یاداشتێك ده‌رباره‌ی پێنج نامیلكه‌ی فیكریی وه‌لید عومه‌ر
ده‌ستپێك
ئه‌مه یاداشتێكی كورته ده‌رباره‌ی ئه‌و زنجیره نامیلكه فیكرییه‌ی وه‌لید عومه‌ر كه له‌مدواییانه‌دا پێنج دانه‌یان بڵاوبوونه‌وه (كێشه‌ی تاك، كێشه‌ی فۆرم و ناوهڕۆك، كێشه‌ی واقیع و فه‌نتازیا، كێشه‌ی ژۆرنالیزم و, كێشه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا). مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی و ناواخنی نامیلكه‌كان له‌باره‌ی “پرۆبلهماتیزهكردن و به‌كێشه‌كردن”ی كۆمه‌ڵێك چه‌مك و دیارده‌یه. ئه‌گه‌رچی ئه‌م چه‌مكانه له ڕۆشنبیریی كوردیدا به به‌ربڵاوی به‌كاردێن، به‌ڵام هه‌وڵی تیۆریزه‌كردنی چڕ‌وپڕ و هه‌مه‌لایه‌نیان نه‌دراوه. ئه‌م نامیلكانه، ئه‌م چه‌مكه باسكراوانه بۆ كۆتا پنتی لۆژیكی خۆیان ڕاده‌كێشن و شیمانه تیۆرییه ڕێتێچوو و مومكینهكانیان ده‌پشكنن. به هیوام ئه‌م پڕۆژه‌یه له داهاتووشدا به‌رده‌وام بێت و سه‌ركێشیی فیكری تریشی به‌دوادابێت بۆ به‌كێشه‌كردن و تیۆریزه‌كردنی كۆمه‌ڵێك پرس و چه‌مكی تریش (ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاداریش بم ئه‌م زنجیره‌یه له فۆرمی تردا به‌رده‌وام ده‌بێت و له كۆمه‌ڵێك چه‌مك و كێشه‌ی تریش ده‌كۆڵێته‌وه). وه‌كئه‌وه‌ی له خودی ناونیشانه‌كانیاندا ده‌یبینین، مه‌رامی پشت ئه‌م پێنج نامیلكه‌یه ئه‌وه‌یه به شێوه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌یی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م چه‌مكانه‌دا بكات و به بێباكی به‌سه‌ریاندا تێنه‌په‌ڕێت؛ واته به‌كێشه‌كردن وه‌ك ده‌رگیربوونێكی ڕۆشنبیرانه. سلاڤۆی ژیژه‌ك له بۆچوونێكی چڕكراوهدا وه‌ها ئه‌ركی فیكر و فه‌لسه‌فه ده‌خاته ڕوو: “پێموایه ئه‌ركی فه‌لسه‌فه بریتی نییه له وه‌ڵام به‌خشینه‌وه، به‌ڵكو نیشاندانی ئه‌وه‌یه چۆن ئه‌و شێوازه‌ی به‌هۆیه‌وه له كێشه‌یه‌ك تێده‌گه‌ین ده‌كرێت خۆی كێشه‌دار بێت”. له‌م سۆنگه‌یه‌وه، ئه‌م نامیلكانه چه‌مكی “كێشه” قووتدهكهنهوه و، ده‌یكه‌نه ته‌وه‌ری گشتی هه‌موو باسوخواسه‌كان، چونكه شێوازی داڕشتن و ڕوانین له كێشه‌یه‌ك خۆی به‌شێكی سه‌ره‌كی بیركردنه‌وه‌یه لێی؛ ئه‌و بیركردنه‌وه‌ی هه‌ندێجار پێی ده‌وترێت “بیركردنه‌وه‌ی حه‌قیقی”. ئه‌گه‌رچی هه‌ر نامیلكه‌یه‌ك – كه له ڕاستیدا زیاتر و به تایبه‌ت “كێشه‌ی تاك” خۆی له فۆرمی كتێبدایه- له‌گه‌ڵ كێشه‌یه‌كی جیاوازدا ده‌رگیره، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوان شێوازی ده‌رگیربوون له هه‌موویاندا هه‌یه. له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا چه‌ند هێڵێكی گشتی پێنج نامیلكه‌كه ده‌خه‌ینه‌ڕوو، واته ئه‌م یاداشته ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی خێرا و گشتییه له شێوازی ده‌قه‌كان نه‌ك په‌رژانه سه‌ر تاك به تاك ده‌قه‌كان و ئایدیا و ئهرگۆمێنتهكانیان، به‌و هیوایه‌ی خوێنه‌ر خۆی بگەڕێتەوە بۆ ئه‌م پێنج نامیلكه‌یه و، خۆی ده‌رگیری باسوخواسه تهرحكراوهكانیان ببێته‌وه.
یه‌كه‌م: میتۆدی ئیشه‌كان سوودی له كایه جیاوازه‌كان وه‌رگرتووه؛ فه‌لسه‌فه، ده‌روونشیكاری و ئه‌ده‌ب و هتد. فره كایهییش نه‌ك ته‌نیا خزمه‌ت به ڕووونكردنهوهی ڕه‌هه‌نده جۆراوجۆره‌كانی چه‌مكێك یان دیارده‌یه‌ك ده‌كات، به‌ڵكو خودی دیارده‌كه‌ش له به‌شبه‌شكردنی پسپۆرانه‌ی هاوچه‌رخ ڕزگار ده‌كات. هه‌ر ناساندنی ئیشه‌كان خۆی به “فیكری” ئاماژه به‌وه ده‌كات، به كۆمه‌كی كایه جیاوازه‌كان هه‌وڵی تێگه‌یشتن له چه‌مكه یونیڤێرساڵهكان بدرێت و هاوكات په‌یوه‌ندی و پچڕانه تراوماییهكانی نێوان گلۆباڵ و لۆكاڵیش بخرێنه به‌ر باس. نووسه‌ر خۆیشی پێشتر له چه‌ند جێیه‌كی تردا به‌كورتی په‌رژاوه‌ته سه‌ر گرفتی “فیكر” و تیۆریزه‌كردن. فیكر، به جۆرێك له جۆره‌كان، بریتییه له “مافی قسه‌كردن و وردبووونه‌وه” له‌باره‌ی دیارده و ڕووداوه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی پسپۆرییه‌كی دیاریكراوه‌وه- كه مه‌رج نییه هه‌میشه دیارده‌ی گرنگ یان ڕووداوی وه‌رچه‌رخێنه‌ر یان پرسێكی باڵا بن، به‌ڵكو ده‌كرێت شتانێكی ته‌واو لاوه‌كی و په‌راوێزی و نزم بن، وه‌كوو شرۆڤه‌ی ژیژه‌ك بۆ شێوازی ته‌والێته فه‌ڕه‌نسی، ئه‌ڵمانی و ئینگلیزییه‌كان و به‌ستنه‌وه‌یان به پرسی ئایدیۆلۆژیاوه؛ ژیژه‌ك باوه‌ڕیشی وایه ده‌بێت هه‌موو كونج و كه‌له‌به‌ره‌كانی ژیانی ڕۆژانه تیۆریزه بكه‌ین. به ده‌ربڕینێكی تر، فیكر به مانا جێ مه‌به‌سته‌كه‌ی ئێره خودی كایه‌كان له داخراوێتی و تاكڕه‌هه‌ندی ڕزگار ده‌كات. هه‌ڵبه‌ت به ڕه‌چاوكردنی ئه‌و ڕاستییه‌ی وا له كوردستاندا نه كایه‌كان وه‌ك كایه‌ی سه‌ربه‌خۆ دروستبوون و به‌كرده‌یی سهرپێكهوتوون و نه تیۆر و قوتابخانه فه‌لسه‌فی و بگره ئه‌ده‌بییه‌كانیش جێكه‌وت و فامكراون، ئه‌وا ئیشی “فیكر” ئیشێكی چه‌ندقات سهركێشانهتر و هه‌ستیارتره. له لایه‌كی دیكه‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌شه واده‌كات فیكر لای ئێمه وه‌رگه‌ڕێته سه‌ر “نامه”یه‌ك كه نازانرێت چۆن و كه‌ی ده‌گات، گه‌یشتن وه‌ك تێگه‌یشتن، دیالۆگ، جێكه‌وت، به‌رخوردی تاكه‌كه‌سی و لێكه‌وته دهستهكۆییهكانیشی. ئه‌م پێنج نامیلكه‌یه‌ش نامه‌یه‌كن و به‌و هیوایه‌ی خوێنه‌رانی فیكر هه‌وڵی ده‌ستڕاگه‌یشتن و ده‌رگیربوون بده‌ن له‌گه‌ڵیاندا و، چیتر ده‌قه جدی و فیكرییه‌كان به‌ئاگایانه و نائاگایانه فه‌رامۆش نه‌كرێن.
كۆی نووسینه‌كان جۆره وهفادارییهكن بۆ “حه‌قیقه‌ت” دژ به “فاكتگهرایی” و “فاكتپهرستیی ژۆرنالیستی”.
دووه‌م: ده‌رگیربوون (engagement)ی تیۆری خه‌سڵه‌تی جیاكه‌ره‌وه‌ی ئه‌م نووسینانه‌ی وه‌لید عومه‌ر و كۆی نووسینه‌كانی پێشتریشیهتی. ده‌رگیربوون به هه‌ردوو مانا زمانییه‌كه‌ی، واته هه‌م خۆخه‌ریكردن به بابه‌تێك و هه‌م دژوه‌ستانه‌وه و به‌ره‌نگاری كردنیشی؛ چه‌شنه شه‌ڕ و دهستهویهخهبوونهوهیهكی زه‌ینی. ئه‌گه‌ر ئاماژه به میتافۆرێكی وه‌رگیراو له نووسه‌ر خۆیه‌وه بكه‌ین، ده‌رگیربوون جۆرێكه له “كه‌شێكی سۆفیانه‌ی فۆرماڵ”[1]: بۆ كه‌سی بیركه‌ره‌وه، كرده‌ی هزرین دیوێكی سوبێكتیڤی تۆخی هه‌یه، ته‌نیا چه‌مكه‌كان شرۆڤه ناكات، به‌ڵكو له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژی. بۆ نموونه، ئه‌م پێنج بڵاوكراوه‌یه له ماوه‌ی دوو ساڵێكدا نووسراون و داڕێژراونه‌ته‌وه و سهرباركراون. له لایه‌كی تریشه‌وه، نووسه‌ر پێشتریش به تایبه‌ت له‌ڕێی وه‌ڕگێرانه‌وه زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری بۆ خوێنه‌ریش ڕه‌خساندووه تاوه‌كو ئه‌ویش “ده‌رگیر”ی ئه‌م باسوخواسانه بێت. بۆیه وه‌كچۆن نووسین ده‌رگیربوونێكی ماندوونه‌ناسانه و پشودرێژ و بیركه‌ره‌وه و تیاژیاو ده‌خوازێت، به هه‌مان شێوه خوێندنه‌وه‌ش پێویستی به‌وه‌یه خوێنه‌ره‌كه ببێته “سۆفییه‌كی پشودرێژ و فۆرماڵ” تا ئایدیاكان به‌گۆشت و خوێنه‌وه هه‌رس بكات.
له دیوێكی تریشه‌وه، هه‌ر كامێك له‌م نامیلكانه “ده‌رگیربوونێكی ڕۆشنبیرانه‌یه به كێشه‌كه‌وه نه‌ك شرۆڤه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك و فێركاری”[2]. ئه‌مه‌ش ئه‌و مانایه ده‌گه‌یه‌نێت لێره‌دا خه‌ریكبوون له پێناو خستنه‌ڕووی كۆمه‌ڵیك زانیاریی گشتی و ساده نییه، كه خوێنه‌ر ده‌توانێت به ئاسانی له سه‌رچاوه جیاجیاكانی تر به ده‌ستیان بهێنێت، به‌ڵكو ڕێك به پێچه‌وانه‌وه به مه‌به‌ستی پێداچوونه‌وه و تێهه‌ڵچوونه‌وه‌یه به‌و زانیارییه به‌رده‌ستانه. مه‌رامی پشته‌وه‌ی ئیشه‌كان پێدانی كۆمه‌ڵێك زانیاری بێ ڕهپت نییه، به‌ڵكو دۆزینه‌وه‌ی هێڵه لكێنهرهكانی نێوان زانیاریییه به‌شه‌كییه‌كان و ده‌ستوه‌ردانێكی تیۆری چالاكانهیشه له واقیعدا. به گوزارشتێكی تر، كۆی نووسینه‌كان جۆره وهفادارییهكن بۆ “حه‌قیقه‌ت” دژ به “فاكتگهرایی” و “فاكتپهرستیی ژۆرنالیستی”. ئه‌م جۆره نووسینه‌ی له‌م پێنج نامیلكه‌یه‌دا ده‌یخوێنینه‌وه له ڕاستیدا جۆرێكه له دژه-نووسین؛ كه‌شفكردنی ئیمكان و زه‌مینه‌ی چه‌مكه‌كان، هه‌م له په‌یوه‌ندییان به یه‌كتر و هه‌م ڕۆچوونێكی تیۆری له تاك به تاكیاندا.
سێیه‌م: ئاڵۆزیی ڕوونكه‌ره‌وه. ئه‌گه‌ر چاوێك به ڕۆژنامه و چاپكراوه و فه‌زا ڕۆشنبیرییه گشتییه كوردییه‌كاندا بخشێنین، سه‌رمان ده‌سووڕمێت له‌و شته‌ی ده‌توانین پێی بڵێین “به‌فیڕۆدانی وشه”. ئه‌م هیچ نه‌وتنه ته‌واو خاڵییه له هه‌ر ماته‌وزه‌یه‌كی داهێنه‌رانه، بۆ نموونه وه‌ك ئه‌و بۆشایی و هیچێتی و بێده‌نگییه خهلاقهی لای بێكێت هه‌یه، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی به‌و ناڕوونییه ناونشینهشهوه نییه كه له خودی زمانی مرۆیی‌دا هه‌یه، به‌ڵكو ساده‌گۆیی ژۆرناڵیستی و ڕاكردنه له تیۆر- به ناوی ڕاكردن له ئاڵۆزییه‌وه. ئاڵۆزی خۆی له‌خۆیدا نه نیشانه‌ی بیركردنه‌وه‌یه و نه نیشانه‌ی بهدحاڵیبوونیشه، به‌ڵام ئه‌و ڕاستییه نكۆڵی لێنهكراوهش هه‌یه وا بیركردنه‌وه ناتوانێت خاڵی بێت له ئاڵۆزی؛ واته ئه‌گه‌ر ئاڵۆزییه‌ك له‌م ده‌قانه هه‌بێت- بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕه‌نگه ئاشنا نه‌بن به زمانێكی تیۆری تۆكمه- ئاڵۆزییه‌كه له هه‌ناوی ده‌رگیربوون و بیركردنه‌وه‌وه هه‌ڵقوڵاوه؛ ئاڵۆزییه‌ك كه خزمه‌ت به ڕوونكردنه‌وه‌ی كێشه و چه‌مكه‌كان ده‌كات به پێچه‌وانه‌ی ساده‌گۆیی ڕووكه‌شانه كه ناتوانێت كێشه ساده‌كانیش ڕوون بكاته‌وه و جۆرێكه له‌و شته‌ی جاران له قوتابخانه‌دا پێی ده‌وترا “ئینشای عام”. ئه‌و قوتابیانه‌ی عه‌ڕه‌بیان نه‌ده‌زانی، ئه‌م ئینشا (داڕشتن)ەیان له‌به‌ر ده‌كرد و له تاقیكردنه‌وه‌دا پرسیاری داڕشتن له‌سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك هاتبایه‌وه، ئه‌وان “ئینشا عام”ەكهیان ده‌نووسی و “ده‌ریش ده‌چوون”.
به‌نیسبه‌ت بارودۆخی ئێمه‌وه زمان نه‌ك ته‌نیا ماڵی بووونه به‌ڵكو زمان ماڵی به‌ره‌نگاری و به‌رهه‌ڵستی نواندنیشه
بیركردنه‌وه‌یه‌ك كه له سهرنجێكهوه ده‌ستپێده‌كات و ئینجا سه‌رده‌كێشێت بۆ سهرنجگهلێكی تر و له‌ناو قاڵبێكی تیۆریشدا داده‌ڕێژرێت، سه‌ره‌نجامیش كۆمه‌ڵێك ئایدیای چكاوه ده‌خاته‌ڕوو. هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه یه‌كێك له نامیلكه‌كان ده‌په‌رژێته سه‌ر كێشه‌ی ژۆرنالیزم وه‌ك كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هه‌م ساده‌گۆیی عه‌وامانه و هه‌م تهمومژسازیی بێهوده‌ش؛ به‌ڵام ئێمه پێویستمان به هزر و زمانێكی ئاڵۆز هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له فریوهكانی ساده‌یی تێبگه‌ین. ئاڵۆزیی بیركردنه‌وه له بنه‌ڕه‌تیشه‌وه جۆرێك له ئاڵنگاری و به‌ره‌نگاری به‌رامبه‌ر دۆخه كوردییه باڵادهستهكهش تێدایه، وادیاره به‌نیسبه‌ت بارودۆخی ئێمه‌وه زمان نه‌ك ته‌نیا ماڵی بووونه به‌ڵكو زمان ماڵی به‌ره‌نگاری و به‌رهه‌ڵستی نواندنیشه؛ جا ئاخۆ كاریگه‌رییه گشتییه‌كه‌ی ئه‌م به‌ره‌نگارییه چۆن ده‌بێت ئه‌وه شتێكی تره. ساده‌كردنه‌وه‌ی كوردانه‌ی كێشه‌كان درێژه‌دانه به وێرانه مه‌عریفییه‌كان، بۆیه خوێنه‌ری ئه‌م ده‌قانه بۆ نموونه واباشه ته‌نیا په‌له‌ی ئه‌وه‌ی نه‌بێت ئاخۆ فۆرم چییه، به‌ڵكو ته‌ركیزیش بخاته سه‌ر كۆی گه‌شته مهعریفییهكه، كێشه‌كه له ئاڵۆزی و كۆیه‌تی و فره‌ڕه‌هه‌ندی خۆیدا ببینێت. بۆ نموونه هه‌ر له‌گه‌ڵ بیستنی چه‌مكی فۆرم ڕه‌نگه زۆربه‌مان خه‌یاڵمان بۆ پرسی فۆرم و فۆرماڵیزم له ئه‌ده‌بدا بچێت، به‌ڵام نووسه‌ر وێڕای ئه‌وه‌ش به وردی ده‌په‌رژێته سه‌ر كێشه‌ی فۆرم له ده‌روونشیكاری و فه‌لسه‌فه‌شدا كه ڕه‌نگه بۆ زۆرێك له خوێنه‌ران باسێكی نوێ بێت. به‌م جۆره، ئه‌و شته‌ی پێی ده‌ڵێین “ئاڵۆزیی ڕوونكه‌ره‌وه” ئاماژه بۆ مامه‌ڵه‌كردنێكی هه‌مه‌لایه‌نه ده‌كات له‌گه‌ڵ كێشه‌كاندا؛ ئاڵۆزییه‌ك كه ڕوونكهرهوهیهكی حه‌قیقییه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌رگیری ده‌قه‌كه ده‌بن نه‌ك تهمومژسازییهكی ناپێویست. بۆیه له‌م ده‌قانه‌دا ته‌نیا گریمانه سه‌ره‌تاییه‌كان و ده‌ره‌نجامه‌كان گرنگ نین، به‌ڵكو كۆی هه‌نگاو و لادان و ورده تێبینییه‌كانیش گرنگن؛ ئه‌و شتانه‌ی ڕه‌نگه وه‌ك لادان له باسه‌كه ده‌ربكه‌ون، له ڕاستیدا به‌شێكی سه‌ره‌كی و كڕۆكی باسه‌كه پێكده‌هێنن. هه‌ر خودی وشه‌ی “كێشه” له ناونیشانی هه‌موو نامیلكهكاندا، ئاماژه‌یه بۆ دابڕان له به‌رخوردی عه‌قڵی باو له‌گه‌ڵ پرسه‌كاندا، قووتكردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده نه‌بینراو به‌ڵام كێشه‌ساز و گرنگه‌كانه. خێچكردنهوه و ده‌ستكاریكردنی گۆشه‌نیگا باوه‌كانه. ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك جێگه‌دا هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین له‌پاڵ تێما سه‌ره‌كییه بهرباسهكان، ده‌كرا بابه‌ته به ڕواڵه‌ت لاوه‌كییه‌كانیش زیاتر شیكرابانهوه و درێژه‌یان پێدرابا، به‌ڵام له به‌ره‌نجامی “دڵڕه‌قییه‌كی تیۆری”دا وه‌ستێنراون.
چواره‌م: پرسی لۆكاڵ و گلۆباڵ وه‌ك چوارچێوه‌یه‌كی گشتی ده‌قه‌كان. ئه‌م پرسه په‌یوه‌سته به كێشه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیی گه‌وره‌تریشه‌وه كه “كێشه‌ی گشت و به‌ش”ە. له‌م ده‌قانه‌دا هه‌م به ئاشكرا و هه‌م ئاماژهگهرایانهش حسێب بۆ تراوما و كه‌لێنی نێوان لۆكاڵی كوردی و گشتی جیهان (یان ده‌قیقیتر، جیهانگیری) كراوه. بۆ نموونه وێڕای پرسیاری ئایا ژۆرنالیزم خۆی چییه؟ ئه‌م پرسیاره په‌یوه‌ندیداره‌ش هه‌یه ئایا دیارده‌یه‌كی جیهانی وه‌ك ژۆرنالیزم بۆ كۆمه‌ڵگای كوردی چی پێیه؟ ئایا ئیمكانه‌كانی تاكگه‌رایی بۆ كۆمه‌ڵگای ئێمه چۆن ده‌شكێنه‌وه؟ له هه‌ناوی ئه‌م پرسیارانه و بگره له كۆی ده‌قه‌كاندا پرسیارێكی شاراوه هه‌یه: ئایا ئێمه‌ی كورد له كوێی “گشت”ی جیهانیداین؟ ئایا په‌یوه‌ندی و پچڕانه‌كانی نێوان لۆكاڵ و گڵۆباڵ چین و چۆن تێ‌یان بگه‌ین؟ ئایا گڵۆباڵ چی به‌سه‌ر لۆكاڵدا ده‌هێنێت؟ و هتد. سه‌ره‌نجامیش هه‌ر ئه‌م خودئاگاییه مێژووییه ده‌توانێت ڕه‌وته پێچه‌ڵپێچ و له زۆرباردا “نامێژوویی”ەكهی كورد شرۆڤه بكات[3]. ئه‌م ئاگاییه ده‌رهه‌ق به لۆكاڵ/گڵۆباڵ له‌به‌ر چه‌ند مهرامێكه: خۆلادان له فریو و بریقوباقی چه‌مكه‌كان له خۆرئاوادا؛ نه‌كه‌وتنه ناو ئهبستراكشنكردن و دابڕان له “واقیعی كوردی” و هتد. بگره گه‌ڕانه‌وه‌ی نووسه‌ر بۆ ڕۆشنبیرێكی وه‌ك مه‌سعود محه‌مه‌دیش گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ كه‌سێك كه ئه‌گه‌رچی له لۆكاڵدا بیریكردۆته‌وه یان بیری له لۆكاڵ كردۆته‌وه به‌ڵام ده‌ستی به خودئاگاییه‌كی وه‌ها ڕاگه‌یشتووه كه “به‌ڕێكکه‌وت” و به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌سعود محه‌مه‌د خۆی ئاگاداری بێت ده‌یبه‌ستێته‌وه به ئایدیا یونڤێرساڵهكان و چه‌مكه فهلسهفییهكانیشهوه. بێ مه‌لامه‌ت نییه نووسه‌ر پێشتریش له چه‌ندین جێی تردا په‌رژاوه‌ته سه‌ر پرسی خێڵ و مۆدێرنه و بابه‌ته په‌یوه‌سته‌كانی دیكه‌ش (چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كه‌ین له داهاتووشدا نووسه‌ر له گۆشه‌نیگای تره‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م كێشانه، وه‌كچۆن پێشتریش په‌رژاوه‌ته سه‌ریان). بۆیه ئه‌م “ژێست”ی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ یه‌كێكی وه‌ك مه‌سعود محه‌مه‌د، گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ كه‌سێك كه به‌بێ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه بۆ مه‌تریاڵیزم بكات وه‌ك كه‌سێكی “مه‌تریاڵیست” دێته به‌رچاو. ئه‌م ئاوهژوووكردنهوه ژیژهكییهكهی مه‌سعود محه‌مه‌د له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت: گرنگ نییه خۆت چی ده‌ڵێیت به‌ڵكو ئه‌وه گرنگه به‌كرده‌یی و به ڕه‌چاوكردنی كۆی جیهانبینی و هه‌لومه‌رجه مێژووییه‌كه چیت وتووه؛ درزی نێوان سوبێكتی ده‌ربڕین و سوبێكتی ده‌ربڕاو.
نووسه‌ر هه‌وڵی داوه له‌نێوان چه‌مكه گه‌ردوونییه‌كان و تێڕامانی ناونشین هێڵێكی داهێنه‌رانه بدۆزێته‌وه.
نووسه‌ری ئه‌م ده‌قانه خۆی، به پێچه‌وانه‌ی مه‌سعود محه‌مه‌د، ده‌رگیری بیركردنه‌وه‌یه له‌ناو مێژووی بیركردنه‌وه یان نه‌ریتی فیكریدا. نه‌ریت به‌و مانایه‌ی ئایدیا و چه‌مك و مه‌نزومه فیكرییه‌كان مێژووییه‌كی دیاریكراویان هه‌یه، ڕهخنهكراون و درێژه‌یان پێدراوه، و كۆمه‌ڵێك بیریار له پشتیانه‌وه وه‌ستاوه. به مانایه‌كی تر، له‌م قۆناغه‌ی هزری مرۆیی‌دا و به حوكمی ئه‌وه‌ی ئایدیاكانیش خۆیان سرووشتێكی گه‌ردوونیان هه‌یه، بیركردنه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی مێژووی بیركردنه‌وه كه‌موكوڕ و بگره مه‌حاڵ و دۆنكیشۆتانهش ده‌گیرسێته‌وه. هه‌ر لێره‌وه تێبینی ئه‌وه ده‌كه‌ین نووسه‌ری ئه‌م پێنج بڵاوكراوه‌یه له دوو دیارده‌ی كورتهێن خۆی پاراستووه؛ پیاده‌كردنی ڕاسته‌وخۆی چه‌مكه خۆرئاواییه‌كان و ڕۆچوون له ته‌ئه‌مولات و تێڕامانی نامێژوویی و ده‌ره-مێژووی هزر: “بیركردنه‌وه له لۆكاڵ گرنگه به‌ڵام به‌بێ ڕه‌هه‌ندێكی گه‌ردوونی سه‌رده‌كێشێت بۆ چه‌قبه‌ستن و گه‌نین و كۆنه‌پارێزی؛ وه‌كچۆن به‌و دیوه‌ی تریشدا ونبوون له یونیڤێرساڵدا تووشی نامۆبوونت ده‌كات”[4]. نووسه‌ر هه‌وڵی داوه له‌نێوان چه‌مكه گه‌ردوونییه‌كان- كه به زۆر هۆكاری ڕوون و ئاشكرا له خۆرئاواوه به‌رهه‌مهاتوون- و تێڕامانی ناونشین هێڵێكی داهێنه‌رانه بدۆزێته‌وه. ئه‌م هێڵه ناونشینه شێوازێكی تری ئه‌و شته‌یه كه موراد فه‌رهادپوور پێی ده‌ڵێت “وه‌رگێڕان-بیركردنه‌وه” به‌ڵام له بواری نووسین خۆیدا، هه‌روه‌ها به‌و مانایه‌ش كه ئه‌م كێشانه‌ی لێره‌دا باسكراون ته‌نیا له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك مه‌رامی شه‌خسییه‌وه باس نه‌كراون، به‌ڵكو له سۆنگه‌ی مێژوومه‌ندی و زه‌رووره‌تی مێژووییه‌وه لێیان كۆڵراوه‌ته‌وه.
“بیركردنه‌وه له كۆنتێكست”دا، واته له بری خۆ هه‌ڵواسین به كۆمه‌ڵێك كڵێشه‌ی به‌ناو پێشكه‌وتنخوازانه و ڕزگاریخوازانه به‌ڵام به‌كرده‌یی ئه‌بستراكت و عه‌قڵی باوئاسا و ژۆرنالیستی، له سیاقه كوردییه داهێزراوهكهدا مانا و لێكه‌وته‌كانیان ده‌پشكنێت.
پێنجه‌م: بێجگه له‌و چوار خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، له‌م پێنج ده‌قه‌دا كۆمه‌ڵێك پرسی سه‌نتراڵی دیكه‌ش هه‌ن ته‌نیا ئاماژه‌یان پێده‌كه‌ین: پرسی سوبێكت و سوبێكتیڤیته وه‌ك یه‌كێك له خولیا سه‌ره‌كییه‌كانی نووسه‌ر؛ “ئایدیا”ی فیكری، به مانای دۆلۆزییهكهشی، واته به‌و مانایه‌ی ئایدیا به‌رهه‌مێكی تاقانه‌یه و له بیركردنه‌وه‌وه به‌رهه‌مهاتووه، ته‌نیا ئه‌و شته ناڵێیته‌وه كه وتراوه به‌ڵكو ئیزافه‌ی خۆیشتی ده‌خه‌یته سه‌ر؛ ستایله دهرگیركهرهكهی ده‌قه‌كان، ستایلێك كه نه‌ك ته‌نیا هه‌ندێ شتمان پێ ده‌ناسێنێت، به‌ڵكو ناسین و زانینه پێشوهختهكهشمان “له‌ئاشنایی ده‌خات” و درزی تێده‌كات. ئه‌م ستایله ئاشتیشمان ده‌كاته‌وه به چێژی خوێندنه‌وه و چێژی زمانیش. كۆتا خاڵیش، كه له ڕاستیدا ده‌بووایه له سه‌ره‌تادا باسمان كردبا، ئه‌و شته‌یه كه ده‌توانین پێی بڵێین “بیركردنه‌وه له كۆنتێكست”دا، واته له بری خۆ هه‌ڵواسین به كۆمه‌ڵێك كڵێشه‌ی به‌ناو پێشكه‌وتنخوازانه و ڕزگاریخوازانه به‌ڵام به‌كرده‌یی ئه‌بستراكت و عه‌قڵی باوئاسا و ژۆرنالیستی، له سیاقه كوردییه داهێزراوهكهدا مانا و لێكه‌وته‌كانیان ده‌پشكنێت. پێموایه ئه‌م “بیركردنه‌وه‌یه له كۆنتێكست”دا[5] هه‌ندێجار بۆ كه‌سانێك به‌دحاڵیبوون دروست ده‌كات. بۆ نموونه كه‌سانێك هه‌ن به شێوه‌یه‌كی ئه‌بستراكت بیر له پرسی ژن ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام كاتێك نووسه‌رێك، بۆ نموونه نووسه‌ری ئه‌م نامیلكانه، له سۆنگه‌ی “بیركردنه‌وه له كۆنتێكست”دا پرسه‌كه تاوتوێ ده‌كات، ئه‌م ڕه‌خنه‌گرانه ئه‌گه‌ر ڕه‌چاوی ئه‌م چه‌شنه هزرینه نه‌كه‌ن ئه‌وا وه‌ها نیشانی ده‌ده‌ن كه ئایدیا تهرحكراوهكه شتێكی دژهپێشكهوتن و بگره دژهژنیشه. به‌ڵام سه‌ره‌نجام بیركردنه‌وه‌ی حه‌قیقی نابێت له‌وه بسڵه‌مێته‌وه كه له كاتی خه‌باته ڕاست و ڕاستگۆیانهكهی بۆ ڕزگاری و ئازادی، ناو و ناتۆره‌ی دژه-ئازادی و دژه-ڕزگاری بدرێته پاڵ (ئه‌گه‌رچی پێموایه خاڵی ده‌ستپێكی ئه‌م پێنج نامیلكه‌یه ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ر ماركس ده‌یویست فه‌لسه‌فه و فه‌یله‌سوفان له لێكدانه‌وه‌ی جیهانه‌وه بپه‌ڕنه‌وه بۆ گۆڕینی جیهان، به‌ڵام وه‌ك سلاڤۆی ژیژه‌ك ده‌ڵێت له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌بێت تێزه‌كه‌ی ماركس ئاوه‌ژوو بكه‌ینه‌وه و بڵێین: فه‌یله‌سوفان تا ئێستا- له سه‌ده‌ی نۆزده و بیست- هه‌وڵی گۆڕینی جیهانیان داوه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئیدی پرسه‌كه لێكدانه‌وه و شرۆڤه‌كردن و لێتێگهیشتنێتی. ئه‌م پێنج تێكسته‌ش ئه‌م ئه‌ركه تیۆرییه ده‌خه‌نه سه‌رشانی خۆیان و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌م جیهانه تێبگه‌ن و شرۆڤه‌ی بكه‌ن- ئه‌مه‌ش ئه‌و ئه‌ركه‌یه كه زۆرجار به ناوی شۆڕشگه‌رایی و جه‌ختكردنه‌وه‌ی ناماقوڵ و ناواقیعی له‌سه‌ر “كرده”، یان به وته‌ی فه‌رهادپوور له‌سه‌ر “ئوستوره‌ی پراكسیس”، نادیدهگیرێت). ڕه‌چاونه‌كردنی سیاق ڕه‌نگه كڵێشه‌ی به‌ناو ڕزگاریخوازانه و پێشكه‌وتنخوازانه به‌رهه‌م بێنێت، به‌ڵام مه‌حكومن به‌وه‌ی هه‌ر له ئاستی كڵێشه‌یه‌كی ئه‌بستراكت و ناواقیعیدا بمێننه‌وه.
پەراوێزەکان:
[1]بڕوانه كورته وتاری “سۆفیی گۆشه‌ی چه‌مكه‌كان…”، له‌م لینكه‌وه، https://negativegroup.org/item.php?id=435
[2]كێشه‌ی واقیع و فه‌نتازیا، وهلیدعومهر، چاپی یه‌كه‌م 2021، زنجیره‌كتێبی ڕێكخراوی ئازادبوون، لا ١٠
[3]نووسه‌ر خۆی له جێیه‌كی تردا، به گه‌ڕانه‌وه بۆ تێزه‌كانی داریوش شایگان له‌باره‌ی “هاوكاتیی ئاسته‌كانی ئاگایی”ەوه پێیوایه دۆخی ئێمه‌ی كورد له جیهاندا جۆرێكه له “هاوكاتیی ناهاوكات”، خوێنه‌ر له‌میانه‌ی خوێدنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قانه‌دا ئاشنای دیوه جیاجیاكانی ئه‌م خودئاگاییه ڕۆشنبیرانه‌یه ده‌بێت.
[4]كێشه‌ی تاك، وه‌لید عومه‌ر، چاپی یه‌كه‌م 2021، زنجیره‌كتێبی ڕێكخراوی ئازادبوون، لا 199
[5]بیركردنه‌وه له كۆنێكستدا ده‌كرێت جۆرێك بێت له‌و “خێچ ڕوانین”ەی ژیژه‌كیش باسی ده‌كات.