ژنەفتن ژنەفتن
وتار و بۆچوون

کۆماری پیاوانی تۆبەکار

دەربارەی پیاوەتی، گوناه و سیاسەتی قوربانییبوون

سێرکی سەر چیمەنەکە و سەدەیەک لە پشتییەوە

سێرکێک لەسەر چەشن و شێوەی قەفەس لەنێو چیمەنی بەردەم کۆشک بونیاد دەنرێت، وەک باڵەخانەیەکی زەبەلاح قیت دەکرێتەوە. لەسەروبەندی هەشتاساڵەی لەدایکبوونی ئیمپراتۆردا، سێ یەکی کۆشکی ئیمپراتۆری لە وێرانە دەچێت، لە کاتێکدا سێ بەشەکەی دیکەی گۆڕدراوە و کراوە بە سێرکێکی سەرسوڕهێنەر. لەسەر چیمەنەکەی بەردەم کۆشک، قەفەسێکی ئاسنیی زەبەلاح بەرز کراوەتەوە، لەو شوێنەی وا دانراوە گلادیاتۆرەکان ڕووبەڕووی یەک ببنەوە، ئامادەبووانیش فیکە لێ بدەن و ئیمپراتۆر خۆشحاڵ بکەن. ئیمپراتۆر هێشتا دەوڵەمەند، خاوەن سامانە و جیهان لێی دەترسن، بەڵام لە ژێرپێی و لە بناغەی ئیمپراتۆرییەکەیدا کۆمەڵێک درز دەرکەوتوون. لەگەڵ هەر گەورەبوونێکی درز و قڵشەکاندا هێشتا کات بۆ خۆشحاڵی و سەرقاڵکردن هەیە: ئیمپراتۆر بەڵێنی دابوو گەورەترین نمایشی سەدە بئافرێنێت کە تا ئێستا مێژوو بەخۆیەوە نەبینیوە. هەندێک لەوانەی حەزیان دەکرد سەرقاڵ بن، نەهاتبوون، ئەمەش زۆر گرنگ نەبوو. بۆچی ئەستێرەیەک بانگهێشت بکرێت لە کاتێکدا ئیمپراتۆر ئەستێرەی هەرە پڕشنگداری نێو ئەستێران خۆیەتی؟ و بەم جۆرە ئیمپراتۆر مەزنایەتیی هەرمان و ئەبەدیی خۆی لە نەریتیترین شێوە و مۆدێلی ڕۆمانیدا نمایش دەکات: خوێن، نان، و قەفەسێکی زەبەلاح و قەیسەریش زەق زەق لە گلادیاتۆرەکان ڕاماوە شەڕ دەکەن و پێکدا دەدەن و بەهێواشی دەکەونە سەر زەوی. ڕەنگە لێرەدا خەیاڵی خوێنەر بۆ ڕۆمای کۆن، بۆ لای گایوس ژولیوس سیزار، ئیمپراتۆری ڕۆمانی بفڕێت. بەڵام چی دەبێت ئەگەر بۆی دەرکەوێت ئەوەی باسی دەکەم، نە ڕۆمانێکی خەیاڵییە، نە سیزاری ڕۆمانیشە، بەڵکوو جەژنی نمایشیی لەدایکبوونی دۆناڵد ترەمپە کە دەبێتە ٨٠ ساڵ لەبەردەم کۆشکی سپیدا؟ بەڵێ، ئیمپراتۆرە ڕۆمانییەکان، بەتایبەت لە کۆتایییەکانی سەردەمی هەژموونی ڕۆمادا، ئەم جۆرە جەژنانەیان دەگێڕا. هەژموونی سەدەی ئەمریکییش وا دەردەکەوێت ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو نەمان و لاوازی بڕوات. کەسیش هێندەی ترەمپ زیانی بەم هەژموونە نەگەیاندووە. لە ڕاستیدا ئەم ڕووداوە بە فراوانی لەلایەن گوتاری دژە-ئەمریکییەوە، وەک کۆتاییی سەردەمی ئەمریکی و داڕمان و ئاوابوونی ئیمپراتۆریای ئەمریکی لێکدراوەتەوە. بەڵام با بپرسین هەر بەڕاستی ئەم زلهێزە بەرەو کەوتنە، یان لەوەی پێی دەگوترێت «ستراتیژی مەزنی ئەمریکی» (American Grand Strategy) گۆڕانکاری بەپێی سەردەمەکان ڕوو دەدات؟ هەرکەسێک بەوردی ئاگاداری ستراتیژی ئەمریکی بێت، دەزانێت خودی ئەم ڕووداوانە زۆربەی جار بەشێکن لە گەمەی ئەم ستراتیژییە و گرێدانەوەی دونیا بە تۆڕی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاوە، خۆی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی شتێک نییە، لانی کەم لە ئێستادا، بە ناوی داڕمانی هەژموونی ئەمریکی و ئەمەش بابەتێکە و لێرەدا جێی نابێتەوە هەڵوەستەی لەسەر بکەین.

بەنزیکەیی چوار لەنێو پێنج کەسی هەواداران و شەیدایانی ئەم سێرکەی لەدایکبوونی ترەمپ، پیاوانی لاون. بەپێی زۆرێک لەو چاوپێکەوتن و لێکۆڵینەوانەی ئەنجام دراون، ئەم لاوانە ڕادیکاڵن و سەر بە کرۆکی ڕەقی ڕاستڕەوی ئەمریکین. ئەمەش دەبێتە هۆیەک لەلایەن گوتاری دژە-ئەمریکییەوە، وەک «قەیرانی پیاوێتی» بخوێنرێتەوە. هەندێکجار لە توێژی ژێرەوەی لیبراڵ دیموکراسییەکاندا و بە ناوێکی دیاریکراو، ئەمڕۆ لێرە و لەوێ، جاران بە دەنگێکی نزمتر، ئێستا بە دەنگێکی بەرزتر، باسی «قەیرانی پیاوەتی» (crisis of masculinity) دەکرێت و بۆ نموونە لاوانی توندڕەوی دژە-ژنی ناو بەشێکی بزووتنەوەی ترەمپیزمیش وەک نیشانەی نەخۆشیی ئەم قەیرانە سەیر دەکرێت. پرسیارێکی زۆر بنچینەیی ئەوەیە: هەر لە بنەڕەتدا شتێک هەیە بەناوی قەیرانی پیاوەتی؟ یاخود ئێمە بەر جۆرێک لە دەرهاوێژیی قەیرانێکی قووڵتر دەکەوین کە ناوی قەیرانی پیاوەتی لێنراوە؟

پێش هەر شتێک نامەوێت ئەم نووسینە بە دروشم دەست پێ بکات، چارەسەری «قەیران» لە ڕێگەی دروشمەوە بکات، چ دروشمی ئاهوناڵە و چ دروشمی تۆمەتبارکردن بێت، ئەوەی بە دروشم بڕیار لەسەر پرسەکان دەکات، بیریان لێ ناکاتەوە، بەڵام لە بارەیانەوە دەدوێت. بەڵام ئەگەر وردتر سەیری ڕووداوەکانی ئەمڕۆ، جووڵە و چالاکی و لێدوانەکان بکەین، دروشمی ئاهوناڵین و دروشمی تۆمەتبارکردن/مۆرکلێدان لە ڕاستیدا بوونەتە ژانر و ڕەوتێکی نوێی بینین، بیرکردنەوە و تەنانەت بڕیاردانی سیاسیش و ژانریش دەیەوێت لێرەدا وەک بیرۆکەیەکی نوێ دەست پێ بکات، بەڵام زوو دەبێتە شتێک کە مەحاڵە بیری لێ بکرێتەوە. لەبەر ئەوە بابەتەکەی خۆم لێرەدا سنووردار دەکەم و پێم وایە ئەم سنووردارکردنەش، بەبێ پەلهاویشتن بۆ زۆر شوێن، فێرکەرانە بێت: ئەو شێوازی فیمینیزمە باڵادەستەی ئەمڕۆ، کە لە ڕووی دامەزراوەیییەوە ناوچەیەکی گەورەی دڵنیابەخسی بەدەست هێناوە و لەڕووی ئەخلاقیشەوە تەواو متمانەی بەخۆی پەیدا کردووە و دڵنیابووەتەوە، بە شوێنێک گەیشتووە پیاوان وەک کێشەیەکی ئەخلاقی دەبینێت و ئەو ڕەفتارەش شتێک وێران دەکات و لەناو دەبات کە کۆمەڵگەیەکی ئازاد ناتوانێت لەدەرەوەی ئەو شتە بژیت، واتا دیالۆگ، هونەر، هێنانەوەی ئەرگومێنت و توانای ئەوەی لە مەیدانی گشتیدا دان بەوەدا بنێیت هەڵەیت. ڕەخنەگرترن لەم مۆدێلەی فیمینیزم ئێجگار گرنگە، بەڵام پێش ئەوە دەبێت بگوترێت فیمینیزمی ئەمڕۆ وازی لە چ شتێکی بنەڕەتیی فیمینیزم هێناوە و بۆچی بە ئێرە گەیشتووە. بۆیە لەگەڵ ئەم پرسە دەڕۆمە پێشەوە.

ڕیچارد داڤید پرێشت، فەیلەسووفی هاوچەرخی ئەڵمانی، لە کتێبەکەیدا بەناوی ئیفلیجبوون بەهۆی ترسەوە: بۆچی ئازادیی بیروڕا دەکەوێت (٢٠٢٥) باس لە فیمینیزمی یەکسانی (Gleichheitsfeminismus) دەکات، کە لە دەیەی ١٩٧٠دا ئەرکی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە هەم میانەڕەو و هەم ڕادیکاڵ بێت لە داواکارییەکانیدا بە یەکجار: داواکاریی بۆ نەهێشتن و هەڵگرتنی نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان زۆر مەزنتر بوو لە داواکاریی ئەمڕۆی فیمینیستەکان. ئەوکات فیمینیزم نەیدەگوت من بەبێ جێندەر لەدایک دەبم، کۆمەڵگە و بەها کولتوورییەکان دەمکەن بە کچ، بە کوڕ، بە ژن، بە پیاو. کەس ناتوانێت دژی ئەوە بێت لەڕووی بایۆلۆژییەوە بە ژن، بە پیاو، بە ڕەش، بە سپی، بە سوور، لەدایک ببێت. ئەم فیمینیزمە دەیگوت جیاوازی لە ڕەگەزی بایۆلۆژی، ڕەنگ، و ڕەفتاری مرۆییدا هەیە، بەڵام نابێت ئەم جیاوازییانە ببنە هۆی مامەڵەی نایەکسان لەگەڵ مرۆڤەکاندا.[1] ئەم فیمینیزمە لە ڕاستییدا سەر بە چەپ بوو. باوەڕی بە گەردوونگەراییەکی ئەخلاقی هەبوو، داوای کرێی یەکسانی بەرانبەر کاری یەکسان دەکرد، ڕەفتار و مامەڵەی یەکسان لە شوێنی کاردا و کۆتاییهێنان بە جیاکاری و هەڵاواردنی ڕەگەزی کە لەو ڕۆژگارەدا بابەتێکی ڕۆژانەیی بوو و داوای دەکرد کچانیش هەمان ئەو دەرفەتانەیان پێ بدرێت بە کوڕان دراوە. ئێمە لە فەلسەفەی ئەمانوێل کانت-دا بەر ئەو ڕوانگە و بەها ئەخلاقییە دەکەوین دەڵێت بڕیاری ئەخلاقیی دەبێت سەربەخۆ بێت لە ڕووداوەکانی سروشت، ئەگەر سادەی بکەینەوە، واتا ڕووداوێکی سروشتی و بایۆلۆژی وەک لەدایکبوونی جێندەری: وەک کچ، وەک کوڕ، نابێت ببێتە هۆی مامەڵەی جیاوازیی ئەخلاقی لە ڕەفتاری مرۆییدا بەرانبەر بە جیاوازیی ڕەگەزی بایۆلۆژی و لە فەلسەفەی هێگل-یشدا ئێمە بەر ڕەهەندێکی دیکەی ئەم بابەتە دەکەوین: خود-وشیاری تەنها ئەو کاتە بوونی هەیە ئەگەر لەلایەن خود-وشیارییەکی دیکەی جیاوازەوە دانی پێدا بنرێت، واتا خواستی ئەوەی نیوەی مرۆڤایەتی (ژن) لەلایەن نیوەکەی دیکەوە (پیاو) بە فەرمی و یەکسان بناسرێت، ئەمەش خەبات لەپێناوی دانپیانان لەنێو توێژە جیاوازەکاندا دروست دەکات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، جیاوازیی ڕەگەزی بایۆلۆژیی بەردەوام جیاوازیی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و کولتووری هێشتووەتەوە. و بڕێکیش لەو جیاوازییانە لە بەرژەوەندیی هەردوو ڕەگەزەکەدا بوون تا بتوانن زیاتر خەبات بۆ یەکسانی ببەنە پێشەوە.

لەم ڕووەوە دەتوانین باس لە یەکسانیی یاسایی بکەین، ئەو خەباتە دوور و درێژەی هەبووە، لە لیبراڵ دیموکراسییەکاندا ڕێگەیەکی دوور و درێژ و دەیان ساڵ بگرە، دوو بۆ سێ سەد ساڵ درێژەی کێشاوە تا ئەم فۆرمە چەسپاوە یاسایی و پاشان کولتوورییەی وەرگرتووە. هەم ڕەهەندی یاسایی و هەم ڕەهەندی کولتووری. با نموونەیەکی هاوچەرخ بهێنینەوە: ئەگەر لە ڕابردوودا ژنان ئەرکی ماڵەوەیان پێ سپێردرابێت، ئێستا ئەو ڕۆڵانە گۆڕانی بنچینەیییان بەسەردا هاتووە؛ باوکان ئەمڕۆ دووجار زیاتر لە پەنجا ساڵی ڕابردوو ئەرکە خێزانییەکان ئەنجام دەدەن؛ درزی کرێ و مووچە لەنێوان ژنان و پیاوانی سەر بە هەمان ئاستی لێهاتوویی و شارەزایی، کە لە ئەڵمانیا سەدا شەشە، لە بریتانیا بە بەرژەوەندیی ژنان شکاوەتەوە؛ لە ئەمریکا ژنان یان هێندەی مێردەکانیان یاخود زیاتر مووچە وەردەگرن، لە کوردستان مووچەی ژنەکارمەندێکی زانکۆی سلێمانی هاوشێوەی مووچەی کوڕەکارمەندێکی هەمان زانکۆیە بە هەمان پلەی خوێندن و ساڵی دامەزراندن، لەگەڵ ئەوەشدا کە بەهۆی هەندێک پێداویستیی سروشتی و بایۆلۆژیی جەستەیییەوە، ژنان کەمتر لە پیاوان کار دەکەن. بەڵام هیچ یەکێک لەو شتانەش ئەو نادادپەروەرییانە لەناو نابات کە ئەمڕۆ ماونەتەوە و هیچ ڕۆشنبیر، تیۆریزەکار و بیرمەندێکی ڕاستگۆ نابێت بانگەشەیەکی وەها بکات. بەڵام کێشەیەکی دیکە لە کێوە دەست پێ دەکات؟

کچێک پێی گوترا: تۆ تایبەتتری

ئەو فیمینیزمەی ئەمڕۆ باڵادەستە، جۆرێکی دیکەیە. لەو شوێنەی فیمینیزمی یەکسانی دەیگوت ڕەگەزی بایۆلۆژی نابێت لە مامەڵەکردندا بابەتی سەرەکی بێت، فیمینیزمی جیاوازی (Differenzfeminismus) دەڵێت جیاوازیی بایۆلۆژویی بۆ ئەبەد گرنگە و دەبێت بمێنێتەوە: تۆ گرنگ و تایبەتیت، چونکە تۆ ژنیت. فیمینیزمی کۆنی چەپ لە سەرووی هەموویەوە دەیویست نایەکسانییە ئابوورییەکان هەڵبگرێت و لێرەوە ڕێگە بۆ هەڵگرتنی نایەکسانییە سیاسی و کولتوورییەکانیش خۆش بکات؛ فیمینیزمی زۆرینەی نوێ سەر بەو شتەیە کە ئەندریاس ڕێکڤیتز پێی دەڵێت سەرمایەداریی کولتووری، ئابوورییەکی تاقانەیییەکان تێیدا ڕەسەنایەتی، نمایش و پێرفۆرمانس و تاقانەبوون ئەو شت و مەیل و ئاراستانەن تێیاندا کەسێک بەها وەردەگرێت.[2] بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ڕەگەزی بایۆلۆژیی تایبەت بیت، دەبێت بتوانیت بەشێوەیەکی جیاواز و تایبەتیش نمایشی بکەیت، دەبێت خاوەن تاقانەیی و تایبەتبوونێک بیت کە لە خودی ڕەگەزە بایۆلۆژییەکەوە (ژنبوونەوە) دێت: ئەمانە نیشانە کلاسیکییەکانی نەزم و ڕێکخستن بوون کە پێشتر بە نیشانەکانی باوکسالاری و پیاوسالاری دەناسران و ئێستا فیمینیزمی نوێ وەریگرتوون و کردوونی بەهۆی خۆی. ئەمڕۆ جەنگە کۆنەکانی نێوان ڕەگەزە بایۆلۆژییەکان، بە خەسڵەتەکانیان وەک پیاو و وەک ژن، چیتر ئەمڕۆ کار ناکەن، ئەو یەکسانییەی فیمینیزمی یەکسانی داوای دەکرد، ئەمڕۆ چیتر کار ناکات و ڕۆڵ و بەهای نەماوە.

لەلایەکەوە پەڕینەوە لە فیمینیزمی یەکسانییەوە بۆ فیمینیزمی جیاوازی دەکرێت وەک پەڕینەوە لە سیاسەتی دووبارە دابەشکردنەوەی ئابوورییەوە بۆ سیاسەتی دانپیانان، لە بانگەواز بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئابووریی بۆ بانگەواز لەسەر خاوەنداربوونی بازاڕ ببینرێت. دەتوانین ئەمەش بە بەتایبەتکردنی خەبات لەپێناوی دانپیاناندا ببینین. خەباتەکانی سەدەی نۆزدە و سەدەی بیست خەباتی چینەکان و گرووپەکان، کرێکاران، ژنان، هاووڵاتییانی ڕەشپێست، بزووتنەوە جەماوەرییەکان بوون کە لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا بە توێژە کۆمەڵایەتی و جێندەرە نزمترەکان دەبینران؛ ئەمڕۆ دانپیانان وەک هەر کاڵایەکی دیکە، پێویستی بە بازاڕێکی تایبەت هەیە، بە دەرکەوتن، بە نمایش و پێرفۆرمانس و بە بوون بە شتێکی تایبەت و مۆرک و مارکەیەکی تایبەت هەیە. ئەو فیمینیزمەی ئەمڕۆ چووەتە ناو بازاڕی ئازادی نیۆلیبراڵەوە پێویستی بە مۆرکی جیاوازبوون هەیە، چونکە جیاوازیی ئەو شتەیە بازاڕ دەیکڕێت و دەتوانێت بە نرخێکی باشتر بیفرۆشێتەوە. نانسی فرەیزەری فەیلەسوفی فیمینیست زوو ناوی لەم ڕەوتە فیمینیستییە ناوە: نیۆلیبرالیزمی پێشکەوتووخواز، هاوپەیمانیی نێوان بزووتنەوە ڕزگارییخوازەکان، لەوانە فیمینیزم و دیارترین و بەرجەستەترین کەرتە هێمایی و دارایییەکانی سەرمایەدا، کە تێیاندا ئایدیالەکانی ڕزگاری دەبنە ئامرازەکانی کەڵەکەکردنێکی نوێی سەرمایە و سەرمایەی هێمایی.[3]

با سەرنجی ئەم نامۆییە لۆژیکییە بدەین کە بە لوتکەی خۆی گەیشتووە. ئەو گوتارەی جەخت لەسەر هەڵوەشاندنەوە و بەدرۆخستنەوەی هەبوونی ڕەگەزی بایۆلۆژیی سێکسی دەکاتەوە و دەڵێت هیچ نییە جگە لە ڕۆنان یاخود ڕۆنراوێکی کۆمەڵایەتی، نەک بایۆلۆژی، واتا ژنبوون/پیاوبوون وەک بایۆلۆژیا بوونی نییە، تەنها وەک بەهای کۆمەڵایەتی بوونی هەیە، ئەو ساتەی قسە لەسەر خەم و کەڵکەڵە و کێشەکانی ژنان، لەسەر ڕەهەندی ژنانەییی ژنان دەکات، ئەوا ڕاستەوخۆ تیۆرییەکەی خۆی ڕەت دەکاتەوە. نیشانەی ئایدیۆلۆژی بریتییە لە زێدەڕۆییکردنی یەکئاراستە و تاکلایەن لە شتێکدا کە بڕێک ڕاستیی تێدایە. زێدەڕۆییکردنی فیمینیزمی یەکسانیی ئەوە بوو داوای هەڵگرتنی جیاوازییەکانی دەکرد و دەیگوت نابێت هیچ جیاوازییەک بمێنێت. زێدەڕۆییکردنی فیمینیزمی جیاوازی ئەوەیە جاڕی جیاوازییەکان و جیاکارییەکان بدات و بە گرنگیان بزانێت، واتا لە لایەک بوەستیت و هەر لەو لایەشەوە خەڵات بکرێیت و ستایش بکرێیت و هەر لەم لایەنەش ببینرێیت.

یەکەم کچ لەلایەن پێشینە فیکرییەکانییەوە شتێکی ڕاستەوخۆ و ڕزگاریخوازانەی پێ دەگوترا: تۆ کەسێکی وەک هەر کەسێکی دیکە، کەسێکی بە هەمان بانگەواز و خواست و ڕەوایی لە جیهاندا. کچی دووەم شتێکی ناڕاستەوخۆ و جیاواز و وابەستەی پێ دەگوترێت: بەهای تۆ لەو جیاوازییە دایە کە دەبێت ئەوانیدیکە بە بەردەوامیی بیناسن و دانی پێدابنێن. بەهای تۆ لەوەدا نییە کە لە مرۆڤبووندا هاوبەشیت، بەڵکوو لەوەدایە کە تۆ جیاوازیت و جیاوازییەکەشت لە ژنبوونتەوە دێت و ئەمەش خۆ بەخۆ لەوانیدیکە جیات دەکاتەوە و لە ڕووی ئەخلاقییەوە باشترت دەکات. هەرکەسێک پێی بڵێت تۆ تایبەتیل، ئەوا دەیەوێت دان بەو تایبەتبوونەیدا بنرێت و پشتڕاست بکرێتەوە و ئەم پشتڕاستکردنەوەیەش شتێکە دەکرێت بفرۆشرێت، پۆلێن بکرێت، وێنەی بگیرێت و بپێورێت. فیمینیزمی جیاوازی کە بەندە لەسەر بازاڕی سەرمایەداری، مارکێک لە ژن دەدات کە باشتر و جیاوازتر نمایش بکرێت. بۆ ئەمەش دەبێت دانی پێدابنرێت. بەڵام ئەو فیمینیزمە کە ئازادیی لەم پرۆسەیەدا دەبینێتەوە، هێشتا بەو ئەنجامە نەگەیشتووە کە ئەو ئازادییەی بەندە لەسەر دانپیانانی ئەبەدی و هەمیشەیی، هێشتا لۆژیکی سەروەر و خزمەتکاری بەجێنەهێشتووە، تەنها کورسی و شوێنەکانی دانیشتنی خۆی گۆڕیوە.

چۆن نمایش دوژمنەکانی خۆی دەکڕێت

هەڵوێستگەرا فەڕەنسییەکان، لە سەروویانەوە، گی دیبۆری نووسەری کتێبی کۆمەڵگەی نمایش زاراوەیەکیان بۆ ئەو شتە هەیە ئەمڕۆ ڕوو دەدات. ئەوان پێشتر زاراوەکەیان داتاشیبوو، بەڵام هێشتا دیاردەکەیان بە تەواویی نەبینیبوو و پێیان دەگوت: گەڕاندنەوە و پێ بژاردنەوە، واتا نەزۆککردن و بێکاریگەرکردنی بیرۆکە و کەرەستەیەکی ڕادیکاڵ لە ڕێگەی ئاوێتەکردن و ئینتگرەکردنی لەنێو کولتوورێکدا کە پێشتر هەوڵی دژایەتیکردنیت داوە.[4] دەوڵەتی فەڕەنسی سەردەمێک، لە سەروبەندی ١٩٦٨دا دونیایەک هۆکاری هەبوو بۆ ترسان لە بزووتنەوەی نێونەتەوەییی هەڵوێستگەرا و هەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و بەتاوانناساندنی ئەندام و لایەنگرانی دەدا، ئێستا گی دیبۆری بە سامانی نیشتمانی ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ دەتوانیت لە هەمان شەقامەکانی پاریس و لەنێو هەمان دەوڵەتدا تیشێرتی هەڵوێستگەراکان، بە دروشمەکانیانەوە بکڕیت و بەرگی سمارتفۆنەکانت بە دیزاینەکانی ئەوان بڕازێنیتەوە. هەڕەشە دەبێتە سامان و گەنجینە و ژەهر دەبێتە براند و مارکە. ئەگەر بیری گی دیبۆر بەم چەشنە دابڕێژینەوە ئەوەیە سەرمایەداریی پێویستی بەوە نییە دژی ڕەخنەگرانی بوەستێتەوە و ڕەتیان بکاتەوە، چونکە دەتوانێت بە ئاسانیی بیانکڕێت. ئایدیا ڕادیکاڵەکە دەکڕێت، ئەو ڕەهەندەی لێ دادەماڵێت کە ئەو ئایدیایەی ترسناک کردووە و وەک وێنەیەک پاشان لە بازاڕدا دەیفرۆشێتەوە: بێ زیان، شایانی بەکاربردن، چێژبەخش و جوان بۆ لەبەرکردن.

نمایش لای دیبۆر بریتی نییە لە کەڵەکەکردن و تۆپەڵەیەکی وێنەکان، بەڵکوو پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییە لە ڕێگەی وێنەکان خۆیانەوە دەگوازرێتەوە، و ئەمەش خەڵک لە پراکتیکەکانی خۆیان جیا دەکاتەوە. لەم ڕووەوە گەڕاندنەوە و پێ بژاردنەوە ئەو کاتە ڕوو دەدات کە کاتێک بیرۆکەکان ناتوانن ببنە ڕاستی و واقیع و کاتێک زێدەتر خۆیان لەسەر بونیادە لەپێشتر دامەزراوەکاندا چڕتر دەکەنەوە. ئەگەر ئەمە بەسەر مێژووی فیمینیزم و مۆدێلەکانیدا پیادە بکەین، ئەم لێکچوونە بەتەواویی دەبینین. بزووتنەکەوە لە سەرەتادا پراکسیسێکی کۆمەڵایەتی/سیاسی بوو: هەڵمەتی یاسایی، مانگرتن، خەبات بۆ گرێبەستی کار و دابینکردن و حسابکردن بۆ کاری ماڵەوە، خەبات بۆ بڕیاردان لەسەر جەستەی ژن ئایا مافی ئەوەی هەیە منداڵی ببێت یان ڕەتی بکاتەوە. لە بەشی هەرە زۆری لیبراڵ دیموکراسییەکاندا ئەم دەستکەوتانە بەدەست هاتوون، تەنانەت لە هەندێک لە دیموکراسییە نالیبراڵییەکانیشدا وەک بەشێک لە ئەمریکای لاتین و ئاسیای ناوەڕاستدا. ئەم بزووتنەوەیە بریتییە لە وێنە و دەرکەوتن، یاخود ئەگەر بتوانین بڵێین بریتییە لە فیمینیزمی نمایش یان بە زمانێکی بەربڵاوتر بدوێین، بەتیکتۆککردنی فیمینیزم: نمایشکردن، پیشاندان، هێز و توانای دەرخستن، وشەی دروست، بەستنی دەستبەندی هاوپەیمانی. هەروەها میکانیزمی کارکردنی ڕۆژانەشی بەم جۆرەیە: کۆمپانیاکانی کاڵا سەرمایەدارییەکان بە ئاڕمی پەلکەزێڕینە ڕیکلام بۆ کاڵاکانیان دەکەن، لە هەر وێنەیەکی فۆتۆگرافیدا کە شوێنی کار دەربکەوێت، دەبێت فرەیی لە ڕەگەزە بایۆلۆژییەکاندا پیشان بدات، کەسی دامەزراو دەبێت دان بە فرەیی و جۆرایەتیدا بنێت، ئەمەش ڕێک هەمان فۆرمی مرۆیی نمایشە.

بە مانایەک لە ماناکان ئەمڕۆ ئێمە بەر فۆرمێکی نوێ و هەڵگەڕاوەی هاوتاسازی، یاخود هاوشێوەسازی (Gleichschaltung) دەکەوین لە هەموو مەیدان و بوارەکانی ژیاندا. گلایششالتونگ چەمکێکی نازییەکان بوو جۆرێک یەکپۆشی لە بیرکردنەوەدا دەسەپاندا: یەک فۆرمی پۆشین، بەکارهێنانی یەکجۆر زمان، یەکجۆر بیرکردنەوە، یەکجۆر خواردن، یەکجۆر ڕوانین، بەکارهێنانی ئەو ڕەنگانەی ناو فۆتۆگرافی و فیلم کە لەگەڵ نازیزم دەگونجێن و پاشان یەکجۆر بیرکردنەوەی سیاسی لە دەوری پرەنسیپی ڕابەر. ئەم گلایششالتونگ/هاوشێوەسازییەی بیرکردنەوە ڕەگوڕیشەیەکی کۆنتری هەیە و بیرمەندانی سەدەی نۆزدە ئاماژەیان پێ کردووە کە نەک تەنها لەنێو دیکتاتۆریدا، بەڵکوو لە دیموکراسیشدا دەکرێت ڕوو بدات. جۆن ستوارت میل پێی دەڵێت «ستەمکاریی زۆرینە»، ئەلێکسی دو تۆکڤیل پێی دەڵێت «ئاسوودەیی لە دیموکراتیدا»، واتا دیکتاتۆری پێت دەڵێت بۆت نییە بیر بکەیتەوە، بەڵام دیموکراسی پێت دەڵێت بیربکەرەوە، بەڵام دەریمەبڕە، هانا ئارنت بە یەکپۆشیی بیرکردنەوە و کۆتاییی سەردەمی سیاسی ناوی دەبات، تیۆدۆر ئادۆرنۆ بە «بلیتی بیرکردنەوە» و هتد. گلایششالتونگ بەم جۆرە هەم لە دیموکراسی و هەم لە دیکتاتۆریشدا ڕوو دەدات. لە دیکتاتۆریدا حکومەت و پۆلیس دەیسەپێنن، لە دیموکراسیدا زاڵبوونی کولتوور و مۆدێلێکی بیرکردنەوەی دیاریکراو لەڕێگەی پەیوەندییەکان و میدیای گشتی، گوتاری گشتی و میدیای کۆمەڵایەتییەوە. ناوی ئەم ڕەوتەش ئەمڕۆ بریتییە لە وۆکیزم. دواتر زێدەتر باسی ئەم بابەتە دەکەین.

لە ٢٠٢١دا کۆمەڵەیەکی خاوەن سەرمایەگوزاری و بزنسەکان وشەی «وۆک»یان وەک وشەی بزنسی ساڵ هەڵبژارد.[5] هیچ یەکێک لەمانە پێویست ناکات گاڵتەرجاڕانە بن. خودی پێکهاتە وادەکات گاڵتەجاڕیی شتێکی ڕووکەشی دەربکەوێت. نمایش دەڵێت تەنها ئەوەی دەردەکەوێت باشە و ئەوەی باشیش بێت، خۆبەخۆ دەردەکەوێت و ئەو سیاسەتەشی ئامانجی باڵای خۆی لەسەر دەرکەوتە و نمایش دامەزراندووە، لەپێشەوە ئەو خاڵ و شوێنە ڕادەست دەکات، کە ڕەنگبوو ترسناک بێت. بەدوای سیاسەتی نمایشدا، هەرکە جێگیر بوو، بەرژەوەندیی دامەزراوەییش دێتە ئاراوە: ئەو کاری جێندەرییەی لێرەوە دێت، خودی خۆی ڕووکەش و ناوبۆش دەکات، چونکە چیتر کەس پێویستی بە کورسی، نووسینگە و کۆمسیۆنەکان نامێنێت، ئەگەر هیچ کێشەیەک لەنێوان ڕەگەزە بایۆلۆژییەکاندا نەمێنێتەوە؛ لەبەرئەوە هەرکەسێک بیەوێت چارەسەری کێشەیەک بکات، دەکەوێتە بەردەم مەترسیی ئەوەی بژێوی ژیانی ڕێک بەو هۆیە لەدەست بدات، بەوەدا کارەکەی بەباشی ئەنجام دەدات و بۆیەشە دەبێت کێشەکان بمێننەوە، یاخود ئەگەر بە زمانێکی ڕەشۆکییانەتر بدوێین، دەبێت کێشە دروست بکرێن. پاسکال بروکنەر، فەیلەسووفی هاوچەرخی فەڕەنسیی ڕەهەندێکی دیکە بۆ سەر ئەم پرسە زیاد دەکات و باس لەوە دەکات چۆن ژان و ئازار دەبێتە پیشە کە دەبێت نمایش بکرێت، لێرەوە لۆبیکردن بۆ ئازار سەرهەڵدەدات و پاشان فۆرم و جۆرایەتییەکانی دیکەی ئازار و ژان دێنە ئاراوە و لە بازاڕی قەباڵە و پشکە هاوبەشەکاندا دەکەونە کێبڕکێ لەگەڵ یەکتری و هەرکەسێک بیباتەوە، تاجی شەهید وەردەگرێت.[6]

پاسپۆرتی ئازار، بلیتی ژان

ئەگەر بزووتنەوەی گەڕاندنەوە و پێ بژاردنەوە ڕوونی بکاتەوە چۆن بزووتنەوەکە دەتوانێت لەگەڵ بازاڕ بگونجێت، ئەوا ئایدیۆلۆژیای قوربانییبوون بۆمان ڕوون دەکاتەوە چۆن ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ دەسەڵاتدا هەڵدەکات. هەردوو کۆمەڵناسیی هاوچەرخ برادلی کامپبێل و جەیسن مانینگ ڕوونکردنەوە و لێکدانەوەیەکی تازەیان خستووەتە بەردەستمان. دەڵێن کولتوورە بەئەخلاقیکراوەکان دەکرێت بەو مەیل و ئاراستەیە جیا بکرێنەوە کە ئەوان شکۆ و شانازی پێ دەبەخشن: شانازی و شکۆ لە کولتووری جەنگی دووبەدوو، کەرامەت و شکۆ لە کولتووری یاسا و هاووڵاتییانی خۆ-بەڕێوەبەر، و ئێستاش، لە ژینگەی زانکۆی هاوچەرخ و ژینگەی کولتووریی هاوچەرخدا، قوربانییبوون دەبێتە «جۆرێک پێگەی ئەخلاقیی کە پەنادەباتە بەر ئازار و ژان و پێداویستیی هەستەوەرییانەی بینران لەلایەن ئەوانیدیکەوە».[7] لە کولتوورێکی وەهادا، پریڤیلیجبوون/سەرتربوون/خاوەن ئیمتیازبوون وەک شتێکی شەرمەزارکەر دەبینرێت، وەکچۆن ترسنۆکی لە ڕابردوودا وەک شتێکی شەرمەزارکەر دەبینرا. بۆ نموونە ئەمڕۆ بە کەسێک بڵێیت «ئەو خاوەن ئیمتیازە» وەک ئەوەیە پێی بڵێیت ئەو ترسنۆکە: ئەمەش ڕێگەی شەرمەزارکردنی ئەوانەیە بەدووی بەها کولتوورییە باڵادەستەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگە ناکەون. دوو سروشت و خەسڵەت و پێکهێنەری ئەم دیاردەیە زۆر بنچینەیین بیانناسین: کەسی زوڵملێکراو، زۆرلێکراو یاخود مافخوراو نە کێشەکەی لەگەڵ کەسی هێرشبەر و ستەمکاردا چارەسەر دەکات وەک لە کولتوورە شکۆ و شانازییەکانی پێشوودا باو بوو، نە لێشدەگەڕێت تێپەڕێت، وەک لە کولتوورەکانی کەرامەتی یاساییدا باوە، بەڵکوو پەنا دەباتە بەر سێیەم لایەن، بۆ بواری گشتی، بۆ کۆمیتەکان، بەر ژینگەی لەپێشدا بەئەخلاقیکراو.

ئازار و ژان لە ڕابردوودا باری هاوبەشی قورسی ڕەوشی مرۆیی بوو؛ ئەمڕۆ بووەتە پاسپۆرتێک دەتوانیت لە ڕێگەیەوە ئەوانیدیکە سەرسام بکەیت، یاخود بیانتۆقێنیت، دەبێتە بلیتی بلۆککردنی ڕەخنە. ناسنامەی قەرزکراو/ڕۆنراو دەڕازێنێتەوە، وا دەکات ئەوەی ئەو ناسنامەیەی هەڵگرتووە وەک بوونێکی ئاوارتە و سەرووئاسایی سەیر بکرێت و بە تێچوونێکی کەم گەورەترین سەرنجی جەماوەریی لەسەر سەکۆیەکی گشتی بباتەوە و ئەمەش ئەرێنیانە دەیکاتە کەسێکی ڕاگەیەنەر، بڕیاردەر و نمایشچی. بۆ نموونە گەنجێکی ئەڵمانی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، دەتوانێت لە شەقامێکی قەرەباڵغدا، لەژێر ناوی پشتیوانیکردن لە فەڵەستین، گوریسێک لە خۆی بپێچێت، وەک زیندانیکراوی دەستی «زایۆنیزمی جیهانی» خۆی نمایش بکات و بە کەمترین تێچوون، ببێتە فیگەر و کارەکتەر و چالاکوانێکی بەربڵاو و ناسراو و بەناوبانگ و خەڵات دوای خەڵات بباتەوە. ئەم گەنجە بە قەرزکردنی ناسنامەی ئەویدیکەیەک کە هی خۆی نییە و بەرگی کولتوورێکی ئەخلاقی لەبەردەکات، خۆی بە قوربانی ناو دەبات، دەبێتە کاندیدای سەرووئاساییبوون؛ لێرەوە قوربانیبوون دەبێتە جۆرێکی هەڵاواردنی وەحشیگەرییانەی ئەرێنی، تێپەڕینێکی ئازادانە و خۆدزینەوە لەهەر سەرچاوە و ڕێوشوێنێکی یاسایی و سیاسی. خۆ-هەڵاواردنی ئەرێنی، واتا خۆجیاکردنەوە و خۆبەئاوارتەکردن دەبێتە وشەیەکی دروست و لێرەوەیە ئایدیۆلۆژیای برین و ژان، دەبێتە مۆڵەتی ئەنجامدانی هەموو جۆرە کارێک، بەڵام بەبێ ئەوەی ترست هەبێت لەوەی ڕووبەڕووی پێوەر و ئاکامە یاسایی و سیاسییەکان دەکرێیتەوە.

کەواتە ئەگەر برینداربوون/ژانچەشتن پیرۆز بێت، ئەوا هەر کردەیەکی نمایشکردن و پیشاندانی لەژێر ناوی ئازار و برین و ژاندا، ئەوا خۆبەخۆ دەبێتە کردەیەکی پیرۆز و دروست. کامپبێل و مانینگ باس لەوە دەکەن چۆن ئەم پرۆسەیە لە حاڵەتی تۆمەتبارکردندا ئیش دەکات. لەو شوێنەی پێگەی قوربانی بەهای ئەخلاقی هەڵدەگرێت و پرۆسەی گەرەنتیی یاساییش لاواز بێت، ئەوا تۆمەتبارکردنەکان مامەڵەیەکی جیاوازتریان لەگەڵدا دەکرێت. ئەمەش ئەو شتەیە لە تیمەکانی وەڵامدانەوەی دەمارگرژییەکان و کەمپوسەکانی زانکۆدا ڕوو دەدات. دەگوترێت کەسێکی ناو گرووپی بەقوربانی ناسێنراو تۆمەتبارکراوە تەنها لەبەر ئەوەی کەسەکە سەر بەو گرووپەیە. واتا لێرەدا کردەوەکانی کەسەکە هەرچییەک بن لەژێر پەردەی گرووپێکدا دەشاردرێنەوە، ئەو گرووپەش پێشتر بە گرووپی سەر بە کاتیگۆریی قوربانی و کەمینە بینراوە: کۆچبەران، موسڵمانان، ژنان. هەرکەسێکیش گومان لەوە بکات ئەوا ڕاستەوخۆ دەخرێتە نێو گۆشەیەکەوە، بەردەم هەڵبژاردنێکەوە: یان دەبێت تۆبە بکات و لە مەیدانی گشتیدا داوای لێبوردن بکات یاخود دەبێت قبووڵی بکات ئەو لەبەرەی چەوسێنەرانە. بەڵام ڕێک بەپێچەوانەوە، ئەگەر کەسی تۆمەتبارکەر لەنێو ئەو گرووپەوە بێت، ئەوا بەبێ پشکنین و هەڵسەنگاندنی ناوەرۆکی تۆمەتەکانی، ڕاستەوخۆ بە بەها و گرنگ و ڕاست دەبینرێن و کەسی تۆمەتبارکراو، بەهۆی ئەوەی سەر بە گروپی چەوسێنەرانە، مافی بەرگریکردن لەخۆی نامێنێت.[8]

بڵاوکردنەوەی گومان و دڵەڕاوکێ کە بەشێکی هەم لەو کولتوورەوە دێت و هەمیش بەهێزتری دەکات، زۆر ترسناکترە لە ساویلکەیی و دڵسافی. ئەم دیاردەیەش ئابوورییەکی ئەخلاقیمان پیشان دەدات تێیدا ئازار و ژان دەبێتە مەیل و ڕەوت و ئاراستەیەک شتەکان بتوێنێتەوە و هەر شتێکیش بتوێنێتەوە، فۆرم و شتێکی نوێی لێ بسازێنێت. بۆ نموونە جۆرجیۆ ئاگامبێن دەتوانێت دیموکراسییە هاوچەرخەکانی ئەمڕۆ بە خراپتر لە ئاوشڤیتر و هۆلۆکۆست ببینێت، بۆ نموونە وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سیاسەتی خۆرئاوا وەک چارەسەرکردنی قڕکردن بخوێنێتەوە، بۆ نموونە شەهیدناسی و شەهیدخوازی وەک مۆدێلێکی نوێی سیاسەتی ڕادیکاڵ و ڕاستەقینە سەیر بکرێت. ئەم هەڵاوسانانەی زانین و فیکر ساڵانێکە لەنێو فیمینیزمیشدا دەبینرێن: فیلمی پۆرنۆگرافی وەک کەمپی قڕکردنی داخاو بەڵام لە ژووری سێکسکردندا دەخوێنرێتەوە، پۆرنۆگرافچی لە هیتلەر بە ترسناکتر و خراپتر وێنا دەکرێت، بەئاساییهێشتنەوەی باوەڕی «تەنها دوو ڕەگەزی بایۆلۆژی، ژن و پیاو، هەن» وەک نیشانەی تاوان دژی مرۆڤایەتی، وەک جینۆسایدی ڕەگەزەکانی دیکە دەبینرێت. دیموکراسییە خۆرئاواییەکان وەک کەمپی قڕکردنی ژنان دەبینرێن، لە گوتاری ئاخیرزەمانییخوازیی فیمینیستیی جیاوازیدا، بەجۆرێک باس لە فێمیساید (قڕکردنی ڕەگەزی ژن) دەکرێت، وا دەردەکەوێت ڕۆژانە شەقامەکانی بەرلین، پاریس، لەندەن، ڤییەننا، ڕۆما، بوداپێست، پراگ، سوورن بە خوێنی ژنانی جینۆسایدکراو. لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ بەگوێرەی هەموو سەرژمێری و ڕاپرسی و ڕەفتارە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، پیاوانی هاوچەرخ زۆر نەرمتر، هێمنتر، کەمتر پیاوانەیی دەردەکەون و زێدەتر ئەو ڕۆڵانەیان وەرگرتووە، کە لە ڕابردوودا بە ڕۆڵی ژنان دەناسران و بەشێوەی فراوانیش بوونەتە هاوسۆزی بزووتنەوەی ژنان، کەچی خودی پیاوان، وەک کاتیگۆرییەکی گشتی، بە ترسناکتر لە سەربازانی موسۆلینی و هیتلەر وێنا دەکرێن. لەڕاستییدا پاسپۆرتی ئازار و ژان بە فراوانی دەدرێت بەوانەی هەر لە سەرەتاوە دونیایەک پاسپۆرتی دیکەشیان هەیە. چەندە زیاتر پیشانی بدەیت بەدەست ژانەوە دەناڵێنیت، هێندە زیاتر پاسپۆرتەکەت بەهێز دەبێت. بەڵام ئەوانەی پاسپۆرتیان نییە، هیچ جۆرە توانایەکی خۆبەیانکردنیان نییە، ئەوانە گوناهبارە سەرەکییەکانی مێژوون.

بەگوناهەوە لەدایکبوون

ئایدیۆلۆژیای ژان و برین هاوتایەکی خۆی هەیە و ئەویش بریتییە لە ڕێباز و عەقیدەی گوناه. لە ژینگەی قوربانیبووندا کەسانێک دەبێت لە بەرەکەی دیکە بوەستن و ئەمانەش کەسانێک نین جگە لەو ڕۆڵەی دەدرێتە پاڵیان: پیاو، بەتایبەت ئەگەر پیاوی سپیپێست بێت، جا بەتایبەتتر ئەگەر پیر و بەساڵاچووش بێت. بۆ نموونە ئەو گرووپەی فیمینیزمی جیاوازیی ئەمڕۆ کردوویەتی بە ئامانجەکانی هێرشەکەی بریتییە لە «پیاوی سپیپێستی بەساڵاچوو» و ئەمەش لەوەوە دێت هەر ڕەخنەیەک، هەر دەربڕینێک تەنانەت ئەگەر ڕاستەوخۆ دژ بەم جۆری فیمینیزمەش نەبێت، بە هەوڵی «پیاوی سپیپێستی بەساڵاچوو» دادەنرێت بۆ دەرچوون لە ترس و دڵەڕاوکێی «لەناوچوون». ئەگەر تەنانەت یەکێک بۆچوونی خۆی لە پەیوەندیدا بە جەنگ، ململانێی ئیسرائیل-فەڵەستین و هتدیش دەرببڕێت و لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای فیمینیزمی جیاوازییدا نەگونجێت، ئەوا وەک لێدوانی «پیاوی سپیپێستی بەساڵاچوو» لەقەڵەم دەدرێت، با جارێ باسی ئەوە نەکەین کە ڕەخنە لە فیمینیزمەکە بگرێت، ئەوا ڕاستەوخۆ بە «پیاوی ژەهراوی» لەقەڵەم دەدرێت کە خاوەن «خەیاڵ و فەنتازیای قڕکردنی ژنانە». ئەم ئایدیۆلۆژیایە هێرش دەکاتە سەر سێ ڕەهەند و ڕەگەزی ناو مرۆڤ، کە سروشتین و هەڵبژێردراو نین: تەمەن (هەموو کەسێک پیر دەبێت و دەچێتە ساڵەوە)، ڕەنگی پێست و ڕەگەزی بایۆلۆژی (ئەمەش هەر هەڵبژاردەیی نییە و لەڕووی بایۆلۆژییەوە لەدایک دەبێت و چەندەش فیمینیزمی جیاوازی بڵێت ڕەگەزی بایۆلۆژی پێدراوێکی کۆمەڵایەتییە نەک بایۆلۆژی، ناتوانێت ئەو ڕاستییە بایۆلۆژییە بگۆڕێت کە منداڵێک یان وەک نێر لەدایک دەبێت یاخود وەک مێ، هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکەوە دێن، نەک لەدایکبوونەکە). ئەمانە سێ ڕەگەز و پێکهاتە و بنچینەی بایۆلۆژین کە تۆ نابێت بەهۆیانەوە سەرزەنشت بکرێیت و بەهاکانت بپێورێن، ئەمانە ڕێک ئەو جیاکاری و هەڵاواردنانەن کە فیمینیزمی جیاوازی گوایە ویستوویەتی جیاکارییەکان نەهێڵێت. لۆژیکی ناوەکیی ئەم ڕەوتە ئایدیۆلۆژییە فیمینیستییە بەم جۆرەیە: پیاوی سپیپێستی جیاڕەگەزخواز (heterosexual white man) بە لەدایکبوون گوناهبارە، چونکە مەڵبەند و ناوچەی دەسەڵاتی ئەو بەندە لەسەر ڕاسیزم، سێکسیزم، و کۆڵۆنیالیزم و لۆژیکەکە دەڵێت ئەم قەرەبوو و کەفارەی ئەم گوناهەش تەنها بە تۆبەکردن و لەخۆدان و خۆکوتان و قامچی لەخۆدان دەدرێتەوە؛ بۆ نموونە لە ئەدەبیاتی ئەکادیمیدا دەربڕینی هاوسۆزی یاخود هاودەردی لەگەڵ ئەم پیاوانەدا وەک جۆرێک لە نەخۆشی دەبینرێت و ڕەچەڵەکناسیی وشەی هاوسۆزی/هاودڵی (sympathy)یش دەستکاری دەکرێت. کەت مانەی فیمینستی ئوسترالی لە کتێبە باوەکەیدا بەناوی داون گێڕڵ: لۆژیکی دژەژنی، هەموو هاوسۆزییەک لەگەڵ ئەم جۆری پیاوە، یاخود ڕەخنەگرتن لە هێرش بۆ سەر ئەم جۆری پیاوە بە جووڵەیەکی گۆڕینی زاراوەیی ئەنجام دەدات، نەک «Sympathy» (هاودڵی و هاوسۆزی)، بەڵکوو «himpathy»، واتا هەست و سۆز و دەردەدڵی و پشتیوانی تەنها لە «ئەو» (he)، نەک لە «ئێمە» (sym).[9]

ئەمە گەڕانەوەی هەمان حیکایەتی کۆنی خوایییە، حیکایەتی مەسیحی: مرۆڤ بە گوناهی یەکەمەوە لەدایک دەبێت و هەموو ژیانی دەبێت کەفارەی گوناهەکانی بدات، بەڵام ئێستا بەشێکی مرۆڤایەتی لەم گوناهە دەرکراوە و تەنها بەشێکی زۆر زۆر کەمی مرۆڤایەتیی ئەو گوناهەی بەردەکەوێت: پیاوی سپیپێستی بەساڵاچوو، کە بە نزیکەیی ١% بۆ ٢%ی کۆی دانیشتووانی مرۆڤایەتی پێک دەهێنێت. دەبێت ئەوەی ئەمڕۆ لەدایک دەبێت چی بکات دەربارەی ئەو ڕاستییەی دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا پیاوان ژنانیان چەوساندووەتەوە؟ هەر نەوەیەک سەرلەنوێ دەست پێ دەکات، لەژێر ڕێساکانی دادپەروەربوون دەچێتە پێشەوە و بەرپرس نییە لەوەی لە ڕابردوودا ڕوویداوە. تەنها ئەو کاتە بەرپرس دەبێت، ئەگەر بێت بڵێت ئەوەی دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا ڕوویداوە و ژنان کۆیلەی پیاوان بوون، ڕاستە و دەبێت بیگەڕێنینەوە. بەڵام هیچ پیاوێک نییە بەڕاشکاوی ئەمە بڵێت، لانی کەم ئەو پیاوەی فیمینیزمی جیاوازی هێرشی دەکاتە سەر زۆر جیاوازە لەو پیاوەی فیمینیزمی جیاوازی بێدەنگە بەرانبەری: پیاوی ئیسلامی یاخود کولتوورەکانی دیکە. فیمینیزمی جیاوازی هاوکات پێی وایە ڕەخنەگرتن لە پیاوانی موسڵمان یاخود هی کولتوورەکانی دیکە لە ڕەفتاریاندا بەرانبەر بە ژنان، ڕاسیزمە و بەرهەمی ئایدیۆلۆژیای «پیاوی سپیپێستی بەساڵاچووە».

فیمینیستەکان سەبارەت بە دادپەروەریی قەرەبووکردنەوە دەڵێت ئەو نادادپەروەرییانەی ژنان باسی دەکەن ڕاستەقینەن، چونکە تەمەنیان هەزاران ساڵە، لەکاتێکدا ئەوانەی پیاوان سەبارەت بەخۆیان باسی دەکەن ڕاستەقینە نین و تەنها دە ساڵ تەمەنیان دەبێت، لەبەر ئەوە باسکردنیشی بەهایان نییە. لێرەدا چەمکی گوناه دەگوازرێتەوە بۆ ئەوانەش کە سێ هەزار ساڵ دوای تراژیدیای یۆنانی لەدایکبوون و گوناهیان بە میراتیی بردووە. لەبەرئەوە ئەم گوناهە دەگۆڕدرێت بۆ نەفرەتی بەمیراتبراو کە تایبەتە بە ماڵ و خانەی ئاتریۆسی میکێنی یۆنانی و هاوسەرگیری لەگەڵ ئایرۆپە دەکات و لە ئەنجامی ئەم هاوسەرگیرییەدا مێنێلاوس و ئاگامێنون لەدایک دەبن و جەنگی تروا و گەشتی ئۆدیسە لێرەوە دەست پێ دەکات، تراژیدیایەکی پیاوانە، کە خێزانی ئاتریۆس لێی بەرپرسن و بۆ نەوەکانی دوای خۆیان گواستوویانەتەوە. پاسکال بروکنەر باس لەوە دەکات کە هیچ شتێک لە بیرۆکەی گواستنەوەی گوناهی کۆیی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە بەئازار و بەفێڵتر نییە و ئەمڕۆ چیتر گواستنەوەیەکی زگماکییانەی پێگەی قوربانیی نییە هێندەی پێگەی کەسی ئازاردەر و ئەشکەنجەدەر هەیە.[10] لەم ڕووەوە، بروکنەر دەڵێت بیری قوربانیگەریی هیچ نییە جگە لە زیندووکردنەوەی «کاتیگۆریی کۆنی ئایینیی تووک و نەفرەت».[11]

گومان و ڕاڕایی ئەو شتەیە شوێنی کردە و جووڵە وەک بنچینە و بناغەی گوناه دەگرێتەوە. لەم ڕووەوە ویستێکی گشتی لەم ئایدیۆلۆژییەدا سەرهەڵدەدات لێبوردەیی بۆ هیچ شتێک نییە لە دەرەوەی خۆی بێت، گوێ لە گفتوگۆ ناگرێت و بیروبۆچوون و هەڵوێستی جیاواز بە مەترسی و بەشداری لە چەوساندنەوەدا دەبینێت و لێرەوە کردەی وێرانکردنی هەموو ئەو شتەی جیاوازە دێتە ئاراوە و ئەوەی بۆچوونی جیاوازی هەبێت، یاخود بەشداریی لەم فیستیڤاڵەدا نەکات بە چاوی گومانەوە سەیر دەکرێت کە ئامادەکاری بۆ بەشداریکردن لە تاواندا دەکات و خۆبەخۆ گوناهبارە. ڕووداوەکەی کۆلین فێرناندێز ئۆلمن لە ئەڵمانیا، کە لە خوارەوە باسی دەکەم، کەشێکی وەهای بەدوای خۆیدا هێنا. لە سۆسیال میدیا، خانمێکی سەر بەم ڕەوتی فیمینیزمە ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاو کردبووەوە کە بەم جوێنە دەست پێ دەکات: «هەموو ئێوەی پیاوان دەمی بۆگەن و دەمی گڵاوی سەگئاساتان داخەن و چیتر گوو بە شتەکاندا مەکەن، ئێوەی پیاوان هەمووتان بۆگەنن» و ئەو خانمە ئەو ڤیدیۆیەی بە نامەیەکی تایبەت بۆ من ناردبوو بەم پەیامەوە: «بەهیوام ئەم ڤیدیۆیە لای خۆت بڵاو بکەیتەوە و بۆ خەڵکی دیکەشی بنێریت»، من هیچ کاردانەوەیەکم نەبوو، وەڵامی نامەکەشم نەدایەوە، دواتر نامەیەکی دیکەی نارد: «یان ڤیدیۆکە بڵاو بکەرەوە، یان تۆش حەز دەکەی وەک هەموو ئەو پیاوانە بیت کە باسیان دەکەم». تەنها وەڵامم ئەمە بوو: «یەکەم من نووسەر و لێکۆڵەرێکی بواری فەلسەفە و ئینتێلکتوالیزمم، ئەمە زمان و نووسین و بیرکردنەوەی من نییە و بەشداری لە پەرەدانی زیاتر بە زمانی بازاڕی ناکەم، چونکە ئەوەی تۆ ڕەخنە نییە، جوێنفرۆشییە و دووەمیش، چاوەڕوانی چیت لە پیاوێک هەیە ڤیدیۆکەت بڵاو بکاتەوە، لە کاتێکدا لە سەرەتاوە هەموو پیاوانت جوێنباران و بەنەفرەت کردووە؟» کورتەنامەیەکی نووسی، بەم جۆرە: «کەواتە ڤیدیۆکەم داویەتی لە دڵت!»

ئەمە حاڵەتێکی تایبەت نییە، حاڵەتێکی ڕۆژانەی ناو لیبراڵ دیموکراسییەکانە، لە دۆخی ئاوارتەوە گۆڕاوە بۆ دۆخی باو. ئەم پێکهاتەیە تەواو بووە بە شتێکی ئاشنای گومانکردن لە هەموو پیاوان، بەوانەشەوە کە بەرگریکاری سەرسەختی مافەکانی ژنانن. دیرک پێگلۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی پشکنەرانی تاوان لە ئەڵمانیا، لە بەرنامەیەکدا لەگەڵ دونیا هەیالی، ژنەئەستێرەی میدیای ئەڵمانی، لە هەیالی دەپرسێت ژنان دەبێت چی بکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە توندوتیژیی پیاوان بەدوور بگرن؟ هەیالی دەڵێت: پێویستە ژنان بەهیچ جۆرێک نەچنە ناو هیچ پەیوەندییەکەوە لەگەڵ پیاوان. سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا کۆلین فێرناندێز ئولمن، ئەکتەری بواری کۆمیدی و کۆنەهاوسەری کریستیان ئولمنی ئەکتەر و بەرهەمهێنەر، هاوژینەکەی بە «توندوتیژیی سێکسیی دیجیتاڵی» تۆمەتبار دەکات. چیرۆکەکە بەم جۆرەیە: کۆلین دەڵێت کۆنەهاوسەرەکەی بە ناوی ئەوەوە پرۆفایلی فەیک و ساختەی دروست کردوون و وێنە و ڤیدیۆی سێکسی بۆ کەسانی ناسراو ناردوون کە بە ژیریی دەستکرد لەسەر وێنەی جەستەی ڕووتی ئەو دروست کراون. پاشان کۆلین دەربڕینەکانی ڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: لە ڕاستیدا وێنە و ڤیدیۆکان ژیریی دەستکرد نەبوون، بەڵکوو هی ئەکتەرانی پۆرنۆگرافیی بوون کە ڕووخساریان وای نواندووە لەو بچن. دواتر جارێکی دیکە دەڵێت تەنها کۆمەڵێک وێنە بوون و ئەو بۆچوونە لای بینەر دروست دەکەن کە گوایە ڕووخساریان لەو دەچێت. هەر چۆنێک بێت بابەتەکە هەم دەچێتە بەردەم دادگا و هەمیش دەبێتە مشتومڕی جەماوەری و میدیایی. هەموو ئەو توندوتیژییە دیجیتاڵییانەی دژی کۆلین ئەنجام دراون، زیانی گەورەی ڕۆحی و دەروونییان بە کۆلین گەیاندووە و ئەمەش پشتڕاستی دەکاتەوە، کە فۆرمەکانی توندوتیژی دەگۆڕێن، بەڵام مەبەست و ئامانجەکان هەر زیانگەیاندنن.

کەیسەکەی کۆلین فێرناندێز دەبێتە جەماوەری، لە شارەکانی ئەڵمانیا خۆپیشاندان دەکرێن. بەدڵنیایییەوە پیاوانێکی ئێجگار زۆر دژی توندوتیژییەکە دەوەستنەوە و هاوسۆزی لەگەڵ کۆلین و هەزاران کەیسی دیکەی هاوشێوە دەردەبڕن. ڕێژەی ئەو پیاوانەی ئەمڕۆ دژی توندوتیژیی خێزانی، توندوتیژیی دژی ژنان و توندوتیژییە سێکسوالییەکان دەوەستنەوە، بەتایبەت لە لیبراڵ دیموکراسییەکاندا، نەک بەراورد بەڕابردوو زۆر بەرزە، بەڵکوو بگرە بە ڕێژەیەکی وەها گەیشتووە ڕێژەی توندوتیژیی دژی ژنان، بەراورد بە دژایەتیکردنی پیاوان بەرانبەر بە توندوتیژی، لە پەنجەی دەست تێناپەڕێت. ئەمڕۆ پیاوان تەنانەت زیاتر لە ژنان ئەرکەکانی خێزان دەگرنە ئەستۆی خۆیان، واتا ئەو ئەرک و ڕۆڵانەی پێشتر بە هی ژنان دەناسران: بەخێوکردنی منداڵ، ماڵداری، و تەنانەت ئەرکەکانی سووککردنی قورساییی دووگیانی. پیاوان ئەمڕۆ بەرانبەر زۆر هەست و سۆز و عاتیفە و کاردانەوەکانی ژنانیش هۆشیارتر بوونەتەوە. ئەمە نیشانەیەکی ئەرێنیی زۆر گرنگە کە پرۆسەی شارستانێتی هێشتاش بەردەوامە و دەکرێت بە شوێنی زۆر باشتر بگات. هەرچۆنێک بێت، لە یەکەم خۆپیشاندانی گەورەدا وەک هاوپشتیی لەگەڵ کۆلین لە شاری هامبورگ بە ئامادەییی کۆلین خۆی، ڕێژەی پیاوان زۆر زیاتر بوو لە ڕێژەی ژنان. پاشان ژنێک لەسەر سەکۆکە داوا دەکات ژنان لەسەر ئەژنۆکانیان دابنیشن، پیاوانیش بەپێوە بوەستن، هەمان ئەو پیاوانەی هاتبوون دژی توندوتیژیی سێکسوالی و فۆرمەکانی دیکەی توندوتیژیی دژی ژنان، خۆپیشاندان بکەن. کەسەکەی سەر سەکۆکە بە مایکرۆفۆنەکەیەوە، بەدەنگی بەرز دەڵێت، «کێشەکە ڕێک ئەوانەن کە بەپێوە وەستاون». بەو مانایە خودی ئەو پیاوانەش هەر بەشێکن لە کێشەکە کە هاتوون توندوتیژی ڕەت بکەنەوە و هاوسۆز بن بەرانبەر بە بزووتنەوە و خواست و داواکارییەکانی ژنان. ئیکیمیلی ژنەڕاپەڕی ئەڵمانی لە بەردەم جەماوەری دەیان هەزار کەسیدا لە ڕاپێکیدا ئەمساڵ دەڵێت: سەردەمی ئەوە هاتووە هەموو پیاوان بتۆقێنرێن. لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی زی دی ئێفی ئەڵمانییدا، کە بەرنامەی منداڵانە، هەموو پیاوان بە پیاوانی تۆپی پێ ناو دەبات کە سەرجەمیان خوێڕی و شەلاتین، «ئێوەی پیاوان هەمووتان سەرسەری و شەلاتی!» لە گۆرانییەکی دیکەی ڕاپدا بە سەرپەرشتیی باندی مۆسیقایی هیپ هۆپی ژنانی ئەڵمانی بە ناوی «Fotzeigemutter» هەردوو ڕاپەڕ، نینا و کات دەردەکەون کە نینا لە مێردەکەی دووگیان دەبێت و کاتێک هەمووان لە پۆلەکەدا، دوای لەدایکبوونی منداڵەکە بۆیان دەردەکەوێت کوڕە، بە ئاشکرا دەڵێن مادام کوڕە بێ کەڵکە و با بکوژرێت و لە دیمەنێکی دیکەدا، مێردەکەی وەک سەگ دەبەستێتەوە و دەڵێت «خواردنی سەگت پێ دەدەم» و قاپێک خواردنی سەگی بۆ دادەنێت. لە گۆرانییەکەدا ڕێک ئەو شتە دەردەکەوێت کە سەرەتا ناومان لێ نابوو: فیمینیزمی جیاوازی، تۆ یەکسان نیت، تۆ جیاوازیت چونکە ژنیت و ئەمەش باشترت دەکات لە پیاو.

ئەمە ئێستا ڕێک ئەو ڕادیکاڵیزمەی فیمینیزمی جیاوازییە. بۆچی ئەمەش لەم سەردەمەدا ڕوو دەدات؟ ئەمڕۆ ڕێژەی پیاوێتیی ژەهراوی ئێجگار ئێجگار کەمتر بووەتەوە بەراورد بە دەیەکانی ڕابردوو؛ ئەمڕۆ زۆر کەم بەری دەکەوین، لانیکەم لە لیبراڵ دیموکراسییەکاندا. بەڵام ئەوەی گۆڕاوە بریتییە لە چاوەڕوانی و لە متمانەبەخۆبوونی ژنان. لەبەرئەوەی ئەمڕۆ کۆمەڵگە چیتر لەلایەن پیاوانەوە کۆنتڕۆڵ نەکراوە وەک لە ڕابردوودا باو بوو، ئێستا ژنان تۆڵە لەو شتانە دەکەنەوە کە لەو شتەوە ماونەتەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەها و باوبوون. ئەلێکسی دوتۆکڤیلی بیرمەندی فەڕەنسی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا باس لە کاریگەرییەک دەکات لە دیموکراسییەکاندا، کە زۆر سەرنجڕاکێشە: نالێبوردەیی بەرانبەر بە خراپە ئەو کاتە زیاتر گەشە دەکات، کە چیتر خراپە بوونی نەمابێت.[12] ئێڤا لاپیدۆ، زانای سیاسی کە هاوکات خۆی بە فێمینیست ناو دەبات، بە دەرەنجامێکی وەها دەگات بڵێت دیاریکردنی چارەنووسی ژنان لەلایەن خۆیانەوە هیچ کاتێک هێندەی ئەمڕۆ گەورە نەبووە و دەسەڵاتی پیاوانیش هیچ کاتێک هێندەی ئەمڕۆ دانەکشاوەتەوە، لەبەر ئەوە باسکردن و بەردەوام جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی «پیاوێتیی ژەهراوی» کێشە بنچینەیییەکەیە، ئەمەش لە کاتێکدا لانی کەم پیاوی خۆرئاوایی کەمتر ژەهراوییە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، تێکدانی هەم خەمەکانی پیاوان و هەم پەیوەندیی هاوسەنگ و ئاساییی نێوان ژنان و پیاوانە. هەروەها دەڵێت ئەمڕۆ پیاوان سێ شتیان لەدەست داوە: خۆشگوزەرانی، بەتایبەت کاتێک پیشە و کارە پیشەسازییەکان ئاوا دەبن و کاری نووسینگەیی و دیجیتاڵی شوێنی دەگرێتەوە، کە تێیدا ژنان ئامادەییی زیاتریان لە پیاوان هەیە؛ کاری پارێزەری و بانگەشەکاری، بەتایبەت کاتێک ئێستا دادپەروەری لەڕووی کۆدەکانی یاساشەوە ڕوو و مەیلی بەلای کەمینەکاندا هەیە یاخود ئەوانەی لە ڕابردوودا بە کەمینە کراون، لەوانە ژنان؛ و پێگەی چەسپاو، بەتایبەت لە سەردەمی بزووتنەوەی «MeToo»ەوەوە پیاوان لەژێر گومانکاری و گومانلێکردن و تۆمەتبارکردنی گشتیدا دەژین.[13] ئەمەش بەوەدا کەمترین لێکۆڵینەوە و پشکنین بۆ ئەو تۆمەتبارکردنانە دەکرێت کە ژنان ئاراستەی پیاوانی دەکەن. بۆ نموونە شتێفان گۆلدهار، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەسەر پارتی سەوز، لەناکاو لەلایەن ئەکاونتێکی نادیارەوە تۆمەتبار کرا بەوەی سنووری ژنان، بەتایبەت یەکێک لە کچە هاوکارەکانی بەزاندووە و داوای لێکردووە بێتە ماڵەکەی. میدیای ئەڵمانی بە جۆرێک هێرشی کردە سەر شتێفان گۆلدهار، تا دەستیان پێ لەکارکێشایەوە و وازی لە کورسیی پەرلەمان هێنا، بەڵام کەیسەکەی بەبێدەنگی بردە بەردەم دادگە، دوای ماوەیەک ڕۆژنامەنووسانی پشکنەر دەرکەوتن، و بە لێکۆڵینەوە جددییەکانیان بەو شوێنە گەیشتن کە بابەتەکە هەمووی هەڵبەستراو بووە، چونکە کۆمەڵگەی وۆک بە ئاسانی دەڵێت: کاتێک ژنێک قسەیەک بکات و پیاوێک تۆمەتبار بکات، پێویست بە لێکۆڵینەوە ناکات، چونکە پیاوان هەمیشە ئامادەی توندوتیژین و ژنان هەمیشە لەسەر حەقن. کاتێک شکۆ بۆ گۆلدهار گەڕایەوە، کە کار لە کار ترازابوو و هەموو پیشە و کاریەری لەدەست دابوو.

بەرگریکردن لە گوناهبارکردن

با لێرەدا هیچ بەدحاڵیبوونێک نەهێڵینەوە. ئەگەر کۆمەڵگەیەک بیەوێت دادپەروەر و یەکسانیخواز بێت ئەوا دەبێت ڕەخنە لە پیاوێتیی ژەهراوی بگرێت و دەبێت بەبێ هیچ دوودڵییەک ئەم کارە بکات. ئەگەر نموونەی وڵاتێکی پێشکەوتووی وەک ئەڵمانیا وەربگرین کە تێیدا بەراورد بە زۆر وڵاتی دیکە، ژن گەورەترین ڕۆڵی وەرگرتووە و ئازادی و یەکسانی بە ئاستی زۆر فراوان بەدی هاتووە، دەبینین هێشتا توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان، توندوتیژیی خێزانی ماونەتەوە، بۆ نموونە تەنها لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ١٣٠ ژن لەلایەن هاوژینەکانیانەوە کوژراون یاخود لەلایەن هاوژینی پێشوویانەوە، و ئەم ڕێژەیە لە ئاستی جیهانیدا بەگوێرەی سیاقە کولتوورییەکان بەردەوام بەرزی و نزمی بەخۆیەوە دەبینێت. لەمەشدا هەم مانەوەی پاشماوەکانی پیاوەتیی ژەهراوی و هەم حکومەت بەرپرسن. بۆ نموونە لە فەڕەنسا، لە زۆربەی حاڵەتەکانی توندوتیژیدا، پێشتر قوربانی پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە و باسی لە توندوتیژیی خێزانی کردووە و لە زۆربەی حاڵەتەکانیشدا حکومەت کەیسەکانی پشتگوێ خستووە. لە ڕووسیا، توندوتیژیی خێزانی بە ئاستێک وەک تاوان نابینرێت، ئەمەش نیشانی دەدات چۆن دەکرێت دەستکەوتێک پاشەکشەی پێ بکرێت و ڕەوتی مێژوو بگەڕێنرێتەوە دواوە.

لەم ڕووەوە پیاوێتیی ژەهراوی هەستێکی بێ بنەمایە بەوەی شانازی و پێگەی باڵادەستی ئەو کەوتووەتە ژێر هەڕەشەوە، هەستی برینداربوون یەکسان دەکرێت بە لاوازی و هەر برینداربوونێک وەردەچەرخێتە سەر جۆرێک لە هێرش و پەلامار. بەڵام ئەم حاڵەتە ئەمڕۆ وەک دەبینین ڕۆژ بەڕۆژ ڕەوتی پێچەوانەشی وەرگرتووە، بەپێی داتاکان خۆکوژی لەنێو پیاواندا لە لیبراڵ دیموکراسییەکاندا ڕێژەیەکی بێ پێشینەی وەرگرتووە. ئەو پیاوانەی خۆیان دەکوژن پێشتر بەردەوام باسیان لەوە کردووە کە چیتر توانای هەڵگرتنی باری هەستەوەرێتیی خۆیانیان نییە. بۆیە ڕەخنەگرتن لە پیاوێتیی ژەهراوی، بەر لەوەی هاوسۆزی بێت لەگەڵ ژنان، هاوسۆزی و هاوپشتییە لەگەڵ پیاوان خۆشیان.

لێرەدا دەبێت جیاکاری لەنێوان ڕەخنە و تۆمەتبارکردن/گوناهبارکردندا بکەین. ڕەخنە ئاماژە بە کردە و جووڵەیەک دەکات و دەڵێت ئەوەی ڕووی تێدەکەین و ڕەخنەی لێدەگرین دەتوانێت خۆی بگۆڕێت، بیر لە خۆی بکاتەوە و ئەمەشی دەوێت، پێویستی بە هاودەمێکی گفتوگۆ هەیە بۆ ڕەخنە. بەڵام گوناهبارکردن/تۆمەتبارکردن ناوی بوونێک/کەسێک دەبات و داوای گۆڕان و بیرکردنەوەی ڕەخنەیییانە لە ڕەفتارەکانی ناکات، بەڵکوو داوای لێ دەکات تۆبە بکات. لەنێو خودی دەستەواژەی «پیاوێتیی ژەهراوی»دا خودی هاوەڵناوی «ژەهراوی» (toxic) هەموو قورسایی و بارەکە لەخۆیدا هەڵدەگرێت، و ئەم جۆرە لە هەڵگەڕاندنەوەی توندوتیژیی ئەخلاقی لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێک زاراوە و دەستەواژەی بایۆلۆژی و کوشندە کۆمەڵگە لە ئامادەیی بۆ ڕەخنەوە دەگۆڕێت بۆ تاقیگەیەک تێیدا سەرقاڵ بیت بە بڕین و لەناوبردنی ماددە ژەهراوییەکان. لەم ڕووەوە هێرشی ئەمڕۆی ژنانی سەر بە بەرەی باو و جەماوەریی فیمینیزمی جیاوازی بۆ سەر پیاوان و بەتایبەتیش بۆ سەر پیاوانی سپیپێستی بەساڵاچوو (کە هەم بەهۆی تەمەنیانەوە کەمترین توانای کردەی توندوتیژی، لێدوانی توندوتیژییان هەیە و بەراورد بە پیاوانی کولتوورەکانی دیکەش، زۆر زیاتر دیموکراتیزە و بەشارستانیتر بوون) کەمتر دژی پیاوانە، بەڵکوو دژی ڕەگەزی بایۆلۆژیی ئەوانە و دەڵێت هەر شتێک وابەستە بێت بە ڕەگەزی بایۆلۆژیی «پیاوبوون» یەکسانە بە پیاوێتیی ژەهراوی، ئازایەتی بۆ خۆبەکوشتدان، ڕیسک و مەترسی و مانای شانازی کە ژنان وەک یەکێک لە فۆرمەکانی هێرش بۆسەر خۆیان دەبینن، بەڵام ئەگەر وردببینەوە، هەموو ئەم خەسڵەت و سروشتییانەی دەدرێنە پاڵ ئەم پیاوە، نەک لە تەمەنی پیریدا، نەک لە ڕەنگی پێستیدا، بەڵکوو زۆربەی کات لە تەمەنی لاویدا و بەگشتیش ئەمڕۆ لەنێو پیاوانی کولتوورە نامۆدێرن و نادیموکراتیزەبووەکاندا سەرهەڵدەدەن. لێرەوەیە دەبینین لە فیمینیزمی جیاوازیدا سەرجەمی ڕەفتاری پیاو فۆرمێکی ئەخلاقی وەردەگرێت، واتا هەمیشەش بە نەرێنی سەیر دەکرێت.

باڵادەست و تۆبەکار

پیاوێکی لاوی سەدەی بیست و یەک ڕووبەڕووی دوو بژاردە دەکرێتەوە. لە بەرەی ئەوەی بە خۆی دەڵێت چەپی پێشکەوتووخواز ئەم بژاردەیەی دەخرێتە بەردەست: کێشەکانی تۆ ڕاستەقینە نین، تۆ دەبێت لێکۆڵینەوە لە ئیمتیازەکانت بکەیت، پیاوبوون ژەهراوییە و ئێستا کاتی ئەوەیە ئەوانیدیکە بدوێن و تۆ بێدەنگ بیت؛ لە بەرەی ڕاستڕەوی ڕادیکاڵەوە پێیدەگوترێت بردنی پیاوێتیی بۆ ئەوپەڕی پەڕگیرییەکان باشە، دەتکاتە باڵادەست، دەتکاتە پیاوێکی بەهێز، دەتکاتە کەسێک زیانت پێنەگات. ئەوەی ئەمڕۆش لەنێو ڕەوتی فیمینیزمی جیاوازی و چەپی ڕادیکاڵدا پێی دەگوترێت «هەرێمی پیاو» کۆی دیاردەی مرۆیی بۆ چوار شت کورت دەکاتەوە: پارە، دەسەڵات، لەشولاری وەرزشی و ڕقبوونەوە لە ژن. بەڵام هاوکات هەر ئەم ئایدیۆلۆژییە داوای مۆدێلێکی نوێی ژن دەکات: ژنی ماڵەوە وەک لایف ستایل، لەبەرئەوەی کاری کلاسیک: کاری پیشەسازی کە ئێستا بەرەو داکشانەوەش دەڕوا، بە دیاردەیەکی پیاوانەیی دەبینرێت، کەواتە پێچەوانەکەی دەبێت کاری ژنان بێت. هەموو ئەمانەش لە سەردەمێکدا دەگوترێن، کە وەک پێشتر باسمان کرد، ئێستا پیاوان بە ئاستی فراوان زۆر گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و بەگشتیش ئەو ڕۆڵانەیان وەرگرتوون کە پێشتر وا دەبینرا ڕۆڵی ژنان بن: لە ئەڵمانیا نزیکەی ٤٠%ی ئەوانەی منداڵ بەخێو دەکەن، کارەکانی ئەنجام دەدەن، ئێستا پیاوانن، لە سەرەتای سەدەی بیستدا ئەم ڕێژەیە نەگەیشتبووە سەدا یەکیش. واتا ئێستا وردە وردە نزیک دەبینەوە لەوەی یەکسانییەکی ڕەها لە دابەشکردنی ڕۆڵەکاندا لەنێو هەردوو ڕەگەزەکەدا بێتە ئاراوە.

ئەمە لە ئاستی پەروەردەشدا ڕەنگی داوەتەوە، کە ئەم ئایدیۆلۆژیا چەپی ڕادیکاڵ و فیمینیزمی جیاوازییە بەتەواوی فەرامۆش و پشتگوێی دەخات. کوڕان لە قوتابخانەکاندا بەراورد بە کچان زۆر زیاتر ڕووبەڕووی کێشە و ناڵین و ئازار دەبنەوە و بەدەست زۆر دیاردەی بایۆلۆژی و هاوکات ئایدیۆلۆژیشەوە دەناڵێنن. کوڕێک لە قوتابخانە ناچار دەکرێت دان بە مافی هاوڕەگەزخوازاندا بنێت، ئەگەر ئەم کارە نەکات، ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبێتەوە. لەڕووی تەلارسازی و دیزاینیشەوە ئێستا قوتابخانەکان بەجۆرێک بونیاد دەنرێن لەگەڵ ئاراستەی کچاندا بگونجێت، واتا ئەو دامەزراوەیەی جاران بۆ پیاوان بوو، ئێستا بە فراوانی بووەتە هی ژنان، ئەمەش لەم چل ساڵەی ڕابردوودا لەگەڵ زیاتر و زیاتر باڵادەستبوونی چەپی سۆسیال دیموکراتی و فیمینیزم لە ناوەندەکانی پەروەردەدا سەریهەڵداوە. دەکرێت بڵێین کێشەی بنچینەییی ئەم ئایدیۆلۆژییە بریتی نییە لە بیرکردنەوە لە یەکسانی، بەڵکوو لە گۆڕینی فۆرمەکانی باڵادەستی و تۆبەکاری، مادام پێشتر قوتابخانەکان بۆ کوڕان بوون، ئێستا دەبێت بۆ کچان بێت. هەر لەبەرئەوەشە ئێستا دوو لەسەر سێی ئەو قوتابیانەی لە تاقیکردنەوەکاندا دەکەون، کوڕانن. لە ساڵی ١٩٨٠دا لە ئەڵمانیا لە پێنج کوڕ تەنها یەک کوڕ لە تاقیکردنەوەکان دەکەوت؛ لە ساڵی ٢٠٢٠ ئێستا لە هەر دوو کوڕ، کوڕێک لە تاقیکردنەوەکان دەرناچێت. هەڵبەت زۆر هۆکار بۆ ئەمە هەن، جاران یەکێک لە پرەنسیپەکانی پەروردە بریتی بوو لە دیسپلین و تەنانەت ئاستی سزادانیش، بەهێزبوون، جێگیربوون، شکۆ و شانازی لەکاتی سەرکەوتندا، ئێستا ئەمانە هەموویان وەک نیشانە و سروشتەکانی «پیاوێتیی ژەهراوی» دەبینرێن، لە سیستەمی پەروەردە لادەبرێن و جۆرێک لە ئارەزوومەندێتی دێتە ئاراوە بۆ خوێندن، نەک ناچارکردن، زۆرلێکردن و دیسپلین و کۆنتڕۆڵکردن.

لەگەڵ زیاتر پێشچوونی ئەم ئایدیۆلۆژییەدا، ڕێژەی ژنان لە قوتابخانەکان زۆرتر دەبێت، لەنێو کولتووری سەرمایەداریی هاوچەرخیشدا، کە خواست لەسەر کاڵا کولتوورییەکان زۆرتر بووە، تا لەسەر کارە کلاسیکییەکان و نەریتە خوێندنە کۆنزەرڤاتیڤە کۆنەکان لە پیشە ئەکادیمییەکاندا، بۆ نموونە یوتوبەرێک، ڤلۆگەرێک بەبێ هیچ زانیاری و مەعریفەیەک، زیاتر لە پرۆفیسۆرێک پەیدا دەکات، وای کردووە داهاتی ژنان ئەمڕۆ زۆر هەڵبکشێت و پیاوان زیاتر بێ کار ببن، فیمینیزم کاردانەوەی پیاوان وەک «پیاوێتیی ژەهراوی» دەخوێنێتەوە، نەک وەک قەیرانێکی چینایەتیی ناو سیستەمی سەرمایەداری. لە میترۆپۆلە گەورە و سەنتەرە خۆرئاوایییەکاندا، ئێمە ڕۆژانە زۆر زیاتر بەر پیاوانی بێ ماڵ و حاڵ دەکەوین تا ژن، لە هەر دە بێ ماڵ و حاڵێک، یەک دانەیان ژنە، جار هەیە، هەر دەیان پیاوە. کەواتە ئەوەی فیمینیزمی جیاوازی و چەپی ڕادیکاڵ بە قەیرانی پیاوێتی ناوی دەبەن، لە بنەڕەتدا قەیرانێکی سیستەماتیک و چینایەتیی ناو کولتووری بەجێندەریکراوە و چەپی ڕادیکاڵیش کە دەمێکە چینی کرێکاری بەجێهێشتووە و ئێستا پەنای بردووەتە بەر ئەو گرووپانەی پێشتر بە کەمینە دانرابوون: کۆچبەران، ژنان، موسڵمانان، بەشداریی زیاتر لە بەئەخلاقیکردنی ئەم گوتارەدا دەکات.

بەخاکسپاردنی دیالۆگ و هونەر و کولتوور

فەلسەفە، ڕۆشنبیری و بیری ڕەخنەیی لەو شوێنە دەست پێ دەکات کە کەسانێک دەڵێن، نا. نەریتی دیالۆگی پلاتۆنی ئەو شوێنەیە ئەم ڕەهەندەی تێدا بەدامەزراوەیی کراوە، ئەم نەریتە بە هەموو سەردەمەکاندا هاتووە و لە ڕۆشنگەری و عەقڵی ڕەخنەییی کانت-دا پێدەگات و لە ڕۆحی ڕەهای هێگل-دا دەگاتە لوتکە. کولتووری ڕەخنە بەگشتی دەبێتە کولتووری باڵادەستی لانیکەم بەشێک لە شارستانێتیی مرۆڤایەتی، واتا شارستانێتیی مۆدێرنیتەی خۆرئاوایی. ئەو کولتوورەی نەتوانێت لەگەڵ بەرگەی ڕەخنە بگرێت، کولتوورێکە بێ نەریتی فەلسەفی و کولتوورێکە لەسەر بنەمای ناسنامەی قوربانی و برین و ژان دەژیت و بێ هۆش نییە ئایدیۆلۆژیای ناسنامە و پاسپۆرتی ئازار و ژان هەموو ناهاوڕابوون و ناکۆکییەک وەک هێرش و برینداربوونی زیاتر لەقەڵەم دەدات. کولتووری قوربانییخوازیی جیاوازیی نێوان پەیڤ و توندوتیژی ناڕوون دەکات و سنووردارکردنی بیری ڕەخنەییش دەبێتە ڕەوتێکی سەرتاپاگیر، چونکە لێدوانی ڕەخنەئامێز، نوکتە و گاڵتەوگەپ، کتێب و دەربڕینە هونەرییەکان و تیۆرییە زانستییەکان وەک هێرش دەبینرێن و ئەو کەسەش هەست دەکات بەو تیۆرییانە هێرشی کراوەتە سەر، داوا دەکات هێرشبەران بێدەنگ بکرێن، لە کارەکانیان دەربکرێن، دووربخرێنەوە و دووبارە بە چەمکە باڵادەستەکانی ناو ئەو کولتوورە پەروەردە بکرێنەوە، تا دەگاتە ئەو شوێنەی بەرپرسیارێتی و پابەندێتیی خودی ئەکادیمیا بەرانبەر بە ئازادیی ڕادەربڕین، تەواو سنووردار دەکرێت و ژینگەی ئەکادیمیا دەگۆڕێت بۆ مەڵبەندی چالاکوانی. ئەمڕۆ باس لە هەڵاوسانی چەمکەکانی توانای برینداربوون و توندوتیژی دەکرێت لە زانکۆکاندا و داوا دەکرێت پرۆفیسۆران خۆیان بەدوور بگرن لە دەربڕینی هەندێک بیروبۆچوون، کە ڕەنگە گرووپی کەمینەکان بریندار بکات، لەوانە ڕەخنە لە هەندێک پراکتیکی ئیسلامی، بە ترس و تۆقین لە ئیسلام (ئیسلامۆفۆبیا) وێنا دەکرێت، ڕەخنە لە ئایدیۆلۆژیای فیمینیستی بە دژە-ژنی دەخوێنرێتەوە و باسکردن لە هەندێک پراکتیکی گروپە کۆچبەرنشینەکان بە ڕاسیزم پێناسە دەکرێت و هەر ڕەخنەیەک بە هێرش بۆسەر ئەم گرووپانە دەبینرێت، کە دەبێت بەری پێ بگیرێت. کەم نین ئەو پرۆفیسۆرانەی لە ناوەندە ئەکادیمییە خۆرئاوایییەکاندا کارەکانیان لەدەست داوە، یاخود هۆڵەکانی خوێندنیان چۆڵ کراوە. ئێمە ئەمڕۆ بەر دیاردەی دانانی قەدەغە لەسەر بیری ڕەخنەیی دەکەوین.

ئێمە دەتوانین هەروەها باسی میکانیزمێکی ناوەوەی خودی بەکارهێنانی زمان بکەین. دەرکەوتە لە بەها و نۆرمەکان ئازاد بووە و جیابووەتەوە، هەر کەسێک دەیەوێت بەوجۆرە دەرکەوێت کە حەزی پێ دەکات، بەڵام بیرکردنەوە و زمان ئەمڕۆ جیاوازتر لە دەرکەوتە، تەواو کراونەتە شتی باو و بە ستاندارد کراون. بۆ نموونە قەدەغەیە باس لە «ستەمکاریی خۆرهەڵاتی» بکرێت و ڕاستەوخۆ وەک ڕەوایەتییدان بە کۆڵۆنیالیزم لێک دەدرێتەوە، تا دەگاتە ئەوەی تەنانەت ڕەوتێکی ترۆتسکیستی وەک مارکس٢١ لە ئەڵمانیا بە فەرمی لە ٢٠١٨دا کاتێک ئەردۆغان هێرش دەکاتە سەر عەفرین و دەردەکەوێت مزگەوتەکان لە ئەڵمانیا پارەیان بۆ سوپای تورکیا کۆ کردووەتەوە، ئەو ڕێکخراوە بڵێت با لە ڕەخنە و ئیدانەکردنەکاندا ناوی ئەردۆغان نەهێنرێت، بەوەدا دەبێتە هۆی بریندارکردنی هەستی موسڵمانانی ئەڵمانیا. چەپی نوێ زمانێکی وریاییانە بەرهەم دەهێنێت، کە هەموو ئەوانە دەخاتە دەرەوە بە وریایییەوە، بەپێی ئەو نۆرم و بەهایانە زمان بەکار نەهێنن. ئێستا ئەو چەپە وازی لە ئایدیا و بیرۆکەی شۆڕشی جیهانی هێناوە و پەنای بردووەتە بەر «شۆڕش لە خۆدا» و لەبری مارکس، پەنای بردووەتە بەر میشێل فوکۆ و بەکارهێنانی زمانی کلاسیک و نا-جێندەری، وەک فۆرمێکی دەزگا و ئەپارەتووسی دەسەڵاتخوازی و کۆنتڕۆڵکردنی کەمینەکان دەبینێت. ئەمە ئێستا بووەتە فۆرمێکی زانینناسیی فیمینیستیش. لە ئایدیۆلۆژیای ناسنامەی گرووپە کەمینە و قوربانییەکاندا تەنها ئەوانە بۆیان هەیە قسە بکەن و لە ئازار بدوێن، کە ئازاریان چەشتووە و فیمینیزم دەڵێت تەنها ژن بۆی هەیە دەربارەی پرسەکانی ژنان بدوێت، بەڵام هاوکات چەمک و دەستەواژەی «هەمیشە پیاوان توندوتیژن» دەگشتێنێت و لەسەر پاڵنەرەکانی توندوتیژی دەدوێت، چونکە پێی وایە پیاوان کاتێک باسی حەقیقەت بکەن، لە پێگەی خاوەن ئیمتیازبوونیانەوە ئەمە دەڵێن، نەک لە خۆشەویستییان بۆ حەقیقەت. لێرەوە ڕەخنە لە فیمینیزم دەبێتە کۆنەپارێزی و دژە-ژنی، بەڵام ڕەخنە لە پیاوان دەبێتە ڕزگارییخوازی.

فەلسەفە لە ڕاستیدا ناتوانێت لەژێر ئەو حوکمەدا بژیت و دەرەنجامی ئەم باڵادەستییەش بەم جۆرەیە: چیتر هیچ کەسێک نە مافی هەیە و نە جورئەتیش دەکات پێچەوانەی فیمینیزمی ڕادیکاڵ بدوێت و هەر پیاوێک ئەم کارە بکات ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناوزڕاندن دەبێتەوە و هیچ کەسیش لە کۆمەڵگەدا نە هاوسۆزی بۆ دەبێت و نە دەشیەوێت بەرگری لە پیاوێکی وا بکات جورئەتی کردووە ڕەخنە بگرێت و بە ئەگەری زۆریشەوە لە کارەکەی دەردەکرێت. وەک پێشتر باسمان کرد، هەر لەبەر ئەوەیە سیستەمێک، کولتوور و هەژموونێکی هاوتاسازی و وەک یەکلێکردن سەریهەڵداوە، کە ئەمجارە لە دەوڵەتێکی دیکتاتۆرەوە نایەت، چاوەڕوانی ئەوە بیت دوای ڕەخنە پۆلیس لەبەردەرگە ئامادە بێت و قۆڵبەستت بکات، بەڵکوو هەژموونێکی کولتووریی گرامشییانە باڵادەست بووە، بۆ ئەوەی ناوت نەزڕێت و ڕووبەڕووی شەپۆلی ئیهانەکردن و لەدەستدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ئەگەری لەدەستدانی کارەکەت نەبیتەوە، ناچاریت بە پرۆسەی خۆ-سانسۆرکردندا بڕۆیت.

ئەم ڕەوتە ڕادیکاڵە فیمینیستییە هاوکات هێرش بۆ سەر زۆر شوێنی دیکە دەبات، نەک تەنها هەوڵی گۆڕینی ڕەوتی باوی زمانی ئاسایی دەدات، بۆ نموونە لە زمانی ئەڵمانییدا جاران ئەگەر بتنووسیایە خوێندکاران بە فۆرمی کۆ دەتنووسی «Die Studenten»، ئێستا دەبێت کۆمەڵێک ئەستێرە و نیشانەی دوو خاڵ زیاد بکەیت و فۆرمی کۆکردنەوەکەش بگۆڕیت، «Student*innen oder Student:innen» و ئەمەش بەپێی زۆرێک لە زمانەوانان نەک تەنها دەستکاریی ئێستاتیکای زمان دەکات، بەڵکوو لەڕووی گۆکردن و فۆنەتیکیشەوە دونیایەک کێشە بۆ ڕیتمی دەربڕین دروست دەکات و لە کاتێکدا فۆرمی کۆکراوەی پێشوو هیچ ئاماژەیەکی جیاکاری و هەڵاواردنی جێندەری تێدا نەبووە، بەڵام فیمینیزمی نوێ دەڵێت لە زمانی کۆندا هەمووان هەستناکەن حسابیان بۆ کراوە، بۆیە دەبێت بۆ ئەم فۆرمە بگۆڕدرێت و ئەمەش بەسەر هەموو وشەکانی دیکەی ناو ئەو زمانەدا پیادە دەکرێت و ئەگەر تۆ وەک نووسەر ئەم ڕێسایە پەیڕەو نەکەیت، بە ئەگەری زۆر گەورەوە نە وتارت بۆ بڵاو دەکرێتەوە، نە کتێبت بۆ چاپ دەکرێت، ئێستا ئەو هێرشە بۆ سەر ڕابردووی هونەر و کولتووریش ڕوو دەدات، واتا دووبارە داڕشتنەوە و ڕەتکردنەوە و بەهاپێدانی هونەری ڕابردوو، لە گۆشەنیگای ئەمڕۆی ئەم فیمینیزمەوە.

ئەمڕۆ هێرشێکی سەرتاپاگیر بۆسەر بەرهەمە کولتووری و هونەرییەکان دەبینین. بۆ نموونە پاسکال بروکنەری فەیلەسوفی فەڕەنسی لە کتێبەکەیدا بەناوی من ئازار دەچێژم کەواتە هەم: وێنەی قوربانی وەک پاڵەوان، لیستێکی ئەم هێرشانە و نیشانەکانیانیمان بۆ دەستنیشان دەکات: حیکایەتی بەرئاگردان (fairy tale) ئەمڕۆ وەک «قوتابخانەی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنان» دەبینرێت، چونکە بەوەدا شازادەیەک ماچی کچێکی خەوتوو دەکات بێ ئەوەی پرسی پێبکات؛ خانمانی گرانبەهای گاڵتەجاڕی مۆلێر (١٦٥٩) و کارەکتەری مەدام ڤێردورینی ناو ڕۆمانی گەڕان بەدوای کاتی لەدەستچوودای مارسێل پروست وەک نموونەگەلی دژە-ژنیی بێشەرم و ناشرین دەخوێنرێنەوە و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەیان بایکۆت دەکرێن و لە لیستی وانە زانکۆیییەکان دەردەهێنرێن و مۆلێر چیتر ناخرێتە سەر سەکۆی شانۆ؛ پیکاسۆ بە هارڤی واینستینی سەردەمی خۆی ناو دەبرێت؛ ستایشکردنی ژنێک بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان بەرهەمی ژنێک وەک بێڕێزی و بەزاندنی سنووری ژنان دەبینرێت، لە یادکردنەوەی میلان کۆندێرادا وەک سێکسیست و دژە-ژن دەبینرێت، بەوەدا کارەکتەرە مێینەکانی ناو ڕۆمانەکانی لاواز یاخود گاڵتەجاڕن و ئەمەش دەبێتە چەک بۆ هێرشێکی سەرتاپاگیر بۆ سەر بەرهەمە ئەدەبییەکانی، لەکاتێکدا ئەو ڕاستییە بە سانایی پشتگوێ دەخەن کە کارەکتەرە نێرینەکانیشی بەهەمان شێوە لاواز و گاڵتەجاڕن.[14]

ئەوەی لەدەستدەچێت و نامێنێت بریتییە لە پرەنسیپی خودی خەیاڵی ئەدەبی. خودی خەیاڵ و وێناکردنیش بە دیاردەیەکی پیاوانەیی دەبینرێت. بەڵام لە بنەڕەتدا هەرێمی هونەر بریتییە لەو شوێنەی تێیدا دەکرێت فیگەر و کارەکتەرەکان گاڵتەجاڕبن، حەزلێکراو و تاسەکراو بن، نادادپەروەرانە وێنا بکرێن و کەچی هێشتا شەیداکەر و سەرسامکەریش بن. دۆن کیخۆت گاڵتەجاڕییەکی سەرتاپاگیرە بە هونەر و ژیانی سوارچاکی، لە کاتێکدا ئەدەبیاتی پێش سێرڤانتێس سوارچاکی بەشێوەیەکی دیکە وێناکردبوو، ئێما بۆڤاریی گوستاڤ فلوبێر هاوژینێکی نموونەیی نییە؛ ئەم بەرهەمانە بەوجۆرەن و هەر ئەمەشە وامان لێدەکات هێشتا شەیدایان بین و بیانخوێنینەوە. داڕشتنی وێنەیەکی نموونەیی و ئایدیال بۆ کارەکتەرە ئەدەبییەکان، چیتر بەرهەمی ئەدەبیی نییە، بەڵکوو نووسینەوەی ژیانی قەدیسان و پەسننامەیە و ئەو کولتوورەی دەڵێت هەر کارەکتەرێکی ئەدەبیی پێش دروستبوونی دەبێت سەیری بەها باوەکانی ئەو سەردەمە بکات و لەڕووی ئەخلاقییەوە بپشکنرێت ئایا ئازاری هەست و سۆزی گرووپە کەمینەکان نادات، چیتر کولتووری داهێنان نییە، لە بری ڕۆمان، کۆمەڵێک قەشە و ژیانی پەیامبەرانت پێشکەش دەکات. یاخود ئیلیادە و ئۆدیسەی هۆمیرۆس کە نزیکەی ٨٠٠ ساڵ پێش لەدایکبوونی عیسای کوڕی مەریەم گوتراون و زارەکییانە گواستراونەتەوە، تا نووسراونەتەوە، ئەمڕۆ وەک دەقی دژە-ژن و ڕاسیستیی دەبینرێن، بێ هۆش نییە، فیلمی ئۆدیسەی کریستۆفەر نۆلان، سەرەڕای هەموو جوانییەکانی، ناچار دەبێت لەژێر ئەم ژینگەیەی ئایدیۆلۆژیای باڵادەستدا فیگەرەکان بگۆڕێت و بەپێی پێوەرە ئایدیۆلۆژی و ئێستاتیکاییە هاوچەرخان بچێتە پێشەوە، ئەگینا بە سەرتاپاگیری بایکۆت دەکرێت، هێلینای تروایی دەبێت ژنێکی ڕەشپێست بێت، هێرکولیس دەبێت ڕەچەڵکی بگەڕێتەوە سەر هیندییەکان، کارەکتەری ژنان نابێت ئێستاتیکی پیشان بدرێن و جوان بن، چونکە بەئێستاتیکاییکردنی ژنان لە سەرەتاوە هەوڵی پیاوانی سێکسیستە بۆ خەیاڵکردن بەرانبەر بە ژنان. ئەم ڕەوتە ئایدیۆلۆژییە نازانێت لە بنەڕەتدا خەریکی پێدانی وێنە و پاسپۆرتی قوربانییە بە سەرجەمی ژنان و ئەمەش هیچ نییە جگە لە بەخشینی خەسڵەت و سروشتی منداڵانە و گەشەنەکردوو بە ژنان و خۆبەخۆ دەرکردنی ژنان لە واقیعی مرۆیی و بەشێکی دیار و باڵادەستی ناو فیمینیزمی نوێش پێناچێت زۆر گرنگی بە ڕزگاریی ژنان بدات، هێندەی هەوڵی هەوڵی چاندنی ئەم بیرۆکانە لە مێشکیاندا دەدات. فیمینیزمی نوێ پێویستی بە ژنانی تێکشکاوە تا بتوانێت ئاراستەیان بکات. لەگەڵ خۆیدا سەرلێشێوان بۆ پیاوانیش دەهێنێت، تا کەشتییەکە پێکەوە نقووم دەبێت.

ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، بەپۆلیسییکردن و بەدادگەییکردنی دیالۆگە. ئەوەی دەردەکەوێت پیرۆزکردنی برین و ژانە، ئەو کولتوورەش ژان و برین پیرۆز بکات، لە سەرەتاوە بڕیار دەدات ڕێگە لە چارەسەرکردن و ساڕێژکردن بگرێت.

دوای دادگایی

ئەو فیمینیزمەی وەفای بۆ مێژووی خۆی هەبێت، چی دەکات؟ سەرەتا ئەو گەردوونگەرایییە ساڕێژ دەکاتەوە کە خاڵی بەهێزی ئەو بوو. بەهای کەسێک بەند نییە لەسەر ئەو خەسڵەتەی لەگەڵی لەدایک دەبێت و خۆی لێی بەرپرس نییە و ئەمەش چەندە بۆ پیاوان ڕاستە هێندەش بۆ ژنان ڕاستە. ئەم فیمینیزمە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ڕەهەندی ئابووری و بۆ کرێ و بۆ کاری بێ کرێ کە هێشتا لێرە و لەوێ و لە بەشێکی گەورەی دونیا، ژنانی گیرۆدە کردووە، بۆ ڕێکخستنی ماڵ و داڕشتنەوەی بەشێوەی یەکسان و بۆ بازاڕی کار، بۆ ئەو کێشە و گرفتانەی نابێت بکرێنە بابەتی فۆتۆگرافی و نمایش، بەڵکوو ببنە هۆی سەرهەڵدانی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنیان. دەبێت پیاوێتیی ژەهراوی وەک پراکتیکێکی بەرجەستە بە کۆمەڵێک هۆکاری بەرجەستەوە ببینێت و نەک ئەوەی نیوەی مرۆڤایەتی بەوە تۆمەتبار و بێدەنگ بکات، دەبێت باس لەوە بکات لە دادگە دەرفەت بۆ شکاتکەر و شکاتلێکراو/تۆمەتبار بەیەکسان هەبێت، پۆلیس ناچاربکرێت وەڵامی هۆشدارییەکان بداتەوە و زوو کاردانەوەی هەبێت و قوتابخانەکان چیتر کوڕان نەبوغزێنن، پیاوان وەک هاوبەشانی ژنان، نەک وەک دوژمنانی ژنان سەیر بکرێن، لە هەموو شتەکاندا، لە ئەرک و لە مافەکاندا. دەبێت دەستبەرداری هەڕەمی قوربانییەکان بێت، چونکە ئەم پیرۆزکردنەی قوربانی و شوێنگرتنەوەی قوربانیی سەرەکی، وا دەکات ئەوانەی قوربانیی ڕاستەقینەن، بەڵام دەرفەتی دەرکەوتنیان نییە پشتگوێ بخرێن.

ئەم فیمینیزمە نوێیە بە هەوڵە هەڵبژاردەیییەکەیەوە، خیانەت لەو گەردوونگەرایییەی ڕزگاریی ژنان دەکات کە فیمینیزمی پێشوو تێیدا دەژیا و خەباتی دەکرد. فیمینیزمی نوێ بەردەوام باس لە توندوتیژیی پیاوان دژی ژنان دەکات، بەڵام وەک پێشتر باسمان کرد، پیاوانی سپیپێستی بەساڵاچوو، کە کەمترین توندوتیژییان تێدا ماوە، کەچی کە دێتە سەر باسی ناوی گرووپە کەمینەکانی وەک پیاوانی کۆچبەر، ئەم فیمینیزمە بێدەنگ دەبێت، ئەم فیمینیزمە نوێیە هەوڵی سەرنجڕاکێشانی کچێکیش لەلایەن کوڕێکەوە، وەک هەنگاوی یەکەمی ژنکوژی دەخوێنێتەوە، بەوەدا دەڵێت سەرەتا هەوڵی ڕازیکردن دەدات، پاشان دەیکات بە خۆشەویست، دواتر دەستدرێژیی سێکسی دەکاتە سەر (مەبەستیش لە دەستدرێژیی سێکسیی ئەوەیە کە پەیوەندیی سێکسوالیی نێوانیان ئازادانە نەبووە بەڵکوو بەهۆی هەوڵی پیاوەکەوە بووە بۆ بەخۆشەویستکردنی کچەکە و بەکارهێنانی فێڵ و تەڵەکە) و دوای دەستدرێژیی سێکسیش بە ئەگەری زۆرەوە ژنەکە دەکوژێت، کەچی چەند مانگێک پێش ئێستا کچێکی کورد لە یانەیەکی لاوان لەلایەن نۆ پیاوی عەرەبەوە دەستدرێژیی سێکسی دەکرێتە سەر، بەڵام ڕاوێژکاری شارەوانیی بەرلین بۆ کاروباری ژنان، سارا ناگل، سەر بە پارتی چەپ و یەکێک لە فیگەرە دیارەکانی ناو ئەم فیمینیزمە نوێیە، کەیسەکە دیزەبەدەرخۆنە دەکات و دەیشارێتەوە، بەوەدا نەکا ڕاستڕەوەکان بۆ بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە بەرانبەر عەرەب و موسڵمانان بوروژێنێت، بەڵام ناردنی چەند وێنەیەکی پۆرنۆگرافیی کە لە کۆلین فێرناندێز دەچن و فێرناندێز دەڵێت مێردە کۆنەکەی ئەم کارەی کردووە، کە هێشتاش بە تەواوی لە دادگە یەکلایی نەبووەتەوە، هەموو شەقامی ئەڵمانیا و ئەوروپا دوروژێنێت، بە خودی سارا ناگل خۆشییەوە، کە بەرانبەر دەستدرێژیی سێکسیی نۆ پیاوی عەرەب بەرانبەر بە کچێکی کورد بێدەنگە و کەیسەکەش دەشارێتەوە و خۆشبەختانە ئێستا ئەمەش گەیشتووەتە دادگە، بەڵام نادادپەروەرییەکە ئەوەیە ئەم فیمینیزمە کە خۆی بە گرووپی کەمینەکان دەزانێت و پاسپۆرتی قوربانیی هەیە و موسڵمانان و کۆچبەرانیش وەک هاوپەیمانی خۆی دەبینێت، بێدەنگە بەرانبەر بەم جۆرە دەستدرێژییە سێکسییە.

ئەم فیمینیزمە چاوێکی بە زەقی بۆ شوێنێک کراوەیە کە کەمترین نیشانەی توندوتیژی تێداماوە و چاوەکەی دیکەی بەرانبەر بەو شوێنەی زۆرترین توندوتیژیی تێدایە، داخستووە، ئەمەش نیشانەی باوی هەر ئایدیۆلۆژیایەکە. ئەم فیمینیزمە خاوەن لێبوردەییەکی سەرتاپاگیرە بەرانبەر بە توندوتیژیی پراکتیکی پیاوانی کۆچبەر، بەڵام لەوە تێناگات لێبوردەییی ناسنووردار بەرانبەر بە نالێبوردەیی لە داهاتوودا دەبێتە قڵپوونەوەی سەرتاپای کەشتییەکە و هەڵوەشاندنەوەی لێبوردەیی، تا ئەو کاتەی نالێبوردەییی توندوتیژیی ڕاستەقینە شوێن بەو هێمنبوونەوە و نەرمبوونەوەیە و بەشارستانێتیبوونەش چۆڵ دەکات کە فیمینیزمی نوێ وەک سەرچاوەی هەڕەشە دەیبینێت: پیاوانی سپیپێستی بەساڵاچوو.


[1] بڕوانە:

Richard David Precht, Angststillstand: Warum die Meinungsfreiheit schwindet, Goldmann Verlag, München, 2025.

[2] بڕوانە:

Andreas Reckwitz, Die Gesellschaft der Singularitäten: Zum Strukturwandel der Moderne, Suhrkamp Verlag, Frankfurt am Main, 2017.

[3] بڕوانە:

Nancy Fraser, “From Progressive Neoliberalism to Trump—and Beyond,” American Affairs 1, no. 4 (2017); Fraser, “From Redistribution to Recognition? Dilemmas of Justice in a ‘Post-Socialist’ Age,” New Left Review I/212 (1995).

[4] Tom Bunyard, Debord, Time and Spectacle: Hegelian Marxism and Situationist Theory, Brill, Leiden, 2018, P. 2-3.

[5] بڕوانە:

Peter Köpf and Zana Ramadani, WOKE: Wie eine moralisierende Minderheit unsere Demokratie bedroht, Quadriga Verlag, Köln,, 2023.

[6] Pascal Bruckner, The Tyranny of Guilt: An Essay on Western Masochism, translated by Steven Rendall, Princeton University Press, Princeton, 2010, P. 141.

[7] بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:

Bradley Campbell and Jason Manning, The Rise of Victimhood Culture: Microaggressions, Safe Spaces, and the New Culture Wars, Palgrave Macmillan, Cham, 2018.

[8] بڕوانە:

Campbell and Manning, Rise of Victimhood Culture, ch. 4, “False Accusations, Moral Panics, and the Manufacture of Victimhood.

[9] Kate Manne, Down Girl: The Logic of Misogyny, Oxford University Press, Oxford, 2018, P. 196-205.

[10] Bruckner, Tyranny of Guilt, P. 99.

[11] Ibid, P. 141.

[12] بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:

Alexis de Tocqueville, The Old Regime and the Revolution or The Old Regime and the French Revolution, Harper & Brothers, New York, 2010.

[13] Eva Ladipo, Not am Mann: Die Erfindung toxischer Männlichkeit, Reclam Verlag, Stuttgart, 2026.

[14] Pascal Bruckner, Die Gesellschaft der Opfer: Porträt des Erniedrigten als Held, aus dem Französischen übersetzt von Christoph Hesse, Tiamat Edition, Berlin, 2024, S. 135-165.

blank
دەربارەی نووسەر
پێشڕەو محەمەد
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە