ئایین و ئه‌نترۆپۆلۆژیا
سێكیولاریزم و كایه‌ی گشتی
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ته‌ڵال ئه‌سه‌د
ته‌ڵال ئه‌سه‌د تیۆریستێكی ئه‌نترۆپۆلۆژییه و به‌شداری گرنگ و به‌رچاوی هه‌یه له‌و توێژینه‌وانه‌دا كه تایبه‌تن به قۆناغی پۆست-كۆڵۆنیالیزم. له‌نێو زاناكاندا پتر له‌ژێر كاریگه‌ری كاره‌كانی كه‌سانی وه‌ك میشێل فوكۆ و بیریاری ئه‌مریكایی ئێدوارد سه‌عیده. ده‌قی ئه‌م گفتوگۆیه‌ی خواره‌وه زانكۆی چیسته‌ر له‌گه‌ڵیدا سازی كردووه و هه‌ر له ماڵپه‌ڕی زانكۆكه‌یش بڵاو كراوه‌ته‌وه:
– سه‌ره‌تا ده‌مانه‌وێت بزانین كه چۆن ده‌ڕوانیته ئه‌و گفتوگۆیه‌ی كه له ئێستادا، له‌نێوان ئایین و كایه‌ی گشتیدا له‌ئارادایه؟
ته‌ڵال ئه‌سه‌د: له ڕاستیدا زۆر به‌وردی به‌دواداچوونم بۆ ئه‌و گفتوگۆ ئه‌كادیمیانه نه‌كردووه كه تایبه‌تن به‌م به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ی نێوان ئایین و كایه‌ی گشتی. به‌ڵام ده‌توانم بڵێم قسه‌كردن (نه‌وه‌ك ئارگیومێنت) له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه ترسناكانه‌ی كه له پاریس ڕوویاندا په‌یوه‌ندییان به پرسیاره‌كه‌ی تۆوه هه‌یه و منیش به‌سروشتی خۆم بایه‌خی پێده‌ده‌م. ئاگادارم كه كه‌سانێك هه‌ن ده‌خوازن به شێوه‌یه‌كی زۆر كراوه‌تر بیر له ئایین و په‌یوه‌ندییه شیاوه‌كانی به سیاسه‌ت و سیاسه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بكرێته‌وه. زۆر جاریش لێیان پرسیوم: چۆن ده‌توانرێت ئه‌مه به ئه‌نترۆپۆلۆژیاوه ببه‌سترێته‌وه؟ ڕه‌نگه یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه زۆر كه‌س غافڵگیرانه ئاگاداری نه‌بن ئه‌وه بێت كه ئه‌نترۆپۆلۆژیا ئه‌و كاته زیاتر گه‌شه‌ی كرد و پڕ به‌رهه‌متر بوو كه توانی له ده‌ره‌وه‌ی كایه و پسپۆڕییه‌كانی خۆی ببێته خاوه‌نی ئایدیا و میتۆد و پرسیاری تازه. من دڵنیام كه تۆ كه‌سێكیت زۆر باش ئاگاداری مێژوویت. له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا یه‌كێك له گرنگترین بیریاره‌كانی تایبه‌ت به ئایین (ڕۆبه‌رتسۆن سمیس) كه پاشتر به تیۆره‌ی ئه‌نترۆپۆلۆژی بۆ ئایین ناو ده‌برا، دیدێكی به ڕاستی ته‌واو ئایینیانه‌ی هێنا بۆ ناو كایه‌ی ئه‌نترۆپۆلۆژیا. ده‌توانین به‌و پڕۆژه‌یه‌ی سمیس بڵێین كه جۆرێكه له دزه‌كردنی ئه‌نترۆپۆلۆژیا بۆ ناو لاهوت. پاشان ماركسیزم و فێمینیزم و بونیادگه‌ریی (لیڤی شتراوس به تایبه‌تی) و هتد، ده‌ركه‌وتن. ئه‌و له گرنگترینی ئه‌و ئهنترۆپۆلۆژیستانه بوو كه یان پشتگیریی ئایدیایه‌ك ده‌كه‌ن، یان جگه له ئه‌نترۆپۆلۆژیا تێڕوانینی كایه پسپۆڕییه‌كانی تریان قبوڵ بێت. خۆی ڕاستییه‌كه‌یش ئه‌وه‌بوو كه زانایانی ئه‌نترۆپۆلۆژی پێیان وایه كه كاری مه‌یدانی و كێڵگهئاسایی (تێبینیی بهشداركهرانه) زۆر زۆر گرنگه تا وامان لێ بكات زۆر به‌وردی بڕوانینه ئه‌و شتانه‌ی كه تایبه‌تی و تایبه‌تمه‌ندن، ئه‌مه جگه له كرانه‌وه به‌سه‌ر ئه‌و شته‌دا كه به‌رجه‌سته ده‌بێت وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی بایه‌خدار له ڕه‌وتی مێژوودا. مه‌به‌ستمه بڵێم كه مرۆڤ نابێت كاتێك كه ده‌چێته كێڵگه‌یه‌كه‌وه خۆی به‌و پرسیارانه بارگاوی كردبێت كه پێشوه‌خت فۆرمه‌له و دروست بوون، به‌ڵكوو ده‌بێت هان بدرێت گوێ له‌و ئاخاوتن و قسه‌كردنه بگرێت كه خه‌ڵكی و شوێن له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا ده‌یكه‌ن. ئا به‌و شێوه‌یه، هه‌ست ده‌كه‌م كه به‌شێك له‌و كێشه و مه‌سه‌لانه‌ی كه له‌هه‌موو مه‌سه‌له‌كانی تر جێی گرنگی پێدان بوون و له ئه‌نترۆپۆلۆژیای ئاییندا په‌ره‌یان سه‌ند، ئه‌وكاته ده‌ركه‌وتن كه ئاره‌زوویه‌ك هه‌بوو بۆ گه‌ڕان له‌دووی پرسیاری نوێ و باوه‌ڕنه‌بوون به گریمانه‌كانی پێشتر. به ڕای من بایهخدانیشم به سێكیولاریزم و ئایین به‌شێكه له‌م ڕاستییه، ڕاستی ئه‌وه‌ی كه سێكیولاریزم وه‌ك دۆگم و باوه‌ڕێكی سیاسی پشت به سیما و ڕووكه‌شێكی سێكیولارانه ده‌به‌ستێت: واته كۆی هه‌ستیارییه‌كان و ئه‌و هه‌ڵوێست و گریمانانه‌ی كه پێشتر لێیان نه‌كۆڵراوه‌ته‌وه، سه‌رباری هه‌ندێك شتی تریش.
توندوتیژی خۆی به‌شێك بووه له ئایین، وه‌ك چۆن له سه‌رده‌مانێكی كۆنه‌وه به‌شێكیس بووه له هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی مرۆڤ.
– باوه‌ڕم وایه كه به ئێستایشه‌وه، یه‌كێك له ڕێچكه‌كانی قسه‌كردن ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته و وروژاندنی بریتییه له وروژاندنی جۆرێك له پرسیار كه پێمان وایه ده‌بێت ئاڕاسته‌ی ئایین بكرێن. ڕه‌نگه ئه‌وه زیاتر بهسترابێتیشهوه به‌و ڕووداوانه‌وه كه له پاریس ڕوویاندا، پرسیاره‌ی له‌وه‌ی كه داخۆ ئه‌و تیرۆره په‌یوه‌ندیی به ئایینه‌وه هه‌یه یان نا.
ته‌ڵال ئه‌سه‌د: ئه‌وه‌ی كه له پاریس ڕوویدا، منی ته‌واو نیگه‌ران كرد و زۆریش كاری تێ كردم، به چه‌شنێك دۆشدامابووم كه هیچ سه‌رم له‌و كاردانه‌وانه نه‌سوڕما كه به‌دوای خۆیدا هێنای. گریمانه‌یه‌كی زۆر باو هه‌یه كه پێی وایه ئه‌وه‌ی كه له ئێستادا له هه‌موو شتێك گرنگتره ڕیفۆرمكردنی ترادیسیۆنی ئیسلامییه تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه ئاسانكاری و زه‌مینه‌سازی بۆ ڕه‌تكردنه‌وه و به‌رنگاربوونه‌وه‌ی جیهادیزم بكرێت. زۆر له‌وانه‌یشی كه بایه‌خ به بواری ئایین و توندوتیژی ده‌ده‌ن (واته ئایین له كایه‌ی گشتیدا)، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به پرسێكی چاره‌نووسساز ده‌بینن. دیاره هه‌مان ئه‌م بۆچوونه له لایه‌ن بڕێكی زۆر له موسوڵمانانیشه‌وه كۆپی ده‌كرێت و وێنه‌ی له‌به‌ر ده‌گیرێته‌وه. ده‌زانیت چی؟ یه‌كێك له ترسه‌كانی من دروستبوونی ئه‌و ئاره‌زووه بوو كه ده‌خوازێت له ئه‌نترۆپۆلۆژیادا پێناسه‌یه‌كی گه‌ردوونییانه بۆ ئایین به‌رهه‌م بهێنێت، هه‌روه‌ها ڕوانین له‌و شێوازه‌ی كه زمانی ئایینی (به ئایین خۆیشیه‌وه) له دۆخه جیاوازه‌كاندا و بۆ مه‌به‌ستی جیاواز پێ به‌كار ده‌برێت، جا ئه‌و دۆخانه سیاسی بن یا ڕۆحی یان هه‌ر شتێكی تر. هه‌ر بۆیه من له‌و گریمانه‌یه تێناگه‌م كه ده‌ڵێت: ئێمه زۆرباش ده‌زانین كه له ترادیسیۆنی ئایینێكی دیاریكراودا هه‌ڵه‌كان كامانه‌ن و ده‌بێت سه‌ره‌تا له لایه‌ن خودی باوه‌ڕدارانی ئه‌و ئایینه‌وه چاك بكرێنه‌وه. من كۆكم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه له‌ناو هه‌ر ترادیسیۆنێكی جێگیری ئایینی‌دا به‌رده‌وام پێویستمان به بیركردنه‌وه‌یه‌كی داهێنه‌رانه هه‌یه تاوه‌كو بتوانین له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كاندا بیگونجێنین، به‌ڵام باوه‌ڕم وا نییه كه ئه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به تێگه‌یشتن له ڕووداوه‌كانی پاریسه‌وه یان ئه‌و دڕنده‌ییه‌وه هه‌بێت كه ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئه‌نجامیان ده‌دات. من پێم وایه سه‌رلێتێكچوون و جۆرێكه له خۆشباوه‌ڕی كه پێت وا بێت ڕیفۆرمكردنی لاهوتیانه‌ی ئایینێك كه لانیكه‌م گه‌ر وه‌ك ناویش بێت، ملیارێك كه‌س باوه‌ڕداریه‌تی، بتوانێت خواست و ویستی ئه‌و گه‌نجانه بوه‌ستێنێت كه ده‌یانه‌وێت كوشتار بكه‌ن. به‌لای منه‌وه ئه‌مه هه‌ر زۆر شتێكی بێمانایه. پاشان خۆت ده‌زانیت كه لێره‌وله‌وێ له خه‌ڵك ده‌بیستین كه ده‌ڵێن (له‌ناو ئاییندا توندوتیژی جێی نابێته‌وه). به‌ڵام با بزانین ئه‌مه مانای چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ توندوتیژی خۆی به‌شێك بووه له ئایین، وه‌ك چۆن له سه‌رده‌مانێكی كۆنه‌وه به‌شێكیس بووه له هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی مرۆڤ. مرۆڤ بۆی نییه و ناتوانێت خێرا و به‌په‌له ئه‌وه‌مان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت كه كرۆكی توندوتیژی له ئاییندا خۆی نمایش ده‌كات یان نایكات. سه‌باره‌ت به‌و ڕهشهكوژییهیشهوه كه له پاریس ڕوویدا، خه‌ڵكی پێویستیان به‌وه‌یه له خۆیان بپرسن كه بۆچی له ئێستادا ئه‌و چه‌شنه ڕه‌فتاره بڵاو ده‌بێته‌وه، له كاتێكدا نزیكه‌ی ١٥٠٠ ساڵ به‌سه‌ر نه‌ریته ئیسلامیه‌كاندا تێپه‌ڕیوه و چه‌ندین ڕیفۆرم و پارچه‌پارچه بوون و تێهه‌ڵچوونه‌وه و زۆر جاریش كشانه‌وه له كایه‌ی گشتی (دیاره ده‌زانم كه لێره‌دا چه‌مكی كایه‌ی گشتی به شێوه‌یه‌كی ناڕێك به‌كار ده‌هێنم) ڕوویانداوه، كه‌چی ئه‌م دیارده جیهادییه مۆدێرنه شتێكی تازه‌یه، بۆ؟ ئێمه له جیهانێكدا ده‌ژین كه چه‌ندین شێوه له توندوتیژی هه‌ن و یه‌كتری به‌هێز و به‌خێو ده‌كه‌ن، وه‌ك چۆن گفتوگۆیه‌كی زۆریش هه‌یه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه له كایه‌ی گشتیدا چی ڕێپێدراوه و چی قه‌ده‌غه‌كراو.
به ڕای من تا ئێستا ئێمه هیچی وامان ده‌رباره‌ی زمانی ئایینی نه‌كردووه
– ئایا له سه‌ده‌ی بیستویه‌كدا په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌ت هه‌یه كه له‌نێوان ئایین و كایه‌ی گشتیدا گه‌شه بكات كه ئێمه له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و بیسته‌مدا ئاگاداری نه‌بووبین یا خه‌یاڵمان بۆی نه‌چووبێت، په‌یوه‌ندییه‌ك كه به ڕای من یه‌كێك له شێوه‌كانی ده‌ربڕینه‌كان لێی بریتییه له چه‌مكی ((پۆست سێكیولار))؟ ئێمه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان چووینه‌ته قۆناغی پۆست سێكیولاریزمه‌وه، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی كه كه‌سانی وه‌ك یورگن هابه‌رماس به‌كاری ده‌هێنن و گه‌شه‌ی پێ ده‌ده‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه له ئێستایشدا ئه‌م چه‌مكه زۆر به‌ربڵاوه، ده‌پرسم كه ئایا به ڕای تۆ چه‌مكی پۆست سێكیولاریزم شتێكی باشه بۆ باسكردن و شیكاركردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه له ئێستادا له‌نێوان ئایین و كایه‌ی گشتیدا هه‌یه؟
ته‌ڵال ئه‌سه‌د: به‌ڵێ و نه‌خێریش. مه‌به‌ستم له‌وه‌یه كه هه‌تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه ئه‌م چه‌مكه گومان له گریمانه پێشوه‌خته‌كان بكات، شتێكی باشه. بێگومان شتێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر و مژدهبهخشانهیشه كه كه‌سێكی وه‌ك هابه‌رماس ده‌بینیت چه‌ندین ساڵه قسه له‌سه‌ر ئه‌م بیرۆكه‌یه ده‌كات، بیر له‌وه ده‌كاته‌وه هه‌ندێك ڕێچكه بدۆزێته‌وه كه ده‌كرێت له ڕێگه‌یانه‌وه قبوڵی ئه‌و شته بكرێت كه كایه‌ی گشتی وه‌ك ئایینی بیری لێ ده‌كاته‌وه و ناوی ده‌نێت. به بڕوای من ئه‌مه شتێكی باشه، به‌ڵام پێویستمان به‌وه‌یه كه ڕه‌خنه‌ییانه بیر له خودی چه‌مكی سێكیولاریزم بكه‌ینه‌وه و پێمان وا نه‌بێت كه بۆ هه‌تاهه‌تایه ده‌ستنیشان و دیاریكراوه و بڕاوه‌ته‌وه. ئه‌و كاته‌ی كه ده‌توانین بڵێین ده‌زانین واتای سێكیولاریزم چییه و چی بووه، ده‌زانین كاریگه‌ری و ئه‌و گریمانانه چین كه ئاماژه‌یان بۆ ده‌كات، ئه‌و كات ده‌توانین بڵێین له دۆخێكداین كه ده‌كرێت به هه‌ڵوێستێكی پۆست سێكیولار ناوی ببه‌ین. من له‌وه دڵنیا نیم كه ئه‌م كاره به شێوه‌یه‌كی گونجاو ئه‌نجام درابێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه توێژینه‌وه‌یه‌كی میتۆدییانهیشمان كردووه سه‌باره‌ت به نیشته‌جێبوون یا كه‌وتنه‌ناو (كایه‌ی گشتی)یه‌وه، ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه بۆچی مرۆڤ هه‌ست به په‌شۆكان و دڵه‌ڕاوكێ ده‌كات كاتێك هه‌ست ده‌كات كه‌سێكی جیاوازتر له خۆی له‌ناویدا نیشته‌جێیه. به ڕای من وروژاندنی هه‌ندێك پرسیار هه‌میشه ده‌بنه مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه گومانی ئاكارییانهت لێ بكرێت. كه من بیر له‌وه ده‌كه‌مه‌وه به‌پێی پرەنسیپه‌كانی لیبرالیزم ڕه‌خنه بكه‌م و پرسیار بوروژێنم، ئایا ئه‌مه مانای وا نییه كه ده‌بێت مرۆڤ ئازادانه قسه بكات، سه‌ربه‌ستانه ڕه‌خنه له ئایدیا گشتییه‌كان بگرێت و به ده‌نگی به‌رز بڵێت كه هیچ پرسیارێك نییه تابو یا یاساغ بێت؟ بۆ نموونه مه‌به‌ست له‌وه چییه كه كاتێك هابه‌رماس ده‌ڵێت ئایین ڕۆڵێكی شه‌رعی له كایه‌ی گشتیی مۆدێرندا ده‌گێڕێت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه باوه‌ڕداران بتوانن بیروبۆچوونه‌كانیان وه‌ربگێڕن بۆ زمانێكی ڕوون و بێ گرێوگۆڵ تا ئه‌وانه‌ی كه بڕوادار نین، لێی تێبگه‌ن؟ ڕه‌نگه ئه‌مه شتێكی ڕاشناڵ و ماقوڵ بێت، به‌ڵام ئایا ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماقوڵ بوون ئه‌و شته‌یه كه سێكیولاره‌كان به ماقوڵی ده‌زانن، له كاتێكدا ئه‌وانه‌ی بڕوادار نین هیچ گرنگ نییه كه به‌لایانه‌وه ماقوڵه یا قسه‌ی پووچ و بێبنه‌ما؟ ئه‌ی ئایا پێویسته ئه‌وانه‌یشی كه بڕوایان به ئایین نییه، بۆچوون و ئایدیاكانیان وه‌ربگێڕن بۆ زمانێك كه باوه‌ڕداران له كایه‌ی گشتیدا لێی تێبگه‌ن؟ ئه‌ی چی ڕووده‌دات كاتێك باوه‌ڕداره‌كان هه‌ست بكه‌ن ئایدیاكانیان شێوێندراوه یا ناكرێت به زمانێكی سێكیولارانه، به‌باشی و گونجاوی گوزارشتیان لێ بكرێت؟ ئایا له دۆخگه‌لێكی له‌م چهشنانهدا هه‌ر دوو زمانی ئایینی و زمانی سێكیولار یه‌ك ده‌رفه‌ت و مافی یه‌كسانیان هه‌یه بۆ گه‌یشتن به كایه‌ی گشتی؟ به بڕوای من به‌ر له‌وه‌ی باس له‌وه بكه‌ین كه پۆست سێكیولاریزم باشه یا نا، چه‌نده‌ها پرسیاری دیكه هه‌ن كه ده‌بێت ده‌رباره‌ی ئایین و ڕۆڵی له كایه‌ی گشتیدا بوروژێنرێن.
– زۆر نه‌رمونیان فشارت بۆ ده‌هێنم و ده‌پرسم: به ڕای تۆ ده‌بێت له ئێستادا چ پرسیارێك له ئایین بكه‌ین، ئه‌ی چ پرسیارێك نه‌كه‌ین؟
ته‌ڵال ئه‌سه‌د: من تۆزێك ڕه‌وتی دیالۆگه‌كه ده‌گۆڕم و ده‌ڵێم: ده‌توانین بڕوانینه ئه‌و شێوازه‌ی كه زمانی پێ به‌كار ده‌هێنرێت، سه‌یری ئه‌و گوزاره و ده‌سته‌واژه بهكاربراوانه بكه‌ین كه مرۆڤ بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌وه‌ی كه ئایینی یا ئایینی نییه، به‌كاریان ده‌بات. خۆی ئه‌مه سه‌رچاوه‌ی دڵه‌ڕاوكێی ئه‌نترۆپۆلۆژیایه له‌و ڕووه‌وه كه تایبه‌ته به ئایین. به ڕای من تا ئێستا ئێمه هیچی وامان ده‌رباره‌ی زمانی ئایینی نه‌كردووه، دیاره مه‌به‌ستم له‌و زمانه بهكارهێنراوهیشه كه ته‌نانه‌ت له هۆشیاریی چالاكییه ئایینیه‌كانیشدا به‌كار دێت. من زۆر سه‌رسام بووم به كه‌سێكی وه‌ك ‘وێلفرد كانتوڵ سمس’ (چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ریش وتارێكم له‌سه‌ری نووسیوه و ده‌توانیت بیخوێنیته‌وه). له‌و كۆتاییانه‌دا جارێكی تر بیرم لێكرده‌وه. وێلفرد ئاگاداری ئه‌وه بوو كه مرۆڤ ئایین به گه‌ردوون و به شت ده‌كات، به‌و مانایه‌ی كه ده‌یكات به كرۆك و سیفه‌ته‌كانی كرۆك و جه‌وهه‌ریان پێده‌به‌خشێت. به ڕای من ئه‌مه زۆر گرنگه. من ده‌خوازم نه‌ك به ته‌نها له به‌شتبوونی ئایین بكۆڵینه‌وه، به‌ڵكوو له‌وه‌ی كه چۆن ده‌كرێت ئه‌و زمانه بگۆڕین كه به‌كاری ده‌هێنین، چۆن ئه‌و ڕێچكه‌یه بگۆڕین كه به هۆیه‌وه بیر له‌و شته ده‌كه‌ینه‌وه و پراكتیكی ده‌كه‌ین كه پێی ده‌ڵێین ئایین.
دیاره گفتوگۆ زۆرن ده‌رباره‌ی كۆتاییه‌كانی ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی، به‌ڵام به ڕای من ئه‌مه تا ڕاده‌یه‌ك مایه‌ی په‌شۆكان و دڵه‌ڕاوكێیه
– به بڕوای من ئه‌مه زۆر زۆر گرنگه. ئێمه باسمان له سه‌رله‌نوێ خهیاڵاندنهوهی ئایین و دۆگم له سیاسه‌ت و پراكسیسی گشتیدا كرد. ئاشكرایشه كه سیاسه‌تی گشتی یه‌كێكه له كایه‌كانی ئه‌و توێژینه‌وه و به‌شداریكردنه‌ی كه ئایین ده‌كات بهشت و دهیكرۆكێنێت. ئه‌و ده‌خوازێت هه‌موو شتێك بكرۆكێنێت و بهشت بكات چونكه پێویستی به وه‌ڵامی ساده و ساكاره بۆ كۆمه‌ڵێك گرفتی زۆر ئاڵۆز. خۆی یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌یش بریتییه له نیشاندان و پێشكه‌شكردنی تێگه‌یشتنێكی زۆر وردتر بۆ ئایین له سه‌ده‌ی بیستویه‌كدا، هه‌روه‌ها بۆ خه‌ڵكانێكیش كه كاره سه‌ره‌كییه‌كه‌یان بریتییه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاییندا به شێوه‌یه‌كی دیموكراتی لیبراڵییانه. هه‌ر بۆیه ده‌پرسم كه ئایا به ڕای تۆ له ده ساڵی ئایینده‌دا ڕه‌وتی ئه‌م گفتوگۆیانه به‌چی ده‌گات؟ هه‌ستی تۆ به‌رامبه‌ر به ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌م گفتوگۆیانه چییه؟
ته‌ڵال ئه‌سه‌د: باشه. جارێ با سه‌ره‌تا ئه‌وه بزانین كه هیوا بۆ ڕوودانی شتێك ته‌واو جیاوازه له‌وه‌ی كه بزانیت له ئاینده‌دا چی ڕووده‌دات. یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه زۆر به‌تایبه‌تی مرۆ هیوای بۆ بخوازێت بریتییه له بیركردنه‌وه له ئه‌و ترادیسیۆنه ئایینیه جیاوازانه‌ی كه جیهانی مۆدێرنیان دروست كردووه، هاوكات ئه‌و ترادیسیۆنانهیشی كه جیهانی مۆدێرن قه‌دەغە و تابویان كردووه. ئه‌مه ده‌توانین هه‌ندێك شێواز بدۆزینه‌وه كه به هۆیانه‌وه بڵێین ئه‌م چه‌شنه ترادیسیۆنانه لۆژیكین و ده‌كرێت له‌گه‌ڵیاندا هه‌ڵ بكه‌ین، دیاره مه‌به‌ستم له‌وه نییه كه بڵێم بێخه‌م له‌گه‌ڵیاندا بژین، به‌ڵكوو مه‌به‌ستم له‌وه‌یه كه ده‌توانین له بهربهرهكانێدا بین له‌گه‌ڵ یه‌كتری، به‌بێ توندوتیژی، توندوتیژی ده‌وڵه‌ت، ئه‌مه سه‌رباری توندوتیژی تاكه‌كه‌س و گروپه چه‌ته‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له‌مڕۆدا ده‌یانبینین. دیاره من نازانم ئه‌مه ڕووده‌دات یان نا. ئێمه ڕۆژانه زۆر له‌باره‌ی كهمیینهی ئایینییه‌وه ده‌بیستین، جا له‌سه‌ر ئاستی سیاسه‌تی كرده‌گی و پراكتیكیانه بێت (بۆ نمونه ئه‌وه‌ی كه موسوڵمانه‌كان چۆن ده‌توانن له ئه‌مریكا و ئه‌وروپا واز له توندڕه‌وی بهێنن؟)، هه‌روه‌ها گوتاری تیۆرییش (چۆن له ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی لیبراڵدا كه‌مینه‌یه‌كی ئایینی ده‌توانێت بێته ناو كایه‌ی گشتییه‌وه؟). بێ دوودڵی، ئه‌مه ڕووبه‌رێكه كه ده‌بێت لێی ڕابمێنین و تیایدا پرسیار بكه‌ین، هه‌موو ئومێدیشمان وروژاندنی ئه‌و پرسیارانه‌یه. ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌یشی كه ئه‌م مشت‌ومڕ و گفتوگۆیانه به چی ده‌گه‌ن، گه‌ر ڕژدانه و به‌جیدی وه‌رگیران، كاره سه‌ره‌كییه‌كه‌یان بریتییه له پرسیارگه‌لێكی كرۆكئاسا و جه‌وهه‌ری ده‌رباره‌ی ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی خاوه‌ن سه‌روه‌ری كه ته‌واو بێده‌سه‌ڵاته و له‌سه‌ر ئاستی بونیادی، كه‌متوانایه له‌وه‌ی كه یه‌كسانانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كه‌مینه‌ی ئایینی یا هه‌ر جۆره كهمیینهیهكی تردا بكات. دیاره گفتوگۆ زۆرن ده‌رباره‌ی كۆتاییه‌كانی ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن سه‌روه‌ریی، به‌ڵام به ڕای من ئه‌مه تا ڕاده‌یه‌ك مایه‌ی په‌شۆكان و دڵه‌ڕاوكێیه: چونكه ده‌وڵه‌ته به‌هێزه‌كان سوور ده‌بن له‌سه‌ر سه‌روه‌ریی خۆیان، له كاتێكدا ده‌وڵه‌ته لاوازه‌كان ناتوانن ئه‌مه بكه‌ن. بزووتنه‌وه ئابوورییه ڕاسته‌قینه‌كان سنووره نیشتمانییه‌كان تێده‌په‌ڕێنن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه دهیانبزونت ئه‌و بیرۆكه‌یه‌یه كه ده‌ڵێت: ره‌نگه له وڵاتێكدا قازانجی زیاتریان ده‌ست بكه‌وێت به‌راورد به وڵاتێكی تر. بیرمان نه‌چێت كه ئایین ڕۆڵێكی گرنگ و سه‌ره‌كی بینیوه له بونیادنانی ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیستی مۆدێرندا، له هه‌ریه‌كه له ئه‌وروپا و ئه‌مریكایشدا، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه ئایا ئایین ده‌توانێت ئه‌و گرفتانه تێبپه‌ڕێنێت كه زاده و هه‌ڵقوڵاوی ده‌وڵه‌تی ناسیۆنالیستین؟ ئێمه ده‌بێت ڕێگه‌یه‌ك بدۆزینه‌وه كه به هۆیه‌وه ئه‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه وامان لێبكات ڕووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و كێشانه ببینه‌وه كه له ئێستادا هه‌مووان ده‌ركی پێده‌كه‌ن. من خۆم ڕه‌شبینم به‌رامبه‌ر به هه‌موو ئه‌و شتانه، جا مه‌سه‌له‌كه گۆڕانی كه‌شوهه‌وا بێت، كه‌ڵه‌كه‌بوونی چه‌كی ئه‌تۆمی و وزه‌ی ئه‌تۆمی بێت، سیستمی دارایی و سامانی جیهانی بێت كه چیتر كۆنترۆڵ ناكرێت یا زیادبوونی هه‌ژاری و چه‌وساندنه‌وه‌و توندوتیژی. ئایا ترادیسیۆنه ئایینییه‌كان و ئه‌و زمانه‌ی كه خه‌ڵكانێكی جیاواز به شێوازی جیاواز له‌و میرات و ترادیسیۆنه بۆیان ماوه‌ته‌وه، ده‌توانن به شێوه‌یه‌كی ڕۆشنگه‌رانه كۆمه‌كمان بكه‌ن تا بتوانین ئه‌و ناكۆكیانه چاره‌سه‌ر بكه‌ین و یه‌كتری قبوڵ بكه‌ین؟ هه‌ر بۆیه وه‌ك وتم، من نازانم كه ئاڕاسته‌ی ئه‌و گفتوگۆیانه به‌ره‌و چی و كوێ ده‌جن، به‌ڵام ئومێده‌وارم هه‌ڵگری پرسیارگه‌لێك بن ده‌رباره‌ی هه‌ردوو سێكیولار و ئایینییش، پێكه‌وه.
ئێمه پێویستمان به گۆڕینی هه‌ڵوێسته‌كانه، هه‌م هه‌ڵوێستی قوربانییه‌كان و هه‌م هه‌ڵوێستی تاوانباره‌كانیش، به گه‌وره و بچووكیانه‌وه
– هیچ بۆچوونێكت هه‌یه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه به‌ربه‌سته سه‌ره‌كییه‌كانی ناو ئه‌وم گفتوگۆیانه‌ی ئێستا چین و چ شتێك پێویستی به گۆڕانكارییه؟
ته‌ڵال ئه‌سه‌د: جارێكی تر ده‌یڵێمه‌وه، ئێمه پێویستمان به گۆڕینی هه‌ڵوێسته‌كانه، هه‌م هه‌ڵوێستی قوربانییه‌كان و هه‌م هه‌ڵوێستی تاوانباره‌كانیش، به گه‌وره و بچووكیانه‌وه، هه‌روه‌ها گۆڕینی ئه‌و هه‌سته‌ی كه گوایه ئێمه خاوه‌ن وه‌ڵامی ڕه‌هاین. ئێمه ده‌زانین كه پێویسته چی بكه‌ین، ده‌یشزانین كه جۆرێك له پێكه‌وه گونجان و یه‌كاڵاكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانمان ده‌وێت، به‌ڵام چۆن به‌وه بگه‌ین؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه لێره‌دا شكستمان پێده‌هێنێت كاركردنه كردهگییهكانه له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی واقیع.
– ده‌سته‌واژه‌یه‌ك هه‌یه كه خه‌ڵكی زیاتر هۆشیارن پێی، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئایدیای ڕۆشنگهریهكی نوێ وا ده‌كات كه‌متر بڕوا به خودا بكرێت له‌نێوان قوربانییه‌كی فووتێكراو و نێوانی بیرۆكه‌یه‌كی ناقۆڵای فووتێكراویشدا كه تیایدا ئه‌پیستیمه تایبه‌ته‌كان به ئێمه، باڵاترن له ئهپیستیمهكانی هه‌ر كه‌سێكی تر. هه‌ر بۆیه ڕام وایه كه ڕێگه‌یه‌كی تر هه‌یه بۆ سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه و پاراستنی ڕه‌گه‌زه پێشكه‌وتنخوازه‌كانی ڕۆشنگه‌ری، به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر ئاستی واقیع بریتییه له‌سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه چۆن له‌و ئاست و چه‌شنه جیاوازانه‌ی زانین تێبگه‌ین و پێگه‌یه‌كی یه‌كسانیان پێ ببه‌خشین له‌جیاتی ئه‌وه‌ی بایه‌خ به یه‌كێكیان بده‌ین و ئه‌وی تریان فه‌رامۆش بكه‌ین. ده‌پرسم كه ئایا شتێك هه‌یه حه‌ز بكه‌یت له‌م باره‌یه‌وه زیادی بكه‌یت، شتێك كه هه‌ست بكه‌یت تا ئێستا هه‌لت بۆ نه‌ڕه‌خساوه بیڵێیت؟
ته‌ڵال ئه‌سه‌د: زۆر به‌سانایی ده‌مه‌وێت دیسان باسی ئه‌و ئارگیومێنتانه بكه‌مه‌وه كه زۆر به‌تایبه‌تی، فوكۆ باسیان ده‌كات. زۆر له‌و شتانه‌ی كه فوكۆ باسیان ده‌كات به‌و مانایه دێن كه گرنگ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی جیاوازه له پڕۆژه‌ی ئازادی‌دا. دیاره ئه‌مه هه‌روا مه‌سه‌له‌یه‌كی ئاسان نییه، چونكه به‌لای فوكۆوه ڕۆشنگه‌ری گرنگ بوو، به‌ڵام پێیشی وا بوو كه ده‌بێت وریابین له‌و شته‌ی كه ناوی داڕنكردن و ڕووتاندنه‌وه‌ی ڕۆشنگه‌رییه. هه‌ر بۆیه بۆ ئێمه زۆر گرنگ ده‌بێت بیر له‌و ڕێگه جیاوازانه بكه‌ینه‌وه كه ده‌شیا ڕۆشنگه‌ری بیانگرێته‌به‌ر. چونكه به‌ته‌نیا ئه‌وه به‌س نییه كه بیر له‌و شێوه جیاوازانه‌ی ڕۆشنگه‌ری بكه‌ینه‌وه(سێكیولار و ئایینی) كه له ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ڕوویاندا. ده‌شێت مرۆڤ قبوڵیان بكات یا ڕه‌خنه‌ییانه بیریان لێبكاته‌وه. به‌ڕاستی نازانم، زۆر ڕه‌شبینم به‌رامبه‌ر به چاره‌نووسی هه‌موومان. من هه‌ست ده‌كه‌م له دۆخێكی چه‌قبه‌سته‌دا ده‌ژین كه زۆر له خه‌ڵكی نازانن هه‌ڵه‌ی ئه‌و ته‌ڵه‌زگه‌یه چییه كه تیایداین، به‌ڵام مه‌حاڵیشه ببینین كه مرۆ چۆن لێی ده‌ربازی ده‌بێت. ئا لێره‌وه‌یه كه من باوه‌ڕم وایه كه سه‌رباری بیركردنه‌وه و ئاخاوتن و نووسین له‌باره‌ی ئایین و سیاسه‌ته‌وه، ده‌رباره‌ی ئایین و كایه‌ی گشتی، ده‌بێت بیر له پیاده‌كردن و پراكسیسهكانیش بكه‌ینه‌وه. ئێمه بیر له‌و شته ده‌كه‌ینه‌وه كه پێی ده‌وترێت ((توانای باوه‌ڕپێهێنان)): توانای باوه‌ڕهێنان به ڕاستیه‌ك له‌و كاته‌دا كه ده‌ركی پێ ده‌كه‌ین. ئێ ئه‌مه‌یش خۆی چه‌ق و سه‌نته‌ری ئه‌زموونی ئایینی، گۆڕانی ئایینی و ته‌نانه‌ت سیاسه‌تی چالاك و كارایشه. ئا لێره‌یشه‌وه‌یه كه ئه‌م پرسیاره خۆی قووت ده‌كاته‌وه: چۆن ڕه‌فتار بكه‌ین تاوه‌كو به‌ره‌و پێشه‌وه بچین به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆمان و ڕه‌گه‌زه‌كانی تریش وێران بكه‌ین؟ چۆن وا بكه‌ین؟
– پێم وایه تاكه ئومێدمان ئه‌وه‌یه كه من باوه‌ڕم وایه سه‌ده‌ی بیستویه‌ك ته‌واو جیاوازتره له‌و وێنه‌یه‌ی كه لێی چاوه‌ڕوان ده‌كرا. دانپیانانێكی زۆر هه‌یه به‌وه‌ی كه ئێمه خاوه‌ن ئه‌و تفاق و ئامرازه كۆنسێپتواله نین كه به‌شێكی زۆریمان له‌هه‌ر دوو سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و بیسته‌مه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه. چیدی ئه‌و ئامرازانهوهك چه‌مك به كه‌ڵكی ئامانجه‌كه‌ی ئێمه نایه‌ن كه هه‌وڵدانه بۆ شیكاركردنی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و شته‌ی كه پیتهبێرگه ناوی ده‌نێت (ئایینی تووڕه) و هه‌موو ئه‌و گریمانانهیشی كه له سه‌رده‌می رۆشنگه‌ریدا تاقیكرانه‌وه. به‌ڵام له‌وانه‌یش گرنگتر بریتییه له‌و شته‌ی كه تۆ باست كرد، ئه‌وه‌ی كه چۆن ڕه‌فتار بكه‌ین تاوه‌كو نه‌هێڵین خۆمان وێران بكه‌ین؟ ڕه‌نگه وه‌ڵامه‌كانی ئه‌م پرسیارانه زیاتر له ڕێككردنهوه و خستنه بهرباسیاندا بێت نه‌وه‌ك بیركردنه‌وه لێیان، وه‌كچۆن ده‌شێت ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ئهپستیمییش بێت له سه‌ره‌تادا، به‌ڵام كۆده‌نگییه تازه كه په‌یوه‌سته به‌وه‌ی كه: ئێمه نازانین وه‌ڵامه‌كان چین، به‌ڵام به‌ر له‌هه‌ر شتێك ئه‌ركێكی ئاكاریمان له‌سه‌ره كه زانستییانه(هاوكات ئه‌زموونگه‌رانه) بین و بزانین ئه‌وه‌ی كه ده‌یكه‌ین چییه. من وای ده‌بینم زۆربه‌ی خه‌ڵكی پێیان وا بێت كه كارێكی وا پێویستی به‌خۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌یه له‌و ئایدیۆلۆژی و چه‌مكانه‌ی كه سنوورمان بۆ داده‌نێن و هاوكاتیش متمانه‌ی كاركردنمان شانبه‌شانی ئه‌وانی تر، پێ ده‌به‌خشن. هه‌ر بۆیه به ڕای من بزووتنه‌وه‌یه‌كی دژ هه‌یه وه‌ك بیركردنه‌وه و سیاسه‌ت، به تێكشكاندنی هه‌موو ئه‌و قه‌واره چه‌قبه‌ستووانه‌ی زانینیش كه تا ئێستا هه‌مانن، ده‌توانین ئاسۆ و ڕووبه‌ری نوێ بدۆزینه‌وه تا ڕێخۆشكه‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه‌مان به‌پێی شێوازی خۆی كار بكات. به‌ڵام گومانی تێدا نییه كه ئه‌مه كار و ئه‌ركێكی زۆر سه‌خته و دژوار.
ته‌ڵال ئه‌سه‌د: وه‌ك خۆت ده‌ڵێیت، به ڕێگه‌ی جیاواز، چونكه وه‌ك خۆت ده‌زانیت به‌درێژایی چه‌ندین سه‌ده ئه‌م گهمهیهههبووه: گه‌مه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و توندوتیژی، ئێ ئێستایش هه‌ر وه‌كو خۆیه‌تی.
– هه‌ر بۆیه ده‌كرێت بڵێین كه له‌ناو خودی مرۆڤدا شتێكی نادیار و میتافیزیكی له فۆرمی په‌تایه‌كدا هه‌یه كه وایان لێ ده‌كات هه‌رگیز له مێژووه‌وه فێر نه‌بن.
ته‌ڵال ئه‌سه‌د: ژنه‌كه‌م ده‌ڵێت: مرۆڤه‌كان هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌شه‌كردن و په‌ره‌سه‌ندنن!