بەسەنتەرکردنی تاک، چۆن بوونی خۆمان بدۆزینەوە؟


بەو پێیەی تاک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و بوونی بەستراوە بە بوونی ئەوانی ترەوە، بۆیە کارێکی نەکردە نییە گەر بڕوامان وابێت تاک دەتوانێت دوور لە کۆمەڵگا بژێت، ئەمەش وا دەکات بوونێکی جیهانیانەی پێ ببەخشێت، بوونێک کە پەیوەندییەکی پتەوی بە جیهانی مادی و مەعنەوییەوە هەیە، وەک پەیوەندی لەگەڵ سروشت و گەردوون، ئەستێرەکان و نیشتمان، لەگەڵ هەموو ئەو کەلوپەلانەی کە خاسیەت و تایبەتمەندێتیی ورووژاندنی تێدایە، وەک داهێنان و بیرکردنەوە و ئامێرەکان و دامەزراوە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان.

تابلۆی ڕینە ماگریت(١٨٩٨-١٩٦٧) هونەرمەندی بەلژیکی

ئایا مامەڵەی تاکەکان هەمان مامەڵەی سروشتە؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ژان پۆل سارتەر لە کتێبی “بوونگەرایی ڕێبازێکی مرۆڤانەیە” دەڵێت: ‘هەموو دیاردەکانی نێو ئەم جیهانە بۆ مرۆڤ دەبنە بابەت، چونکێ مرۆ دەتوانێت بە ویست و سەربەستانە مامەڵە لەگەڵ دیاردەکان و کەلوپەلەکانی دەوروبەری خۆی بکات، بۆ نموونە: قەنەفە کە شوێنی دانیشتن و پشوودانە، مرۆ دەتوانێت لە یەک کاتدا لە سەری دابنیشێت یان بیسووتێنێت یان بیشکێنێت، مرۆڤ ئازادە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بەڵام ئەمە بۆ مرۆڤێک پێچەوانەیە، چونکە مرۆڤ بۆ مرۆڤ نابێتە کاڵا و بابەت بەو پێیەی مرۆڤ خوودانی هۆشیاری و هەست و ئاگایییە، چونکە لە حاڵەتی بە کاڵا سەیرکردنی هاوڕێ یان هاوسەر ئەگەری بەریەککەوتن و توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوون درزکەوتنە نێو پەیوەندییەکان و دووریش نییە ئازاری جەستەیی لێ بکەوێتەوە.”
بە یاریدەی ئەم تێڕوانینەی سارتەر، ئەگەر بمانەوێت خوێندنەوەیەکی پراگماتی بۆ سایکۆلۆجیا و بیرکردنەوەی تاکی کوردی بکەین، دەبێت پۆڵینیان بکەین بە سەر دوو جۆردا:
جۆری یەکەم: تاکی ونبوو یان خامۆش: وەک مارتن هایدیگەر فەیلەسووفی ئەڵمانی و یەکێک لە ڕابەرانی قوتابخانەی بوونگەرایی بە بوونی ناڕەسەن وێنای دەکەن، ئەوانەن کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی کەسانی ترەوە و خاوەنی هیچ بیرکردنەوەیەکی ئازادانە و سەربەستانە نین، تواونەتەوە لەناو کەسانی دەورووبەر و کۆمەڵگادا، پاپەندن بە کولتوورو نەریتەکان و هەموو ڕێسا کۆمەڵایەتییەکانەوە، لەبریی ئەوەی خۆیان بیر بۆ خۆیان بکەنەوە، بەپێچەوانەوە کەسانی تر بیریان بۆ دەکەنەوە و خاوەنی هیچ هەڵبژاردنێک نین، ئازاد و سەربەست نین، دەبنە بابەت بۆ کەسانی تر و وەک کاڵا و کۆیلە مامەڵەیان پێوە دەکرێت. لەبریی ئەوەی ببنە ئامانج بەپێچەوانەوە دەبنە ئامراز، دەبنە پڕۆژەی جڤاک، ئەم جۆرە بوونە بەردەوام میزاجییە و هەر جارەی لەسەر هەوەسێکن و ناتوانن ببنە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی نەگۆڕ و جێگیر بەردەوام کەسێکی ڕاڕا و دوودڵ، دڕدۆنگ و نیگەرانن، مرۆڤانێکن کاریگەریی مێژوویان لەسەرە، هێشتا لەناو ڕەوڕەوی مێژوودان ناتوانن بێنە دەرەوە لە مێژوو، بەڵکوو مێژوو ئایندە و داهاتووشیان قۆرخ کراوە، بەمەش دەتوانین بڵێین مرۆڤانێکی نابەختەوەر و نائاسودەن. ناتوانن خۆیان بەها و گرنگی بە شتەکان ببەخشن، بەڵکوو ئەوە کۆمەڵ و جڤاکە بەهایان پێ دەبەخشن، زیاتر پشت بە لاساییکردنەوە دەبەستن لەبریی داهێنان و چالاکی و گۆڕانکاری، بەتاڵبوونەتەوە لە بەهای تاکەکەسی و ڕۆچوون بە نێو خاسیەت و تایبەتمەندیی کەسانی دەوروبەر. ئەم جۆرەیان لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا زۆرینەی ڕەهای داگیر کردووە.
جۆری دووەم: ئەم جۆرەیان بوونێکی ڕەسەن و ڕاستەقینەیە، خاوەنی ڕوانین و بیرکردنەوەی تایبەت بە خۆیەتی، بە شێوەیەکی تەواو ئازادانە و سەربەستانە بیروبۆچوونەکانی خۆی پێشکەش دەکات. بوونێکە ناکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ هەژموون و ئایدۆلۆژیا و بارودۆخێکەوە، زیاتر سۆپەرمان و باڵان و بۆ هەموو بارودۆخ و ڕووداوێک شیکردنەوە و شرۆڤەی خۆی هەیە، ئەم جۆرە بوونە ناکەوێتە ژێر گوشاری دەرەکی، بەڵکوو خۆی سەنتەر و خاسیەتە، مرۆڤێکە هەموو بەرز و نزمییەکانی بڕیوە و خۆی لە لوتکەدایە، هەر لە لوتکەوە تەماشای خوارەوەی خۆی دەکات، ئەم جۆرە بوونە گەیشتن پێی ئاسان و سانایە، بە هەموو کەسێک دەکرێت، لە دەرەوەو توانای مرۆڤ نییە. گەیشتن بەم جۆرە بوونە، پێویستی بە ئیرادەی مرۆڤی ئازاد هەیە، پێویستی بەو جۆرە کەسانە هەیە کە ڕوووبەڕووی تەواوی تەحەدییەکان دەبنەوە، ئەمانە بیانووی کۆمەڵگا و  مێژوو و دابونەریت و ئاین ڕەت دەکەنەوە، خۆیان پێوەر و بەها بۆ شتەکان دادەنێن.
لە ڕاستیدا تاک لە کۆمەڵگا و کولتووری کوردیدا گشتاندنی بۆ کراوە، بەو پێیەی تاک لەژێر کاریگەریی ژینگە کۆمەڵایەتییەکەدایە، ناتوانێت لە دەرەوەی جڤاک و کۆمەڵگا تێڕوانینەکانی خۆی پێشکەش بکات. تێهزرینی خێڵگەراییانە یەکێکە لەو فاکتەرە مەترسیدارانەی کە تاکی کوردی بەرەو چەقبەستوویی بردووە، کە ئازادی و سەربەستی لە تاک سەندووەتەوە. ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە کە تاک هاوشێوەی ئاغاکانیان بیر بکەنەوە سەرداری عەشیرەت و خێڵ بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیان ئاڕاستەیان دەکەن. ئەمە بۆ خۆی بە مێگەلکردنی جڤاکە، مەترسیی ئەم دیاردانە ئەوەیە کە ئازادییە فەردییەکان بەرتەسک دەکاتەوە، تاکوو دەگاتە ئەوەی کە توندوتیژی و تیرۆری کەسایەتی و جەستەیشی لێ بکەوێتەوە، بە بیانووی پاراستنی عەشیرەت و خێڵەوە. مەرامیش لەم کارە حەسانەوە و بەرژەوەندیی مادیی دەرەبەگ و ئاغاکانە، مەبەست لێی خۆ دەوڵەمەنکردن و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە، کۆکردنەوەی دەنگی دەروێشانی خێڵە بۆ خزمەتی حزب و فەرمانڕەوایانی وڵات.

ئاین یەکێکی دیکەیە لەو کایانەی ژیانی تاک کە زۆرترین بازرگانی پێوە دەکرێت، ڕێبەرانیان لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان، خەریکی گەوجاندن و لە قاڵبدانی مێشکی کۆمەڵگان، ئەمەش لەپێناو ئەوەی پارێزگاری لە مووچە و قووتی خۆیان بکەن، ئاین لە کۆمەڵگای کوردیدا لە بریی ئەوەی دەزگایەکی ئاینی و ڕۆحانی بێت، بەپێچەوانەوە بووەتە دەزگایەکی حکوومی هەروەکوو فەرمانبەرەکانی تری دەوڵەت مووچە لە حکوومەت وەردەگرن، ئەگەر لەڕووی ئینسانییەوە سەیر بکەین ئاساییە مووچە لە بەرانبەر کاردا، بەڵام ئەوەی نەنگییە ئەوەیە پیاوانی ئاینی لە بریی ئەوەی کۆمەڵگا بۆ شێوە ژیانێکی باش و شایستە ئاماده بکات و هوشیاریان بکاتەوە، بەپێچەوانەوە بەکۆمەڵ دەیانکاتە مێگەل و دەچنە خزمەت دەسەڵاتە سیاسییەکەوە، چونکی مادام پیاوانی ئاین مووچەخۆری دەوڵەتن هەر دەبێت ئاڕاستەی کۆمەڵگا بکەن بە ویست و خواستی دەسەڵات و حزب. بەمەش ناتوانن حەقیقەت نیشانی کۆمەڵگاکانیان بدەن، ناتوانن باس لە نەهامەتی و بێکاری و ئەو هەموو ناعەدالەتییە بکەن کە هاووڵاتییان بەدەست دەوڵەتەوە دەیچێژن، بەمەش پیاوانی ئاینی پێی بزانن یان نەزانن، هۆکاری سەرەکین بۆ سەرلێشێواندنی تاک. تووشی حاڵەتێکی دەروونی بێدەرەتانیان دەکەن، هەموو ئەمانەش تەنها و تەنها لەپێناو مووچەیەکدا. ئاینیان کردووەتە سەرچاوەیەک بۆ پارە پەیداکردنی خۆیان و خۆشگوزەرانی خۆیان، بێئاگا لەوەی کە دەبێت ناوەڕۆکی ئاین دژ بوەستێتەوە لە ئاست ئەو شتانەدا. یەکێک لەو مەترسییانەی ئاین کە ڕووبەڕووی جڤاک دەبێتەوە، ئامانجی لەناوبردنی تاک و دژی هەر جۆرە ڕوانین و بیرکردنەوەیەکی سەربەستانەی خودی تاکە، بەپێچەوانەوە زانایانی ئاینی دەیانەوێت لە ڕێگەی عیبادەت و نوێژەوە تاک لەناو جڤاکدا بتوێننەوە، بۆیە بەردەوام وەکو سیاسەتمەداران بە ناوی گەل و کۆمەڵگاوە قسە دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ پرسێکیان بە کۆمەڵگا و خەڵکی خۆیان کردبێت. لە کاتێکدا ناتوانن هەست بە ویژدانی ئەو مرۆڤانە بکەن، کە چ جۆرە ژیانێک بەسەردەبەن، ئەمەش پەیامێکی ئاڕاستەکراوە ، بە مەبەستی ناڕەسەنێتی کۆمەڵگا و دوورکەوتنەوە لە ڕەسەنێتی بەم کارەیان ڕۆحیەتی سەربەستی و ئازادنەی تاک دەکوژن و لەناو جڤاکدا دەیانتوێننەوە. کیرکیگارد لەم بارەیەوە دەڵێت: “پیاوی ئاینی تووشی شیزۆفینیامان دەکات، چونکە وتارەکانی لە ئاوازێک دەخوێنن و کار و کردەوەکانیشی ئاوازێکی تر، پیاوانی ئاینی داوا لە خەڵکی دەکەن پرنسیپە ئاینییەکان پراکتیک بکەن، کەچی خۆیان پێچەوانەی ئەو پرەنسیپ و بنەما ئاینیانە ڕەفتار دەکەن”. بە جۆرێک هەژاری و نەداری وەک دۆستی خودا و خۆشەویستی خودا وێنا دەکەن کەچی خۆیان لەوپەڕی ناز و نیعمەتی ژیاندان، خودانی هاوسەری زۆر و پۆشاکی جوان و گەشتی خۆش و سەرجەم هۆیەکانی خۆشبەختی و خۆشگوزەرانین، چونکە ئەوان فەرمانبەری دەوڵەتن و بە پارە وتارەکانیان جێبەجێ دەکەن. دەوڵەتیش پاسەوانیان دەکات و پارێزگاریان لێ دەکات، چونکی خواستی دەوڵەت جێبەجێ دەکەن، خەڵکیش ئامادەیە گوێبیستی ئەم جۆرە وتارانە بێت، خەڵکی ئەمەیان پێ خۆشە خەڵکی خۆی بە لێشاو ڕوو لە کەنیسە و مزگەوت دەکەن و تاکوو لە بەرچاوی یەکتری وا خۆیان نیشان بدەن کە خەڵکانێکی بەتەقوا و ئیماندارن. بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە کە وا دەکات ئاین ساختە دەربکەوێت و ڕۆڵی سەرەکی لە شێواندنی دەروونی تاکدا ببینێت و بەرەو ناڕەسەنبوونی ببات، بریتییە لە پیرۆزکردنی کەسایەتییە دیارەکانی ناو ئاین، مەرقەد و شوێنە پیرۆزەکان کە گوایە ئەو کەسایەتییە ئاینییانە شفادەرن و کەسانی پیرۆزن و نەخۆش چاک دەکەنەوە و دەتوانن منداڵ ببەخشن و ڕۆزی خەڵکی زیاد دەکەن، ئەمانەش تاکە ئامانج لێی بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و خۆشگوزەرانی خۆیان و نەوەکانی خۆیانن.
ئەوانەی دەیانەوێت مرۆڤی ناڕەسەن لەو دۆخەی خۆیدا بمێنێتەوە، لە ڕێی پیاوانی ئاینییەوە وا لە بڕوادارەکان دەکەن کە هەرگیز نەبنەوە بە خۆیان، بە جۆرێک ئاین لە هێزێکی بەتوانا و خاوەن ئیرادە و گۆڕانکارییەوە دەکەنە هێزێکی بێئیرادە و بێتوانا، وا لە تاک دەکەن هەموو خەونێکی گۆڕانکاری زیندەچاڵ بکات، بۆیە ئەوانیش خەونی ڕیفۆرم و چاکسازییان نامێنێت و خۆیان تەسلیمی دەستی ئاین دەکەن و دەیانەوێت خودا تۆڵەیان بۆ بکاتەوە. بێئاگا لەوەی خودا هیچ قەومێک ناگۆڕێت ئەگەر ئەو قەومە خۆیان هەوڵی گۆڕاینی خۆیان نەدەن. ئەم ڕۆڵە خراپەی ئاین لە بە ناڕەسەنکردنی مرۆڤدا وای کردووە زۆرێک لە فەیلەسوف و بیریاران دژی بوەستنەوە، تەنانەت هەندێکیان ئاین بە تلیاک و بێهۆشکەری میلەتان ناوزەند بکەن. هەروەک چۆن کارڵ مارکس لە کتێبی “سەرمایە” بۆچوونە باوەکە دەردەبڕێت: “ئاین تلیاکی گەلانە”.


هۆکاری پشت نائومێدیەکانی کۆمەڵگا

هەڵبەت لە تەواوی وڵاتە خەوتووەکانی جیهانی سێیەم، دەسەڵات و سیستەمە سیاسییەکە هۆکاری سەرەکین بۆ بەنجکردن و نائومێدکردنی تاکەکان، چونکێ لە ڕوانگەی دەسەڵاتی سیاسییەوە ئەگەر تاک و کۆمەڵگا بێ گرفت و سەقامگیربن، ئاستی زانکۆکان لە ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکان بێت، هاووڵاتییان کێشەی خزمەتگوزاری و کێشەی ئابوورییان نەبێت، تاکەکانی کۆمەڵگا ئاستی هۆشیارییان بەرز بێت، ئەو کات تاک  بیر لە گۆڕانکاری و ڕیفۆرمی سیاسی دەکاتەوە. ئەم جۆرە حکوومدارییەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی پەیڕەو دەکرێت، سیستەمێکی گەندەڵ و ستەمکارە و وزەی تاکی تیا کەبت کراوە، سیستەمێکە دوورە لە دێموکراسی و بڕوای بە جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ نییە. هەر لەبەر ئەم هۆیانەش جێگەی قبوڵی خەڵکانێک نییە ئاستی هۆشیارییان بەرز بێت، جا بۆ ئەوەی دەسەڵاتداری کورد بەردەوام لەسەر کورسییەکەی بێت و پایەکەی بە پشتاوپشت بۆ نەوەکانی دوای خۆی مسۆگەر بکات، بە پلان و بەرنامە کار دەکات بۆ شکاندنی شکۆی تاک و تەواوی دامەزراوە نیشتمانییەکان بێ بەها دەکات. بەردەوام قەیران لەسەر قەیران دروست دەکات بۆ ئەوەی تاک نەیپەرژێتە سەر خۆی، مووچە کەم دەکاتەوە و خەڵکی بێهۆش دەکات بە کاراکتەری دروستکراو، بەهەزاران کچە مۆدێل و بەناو ئارتێست دێنێت و دەیانخاتە بەردەمی شاشەکان و بە ملێونان دۆلار سەرف دەکات، لەگەڵ دەیان شتی لابەلای تر کە تێکڕا ئامانج لێی سەندنەوەی ڕەسەنێتییە لە تاک و کردنێتی بە بەشێک لە دونیایەکی ساختە و کۆمەڵێکی نمایشکار. سەرقاڵ و بێهۆشی دەکات بە تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئەنتەرنێت و پۆرنەوە، بەمەش دەسەڵات دەتوانێت خەڵک و نیشتمانیش هەڕاج بکات، بێگومان ئەم کارانەش بە هەڕەمەکی و نەزانانە ناکات بەڵکوو بە پشتبەستن بە دەیان ڕاوێژکاری پسپۆڕ و تایبەتمەند، بە مەبەستی لەکارخستنی شکۆی تاک. بەم کارانەش تاکی کورد دووردەکەوێتەوە لەو هۆکارانەی کە ڕێگە خۆشکەرن بۆ ڕەسەنێتی تاک، چونکی تاک لە بریی بیرکردنەوە و تێهزرین لە خەمی ئەوە دەبێت چۆن پاروویەک نان بۆ منداڵەکانی پەیدا بکات، چۆن بژێوی خۆی دابین بکات. بەمەش تاک لە بریی خۆ دۆزینەوەو گەیشتن بە ڕەسەنایەتی لەناو بازنەی ون بوون و ناڕەسەنێتیدا دەخولێتەوە، موتربە بە جڤاک و کۆمەڵگا دەبێت، باڵابوون و گەیشتن بە هەرەم لەدەست دەدات، ئەم ناڕەسەنێتیەی کۆمەڵگا ئامانج و ستراتیژە لای دەسەڵاتی سیاسی.

چۆن ڕووبەڕووی ئەم دۆخی پڕنائومێدیە ببینەوە؟

ژان پۆڵ سارتەر کە یەکێکە لە ڕێبەرە دیارەکانی قوتابخانەی بوونگەرایی، دەڵێت: “پێویستە لەسەرمان کات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی جیهانی سەرمایەداری تەرخان بکەین، چونکی جیهانی سەرمایەداری تاک بۆ بژێوی و کار و بەدەستخستنی پارە ئاڕاستە دەکەن، دووریان دەخەنەوە، لە ژیان و تێفکرین و پرنسپەکانی حەقیقەت و ئازادی و بەرپرسیارێتی.)3 دواتر هەر خودی سارتەر  باسی دوو جۆری بوونمان بۆ دەکات:

یەکەم:  بوون لە ناوخۆیدا/ ئەوجۆرە بوونەیە کە خۆی لە جیهانی ماددیدا دەبینێتەوە، بەدەرە لە هۆش و ئاگایی، جیهانێکی وەستاو و نەگۆڕە وەک (تەختە، کورسی، مێز) هەست بە هیچ کەموکورتییەک ناکات، ئەم هەست نەکردنەش بە کەموکورتی وا دەکات لە دەرەوەی چالاکییەکان بێت، نەبوونی چالاکیش واتا شتێک کە نەگۆڕو چەسپاو بێت، ئەگەر تاکی ئێمە هەرچەند سەر بە جیهانی هۆش و ئاگایین توانای خۆدۆزینەوەی نەبێت و دەست بۆ گۆڕانکاری و چالاکییەکان نەبات، ئەوا هەر لەنێو ئەم بازنەیەی بوون لە ناوخۆیدا دەسووڕێتەوە.

دووەم: بوون بۆ خۆی/ ئەم جۆرە بوونە دیووی ئاگایی و هۆشمەندی مرۆڤ دەگرێتەوە، لەم جۆرە بوونەدا هەمیشە مرۆڤ هەست بە کەموکورتی دەکات، بوونی هەمیشە بوونێکی چالاکانەیە، هەمیشە هەوڵ دەدات کەموکورتییەکان پڕ بکاتەوە، بە هۆی ئاگایی و هۆشیارییەکەیەوە لە هەبووەکانی تر جیایی دەکاتەوە، داهێنان و بەهاکان بیرکردنەوەو ململانێکان و بیردۆزەکان سەر بە جیهانی ئاگایین.

ئەگەربمانەوێت ئەم بۆچوونەی سارتەر هەڵهێنجێنین، دەگەین بەو ڕاستییەی، بوونی مرۆڤ دەکەوێتە پێش خاسیەت و تایبەتمەندییەکانییەوە، بوونێکی ئازادانەی هەیە توانایی ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو تەحەدییەکانی هەیە، هیچ بەربەستێک ناتوانن ببنە لەمپەر لە هەمبەر جووڵە و بیرکردنەوەکانی مرۆڤدا، چونکە مرۆڤ بوونێکی ئاگایی و هۆشیارانەی هەیە و هەر بە هۆی ئەم ئاگاییەشەوە دەتوانێت ڕووبەڕووی ئەم دۆخی نائومێدبوونە ببێتەوە، بەڵام ئەمە هیچ ئەنجامێکمان ناخاتە بەردەست ئەگەر لە هەندێک بنەمای سەرەکیی فەلسەفەی بوونگەرایی تێنەگەیشتبین، بۆ ئەمەش هەوڵ دەدەین بەشێک لەو بنەمایانە کە پەیوەستن بەم بابەتەکەمانەوە، شی بکەینەوە.

نیگەرانییە وجودییەکان:
مرۆڤ هەمیشە بوونێکی نیگەرانە، چونکە بونێکی ناکامڵ و ناتەواوی هەیە، بە هۆی نیگەرانییەکەیەوە دەیەوێت کەموکورتییەکانی خۆی پڕ بکاتەوە، ئەم ناکامڵیەی مرۆڤ هەمیشە وا دەکات مرۆڤێکی دڕدۆنگ و نیگەران بێت، نیگەرانیش سیفەت و تایبەتمەندیی مرۆڤە، جگە لە مرۆڤیش هیچ بوونەوەرێکی تر تووشی نیگەرانی نابن، نیگەرانی دەبێت ڕێڕەوە ڕاستەقینەکەی خۆی وەربگرێت، نابێت کەمترخەمی یان زێدەڕەوی تێدا بکرێ، چونکی زیادەڕەوی لە نیگەرانیدا، مرۆڤ لە قۆناغی ناڕەسەنێتی دەهێڵێتەوە، بەردەوام دەیکاتە کەسێکی واسواس و ترسنۆک و تۆقێنەر، کەمترخەمیش بە هەمان شێوەی زیادەڕۆی زیانی هەیە مرۆڤ لە داهێنان و گۆڕانکاری دوور دەخاتەوە و دەیکاتە کەسێکی بێئیرادە و مردوو، بەڵام گەر نیگەرانییەکەی لەسەر بنەمایەکی هاوسەنگ و ڕاست بێت، ئەوا دەتوانین لە ڕەگەزی ڕەسەنێتی تۆماری بکەین چونکی بەرپرسارێتی دەکەوێتە سەرشانی و ئەم بەرپرسارێتییەش بە داهێنان و چالاکی و گۆڕانکاری و بەرهەمداری کۆتایی دێن، کەوایە بۆ دەربازبوونمان لەم دۆخە شڵەژاویەی کە تێی کەوتووین نیگەرانیمان بە بەرپرسیاڕێتییەوە گرنگە.

ئازادی:

ئازدە، پایە و کۆڵەکەیەکی گرنگی تاکە، تاک دەکاتە چەق و سەنتەر، شکۆ و بوون بۆ مرۆڤەکان دەگێڕێتەوە، کارێکی مەحاڵ و نەکردەنیە، گەر بێت و تاک داوای ئازادیی کەسانی تر بکات ئەگەر بێت و نەتوانێت خودی خۆی ڕزگار بکات و خۆی لە دەرەوەی ئازادییەکە بێت، بۆیە یەکەم کاری تاک خۆ ئازادکردنیەتی لەو ژینگە و بارودۆخە سیاسی و ئابووریی کۆمەڵایەتییەی کە تێیدا دەژێت، تاک پێویستی بەوە هەیە خۆی لە میرات و کەلەپوور و ئاین و ڕێسا کۆمەڵایەتییەکان دەرباز بکات، بەرەو بە باڵابوون هەنگاو بنێت، ئەم بوونە بوونێکە خۆی بڕیار لە پرۆسەی ژیانی خۆی دەدات پێویستی بە هیچ ڕێنوێنیکەرێک و هیچ ئاڕاستەیەکی دیاریکراو و سەپێنراو نییە، ئیتر ئاڕاستەکە چ ئاین بێت یان کولتوور یان ڕێسا جڤاکییەکان، ئەمە گێڕانەوەی شکۆیە، تاک ئازادە لە بڕیاردان، بیروبۆچونە سیاسی و کایەکانی تری ژیان. مێژوو لەگەڵ مێژوودا جێ دەهێڵێ نابێت چارەنووس داهاتوو و ئایندەی داگیر بکات، بەپێچەوانەوە چارەنووس بەشێکە لە ژیانی و خەمی ناخوات و بیری لێ ناکاتەوە، لە بریی خۆزگە و هیوا و خەمخواردن بۆ ڕابردوو، بەهێز و وزە و چالاکییەکی نوێوە ئایندەی خۆی بنیاد دەنێت، دەرگاکانی ژیان بە ڕووی خۆیدا دەکاتەوە، گەشبینانە بۆ داهاتوو دەڕوانێت، ناکرێ و نابێت تاک دیلی دەستی بەهای کۆمەڵایەتی و مێژوو و ئاین و کولتوور بن، چونکە ئەو بەهایانە بەهای ئەبەدی نین مۆنۆپۆلکراو نین لەسەر تاک، ئەوا کۆمەڵگا خۆیەتی لەنێو خۆیاندا ڕێککەوتوون کە بەها و قورسایی بۆ شتەکان دادەنێن، ئەگەر نا لە ئەسڵدا هیچ بوونێکی نییە، بۆ نموونە، هەندێ بەها و کولتوور لەنێوان خودی جڤاک و کۆمەڵگاکاندا جیاوازن، لە هەندێ لە کۆمەڵگاکان ئەگەر کەسێک ورگی هەبێت، وەک نیشانەی جوانی سەیر دەکرێت و لێی دەڕوانرێ، بەڵام ئەمە لە هەندێ کۆمەڵگای ترەوە پێچەوانەکەی تەواوە، دەرچوون لە دەستەجەمعیەوە بەرەو تاکگەرایی ڕێگەیەکە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی بۆ نموونە توێری شارێکی چاکەکار لەلایەن “ئەفڵاتۆنەوە، ئەوە بوو لە ڕێگەی لەناوبردنی کەمئەندامانەوە ویستی بگاتە ئەو کۆمەڵگا چاکەکارە، بە شێوەیەکی گشتی ئازادی کرۆک و ناواخنی تاکە کە بڕیار لەسەر ژیانی خۆی دەدات، هیچ هێزێک لە دەرەوەی خۆی بوونی نییە و ناتوانێ ئاڕاستەی بکات.


بەرپرسیارێتی:

سەرباری ئەوەی مرۆڤ ئازادە لە بڕیاردان و دیاریکردنی شێوازی ژیانی خۆی و خۆی هەڵی دەبژێرێت، خەڵکانی تر ڕۆڵیان نییە لە دەستنیشانکردن و بڕیاردان و هەڵبژاردن و تەنانەت بیرکردنەوەکانی، بەڵام لە هەمان کاتیشدا تاک بەرپرسیارێتی گەورە لەسەر شانیەتی، دەبێت خەمی لە خەمێکی تاکەکەسییەوە بگۆڕێت بۆ خەمێکی گشتی، لەم قۆناغەدا، تاک بەرپرسە لە بەرانبەر مێژوو و خۆی بەرپرسیارێتی شکست و سەرکەوتنەکانی خۆیەتی، وە مافی تاوانبارکردنی هیچ هێز و کەس و لایەنێک و زەمانێکی نییە، کە لە شتێکدا شکستی خواردووە ئەوە خۆیەتی، نەک کەسانی تر، چونکە ئەو کارەی هەڵیبژاردووە بە ئازادانە هەڵیبژاردووە، کەس زۆری لێ نەکردووە، کەس بۆی هەڵنەبژاردووە، هەر بۆییشە خۆی بەرپرسە لە خۆی و شکستی خۆی. وەک چۆن کیرکیگارد دەڵێت: “خۆت خۆت هەڵبژێرە”.

خاڵێکی تری ئەم لایەنەی بەرپرسیارێتیی تاک ئەوەیە، خەمەکەی دەبێتە خەمێکی گشتی، لەبەر ئەوە بوون بوونێکی جیهانیانەیە، بەبێ ئەوانی تر ژیانکردنی تاکەکان مەحاڵ و هەڵە و نەکردەنییە، کەوابوو لە هەر شوێنێک نادادی و ستەم و چەوسانەوە هەبێت، بەرپرسێارێتی تاکە، وەک بەشێک لە خۆی لێی بڕوانێت، ئەگەر چ ستەمەکە ڕووبەڕووی خۆیشی نەبێتەوە، بەڵام لەسەری پێویستە ویژدانی بێتە دەنگ و ڕۆڵی ئیجابییانەی هەبێت، بە شێوەیەکی مەیدانی پشتیوانی خۆی بۆ زوڵملێکراوان و نەداران دەرببڕێت، گەرچی ئەگەر هاوزمان و هاوپیشەی خۆشی نەبێت، ئەوەی گرنگە کۆدەنگییە و بەگژداچوونەوەی جەور و ستەم و ڕووبەڕووبوونەوەی ناعەدالەتییە، ئەگەر لەهەر کوێی ئەم زەمینە بێت.

فینۆمینۆلۆجی(دیاردەناسی):

جگە لەو بنەمایانەی کە ئاماژەمان پێدا، بۆ تێگەیشتن لە بوونگەرایی ناچارین لە فینۆمینۆلۆجیش تێبگەین، کە قوتابخانەیەکی فەلسەفییە و دامەزرێنەرەکەی “ئەدمۆند هوسێرل”ە. مەبەستی ئەم قوتابخانەیە ئەو دیاردانەیە یاخود ئەو مادانەیە کە خۆیان دەردەخەن و لەبەر چاوان نمایش دەکرێن، واتا شتانێک بێته جێگەی تێڕوانین و تەرکیز و بیرکردنەوە و زانینمان. ئێمە دەتوانین  ئەوەی لێهەڵهێنجێنین، گەر تاک بیەوێت گرنگی بە پرسێک یان شرۆڤەی دیاردەیەک بکات، نابێت پشت بەپێشبیرو بیروبۆچوونی کەسانی تر ببەستێت، قسەی دەوروبەر بکاتە مەرجی قبوڵکردنی دیاردەیەک یان پرسێک یان ڕووداوێک، بەڵکوو بەپێچەوانەوە تاک لە کەسێکی ڕۆبۆت ئاساوە بچێتە دەرەوەوە و خۆی تەرکیز بخاتە سەر ڕووداوەکان و دیاردەکان، لەژێر فلتەری خۆیدا شرۆڤە و شیکردنەوە بۆ ڕووداو و دیاردەکان بکات. خۆی بەدواداچوون بکات و توێژینەوە لەسەر ئەو پرسە بکات. بۆ ئەم مەبەستەش ئەقڵ سەرچاوەی توێژینەوە و هەڵسەنگاندنە، ئەمەش باشترین ڕێگەیە بۆ تاک کە بتوانێت لەو ژاوەژاوە ڕزگاری بێت و لە بازنەی ناڕەسەنێتی بچێتە دەرەوە، لەناو بازنەی ڕەسەنایەتیدا خۆی بدۆزێتەوە، ئەقڵی خۆی بکاتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندن، نەک بیروبۆچوونی خەڵکانی تر، چونکە ئەوەی خەڵکی باسی دەکەن دوورە لە بابەتە ئەسڵیەکە، چونکە جڤاک کاتێک لێکدانەوە بۆ ڕووداوێک دەکەن، زۆر بە کەمی هەڵسەنگاندنەکە لەژێر دروشمی عەقڵ و لۆژیکدایە، بەپێچەوانەوە هەرکەسێک بەپێی میزاج و بەرژەوەندییەکانی خۆی شیکردنەوە بۆ ڕووداو و دیاردەکان دەکەن، بەبێ ئەوەی پەیوندیی بە ڕاست و دروستی بابەتەکەوە هەبێت، بە جۆرێک ئەگەر باسی کەسێک یان ئایدۆلۆژیایەک یان دیاردەیەک دەکەن بە شێوەیەکی ئەهریمەنانە باسی دەکەن چونکی هەرکەسە و حەقیقەت لە ڕوانگەی خۆیەوە دەبینێت، لەناو جڤاکدا پێوەرێک و یاسایەک نییە بۆ حەقیقەت. بۆیە لە کۆمەڵگادا، بەتایبەت ئەو کۆمەڵگایانەی ونبوون لەناو یەکتری و لەسەرهێڵی ناڕەسەنین، لە کوێوە با هەبێت لەوێوە شەن دەکەن، بۆ چارەسەریش وا باشترە تاک خۆی لە ژێر ڕۆشنایی عەقڵ و لۆژیک، واقیعبینانە خوێندنەوە و توێژینەوە بۆ دیاردەکان بکات.

کاتی ڕوودانی یاخیگەری بەرهەڵستکاری:

  یاخیگەری دەرئەنجام و دەرهاویشتەی زوڵم و ستەم و چەوساندنەوەی دەسەڵات و دەوڵەتە. کاتێک دەسەڵات دەرگا بە ڕووی ئازادییەکان دادەخات و بۆ کپکردنی دەنگە ئازا و دلێرەکان دەست بۆ جۆرەها ئەشکەنجە و لێدان و تیرۆری جەستەیی و کەسی دەبات، بەندینخانەکان دەکاتە ماڵی هەتاهەتایی ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و دەنگە دلێرەکان، یان بە مەبەست دەست بۆ بڕینی قووتی هاووڵاتییانی خۆی دەبات، خاک و خەڵک و پیرۆزییەکان هەڕاج دەکات لە سەفقەیەکی سیاسیدا هەرزان فرۆشی دەکات، تەنها لەپێناو کورسی و بەدەستهێنانی بەرژەوەندی مادی، یان گیرۆدەبوونی وڵات بە شەڕ و دروستکردنی قەیران لەسەر قەیران و نابووتکردنی ئابووریی وڵات و قورسکردنی سەرشانی هاووڵاتییان و خنکاندن و دەستخستنە نێو بیناقاقای هاونیشتمانیان، ئەمانە دەبنە فاکتەرێکی گرنگ و چاوەڕوانکراو کە کۆمەڵگا چاوەڕێی بوومەلەرزەیەکی مرۆیی و سیاسی لێ بکرێت، زۆربەی قوتابخانە فیکری و دەنگە ناڕازییەکان و ڕێبازە ئەدەبییەکان لە جیهاندا، دەرهاویشتەی زوڵم و ستەم و نادادی و ئەو فەوزا سیاسی و مرۆیی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە بوون. بۆ نموونە: ڕێنیسانس دەرئەنجامی کۆتوبەند و توندوتیژیی مەسیحیەت بوو لە چاخەکانی ناوەڕاستدا، بزووتنەوەی بوونگەراییەکان، دەئەرئەنجامی ماڵوێرانی و جەنگی جیهانیی دووەم بوون، باردۆخی ناسەقامگیری کوردستانیش ڕێگەخۆشکەرە بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی ئازادیخوازانە لەو جۆرە، گەر تاکی کوردی بەئاگا بێتەوە و هوشیار بێت لە بەرانبەر ماف و ئازادییەکانی خۆیدا.

 سەرچاوەکان:

١_ مەجدی کامل: بوونگەرایی” وجودییەت”، وەرگێڕانی: ئیسماعیل کوردە، چاپی یەکەم، هەولێر، ۲۰۱۹

٢_ ڕێبین ڕەسول ئیسماعیل: کیرکیگارد فەلسەفە و ژیان، چاپی یەکەم، هەولێر، ۲۰۱۳

٣_ مەجدی کامل: ژان پۆل سارتەر، وەرگێڕانی: سەڵاح سەعدی، چاپی یەکەم، ۲۰۲۰