخە گیان تۆ خۆ دوعاکە دەکەی با کوڕ بێت” بە ستافی دڵسۆزی ڤەژینبووکس دەڵێم؛ ئێوە کە زەحمەتەکە دەکێشن، خۆزگە بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەتر بیکەن. حەیفە هێشتا سەدان بەهەمی پلە یەکی کوردی لە ڤەژینبووکسدا دانەنراوە کەچی ڕێژەیەکی بەرچاو بەرهەم لە ڤەژینبووکسدا دانراوە کە لە هیچ ڕوویەکەوە گرنگییان نییە. نە لە ڕووی ئەدەبییەوە، نە لە ڕووی زمانییەوە، نە لە ڕووی مێژوویییەوە، نە لە ڕووی شێوەزارییەوە.