خیانەتکار
مانگی فێڤرییەی ساڵی ١٩٤٢ لە کاتی گەمارۆدرانی لینینگراد، بە شێوەیەکی کاتی چوومە ڕیزی هێزەکانی ژەنەڕاڵ ئێدکویست، فەرماندەی سوپای فینلاند لە نزیک دەریاچەی لادۆگا. بەیانییەک داوای لێکردم بچم بیبینم.
وتی: هەژدە زیندانی ئیسپانیمان هەیە.
وتم: ئیسپانی؟ مەگەر ئێوە لێرە لەگەڵ ئیسپانیا شەڕ دەکەن؟
وتی: هیچ لەو بارەیەوە نازانم، بەس دەزانم هەژدە زیندانیم هەیە کە بە ئیسپانی قسە دەکەن و دەڵێن ئیسپانین نەک ڕووس.
_ زۆر سەیرە.
_ دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکەین، وابزانم تۆ بە ئیسپانی قسە دەکەیت؟
_ نەخێر، من لە ڕاستیدا بە ئیسپانی قسە ناکەم.
_ بەهەر حاڵ تۆ ئیتاڵییت، بۆیە زیاتر لە من ئیسپانییت. بڕۆ لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکە.
هەروەک پێم گوترا کردم. زیندانییەکانم لە ژێرزەمینەکەی سەربازگەکەدا دۆزیەوە. پرسیارم لێکردن کە ڕووسن یان ئیسپانی. بە لەسەرەخۆ و وشە بە وشە بە زمانی ئیتاڵی پرسیم، ئەوانیش بە ئیسپانی وەڵامیان دایەوە و بۆیە ئێمە بە تەواوی لە یەکتر تێگەیشتین.
_ ئێمە سەربازین لە سوپای سۆڤیەت، بەڵام ئیسپانین.
یەکێکیان وتی کە ئەوان لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا هەتیو بوونە. دایک و باوکیان لە بۆردومان و هەروەها هێرشەکانی تۆڵەکردنەوەدا کوژرابوون. ڕۆژێک لە بارسلۆنا هەموویان خرانە سەر کەشتییەکی یەکێتیی سۆڤیەت و ڕەوانەی ڕووسیا کران. لەوێ خواردن و جل و بەرگیان پێدرا، پاشان هەموویان مەشق و ڕاهێنانیان پێکرا و دواجار بوون بە سەرباز لە سوپای سووردا.
_ بەڵام ئێمە ئیسپانین.
وەبیرم هاتەوە پێشتر ئەوەم خوێندبووە کە ڕووسەکان هەزاران منداڵی بنەماڵە کۆماریخوازەکانی ئیسپانییان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت گواستۆتەوە بۆ ئەوەی لە بۆردومان و برسێتی ڕزگاریان بکەن.
_ ئایا ئێوە ئەندامی حزبی کۆمونیستن؟
_ بەڵێ بێگومان
_ باشە، بەڵام با کەس نەزانێ، با هەر من زانیبێتم و بەس. تێدەگەن؟
_ نا تێناگەین
_ گرنگ نییە. بیری لێدەکەمەوە خۆیشم تێناگەم. کورت و پوختە پێتان دەڵێم بە هیچ کەسی تر مەڵێن کە ئەندامی حیزبی کۆمونیستن.
_ نەخێر، ئێمە ناتوانین بچینە ژێر باری ئەو زەبوونییە. کۆمونیست بوون هەڵە نییە. ئێمە ئەو ڕاستییە ناشارینەوە کە کۆمونیستین.
_ دەی باشە، من قسەی خۆمم کرد، ئیتر کەیفی خۆتانە. بەس پێویستە ئەوە بزانن کە فینلاندییەکان خەڵکێکی بێ درۆ و ئینساندۆستن، لە نێو سەربازەکانی سوپای فینلەندیشدا کۆمونیست زۆرن، بەڵام دژی ئەو ڕووسانەی شەڕ دەکەن کە لە ساڵی ١٩٤٩دا وڵاتەکەیان داگیرکردووە. کەواتە کێشەکە کۆمونسیت بوون یان نەبوون نییە، ویستم ئەوەتان پێ بڵێم. بەهەر حاڵ پێم وایە ئێوە لە مەبەستی من تێدەگەن.
_ نەخێر ئێمە تێناگەین. ئێمە دەزانین کە ئێوە پڕوپاگەندە دەکەن، ئەوە و بەس
_ نەخێر هەر ئەوە نییە. باشتر وایە بزانن کە من ئەوەی لە دەستم بێ دەیکەم بۆ ئەوەی دڵنیا ببم هیچ کێشەیەکتان بۆ ساز نابێ، تێدەگەن؟
_ بەڵێ
_ کەوایە ماڵئاوا. سبەی دێمەوە و سەرتان لێدەدەم.
قسە و باسی نێوان خۆم و ئەو سەربازانەم گێڕایەوە بۆ ژەنەراڵ. ژەنەڕاڵ لێی پرسیم: ئێستا دەڵێی چی بکەین؟ دەزانی کە لە دۆخێکی باشدا نین. ئەوانە کۆمونیستن، خۆبەخشانی ئیسپانین لە سوپای سووردا. بێگومان لە کاتی گواستنەوەیان بۆ سۆڤیەت منداڵ بوون، کەوایە بەرپرسیاری ئەو وانە و ڕاهێنانەی نین کە وەریانگرتووە. ئەگەر بە دەستی من بوایە، یارمەتیم دەدان. بەڵام لەم بارودۆخەی ئێستادا باشترین کار بۆ تۆ ئەوەیە کە تەلەگرافێک بکەی بۆ هاوڕێکەت “دی فۆکسا”ی باڵیۆزی ئیسپانیا لە هێلسنکی. داوای لێبکە لەسەر داخوازی من بێتە ئێرە، دیلەکانی ڕادەست دەکەم و ئەویش ئیتر خۆی دەزانێ چیان لێ دەکات.
تەلەگرافێکم بۆ دی فۆکسا نارد: “هەژدە دیلی ئیسپانیمان هەیە. خێرا وەرە و بیانبە.”
دوای دوو ڕۆژ، دی فۆکسا بە نێو کڕێوە و بە سواری کالیسکەیەکی خلیسکێنەیی گەیشتە لامان، پلەی گەرما ٤٢ پلە لە ژێر سفرەوە بوو. بەهۆی سەرما و کەمخەوی هێزی تیا نەمابوو. هەر کە منی بینی، هاواری کرد:
_ ئەوە تۆ دەزانی چی دەکەیت؟ بۆچی تەلەگرافت بۆ من کردووە؟ ئاخر من چیم لە دەست دێ بۆ هەژدە سەربازی ئیسپانیی سوپای سوور؟ بیانبەم بۆ باڵیۆزخانە؟! ئێستا ئیتر دەبێ ئەم کێشەیە بە لەونێ چارەسەر بکەم، نازانم تۆ بۆ خۆت هەڵدەقورتێنیتە نێو هەر کارێکەوە.
_ ئاخر تۆ باڵیۆزی ئیسپانیای.
_ بەڵێ، بەڵام ئیسپانیای فرانکۆ. ئەم کوڕانەش کۆمونیستن. بەهەر حاڵ ئەوەی لە توانامدا بێت دەیکەم. بەڵام بەڕاستی پێم خۆشە بزانم تۆ بۆچی خۆت هەڵدەقورتێنیتە نێو هەر کارێکەوە؟
دی فۆکسا تووڕە بوو. بەڵام دڵێکی میهرەبانیشی هەبوو و من دەمزانی ئەوەی لە دەستی بێت دەیکات بۆ ئەو کوڕانە. چووە سەردانیان و منیش بەدوایدا ڕۆیشتم.
دی فۆکسای پێی وتن: من باڵیۆزی ئیسپانیای فرانکۆم. من ئیسپانیم، ئێوەیش ئیسپانین، من هاتووم یارمەتیتان بدەم. چیم لە دەست دێ بۆتانی بکەم؟
دیلەکان وتیان: بۆ ئێمە؟ هیچ. ئێمە نامانەوێت هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ نوێنەری ئیسپانیای فرانکۆوە هەبێ.
_ پێتان وایە ئەمە گاڵتەجاڕییە؟ دوو شەو و دوو ڕۆژم پێچوو تا گەیشتمە ئێرە و ئێستا ئێوەش یارمەتیم لێ قبووڵ ناکەن؟ دیسانیش من ئەوەی لە دەستم بێ دەیکەم بۆ یارمەتیدانتان. فرانسیسکۆ فرانکۆ لە لێبوردندا بێوێنەیە.
_ فرانکۆ دوژمنی ئێمەیە. دایک و باوکی ئێمەی کوشتووە. تەنیا داوای ئەوەت لێ دەکەین وازمان لێ بێنی.
دی فۆکسا چوو بۆ لای ژەنەراڵەکەمان.
وتی: ئەمانە زۆر کەلەڕەقن. بە هەرحاڵ من ئەرکی خۆم بەجێ دێنم. تەلەگراف بۆ وەزارەتخانە لە مەدرید دەکەم بۆ ئەوەی ڕێگایەکم بۆ دابنێن. دواتر هەرچی مەدرید بڵێت دەیکەین.
ڕۆژی دواتر دی فۆکسا خۆی ئامادەی گەڕانەوە بۆ هێلسنکی کرد. کاتێک سواری کالیسکە خلیسکێنەییەکەی بوو، وتی: “تۆ کارت بە کاری کەسەوە نەبێ، تێگەیشتی؟ خەتای تۆیە کە من تووشی ئەم کێشە و سەرئێشەیە بوومە، بیستت چیم وت؟
_ ئادیۆس ئاگۆستین.
_ ئادیۆس مالاپارتێ.
*
دوای چەند ڕۆژ یەکێک لە دیلەکان نەخۆش کەوت. پزیشک وتی: سییەکانی هەوی کردووە، زۆر مەترسیدارە.
ژەنەڕاڵ ئێدکویست وتی: دەبێت بە دی فۆکسا بڵێین.
بۆیە من تەلەگرافم بۆ دی فۆکسا نارد: “دیلێک نەخۆشە، زۆر خراپ، خێرا وەرە بە دەرمان، شوکولات، جگەرە.”
دوای دوو ڕۆژ دی فۆکسا بە کالسکە خلیسکێنەییەکەی خۆی گەیاندێ. ئاگری لێ دەباری. هەر کە منی بینی هاواری کرد:
_ دیسان چ ڕەیحانێکت کێڵاوە؟ مەگەر خەتای منە کە ئەم منداڵە نەخۆش کەوتووە؟ دەزانیت کە من بە تەنیام لە فینلاند، بێ ڕاوێژکار و بێ هیچ یاریدەرێک، هەموو کارێک دەبێ هەر خۆم بیکەم. ئینجا تۆیش بە تووشکردنی من بەم ئارێشەوە کارێکت کردووە بە پاچیلە و پووزەوانەوە وەڕێکەوم بەرەو سنوورەکانی فینلاند.
_ گوێ بگرە، ئەو کوڕە نەخۆشە، خەریکە دەمرێت، زۆر باشە کە تۆ لێرەیت. تۆ نوێنەری ئیسپانیایت.
_ باشە! زۆر باشە! با بچین بیبینین.
دی فۆکسا ڕادەیەکی زۆر دەرمان، خواردن، جگەرە و جلوبەرگی گەرمی لەگەڵ خۆی هێنابوو. پیاوەتی کردبوو، کۆنە هاوڕێکەی من ئاگوستین.
سەربازە نەخۆشەکە دی فۆکسای ناسییەوە و تەنانەت زەردەخەنەیەکیشی کرد. هەرچەن هاوڕێکانی بە ناوچاوگرژییەوە چوونە دواوە و بە چاوێکی پڕ لە سووکایەتی و ڕقەوە سەیری ئاگوستینیان دەکرد.
دی فۆکسا دوو ڕۆژ مایەوە و دواتر گەڕایەوە بۆ هێلسنکی. پێش ئەوەی بچێتە ناو کالیسکە خلیسکێنەییەکەیەوە وتی:
_ مالاپارتێ! بۆچی خۆت هەڵدەقورتێنیتە ناو کارێکەوە کە پەیوەندیی بە تۆوە نییە؟ کەی فێر دەبیت لە کۆڵم بیتەوە؟ وازم لێ بێنە دەی!
_ ئادیۆس ئاگوستین.
_ ئادیۆس مالاپارتێ.
دوای سێ ڕۆژ سەربازەکە بەهۆی هەوکردنی سییەکانەوە گیانی لەدەست دا. ژەنەڕاڵ ئێدکویست بانگی کردم: دەمتوانی بە شێوەی فینلەندی بینێژم. بەڵام پێم وایە باشترە دی فۆکسا ئاگادار بکەینەوە. هەرچی بێ ئەم سەربازە ئیسپانی بوو. تۆ چۆن بیر دەکەیتەوە؟
_ بەڵێ، دەبێت بە دی فۆکسا بڵێین. ڕەنگە بابەتەکە دیپلۆماتیک بێت.
بۆیە تەلەگرامێکم نارد: “سەربازەکە مردووە. خێرا وەرە. پێویستی بە ناشتنە.
دوای دوو ڕۆژ دی فۆکسا گەیشتە لامان. تووڕە بوو. هەر کە منی بینی هاواری کرد:
_ تۆ بەڕاست ناتەوێ واز لە من بێنی؟ ئەم وەزعە خەریکە شێتم دەکات! دیارە کاتێک پێم دەڵێیت ئەم کوڕە مردووە و پێویستی بە ناشتنە، ناتوانم نەیەم. بەڵام ئەگەر بە منت نەوتایە ئاسمان سەراوژێر دەبوو؟ ئێستا کە منت کێشاوە تا ئێرە، ئەو کوڕە زیندوو دەبێتەوە؟
_ نەخێر، بەڵام تۆ ئیسپانیت، ئێمە خۆ ناتوانین وەک سەگ بیکەینە ژێر گڵەوە، ئا لەم دارستانەدا، دوور لە زێدی خۆی، لە ئیسپانیا. لانیکەم لەگەڵ تۆ دۆخەکە بۆن و بەرامەیەکی دیکەی دەبێ، دەزانی؟ وەک ئەوە وایە هەموو ئیسپانیا لێرە بێت”.
دی فۆکسا وتی: بێگومان وایە. هەر لەبەر ئەوەش هاتم. بەڵام تۆ بۆچی تێوەگلاویت لەم کارانەدا؟ بۆ خاتری خوا! خۆ تۆ ئیسپانی نیت.
_ دەبێت بە ڕێز و حورمەتەوە بنێژرێت، ئاگۆستین. هەر بۆیە پێوەندیم پێوە کردیت.
_ بەڵێ وایە. دەزانم. دەی با بچین. لە کوێیە؟
چووین بۆ لای کوڕەی داماو کە لە سەر زەویی سەربازگەکە ڕاکێشرابوو و هاوڕێ دیلەکانی دەوریان دابوو. هەمووان بە نیگایەکی خەمبارەوە سەیری دی فۆکسایان دەکرد، خەمێکی قووڵ کە پڕ بوو لە ناڕەزایەتییەکی ترسناک.
دی فوکسا وتی: بەپێی داب و نەریتی کاتولیکەکان دەینێژین. من دەمەوێت ئەم سەربازە وەک ئیسپانییەکی ڕاستینە، وەک سەربازێکی باشی ئیسپانیا ئەسپەردەی خاک بکرێت.
یەکێک لە دیلەکان وتی: ئێمە ناهێڵین ئەو کارە بکەن. هەڤاڵەکەمان مولحید بوو، هەر وەک هەموو ئێمە. ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین. ئێمە ڕێگە نادەین وەک کاتوولیکێک بنێژرێت.
_ من نوێنەری ئیسپانیام، مردووەکەش ئیسپانی بووە، شاروومەندێکی ئیسپانی بووە. من دەمەوێت وەک کاتولیکێک بنێژرێت. تێدەگەن؟
_ نەخێر ئێمە تێناگەین.
_ من باڵیۆزی ئیسپانیام، ئەرکی خۆم جێبەجێ دەکەم. ئەگەر ئێوە لە من تێناگەن ئەوە کێشەی خۆتانە و هیچ بایەخێکیشی بۆ من نییە.
پاشان دی فۆکسا لە سەربازگەکە چووە دەرەوە.
وتم: ئاگۆستین! هاوڕێی من! ژەنەڕاڵ ئێدکویست پیاوێکی بەڕێزە. زۆری پێی ناخۆش دەبێت کە بزانێ تۆ بۆچوونی خۆت بەسەر مردووێکدا دەسەپێنی. خەڵکی فینلاند خەڵکێکی ئازاد و کراوەن و پلە و پێگەی تۆ بەلایانەوە هیچ گرنگ نییە. ئێمە ناچارین بگەینە تەبایی.
_ بەڵێ، بەڵام من باڵیۆزی فرانکۆم! ناتوانم ئیسپانییەک بەبێ داب و نەریتی کاتوولیکەکان بنێژم. ئەی هاوار! من چی بکەم بە دەستی تۆوە! ئەرێ تۆ خۆت بۆچی قۆڵت لێ هەڵنەماڵی و بە بێ من نەتناشت؟ دەبینی بە خۆوەردان لەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە تۆوە نییە چیت بە سەری من هێناوە؟
_ باشە ئیتر. خەمت نەبێت، بابەتەکە بە باشترین شێوە کۆتایی دێت.
چووین بۆ لای ژەنەراڵ. ژەنەراڵ وتی: وەک هەڤاڵانی مردووەکە دەڵێن و منیش هەروا بیر دەکەمەوە، وادیارە کە ئەم دیلە کومونیست و بێدین بووە و ناتوانرێت وەک کاتوولیکێک بنێژرێت. دەزانم جەنابی باڵیۆز نوێنەرایەتیی ئیسپانیا دەکات و ناتوانێت بەبێ ڕێوڕەسمی کاتوولیکی پرسە و ئەسپەردەکردنەکەی بەڕێوە ببات. ئەی دەبێ چی بکەین؟
من پێشنیارم کرد کە بانگی تاکە قەشەی کاتوولیکی هێلسنکی بکەین کە خەڵکی ئیتالیا بوو. (لە هێلسنکی کاردیناڵێکی کاتوولیکی هۆڵەندیش هەبوو، بەڵام کارێکی درووست نەبوو داوا لە کاردیناڵێک بکەین بێتە بەرەکانەی شەڕەوە.) بۆیە تەلەگرافمان بۆ قەشە ئیتالییەکە نارد و ئەویش دوای دوو ڕۆژ گەیشتە لامان. خەڵکی لۆمباردی سەرەوە بوو- کابرایەکی گوندیی لە ناوچەیەکی کوێستانی، زۆر ساف و سادە بوو، بێ درۆ و ڕۆحسووک. یەکسەر لە شتەکە تێگەیشت و بە بێ کات بە فیڕۆدان و بە باشترین شێوە هەموو کاروبارەکانی ئەنجام دا. ئەسپەردەکردنەکە ڕۆژی دواتر ئەنجامدرا. لەسەر پارچە زەوییەکی تەختی ناو دارستانەکە، کە گۆڕستانێکی بچووکی لێ بوو، گۆڕێکیان بە داینامیت هەڵکەند، چونکە زەوییەکە بەستبووی. کۆمەڵێک سەربازی فینلاندی بە درێژایی لایەکی گۆڕەکە ڕیز کرابوون کە دواهەمینیان ئاڵایەکی ئیسپانیای فرانکۆی بە دەستەوە بوو. ئەو توێژە بەفرەی کە زەویی نزیکی گۆڕەکەی داپۆشیبوو، لە ژێر تیشکی بێ گیانی ڕۆژدا وریجە وریجەی دەکرد. تابوتەکە لەلایەن چوار دیلەوە هەڵگیرا و بە شوێنی ئەوانیشدا باڵیۆز دی فۆکسا، ژەنەڕاڵ ئێدکویست، خۆم، دیلە ئیسپانییەکان و لە پاش ئێمەیش ژمارەیەک سەربازی فینلەندی تەرمەکەمان بەڕێ کرد. قەشەکە نزیکەی پانزە مەتر دوورتر ڕاوەستابوو. لێوەکانی دەجووڵانەوە، دوعای بۆ مردووەکە دەکرد- بەڵام بە بێدەنگی، لەبەر ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی مردووەکە. لەگەڵ دابەزینی تابوتەکە بۆ ناو گۆڕ، سەربازە فینلەندییەکان کە هەموویان پرۆتستان بوون، تفەنگەکانیان تەقاند. ژەنەڕاڵ ئێدکویست و ئەفسەر و سەربازە فینلەندییەکان بە ئانیشکی چەماوە سڵاوی سەربازییان پێشکەش کرد، منیش هەروا؛ باڵیۆز دی فۆکسا بە قۆڵی درێژ و لەپی دەستی کراوەی سڵاوی لێکرد، بە شێوازی فاشیستەکان؛ و هەڤاڵانی کۆچکردووش دەستیان بەرزکردەوە، بەڵام بە مشتی قوچاو.
ڕۆژی دواتر دی فۆکسا خۆی خستەڕێ بڕوات. پێش ئەوەی بچێتە ناو کالسکەخلیسکێنەییەکەیەوە بۆ گەڕانەوە، منی بردە پەنایەک و بە نهێنی وتی: دەمەوێت سوپاست بکەم بۆ هەموو ئەو کارانەی کە کردووتە. تۆ زۆر ژیر و مرۆڤدۆستی. ئەگەر توڕە بووم، داوای لێبوردن دەکەم، بەڵام دەزانی چییە… هەمیشە تێوەگلاویت لەو شتانەی کە پەیوەندییان بە تۆوە نییە!
چەند ڕۆژێک تێپەڕی. دیلەکان چاوەڕێی وەڵامێک بوون لە مەدریدەوە، کە نەهات. ژەنەڕاڵ ئێدکویست هێدی هێدی سەبری نەما و نیگەران ببوو. ژەنەراڵ وتی: دەزانی چیە، من ناتوانم لەوە زیاتر ئەم سەربازانە لێرە بهێڵمەوە، دەبێت بڕیارێک بدرێت؛ یان ئیسپانیا وەریان بگرێتەوە، یان دەیاننێرم بۆ ئۆردوگای دیلەکانی جەنگ، دۆخەکەیان هەستیارە، بۆیان باشترە لێرە بمێننەوە، بەڵام من ناتوانم بۆ هەمیشە لێرە ڕایانبگرم.
_ تۆزێ سەبرتان هەبێ. وەڵاممان دەدەنەوە.
وەڵامەکە هات: “تەنها ئەو سەربازانەی خۆیان بە ئیسپانی دەزانن و دان بە حکومەتەکەی فرانسیسکۆ فرانکۆدا دەنێن و ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ ئیسپانیا دەردەبڕن، وەک هاووڵاتیی ئیسپانی دەناسرێنەوە.”
ژەنەڕاڵ ئێدکویست وتی: بڕۆ دۆخەکەیان بۆ ڕوون بکەرەوە.
دیلەکان وتیان: ئێمە حکومەتی فرانکۆ بە ڕەسمییەت ناناسین و ناشمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ئیسپانیا.
وتم: من ڕێز لە پتەویی بیروبڕواتان دەگرم، بەڵام دەبێت لەو دۆخە مەترسیدارە تێبگەن کە تێیدان. ئەگەر ئێوە دان بەوەدا بنێن کە لە بەرەی سوپای سووردا شەڕتان کردووە، ئەوا هەر هەمووتان تیرباران دەکرێن. یاساکانی جەنگ یاسای جەنگن. بۆیە کارێک بکەن بتوانم یارمەتیتان بدەم. بە وریاییەوە بیر لەم بابەتە بکەنەوە. ئێوە لە بنەڕەتدا ئیسپانین. هەموو کۆماریخوازەکان تا ئێستا دانیان ناوە بە شەرعیەتی فرانکۆدا. ئەوان یارییەکەیان دۆڕاندووە، بەڵام وەفاداری بە ئامانجەکەیان پێشیان پێناگرێ لەوە تێبگەن ئێستا ئیتر سەرکەوتووی مەیدان فرانکۆیە. ئێوەیش هەر ئەو کارە بکەن کە کۆماریخوازەکان لە ئیسپانیا کردیان. دان بنێن بەوەی شکستتان هێناوە و بڕایەوە.
_ لە ئیسپانیادا ئیتر کۆماریخوازێک نەماوە. هەموویان تیرباران کراون.
_ لە کوێ ئەم چیرۆکەتان بیستووە؟
_ لە ڕۆژنامەکانی سۆڤیەتدا خوێندمانەوە. بزانە ئێمە دان بە ڕژێمی فرانکۆدا نانێین. ئێمە پێمان باشترە فینلەندییەکان تیربارانمان بکەن تا فرانکۆ.
_ گوێ بگرن، من نە خۆشم لە ئێوە دێت. نە لە ئیسپانیای کۆمونیست، نە ئیسپانیای فاشیست، نە ڕووسیا! بەڵام ناتوانم هەروا لێتانگەڕێم و لێیشتان ناگەڕێم. ئەوەی لە دەستم بێ دەیکەم بۆتان. ئەگەر ئێوە ناتانەوێت دان بە ڕژێمی فرانکۆدا بنێن، ئەوا من بە ناوی ئێوەوە نامەی داپێدانان واژۆ دەکەم. ئەم کارە شایەتیدانی درۆیە، بەڵام ژیانتان ڕزگار دەکات. تێدەگەن؟
_ نەخێر. ئێمەیش دەڵێین تۆ لە جیاتی ئێمە واژۆت کردووە. ئێمە تەنها دەمانەوێ تۆ وازمان لێ بێنی! خۆت هەڵمەقورتێنە ناو ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بە تۆوە نییە. ئایا تۆ ئیسپانیت؟ نەخێر، ئەی بۆچی خۆت تێکەڵی ئەم بابەتە دەکەیت؟
_ من ئیسپانی نیم، بەڵام ئینسانم، مەسیحیم و واز لە ئێوەیش ناهێنم. دووبارەی دەکەمەوە: با یارمەتیتان بدەم. ئێوە دەگەڕێنەوە بۆ ئیسپانیا، کاتێکیش لەوێ دەبن وەک خەڵکی تر هەڵسوکەوت دەکەن، هەر وەک کۆماریخوازەکانی دیکە کە شکستیان قبوڵ کردووە. ئێوە گەنجن و من ناهێڵم بمرن.
_ تۆ بەس لە کۆڵمان بەرەوە، هیچمان ناوێت.
بە بێهیواییەوە لەوێ ڕۆیشتم. ژەنەڕاڵ ئێدکویست وتی: دەبێت بە دی فۆکسا بڵێین. تەلەگرافی بۆ بکە کە پێویستە بێت و ڕێگاچارەیەک بدۆزێتەوە.
تەلەگرامم بۆ دی فۆکسا نارد: “دیلەکان ناچنە ژێر بار. خۆت وەرە و ڕازییان بکە.”
دی فۆکسا دوای دوو ڕۆژ گەیشت. بای باکوور بە هێزێکی نائاسایییەوە هەڵیکردبوو. دی فۆکسا هەموو گیانی بە بەفر داپۆشرابوو. هەر کە منی بینی قیڕاندی: دیسانەوە؟ بۆچی تەلەگرافت بۆ من کرد؟ پێت وایە هیچ سوودی هەیە؟ ئەم کوڕانە گوێ نادەنە قسەی من. تۆ ئیسپانییەکان ناناسیت. وەک قاتری تۆلیدۆ تووڕ و سەرکێشن.
وتم: بڕۆ قسەیان لەگەڵ بکە. بەشکەم…
_ بەڵێ بەڵێ دەزانم. هەر بۆ ئەوە هاتووم. بەڵام بەڕاستی، مالاپارتێ…
بەرەو لای دیلەکان وەڕێکەوت، منیش لەگەڵیدا چووم. ئەوان لەسەر قسەکەی خۆیان سوور بوون. دی فۆکسا لێیان پاڕایەوە، قسەی خۆشی بۆ کردن، هەڕەشەی لێکردن. هیچ سوودی نەبوو.
وتیان: کەوایە ئێمە تیرباران دەکرێین. ئەی دوای ئەوە چ دەبێ؟
دی فۆکسا کە لە تووڕەییاندا هەموو گیانی دەلەرزی، بە چاوی فرمێسکینەوە هاواری کرد: دوای ئەوە من ئێوە وەکوو کاتوولێکێک ئەسپەردە دەکەم.
ئاگۆستین پیاوێکی باش بوو و ئەم کەللەڕەقییە گەورە و ترسناکە ئازاری دەدا.
دیلەکان وتیان: تۆ ئەوە ناکەیت.
ئەوانیش پەڵمەی گریان گرتبوونی ونەیاندەتوانی پێش بە هەڵوەرینی فرمێسکەکانیان بگرن. دی فۆکسا تووڕە و شڵەژاو خۆی ئامادە کرد بۆ ڕۆیشتن. داوای لە ژەنەڕاڵ ئێدکویست کرد کە تا خۆی نەیوتووە کاری بە سەریانەوە نەبێت. کاتێک خۆی لە نێو کالیسکە خلیسکێنەییەکەی جێکردەوە، ڕووی لە من کرد: دەبینیت مالاپارتێ، خەتای تۆیە کە من لەم ڕەوشەدام. نامەوێت بیر لە چارەنووسی ئەم کوڕە داماوانە بکەمەوە. من سەرسامم پێیان، شانازییان پێوە دەکەم – بەم ئیسپانییە ڕاستینانەیە. بەڵێ ئەوانە ئیسپانیی ڕاستینەن، ئەمەگدار و بەجەرگ. دەزانیت…؟
فرمێسک لە چاوەکانیدا قەتیسمابوو و دەنگی دەلەرزی. وتی: دەبێت هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ڕزگارکردنیان. من دڵم بە تۆ خۆشە.
_ من ئەوەی لە دەستم بێ دەیکەم، بەڵێن دەدەم ناهێڵم بمرن. ئادیوس، ئاگۆستین.
_ ئادیوس، مالاپارتێ.
هەموو ڕۆژێک دەچوومە لای ئەو دیلانە. تەقەلام دەکرد بە هەر لەونێک بووە ڕازییان بکەم، بەڵام هیچ سوودی نەبوو.
وتیان: سپاس. ئێمە کومونیستین و هەرگیز فرانکۆ بە ڕەسمییەت ناناسین.
چەند ڕۆژ دواتر ژەنەڕاڵ ئێدکویست بانگی کردم.
_ بڕۆ بزانە ئەو دیلانە چییان لێقەوماوە؟ خەریکبوو یەکێک لە هەڤاڵەکانیان بکوژن. نازانین بۆ چی ئەو کارەیان کردووە.
*
چووم بۆ بینینی دیلەکان. یەکێکیان بە تەنیا لە گۆشەی ژوورەکەدا دانیشتبوو و هەموو گیانی شەڵاڵی خوێن بوو، سەربازێکی فینلەندیش بە تفەنگێکی سۆنی کێنپیستۆل، هەمان دۆشکا بەناوبانگەکە، ئاگای لێبوو.
_ چیتان بە سەر ئەم پیاوە هێناوە؟
وەڵامیان دایەوە: “ئەو خیانەتکارە. Un traidor..”
بە بریندارەکەم گوت: ڕاست دەکەن؟
_ بەڵێ. من خیانەتکارم. دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ئیسپانیا. ئیتر لەوە زیاتر تاقەتم نەماوە. من نامەوێت بمرم. دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ئیسپانیا. من ئیسپانیم. پێمخۆشە بگەڕێمەوە بۆ ئیسپانیا.
هەڤاڵەکانی، هەروا کە بە چاوی پڕ لە ڕق و بێزارییەوە تماشایان دەکرد، وتیان: “ئەو خیانەتکارە! Un traidor!”
خیانەتکارم بە تەنیایی لە سەربازگەیەکی دیکەدا بەجێهێشت و تەلەگرافم کرد بۆ دی فۆکسا: “سەربازێک دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئیسپانیا. خێرا وەرە.”
دوای دوو ڕۆژ دی فۆکسا گەیشتە لامان. بەفر کوێری کردبوو و ئەو پارچە سەهۆڵانەی لە جادە بەستووەکە لە ژێر سمی ئەسپەکان هەڵکەنرابوون و فڕەیان بەستبوو، دەموچاویان بریندار کردبوو.
_ خۆیشت دەزانی خەریکی چی دەکەیت؟ دیسان خۆت هەڵقورتاندە نێو کارێکەوە کە هیچ پێوەندییەکی بە تۆوە نییە؟ تۆ کەی واز لە ئازاردانی من بەم گەمژەبازییانەت دێنی؟ ئەو سەربازە لە کوێیە؟
_ لەوێیە، ئاگۆستین.
_ باشە. با بڕۆین بیبینین.
خیانەتکار ‘el traidor’ بە بێدەنگی خێراتنی کردین. کوڕێکی نزیکەی بیست ساڵان بوو، قژکاڵ، بە دوو چاوی شین، ڕەنگ بە ڕوخسارییەوە نەبوو. کاڵییەکەی هەر وەک ئیسپانییەکان بوو، هەر ئەو چاوە شینانەی پێوە بوو کە تایبەت بە ئیسپانییەکانە. دەستی کرد بە گریان. وتی من خیانەتکارم. بەڵام ئیتر تاقەتم نەماوە. نامەوێت بمرم. دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ئیسپانیا.
دەگریا، چاوەکانی پڕ بوون لە ترس، هیوا و پاڕانەوە. دی فۆکسا خەم دایگرت.
وتی: مەگری، دەتبەینەوە بۆ ئیسپانیا، لەوێ پێشوازیت لێ دەکەن، لێت خۆش دەبن، خەتای تۆ نەبووە ڕووسەکان تۆیان کردووە بە کومونیست، تۆ تەنها کوڕێکی منداڵ و کەمتەمەن بوویت. مەگری.
دیلەکە وتی: من خیانەتکارم.
دی فۆکسا جددی و ئارام وتی: هەموومان خیانەتکارین.
ڕۆژی دواتر دی فۆکسا تەوبەنامە واژۆکراوەکەی بەدەستەوە بوو و ئامادە بوو بڕوات. پێش ئەوەی بڕوات، چووە لای ژەنەڕاڵ ئێدکویست.
وتی: تۆ پیاوێکی بەڕێزیت، بەڵێنم پێ بدە کە یارمەتیی ئەو باقی دیلەکان بدەیت، ئەوانە ئامادەن بمرن، بەڵام حەشا لە بیروباوەڕیان نەکەن.
ژەنەڕاڵ ئێدکویست وتی: بەڵێ، ئەوان کوڕی باشن. من سەربازم، سەرسامم بە وەفاداری و بەجەرگبوون، با دوژمنیشم بێ. بەڵێنتان پێدەدەم. جگە لەوەش من لەگەڵ مارشال مانێرهایمدام: “وەک دیلێکی جەنگی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. نیگەران مەبن. من گەرەنتی ژیانیان دەکەم.”
دی فۆکسا بە بێدەنگی تەوقەی کرد لەگەڵ ژەنەڕاڵ ئێدکویست، سۆزێکی داخ گەرووی دەسووتاند و نەیدەهێشت دەنگی لێوە دەربێت. کە دانیشتە ناو کالیسکە خلیسکێنەییەکەی، ئینجا، زەردەخەنەیەکی کرد. وتی: ئاخری خەیاڵی منت ئاسوودە کرد، تەلەگراف بۆ مەدرید دەکەم و هەر کە وەڵامیان دامەوە، ئیتر دەزانین چی بکەین، سپاس بۆ تۆ مالاپارتێ.
_ ئادیۆس، ئاگۆستین.
_ ئادیۆس.
دوای چەند ڕۆژێک وەڵامەکە لە مەدریدەوە هات. دیلەکەیان برد بۆ شاری هێلسنکی، لەوێ ئەفسەرانی ئیسپانی چاوەڕێیان دەکرد. ‘el traidor’ بە فڕۆکە گوێزرایەوە بۆ بەرلین و لەوێشەوە بۆ مەدرید. (دیار بوو کە دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا دەیانەوێت ئەو هەلە بە سوودی خۆیان بقۆزنەوە.) دیلەکە بە تەواوی لە ژێر چاودێریدا بوو. ئەو هەموو سەرنجەی پێخۆش بوو و کەیفی دەکرد.
*
دوو مانگ دواتر من گەڕامەوە بۆ هێلسنکی. دارەکانی سەیرانگای ئێسپلانادا بە چەترێک گەڵای سەوز و تەڕ و تازە داپۆشرابوون و چۆلەکەکان لە سەر لق و پۆیان گۆرانییان دەچڕی. چووم بۆ ئەوەی ژەنەڕاڵ دی فۆکسا لە ڤێلاکەی لە برۆنسپارکێن بهێنم، بە درێژایی ڕێگای ئێسپلانادا بە پێی ڕۆیشتین بەرەوە هۆتێل کێمپ. دەریا ئەوەندە سەوز بوو وەک بڵێی ئەویش خەریک بوو گەڵای دەردەکرد، و دوورگە بچووکەکەش بە باڵی باڵندەی دەریایی تەواو سپیپۆش ببوو.
_ دەنگوباسی دیلە خیانەتکارەکە؟ هیچ هەواڵی تازەت لەبارەیەوە بیستووە؟
دی فۆکسا قیڕاندی: دیسان؟ تۆ بۆ یەکسەر خۆت لەم بابەتە هەڵدەقورتێنی؟
وتم: ئاخر من تەقەلای زۆرم دا بۆ ڕزگارکردنی ژیانی.
دی فۆکسا پێی وتم: لە مەدرید بە گەرمی پێشوازی لە خیانەتکارەکە کرا. یەکسەر بۆ ئەم لا و و ئەو لایان دەبردو و خەڵک دەیانگوت: ئەم کوڕە قۆزە دەبینیت؟ کۆمونیست بووە، شان بە شانی ڕووسەکان شەڕی کردووە. لە بەرەی ڕووسیادا بە دیل گیرا. بەڵام خۆی ویستویەتی بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی، بۆ ئیسپانیا. فرانکۆی بە ڕەسمییەت ناسیوە. کوڕێکی بەجەرگە. ئیسپانییەکی باش. دەیانبردە کافێ، شانۆ، یاریگا، سینەما، تەنانەت بۆ بینینی شەڕەگا.
بەڵام ئەو دەیگوت: ئەمە بەلاتانەوە کافێیە؟ دەبێ کافێکانی مۆسکۆ ببینن.
و پێدەکەنی: ئەمە شانۆیە؟ ئەمە سینەمایە؟ بڕۆن بزانن لە مۆسکۆ چییان هەیە.
و دیسان پێدەکەنی. دەیانبردە یاریگا. هاواری دەکرد:
ئەمە یاریگایە؟ یاریگای کیێڤتان نەبینیوە.
و پێدەکەنی. هەمووان لایان دەکردەوە و سەیریان دەکرد، ئەویش هاواری دەکرد:
ئەمە یاریگایە؟ بە یاریگاکەی کیێڤ دەڵێن یاریگا نە ئەمە.
و پێدەکەنی.
*
دی فۆکسا وتی: ئێستا تێگەیشتی؟ ئاخری تێگەیشتی؟ خەتای تۆیە کە لە وەزارەتخانە لێم توڕە بوون، هەمووی خەتای تۆیە. ئەمە دەبێ ببێتە وانەیەک بۆ تۆ کە خۆت نەدەی لە قەرەی هەر کارێک کە پێوەندیی بە تۆوە نییە.
_ ئەی خیانەتکار؟ چییان لێ کرد؟
دی فۆکسا بە دەنگێکی سەیر و سەمەرە وتی: “پێت وایە چی لێ دەکەن؟ هیچ! هیچیان لێ نەکرد. ئەرێ تۆ بۆ خۆت لە هەموو کارێک هەڵدەقورتێنی؟
پاشان زەردەخەنەی کرد: بەهەر حاڵ وەک کاتوولیکێک ئەسپەردەیان کرد.
————————
فاشیست یان دژە فاشیست؟
چاوخشاندنێک بە سەر ژیان و بەرهەمەکانی کورتزیۆ مالاپارتێ
ڕەنگە “کورت ئێریش سۆکێرت” لە ساڵی ١٩٢٥ ناوی خۆی گۆڕیبێت بۆ “کورتزیۆ مالاپارتێ” و ئەوەندەی لە نووسینەکانی دەردەکەوێ، لە ساڵانی خوێندنیدا خوێندکارێکی سەرکەوتوو بووە. کوڕێکی کونجکۆڵی سەربەخۆ، نەوەستاو و نەگیراو هەروەک باوکی. له تەمەنی سێزده ساڵیدا بوو بە ئەندامی پارتی کۆماریخواز و بەرپرسی لقی تازەلاوان و ڕۆژنامەیەکی تەنز و نوکتەی دانا. لە تەمەنی شانزە ساڵیدا لە ماڵەوە ڕادەکات بۆ ئەوەی بچێتە ناو سوپای گاریباڵدی. لە جەنگی جیهانی یەکەمدا لە بەرەکانی پێشەوە شەڕی کردووە و بەهۆی هەڵمژینی گازی ژەهراوی سییەکانی تووشی کێشە بوون. چەندین جار عاشق بووە و حەڤدە جار دوێلی کردووە. لە ساڵی ١٩٢١ پەیوەندی بە فاشیزمەوە کرد و لەگەڵ دەستە فلۆرانسییەکان لە ڕۆما خۆپیشاندانی کرد. لە ساڵی ١٩٢٤ لەسەر خەرجی حیزبی فاشیست، گۆڤاری هەفتانەی “سەرکەوتنی دەوڵەت”ی دامەزراند و وتاری پڕ سۆز و خرۆشی زۆری تێدا نووسی بۆ بەرگریکردن لە تیۆرییەکەی نیچە سەبارەت بە مرۆڤی باڵا. لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی ڕژێم بەپێی هەلومەرجەکە دۆست و یان دوژمن بوو. ساڵی ١٩٢٨ بوو بە سەرنووسەری ڕۆژنامەی “ماتینۆ” و پاشان ساڵی دواتر، سەرنووسەری ڕۆژنامەی “ستێمپا”ی گرتە ئەستۆ. کورتزیۆ مالاپارتێ ساڵی ١٩٢١ دەستی بە بڵاوکردنەوەی بەرهەم و نووسینەکانی بە ناوەڕۆکی مێژوویی- سیاسی کرد. “ڕاپەڕینی قدیسە نەفرەتییەکان” لە هەمان ساڵدا بڵاو کرایەوە و دواتر قەدەغە کرا. و پاشان “زەماوەندی نیرەمۆکەکان”، “ئیتالیای کێوی”، “زیرەکیی لێنین”، “بەسەرهاتەکانی کاپتەنی بێبەخت” و چەند بەرهەمێکی دیکەی بڵاو کردەوە.
لە ساڵانی ١٩٢٨ تا ١٩٣٨ لەگەڵ “ئانجۆلێتی” گۆڤاری “فیێرا لیتەراریا”ی بڵاو کردەوە. پاشان بە هۆی پیشەکەیەوە سەردانی ڕووسیا، ئەڵمانیا، سکۆتلەند و ئینگلیزی کرد و پاشان بۆ ماوەیەکیش لە پاریس نیشتەجێ بوو و بە وەرگێڕانی یەکێک لە بەرهەمەکانی بە ناوی “تەکنیکی کودەتا” کە فاشیستەکان بەدڵیان نەبوو، سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست هێنا. مالاپارتێ وردە وردە ڕەخنەگرتن لە حیزبی فاشیستی کردە بەرنامەی سەرەکیی خۆی و بازنەی ڕەخنەکانی تا هەجو کردنی مۆسۆلینی بڵاو بوویەوە. ساڵی ١٩٣١ دوای گەڕانەوەی بۆ ئیتالیا لە پارتی فاشیست کشایەوە و هەر لەو ساڵەدا خۆی گەیاندە فەرەنسا. ساڵی ١٩٣٣ دوای گەڕانەوەی بۆ ئیتالیا دەستگیرکرا و لە شاری “لیپاری” سزای ٥ ساڵ دوورخرانەوەی بەسەردا سەپێندرا و تۆمەتەکەیشی بە چالاکیی دژەفاشیستی لە دەرەوەی وڵات ڕاگەیەندرا. بەڵام دوای ساڵێک، لە ڕێگەی نێوەندگیریی هاوڕێ خاوەن دزە و دەسەڵاتەکانییەوە گواسترایەوە بۆ “ئیسکیا” و پاشان بۆ “فۆرتێ دی مێرمی”. ئەمەش دەرفەتی زیاتری بۆ ڕەخساند و ڕێگەی پێدرا جارێکی دیکە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژنامەی “کۆریێرە دێلا سێرا” هەبێت – کە پێشتر کاری لەگەڵدا کردبوو. پاشان کورتزیۆ مالاپارتێ لە ژێر ناوی ساختەی “کاندیدۆ” دەستی بە نووسینی وتار کرد و لە ماوەی ئەم ساڵانەدا سێ کتێبی بڵاو کردەوە. دوای کۆتاییهاتنی ساڵانی دوورخرانەوە گەڕایەوە بۆ ڕۆما و گۆڤاری “پێرسپێکتیڤ”ی دامەزراند کە باشترین بەرهەمەکانی ئیتالیا و ئەوروپای تێدا بڵاو دەکردەوە. لە کۆتاییی ساڵی ١٩٣٨ بە کۆتاییهاتنی جەنگی ئێتیۆپیا، وەک پەیامنێری ڕۆژنامەی “کۆریێرە دێلا سێرا” چووە ئەفریقا.
ساڵی ١٩٤٠ وەک سەرۆکی کۆمەڵێک سەرباز چووە بەرەکانی جەنگەوە. چیرۆکی “خۆر، کوێرە” کە وەک زنجیرەبابەت لە ڕۆژنامەی “تەمپۆ”دا بڵاو کرایەوە، دەرئەنجامی ئەزموونەکانی ئەو چەند مانگەیە لەم بەرەیەی شەڕدا. ساڵی ١٩٤١ چووە بەرەی ڕووسیا. بەڵام بەهۆی ناردنی ڕاپۆرتی دژ بە ئەڵمانیا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیاوە لەم بەرەیەدا دەرکرا. پاشان چووە فینلاند و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەم وڵاتە مایەوە و کتێبێکی دژی توندوتیژیی سوپای ئەڵمانیا نووسی بە ناوی “قوربانی”. (وەرگێڕی بەناوبانگی کورد “محەممەدی قازی” بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە بە زمانی فارسی، مالاپارتێی ناساند بە خوێنەری ئێرانی). مالاپارتێ ساڵی ١٩٤٣ گەڕایەوە بۆ ئیتالیا و بۆ ماوەی هەفتەیەک زیندانی دەکرێت. پاشان لە مانگی نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا بۆ ماوەیەکی کورت لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە “کاپری” زیندانی دەکرێت، پاشان ئازاد دەکرێت.
لەم ساڵانەدا بوو کە کورتزیۆ مالاپارتێ بە تەواوەتی لە بیروباوەڕی فاشیستی دوور کەوتەوە و بڕیاری دا بەشداری لە فەزای سیاسی- ئەدەبیی ئیتالیادا بکات. ڕەخنەگری ئەدەبی “ڤێلیانی” دەنووسێت: “ئەو لەو سەردەمەدا نائارام بوو، هاوڕێکانی لە ساڵانی دوای جەنگدا ئەویان یەکسەر لە حاڵەتی توڕەیی و دەمارگرژیدا وەبیر دێتەوە. نووسینەکانی مالاپارتێ دوای جەنگ زیاتر لە پاساودان یان بەرگریکردن لە ئەزموونەکانی ڕابردوون یان کاردانەوەیەکن بەرامبەر بە کۆمەڵگای ئیتالیا و ژیانی سیاسیی پڕ بەسەرهاتی خۆی.
مالاپارتێ لە کۆتاییی ساڵی ١٩٤٧ ئیتاڵیای بەجێهێشت و چوو بۆ پاریس. بەڵام لەوێشدا جگە لە ساردی و دوژمنایەتی هیچی تری بە نسیب نەبوو. ئەزموونی شانۆی کرد و چەندین شانۆنامەی ناسەرکەوتووی بردە سەر سەکۆ. شانۆنامە سێ پەردەییەکەی “کاپیتاڵ” کە باس لە دوورخرانەوەی “کارێڵ مارکس” دەکات، هەر لەو ساڵەدا بە زمانی فەرەنسی نومایش کرا. ساڵی ١٩٥١ گەڕایەوە بۆ ئیتالیا و دەستی کرد بە نووسینی سیناریۆ بۆ سینەما، هەروەها فیلمی “مەسیحی قەدەغەکراو”ی بەرهەم هێنا کە لە دەرەوەی ئیتاڵیا پێشوازییەکی زۆری لێکرا. پاشان چووە ئەمریکا و فیلمی “کیژۆڵەی ڕۆژاوا”ی دەرهێنا.
لە کۆتاییی ساڵی ١٩٥٦ لەلایەن یەکێتیی نووسەرانی سۆڤیەتەوە بانگهێشتی ئەم وڵاتە کرا و لەسەر بانگهێشتێکی دیکەیش لەلایەن حکومەتی چینەوە، چوو بۆ ئەم وڵاتەیش. بەڵام بەهۆی گەشەکردنی لوویەک لە مێشکیدا ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ ئیتاڵیا و دوای بەرگەگرتنی ئێش و ئازارێکی تاقەتپڕووکێن لە ساڵی ١٩٥٧دا کۆچی دوایی کرد.
بەرهەمەکانی مالاپارتێ کە کۆمەڵێک نووسینی جیاواز دەگرێتەوە، نوێنەرایەتی نووسەرێکی خاوەن بیروهزرێکی داهێنەرانە دەکەن بە خەون و خەیاڵێکی بێسنوورەوە. هەر لەبەر ئەوەشە کە چ لە گۆڕەپانی پەخشان و چ لە شیعردا، هەندێک جار هەندێک ئاستێکی یەکجار باڵا بەدەست دێنێ.
مالاپارتێ زۆجار بەراورد کراوە بە “دۆنۆنزیۆ” و ئەم بەراوردکردنە دوور نییە لە ڕاستییەوە، چ لە ڕووی ژیانی سەرگەردانی و چ لە ڕووی جۆراوجۆری بەرهەمەکانییەوە.
بەرهەمەکانی کۆرتزیۆ مالاپارتێ:
چیرۆک:
بۆ ڕاوچییەکانی چیای ئاڵپ (١٩١٨)، زەماوەندی نێرەمۆکەکان (١٩٢١)، ڕاپەڕینی قدیسە نەفرەتییەکان (١٩٢١)، ئەوروپای زیندوو (١٩٢٣)، شەڕ، لە نێوان دوو سەرکەوتندا (١٩٢٣)، ئیتاڵیای کێوی (١٩٢٦)، بەسەرهاتەکانی کاپتەنی بێبەخت (١٩٢٧)، دۆن کامیلۆ، یان من مارمێلکەیەکم بەخێو کردووە (١٩٢٨)، ئیتاڵی باڵا (١٩٢٨)، ئیتالیا دژی ئەوروپا (١٩٢٨)، چەتەی ئەدەبی (١٩٢٩)، زیرەکیی لینین (١٩٣٠)، سۆدۆم و گۆمۆرا (١٩٣١)، پاسەوانانی بشێوی (١٩٣١)، تەکنیکی کودەتا (١٩٣١)، شێتیی ئۆرلاندۆ (١٩٣٣)، هەڵهاتن بۆ زیندان (١٩٣٦)، خوێن (١٩٣٧)، گەشتێک بۆ دۆزەخ (١٩٣٨)، کارەساتێکی ئیتاڵی (١٩٣٩)، ژنێکی وەک من (١٩٤٠)، سوریالیزم و ئیتاڵیا (١٩٤٠)، خواژنە گەمژەکان (١٩٤٠)، گەنجەکان ناتوانن بنووسن (١٩٤٠)، خۆر کوێرە (١٩٤١)، ڤۆڵگا لە ئەوروپاوە سەرچاوەی گرتووە (١٩٤٣)، قوربانی (١٩٤٥)، پێست (١٩٤٩)، چیرۆکی سبەینێ (١٩٤٩)، دوو ساڵ مشتومڕ (١٩٥٥)، تووسکانییە نەفرەتییەکان (١٩٥٦)، چیرۆکە ئیتاڵییەکان (١٩٥٧)، من، لە ڕووسیا و چین (١٩٥٨)، ماما مارچا (١٩٥٩)، ئینگلیزییەک لە بەهەشت (١٩٦٠)، ئیتاڵییە لێبووردەکان (١٩٦١) و تێبینییەکانی نامۆیەک لە پاریس (١٩٦٦).
شانۆ: کاپیتاڵ (١٩٥١) و تەنانەت ژنانیش شەڕیان دۆڕاند (١٩٥٤).
شیعر: ئیتاڵییەکی باڵا (١٩٢٨) و مردووەکانی بلیگنی پاسوور دەکەن(١٩٣٩)