ئالودەبوون بە شکست

ئالودەبوون لە دیدی دەروونشیکارییەوە: فرۆید وەک سەرەتا

 جێی سەرنجە کە ئەدەبیاتێکی ئەوتۆمان سەبارەت بە ئالودەبوون لە کایەی دەروونشیکاریدا لە بەردەستدا نییە! ئەگەرچی فرۆید خۆی چەند ئەزموونێکی کلینیکی لەگەڵ کەسی ئالودەبوودا هەبووە، لە گرنگترین ئەزموونەکانیشی کارکردنی بووە لەگەڵ یەکێک لە هەرە هاوڕێ نزیکەکانی بە ناوی (ئێرنست ڤۆن فلایش) کە کێشەی ئالودەبوونی بە ماددەی مۆرفین هەبوو.  فرۆید لەو ماوەیەی کە سەرقاڵی چارەسەرکردنی فلایش بووە، باوەڕی تەواوی بەوە هەبووە کە دەتوانێت لە ڕێی بەکارهێنانی کۆکاینەوە یارمەتی بدات و وای لێ بکات ڕزگاری بێت و دوورکەوێتەوە لە بەکارهێنانی مۆرفین. وەلێ ئەفسوس ئەم هەوڵەی شکستی هێنا، فلایش نەک چاک نەبووە و ڕزگاری نەبوو لە ئالودەبوون بە مۆرفین بەڵکوو دووچاری ئالودەبوون بە  کۆکاین بوو، هەر بەو هۆیەشەوە گیانی لە دەست دا و مرد. سەرەڕای ئەم شکستەیش لە چارەسەرکردنی برادەرەکەی کەچی هێشتا نووسینێکی تایبەت بە ئالودەبوون نادۆزینەوە کە تیایدا فرۆید بە وردی باس لەم گرفتە بکات. ئەوەی لە بەردەستدایە چەند سەرچاوەیەکە لێرە و لەوێ کە بە کورتی تیایدا ئاماژەی بە ئالودەبوون کردووە. یەکێک لەو سەرچاوانە کە بە ڕوونی ئاماژە بە ئالودەبوون دەکات، ئێمەش دەتوانین  وەک سەرەتایەک بۆ دەروازەی باسەکەمان بەکاری بهێنین، ئەو نامەیە کە بۆ فلایشی هاورێی لە بەرواری (٢٢-١٢-١٨٩٧)دا نووسیوە و دەڵێت:

“دەستپەڕکردن یەکەم و سەرەتاییترین خووە کە مرۆڤ خووی پێوە دەگرێت – بە  ئالودەبوونی سەرەتایی ناوی دەبات- پاشان هەموو ئالودەبوونەکانی تر لە ژیاندا، کە دواتر دەردەکەون و مرۆڤ  ئەزموونی دەکات و خووی پێوە دەگرێت، لەوانەیش بۆ نموونە: ئالودەبوون بە خواردنەوەی ئەلکهول، کۆکاین، مۆرفین، جگەرە… هتد، قەرەبوو و جێگرەوەی یەکەمین خووە سەرەتایییەکەی مرۆڤە کە دەستپەڕکردن…

ئەو ڕۆڵەی کە ئالودەبوون دەیگێڕێت لە دۆخی هیستریادا بێشوومارە، بەربەستەکانی بەردەمیشم لەم بوارەدا هەر ئەمەیە، ‌هیودارم بتوانم بیاندۆزمەوە و بە سەریاندا زاڵ بم. جا گەر بە تەواویش نەبێت ئەوا خوازیارم هەندێکیان بدۆزمەوە و جۆریان بکەم. جا بۆیە ئا لێرەدا گومان دروست دەبێت و پرسیارەکەیش ئەوەیە کە ئایا ئەم جۆرە ئالودەبوونە چارەسەری هەیە؟ ئایا مرۆڤ دەتوانێت خۆی لێ ڕزگار بکات[1]؟ یاخود دەروونشیکارەکان و چارەسازان لەم حاڵەتەدا دەستەوسان دەوەستن خۆیان ناچار دەکەن کە خودی هیستریا بگۆڕن بۆ نیرۆسینیا(Neurasthenia)[2]).

مەبەستی فرۆید لێرەدا ئەو خودئەڤینیەیە کە مرۆڤ لە دۆخی دەستپەڕکردندا ئەزموونی دەکات  ئەوی تر وەک سەرچاوەی چێژ وەلادەنێ و لە خۆی دووری دەخاتەوە، جەستەی خۆی و سنورەکانی جەستەی وەک جوگرافیایەک لە چێژ بۆ گەشتن بە ئۆرگازم بەکار دەهێنێت. ئەم خودئەڤینیە ئیرۆتیکییەش تەواو لەگەڵ ئالودەبووندا دەگونجێت، بەو پێیەی کە کەسی ئالودەبوو پێویستی بە جەستەی ئەوی تر نییە  تا بە چێژی خۆی بگات و ڕازی و تێری بکات.

ئەم پێناسەیەی سەرەوە مشتومڕی زۆری لەسەرە، لەوانەیش کە قسەیان لەسەر کردووو ( لوز ڕایک)ە لە کتێبی (سوبێکتی ئالودەبوون- دەروونشیکاری و ڕێکخستن و کارگێڕیی چێژوەرگرتن) ئاماژە بە نامەکەی فرۆید دەکات کە بۆ فلایشی هاوڕێی نووسیوە. ڕایک پێی وایە کە فرۆید زۆر سەرکەوتوو نەبووە لەوەدا کاتێک دەستپەڕکردن وەک نموونەیەکی بنەڕەتی هەموو ئالودەکانی تر دەبینێت. بە ڕای ئەو کەسی دەستپەڕچی بە پێچەوانەی کەسی ئالودە وێڵ و سەرگەردانی فالوسی خۆیەتی، چێژێک بۆ خۆی دروست دەکات کە بە سروشتی خۆی فالیکەیە. لوز، لەم بارەیەوە ئاماژە بە دیدی لاکان دەکات و دەڵێت : لاکان ئەم  ژویسانسە بە ( ژویسانسی گەمژە یان ئەوتیست) ناو دەبات. وردتر بڵێین، ژویسانسی کەسی ئالودە و یان مودمن مەرج نییە وەک ژویسانسی کەسی دەستپەڕکەر گەمژە وگەوجانە بێت، چونکە کەسی دەستپەڕکەر ئالودە و خولیای ئۆرگانەکەی خۆیەتی بە ڕیتمی خۆی دەگاتە سنوورەکانی ژویسانس، لە کاتێکدا ژویسانسی کەسی ئالودە لە جۆرێکی ترە و باجی خۆی هەیە، زۆر جاریش کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە، هەر بۆیەش دەسپەڕکردن بە پێچەوانەوە باجی لە سەر نییە و بە کێشە و گرفت دانانرێت و پیویستی بە چارەسەرکردنیش نییە.

سەڕەڕای ئەم ئاماژەکردنە بە ئالودەبوون وەک درێژکراوە و قەرەبووی خوە سەرەتایییەکەی مرۆڤ بە دەستپەڕکردن ‌هێشتا فرۆید هەر بە تێروتەسەلی باسی لەم بابەتە نەکردووە. پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی دەبێت گرفتی ئالودەبوون لە ئەدەبیاتی دەر٢ونشیکاری فرۆیدیدا بەو شێوەیە ون و پشتگوێخراو بێت؟  بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ڕەنگە ئەو ڕاستییە یارمەتیمان بدات کە فرۆید خۆی پەیوەندییەکی تەمومژاوی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەبووە. کاتێک بۆ یەکەم جار لە ساڵی (١٨٨٤)دا بەر کۆکاین دەکەوێت، بەکارهێنانی کۆکاین وەک مادەیەک و دەرمانێک بۆ چارەسەری گرفتی دەروونی سەرسامی دەکات. هەر ئەم سەرسامییەیشی بە ئەفسون و کاریگەریی کۆکاین وای لێ دەکات کە خۆی بۆ ماوەی (١٠) ساڵ بەکاری بهێنێت و دەربارەیشی بنووسێت. ئەو زانیارییانەی کە لەسەر ژیانی فرۆیدا لە بەردەستدایە بە تایبەتی لە نووسینەکانی بایۆگرافەرەکەیەوە، (ئێرنیست جۆنس)ەوە، پێمان دەڵێن کە ئەو بۆ خۆی زۆر ئارەزووی خواردنەوەی ماددە کحولییەکانی نەکردووە، جار جارەیەک پێکێک شەرابی هەڵداوە، وەلێ بێهودانە ئالودەی جگەرەکێشان و نیکۆتین  بووە بە ڕادەیەک کە لە ڕۆژێکدا زیاد لە بیست جگەرەی کێشاوە. تەنانەت ئەو کاتەیش کە دووچاری شێرپەنجەی ناودەم دەبێت و پزیشکەکان داوای لێ دەکەن کە دەستبەرداری نیکۆتن و جگەرە بێت، ئەوا بێهودانە دڵنیایان دەکاتەوە کە ناتوانێت ئەم کارە بکات نەک ئەوەیش بەڵکوو ڕازی نابێت کە داودەرمان بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی بەکار بهێنیت، لە بری ئەوە ماددە هۆشبەرەکانی وەک ئازارشکێن و باوەشکردن بە مەرگی خۆیدا  تا دوا ساتەکانی ژیانی بەکار دەهێنێت.

گەر ئەم ڕاستییەی ژیانی فرۆید خۆی بە هەند وەربگرین ئەوا دەتوانین بڵێین کە ئالودەبوون و دەروونشیکاری هەر لە سەرەتاوە دۆستایەتییەکی نزیکیان لەگەڵ یەکدا هەیە، ئەویش لە ڕیی ئەزموونی فرۆید خۆیەوە بۆ بەکار‌هێنانی کۆکاین بۆ ماوەی پتر لە دە ساڵ، لەملایشەوە پەیوەستبوونی بە نیکۆتینەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی. تەنانەت هەندێک لە نووسەرەکان پێیان وایە کە فرۆید زۆرترین کارەکان و نووسینەکانی لەو کاتانەدا ئەنجام داوە کە کۆکاینی بەکار ‌هێناوە و سەرمەست بووە بەو ماددەیە. گوایە نووسینەکانی زادەی خەیاڵ و وڕینە و کاریگەرییەکانی کۆکاینە، یاخود دەگوترێت کە دەستنەبردن و پشتگوێخستنی فرۆید بۆ بابەتی ئالودەبوون، زیاتر چەپاندن و نکوڵیکردنیەتی بۆ ئەو ماوەیەی ژیانی خۆی  کە بە (ماوەی بەکار‌هێنانی کۆکاین) دەناسرێت. لەبەر ئەوە شتێکی سەیر نییە کاتێک لاکان لە سیمیناری (XI)دا دەڵێت:

((ڕاستییەکە زۆر بە سادەیی یەک شتە، ئەویش ئارەزووی فرۆید خۆیەتی، حەقیقەتەکە ئەوەیە کە شتێک لە فرۆید خۆیدا هەیە، کە هەرگیز شیکار نەکراوە و ڕاڤە نەکراوە..)).  لاکان لە درێژەی قسەکانی سەبارەت بەم بابەتە پێمان دەڵێت: ((ئەم ئارەزووەی فرۆید نابێت لەسەر ئاستێکی سایکۆلۆژی و گشتی بخوێنرێتەوە و شیکار بکرێت بەڵکوو ئەمە زیاتر خاسیەت و سیفەتێکی شەخسی ئەوە. ئارەزووی فرۆید بریتییە لە ئارەزوو لە پێگەی ئۆبێکتێکەوە کە بەهۆی ئۆبێکتێکەوە دروست بووە. ئەم ئۆبێکتەش نەست و نائاگای فرۆیدە)). لاکان هەر لەسەر ئەم بابەتە بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ((ئەوەی کە من دەمەوێت باسی بکەم سەبارەت بە ناوی باوک (The Name of the Father) هیچ مەبەستێکی تری لە پشتەوە نییە، لە ڕاستیدا پرسیارکردنە لەسەر بنەچەی شتەکان، دۆزینەوەی ئەو ڕاستییە کە بە چ قازانجێک ئارەزووەکانی فرۆید توانیویەتی ئەزموونەکانی خۆی وەک دەروازەیەک بۆ دۆزینەوەی نەست و خودنائاگایی دیاری بکات. هەر بۆیەش بە دڵنیایییەوە زۆر گرنگە بۆ ئێمە کە بگەڕینەوە بۆ ئەم سەرەتایە گەر بمانەوێت لەوێوە دەست بە شیکاری خۆمان بکەین…)).

گرنگی ئەو زەمەنەی ژیانی فرۆید کە کۆکاینی تیادا بەکارهێناوە و لێی کۆڵیوەتەوە جێی سەرنج و بایەخی زۆرێک لە نووسەرانە و هەر یەکەشیان بە جۆرێک دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە، هەم لە فرۆید و هەم لە تێز و نووسینەکانی نزیک ببنەوە، بۆ نموونە (ڤێرا ئۆکامپۆ) بەم جۆرە باس لە کاریگەرییەکانی کۆکاین لەسەر ژیانی فرۆیدەوە دەکات: ((بەرکەوتنی فرۆید بە ماددە هۆشبەرەکان نەک بە تەنها ئارەزووی چاکبوونەوەی ئەوانی تری لە ناویدا زیندووکردەوە بەڵکوو ئاماژەیشە بۆ چاکردنەوە و تیمارکردنی خۆیشی (سیمپتومە نیرۆتیکییەکانی). هەر لە سەرەتاوە ئەم ئارەزوو و خولیایە وەک دوو دیوی یەک دروا دەردەکەون، دیوەکەی تری ئەم ئارەزووە فرۆیدییە، فلایشی هاوڕیی بوو وەک کەسێکی  ئالودە، وەلێ وەک ئیگۆ و ئایدیاڵی فرۆید خۆیشی، ئەو سروشتە گرفتئامیزەی ئالودەبوون، وای کرد فرۆید بیر لە ئارەزووەکانی خۆی بکاتەوە…)).

کەواتە گەر ئالودەبوون یەکەم ئۆبێکتی ئارەزووی فرۆید بوو بێت بۆ چارەسەرکردن لە ڕیی داودەرمانەوە، ئەوا لە هەمان کاتدا یەکەم بەربەست و یەکەم شکستیشی بووە لە ڕووی میتودە دەروونشیکاری و چارەسازییەکانی خۆیشیەوە. ئەو نە بە میتۆدەکانی دەروونشیکاری و نە بە دەرمان نەیتوانی گرفتی ئالودەبوونی هاوڕییەکەی چارەسەر بکات. ئەوەی جێێ سەرنجە لەو ماوەیەدا فرۆید هێشتا خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە وەک دەروونشیکارێک ئەمەیش  لە نووسین و نامەکانیدا بە ڕوونی دیارە، لە لایەکەوە خولیای ئەوە بووە کە وەک پزیشکیک کار بکات و بتوانێت لە ڕێێ دەرمانسازییەوە نەخۆشەکانی چارە بکات، وەلێ لە لایەکی تریشەوە ڕەخنەی توندی لە بەکارهێنانی دەرمان و دەرمانسازی کردووە و دژی بووە. وەک کەسێکی داکۆکیکار و دژ بە بەکارهێنانی داودەرمان بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشە دەروونییەکانی مرۆڤ وەستاوەتەوە. لە نووسینێکیدا بە ناوی (پرسە شیکارییەکان)دا، نووسیویەتی کە ئەو بۆ خۆی هیچ کات وەک پزیشکێک کاری نەکردوە، بە مانایەی سەرقاڵی ئازار و ئەشکەنجەکانی مرۆڤ نەبووە لە ڕووی پزیشکی و دەرمانسازییەوە، نەیتوانیوە ئازار و ناسۆرییەکانی مرۆڤەکان کەم بکاتەوە، چونکە ئەو بۆ خۆی مەیلە سادیستییەکانی هێندە بەهێز نەبوون تا یاریدەی بدەن ئەم کارە ئەنجام بدات. وەلێ ئەم نوقسانییە وای لێ نەکردووە کە دەستبەرداری نەخۆشەکانی بێت، بەڵکوو هەر ئەم هۆکارە دنەی داوە کە ئارەزووی کارکردن و لێکۆڵێنەوە لە نێرۆسدا بکات[3].

دیارە شکستی فرۆید وەک پزیشکێک لە چارەسەرکردنی نەخۆشەکانی شتێک نەبوو هەر وا بە ئاسانی بە سەریدا زاڵ بێت و پشتگوێ بخات، ئەوەتا لە نامەیەکیدا بۆ دەستگیرانەکەی (مارتا بێرنایس-) لە ساڵی (١٨٨٤) دا دەنووسێت: ((ئێستاکە دەتوانم هەست بەوە بکەم کە منیش پزیشکم، چونکە دواجار توانیم یارمەتیی نەخۆشێک بدەم و خوازیاریشم لە داهاتوودا بتوانم یارمەتیی کەسانی زیاتر بدەم)).

ناوەڕۆکی ئەم نامەیە ئەوەمان پێ دەڵێت کە فرۆید لە خەمی چاککردنەوە و تیمارکردنی نەخۆشەکانیدا بووە و ویستوویەتی دەرمانێک بدۆزێتەوە، مەبەستی لە بەکارهێنانی  ماددەی (کۆکاین)ە وەک چارەسەر. ئەمەیش ئاماژەیە کە لەو ماوەیەی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر کۆکاین بووە، باوەڕی تەواوی بە ئۆبێکتی فاڕماسازی(دەرمانسازی) هەبووە و ئیشی لەسەر کردووە، وەلێ دواتر ئەم خولیایەی یان باشترە بڵێین شکست و لە دەستدانی هیوا و فانتازییەکانی بۆ ئەو دەرمانە وەک ئۆبێکتێکی ئایدیاڵ لە بواری دەرمانسازیدا، وای لێ دەکات جەخت بخاتە سەر میتۆدە دەروونشیکارییەکانی، هەر لێرەیشەوە دەروونشیکاری لەدایک دەبێت.

ئەم دیدە دژبەیەک و پارادۆکسە بۆ خودی دەرمانسازی وەک ڕێگەچارەیەک بۆ گرفتی دەروونی لە لایەک و ڕەتکردنەوەی لە لایەکی ترەوە، ئەوەمان پێ دەڵێت کە لەو ماوەیەدا فرۆید نەک بە تە نها ئارەزووە نەستەکییەکانی دۆزییەوە بەڵکوو ئەو ئۆبێکتەیشی دۆزییەوە کە ئارەزوو دەخولقێنیت، وەلێ ئۆبێکتێک کە بۆ ئەبەد لەدەست چووە. ئەمەیش جیاوازییەکە لەنێوان ئۆبێکتی دەروونشیکاری وەک میتودی چارەسازی و ئۆبێکتی کۆکاین وەک ماددەیەکی ئایدیاڵ بۆ  چارەسەرکردن و ڕزگارکردنی مرۆڤ لە نەهامەتی و ئازارە دەروونییەکانی. کەواتە ئەم ماوە کۆکاینەی ژیانی فرۆید لەوەدا بۆ ئێمە گرنگە و بایەخی دەبێت کاتێک خۆمان یەکلایی بکەینەوە ژیرانەتر لە کارەکانی بکۆڵینەوە چونکە گەر جەخت لە سەر مێژوو و ژیانی ئەو بکەین، خۆمان سەرقاڵ بکەین بە ژیانی شەخسی فرۆید و سیمپتومەکانییەوە، ئەوا غەدرێکی گەورە لە دەروونشیکاری دەکەین وەک زانست و بەرهەمی دۆزینەوە و نووسینەکانی فرۆید. ئەوەتا کەسێکی وەک جان ئالۆچ دەڵێت: ((کاتێک پەیوەندیی فرۆید بە کۆکاینەوە وەک سیمپتوم ببینین، ئەوا بێگومان گرنگی ئەم سیمپتومە لە نووسینەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە- وەلێ سیمپتوکانی فرۆید خۆیان نانووسنەوە و ناگێڕنەوە- هەر بۆیە دەبێت بەم شیوەیە بیر بکەینەوە کە ئەو سۆز و پەیوەندییە دانەبڕاوەی فرۆید لە گەڵ کۆکایندا دەروازە و دەرگای تری لە بەردەم ئێمەدا کردۆتەوە، لەم ڕووەوە هەڵوەستەکردن لەسەر نووسینەکانی سەبارەت بە کۆکاین گرنگە بۆ تێگەشتنی ئێمە لەو دەروازە نوێێانە نەک خۆ خەریکردن بە ژیانی شەخسی فرۆیدەوە)).

کەواتە بۆ قسەکردنی زیاتر لەسەر ئەو ماوە کۆکاینەیەی ژیانی فرۆید، ئەوا پێویستە بە نووسینەکەی سەبارەت بە کۆکایندا بچینەوە و چەند سەرنجێکی  کورت بخەینە ڕوو.

 سەرەتا فرۆید بۆ یەکەمجار لە نیسانی ساڵی (١٨٨٤)دا لە  نامەیەکدا بۆ مارتای دەستگیرانی، باس لە دەستپێکردنی پرۆژەکەی لە بارەی کۆکاینەوە دەکات، بە (بە پرۆژە چارەسازییە)کەی ناوی دەبات و دەنووسێت: (خەریکی خوێندنەوەم سەبارەت بە کۆکاین، گەڵای کۆکاین لەلایەن خێڵە هندییە سوورەکانەوە بەکار هاتووە، خەڵکی لەوێندەرێ بەکاریان هێناوە تا بتوانن بەرگەی نارەحەتی و نەبوونی ژیان بگرن. ئەڵمانییەکانیش ئەم ماددەیەیان بۆ سەربازەکانیان بەکار هێناوە و ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە توانا و وزەی مرۆڤ زیادە دەکات. من بۆ خۆیشم هەندێک بەکاری دەهێنم و تاقی دەکەمەوە، هەر وەک چۆن لەسەر ئەو نەخۆشانەشم کە گیرۆدەی نەخۆشی و دڵ و دەمارن تاقی دەکەمەوە، بە تایبەتی لەو حاڵەتانەدا کە نەخۆشەکە مۆرفینی لێ دەبڕدرێتەوە تەواو پەرێشان دەبێت، ڕەنگە کەسانی تریش وەک من لە سەرهەمان بابەت ئیش بکەن و لەم ماددەیە بکۆڵنەوە، خۆ ڕەنگیشە نەشگەینە هیچ ئەنجامێک، وەلێ تۆ دەزانیت کاتێک کە مرۆڤ هەوڵ دەدات و بەردەوام دەبێت لە هەوڵ و تەقەلاکانی ئەوا زوو بێت یان درەنگ هەر سەردەکەوێت..[4])

سیگمۆند فرۆید (١٨٥٦-١٩٣٩) فەیلەسووف و دەروونشیکاری ئەڵمانی

دواتر لە تەمموزی ساڵی (١٨٨٤)دا فرۆید نووسینەکەی بە ناوی (Uber Coca)[5]ی بڵاو کردەوە. ئەم تێکستە ڕەنگدانەوەی سۆز و سەرسامبوونی فرۆیدە بە ئەفسون و سیحری کۆکاین. سەرەتا بە وەسفێکی وردی کۆکاین وەک ڕووەکێک دەست پێ دەکات، دواتر بەکار‌هێنانی لە ڕووی مێژوویییەوە لە وڵاتی پێرۆ و هاتنی بۆ ئەوروپا بەردەوام دەبێت. لە درێژەی نووسینەکەیدا باس لە کاریگەرییەکانی ئەم ماددەیە لەسەر هەردوو مرۆڤ و ئاژەڵ دەکات. لە کۆتاییی نووسینەکەشیدا تیشک دەخاتە سەر ئەگەرەکانی چارەسەرکردن لە ڕێی کۆکاینەوە بۆ گەلێک لە نەخۆشییە فیزیکی و دەروونییەکان. هەر لە سەرەتاوە سیفەت و خاسیەتەکانی ئەم ماددەیە فرۆید سەرسام دەکات، کە ئەویش زیادکردنی توانای فیزیکی و ئەقڵی مرۆڤە بۆ کارکردن بەبێ خواردن و خەو، لەم بارەیشەوە دەڵێت: (بەکارهێنانی کۆکاین بە دۆزێکی ڕێکخراو و سنووردار تەندروستی مرۆڤ باشتر دەکات و خراپی ناکات، نەک ئەوەیش بەڵکوو تەمەنیش درێژتر دەکات..[6]).

کاتێک باس لە کاریگەرییەکانی کۆکاین دەکات هەم لەسەر خەڵکانی تر و هەم لەسەر خودی خۆیشی ئەوا  فرۆید ئەوەی بۆ دەرکەوت کە کاریگەریی ئەم ماددەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆرێت. ناتوانین بڵێین کە کەسەکان بە هەمان شێوە و وەک یەک و بە یەک ئاست دەکەونە ژێر کاریگەرییەکانی کۆکاینەوە. ئەم دەرئەنجامەیش تا ئێستایش لە ڕووی زانستییەوە هیچ تازەگەرییەکی و گۆڕانێکی بە سەردا نەهاتووە. فرۆید پێی وایە کە کۆکاین بە شیوەیەکی ناڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر دەررونی مرۆڤ و هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لە سەر جەستە نییە، ئەوەی بەرزونزمی و ڕادەی ئەم کاریگەرییەش دیاری دەکات بارودۆخی ڕەوانی و دەررونی مرۆڤەکەیە و نەک سروشتی ماددەی کۆکاین. ئەم پێشبینیەشی وای لێ دەکات بگاتە دوو دەرئەنجام سەبارەت بە بەکارهێنان و کاریگەریی کۆکاین لەسەر مرۆڤ:

 یەکەم- کۆکاین کاریگەرییەکەی بێشووماری هەیە لەسەر ئەو کەسانەی کە باردۆخی ژیانیان سەخت و دژاورە یان با بڵیین دەروون خەمۆک، بێدەرەتان و زەبوونن.

 دووەم- کاریگەریی کۆکاین کەمترە لە سەر ئەو کەسانەی کە کێشە و گرێی دەروونی گەورەیان نییە، کەسانی خۆشگوزەران وخۆشنوودەن. ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە باری ڕەوانی و دەروونی مرۆڤ لە کاتی هەستکردن بە شادومانی و خۆشنوودیدا هەمان کاریگەری وەک کۆکاینی هەیە. بەم مانایەش مرۆڤ ئالودەی خودی ماددەکە نابێت بەڵکوو ئالودەی ئەو کارگەرییە کە بەکارھێنانی ئەو ماددەیە بۆی دروست دەکات، لە  دۆخێکی دەروونییەوە، لە حاڵەتێکەوە دەیبات بۆ حاڵەتێکی تر. خودی ئەم کاریگەرییەش شتێکی گشگیر نییە  بەڵکوو لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. لە کاتی خۆیدا فرۆید جەختی لە سەر ئەو خاڵە کردۆتەوە کە ئەو کەسانەی کە بێدەرەتان و لاوازن لە ڕووی دەروونی و ڕەوانییەوە ناتوانن کۆنتڕۆڵی بەکار‌‌هێنانی ئەم ماددانە بکەن و لە کۆتاییدا هاوکێشەکە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە، ماددەکە تەواو کۆنتڕۆڵی کەسەکە دەکات تا دەیگەیەنێتە دۆخی زەبوونی و نابووتی تا دەگاتە لەدەستدانی ژیان و مردنیشی.

لە دوا بەشی نووسینەکەیدا فرۆید باس لە دۆخە وروژێنەر و خرۆشینەرەکەی مرۆڤ دەکات دوای ئەوەی کە کۆکاین بەکار دەهێنێت بە تایبەتی بۆ کەسانێک کە خاوەنی بەدەنێکی بەهێز و تەندروستن، لێرەدا ئاماژە بە خۆیشی دەکات وەک خاوەن جەستەیەکی تەندروست و دەڵێت: (کاریگەریی کۆکاین لە سەر ئەم جۆرە کەسانە کاریگەرییەکی درێژ خایەنە لە زیادکردنی توانا و وزەی بەدەنی و ئەقڵی بۆ ئیشکردن و ئەنجامدانی کارێکی زۆر بە بێ هەستکردن بە هیلاکی و بێ ئەوەی مرۆڤ پێوستی بە نانخواردن یان بە خەوتنی زۆر بێت). لەمبارەیشەوە پەیوەندی و کاریگەریی کۆکاین لەسەر جەستەی مرۆڤ وەک ئۆرگانیزم و سیستمێک بۆ سێ فاکتەر دەگەڕینێتەوە کە ئەمانەن:

یەکەم: جۆری سیستمەکە یان ئەو ئۆرگانیزمەی کە کۆکاین دەچێتە ناوییەوە و تێکەڵی دەبێت.

دووەم: ئەو ووزە زیندوووەی کە لە ناو خودی ئۆرگانیزمەکەدا هەیە و دەکەوێتە ژێر کاریگەری و تێکەڵبوونی کۆکاینەوە.

 سێهەم: چۆنیەتیی گۆڕینی ئەم وزەیە بۆ کارکردن. وەلێ کۆکاین کەی و لە چ دۆخێکدا دەچێتە ناو ئۆرگانیزمەکەوە، چۆن بەکار دەهێنرێت؟ ئەمانە ئەو پرسیارانە بوون کە فرۆید  لەو کاتەدا هەوڵی داوە وەڵامیان بداتەوە ئەویش لە ڕێی بە ئاماژەکردن بە چەند نووسەرێک کە ئەوانیش لەو کاتەدا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە لە سەر هەمان بابەت بوون. فرۆید جەخت لە سەر کاریگەریی کۆکاین دەکاتەوە و بە ((سەرچاوەی کۆکردنەوە و پاراستنی وزە)) ناوی دەبات. لەمبارەیەوە دەڵێت: (ئەو سیستمەی کە تەنانەت دۆزێکی کەمی کۆکاینی وەرگرتووە و هەڵمژیوە ئەوا وەک دەرئەنجام و کاریگەریی ئەو ماددەیە بۆ سەر جەستەکە-سیستمەکە دەتوانێت ئەو وزە زیندووە و بێشوومارە بگۆڕێت بۆ کاروچالاکیەکی زۆر، کە لە دۆخی ئاساییدا بەبێ وەرگرتنی کۆکاین کارێکی مەحاڵە و ناکرێت. دیسان گەر خودی ئەو کاروچالاکییانە بە ڕێژەیەکی دیاریکراو دابنێن، ئەوا ئەو جەستەیەی کە کۆکاینی هەڵمژیوە دەتوانێت بە کەمترین مێتابۆلیزم: واتە بە کەمترین بڕی خواردن ئەو کارانە ئەنجام بدات).

سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکانی لە سەر ئاژەڵ بە تایبەتی لەو خاڵەی کە پەیوەندی بە بەکارهێنانی وزەی زیندووی خەزنکراوەوە هەیە، فرۆید گەشتە ئەو دەرئەنجامەی کە لە ئاژەڵدا کۆکاین نابێتەوە بە -سەرچاوەی پاراستنی  وزە _چونکە ئەو ئاژەڵانەی کە کۆکاینینان لە سەر تاقیکرابووەوە زووتر لە ناو دەچوون یان بێوزە و شەتەک و ماندوو دەمانەوە بە جیاوازی بەوانەی کە کۆکانینیان وەرنەگرتبوو. لەمبارەیشەوە دەڵێت: ئەم دەرئەنجامە  پێچەوانەی ئەوەیە کە ئێمە لە مێژوودا هەمانە و بەرگوێمان کەوتووە. بۆ سەلماندنی تێزەکەی فرۆید ئاماژە بە ڕووداوێکی مێژوویی دەکات کە لە ساڵی (١٧٨١) و لە شاری لاپاز (La Paz) ڕووی داوە، ئەو کاتەی خەڵکی ئەو شارە لە ژێر ئابڵوقی داراییدا بوون و لە ژێر هەڕەشەی برسێتی و نەماندا بوون. ئەوا بە تەنها ئەو کەسانە توانیویانە بمێننەوە بەرگەی برسێتی بگرن کە کۆکاینیان بەکار هێناوە. فرۆید خۆی دەپرسێت کە ئایا چ جیاوازییەک لەنێوان ئاژەڵ و مرۆڤدا هەیە؟ ئەگەر جیاوازیش هەبێت، ئەو جیاوازییانە چین؟ هەڵبەت لە کاتی خۆیدا نەیتوانیوە وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە، بەڵکوو وەک پاساوێک بۆ قبوڵكردنی تێزەکەی لە لایەن دەستەی پزیشکانی ئەوسای ڤێینا و هاوکات بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتر بۆ لێکۆڵینەوەکانی  فەراهەم بکات هەر ئەوەندەی وتوە: (سیفەتە باش و چارەسەرییەکانی کۆکاین کە ئێمە وەک ئارگومێنت بەکار دەهێنین شایانی ئەوە نییە پێشوەخت و بێ چاوخشاندنەوە بە سوودە زۆرەکانی، ڕەت بکرێتەوە و نکوڵی لێ بکرێت…).

هەر لە هەمان نووسیندا سەبارەت بە بەکارهێنانی کۆکاین لە بری مۆرفین وەک چارەسەرێک بۆ ڕزگاربوون لە ئالودەبوون بە ماددەی مۆرفین، ئەوا فرۆید پێی وایە کە کۆکاین کاریگەرییەکی بەهێز و دژی هەیە لە سەر مۆرفین و دەتوانێت مرۆڤ رزگار بکات لە ئافاتی ئالودەبوون بە مۆرفین. لە تێکستەکەیدا ئاماژە بە لێکۆڵینەوەی یەکێک لە پزیشکەکان دەکات بە ناوی (دکتۆر. جوزێف پۆڵاک) لە سەر نەخۆشێکی ژن بە سەریەشەی شەقیقە (مایگرێن) کە هاوکات لەگەڵ سووڕی مانگانەدا تووشی دەبوو. فرۆید دەڵیت وەک پشتگیرییەک بۆ تێزەکەم پێمباشە ئاماژە بە کارەکەی دکتۆر جوزیف بکەم کە لەمبارەیەوە نووسیویەتی: (ژنێکی تەمەن سی و دوو ساڵ کە بە دەست نەخۆشیی شەقیقەوە لە کاتی سووڕی مانگانەدا ئەیناڵاند و گیرۆدە بوو، تاکە چارەیەکیش لەو کاتانەدا بۆ ئەم نەخۆشە لێدانی دەرزی مۆرفین بوو. ئەگەرچی ژنەکە لە کاتی ئاساییدا و لەو کاتانەی کە سەری نەدەیەشا هیچ کات ئارەزووی بەکار‌هێنانی مۆرفینی نەبوو. وەلێ کاتێک سەریەشەکەی بۆ دەهات وەک ئالودەیەک بە مۆرفین ڕەفتاری دەکرد. دوای چەند سەعاتێک لە وەرگرتنی دەرزی مۆرفین، تووشی خەمۆکی و  بێزاری لە گەڵیدا هێڵنجدان و ڕشانەوە دەبوو، هەموو ئەم ناڕەحەتی و ئازارەنەیش بە لێدانی دەرزی دووەم دەوەستێنرا. وەلێ سیمپتومی دەرزی دووەمی مۆرفینەکە وەک بێهودەیی و هیلاکی هاوکات لەگەڵ  کاریگەریی هێرشی شەقیقەکە ژنە نەخۆشەکەی بۆ سێ ڕۆژ لە جێگەدا لە دۆخێکی تەواو خراپدا دەخست. دواتر کۆکاینمان بەکار ‌هێنا وەک هەوڵێک بۆ زاڵبوون بە سەر شەقیقەکەدا، بەڵام خودی چارەسەرییەکە سەرکەوتوو نەبوو بۆ وەستانی ئازاری شەقیقەکە، چونکە کۆکاین ئازاری سەریەشەکەی نەدەوەستان، هەر بۆیەش دەبوو بگەڕێنەوە سەر بەکارهێنانی دەرزی مۆرفین، واتە دەبوو دەرزی یەکەم وەربگرێت بۆ خودی چارەسەری ئازاری شەقیقەکە، بەڵام کۆکاینمان بڕی (1dg)  بەکارهێنا کاتێک کە سیمپتومەکانی ئالودەبوون بە مۆرفین لە سەر ژنەکە دەردەکەوتنەوە، بەمەیش نەخۆشەکە لە ماوەیەکی کورتردا بەبێ دەرزی دووەمی مۆرفین لە سەریەشەکەی ڕزگاری بوو..).

لە درێژەی باسەکەیدا سەبارەت بە بەکارهێنانی کۆکاین وەک چارەسەرێک بۆ ڕزگاربوون لە  ئالودەبوون بە ماددە کحولییەکان، فرۆید دەڵێت لە ئەمەریکادا کۆکاین وەک چارەسەرییەک بۆ ئەلکهولیزمی درێژخایەن، شان بە شان بۆ چارەسەرکردنی ئالودەبوون بە مۆرفین بەکار هاتووە. فرۆید جەختی لە سەر ئەم بابەتە کردووە دەڵێت: (چەندین ڕاپۆرتمان لە بەردەستدایە کە باس لە چارەسەرکردن لە هەردوو دۆخەکەدا دەکەن. سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەلکهولیزم چەندین حاڵەتمان هەیە کە بە سەرکەوتوویی کەسەکە توانیویەتی یان بە تەواوی دەستبەرداری کحول بێت وە یان خورادنەوە کەم بکەنەوە). دواتر لە بەشێکی تری ئەم نووسینەدا دێمەوە سەر دیدی فرۆید سەبارەت بە ئەلکهول و کەسی ئەلکهولی.

لە دوا بەشی نووسینەکەیدا فرۆید باس لە کۆکاین وەک ورووژێنەری شەهوەتی سێکسی دەکات و لەمبارەیەشەوە دەڵێت: (خەڵکانی ئەمریکای باکوور خوادوەندی جوانیان بە شیوەیەک شوبهاندوە و وێناکردوە کە گەڵایەکی کۆکاین لە ناو دەستەکانیدایە. هەر بۆیەش گومانم لە وزە ورووژێنەرەکەی کۆکاین بۆ زیادکردنی وزەی سێکسوالیتی نییە).

 لێرەیشدا ئاماژە بە لێکۆڵینەوەی چەند نووسەرێک دەکات لەوانەیش (مانتێگەزا) کە جەختی لە سەر توانا ورووژێنەرەکەی کۆکاین کردووە بە تایبەتی بۆ کەسانی بەساڵاچوو کە توانای سێکسیان زیادی کردووە دوا بە دوای بەکارهێنانی کۆکاین. ئەگەرچی مانتێگەزا باوەڕی بەوە نەبووە کە ئەم کاریگەرییەی کۆکاین لە کەسەکاندا بە یەک جۆر بێت بەڵکوو دیسانەوە لەم خاڵەیشدا لە کەسێکەوە  بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. سەبارەت بە ئەزمونە کلینیکییەکانی خۆی لەمبارەیەوە، فرۆید دەڵێت: لە نێو ئەو کەسانەی کە کۆکاینم پێداون سێ حاڵەتی توندوتیژیی شەهوەتی سێکسی تۆمار کردووە کە دەتوانم بێگومان بیبەستمەوە بە بەکارهێنانی کۆکاینەوە. لەوانەیش نەخۆشێکی نووسەری گەنج بوو کە بەکار‌هێنانی کۆکاین یارمەتی دا بگەڕێتەوە سەر ئیش و نووسینەکانی دوای نەخۆشییەکی دریژخایەن، وەلێ بە هۆی کاریگەرییە لاوەکی و نەخوازراوەکانی کۆکاینەوە، ناچار بوو واز لە بەکارهێنانی بێنێت.

لە سەر کاریگەریی کۆکاین لە سەر بەدەن و جەستەی مرۆڤی تەندروست و لەشساغ، فرۆید دەڵێت کە ئەو تاقیکردنەوەکانی هەم لە سەر خەڵكی و هەمیش لە سەر خۆی ئەنجام داوە، دەرئەنجامی تاقیکردنەوەکانیشی تا ڕادەیەکی زۆرهاوشیوەیە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی مانتێگەزایە. بە وردیش باس لە بڕی ئەو کۆکاینە دەکات کە یەکمجار بۆ خۆی بەکار‌ی هێناوە، وەسفی دۆخە دەروونییەکەی خۆی دەکات کە چۆن لە دۆخێکی دەروونی تا ڕادەیەک لاوازەوە گۆڕاوە بۆ دۆخێکی باشتر بە وزە تر. فرۆید دەڵێت دوای چەند چرکەیەک لە خواردنی کۆکاین جۆرێک لە خرۆشان و هەستی خۆشی و سووکوسۆڵی بە لەشمدا هاتووە کە پێشتر ئەزموونم نەکردووە. هەڵبەت لە تێکستەکەدا بە وردی باس لە ڕێژە و بڕی ئەو دۆزەی کۆکاین دەکات کە ڕۆژانە خۆی بەکاری هێناوە و هاوکات کاریگەرییەکانی  لە سەر جەستە و دەروونی تۆمار کردووە، وەلێ من لێرەدا بە گرنگی نازانم کە باس لەم وردەکارییانە بکەم چونکە پەیوەندی بە کرۆکی بابەتەکەی ئێمەوە نییە.

دواجار دوای نزیکەی ساڵیک لە لێکۆڵینەوە و نووسین سەبارەت بە کۆکاین، لە مانگی مارسی ساڵی (١٨٨٥)دا فرۆید کورتەی نووسینەکەی سەبارەت بە لێکۆڵێنەوەکانی لە سەر کۆکاین لە بەردەم دەستەی سایکایتری ڤێینادا خوێندەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا بەر لەوەی باس لە کۆکاین بکات وەک ماددەیەک بۆ چارەسەرکردنی کەسە ئالودەکان بە مۆرفین، باسی لە خاسیەتێکی تر و بەکارهێنانێکی تری گرنگی ماددەی کۆکاین لە بواری دەرمانسازیدا، وەک چارەسەرێک بۆ نەخۆشیی دەروونی کرد، کە لەو کاتەدا فرۆید پێی وابووە کە ئەم بەکارهێنانە بە قازانجی سایکایتریدا دەشکێتەوە. ئەو دەڵێت: (سایکایتری دەوڵەمەندە بە ماددە ‌هۆشبەرەکان کە دەتوانرێت بیخاتە خزمەت و بەکار‌هێنانی مرۆڤایتییەوە بۆ زیادکردنی چالاکییەکانی مێشکی مرۆڤ.  وەلێ هەر لە هەمان کایەدا، کەموکورتییەکی زۆر هەیە  لە بەکارهێنانی ئەو ماددانەی کە دەتوانن وزە و برە و بدەن بە سیستمی مێشکێکی خەمۆک و پەشێو. هەر بۆیەیش سروشتییە، کە ئێمە لێرەدا سوود لە کۆکاین وەربگرین کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد لە فۆڕمەکانی نەخۆشیدا و ڕوومان کردەوە، کە  بە لێکدانەوەی ئێمە  دەتوانێت کاریگەریی بێشووماری هەبێت لە سەر  دۆخی لاوازی و خەمۆکی سیستمی نیرۆس لەو کاتەدا کە خودی خەمۆکی و لاوازییەکە پەیوەندی بە  بوونی ئافاتێکی ئۆرگانییەوە نییە. ئەوەی ڕاستیش بێت کۆکاین هەر لە سەرەتای دۆزینەوەیەوە وەک چارەسەرێک بۆ هیستریا و هیپۆکۆندۆریا (دڵەڕاوکێ و واسواس)…هتد بەکار هاتووە…)[7].

ئەم پەرەگرافەی سەرەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە فرۆید پێی وابووە کە کۆکاین سوودبەخشە وەلێ وەک دەرمانێک لە بواری دەرمانسازیدا کە دەتوانرێت بەکار بهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی تێکچوون و لاوازی  دۆخی دەروونی کە خودی دۆخەکە بە هۆی کێشەی ئۆرگانییەوە دروست نەبووە. هەڵبەت ئەم دەرئەنجامەیشی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەکارهێنانی کۆکاین لە دۆخی نالەباری و تێکچوونی دەروونیدا جۆرێک لە خۆشی و خرۆشی بۆ کەسەکە دروست دەکات و لە دۆخێکی دەروونی نالەبارەوە دەیخاتە دۆخێکی دەروونی باشتر. پرسیارەکەی فرۆیدیش لە کاتی خۆیدا هەر ئەوەبوو، کە بۆچی ئەم ماددەیە بۆ نەخۆشییە دەروونییەکان، کە خودی نەخۆشییەکە پەیوەندی بە تێکچونی سیستمەکە نییە واتە نیرۆتیکی نییە، بە تایبەت هیستریا زۆر باش ئیش دەکات؟ بەڵام بەر لەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بزانین گرنگە بگەڕینەوە سەر خاڵیکی گرنگ ئەویش ئاماژەی فرۆید بۆ (..لاوازی  و خەمۆکی دۆخی دەروونی مرۆڤ بەبێ بوونی نەخۆشییەکی ئۆرگانی). ئەم دەستەواژەیە لە هزری فرۆیدیدا بۆ خۆی بە گۆڕان دادەنرێت. چونکە گەر بگەڕینەوە سەر ساڵانی نێوان (١٨٨٢-١٨٨٥) دا، ئەوا  دەبینین کە ئەو لەو ماوەیەدا کارێکی زۆری لە سەر هەردوو بواری ئاناتۆمی نیرۆس و سایکۆلۆژیای نیرۆسدا کردووە. لە چواچیوەی کارە تیۆرەیەکانیدا بۆی دەرکەوتووە کە هیستریا و زۆرێک لە نەخۆشییە دەروونییەکانی تریش بنەمایەکی ئۆرگانیان نییە، واتە خودی سیستمەکە نەخۆش نییە بەڵکوو بەر ئازار و ئەشکەنجە دەکەوێت. هەر بۆیەش کاتێک کە نووسراوەکەی لە سەر کۆکاین خوێندەوە باسی لەو دۆخە دەروونییانەی مرۆڤ کرد کە بێ بوونی نەخۆشیی ئۆرگانی دروست دەبن، هاوکات باسیشی لە گرنگی کۆکاین کرد وەک چارەسەرێک. ئەم باز‌هەڵدانە لە فیکری فرۆیدیدا سەبارەت بە نەخۆشیی دەروونییەکان بەبێ بوونی هۆکارێکی ئۆرگانی بۆ خۆی جێی سەرنجە، کە لە کاتی خۆیدا وەڵامی تەواوی بۆ تێزەکەی نەبوو. سەرسامی و سۆزی فرۆید بۆ کۆکاین و بەکار‌هێنانی و کاریگەرییەکانی لە سەر دەروونی مرۆڤ شتێک نەبوو هەر وا بە ئاسانی تێپەڕێت بەڵکوو ئارەزووی بۆ کۆکاین، هاوکات شکستیشی لە گەشتن بە ئامانجەکەی، وای لێ کرد کە  ئەفسانەی لێبیدۆ بدۆزێتەوە و بیبەستێتەوە بە وزەی سێکسی مرۆڤەوە. ئەم ئارەزووە بەردەوام دەبێت تا دواتر لە ساڵی (١٩٢٠) واتە دوای سی و پێنج ساڵ لە کارکردن و نووسین لە کتێبی (لە سەروو پرەنسیپی چێژەوە)، فرۆید ئەوە دەدۆزێتەوە کە پرەنسیپێکی تر_چێژێکی تر مرۆڤ بەڕێوە دەبات کە دەکەوێتە سەروو پرەنسیپەکانی ترەوە.

بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ماوە کۆکاینەی فرۆید بهێنن هەم لە ژیانی خۆیدا و هەمیش وەک ئۆبێکتی چارەسازی و یاخود وەک فانتازی فرۆید بۆ کۆکاین وەک چارەسەرێکی پزیشکی و دەرمانسازی، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە دوو ساڵ دوای بڵاوبوونەوەی یەکەم نووسراوی سەبارەت بە کۆکاین لە مانگی حوزەیرانی ساڵی (١٨٨٧)دا فرۆید دوا نووسین و سەرنجی  خۆی سەبارەت بە کۆکاکین بە ناونیشانی (گەڕان بە دوای و ترس لە کۆکاین)دا بڵاو دەکاتەوە و تا بەم نووسینەیشی کۆتایی بەو زەمەنەی ژیانی خۆی و بەکارهێنانی کۆکاین بهێنێت. جێی باسە کە  لە ماوەی نێوان بڵاوکراوەی یەکەم و دووەمدا، ئەو زیاتر و زیاتر سەرقاڵی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هیستریا بوو کە بە ڕوونی ئاماژەکانی کۆکاین دەبینین بە سەر ئەم بابەتەوە. هەڵبەت با بیرمان نەچێت لە کاتی خۆیدا و ئیستاش، فرۆید بەوە تاوانبار دەکرێت کە دەستێکی باڵای لە بڵاوبوونەوەی کۆکایندا هەیە. کۆکاین وەک ئافاتی سێهەمی دژ بە مرۆڤایەتی، شانبەشانی ئالودەبوون بە ئەلکهول و مۆرفین. بەڵام دەبێت ئەوەیش لە یاد نەکەین کە لە هەمان نووسراودا فرۆید خۆی دان بەو ڕاستیەدا دەنێت کە بەکارهێنانی کۆکاین بۆ کەسانی ئالودە بە مۆرفێن شتێکی باش و بەسوود نییە و ئەنجامێکی باشی نابێت چونکە کۆکاین دەبێتەوە بە جێگرەوەی مۆرفین، واتە خودی ئالودەبوونێکەوە دەمێنێتەوە، ئەوەی کە دەگۆرێت ئۆبێکتی ئالودەکەیە. لەمبارەیەوە دەڵێت: (هەموو ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە ئالودەبوون بە کۆکاین و زەرەر و زیانەکانی کە لە ئەنجامی بەکار‌هێنانی کۆکاینەوە دووچاری مرۆڤ دەبێت ئەوەمان پێ دەڵێن، لێرەدا  ئاماژە کەسی ئالودە بە مۆرفین دەکات، ئەو کەسانەی کە پێشوەخت لە چنگی شەیتانێکی تردان و دەناڵێنن زۆر لاواز و بێئیرادەن، ئەوەندە بێدەرەتان و ناسکن لە ڕووی دەروونییەوە کە ھەر شتێکی تر بکەوێتە بەردەستیان وەک فریادڕەسێک ئەوا پەلاماری دەدەن و خراپ بەکاری دەھێێن یاخود نازانن چۆن بەکاری بهێنن. کۆکاین بانگەشەی تری نییە و بۆ خۆیشی هیچ قوربانییەکی نییە..[8] ) . هەمیسان گەر بە ووردی لەم بۆچوونەی بکۆڵینەوە ئەوا هەر دەگەینەوە سەر هەمان دەرئەنجامی یەکەمی کە ئەویش کۆکاین بۆ خۆی نابێت بە هۆی دروستبوونی ئالودەبوون بەڵکوو ئەوە دۆخ و باری دەروونی کەسەکەیە کە کاریگەریی کۆکاین و خودی ئالودەبوونەکەیش دروست دەکات. هەر ئەمەیش وادەکات کە کاریگەرییەکانی کۆکاین لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگۆڕیت.

فرۆید و فانتازیای لەدەستچوو

وەک پێشتر باسمانکرد لەو ماوەیەی کە فرۆید سەرقاڵی نووسین لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە کۆکاین بوو، تەواو باوەڕی بەم ماددەیە بووە وەک دەرمانێکی ئایدیاڵ و بێوێنە بۆ چارەسەری زۆربەی گرفتە دەروونییەکانی مرۆڤ. وەلێ  بەکار‌هێنان و لێکۆڵینەوەکانی لە سەر کۆکاین وەک زانایەک و پزیشکێک لەگەڵ فانتازیا و خەیاڵەکانیدا وەک مرۆڤ یەکی نەگرتەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە دەبوو دەستبەرداری فانتازیای خۆی و ئۆبێکتی فانتازیەکەشی بێت، هەر لە سەرو بەندی ئەو ماوەیەدا فرۆید وەک دەروونشیکارێک لەدایک دەبێت و بەردەوام دەبێت. لێرەیش بەدواوە حەز و ئارەزووی فرۆید بۆ کۆکاین کاڵ بووەوە و نەیتوانی خۆی بنووسێتەوە، وەلێ ئۆبێکتی ئارەزووەکەی و فانتازییەکەی ڕێی بۆ کردەوە بۆ دۆزینەوەی ئۆقیانوسە ڕەشەکەی مرۆڤ کە نەست و خودنائاگاییە.

لە ساڵی (١٨٨٨)دا، دوای دەستبەرداربوون لە کۆکاین هەم وەک فانتازیای پزیشکی و هەمیش وەک ئۆبێکتی چیژ و وزە بۆ فرۆید خۆی، وتارەکەی بە ناوی هیستریا بڵاو کردەوە و لەو وتارەیشدا جارێکی تر ئاماژە بە ماددە ژەهراوییەکان-تۆکسیکەکان لەوانەیش ئەلکهول دەکات و بە ماددەی مەترسیدار و دەرەکی ناویان دەبات کە مەترسیی خراپیان بۆ سەر دەروونی مرۆڤ هەیە. ماددە هۆشبەرەکانیش بە یەکێک لەو ماددانە دادەنێت کە دەبێتە هۆی ئەگەری دروستبوونی هیستریا لە مرۆڤدا، لەمبارەیەوە دەڵێت:

((.. ئەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی حاڵەتی نەخۆشیی هیستریای کتوپڕ ئەمانەن: تراوما، ماددە ژەهراوییەکان لەوانەیش ئەلکهول، ئازار و ناسۆری، هەڵبەز و دابەزی هەستوسۆز، نەخۆشیی درێژخایەن و تاقەتپڕۆکێن، هەر شتێکی تر کە بتوانێت کاریگەرییەکی زۆر هەبێت بۆ سەر دەروونی کەسەکە….)).

وەک دەبینین دوای چوار ساڵ لە خولیا و سەرسامی فرۆید بۆ کۆکاین وەک دەرمانێکی بێ هاوتا و ئایدیاڵ  بۆچارەسەری نەخۆشیی دەروونی و کەمکردنەوەی ئازار و ناسۆرییەکانی مرۆڤ، سەرسامبوونی  خۆیشی بە بەکار‌هێنانی کۆکاین وەک سەرچاوەی وزەیەکی بێشوومار بۆ مرۆڤ کە لە ڕییەوە بتوانێت بێ خەو و خواردن هەموو چالاکییەکی زەینی و جەستەیی ئەنجام بدات. وەلێ لێرەدا بە پێجەوانەوە فرۆید خۆی بە درۆ دەخاتەوە و پێمان دەڵێت کە بوونی ئەم جۆرە لە دەرمان وەهمێکە و هیچی تر، شتێک نییە بە ناوی دەرمانێک کە بتوانێت مرۆڤ ڕزگار بکات لە ئازار و ناسۆرییەکانی، نەک ئەوەیش بەڵکوو هؤشداریمان لە  بەکار‌هێنانی ئەم جۆرە ماددەیەدا دەداتێ، تەنانەت لە حاڵەتی توشبون بە هیستریای کتوپڕیشدا، فرۆید پێی باش نییە کە مرۆڤ هانا بۆ ئەم جۆرە ماددانە بەرێت و خۆی پێ فێر بکات. چونکە بە قازانجی نەخۆشەکە ناکەێتەوە بەڵکوو زەرەر و زیانەکانی زیاترە. ئەوەی جێی سەرنجە  کە لەم وتارەشیدا فرۆید باس لە ئالودەبوون ناکات بەڵکوو بە تەنها بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ چارەسەکردنی نەخۆشیی دەروونی بە تایبەتیش هیستریا ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: (سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین کە ئێمە هیچ  چارەسەرییەکی دەرمانسازی بە باش نازانین وپێشنیاریشی ناکەین، وەکچۆنیش هۆشداری دەدەین بە بەکار‌هێنانی هەموو جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر لەم دۆخانەدا. چونکە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە دۆخی هیستریای کتوپڕدا هیچ نییە جگە لە هەڵەیەکی گەورە نەبێت کە بەرامبەر بە نەخۆشەکە دەکرێت..)).

دواتر لە ساڵی (١٨٩٠)دا لە نووسینێکیدا بە ناوی (چارەسەرە فیزیکییەکان)دا، بە تایبەت لە سەر بابەتی چارەسەرکردن لە ڕیی خەولێخستنەوە(Hypnotic Treatment) نووسیویەتی کە نابێت هیپنۆسس وەک دوا میتۆدی چارەسەری بەکار بهێنرێت بۆ هەموو نەخۆشییە دەروونییەکان بەڵکوو ئەم میتودە زیاتر لە حاڵەتی نەخۆشیی دەروونی یان ڕەفتار و خووی ناتەندروست وەکو ئەلکهولیزم، ئالودەبوون بە مۆرفین یان لادانی لە ڕووی سێکسوالیتیەوە سوودی هەیە. وەک دیارە لێرەدا فرۆید ئاماژە بەوە دەکات کە میتۆدی خەولێخستن تەنها لەو کاتانەدا بەکار بهێنرێت کە خودی نەخۆشیەکە یان ڕەفتارو خووەکە وەک لە حاڵەتی ئالودەبوون بە ئەلکهول و ماددە هۆشبەرەکان کە هۆکارێکی ئۆرگانی لە پشتەوە نییە، ئەمەیش ئاماژەیەکی روونە کە  خودی ئالودەبوونی بە نەخۆشی نەبینیوە. بۆ ئەوەی زیاتر لە دیدی فرۆید نزیک بینەوە سەبارەت بە ئالودەبوون و ئاماژەکانی ئەوا پێویستە باس لە دیدی ئەو بکەین لە سەر ئەلکهول و کەسی ئەلکهولی.

فرۆید سەبارەت بە ئەلکهول و کەسی ئەلکهولی

ئەوانەی لە دوور و نزیک کەسێکی ئالودە بە ئەلکهول بناسن هەست بەوە دەکەن کە یەکێک لە میکانیزمی بەرگریی ئەم کەسانە  نکوڵیکردن و نەبینیی خۆیانە وەک کەسی ئالودە و گیرۆدە بە دەستی ئەلکهولەوە. وەکچۆنیش ناتوانن دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە مەشروب خواردنەوە تا ڕادەی ئالودەبوون کردوونی بە کەسی نابووت و نەکردە و زەبوون. دوورخستنەوەی کێشەکە لە خۆیان و بینینی خۆیان لە دەوەوەی سیپمتومەکانی ئالودەبوونیان بە ئەلکهول یەکێکە لە کێشە گەورەکان نەک هەر بۆ خۆشیان بەڵکوو بۆ کەسانی دەوروبەریشیان. چونکە ئالودەبوون بە ئەلکهول هێندە گرفتئامێز و ئاڵۆزە ناتوانین سیمپتومەکانی لە خودی کەسەکان جیا بکەینەوە. بە جۆرێک کەسەکە لە گەڵ شەرابەکەی تێکەڵ و ئاوێزانی یەکتر دەبن، کە ئەوانەی لە دەرەوەی کەسەکەن ناتوانن مەزەنەی ئەوە بکەن و تێبگەن، کامە شەرابەکەیە و کامە خودی کەسەکەیە. ناتوانیت دڵنیا بیت لێیان ئەو کاتەی سنورری نێوان شەرابەکە و کەسەکە نامێنێت و هەردووکیان دەبن بە یەک، ئەستەمە بزانیت چ کاتێک  لە خۆشەویستیداین یان چ کاتێک پڕاو پڕ دەبن لە ڕق، کەی باشە دەکەن و کەی بە هەدووکیان پەلامارت دەدەن. هەر بۆیە تا کەسەکە ئالودەتر بێت خودی ئەو میکانیزمە بەرگرییانەیشی بۆ شاردنەوەی ئالودەبوونەکەی توندتر و بەهێزتر دەبن و بە فۆڕمی جیاواز خۆیان نمایش دەکەن، لەوانەیش درۆکردن، نکوڵیکردن، بەرپرسیارکردنی ئەوانی تر وەک سەرچاوەی کێشەکانی و دۆزینەوە و قۆستنەوەی هەموو هەلێک و هەڵەیەک لەوانی تردا تا بیکاتە بەهەنایەک بۆ باوەشکردن بە بوتڵی شەرابەکەیدا وەک خۆشەویشترین خۆشەویست. ئەوانی تر بۆ کەسی ئەلکهولی سەرچاوەی غەم و ئازار و ناسۆرین. ئەوە گوناھ و خەتاباری ئەوانی ترە کە جوانی، زرنگی، سۆز و خۆشەویستی ئەم نابینین، ئەوانی تر تەنانەت لە ئاستی تێگەشتن و زیرەکی و ژیری ئەمدا نین. ھیچ کاتێکش ھەست بەو خۆشەویستی و سۆزە ناکەن کە لە دڵی ئەمی (مودمن-ئالودە) ھەڵدەقوڵێت بۆیان. بۆیە ئەوانی تر جێی بەزەیی و سۆزی ئەم نین و شایانی ئەوە نین کە ئەم ئاوڕیان لێ بداتەوە. کاتێک کەسی ئالودە، دەرەوەی خۆی بە دۆزەخی خۆی ببینێت ئەوا تاکە بەهەشتێک و فریادڕەسێک، کە هیچ کات لێی وەڕس نابێت و هەمیشە باوەشی کراوەیە بۆی تا لە ئامێزی بگرێت، بوتڵە شەرابەکەیەتی، بوتڵە شەرابەکەی وەک تاقانترین و میهرەبانترین یار دەتوانیت بە بێدەنگی باوەشی بۆ بکاتەوە و وێنا ئایدیاڵەکەی خۆی بۆ دووپات بکاتەوە. ئەو وێنە خەیاڵییەی کە کەسی ئالودە بۆ خۆی هەیەتی و گەرەکیەتی ئەوانی تریش لەو جێگەیەوە بیبینن و تەماشای بکەن.

فرۆید درکی بەم گرفتەی کەسی ئەلکهولی  کردووە لە نامەیەکدا بۆ فلایشی هاوڕی کە بە ڕەشنووسی (H) ناو دەبرێت سەبارەت بە پارانۆیا نووسویەتی، باسی لەم نکوڵیکردنەی کەسی ئالودە  بە مادە ئەکهولیەکاندا  کردووە و دەڵێت: (کەسی ئەلکهولی هەرگیز بۆ خۆی ناتوانێت دان بەو ڕاستییەدا بنێت کە مەیخواردنەوە نابوت و کەموکورتی کردووە. لە گەڵ ئەوەی کە  بەرگەی زەبری خواردنەوە دەگرێت کەچی ناتوانێت بەرگەی ئەو ڕاستییە بگرێت و درکی پێ بکات کە ڕسوای دەستی خورادنەوەیە. لە مەغزی ئەودا، ئەوە گوناهی ژنەکەیەتی و ئەو دەبێت لۆمە بکرێت بۆ ئەم ڕسوایییە- ئەوەی پێدەڵێن وەهمی ئیرەیی و ئەو شتانەی تریش… کەسی ئەلکهولی دەڵێت: گرفتی سێکسوالیتیم هیچ پەیوەندییەکی بە خواردنەوەی منەوە نییە، بەڵکوو ئەوە ژنەکەمە کە دەبێت لۆمە  و سەرزەنشت بکرێت).

 هەڵبەت ئەمە یەکەم جارە کە فرۆید باس لە ئەلکهۆلیزم بکات و بیبەستێتەوە بە سێکسوالیتیەوە، ئەوەیش گرنگە بزانین کە ئەم ئاماژەیەی لە کۆنتێکستی پارانۆیادا کردووە. خاڵیکی تری گرنگ کە ئەو لەو نامەیەدا ئاماژەی پێ کردووە، نکولیکردنە لای کەسی ئەکهولی وەک میکانیزمێکی بەرگری، گوناهبارکردن و لۆمەکردنی ئەوانی تر وەک سەرچاوەی کێشەکانی و نەهامەتییەکانی.  جارێکی تریش لە تێکستەکەیدا سەبارەت بە شرێبەر فرۆید باسی لە وەهمی ئیرەیی لای کەسی ئەلکهولیست کردووە. هەمیسان لە نامەیەکی تردا، بۆ فلایشی هاوڕێ کە مێژووەکەی بۆ ساڵی (١٨٩٦)دا دەگەڕیتەوە، وە ئەم نامەیەش بە ڕەشنوسی (K) دەناسریتەوە، ئاماژەی بە مەیخواردنەوە وەک سیندروم(Dipsomania)[9]، وەک سیمپتومی لاوەکی کردووە. ئەم سیمپتومەیش وەختێک دروست دەبێت کە پاڵنەرە نیرۆتیکییەکان لە واسواس و کەلكەڵە و دەگوازرێنەوە بۆ ئەنگێزەی بزوێنەر و جووڵەیی و دەبنەوە  بەدژێک و بەرگرییەک بەرامبەر بە خودی واسواسییەکە.

جێی باسە کە فرۆید لە نووسینێکی تریدا بە ناوی ((سەرنجی زیاتر سەبارەت بە نێرۆسایکۆسی بەرگری-Further Remarks on the Neuro-Psychoses of Defence )) لە ساڵی (١٨٩٦)دا، دەگەڕیتەوە سەر بابەتی ئیرەیی لای کەسی ئەلکهولیست و جارێکی تر ئالودەبوون وەک دۆخێکی سڕبوون بۆ مێشک وەسف دەکات، کە بە هۆیەوە مێشک بەرگری لە خۆی بەرامبەر کاریگەریی واسواسبوون دەکات. دیسانەوە خواردنەوە وەک سیمپتومی لاوەکی لە نێو نیرۆسە وەسواسییەکاندا دەبینێت کە وەزیفەکەی تەنها سڕکردنێکی کاتییە و هیچی تر.

هەر لە سەر هەمان بابەت لە نامەیەکی تریدا بۆ فلایشی هاوڕێ بە بەرواری یانزەی کانونی دووەمی ساڵی  (١٨٩٧) ئەوەی نووسیوە کە: (دیسپۆمانیا لە ڕێێ و بەهۆی چڕبوونەوە، یان باشترە بڵێین جێگرتنەوەی ئەنگێزەیەکی سێکسی لە بری یەکێکی تر دروست دەبێت. هەروەها ئاماژەیشی بەوە کردووە کە هەمان شت دەتوانین سەبارەت بە کەسی قومارچی بڵێین).

ئەمەیش یەکەمجارە کە فرۆید بە دیاریکراوی ئاماژە بە ئالودەبوون بکات لە هەردوو حاڵەتی ژەهراویبوون-تۆکسیکۆمانیا و قومارکردندا و بیبەستێتەوە بە سێسکسوالیتەوە. واتە ئالودەبوون بە قەرەبوو و جێگرەوەی ئارەزووە-غەریزە سێکسییە چەپێنراوەکان بیبینێت. هەڵبەت جارێکی تر دێتەوە سەر ئەم باسە و لە نووسینەکەیدا لە سەر دۆستویڤسکی باس لە گرفتی قومارکردن وەک قەرەبوویەک بۆ ئارەزووە بە دینەهاتوو و چەپێنراوە سێکسیەکان دەکات. لە بەشێکی تری ئەم نووسینەدا دێمەوە سەر باسی ئالودەبوون بە قومار و دۆستۆیڤسکی وەک قومارچییەک.

ئێستا با بگەڕینەوە سەر گرفتی ئیرەیی لای کەسی ئەلکهولی و پەیوەندی بە سێکسوالیتیەوە، ئەوا فرۆید لە شیکارییەکەی خۆیدا لەمبارەیەوە زیاتر قووڵ دەبێتەوە و لە ساڵی (١٩١١)دا، لە وتارێکیدا بە ناوی (سەرنجە دەروونشیکارییەکان لە سەر کەیسێکی ئۆتۆبایۆگرافی دەربارەی پارانۆیا)دا پێمان دەڵێت کە: ((لە هەموو ڕوویەکەوە  ڕۆڵی ئەلکهول و کاریگەرییەکانی لە سەر وەهمی ئیرەیی لای کەسی ئەلکهولی  شتێکی بەرچاوە و دیارە. ئێمە ئەوە دەزانین کە سەرچاوەی چێژ بۆ کەسی ئەلکهولیست جیاوازە و لە جۆرێکی ترە. لە ڕاستیدا ئەوە بە تەنها نائومێدی و ڕەنج بەخەساری پیاو نییە بە ژنەکەی، کە بە ناوی ئیرەیییەوە بەرە و خورادنەوە کێشی دەکات و وای لێ دەکات ڕووە و قاپی مەیخانەکان مل بنێت و لەگەڵ پیاوی تردا مەی نۆش بکات، بەڵکوو ئەوە ئەو چێژ و خۆشییە کە پیاوانی تر پێ دەدەن، ئەو پیاوانەی کە شادی و چێژی پێ دەبەخشن و جێی ژنەکەی بۆ دەگرنەوە، ئەو خۆشنودەیی و چێژەی کە نەیتوانیوە لە ژنەکەی و  لە ماڵەکەی خۆیدا وەریبگرێت. کەواتە گەر ئەو پیاوانە ببنەوە بە سەرچاوەی لێبدۆ و چێژ لە نەستی پیاوی ئەلکهولیستدا، ئەوا دواجار دێت و ئەم چێژە لیبیدۆیەی نەستی خۆی پێچەوانە دەکاتەوە و لە بری ئەوە دەڵێت، ئەوە من نیم کە ئەو پیاوانەم خۆش دەوێت، حەزم بە تێکەڵبوونیانە، بەڵکوو ئەو ژنەکەمە کە خۆشیدەوێن و حەزی پێیانە و ئارەزوویان دەکات، نەک هەرئەوەیش بەڵکوو گومان دەکات و پێی وایە کە ژنەکەی پەیوەندی لەگەڵ هەموو ئەو پیاوانەدا هەیە کە ئەم خۆی پەیوەندی پێیانەوە هەیە و خۆشی دەوێن و لەگەڵیاندا هەڵسوکەوت دەکات….[10]).

دیارە فرۆید باسەکەی لە سەر ئیرەیی لای پیاوی ئەلکهولیست کردووە، وەلێ ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی ئەم ئیرەیییە نەکردووە کە چۆن لە فۆڕمی توندوتیژی لە ناو خێزاند بەرامبەر بە ژن و مناڵەکانیدا خۆی بەرجەستە دەکات. کەم نین چیرۆکی ئەو ژنانەی کە بە تاریکی و لە نیوەی شەو بە شەقی پیاوە سەرخۆشەکانیان دەکرێنە دەرەوە و دەبنە قوربانیی تاوانێک کە نەیانکردووە. لە بەشێکی تری ئەم نووسینەدا سەبارەت بە ئالودەبوون پەیوەندی بە توندوتیژی خێزانییەوە دێمەوە سەر ئەم باسە. وەلێ لێرەدا بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆکی ئەو پەرەگرافەی سەرەوە بگەین، پێویستە بگەڕینەوە سەر ئەو سیاقەی کە خودی نووسینەکەی تیادا نووسراوە.

وەک پێشتر باسمان کرد فرۆید لە سەروبەندی نووسینەکانی سەبارەت بە  پارانۆیا ئاماژەی بە ئالودەبوون کردووە، بە تایبەتیش ئالودەبوون بە ئەلکهول. ئەو پێی وایە کە سەرچاوەی سەرەکیی پارانۆیا دەگەڕیتەوە بۆ حەز و فانتازیای (هۆمۆسێکوێلی) پیاوێک بۆ خۆشەویستیی پیاوێکی تر. خودی هاوکێشەکەیش لای فرۆید بەم جۆرەیە:

 من (کە پیاوم) ئەوم خۆشدەوێت (کە پیاوە)! ئەم فانتازیایە لە نەستدا بە سێ جۆری جیاواز و دژبەیەک خۆی بەیان دەکا: جۆری سێهەمیان کە دەتوانین بەم جۆرە ئاماژەی پێ بکەین: ئەوە ژنەکەمە ئەو پیاوەی خۆشدەوێت کە من خۆشم دەوێت- کە ئەمەیش پێچەوانەی دەستەواژەی یەکەمە و هەر ئەمەیشە وەهمی ئیرەیی دروست دەکات و گرێی دەروونی پیاوی ئەلکهولی ئاڵۆزتر دەکات و لە شوێنێکدا ڕووبەڕوی دەبێتەوە بە گژیدا دەچێتەوە کە خودی خۆی لەوێ نییە. بەم شێوەیەیش وەهمی ئیرەیی کەسی ئەلکهولیست یەکێکە لەوانەی سەرەوە. واتە ئەو پیاوەی لە نەستیدا ئاغا و باڵایە، پیاوێکی تری خۆشدەوێت و حەزی بە گەعدە و دانیشتنە لە گەڵ پیاوێکی تر و ئارەزووی دەکات، ئەمی ئەلکهولیست نییە، ئەو پیاوە هەمیشە لە بەرگێکی تردا خۆی نیشان دەدات و خۆی دەیخزێنێتە ناوی یەکێکی تر- حەزو هەوەسی خۆی لە ناو ژنەکەیدا دەبینێتەوە و هەر لە ناو ئەویشدا پەلاماری دەدات. 

وەک نکولیکردن لەم فانتازیایەی نەستی خۆی بە بوونی پەیوەندییەکی لیبیدۆیی لەگەڵ پیاوانی تردا، ئەوا کەسی ئەلکهولیست پێویستی بەمیکانیزمێکی بەرگرییە تا خۆی لە گوناهی ئەم حەز و ئارەزووە سێکسییەی خۆی ڕزگار بکات. ئەویش بە بیرکردنەوە لەوەی کە ئەوە ژنەکەیەتی نەک خۆی کە پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ ئەو پیاوەدا یان پیاوانی تردا هەیە، ئەوە ژنەکەیەتی کە مایەی شەرم و بێ ئابڕووییە، هەر ئەویشە کە شایەنی لۆمە و سەرزەنشتکردنە. مەسەلەی چوونی پیاو بۆ مەیخانە و نۆشینی مەی لە مەیخانەکان ئەگەر لە لایەکەوە پەیوەندی بەوەوە بێت کە پیاو لە ماڵەکەی و ژنکەی خۆی بێزارە، هەر بۆیە کوچەی مەیخانەکانەکان دەگرێت ئەوا لە لایەکی ترەوە پەیوەندی بە ترسی پیاوەوەیە لە ژن، ترسی لەدەستچوونی ئۆبێکتی خۆشەویستییەکەی. با بیرمان نەچێت تا هەستی ئیرەیی لای کەسی ئەلکهولیست زیاتر و زیاتر بێت ئەوا پەیوەندی لەگەڵ ئۆبێکتی خۆشەویستییەکەی تۆکمەتر و باڵاتر دەبێت، بە جۆرێک کە ئیتر ناتوانیت لە یەکتریان جیا بکەیتەوە. ڕەنگە هەر ئەم هۆکارەیش بێت  کە ئالودەبوون بە ئەلکهول بە زەبرترین و قورسترین جۆری ئالودەبوون دابنرێت لە ڕووی چارەسەری کلینیکییەوە، زۆر جار گوێمان لەوە دەبێت کە ڕزگاربوون لە ئالودەبوون بە ماددە ‌هۆشبەرەکان ئاسانترە وەک لە ئالودەبوون بە ئەلکهول.

با بزانین فرۆید بە چ شیوەیەک باس لە پەیوەندیی نێوان ئۆبێکتی لەدەستچوو لە گەڵ بەکارهێنانی ماددە تۆکسیکەکان-ژەهراوییەکان لەوانەیش ئەلکهول دەکات؟

لە وتارێکیدا لە سالێ (١٩١٧)دا، بە ناوی (تازێباری و مێلانخۆلیا) دا، ئەو باس لەوە دەکات کە ئەوە بە تەنها ئەلکهول نییە کە بەربەستەکان لە بەردەم کەسی ئەلکهولیستدا ناهێڵێت و بە هۆیەوە خۆی لێ دەبێتە ئایدیاڵی خۆی، بەڵکوو زمانیش یارمەتی گۆڕێنی (Sublimation) باڵایەتی دەدات. لێرەدا فرۆید سەرنجمان بۆ پەیوەندیی نێوان کحول (ماددە هۆشبەرەکان) لە گەڵ زماندا ڕادەکێشێت. گەر ئەو تێزە بە هەند وەربگرین کە پێی وایە باڵایەتی گۆڕانی ئەنگێزەکانە بۆ بەرهەمی کولتووری لە ڕێێ زمانەوە ئەوا ئاماژەکردنی فرۆید بۆ چەمکی باڵایەتی لەم سیاقەدا ئەوەمان پێ دەڵێت کە بەکار‌هێنانی مەی و ئەلکهول (ماددە هۆشبەرەکان) دەتوانێت وەک ڕازیبوون و تێربوونێکی کاتی ئەنگێزەکان کار بکەن و کە کاریگەرییەکەی لە هی زمان و کەمتر نییە.

هەر لە سەروبەندی ئەم ساڵانەدایە کە فرۆید تێزەکانی سەبارەت بە فانتازیا، سێکسوالیتی مناڵانە، کاریگەری و بونیادی گرێی ئۆدیپوس لە سەر دەروون و لە هەموویشی گرنگتر تێزەکەی سەبارەت بە  تراوما ڕاست کردەوە و جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ئەشکەنجە و ئازاری مرۆڤ و تراوماکانی پەیوەندیی بە جەزرەبە و و زەبرە دەرەکییەکانەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بەو پرۆسە و کارلێکانەوە هەیە کە لەناو دەروونی مرۆڤ خۆیدا ڕوو دەدەن. کەسە نیرۆتیکییەکان قوربانیی دەستی هۆکاری دەرەکی نین بەڵكوو ئەو زام و برینەی لە خۆیانیان دەردەکات و گیرۆدە و هیلاکیان دەکات لە ناو هەناوی خۆیانەوە هەڵدەقوڵێت.

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم سەرەتایە لە هزری فرۆیدا دەتوانین ئاماژە بە نامەیەکی تری بۆ فلایشی هاوڕێ بکەین کە لە کانونی دووەمی ساڵی (١٨٩٩)دا نووسیویەتی: (سەرەتا بەشێکی شیکارەکانم جەختکردنەوە بوو لەسەر ئەوەی کە فانتازییەکان بەرهەمی قۆناغیێکی ترە کە دواتر دەخرێتەوە ناو  قۆناغی مناڵییەوە و هەر لەوێشدا ئامادەگیان هەیە، خودی ئەو دۆخەیەیش کە فانتازییەکەی تێدا خوڵقاوە ھەر دەخزێتەوە ناو قۆناغی مناڵییەوە، ئەمەیش لە ڕێی و بە پەیوەندی لەگەڵ زماندا دەکرێت. وەلێ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا لە قۆناغی مناڵیدا چی ڕووی داوە؟ ئاوا دەڵێین کە ‌هیچ ڕووی نەداوە! وەلێ مییکرۆبی ئەنگێزە سێکسییەکان لەوێیەوە دروست دەبن و لەدایک دەبن. دواتر و لە بەشی دووەمی لێکۆڵینەوەکانم لە مانای بەشێکی گرنگی تری دەروون تێگەیشتم کە بە ڕای من گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ تێگەیشتن لە قۆناغە سەرەتایییەکانی سیمپتومەکان کە تەنانەت دەکەونە پێش بوون و درکردن بە فانتازیاوە…).

ئەم نامەیەی سەرەوە درێژکراوەی هەمان نامەیە، کە لە (21 september) ساڵی (1897)دا بۆ فلایشی هاوڕێی دەنوسێت و لێرەدا فرۆید ئاماژە گرنگەکەی دەکات و دەڵێت: (لە نەستی مرۆڤدا هیچ ئاماژەیەک بە بوونی حەقیقەت نییە. هەر بۆیەیش کارێکی ئاسان نییە بتوانین لە ناو نەست و نائاگاییدا خەیاڵ لە واقیع جیا بکەینەوە…).

لە  ھەمان وتاری مێلانخۆلیا و تازێباریدا،  فرۆید باس لە پەیوەندیی نێوان میڵانخۆلیا لەگەڵ مەستبوون بە ئەلکهول دەکات و پێی وایە هەردوو دۆخەکە ناتەندروست و پاتەلۆژین وەلێ لە حاڵەتی مێلانخۆلیادا خودی لە دەستدانەکە وا دەکات کە سوبێکت خەمۆک، بێدەرەتان و بێوزە بێت و هەست بە بەتاڵی و پووچی بکات. لە کاتێکدا لە کاتی مەستبوون بە ئەلکهول سوبێکت هەست بە شادی و وزەیەکی کاتی دەکات، وزەیەکی زیادە کە وای لێ دەکات نەسرەوێت(Manic)، لە هەموو شوێنێکدا بێت و لە ‌هیچ شوێنێکیشدا خۆی نەگرێت. ڕەنگە لێرەدا پرسیار بکەین و بڵێن مێلانخۆلیا چ پەیوەدنییەکی بە ئالودەبوون و نۆشینی شەرابەوە، یان هەر ماددەیەکی تری هۆشبەرەوە هەیە؟ یان پرسیار بکەین و بڵێن کە بۆچی ژەهراویبوون-تۆکیسکبوون بە ئەلکهول بە نەخۆشی دادەنرێت، لە کاتێکدا ئەلکهول دەبێت بە مایەی خۆشی و شادی بۆ کەسەکە، وزەیەکی زیادەی پێدەبەخشیت. ئایا خودی لە دەستچوونەکە لە کوێدا خۆی مەڵاس داوە؟

بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەیش بدەینەوە دەڵێن خودی ئالودەبوون خۆی کێشە و گرفت نییە بەڵکوو کاردانەوەیە، سیپتومە بۆ کێشەیەکی قووڵتر کە سوبێکت بە دەستیەوە دەناڵینێت. ئالودەبوون میکانیزمی بەرگرییە بۆ ئازار و ناسۆرییەکی قووڵ بۆ لەدەستدانێک کە زۆر جار سوبێکت خۆیشی نازانێت پەنجە بخاتە سەر سەرچاوەی ئازار و نوقسانییەکەی. کەواتە لەم ڕوانگەیەوە بێت ئەلکهول ماددە هۆشبەرەکان دەبنەوە بە شتگەلێک کە سوبێکت بەکاریان دەهێنن تا گەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت خۆشی و شادی  پێبەخشێت، خۆی پێ سڕ بکات. ئازارەکانی کەم بکاتەوە، کە زۆر جار خۆیشیان نازانن سەرچاوەی ئەو ئازارانە چین لە کوێوە هاتون.  لە دۆخی ئالودەبوونیشدا هەر وەک مێلانخۆلیا کێشەکە هەر بە تەنها ئەوە نییە کە چ شتێک لەدەستچووە چونکە ئەو شتەی کە لە دەستچووە بە ڕوونی دیار نییە کە چییە، شتێکە بێ ناو و بێ شوناسە. تەنانەت لەو کاتەنەیشدا کە کەسی مێلانخۆلی-ئالودە، درک بەوە دەکات یان ئەگەر بشزانێت کێی لەدەستچووە! ئەوە نازانێت چی لە ناو ئەو کەسەدا لەدەستچووە، وەیان بۆ چ شتێک لەناو ئەودا دەگەڕێت وعەوداڵ و سەرگەردانی چییە. 

هەر بۆیەش تێمای ئۆبێکتی لە دەستچوو بابەتێکی گرنگ و زیندووە لە هزری دەروونشیکاری فرۆیدیدا.   لە ساڵی (١٩١٧)دا، لە وتارەکەیدا بە ناوی (پاشکۆی مێتاسایکۆلۆژی سەبارەت بە تیۆریی خەون) فرۆید باس لە ئۆبێکتی لەدەستچوو دەکات. ئەو پێی وایە کە خەونەکانمان بریتین لە جۆرێک لە وڕێنەکردن بۆ گەشتن بە حەز و ئارەزووەکانمان. لێرەیشدا بەراوردێک لەنێوان خەونبینین و خودی ئەو  دۆخە نەخۆشیە-پاتۆلۆژیەدا کە تایبەتە بە خەونبینین دەکات. لە هەندێ دۆخی دەروونیدا ئیگۆ دەبێت ڕووبەڕووی نوقسانییەکەی خۆی بێتەوە، ئەو نوقسانییەی کە ناتوانێت بەرگەی بگریت و قبوڵی بکات وەلێ هەمیشە دوایدەخات و نایەگەێنێتە خۆی و درزێک لەنێوان خۆی و نوقسانیەکەیدا دەهێڵێتەوە. خودی ئەم دواخستنە درز و دەلاقەیەک بۆ سوبێکت دەهێڵیتەوە تا بتوانێت لە ڕێی فانتازیا و حەز و ئارەزووەکانی ناەوەی خۆیەوە  نوقسانیەکە بکاتە دەرەوەی خۆی، وە لە باشترین شێوەدا لە ڕێی وڕینەکردنەوە دەبێت. فرۆید دەنووسێت:

(ڕەنگە بویڕم و پێشنیاری ئەوە بکەم کە پەیوەندیی نێوان وڕینەی ژەهراوی- تۆکسیک، لیرەدا مەبەستم لە وڕینەی ئەلکهولە وەک نموونە، دەبێت هەر بەم شیوەیە لێی تێبگەین، لێرەیشدا ئەو نوقسانییەی کە سوبێکت ناتوانێت بەرگەی بگرێت و قبوڵی بکات و شتێکە واقیع بە سەریدا سەپاندوە وەک لەدەستدان و نەبوونی ئەلکهولە هەر کات ئەوەی دەستکەوت ئەوا نوقسانییەکەی تر-ئۆبێکتی لەدەستچوو کە مەبەستی خودی ئەلکهولە- خۆی پڕ دەکاتەوە ئەوکاتەیش لە وڕێنەکردن دەوەستێت… با بڵێین دیمەنەکە بەم شێوەیە: کەسێک لە دۆخی ژەهراوی- تۆکسیکبوندا بە جۆرێک هەڵەشە و نەسرەوتە لە ڕەفتار و جووڵاوەنەیدا چونکە دڵخۆش و خۆشنودەیە. وەلێ دەبێت ئەم پەیوەندییە ساختەیە ڕاست بکرێتەوە، چونکە حەقیقەتەکە ئەوەیە کە نەزمی ئابووری میشکی سوبێکت لە لایەکەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئارەزووەکەی پڕ بۆتەوە، ئەوەیش وای لێ دەکات هێندە دڵخۆش و رۆح ئاسودە بێت، لە لایەکی تریشەوە خەمبارە چونکە هیچی لە باردا نییە و دەستەوسانە بەرامبەر نوقسانییەکەی).

مەبەستی فرۆید لێرەدا ئەو دۆخە دەروونییە نەسرەوت و مانیکیەیە کە کەسی ئەلکهولیست ئەزموونی دەکات. ئەو هەستە دژبەیەک و پارادۆسکەی کە بەهۆی کاریگەریی ئەلکهولەوە دروستدەبێت. هەستی خۆشی و ناخۆشی، پێکەنین و گریان، قۆشمە و نوکتە یاخود هەوڵی کەسی ئەلکهولیست بۆ قسەکردنی جدی  لە سەر بابەتەکان کە ئەمەیش لە حاڵەتی سەرخۆشیدا، زۆر جار هەر بە دیمەنی کۆمیدی تەواو دەبێت، چونکە خودی هەوڵەکە سروشتێکی کۆمیدی لە خۆی دەگرێت بەو مانایەی کە کەسەکە دەیەوێت نمایشی شتێک بکات کە خۆی نیەتی و نوقسانییە تیایدا. لە بەشێکی تری ئەم نووسینەدا دێمەوە سەر باسی کۆمیدیا- نوکتە و پەیوەندی بە ئالودەبوونەوە.

 لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە  فرۆید خودی وڕێنەکردنە نابەستێتەوە بە پێکهاتەی کیماویی ئەلکهولەوە وەک ماددەیەکی ژەهراوی – تۆکسیک بەڵکو دەیبەستێتەوە بە لە دەستدانی ئۆبێکتی خۆشەویستییەوە لە واقیعدا کە خودی ئەلکهولە. واتە وڕێنەکردن قەرەبوویەکی دەروونییە بۆ لەدەستدان کە بە هۆی نەبوون و نوقسانییەوە دروست دەبێت. بە ڕای فرۆید ژەهراویبوون بە ماددە کحولییەکان کە سەر بە هەمان دۆخ و حاڵەتی دەروونییە و هاوشیوەی وڕینەکردنە، هەر بۆیەش پێویستە بە هەمان شێوە ڕاڤە بکرێت، ئەویش کە لەم دۆخەیشدا جۆرێک لە دواخستن و دوورخستنەوەی تێدایە. کەواتە با بزانین  ئەو پەیوەندییەی لەنێوان سوبێکت و ئەلکهولدا هەیە هاوکات دەبێتە هۆی دروستبوونی وڕینەکردن چۆن دروست دەبێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەیش پێویستە بگەڕینەوە سەر ئەو دۆستایەتییەی کە هەر لە سەرەتاوە لە سەر نوقسانی دروست بووە و پەیوەندییەکی دانەبڕاویشی لەگەڵ  سوبێکت و ئۆبێکتە لەدەستچووەکەی هەیە. ئەوا بە کورتی دەگەڕینەوە سەر خوێندنەوەی فرۆید سەبارەت بە وڕێنەکردن لە هەردوو مناڵ و گەورەدا کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ لەدەستچوون. بەم مانایەش وڕینەکردن قەرەبوویەکی دەروونییە بۆ لەدەستچوونێکی ڕاستەقینە هاوکات ئاماژەیە بۆ ئارەزووکردنی ئەو شتەی کە لەدەستچووە. مناڵی بچووک وڕینە بە مەمکی دایکییانەوە دەکەن چونکە بە تەنها مەمکی دایکە کە دەتوانێت ڕازی و تێریان بکات. وڕینەکردنیش بۆ مناڵ تاکە ڕیگەیەکە کە بەهۆیەوە گوزارشت لە ئۆبێکتی لەدەستچوو بکەن، کە خۆی جەستەی دایکە، ئەو جەستەیەی کە لێیان تابو کراوە و ناتوانن جارێکی تر پێبگەنەوە. ئەم نوقسانییە یان ئەم ئۆبێکتە لەدەستچووە لە هزری لاکانیدا بە ئۆبێکتە بچکۆلە ناسراوە، لە بەشی دووەمی ئەم نووسینەدا بە ناوی (ئالودەبوون لە دیدی لاکانەوە) دێمەوە سەر ئەم باسە.

کەواتە با بگەڕینەوە سەر چێژ لای کەسی ئەلکهولیست. فرۆید لە کتێبی (شارستانیەت و ئاکاماکانی)دا باس لە بێتوانایی و بێهودەییی مرۆڤ لە گەشتن بە خۆشنودەیی دەکات. کاتێک کە  مرۆڤ هیچ ڕێگەیەک نادۆزێتەوە بۆ گەشتن بە چێژ و خۆشنودەیی ئەوا دواجار پەنا دەباتە بەر جۆرێکی تر لە چێژ کە بە

 (چیژی درێژخایەن بە ژەهرەوایبوون)ی ناو دەنێت. هەڵبەت فرۆید لەم کتێبەدا باس لە ڕۆڵی شارستەنیەت دەکات و پێی وایە کە خودی شارستانیەتیش ڕێگەیەکە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان، بە مانایەی کە شارستەنیەت ئەو چێژ وحەزانەمان  بۆ ڕێک و جۆر دەکات کە دەتوانین دەستمانکەوێت هاوکاتیش ئەوانەیش کە بۆمان نییە و ناتوانین چنگمان  بکەوێت. ئەوەی کە جێی سەرنجە بۆ فرۆید کە تەنانەت زانست و ئاینیش ناتوانن لە باریاندا نییە کە مرۆڤ تەواو دڵخۆش و شادومان بکەن، نەک ئەوەیش بەڵکوو دەگاتە ئەو ڕاستییە بەڵگەنەویستەی کە مرۆڤ ھەمیشە عەوداڵی خۆشبەختییە وەلێ دەستیانکەوێت. ئازار و ئەشکەنجە قەدەری مرۆڤە، مرۆڤ ئازار بە دەست پیربوون و ئەفەرۆزبوون لە جەستەی خۆی دەکێشیت، ئازار لە دەستی سروشت و جیهانە ترسناکەکەی دەرەوەی خۆی دەکێشێت، ئازار بە دەست تەنیایی و ئەشکەنجەی ترس لە تەنیایی دەکێشێت. تەنانەت ئەو کاتەنەیش کە مرۆڤ لە خودا نزیک دەبێتەوە یان خۆی دەخاتە شوێن و پێگەی خودا کەچی ‌هێشتا هەر دەناڵێنێ و ئازار دەکێشێت. مرۆڤ هەمیشە گیرۆدەی دەستی ئەو بونیادە کۆمەڵایەتییە کە تیادا دروست دەبێت و دەبێتەوە بە بەشێک لێی و ناتوانێت خۆی لێی رزگاربکات. هەموو بەربەست و ڕیگرییەکان لە بەردەم خۆشنودەیی مرۆڤدا دەبێتە هۆی ئەوە کە نەگاتە ئامانجی خۆی و دەستی بە چێژدا نەگات. گەر  مرۆڤ نەتوانێت بەر لە ئازار، ناسۆری و تاڵییەکانی ژیان بگرێت، ئازار و ئەشکەنجە بەشێكی دانەبڕاو و ئەزەلی بێت لە ژیانی مرۆڤدا، ئەی کەواتە چی بکات تا خودی ئازاركێشان کەم بکاتەوە یان هیچ نەبێت تامەکەی و ڕیتمەکەی بگۆڕێت؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەیش فرۆید چەند پێشنیار و ئەگەرێکمان دەخاتە بەردەست تا لە ڕییانەوە بتوانین ئازاو ئەشکەنەجەمان کەم بکەینەوە، یەکێک لەو پشنیار و ئەگەرانەیش بۆ ڕیکخسنتەوە و گۆڕینی ئازارکێشان بەکار‌هێنانی ماددە هۆشبەرەکان و ئەلکهولیەکانە. لەمبارەیەشەوە دەڵێت:

(سەمەرەترین مییکانیزمیش بۆ خۆدزینەوە لە ژان و ئازارکێشان هەر ئەوانەن کە بە دوایدا دەگەڕێین و کاردەکەنە سەر  خودی سیستمە ئۆرگانییەکەمان. بەو مانایەی کە خودی ئازارکێشان خۆی ھیچ نییە جگە لە ھەستکردن، واتە ئەو کاتە ئازار ھەیە کە ئێمە ھەستی پێدەکەین وەک ئەشکەنجە و ژان ئەزموونی دەکەین، خودی ئەم ھەستکردنەیش پەیوەندیی بەوەوە ھەیە کە ئێمە وەک ئۆرگانیزم چۆن دروستبووین و ڕئکخراوین، ھەر بۆیە ش ساناترین و ھاوکات کاریگەرترین جۆری ئەو میتۆدانە کاریگەریی ماددە کحولی و ھۆشبەرەکانە[11]).

بە ڕای فرۆید ژان و ئازارکێشان لە سێ لاوە دەبێتەوە بە ھەڕەشە و کاردەکاتە سەر مرۆڤ و گیرۆدەی دەکات:

١-  ئازارو ئەشکەنجە ھەڕەشەیە بۆ سەر جەستەی مرۆڤ.

٢- ھەڕەشەیە بۆ سەر پەیوەندیی مرۆڤ بە جیھانی دەرەوە.

٣- ھەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ پەیوەندیی مرڤ بە ئەوانی ترەوە.

جۆری سێهەمیشیان لە ھەموویان کاریگەرترە چونکە ئەوانی تر بۆ ئێمە لە یەک کاتدا هەم دەبنەوە بە سەرچاوەی ئازار و ناسۆری وە ھەمیش سەرچاوەی خەمڕەوێنی و ڕەواندنەوەی ژان و ئازارن. ھەر بۆیە کاتێک ئەوانی تر و بوونی ئەوانی تر دەبێتەوە بە هەڕەشە و سەرچاوەی ژان و ناسۆری بۆ سوبێکت ئەوا دوورکەوتنەوە خۆدزینەوە لێییان دەبێتەوە بە چارەسەرێک بۆ خودی کێشە و ئازراکێشانەکە. وەلێ تەنیایی و ئەفەرۆزبوون بژارادەیەک نییە کە مرۆڤ خۆشبەخت بکات، هەر بۆیەش دیسانەوە بۆ ئەوەی بەرگەی تەنیایی بگرێت، بتوانێت هاودەمێک بۆ خۆی دروست بکات، دەبێت شتێک-ئۆبێکتێک بدۆزێتەوە کە جێی ئەوانی تری بۆ بگرێتەوە، ئەو بۆشایی و درزەی بۆ پڕ بکاتەوە کە غیابی ئەوانی تر بۆی دروست کردووە. لێرەوە دەتوانین بڵێین کە ئەلکهول و ماددەھۆشبەرەکان دەتوانن شوێنی ئەوانی تر بگرنەوە نەک هەر ئەوەیش بەڵکوو دەتوانن ببنە داڵدە و پەناگایەک بۆ سوبێکت و چێژ و شادی پێ ببەخشن، لەوەیش زیاتر خودی ئەم ماددانە جا ئەلکهول بێت یان ماددە هۆشبەرەکان وا دەکات کە نایەڵن مرۆڤ بەر ئازار و ژانی زیاتر بکەوێت و ئەشکەنجەی زیاتر بچێژێت. فرۆید لەمبارەیەوش دەڵێت: (خزمەتی ئەم  ماددانە ژەھراوییانە خۆی دەبێتەوە بە ململانییەک لەنێوان گەیشتن بە خۆشنودەیی لە لایەک و بە دوورەپەرستی و خۆ دوورخستنەوە لە  بەدبەختی و بێھودەیی لە لایەکی ترەوە، هەرئەمەیشە وا دەکات کە مرۆڤ ئەم ماددانە و بەکارهێنانیان هێندە بەرز بنرخێنیت بە جۆرێک کە شوێن و پێگەی لیبیدۆی بۆ دەگرێتەوە…[12])

لێرەیشەوە بە دواوە  فرۆید ئالودەبوون وەک  سیمپتومێکی کۆمەڵایەتیی دەبینێت و ئاماژەی بۆ دەکات، لەمبارەیەشەوە دەڵێت: (ئێمە زۆر قەرزاری ئەو نێوەندەیەن نەک هەر لەبەر ئەوەی کە ڕاستەوخۆ لە خزمەتی چێژدایە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی بڕێکی زۆر لە بەرخۆری مرۆڤ بەرامبەر بە دەرەوەی خۆی لەخۆی دەگرێت. کاتێک کە ئەم ڕاستییە  دەزانین، بە یارمەتیی ئەمەیش ئەوا لەوە تێدەگەین کە ئەوانەی لە ژێر باری قورسی ژیاندا خنکاون هەر کات بیانەوێت خۆیان بدزنەوە لە بارگرانی واقیع و پەناگایەک بۆ خۆیان بدۆزنەوە کە بەتەنها بۆ خۆیانە بە مەرجی باشتر ڕازیکردن و تێرکردنی خۆیان پەنا دەبنە بەر ئەم ماددانە. هەر وەک ئاشکرایە و دەزانین، هەر ئەمەیشە کە تایبەتمەندییەی ماددە ژەهراوییەکان و هاوکات  زەرەر و زیانەکانیشیان دیاری دەکات).

بەم مانایەش ئالودەبوون بۆ خۆی وەک سیمپتومێکی کۆمەڵایەتییە هاوکات جۆرێکی تایبەت لە پەیوەندی و بونیادێکی  کۆمەڵایەتیی جیاوازیش بە خۆی دروست دەکات. کەواتە کەسی ئالودەیش پەیوەندییەکی تایبەت بە خۆی لەگەڵ ئەوانی تردا دروست دەکات کە جیاوازە لەوانی تر. دیارە کە هەر سێ جۆرە سەرەکییەکەی سوبێکت بە مانا دەروونشیکارییە کە ئەوانیش ( نییرۆس، پێرڤیش وە سایکۆس)ن، وەک بونیاد لە ڕووی دەروونشیکاریی کلینکییەوە لە ڕێی پەیوەندییان لەگەڵ ئەوانی تر خۆیان دیاری دەکەن و دەناسرێنەوە. وەکچۆنیش پێگەی هەرسێکیان لە ناو زماندا بە سێ شیوەی جیاوازە لە ڕێی جیاوازە دەبەسترێنەوە بە تراوما یان نوقسانییە ئەزەلییەکەوە.

گەر بە کورتی باسی ئەو پەیوەندییە بکەین ئەوا بەم شێوەیە: سوبێکتی نیرۆتیکی یان عوسابی لە ڕیی پرسیارکردنی ئەوی ترەوە پەیوەندیی خۆی لە گەڵیدا دیاری دەکات. ئەمەش مانای ئەوەیە کە سوبێکت کە بە نائاگایییەوە خەساندنە ڕەمزییەکە و هاوکات دەرئەنجاماکانی ئەو خەساندنەیشی قبوڵ کردووە، بەرپرسیارێتیی نوقسانیەکەیشی خستۆتە سەرشانی خۆی. ڕوونتر بڵێین سوبێکتی نیرۆتیکی یان عوسابی دەستبەرداری ژویسانسە ڕاستەقینە بەر لە ئۆدیپوسەکەی خۆی دەبێت و بە چێژێکی ئاسایی ڕازی دەبێت وەلێ ئەم ڕازیبوونە هاوپێچە بە هەستکردن بە گوناه و دڵەڕاوکێیەکی مەحتومەوە.

لە کاتێکدا پەیوەندیی کەسی پێرڤیش یان لادەر، بە ئەوی ترەوە لە ڕیی ئۆبێکتەوەیە، یان ڕوونتر بڵێین ئۆبێکتێک دەکات بە بەرگی ئەوی تردا، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە سوبێکت لە هەندی کاتدا دان بە نوقسانییەکە دەنێت و قبوڵی دەکات وەلێ لە هەندێ کاتی تریشدا نکوڵی لێ دەکات. سوبێکتی پێرڤیش باوەڕی وایە کە دایکی نوقسانی نییە، دواجار خاوەنی فالوسێکە، هەر بۆیەش نکوڵی لە خەساندنە ڕەمزییەکە دەکات. ئەو ئۆبێکتە فیتشییە قەرەبوو و جێگرەوەی زەکەری دایکە، کە کوڕی بچوک ڕۆژێک لە ڕۆژان پێی وابووە کە دایکی هەڵگر و خاوەنیەتی، کوڕ نەک ناتوانێت دەستبەرداری ئەم هەست و باوەڕی خۆی بێت بە بوونی زەکەری دایک بەڵكوو دەبێت بە بەشێک لە نەستیشی. ئەفسون تەنگەژەی فیتشی ئەوەیە کە تەواوی گرێی خەساندن لە فۆڕمێ یادەوەریدا وێنا دەکات بە جۆرێک کە ڕێی بە ژن/دایک دەدات کە هەم وەک بوونەوەرێکی کامڵ(خاوەن فالوس)، وە هەم وەک خەسێنراوێک بێ فالوسیش ببینرێت. بە مانایەکی تر، کەسی فیتشی لە یەک کاتدا نەبوون و بوونی زەکەری دایک سیمبۆلیزە دەکات، کە ئەمەیش بۆ خۆی ئاماژەیە بۆ ئەو ترس و چێژە شاراوەیە کە لە نەستیدا خۆی ماڵاسداوە. بەم مانایەش ژیوسانسە ڕاستەقینە بەر لە ئۆدیپۆسەکە وەلانراوە و ئۆبێکتێکی جێی ئەم ژویسانسەی گرتۆتەوە، هەستکردن بە گوناه و دڵەڕاوکێ لەم بونیادەیە شاراوەیە زۆر ئاشکرا نییە. لەمبارەیەوە فرۆید دەڵێت:

کاتێک ئاماژە بەوە دەکەم کە فیتشیزم قەرەبوو، جێگرەوەی زەکەرێکە، باشدەزانم کە نائومێدتان دەکەم هەربۆیەش هەر زوو ئەوە دەڵێم کە ئەوە لە بری زەکەرێکی ئاسایی نییە. بەڵکوو لە بری زەکەرێکە کە تەواو جیاواز و تایبەتە زەکەرێک کە زۆر گرنگ بووە لە مناڵیدا بەلام دواتر لەدەستچووە. ڕوونتر بڵێین، زەکەرێکە کە خۆی نەماوە و بەسەرچووە بەڵام کەسی فیتشی  لە نەبوونەوە دەیهێنێتەوە و دەیپارێزێت).

بەڵام لە سوبێکتی سایکۆسدا پرسیارەکە زیاتر بوون و نەبوونی ئەوی ترە. ئەمەش مانای ئەوەیە کە شتێک نییە بە ناوی پەیوەندیی سوبێکت بە ئەوی ترەوە، چونکە لە دۆخی سایکۆسدا زمان خۆی تابووە، وەکچۆنیش خەساندنە ڕەمزییەکە و خودی نوقسانییەکەش قبوڵنەکراوە. وەلێ ژویسانسی بەر لە ئۆدیپوس وەلا نەدراوە و دوور نەخراوتەوە، بەمەیش سوبێکت یان بە گەرموگوڕییەوە باوەشی بۆ دەکاتەوە یاخود خۆی لێ حەشار دەدات و خۆی لێ دەپارێزێت، ئەمەیش لە ڕیی وڕینەکردن و وەهمەوە دەبێت. هەر بۆیەش بە پێچەوانەی دوو بونیادەکەی تر لێرەدا هەستکردن بە گوناه و دڵەڕاوکێ یان بوونی هەیە وەیان هەر نییە.

باسکردنی پەیوەندیی سوبیکت بە ئەوانی ترەوە لەو سێ جۆرەی پێشوودا گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین لە پەیوەندیی کەسی ئالودە بە دەرەوەی خۆی بگەین، چونکە کەسی ئالودە بۆ خۆی سەربەخۆیە، بەو مانایەی گەر پەیوەندیی سوبێکت لەگەڵ ئەوانی تردا شتێک بێت کە خودی سوبێکت پێناسە دەکات، وەک لە سێ بونیادەکەی تردا ڕوونمان کردەوە، ئەوا ئەم پەیوەندییە بۆ کەسی ئالودە لەگەڵ ئەوانی تردا تەواو شتێکی جیاوازە و لە شوێنێکی تردایە. لە دۆخی ئالودەبووندا هەردوو نوقسانییەکە و خەساندنە ڕەمزییەکەیش بە جۆرێک لە جۆرەکان قبوڵکراوە، وەلێ ئەم قبوڵکردنە بە خۆشحاڵییەوە نییە بەڵکوو سوبێکت لە ڕێی چەپاندن، نکوڵیکردن یاخود ڕەتکردنەوە دەتوانێت ئەم نوقسانی و خەساندنە قبوڵ بکات. هەر بۆیەش لای کەسی ئالودە هەستکردن بە گوناه و دڵەڕواکی هەندێ جار شاراوەیە وەلێ خودی ئەم شاردنەوەیەیش پارادۆکسە چونکە هەمیشە ئەوەی کە شاردراوتەوە خۆی نمایش دەکات و لە بەرگێکی تردا دەردەکەوێتەوە.

بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی کەسی ئالودە بە ئۆبێکتی خۆشەویستییەکەیەوە، پێویستە بگەڕینەوە سەر دیدی فرۆید سەبارەت بە ئۆبێکتی سێکسی. فرۆید لە ساڵی (١٩١٢)دا لە نووسینێکدا بە ناوی (On the universal tendency to debasement in the sphere of love)   باس لەوە دەکات کە بۆچی پەیوەندیی ئۆبێکتی سێکسی هێندە سروشتێکی گرفتئامێز و ئاڵۆزی هەیە. ئەو باوەڕی وایە کە شتێک لە خودی ئەنگێزەکاندا هەیە کە شایانی ڕازیکردن و تێرکردن نییە. لەمبارەیشەوە باس لە دوو هۆکار دەکات: یەکەم: سروشتە هەڵخڵەتێنەر و فریودەرەکەی ئۆبێکتی سێکسی -بژاردەیە لەگەڵ بەربەستەکانی بەردەمی کاتێک لە بەرامبەر ئارەزووی زینا لە گەڵ مەحرەمدا دەوستێتەوە، بە جۆرێک کە دەبێتە هۆی دروستبوونی دۆخێک کە تیایدا دوا ئۆبێکتی بژاردە بۆ خۆی دەبێتەوە بە جێگرەوەی ئۆبێکتە ڕاستەقینەکە.

دووەم: ئەنگێزەی سێکسوالیتی سەرچاوەی هەموو غەریزەکانی ترە، وەلێ خودی ئارەزووەکە تەنانەت لە قۆناغی گەشەکردنی سێکسیدا تەواو یەکانگیر و تۆکمە نییە و هەمیشە دزر و کەلێنێکی تێدایە کە پڕ نابێتەوە. بە مانایەکی تر، هەمیشە بەشێکی ئەم سەرچاوە غەریزییە دەچەپێنرێت یان لە خزمەتی شتی تردا دەبێت کە پەیوەندی بە ڕازیبون و تێربوونەوە نییە. لە ناو فەوزاو قەرەباڵغی ئەنگێزەکاندا مەی و ئەلکهول دەتوانێت هارمۆنییەکی کاتی و ساختەمان بۆ دروست بکات و ڕازیمان بکات. وەهمی تێربوون و چێژمان بداتێ و لە سەروبەندی مەستبووندا خۆمان لێبێتە ئایدیاڵی خۆمان. فرۆید باوەڕی بە بوونی پرەنسپێکی بێخەوش و کامڵی چێژ هەبووە، چێژێک کە دەکەوێتە سەروو هەموو چێژەکانی ترەوە. ئەوەی جێی سەرنجە  کە فرۆید ئەم چیژە لە پەیوەندیی نێوان کەسی ئەلکهولی بە ئەلکهولەوە دەبینێتەوە!  سەبارەت بەم پەیوەندییە دەڵێت: ((…تەماشای پەیوەندیی نێوان کەسی مەشروبخۆر بە شەرابەوە بکە! ئەوە ڕاست نییە کە شەراب هەموو جارێک ڕازیبونێک و تێربوونێکی ژەهراوی و تۆکسیک بە کەسەکە دەبەخشێت، کە لە شیعردا ئەم ڕازیببونە بەراورد کراوە و شوبهێنراوە بە تێربونێکی ئیرۆتیکی – ئایا ئەم بەراوردکردنە لە ڕووی زانستیەوە قبووڵە؟ ئێوە هەرگیز ئەوەتان لە مەشروبخۆرێک بیستووە، کە بە تۆبزی و بە بێ ویستی خۆی مەشروبەکەی/شەرابەکەی بە دانەیەکی تر یاخود جۆرێکی تر، گۆڕیبێتەوە هەر لە بەرئەوەی لێی بێزاربووە چیتر ئارەزووی ناکات؟ بەڵکو بە پێچەوانەوە خووگرتن و پەیوەستبوون، یان ئەم دۆستایەتییە لە نێوان مەشروبخۆر و ئەو مەشروبەی کە دەیخواتەوە، تا دێت زیاتر بەهێزتردەبێت. تۆ هیچ کات لە مەشروبخۆرێک بیستووە پێویستی بەوە بووبێت سەفەر بکات بۆ وڵاتێكی تر کە تیادا مەی و مەیخواردنەوە تابۆ بێت یان مەی قاتی بێت، هەر لە بەرئەوەی کە ئەو نەبوونی و  تابۆیە وایلێبکات ئارەزووی بۆ خواردنەوە تێربێت؟ نەخێر هیچ کات! ئەگەر گوێ بۆ مەشروبخۆرە گەورەکانمان بگرین، لەوانەیش (بۆکلین) کە باس لە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ مەی دەکەن، ئەوا هەست بەوە دەکەیت کە باس لە پەیوەندییەکی پڕ هارمۆنی و بێخەوش دەکات، وەک مۆدیلێکی جوان و ئایدیاڵی هاوسەرگیری دەیشوبهێنێت. پرسیارەکە ئەوەیە ئەی بۆچی پەیوەندیی نێوان کەسە عاشقەکان هێندە جیاوازە؟)).

ڕەنگە ئەم دیدە بۆ خۆی جێی سەرنج و تێڕامان بێت کە ئایا  بۆچی فرۆید بوونی پەیوەندییەکی بێخەوش و پڕهارمۆنی یان وردتڕ بڵیین بوونی پرنسیپی چێژی بێخەوش دەبەستێتەوە بە کەسی مەشروبخۆر عەشقی بۆ  شەرابەکەیەوە؟ لە کاتێکدا ئێمە دەزانین کە لەم حاڵەتەیشدا دواجار ئەو پەیوەدنییە هاوسەرگیرییە پڕهارمۆنییەی کە فرۆید باس لێوە دەکات بە بێخەوش دەینبینێت، پەیوەندییەکی بی درز و خەوش نییە، بەو مانایەی خودی ئەو دۆستایەتی و عەشقەیش بێ زەرەروزیان نییە. بەڵکوو ئەم  پەیوەندییەش دواجار پڕە لە بەرزونزمی، عاشقبونێک کە لێوان لێوە لە زۆری و کەمی، وەکچۆنیش ئۆبێکتی عەشقەکە (شەراب) بۆ مانەوەی خۆی وەک یارێکی شەهوەتباز و بێباک تا کەسە نابەتە بەر قاپی مەرگ، تا وێران و ڕسوای نەکات دەستبەردای نابێت.. ئێمەی مرۆڤ هەمیشە کە دێنە سەر چێژ و تێربوون هەڵدەخڵەتێن و دیوە ڕاستەقینەکەی چێژ نابینین کە خودی مەرگ خۆیەتی. لە دۆخی کەسی ئەلکهولیشدا هەر بەم شیوەیە کار دەکات. سوبێکت عەوداڵی هارمۆنی و پڕکردنەوەی ئەو نوقسانییە لە ڕیی خوگرتن و ڕەفتاری دووبارەبووەوە و بێ ماندووبوون، لە ڕیی خۆ تێرکردن و خۆڕازیکردنێکی بەردەوام  بە ئەلکهول. هاوکێشەکە دیسان بوونی ئۆبێکتی عەشقەکە-ئەلکهول- کە  نە دەبێت زۆر و لەبەر دەستدا بێت، وە نە دەبێت کەمیش بێت و تابۆ بێت.  چونکە کاتێک کە زۆر دەبێت بۆ سوبێکت ئیتر چیدی پەیوەندی بە تێرکردنی ئارەزووەکانەوە  نامێنێت بەڵکو خودی ڕازیبوون و تێرکردنەکە بە بێ باج  و سەرانە نابێت، دوا جار ژیانی کەسەکە خۆی _کاریگەری بۆ سەر دەروروبەرەکەی_  باجی تێربوون و ڕازیبونی ئارەزووەکانیەتی. کەواتە پێویستە بە شیوەیەکی ئایرۆنی لەو پەرەگرافەی سەرەوە بگەین چونکە فرۆید زیاتر مەبەستی لەوەیە کە بەربەست و ڕیگری لە بەردەم حەز و ئارەزووی سێکسوالیتی دەبێتە هۆی بێداری و شڵەژان و گەشتن بە  چێژی سێکسوالیتی، وەلێ ئازادی تەوایش یاخود نەمانی بەربەستەکانیش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەها دەروونییەکان بۆ پێداویستییە ئیرۆتیکیەکان، لەم کاتەیشدا دیسانەوە مرۆڤ پێویستی بە بوونی بەربەستە تا جارێکی تر برەو بداتەوە بە سێکسوالیتی و لیبیدۆی خۆی. 

وەک سەرنجێکی کورت و  کۆتایی بۆ ئەم بەشە گرنگە بڵێم کە ئالودەبوون بۆ من بابەتێکی گرنگە، خودی ئەم نووسینەیش وەک  دەقێکی زیندووە وایە و بەردەوامی هەیە. کاتێک سەرەتا دەستم کرد بە نووسینی ئەم بابەتە باوەڕم وابوو هەر وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێکردوە، کە سەرچاوەیەکی زۆر لە سەر بابەتی ئالودەبوون لە دیدی فرۆیدەوە  لە بەردەستدا نییە. وەلێ تا زیاتر و زیاتر لە سەر ئەم بابەتە قووڵ بوومەوە، ئەوەم  بۆ دەرکەوت کە سەرچاوەیەکی زۆر وەلێ  بە پەرش وبڵاوی هەیە و پێویستی بە گەڕان و ووردبوونەوەیە  تا تەواوی شیکار و ڕاڤەکانی فرۆید لەمبارەیەوە بزانین. هەر بۆیە لە بەشەکانی تری ئەم نوسینەدا بە بەردەوامی دێمەوە سەر دید و بۆچوونەکانی فرۆید.


[1] Freud,1985,p.287.

[2] Neurasthenia :

 ئەم تێرمە لە بنەڕەتدا گریکیە و لە دوو بڕگە پێک دێت کە ئەویش (Neuron)کە بەمانای دەمار، لەگەڵ (asthenes) کە مانای لاوازییە. لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتایی سەدەی بیستدا  لە لایەن جۆرج میللەر بێردەوە  بەکارهاتووە وەک دیاگنۆسێک بۆ وەسفکردنی باری لاوازی مێشک.

[3] Frued,1926,p 253-254.

[4] Byck,1974.p.5-6

[5]نووسینەکانی فرۆید لە لایەن (ڕۆبەرت بێک)ەوە لە پەرتوکێکدا بە ناوی (نووسینەکانی کۆکاین)دا کۆکراوەتەوە و لە ساڵی () دا بڵاوکراوەتەوە. ئەم نوسراوە هەموو کۆمێنتەکان، چاپتەرەکانی کتێبەکەی فرۆید خۆی، زانیارییە مێژووییەکان، نامەکانی فرۆید لە بارەی کۆکاینەوە، زانیارییە باۆگرافیەکانی سەبارەت بە فرۆید، سەرچاوەکانی کە بۆ ئەو بابەتە بەکاریهێناوە هەر هەمووی لەو کتێبەدا هەیە.

[6] Freud,1884,p 52.

[7] Freud ,1885b, p.116.( وەرگێڕانی خۆم بۆ تێکستە ئینگلیزییەکە)

[8] Freud ,1887, p.173.( وەرگێڕانی خۆم بۆ تێکستە ئینگلیزییەکە)

[9] Dipsomania :. کە بە مانای هەوەس و خرۆشی دێت( Mania ) واتە تینوویەتی ،لەگەڵ (Dispo) وشەکە گریکییە لە دوو بڕگە پێکهاتووە

خودی تێرمەکەش لە ڕووی مێژوویی و پزیشکییەوە بۆ وەسفکردنی حاڵەتی خواردنەوەی ئەلکهول بەکارهاتووە کاتێک مرۆڤەکە کۆنتڕۆڵ بە سەر خواردنەوەکەیدا لەدەستدەدات.

[10] Frued,1911,p.64.

[11] Freud, 1930, p. 78.

[12] Freud, 1930,p. 78.