ژنەفتن ژنەفتن
وتار و بۆچوون

ئازادی لە باڵکۆنی ئیمپایەرەوە

تێڕامانێک لەسەر فەزا، سەرمایە و نایەکسانیی ئازادی

تەلارسازی هەرگیز چەمکێـــکی بێلایەن و دابڕاو نەبووە لە مێژوو؛ هەمیشە دەستنووسێکی مادی بووە کە پەیوەندییە چینایەتی، ئابووری و سیاســــــییەکانی هەر سەردەمێکی تێدا تۆمار کراوە. بیـــــنا تەنیا داڕشتەیەکی وەزیفی نەبووە بۆ حەوانەوە، یان پەناگەیەکی بێدەنگ بۆ پاراستنی جەستەی مرۆڤ لە سەرما و گەرما، بەڵکوو بەرجەستەبوونێکی کۆنکرێتیی دەسەڵات و چەسپاندنی ئەو نۆرم و بەهایانە بووە کە نیزامی باڵادەست ویستویەتی بەسەر ڕیتمی ژیانی ڕۆژانەدا بیانچەسپێنێت.

فێلیکس گواتاری لەبارەی “دەربڕینی تەلارسازی”یەوە سەرنجێکی ورد دەخاتە ڕوو، دەڵێت: هەزاران ساڵە مرۆڤ وەک لاساییکردنەوەیەک بۆ جۆرەها بوونەوەری توێکڵدار یان مێروولە، خۆی لە جۆرەها “توێکڵ”دا دەپێچێتەوە[1]. ئەم توێکڵانە، ئەو بیــــنا، ئامێر، وێنە و پەیامانەن کە وەک پێست و ئێسکی دووەم بە گۆشتی مرۆڤەوە دەلکێن. بەڵام جیاوازیی گەورەی نێوان مرۆڤ و توێکڵدارەکان لەوەدایە کە کەس لە سروشتدا تەلارساز و دیزاینەری لە ناو مێروولەکاندا نەبینیوە؛ لە جیهانی مرۆڤدا، ئەم توێکڵە بەردینانە کانڤاسی ململانێ سیاسی و چینایەتییەکانن، ئەو کانڤاسەی کە لە مێژوویەکدا زەقورەکان و ئەهرامەکان دروست دەکات و لە مێژوویەکی تریشدا قەڵای باستیل وێران دەکات. 

لە سەردەمی ئێـــــمەدا، دەسەڵات لە بەردی ڕووتەوە گوێزراوەتەوە بۆ پشــــــت کانزا، کۆنکرێت و شووشە، هێزێک کە ئێســـتا بە ڕادەی خێراییی پەیوەندی و زاڵبوونی زانیارییـــــەکان دابەش دەبێت. لەم ســــۆنگەیەوە، ئەو تاوەر و کۆمەڵگە داخراوانەی لە ســــــــلێمانی یان هەولێری دوای نەوت هەڵدەتۆقن، بەر لەوەی تەنها شـــووشە و پلیکانی کارەبـــــــایی بن، دروستکردنی توێکڵێکی چینایەتیی تایبەتن کە لە ڕێی سەرمایەوە بە لەشی کڕیارەوە دەئاڵێنرێت، تا خۆی لە دیمەنی هەژاری دەوروبەر و لە پۆلیسی ئەخلاقیی دەرەوە بپارێزێت.

لە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢دا، هاوڕێم دەوەن بەکر لە نووســـــینێکی کورتدا لەسەر واڵەکەی خۆی لە فەیســــبووک بە ناوونیشانی “سێکس و ئیمپایەر، ئازادیی سیمبولی، بەهاکانی تاکگەرایی”، ســەرنج دەخاتە سەر یەکێک لە پارادۆکسە هەرە ئاڵۆز و قووڵەکانی ژیانی شارنشـــــینی لە هەولێری سەردەمی پاش نەوت.[2] دەوەن، لە سەرنجێـــکی سادەی جیاوازیی نرخی یەکەکانی نیشـــــــتەجێبوونەوە دەست پێ دەکات و بەرەو پانتاییـیــــەکی فیکریی فرەڕەهەنــــد هەنگاو دەنێت؛ بۆ پەیوەندیی ئۆرگانیکی نێوان فەزای نیشتەجێبوون، ئازادیی تاکەکەسی و کێشمەکێشی بەها کۆمەڵایەتییـەکان.

دەوەن، سەرنجی ئەوەی داوە کە کاتێک لە پڕۆژەیەکی وەک “ئیمپایەر وۆڕڵد”، شوقەیەکی بچووک بە نرخێکی ئێجگار گرانتر لە یەکەیەکی دوو هێنــــدە گەورەتر لە پڕۆژەیەکی وەک “ئاسودە ستی” یان پڕۆژە خێزانییەکانی تری شار دەکڕیت یان بە کرێ دەگریت، ئەوکات تۆ ئەم پارە زیادەیە تەنها نادەیــــتە قەبارە، ڕووبەر و کواڵیتیی ئەندازیاری؛ بەڵکوو دەیدەیـــــتە بەشە شاردراوە و بنەڕەتییەکەی ئەو گرێبەســتە، ئەویش کڕینی “ئازادی”یە. تۆ لە باڵکۆنی ئەو تاوەرە بەرزانەدا دەتوانیت ژوان ببەستیت، لەگەڵ خۆشەویستەکەت دابنیشیت، پێکەوە بادەیەک بنۆشیت، ماچی بکەیت و بە ئازادی لە ئامێزی بگریت، دوور لە ترســی دەستێوەردان و پشکنینی پۆلیسییانەی کۆمەڵگە. ئەو پەڕی کاردانەوە ئەوەیە دراوسێی باڵکۆنی بەرامبـــەر زەردەخەنەیەکت بۆ بکات یان بێبــــــاکانە چاوی لا بدات. بەڵام لە پڕۆژەیەکی تردا کە مۆری “خێزانی”ی پێوە لکێنراوە، کاتێک هەمان کردار ئەنجام دەدەیت، دراوســــــێکان دەبنە پۆلیســی ئەخلاق بەسەرتەوە، لە دەرگاکەت دەدەن و هـــــاوار دەکەن کە چۆن ڕێگە بە خۆت دەدەیت حەرەمی نەریت بشکێنیت و نامووسی گەڕەک بخەیتە ژێر پرسیارەوە.

لە ڕووی سۆسیۆلۆژییەوە، ئەم سەرنجـــــــە گرنگە، چونکە بەشێوەیەکی بەرجەســـــتە پەردە لەسەر پەیوەندیی نێوان تەلارسازی، ئازادی و تەنانات کەرامەتی تاک لادەدات، ئەو ڕاســـتییەی کە زۆرجار لەناو مامەڵە داراییـیە وشکەکانی بازاڕی خانووبەرەدا بە نادیــــار دەمێنێتەوە. 

ئەو پەیوەندییەی لەنێوان نرخی شوقە و ئازادیی تاکەکەسی لەم دیمەنەدا دەبینرێت، پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەیەکی قووڵتر هەیە. بوونی ژینگەیەکی کراوەتر لە پڕۆژەیەکی گرانبەهادا، بە تەنیا نایسەلمێنێت کە “ئازادی” هۆکاری گرانیی شوێنەکەیە. ئەوەی لە ڕووکەشـدا وەک “کڕینی ئازادی” دەردەکەوێت، ئەنجامی پەیوەندییەکی پێشووتری چینایەتییە کە هەم نرخی فەزاکە و هەم شـــــێوازی ژیانی دانیشتووانەکەی دیاری دەکات. بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشەیە، پێویستە لە باڵکۆنی ئیمپایەرەوە دابەزینـــــــە خوارەوە و بگەڕێینەوە بۆ ئەو مێژوو و پەیوەندییە مادییەکانی خودی ئەو باڵکۆنەیان بەرهەم هێناوە.

ئێمە وتمان فەزای شار هەرگیز شوێنێکی بێلایەن نەبووە. شێوەی شەقام، گەڕەک، خانوو و تاوەرەکان لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرهــەم دێن و لە هەمان کاتدا بەشداری لە بەردەوامبوونی هەمان ئەو پەیوەندییانەدا دەکەنەوە. “هێنری لێفێڤر” لە شیکردنەوەی بەرهەمهێنانی فەزادا ئەم دیالێکتیکە دەخاتە چەقی تێڕامانی خۆیەوە[3]. فەزا لە ڕوانگەی ئەودا بەرهەمی مێژوویی کــــاری مرۆڤ و پەیوەندییە چینایەتییەکانە؛ بەرهەمێک کە دواتر خۆی دەبێتە مەرجێــــــک بۆ داڕشتنەوە و ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانە. لێفێڤر ناکۆکیی لەنێوان “بەهای بەکارهێنــان” و “بەهای ئاڵوگۆڕ” لە فەزای شاردا ڕوون دەکاتەوە؛ شار لە بنــــەڕەتدا بەرهەمێکی زیندووی مرۆیی بووە بۆ ژیان، ئارەزوو، کۆبوونەوە و ئازادی (بەهای بەکارهێنان)، بەڵام کاتێـــــک سەرمایەداری دەستی بەسەردا دەگرێت، فەزا دادەماڵرێت بۆ کاڵایەک کە تەنها لە ڕێگەی کڕین، فرۆشتنەوە دەستەبەر دەبێت (بەهای ئاڵوگۆڕ).[4]

ئەوەی مرۆڤ لە شاردا دەتوانێت بیکات، ئەو شوێنانەی دەتوانێت پێیاندا تێپەڕێت و ئەو سنوورانەی لە بەردەمیدا دادەنرێن، هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان بە پەیوەندییەکانی دەسەڵات و خاوەندارێتیـــیەوە گرێدراون.

لەبەر ئەوە، ناکرێت تاوەرە بەرز و مۆدێرنەکانی هەولێر و ســلێمانی وەک دەستکەوتێکی تەلارسازی یان نیشانەی سروشتیی گەشەی شارنشینی بخوێنرێنــــەوە. ئەوان لە ناو ئابوورییەکی سیاسی و دیاریکراودا دروست بوون کە داهاتی نەوت و دەسەڵاتی سیاسی ڕۆڵێکی بنەڕەتییــــــان لە دابەشکردنی سامان و دەرفەتەکاندا هەیە. لەو ئابوورییەدا، دەستڕاگەیشتن بە زەوی، مۆڵەتی وەبەرهێنان و کەڵەکەبوونی سەرمایە لە بازاڕێکی ئازاد و یەکساندا ڕوو نادات؛ بەڵکوو پرۆسەیەکە کە تێیـــــــدا سەرمایەی نەوتی و قازانجەکەی دەگۆڕێت بۆ کۆنکرێت و شووشە، بۆ شوقە، هۆتــــێل و کۆشک. دواتر ئەو بینایــــــانە خۆیان دەبنە مەکیـــــنەیەک بۆ کەڵەکەبوونی قازانج و دابینکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی. بەم شێوەیە، نایەکسانیی ئابووری لە نەخشەی فیزیکیی شاردا جێگیر دەبێت و لە شێوەی گەڕەکی دابڕاو، دیوار و دەروازەی پاسەوانیکراودا بەرجەستە دەبێتەوە.

لەمەش ڕادیکاڵتر، ڕەخنەکەی “مانفرێدۆ تافوریــیە” لە ئایدیۆلۆژیای تەلارسازی[5]. تافوری باوەڕی بەوە نەبوو کە “تەلارسازیی پێشکەوتنخواز” بە تەنیا بتوانــــێت قەیرانەکانی مرۆڤ چارەسەر بکات یان ئازادی بەرهەم بهێنێت. بە پێچەوانەوە، وەک پیر “ڤیتۆریۆ ئۆرێلی” لە شیکاریی بیری تافوریدا ڕوونی دەکاتەوە[6]، لە قۆناغی گەشەسەندنی سەرمایەداریـدا، تەلارسازی دەگۆڕێت بۆ “فۆرمگەلی بێ یۆتۆپـیا”؛ فۆرمگەلێک کە لە هەموو خەونێکی ڕزگاریبەخش خاڵی بوونەتەوە و تەنیا وەک ئامرازێک بۆ ڕێکخســتنی قەیرانەکانی سەرمایە کار دەکەن. بە بڕوای تافوری، تەلارسازەکان چیتر خاوەنی سەروەریی داهێنەرانەی خۆیـــــان نین، بەڵکوو ئەوان وەک کرێکاری فیکری لەناو دابەشکردنی کاری سەرمایەداریدا کار دەکەن؛ ئەرکی ئەوان دیزاینکردنی ئەو فەزایانەیە کە زۆرترین قازانج لە هەر مەترێکی دووجادا دەستەبەر دەکەن و وەهمی کراوەیی وەک کاڵا دەڕازێننەوە. 

لەو ڕووەوە، ئازادی لە ئیمپایەر وەک کاڵایەکی سەربەخۆ بەرهەم ناهێنرێت؛ ئەوەی بە پارە دەست دەکەوێت، تەنها مافی بەکارهێنانی فەزایەکە کە مەرجە مادییەکانی ژیان تێیدا لە شوێنەکانی تر جیاوازە. پــــارە ئازادی دروست ناکات، بەڵکو دەرفەتی نیشتەجێبوون لە ژینگەیەکدا دابین دەکات کە هەندێک لە سنوورە کۆمەڵایەتییەکان لە بەردەم تاکدا کەمتر دەکاتەوە. ئاراســــتەبوونی سەرمایە لە ئابوورییــــە ڕێنتییەکاندا وەک کوردستان بەرەو کەرتی بیناســــازی، لە بۆشاییدا نەهاتووە. کاتێک داهـــــاتی زەبەلاحی نەوت، توانای ئەوەی نیـــــیە یان نایەوێت بچێتە ناو بەرهەمهێــــــنانی ڕاستەقینەی پیشەسازی و کشتوکاڵییەوە، ئەو پارە کەڵەکەبووە دەڕژێتە ناو ســــووڕی دووەمی سەرمایەوە؛ کەرتی زەویوزار، نیشـــــتەجێبوون و تاوەرسازیی لوکس. ئەم تاوەرانە لە پێداویســــــتیی واقیعیی خەڵک بۆ حەوانەوە یان ڕزگاربوون لە کرێچێتی دروست نەبوون؛ بە خــــــەیاڵ و خەونی هیچ هەژارێکیشدا نایەت ڕۆژێک لەو شوێــــــنانەدا نیشتەجێ بێت، بەڵکوو بەرئەنجامی پێویستیی سەرمایەیەکی ڕێنتی و گەندەڵە کە لە ناوخۆدا لە ڕێگەی تەلارسازییەوە سپی دەکرێتەوە و لە شێوەی کۆنکرێتدا جێگیر دەبێت.

ئەم پرۆسەیە دابڕانێـــــکی فەزایی قووڵ بەرهەم دەهێنێت و دیاردەی “گیتۆسازیی پێچـــەوانە یان دەوڵەمەندانە” دەخاتە گەڕ. ئەگەر لە پایتەختە گەورەکاندا، “گیــــــــتۆ” لە دەرەنجامی پرۆسەیەکی هێواشی جیاکاری دروست بووبێت کە تێیدا هەژاران و پەراوێزخراوان بۆ ناوچەیـــــەکی پەراوێز دەرکراون، ئەوا لە مۆدێلی شاری نەوتیدا، وەک ئەوەی لە دوبەی دەبینرێت و ئێســــتای کوردستان دووبارە دەبێتەوە، سەرمایەداران خۆیـــان دەستپێشخەری دەکەن لە دروستکردنی گیتۆی دەوڵەمەندانە.

ئەمە گیتۆیەکی خۆبەخشــانەیە کە لەپێناوی دابڕان لە زۆرینەی کۆمەڵگە دروست دەکرێت. نرخی بەرزی یەکەکان وەک پەرژینێکی ئابووری ڕێگری لە زۆرینەی خەڵک دەکات پێ بنێنە ناو ئەم قەڵا شووشەیییانەوە، لە بەرامبەردا دەســــــتەبژێرێک لە دوورگەیەکی پارێزراودا کۆ دەکاتەوە. لەبەر ئەوە، ئازادی لەوێ وەک گەوهەرێکی سەربەخۆ ناکڕدرێت، بەڵکوو قەڵغانێـــــکی چینایەتییە کە لە بەرامبەر سەرمایەدا بە دەستەبژێر دەبەخشرێت، تا لەو مۆڕاڵە خێڵەکی و گوشارە کۆمەڵایەتیـــــیە دایانببڕێت کە دەسەڵات خۆی لە کایە گشتییەکەی خوارەوەدا بەرهەمی دەهێنێتەوە.

ئەو چاودێرییە خنکێنەرەی لە پڕۆژە خێزانییەکان و گەڕەکە میللییەکاندا هەیە، زۆرجار بە ناوی “بەهاکانی کۆمەڵگای کوردی” ناوزەد دەکرێت؛ بەڵام لە ڕاســــــتیدا ئەمەش بەرهەمی دۆخێکی مێژوویی و مادییە، نەک خەسڵەتێکی بۆماوەیی و جەوهەری. لە ئاستی دەروونییـــەوە، چاودێریی ئەخلاقی تەنها لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی دراوسێکاندا کۆتایی نایەت. مرۆڤێـــــک کە ساڵانێکی درێژ لە ژێر ترسی دادوەریی کۆمەڵایەتیدا ژیاوە، تەنانەت لە نەبوونی چاودێرێکی فیعلیشدا هەمان ترس لە ناو خۆیدا هەڵدەگرێت. چاودێری دەبێــــــتە بەشێک لە پێکهاتەی هۆشیاریی تاک؛ مرۆڤ پێش ئەوەی هەنگاوێک بنێت، دەست دەکات بە خەیاڵکردنی چاوی حوکمدەری ئەوانی تر. بەم شێوەیە، کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی لە دەرەوە ڕەت دەبێت و دەچێـــتە ناو ناخی تاکەوە. بەڵام ئەوەی مرۆڤ لە شوێنێکی پارێزراوتردا لە چاودێریی ڕاستەوخۆ دوور دەکەوێتەوە، بە پێویستی بە مانای ڕزگاربوونی لە هەموو ئەو ترسانە نییە؛ دیوار دەتوانێت سنووری دەستێوەردانی دراوسێ ببڕێت، بەڵام ناتوانێت بە تەنیا هەموو ئەو سنوورە دەروونییانە هەڵبوەشێنێتەوە کە مرۆڤ لە ناو پەیوەندییە مێژوویییەکاندا هەڵیگرتوون.

لە بەراوردی نێــــوان تاوەرە باڵاکان و شوێنێـــکی وەک گوندی لوبنـــــانیدا، ڕەهەندێکی تری جیاکاریی فەزایی دەردەکەوێت کە فوکۆ بە “هێترۆتۆپــیا”[7] ناوی دەبات؛ واتە ئەو فـــەزا پەراوێزخراوانەی کۆمەڵگە بۆ کــــارە قەدەغەکراوەکانی دایاندەنێت. لە زەینی کۆمەڵایەتیی خەڵکی هەولێـــــردا، گوندی لوبنانی وەک پەراوێزێکی ئەخلاقی تەماشــــا دەکرێت؛ حەشارگەیەکە کە خەڵک تەنها بۆ تێرکردنی خێرای غەریزەی سێکسی و کاتبەسەربردن پەنای بۆ دەبەن بەبێ ئەوەی هیچ ڕێز و پێـــــگەیەکی کۆمەڵایەتیی هەبێت. بەڵام ئیمپــــــایەر پەراوێز و حەشــارگە نییە؛ بەڵکو لوتکەی شارە. لە ئیمپـــــایەردا، چێژ لەگەڵ کافێی لوکس، مەلەوانگە، وەرزش و ســــتایلی ژیان تێکەڵ دەکرێت. لەبەر ئەوە، ئیمپــــــایەر تەنها دەرفەتی چێژ وەرگرتن نادات، بەڵکوو شەرمی کۆمەڵایەتی لەسەر چێژەکە لا دەبات و شەرعییەتی چینایەتیی پێ دەبەخشێت.

بێگوومــــان تێکستەکەی دەوەنیش بێ کەموکوڕی نیــیە، جورعەیەک لە پیاوسالاریی شاردراوە لە گێڕانەوەکەیدا هەستی پێ دەکرێت. لە تێکســــتەکەی دەوەندا، ئازادیی سێکسی زیاتر لە ڕوانگەی پیاوێکەوە وێنا دەکرێت کە دەتوانێت کچێک بباتە شوقەکەی و ژوانی لەگەڵ ببەســـــتێت. بەڵام ئەوەی پیاوێک بتوانێت بە ئازادی پەیوەندییەکی سێکسی هەبێت، نیشانەی ئازادیی یەکســـــانی هەردوو لایەنی پەیوەندییەکە نییە. ئازادیی جەستە یانی توانای ژن بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووس و جەســتەی خۆی؛ لەوەدا کە بتوانێت پەیوەندیـیەک هەڵبژێرێت یان ڕەتی بکاتەوە، بێ ئەوەی ترس لە پەراوێزخســـــتن و توندوتیژی سنووری هەڵبژاردنەکانی دیاری بکات. ژنێک لە فەزایەکی وەک ئیمپــــــایەردا دەکرێت ئازادییەکی کردەیی زیاتری هەبێت، بەڵام ئەمە خۆبەخۆ نیشانەی ئەوە نییــــــە کە پیاوســــالاری لەو فەزایەدا کۆتایی پێ هاتووە، بەڵکوو فۆڕمەکەی گۆڕاوە بۆ جوانکاری و نمایش لەناو فۆرمێکی بەکاربەریدا.

پەیوەندیی نێوان ئازادی و سەرمایە لە شــــــاردا پارادۆکسێکی بێبەزەیییانە لەخۆ دەگرێت، سەرمایە دەتوانێت فەزایەک بەرهەم بهێنێت کە تێـــــــیدا هەندێک لە ئازادییە کەسییەکان ئاسانتر ئەزموون بکرێن، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو فەزایە بە نرخێک دەفرۆشـــــێت کە زۆرینەی خەڵک دەستیان پێی ناگات. ئەوەی لە ناو پڕۆژەکەدا وەک دەرفەتی ئازادی دەردەکەوێت، لە دەرەوەی دیوارەکاندا دەبێــــــتە نیشانەیەکی ڕوون لە نایەکسانیی گەیشتن بە مەرجەکانی ژیانێکی شایستە. ئازادی لە باڵکۆنی ئیمپـــــــایەرەوە دەست پێ ناکات و لە بازگەکانی ئەو پڕۆژەیەشدا کۆتایی نایەت. لێرەوە سەرنجەکەی دەوەن دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیارێکی بنەڕەتی دەربارەی خودی شـــــار، شار لە کێ پێک دێت و بۆ کێ بەرهەم دەهێنرێت؟

ئەوەی لێفێڤر بە “مافی شار” دەیناسێنێت[8]، واتە توانای دەستەجەمعیی دانیشتووان بۆ بەشداری لە بەرهەمهێنان، داڕشتنەوە و گۆڕینی ئەو فەزایەی ژیانی تێــــــــدا بەسەر دەبەن، لە ڕاستیدا لە زۆرینەی خەڵک زەوت کراوە. بەبێ ئەم مافە، شــــــار دەبێتە کۆمەڵێک قەڵای دابڕاو.

مرۆڤەکان دەکرێت لە ڕووی تیۆرییەوە لە بەردەم دەقی یاساکاندا خاوەنی مافی یەکسان بن، بەڵام لە واقیعی ماددیدا تەنها ئەوانە دەتوانن هەناســــەی ئازاد هەڵمژن کە توانای کڕینی دیوارە بەرزەکانیان هەیە.

کاریگەرترین وێنەی ئەم هاوکێشەیە، هەر ئەو دوو مرۆڤەن کە لە باڵکۆنێـــکی بەرزدا، ڕووبەڕووی شار، یەکتری لە باوەش دەگرن و ماچی یەکتر دەکەن. خۆشەویستییەکەیان حەقیقییە، ترپەی دڵیــان لە ناو شارێکی بێدەنگکراودا، دەنگی ژیانە و پەناگەکەیان شایستەی ڕێزە. بەڵام کێشەکە لەوێدایە کە ئەم ئەڤینە ناچار کراوە پەنا بۆ بەهای پوڵ و بەرزایی تاوەرەکان ببات تا لە بەردەم چاوی کۆمەڵگەدا سەلامەت بێت. چەند شەقامێک دوورتر، دوو مرۆڤی تر بۆ هەمان کردار ڕەنگە ڕووبەڕووی لێـــــدان، زیندانیکردن یان مەرگ ببنەوە. جیاوازیی نێوان ئەم دوو چارەنووسە، لە خودی ماچەکەدا نییە، بەڵکو لە مێژوویەکی درێژدایە لە پەیوەندییەکانی سەرمایە، دەســــەڵات، پیاوســـــالاری و دابەشبوونی نایەکسانی مەرجەکانی ژیان لە فەزادا.

ئەو ئازادییەی مرۆڤ لە باڵکۆنی ئیمپایەردا ئەزموونی دەکات، لەناو پەیوەندییەکی نایەکسانیی چینایەتیدا جێگیر بووە. لە شارێکدا کە ســـــــامان دەتوانێت دیوارێک لە نێوان تاک و چاودێریی کۆمەڵایەتی دروست بکات، ئازادی دەبێتە ئیمتیازێکی چینایەتی. مرۆڤەکان لە توانای خۆشەویستیکردندا یەکسانن، بەڵام لە مەرجە مادییەکانی ئەو خۆشەویستییەدا یەکسان نین. ئازادی ئەو کاتە مانایەکی ڕاستەقینە وەردەگرێت کە مرۆڤ بۆ پاراستنی ژیانی تایبەتی، جەستە و کەرامەتی خۆی، پێویستی بە پەنابردن بۆ پشـــــت پەردە و دیوارە گرانبەهاکان نەبێت. ئەو کاتەیە کە باڵکۆن دەبێتە شوێنێک بۆ تەماشاکردنی فراوانیی شار، نەک قەڵایەک بۆ خۆشاردنەوە لێی.


[1] الرأسمالیة والفصام، ژیل دولوز، فلیکس گواتاری، ترجمة عبد العزيز العيادي

[2] دەوەن بەکر (٢٠٢٢). «سێکس و ئیمپایەر، ئازادیی سیمبولی، بەهاکانی تاکگەرایی»، بڵاوکراوە لە فەیسبووك، ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢

[3] ]: Henri Lefebvre and the Right to the City, Loren King

[4] Henri Lefebvre and the Right to the City, Loren King

[5] Aureli, Pier Vittorio (2011). “Intellectual Work and Capitalist Development: Origins and Context of Manfredo Tafuri’s Critique of Architectural Ideology.” The City as a Project

[6] Aureli, Pier Vittorio (2011). “Intellectual Work and Capitalist Development Origins and Context of Manfredo Tafuri’s Critique of Architectural Ideology.” The City as a Project

[7] الجسد الطوباوي (أماکن أخرى) – ميشال فوکو، ترجمة محمد العرابي

[8] Harvey, David (2012). Rebel Cities: From the Right to the City to the Urban Revolution. London & New York: Verso. (وەرگێڕانی عەرەبی: مدن متمردة: من الحق في المدينة إلى ثورة الحضر، ترجمة: مجدي صبحي، القاهرة: المرکز القومي للترجمة، ٢٠١٣

عومەر خەتات
دەربارەی نووسەر
عومەر خەتات
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە