لە سەرەوەی چوارڕاکە کە وا نیشانیان کردبوو، یەکتریان دیت.
-بۆ وا درەنگ کەوتی؟! هەڵبەت نە زۆر، بەڵام لە تەلەفۆنەکەدا کە وا ئێستا پچڕاندت، وتت: لێرەی، کەچی دیار نەبووی بۆ چەند چرکەیەک.
بە متمانەبەخۆبوونێکی تایبەت بە خۆی سینگی هێنایە پێشەوە و بە هەمان دەنگی ئاسوودە بەڵام جدییەوە وەڵامی دایەوە:
-تووشی ڕامان بووم.
-ڕامان لە چی؟! لە کوێ؟
ئەوان دوو کەسی زۆر جیاواز بوون؛ بەڵام هاوڕێ بوون. جیهان توانیبووی دوو کچی یەکجار جیاواز بکات بە هاوڕێ. “ژینۆ” کەسێک بوو کە چاوەڕوانی چارەنووس نەدەبوو، بەڵکوو خۆی دەڕۆیشت بەدوایدا… شەقام بە شەقام، کۆڵان بە کۆڵان، ماڵ بە ماڵ، تاکوو بیدۆزێتەوە و بە دەستی ڕایبکێشێت. بە پێچەوانەوە “ڕێزان” کەسێک بوو کە لە ماڵەکەی خۆی، لە ژوورەکەی خۆی دادەنیشت تا چارەنووس دەهات بەدوایدا. ئەو کاتە ئەو بەبێ هیچ هەستێک، بێ ئەوەی تەنانەت دەستیشی بگرێت، شوێنی دەکەوت و بەدوایدا دەڕۆیشت. بەڵام سەرەڕای ئەو جیاوازییانە، ئەو شتەی پێویست بوو بۆ هاوڕێیەتی دوو کەس، بوویان؛ واتە متمانە. متمانەی ئەوەی کە بە بێ دڵەڕاوکە و ترس لە یەکتری دادوەریکردن، ئەوەی لە مێشکیاندا و لە ناخیاندا هەبێت بۆ یەکتری باس بکەن. ژینۆ وتی:
-لە کوڕێک ڕامام، کە لە سەر چوارڕاکە ئەو دەمەی کە لەگەڵ تۆ تەلەفۆنی قسەم دەکرد، لەسەر کورسییەکی بەردین دانیشتبوو، ڕێزان وتی:
-کوڕ؟! کوڕێکی چۆن بوو؟
-ئاسایی، بەڵام ورووژێنەر…
– چۆن تۆ دەتوانیت ئەو دوو شتە پاڕادۆکسە لە کەسێکدا بگونجێنیت؟! و لە ڕستەیەکدا جێگای بکەیتەوە؟
– زۆر سانایە. کوڕێکی بەژنوباڵا ناوەند و لەوانەیە بەرەو کورت، بە جەستە و قژێکی ڕەشی ئاسایی… بەڵام کاتێک ئاسۆی دوو نیگا بەیەک گەیشتن، دەتوانیت ئەو شتە تابۆیەی کە لە ناخدا چاڵ کراوە، بجووڵێنیت و ئەو کاتەیە کە ئاساییترین کەسەکان دەبن بە ورووژێنەر.
-هممم، ڕامانەکەت بە کوێ گەیشت؟
-هیچ! بۆ ناو جێگا… هههه، مەترسە. جیهانی واقیع زۆر بچووکە بۆ ئەوە؛ مەگەر خەیاڵ جێگای ئەو خەونە بکاتەوە.
– هااا! ئەرێ. تەنانەت نەمدەویست قسەیشی لەگەڵ بکەم. دەترسام دەنگی ناخۆش بێت. دەترسام شتێکی نەگونجاو بڵێت و لە هەستەکەم و لە خەونەکەم پەشیمانم بکاتەوە. بەڵکوو تەنها دەمویست بەنیگای چاوێک، ڕێک بیبەم بۆ ناو جێگاکەم، بۆ ناو ژوورەکەم، بۆ ناو نوێنەکەم، تەنها بە یەک نیگا.
– ئەی دواتر
– دواتر نازانم. خاڵی بەهێزی خەیاڵ بەسەر ڕاستیدا ئەوەیە لە هەر شوێن و کاتێک کە بتهەوێت دەتوانیت بیپچڕێنیت. پێویست ناکات لەگەڵ ئاکامەکانی کە زۆربەیان ڕەنجن ڕووبەڕوو ببیتەوە.
– وایە، خەیاڵ سنووری هەیە، بەڵام ڕاستی بێسنوورە.
– من پێموابێت پێچەوانەی ئەو شتە بێت. تۆ دەتوانیت لە خەیاڵدا هەموو کارێک بکەیت. بەڵام لە ڕاستیدا تەنانەت گەر بیشکێنیت، لەوانەیە بەرگەی ئاسەوارەکانی نەگریت.
-ڕاستە کەواتە باشترە بڵێم سنوورەکانی خەیاڵ دەتوانیت خۆت دیاری بکەیت؛ بەڵام بۆ ڕاستی دەستەکانی چارەنووس دیاری دەکەن.
– تۆ پێی دەڵێیت دەستەکانی چارەنووس؛ من پێی دەڵێم دەستەکانی بەخت و یاسا و خۆمان و ئەخلاق.
– تۆ پێت وایە من کەسێکی بێ ئەخلاقم؟
– گەر بشبیت کێشەی نییە …
“ڕێزان” نەیهێشت قسەکەی تەواو بکات:
– نا، منیش خەیاڵم هەیە.
– بێگومان هەتە! مرۆڤ بە بێ خەیاڵ ناژی. گەر خەیاڵ نەبوایە ئێستا من و تۆ ئەم وتووێژەمان لە ناوەڕاستی ئەم شەقامە قەرەباڵغە نەدەکرد.
– نا من مەبەستم خەیاڵی بێئەخلاقە.
– بێئەخلاق؟
– بەڵێ…
– دەزانی ئەوەش یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی خەیاڵە کە دەتوانێت ئەخلاقی نەبێت.
-هەرچەند هەندێک لە خەیاڵەکان بۆیان نییە کە سنوورەکانی ئەخلاق ببەزێنن. بەڵام من خەیاڵێکی بێئەخلاقم هەیە… هەندێک جار پێم خۆشە لە لایەن پیاوێک یان چەند پیاوێک گەمارۆ بدرێم؛ هێرش بکرێتە سەرم …
ڕێزان کەمێک وەستا وەک ئەوەی چاوی تووشی تارمایی بێت یا سەری گێژی خەیاڵێک بێت و هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا، لەو هەناسانەی کە دوای هەڵمژینیان پێیان خۆش نییە بێنە دەر، و وەک ئەوەی بیهەوێت ڕازێکی قووڵ بدرکێنێت، تۆنی دەنگی دابەزاند و بە چرپەیەکی شەرماوی وتی:
– دەستدرێژی بکرێتە سەرم.
– چی:
ئەمجار بە دەنگێکی بەرزتر بەڵام کەمتر ئالوودەی شەرم، دووپاتی کردەوە:
- دەستدرێژی بکرێتە سەرم.
ژینۆ بۆ چەند چرکە ساتێک بێدەنگ بوو، نەک بێدەنگییەک لە جۆری تاوانبارکردن، یا هەستی سام و نیگەرانی، نە هیچ لە بێدەنگیی پێش لۆمەکردنی دایکان و باوکان نەدەچوو، بەڵکوو لەو بێدەنگییانە بوو کە بۆنی بیرکردن و تێکەڵاوبوونیان لێوە دەهات و ئەمجارە بە هاوڕێکەی وت:
– هممم. بۆم پرسیارە کە خەیاڵ تا کوێ دەتبات. بەرەو ئاسۆی چێژبردن یا تاکوو سنووری بێزارکردن.
– خۆم نازانم کە کامیان پێش دەکەون. چێژ یان بێزاری! بەڵام دەزانم هەردووکیان. دەمهەوێت چێژ ببەم، بێزار بم لە چێژەکەم، بێزار بم، چێژ ببەم لە بێزاربوونەکەم.
– بۆ ئەمە چ چێژێکە کە وا بێزارکەرە؟
– زۆرتر وەکوو بارێک وایە کە دەتهەوێت لێی ڕزگار بیت. بارێک بە درێژاییی مێژووی بوون.
– وا بیرم لێ نەکردبۆوە. لەوانەیە وابێت.
– دەمهەوێت لێی ڕزگار بم. لەو بیرە، لەو هەستە کە زۆر جار ناخم دەجووڵێنێت.
– دڵنیای ئێستاش هەر خەریکی باسی فانتازیاکەت دەکەیت؟ ژینۆ بە تێفکرینەوە ئەمەی وت.
ڕێزان وەڵامی دایەوە:
– نا. لە ئێستادا خۆشم دڵنیا نیم کە ئەوەی دەمهەوێت لێی ڕزگار بم فانتازیاکەیە، یا ئەو هەستەی ناخمە کە فانتازیاکە بەرهەمی ئەوە.
- بەڵی کەواتە…
چەند خولەکێک بە بێدەنگی تێفکرین، ڕۆیشتن، ئەوان بێدەنگ بوون، بەڵام شەقام هاواری دەکرد. سەیر بوو، نەیدەتوانی دیسان بێدەنگییەکەیان بپچڕێنێت، تا ئەو کاتەی دیسان شەقام نائاسایی بێدەنگ بوو. ئەمجار دەیانتوانی گوێیان لە هەناسەکێشانی یەکتری بێت و قورسی نیگاکانیان ببینن کە شوێنپێی لە شەقامدا جێ دەهێشت. بێدەنگییەکی ئازاردەر بوو، چونکە بە هاوارەوە تکای دەکرد کە بیشکێنن… هاوارێک کە ژینۆ وەڵامی دایەوە و پرسی:
- دەتوانی وردتر بیتەوە؟
– بەڵێ. بە مەرجێک کە تۆش لە فانتازیاکەت ورد بیتەوە.
– بێگومان. من هەر وەک وتم دەمویست ئەو کوڕە بە نیگایەک بەدوای خۆمدا بکێشم. بیبەم بۆ ناو ماڵەکەم، بۆ ژوورەکەم و بۆ ناو نوێنەکەم. دەمویست بە نیگایەک لێم تێبگات، جلەکانی دەربهێنێت. دەمویست بە هەمان نیگا، جلەکانی منیش دابکەنێت. دەمویست بە هەمان نیگا بمورووژێنێتەوە تاکوو جەستەییترین هەست… جەستەییترین جۆری بوون… دەمویست ئەوەی لەوێدا ڕوودەدات نە خۆشەویستی بێت، نە دەستی هیچ کەس، تەنانەت خوایش… دەمویست لەوێدا، لە ناو نوێنەکەمدا تەنها دوو جەستە بین و بەس، بە جەستەییترین جۆری بوون.
ڕێزان کە وردە وردە و دڵوپ دڵۆپ شەرم بە جێی دەهێشت تا جێگای گوناح ببێتەوە بە دەنگێک کە ئەمجار نەدەلەرزی، وتی:
– ئممم. گەر من بمهەوێت باسی بکەم، فانتازیاکەمان لە جێگایەکدا لە یەک دەچن واتە «جەستە». منیش دەمویست چەند پیاو گەمارۆم بدەن، وە بە زۆر بمبەن بۆ ناو جێگای خەوتن. نا! نا! نا! جێگای خەوتن نا! دەمویست هەر لەوێدا، لە شەقامێکی قەرەباڵغ، لە ناو گشتیترین جێگای گشتیی شار بە چاوە برسییەکانیان سەیرم کەن. بە چاوە برسییەکانیان جلەکانی بەرم بدڕێنن، بە چاوە برسییەکانیان ئاوێتەم بن تا تەنها ببم بە جەستەیەک و بەس. تا ئیتر من ئەو ژنە نەبم کە ڕۆژانە، کە هەموو ڕۆژێک مەیلی خۆی دەکووژێت. پێش ئەوەی لە ماڵەوە بێتە دەرەوە، پێش ئەوەی بێتە ناو شەقام. دەمویست ئەوان وەها لیبیدۆی من بکووژن، کە چیتر پێویست نەکات هەموو ڕۆژێک پێش چوونە دەر لە ماڵەوە، تەنانەت لە خەونەکانیشمدا یا لە کاتی خەودا بیر لە کوشتنی، نەک کوشتن بەڵکوو ناسینی ئەو هەستەی ناخم بکەم کە وام لێدەکات خەونێکی وا ببینم…
لە پڕ چاوی کەوتە سەر زەوییەکە و بە دەنگێکی بەرز و سەیرەوە ئاماژەی بۆ سێبەرەکانی خۆیان کرد و بە ژینۆی وت سەیرکە بەم ئێوارەیە سێبەری من و تۆ بۆ وا ڕەش دیارە؟! ژینۆ بە جێگەی وەڵام، سەری هەڵبڕی و سەیری کرد. شەقام و خەڵکانی شار ببوون بە گێژەڵووکەیەکی ڕەش، کە تا دەهات باڵای بەرزتر دەبوو بەرەو ئاسمان و بە دەوریاندا گێژی دەخوارد، بەڵام سێبەرەکانیان، دوو سێبەری قورس و ڕەش کە دەستی یەکیان گرتبوو لە بەردەمیان ڕاوەستابوون و ڕێگەیان لە گێژەڵووڵەکە دەگرت بۆ ئەوەی نووقمیان نەکات…