وا هەڵناکەوێت هەموو ڕۆژێک ببینە خوێنەری چیرۆکگەلێک کە کاراکتەرەکانی هەمەڕەنگ و سەرنجڕاکێش و چاوەڕواننەکراو بن. پەیکەرتاشێک دەبێتە هۆگری پەیکەرە بە دەست هەڵکۆڵراوەکانی، نووسەرێک دەکەوێتە داوی خۆشەویستیی کاراکتەری ناو چیرۆکەکانی و پەیوەندیی سەیر و ڕیزپەڕ لەگەڵ باڵندەکاندا درووست دەکات و گەچکارێکی فیلمسازیش کە بەخشکەیی لە ژێر کارە سپیکارییەکانی باڵەخانەکانی هەولێردا چەندان پارچە شیعری جێهێشتووە و خۆیشی بە ڤیدیۆ تۆمار کردووە کاتێک ئەو دێڕانەی لەسەر دیوارەکان نووسیوە و شارەکەی بە شیعر ئاوس کردووە.
لە خوێندنەوەی یەکەم دەقی دابان عەتار چەند ساڵێک لەمەوبەر تاوەکوو ئێستا، وەک یەک لە هەرە دڵخوازترین چیرۆکنووسی کورد لە لام کەمەندکێشی کردووم. شێوازی نووسینی دابان تایبەتە و کەموێنەیە. بەمەش پێم وایە ئێمە زۆر بەبەختین کە شتێک دەخوێنینەوە هاوتای نییە. بێهاوتایی واتای ئەوە ناگەیەنێت کە هەموو کەسێک چیرۆکەکانی دابانی دەچێت بە دڵا، لێ شتێک دەخوێنینەوە کە دەگمەنە.
خاسیەتێکی چیرۆکەکانی دابان، هیچ نەبێت بە لای خۆمەوە، ئەوەیە کە زۆر جار وەک مەحاڵ وایە بە یەک خوێندنەوە سەری لێ دەربکەیت. یەک، دوو، بگرە سێ بۆ چوار کەڕەت پێویستە بە هەمان دەقدا بچیتەوە. ئالەنگاریی وەهاش لەم سەردەمەدا تا دێت کەم دەبێتەوە، ئەمەش بۆ هەردوو لای خوێنەران و نووسەران ڕاستە. ڕەنگە خوێنەرێکی ئەم سەردەمە چیدیکە ئۆقرەی دەقی درێژ و پڕڕاز و قورسنووسراو نەگرێت، هاوکات ڕەنگە نووسەرانیش نەیانەوێت چیرۆکێک بنووسن کە خوێنەران بێئۆقرە بکات.
هەڵبەت، ناڵێم هەموو خوێنەران و نووسەران وەها بیر دەکەنەوە یان گەر دەقێک تایبەتمەندیی ئاستەنگی و ئالەنگاری نەبێت دەقێکی باش و جوان نییە، بەڵام سەردەمەکە وا خۆی نیشان دەدات کە دەگمەن بێت دوو جار ببیتەوە نێچیری هەمان قولاپی دەقێک یان کتێبێک کە لە ئاستێک لە ئاستەکاندا ماندووت بکات. ئەم تێگەیشتنەش چەوتە و جار نا جارێک دەقێک ئالەنگاریی تێگەیشتنمان بکات و داوامان لێ بکات کە وزەی تێدا خەرج بکەین شایەنی ئەوەیە خۆمانی بۆ بەدەستەوە بدەین و وەک چۆن ڕاوچی بۆ نێچیرەکەی دادەنیشیت، خوێنەریش ئا ئاوها بۆ دەقەکە دابنیشێت و شەنوکەوی بکات.
لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم کە شیکارییەک بۆ تێما و ڕەهەندە سەرەکییەکانی نوێترین کۆمەڵەچیرۆکی دابان بکەم بە ناوونیشانی “کودەتای گاڵتەجاڕی” کە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە لایەن وەشانی نووسیارەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە و لە سێ چیرۆک پێک هاتووە بەم ڕیزبەندییە: زیندانی بەرد، دوورگەی شەڕ، کودەتای گاڵتەجاڕی (کە هەر ناوونیشانی ئەم چیرۆکەیانە بووەتە ناو و ناسنامەی کتێبەکە). مەرج نییە لێکدانەوەکانی من مەبەستی پەیامەکانی پشت نووسینەکانی پێکا بێت یان بەشێک لە مەتەڵی ئەم کتێبەی هەڵهێنابێت، بەڵام دواجار ئەوە ئەرکی بەرهەمە ئەدەبییەکانە وا بکات بیر لە دەقەکە بکەینەوە و چەشنێک لە زۆرانبازیی هزری ئەنجام بدەین. دواجار، چەند چێژ لە دەقێک دەبینین، دەبێت هێندەش چێژ لە تێڕامان لەو دەقە ببینین.
پاراتێکستی تەڵەوێنەی[1] سەر بەرگەکە
یەک لەو خووانەی لە خوێندنەوەی کتێبەکان هەمیشە هەمبووە بریتییە لە پشکنین و تێفکرین لە بەرگی کتێبەکان و نووسین و وێنەکانی سەری. چەند سەیرە کاتێک کتێبێک دەخوێنیتەوە ڕەنگە نەخش و ڕەنگی بەرگەکەی وەک هیی کاتی پێش خوێندنەوەی لێ نەیەتەوە. ڕێی تێدەچێت پێش خوێندنەوەی کتێبێک، وێنەی سەر بەرگەکەی تێگەیشتنێک لە ئەندێشەماندا بنەخشێنێت یان لە لامان ببێتە ڕازێک، کەچی پاش خوێندنەوەی کتێبەکە دیزاینی کتێبەکە مەتەڵەکەی هەڵبهێنرێت یان پڕڕازتر بێت و واتاکەی خۆی نەدات بەدەستەوە، ڕەنگیشە (وەلەو ئەمەیان کەمێک جێی نیگەرانییە) لە بنەماوە هیچ مانایەک یان مەبەستێکی هونەری نەبێت چ بۆ نووسەرەکە یان دیزاینەری بەرگەکە. وەلێ، دواجار، نەخشونیگاری سەر بەرگی کتێبەکان دەشێت پێش و پاش خوێندنەوەی دەقەکە تێڕوانیمان بۆیان بگۆڕدرێن. وەک کەمێکی تر پەی پێ دەبەین، ئەمە بە دڵنیایییەوە بۆ نەخشونیگاری سەر بەرگی کتێبەکەی دابان درووستە.
پاراتێکست (کە بە کوردی دەتوانین وەریبگێڕین بۆ هاوەڵدەق، باندەق، بانتێکست، سەروودەق یان سەرووتێکست) ئاماژەیە بۆ هەموو ئەو توخمانەی لەسەر بەرگی کتێبێک یان لە ناو کتێبێکدا هەن (وەک ناوونیشانی کتێبەکە، بەشی پێزانین، پێشەکی و پاشەکییەکان، وێنە و نیگارەکانی سەر و ناوەوەی کتێبەکە، هتد)، یانیش تەنانەت ئەو توخمانەی لە دەرەوەی کتێبەکەوەن (وەک چاوپێکەوتنەکانی نووسەرەکە، پۆستەرەکانی ڕێکلامی کتێبەکە، ئەو ڕانانەی لە بارەیەوە نووسراون، هتد) بەڵام خۆیان بەشێک نین لە دەقە سەرەکییەکە.
چەمکی پاراتێکست لە لایەن ژێرارد ژێنێتەوە، کە فەیلەسووف و ئەدەبناسێکی فەڕەنسی بوو، داهێنراوە و لە کتێبەکەیدا شیکاری بۆ پاراتێکستەکانی دەقێکی بە سیستەماتیک کردووە. سا با شیکارییەکی پاراتێکستواڵانە بۆ سەر بەرگی کتێبەکەی دابان بکەین و بزانین بەرگی کودەتای گاڵتەجاڕی گوزارشت لە چی دەکات، ئەویش گەر بیکات. دواجار کاتێک کتێبەکە تەواو دەکەیت، وا هەست دەکەیت هیچ شتێک لە جێی خۆی نییە، گومان دەبەیت تۆش کاراکتەرێکی ناو چیرۆکەکەیت و نووسەر فێڵی لێ کردوویت کە کتێبەکەی ئەو دەخوێنیتەوە. ڕەنگە ئەوەش بە مێشکتدا بێت ئەو دابانیش ڕاستەقینە نییە و لە چینێکی دیکەی کەتوارەوە ئاڕاستە دەکرێت تا کار لە خۆت و کەتوارەکەی تۆ بکات. جا چجای ئەوەی بزانین کە بۆ بەرگی ئەم کتێبە هەڵکەوتووە بەم جۆرە بێت کە هەیە!
تاوێک لە وێنەی سەر بەرگی “کودەتای گاڵتەجاڕی” بڕوانە. پێم وایە دەشێت هەموو هاوڕا بین لەوەی نەخشی سەر بەرگی کتێبەکە بەرگێکی جوان نییە (وەلەو جوانی چەمکێکی تایبەتە، شتێک بۆ من جوان یان ناشیرین بێت مەرج نییە ئەو ئەزموونە بۆ تۆ بە هەمان شێوە بێت)، ناجوانی بەو مانایەی بوونەوەرێک دەبینی لە شێوەی لێبووکێک کە بە شێوەیەک دەمی بە خەندەیە نائاسودەکەرە و تەنانەت بۆ هەندێك دەشێت مایەی تۆقین بێت (گەر بینەری فیلمی ترسناکی هاوشێوەی ئەوەی سمایڵ بوو بێتیت) و ئەم ڕووخسارە لێبووکییەش وەک بڕبڕە تا خوارەوەی جەستەی هاتووە و بەشەکانی جەستەشی لە نووسین، بەتایبەتی لە شێوەی دەستنووسی کۆن پێکهاتووە و تامارێکی مۆریش دەوری بوونەوەرەکەی داوە. باکگراوندی ئەم بوونەوەرە لێبووکییە ڕەشە و لەسەر ڕەشەکەش پارچەی پێکبەستراوی تەڵەوێنەن و سێ پارچە تەڵەوێنەش بە ڕەنگی جیاواز لە دەوری بوونەوەرەکەوەن.
سوودێکی بەرگی کتێبەکە ئەوەیە کە ڕەنگە بتوانین بەکاری بهێنین بۆ ئەوەی بزانین کامە هاوڕێمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانمان بلۆک بکەین، ئەگەر هاوڕێیەکت بینی وتی ئەم بەرگە جوانە، بێ دوودڵی بلۆکی بکە، چونکە ئەو کەسە یان کێشەی بینینی هەیە یان ماسۆکیستە و حەزی لە ئەشکەنجەی دەروونیی خۆیەتی. دوور لە تەنز، ئایا هەر بەڕاستی بەرگی ئەم کتێبە بۆ وایە؟ دابان و زاری (کە دیزاینەری بەرگی کتێبەکەیە) بۆ وایان کردووە؟ ئایا کتێبەکەیان بە پەنگ بردووە یان تێمای چیرۆکەکان دیزاینێکی وا دەخوازن؟

پێم وایە ئەم دیزاینە هەمووی بە مەبەست کراوە. چیرۆکەکانی ناو کتێبەکە وەک بەرگەکەی دەمانخاتە کەشێکی سەیر و سوریالیستانە. بەرگەکە نائاسوودەکەرە چونکە لە بنەماوە نائاسوودەهێنن، ئایا چ شتێک لەوە نائاسوودەهێنترە کەتوار و خەیاڵی خۆت لە یەکتری جیا نەکەیتەوە؟!
زاری دیزانەرێکی لێهاتووە و زۆرینەی کارەکانی دیزاینی کتێبەکانی نووسیار (لە نێویاندا دوو بەرهەمی خۆم) لە لایەن ئەوەوە کراون. سا کێشەکە نە لە دیزاینەرە، نە بڵاوکار، نە نووسەر، بگرە هیچ کێشەیەکی دیزاین نییە و زۆر بە ژیرانە ئەنجام دراوە. چیرۆکەکان وا دەخوازن کە بەرگەکە بەم شێوەیە بنەخشێنرێت، سا بەرگی کتێبەکە پۆشاکێکی پڕبەپێستە بۆ جەستەی دەقی چیرۆکەکانی ناو ئەم کتێبە. پاش خوێندنەوەی چیرۆکەکانی ناو کتێبەکە، گەر خوێنەر کات بۆ تێڕامان لە بەرگەکە تەرخان بکات، ڕەنگە ئەم ڕاستییەی بۆ دەربکەوێت و بتوانێت هەندێک لە مەبەستەکانی پشت وێنەی ئەو بەرگە هەڵبهێنێت. با لە هەندێک لە واتا و ڕەهەندەکانی ئەو بەرگە بڕوانین.
توخمێکی سەرەکیی دیزاینی بەرگی کتێبەکە بریتییە لە پارچەکانی تەڵەوێنەکان کە لە باکگراوندی کتێبەکە هەن کە سنوورەکانیان ڕەنگیان مۆرە و ناوەوەی پارچەکانیش بەتاڵە. تەڵەوێنە خۆی لە خۆیدا یارییەکی مەتەڵاوییە، یاریکەر دەبێت پارچە تێکەڵبووەکانی وێنەیەک بە یەکدییەوە بلکێنێتەوە تاوەکوو وێنە ڕەسەنەکە خۆی بدات بە دەستەوە. سا هەر خودی هەبوونی ئەم مەتەڵە یارییە وەک توخمێکی سەرەکیی دیزاینی بەرگی کتێبەکە ئاماژەیە بۆ شتێک کە پەرتبوو و پارچەپارچەبووە (ڕەنگە لە کۆنتێکستی ئەم چیرۆکانەی داباندا شتەکە کەتوار بێت)، یان شتێک کە پێویستی بە چارەسەرکردن و شیکارکردن هەیە. سا کاراکتەری نێو چیرۆکەکانیش وان، یان هیچ نەبێت ئەو دونیا تێکستواڵییەی تێیدان وەهایە.
چیرۆکەکانی دابان فراگمێنتن، واتە پارچەپارچەن و ڕەنگە بۆ خوێنەر سەخت بێت بە یەکجار خوێندنەوە لە هێڵ و کاتەهێڵی چیرۆکەکان تێبگات. چەند پاراگرافێک دەخوێنیتەوە، کەچی لە پڕێکدا سەرنجمان دەچێتە سەر چیرۆک و پرسێکی تر و ئینجا دێتەوە سەر ئەوەی پێشوو ئینجا بۆ شوێنێکی دیکە سەرنجمان ئاڕاستە دەکرێت، ئەمە ڕێک وەک تەڵەوێنە وەهایە. خوێنەر وەک یارییەکی تەڵەوێنە دەبێت پارچەکان بدۆزێتەوە و بیانخاتە شوێنە ‘ڕاستەکەی’ خۆیان تاوەکوو وێنەی چیرۆکەکە ڕوون خۆی نیشان بدات. جیا لە شێوازی خوێندنەوەی چیرۆکەکان کە وەک تەڵەوێنەن، دەروون و یادەوەریی کاراکتەرەکانیش پارچەپارچەن. لە کۆتاییی چیرۆکەکانیشدا ڕەنگە هەندێک شت لە لامان هەر جێی پرسیار بن، ئەمەش ئاسایییە، ئاخر خۆ لەسەر بەرگی وێنەکەش چەند پارچەیەکی تەڵەوێنەکە لە دەوری لێبووکەکە هەن و چارە نەکراون کە دەشیت ئەوە دەربخەن هەندێک لە پارچەکانی نێو چیرۆکەکان بزر بن و لە جێی دیکەدا بدۆزرێنەوە یان هەر نەدۆزرێنەوە. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ دەقئاوێزان[2].

هەرچی لێبووکەکەیە، جەستەی لە دەستنووسێک پێکهاتووە، ڕەنگە عەباش بێت، وەلحاڵ دەستنووسەکە دەشێت هێما بێت بۆ ئەو دەقئاوێزانەی لە چیرۆکەکاندا هەیە و نووسەر چەند دێڕێکی شیعری مەحوی ئاوێتەی نووسینەکەی کردووە. هاوکات، ئەم پۆشاکە عەبائاسایەی لێبووکەکە کە هاوشێوەی دەستنووسە کۆنەکانە دەشێت هێما بێت بۆ چەند شتێک: سەرجەم کاراکتەرەکان پێکهاتەیەکن لە زمان و مێژوو، بەم پێیە دەرخەری تەکنیکی مێتافیکشنە کە زۆر لە کۆمەڵەچیرۆکەکەدا بەکار براوە. ئاماژەیەکی دیکە ئەوەیە کە دەستنووسەکە هێمای پیرۆزی و پیرۆزاندنی دەقەکانی ڕابردووە. بەڵام، لێبووکەکە ڕێک پێچەوانەی ئەم هێمایەیە و نیشانەی پووچێتی و گاڵتەجاڕیی ناوونیشانی کتێبەکەیە.
هاوکات دەشێت تەواوی پۆشاکە دەستنووسەکە لەگەڵ سەرە لێبووکییەکان تێکڕا ئاماژەش بن بۆ سێیەمین چیرۆک – کودەتای گاڵتەجاڕی— کە تێیدا باس لە خاڵێکی وەرچەرخانی هزری دەکات و ڕۆشنبیران هەموو دەیانەوێت لاف و گەزافی ئەوە لێ بدەن کە ئەوان ڕابەر و دەسپێکەری ئەو ڕووداوە بوون کە لە چیرۆکەکەدا بەو قۆناغە نوێ و شۆڕشگێڕانەیە دەگوترێت سەرهەڵدانی مەزن. سا لێبووکەکە کودەتایە بەسەر ئەو دەستنووسەدا و ئەوانەشی کە دەیانەوێت بانگەشەکانی خۆیان بکەنە دەستنووسێکی دیکەی پیرۆز بۆ ئایندە.
خۆی لە ڕابردوودا لێبووکەکان لە کۆشکدا پێگەیەکی گرنگیان هەبووە. ئەمان تەنها قەشمەرجاری دەستی پاشاکان و دارودەستەکەی نەبوون، بەڵکوو لێبووکەکان ئەرکێکی گرنگیان هەبووە ئەویش بریتی بووە لە گوتنی ئەو ڕاستییانەی کە کەس لە میرنشینێکدا نەیوێراوە بە پاشای بڵێت. بەڵام، لێبووک بە گوتنی ڕاستییە تاڵەکە بەڵام لە فۆڕمی گاڵتەوگەپدا توانیویەتی دەنگە کپکراوەکان بە پادشا و دەسەڵات بگەیەنێت. سا ئەدەبیاتی تەنز و ئەزموونی و شۆڕشگێڕانە بە هەمان ڕۆحیەتەوە دەیەوێت مرۆڤ بە ڕاستییەکان بتاسێنێت. لێبووک لێرەدا ڕابەرایەتی کودەتایەک دەکات بەسەر پیرۆزیی پادشا و دەسەڵاتدا. کاراکتەری شاکار، کە دەکرێت وەک لێبووکێک وێنا بکرێت، لە چیرۆکی سێیەمدا کە فیلمە یەک خولەکییەکەی دەردەهێنێت و بەڕاستی لەوێوە پاڵەوانکوژی سەرهەڵدەدات، هاوکات دژ بە سەرپەرشتیاری پڕۆژە زانکۆیییەکەی کۆڵ نادات و دەرهێنان بۆ فیلمەکە دەکات. شاکار بە هەمووان و دەسەڵاتی سەرپەرشتیارەکەی پێکەنی و ئەو پاڵەوانانەی کردە نوکتە.
باوجوو، لێرە پرسیارێک بە مێشکمدا دێت: ئایا کۆمەڵەچیرۆکەکەی دابانیش گێڕانەوەی نوکتەیەک نییە هاوشێوەی فیلمە یەکخولەکییەکە (ئاخر چۆن بڕوا بکەین کوڕێک پەیکەرێکی خۆش بووێت و لەبەر ئەو ببێتە پاسەوانی مۆزەخانەیەک. ئاخر چۆن نووسەرێک شێتانە هۆگر و عاشقی کاراکتەرێکی نێو چیرۆکێکی خۆی دەبێت زیاد لە هاوسەرەکەی خۆی و دواتریش چۆن فیلمێکی ماوە یەکخولەکی شۆڕشێکی سەرتاسەری سیاسی-ئەدەبی-کۆمەڵایەتی دەهێنێتە کایەوە کە هەموو ڕۆشنبیران شەڕی لەسەر بکەن تاوەکوو خۆیان بکەن بە خاوەنی)؟ بەڵام دەبێت بڵێم کە دابان پێمان ڕانابوێرێت، بەڵکوو دەیەوێت مشتەکۆڵەیەک ڕاستیمان لە ڕێی ئایرۆنی، گاڵتەجاڕی، تەنز و کۆمیدیای تاریک و تراژیدییەوە پێ ڕابگەیەنێت.
پێم وایە دەشێت زۆر زیاتر لەسەر بەرگی کتێبەکە بڵێین و بە چیرۆکەکانی ببەستینەوە، بەڵام شتێکی گرنگ سەبارەت بە پاراتێکستی ناوونیشانی کتێبەکە هەیە: ئایا هەر بەڕاستی کتێبەکە ناوی ”کودەتای گاڵتەجاڕییە”؟ یانیش ئەوەتا ناونیشانە ڕاستەقینەکەی لە پشت ناوونیشانی ”کودەتای گاڵتەجاڕی”ـیدا شاردراوەتەوە؟ دوایین وشەی سێیەمین چیرۆک و کۆتاییی کتێبەکە ئەمەیە: پاڵەوانکوژ. لە کۆتاییی چیرۆکی سێیەمدا، لێکۆڵەرە ئەدەبییەکە پێداگری دەکات کە دەبێت ناوی چیرۆکەکە یان وتارەکەی “پاڵەوانکوژ” بێت، سا لە دەقەکەدا بە قەبارەیەکی گەورەتر نووسراوە و وشەکەش تۆخ کراوە. ئەمەش هاوشێوەی شاکاری فیلمساز و سپیکار، دابان ناونیشانی ”کودەتای گاڵتەجاڕی” وەک گەچ بەکار هێناوە و لە ژێر ئەم چینەدا ناوونیشانەکەی شاردوەتەوە. چەند چینێک لە چیرۆک دەبێت لا بدەین تا ناوونیشانە ‘ڕاستەقینەکە’ خۆی بۆمان دەربخات (کە ئەویش پاڵەوانکوژە). ئایا ئەمە چارەسەری تەڵەوێنەکەیە؟ ڕەنگە وا بێت، ڕەنگە وا نەبێت.
چۆن ژانری کتێبەکە پۆلێن بکەین؟
پۆلێنکردنی ئەم کۆمەڵەچیرۆکە کارێک نییە بگاتە مەحاڵ بەڵام هێندەش ئەرکێکی سادە و بێگرێوگۆڵ نییە. سەرنجڕاکێشە گەر بە هەمان نەریت و کرۆکی دەقی کتێبەکە ژانرەکەی بە “پۆست-پاڵەوان” یان “ئەدەبیاتی پاڵەوانکوژی” پۆلێن بکەین. بەهەرحاڵ، با ئێمەش لە کەتوار دانەبڕێین و بزانین لە کەتواری خۆمان چۆن ئەم کتێبە لە ژێر سێبەری ژانرێکدا پۆلێن بکەین.
بە شێوەیەکی گشتی، دەتوانرێت ژانری کۆمەڵەچیرۆکەکە وەک ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرن پۆلێن بکرێت چونکە چەندان تەکنیکی گێڕانەوەی پۆستمۆدێرنانە لە چیرۆکەکاندا هەن. یەک لە خاڵە سەرەکییەکان بریتییە لە بەکارهێنانی مێتافیکشن، واتە چیرۆک دەربارەی چیرۆک، یان چیرۆک لە ناو چیرۆک. لە چیرۆکی ئاساییدا، خوێنەر وا هەست دەکات چاو لە جیهانێکی ڕاستەقینە دەکات، دیوارێک لە نێوان ئێمەی خوێنەر و کاراکتەرەکاندا هەیە کە پێی دەگوترێت دیواری چوارەم. ئەم دیوارە مێتافۆرییە بەربەستی جیهانی ئێمە و جیهانی ئەوانە. ئەوان پەی بەوە نابەن کاراکتەرانێکی نووسراون و لە جیاتی گۆشت و خوێن، پەیڤ و پیتن. بەڵام لە مێتافیکشندا، نووسەر یان کاراکتەری گێڕەرەوە لەناكاو ڕوو دەکاتە خوێنەر و دەڵێت: “ئێستا خەریکم ئەم بەشەی چیرۆکەکە دەنووسم” یان “با بزانین ئەم کارەکتەرە چی بەسەر دێت”. یان کاراکتەر پەی بەوە دەبات و هۆشەمەندە بەوەی ئەو کاراکتەری ناو چیرۆکێکە، بەمە دیواری چوارەم دەبەزێنرێت. ئەمە وا دەکات خوێنەر هەمیشە لە یادیدا بێت کە ئەوەی دەیخوێنێتەوە بەرهەمی خەیاڵە. مێتافیکشن تەکنیکێکە وا دەکات خوێنەر گومان لە ڕاستییەکان بکات، بەتایبەتی ئەوەی پێی دەگوترێت “ڕاستیی ڕەها”. هەروەها، ئەم تەکنیکی گێڕانەوەیە وا دەکات خوێنەر بەژدارییەکی کارای هەبێت و تەنها ناچالاکانە لە دەق نەڕوانێت بەڵکوو هاوتای نووسەر بە دوای مانای دەقەکەدا بگەڕێت و شێوە بە مانای دەقەکە بدات. بەم پێیەش خوێنەر لەگەڵ دەقەکەدا بیر دەکاتەوە و دەستەمۆ نییە.
مێتافیکشن چەشنێکە لە پارۆدی[3]، پارۆدیش جۆرێکە لە لاساییکردنەوەی بەرهەمێک بەڵام لەگەڵ خستنەڕووی سەرنج، ڕەخنە و زۆرجاریش دووبارە داڕشتنەوەی بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە و توانجئامێزانە، کە خۆی لە خۆیدا زۆر لەگەڵ تێما سەرکییەکەی چیرۆکەکاندا دێتەوە.
بەڵام، پێم وایە خاڵێک گرنگە لە بەکارهێنانی مێتافیکشن بەتایبەتی لەم کۆمەڵەچیرۆکەدا: دابان لە ڕێی ئەم تەکنیکەوە دەشێت ڕەخنە لە ئاوەزی کورد بگرێت لەوەی تاکی کورد مێژوو و ئێستا وەک خاڵێکی وەستاو دەبینێت و گێڕانەوە مێژوویییەکان پیرۆز دەکات و ناوی داستانیان لێ دەنێت، بەڵام دابان دەڵێت کە هەموو ئەو مێژووەی کورد و مێژووی هەموو گەلەکانی دیکەیش گێڕانەوەن و ئەم گێڕانەوانەش درووست دەکرێن و بونیاد دەنرێن و خۆڕسک ناڕوێن، سا پێویستە کودەتا بەسەر ئەو بیرتەسکییە بکەین کە مێژوو و بونیادنانی دونیای ئێستا و ئایندەمان تەنها وەک بت و پەیکەرێک دەبینێت. هەر بۆیەشە دەرهێنەرە بزرەکەی نێو کودەتای گاڵتەجاڕی تەنانە پاش دۆزینەوەشی لە لایەن ڕەخنەگرەکەوە هەر بێناو دەمێنێتەوە و ناوی نازانین. ئەوەی دەیزانین ئەوەیە لە جێگەیەکی دەقەکە بە “شاکار” ناوی دەهێنرێت بەڵام دەزانین کە ئەوە ناوی خۆی نییە و لە دەرئەنجامی فیلمەکەیەوە هاوڕێکەی ئەو ناوەی لێناوە. هەمدیس لە ناونەنانی ئەم کاراکتەرە دابان دەیەوێت ناڕاستەوخۆ ئەمانە بخاتە ڕوو: ڕێ لە خودی شاکار دەگرێت ببێتە فیگەرێکی “پاڵەوان” و مێژوویی، هاوکات ئەو بیرۆکە بونیادگەرییەش دووپات دەکاتەوە کە بیرۆکەکان لەسەر تاقە کەسێک تاپۆ ناکرێن، وەک لە دەسپێکی چیرۆکەکەوە دەبینین نووسەران هەموو شەڕیانە بیرۆکەی بزووتنەوەیەک بە ناوی ئەوانەوە بلکێنرێت لە پێناو شکۆمەندییەکی بەتاڵ.
تەکنیکێکی دیکەی بەکاربراو کە زۆرجاریش لە دەقە پۆستمۆدێرنستییەکاندا دەبینرێت بریتییە لە دەقئاوێزان. دەقئاوێزان بریتییە لە تێکهەڵکێشکردنی دەقی بەردەست بە دەقی دەرەوەی خۆی، جا چ ئەو دەقە ئاوێتەیە یان تێهەڵکێشکراوە هیی نووسەر خۆی بن یان هیی دەقی نووسەرانی دیکە بن. هەڵبەت دەقئاوێزان پرسێکی فرەڕەهەندە و لێرە ناپڕژێینە سەری، بەڵام کتێبی کودەتای گاڵتەجاڕی بە ئاشکرا و نائاشکرا، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاماژەی تێدایە بۆ دەقگەلی دیکە یان دەقگەلی دیکە ئاماژەیان بۆ ئەو تێدایە[4]، بەمەش مانا و مەبەست و هێماکانی ناو دەقەکە ئاڵۆزتر دەبن و ڕەنگە تەڵەوێنەی نوێ بن بۆ خوێنەر.
یەک لەو دەقئاوێزانانەی بەری دەکەوین لە چیرۆکی دوورگەی شەڕ دێڕێکی مەحوییە (ل.٤١، دێڕەکەی مەحوی تۆخ کراوە):
“نەمزانی کامیان بوون، وێنەکە بوو یان…؟ لە لێوی ڕامام. لێوی سەرەوەی لە هەردوو لایەوە تەسک بووبوونەوە، کرابوونەوە، ویستبووی شتێک بڵێت؟ خونچەدڵ بوونم لە حەسرەت لێوی تۆیە خونچەدەم! شتێکی گوت؟ ئایا ئەو دەنگە ئەو بوو؟”
هەر وەک چۆن لە چیرۆکەکەدا باڵندەکان بوونێکی زەقیان هەیە، وەهاش لە شیعرەکەی مەحوی: غولغولی بولبول؛ مورغی خەمۆش. شتێک کە سەرنجی ڕاکێشام کاتێک لێکدانەوەی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیسم لەمەڕ ئەم شعرە خوێندەوە ئەم تێبینییەی ئەو بوو لە پەراوێزی دوادێڕدا: “لە دەستنووسەکانی بەردەستماندا لە نێوان ئەم بەیتە و بەیتی پێشوودا، جێگەی بەیتێک بە بۆشی ماوەتەوە. دیارە فەوتاوە. شێخ موحەممەدی مەحویش نووسیویە زۆرمان هەوڵدا، دەستمان نەکەوت.” مەحوی لە کۆتادێڕدا خۆی بە ”مورغی خەمۆش”، واتە باڵندەی کپ و بێدەنگ، دەچوێنێت. لە بەرانبەردا کاراکتەرەکەی دابان لە پڕێکدا دەست دەداتەوە نووسینی شیعر و هەوڵ دەدات ئەو خامۆشییە بشکێنێت. بەهەرحاڵ، دیارنەمانی دێڕەکەی پێش کۆتا دێڕی شیعرەکەی مەحوی وێنەدانەوەیەکی جوانە هاوشانی بەرگی کتێبەکەی دابان، ئاخر ئەو دێڕەش وەک پارچەیەکی تەڵەوێنەیەک وایە و دیار نەماوە تا وێنەکە بەتەواوی تەواو بکات، تۆ بڵێیت ئەم چیرۆکەی دابان بە جۆرێک لە جۆرەکان دۆزینەوەی ئەو بەیتە نەبێت؟
یەک بیرۆکەی دیکە کە دەمەوێت سەبارەت بە ژانری ئەم کتێبە بیخمە ڕوو بەڵام کەمێک دڕدۆنگم، ئەدەبیاتی کارلێککەرە[5]. ئەم چەشنە لە ئەدەبیات زیاتر ئەو ڤیدیۆگەیم و بەرهەمە دیژیتاڵییانە (هاوشێوەی وێژەی هایپەرتێکست[6]) دەگرێتەوە کە یاریکەر ڕۆڵی دەبێت لە ڕێڕەوی چیرۆکی یارییەکە یان دەقە دیژیتاڵییەکە. بڕیارەکانی یاریکەر، ئەو ئینپوتانەی دەیخاتە ناو چیرۆکەکەوە، هەموو دەبنە هێنانە ئاراوەی دەرئەنجام و گێڕانەوەیەکی جیاواز، یان هەر هیچ نەبێت خوێنەر بەدەستی خۆی ڕێڕەوی دەقەکە دیاریی دەکات، هاوشێوەی ئەوەی لە وێژەی هایپەرتێکست دەیبینین، کە ئەوە خوێنەر خۆیەتی دەیەوێت کلیک لەسەر کامە بەستەر و هایپەرلینک بکات. بێگومان ئەم بەرهەمەی دابان ناشێت وەک ئەدەبیاتێکی وەها وێنای بکەین کە خوێنەر بە کردەیی ڕێڕەوی چیرۆکەکان دەگۆرێت یان دیارییان دەکات، بەڵام لە خوێندنەوەی چیرۆکەکاندا، وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، ئەرکی خوێنەرە پارچە مەتەڵەوێنەییە جیاوازەکانی چیرۆکەکان بە یەکدییەوە بلکێنێت تا ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە لە نێو ڵێڵاییەکانی سنووری نێوان کەتوار و خەیاڵی چیرۆکەکان. هەر لە بەرگی کتێبەکەوە، کە وێنەی تەڵەوێنەیە، نووسەر بانگهێشتی خوێنەر دەکات یاری بە پارچەکانی دەقەکە بکات.
دوورگە دابڕاوەکان
لە هەر سێ چیرۆکەکەدا دەتوانین هەست بە بوونی تڕاوما (زەبری دەروونی) بکەین. لە هەر چیرۆکێکیاندا زەبری دەروونی بە هێما و شێوەی جیاواز خۆی دەردەخات. چیرۆکەکانی دابان گەڕانێکی نائۆرتۆدۆکسیانەیە بۆ ئەو کاراکتەرانەی نامۆ بوون بە هۆی جەنگ و نائارامییەوە. ڕەنگە ڕاستەوخۆ وا نەڵێت، بەڵام لە ڕێگەی خوێندنەوەیانەوە زۆر شت ڕوون دەبێتەوە. ئەوانەی ئەزموونی زەبری دەروونی یان تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی[7] دەکەن، کەتوار بۆیان دەشێوێت و لە خاڵێکی کات و مێژوودا گیر دەخۆن و بەند دەبن.
لە چیرۆکی ”زیندانی بەرد”ـدا بۆ نموونە، تەنانەت ناوونیشانەکەش هێمایە بۆ زەبری دەروونی و گیرخواردن لە نێو ڕێڕەوی کاتدا. کاراکتەری ئەم چیرۆکە لە دەسپێکی چیرۆکەکەوە باسی دەکات کە شوێنەکەیان دادەڕمێت و بە بەرچاوییەوە باوکی قاچی دەشکێت، پێشمەرگەی برینداریش دەبینێت کە بە هۆی پێکانەوە بە شەلەشەل گوزەر دەکەن، ئەمانە هەمووی دیمەنگەلێکن کە منداڵێکی بچووک دەشێت لە ڕێگەیەوە تووشی زەبری دەروونی بێت. لەم سۆنگەیەوە، چیرۆکەکە ئەوە دەخاتە ڕوو کە وەختێک مرۆڤ بە دەردەسەری و زامی دەروونیدا گوزەر دەکات دەشێت دڵی لەو پڕۆسەیەدا ببێتە بەرد، یانیش وەک داهۆڵەکان ناخبەتاڵ بمێننەوە.
ئەو شێوازە گێڕانەوەی چیرۆکەکانیش، بەتایبەتی وەک ئەوەی لە زیندانی بەرددا دەیبینین کتومت هاوشێوەی ئەزموونی زەبری دەروونییە. لە زەبری دەروونیدا، یادەوەرییەکان چیدیکە لەسەر یەک ڕاستەهێڵ نین و یەک لە دوای یەک بە ڕێڕەوی کاتتدا ئەزموون بکرێن، بەڵکوو لە زەبری دەروونیدا ڕابردوو و ئێستا تێکەڵ دەبن. دەروونبریندارەکان وەک ئەوەی لە ئێستادا ڕووبدات ئەزموونی زەبرە دەروونییەکانیان دەکەنەوە. داهۆڵەکانیش، دایکەداهۆڵ و باوکەداهۆڵ، هێمان بۆ داڕمانی هەستی پارێزگاری. خۆی بۆیە مرۆڤ تووشی تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەو بڕوا و پێوابوونەی هەیبوو لەوەی دونیا شوێنێکی پارێزراو و سەلامەتە وردوخاش دەبێت. سا داهۆڵەکان تەنها وەهمێکی پارێزگاریی بوون بۆ کاراکتەرەکەی زیندانی بەرد و پاسەوانانێکی بێدەسەڵاتبوون.
لە چیرۆکی ”دوورگەی شەڕ”ـیشدا، کاراکتەرەکە بەهۆی لەدەستدانی دایکییەوە تەنگی پێهەڵچنراوە. بووەتە دوورگەیەک، هەمیشە لە جیهانە خەیاڵییەکەیدا دوورگەیەکی پڕ باڵندەی چەکدار دەنەخشێنێت. هەڵبەت، هەر خۆی نەخشاندنی ئەو دوورگەیە ناخی خۆیەتی، مرۆڤ کە گیرۆدەی زامی دەروونییە دەبێتە دوورگەیەک و لە خاکەکانی دیکە دادەبڕێت. تەنانەت شێوازی گێڕانەوەکەش کە پارچەپارچەیە ڕێک هێمایە بۆ ئەو پارچەپارچەبوونەی زنجیرە یادەوەرییەکانی ئەوانەی بە دۆخێکی زەبراویدا تێدەپەڕن.
لە چیرۆکی ”کودەتای گاڵەتەجاڕی”ـیشدا زەبری دەروونی زیاتر ناڕاستەوخۆ بوونی هەیە. ئێمە زۆر دەربارەی کاراکتەری شاکار نازانین. نازانین کە منداڵی چۆن بووە، بۆچی دەیەوێت ببێتە دەرهێنەر، هیچ لە بارەی ڕابردوویەوە نازانین. ئاخۆ دەبێت زەبرێکی دەروونی هەبێت کە وا سەرسەختانە هەوڵ بدات قەشمەری بە پاڵەوانەکان بکات؟ خۆی، لەم چیرۆکەدا گەر زەبری دەروونییەک هەبێت، دانەیەکی بەکۆمەڵ و سیستەماتیکانەیە. شەڕ لێرە هاوشێوەی زیندانی بەرد نییە کاراکتەرکە ڕاستەوخۆ لێکەوتەکانی جەنگ ببینێت، یان وەک دوورگەی شەڕ کاراکتەرێک ناخ و خەیاڵی ببنە دوورگەیەک پڕ لە باڵندەی چەکدار، بەڵکوو لێرەدا گەر شەڕێک هەبێت شەڕی دەمەبۆڵەی دەستەبژێرەکانە، یانیش ئەو شۆکەیە کە پاش ڕاپەڕین هاتە کایەوە. بە جۆرێک لە جۆرەکانیش دەشێت ناڕاستەوخۆ هێمای جەنگی ناوخۆ بێت. ڕەنگە ڕەفتارە سەیرەکەی شاکار لە نووسینی شیعر لەسەر دیوارەکان و دواتر داپۆشینیان لە نێو ئەو باڵەخانانەی کاری تێدا دەکردن هێما بێت بۆ ئازارەکان و پاشان چەپاندیان و نەویستنی ئەوەی یادەوەرییەکان بێنەوە یاد هاوشێوەی ئەوانەی زەبری دەروونیان هەیە خۆیان لەو یادەوەرییانە بەدوور دەگرن کە دەشێت دووبارە بیانگەڕێنێتەوە بۆ ساتی ڕووداوەکە.
دواجار، زەبری دەروونی یەکێکە لە تێما سەرەکییەکانی چیرۆکەکان جا چ ڕاستەوخۆ ئاماژەی بۆ درابێت یان ناڕاستەوخۆ. تڕاوما لە ناو چیرۆکەکاندا سەرلەنوێ داڕشتنەوەیەکی بنەڕەتی دەکەن بۆ شوناسی کاراکتەرەکان، کە تێیدا کاراکتەرەکان هەوڵی مانەوە دەدەن بەمەش ناچارانە دەچنە دۆخی بەبەردبوونەوە و خۆیان لە نێو زیندانێکی بەردیندا بەند دەکەن، یانیش هەڵدێنە ناو خەیاڵ یان هۆگری شتانێکی بێگیان دەبن وەک پەیکەرەکان، داهۆڵەکان، دیوارەکان و پەیوەندیبەستن لەگەڵ ئەو کاراکتەرانەی خۆمان فرانکنستاینئاسایانە لە ئەندێشەدا دەیانئافرێنین، بەڵام لە باتی پێوەنانی پەلوپۆ بڕاوە جیاوازەکان، کاراکتەرەکان، دەقەکانی دیکەیش، لە وشە و یادەوەری و ئەندێشە بڕاوە جیاوازەکانەوە دەئافرێنرێن.
کوشتنی پاڵەوانی بێخەوش
ڕەنگە تەوەر و تێمای هەرە گرنگی کۆمەڵەچیرۆکەکە بریتیی بێت لە پرسی پاڵەوانکوژی. لە ڕێگەی چیرۆکی کودەتای گاڵتەجاڕییەوە، دابان ڕەخنەیەکی توند لە ئەقڵی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی کورد دەگرێت. پوختەیەکی چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە:
گێڕەرەوەی چیرۆکەکە نووسەر و توێژەرێکە کە لە بنچینە و هاتنە ئاراوەی ئەو بزووتنەوەیە یان ئەو قۆناغە دەکۆڵێتەوە کە بە “سەرهەڵدانی مەزن” دەیناسێنێت. چیرۆکەکە بەوە دەست پێ دەکات کە چەندان ڕۆشنبیر و دەستەبژێر شەڕ و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوە کارەکانی ئەوان بووە بووەتە هۆی هێنانە کایەوەی سەرهەڵدانی مەزن. لە بەرەنجامی خوێندنەوەی چەندان وتار و نووسراوی هەمەچەشن بۆ توێژینەوەکەی، ڕۆژێک وتارێک دەخوێنێتەوە کە ئاماژەی تێدایە بۆ فیلمێکی یەکخولەکی و وا دەردەکەوێت کە بەڕاستی ئەم فیلمە دەسپێکی هەڵگیرسانی سەرهەڵدانی مەزن بووە. ئیدی ئەم نووسەرە دەیەوێت دەرهێنەرە ونەکەی ئەم فیلمە بدۆزێتەوە و دیدارێکی لەگەڵدا بکات. پاشان لە ڕێگەی ژنی وەزیریی ڕۆشنبیرییەوە کە خۆشەویستە کۆنەکەی فیلمسازەکە بووە، زیاتر دەربارەی دەرهێنەرەکە دەزانێت کە وەختی خۆی لە هونەرە جوانەکان قوتابی بووە و وەکوو پڕۆژەی ساڵی چوارەم ویستوویەتی فیلمێک دەربهێنێت و تێیدا پاڵەوان وەک گەلحۆ و نوکتەیەک نمایش بکات. بەڵام، مامۆستای زانکۆکەی کە سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەی بوو ئەم بیرۆکە گاڵتەجاڕانە و مەزەئاسایانە ڕەت دەکاتەوە. کچەی خۆشەویستیشی ناپاکی لێ دەکات و بە دزیی ئەوەوە داوا لە مامۆستای زانکۆکە دەکات کە پشت لە کوڕەکە نەکات. بەڵام دواجار کۆڵنادات و فیلمەکە هەر بەرهەم دەهێنێت بەس ناچار دەبێت کە فیلمەکە بکات بە یەکخولەک. دواجار، نووسەرەکە فیلمسازەکە دەدۆزێتەوە کە ئێستا بووەتە گەچکارێک، بەڵام بەردەوام شعر لەسەر دیوارەکانی ئەو باڵەخانانەی کارییان تێدا دەکات دەنووسێت و پاشان بە گەچ ڕووپۆشیان دەکات، لە کاتی نووسینی شعرەکانیش لەسەر ڕووی ئەو دیوارانە ڤیدیۆی خۆی تۆمار دەکات.
بێگومان چیرۆکەکە چەندان ڕەهەندی جیاواز لە خۆ دەگرێت و چەندان تەوەری جیاوازیش دەوروژێنێت، لێ یەک لە تێما هەرە سەرەکییەکانی بریتییە لە پاڵەوانکوژی و ژێرتێماکانی. بە گوێرەی چیرۆکەکە، پێش ئەو ڕووداوە وەرچەرخێنەری ڕوویدا و ڕێڕەوی تێگەیشتن لە چەمکی پاڵەوان گۆڕی، پاڵەوانەکان ئەفسانەئاسا و خودان هێزی سەرووسرووشتی بوون و هەردەم لە خلیسکێنەی ترۆپکی ملاملانێی چیرۆکەکەوە بۆ بردنەوە دەخلیسکان. هەمیشە براوەبوون و بەسەر دژەپاڵەوان و شەڕانگێزەکاندا سەرکەوتنیان بەدەست دەهێنا.
بەشێکی زۆری گێڕانەوەکانی ئێمە، چ نووسراو بن یان کرابن بە بەرهەمی سینەمایی یان هیی کایەی نێو کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێمە بن، هێشتا مۆرکێکی گێڕانەوەی نەریتییان تێدایە. مێژووی کوردی و گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرجار بە دەوری بیردۆزی “پیاوە مەزنەکان”ـدا دەسوڕێنەوە. ئەو پیاوانەی بەسەر دوژمنەکاندا زاڵ دەبن و داستانەکان دەئافرێنن. بەڵام شاکار پاڵەوانی نێو فیلمە یەکخولەکییەکەی بە شێوەیەکی پووچ و ناپاڵەوانانە دەکوژێت و دەیکاتە گاڵتەجاڕ. خۆی کودەتاکەی شاکار کودەتا ڕەسەنەکەیە، کەچی سەرهەڵدانی بیرۆکەی پاڵەوانکوژی دەبێتە بیرۆکە و ڕێبازێک کە زۆرێک لە ڕۆشنبیران لەسەر تاپۆکردنی ئەو بیرۆکەیە دەبێتە شەڕ و دەمەبۆڵەیان.
لێرەدا دابان گاڵتەجاڕی و پووچیی ئەو ڕۆشنبیرانە دەردەخات کە خواخوایانە خۆیان بکەن بە خاوەن و مەشخڵهەڵگری بیرۆکەیەک کە لە کرۆکدا ڕەتی پاڵەوان دەکاتەوە، کەچی بیرمەندەکان خۆیان شەڕی ئەوەیانە ببنە پاڵەوانی ڕەوتی پاڵەوانکوژی. ئەوان لەسەر ئەوە دەجەنگن کە کێ “خاوەنی” بیرۆکەی پاڵەوانکوژییە، بەمەش دەبنەوە بە هەمان ئەو شتەی کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد تێکیان شکاندووە. لە لایەکەوە لاف و گەزافی ئەوەیانە چەمکی پاڵەوانیان هەڵوەشاندوەتەوە، کەچی لە لایەکی دیکەوە ئەم ڕیسە دەکەنەوە خوری. سا پێش-سەرهەڵدانی مەزن و پاش-سەرهەڵدانی مەزن، کە گوایە پاڵەوانگەرایی و دژەپاڵەوانگەراییدا ناکۆکن، کەچی نین، ئەمەش لە ڕاستیدا پارادۆکس و دژگۆیییە. چونکە لەو چەرخە نوێیە پاڵەوانکوژییەدا، هێشتا خەڵکانێک هەن بێزوو بە بوونە پاڵەوانی ڕەوتی پاڵەوانکوژی دەکەن.
دەبێت هەردەم نیگەرانی ئەوە بین کە ڕەوت، بزووتنەوە و سەردەمە نوێیەکان لە لایەن هەلپەرستەکانەوە دەڕفێنرێن و هەوڵ دەدەن جڵەوی خاوەنداریەتی بگرنە ئەستۆی خۆیان.
بەهەرحاڵ، لەوانەیە خاڵێکی تری گرنگی چیرۆکەکە ئەوە بێت کە بپرسێت هونەری ڕاستەقینە چییە؟ ئایا کێ هونەرمەندی ڕاستەقینەیە؟ شاکار بە گەچ شیعرەکانی دەشارێتەوە، هونەرەکەی خۆی بۆ خۆی هەڵگرتووە، تەنانەت فیلمەکەی ئەوە کە ڕەوتە نوێیەکە دەهێنێتە کایەوە، کەچی بێناو ماوەتەوە و خراوەتە ئەودیوی پەراوێزەکانەوە. خۆیشی بە لایەوە گرنگ نییە کە ببێتە پاڵەوانی ئەو ڕەوتە نوێیەی کە لە فیلمەکەیەوە وەک بیگ بانگ دەستی پێ کردووە. ڕەنگە دابان لە ڕێی درووستکردنی ئەم دۆخەوە پێمان بڵێت کە هونەری ڕاستەقینە هونەرێکە شاراوە، هونەرێکە مرۆڤ بۆ خۆی دەستی داوەتێ و بە دڵسۆزییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. ئەمە لە دۆسییەی شاکاری کاراکتەری ناو چیرۆکەکە کەمێک زیادەڕەوی تێدایە، چونکە مەبەستە ڕاستەقینەکە ئەوە نییە کە خوێنەر لە دەقەکانمان داببڕێنین، لێ خەمەکە ئەوەیە نووسین و کارەکانی نووسەرێک نەبنە نمایش.
خۆ دەشێت ئەوە ڕاست بێت کە کاتێک دەنووسین دەبێت لە هاوکێشەکانماندا ڕەچاوی خوێنەریش بکەین، بەڵام بە شێوەیەک نەبێت لە پێناوی بەرزکردنەوەی تیراژی چاپ و ڕازیکردنی خوێنەر خۆمان بدۆڕێنین و چۆنیەتیی بیرکردنەوەمان بنێژین. کتێبێک دەنووسیت و خوێنبەرەکانی دەستت بە دیار دەکەون لە تاو ماندووبوونی بێوچانی وەشاندنی پەنجەکانت بەسەر تەختەکلیلەکەدا شەو تا بەیانی، لێ چ پێویست دەکات وێنەی موولوولە دەرکەوتووەکانی دەستت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکەیتەوە؟
خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە گێڕەرەوەکەی سەرقاڵی نووسینی توێژینەوەکەیەتی دەربارەی سەرهەڵدانی سەرهەڵدانی مەزن، ئەویش لە کۆتاییی چیرۆکەکەدا دێتە سەر ئەوەی نووسینەکەی لە ژێر ناوی نووسەرێکی دیکەدا بڵاو بکاتەوە. چەشنێکە لە کودەتا بەسەر ئیگۆی خۆیدا. ئەرێ دابان پێمان دەڵێت گەر کەسێک خەون بەوەوە دەبینێت ببێتە چیرۆکنووس/نووسەر/بیرکەرەوە، دەبێت وەک نووسەر/پاڵەوان پێ بەسەر ئیگۆی خۆیدا بنێت؟ خۆی ڕەنگە ئەمە یەکەم هەنگاوی هەرکەسێک بێت گەر بیەوێت بێتە نێو دونیای هزر و بیرکردنەوە. شەیکسپیر سەدان ساڵ لەمەوبەر گوتویەتی “گوڵ هەر ناوێکی دیکەی هەبووایە، بۆنی هەر خۆش دەبوو”[8]. ئایا چیرۆکێک ناوی دابان، من، یان تۆ یان هیی ناحەزێکی نێو مێژووی بە سەرەوە بووبێت، گەر ئەو چیرۆکە لە ڕووی هونەرییەوە بێکەموکوڕی بێت و بمانتاسێنێت، گرنگە نووسەرەکەی کام بژاردەیەیانە؟
لێرەشەوە جیاکاری و پۆلێن لە نێوان دوو چەشنی هونەردا دەبینین، هونەرێکی بە دامەزراوەییکراو یان دەستەمۆ و هونەرێکی شاراوە یان خۆبەختکاری. هونەری مامۆستای زانکۆکە، بۆ نموونە، هونەرێکی تینووی ناوبانگ، خەڵات، فەرشی سووری فێستیڤاڵەکان و دانپێدانان و ئەو کۆتادیمەنانەی ئەو جۆرە فیلمانەن کە لە لایەن جەماوەر و ئاپۆڕایەکی زۆرەوە پەسەند بکرێت و هەرس بکرێت. بەڵام هونەری شاکاری گەچکار هونەرێکی شاراوەیە. ڤیدیۆی خۆی تۆمار دەکات بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکی بێ جەماوەر، تەنها لە پێناوی ئەوەی شیعرەکانی بە ئەرشیڤ بکات. ئایا هونەرەکەی ئەو “ڕاستەقینەیە، لەبەر ئەوەی نمایشێک نییە بۆ جەماوە؟ چونکە مەترسییەکە لەوەدایە کە کاتێک بیرۆکەیەک دەبێتە ”براند”، ”مۆدە”، ”فاشیۆن”، یان باو و بە بزووتنەوە دەکرێت، مەترسی ئەوە دێتە کایەوە کە ڕۆحی ئەو بیرۆکەیە جێمان بهێڵێت و بمرێت.
وەهمی ڕکێف و کەتوار
وەک چۆن مرۆڤی سەردەم هەست بە بوونی بۆشایییەکی دەروونی لە ناخیدا دەکات، بە هەمان شێوە چەشنێک لە بۆشاییی دەروونی لە ناخی کاراکتەرەکاندا هەیە. ڕەنگە ئەم بۆشاییەش سەری بۆ تەنیاییبوون کێشا بێت، بە جۆرێک کاراکتەرەکانی نێو چیرۆکەکان تەنیا و نامۆن. ئەم پاڵەوانە تەنیایانە پەنا دەبەنە بەر خەیاڵ یان شتانێکی نائاوێتە بە کەتوار تاوەکوو مانا بە ژیانیان بدەن. لە زیندانی بەرددا، پاڵەوانەکە پەنا دەباتە بەر پەیکەرەکان. لە دوورگەی شەڕدا، پاڵەوانەکە پەنا دەباتە بەر خۆشویستنی کاراکتەرێکی خەیاڵی نێو چیرۆکەکانی. لە کودەتای گاڵتەجاڕیشدا، توێژەرەکە وێڵی گەڕانە بە دوای فیلمێکی ونبوو و نائەرشیڤکراو.
سەرئەنجام، کودەتای گاڵتەجاڕی دەرخەری پووچیی هەوڵ و کۆششەکانی مرۆڤە: مرۆڤ خۆیەتی دەبێتە درووستکاری زیندانەکانی خۆی و لە نێویشیاندا خۆی تێدا بەند دەکات. کاڵبوونەوەی هێڵی نێوان ئەوەی بە دونیای ڕاستی دادەنێین لەگەڵ وەهم و وڕێنە. گۆڕانی سەنگی هێز و ڕاپەڕینی سوڕیالی کە هیچ ئامانجێک لە ئاسۆکەیدا نابینرێت. گرێی بوونە فریادڕەس و نیمچەخودا لە هەر ڕەوتێکی نوێ کە سەرهەڵدەدات.
وەهمی ئەو جڵەو و ڕکێفەی بەسەر دونیا و ئەوانی ترەوە هەمانە: هەرەسی کەتوار و بزربوونی مانا، جەنجاڵیی و دادوبێدادیی لۆژیک. گرنگ نییە لە چیدا هەست دەکەیت کۆنتڕۆڵی هەموو شتێکت کردوە— شعر، چیرۆک، فیلم، دەسەڵات، قارەمانی، خۆشەویستی، ناکۆتا هتد— گاڵتەجاڕی و پووچی هەمیشە ئامادەباشن کودەتا بەسەر خۆت و واتاکانتدا بکات.
[1] تەڵەوێنە یان مەتەڵەوێنە دوو وشەی داتاشراون و لە بەرانبەر jigsaw puzzleـی ئینگلیزی بەکار هاتوون. وشەکان لە تەڵە- یان کورتکاروەی مەتەڵ(+ە)- لەگەڵ پێکەوەلکانی بە “وێنە”ـەوە بەرهەم هاتوون. یاری تەڵەوێنە وێنەیەک یان تابلۆیەک دەکرێت بە چەندان پارچەی جیاواز و تێکەڵ دەکرێن. یاریکەر دەبێت هەوڵی دووبارە ڕێکخستنەوە و پێکەوەلکاندنی پارچەکان بداتەوە تا دووبارە شێوە بە تابلۆ ڕەسەنەکە بداتەوە.
[2] Intertextuality
[3] Parody
[4] دابان عەتار. شارێکی ئاوس بە شیعر. گۆڤاری دنیای چیرۆک، ژمارە ٢، هاوینی ٢٠٢٥. ل. ١٠٦-١٢٠
[5] Interactive Fiction
[6] Hypertext Fiction
[7] Post-Traumatic Stress Disorder (PTSD)
[8] شەیکسپیر، شانۆنامەی ڕۆمیۆ و جولێت