چیرۆکی خۆشەویستیم بۆ کوندەبوو لە کارتۆنێکی منداڵییەوە سەرچاوەی دەگرت. هاوڕێیەکی ژیر، بوێر و وەفادار بۆ «بەنێر»ی بچووک، کە لە یەکەم ناسینیاندا هاتبوو سەمۆرەکان ڕاو بکات، بەڵام ئازایەتیی بەنێر دەستەمۆی کردبوو و ببوونە هاوڕێی یەکدی. لە چاوەکانی منداڵیمدا، کوندەبوو هێمای زانایی، وەفا و ئەمەگ بوو. بۆ من، کوندەبوو هاوڕێی میهرەبانی ناو چیرۆکەکان بوو، چی دیکە گرنگ نەبوو بیر و بڕوای باوی ناوچەکەم ناوی نابوو «نەهامەتی و شوومی و وێرانی». ناوێک کە تەنانەت مامۆستا هێمنیش لە شیعرێکدا ئاماژەی پێکردبوو:
“کورد مەگەر کوندە کە هەر وێرانە بێ هێلانەکەی؟
نیشتمانی ئاوەدانی جوانی ڕەنگینم دەوێ”
بەڵام ڕۆژێک، واقیع و خەیاڵ بەیەک گەیشتن. براکەم کە خولیای ئاژەڵان بوو، کوندەبوویەکی باڵقرتاوی هێنایەوە ماڵەوە. سەرەڕای ناڕەزایەتی و بۆڵەبۆڵی دایکم و خزم و کەس، هێنامانە داوێنی بنەماڵەکەمان.
بۆ یەکەم جار کە لە نزیکەوە دیتم، سەرسام بووم بە چاوە زیت و خڕەکانی، بە هەڵسووڕانی خێرای سەری و دەنگە سەیرەکەی لە نیوەشەودا؛ لە ناو حەوشەیەکدا کە بە هەوڵی باوەگەورەم، پارچەیەک بوو لە بەهەشت؛ پڕ لە تامی میوەی تازە و بۆنی سەوزە تەڕەکانی پێش ژەمی نانخواردن.
ئەو رۆژەی کە کوندەبووەکەمان ڕاگرت، شەو لەو سەعات دە و شتەدا بوو کە دەنگی دەرگا هات. سێ میوانی نەناسراو لە ورمێوە ناوونیشانی ماڵی ئێمەیان گرتبووە بەر کە دوایی زانیم یەکیان ناوی دیلانە. ماڵی ئێمە، بە هۆی کراوەیی و میوانپەروەریی باوکمەوە، هەمیشە ئاوەدان و ئاوەڵا بوو. دایکم بە پەلە هێلکەوڕۆنێکی بۆ ئامادە کردن. دوای نان و چایی خواردن و قسەکردن، ئێمە چووینە ژوورەکەی دیکە و خەوتین.
بەیانی کە لە قۆتابخانە هاتینەوە ئەوان ڕۆیشتبوون و شەوی دواتر گەڕانەوە. لەو سەردەمەدا تازە کەناڵی «میدیا تیڤی» دانرابوو و خەڵک زۆر پێی دڵخۆش بوون دەچوویتە هەر ماڵێک لە سەر ئەو کەناڵە بوو. لە یادمە ئەو ساتەیش لە شاشەکەوە گەنجان بە جلی کوردییەوە چەشنە هەڵپەڕکێیەکی نوێیان دەکرد، هێندە بە لای ئێمەوە جوان و تازە بوو کە لە قوتابخانە لەگەڵ هاوڕێکانمان لە خودامان دەخواست کە کاتی بێکاریمان هەبێت یان دانەیەک لە مامۆستاکانمان نەخۆش کەوی و نەیێتەوە و ئێمە کاتی ئەوەمان هەبێ کە ڕاهێنانی ئەو شێوازە هەڵپەڕینە بکەین.
ئەمجارە دیلان و هاوڕێکانی چەن کتێب و و شریتی ڤیدیۆییان بۆ باوکم هێنابوو تا ڕای خۆی لەسەریان بدات و سەرقاڵی قسەکردن بوون. بۆ تاوێ دیلان ئەوانی بەجێهێشت و هات بۆ لای من و براکەم و باسی ڕێبەرایەتی و ڕێنمایییەکانی دەکرد؛ باسی سیاسەت و دزەکردنە ناو داگیرکەرانی کرد بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەزنەکان. هەوڵی دەدا برا بچووکەکەشم کە خولیای ئۆتۆمبێل و لێخوڕین و چەک بوو، هان بدات… ئێمەیش بە زەوقەوە گوێمان لێ دەگرت… چ کەیف خۆشبووین بە قسەکانی.
بەڵام لە سێیەم هاتنەوەیاندا شتێک لە دڵمدا شکا. ئەو شەوە لە کاتێکدا من و براکەم خەریکی دەرس و دەور بووین، دیلان ڕووی تێکردم و بە ئارامی گوتی:
لە قوتابخانە ببە بە بەسیج! لە مۆدیر و مامۆستا پەروەرشییەکەت نزیک ببەوە و نێوانت لەگەڵیان خۆش بکە .
هەستم کرد کەسێک بە یەکجارە هەناسەی لێ بڕیم. لە منداڵییەوە فێر کرابووم نابێ خەیانەت لە گەل و نەتەوە بکرێ. بێ ئەوەی بیر بکەمەوە، گوتم:
“من قەت نابمە جاش. “
ئەو بە ئارامی وەڵامی دامەوە و هەوڵی دا ڕازیـم بکات کە ئەوە سیاسەتە، نە خەیانەت.
هەستێکی ناخۆشم هەبوو. منێک کە لە قوتابخانەدا بە هۆی ئامادەنەبوونم لە ڕێپێوانەکاندا سزا درابووم، مامۆستای ڕاهێنەر لە ڕیزدا و بە بەرچاوی هاوڕێکانمدا لێی دابووم و بانگهێشتی ئیدارە کرابووم، ئێستا دەیانویست بە دەستی خۆم بچمە ناو ئەو بازنەیەوە! قسەکانی بۆ من قیزەون و نامۆ بوون.
دیلان هێشتا بە هێمنی قسەی دەکرد، بەڵام من لە هیچ وشەیەکی تێنەدەگەیشتم. هەموو گوێم بۆ دەنگی دڵی خۆم بوو. ئەو دڵەی کە پێی دەگوتم شتێک لێرەدا هەڵەیە.
لە دەرەوە، کوندەبووەکەم لە ناو قەفەزەکەی لەسەر لێواری باخچەکە دانیشتبوو. هەندێک جار سەری دەسووڕاند و بە چاوە زیتەکانی لە ژوورەکەی دەڕوانی. هەستم دەکرد ئەویش گوێی لە باسەکانە.
دیلان بەردەوام بوو:
“هەندێک جار بۆ گەیشتن بە ئامانج، پێویستە لە شوێنێک بیت کە کەس چاوەڕوانی ئەوەت لێ ناکات. ئەوە خەیانەت نییە، زیرەکییە. “
چاوم لە باوکم کرد لە ژوورەکەی دیکە لەگەڵ هاوڕێکانی دیلان گفتوگۆی دەکرد، هاتم بچم بۆ لای و بڵێم ئەشا دیلان چی دەڵێت بەڵام ئەویش لە ناوچاویدا هێڵێکی گرژ و تووڕە دیار بوو هەستم کرد کە ئەویش لە وتووێژەکانیان تووڕە و بێزارە.
کوندەبووەکەم لە قەفەزەکەی دەرهێنا و لە باوشم کرد دەستم بە سەری نەرم و بچووکەکەیدا هێنا و ماچم کرد و بە ئەسپایی لە بن گوێیدا چرپاندم: بە ڕای من… ئەم کەسانە نەهامەتی و خەسار لەگەڵ خۆیان دێنن، نە تۆی چاوزیتی خڕ…
ئەو شەوە تا درەنگان خەوم لێ نەکەوت. کوندەبووەکەم لە قەفەزە دارینەکەی بە خەبەر بوو جار جاریش دەنگێکی لێوە دەهات، چاوەکانم دەکردەوە و سەیرم دەکرد. لە تاریکی ژوورەکەدا تەنها بیرم لە یەک پرسیار دەکردەوە: ئایا هەموو ئەوانەی بە ناوی ڕزگاری خەبات دەکەن، هەمان شتیان دەوێت؟
بەیانی، کاتێک تیشکی هەتاو هێواش هێواش لە نێوان گەڵای دارەکاندا دەهاتە ژوورەوە، میوانەکانمان ئامادەی ڕۆیشتن بوون. دیلان پێش ئەوەی لە دەرگاکە بچێتە دەرەوە، وەستا، ڕووی لێکردم و بە زەردەخەنەیەک گوتی: »ڕۆژێک، مانای قسەکانم دەزانیت». رۆیشتن و ئیتر نەگەڕانەوە.
حەفتە دوای حەفتە، کوندەبووە چاوخڕەکەمان لەژێر سێبەری میهرەبانیی بنەماڵەکەماندا پەڕ و باڵەکانی گەشەیان کردەوە، برینەکانی سارێژ ببوون و تەندروستی گەڕابووەوە. ڕاهاتبوو لەسەر شانی من و براکەم بنیشێتەوە؛ بە هەڵچەرخاندنی سەری و بە نیگایەکی پڕ لە زانایی و دەنگە سەیرەکەی ببوە هاوڕێی نوێمان.
بەڵام ئێمە دەمانزانی کە شوێنی ئاسایی ئەم باڵندە زانایە، بەندی حەوشەیەک یان لێواری پەنجەرەیەک نییە؛ شوێنی ئەو دەوەن و لێڕەوار و دارستانە.
ڕۆژێکی هەینی، لە بەیانییەکی زوودا کە نمە نمەی باران لەسەر گەڵای دارەکانی باخچەکە نیشتبوو و هەوا پڕ بوو لە بۆنی خۆڵی تەڕ، من و باوکم و براکەم کوندەبووەکەمان برد بۆ بەرزاییی گردەکەی پشتی ماڵمان. تیشکی زێڕینی خۆر تازە لە پشتی چیاکانەوە سەری دەرهێنابوو.
دەستم بە پەڕە نەرمەکانی پشتی هێنا، ناوچاوانیم ماچ کرد و بە گوێچکەکانیدا چرپاندم:
_ بۆ کوێ دەفڕیت بفڕە، بەڵام هەمیشە وەک کوندەبووەکەی “بەنێر” زانا و وەفادار بمێنەوە… لە هیچ شوێنێکیش هێمای وێرانی مەبە.
براکەم بە هێوری هەڵیدا بەرەو ئاسمان. کوندەبووەکە بۆ ساتێک سەری هەڵسووڕاند، چاوە زەقەکانی لێمان بڕی؛ نیگایەک کە تژی لە سپاس و ماڵئاوایییەکی بێدەنگ بوو. دواتر بە باڵەکانی، کە ئیتر تەواو چاک ببوونەوە، لە شەقەی باڵی دا و ڕووە و ئاسمان فڕی.
من و براکەم تا ئەو جێگەیەی چاومان بڕی کرد، تەماشای فڕینەکەیمان کرد.
ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە کە لە وێنەیەک، لاپەڕەیەک، کارتۆنێکدا کوندەبوویەک دەبینم لە بەر خۆمەوە دەڵێم هەندێک دۆستی، لە یەک چرکەدا، دەبنە یەکێک لە گەورەترین تاقیکردنەوەکانی ژیان، هەروەها هیچ بیرۆکەیەک نابێت ئازادیی بیرکردنەوە لە مرۆڤ بستێنێت.