فۆتۆگرافەری و وێنەی شەقام
نووسین و فۆتۆی: عومەر کەریم
١
وێنەی شەقام
وێنەی شەقام، وێنەگرتنی خەڵکی سەر شەقامە. ئەگەر چی لە هەموو کاتدا مەرج و پێویست نییە خەڵک تێیدا نیشان بدرێت. قەتیسکردنی چرکەساتی شوێنێک، دەرخستنی شوێنە قەرەباڵغەکان لە کاتی چۆڵدا، شێوەی بازاڕ و شەقامەکان لە درەنگانی شەو، یان بەرەبەیان، بێ بوونی هیچ فیگەر و سەبجێکتێکی دیاریکراو و زەق، هەر دەچێتە قاڵبی وێنەی شەقام.
ئەم شێوازی وێنە، جیاوازی لەگەڵ وێنەی ئاساییدا ئەوەیە؛ فۆتۆگرافەر چیرۆکێکت بۆ دەگێڕێتەوە. یان حاڵەتی دەگمەن و نامۆ دەگوازێتەوە. هەڵبەت ئەوانە وا دەکەن ببن بە دیمەنێکی سەرنجڕاکێش بۆ بینەر و فۆتۆیەکی ڕاگوزەر نەبێ بۆیان. وێنە واتا ئەو بوونەی کە بەپێی سروشتی خۆی، خۆی نیشان دەدات و دەردەکەوێ. چیەتیی وێنە، حەتمەن هەر لەناو دەرکەوتنەکاندایە. ئەم قسەیە تەنیا بۆ وێنە فیزیکییەکان ڕاست نییە، بەڵکوو بۆ هەموو وێنە خەیاڵییەکانیش دروستە. ئەو وێنانەی کە لە ئەندێشە و هزرمان وێنایان دەکەین، لە پرۆسێسێکی خەیاڵئامێزانەدا، دەیخەینە نێو فرێمێک لە خەیاڵدانمان و ئەمەیش ئۆتۆماتیکی دەبێتە وێنەیەکی زهنی.
پێچەوانەی ئەوانە، ناکرێ هەر وێنەیەک لە شەقامدا بگیرێت، بخرێتە ژێر ڕۆشناییی ئەو ستایلە. دەبێ جووڵەیەک، پەیامێک، مەبەستێک و هۆکارێک هەبێ. ئەوانە وا دەکەن بە وێنەیەک بڵێین؛ وێنەی هونەری. فۆتۆگرافی وەک چۆن زانستە، ئاواش هونەرە. دەشبێ تێیدا بەرجەستە بێت و ببینرێ. هونەر لە وێنەدا، ئەرکی ئەوەیە مامەڵەیەکی جۆرایەتی لەگەڵ خودی وێنەکە بکات، بە چۆنیەتیی دەرخستنی وردەکارییەکانی ناوی.
وێنەگرتنی ڕۆژانەی خەڵک لە ژینگەکەیان، کارێکی ئاسان نییە. پێویستی بە خۆڕاگری و ماندووبوون و زۆر جاریش ئازایەتی هەیە. چونکە لە هەندێک وێنەدا، پێویستە فۆتۆگرافەر تەواو نزیک بێتەوە لە خەڵک، تا گۆشەیەکی جیاواز و پەیامدار بگرێت.
گێڕانەوەی چیرۆکی کەسەکان بە وێنە، جیاوازە لەگەڵ گێڕانەوەیان بە نووسین. هیچ کاتێک نووسین وێنەی کتومتی شتەکان ناتوانێ نیشان بدات، بەڵکوو هێزی ئەو بریتییە لە بەدەنگکردنی شتەکان. بە پێچەوانەوە وێنە؛ بریتییە لە خودی شتەکان وەک ئەوەی کە هەن. بەڵام هیچ کات وێنە نابێ بگیرێت بۆ ئەوەی دیمەنەکان بگوازێتەوە، ئەوە دەبێتە لەبەرگرتنەوە و گرنگی و بەهاکەی لەدەست دەدات. دەبێ وێنە بۆ ئەوە بگیرێت کە دیمەنەکان بگۆڕێت. گۆڕینیان بۆ دۆخی دیکەی وەک؛ ئیستاتیکا، یان بۆ شێوازێک لە سوریالی و یانیش بە فۆڕمێکی زانستی نیشانی بدات.
هەر بۆیە ئەم شێوازی وێنەگرتنە لایەق بەوەیە کە دەڵێن “یەکێکە لە قورسترین ژانرەکانی فۆتۆگرافی.”
٢
فۆتۆگرافەری شەقام و دزینی ساتە جوانەکان
شەقامەکان تژین لە ڕووداو و بابەت، لێ کەسێکی دەوێت کۆیان بکاتەوە. فۆتۆگرافەر گونجاوترین کەسە کە بتوانێت ئەرکی ئەو کۆکردنەوەیە لە ئەستۆ بگرێت و لە فرێمێکی هونەری نیشانی بدات. گومانیش لەوەدا نییە گرتنی هەر وێنەیەکی شەقام، خزمەتکردنە بە خەڵک و هونەری ئەو شارە. بۆیە شارەزایانی بواری فۆتۆگرافی دەڵێن: بەو پێیەی شەقام موڵکی گشتییە، شەقام و ئەوەشی تێیدایە، دەبێ بۆ فۆتۆگرافەر موڵکی گشتی بێت و حەڵاڵ بۆ ئەو ببینرێت.
هەموو ئەو فۆتۆیانەی پەیامدەرن، یان سەرنجڕاکێشن و بینەر لەسەریان دەوەستێ، فۆتۆگرافەر لە هەموو کەس باشتر دەزانێ بە چ شێوازێک دەڕۆستیان دێت. بۆیە پێویستە بزانین، کە فۆتۆگرافەری شەقام پێویست نییە و ئیشی ئەویش نییە، فۆتۆی دڵخوازی کەس بگرێت. بەڵکوو گواستنەوەی دیمەنێک و قەتیسکردنی چرکەساتێک ئیشی ئەوە، ڕەنگە دواتر بۆ کەسانی ناو فۆتۆکەش جێی سەرنج بن.
زۆربەی ئەو وێنانەی بە نائاگاییەوە گیراون، بە یەکێک لە جوانترین وێنە گیراوەکان پۆلێن دەکرێن. لە زۆر حاڵەتدا پێویست بەوە ناکات کەسانی ناو فۆتۆکە ئاگادار بکرێنەوە. چونکە سیحر و جوانی و چیرۆکی ناو فۆتۆکە دەشێوێ، یان دەگۆڕدرێ.
بیرمان نەچێ مرۆڤ گەر تێبینیی ئەوە بکات، کامێرایەک هەیە و هەوڵی گرتنی وێنەی دەدات، خۆی دەخاتە حاڵەتی ئامادەیی. ڕوانینی لە وێنەکەدا جۆرێک و شێوازێکە؛ بینەر ئاسان درک بەوە دەکات کە ئاکتە، یان پێکەنینەکەی ساختەیە. یان…
بۆیە لەم حاڵەتانە ناحەز بەدیار دەکەون. کەسەکان نا، بەڵکوو چیرۆک و پەیامەکە!
ڕۆژانە چەندین دیمەن دەبینرێن کە تایبەتن و سەرنجڕاکێشن بۆ کەسانێک، ئەوانیش چێژەکە بەش دەکەن و بۆ کەسانی دیکەی دەگێڕنەوە، یان ئەگەر توانستی ئەوەیان هەبێت دەشێ لە دەقێکی ئەدەبی جێی بکەنەوە. بۆ فۆتۆگرافەریش هەمان شتە. ئەوەی دەیبینێ بە گۆشەیەکی جوان، فیگەر و کات و ڕەنگ و حاڵەتەکان دەکاتە وێنەیەکی دیجیتاڵی و پەبڵیکی دەکات.
ئەوە مانای ئەوەیە وێنە، گێڕانەوەی چیرۆکێکە و وێنەگرەکەش گێڕەرەوە. چۆنیەتیی گێڕانەوە لە ڕێگای دوو شتەوە دەکرێ:
یەکەم: گۆشە، کە بە خاڵێکی گرنگی ئەو ستایلە دادەنرێ، بۆیە پێویستە فۆتۆگرافەری شەقام زۆرترین زانیاری لەسەر یاساکانی گۆشە هەبێ و بیانکاتە پراکتیک.
دووەم: وردبینی فۆتۆگرافەر. بریتییە لە بینینی ئەو شتانەی کە خەڵکی ئاسایی نایبنیێ، یان دەیبینن و هەستی پێ ناکەن. بەڵام بینین بەو مانایە نا کە شتە ئاشکرا و دیارەکان ببینێت، بەڵکوو وەک ئەوەی هایدێگەر دەڵێت “بینین ئەوەیە هەرچی شتە شاراوە و پەنهانەکان هەیە، ببینرێت و بکرێتە بینراو”.
جیاوازتر لەوانەش؛ ئیشکردنە لەسەر شتە پەراوێزخراوەکان. وەک “سێبەر، حاڵەتە پاڕادۆکسییەکان، پانتایی، نێگەتێڤ سپەیس، هەروەها ڕەنگە لێکچوو و دژەکان.”
٣
فۆبیای خەڵک لە کامێرا.
کامێراکان چونکە داهێنانێکی تا ڕادەیەک نوێن، بۆیە تا ئێستا پێناسەیەکی تۆکمە بۆ فۆبیای وێنەگرتن نەکراوە. بەڵام فۆبیای هاوشێوەی ئەو هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ. بۆ نموونە: “سکۆپۆفۆبیا” جۆرە ترسێکە دروست دەبێ لە کاتی سەیرکردنی کامێرا. هەروەها “ئایسۆپترۆفۆبیا” کە ترسی خەڵکە لە بینینی ڕەنگدانەوەی خۆیان. هەندێک لە کولتوورەکان ترسیان لە کامێرا هەیە لەبەر هۆکاری ئایینی، یانیش ڕۆحی. بەشێکیشیان باوەڕیان وایە کە وێنەکان دەتوانن ڕۆحی کەسێک بدزن یان ڕێگری بکەن لە تێپەڕبوونیان بۆ دوای ژیان.
ئێستا تا ڕادەیەک سۆشیاڵ میدیا ئەو ترسەی شکاندووە، بەو پێیەی وێنە؛ زۆر دەگیرێ و دەبینرێ. لێ بەداخەوە میدیای نەرێنی بەربڵاوترن. بۆیە لە ئێستادا خەم و ترسی گەورەی خەڵک لە وێنەگرتنیان لە شەقام، ترسی بەدناوبوونە. لێرەدا ئەوە ئیشی فۆتۆگرافەرە ئەوە ترسە نەهێڵێت و ئەوە بسەلمێنێ نیشادانی هەر کەسێک و حاڵەتێکی شەقام، مانای بەدناوکردنی نییە! بەڵکوو هونەر نیشاندانییەتی…
بۆ کەمکردنەوەی ئەم فۆبیایە، فۆتۆگرافەران پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەن.
یەکەم: بوونی کامێرا و لێنزێکی بچووک ترسی خەڵک لە فۆتۆگرافەر کەمتر دەکاتەوە. چونکە خەڵک وا ڕاهاتوون، کەسەکان بە کامێرایەکی بچووکەوە، زیاتر وەک گەشتیار ببینن.
دووەم: سڵاوکردنی فۆتۆگرافەر لە خەڵک و زەردەخەنەکردن بە ڕوویانەوە، ڕێگایەکی زۆر باش و بەجێیە بۆ زووتر و زیاتر نزیکبوونەوە لێیان.
سێیەم: پێویستە گرتنی وێنەکان لە ڕێگای سکرین “شاشە”ـەوە بێت، نەک دەرچەی بچووک”viewfinder” بەم شێوازە فۆتۆگرافەر ئەوەندە ترسناک دەرناکەوێ.
چواەم: لە هەمووی گرنگتر بێدەنگکردنی کامێرایە “selnd”، چونکە دەنگی شەتەر “shutter” دەنگێکی تۆقێنەرە بۆ ئەو کەسەی کامێرات ڕوو تێ کردووە. تەنانەت ئەوانەیشی لە نزیکتن و یان لە دەوروبەرتن، هەمانشت ئەو ترسەیان لێ دەنیشێ! بۆیە زۆر گرنگە فۆتۆگرافەر ئەو شتانە بزانێت و پەیڕەویان بکات لە وێنەی شەقامدا.