نیتچە Archives - ژنەفتن
هێزی ئاگامەندی لە تێگەیشتن لە بوون
بوون ماڵی ئێمەیە و ئێمە لەو ماڵە شکۆدارەدا خاوەنماڵین. ئەوەی لەو ماڵەدا هەست بە نامۆییی خۆی دەکات، خاوەنماڵەکانی تر بە سەروەرتر لە خۆی دەزانێت. بۆ دواوە و بۆ پێشەوە بڕوانین، هەر خۆمان دەدۆزینەوە. ئەو هێزە ئافرێنەرەی ئاگامەندیی ئێمە هەیەتی، جیهان لە خۆیدا دەئافرێنێت و جیهان دەکاتە مانیفێستی خۆی لە بەرجەستەبووندا. هێزی ئافراندن و ڕووخاندن لە یەککاتدا هێزە یەزدانییەکانی ئاگامەندین، بەڵام ئاگامەندی هەمیشە ئاگامەندیی بوونە و هیچی تر. لەم سەرەباسەدا، ڕوانگەیەک لەو جۆرە تێڕامانە دەخەمەڕوو، ئەویش بە هەوڵی دامەزراندنی زەمینەیەک بۆ تێگەیشتن لە ئەزموونە گیانخوازییەکان (Spiritual experiences).
بە بۆچوونی (ڕۆی ڕام باسکار)، ئێمە دوو جۆر زانینمان هەن: زانینی یەکەم سەبارەت بە بوونە لە کاتێکدا زانینی دووەم پێوەندیی بە بەرهەمهێنانەوە (production) هەیە.[1] لێرەدا، ئێمە زانینی دووەم بەلاوە دەنێین و ڕوومان لە جۆری یەکەمە، کە زانینە سەبارەت بە بوون. تەنیا لە ڕێگەی زانینی یەکەمەوەیە، کە ئێمە دەتوانین تێگەیشتن بۆ بوونی خۆمان مسۆگەر بکەین. خودی زانین سەبارەت بە بوون هێزە بۆ بوونی ئێمە، چونکە مرۆڤانی زانین بایەخی زانین دەزانن؛ ئەوان دەزانن، کە زانین سەبارەت بە بوون دەروازە گەورەکەیە ڕووەو ئازادی؛ تاکە دەروازەیەک، کە شایستەی ئەوەیە ڕێگای بێژمار ژیانی بۆ بگرینە بەر. (فریدرێک نیتشە) گۆتەنی “ئەو شوێنەی درەختی زانینی لێ ڕوواوە، هەمیشە بەهەشتە.”[2] ئازادبوون چەمکێکی ناپێویست نییە. واتە چەمکێک نییە، کە تەنیا پێوەندییەکی ناڕۆشن و ناڕێکخراوی لەگەڵ ڕاستەقینەدا هەبێت. ئازادی ترپەی دڵی بوونە. مەوداکانی ئازادی تەنانەت لەسەرووی هۆش و تێگەیشتنن، بەو پێیەی ئازادی لە دەرەوەی بەرجەستەبوونی کۆمەڵایەتی لە گۆی پێوەندیی هێزەکان لەنێوان مرۆڤەکاندا، لە کایەکانی تری بوونی مرۆڤیشدا بەرجەستە دەبێت. بۆ نموونە، لە کایەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەلومەرجە سروشتییانەی مرۆڤ لەژێر باریاندا دەژی. هەلومەرجەکانی بوونی مرۆڤ هیچ کات بە تەنیا کۆمەڵایەتی نین، چونکە مرۆڤ بەر لەوەی کۆمەڵایەتییانە هەلومەرجدار بێت، لەڕووی بایۆلۆجییەوە بوونەوەرێکی هەلومەرجدارکراوە. هەم هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکان و هەم هەلومەرجە بایۆلۆجییەکان هەلومەرجی سروشتن لە بوونی مرۆڤدا. لەو ڕووەوە، ئازادی پاڵنەرێکە لەناو ئاگامەندیدا، کە هەمیشە ڕووەو ڕەهاییە، واتە ڕەهایی لە ئەزمووندا، لە تێگەیشتندا، لە زانیندا و لە هەمان کاتدا ڕەهایی لە ئاگامەندییەکی سەرجەمگیر، کە لە ئاست سەرجەمگیریێتیی بووندا بێت. ئاگامەندی هەمیشە ئاگامەندیی بوونە؛ ئاگامەندی مانیفێست دەبێت لە شێوە و بەرجەستەبوونە فرەجۆرەکانیدا. ئەو تێگەیشتنە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، کە مادام ویستی ئازادی ویستی ئاگامەندییە، ئەو ویستە بە تەنیا تایبەت نییە بە مرۆڤ، بەڵکوو ویستێکە لە سروشتدا؛ واتە لە بوونەوەر و ڕووەکەکاندا. کاتێکیش ئەو ویستە بە تەنیا تایبەت نەبێت بە مرۆڤ، ئەوە واتای ئەوە دەگەیەنێت، کە ویستی ئازادی لەسەرووی هۆشە، نەک ئەوەی ئازادی بەرهەمێکی هۆش بێت وەکوو هەموو بەرهەمەکانی تری هۆش. کاتێکیش ئازادی بەرهەمی هۆش نەبێت، بەڵکوو لەسەرووی هۆشەوە بێت، لەناو هەموو پاڵنەر و زەبرە سروشتی و هۆشەکییەکاندا دەجووڵێت و خودی جووڵەکانی ژینگە ناوەکی و دەرەکییەکان دەگوازێتەوە. لەو ڕووەوە، زانین سەبارەت بە بوون لە کڕۆکی خۆیدا جەخت لەسەر ئازادی دەکاتەوە، چونکە بوون خۆی ئازادییە، کاتێک هێزی ئافراندنی جیهان لە ئاگامەندیی بوونەوە دێت. هێزی ئافرێنەر، کە ئاگامەندییە، هیچ ئافرێنەرێکی تر لە سەرووی خۆیەوە ناناسێت، چونکە ئەو هێزە هێزی بوون خۆیەتی. (نیتشە) درک بە لایەنێکی قووڵی بوونی مرۆڤ دەکات، کاتێک ئەو مرۆڤە وەکوو بوونەوەرێکی فۆڕمبەخش، کە بەردەوام شێوە و ڕیتم دادەهێنێت، دەناسێنێت، وەک دەنووسێت:
“مرۆڤ بوونەوەرێکە، کە شێوە دادەهێنێت (ein formenbildendes Geschöpf). مرۆڤ باوەڕی بە “بوون” و شتەکان هەیە، چونکە خۆی بوونەوەرێکە، کە شێوە و ڕیتمەکان دادەهێنێت. ئەو شێوە و فۆڕمانەی دەیانبینین و باوەڕمان وایە، کە خاوەنشتن، بوونیان نییە. ئێمە خۆمان سادە دەکەینەوە و ژمارەیەک لە “ڕوانگە” لە ڕێگەی ئەو شێوانەی دروستیان دەکەین، بەیەکەوە دەبەستینەوە. ئەگەر کەسێک چاوی دابخات، بۆی دەردەکەوێت، کە پاڵنەرێک بۆ بنیادنانی فۆڕمەکان بەردەوام لە ڕاهێناندایە و هەوڵی بێژمار شت دەدات، کە هیچ ڕاستەقینەیەک کاردانەوەی بۆی نییە.”[3]
توانای داهێنانی فۆڕمی فرەجۆر بەبێ ئەوەی هەرە زۆری فۆڕمەکان هیچ پێوەندییەکیان بە شتە ڕاستەقینەکان هەبێت، بەڵکوو تەنیا وێنەی هۆشەکی بن، هاوئاهەنگە لەگەڵ توانای هۆش لە وێناکردن و خستنەوەڕووی جیهانی ڕاستەقینە لە خۆیدا. هەمان ئەو هۆشەی هەوڵ دەدات جیهانی ڕاستەقینە لە خۆیدا بئافرێنێتەوە، باوەڕەکانی بە ڕاستەقینە لەسەر بنەمای ئەو فۆڕم و شێوانە بۆ ڕاستەقینە بنیاد دەنێت. ئەمەیش ئەو ئەگەرە لە بەردەم هۆشدا واڵا دەکات، کە باوەڕی بە فۆڕم و شێوەکانی خۆی بۆ ڕاستەقینە لە باوەڕی بە بوونی ڕاستەقینە بەهێزتر بێت. هۆش خۆی پڕیەتی لە شەپۆلی بەردەوام لە ئافراندنی فۆڕمەکان و وێناکردن، کە (نیتشە) بەو شەپۆلانە دەڵێت “پاڵنەرێک لە ڕاهێناندا”. ئێمە کاتێک بە شتێک دەڵێین پاڵنەر (drive)، کە بنیادێکی دامەزراو و سەربەخۆی لە سروشتی بوونماندا هەبێت، بەبێ ئەوەی ئەو بنیادە هۆشیارانە بێت. مرۆڤ ناتوانێت پاڵنەری نوێ دابهێنێت، بەڵکوو تەنیا دەتوانێت پاڵنەرە دامەزراوەکانی، کە لە سروشتەوە وەریگرتوون، بە کار بهێنێت، ئاڕاستەیان بکات و بیانگوازێتەوە، بۆیە خودی ئەو ‘پاڵنەرە لە ڕاهێناندا’، بە دەربڕینی (نیتشە) بێت پاڵنەرێکی خۆڕسک، یان ئۆرگانیکە، کە پێش بوونی هۆش دەکەوێت، کاتێک بوونی هۆش لەو پاڵنەرە ئۆرگانیکانە (organic drives)ەوە سەرچاوە دەگرێت.[4] (نیتشە) زمانیش وەک هۆش بە بەرهەمی و داهێنانی پاڵنەرەکان دەزانێت، تەنانەت ئاگامەندییش بەرهەمی پاڵنەرەکانە، نەک ئەوەی پاڵنەرەکان لە ئاگامەندییەوە بێن.[5] لەو ڕوانگەیەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە بۆ (نیتشە) پاڵنەرە خۆڕسکەکان هێزی ئافرێنەرن، بەوەی خودی ئاگامەندی لێیانەوە سەرچاوە دەگرێت.
ڕۆی ڕام باسکار (١٩٤٤-٢٠١٤) فەیلەسووفی بەڕیتانیایی
من لێرەدا دەمەوێت کۆمەڵێک ناکۆکی لەگەڵ ئەو دیدگایانەی (نیتشە) پەرە پێ بدەم بەو هۆکارەی، کە ئەو دیدگایانە ڕووبەڕووی جۆرێک لە سیستەمی داخراومان دەکەنەوە بۆ تێگەیشتن لە ڕاستەقینە، چونکە بە بۆچوونی (نیتشە) ئێمە ناتوانین جیهانی ڕاستەقینە لە ژوور جیهانی دەرکەوتە، یاخود ئەو جیهانەی، ئێمە لە ڕێگەی هەستەکانمانەوە بەری دەکەوین، بناسین.[6] ڕاستییەکەی جیهانی ڕاستەقینە ئەو جیهانەیە، کە لە بەردەمماندایە. ڕەخنەی (نیتشە) تا ئەو ئاستە دروستە، کە زمان بە کەمتوانا بەو ئەرکە گەورەیە دەزانێت، بەڵام کەمتواناییی زمان ئاماژە نییە بە کەمتواناییی تێگەیشتنی ئێمە لە جیهان. بە تەنیا لەبەر ئەوەی، کە زمان خەسڵەتی کەمکردنەوەی دیاردەکانی جیهانی ڕاستەقینەی هەیە، واتای ئەوە ناگایەنێت، کە خودی جیهانی ڕاستەقینە لەلایەن زمانەوە داهێنراوە. ئەوەی تێگەیشتن لە جیهانی ڕاستەقینە، کە بوونە، بە نەگونجاو دەزانێت، لە بنەڕەتدا لەبەر ئەوە نییە، کە تێگەیشتن لە جیهانی ڕاستەقینە نەگونجاوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە، کە سیستەمە داخراوەکانی تێگەیشتن ڕێگەی ئەوەمان لێ دەگرن لە ڕاستەقینەییی جیهان بگەین. داخراویی سیستەمەکەی (نیتشە) بۆ تێگەیشتن لە جیهانی ڕاستەقینە، پێوەندیی بە هەندێک بۆچوونەوە هەیە، کە ئەو پێداگرییان لەسەر دەکات و من لێرەدا هەوڵ دەدەم ڕەخنەیان ئاڕاستە بکەم. بۆ نموونە، هێزی ئافراندنی شێوە و ڕیتمەکان تایبەت نییە بە مرۆڤ، وەک ئەوەی ئەو لە مرۆڤدا سنوورداری دەکات، چونکە خودی سروشت، کە ئاستێکە لە دەرخستن و مانیفێستەکانی بوون، هەمیشە فرەشێوە و فرەڕیتمە و ژینگە و کەشە جۆراوجۆرەکانی خۆی بە دیمەن و ئاوازی جیاواز دەور دەدات. ئەو ناکۆکییە لە بنەڕەتدا ئازادکردنی بیرکردنەوەیە لە مرۆڤچەقگەرێتی لە تێگەیشتن لە ڕاستەقینە و جیهان. ئاژەڵەکانی تر و تەنانەت ڕووەکەکانیش شێوەئافرێنەرن، چونکە خاوەنی ئاگایین سەبارەت بە خۆیان و ژینگەی ژیانیان. خاڵێکی تر ئەوەیە مرۆڤ، کە بوونەوەرێکی هۆشمەندە، لە ڕێگەی هۆشەوە خاوەنی توانستی ئافراندنی فۆڕمەکانە، نەک ئەوەی توانای ئافراندنی فۆڕمەکان بە تەنیا لە پاڵنەرەوە هاتبێت، بەڵام ئەو توانستە یان توانایە، داهێنانێک نییە لە هیچەوە، بەڵکوو ئەو فۆڕمانەی دایاندەهێنێت لە فۆڕم و شێوەی ترەوە هاتوون، کە هۆش لە چەرخ و دەورانی جیاواز، شاراوە و نەزانراو وەریگرتوون و وەریاندەگرێت. پڕۆسێسی وەرگرتن، گواستنەوە و ئافراندنەوە هێشتا توانای هۆشە، نەک پاڵنەرەکان، لە نزیکبوونەوە لە جیهانی ڕاستەقینە، چونکە ماڵی هۆش خۆی لە بنەڕەتدا جیهانی ڕاستەقینەیە. جیهان ڕاستەقینەیە، نەک لەبەر ئەوەی هۆش بە ڕاستەقینەی دەزانێت، بەڵکوو لە دەرەوەی هۆشدا ڕاستەقینەیە. ڕاستەقینەییی جیهان بۆ ڕاستەقینەییی بوون دەگەڕێتەوە. خاڵێکی تر ئەوەیە، کە ئاگامەندی بەرهەمی پاڵنەرەکان نییە، بەڵکوو خودی پاڵنەرەکان لە ئاگامەندییەوە دێن. پاڵنەرەکان لە هیچەوە و بەبێ ئاگامەندییەکی لەپێشتر ناتوانن سەر هەڵبدەن، چونکە هەر سەرهەڵدانێک پێویستی بە گۆڕەپانێک هەیە، کە ئەو گۆڕەپانە ئاگامەندییەکی لەپێشترە.
ئازادی خۆی بانگە، بانگی بوون بۆ ئێمە. ئەو بانگکردنە لە ویستەوە دێت، واتە ویستی بوون لە ئێمەدا، بۆیە ئەو ئازادییەی لەپاڵ ویستێکی بەهێز بۆ تێگەیشتن لە بوون نایەت، دەبێتە سەرگەردانی و سەرلێشێواوی. بە هەمان شێوە، دەبێت بە دروشم و هوتافی ژێردەستەکان، کە بە ترس و تەمبەڵییەوە لە زیندانەکانی خۆیاندا پاڵ کەوتوون
لەو ڕووەوەیە ئەگەر ئێمە ویستی ئازادی بە ئاکامی پاڵنەرەکان بزانین، ئەوا گەیشتن بە ئازادی گونجاو نابێت. ویستی ئازادی بەرهەمی پاڵنەرەکان نییە، بەڵکوو ویستە لە ئاست پاڵنەرەکاندا. لەژێر ئەو ڕۆشناییەدا ویستی ئازادی هاوکاتە بە گەشتی تێگەیشتن لە بوون، چونکە ئەو لایەنەمان خستە ڕوو، کە چۆن پاڵنەری داهێنانی شێوە، ڕیتم و فۆڕمەکان لە هۆشدا کەمتوانان لە ئاست ڕاستەقینەی دیاردە و شتەکاندا، بەڵام لە دەرەوەی پاڵنەری فۆڕمبەخشین و ڕیتمبەخشین، بوونی مرۆڤ لەژێر باری کۆمەڵێک هەلومەرجی تردایە، کە هەلومەرجەکان ئاکامی بەیەکدادان، هاوسەنگی و چەقبەستنی زەبرە فرەجۆرەکانن. ئازادی، لەو ڕووەوە، ئازادییە لە هەموو شتەکان، بۆ نموونە لە پاڵنەر، هەلومەرج و زەبرە سەپێنەرەکان، چ دیار بن، چ نادیار. لەو کۆنتێکستەدا، ویست و پاڵنەری ئازادی بۆ تێگەیشتنە لە بوون. پێویستە مەودای ئەو ئازادییە بۆ ئازادی لە بیرکردنەوەدا کورت بکەینەوە، بەو پێیەی ئازادی لە بیرکردنەوەدا وەک پێشمەرجێکی بێسازشە، بۆ ئەوەی هەلومەرجی تێگەیشتن لە بوون گونجاو بێت. ئازادی لە بیرکردنەوە واتە ئازادی لەو پێکهاتانەی، کە ناهۆشیارانە گرمۆڵە بوونە و جڵەوی بیرکردنەوەیان بە دەستەوە گرتووە. کەسی گەڕیدە بەدوای تێگەیشتن لە بوونی خۆی لەسەریەتی، کە بیرکردنەوەی خۆی ئازاد بکات لەوەی، کە هیچ سنوورێک نەناسێت، بەڵکوو بوێرانە هەموو ئەو باوەڕانەی وەریگرتوون، کەڵەکەی کردوون و دەستی پێوە گرتوون، فڕێ بدات. ئازادی خۆی بانگە، بانگی بوون بۆ ئێمە. ئەو بانگکردنە لە ویستەوە دێت، واتە ویستی بوون لە ئێمەدا، بۆیە ئەو ئازادییەی لەپاڵ ویستێکی بەهێز بۆ تێگەیشتن لە بوون نایەت، دەبێتە سەرگەردانی و سەرلێشێواوی. بە هەمان شێوە، دەبێت بە دروشم و هوتافی ژێردەستەکان، کە بە ترس و تەمبەڵییەوە لە زیندانەکانی خۆیاندا پاڵ کەوتوون. بۆیە ئەو جۆرە ئازادییە بۆ هەمووان نییە، یان دروستتر هەموو کەسەکان توانای بەرگەگرتنی ئەو جۆرە ئازادییەیان نییە. ژێردەستەی بیرکردنەوە و باوەڕەکان نەک هەر ناتوانێت دەستی بەو ئازادییە بگات، بەڵکوو نکۆڵی لە بوونی دەکات. ئەو نکۆڵیکردنە لە ترسە گرمۆڵەبووەکانەوە دێت. مرۆڤی ژێردەستە و نائاگامەند بە ژێردەستەییی خۆی، بەردەوام لە دۆخی بەرگریکردندایە لەو هەلومەرج و زەبرانەی ژێردەستەی دەکات، بۆیە خۆیشی دەبێت بە کەرەستەیەکی ئەو جۆرە زەبرانە لە داگیرکردنی ئازادیی ئەوانی تر، چونکە نائاگامەندبوون لەژێردەستەیی، ئەو مرۆڤە دەکات بە خۆراکی بەردەوامیدان بە زەبرەکانی ژێردەستەیی. وەک پێشتر خستمانە ڕوو، خودی ئاگامەندی ویستی ئازادی بەسەر ئێمەدا دەسەپێنێت، چونکە ئاگامەندی خۆی لە بنەڕەتدا ئاگامەندیی بوونە، نەک هیی تاکەکەس. تاکەکەس توانای ئافراندنی ئاگامەندیی نییە، چونکە مانەوەی خۆی بەندە بە شەپۆلی بەردەوامیی بوون و ئاگامەندی. ئەوە بەو واتەیە نایەت، کە تاکەکەس خاوەنی ویستی ئازاد نییە، بەڵکوو بەو واتایە دێت، کە ئاستی ئاگامەندیی ئەو تاکەکەسە پێگەی ئەو تاکەکەسە لە ئازادبوون دیاری دەکات. بۆیە ئازادییەک لە دەرەوەی هۆشیاری، یان ئاگامەندیدا بوونی نییە. بەڵام لە هەمان کاتدا، گەشتی ئازادبوون تاکەکەسی گەڕیدە ڕووبەڕووی مەترسییەکانی خۆی دەکاتەوە، یان دروستتر ڕووبەڕووی شۆکە هەژێنەرەکانی دەکاتەوە، کە لە هەرە مەترسیدارترینیان، شۆکە ئۆنتۆلۆجییەکانن. شۆکە ئۆنتۆلۆجییەکان ئەوانەن، کە لە ئاکامی بەرکەوتن بە هەندێک لە دیوەکانی ڕاستەقینەی بوون، کە ئەو تاکەکەس ئامادەی بەرکەوتنیانی نییە، ڕوو دەدەن بە هۆکاری ئەوەی، کە ئەو هۆشەی باوەڕ بە ڕاستەقینەییی بۆچوون، تێگەیشتن و فۆڕمەکانی خۆی بە پێشەنگتر دەزانێت لە تێگەیشتن لە ڕاستەقینەییی جیهان و بوون. لە ئاستێک لە ئاستەکانی بوون، بۆ نموونە، لە ئەزموونی مردنی خۆیدا، دەشێت ڕووبەڕووی هەژێنەرێتیی ڕاستەقینەییی بوون و جیهان ببێتەوە، بەبێ ئەوەی هۆشەکییانە هیچ ئامادەکارییەکی بۆ ئەو جۆرە شۆکە ئۆنتۆلۆجیانە هەبێت. ئەو شۆکە ئۆنتۆلۆجییانە خۆیان لە بنەڕەتدا لەگەڵ بوونی ئێمەدا دێنە بوون، واتە بوونیان لەسەر بوونی ئێمە وەستاوە، بەڵام لە هەمان کاتدا خاوەن هێزی هەژێنەرن کاتێک دەبن بە ئەزموون، بە تایبەت بۆ ئەوانەی خاوەنی کەرەستە بەهێزەکانی تێگەیشتن نین لێیان. ئەو جۆرە شۆکانە هاوسەنگیی توانستی هۆشەکیی مرۆڤ دەخەنە ژێر مەترسییەوە، چونکە هەموو ئەو باوەڕ و دیدگایانەی تاکەکەس دەستیان پێوە دەگرێت، لەژێر زەبری ئەزموونی بەهێزی ڕاستەقینەدا هەرەس دەهێنن. ئاکامی ئەو جۆرە هەرەسە، دروستبوونی هەستی بێدەستەڵاتی و هیچێتییە بەرانبەر بە بوون، کاتێک ئەو تاکەکەسە بوونی لە باوەڕ و دیدگا سنووردارەکانی خۆیدا کورت کردبێتەوە. هەمیشە هێزی ڕاستەقینە لە هێزی هۆش باڵادەستترە، چونکە هۆش خۆی لەژێر کاریگەرێتیی زەبرەکانی ڕاستەقینەدایە، نەک ئەوەی خاوەنی بوونێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی ڕاستەقینە بێت. لەو ڕووەوە، مەرج نییە کەس لە گەشتی ئازادبوون بە بەختەوەرییەوە بگەڕێتەوە. ڕاستییەکەی، مەرج نییە ئەو کەسە هەر بگەڕێتەوە. بەڵام هەر کەسێک لە گەشتی ئازادبوون ون ببێت، لە بنەڕەتدا هێشتا لەناو بوونی خۆیدا ون دەبێت. ئەوەی ئازادانە ڕووەو تێگەیشتن لە بوون گەڕیدەیە، هەر ئەزموون و بەرکەوتنێکی بە ڕاستەقینە ڕووبەڕووبوونەوەی شۆکە ئۆنتۆلۆجییەکانە تا ئاستێک، کە هیچ شۆکێک نامێنێت توانای هەژاندنی ئاگامەندیی ئەو تاکەکەسی هەبێت. ئایا چ شۆکێک دەتوانێت لە ئاست بووندا شۆک بێت، کاتێک سەرچاوەی شۆکەکان خودی بوون خۆیەتی؟ ناوەڕۆکی ئەو بۆچوونەی، کە ئازادی بە پێشمەرجی گەشتی تێگەیشتن لە بوون دادەنێت، ئەوەیە، کە خودی تێگەیشتن لە بوون، واتە خودی ئاگامەندییەکی تەواو لە ئاست بوون، ئازادییە. تۆوی ئازادی لەو گەشتەدا نەک هەر دەبێت بە درەخت، بەڵکوو دەبێت بە دارستانی ژیان.
فریدرێک نیتشە (١٨٤٤-١٩٠٠) فەیلەسووفی ئەڵمانی
لەو ڕووەوە، هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی شۆکە ئۆنتۆلۆجییەکان، هەرچەند کارەساتبار و هەژێنەر بن، لە ئاست بوون و ئاگامەندیدا، هێشتا ئەزموونن، جووڵەن و شەپۆلن. بۆیە لە گۆڕەپان و ئاسمانیدا، هێشتا هەموو ئەزموونەکان لەناو ئاگامەندیدا ڕوو دەدەن. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی ئەو بۆچوونە، پەنا بۆ بۆچوونی (ج. و. ف. هیگڵ) سەبارەت بە ئەزموون وەک جووڵە لە ئاگامەندیدا دەبەین، کاتێک دەنووسێت: “زانستی ئەم ڕێگەیە زانستی ئەزموونە، کە ئاگامەندی پیایدا دەڕوات؛ جەوهەر و جووڵانەکەی دەبن بە بابەتی ئاگامەندی. ئاگامەندی ئەوە دەناسێت، کە دەکەوێتە نێو ئەزموونیەوە: چونکە هەر شتێکی لەنێو ئەزموونەکەیدا بێت، جەوهەرێکی هۆشەکییە ]/گیانەکییە[.”[7] (مارتن هایدیگەر) ڕاڤە بۆ ئەو جۆرە جووڵەیە لە دیدی (هیگڵ)ەوە دەکات و کاتێک بە گونجاوی دەزانێت، کە خودی ئاگامەندی بکەری جووڵەکە بێت؛ وەک دەنووسێت: “(هیگڵ) بە ئەزموون دەڵێت “جووڵە”. لە پێشەکیی (فینۆمینۆلۆجی)، بە ڕوونی ئەوە دەڵێت، کە ئاگامەندی بەو ئەزموونە تێدەپەڕێت، کە “ئاگامەندی ئەزموون دەکات … ئەو جووڵەیە لە خۆیدا…” ئەو ئەزموونە ئەزموونی ئاگامەندییە، کە تەنیا کاتێک گونجاوە، ئاگامەندی بکەری ئەزموون بێت.”[8] خودی ئاگامەندی لە ئەزموونەکانیدا کورت نابێتەوە، چونکە ئەو جووڵەیە لەناو خۆیدایە بەرەو خۆی، بەڵام ئەزموون وەک جووڵە لە ئاگاییدا سەرچاوەی گەورە بۆ زانین و تێگەیشتن بۆ هۆش فەراهەم دەکات. وەک ئەزموون، هۆش لە ئاگامەندییەوە دێت؛ بەبێ ئاگامەندی، هۆش لەسەر قاچەکانی خۆی ناتوانێت بووەستێت. ئەو ئاگامەندییەی، کە ئاگامەندیی بوونە، خودی بوون خۆیەتی، کە نە هیچ شتێک لە ژوور خۆیەوە دەبینێت، نە هیچ ئافرێنەرێک دەستی لە بوونیدا هەیە؛ ئەو ئافرێنەرەی بیەوێت بوون بئافرێنێت، سەرەتا دەبێت بوونی هەبێت، واتە دووبارە سەرەتا دەبێت بوون هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو ئافرێنەرە بتوانێت بوونی هەبێت. خودی توانستی زانین توانستێکە لە هۆشدا، وەک چۆن خودی توانستی وێناکردن لە هۆشەوە دێت. لەو ڕووەوە، تێگەیشتن و زانینی ئێمە بەرانبەر بە دیاردەکان لە هۆشەوە سەرچاوە دەگرن، بەڵام هۆش خاوەنی ئافرێنەرە، کە ئەو ئافرێنەرە ئاگامەندییە. هێزی ئەزموونەکان لە هێزی تێگەیشتن و توانستی زانینی هۆش مەزنترن، چونکە ئەزموون بەرکەوتنی ئێمەیە بە جیهانی ڕاستەقینە. ئەوەی لە جیهانی ڕاستەقینەدا ڕوو دەدات و شوێن دەگرێت، هەمیشە لەوە بەهێزترە، کە توانستەکانی هۆش بەتەواوەتی لێی تێبگەن. هۆش دەتوانێت وێنەیەکی شێواوی ئەزموونەکان لە زماندا بەرجەستە بکات، بەڵام وێنە شێواوەکان توانای پێشاندان و خستنەوەڕووی تەواوەتیی ئەزموونەکانیان نییە. کاتێ باس لە ئەزموون دەکرێت، باس لەو جووڵەیەیە، کە لە ئاگامەندیدا ڕوو دەدات، کە ئەو جووڵەیە هەمان جووڵەی بوونە. وەک چۆن زانینەکانمان لە ئاست بووندا کەمتوانان، بە هەمان شێوە مەودای ئەزموونەکانمان و توانستی تێگەیشتنی هۆشیش لێیان لە ئاست بووندا سنووردارن. کاتێ ددان بەو کەمتوانایی و سنووردارێتییەدا دەنێین، خۆمان لە ‌هەڵەی زانین ( (the epistemic fallacy دەپارێزین، کە (ڕۆی باسکار) دەیخاتە پاڵ (دەیڤد هیوم) و (ئیمانوێڵ کانت)ـەوە لە کەمکردنەوەی ئۆنتۆلۆجیا بۆ ئیپیستیمۆلۆجیا، یان لە کەمکردنەوەی بوون بۆ زانین سەبارەت بە بوون.[9]
یەکێک لەو جۆرە ئەزموونانەی، کە بیرکردنەوەی فەلسەفی بە پاڵنەری ویستی زانین سەبارەت بە بوون دەتوانێت تێگەیشتنی فرەلایەنی بۆ دابین بکات، ئەزموونە گیانخوازییەکانن. ئەو جۆرە ئەزموونانە لە هۆشی کەمتوانا و بێویست لە تێگەیشتن لە بوون دەبن بە سەرچاوەی باوەڕی بێبنەما، دژبەیەک، ناڕێکخراو و سەرلێشێواو. کۆمیدیاتر لەوە، دەبنە سەرچاوەی ڕەوایەتیپێدان بە پیرۆزکردنی تاکەکەسی ئەزموونکار، یان ئەو تاکەکەسەی بانگەشەی ئەو جۆرە ئەزموونانە دەکات. یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەو جۆرە تێگەیشتنە ڕووکەش و چەقبەستووییە لەو جۆرە ئەزموونانە بیرکردنەوە و شێوەژیانی ئایینییە. کاتێک ئەزموونی گیانخوازی سەر بە مەودای ئەزموونە، ئەزموونێک نییە لە دەرەوەی توانای تێگەیشتن بێت، بۆیە ئەزموون هەر جۆرێک بێت، هێشتا لەناو مەودای ڕاستەقینەدایە، کە ئەو مەودایە لەژێر هەژموون و قەڵەمڕەویی ئاگامەندییە. ئەزموونە گیانخوازییەکان، وەک (ڕۆی باسکار) بۆمان پێشنیاز دەکات، پێویستە بە هەند وەربگیرێن.[10] ئەو بۆچوونەی (باسکار) لەو ڕوانگەیەوەیە، کە جیهانی ڕاستەقینە ئاڵۆزە و توانستەکانی هۆشیش لە ئاستیاندا کەمتوانان، بۆیە ئەزموونە گیانخوازییەکان مادام ئەزموونن، پێویستە بەهەند وەربگیرێن. دواتر بۆ ئەو دیدگایەی (باسکار) دەگەڕێینەوە. بەڵام سەرەتا پێویستە بزانین، کە بۆچی لە فەلسەفەی هاوچەرخدا جۆرێک لە خۆدوورگرتن لە ئەزموونە گیانخوازییەکان هەیە. (ئیمانوێڵ کانت) شۆڕشێکی گەورەی بیرکردنەوەی بەرپا کرد، کە هەوڵی مێتافیزکییانەی لە نەزانراوەکان (noumena) خستە دەرەوەی توانای هۆش لە دۆزینەوە و تێگەیشتنیان بەو پێیەی جیهانی دیاردەکان (phenomena) تاکە جیهانە، کە تێیدا هۆش باڵادەستە. لەو کاتەوەیە بیرکردنەوەی فەلسەفی، کە بوار بۆ بیرکردنەوەی زانستی فەراهەم دەکات، هێزی ئایینی لە تێگەیشتن لە دیاردە جیهانییەکان تێک شکاندووە. لە هەموو بوار و دیاردەکاندا بیرکردنەوەی زانستی و فەلسەفی بیرکردنەوەی ئایینیان خستووەتە بەردەم هەلومەرج و ململانێی زۆر قوڕس بۆ مانەوە. بەڵام ئەو بێبەریکردنەی فەلسەفە بۆ تێگەیشتن لە نەزانراوەکان، خاکی داگیرنەکراوی بۆ قۆڕغکاریی ئایینی جێهێشتووە. جیهانە نەزانراوەکان لە زماندا لەلایەن ئایینەوە قۆڕغ کراون. پرسەکانی وەکوو مردن، چییەتیی بوون، سروشتی ئاگامەندی، تۆڕ و شەپۆلە ماددی و ناماددییەکان، کە سەرسوڕهێنەرانە مێکانیزم، بنیاد و ڕووداوەکان بەیەکەوە دەبەستنەوە، هێشتا ئەو پرسانەن، کە لە بیرکردنەوەی فەلسەفی، یان بە ئاکامی داخراو وازیان لێهێنراوە، یان وەک بابەتی ژوور توانستی هۆش پۆڵێن کراون. بیرکردنەوەی فەلسەفی زێدەتر لە ئایین خاوەنی هێز و سەرچاوەیە بۆ تێگەیشتن لەو پرسانە. بیرکردنەوەی فەلسەفی توانیویەتی زانینە ئایینییەکان پووچەڵ بکاتەوە، بەڵام ڕۆڵی بیرکردنەوەی فەلسەفی لە هەمبەر پرسە نەزانراوەکان کەنارگیر کراوە و تۆمەتی بێتوانایی خراوەتە پاڵی. ئەو تۆمەتە لەوەوە سەرچاوەی نەگرتووە، کە بیرکردنەوەی فەلسەفی هێزی خستنەژێرڕۆشناییی ئەو بابەتانەی نییە، بەڵکوو باڵادەستیی بیرکردنەوەی زانستی، کە بەتایبەت مەبەستمان لە نەریتی پۆزەتیڤیزم و بنیادگەریی کۆمەڵایەتین، ڕۆڵی بیرکردنەوە فرەڕەهەندییەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفی کەنارگیر کردووە.
کاتێک سیستەمی فەلسەفی، بۆ نموونە، سیستەمی سروشتناسی و بنیادگەری بناغەکانی خۆیان لەسەر ئەو بۆچوونانە دادەمەزرێنین، کە نەزانراوەکان، یان ئەگەری ناسینیان بوونی نییە، یان تەنیا لەژێر باری کۆمەڵێک هەلومەرجی تایبەت ئەگەری ناسینیان هەیە، ئەوا لە خۆیاندا بیرکردنەوەی فەلسەفی لە خۆلەقەرەدانی بابەتەکانی ژێر هەژموونی خۆی بەدوور دەگرن. دروستتر، ڕۆڵی بیرکردنەوەی فەلسەفی بۆ بیرکردنەوەی زانستی سنووردار و کەم دەکەنەوە. لەو ڕووەوە، فەلسەفە دەکەوێتە بەر شەپۆلی دوو هێرش. هێرشی یەکەمیان لەلایەن زانستخوازەکانە لەسەر ئەو بنەمایەی، کە بیرکردنەوەی فەلسەفی وەک زانست خاوەنی دەستکەوتی بەرجەست و ماددی نییە. هێرشی دووەمیان لەلایەن ئاییندۆستەکانە لەبەر ئەو هێزەی بیرکردنەوەی فەلسەفی لە ڕەتکردنەوە و پووچەڵکردنەوەی بنەما ئایینییەکاندا هەیەتی. تاکە چەکێک، کە ئایین دژ بە بیرکردنەوەی فەلسەفی هەیەتی، پرسی مردن و ئازارچەشتنە. لە دەرەوەی پرسی مردن، بیرکردنەوەی ئایینی ئاشی بەتاڵ دەبێت وەک چۆن لە هەموو بوارەکاندا ئاشی بەتاڵ بووە. پرسی مردن ئەو مەودایەیە، کە ئایین لە ڕێگەی وەهمەکانییەوە قۆڕغی کردووە. ئەو قۆڕغکردنە لەوەوە نەهاتووە، کە ئایین پرسی مردنی چارەسەر کردووە، بەڵکوو لەوەوە هاتووە، کە پرسی مردن، وەک بابەتێکی نەزانراو، بە دیدگا، باوەڕ و چیرۆکی وەهمی و منداڵدۆست ترسی لە پرسی مردن دامەزراندووە. پرسی مردن لە پرسێک، کە هیی تێڕامان و قووڵبوونەوەیە لێی، بووە بە پرسێک بۆ تۆقاندن و داگیرکردنی هۆشی تاکەکەس. ترس لە مردن سەر بە پرسی مردن نییە، بەڵکوو ئەو ترسەسەر بە پرسی ترسە. مرۆڤ وەک هەموو بوونەوەرەکانی تری سروشت لەژێر باری هەلومەرجە سەختەکاندا ژیاوە و دەژی، کە زۆرجار هەلومەرجەکان لایەنی هەڕەشەئامێزیان بۆ بوونی هەیە. ئەو هەڕەشانە ئاڕاستەن بۆ یەکێتیی جەستە. لە سروشتدا هەموو یەکێتییەکان، بۆ نموونە یەکێتیی جەستەی ڕووەک و ئاژەڵەکان بە مرۆڤیشەوە، لە ئاستێک لە ئاستەکاندا ڕووبەڕووی چارەنووسی هەڵوەشاندنەوە دەبێتەوە. پڕۆسێسی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتییەکان بە مردن دەست پێ ناکات، بەڵکوو ئەو پڕۆسێسە شەپۆلێکی بەردەوامە لە بووندا. وەک چۆن لەدایکبوون قۆناغێکی پێویستی بوونی ئێمەیە و لە هەمان کاتدا ئەزموونە، بە هەمان شێوە خودی مردن قۆناغێک و پێویستییەکە لە ژیان. لێرەدا پێویستە بابەتی مردن لە بابەتی ترس جیا بکرێتەوە، چونکە ترس هەمیشە ترسە لە ئازارچەشتن. تاکە بیانوویەکیش بۆ هەر نیگەرانی و سامێک لە هەر کارەساتێک، پێشهاتێک، یان ئەزموونێک ئازارچەشتنە، بەڵام خودی ئازارچەشتن بنیادێکی تاکلایەنانە و سەربەخۆ نییە، بەڵکوو گردبوونەوەیەکە لە پاڵنەر و فاکتۆری فرەجۆر. هاڕمۆنیای پاڵنەرەکان و لەناوچوونی فاکتۆرەکان بە واتای نائامادەییی ئازارچەشتن نایەت، بەڵکوو بە واتای سەربەستیی دێت لە ئازارچەشتن. لەو ڕووەوە، کاتێک پاڵنەری ترس و سام دەخرێتە پاڵ مردن، خودی بیرکردنەوە لە مردن هاوکات دەبێت بە ترس، کە ئەو ترسە پەتی دەستی بیرکردنەوە خوڕافییەکانە بۆ جڵەوکردنی مرۆڤ.
مەبەستی من لە ئەزموونە گیانخوازییەکان نە ئەزموونە ئایینییەکانن و نە عیرفانییەکان، بەڵکوو ئەزموونی گیانخوازی وەک ئەو ئەزموونانە پێناسە دەکەم، کە هەوڵن بۆ تێگەیشتن و ناسینی بوون لە ڕێگەی ئەزموونە تاکەکەسییەکانەوە.
لێرەدا من نامەوێت بابەتەکە ئاڕاستەی ڕەتکردنەوە و بەرپەرچدانەوەی باوەڕە ئایینییەکان وەربگرێت، بەڵکوو دەمەوێت زیاتر تیشک بخەمە سەر ئەزموونە گیانخوازییەکان. سەرەتا ئەو جۆرە ئەزموونانە لە تێگەیشتنی باو بە ئەزموونی رۆحی و عیرفانییش ناسراون، مەبەستی من لە ئەزموونە گیانخوازییەکان نە ئەزموونە ئایینییەکانن و نە عیرفانییەکان، بەڵکوو ئەزموونی گیانخوازی وەک ئەو ئەزموونانە پێناسە دەکەم، کە هەوڵن بۆ تێگەیشتن و ناسینی بوون لە ڕێگەی ئەزموونە تاکەکەسییەکانەوە. خۆی لە بنەڕەتدا شتێک نییە بە ناوی “گیان” وەک ئەوەی لە تێگەیشتنە ئایینی و عیرفانییەکاندا باوە. ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین “گیان” بە تەنیا هێزێکە لەناو ئاگامەندیدا، کە لە بەرجەستەبووندایە. لەو ڕووەوە، ئاگامەندی بەرجەستە دەکات ئەو فاکتۆرانەی خزمەت بە گەڕانەکانی بەناو خۆیدا دەکەن. بە زمانی (هیگڵ) بێت، ئاگامەندی خۆی بکەری ئەو ئەزموونانەیە.[11] مادام ئاگامەندییش بکەری ئەزموونەکانە، ئەزموونەکان هێشتا ئەزموونن بۆ ئاگامەندی، نەک بۆ هیچ هێزێکی گەورەتر لە ئاگامەندی. لەو ڕوانگەیەوە، مادام ئۆنتۆلۆجیای هەموو ئەزموونەکان ئاگامەندین، بوونی ئاگامەندی دەبێت بە “بنیادێکی بنەڕەتی بۆ جیهان”. ئەو بۆچوونە لە بنەڕەتدا هیی (ڕۆی باسکار)ە، کە لە پەرتووکی (لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا: گەشتی دەروون) سەبارەت بە خوا دەریدەبڕێت، وەک دەنووسێت: “خوا کۆتا بنیادی کاتیگۆریی جیهانە.”[12] بەڵام هەر لە هەمان پەرتووک و لە دواتردا، (باسکار) خوا بە ئاگامەندی دەناسێنێت، وەک دەنووسێت: “خوا ئاگامەندییشە.”[13] (باسکار) بوونی مرۆڤ لە بوونی خوا جیا ناکاتەوە، چونکە بە دیدی ئەو، مرۆڤ خۆی خوایە: “مرۆڤ لە ناوەڕۆکدا ئازادە و لە ناوەڕۆکدا خوایە”[14]، بەڵام بیرچوونەوە و دۆزینەوەی ئەوەی، کە خۆی خوایە، وایکردووە بە بوونی خۆی نامۆ بێت.[15] لە هەمان کاتدا، بۆ (باسکار) ئەزموونکردنی خوا وەک ئاگامەندیی ڕەها، واتە وەک بەرزترین ئاست بۆ تێگەیشتن لە بوون ئەگەری بەردەم بوونی مرۆڤە. لەو ڕوانگەیەوە، تێگەیشتنی مرۆڤ لە بوون لە ئاستە هەرە باڵاکەیدا نەک هەر گونجاوە، بەڵکوو بەردەوام ئەگەری بەردەممانە. مادام ماڵی خوا ئاگامەندییە، ئەو ئاگامەندییە لەلایەن هیچ هێز و باوەڕێکەوە، بۆ نموونە باوەڕە ئایینییەکان، ناتوانرێت قۆڕغ بکرێت. تێگەیشتنی (باسکار) بۆ چەمکی خوا تێگەیشتنێکی ئایینی نییە، بەڵکوو ئەو گۆڕەپانەیە، کە بنیادی ئۆنتۆلۆجیی بوونی جیهانی لەسەر دامەزراندووە. لەو شڕۆڤانەدا باوەڕبوون بە بوون و نەبوونی خوا هیچ پێگەیەکی پێنەدراوە، بەڵکوو ئەزموونکردنی خوا وەک ئاگامەندی، کار و فۆڕمە فرەجۆرەکانی مانیفێستبوونی کڕۆکی شڕۆڤەکانن. ئەو بۆچوونانەی (باسکار) سیستەم و ئۆنتۆلۆجییایەکی کراوە بۆ تێگەیشتن لە ئەزموونە گیانخوازییەکان، وەک ئەزموونکردنی خوابوونی مرۆڤ، واتە ئەزموونکردنی ئاگامەندی لە ئاستە باڵاکانیدا، دادەمەزرێنێت. مادام مانیفێستەکانی بوون مانیفێستی ئاگامەندین، بە بوونی مرۆڤیشەوە، تێگەیشتن لێیان هێزێکی گەورەیە بۆ ئازادبوون، یاخود بە زمانی (باسکار) بێت، جووڵەن ڕووەو خۆئاگامەندییەکی باڵاتر.[16]
ڕامانا مەهارشی (١٨٧٩-١٩٥٠) کەسێتیی گیانخوازیی (هیندستان)
مادام زانین لە بوون لە ڕێگەی ئەزموون ئاشکرا دەبێت، ئەو ئەزموونانە سەبجێکتیڤن. لە کەلتوور و سەردەمە جیاوازەکاندا، مرۆڤانی ئاگامەند بە بوونی خۆیان، کە لە هەمان کاتدا ئاگامەندبوونە سەبارەت بە بوون، توانیوانە ڕووبەڕووی تێگەیشتن و باوەڕە چەقبەستووەکان ببنەوە. لێرەدا هەندێک نموونەی ئەو جۆرە ئەزموونانە پێشکەش دەکەم، ئەگەرچی نموونەکان زۆر زێدەترن لەوە. لە جیهانی ئیسلامدا، (مەنسوور ئەلحەلاج) یەکێک لە نموونەکان بەرجەستە دەکات، کاتێک ئەزموونە گیانخوازییەکانی، کە لە ئاگامەندیی خۆیەوە سەبارەت بە سروشتی بوونەوە هاتوون، دەبن بە هێزی ڕووبەڕووبوونەوەی باوەڕی دۆگمایی و تەنانەت بۆچوونەکانی خەڵکی تۆقاندووە لە ترس و سام. (حەلاج) خوای بە چاوی دڵ بینیووە و لەو بینینەدا خوا پێی گوتووە، کە “من تۆم”.[17] جگە لە جیهانی ئیسلامی، جیهانی (براهمانیزم)، یان (هیندویزم)، کە هەم بۆ ئەزموونە گیانخوازییەکان گۆڕەپانێکی کراوەترە هەم دۆگماکانی لە جیهانی بیرکردنەوەی ئیسلامی کەمتر نین، نموونەی ئەو مرۆڤانەی خاوەنی ئەزموونی گیانخوازین، دیارن. (هیندستان) ئەو خاکەیە، کە هەموو ئەزموونە قوڕس و لە سنووربەدەرە گیانخوازییەکان لەسەر مرۆڤ تاقی کراونەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا، ئەو پارچەخاکەیە، کە خاوەن قوڕسترین هەلومەرجی کۆمەڵایەتییە بۆ ئەوانەی قەدەر بەسەریدا سەپاندوون لە کاستی خوارووی کۆمەڵگە لە دایک بن. لە هیچ شوێنێکدا هێندەی (هیندستان) قەدەر هێزی نییە لە داڕشتنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بازاڕی ئیش، دابەشبوونی پیشەکان، لە هەمان کاتدا، پێوەندیی لەگەڵ هێزە یەزدانییەکان، بە تایبەت لێرەدا کاستی ‘پیسەکانdalits- ‘، کە لە (براهمانیزم)دا ئاماژەن بەو کەمایەتییەی قەدەر بەهۆی ‘پیسیەتی’ی خۆیان سزای داون. لە هیچ شوێنێکیش هێندە هۆش بەدەست خوازۆرییەوە ناڵێنێت. کاتێک (مەهاتما گاندی) لە هەر هەڵوێستێکیدا خۆی بە تەنیا بە بریکارێکی دەست هێزە یەزدانییەکان دادەنێت، کە باوەڕبوون بەو هێزانە هاوکاتە بە وەرگرتنی هەڵوێستی سەخت، بۆ نموونە ئەشکەنجەدانی جەستە و مانگرتنە چەندبارەبووەکانی (گاندی) لە خواردن، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی جەستە بابەتێکی نەبڕاوەیە بۆ ڕاهێنانە گیانخوازییەکان لە (براهمانیزم)دا. هەر لەو سەردەمەدا لە ئەشکەوتێکی دووردا، کە دەکەوێتە ناوچەی (تیروڤانامالای) و لە نزیک گردی پیرۆزی (ئەروناچەلا)، گیانێکی ڕۆشنبووەوە، کە لە تەمەنی شانزدە ساڵییەوە گەیشتووە بە پلە باڵاکانی خۆناسین، کە هاوکاتە بە سەرجەمی-بوون-ناسین، خاوەنی (ئەشرەم) و ژمارگەلێک لە مرۆڤی گیانخوازی تینوو، بە ناوی (ڕامانا مەهارشی)، دڵنیاییەکی یەزدانییانە بۆ دروستێتی و ڕەوایەتدارێتیی ئەو هەڵوێستانەی (گاندی) دەنێرێت.[18] (گاندی) ناوەڕۆکی ژیانی خۆی لە تێکۆشانێکی ناکەسییانە بۆ ئامانجی یەزدانییانە لەپێناو گەیشتن بە (مۆکشا- Moksha)، کە ڕزگاربوونی گیانە لە هەلومەرجەکانی هۆش-جەستە. بەڵام باوەڕی ئەو لەسەر بنەمای باوەڕە ئایینییەکان بوو، نەک لەسەر بنەمای ئەزموونە گیانخوازییەکان، بۆیە ئەو بوونێکی بێسنوور لەناو چوارچێوەکانی بیرکردنەوەی ئایینیدا سنووردار دەکات و ڕووبەڕووی بەرهەڵستییەکان دەبێتەوە، وەک ئەو بەرهەڵستییە سروشتییەی (گاندی) بۆ ڕەبەنی و خۆدوورگرترن لە ئۆرگازم، کە لە یۆگا بە (Brahmacharya)، ناسراوە، تووشی دەبێت؛ بە ڕووتی لەگەڵ خوشکەزا تەمەن هەژدەساڵانەکەیدا، کە ئەویش ڕووتە، لەناو جێگا پاڵ دەکەوێت بە تەنیا بۆ ئەوەی بۆ خۆی بسلەمێنێت، کە بەسەر خۆڕسکی سێکسوالیتی زاڵ بووە بە هۆکاری ئەوەی دەتوانێت ئەندامی نێرینەی جەستەی لە ڕەپبوون بپارێزێت.[19] لە کاتێکدا، هەر لە تەنیشت (گاندی)، فیگەرە گیانخوازەکانی تر، کە بەر هێزی ڕاستەقینەی بوون کەوتوون، خۆئاگامەندانە و سروشتییانە ڕەبەنن و پێویستیان بەو سەلماندانە نییە. هەر بۆ نموونە، بە گوێرەی ڕیکۆردەکانی خۆیان هەر لەو سەردەمانەدا، (ڕاماکریشنا پاراماهاساما)، (ڕامانا مەهارشی) و (سوامی ڤیڤاکەنەدا) بەبێ ویستی سەلماندن خاوەنی توانستی پراکتیزەکردنی ڕێچەی یەکبوون، یان (Brahmacharya) بوون وەک کاردانەوەیەکی لاوەکیی باوەڕە بەهێزەکانیان بە یەزدانێتیی بوون و ئەزموونەکانیان. هەر بە دیدی (ڕامانا ماهارشی)، کە کاریگەرترین کەسێتیی گیانخوازیی (هیندستان)ە لە سەدەی بیستەمدا، “ئێمە خۆمان خواین”، وەک لە وەڵامی شوێنکەتوویەکی، کە بە (پاپاجی) ناسراوە و پرسیاری ئەوەی لێ کردووە، کە ئاخۆ دەتوانێت خوای پێشان بدات، دەڵێت: “من ناتوانم خوات پێشان بدەم یان وا بکەم بتوانیت خوا ببینیت، چونکە خوا بابەتێک نییە، کە بتوانرێت ببینرێت، بەڵکوو خوا بکەرە. ئەو ئەوەیە، کە دەبینێت. خۆت بەو بابەتانە سەرقاڵ مەکە، کە دەیانبینیت. ئەوە بناسە، کە دەبینێت… تۆ خۆت خوایت”.[20]
ئەوەی لەم سەرەباسەدا هەوڵم بۆ داوە ئەوەیە، کە چۆن ئەو ئەزموونانەی بە گیانخوازی ناسراون، لە بنەڕەتدا ئەزموونی ئاگامەندانەن سەبارەت بە تێگەیشتن و دەستخستنی زانین لە بوون. مادام ئاگامەندی بکەری ئەو جۆرە ئەزموونانەیە، ئاگامەندی لە ڕێگەی ئەو ئەزموونانەوە لە خۆی تێدەگات. بە هەمان شێوە، ئەگەری تێگەیشتن لە بوون هێزی ئاگامەندیی هەر یەکێکمانە. ئەو جۆرە تێگەیشتنە بەر لە هەر شتێک ئازادبوونە، چونکە هێزی ئەو تێگەیشتنە لە خۆیدا داڕووخانی هەموو وەهم و باوەڕە کەڵەکەبووەکانە، کە نائاگامەندانە لە هۆشی تاکەکەس گرمۆڵە بوونە. لێرەدا گرنگە، کە ئێمە بانگەشەی ئەو جۆرە ئەزموونانە لە خودی ڕاستەقینەییی ئەزموونەکان جیا بکەینەوە. کاتێک ئەزموونی تاکەکەس دەبێتەبانگەشەیەکی کۆمەڵایەتی، وەک ئەوەی دامەزرێنەرانی ئایین کردوویانە، بانگەشەی ئەو جۆرە ئەزموونانە تەنیا کەرەستەی ململانێن بۆ هێزی کۆمەڵایەتی و هیچی تر. مەودای ئەو جۆرە ئەزموونانە تاکەکەسین و کاتێک خۆیان دەخزێننە ناو مەودای گشتی و کۆمەڵایەتی، دەبن بە مێکانیزمی دەستەڵاتداری و داگیرکردنی سەربەستیی تاکەکەسەکانی ناو کۆمەڵگە، چ لە ڕێگەی سەرکوتکردنەوە بێت، یان لە ڕێگەی داهێنانی ترسی خوڕافی و سایکۆلۆجییەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا لە ئاستی ئەزموونی تاکەکەسیدا ئەو جۆرە ئەزموونانە مادام هەوڵی تاکەکەسین بۆ تێگەیشتن لە بوون، وەک (ڕۆی باسکار) پێداگری لەسەر دەکات، پێویستە بەهەند وەربگیرین. ئەو بەهەندوەرگرتنە تەنیا لەناو سیستەمی کراوەی فەلسەفیدا گونجاو دەبێت و پێویستە لەو کراوەییەدا ڕاستەقینەیی بوونیان بخرێتە ژێر ڕۆشناییەوە.
سەرچاوەکان:
Bhaskar, R. (2008). A realist theory of science (Radical thinkers 29). London: Verso.
Bhaskar, R. (2013, August 6). Roy Bhaskar interview. YouTube. Retrieved January 16, 2023, from https://www.youtube.com/watch?v=8YGHZPg-19k&t=884s
Bhaskar, R. (2000). From east to west : odyssey of a soul. Routledge. https://doi.org/10.4324/9780203137857
Constâncio, J. (2011). Instinct and Language in Nietzsche’s Beyond Good and Evil. In J. Constâncio& M. Mayer Branco (Ed.), Nietzsche on Instinct and Language (pp. 80-116). Berlin, Boston: De Gruyter. https://doi.org/10.1515/9783110246575.80
Godman, D. (n.d.). Papaji’s first meeting with Ramana Maharshi. Retrieved January 16, 2023, from https://realization.org/p/david-godman/papaji-meets-ramana/papaji-meets-ramana.2.html#:~:text=’I%20cannot%20show%20you%20God,objects%20that%20can%20be%20seen.
Heidegger, M. (1988). Hegel’s Phenomenology of Spirit (Trans, Parvis Emad& Kenneth Maly). Published by: Indiana University Press
هیگڵ، جۆرج ویلهێڵم فریدریک. (٢٠١٦). فینۆمینۆلۆجیی هۆش (وەرگێڕانی د. محەمەد کەمال). دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، چاپی یەکەم
Nietzsche, F. (2003[1886]). Beyond Good and Evil. (R. J. Hollingdale, Trans.) UK: Penguin Classics.
Nietzsche, F. (1997[1881]). Nietzsche: Daybreak: Thoughts on the Prejudices of Morality (2nd ed., Cambridge Texts in the History of Philosophy) (M. Clark & B. Leiter, Eds.). Cambridge: Cambridge University Press. doi:10.1017/CBO9780511812040
Nietzsche, F. (2006 [1882]). The Gay Science (Thomas Common, Trans.). New York: Dover Publications.
Sharma, A. (2013). Gandhi : a spiritual biography. Yale University Press. https://doi.org/10.12987/9780300187380
[1](Bhaskar, 2008, p. 11)
[2](Nietzsche, 2003[1886]: BGE, aphorism 152).
[3]NL 24[14] KSA 10.650from (Constâncio, 2011)
[4](Nietzsche, 2003[1886]: BGE, aphorism 191).
[5])Nietzsche, 2006 [1882], Aphorism, 354).
[6](Nietzsche,1997[1881], aphorism 117)
[7](هیگڵ، ٢٠١٦، وەرگێڕانی د. محەمەد کەمال، لاپەڕە ٧٥/٧٦)
[8](Heidegger, 1988, pp. 23)
[9](Bhaskar, 2008, pp. 26)
[10](Bhaskar, 2013)
[11](Heidegger, 1988, pp. 23)
[12](Bhaskar, 2000, pp. 33)
[13](Ibid, pp. 43)
[14](Ibid, pp. 151)
[15](Ibid, pp. 33)
[16](Ibid, pp. 27)
[17]ئاماژەیە دێرە شیعرە بەناوبانگەکەی (حەلاج)، کە بەو شێوەیەیە:
(رأيتُ رَبّي بعينِ قلبي
فقُلتُ: مَنْ أنتَ؟ قال: أنتَ)
[18] (Sharma, 2013, pp. 89-90)
[19](Ibid, pp. 118)
[20](Godman, n.d.)
بەگژداچوونەوەی هەموو فەلسەفەیەکی مەزن
[تێبینیی وەرگێڕ: ئەم دەقە لە هەرسێ فراگمێنتی بەشی یەکەمی ‘شۆپنهاوەر وەک پەروەردەکار’ی کتێبی ‘ڕامانە ناباوەکان’ وەرگیراوە، کە لە کاتی نووسینی کتێبەکەمدا، وەک کەرەستەی پێویست ئەم بڕگانە و زۆر دەقی دیکەم کردبوون بە کوردی و پێویستم بوون لە کتێبەکەمدا بەکاریان بهێنم، دوای پێداچوونە، بە باشم زانی، ئەم بڕگە مشتومڕسازانە، کە هاوکات بەرپرسیارێتیی نیچە بەرانبەر بە کۆمەڵگەش دەردەخەن، بڵاو بکەمەوە. ئەم نووسراوەیە سەر بە قۆناغی یەکەمی نووسینی نیچەیە و لە قۆناغی ناوەڕاست و سێیەمدا، لەم ئایدیایانە دوور دەکەوێتەوە، شتێک ڕەنگە کەمترین خوێنەری نیچە هەستیان پێ کردبێت: نیچە و بەرپرسیارێتیی بەرانبەر بە گشت. وەرگێڕ]
فریدریش نیچە(١٨٤٤-١٩٠٠) فەیلەسووفی ئەڵمانی
ئەو گەشتیارەی زۆر وڵات و گەلی جۆراوجۆر و بەشی زۆری کیشوەرەکانی بینیوە، لێی دەپرسن کام جۆرانەی چۆنایەتیی مرۆڤی لە هەموو کونج و کەلەبەرەکانی دونیادا بینیوەتەوە؛ و گوتوویەتی: ئەوان خولیایان بۆ تەمەڵیی هەیە. خەڵک هەن پێیان وایە دروست و حیسابی تر دەبوو ئەگەر بیگووتایە: ئەوان هەمووان ترسنۆکن. ئەوان خۆیان لەپشت نەریتە باوەکان و بیروباوەڕەکانەوە حەشار دەدەن. لە بنەڕەتدا هەموو مرۆڤێک باش دەزانێت کە ئەو وەک بوونێکی دەگمەن لەم جیهانەدا تەنها یەکجارە، و گرنگ نییە چەندەش سەیر بێت، ڕوو ناداتەوە جارێکی دیکە وەها بە سەیر و سەمەرەیی و ڕەنگاوڕەنگ دەست لەناو دەستی یەک بنێن و بکەونەوە نێو یەکێتییەکی وەهاوە: ئەو ئەمە دەزانێت، بەڵام وەک ویژدانێکی خراپ دەیشارێتەوە، بۆ؟ لە ترسی هاوسێکەی کە سوورە لەسەر عورفەکانی و خۆی لە پشتییانەوە دەشارێتەوە. بەڵام ئەوە چییە تاکی مرۆیی ناچار دەکات لە دراوسێکەی بتۆقێت، وەک عەوام بیر بکاتەوە و بجووڵێتەوە و بەرانبەر بە خۆی خۆشحاڵ نەبێت؟ لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا ڕەنگە هەستکردن بە شەرم بێت. لە حاڵەتی گشتی و زۆرینەدا بریتییە لە ئارەزووی ئاسوودەیی (Bequemlichkeit)، تەمەڵی (Trägheit) – بە کورتی خولیای تەمەڵبوون (Hang zur Faulheit)ی ئەو شتەی گەشتیارەکە لەبارەیەوە دواوە. ئەو لەسەرحەقە: مرۆڤەکان تەنانەت تەمەڵترن لەوەی ترسنۆک بن و ئەو شتەی زۆر لێی دەترسن ئەو کێشە و گرفتانەیە کە هەر ڕاستگۆیی و ڕووتێتییەکی بێمەرج باری سەرشانیان قوورس دەکات. تەنها هونەرمەندانن ڕقیان لەم ژیانە ئاسوودە و ئاسانە دەبێتەوە کە لە عادەتەکان و بیروباوەڕە ڕیشە نەرمەکان و شاردنەوەی نهێنییەکان و ویژدانی خراپی هەر کەسێکەوە هاتووە، ئەو بنەمایەی هەر بوونێکی مرۆیی موعجیزەیەکی تاقانەیە؛ هونەرمەندان ئازایەتیی ئەوەیان تێدایە مرۆڤمان وەک خۆی، تا دوایین ماسولکە، وەک خودی خۆی و زیاتریش پیشان بدەن، هێشتا زیاتر لەوەش، لەم ئاکامە ڕوون و ڕاشکاوەی تاقانەبوونیدا، ئەو وەک بوونێکی تازە و سەرنجڕاکێش، وەک هەر بەرهەمێکی سروشت و بوونێکی بێزارنەکەر، جوان و ڕازاوەیە و بەهای تێڕامانی هەیە. کاتێک بیرمەندێکی مەزن سووکایەتی بە مرۆڤەکان دەکات، تەمەڵیی ئەو لایەنەی مرۆڤەکانە بیرمەندەکە ئیهانەی پێ دەکات: چونکە بەهۆی ئەم تەمەڵییەوەیە ئەوان وەک کاڵای دەستکرد دەردەکەون کە پێدەچێت بەهای یاوەری و ڕاوێژکردنیان نەبێت. ئەو مرۆڤەی نایەوێت بەشێک بێت لە جەماوەر، بەسادەیی لەوە دەکەوێت بەرانبەر بە خۆی خۆشحاڵ بێت؛ با بەدووی ویژدانی خۆی بکەوێت کە بەم جۆرە بەڕوویدا هاوار دەکات: «خۆت بە! ئەوەی ئێستا دەیکەیت، بیری لێ دەکەیتەوە، ئارەزووی دەکەیت، لە ڕاستیدا تۆ نیت!».
ئەوەی هاوڕێی ڕاستەقینەی هەن، دەزانێت گۆشەگیری و تەنهاییی ڕاستەقینە چ مانایەکی هەیە، تەنانەت ئەگەر سەرجەمی جیهانی دەوروبەریشی بە دوژمن تەنرابێتن.
خەم لە دروستبوونی فەیلەسووفێک دەخۆم بتوانێت ببێت بە نموونە […] کانت توند خۆی بە زانکۆوە هەڵواسیبوو، خۆی کردبوو بە ئەڵقەلەگوێی حکوومەتەکان، لەنێو دەرکەوتەی باوەڕێکی ئایینییدا قەتیس مابوو، و بەرگەی هاوکاران و خوێندکارانی گرتبوو: لەبەر ئەوە سروشتییە کە نموونەی ئەو بەگشتی پرۆفیسۆری زانکۆ و پرۆفیسۆری فەلسەفەی بەرهەم هێنا. شۆپنهاوەر هیچ سەروکارێکی لەگەڵ توێژی خوێندەواران و لێکۆڵەراندا نییە، تەنها و بە جیا دەوەستێت، هەوڵ بۆ سەربەخۆیی لە دەوڵەت و کۆمەڵگە دەدات – ئەمەیە نموونەی ئەو، مۆدێلی ئەو، واتا لەگەڵ چۆنایەتی و خەسڵەتە تەواو دەرەکییەکانەوە دەستپێکردن… ئەو تەواو تەنها بوو؛ بەڕاستی هیچ هاوڕێیەکی هاوشانی نەبوو ئاسوودە و ئارامی بکات – و لەنێوان یەکێک و هیچێکدا، وەک هەمیشە لەنێوان شتێک و هیچێکدا، بێکۆتایی و ئەبەدییەتێک هەیە. ئەوەی هاوڕێی ڕاستەقینەی هەن، دەزانێت گۆشەگیری و تەنهاییی ڕاستەقینە چ مانایەکی هەیە، تەنانەت ئەگەر سەرجەمی جیهانی دەوروبەریشی بە دوژمن تەنرابێتن. ئاخ، دەتوانم تەواو وێنای ئەوە بکەم، ئێوە نازانن تەنهابوون چ مانایەکی هەیە. لە هەر شوێن و کاتێکدا کۆمەڵگە بەهێزەکان، حکوومەت و ئایینەکان، یاخود بیروباوەڕە باو و گشتییەکان هەبووبێتن، بە کورتی لە هەر شوێن و کاتێکدا هەر جۆرێکی ستەمکاری هەبووبێت، ڕقی لە فەیلەسووفی گۆشەگیر و تەنها بووە؛ چونکە فەلسەفە پەناگایەک بۆ مرۆڤ دەکاتەوە کە ستەمکاری ناتوانێت دزە بکاتە ناویەوە: ئەشکەوتی ناونشین، تولەڕێگەی سینە: و ئەمەش خەو لە چاوی ستەمکاران حەرام دەکات. لێرەوەیە تەنهایی و گۆشەگیری خۆی حەشار دەدات: بەڵام لێرەش گەورەترین مەترسی لە بەردەم تەنهاییدا هەیە…
ئەمە یەکەم مەترسیی ئەو سێبەرە بوو شۆپنهاوەر لێیەوە گەشەی کرد: گۆشەگیربوون (Vereinsamung). دووەم مەترسیی پێی دەگووترێت: بەدگومانبوون بەرانبەر حەقیقەت (Verzweiflung and der Wahrheit). ئەم مەترسییە بەرۆکی هەر بیرمەندێک دەگرێت کە بە ڕێگەی فەلسەفەی کانت-دا دەڕوات، ئەوەی لە مێشکدا دەچێنێت کە ئەو لە ئازاچەشتنیدا بەهێزتر و بەرجەستەبوونی سەرجەمی بوونی مرۆڤە و نەک ئەوەی تەنها بیرکەرەوەیەکی قاقالێدەر یان ئامێرێکی ژمێریاری بێت… بەڵام هەرکە کانت کاریگەرییەکی جەماوەری و گشتی تاقی دەکاتەوە، ئێمە دەبێت ڕەنگدانەوەی لەنێو فۆرمی گومانگەرایی و ڕێژەگەرایییەکی هەراسانکەر و تێکشکێنەردا ببینینەوە؛ و تەنها لەنێو چالاکترین و خانەدانترین ڕۆحەکاندا، کە هەرگیز بەرگەی گومانیان نەگرتووە، ئێوە لە شوێنیاندا ڕاپەڕین و بەدگومانیی بەرانبەر بە هەموو حەقیقەتەکان دەبیننەوە، کە بۆ نموونە هاینریش فۆن کلایست وەک کاریگەرییەکی فەلسەفەی کانت ئەزموونی کردبوو. جارێک بە شێوە جووڵێنەرەکەی خۆی نووسیویەتی: «بەم دوواییانە بە فەلسەفەی کانت ئاشنا بووم – و ئێستا دەبێت بیرۆکەیەکت لەگەڵ بەش بکەم کە تێیدا نابێت ترسم لەوە هەبێت چەندە منی بەقووڵی و ئازاربەخش هەژاند، هێندەش تۆ دەهەژێنێت. ئێمە ناتوانین بڕیار بدەین ئەوەی ئایا ئێمە پێی دەڵێین حەقیقەت بەڕاستی حەقیقەتە یان ئەوەی تەنها بەم جۆرە لای ئێمە دەردەکەوێت. ئەگەر دووەمیان ڕاست بێت، کەواتە ئەو حەقیقەتەی لێرەدا کۆی دەکەینەوە، دوای مردنمان هیچ شتێک نییە؛ و هەموو ئەو هەوڵ و پاڵنەرانەی بۆ گەیشتن بە خاوەنداربوون هەن کە تا ناو گۆڕ یاوەریمان دەکەن، پووچ و بێبەرهەمە. ئەگەر لوتکەی ئەم بیرۆکەیە دزە نەکاتە ناو دڵ و دەروونتەوە، بەو مرۆڤەی دیکە پێمەکەنە کە لە قووڵاییی ناوەوەی پیرۆزی خۆیدا هەست بە برینداربوون دەکات. تەنها ئامانجم، باڵاترین ئامانجم، نغرۆ بووە و هیچ ئامانجێکی دیکەم نەماوە». بەڵێ، کەی خەڵک دووبارە لەنێو شێوەیەکی وەهای کلایستیی-سروشتیدا هەستەکانیان بەگەڕ دەکەوێتەوە؟ کەی دووبارە فێر دەبنەوە بە «قووڵایییە پیرۆزەکان»یانەوە مانای فەلسەفەیەک هەڵبسەنگێنن و بپێون؟
“مەزنایەتیی شۆپنهاوەر لەوەدا بوو ڕووبەڕووی وێنەی ژیان لە گشتێتیی خۆیدا بووەوە تا بتوانێت وەک گشتێکیش ڕاڤەی بکات” نیچە
بەڵام ئەمە تەنها پێویستە بۆ ئەوەی، دوای کانت، لەو شتە تێبگەین کە ئێستا شۆپنهاوەر دەتوانێت مانای بۆ ئێمە هەبێت. ئەو دەتوانێت ڕێنیشاندەرێک بێت بەرەو دەرەوەی ئەشکەوتی نائارامیی گومانگەرایی یان خۆبەدەستەوەدانی ڕەخنەیی بەرەو لوتکەی ڕوانگەیەکی تراژیدی ڕێنوێنییمان بکات، بەرەو ئاسمانی شەو بە ئەستێرە باڵکشاوە بێکۆتاکانی بەسەرمانەوە؛ و ئەو یەکەم کەس بوو ئەم ڕێچکەیەی گرت. مەزنایەتیی ئەو لەوەدا بوو ڕووبەڕووی وێنەی ژیان لە گشتێتیی خۆیدا بووەوە تا بتوانێت وەک گشتێکیش ڕاڤەی بکات، لە کاتێکدا بیرتیژترین مێشکەکان ناتوانن لەو هەڵەیە بەدەر بن کە کەسانێک هەن دەتوانن لە ڕاڤەکردنێکی وەها نزیک ببنەوە تەنها بە مەرجی ئەوەی بتوانن ڕاست و دروست ئەو ڕەنگانە تاقی بکەنەوە کە ئەم وێنەیەی پێ ڕەنگرێژ و نەخشێنراوە و ئەو کەرەستانە تاقی بکەنەوە لە پشتی دروستبوونی ئەم وێنەیەوە هەن…
لەوانەیە لەگەڵ ئەم دەرەنجامەدا بووبێت کە [ئەمە] کانڤاسێک بوو زۆر بە وریایییەوە چنرابوو و ڕەنگەکانی بە جۆرێک لەسەری پەرش کرابوون، لەڕووی کیمیایییەوە شایانی تێگەیشتن و لێکجیاکردنەوە نەبن. دەکرێت بگوترێت تەنها ئەو کەسەی تێگەیشتنێکی تیژ و قووڵی بۆ سەرجەمی وێنەی ژیان و بوون هەیە دەتوانێت زانستی تاکەکەس بەبێ ئازاردانی خۆی بەکار بهێنێت؛ چونکە بەبێ ئەم جۆرە وێنە گشتییە ڕێکخەرە، تەنها کۆمەڵە دەزوو و داوێکمان دەبێت سەریان ناچێتەوە سەر هیچ کوێیەک و تەنها ژیانمان زیاتر پەرتەوازە دەکەن و بە توولەڕێگاماندا دەبەن. مەزنێتیی شۆپنهاوەر، وەک گوتوومە، لێرەدایە: وەک چۆن هاملێت بەدووی تارمایی دەکەوێت، ئەویش بەدووی ڕەوتی ئەم وێنەیە دەکەوێت، بەبێ ئەوەی ڕێگە بەخۆی بدات سەری لێبشوێت، پێچەوانەی زانایان، و بەبێ ئەوەی ڕێگە بدات قاچی لە تەڵە و داوی فەلسەفەی قووتابخانەیی مەفهومی گیر ببێت، وەک ئەوەی بەسەر زۆربەی دیالەکتیکزانانی ڕامنەکراودا هات…
بەم جۆرەیە دەکرێت هەمیشە فەلسەفەی شۆپنهاوەری لە هەنگاوی یەکەمدا پێ ڕاڤە بکرێت: تاکگەرییانە، بە تەنها بوونی مرۆیی بۆ خودی خۆی، بۆ گەیشتن بە ڕوانین بۆ ناواخنی چارەڕەشی و پێداویستیی خۆی، بۆ نێو سنووردارێتیی خۆی… شۆپنهاوەر فێرمان دەکات جیاکاری لەنێوان پێشکەوتنە واقیعی و ڕواڵەتییەکانی بەختەوەریی مرۆییدا بکەین: چۆن نە دەوڵەمەندبوون، نە شانازی و شکۆ، نە زانابوون ناتوانن تاک لە هیوابڕاویی قووڵی خۆی لەسەر بێبەهایی بوونی خۆی دەربهێنن و چۆن هەوڵدان بۆ ئەم ئامانجانە تەنها دەتوانێت مانا لە ئامانجێکی باڵا و هەمیشە گۆڕاودا بەدەست بهێنێت: بۆ گەیشتن بە دەسەڵات تا یارمەتیی سروشت بدرێت و بڕێک هەڵە و درز و قڵیشەکانی ساڕێژ بکرێن. ڕاستییەکەی لە سەرەتادا، تەنها بۆ خودی خۆ؛ بەڵام دواجار لەڕێگەی خۆیەوە بۆ هەمووان. بە دڵنیایییەوە ئەمە هەوڵ و کۆششێکە کە بەقووڵی و لە دڵەوە بەرەو پاشەکشێ و پاشگەزبوونەوە و وازهێنانمان دەبات: لەپای چی و چۆن دەکرێت هێشتا لە تاکدا و بەگشتیش باشبوون ڕوو بدات؟
سەرچاوەی وەرگێڕان
Friedrich Nietzsche, Schopenhauer als Erzieher, in Die Geburt der Tragödie. Unzeitgemäße Betrachtungen I – IV. Nachgelassene Schriften 1870 – 1873, Kritische Studienausgabe, herausgegeben von Gorgio Colli und MazzinoMontinari, Walter de Gruyter Verlag, Berlin und New York, 1999.
The post بەگژداچوونەوەی هەموو فەلسەفەیەکی مەزن appeared first on ژنەفتن.
مرۆڤی باڵا لە دیدی نیتچەوە
لە بیر و ڕێبازە فەلسەفییەکاندا سنوورێکی دیاریکراو لەنێوان دوو جۆر بوونی ئاگامەند کێشراوە، لێکدانەوەی جیاواز بۆ نێوان کۆیلە و خاوەن کۆیلە، ڕەسەن و ناڕەسەن کراوە. “فردریش نیتچە” یەکێک لەو بیریارانەیە کە بۆچوون و تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە مرۆڤی بەرز و مرۆڤی نزم خستووەتە ڕوو، تێدا بەقووڵی ڕۆچووەتە نێو مرۆڤی باڵاوە. لەنێوان “چۆنێتی و چەندێتی”دا بەریەککەوتنێکی توندو تیژ هەیە، کە بەشێک لە مێژووی مرۆڤایەتی پێک دەهێنن. بە درێژاییی مێژووش ململانێیەکی دژوار هەبووە، کە هەریەکەیان لە هەموو قۆناغە جیاوازەکاندا هەوڵیان داوە بەها و گرنگیی خۆیان بسەپێنن و مۆرکی تایبەتی خۆیان لە تێڕوانینی خەڵک بۆ بوون بدەن. بۆیە بە گرنگی دەزانین سەرنج بخەینە سەر هەر دوو چەمکی چۆنێتی و چەندێتی پاشان لەو ڕێگەیە خۆمان بخزێنینە نێو چەمکی مرۆڤی باڵاوە.
یەکەم: چۆنێتی
بانگەشە بۆ جیاوازی و تایبەتمەندێتی دەکات، نکوڵی لە یەکسانی دەکات و ڕەتی دەکاتەوە، ئامانجی گرنگی دانە بە تاکگەرایی و هەوڵی سڕینەوەی دەستەجەمعی دەدات.
دووهەم: چەندێتی
ئەمیان  هەموو شتەکان بەلایەوە وەک یەک وەهان؛ تەنانەت ئەگەر یەکێک لادانی هەبێت، چاو لەو لادانەی دەنوقێنێت و هیچ بایەخێکی پێ نادات، بگرە ئەگەر لێی یاخی بێت لەو غەفڵەتە ئاگاداری دەکاتەوە، جامی توڕەیی خۆی بە سەریدا دەڕێژێت و بێزاری دەکات. چونکی ئەو حەزی لە مرۆی یەک تایپ و یەک بیر و یەک ئایدۆڵۆژیا و یەک ڕەهەند هەیە، ئەو دەیەوێت خەڵک یەک پێوەریان هەبێت و یەک وێنەیان بە سەردا دەسەپێنێت، گەرچی ئەگەر وێنەیەکی بێ ئاست و پێوەرێکی بچووک و هیچ بێت. ئەم جۆرە بڕوایان بە یەک درووشم هەیە ئەویش بریتییە لە: یەکسانی! یەکسانی، له هەموو شوێنێک ئەم درووشمە دووبارە دەکەنەوە “ئێمە هەموومان یەکسانین، کەس لە کەس بەرزتر نییە”. تاکە ئەرکیشیان بریتییە لە بەختەوەرکردنی دەستە جەمع، بەبێ ئەوەی هیچ بایەخێک بە تاکەکەس بدات، بۆیە بانگەشە بۆ”ئاسوودەیی بۆ زۆرترین خەڵک دەکەن”. ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگ بێت بریتییە لە مامناوەندی ئیتر لە دوای ئەوە بۆ خۆی بخەوێت، ئەم بەها تازانە هەموو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بگرە فێکریشی گرتەوە.
لەم سەرو بەندەدا نیتچە گەیشتە ئەو بڕوایەی کە: “کاتێک بینی ئەم دۆخە چۆن دەبێتە مایەی دابەزینی ئاستی مرۆڤایەتی و زاڵبوونی بەهاکانی”مامناوەندەکان” و تاکگەرایی، ئاڵای بەهاکانی چۆنێتی بەرز کردەوە و داوای ئەرستۆکراسییەکی نوێ و بەرزتری دەکرد، مرۆڤایەتی بۆ باڵایی بانگەشە بکات، تاکوو بتوانێت تەرزێکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی بخوڵقێنێت، تەنانەت سەروو مرۆڤایەتی و باڵاتر ئەم تەرزە نوێیەش “مرۆڤی باڵایە”.”[1] لەم تێگەشتنەی نیتچەوە دەگەین بەو دەرئەنجامەی کە نیتچه پێی وایە بۆ ئەوەی مرۆڤ بەرەو لوتکە و تێپەڕینی دۆخی مرۆڤبوون بڕوات، دەبێت لە ستایشکردنی کۆمەڵ و دەستەجەمعییەوە باز بدەیت بۆ ستایشکردن و گرنگیدانی تاکگەرایی، کە ئەمەش مەرجی بنەڕەتی ئەو ئەرستۆکراسییەیە، کە نیتچە بانگەشەی بۆ دەکرد بۆ باڵابوونی مرۆڤ. چونکی نیتچە لە ڕێگەی دروستبوونی سیستەمی بەرزبوونەوەوە مرۆڤ بۆ لوتکە ئاڕاستە دەکات، واتا چینبەندکردنی خەڵک، بەپێی پلە چینێک لە سەرووی چینێکی تر بێت. بەڵام ئەمە بە بەردەوامی هەوڵی لە باربردنی دراوە بە هۆی سیستەمی دیموکراسی و لایەنگرانی چەندێتییەوە، بە ناوی یەکسانییەوە، مافیان بە هەمووان دابوو کە دادوەری لە بەرانبەر هەموو پرس و گرفت و کێشەکان بکەن، بەمەش دەبوو کەسە ناوازەکان جەنگیان لە بەرانبەر کەسانی عەوام بەرپا بکردایە! بۆیە هەمیشە مامناوەندەکان کۆ دەبوونەوە و بۆ لە نێوبردنی لایەنگرانی چەندێتی و ئەوانەی کە بڕوایان بە فرەڕەهەندی و فرەتایپی و تایبەتمەندێتی و جیاوازییەکان هەبوو. ئەمەش ئەو بەریککەوتنە بەردەوامەیە کە بە درێژاییی مێژوو هەبوو لەنێوان هەردوو بەرەی چۆنێتی و چەندێتیدا. بۆیە نیتچە بۆچوونەکانی خۆی چڕ کردەوە لەسەر ئەوەی کە زیاتر گرنگی بداتە تاکگەرایی  و  پێی وابێت کە “گرنگیدان بە تاکەکەس بەر لە کۆمەڵ دێت، زیاتریش تاکەکەسی تایبەتمەند و ناوازە، ئەمەشی وەک مۆرکێک دا  لە هەموو بەهاکان و هەموو ژیان، بەتایبەتی مۆرکە ئەخلاقییەکان واتا مۆرکی تاکگەرایی و خودێتی.”[2] لەم بۆچوونەوە تێدەگەین کە نیتچە ئەم مۆرکە لە گشت دەسێنێتەوە و دەیداتە تاکەکەس تا بیکاتە مرۆڤێکی ناوازە. تاکگەراییش لای نیتچە مانای ئەوە نییە کە واز لە تاکەکەس بهێنرێ بە ئارەزووی خۆی چی دەکات بیکات. نیتچە پێی وایه: “نابێت تاکەکەس بکرێتە خزمەتی شتەوە، بەڵکوو تەنها تاکەکەس خاوەنی بەهایە، ئەمەش پەیوەست نییە  بە بوونی ئەو و ڕەفتاری ئەو لە ئاست خۆیدا، بەڵکوو بەستراوە بە گرنگییەوە  کە لە ڕوانگەی پەرەسەندنی مرۆڤ و باڵاچوونی مرۆڤەوە، مرۆڤایەتی لە دەرەوەی تاک نییە بەڵکوو لە ناو تاکدا دەژێت، هەر ئەویش مۆرک و بەهای  پێدەبەخشێت.”[3] ئەمەش دەرخەری ئەوەیە تاکەکەس ڕوانینی سەبارەت بە خۆی پەیوەستە بە پەرەسەندن و دواکەتنیەوە بۆ مرۆڤایەتی، یان تا چەند باڵا چوون یان داچوونە بۆ مرۆڤایەتی. کەوایە تاکەکەس لای نیتچە دابڕاو نییە، لە پەرەسەندنی مرۆڤایەتی، بەڵکوو ڕۆدەچێتە نێو قووڵاییی هەموو مێژووی مرۆڤایەتییەوە.
تاکەکەسی ناوازە بایەخ بە کۆمەڵ نادات، کاتێک بزانێت، بایەخ پێدانەکەی لەگەڵ باڵاییی خۆیدا ناکۆکە، بۆیە دوورەپەرێز دەبێت، ئەگەر ئەم دوورەپەرێزییە لە پێداویستییەکانی ئەرستۆکراسی و ناوازەیی بێت، کەوایە باڵایی سروشتێکی گەورەی مرۆڤە کە ئاستەکەی داوای لێ دەکات، نەک لەکارێک لە کارەکانیدا، بەڵکوو ئەگەر ژیانیش تێک بچێت. کەواتە تاکگەرایی واتا هێشتنەوەی جیاوازییە سروشتییەکانی نێوان تاکەکەسەکان و هەستکردنێکی بەهێز بە خودێتی و بەوەی ئەو خودە خاوەن تایبەتمەندێتی و جیاوازی زۆرە لەگەڵ خودەکانی تر.کەوایە جیاوازیی پۆڵینکردن و چینایەتی پلەبەندی و “باڵایی مرۆیی” ئەرکی بنەڕەتی تاکگەرایییە. بۆیە زەرەدشتیش بەم شێوەیە لەگەڵ خەڵکەکەی دوا “من مرۆڤی باڵاتان فێر دەکەم، مرۆڤ شتێکه دەبێت بە سەریدا زاڵ بیت، ئێوە چیتان بۆ ئەو زاڵبوونە کردووە، ئێوە دەتانەوێت ببن بەو سێڵاوی ئەو لافاوە گەورەیەی لە بری ئەوەی بەسەر مرۆڤدا زاڵ بن پێتان خۆشە بگەڕێنەوە سەر ئاژەڵ، مەیموون لە ئاست مرۆڤدا چییە؟ شەرمێکی ئازاردەر”[4] لێرەوە نیتچە دەیەوێت پێمان بڵێت کە قۆناغەکانی پەرەسەندن کۆتایی پێ نەهاتووە، دەبێت مرۆڤ دۆخی مرۆڤبوون تێپەڕێنێت و هەموو بەربەست و ئەو بەهایانەی کە دروستکراوی مرۆڤن و هەموو ئەو بەربەست و بتانەی کە ڕێگرن لە بەردەم سەرکێشکردن سەرکەوتن بەسەر لوتکەدا دەبێت تێک بشکێنرێن و وردوخاش بکرێن وەک چۆن مەیموون بۆ مرۆڤ گاڵتەجاڕییە ئەوکات مرۆڤیش بۆ مرۆڤی باڵا و سۆپەرمان گاڵتەجاڕی و  تەنانەت کەمتر لە مرۆڤیشە دەبێتە ئاژەڵ. کەواتا ئامانج لە مرۆڤایەتی خوڵقاندنی ئەو مرۆڤە باڵایەیە. “نیتچە” دەیەوێت پێمان بڵێت بۆ ئەوەی مرۆڤ هەنگاو بەرەو باڵایی بوون ببات دەبێت ئەو پۆشاکە دڕاوە فڕێ بدات و توڕی بدات کە بریتییە لە پۆشاکی کولتوور و ئایین و ئەو خەڵکە عەوام بازاڕییانەیە کە خاوەنی هیچ بیرکردنەوەیەکی سەربەخۆ نین بەڵکوو دوای کۆمەڵ و ئەو ژینگە سیاسی و ئەخڵاقی دەروونی و کولتوورییانە کەوتوون کە ئایین و جڤاک بەسەریاندا سەپاندیون لەم بارەیەوە نیتچە لە زاری زەرەدەشتەوە بۆمان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: (ئێوە ئەی مرۆڤە باڵاترەکان، ئەمە لە منەوە فێر بن، لە بازاڕدا کەس بڕوای بە مرۆڤی باڵا نییە، چونکە لە بازاڕدا هەمووان بە یەک دەنگ لەسەر یەک ڕیتم و شێواز هاوار دەکەن و دەڵێن ئێمە هەموومان یەکسانین! ئێمە هەموومان لە بەردەم خودا یەکسانین، مرۆڤ هەر مرۆڤە، ئێمە هەموو یەکسانین، بەڵێ لە بەردەم خودادا یەکسانین، بەڵام ئێستا “خودا مردووە” ئەی مرۆڤە باڵاکان لە بەردەم عەوام و بازاڕدا یەکسان مەبن، ئەی مرۆڤە باڵاکان خۆتان لە بازاڕ بەدوور بگرن، ئەی “مرۆڤی باڵا” بوونی خودا مەترسییەکی گەورەیە بۆ تۆ.)[5] لێرەدا دەگەین بەو ئەنجامەی بڵێین، ئایین و بازاڕ دوو لەو چەمکە نەرێنانەن کە مرۆڤ بەرەو نائومێدی و ڕەشبینی و تەسلیم بوون دەبەن. هەڵبەت لێرەدا نیتچە کاتێک تیشک دەخاتە سەر بازاڕ مەبەستی شوێنێک نییە بە ناوی بازاڕەوە بەڵکوو مەبەست لێی ئەو جۆرە خەڵکانەن کە خاوەنی زمانێکی سواو لەکار کەوتوون، ئەو کەسانەن کە کۆپی دەکەن و شوێن کۆمەڵ دەکەون و خاوەنی بیرکردنەوەیەکی ناڕەسەنانەن و تواونەتەوە لەنێو فەرهەنگ و کولتووری دەوروبەردا و خاوەنی هیچ تایبەتمەندییەک نیین و بڕوایان بە جیاوازی و تایبەتمەندێتی نییە. لە ڕێگەی “مردنی خودا” و “دورکەوتنەوە لە بازاڕ” گەلێک تایبەتمەندێتیی مرۆڤی باڵا دەردەخات. چونکی “مردنی خودا” پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆجییە بۆ لەدایکبوونی مرۆڤی باڵا. بە کوشتنی باوکی سەربەستییەکەی مسۆگەر دەکات ئەو بۆ سەربەستی و باڵایی،  دەسەڵاتە باڵاترەکان دەڕووخێنێت خۆی دەخاتە نێو جەنگی مان و نەمانەوە، چونکە باڵایی نەک مانەوە بەڵکوو “واتا” بە بوونی دەدات، پێشمەرجی ئۆنتۆلۆجیش ئەوەیە کە ئەو بوونە خاوەنی هیچ بکەرێک نییە، بوونێکی بێناوەڕۆک و بێمەبەستە، بەڵکوو خۆی ناوەڕۆک بۆ خۆی دادەنێت، لە ڕوانگەی ئەم جۆرە بوونەوە، کە مرۆڤی بەرزە، بوونێکی خوانەناس و بێباوەڕە “خودا” بۆ ئەو هێزێکی داگیرکەرە، هەتا ئەو هێزە نەڕووخێت، ناتوانێت سەربەخۆی و سەربەستانە پرۆژەکانی بوونی هەڵبژێرێت. مرۆڤی باڵا هەمیشه هەوڵ دەدات ئەو دەسەڵات و پاشماوە ئایینیانە فڕێ بدات، ڕەگ و ڕیشەی بەها ئایینییەکان لە زەین و بیرکردنەوەی خۆیدا بکاتە دەرەوە، بۆیە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە ئۆنتۆلۆجییەکە و گەشتن بە “مرۆڤی باڵا” دەبێت دژی نەریت و کولتووری بازاڕی ڕابوەستێت ئەو کولتوورەی مرۆڤەکان وەکوو یەک سەیر دەکات و جیاوازی لەنێوان تاکەکان ناکات، دەبێت لە ناویان بدات. لە کولتووری بازاڕیدا تاکەکان، پرۆژەکانی بوونیان سەربەستانە هەڵنابژێرن شوێن نەریت و بەها و زانینە باوەکان دەکەون و هەموویان وەکوو یەک بیر دەکەنەوە و وەکوو یەک هەڵسوکەوت دەکەن، لەژێر ئەم کولتوورەدا مڕۆڤ نامۆ و نا ڕەسەن دەبێت، دەبێت بەو کەسەی کەسانی تر دەیانەوێت، نەک بەوەی کە خۆی دەیخوازێت، هەر بۆیە نیتچە دژی ئەم جۆرە کولتوورەیە، داوا دەکات پاشماوەکانیشی لە بیرکردنەوەی خۆماندا بسڕینەوە، لە ڕێگەی بانگەوازکردنی بۆ مرۆڤی باڵا.
فردریش نیتچە (١٨٤٤-١٩٠٠) فەیلەسووفی ئەڵمانی
مرۆڤی باڵا شوێنکەوتووی میتافیزیکی هیچگەرایەتییە و بکوژی باوکە میتافیزیکییەکەیە. بۆ دابینکردنی سەربەستی دەستی خۆی به خوێنی ئەو باوکە سوور کردووە، هەر لەگەڵ کوشتنی باوکەکەی بووە مرۆڤێکی ئازاد و سەربەست، سەرچاوەی ناوڕۆکی خۆی و داهێنەری بەهاکانی، مرۆڤ بە کوشتنی خوا دەیەوێت بڵێت لەوە بەدواوە من خاوەنی خۆمم بەرپرسم لە ئاستی خۆمدا، ئەمەش ئەو ڕاستییە فەلسەفییەیە کە نیتچە بانگەشەی بۆ دەکات[6]. بۆیە نیتچە لەکۆتاییدا دەڵێت:(ئەمە بەرەبەیانی منە و ڕۆژی من دەستی پێ کردووە، ئێستا سەرکەوە، سەرکەوە ئەی شەپۆلەکانی نیوەڕۆی مەزن، زەرەدەشت ئاوا دوا و ئەشکەوتەکەی بەجێهێشت، درەوشاوە و بەهێز، هەروەک خۆری دەم بەیان، کە لە پشتی کێوە تاریکەکانەوە سەر دەردێنێت)[7] کەوایە مرۆڤێک ڕاستی بدۆزێتەوەو ببێتە خاوەن بەرەبەیانێکی نوێ و نێوەڕوانێکی مەزن و دۆگمای ئەشکەوت و هەموو ڕێسا کۆمەڵایەتی و نورمە ئایینییە بە زۆر سەپێنراوەکان تپەڕێنێت، هەموو مەگەزەکانی نێو کۆمەڵگا بفڵیقێنێتەوە و سەر بە خۆی بێت و ئاسۆی خۆی ڕووناک کردبێتەوە ئەوا بێگومان دەبێتە مرۆڤێکی بەرز و باڵا. یەکەمین شتیش کە دەبێتە هۆی ئەوەی زەمینە خۆش بکات بۆ خولقاندن و  لەدایکبوونی ئەم جۆرە بەهایانە ئەویش ئەوەیە مرۆڤ دەبێت ئازاد بێت. دەبێت هەموو ئەو بەربەست و کۆت و پێوەندانە، هەموو دەرگا ئاسنینەکان، هەموو ئەو قوفڵە کۆنکریتانەی شکاندبێت کە ئایدۆڵۆژیاکان ڕیبازە سونەتییەکان و دەزگا ئایینییەکان و ڕێبازە کۆمەڵایەتییەکان سەپاندوویان بەسەر تاکەکاندا، هەموو ئەو وەهمە قورس و ترسناکانەی کە بە سەریدا هێنراون دەبێت بیانڕەوێنێتەوە. مرۆڤ دەبێت لە سەرووی خەڵک و ئەخڵاق و بەها سونەتییەکانەوە بێت، نابێت وابەستەی هیچ بەش و لایەنێک و هیچ کەسێک بێت، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە ئازیزترین و خۆشەویستترین کەسەکانی بێت. نابێت دوای کەس بکەوێت و بکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ هێز و دوای هیچ لایەنێک بکەوێت، بەڵکوو تەنها بوونی خۆی سەنتەر و پێوەری هەموو شتەکان بێت، دەبێت پشت بە هیچ پێشبیر و پێشینەیەک و هیچ بیریارێک ببەستێت بەڵکوو دەبێت بەپێی ڕووداوکان و کێشەکان چارەسەر بدۆزێتەوە و کەسێکی کۆپیکراو نەبێت و خۆی بتوانێت توێژینەوە و لێکۆڵینەوە بکات و لەم ڕووەوە تاک خۆی دەبێتە سەنتەر و خۆی پێوەر بۆ هەموو شتەکان دادەنێت، دژی ئەو جۆرە بیرکردنەوە و تاکانەش دەوەستێتەوە کە دوای کۆمەڵ دەکەون. بە هیچ شێوەیەکیش گوێ بەو تێڕوانین و بیرکردنەوە و قسەڵۆکانەش نادات کە کۆمەڵ دەیڵێت، گوێ بەوە نادەن کە کۆمەڵ چی بە باشە و چی بە خراپە ناوزەند دەکەن، هەردوو چەمکی چاکە و خراپە، داتاشراوی کۆمەڵ خۆیانن هەر کۆمەڵ خۆشی پێوەری بۆ ئەوە داناوە چ شتێک بە باش و چ شتێک بە خراپ کام بە ئەخڵاق، کامیان نائەخڵاقییە، ئەمە یاسایەکی زەمینی یان ئاسمانی نییە، بەڵکوو ئەوە خودی کۆمەڵە لە نێو خۆیاندا ڕێککەوتوون بە ئارەزووی خۆیان بە ناوی کولتوور و ئایین و نیشتمان و یان هەر میتۆدێکەوە دێن دەیکەن بە بەرگی کۆمەڵ. بۆیە مرۆڤی باڵا خۆی بیروباوەڕی سەردەم دەخوڵقێنێت و خۆی پێوەر بۆ شتەکان دادەنێت. باڵابوونیش ڕێبازی ئەو مرۆڤانەیە، کە لەپێناو ئامانجێکی دیاریکراودا تێدەکۆشێت، کە بە خۆی بەراورد ناکرێ چونکە ئەو ئامانجە گەورەترە لە خۆی  لەبەر ئەوەی ئاشتی و هێمنی و ئاسودەیی بێزراوترین شتە لەلای ئەو جۆرە مرۆڤانە، بۆیە زەرەدەشت بەم شێوەیە ئامۆژگاریی ئەو جۆرە مرۆڤە باڵایانە دەکات و دەڵێت: (بە دوای دوژمنەکانتان بگەڕێن، جەنگ لە دژیان بەرپا بکەن؛ جەنگێک لە پێناو بیر و هزرتاندا، ئەگەر بیر و هزرتان دووچاری تێکشکان بوو، با سەر ڕاستیتان هاواری سەرکەوتن بکات، هەروەها ئاشتیی کورتخایەنتان زیاتر لە ئاشتیی درێژخایەن خۆشتر بوێت)[8] نیتچە لێره دا ئامۆژگاریی تاکەکان دەکات، تەنها ئەو کاتانە دەتوانێت ئاشتی بەرپا بکات، ئەویش کاتێک سەرکەوتن بەدەست دێنن، ئەگەر نا بەردەوام سەرقاڵی هەڵەوەڕی دەبێت. چونکە تاکە ئامانج لە پێش ئەو مرۆڤە تەنها سەرکەوتنە، بەدەر لەو ئامانجەش هیچ ئامانجێکی تری نییە، ئیتر گوێ بەوەش نادات قوربانییەکان چەند دەبێت و ئامرازەکانیش هەرچییەک بێت. تاکە ئامانجیش بەدەستهێانی مەرامەکەیە و سەروەر بێت و ئەو بەهایانەش دەسەپێنێت کە خۆی دەیەوێت، ئیتر زۆر گرنگیش نییە باسی ئابڕوومەندی و باشە و خراپە بکات و تەنها خۆشی مافی ئەو جۆرە باسانەی هەیە، چونکە ئەمانە شتێک نین کە خۆی لە خۆیدا هەبێت، بەڵکوو کەسەکە خۆی پێوەریان بۆ دادەنێت ئەمانە هەموویان شوێن پێ هەڵگری “ئیرادەی هێزن”،  لێرەوە تێدەگەین تەنها ئەوانە دەتوانن بمێننەوە و ڕووەو باڵابوون بچن، کە خاوەنی هێزن و تەنها فاکتەریش بۆ سەرکەوتن ئیرادەی هێزە، بۆیە ئەوەی بەهێزە دەمێنێتەوە و بەرەو لوتکەیی و باڵابوون دەچێت ئەوەشی لاوازە ئەوا بەردەوام ژێردەستە و کۆیلە و لە پاشەکشەدایە، بۆیە ئەو مرۆڤانەش کە لە ڕێگەی ویستی هێزەوە هەنگاو بەرەو لوتکەیی و باڵابوون دەدەن ئەوانەن کە توانیویانە، ئەو بەها و ڕێسا کۆمەڵایەتی و سونەتیانە تێپەڕێنن و قاویان بدەن، بۆیە ئەوەی شوێن ڕێساکان و پیرۆزییەکان و دوای جڤاک کەوتوون ئەوانەن کە ژێر دەستە و نائومێد و دەستەمۆکانن هەموو ئەوەش بۆ ئەوەی مرۆڤ بگەیەنێتە کامڵ بوون، دەبێت خەتەرناکانە بژێت و سڵ لە هیچ بیم و ترسێک نەکاتەوە و گەرچی بە خەتەرناکیش دەورە درا بێت دەبێت خۆی بدۆزێتەوە خۆی دروست بکات، هەر ئەم سەرکێشییانەش وا لە مرۆڤ دەکات ئازاد بێت و بەدوای ناوازەترین جۆری مرۆڤدا بگەڕێت کە باڵابوونە، چونکە ئەوان لە کوێ بن ئەوا سەرکەوتن بەسەر بەربەست و نەهامەتی و تەنگ و چەڵەمەکانیش لەوێن. چونکی نیتچە پێی وایە کە بۆ ئەوەی بەسەر لوتکەدا سەر بکەویت دەبێت دڵڕەق بیت، بۆ ئەوەی ببیتە مرۆڤێکی چەلەنگ و وریا و ناوازە دەبێت دڵڕەقانە ڕووبەڕووی تەحەدی و مەترسییەکان ببیتەوە بەمەش دەیخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورەتر، چونکە مرۆڤ ئەو کارانەی دەیانکات تەنها پەیوەست نییە بە خودی خۆیەوە، بەڵکوو پاشەڕۆژی مرۆڤایەتیشی پێوە پەیوەستە. نیتچە لە ڕێگەی تێوری گەڕانەوەی هەمیشەیییەوە بەرپرسیارێتیی مرۆڤ گەورەتر دەکات، ئەو لە ئاست خۆیدا بەرپرسیارە، ئەو ژیانەی ئێستا دەژێت بۆ چەندان جاری تری بێکۆتا دووبارە دەبێتەوە، کەواتە بەرپرسیاریەتییەکەی دژوار دەبێت، لەبەر ئەوەی کارەکەی یەکجار نییە و بێکۆتایییە.
“گەڕانەوەی هەمیشەیی” چییە؟
نیتچە لەو باوەڕەدایە پەرەسەندنی بوون لەنێو خولی بازنەییدا دەسووڕێتەوە و گەڕانەوەی هەمیشەیی حوکمی بەسەردا دەکات. واتا: (مەبەست لە گەڕانەوەی هەمیشەیی ئەوەیە، کە بوونێک جارێکی دیکە وەکوو خۆی پاش لەناوچوونی جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ژیان و ناو ڕووداوەکان. گەڕانەوەکەشی هەمیشەیییە بە بەردەوامی ئەو بوونە پەیدا دەبێت و لەناو دەچێت و جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ژیان.)[9] ئەمەش زیاتر بە گژداچوونەوەی  ئەو سیستەمی میتافیزیکی ڕووناکبین و سێبەرەکانی خوایە.
بە گوێرەی میتافیزیکی ڕووناکبین: گۆڕانکاری لە بووندا لەسەر هێڵێکی ڕاست و بڕاوەدا دەگوزەرێت و لە کاتێکی دیاریکراودا لەسەر نەخشە و پلانەکان دەڕوات کۆتایی دێت. ئایینخوازانیش بە هەمان شێوە واتای بوون لە کۆتاییی بووندا دەبینن، هێندە بایەخ بە مردن و کۆتاییی دنیا دەدەن، هیچ بایەخێک بەم ژیانە نادەن، کەسێکی مردوو بە باشتر لە زیندوو دەزانن، بۆیە نیتچە بە پێچەوانەی مردنخوازییەوە دەیەوێت مرۆڤ لە پێناو ژیاندا بمرێت، ئەو ژیانی خۆش دەوێت و بانگەشەی بەردەوامێتی و مانەوەی دەکات، نایەوێت بڕوا بە بڕانەوەی ژیان بهێنێت، توێژینەوەی ڕەشبینانەی بۆ بکات، مادامەکی ژیانخوازین دەبێت بانگەشەی بەردەوامی بۆ بکەین، بۆیە باشترین ڕێگە بۆ بەگژداچوونەوەی نائومێدی و ڕەشبینییەکان بیرۆکەی گەڕانەوەی هەمیشەیییە. بەپێی بیرۆکەکەی نیتچە مرۆڤەکان بە هەمان ڕیتم و فۆرم دوای نەمانیان سەرلەنوێ دەگەڕێنەوە بۆ ژیان واتا مرۆڤێکی کۆیلە دوای مردنی هەر بە هەمان شێوە و کۆیلەیی دەگەڕێتەوە بەردەوامی بە ژیان دەدات و بە پێچەوانەشەوە مرۆڤێکی ئازاد و چەلەنگ بە هەمان شێواز بۆ ژیان دەگەڕێتەوە بۆیە ئەو مرۆڤانەی کە ناوەندی و کە کۆیلە و دواکەوتوو و بێئیرادەن نایانەوێت باوەڕ بە بیرۆکەی هەمیشەیی بکەن چونکی لە ئاست ئەم بیرۆکەیەدا هەست بە شڵەژان و نائومێدی و ڕەشبینییەکی ترسناک دەکەن، چونکی دووبارە ڕەشبینی یەخەیان دەگرێت و ڕاپێچی شێتی و لەناوچوونیان دەکات، چونکی مرۆڤی مامناوەند وا تێ دەگات ئەوا شتەکان بە باش و خراپییەوە دەڕۆن و جارێکی دی ناگەڕێنەوە. بەڵام بۆ “مرۆڤی باڵا” ئەمە پێچەوانەکەی تەواوە، ئەم بیرۆکەیە هێزێکی گەورەتری پێدەبەخشێت، بەمەش ئەرک و بەرپرسێارێتیی بەرانبەر ژیان گەورەتر و فراوانتر دەبێت، چونکە بە جۆرێک دەژێت خۆزگە دەخوازێت بۆ جارێکی دی بە هەمان شێوە بژێتەوە بۆیە دەبێت هەموو کارێک لە ڕوانگەو گۆشەنیگای نەمری و جاویدانییەوە تەماشا بکرێت، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ جگه لەکاری باڵا و بەرز و شایستەی دووبارەبوونەوە هیچ کارێکی دی نەکات.
[1] عەبدولڕەحمان بەدەوی، نیچە، و: ئازاد بەرزنجی، تاران-٢٠٢
[2] عەبدولڕەحمان بەدەوی، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٢٩
[3] عەبدولڕەحمان بەدەوی، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٣٠
[4] فریدریش نیتشە، زەرەدەشت ئاوا دوا، و: یاسین بانیخێڵانی، چاپ: یەکەم، تاران- ٢٠٢١
[5] فردریش نیتشە، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٤١٥
[6] د. محەمەد کەمال، نیتشە و پاش تازەگەری، سلێمانی- ٢٠٠٦
[7] فردریش نیتشە، سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٤٧٤
[8] عەبدولڕەحمان بەدەوی، سەرچاوەی پێشوو، ٢٣٦
[9] د.محەمەد کەمال، سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٩۷
The post مرۆڤی باڵا لە دیدی نیتچەوە appeared first on ژنەفتن.
جەستە لە هزری نیچەدا
[لەبەر ئەوەیش دەبوو ڕۆحی سروشت سیمبولانە پێناسە بکرێ؛ ئەوەیش پێویستی بە جیهانێکی نوێ هەبوو لە سیمبول و، بەر لە هەموو شتێکیش سیمبولییەتی تەواوەتی جەستە، نەک تەنها سیمبولییەتی دەم و ڕوخسار و وشە، بەڵکوو پێویستی بۆ نیشانەی تەواوەتی کە بە شێوەیەکی هاڕمۆنی هەموو ئەندامەکان لەڕێی سەماوە دەجووڵێنێت. (لەدایکبوونی تراژیدیا)]
نیچە لە کۆتایییەکانی ژیانیدا
دیدگای نیچەیی بۆ جەستە لە فەلسەفەدا
جەستە یەکێکە لە هێڵە هاوبەش و بابەتە دووبارەکان لەنێو کارەکانی نیچە. نیچەیش لە پێشەکی کتێبی “زانستی شاد”دا ئەم بابەتەی هێنایە پێشەوە “… زۆر جار پرسیارم لە خۆم کردووە گەر ئایا تەواوی فەلسەفە و تا ئەمڕۆیش، شرۆڤەیەک بۆ جەستە و هاوکات هەڵەتێگەیشتنێک بۆ جەستە نەبێت.” نیچە بەمە ڕێ لە کامڵی دەگرێ و پشتگیریی پێشنۆرەیی(priority)ی جەستە دەکات وەک سەرچاوەی هەموو شرۆڤەیەک.
دژی دیکارت دەوەستێتەوە و، جەستە وەک خاڵی دەستپێک هەڵدەبژێرێ بۆ شرۆڤە هزرییەکانی، نەک ئەو هزرەی کە ڕۆحە؛ ئەوە لە مرۆڤ هەڵدەبژێرێ کە باش دەیناسین. من جەستەم باشتر دەناسم وەک لە ڕۆحم. سەرەڕای ئەوەیش، ڕۆح لە جەستە جیا ناکاتەوە، بەڵکوو بە یەک یەکێتی دەیبینێت، دوو بەشی چوونیەکن و جیا نابنەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەم دژیەکییە لەگەڵ دیکارتدا ڕەها نییە، هەروەک دیکارت، نیچەیش وای دەبینێ کە ناتوانین هیچ شتێک بزانین جگە لەوەی لە جیهانی هەستەکانمان و لێکچووەکانماندا هەیە. لای نیچە، جەستە پێش هەموو شتێک “جەستەیەکە بە ژیان پڕاکتیزە کراوە و زیندووە” نەک ئەوەی “جەستەیەکی ملکەچبوو بێ بۆ مەعریفەتی زانستی”. هەروەک کانت، نیچەیش وای دەبینێ کە هەر زانینێک (مەعریفەتێک) لە هەستکردنەوە سەرچاوەی گرتووە و بونیادنراوە. بەڵام بە پێچەوانەی کانتەوە، نیچە هەروەک شۆپنهاوەر پێی وایە کە شێوەکانی تێگەیشتنمان بۆ ژیان پێش هەموو شتێک لە سیستەمی فسیۆلۆژیمانەوە سەرچاوە دەگرێت (هەروەها لە ئەرکەکانیشییەوە: خواردن و جووتبوون ‘زۆربوون’)، لە کاتێکدا ئەو ئەرکانەی بە ئەرکێکی باڵایان دەزانین (ئەرکی بیرکردنەوە) جگە لە شێوەگەلێکی لێوەرگیراو (موشتەقات)، هیچی تر نییە.
ئێمە وەرگری شێوەیەکی هەستەکین، بەڵام نیچە مەبەستی لە هەستەکی چییە؟ ئەو نایەوێ بخلیسكێتە نێو ئەو دژیەکییە کلاسیکییە: کەتوار[1]/ڕواڵەت، بەڵکوو لە ڕاستیدا تێیدەپەڕێنی و بە سەریدا زاڵ دەبێت؛ بەپێی ئەو، ڕواڵەت خۆی کەتوارە. “من ‘ڕواڵەت’ ناکەمە دژیەک لەگەڵ ‘کەتوار’دا، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، پێم وایە ڕواڵەت خۆی کەتوارە.” [هەندێک بڵاوکراوەی نیچە پاش مردنی (١٨٨٤-١٨٨٥)]. هیچ بوونەوەرێک نییە خۆی لە پشت ڕواڵەتی خۆیەوە بشارێتەوە، وەکچۆن لە دیاریکردنی کانتی نومینۆن/فینۆمینۆن[2] ڕوو دەدات. کەینوونە دەرکەوتنە، بەڵکوو خودی کەینوونە ڕواڵەتە (دەرکەوتنی ڕواڵەت).
تەنانەت هیچ پێشنۆرە و بە باشتردانانێک نییە لەنێوان پێنج هەستەوەرەکە، هەموویان لە هەمان ئاست دانراون. لە کتێبی “ئەمەیە مرۆڤ” (چونکە چارەنووسم) دەنووسێت: “زیرەکی و بلیمەتی من لە لووتمدایە.” ئەمە واتا یۆنانییەکەیە بۆ وشەی “Proemio” وەکچۆن لە پارچەی هەشتەمی قەسیدەکەی پارمەنیدس هاتووە لەبارەی بوونەوە[3]، ئەو واتایەی کە جۆرج گادامێر[4] باش شرۆڤەی کرد، پاش ئەوەی کە تاوێ لەسەر ئەو واتایەی زیاتر گونجاوە وەستا کە پێشوەختە و سەرەتا بە “بیرکردنەوە” یان “بیر” وەرگێڕدرا بوو بەڵام هاتەوە و ڕەسەنتر وەریگێڕا بۆ دەربڕینێک نزیک لە “لێرە شتێک هەیە” کە بە واتای توانستی بوونەوەر دێ بۆ مانیفێستبوون لە ئانوساتێکی دەگمەندا، وەکچۆن کەسێک بە لووتی بۆنی شتێک دەکات؛ ئاوایش نیچە دەڵێ کە زیرەکی و بلیمەتی ئەو لە لووتیدایە، وەکئەوەی بڵێ ئەوەتا لێرەیە، لەم ساتەیە و، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و سروشتی، وەک هەستپێکردن و وێناکردنێک ئامادەگی هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا، نیچە دڵخوازییەکی تایبەتی هەیە، دڵخوازییەک بۆ هەستی ژنەفتن، چون ئەو هەستەیە کە لێدەگەڕێ ئاواز بچێتە ژوورەوە و، نیچەیش ئاشقی ئاوازە. لە ڕاستیدا، هەموو جەستە بە شێوەیەکی هاڕمۆنی بەشدار دەبێ، چونکە هیچ هەستێک نییە زاڵ بێ بەسەر دانەیەکی تردا، جیاواز لەوەی مێژووی فەلسەفە بۆ ئێمەی گواستووەتەوە وەکچۆن و بەتایبەتی، هەستی بینین تایبەتمەندییەکی تری هەیە و باڵادەستە بەسەر ئەوانی ترەوە (سەرنجی ئەفڵاتون بدەن، بیرۆکە (idea) = ڕوانین، لە ڕیشەی یۆنانی کۆنەوە “id”).
لە هەموو ئەو شتانەوە، ئێستا ڕوونە کە بۆچی نیچە ستایشی فەیلەسووفانی پێش سۆکرات دەکات: بابەتەکە پێوەندە بە کولتوورێکی یۆنانییەوە کە لە جەوهەردا دژیەکە لەگەڵ ئایدیاڵییەت و دان بە پێشنۆرەیی جەستەدا دەنێ. بە تۆنێکی توندەوە لە کتێبی “ئاوابوونی بتەکان” (پیاسەکانی پیاوێکی ناتەبا لەگەڵ سەردەمدا: ٤٧) دەنووسێت: “لە شوێنێکدا و لەبارەی چارەنووسی گەلێک و چارەنووسی مرۆڤایەتییەوە زۆر گرنگە کە پەروەردەی کولتووری لە شوێنی ڕاستەوە دەست پێ بکات، نەک لە “ڕۆح”ـەوە (وەکچۆن بیروباوەڕە خورافییەکانی قەشەکان و هاوشێوەی قەشەکان دەیانکرد): شوێنی ڕاست “جەستە”یە، ڕواڵەتی جەستەیی و، ئاگاداربوونی و، دۆخی فیسیۆلۆژی جەستە و دواتر ئەوانی تریش خۆیان دێن. ئەمە ئەو هۆکارەیە کە یۆنانییەکان وەک یەکەم ڕووداوی کولتووری دەهێڵێتەوە لە مێژووی کولتووری مرۆڤایەتیدا؛ چونکە ئەوان دەیانزانی و، ئەوەیان دەکرد کە گرنگ بوو، بەڵام مەسیحییەت، ئەوەی کە جەستەی سووک و بێبەها کرد، گەورەترین کارەسات بوو تا ئێستا کە تووشی مرۆڤینی هاتبێت.”
وەرگیراوێکە پێویست بە لێدوان ناکات.
جەستە لە ئەفڵاتونیزم و مەسیحییەتدا
نیچە ڕاگەلێکی هەن لەبارەی مەسیحییەتەوە، وەکچۆن لە دێڕی کۆتاییی ئەو گوتەیەی پێشووتر بۆمان ڕوون دەبێتەوە، نیچە لە تەواوی کارەکانیدا بە توندی ئەو مەسیحییەتە ڕەت دەکاتەوە کە ڕاستەوخۆیش بە ئەفڵاتوونیزمەوە دەبەستێتەوە. “مەسیحییەت ئەفڵاتونیزمی هەژارەکانە.”: مەسیحییەت ئیش لەسەر بەئەندامکردنی ڕۆحە ساویلکەکان دەکات، کەسانێک کە کەمترین فێربوون و خوێندنەوەیان وەرگرتووە یان ئەوانەی هیچیان وەرنەگرتووە. ئەوە بیرۆکەی زاڵ و دەسەڵاتبەدەستی زۆرینەیە کە جیهانی تەنیوە و ڕێگرە لەوەی پەرە بسێنێت و بەرەو پێش بچێ و باڵا بێت. نیچە دوالیزمی دژیەکی کلاسیکی ڕەت دەکاتەوە “ڕۆح/جەستە”، چونکە هەردووکیان بەبێ جیاوازی یەک شتن. ئەویش ئەو ناشیرین و ناچیزکردنەی جەستە کە لەنێو ئایینەکان دۆزییەوە، تەمبێ دەکات، کە باشی لێ دەزانێت.
نیچە ڕقی لە “سووک و ناچیزکەرانی جەستە” دەبێتەوە، وەکچۆن لە “وەها دووا زەردەشت”دەیخوێنینەوە. لە ڕاستیدا زەردەشت ڕاڤەکەری داوەشان و سووک سەیرکردنی جەستەیە. بەلای نیچەوە تیۆرییە ڕۆحانییە کلاسیکی و مێژوویییەکان بۆ شتە مێتافیزیکییەکان هیچ شتێ ناکا جگە لەوەی شێواندن و پشتگوێخستنی ئەوەی کە مرۆڤ چییە. چونکە کۆنسێپتەکانیان لەبارەی “بوون”ـەوە لەگەڵ ئەوەی کە زێدەمرۆڤانەیە یەک ناگرێتەوە و، ئەویش دەیەوێ هەموو پەیوەندییەکان بەو شێواندنەوە بپچڕێنێت. لە کتێبی “دژەمەسیح”ـدا (بەشی ٥١) لەبارەی مەسیحییەتەوە دەنووسێ: “مافمان هەیە لەوەی بێز و ڕقمان بێتەوە لە ئایینێک کە فێرمان دەکات جەستە سووک و چرووک بکەین […]، ئایینێک کە ڕەدای (قەناعەتی) بە خۆی هێناوە کە دەکرێ مرۆڤ “ڕۆحێکی کامڵ” هەڵگرێت لەنێو جەستەیەک کە هاوشێوەی لاشەیەکە.” بەلای نیچەوە، پیرۆزی “هیچ شتێک نییە جگە لە نیشانەیەک بۆ جەستەیەکی بێتوانا و داوەشاو و، عەسابتێکچوو و، بەڕێژەیەک هەڵوەشێنراوە کە چاکبوونەوە ڕەت دەکاتەوە.” هەروەها وا پێناسەی مەسیحییەت دەکات کە ئایینێکە لەسەر “کینەداری نەخۆشەکان و، غەریزەی ئاڕاستەکراو دژ بە چاکبوو و تەندروستەکان، دژ بە تەندروستی.” بونیاد نراوە.
ئەوان “شەیدای دونیاکەی ترن”: ئەوان نەخۆش و مردوون بە دامەزراندنی سووک و چرووککردنی جەستە، بە دروستکردنی جیهانگەلێکی ئەودیو دونیایییەوە و، جنۆکە و شتی ئاسمانی، وەک سۆکرات لە “ئاوابوونی بتەکان”ـدا. نیچە بە وشەکانی زەردەشتەوە ڕەخنەیەکی توند لەو تێگەیشتنە هەڵە و ڕەتکردنەوەی جەستەیە دەگرێت و، بە “شەیدایانی دونیاکەی تر” ئەو کەسانە ناوزەد دەکات کە بەو شێوەیە بیر دەکەنەوە و بڵاوی دەکەنەوە. ئایینەکان و، ئەو بیروباوەڕانەی هەڵگری هەبوونی خوداوەندێکن، فەلسەفەگەلێکی مردنن. لە کاتێکدا نیچە پێشنیازی فەلسەفەی ژیان دەکات، پێشنیازی خۆشەویستی و گەشاوەییی ژیان دەکات. ژیانێک کە لە مردنەوە دەست پێ دەکات؛ دژی ژیانێک کە لە خۆیەوە دەست پێ دەکات. ئەوان مردوویەکی زیندوون، دەژین بۆ ئەوەی بمرن و، هەر لەبەر ئەوەیش دەیانەوێ لە جەستەکانیان “دەرچن” و لێی ئازاد بن. ئەو نەخۆشانە پێیان وایە کە ئازاد دەبن لە جەستەکانیان، بەڵام ئەوان توند پەیوەستن پێوەی و، بیانەوێ و نەیانەوێ، جەستە و زەوی بەکار دەهێنن بۆ بەرهەمهێنانە ساوێر(وەهماوی)ییەکانیان. ئەوان لەنێو ماددەدا نوقم بوون و پێوەی بار کراون و، بە پێدانی ساوێرێک کە “ژیان وا لە شوێنێکی ترە”، دوور و دابڕاو و خاڵی لە جەستە؛ مەترسییەکی ڕاستەقینەن بۆ سەر مرۆڤ.
لە کتێبی “وەها دووا زەردەشت”(سەبارەت بە ڕەندیی بەخشندە “بەشی ٢”) نیچە مرۆڤ بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی فەزیڵەتەکانیان بگەڕێننەوە بۆ زەوی، تاکوو زەوی واتای بداتێ و، هاوبەشییەک دەخاتە ڕوو لەنێوان جەستە/ژیاندا: ژیان بەبێ فەزیڵەت بوونی نییە، بەبێ ڕۆح و، پێچەوانەکەیشی ڕاستە. ئەو ڕۆحەی مرۆڤ دەیکاتە دەرەوەی جەستە و زەوییەوە “بێ-مانایە” و، لێرەیش دەرخەری ئەوەیە کە نیچە پێی دەڵێ “هەلە مەزنەکە”. ئەمەیش دەمانبا بەرەو چەمکە خوازەیی(میتافۆڕی)یەکە بۆ نەخۆشی و پزیشک وەک بابەتێکی سەرەکی بۆ بەرگریکردن لە جەستە. ڕۆح بەبێ جەستە ڕۆحێکە کە بەبێ ژیان دەسووڕێ: ڕۆح پێویستی بە جەستەیە تاکوو بە ڕۆحەکانی ترەوە پێوەند بێت و؛ جەستەیش بەبێ ڕۆح جەستەیەکی بێمانایە، لاشەیە. “Leib” نییە، بەڵکوو”Körper”ـە[5]. لە لای نیچە، جەستەیەک بەبی ڕۆح، جەستەیەکە بەبێ ژیان، جەستەیەکی داوەشاوە. نکۆڵیکردن لە جەستە، تیرۆرکردنی ژیانە. لە “ئەمەیە مرۆڤ”(چونکە چارەنووسم) نیچە دێ و دەنووسێ کە مەسیحییەت “تاوانکردنە بە جیاکردنەوە، تاوانکردنە لەهەمبەر ژیاندا.” مەسیحییەت ڕۆح و نەفسی داهێنا تاکوو “جەستە لەناو بەرێ” و “نەخۆشی بخات”. لێرەوەیە سەرکوتکردنی سێکسواڵێتە و تێڕوانینێکی قێزەونانە بۆ خۆشەویستیی جەستە لەنێو مەسیحییەتدا.
“ویستی هێز” و پەیوەندی بە جەستەوە
کۆنسێپتی “ویستی هێز” یەکێکە لە کۆنسێپتە سەرەکییەکان لە هزری نیچەدا، ئامرازێکە بۆ پێناسەکردنی جیهان و، شرۆڤەکردنی دیاردە مرۆڤینییەکان وەک بوارەکانی ئەخلاق و هونەر و، دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی “بوون” کە پێوەندیدار دەبێتەوە بە دۆخی داهاتووی مرۆڤینی، دۆخی مرۆڤی باڵا (Übermensch). ئەمەیش ئەو هۆکارەیە کە زۆر جار بۆ ڕوونکردنەوەی تەواوی فەلسەفەکەی بەکار دێت. هایدگەر ویستی هێز (هەروەها گەڕانەوەی ئەبەدی) دەکاتە کۆنسێپتی سەرەکی بۆ “مێتافیزیکای نیچەیی” کە مێتافیزیکای ڕۆژئاوایی بەرەو کەماڵ دەبات. نیچە بە دروستکردنی ئەم کۆنسێپتە بەگشتی هەوڵی پێشنیازکردنی شرۆڤەیەک بۆ حەقیقەت دەدات. لە بەرمەبنای ئەم بیرۆکەیەوە ویستی هێز ئاماژە بە پێویستییەکی ناوەکی دەدات بۆ گەشەپێدانی هێز، بۆ ڕێسایەکی ناوەکی بۆ ئەو ویستەی بەم دەربڕینە پێناسە کراوە “لەوە دوورتر بیت، یان لەودیوەوە بیت”: ئەم پێویستییە هەڵبژاردنێک پێشکەشی ویستی هێز دەکات لەنێوان دوو شت، یان دوورتر دەڕۆی (تێی دەپەڕێنی)، یان فەنا دەبی. ویستی هێز ناسنامە یان یەکبوونێک دانامەزرێنێ، بەڵکوو دوورتر دەڕوا؛ بەرەو مرۆڤی باڵا دەکشێ. “ناوە دیاریکراوەکەی ئەم کەتوارە، ویستی هێزە، وەکچۆن لە بونیادە ناوەکییەکەی دیاری کراوە نەک لە سروشتە دوورەدەستە گۆڕاو و تواوەکەیەوە” [ئەودیو خێر و شەڕەوە، “٣٦”].
لەبارەی ئەم کۆنسێپتەوە، دەبێ هێزەکەی بسەپێنین، هەروەها بڵندبوونەوە و سنووربەزاندنەکانیشی و، بەزاندنی بەرەنگارییش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو نێوەندگرە (جەستەیی و ئاوەزی). “ویستی هێز تەنها لەڕێی پەیوەندییەکەی بە بەرەنگارییەوە مانیفێست دەبێت؛ ئەو بەدوای ئەوە دەگەڕێ کە بەرەنگاری دەبێتەوە.” [هەندێک بڵاوکراوەی نیچە پاش مردنی]. بیرۆکەی “هێز” لەنێو ئەم کۆنسێپتەدا بنچینەیییە، چونکە لەسەر بنەمای سەرکەوتنەکان دژ بە بەرەنگارییەکان بونیاد نراوە. لەو بەشانەی کە پاش مردنی بڵاو کراونەتەوە (١٨٨٤-١٨٨٥)، نیچە لە چیرۆکێکی خورافی مەبەستێک دەردەهێنێ، چیرۆکێکی سیمبولی بۆ ویستی هێز لەنێو جەستەدا، تاکوو میکانیزمی دروستبوونی جەستە باس بکات. مەبەستیشی لەو جەستەیە نییە کە بە شێوەیەکی باو و زانستییانە باس کراوە. جەستە کۆکراوەیەکی میکانیکی نییە بۆ کۆمەڵێ بەشی جیاواز و شتێکی نادیار و سەخت نییە بۆ شرۆڤەکردن: وا بیر لە جەستە دەکاتەوە کە یارییەکی نەرمە و لە بەشگەلێک پێکهاتووە کە دەکرێ بنووشتێتەوە و بەرانبەر یەک دەبنەوە. نیچە ئەو بەشە بچووکانەی جەستە پێک دێنن و بەڕێوەی دەبەن، بە “کەینوونە مایکرۆسکۆپییەکان” ناوزەد دەکات کە “گەردیلەی ڕۆحی” نین، بەڵکوو “کەینوونەگەلێکن گەشە دەسێنن و، هەوڵ و تەقەڵا دەدەن و، بەهێز دەبن یان فەنا دەبن.” دەبێ ئەم کەینوونانە خۆیان بسەپێنن، ئەوەیشی کە بەهێزە، بەهێزتر دەبێت و لەوە دوورتر دەڕوا و، بەشە لاوازەکانیش ملکەچ دەبن یان فەنا دەبن و بوارێک بۆ ئەوانی تر دەڕەخسێنن. ویستی هەموو کەینوونەکان هەمان شتن بە ڕواڵەت: لە ڕاستیدا پلەبەندییەکی هەڕەمی هەیە کە ویستە بەهێزە چالاکەکان دەکەونە سەروو ویستە لاوازە کاردەرەوەکان (پەرچەکردارییەکان) و، ئەوەی نیچە ناوی دەنێ “ئەرستۆکراتی”. جەستە یەکێتییەکی نییە، بەڵکوو کۆکراوەیەکە لە کەینوونەگەلێک و، هەر کەینوونەیەک ئازادە لە سەپاندن یان ملکەچکردنی خۆی. نیچە دەنووسێ: “مرۆڤ لە گەلەکەینوونەیەک دەچێت.” ئەو یەکێتییەی دیاریشە، لەمیانەی ئەو ڕاستییەوە دروست دەبێ کە جەستە یەکە. تێگەیشتن لە جەستە ڕوون نابێ وەک کۆمەڵێک، بەڵکوو وەکوو پلەبەندییەکی هەڕەمی ڕوون دەبێت، پلەبەندییەک لە پاڵنەر و، هێز و، ویستەکانی هێز.
جەستە بەسەر ئاوەزدا زاڵە، نەک تەنها لەسەر ئاستی هەست و سۆز، بەڵکوو لەسەر ئاستی زیرەکییش. جەستە ئاوەزی لەخۆ گرتووە و حوکمی دەکات، نەک پێچەوانەکەی وەکچۆن مێژووی فەلسەفە بۆی گواستووینەتەوە
بەڵام لێرە و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پرسیارێکمان لێ قیت دەبێتەوە: چۆن دەکرێ کە ڕێکی و هاڕمۆنییەک هەبێت لەنێو ئەم چەندێتییە نابەرانبەرە کە لە شەڕیشدایە؟ شتەکە بۆ نیچە ڕوونە: هەندێک هەن بە گوێڕایەڵی ڕازی دەبن، ڕازی دەبێ کە ملکەچ بێت بە شێوەیەک کە هیچ ئاستەنگییەک ڕووبەڕووی ئەوانە نەبێتەوە کە توانستێکی زیاتریان هەیە بۆ ڕابەرایەتیکردن لە بەڕێوەبردنی ئەم پلەبەندییە هەڕەمییە. لێرەوە هاڕمۆنی لەنێوان ویستە جیاوازەکانی هێز هەڵدەقوڵێ. یاخیبوونێکی ڕوونمان بۆ بەشە لاوازترەکان هەیە کە هەموویان کۆنتڕۆڵ دەکرێن. هەڵبەتە ئەم بەشانە لە دژیەکیدان لەگەڵ یەک، بەڵام لە کۆتاییدا بە هەمان زمان دەدوێن. چی دنەی نیچە دەدات لەوەی لە “وەها دووا زەردەشت” وەک “دەرئەنجامی مەزن” بنۆڕێتە جەستە؟ جەستە بەسەر ئاوەزدا زاڵە، نەک تەنها لەسەر ئاستی هەست و سۆز، بەڵکوو لەسەر ئاستی زیرەکییش. جەستە ئاوەزی لەخۆ گرتووە و حوکمی دەکات، نەک پێچەوانەکەی وەکچۆن مێژووی فەلسەفە بۆی گواستووینەتەوە. جەستە یەک شت نییە، بەڵکوو جووڵەیە، کۆمەڵەیەکە، چەندایەتیی هێز و ویستگەلێکی هێزە. هەموو هێزەکان زانیاری دەنێرن، نەک بە شێوەیەکی میکانیکی، بەڵکوو بەپێی سیستەمێکی خۆڕسک: واتا ئەو نامانە مانیفێستۆی ویستن. بە دەربڕینێکی تر، میتۆدی ئەم پەیوەندیکردنە هیچ نییە جگە لە شەڕێکی بەردەوام، درێژ و توند و هەندێ کاتیش دڕندە و گرژ. وەک کۆتایییەکیش بۆ ئەم بابەتە لەبارەی پرسی ویستی هێز و پەیوەستییە جەوهەرییەکەی بە جەستەوە، پوختی دەکەینەوە؛ جەستە لە دیدگای نیچەوە باشترین ڕابەر و بەڵگەیە، چونکە سیمبولێکە بۆ ویستی هێز. وەکچۆن پاتریک وۆتلینگ لە کتێبی “نیچە و ئەنگێزەی شارستانییەت”[6] دەنووسێ: “جەستە ناوچەی جێبەجێکردنی ویستی هێزە.”
پەیوەندیی نیچە بە نەخۆشی و جەستەیەوە
نیچە لە کارەکانیدا هۆی نەخۆشی دەگۆڕێت بۆ دەربڕینێکی خوازەیی. ئەم نەخۆشیی جەستەیییە ماددییە، بۆ ئەو سیمبولێکە بۆ کولتووری پاشکەوتوو. ئەم شارستانییەتە بەهۆی نکۆڵیکردن لە جەستە لەناو چووە و نەخۆشە. جەستە نەخۆش دەکەوێت، ئەشکەنجە دەدرێ، لەبەر ئەوەیش وا باشترە دەستی لێ هەڵگیرێت. نیچە وەک خوازەیەک کۆئەندامی هەرس بەکار دەهێنێت بۆ پشتگیریی تیۆرییەکانی. دوو نموونە هەن: نموونەی ئـ:- وێنای ویستی هێز دەکات بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی هەرسکردن. نموونەی بـ:- وای دەبینێ کە شرۆڤەی نەرێنی بۆ کەتوار، لەڕێی بەراوردکردنی بە کێشەیەکی هەرسکردن حوکمی لەسەر دەدرێ. ئیدانەی جێکەوتە (ئینتیباع) پوچگەرایییەکە بۆ ڕۆحی ئەڵمانی دەکات لە کتێبی “ئەمەیە مرۆڤ”(چونکە سەرنجی زۆرم دا – بەشی ١) و دەڵێت: “ڕۆحی ئەڵمانی وێنەی دۆخێکی هەرسکردنێکی سەخت پیشان دەدات و، هەرگیز خۆی ئازاد نەکردووە.” هەروەها بە ڕۆحێکی گاڵتەئامێزانەوە بەردەوام دەبێت: “ڕەنگە نزیکبوونەوەی ئەڵمانییەک لێم پڕۆسەی هەرسکردنم دوا بخات.” نیچە دەیەوێ (وەکچۆن لە پارچەبڵاوکراوەکانی پاش مردنی فۆرمیولەی دەکات) “فەیلەسووف وەک پزیشکێک لە شارستانییەتدا”. هەوڵی ئەوە دەدات -لەپشت وێنەی ئەم نەخۆشییەوە- خەڵکێک کە بەتوندی تووشی گانگرینا[7]، بووە لە ڕێی فەلسەفەکەیەوە چاک بکاتەوە. بەپێی ئەو، هیچ ڕەتکردنەوە یان قەبوڵکردنێک نییە بۆ تەندروستی و نەخۆشی، چونکە هیچ دۆخێکی سروشتی نییە بۆ تەندروستی، بەڵکوو تەنها هەندێک دۆخ هەن پێمان وا دەبێت کە بۆ جەستەمان باشە. دوالیزمەی تەندروستی/نەخۆشی ڕەت دەکاتەوە. بە دەربڕینێکی تر، دەبێ ئەوە لە مێشکمان دەرکەین کە هەمووان یەکسانن لەبەرانبەر نەخۆشی و تەندروستیدا. لە “زانستی شاد”(بەشی ١٢٠) دەڵێ: “لە ڕاستیدا هیچ تەندروستییەک نییە لە خودی خۆیدا، هەموو هەوڵەکانیش بۆ ناساندنی هەناسەساردانە شکستی هێنا. ئەوەی دیاری دەکات کە دەبێ تەندروستی چی بێت تەنانەت بۆ جەستەیشت؛ پشتی بە ئامانج، ئاسۆ، هێز، پاڵنەر و هەڵەکانت بەستووە و، بەتایبەتی پشتی بە نموونەکانی ڕۆح و خەیاڵەکانی بەستووە. ئەوە دیاری بکە کە دەبێ ببێتە واتای تەندروستی بۆ جەستەت.” هەروەها لە پێشەکی “زانستی شاد” دەڵێت: “ئەو فەیلەسووفەی کۆمەڵێ دۆخی جیاوازی تەندروستی تێپەڕاندووە و هێشتا تێیدەپەڕێنێ، فەیلەسووفێکە چەندین فەلسەفەی تێپەڕاندووە: لە توانایدا نەبوو تەنها ئەوە نەبێ کە هەموو قسەکانی بگۆڕێت بۆ زیاترین شێوە و ئاسۆی ڕۆحانی؛- ئەم هونەری مانیفێستکردنە، خودی فەلسەفەیە.”
بە دڵنیایییەوە ئەمە بریتی نییە لە ژیانی نیچە کە زۆربەی کاتەکانی نەخۆش کەوتبوو و دۆخی جەستەیی خێرا دەگۆڕدرا. بابەتەکە لە ڕاستیدا ئەوەیە کە نیچە، لەڕێی ئەزموونە تایبەتییەکەیەوە هزری خۆی لەسەر جەستە و نەخۆشی دادەمەزراند. پێوەندییەکی پتەو هەیە لەنێوان ژیانی نیچە و فەلسەفەکەی. گرنگە باسی ئەوەیش بکەین کە بەتایبەتی و لەو ماوەیەی “زەردەشت”ـی دەنووسی، لە کتێبی “ئەمەیە مرۆڤ”(چونکە کتێبی باش دەنووسم – بەشی ٤) نووسی: “هەمیشە خێرایی و سووکەڵەیی ماسولکەکان لە ناوەوەمدا زۆرتر بوون کاتێک توانستی داهێنان بەهێزتر بوو، جەستە خرۆشاوە.” هەروەها پێی باشترە وەک نەخۆشییەک لەبارەی “دافەوتان”ـەوە قسە بکات و، ئەوەیش چەمکێکە بە واتا نەرێنییەکەی بەکار ناهێنێت، چونکە ئەوە شتێک نییە کە دەبێ لەگەڵیدا بجەنگی، بەڵکوو لەبری ئەوە دەبێ کە وریا بین نەگوازرێتەوە و هەوڵ نەدرێ بوون ڕەت بکاتەوە. لەلای نیچە نەخۆشی هۆکار نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی دافەوتانە.
سەرچاوەی عەرەبی:الجسدُ في فِكْرِ نيتشه
سەرچاوەی ئیتاڵی: Il corponelpensiero di Nietzsche
[1] کەتوار = واقع
[2]نۆمینۆن (Noumenon) چەمکێکی فەلسەفییە و بە واتای “شتەکە لە خودی خۆیدا” دێت و وەک چەمکێکی دژ بەکار دێ لەگەڵ چەمکی فینۆمینۆن (Phenomenon)، واتا “دیاردە”.
[3]ئەو چەمکەی ئاماژەی بۆ کراوە: [یەک ڕێگامان بۆ دەمێنێتەوە بۆ ڕێکردن، بوون هەبوو’ە و، کۆڵێک نیشانە هەن دەیسەلمێنن کە بوون بوونەوەرێک نییە و کۆتایی نایەت (فانی نییە)، چونکە یەکێتییەکی تەواوە، جێگیر و ئەبەدی، ناتوانین بڵێین کە بوو’ یان دەبێت…].
[4]Hans-Georg Gadamer
[5] هۆسرل لە کتێبی “Cartesian Meditations- تێڕامانگەلێکی دیکارتی” جیاوازی لەنێوان Leib (واتا جەستەی مرۆڤینی و ئەو تاکایەتییەی تێیدایە) و Körper (واتا جەستە) دەکات.
[6]Nietzsche Et Le Problème De La Civilisation – Patrick Wotling
[7]Gangrene: یان (گەرگەرینا)، جۆرێک لە مردنی ملولەکانە لە دەرئەجامی بێتوانایی گەیاندنی خوێن کە زۆرجار لە دەستەکان و قاچەکان دەدات و دەیڕزێنی و زۆرجار دەبێ ببڕدرێنەوە.
The post جەستە لە هزری نیچەدا appeared first on ژنەفتن.
کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا
جاری یەکەم نییە باسی ئەزموونی خۆم لە بواری ئەدەبی گێڕانەوەدا دەکەم، بەڵکوو پێشتر هەم لە گفتوگۆکانم و هەم لە پێشەکیی کتێبی (ڕاگەردان)دا کەموزۆر لەو بارەیەوە دواوم، بەڵام ئەوەی لێرەدا دەمەوێت زیاتر جەختی لەسەر بکەمەوە، ڕەگەزی (کات)ـە. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم پرسیاری (کات چییە؟) هاوتەمەنمە، یان لانی کەم دەکرێت بڵێم کاتێ زمانم گرت، ئەو پرسیارە سەختەی تێدا بوو، بۆیە لێم جودا نابێتەوە و بەردەوام لەگەڵمدایە.
هەر زوو ئەو باوەڕەم لا دروست بوو، کە (کات)ی ڕاستەقینە، ئەوەیە، تێدەپەڕێت، بێ ئەوەی هەستی پێ بکەم. بە مانایەکی تر تا تێنەپەڕێت، نازانم هەبووە و پێمدا ڕۆیشتووە، یان من بەودا ڕۆیشتووم. ئینجا دەبێت هەوڵی گەڕاندنەوەی بدەم. بۆچی دەمەوێت بیگەڕێنمەوە؟ بۆ کوێی بگەڕێنمەوە؟ ئایا مەبەستمە وەک خۆیی بگەڕێنمەوە، یان دەستکاری بکەم؟  (کات) دەستکاری دەکرێت؟ ئەرێ (کات) ئەو نرخەی هەیە، تا من ئاخ بۆ لەدەستچوونی هەڵبکێشم، یان تەنیا مەراقە؟ مەراقی ئەوەی چۆن هەموو گەردوون بە جارێ بۆ (ڕابردوو) دەبات و من بە تەنیا لە (ئێستا)دا جێ دەهێڵێت؟ کێ دەڵێت بۆ (ئاییندە)ی نەبردوون؟ هەر کامیان بێت، شتێک لەوە ناگۆڕێت، کە تەنیام. بیری هەموو ئەوانە دەکەم، لە ناکاو لێم دوور دەکەونەوە، هەم گیانلەبەر و هەم بێگیان. کەسانێک لە دەوروبەرم هەن، هیچ سەرنجم ڕاناکێشن، بگرە ڕقم لە چارەی هەندێکیانە و پێم خۆش نییە بیانبینم، بەڵام هەر کاتێ دوور دەکەونەوە، سوێم بۆیان دەبێتەوە. دەمەوێت بیانبینمەوە. بە دوایاندا دەگەڕێم. چەند جارێ گوم بووم و دۆزراومەتەوە. دەگەمە ئەو باوەڕەی مادام (کات) بەم شێوەیە لە جووڵەدایە، نە گومبوون هەیە و نە دۆزینەوەیش، بەڵکوو پرسیار و حەپەسان شوێنی هەموو شتێ دەگرنەوە. بەم پرسیار و حەپەسانەوە تەمەنم بە ڕێ دەکەم. بەم پرسیار و حەپەسانەوە دەگەمە دنیای نووسین، کە هێندەی دی پرسیارەکەم قورستر و حەپەسانەکەم گەورەتر دەبێت.
لە سەرەتای هەشتاکاندا، کاتێ دەمەوێت لە ئەدەبی گێڕانەوە بگەم، پەنا بۆ ئەو کتێبانە دەبەم، کە لەو بارەیەوە نووسراون. ئەودەم هەست دەکەم (کات) ڕەگەزێکی گرنگی ئەو بوارەیە. جێگەی داخە خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو نووسراوانە، ئەوەیە، تەنیا پێت دەڵێن (کات) گرنگە، بێ ئەوەی لەو چەمکە قووڵ ببنەوە. دیارە مەبەستم لەوانەن، من لەو سەردەمەدا هەم دەستم دەکەون و هەم توانای خوێندنەوەیانم هەیە. لەگەڵ ئەوەیشدا پێم وایە هەندێکیان، چ ئەوانەی بە کوردی نووسراون و چ ئەوانەی بە عەرەبییش، بۆ ئەو سەرەتایەم گرنگن. بۆ نموونە لە نیوەی دووەمی حەفتاکاندا (حسێن عارف) کتێبی (شەپۆلی هۆش لە ڕۆمانی نوێدا)ی (ڕۆبێرت هەمفری) بە خوێنەر دەناسێنێت و تەکنیکە گرنگەکانی گێڕانەوە شی دەکاتەوە، کە بەشێکی زۆری ڕۆماننووسانی ئەمڕۆ ناتوانن چوار دێڕ لەبارەی هیچ ڕەگەزێکی ڕۆمانەوە بنووسن. هەر لەو سەردەمەدا (ڕەووف بێگەرد) خۆی لە کتێبی (دەنگێکی تاک)ی (فرانک ئۆکۆنۆر) دەدات و ناوەرۆکەکەی دەخاتە بەر دەستی خوێنەر. من خۆم دواتر ئەو دوو کتێبە لە پاڵ کۆمەڵێکی تردا، کە کراونەتە عەرەبی، پەیدا دەکەم و دەیانخوێنمەوە. ئەوانە بە شێوەیەک لە شێوەکان باس لە ڕەگەزی (کات) دەکەن. لە کتێبی (منداڵێک بە دزییەوە کتێب دەخوێنێتەوە)دا هەوڵم داوە بە درێژی وەڵامی پرسیارێکی (دانا فایەق) بدەمەوە، کە لەو بارەیەوە کردوویەتی، بۆیە نامەوێت دیسان باسی ئەو سەرچاوانە بکەم، بەڵام هێندە دەڵێم ئەوانە دەروازەیەکی گەورەیان بۆ بەسەر دنیای فەلسەفەدا کردمەوە، تا لەوێدا قووڵتر بە دوای پرسیاری (کات چییە؟)دا بگەڕێم. لە گفتوگۆکانمدا گوتوومە ئەدەبی گێڕانەوە وای لێ کردووم فەلسەفە، سایکۆلۆجیا، سۆسیۆلۆجیا، زمانناسی، ئابووریناسی و هیی دیکە بخوێنمەوە، کە ئەوانە پاڵپشتی گەورەی نووسینن. پرسیاری (کات چییە؟) تەنانەت پاڵی پێوە نام بۆ فیزیا بگەڕێمەوە، ئەو زانستەی لە ڕۆژگاری خوێندندا چارەیم نەدەویست. دەمەوێت بڵێم کاتێ بمەوێت باس لەو گەشتە فکرییە بکەم، کە ئەو پرسیارە پێی کردووم و تا ئەم ساتەیش درێژەی هەیە، ناکرێت بۆچوونی ئەو ڕەخنەدۆز و فیلۆسۆفانە بە لاوە بنێم، کە لەو گەشتەمدا پێیان گەیشتووم. ڕاستییەکەیشی لای من ئەزموون بە پلەی یەکەم خوێندنەوەیە، نەوەک نووسین، بۆیە زیاتر جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە چیم خوێندووەتەوە، نەوەک چیم نووسیوە.
لە ئاستی میلـلیدا (کات) بریتییە لەو جووڵە ڕێکەی بۆ پێشەوە ئاڕاستەی گرتووە. لە ڕابردووە دەستی پێ کردووە، بەم ئێستایە گەیشتووە و بەرەو ئاییندە دەچێت، بەڵام لە ئاستی فەلسەفیدا بە یەکێک لە چەمکە ئاڵۆزەکانی بوون دادەنرێت و فیلۆسۆفان هەر لە سەرەتاوە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، بەوەی پێوەستە بە کۆمەڵێک چەمکی دیکەی وەک مەرگ، ژیان، بوون، عەدەم (نیهل: Nothingness)، بەردەوامی، ئامادە، نائامادە، یادەوەری و هیی دیکەیشەوە. من تا ئەمڕۆیش سەبارەت بە (کات) تێگەیشتنێکی ڕوونم نییە، بەڵام هەوڵەکەم بەردەوامە و دەزانم هەموو ئەوانەی خۆیان لەو چەمکە داوە، تووشی هەمان ئازار هاتوون. فەلسەفە، فیزیا و کۆسمۆلۆجی ویستوویانە بە ڕێگەی خۆیان لێی بکۆڵنەوە، کە ئەدەب سوودی لێ وەرگرتوون، بێ ئەوەی بە ئەنجامەکانیان ڕازی ببێت، بەوەی ئەدەب لۆژیکی سەربەخۆی هەیە، کە ئەو لۆژیکە هیی ناوەوەیەتی. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ وشەی کرۆنۆس (Chronos) دەزانین، کە لە سەردەمی (هۆمیرۆس)ـەوە بە (کات) گوتراوە، مانای وایە ئەو چەمکە هێزێکی گەورەی هەیە و فیلۆسۆفانی بە خۆیەوە خەریک کردووە. (کرۆنۆس) یەکێکە لە خواوەندەکانیش، کە ترسی هەیە منداڵەکانی دەست بەسەر مەملەکەتیدا بگرن، بۆیە بەردەوام دەیانخوات. خۆی دەیانهێنێتە بوون و هەر خۆیشی لە ناویان دەبات. ئەو کاریگەرییەی (کات) ڕۆژانە لە ژیانماندا دەبینین، کە بووەتە بەشێکی ئەزموونمان.
لە فەلسەفەی گریکدا لانی کەم دوو بۆچوونی دژبەیەک لەبارەی (کات)ـەوە سەر هەڵدەدەن، کە یەکەمیان (پلاتۆن) نوێنەرایەتیی دەکات و پێی وایە (کات) هاوکاتی گەردوون هاتووەتە بوون، بۆیە هەردووکیشیان پێکەوە لە ناو دەچن، لە کاتێکدا (ئەریستۆ) نوێنەری بۆچوونی دووەمە و (کات) دەخاتە پێش گێتییەوە، بگرە پێی وایە گێتی خۆی لە (کات) دروست بووە و لەناوچوونیشی نییە، مادام بە جووڵەوە بەندە.
فیزیا پێمان دەڵێت (کات) بە شوێنەوە پێوەستە. زەوی بە دەوری خۆی و خۆردا دەخولێتەوە، تا شەو، ڕۆژ، مانگ، وەرز، ساڵ و ئەوانەی تر پەیدا ببن. بەپێی تیۆریی ڕێژەییش (کات) ڕەهەندی چوارەمی شوێنە، کە سێ ڕەگەزەکەی تر درێژی، پانی و بەرزین، بەڵام فەلسەفە ئاڕاستەی تری هەن و دەیەوێت بە دوای مانای تری ئەو چەمکەدا بگەڕێت. فیزیا بایەخ بە (کاتی سروشتی)، یان (کاتی بابەتی) دەدات. ئەو (کات)ـەیە، سەرجەم گەردوون بە تێکڕای ئەوانەی تێیدان، پێیدا تێدەپەڕن، کە (نیوتن) بە سەعات، ڕۆژ و ساڵ ناوی دەبات و پێوەندی بە خەیاڵەوە نییە. کاروباری ڕۆژانەمان بەپێی ئەو شێوازەی (کات) ڕێک دەخەین، بەڵام (کات)ی ناوەوەمان شتێکی دیکەی جیاوازە، کە بە ئەزموون، بیرکردنەوە، سۆز و شتەکانی ترمانەوە پێوەستە. (کاتی سروشتی) یەک رێتمی هەیە و هەمیشە مل دەنێت، گەڕانەوەی نییە و لادان ناناسێت. ئەوەی لای فیلۆسۆف و سایکۆلۆجیستان بابەتی لێکۆڵینەوەیە، (کاتی سایکۆلۆجی)یە، کە هەر ئەوەیشە هاتووەتە ناو دنیای ئەدەب و هونەرەوە، بەڵام لە ئەدەبی کوردیدا هێشتا بوونێکی کاڵی هەیە. بە پێچەوانەوە (کاتی سروشتی) دەستی بەسەر ئەدەبی گێڕانەوەماندا گرتووە.
پرسیاری (کات چییە؟)م زۆر بە ڕوونی لای (ئۆگستین)، دروستتر لە (ددانپێدانەکان: Confessions)یدا کەوتەوە بەر چاو. ئەو پرسیارە دەورووژێنێت و پرۆبلەماتیکی وەڵامەکەیشی لە هیی پرسیارەکەی گەورەترە، کاتێ دەڵێت: (ئەگەر لێم نەپرسن، دەیزانم، بەڵام کاتێ لێم بپرسن، ناتوانم ڕوونی بکەمەوە). دەمودەستیش دەنووسێت: (بە دڵنیایییەوە دەڵێم ئەگەر هیچ شتێک تێنەپەڕێت، کاتی ڕابردوو نایەتە کایەوە. ئەگەر هیچ شتێکیش نەیەت، کاتی ئاییندە دەرناکەوێت. ئەگەر هەنووکەیش شت نەبێت، کاتی ئێستا پێک نایەت.  ئەو دوو کاتە، ڕابردوو و ئاییندە، لە چ دۆخێکدان، لە کاتێکدا هەنووکە (ڕابردوو) نییە و ئاییندە هێشتا نەهاتووە؟ خۆ ئەگەر (ئێستا) هەمیشە ئامادە بێت و بە ڕابردوودا تێنەپەڕێت، ئەودەم بە ڕاستی نابێتە کات، بەڵکوو بە نەمری دەمێنێتەوە).
پێی وایە عەقڵ ئەو سێ دۆخە ڕێک دەخات، کە لەم ڕووەوە سێ ئەرکی هەن: یادەوەری (Memory)، ئاگاداری (Attention) و پەینی، یان تەوەقوع (Anticipation). یەکەمیان ڕابردوو، دووەمیان ئێستا و سێیەمیان ئاییندەیە. ئاییندە چاوەڕێ دەکرێت بە (ئێستا)دا بڕوات، کە بەئاگاهاتنەوەی ڕابردووە، کاتێ بیر دەکەوێتەوە. بە مانایەکی دیکە، هەرسێکیان ئامادەن، (ئامادەییی ڕابردوو)، کە بە بیرمان دێتەوە، (ئامادەییی ئێستا)، کە سەرنجی دەدەین و (ئامادەییی ئاییندە)، کە چاوەڕێین و پێشبینیی دەکەین. پێی وایە لێرەدا دوو شت بە زەقی دیارن، کە یەکەمیان (هۆشیاری) و دووەمیان گۆڕانی ئەو هۆشیارییەیە، کە پێی دەگوترێت (کات). هەر لێرەدا زیاتر پێ لەسەر یادەوەری دادەگرێت، کە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی لەوەدا کورت دەبووە، گوایە یادەوەری تەنیا شتی کاتی و تێپەڕ لە خۆی دەگرێت، ئەو گوتی ئەوانەیش دەگرێتەوە، درێژە بە بوونیان دەدەن، بەو مانایەی ئەگەرچی بابەتی بەبیرهاتنەوە هیی ڕابردووە، بەڵام ئەرکی یادەوەرییە (ڕابردوو) بکاتە (ئێستا). واتە لە نائامادەوە بۆ ئامادەی بگۆڕێت، کە بەم شێوەیە ڕۆڵی گەورە لە هەست و نەستی مرۆڤدا دەبینێت. لەبەر ئەوەیشە (کات) بە دەروونەوە پێوەست دەکات و پێی وایە هەر لەوێیشەوە بەردەوامی وەردەگرێت. نموونەیەک دەهێنێتەوە: ئەو ژنەی درهەمێکی گوم کردووە و بە چرایەکەوە بۆی دەگەڕێت، ئەگەر بە بیری نەیەتەوە، نایدۆزێتەوە. ئەگەر دۆزییەوە و بیری نەکەوتەوە، نایناسێتەوە. واتە کاتێ شتەکان ون دەکەین، وێنەیان لە خەیاڵماندا هەر دەمێنێت، بۆیە هێشتا لێیان دەگەڕێین. کاتێ دەیاندۆزینەوە، بە هۆی ئەو وێنانەوە دەیانناسینەوە. ئەو تێگەیشتنەی (ئۆگستین) لە ئەدەبدا بایەخی گەورەی هەیە. ئەگەر کاتی حیکایەت (ڕابردوو)ـە، ئەوە کاتی گێڕانەوە (ئێستا)یە و ڕووی لە ئاییندەیە. لە قۆناغی یەکەمی زانکۆمدا ئەو کتێبەم دەست کەوت. دوای دەوام لەگەڵ هاوڕێانمدا یەکسەر دەچوومە ئەو شوێنەی کتێبی کۆنیان لێ دەفرۆشت. ئەوەی لەم کتێبەدا بە پلەی یەکەم سەرنجی ڕاکێشام و هەر بایەخیشم بەو دا، بەشی (یادەوەری) بوو. دەتوانم بڵێم ماوەیەک خەریکی خوێندنەوەی بووم. هەر لەو سەردەمەیشدا چیرۆکی (مردن لەسەر شێوازی شیعر) دەنووسم، کە یەکێکە لە چیرۆکەکانی (سەدەی یەکەمی خەیاڵ) و یەکەمجارە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ چەمکی (کات)دا بکەم.
کاروان کاکەسوور ڕۆماننووسی کورد
لە چیرۆک و ڕۆمانی تەقلیدیدا (کات)ی دەرەوە بایەخی سەرەکی هەیە، بگرە تەنیا ئەو بایەخی هەیە و کارەکتەر هەڵدەسووڕێنێت، تا دەگاتە ئەوەی دەست بەسەر هەموو شتێکدا دەگرێت، بەڵام لە هیی نوێدا، واتە لەو تێکستانەی دەیانەوێت سێنترالیزم تێک بشکێنن، (کات)ی ناوەوە گرنگی پێ دەدرێت، بەوەی ئاڕاستەی جۆراوجۆر لە خۆی دەگرێت. (کات) لە ڕۆمانی باودا زنجیرەیییە و پشت بە هۆکار (Causation) دەبەستێت، کە ڕووداوەکان بەپێی مێژوو دوای یەکتر دەکەون، بەڵام لە ڕۆمانی نوێدا ئەوانە تێک دەشکێنرێن، چونکە (کات) کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی هەن. (مێشال بۆتۆر) لە کتێبی (توێژینەوە لە ڕۆمانی نوێدا)دا دەڵێت گرێچنی (پلۆت) لە ڕۆمانی نوێدا لەسەر پرینسیپی هۆکار دانەمەزراوە و هێڵی سروشتیی (کات) بەسەر کۆمەڵێک (کات)ی تردا کراوەیە، بەوەی نووسەر ئازادە و کۆیلە نییە، تا بەو شێوە بنووسێت، کە باوە. ئەو کتێبەیشم هەر لەو سەردەمەدا خوێندەوە و کۆمەکی باشی کردم. ئەمڕۆ بەشێکی زۆری ڕۆماننووسە دیارەکانمان بەو شێوازە باوە دەنووسن و ڕەچاوی یاسای زنجیرەیی دەکەن، چونکە جەماوەر ئاسان لێیان تێ دەگات. هۆکاری درێژیی هەندێک لەو ڕۆمانانەی، کە بۆ نموونە حەوت سەد هەشت سەد لاپەڕەن، بۆ ئەو شێوازەی گێڕانەوە دەگەڕێتەوە. واتە نووسەرانیان لە چەمکی (کات) قووڵ نەبوونەتەوە و تەکنیکەکانی دابەشکردنی دیمەن نازانن. لەم ڕووەوە بە گشتی نووسەرانی حەفتا و هەشتاکان هەم پتر بایەخیان بە چەمکی (کات) داوە و هەم لە نووسەرانی ئەمڕۆ قووڵتر نووسیویانە. خۆم چەند جارێ هەر لەسەر ئەوەی هەمان مامەڵە لەگەڵ چەمکی (کات)دا ناکەم، پەلامار دراوم، گوایە خوێنەر لێم تێناگات. هەتا ئێرە بە هەر حاڵ، بەڵام کاتێ دەگاتە ئەوەی بڵێن خۆیشم لە خۆم ناگەم، ئەمە ئەوە دەخوازێت لەو بارەیەوە بێمە دەنگ و هاتوویشم. ئەوەی ئەوان لێمی داوا دەکەن، ئەوەیە، کە پێی لە دایک بووم و ئێستایش وەک هەموو ئەوانەی تر دەیزانم، بەڵام هەوڵم داوە ئەو تێگەیشتنەم تێک بشکێنم و بیخەمە دۆخی بەردەوامییەوە. من پێم وایە چیرۆکەکان مردوون. ئەوەی زیندوویان دەکاتەوە و دەیانخاتە ئاستی بەردەوامییەوە، تێکشکاندنی بونیادی (کات)یانە. شێوازی زنجیرەیی لەو خۆڵە دەچێت، کە تەرمی پێ دادەپۆشرێت. ئەو خۆڵە هەتا ئەگەر زۆریش بێت و بگاتە ئەوەی پێی بگوترێت گرد، تەنیا یەک ئەرکی هەیە، کە تەرمی داپۆشیوە. هەموو ئەو وشانەی لە وەسفی چیرۆکی مردوودا بە کار دەهێنرێن، زیادەن، بۆیە گێڕانەوەی زنجیرەیی هەر بە سروشتی خۆی درێژدادڕە. بەگشتی نرخی بەرز بۆ چیرۆکنووسی حەفتاکان و هەشتاکان دادەنێم، کە توانییان شۆڕش بەسەر ئەو شێوازەدا بکەن، لە کاتێکدا وەک گوترا هەندێک لە ڕۆماننووسە دیارەکانی ئەمڕۆمان بۆی گەڕاونەتەوە. لە (عەبدولڵا سەڕاج)ـەوە تا (محەمەد موکری)، لە (نەجیبە ئەحمەد)ـەوە تا (ئەحلام مەنسوور)، لە (حسێن عارف)ـەوە تا (لەتیف حامید)، لە (ڕەووف بێگەرد)ـەوە تا (ڕەووف حەسەن)، لە (ئەحمەد شاکەلی)یەوە تا (ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل)، لە (حەمەفەریق حەسەن)ـەوە تا (سەڵاح شوان)، لە (دڵشاد مەریوانی)یەوە تا (شیرین ک)،لە(سەڵاح عومەر)ـەوە تا (سابیر ڕەشید)، بەپێی توانای خۆیان ڕووبەڕووی (پرسیاری کات) بوونەتەوە. هەروەها ڕۆڵی بەرچاوی (شێرزاد حەسەن) لەو سەردەمەدا ناشاردرێتەوە، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینەوە نەک هەوڵی تر نادات، بەڵکوو بۆ باوەشی شێوازە سەرەتایییەکانی گێڕانەوەیش دەگەڕێتەوە. ئایا ناتوانم چیرۆک بە شێوەی زنجیرەیی بگێڕمەوە؟ ئایا خودی چیرۆکەکە هەر لە بنەڕەتدا زنجیرەیی نییە و من تێکی دەشکێنم؟ بۆچی ناتوانم وەک خۆی بیگێڕمەوە؟ سەختیی ئەو پرۆسەسە لە کوێدایە؟ (بۆرخیس) کاتێ دەڵێت (کات ڕووبارێکە، دەمبات، بەڵام من کاتم… پڵنگێکە، هەڵمدەلووشێت، بەڵام من پڵنگم… ئاگرێکە، دەمسووتێنێت، بەڵام من ئاگرم)، مانای وایە (کات) بە هەموو شتێکەوە لکاوە و لە هەموو لایەکەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، کە دواجار ئەو (کات)ـە هەر خودی خۆیەتی. وەک چۆن ناتوانێت لە خودی ڕا بکات، بە هەمان شێوە پێی ناکرێت خۆی لە (کات)یش لا بدات.
چەمکی (کات) زۆرجار بە چەمکی (شوێن)ـەوە دەلکێنرێت، بگرە دەگاتە ئەوەی بە یەک چەمک دابنرێن. (ئیمانوێل کانت: Immanuel Kant) لە کتێبی (ڕەخنە لە عەقڵی پەتی)دا هەردووکیان دەکاتە پێشمەرجی هەموو ئەزموونێکەوە، بەوەی ناکرێت لە دنیای هەستدا هیچ شتێک و هیچ جووڵەیەک بێنینە بەر چاو، ئەگەر ئەوانە لەناو دنیای عەقڵدا درێژبوونەوەیان نەبێت، چونکە بەبێ شوێن، مەتێریەڵ بوونی نابێت. لێرەدا ئەوەمان دەست دەکەوێت، کە ئەو فیلۆسۆفە شوێن دەخاتە پێش مەتێریەڵەوە، بگرە پێی وایە شوێن لە زانینماندا پلەی یەکەمی هەیە و لە ئەزموونمانەوە نەهاتووە، بەڵکوو ئەزموونمان خۆی بەرهەمی شوێنە، بەوەی ئەو ئەزموونە پێک نایەت، ئەگەر شوێن نەبێت. کەواتە بەبێ وێناکردن(Representation)ی ئێستای شوێن لە خەیاڵدا، ناتوانین هیچ شتێکی دەرەوە بهێنینە بەر چاو. با هەموو ئەو شتانەی جەستە لە ڕەنگ، کێش، گۆشت، ئێسقان و تێکڕای ئەوانەی تر لە خۆمان دابماڵین. ئەنجامەکەی ئەوەیە جەستە نامێنێت، بەڵام هێشتا ناکرێت شوێن بسڕینەوە، بەڵکوو هەر دەبێت بیهێنینە بەر چاو، بە مەرجێ دەتوانین شوێن بەبێ شت بهێنینە بەر چاو. (کات) و (شوێن) بە دوو هێنانەبەرچاو (Imagine) دانانێت، بەڵکوو پێی وایە دوو وێنەی حەدس(Intuition)ن، بەو مانایەی لە عەقڵ و فکردا هەن، کە مرۆڤ دەتوانێت بە هۆی هەستەوە لێیان قووڵ ببێتەوە (Meditation). بە مانایەکی تر، ئەوانە ڕێگەی زانینن، نەوەک بابەتی زانین.
(هێنری بێرگسۆن) پێی وایە (کات) کێشەی سەرەکیی مێتافیزیکایە. کاتێ مرۆڤ بە ڕوونی وەڵامی (پرسیاری کات)ی دایەوە، دەتوانێت سەرجەم ئەو گرفتە وجوودییانە تێبپەڕێنێت، کە ڕووبەڕووی دەبنەوە. لێرەوە چەمکی (کات) دەکاتە گەوهەری فەلسەفەکەی و بۆ خودی مرۆڤ دەگەڕێتەوە، کە (ڕابردوو، ئێستا و ئاییندە)ی هەیە، بۆیە لایەنی سایکۆلۆجیی (کات) دەبێتە جێگەی سەرنج و ڕاڤەی ئەو و لە کاتی ماتماتیکی (Mathematical Time) جودای دەکاتەوە، کە (نیوتن) لە بواری فزیادا بایەخی پێ داوە. واتە لە دۆخی چەندایەتییەوە دەچێتە دۆخی چۆنایەتییەوە. ساتەکانی لە نوێبوونەوەدان و بە شوێنەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکوو (کات) سەربەخۆیە. ناوی بەردەوامی (Duration)، یان (مەودای کات) لەم پرۆسێسە دەنێت. (بەردەوامی) بریتییە لە بەستنەوەی نائامادە، کە ڕابردووە بە ئامادە، کە ئێستایە. بە مانایەکی دیکە، ئەوە پەرەسەندنی هەمیشەی ڕابردووە، ئاییندە دەکرۆژێت و بەرەو پێشەوە دەچێت. بەم شێوەیە ساتێکمان نییە لە ڕابردوودا نقووم نەبووبێت. لە کتێبی (پەرەسەندنی داهێنەرانە)دا دەڵێت ڕاستە ئێمە بە بەشێکی بچووکی ڕابردوو بیر دەکەینەوە، بەڵام هەر بەو (ڕابردوو)ـە هەموو کارەکانمان بە ڕێوە دەبەین. ئارەزوو و ویستمان هەر بە هێزی ئەو (ڕابردووە) هەڵدەسووڕێن. بەوەدا مرۆڤ خاوەنی هەستە، ئەو (ئێستا)یە لە ناخیدا ڕەگ دادەکوتێت. ئەو هەستەیش وا دەکات هۆشیاریی مرۆڤ لە هەڵقوڵانی بەردەوامدا بێت، کە ئەو هۆشیارییە ڕۆڵی گەورە لە تێگەیشتنی مرۆڤ دەبینێت سەبارەت بە (کات) و گەردوونەوە، پێچەوانەی (ئاینشتاین)، کە کاریگەریی دەروونی لە (کات)دا بە تەواوی بە لاوە دەنێت. پێی وایە مەحاڵە (کات) وەک فاکتێکی فیزیایی و (کات) وەک فاکتێکی سایکۆلۆجی لە یەک جودا بکرێنەوە. واتە ددان بە بوونی کاتی فەلسەفیدا نانێت، بگرە پێی وایە (کات) تەنیا یەک حەقیقەتی هەیە، بەڵام دەکرێت بە شێوەی فزیایییانە، یان بە شێوەی سایکۆلۆجی ڕاڤەی بکەین. دەگاتە ئەوەی بڵێت جوداکردنەوەی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو، وەهمێکە و کەلـلەڕقیی ئێمە پێی لەسەر دادەگرێت. (بێرگسۆن) کتێبی (مەودا و هاوکاتی: بێرگسۆن و گەردوونی ئاینشتاین Duration and Simultaneity: Bergson and the Einsteinian Universe) بۆ ڕەخنەگرتن لە (ئاینیشتاین) و تیۆریی ڕێژەیی تەرخان دەکات. بەم شێوە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت هەست تەنیا لە (کات)دا هەیە، نەوەک لە (شوێن)دا و ناکرێت وەک شتی مەتێریەڵی دابەش بکرێت. ئەو سۆز و هەڵچوونە ویژدانییانە بەردەوام هەڵدەقوڵێن، بێ ئەوەی سەرەتا و کۆتایییان هەبێت. دەگاتە ئەوەی بڵێت بەردەوامی سەرچاوەی هەموو شتێکی مەتێریەڵییە. بەوەدا هەستەکانیش پێوەندییان پێکەوە هەیە، مانای وایە لە دۆخی بەردەوامیدان و کار لە یەک دەکەن، بۆیە بەردەوامی و (کات) هاوواتان. لەناو ئەو پێوەندییە نەپچڕاوەدا (کات) بۆ ڕابردوو، ئێستا و ئاییندە دابەش نابێت. هیچ سات و بەشێکی پچڕاو نییە، بەڵکوو هەموویان پێکەوەن و دەڕژێنە ناو یەکترەوە. بەم شێوەیە کاتی سایکۆلۆجی تەواو لە کاتی ماتماتیکی جیاوازە و ئەزموونی ژیانی مرۆڤە، کە لەسەر هەست و حەدس دامەزراوە. بەکورتی هەست جووڵەیەکی زیندووە و لە ڕێی دەروونکەژی(Introspection)یەوە دەزانرێت. (بێرگسۆن) ئەم بیرۆکەیە بە چەمکی (ئازادی)یەوە دەبەستێتەوە، بەوەی ئازادی کردارێکی ئۆتۆماتیکییانەیە و هەڵقوڵاوی خودە. مرۆڤ ئازادیی ئەوەی هەیە ڕابردوو بگەڕێنێتەوە، کە وەک گوترا ئەو کاتانە هەموویان لەناو ئەو پێوەندییە نەپچڕاو و بەردەوامەدا پێکەوەن. کەواتە (بەردەوامی) هەر خۆی (ئازادی)یە، مادام مرۆڤ دەتوانیت ئازادانە بە ناو ڕابردوو، ئێستا و ئاییندەدا بگەڕێت. لە بەشی پێنجەمی کتێبی (وزەی ڕۆحی، یان وزه‌- ڕۆحی:  Mind–energy)دا، کە لەژێر ناونیشانی (یادەوەریی ئێستا و پێزانینی ساختە:Memory of the present and false recognition)‌دا نووسیویەتی، (یادەوەری) بە هاوواتای (هۆشیاری) دەزانێت‌، چونکە پێی وایە بەبێ یەکەمیان، بوونی دووەمیان مەحاڵە. {وشه‌ی (Mind) له‌ به‌رانبه‌ر (ئه‌قڵ)، یان (هۆش)ی کوردیدایه‌، به‌ڵام پێم وایه‌ وه‌رگێڕانی وشه‌ی (spirituelle)ی فرانسی بۆ کوردی له‌ (Mind) گونجاوتره‌، که‌ مانای (ڕۆحی) ده‌گه‌یه‌نێت و هه‌ر ئه‌وه‌یشه‌ مه‌به‌ستی (بێرگسۆن)}. لێرەدا دوو جۆر یادەوەری لە یەکدی جودا دەکاتەوە، یادەوەریی عادەتی (Habits memory) و یادەوەریی ڕووت، یان یادەوەریی بێگەرد (Pure memory). یەکەمیان، پێوەندی بە سیستەمی دەمارەوە هەیە، کە بە شێوەی میکانیکی ڕابردوو لە ڕێگەی دووبارەکردنەوەی هەڵسوکەوتەکانەوە دەگەڕێنێتەوە. بە هۆیەوە شیعر، داستان و شتی لەم بابەتە لە بەر دەکەین، بەڵام دووەمیان، دەروونییە و لە ناوەوە ڕوو دەدات، بەوەی خاوەنی خەسڵەتی بەردەوامییە و لەگەڵ زانینی جەستەیی(Bodily perception)دا هاوشانە، کە شتەکان و مێژوویشیان دەپارێزێت و دەیانخاتە دۆخی بەردەوامییەوە. (ویلیام کلی ڕایت) لە کتێبی (مێژووی فەلسەفەی مۆدێرن)دا بەشێک بۆ (بێرگسۆن) تەرخان دەکات و دەڵێت ژیانمان لە کاتی ناشوێندا ئازادە و نەبەستراوەتەوە، بەوەی واقیع لە دۆخی بەردەوام و بەردەوامیدایە. واتە بە کاتەوە پێوەستە.
وەک گوتم هەندێجار بەوە تۆمەتبار دەکرێم، گوایە (کات) تێک دەشکێنم و سەر لە خوێنەر دەشێوێنم. ڕاستییەکەی لای من ئەمە پراکتیزەی ئازادییە. کارەکتەرم خاوەنی یادەوەرییەکی ئازادە، کە (بێرگسۆن) هۆکاری ئەو ئازادییە بۆ ئەو بەردەوامییە دەگەڕێنێتەوە، بەوەی یادەوەری دۆخێکی دەروونییە، نەوەک مەتێریەڵی، کە (کات) سەرجەم ڕەهەندەکانی بوونی مرۆڤی تێدان. هەر لێرەدا پێ لەسەر چەمکی هێنانەبەرچاو (Imagination) دادەگرێت، کە لەو ڕێگەیەوە مرۆڤ دەتوانێت بچێتە قووڵاییی شتە مەتێریەڵەکانەوە. ئیماگینەیشن دوو ئاڕاستەی هەن: یەکەمیان، گەڕاندنەوەی وێنەی کۆنی ژیانی لە ڕێی بەبیرهێنانەوە. دووەم، داهێنانی وێنەیەکی تر، کە ئەرک و مانای دیکەی هەبن. ئەمەی دووەمیان هەر ئەوەیە ئێمەی نووسەر پەنای بۆ دەبەین، کاتێ دەمانەوێت وێنەی جیاواز دابهێنین و دابڕانێک لەنێوان ئەمە و ئەوەی هەتا ئێستا هەبووە، بهێنینە کایەوە. لە کتێبی (پەرەسەندنی داهێنەرانە)دا دەڵێت عەقڵی مرۆڤ لە زانینی سروشتی حەقیقەتی ژیان و مانای قووڵی جووڵەی پەرەسەندن دەستەوستانە، چونکە ئەو عەقڵە خۆی بەشێکە لەو ژیانەی، ژین لە دۆخێکی دیاریکراودا بۆ کارێکی دیاریکراو دروستی کردووە، بۆیە ناکرێت ئەو گوتانەی لەبارەی ژیانەوە هەن، لەسەر ژیاندا جێبەجێ ببن. بە مانایەکی دی، عەقڵی مرۆڤ بەرهەمی بەریککەوتنیەتی لەگەڵ مەتێریەڵدا و شێوەیەکە لە شێوەکانی ئەو مەتێریەڵە. عەقڵ ناگاتە قووڵاییی شتەکان، بەڵکوو لەسەر ڕووی ئەو شتانەدا دەمێنێتەوە، واتە لە ڕووکار(Phenomenon)دا دەوەستێت و ناگاتە ناوەوە (Noumenon)، کە هەردوو چەمکەکە لە (کانت: Kant)ی فیلۆسۆفەوە هاتوون، بەڵام لێرەدا شتێک هەیە بە ناوی پەرەسەندن، کە بەردەوام پاشماوە جێ دەهێڵێت. بەم شێوەیە عەقڵ بە چەو دەچووێنێت، شەپۆلی دەریا هەڵیگرتبێت. وەک چۆن چەو ناتوانێت نیگاری شەپۆل بکێشێت، ئاوا عەقڵیش ناتوانێت نیگاری ژیان بکێشێت. ئەگەر وایە، چۆن دەتوانین تێگەیشتنێکی قووڵ و تەواومان لەبارەی ئەو شتانەوە هەبێت؟ ئەمە بەسەرماندا دەسەپێنێت بۆ ناوەوەی خۆمان ڕۆ بچین و لەوێوە بۆ دەرەوە بڕوانین. ڕەخنەگری ئێمە (بێگومان و هەمیشە مەبەستم ڕەخنەگری میلـلییە) هەندێک گوتەی ئامادە کردوون و دەیەوێت تێکستیان پێ بخوێنێتەوە. هەر کاتێ ئەو تێکستە لەگەڵ ئەو گوتە ساکارانەدا نەهاتەوە، بە لاوەیان دەنێت و نووسەرەکانیان دەشکێنێت، لە بەرانبەردا هەموو ئەو تێکستە سادانەی لەگەڵ ئەو گوتانەیەدا دێنەوە، بە داهێنان دەزانێت.
(بێرگسۆن) پێی وایە زمان دەستەوستانە لە دەربڕینی ناوەوەمان بە شێوەیەکی تەواو، چونکوو وەک گوترا ناوەوەمان لە جووڵەی بەردەوامدایە و بە شێوەی نەپساوە ڕێ دەکات. کاتێ زمان دەیەوێت لەبارەی ئەو جیهانەوە بزانێت و بیگەیەنێت، تێکی دەدات و لە جووڵەی دەخات، بگرە بۆ شتێکی چەسپاو و بێگیانی دەگۆڕێت. وەک گوترا دۆخەکانی ڕابردوو، ئێستا و ئاییندە لە یەک جودا ناکرێنەوە، لە کاتێکدا نووسین دابەشیان دەکات. ڕەخنەگر دەیەوێت هەموو شتێکی بە ڕوونی بێتە بەر دەست، تا بە ئاسانی بەپێی پێوەری (چاکە و خراپە) بڵێت چاکە، یان خراپە.لە (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەلۆگێکی بەردەوام)دا باسی ئەوەم کردووە، کە (پەرەسەندنی داهێنەرانە)یشم هەر لە قۆناغی یەکەمی زانکۆدا دەست کەوت و خوێندەوە.
هێنری بێرگسۆن (١٨٥٩-١٩٤١) فەیلەسووفی فەرەنسی
(بێرگسۆن) بە شێوەیەک بایەخی بە (کات) داوە و لەم ڕووەوە بەرهەمەکانی بە ئەندازەیەک گرنگن، لە خۆم دەپرسم ئایا تۆ بڵێی نووسەر، بە تایبەتی ڕۆماننووس بتوانێت نووسینەکانی پشتگوێ بخات؟ لە گوتاری {نووسه‌ری گوتاری (یاده‌وه‌ری به‌ ته‌نیشت رۆمانه‌وه‌) چۆن له‌ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ گه‌یشتووه‌؟}دا و لەو گفتوگۆیەی هاوڕێی منداڵیم (د. شوان سلێمان) بە ناوی (چۆن بۆ ڕزگاری دەگەڕێمەوە) لەگەڵیدا کردووم، چەمکی یادەوەریم لە ڕوانگەی ئەو فیلۆسۆفەوە لێک داوەتەوە، کە پێم وایە ئەو چەمکە بۆ ڕۆماننووس بایەخی زۆری هەیە، بەوەی (یادەوەری) چەمکێکی بنەڕەتییە لە نووسینی ڕۆماندا.
بەگشتی فیلۆسۆفان بایەخی گەورەیان بە چەمکی (یادەوەری) داوە، کە بەشێکە لە پێکهاتەی (کات). (باشلار) لە (دیالێکتی کاتدا)دا پێی وایە بە هۆی یادەوەریی ئاکتیڤەوە کاتی ڕابردوو دەبێتە گەوهەری ئێستا. هەر بە هۆی ئەو یادەوەرییەوە ڕابردوو خۆی دەخزێنێتە ناو کاتی ئێستا، بەڵام ئەم ئێستایە بە مەتێریەڵی ئەو یادەوەرییە کۆمەکمان دەکات و ناتوانێت چوارچێوەکەیمان بۆ بهێنێتەوە، تا بیوەستێنین، یان ڕێکی بخەین.
بایەخدانی (فرۆید) بە نەست بایەخدانیەتی بە چەمکی کات، بەوەی ڕابردوو خاوەنی قورسایییەکی گەورەیە، بە تایبەتی قۆناغی منداڵی، کە ڕۆڵی بەرچاوی لە پێکهێنانی کەسایەتیدا هەیە. کەواتە هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەمان، تەنانەت خەونەکانیشمان پێشتر لەلایەن هێزێکی نەبینراوی ناوەوەمان بڕیاریان لەسەر دراوە، کە هێزێکی دوورەدەست(Inaccessible)ـە.
بەوە تۆمەتبار دەکرێم، گوایە زۆر جەخت لەسەر ڕابردوو دەکەمەوە، کە پێم وایە ئەو تێگەیشتنە زۆر ڕووکەشە، بەوەی ڕابردوو لە فەلسەفە و سایکۆلۆجیادا هەمان ئەو مانا میلـلییەی نییە، ئەوانە ناسیویانە. ئەوەتە دەبینین لای ئەو فیلۆسۆف و سایکۆلۆجیستانە مانایەکی دیکەی تەواو جیاوازی هەیە.
(نیتشە) لە (زەردەشت ئاوا دوا)دا دەڵێت هەر ئاڕاستەیەک مێژوو لەسەر هێڵێکی ڕاست ببینێت، گوایە کۆتاییی حەقیقەتە، درۆزنانەیە، چونکە (کات) خۆی بازنەیییە. نە سەرەتای هەیە و نە کۆتایی. (نیتشە) بۆ ڕووبەڕووبوونەی پرسیاری (کات چییە؟) پەنا بۆ چەمکی (گەڕانەوەی هەمیشەیی: Eternal Return) دەبات، کە پێشتر لە ئەفسانەکانی هیندی و یۆنانیدا ناوی هاتووە. (هاینریش هاینیە)ی شاعیریش خۆی لێ داوە، کە (نیتشە) پێی سەرسامە. پوختەی بیرۆکەکە لەسەر ئەو تێگەیشتنە دامەزراوە، کە سەرجەم گەردوون بە گیانلەبەر و بێگیانەوە دوای مردن و لەناوچوونیان، زیندوو دەبنەوە و دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەو پرۆسێسە وەستانی نییە، بەڵکوو بەردەوامی وەردەگرێت، کە دەبێتە هۆی پێکگەیشتنی ڕابردوو و ئاییندە لە (ئێستا)دا. ئەو بیرۆکەیە بە چەمکی (شادی)یەوە دەبەستێتەوە، بەوەی شادی نایەوێت کۆتاییی بێت، بەڵکوو پێی خۆشە ببێتە ئەبەدی، کە هەموو ئازارەکانیش هەر شادین. لە (زەردەشت ئاوا دوا)دا دەڵێت: {ئێوە ئەی مرۆڤە باڵاکان (Higher Men) ئەوە فێر ببن، کە شادی دەخوازێت هەموو شتێک نەمر بێت!}. لووتکەی ئەو شاخەی جەستەی (زەردەشت)ی هەمیشە دڵخۆش لە خۆی دەگرێت، بۆ ئەو ڕوانینە گونجاوە، تا هەرسێ دۆخی (کات) پێکەوە و لە (ئێستا)دا ببینێت. ئەم بیرۆکەیە هەر لە سەرەتاوە کۆمەکی منی کردووە، تا دۆخەکانی (کات) بکەمە یەک. سەرەتا لە چیرۆکی (خێو)دا ڕەنگی داوەتەوە، کە لە قۆناغی یەکەمی زانکۆ و لە ماڵی قوتابییاندا نووسیومە و دواتر بە سەرتاپێی ئەزموونمدا تێپەڕیوە.
لە (زانستی هۆژی: The Gay Science)دا دەڵێت: {چی دەبێت ئەگەر شەوێک، یان ڕۆژێک تەینایت و خێوێک لە دواوە پێت بڵێت ئەو ژیانەت دیسان بە شێوەی هەتاهەتایە دەگەڕێتەوە، بێ ئەوەی شتی نوێ لە خۆی بگرێت، بەڵکوو هەموو ئازار، شادی، چێژ، بیرۆکە، بگرە ورد و درشتی تەمەنت بە هەمان شێوازی زنجیرەیی و ڕیزبەندی (succession and sequence) دووبارە دەبێتەوە، هەمان شت سەبارەت بە تەونی جاڵجاڵۆکە، تریفەی مانگی نێو درەختان، ئەم ساتە و خودی منیش. کاتژمێری بوونی ئەبەدی سەراوژێر دەبێت و هەموو ساتەکان دەگەڕێنێتەوە، تۆیش وەک دەنکێ چەو لەگەڵیدا؟  ئایا خۆت بە زەویدا دەکێشیت و ددانت بە جیڕەوە دەبەیت، تا ئەو خێوە بە نەفرەت بکەیت؟ یان بە دڵی خۆشەوە وەڵامی دەدەیتەوە و دەڵێیت تۆ خواوەندیت و من لە شتی خواوەندانە پترم نەبیستووە؟}… پێی وایە جۆری وەڵامەکەت ئەوە دیاری دەکات، ئاخۆ لاوازیت، یان بەهێز. لاواز بە دڵی تەنگەوە داواکە دەداتە دواوە و بەهێز بە دڵی خۆشەوە وەریدەگرێت.  لێرەدایە دەربڕینە لاتینییەکە بۆ (گەڕانەوەی هەمیشەیی) بە کار دەهێنێت (Amor Fati)، واتە (چارەنووستت خۆش بوێ: Love Your Fate). ئەوە بەو مانایە نییە پێی ڕازی ببین و خۆمانی بە دەستەوە بدەین، بەڵکوو بۆ ئەوەیە ڕووبەڕووی ببینەوە. کەواتە نەمری (Immortality) بریتییە لە دووبارەبوونەوەی بەردەوام و بێپسانەوەی (کات)، تا هەمیشە و سەرلەنوێ دەست پێ بکاتەوە.
لە خوێندنەوەی (نیتشە)وە فێری ئەوە بووم لە ساتە کورتەکاندا مانای گەورە ببینم، بەوەی ئەو ساتانە بەپێی کۆنسێپتی (گەڕانەوەی هەمیشەیی) بێسنوورن، نە سەرەتایان هەیە و نە کۆتایی. ئەو ساتانە وردەکاریی زۆر لە خۆیان دەگرن، بۆیە ناکرێت بە چاوی مرۆڤی ئاسایی لێیان بڕوانم. ساتە خەمناکەکانیش وەک ساتە شادەکان چێژبەخشن، کە ژیان لە هەردووکیان پێک دێت. ئەگەر میوزیک تەنیا لە شادی، یان تەنیا لە خەم پێک بێت، جگە لە بێزاری هیچی دیکەمان بۆ ناهێنێت. لە پارچەی پەنجاوشەشی کتێبی (ئەودیوی چاکە و خراپە)دا دەنووسێت: (نموونەی باڵای مرۆڤی زۆرشاد و قاڵبووی ژیان، ئەوەیە، کە بە شانازییەوە دەڵێتە ژیان: بەڵێ).
(مێشال بۆتۆر) لە کتێبی (توێژینەوە لە ڕۆمانی نوێدا)دا دەڵێت پلۆت لە ڕۆمانی نوێدا لەسەر پرینسیپی هۆکار دانەمەزراوە و هێڵی سروشتیی (کات) بەسەر کۆمەڵێک (کات)ی تردا کراوەیە، بەوەی نووسەر ئازادە و کۆیلە نییە، تا بەو شێوە بنووسێت، کە باوە.
هەمیشە گوتوومە یەک چیرۆکم نییە لە خاڵێکی دیاریکراوەوە دەست پێ بکات و بگاتە خاڵێکی دیاریکراو. هیچ کارەکتەرێکم نییە سەرەتای ژیان و کۆتاییی ژیانی دیار بێت، بۆیە تۆمەتبار دەکرێم، بەوەی لە بەرهەمەکانمدا پەیامم نییە. ئایا دەکرێت لەناو ئەو کاتە ئەبەدییەدا تۆ لە شوێنێکدا بوەستیت و پەیام بگەیەنیت؟ پەیام واتە کۆتایی. ئەوە ئەدەبی تەقلیدییە پەیامی پێیە. لە دەوروبەری خۆمدا دیومە هەرزەکارەکان لە ماوەیەکی کورتدا ڕۆمانیان خوێندووەتەوە، کە لە حەوت سەد لاپەڕە پێک هاتووە و توانیویانە وەک خۆی بیگێڕنەوە، چونکە لەسەر یەک بیرۆکە دامەزراوە، لە خاڵێکی دیاریکراوەوە دەستی پێ کردووە، بەسەر یەک هێڵی ڕاستدا ڕۆیشتووە و گەیشتووەتە خاڵێکی دیاریکراویش. کەواتە پەیامەکەیشی ڕوونە. نەک لە ڕۆمانەکانم، بەڵکوو لە چیرۆکەکانیشمدا نە هێڵی ڕاست هەیە و نە پەیامیش. (نیتشە) یاسای هۆکار (The law of causation) بە لاوە دەنێت، کە هەڵبژاردەی مرۆڤ هەڵدەسووڕێنێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە بەهای یەکلاکەرەوەی هەر کردارێک لەوەدایە، نەویست (Involuntary) بێت، بۆیە وەک گوترا دەڵێت چارەنووستت خۆش بوێت، چونکە هەر ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە وات لێ دەکات هەموو (کات) بە جارێ ببینیت. پێشتریش بینیمان چۆن (مێشال بۆتۆر) لە کتێبی (توێژینەوە لە ڕۆمانی نوێدا)دا دەڵێت پلۆت لە ڕۆمانی نوێدا لەسەر پرینسیپی هۆکار دانەمەزراوە و هێڵی سروشتیی (کات) بەسەر کۆمەڵێک (کات)ی تردا کراوەیە، بەوەی نووسەر ئازادە و کۆیلە نییە، تا بەو شێوە بنووسێت، کە باوە. لێرەدا جارێکی تر دەڵێم ڕەخنەگری میلـلی کاتێ من بەوە تۆمەتبار دەکات، گوایە ناتوانم بنووسم، ئەگەر بۆ ڕابردوو نەگەڕێمەوە، ئەوە ڕابردوو خۆی ئێستایە. ڕابردوو ئەوە نییە، کە ئەو لە ئاستی میلـلییەوە هێناویەتی و توند دەستەکانی پێوە گرتوون. بەوە تۆمەتبار کراوم، گوایە لە چیرۆکەکانمدا هۆکار نییە، لە کاتێکدا ئەوەتە (نیتشە) بەو شێوەیە لەو بابەتە دەڕوانێت. مەبەستم ئەوەیە لە فەلسەفەدا (دۆخەکانی کات) مانای تریان هەیە و دەکرێت بێژمار مانای تریشیان تێدا بدۆزینەوە. ڕووبەڕووبوونەوەی من لەگەڵ ڕەخنەی میلـلیدا چ لە بواری (کات) و چ لە بوارەکانی تردا، ڕووبەڕووبوونەی فەلسەفەیە لەگەڵ تێگەیشتنی باوی ڕۆژانەدا. ئەو تێگەیشتنە هەر شتێک دەداتە دواوە، کە جێی هێشتووە و دنیای سەربەخۆی دامەزارندووە. (نیتشە) لەسەر زمانی (زەردەشت)دا دەڵێت: (ڕۆژگارێک کرم بوویت و هێشتا لە ناوەوەتدا کرم بەرجەستەیە. وەک چۆن کرم وێنەیەکی سەرەتایییانەی مرۆڤی ئەمڕۆیە، مرۆڤی ئەمڕۆیش وێنەیەکی سەرەتایییانەی مرۆڤی باڵایە). ڕەخنەگری میلـلی لەو شوێنەوە لێت دەڕوانێت، کە تۆ دەمێکە جێت هێشتووە و لە بەرزاییدا دنیای دیکەت دامەزراندووە. هەر ئەو ڕەخنەگرە بەوانە سەرسامە، کە لە دەوروبەرین و هەمان ئاستی ئەویان هەیە. ئایا هیچ کاتێ ئەوە ساردی کردوومەتەوە؟ نەخێر، بەڵکوو بەشێکی گەورە و زیندووی ئەزموونم لەمە پێک هاتووە.
(کات) بازنەیییە و هەموو کاتەکان هاوکاتی یەکترن. پێوەندیی (کات) و (بوون) ئەبەدییە و بەردەوام ئەمیان جێگەی ئەویان دەگرێتەوە.
(هایدیگەر)یش لە کتێبی (بوون و کات)دا وا لە (کات) دەڕوانێت، کە بێسنوورە، بەو مانایەی ئەو (بوون)ـەیە، لە سەرجەم (هەبوون)ی مرۆڤایەتیدا هەیە. دەکرێت بگوترێت (کات) لە بێژمار (ساتی ئێستا) پێک هاتووە. بەردەوام ئەمیان دەڕوات و ئەویان دێت. پێی وایە سێ دۆخەکەی (کات) پێکەوەن و جودا ناکرێنەوە. واتە ئاسۆیەکی ترانسدێنتەڵ (بەرزگەرایی: Transcendental)ـە، کە لێیەوە لە پرسیار لەبارەی بوونەوە دەڕوانین. لە دوا لێکچەریدا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە مەبەست دەستنیشانکردنی (کات) نییە وەک بوونەوەرێک یان یەکێکی تر، بەڵکوو بە مانایەکی تر، گۆڕینی پرسیاری (کات چییە؟)یە بۆ (کات کێیە؟) و پێی وایە ئەمە ئەو ڕێگەیەیە، کە دەکرێت بە شێوەی زەمەنی باس لە زەمەن بکەین. بەم شێوەیە (کات) و کاتێتی (Temporality) دەکەونە لێکدانەوەی (دازاین DASEIN). دازاین بەشێکە لە دیاردەکانی بوون. لە فەرهەنگدا بە مانای (شوێنی بوون) دێت، بەڵام لای ئەو دەبێتە (بوون _ لەوێ:Being – there). بوونەوەرێکە، (بوون)ی خۆیی لێ بووەتە جێگەی بایەخ، بۆیە لە پێش هەموو شتێکەوە هەیە و هەر دەیشبێت هەبێت. مەبەست لە (کاتێتی) ئەوەیە، ئێمە لەگەڵ کاتدا یەکمان گرتووە، بگرە بووەتە هەستمان و بە شێوەی ڕەسەن و هۆشیار تێیدا دەژین. بەم جۆرە (دازاین) بریتییە لە گۆڕینی پرسیاری (مرۆڤ چییە؟) بۆ (مرۆڤ کێیە؟)، بۆیە پێی وایە (دازاین) لە خودی مرۆڤ ڕەسەنترە. شوێنیش ڕەهەندێکە لە ڕەهەندەکانی (دازاین)، کە تێیدا (کات) بەردەوامی و دووبارەکردنەوەی هەمیشەییی خۆی درێژە پێ دەدات. (ئێستا) لەناو (دازاین)دا بە جارێ خۆی بۆ (ڕابردوو) و (داهاتوو) دەکاتەوە. بەم شێوەیە (کات) بازنەیییە و هەموو کاتەکان هاوکاتی یەکترن. پێوەندیی (کات) و (بوون) ئەبەدییە و بەردەوام ئەمیان جێگەی ئەویان دەگرێتەوە. دەگەینە ئەوەی بڵێین لای ئەو فیلۆسۆفە (کات) هەمیشە بە (بوون)ـەوە لکاوە. بیر لە هەر یەکێکیان بکەینەوە، وەک ئەوە وایە بیرمان لەوەی دیکەیشیان کردبێتەوە، کە (بوون) هەر لە سەرەتای فکری فەلسەفییەوە وەک هاوواتای (ئامادە)یە. ئامادەیش دەکەوێتە ئاسۆی (ئێستا)ـەوە و بە دەنگی ئەو دەدوێت. بەپێی ڕوانینی باو (ئێستا) ڕەهەندێکە لە سێ ڕەهەندەکە، کە بەو بیرکردنەوەیەمانەوە چەسپ بووە، لەبارەی کاتەوە هەمانە، ڕێ دەبڕێت و ناگەڕێتەوە. واتە لە (ڕابردوو)ـەوە بۆ (ئێستا) و لە (ئێستا)وە بۆ (ئاییندە). لە خەیاڵماندا (ڕابردوو) بوونی نییە و (ئاییندە)یش هێشتا نەهاتووە. ئەوەی (هایدیگەر) بە پلەی یەکەم بایەخی پێ دەدات، کاتی دەرەکی، یان کاتی ڕیالیستی نییە، کە ڕووداو و بەسەرهاتەکان لە خۆی دەگرێت، بەڵکوو کاتی (بوون: Being)ـە. واتە ئەو کاتانە نییە، کە بەردەوام بە دوای یەکدا دێن، بەڵکوو کاتێکە، ڕەهەندەکانی تێکەڵی یەک دەبن. وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، بە دازاین ناسراوە. بە مانایەکی تر، (کات) ئەوەیە، کە نەهاتووە. بەم شێوەیە دەستبەرداری ئەو بۆچوونە ڕۆژانەیییە (Vulgar) دەبێت، بگرە بە تەواوی بە لاوەی دەنێت، کە (کات) بۆ ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو دابەش دەکات، بەوەی ئەمەیان لەسەر جیاکردنەوەی میتافیزیکییانەی نێوان خود و بابەت دامەزراوە، کە ناوەرۆکێکی کرۆنۆلۆژییانەی هەیە و تەنیا بە یەک ئاڕاستەدا دەڕوات. بە بڕوای ئەو (ڕابردوو) بوونی نییە، بەڵکوو زەمەن لە (ئێستا)دا دەست پێ دەکات و هەموو ڕەهەندەکانی زەمەنیش لەوێوە سەر هەڵدەدەن. ئیتر (داهاتوو) بریتی نییە لەو کاتەی دەکەوێتە دوای (ئێستا)، وەک چۆن (ڕابردوو)یش ئەو کاتە نییە، کە لێی تێ پەڕیوین. ئایا ئەم پرۆسێسە بە ئاسانی دەچێتە پێشەوە؟ بە مانایەکی دی، شتێک هەیە هەڕەشە لەو پێوەندییەی نێوان (کات) و (بوون) بکات؟ بەڵێ، مەرگ نوێنەری سەرەکیی ئەو هەڕەشەیەیە، بگرە خودی هەڕەشەکەیە. (هایدیگەر) وەک چۆن دەپرسێت:(کات چییە؟)، بە هەمان شێوە دەیشپرسێت: (مەرگ چییە؟)…مەرگ، ئەوەیە، کە هێشتا نەهاتووە. واتە (ئاییندە)یە. ناوی لە یادەوەریی (کات)دا تۆمار کراوە. مەرگ کۆتاییی دنیایە، ئەو کۆتایییەیە، کە سەر بە بوونە، هەموو بوونیش دەستنیشان و پێناسە دەکات. بەم شێوەیە مەرگ نیهل (عەدەم: Nothingness)ـە. بەوەدا (کات) بازنەیییە و هەموو کاتەکان هاوکاتی یەکترن، ئەوە مردن مانای دەرچوون نییە لە دنیا، بەڵکوو لەدەستدانی (بوون)ـە لە دنیا. پرسیاری (هایدیگەر) نابڕێتەوە، بۆیە (نیهل)یش دەگرێتەوە. نیهل چییە؟ ڕاستییەکەی نە وەک هەبوون خۆی دەردەخات و نە وەک بابەتیش، بەڵکوو لە ڕێگەی (نیگەرانی)یەوە دەردەکەوێت، بگرە لەناو (نیگەرانی)دا خۆی دەنوێنێت. نیهل هەمیشە پرسیاری (هایدیگەر) بووە، بەوەی وەک لە (مێتافیزیک چییە؟)دا پێی وایە پرسیارێکە، زانست نایەوێت خۆیی لێ نزیک بکاتەوە، بگرە بە لاوەی دەنێت، بەڵام لە ڕێگەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێوە هەستی پێ دەکرێت. بەوەدا بوونی ئێمە یەکگرتووە و دابەش نابێت، ئەوە نیهلیش یەکپارچەیە و دوورە لە بەشبوون. سەرچاوەی نامۆبوونیشمانە، چونکە دازاین تەنیا لەناو نیهلدا دەتوانێت پێوەندی بە بوونەوە بکات و هەر لەوێیشدا پێوەندییەکەی دەپارێزێت.هەر ئەوەیە (کات) دەخاتە (ئاییندە). وەک گوترا لە ئێستاوە دەست پێ دەکات و بەردەوام مل دەنێت. بیرۆکەکە لەسەر ژیان و نیهل دامەزراوە، بەڵام دڵەڕاوکێ و نامۆییش دەکەونە ناوەڕاستی هەردووکیانەوە. لەو نێوەدا دڵەڕاوکێی وجوودی (Existential Anxiety) سەر هەڵدەدات، کە لە ڕێگەیەوە تاک دەیەوێت مانای مەرگ بدۆزێتەوە. بە واتایەکی تر، ترسە لە مردن، کە دەیکاتە بوونەوەرێکی نامۆ، مادام نیهل پێوەندیی نێوان واقیعی ئەو بوونەوەرە و (بوون) پێک دەهێنێت.
مارتن هایدێگەر (١٨٨٩-١٩٧٦) فەیلەسووفی ئەڵمانی
(هایدیگەر) ئەم تێگەیشتنەی هێناوەتە ناو ئەدەب و هونەریشەوە. ئەمە لە کتێبی (سەرچاوەی کاری هونەری)دا بە وردی دەبینین، کە من لە کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی دایەلۆگێکی بەردەوام)دا پشتم پێ بەستووە. وەک نووسەرێکی ئەدەبی گێڕانەوە ڕوانینی ئەو فیلۆسۆفە کۆمەکی گەورەی کردووم. گوتمان ئەو بە پلەی یەکەم بایەخ بە کاتی (بوون: Being) دەدات، نەوەک کاتی دەرەکی، یان کاتی ڕیالیستی. (کاتی بوون)یش ئەو کاتانە نییە، کە بەردەوام بە دوای یەکدا دێن، بەڵکوو کاتێکە ڕەهەندەکانی تێکەڵی یەک دەبن. لە خۆم ڕادەبینم بڵێم بایەخی منیش هەر بەو کاتەی ناوەوە بووە.
بەگشتی کاریگەریی (هایدیگەر) و هەموو ئەوانەی تر لەسەر ئەدەبدا بە ڕوونی دیارە و چەمکی (کات) لە بەرهەمی داهێنەراندا ڕووبەری فرەوانی داگیر کردووە. ئایا لای ئێمەیش وایە؟ هەر تەکنیکێکی نوێ بەرهەمی ئەو تێگەیشتنەیە لە چەمکی (کات). ئایا ئەوەی ڕەخنەگری میلـلی لەبارەی هەندێک نووسەری سادەنووسەوە گوتوویەتی، گوایە تەکنیکی نوێیان هێناوە، تا چەند هیی ئەوەیە پشتی پێ ببەستین؟ ئایا ئەو نووسەرانە لە گفتوگۆ و گوتارەکانیاندا لە هەندێ گوتەی ڕۆژانە پتریان گوتووە؟
من وەک نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە بە بایەخەوە لە بۆچوونی ئەو فیلۆسۆفەم ڕوانیوە و لە پرۆسێسی گێڕانەوەدا لە بەرچاوم گرتووە. (کات) لە بەرهەمی مندا بێسنوورە و لە بێژمار (ساتی ئێستا) پێک هاتووە، بەوەی کارەکتەرەکانم لەگەڵ کاتدا یەکیان گرتووە، بگرە (کات) بووەتە هەستیان و بە شێوەی ڕەسەن و هۆشیار تێیدا دەژین. لە بەرهەمەکانمدا (کات) بازنەیییە و هەموو کاتەکان هاوکاتی یەکترن. بەوەدا پێوەندیی (کات) و (بوون) ئەبەدییە و بەردەوام ئەمیان جێگەی ئەویان دەگرێتەوە، ئەوە (کات) بۆ ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو دابەش نابێت. (داهاتوو) بریتی نییە لەو کاتەی دەکەوێتە دوای (ئێستا)، وەک چۆن (ڕابردوو)یش ئەو کاتە نییە، کە لێی تێ پەڕیوین.
(جیرار جینێت) پێی وایە دەتوانین چیرۆک بگێڕینەوە، بێ ئەوەی شوێنی ڕووداو دەستنیشان بکەین، بەڵام مەحاڵە بتوانین (کات) دیاری نەکەین. بایەخی گەورەی بەو چەمکە داوە و لەم ڕوەوەوە چەند بەرهەمێکی هەن.کتێبی (دیسکۆرسی حیکایەت: باسێک لەبارەی میتۆدەوە) یەکێکیانە، کە تێیدا ڕووبەڕووی چەمکەکە بووتەوەوە و لەم ڕووەوە بەسەر چوار تەوەرە دابەشی کردووە، ڕێکخستن (Order)، ماوە (Duration)، دووبارە، یان گوتنەوە (Frequency) و شێوە (Mood). لە هەر تەوەرەیەکدا چەند چەمکێکی داهێناون. بۆ نموونە ئەمانەی لە تەوەرەی یەکەمدا باس کردوون: کاتی حیکایەت (Narrative Time)، پارادۆکسی کات (Anachronies)، مەودا (Reach, Extent)، گەڕانەوە (فلاشباک) (Analepsis)، پێشکەوتن (فلاشفۆوەرد) (Prolepsis) و بەرەو ناکاتی (Toward Achrony). هەروەها چەمکی کورتکردنەوە (Sommaire)، بڕینی ناکاو (Ellipse)، پشوو (Pause) و هتد، کە ئەوانە بۆ هەر نووسەرێکی ئەدەبی گێڕانەوە گرنگن.
لە نووسینەوەی ئەم ئەزموونەمدا نەمویستووە لەسەر بیری هەموو ئەو فیلۆسۆفانەدا هەڵوێستە بکەم، دەنا پرسیاری (کات چییە؟) بە تێکڕای مێژووی فەلسەفەدا تێدەپەڕێت. بۆ نموونە (هۆسێرل) و (پۆول ڕیکۆر) دوو وێستگەی زۆر گرنگن و پێشتر ئاماژەم بە بۆچوونیان کردووە.
The post کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا appeared first on ژنەفتن.
هونەر وەک ڕاستیی بوون لای هایدیگەر
ئێمە بۆ ئەوەی لە چەمکی بوون تێبگەین، دەتوانین چەندین ڕێگا ببڕین تاوەکوو ئاشنا ببین بە مانای “بوون”. فەلسەفە یەکێک لەو ڕێگایانەیە کە دەتوانین لە ڕێگەیەوە بە “بوون” بگەین. بەڵام فەلسەفەش تاکە ڕێگا و کۆتا ڕێگاش نییە، بۆ چوونە نێو دەروازەی بوونەوە. هاوکات چەندین ڕێگا و ڕێچکەی دیکەش هەیە کە دەتوانین سەرنج و تیشکی بخەینە سەر، لە دیارترین ئەو ڕێگایانەش کە دەتوانێت بە واتای بوونمان بگەیەنێت، ڕێگای “هونەر”ە. بە پێویستی دەزانین پێش ئەوەی ڕوانینی مارتن هایدیگەر لەبارەی هونەرەوە بخەینە ڕوو، ئاوڕێک لە فیکری هایدیگەر بدەینەوە و بۆ دوو قۆناغ پۆڵینی بکەین: قۆناغی یەکەم بە هایدیگەری پێش و قۆناغی دووەم بە  هایدیگەری پاش ناو ببەین. دابەشکردنەکەش پەیوەندی بە وەرگەڕانی بیرکردنەوە لە فەلسەفەی هایدیگەردا هەیە، چونکە لە قۆناغی یەکەمدا هایدیگەر کاری لەسەر “بوونی مرۆڤ” کردووە و لە قۆناغی دووەمیشدا کاری لەسەر “بوون” بەگشتی کردووە و
ویستوویەتی لە ڕێگای شیکارییەکانیەوە لەسەر “بوون” بگاتە واتای “دازاین” و بوون بەگشتی. ئەمەش بە یەکەم خاڵی جیاکەرەوەی نێوان خۆی و سارتەر دادەنرێت. لە سەرەتادا هایدیگەر چەمکی “واتای بوون” بەکار  دەهێنێت؛ بەڵام لە نووسراوەکانی قۆناغی دووەمدا چەمکی “ڕاستیی بوون”ی بەکار هێناوە. هۆکاری ئەمەش بۆ واتا دەگەڕێتەوە کە زۆرتر خۆیی و کەمتر بابەتییە. بە کورتییەکەی پرۆژە ئەنتۆلۆجییەکەی هایدگەر  تێگەیشتنە لە ڕاستیی بوون.
قۆناغی یەکەم و دووەم تەواوکاری یەکترین و پەیوەندی بە پاشەگەزبوونەوەوە نییە. له قۆناغی دووەمدا هایدیگەر یەکێک لەو پرسانەی کە قسەی لەسەری کردووە بۆ گەیشتن بە بوون بەگشتی، قسەکردن بووە لەسەر چەمکی “هونەر”.
“هونەر” یەکێک لەو کایە گرنگ و پڕ مفا و پڕ بایەخانەیە، کە هایدیگەر لە ڕێگەی “ڕاستیی بوون”ەوە ئاوڕی لێ داوەتەوە و چەندین وتار و سیمیناری بۆ هونەر بەگشتی و شیعر و هۆنراوە بەتایبەتی تەرخان کردووە. بۆچی هونەر هێندە جێی گرنگیپێدان بووە بۆ هایدگەر؟ کاریگەرێتیی “هونەر” بەسەر هایدیگەرەوە خۆی لە دوو خاڵدا دەبینێتەوە:
یەکەم: کاریگەرێتیی فریدریک نیتشە بە سەر هایدیگەرەوە.
دووەم: تێگەیشتنی خودی هایدگەر بۆ هونەر.
نیتشە پێی وایە: هونەر وەکوو بەرجەستەبوونی “ویستی هێز ” ڕەتدانەوەی هیچگەرایەتییە. واتا هونەر تەنها فۆرم و شێواز نییە، بەڵکوو لە پاڵ فۆرمیشدا واتا بە ژیان دەدات. داهێنانی فۆرم و واتا هونەرمەند دەکات بە هونەرمەندی فەیلەسوف؛ ئەرکی هونەرمەند وەکوو هونەرمەندێکی فەیلەسوفی گەشبین، دەبێتە ئەوەی کە بێهودەییی ژیان بگۆڕێت.
بێگومان نیتشە بیریارێکی سەر بە قوتابخانەی هیچگەرایەتییە، هیچ شتێک لە سەرووی توانای مرۆڤەوە نییە، هیچ ئاڕاستەکەرێک ناتوانێت ڕێنیشاندەر و ئاڕاستەکەری مرۆڤ بێت. جیاوازیی نیتشەش لەگەڵ هیچگەرایەکانی تردا، بۆ بە توانایی “ویستی هێز” لە بوونی مرۆڤدا دەگەڕێتەوە.
نیتشە نایەوێت مرۆڤ لە ئاستی بێهودەیی و لە واتا بەدەری بووندا زەبوون و نائومێد بێت، گرنگە مرۆڤ ئەو باردۆخە تێپەڕێنێت، ئەمەش بە بەها دینییەکان و نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان ڕوو نادات، چونکی بەهای دینی و جڤاکی ناهێڵن مرۆڤ سەر بە خۆی بێت بەڵکوو  کۆیلە بەرهەم دێنێت.
تەنها “ویستی هێزە” واتا و بەها بە ژیان دەدات، مرۆڤی باڵا و هونەرمەند دەهێنێتە بوون. بۆیە هایدیگەریش هاوشێوەی نیتشە و لەژێر کاریگەریی “نیتشە”دا، هونەر لە ژیانی مرۆڤدا بە پێویستییەکی ڕەها دادەنێت، تاکوو ڕەشبینی بەرانبەر ژیان بگۆڕێت.1
کەوایە لەم شیکردنەوەیەوە دەگەین بەو بڕوایەی ئەوە تەنها بیرکردنەوەی فەلسەفی نییە، کە واتا بە ژیان دەبەخشێت، بەڵکوو داهێنانی هونەرمەندانەش دەتوانێت هەمان ڕۆڵ بگێڕێت، چونکە هونەر بۆ “هایدیگەر” گەیشتنە بە “ڕاستیی بوون”، نەک لاساییکردنەوە و کۆپیکردن. هونەر و فەلسەفە دوو شێوازی داهێنەرانەن کە دەتوانن هیچگەرایەتی ڕەت بکەنەوە. هونەر هەر وەکوو فەلسەفە لە کاتی نەهامەتی و تەنگ و چەڵەمەدا دەتوانێت بێهودەییی ژیان بگۆڕێت بۆ پێویستییەکی مێژوویی. بۆیە تێگەشتن لە “هونەر” زۆر گرنگ و بایەخدارە، تەنها مرۆڤ دەتوانێت خاوەندارێتی لە “هونەر” بکات، لەنێو هەموو تاکەکانیشدا تەنها مرۆڤە ڕەسەنەکانن دەتوانن داهێنەرانە بیر بکەنەوە، کە گوزارشت لە دوو جۆر بوون دەکات، داهێنەرەکان و لاساییکەرەوەکان یان مرۆڤی بەرز و مرۆڤی بچووک کە لە فەلسەفەی هایگەردا بە مرۆڤی ڕەسەن و مرۆڤی ناڕەسەن پۆڵین دەکرێن. ئەمەش (دەرخەری ئەوەیە هەموو مرۆڤەکان ڕەسەن نین و داهێنەرانە ناژێن، مرۆڤە ناڕەسەنەکان، سەربەستی و ئازادیی خۆیان دۆڕاندووە ناتوانن داهێنەرانە بژێن، بونیان داگیر کراوە و لەنێو خەڵکانی تردا تواونەتەوە، لە ڕوانگەی خۆیانەوە تەماشای دەوروبەر دەکەن هەموو کەسێک دەبێتە ئەوان و پێیان وایە هیچ کەسێک خودی خۆی نییە.)2 جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ڕەسەنایەتی بە داهێنان دەبەستێتەوە، ئەو ئەنجامە بە دەستەوە دەدات کە تەنها بوونە ڕەسەنەکان هونەرمەندن؛ یان ئەوەی ناڕەسەنە هونەرمەند نییە. کەواتا هونەر وەک داهێنان لەسەر بوونی مرۆڤی ڕەسەن و سەربەست ڕادەوەستێت؛ ئەو مرۆڤانەی سەربەستانە واتا و بەهای جوانی بە “بوون” دەدەن. بەڵام لە هەمان کاتیشدا کۆمەڵێک مرۆڤی ناڕەسەنیش دەدۆزینەوە کە خۆیان بە هونەرمەند دەزانن کە زیاتر کەسانی حزبی و خاوەن ئایدۆلۆژیایەکی دیاری کراون.
داهێنانی فۆرم و واتا هونەرمەند دەکات بە هونەرمەندی فەیلەسوف؛ ئەرکی هونەرمەند وەکوو هونەرمەندێکی فەیلەسوفی گەشبین، دەبێتە ئەوەی کە بێهودەییی ژیان بگۆڕێت
ئایا دەتوانین ئەوانە بە هونەرمەند ناوزەند بکەین؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت ڕاستەوخۆ بگەڕێینەوە بۆ تێگەیشتنی خودی هایدیگەر سەبارەت بە شیکردنەوەی زمان. هایدیگەر دەڵێت: (هەموو مرۆڤەکان چ ڕەسەن یا ناڕەسەن زمان بەکار دێنن، بەڵام بەکارهێنانەکە لە مرۆڤێکی ڕەسەنەوە بۆ مرۆڤێکی ناڕەسەن دەگۆڕێت. زمانی “بوونی ڕەسەنانە” ڕاستیی بوون دەردەخات. بەڵام زمانی ناڕەسەنانە ڕاستیی بوون دەرناخەن، زیاتر خاوەن زمانێکی لە کارکەوتوون، زیاتر خۆی لە ئاوخاوتنی ڕووکەشانە و دەمەتەقێ دەبینێتەوە  و قسەکانیان زۆر بازاڕیین، ئەمەش تەنها لە قسەکرندا نامێنێتەوە بەڵکوو پەل دەهاوێژێت بۆ ناو نووسین، وا دەکات نووسینەکانیش هەروەکوو ئاخاوتنەکانیان زۆر بێ بایەخ بن هیچ داهێنانێکیان تێدا نەبێت، زیاتر  نووسینی سواو و دوبارەبووەوەن، ئەمە خۆی بە سەر خوێندنەوەشدا ساخ دەکاتەوە.) 3هەروەها سەبارەت بەم جۆرە زمانە هایدیگەر دەڵێت: (گوتنێکە هەموو کەسێک دەتوانێت شەنەی تێدا بکات؛ ڕوونکردنەوە بەبێ دیاریکردنی جیاوازییەکان دەهێنێتە کایەوە، لەم گۆڕانەدا گوتار ناتوانێت بوون -لە-نێو-جیهان بە تێگەیشتنەوە بۆ ئێمە ڕوون بکاتەوە، بەڵکوو هەبووەکانیش دەشارێتەوە).4
لەم تێگەشتنەوە دەتوانین ئاماژه بۆ دوو جۆر هونەر بکەین؛ ڕەسەن و ناڕەسەن، ئەم جیاکردنەوەیەش لە سەر پێوەری ڕاستیی بوون دادەمەزرێت.هونەری ڕەسەن “ڕاستیی بوون” دەردەخات، بەڵام هونەری ناڕەسەن “ڕاستیی بوون” دەشارێتەوە. هونەری ناڕەسەن هەروەکو گوتاری لە کار کەوتوو دەبێتە هونەرێکی بازاڕی و بێبایەخ، هەموو کەسێک دەتوانێت لێی تێبگات و چێژی لێ وەربگرێت، ئەم جۆرە هونەرە هیچ داهێنان و فەلسەفەیەکی تێدا نییە و  هیچ پەیامێکی بۆ بینەر پێی نییە، ئەگەر هونەرێک هەموو ئامادەبووان وەکوو یەک لێی تێبگەن و وەکوو یەک چێژی لێ وەربگرن، ناتوانرێت وەکوو هونەرێکی ڕەسەن لێی بڕوانین، چونکی وەک ئاشکرایە هیچ مرۆڤێک خاوەن یەک جۆر بیرکردنەوە و یەک تێڕوانین نین، دەبێت هەرکەسە و تێگەیشتنی تایبەتی هەبێت ئەگەر  هەمووان پێکەوە وەکوو یەک چێژ ببینین مانای وایە هیچ پەیام و فکرێک لە پشت ئەو هونەرەیەوە نییە و هونەرێکی زۆر لۆکاڵی بازاڕییە.
بۆ ئەوەی ئەم پرسە بە بەڵگەیەک ساخ بکەینەوە دەبێت ئەو ڕووداوە بگێڕینەوە که بەسەر خودی “فردریش نیتشە”دا هاتووە، ئەویش بەم شێوەیەیە: (فریدریش نیتشە دەچێت بۆ ئۆپێراکەی “ڕیچارد ڤاگنەر”، دەبینێت هەرچی هەیە لەوێدا بەرزەپێ ڕادەوەستان و چەپڵە بۆ کارەکەی لێ دەدەن. ئەمە نیتشە توڕە دەکات و بە خێرایی هۆڵەکە جێدەهێڵێت، چونکی وەک بەشێک لە گاڵتەجاڕی وەسفی دەکات، دەگاتە ئەو بڕوایەی لەژێر سایەی ئەم جۆرە ستایلەدا هیچ گۆڕانکاری و ڕیفۆرمێک دروست نابێت، ئەمەش بەیەکجاری نیتشە نائومێد دەکات، دەبێتە هۆی درزبوونی پەیوەندی نێوان نیتشە و ڤاگنەر، چونکی نیشتە پێی وایه هونەر دەبێت پەیامی هەڵگرتبێت و ڕیفۆرم لە بوونی تاکەکان دروست بکات، چەپڵەڕێزان و بۆن لەخۆدان و تێگەشتنی هەمووان وەکوو یەک هیچ پەیوەندییەکی بە داهێنانی هونەرییەوە نییە.)5
لێرەوە دەتوانین ئەوە بەیان بکەین ئەرکی بنەڕەتیی هونەری ڕەسەن ئەوەیە کە “ڕاستیی بوون” پیشان دەدات و لەو پێناوەشدا تێدەکۆشێت کە ڕاستیی بوون دەربخات.
بۆ زیاتر سەلماندنی ئەم ڕوانینە تیشک دەخەینە سەر وتەیەکی “جاک دێریدا” فەیلەسووفی فەرەنسی لەو بارەیەوە دەڵێت: (نابینا ئەو کەسە نییە  کە چاوی لەدەست داوە، بەڵکوو نابینا ئەو کەسەیە کە بینایی لەدەست داوە).6
لێرەدا مەبەستی “دێریدا” لە نابینا، ئەو کەسانەیە کە چاویان هەیە، دەبینن، بەڵام نازانن چۆن دەبینن و چ دەبینن، یان ناتوانن فێری هونەری بینین بن، شێوازێکیان نییە بۆ بینینی شتەکان، چونکی خاوەنی مەعریفەکی ئەوتۆ نین بتوانن لە سایەوە دیوی دووەمی شتەکان وەک خۆی ببینن.
فردریش نیچە
لێرەوە لەوە تێدەگەین ئەوە تەنها هونەرمەندە، لە ڕێگەی مەعریفەی خۆیەوە و لە ڕێگەی بەکارهێنانی کەلوپەل و ماتریاڵەکانەوە، لە ڕێگەی چاوی سێیەمەوە کۆیان دەکاتەوە و دەتوانێت کارێکی هونەری لێ دروست بکات، ئەوەی هونەرمەند ئەنجامی دەدات لە دونیای ڕاستییەوە بەرجەستەیە، ئێمە هەمووان ئەو ماتڕیاڵ و کەرەستانە دەبینین و لە بەرچاوماندان، بەڵام چاوی هونەرمەند جیاواز لە چاوی ئێمە دێت فۆڕمێکی تر دەدات بەو کەرەستانە.
بۆیە دەتوانین بڵێین هونەرمەند کەسێکە لە سەرووی سرووشتەوە و چاوساخێکە لە وڵاتێکی نابینادا دێت ڕاستی و حەقیەقەتێکمان بۆ باس دەکات بەبێ ئەوەی ئێمە هەستمان پێ کردبێت، بۆیە ئەوەی هونەرمەندێک دەیبینێت و بەدی دەکات، خەڵکێکی ئاسایی نایبینێت.
کەوایە تێدەگەین کە هونەر ئەو ڕۆڵە گرنگ و پڕواتایە دەبینێت، هەریەکێک لە هەر ڕوویەکەوە ڕاستیی بوون دەردەبڕێت، ئیتر چ نووسەر بێت یان شاعیر بێت، یان میوزیکژەن بێت یان نیگارکێش و، یان هونەرمەند و فەیلەسووف. هونەر بە هەموو شێوەکانیەوە “ڕاستیی بوون” ئاشکرا دەکات. لەم ڕێگەشەوە دەتوانین پەی بە جوانی هونەریش ببەین، چونکی جوانی هونەر لەوەدایە کە ڕاستیی بوون دەر ببڕێت.
هایدیگەر کاری زۆری لەسەر هونەر کردووە، بەتایبەتی لە کۆتایییەکانی ژیانیدا بە چڕی ڕۆچووەتە نێو کایەی هونەرییەوە، وەکو هاوتای فەلسەفە وێنای کردووە، چونکی پێی وابووە، هونەریش هەروەکوو فەلسەفە لە واتای “ڕاستیی بوون” دەکۆڵێتەوە.
مارتن هایدیگەر
لێرەوە دەتوانین ئەوەی لێ هەڵهێنجێنین، وەک چۆن فەلسەفە پرسیار دەکات و دەیەوێت بگات بە ڕاستییەکان و لە ژیانی خەڵکی دەکۆڵێتەوە، ئاوها هونەریش بە هەمان شێوە وەک هەبوویەک ڕاستیی بوون دەردەخات و خۆی لە لاساییکردنەوە و کۆپیکردن دەپارێزێت، ڕاستیی بوونیش بۆ  هەمووان وەکوو یەکە، هەریەکە ئەم گەیشتن بەو ڕاستیی بوونە لە ڕێگای داهێنانە هونەرییەکانەوە بەدەست دێت، لێرەوە دەگەین بەو ئەنجامەی کە هەردوو بیرکردنەوەی فەلسەفی و هونەری سەر بە یەک جۆری بیرکردنەوەن، هونەریش هەروەکوو فەلسەفە لە کاتی نەهامەتی و قەیراندا خۆی نمایش دەکات و خۆی دەردەخات و دەبێتە فریادڕەس، بۆیە فەلسەفە و هونەریش هەمان ئامانج و ستراتیژیان هەیە، هەردووکیان داهێنەرانە عەوداڵی دۆزینەوەی ڕاستیی بوونن. لێرەوە  گرنگی کارەکەی هایدیگەر زیاتر درکی پێ دەکرێت، کاتێک دێت هونەر دەکاتە بابەتی فەلسەفە، هونەر دەکاتە بابەتی گەڕان بەدوای ڕاستیدا.
هایدیگەر پێی وایە:(کاتێک پرسیاری ڕاستی و حەقیقەت هەموو مێژووی فەلسەفە دادەپۆشێت، مانای وا نییە کە ئێمە نەتوانین ئەم پرسیارە، بە سەر بواری هونەردا پراکتیک بکەین، پێی وایە هونەریش دەستکەوت و جێکەوت و بەرهەمێکی مرۆڤانەیە، بریتیە لە هەوڵ کۆشش و توانای مرۆڤ بۆ گەڕان بە دوای بوونی خۆی ئەوەش لە میانەی خستنە سەری جۆرێک لە ڕاستی بە سەر بەرهەمەکانی خۆیدا ئیتر چ هونەری بن یان زانستی).7
هەموو مرۆڤێک بەپێی شارەزایی و تێگەیشتنی خۆی دەزانێت هەر کارێکی هونەری لە میانەی بەکارهێنانی شتێکەوە بەرجەستە دەکرێت، ئیتر ئەو شتە دەستکاری کرابێت یان وەکوو خۆی مابێتەوە، بۆ ئەوەی کارێکی هونەری بەرهەم بهێنرێت، دەبێت شت یان کۆمەڵە شتێک ئامادەگیان هەبێت، لێرەدا “شت” لای هایدیگەر دەبێتە بنەما و ئەسڵی کاری هونەری کە بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی کاری هونەری دادەنرێت. هایدیگەر زۆر کاری لەسەر کردووە، چونکی ڕەگەزێکی گرنگی کاری هونەرییە. لە ڕوانگەی هایدیگەرە “شت” سێ ڕەهەندی هەیە:
ڕەهەندی یەکەم: وەکوو هەڵگری کۆمەڵێک سیفەت و تایبەتمەندی، کاتێک تەنێک یان شتێک لە خۆیدا، یان لە میانی دەستکاریکردنەوە پێی دەناسرێتەوە، بۆ نموونە کاتێک ناوی ئاسن دەهێنرێت، یەکسەر ڕەقی و پتەوی و هێزمان بیر دەخاتەوە.
ڕەهەندی دووەم: شت بریتییە لە لە یەکێتیی فرەییی ئیدراکە هەستییەکان، واتا لە میانی شتەکانەوە کۆمەڵێک ئیدراکی هەستیمان بۆ دروست دەبێت، کە ڕاستەوخۆ لەنێو ئەم یەکێتییەی شتەکەدا بەرجەستە بوون و دەبن.
ڕەهەندی سێیەم: شت بریتیە لەو ماددەیەی کە شێوەی پێ بەخشراوە، واتا ئەسڵی شتەکە دەستکاری کراوە، گۆڕاوە بۆ فۆرمێکی تایبەت و جیاواز.8
ڕەهەندی سێیەم زیاتر لە دوو ڕەهەندەکەی تر جێگەی بایەخ و سەرنجە، چونکە زۆر کەس لە کاری ژیانی ڕۆژانەیدا فۆرم بە شتەکان دەبەخشێت بەبێ ئەوەی مەبەستێکی هونەریشی لە پشتەوە بێت. لێرەدا “هایدیگەر” وەکوو ئامڕاز یان کەلوپەل یان ئامێر دەیناسێت. هایدیگەر شتەکان بە گرنگ و بایەخدار وەسف دەکات بۆ نمایشکردنی بوون، لە کاتی خستنەڕووی ڕاستی و حەقیقەت، چونکە ئەمان لە سەر دەستی هونەرمەند دەبنە مایەی پیشاندانی ماهیەتی ڕاستەقینەی شتەکان. بۆ نموونە: (کاتێک هایدیگەر لە کاتی تێڕامانی لە “جووتە پێڵاوەکەی ڤانکوخ” تەنها جووتێک پێڵاوی شڕ نابینێت بەڵکوو دونیای ئەودیوی پێڵاوەکان دەبینێت، جەخت دەکاتە سەر ئەوەی کە هەموو ژیانی دونیای لادێ لەنێو تابلۆی ئەم جووتە پێڵاوە بوونیان هەیە.)9
لێرەدا کاری هونەری دەتوانێت ڕاستی بەرهەم بهێنت نەک وەک شتێک. کاتێک هایدیگەر دێت بابەتکی هونەری هەڵدەبژێرێت، بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە قسە لەسەر فەلسەفەی هونەر بەگشتی و جوانیناسیی هونەر بکات، لە زۆر لایەنەوە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، ئەوەی هایدیگەر کردوویەتی تەنها پیشاندانی جووتێک پێڵاوی ڤانکوخ نییە، بەڵکوو ئەودیوی پرسەکە گرنگە، کە هونەر بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوە لە ژیانی تاکەکان، کاتێک تابلۆیەک لەنێو ژوورەکانمان هەڵدەواسین تەنها بۆ ئەوە نییە کە چێژی لێ دەبینین بەڵکوو ڕاستییەک پیشان دەدەن، کاری هونەری هەمیشە شتێکی تایبەت دەدرکێنێت و هەمیشە پەیامێک بە گوێی کەسەکان دەچەپێنێت.
هایدیگەر لە ڕێگەی ئەم تابلۆیەی “ڤان کوخ“ەوە هونەر و ڕاستیی بوون پێکەوە گرێ دەدات. کاتێک بینەر دەڕوانێتە تابلۆی جووتە پێڵاوەکە، دەزانێت گوزارشت لە ڕاستییەک لە پشت خۆیەوە دەکات وەکوو هایدیگەر ڕاڤەی دەکات و دەڵێت: (جوتیارێکی کۆڵکێش و ماندووە، لەنێو کێڵگەدا  کاری کردووە، لەنێو ژینگەیەکی تایبەت ژیاوە. بەرهەمە هونەرییەکە جیهانێکی نوێ بۆ بینەر دەکاتەوە ئەویش دەرخستنی “ڕاستی بوونە”.) 10ئاشکرایە کە بەرهەمی هونەری “شتە”، لە ڕێگەی ئەو شتەشەوە ڕاستیی بوون ئاشکرا دەکات، هونەرمەند لە ڕێگەی مادە و کەلوپەل و ئامرازەکانەوە جیهانێکی نوێ دەخوڵقێنێت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پرسە هایدیگەر دوو چەمک بەکار دەهێنێت ئەوانیش “زەوی و جیهان”ن.
مرۆ لە سەر زەوی جێنشین دەبێت و دەیگۆڕێت بۆ کێڵگە و کشتوکاڵ، لە ڕێگەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیەوە پێداویستی و قوتی ڕۆژانەی دابین دەکات، ئیتر ئەو زەویە وەکو خۆی نامێنێتەوە چونکی فۆرمەکەی گۆڕاوە و خانوو و باخی لەسەر بنیات نراوە، شەقام دروست کراوە، زەوی دەبێتە بناغەی چالاکی هەبووەکان، هونەرمەندێکی پەیکەرتاش، تاشەبەردێک دەکاتە پەیکەرێک ئەو ماتریاڵ و تاشەبەردە  هەمان خودی “زەوی”یەکەیە، هونەرمەند لە ڕێگەی داهێنان و کاری هونەرییەوە دەیگۆڕێت بۆ “جیهان” ئەو جیهانەی خۆی دەیەوێت، بۆیە کاتێک بینەر دەڕوانێتە بەرهەمە هونەرییەکە پەیکەرێک دەبینێت نەک تاشەبەردێک، چونکە بەردەکە چووەتە ئەودیو فۆرمە هونەرییەکەوە.)11 بە شێوەیەکی گشتی هونەر ڕاستیی بوون دەردەخات، تەنها هونەرمەندی ڕەسەنیش دەتوانێت بەو ڕاستیی بوونە بگات، چونکی هونەرمەندی ڕەسەن داهێنەرانە دەڕوانێته بوون و شاعیرانەش ڕەنگەکانی ژیان دەگۆڕێت.
هایدیگەر سێ جۆر بیرکردنەوەی دەستنیشان کردووە، ئەوانیش: بیرکردنەوەی ژمێریاری و  بیرکردنەوەی فەلسەفی و بیرکردنەوەی هونەرمەندانەیە. بیرکردنەوەی یەکەم سەر بە تەکنۆلۆجیایە و ئامانج لێی وەبەرهێنانە، لەم جۆرە بیرکردنەوەیەدا تەنها ئاکام زەروورین، لەم جۆرە بیرکردنەوەیەدا، جیاوازییەکان نەک دەخرێنە پەراوێزەوە بەڵکوو قەدەغەش دەکرێن. بەڵام بیرکردنەوەی “فەلسەفی و هونەری” بە پێچەوانەی جۆری یەکەمەوە، داهێنەرانەیە و سەرچاوەکەشی دەستەڵاتی داهێنەرانەی بوونێکی ڕەسەنە، لەگەڵ دەربڕینی ڕاستییەکاندا بیرەکان دەورووژێنێت و لایەنە شاراوەکانی بوون دەردەخات، هەردووکیان چاوگەکانیان بریتین لە بوونێکی داهێنەرانەی ڕەسەن.12
ئامانجیان ناسینی ڕاستیی بوون و دەرخستنی حەقیقەتی بوونە. هەرچەند هونەر تاڕادەیەک جیاوازە لە فەلسەفە، بەڵام جیاوازییەکانیان زیاتر پەیوەندی بە شێوازی دەربڕینەوە هەیە بۆ نموونە: فەلسەفە زیاتر بۆ ئەوەی شرۆڤەی پرسێک بکات پەنا بۆ شێکردنەوە و توێژینەوە دەبات، هونەریش بەتایبەتی شیعر بە ڕووداو ڕاستی دەناسێت. بۆ نموونە دەربڕینی هونەرییانەی “نالی” بۆ “سالم” لە نامەیەکدا بەم شێوازە دەردەکەوێت.
(داخۆ دەروونی سافە، گوڕەی ماوە تانجەڕۆ
یا خۆ ئەسیری خاکە بە لێڵی دەکا عەبوور)13
خاکی نالی ئەو خاکەی تانجەڕۆی تێدا هەڵدەقوڵێ بۆ مرۆڤی کورد بووە، بە خاکی بێگانە. کۆچی نالی لە مەنفایەکەوە بۆ مەنفایەکی ترە، خاکە ڕەسەنەکەی خۆی جێهشتووە چونکە بووە بە “وێرانە خاک” و ناوەڕۆک و ڕوخساری گۆڕاوە.
تانجەڕۆی نالی بە گوڕی و ڕەوان مێژوو تۆمار ناکات، لەنێو قوڕ و لیتەی گەندەڵی و شێواندنی ڕاستیدا چەقیوە. لەم ڕێگەیەوە پرس بە “سالم”ی هاوڕێی دەکات دڵنیا نییە لەوەی خاکی بێگانەکراوی ڕزگاری بووبێت. ئەم پارچە هۆنراوەیە ڕاستیی بوونێکی شێوێنراومان بۆ دەردەخات.
لەبەر ئەو ژیانە تاڵ و نالەبار و ناهەموارەی کە تاکی کوردی تێی کەوتبوو، چ لە ڕووی سیاسی یان ڕۆشنبیری و یان کۆمەڵایەتییەوە بێت، لە سەردەمی مێرنشینی باباندا بە هۆی جەنگی ناوخۆی لەنێوان [سلێمان پاشا و محموود پاشا]ی برایدا، هەریەکە لەم برایانە بۆ مانەوەی خۆیان و پاراستنی کورسی و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەستی دەرەکییان هێنایە سەر خاکی سلێمانی و کردیانە وێرانە خاک و نالیش ناچار بە دەرپەڕاندن کرا و بووە کۆچەرێکی هەمیشەیی. ئەمە بۆ خۆی دەرخستنی ڕاستیەکە، ئەگەر چی ڕاستییەکی تاڵیشە.
کەوابوو بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین وەها لە هونەر تێبگەین کە یەکێک لەو دەرفەتە گرنگ و پڕبایەخەیە، کە هەمووان دەتوانن لە ڕێگەی بەرهەمی هونەرییەوە، بە دوای مانای بوون و ڕاستیی بووندا بگەڕێن. هەر یەکە و بە فۆرم شێواز و ستایلی تایبەتی خۆی، ئەمەش وا دەکات هونەر وەک چرایەکی ڕووناک وا بێت بۆ دۆزینەوەی بوون و دەست ڕا گەیشتن بە ڕاستیی بوون. هەر بۆیە “هونەر” بەدەر لە چێژ و شێواز و فۆرم و ستایل دەیەوێت شتێکمان بۆ ئاشکرا و بەیان بکات ئەویش دەرخستنی ڕاستیی بوونە، ئەمەش خۆی بۆ خۆی ئەو پەیام و مانا هەقیقیەیە کە هونەر دەتوانێت پێمان ببەخشێت.کە ئەمەش پەیوەندی بە ژیانی خۆمانەوە هەیە، بۆیە بەدەر لە ئامراز و کەرەستە و فۆرم هونەرێک لەدایک دەبێت، کە پەیوەندی بە جیهانی مرۆڤەوە هەیە، وەک بەشێک لە داهێنانەکانی مرۆڤ لێی دەڕوانرێت. هونەر تەنها بۆ مرۆڤ ئامادەگی و دەرخستنی هەیە، تەنها خودی مرۆڤیشە خاوەنی ڕاستەقینەی هونەرە. هونەرمەندیش پێش ئەوەی لایەنی جوانی و چێژ لە بەرهەمەکەی بەرجەستە بکات، تیشکمان دەخاتە سەر لایەنێکی گرنگی بەرهەمەکە، پرسێک دەخاتە ڕوو کە پەیوەستە بە حەقیقەت و ڕاستیی بوونەوە.
بۆ ئەوەی ئێمە شرۆڤەی بەرهەمێکی هونەری یان توێژینەوە لەسەر هەر کارێکی هونەری بکەین، دەبێت وەها چاوەڕوانی هونەر بکەین کە پەیام و ناوەڕۆکێکی گرنگی پێیە کە ئێمە هۆشیار و بێدار دەکاتەوە و کە چۆن بەدوای بوونی خۆمان و ڕاستیی بووندا بگەڕێین. هونەر هاوتای فەلسەفەش دەتوانێت سەربەخۆمان بکات.واتا ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە شیکردنەوەی دیوی ناوەوە و دیوی دووەم و چاوی سێیەمی بەرهەمەکەیە. ئێمە دەبێت لە کاتی بینینی بەرهەمێک یان دەقێک دەبێت تێڕابمێنین و ئەو پرسە لە خۆمان بکەین، ئەم کارە هونەرییانه چ پەیامێکیان پێیە؟ و دەیەوێت چ شتێک بە ئێمە بڵێت؟ چ پرسێک دەکاتە بەرباس ئامانج و ستراتیژەکەی چییە؟ هەروەکوو چۆن زانست یان فەلسەفە ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات، ئاوهاش هونەر هەمان ئامانجی هەیە ئەویش  گەیشتنە بە “ڕاستیی بوون”. لەگەڵ دەرخستنی حەقیقەت و ڕاستیی بووندا، دەتوانین دەستمان بە لایەنێکی گرنگتریش بگات ئەوش بەهای جوانی هونەرە، چونکی ئاشکراکردنی ڕاستی خۆی لە خۆیدا لە هەناوی خۆیدا جوانیشی هەڵگرتووە.
لێرەوە تێدەگەین هەموو بەرهەمێکی هونەری ڕەسەن، یەک ئامانج و یەک پەیام و بە یەک شێوە خۆی دەردەخات، هونەریش بە هۆی ئەوەی ڕەهەندێکی فیکری هەیە، بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆی شاردووەتەوە، ئێمە لە ڕێگەی تێڕوانین و ڕۆچوونە قووڵەکانی خۆمانەوە دەتوانین ئەوەی شاراوەیە ئاشکرای بکەین بۆیە بینەری ڕژد هەرگیز ڕووکەشانە ناڕوانێتە بەرهەمی هونەری بەڵکوو تەرکیز دەکات و ڕۆ دەچێتە ناو کارەکەوە تاوەکوو دیوی دووەمی بدۆزێتەوە، چونکە هەموو کارێک دوو جۆر ڕوانین دەردەخەن ئەوانیش دیار و نادیارن ئەوەی کە نادیارە مانای نەبوون نادات بەڵکوو پێویستە فیکرمان زیاتر بەگەڕ بخەین بۆ دوزینەوەی کۆدی پشت پەیامە هونەرییەکە، بۆ نموونە لە ڕۆژدا ئەستێرە دیار نییە، ئەمە مانای نەبوون نییە، بەڵکوو بە هۆی ڕووناکیی ڕۆژەوە نایبینین بەڵام بە خۆێندنەوە و تەرکیزمان هەموو هەبووەکان دەبینین. ئێستا بە دروستی لەوە تێگەشتووین، کە “هونەر” یەکێک لەو باشترین دەرچانەیە کە تاکەکان دەتوانن بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە فیکری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسییانەی کە تێی کەوتوون بە هۆی نادادی و نایەکسانی و ناشەفافییە دروستکراوەی کە بە زۆر سەپێنراوە، تاکەکان بە هاوکاری هونەر دەتوانن بوون بۆ خۆیان بگێڕنەوە و لەوێشەوە پەی بە تەواوی حەقیقەت و ڕاستییەکانی تریش ببەن. هونەر ئەو پەیامە باڵا و سۆپەرمانەیە دەتوانێت تاکەکان بە شێوەیەک ئاڕاستە بکات، کە بتوانن پەتی کۆیلایەتی و ڕازی بوون بە قەدەر بپچڕێنن و لە ڕێگەی هونەری ڕەسەنەوە سەر بە خۆیان بن. ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە وەک چۆن فیکر خورافیات و خەیاڵ و ئەفسانە قاو دەدات، ئەوە بە دڵنیایییەوە داهێنەری هونەرمەندانەش دەتوانێت هەمان ڕۆڵ بگێڕێت، بەئاسانی توانای ئاشکرا کردنی لایەنە تەڵخ و ناڕۆشنەکانی هەیە، دەتوانێت ڕاستیی بوونمان بۆ بدۆزێتەوە. هونەر ئەو فریادڕەسە حەقیقیەیە نەک “واتای بوون” بەڵکوو “ڕاستی بوون”یش بەگشتی ئاشکرا دەکات.
پەراوێزەکان
1    د. محەمەد کەمال، فەلسەفەی هونەر، چاپی یەکەم، ٢٠١٧ -سلێمانی
2    مارتن هایدگەر، بوون و کات، و: د.محەمەد کەمال، چاپی یەکەم، ٢٠١٣-سلێمانی
3    مارتن هایدگەر، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٤٤-٢٤٥
4    مارتن هایدگەر، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٤٥
5    د.مستەفا غالب، فردرش نیتشە، و: سامان عەلی حامد، چاپی یەکەم، ٢٠٠٨-سلێمانی
6    ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، هونەر و حەقیقەت، ٢٠٠٨ -سلێمانی.
7    ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٥٣
8    ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٨٢
9    ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٨٣
10    د. محەمەد کەمال، فەلسەفەی هونەر، لاپەڕە ١٣٠
11    د. محەمەد کەمال، فەلسەفەی هونەر، لاپەڕە ١٣٦
12    د.محەمەد کەمال،  هایدگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی، چاپی یەکەم، سلێمانی ٢٠٠٧
13    نالی، دیوانی نالی، کۆڕی زانیاری کورد، بەغداد ١٩٧٦، لاپەڕە ١٨٨.
The post هونەر وەک ڕاستیی بوون لای هایدیگەر appeared first on ژنەفتن.
نیچە و نیهیلیزم
ئەمە دەقی وانەوتارێکی پرۆفیسۆر (شارل ڕۆبەن)ی فەڕەنسییە بە ڤیدیۆ بڵاوی کردووەتەوە.
ڕۆژتان باش
کاتێک باسی نیچە دەکەین، بە بەردەوامی ڕووبەڕووی کۆنسێپتێک دەبینەوە، کۆنسێپتێک زۆر جاران بە چەوتی تێی گەیشتووین. بەلام ناتوانین تێی نەگەین ئەگەر بمانەوێت بەڕاستی لە جەوهەری فەلسفەی نیچە تێ بگەین. ئەو کۆنسێپتەش نیهیلیزمە. خۆ ئەگەر بمانەوێت باش لە کۆنسێپتی نیهیلیزم تێ بگەین لای نیچە، گەورەترین هەڵە ئەوەیە بەدوای مانای ئەو وشەیەدا بگەڕێین لە فەرهەنگدا، لەبەر ئەوەی پێدەچێت ئاراستە و مانای گشتیی نیهیلیزم دەگەڵ ئەوەی نیچەدا تەواو دژ بەیەک بن. ئەگەریش لە ناوەرۆکی وشەکە تێ نەگەین ئەوا ناتوانین لەو هەقیقەتە تێ بگەین کە لەپشتی وشەکەوەیە، گەر لە هەقیقەتی مانای نیهیلیزم لای نیچە تێ نەگەین، ئەوا دەکەوینە تەنیشتی ناوەڕۆکی پتەوی ڕەخنەکانی، ئەو ڕەخنانەی ڕووبەڕووی جیهانی مۆدێرنیان دەکاتەوە، بۆیە ناتوانین لە وەڵامەکانی بۆ جیهانی مۆدێرنتێ بگەین.
ڕخنەی نیچە چییە لە جیهانی مۆدێرن؟
باشتر وایە بڵیین؛ جیهانی مۆدێرنی ئەوروپی. رەخنەی نیچە ئەوەیە کە ئەوروپا میراتی بەهای مەرگاوییە، کوشندەیە، قڕتێخەرە. ئەمەیە ڕەخنەی نیچە لە ڕۆژهەڵاتی مۆدێرن لە سوقراتەوە هەتا ئەمڕۆ، هەڵگری بەهای مەرگاوی. بەڵام ئایا ئاوەڵناوی مەرگاوی بە مانای چی دێت؟ ئایا لە هزری نیچەدا مانای چی دەدات؟ لەوانەیە ئێوە وەهاتان باوەڕ بێت کاتێک نیچە باسی بەهای مەرگاوی دەکات، ئاماژە بە جەنگ بکات، یان وێرانکاریی سروشت و ژینگە. نوح هەراری لە کتێبی ساپیاندا هەردەم باسی مرۆڤ دەکات وەک بوونەوەرێکی ڕەشەکوژ، مرۆڤ بوونەوەرێکی داڕمێنەرە و دژواریی تەواوکەریەتی، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی ناتوانین بە مێژوو بیسەلمێنین کە ڕۆژئاوا دەزگایەکی داڕمێنەر و ڕەشەکوژ بووە لەسەر گۆی زەوی. ئایا ئەمەیە کە نیچە دەیەوێت پێمانی بڵێت؟ نەخێر. بەهای مەرگاوی لای نیچە هیچ پەیوەندی بەم بیرۆکەیەوە نییە، دەتوانین بڵیین بە تەواوی پێچەوانەکەیەتی. بەهای مەرگاوی لای نیچە ئەو بەهایانەن کە لێیانەوە ئێمە گوزارشت دەکەین بە دژایەتیکردنی بەهای بەگوڕ، بەهای بنچینەیی. بەهای بەگوڕ چییە؟ بەهای بەگوڕ ئەو هێزەیە کە هەموو شتێکی زیندوو دەبزوێنێت و هاندەریەتی بە درێژەدان بە بوونی.
هەندێک لە ئێوە هەستتان بەوە کردووە کە ئەو هێڵی باسانەی دەیبینیەوە لای زۆر لە نووسەران، یان هەموو ئەو شتانەی بوونیان هەیە، هەموویان لەلایەن هێزێکەوە دەبزوێن. لای شۆپنهاوەر ئەو هێزە ناوی “ویست”ە، لای سپینۆزا “کۆناتوس-زانین”ە، لای فرۆید هێزی “هەژێن”ە، لای نیچە ئەو هیزە ڕاکێشەرەی کە جیهان دەبات بەڕێوە و شتەکان بە یەکدا دەکێشێت و کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەنە لە هەناوی جیهاندا، ئەو ناوی ناوە “ویستی هێز، ئیرادەی هێز”، خۆ ئەگەر لە ویستی هێز تێبگەین ئەوا دەتوانین لە هەمان کاتدا لە نیهیلیزم تێ بگەین، لەبەر ئەوەی نیهیلیزم بەرپەرچدانەوەی بەهای ویستی هیزە.
بێشک بۆ ڕوونکردنەوەی هەموو ئەمانە، دەبێت زۆر شتتان بۆ باس بکەم. پێیش هەموو شتێک با تابلۆیەکی ئەنتیکیتێ بهێننە بەرچاوی خۆمان، چی لەو تابلۆیەدا دەبینین؟ لەو تابلۆیەدا خوداوەندەکان، نیوەخوداوەندەکان، زیوس دەبینیەوە لەگەڵ پەنجا خاتوونەکانی، زیوس کە کاتەکانی بە دژایەتیکردنی لەگەڵ باوکیدا بەسەر دەبرد، هەروەها پرۆمێتێش دەبینینەوە، پرۆمێتێ کە سزا درابوو بەوەی هەموو ڕۆژێک جگەری بخورێت لەلایەن داڵێکەوە لەبەر ئەوەی ئاگری پیرۆزی خواوەندەکانی دزی بوو. لەناو ئەو تابلۆیەدا ئەندرۆژینەکان دەبینینەوە، ئەو بوونەوەرانەی لە هەمان کاتدا نێرینە و مێینەش بوون، بووبوون بە دوو بەشەوە بەهۆی ئەوەی بەرەنگاریی خواوەندەکان بووبوونەوە، سزا درابوون بەوەی هەموو ژیانیان بە دوای نیوەی دابڕاوی جەستەیاندا بگەڕێن. لە بەرەی  مرۆڤیش، پاڵەوانی تراژیک دەدۆزینەوە، پاڵەوانی تراژیک کە لەژێر ویستی خوداوەندەکاندان، کە لەنێوان پێبەندی مۆراڵ و پێبەندی سۆز و خۆشەویستیدا دابەش بوون، کە لە بێهیوایدا خۆیان دەکوژن، لەبەر ئەوەی گوشاری سۆز و خۆشەویستیی زۆر بەهێز و کاریگەرە لەواندا.
ئەم نەخشە دیوارییەی بۆم باس کردن، نەخشە دیواری ژیانە، تابلۆی هیزی هەژێنە کە لە ئێمەوە گوزارشت لە خۆی دەکات و ڕەوشی ئێمە ڕوون دەکاتەوە. ژیان پشوودان نییە، ژیان بزاوتنە، بە پێناسە بزاوتنە. ئەگەر ئەم تابلۆیە وەک تابلۆی ژیان دەچوێنین بە مەبەستی وەرگرتنی بارێکی حەقدار نییە بە خود، مەبەستیش ئەوە نییە بڵێین؛ ئەمە خراپە یان باشە، دەبێت بڵێین؛ ئاوەهایە، بمانەوێت و نەمانەوێت ئەوە ژیانە کە وەها مەرجدار کراوە، بەرپەرچدانەوەی هیچ ناگۆڕێت لەوەی کە وەهایە. ئەمە تابلۆی ژیانە، ئەم تابلۆیە ئەو ویستە بەهێزەیە کە نیچە دەیەوێت ئاهەنگی بۆ بگێڕێت، دەیەوێت ئاهەنگ بۆ ژیان بگێڕیت لەژێر هەموو شکڵێکیەوە، ژیان لە خێوی بێشوماری جیاوازیدا، ئەو ژیانەی کە دەمانگریێنێت و دەمانخاتە پێکەنین، کە حەزمان لێیەتی و قینمان لێیەتی، خۆمان دەپارێزین یان دەکوژین، ژیان بە هەموو بەرز و نزمییەکییەوە. ژیان بەرز و نزمییە لەبەر ئەوەی تێپەڕبوونی وزەیە بە ماتریاڵدا، ژیان وەک زەوییەکی شاخاوی ڕووکەشی بومەلەرزە و بورکانی پێوە دیارە. ئەگەر دەیچوێنم بە تابلۆیەکی ئەنتیکیتێ، بە میتۆلۆژی و تراژیک، لەبەر ئەوەی ژیان بۆ نیچە وەهایە، لێزمە و لافاوێکە بە یەکدا دەکێشن، کۆنسێرتێکی بەتینە هەرگیز واز لە جیهان ناهێنێت بە بێ پشوو. گەیشتن بە پشوو ئاواتی بوون نییە بە بیری نیچە، ئامانجی بوون تەنها یەک ئامانجە ئەویش ژیان بەسەربردنە، لە باوەشکردنی ژیانە، گوشینیەتی هەتا لەهۆشچوونی، ئاهەنگێڕانە بۆی هەتا شەکەت بوون.
پیاهەڵگوتنی نیچە بۆ تراژیدیی ئەنتیک، لەوەوە ڕەگی داکوتاوە کە تراژیدی ئەنجامگیری جوانی باری ژیانی مرۆڤە، بارێکی ژیان کە دیاری کراوە، داخ کراوە بە تێکۆشان لەنێوان سۆز و ئەقڵ و سەرکەوتنی هێزی ناڕاسیۆنێل، ئەو تراژیدییە بریتییە لە بەیەک گەشتنی دیۆنیزیاک و ئەپۆلینیان، یەکگرتنی نێوان مەستی و ئەندازەیە، ناوەخنی ژیان دیۆنیزیاکە، ناوەڕۆکی ژیان هێز و هەروەها بێئاراستە و ئەنارشیکە. ئەپۆلۆی ژیر،  ئەپۆلۆی ڕێکخەر و ئۆرگانیزەکەر ئاراستە دەخاتە ناو ئەوەی لە بنەڕەتدا نەیبووە. مۆرالیستەکان ئەپۆلۆ دەپەرستن، بەڵام نیچە لە بەرەی دیۆنیزۆسە. لەبەر ئەوەی ژیان خۆی ئاراستەیەک و مەبەستێکی تری نییە لەوەی کە هەیە. لەبەر ئەوەی بێهودەیە باوەڕمان بە ئەپستراکسیۆنی میتافیزکیکە ئامانجی بەلاڕێ بردنمانە لە ئەپسوردیتێی ڕادیکاڵی، بۆیە دەبێت پەلەپروزکێ بە ژیانکردن بدەین، بە توندی بژین، بژین وەک ئەوەی ئارەزوی ئەوە بکەین ژیانمان هەردەم دووبارە دەبێتەوە.
وەها بیر دەکەینەوە کە لاوازیی تەندروستی نیچە، گەیاندوویەتی بە جۆرێک لە شەیدابوونی بۆ ژیان، لەبەر ئەوەی نیچە خۆی دەڵێت؛ فەلسەفەکەمان بەرهەمی جەستەمانە، ئەوە جەستە(فیزیۆلۆژی)یە کە دەروون(پسیکۆلۆژی)مان دیاری دەکات. ژیانی جەسەتە، ژیانی قووڵاییە کە شکڵێک دەدات بە ژیانی بیرۆکەکان، ئەو هەرەهەستەوەرییەیە، بەهێزیەی ژیانە، ئەو دڵ خۆشییەیە بە ژیان کە نیچە وەهای باوەڕە هەزارەها ساڵە حوکم دراوە، سزای دراوە. نیچە وەهای باوەڕە کە مێژوو دژی شاگەشی بە ژیان دەوەستێتەوە، مرۆڤ دژی دەوەستێتەوە، بۆچی دژی دەوەستێتەوە؟ لەبەر ئەوەی شارستانیەتەکەمان وەهای فێر کردووین کە دژی بوەستینەوە، لەبەر ئەوەی شاگەشی بە ژیان، بەگوڕ تێکشکاوە لەلایەن هەموو سیستەمەکانەوە بە بەهای زاڵی خۆیان لە سەردەمی ئەنتیکیتێوە.
چ شتێکی هاوبەش لەنێوان ئەم سیستەمانەدا هەنە؟ ئەگەر بیرۆکەی باشە بریتی بێت لەو باشەیەی کە لەلایەن خوداوە نێردراوە، یان باشەی سوقرات و پلاتۆ، باشەی مۆراڵ و باشەی سیاسی. هەموو سیستەمە بەهادارەکان، هاوبەشن لە بیرۆکەی باشەدا، خۆ ئەگەر مانای باشە فرەمانایە و هەندێک جار هاودژن، بەڵام ئەم ئاماژەکردنە بە باشە هەردەم چەسپاو بووە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا.
لێرەدا تووشی تەنگژەیەک دەبینەوە، تەنگژەیەکی گەورە، چونکە کێ بڕیار لەسەر باشە دەدات و باشەمان بۆ دیاری دەکات؟ بە چ داخوازییەک سیستەم باشە و خراپەمان بۆ دیاری دەکات؟ ئەم پرسیارەیە کە نیچە ڕووبەڕووی خۆی دەکاتەوە؛ کێ بڕیار لەسەر باشە دەدات؟ وتراوە کە ڕێزگرتن لە دەوروبەرت باشەیە و کوشتن خراپەیە، زۆر باشە، بەڵام بۆچی؟ وتراوە کە داڕمان خراپەیە و پەنابردنە بەر هێز خراپەیە، بۆچی؟ کێ سنووری ڕێگەپێدانی ڕەوا و ناڕەوا دیاری دەکات؟ کاتێک ئەم پرسیارە دەکەین نیچە دەزانێت کە پرسیارێکی یەکلاکەرەوە پێشنیار دەکات، نیچە دەزانێت کە پرسیارێک دەکات وەڵامەکەی لەوانەیە ناوبژیوانی بێت، لەبەر ئەوەی ئاشکرایە کاتێک ئێمە دەڵێین ئەو شتە باشە، لەبەر ئەوەی باشە بەگوێرەی باوەڕی ئێمە. باشە شتێکی گومان لێ نەکراوە بەپێی ئەو باوەڕەی کە تێیدا دەژین، شتێکی تەواو سەربەستە لە ڕوانگەی مرۆڤەوە. وەک ئەوەی باشە بیرۆکەیەک بێت بە سەروومانەوە فڕەی باڵی بێت. لێرەدا فکرەی پلاتۆنی دەدۆزینەوە، پەیوەندیی بیرۆکە ئاسمانییەکان، ئەو بیرۆکانەی کە دەبنە بیرۆکەی نەگۆڕی ڕاستەقینە کە بوونیان هەیە بە سەربەخۆیی و جودا لە ئێسپری مرۆڤ، بەڵام نیچە هەموو ئەم بیروباوەڕ و بۆچوونە هەڵدەوەشێنێتەوە، بۆ نیچە بیرۆکەکان هەقیقەتی میتافیزیکی لە سەرووتربوونیە، بیرۆکەکان بوونەوەر نین بە سەروومانەوە، بیرۆکەکان بەرهەمی بەرژەوەندییەکانمانن، ئەمەیە کە نیچە دەیەوێت پێداگری لەسەر بکات، بیرۆکە و بەهاکان تەرجومەی بەرژەوەندییەکانمانن، بە هەمان شیوە کاتێک ئێمە ڕەچاو لە مێشولە دەکەین وەک زیندەوەرێکی زیانبەخش، لەبەر ئەوەی بێزارمان دەکات، بە هەمان شیوە بە خراپ و زیانبەخش ڕەچاو لە هەموو کارەکانمان دەکەین کە لایەنگری بەرژەوەندییەکانمانن، لەبەر ئەوەی وەک بوونەوەری خاوەن هەست، بوونەوەری تواناهەستکەر بە ئازار، ئێمە هەموو ئەو شتانە دەخەینە بەرەی خراپەوە کە ئازارمان دەدەن. با لە دژوارییەوە دەست پێ بکەین، ئەگەر ئێمە دژواری دەخەینە بەرەی خراپەوە لەبەر ئەوە نییە کە لە سەرووی ئێمەوە کۆنسێپتێکی خراپە هەیە و دژواری دەقێکیەتی. حوکمدانی دژواری لە بوونەوەرێکی میتافیزیکی و ئەپستراکتەوە نایەت، تاوانبارکردنی دژواری لەوەوە ڕەگی داکوتاوە لەبەر ئەوەی ئێمە دەیچەژین، لەژێر کاریگەریداین و نامانەوێت بیچەژین، بۆ نیچە ئەمەیە سەرچاوەی کۆنسێپتی مۆراڵەکانمان؛ تەرجومە لەژێر شکڵی بەها، بەڵام لە ڕاستیدا هاوبەشە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانمان. بەو بۆنەیەوە ژێرێمی بانتام دامەزرێنەری ئوتیلیتاریسم (utilitarisme) کاتێک دەیگووت”هەموو سیستەمە مۆراڵییەکان ئەو سیستەمانەن خۆشگوزەرانی مرۆڤ مەکسیمیزێ دەکەن بە شیوەیەکی ناڕاستەوخۆ، لەبەر ئەوەی ئێمە ئارەزووی خۆشگوزەرانی دەکەین و دژی ئازار دەوەستینەوە بۆیە کۆنسێپتە مۆراڵییەکانمان دەگونجێنین دەگەڵ ویست و کاریگەریی جەستە” ئەوەش بۆ نیچە یان بۆ ژێرێمی بانتام ئەفراندنی ئەنتەلێکتە، پێش هەموو شتێک وەڵامی ویست و پێویستیی جەستەیە، بە بیری ئەوان تەواو دووڕووییە کە بڵێین؛ کۆنسێپتە مۆراڵەکانمان سەربەخۆن بە پەیوەندیی جەستەوە، دووڕووییە ئەگەر بڵێین بەها مۆراڵەکانمان بێ مەیلن، بەها مۆراڵەکانمان بێلایەن نین، بەرهەمی تەکانێکی خۆڕسکانە نین بە مۆراڵیتێ، ئێمە خاوەنی مۆراڵی ئاواتی فیزیۆلۆژین. بۆیە ئەگەر دژی دژواری بوەستینەوە، بیخەینە بەرەی خراپەوە، لەبەر ئەوەی گەرەکمانە لە بنەڕەتەوە خۆمان لادەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی، ئەوەیە کە ناومان ناوە؛ هەڵوەشاندنەوەی یەکپارچەییمان، ئەگەر فیزیکی بێت یان مۆراڵی، کە دەسازێت بەرامبەر بە فۆرمەڵەکردنی قانونی بەرپەرچدانەوەی زگماکیمان بەرامبەر بە دژواری. ڕاستە دژواری لە چەندەها سیستەمی بەهاداردا دۆزراونەتەوە، بەڵام کاتێک بوونی هەیە بە شێوەیەکی گشتی وەک سەروبەندی سزادان، دژواری بەکار دەهێنین بۆ سزادانی تاوانێک یان کەتنێک، جۆرێکی ترە لە گوتنی ئەوەی کە مۆراڵ جێگای سزادراو  دەگرێتەوە کاتێک باسەکە سزادانە.
بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ خراپە و کۆنسێپتی مۆراڵی خراپە، نیچە لە خستنەڕووی مۆراڵی دژواری، مۆرکی لایەنگری فەلسەفی هەست پێ دەکات. ئەو لایەنگرییە فەلسەفییەش گرفت بۆ نیچە دەنێتەوە، چونکە بریتییە لە لایەنگری دژی ژیان خۆی. لەم حوکمدانە مۆراڵییەی دژواری، هەست بە قەمعێک بۆ جەوهەری ژیان خۆی دەکات، بەم حوکمدانە مۆراڵییەی دژی دژواری، نیچە هەست بە داپڵۆساندنی جەوهەری ژیان دەکات، چونکە بینیمان ژیان دژواریشە، هەروەها هێزێکە کە گوزارشت لە خۆی دەکات، کەواتە حوکمدان بەسەر گوزارشتی ژیاندا واتە حوکمدانی ژیان خۆیەتی، ئەمە هاندەرە بۆ نیچە کە بڵێت: مۆراڵ داهێنانی لاوازەکانە. لێرەدا باسی مۆراڵ دەکەم بەو مەبەستەی بەرگوێمان دەکەوێت، ئەو مۆراڵەی لە کریستیانیزم و ئیومانیزمەوە هەڵدەقوڵێن، ئەو مۆراڵەی بەرگری لە لاوز دەکات و  پەلاماری بەهێزەکان دەدات، ئەوەی نیچە ناوی ناوە؛ مۆراڵی کۆیلەکان، مۆراڵی کۆیلە بە هاوشیوەی مەڕ کە باڵندەی ڕاوکەر بە دڵڕەق دەناسێنێت، نەک لەبەر ئەوەی لە سەرووی جیهانەوە شتێک بوونی هەیە کە ناوی دڵڕەقییە، لەبەر ئەوەی کە کە باڵندەی ڕاوکەر لەسەر بەرخ دەژی، لەبەر ئەوەی کە بەرخ نایەوێت بخورێت بۆیە چەمکی خراپەکار هەڵدەبەستێت، لەبەر ئەوەی لە گۆشەنیگای بەرخەکەوە، خراپە باڵندەی ڕاوکەرە، خراپە ئەوەیە کە ژیانی ئەوی دەوێت. با بیهێنینە بەرچاوی خۆمان کە باڵندە ڕاوکەرەکە دەکەوێتە ناو گێژەڵوکەیەکەوە، ئایا باڵندە ڕاوکەرەکە دەڵێت؛ گێژەڵوکەکە دڵڕەقە و خراپەکارە؟ لەوانەیە و بێشک. ئەگەر وەها بیر دەکاتەوە لەبەر ئەوەی باڵندەی ڕاوکەر لەو کاتەدا لەژێر هێزی دژواری گێژەڵوکەکەدایە. بۆ نیچە، ئێمە حوکم بەسەر ئەوەدا دەدەین کە لەژێر کاریگەریداین، ئەیچەژین. ئەگەر مۆراڵ سزای تێکۆشان دەدات، لەبەر ئەوەی ئەفرێندەرەکانی مۆراڵیش دووچاری هێزی کۆشش دەبنەوە.
لێرەوە سێ ڕخنەی نیچە دەبینینەوە بەرامبەر بە مۆراڵ، یەکەمیان ئەوەیە کە ناوبژیوانە، چونکە مۆراڵ شتێکی تر نییە جگە لە ماسکی بەرژەوەندیی مرۆڤ، بە جۆرێکی تر، بە قازانجی لاوازانە. دژی دژواری ناوەستینەوە لەبەر ئەوەی کە ناپەسەندە، لەبەر ئەوەی حوکم دەدەین بەسەریدا کە ناپەسەندە بۆیە دژی دەوەستینەوە.
دووهەمیان، ئەگەر مۆراڵ ناوبژیوانە، کەواتە ڕێژەییە، کەواتە ئەگەر مۆراڵ ڕێژەییە ئێمە هەڵەین وەک ڕەها ڕەچاوی لێ بکەین، واتە ئێمە هەڵەین کە جیهانی رابردوو زیندوو بکەینەوە بەو باوەڕەی کە ئێمە خاوەنی جەوهەری باشە و خراپەین. لەبەر ئەوەی باشە و خراپە لەدەرەوەی هزری ئێمە بوونی نییە، مۆراڵ شتێک نییە لەو دیو جیهانی فیزیاییەوە بوونی هەبێت، مۆراڵ وەک هەقیقەتێک لەسەرەوە بوونی نییە، ئەفرێندراوێکی دەروونییە کە دەیەوێت خۆی وەک لە سەرووترەوە بناسێنێت، ئەمەش زەبرێکە لە هەموو میتافیزێکێکی باشە.
سێهەمیان ئەو خاڵەیە کە لە سەرەتاوە باسمان کرد ئەوەیە کە مۆراڵ مەرگاوییە، مەرگاوییە لەبەر ئەوەی دژی جەوهەری ژیانە، دژی دڵی جیهانە کە ناتوانرێت جیا بکرێتەوە لەوەی کە ژیان ئەشکەنجە و لەزەتە، خۆشی و ئازارە، خراپە و باشەیە. بەها و بیرۆکەی لا پەسەندترە لە ژیان کە لەسەر هیچ بنەمایەک دانەمەزراون، ئەگەر نا ویستێکی منداڵانەی باوەڕدارییە بە بوونی جیهانێکی بەسەرچوو.
ڕیزگرتن لەوی تر لەسەر چی بەندە؟ ئایا لەسەر باوەڕداری بە بیرۆکەی باشەیە کە ناچارم دەکات ڕێز لەوەی بەرانبەرم بگرم بەبێ هۆکارێکی تر؟ نەخێر، ڕێزگرتن لە کەسی بەرانبەر لەسەر ترس بەندە، ڕیزگرتن لەوی تر لەسەر ترسنۆکی بەندە. لەسەر ئەو ترسنۆکییەی کە دەیەوێت ڕێز لە یەکپارچەیی و ڕیگاچارەیەکی تری نییە ئەو داواکارییەیمان بەسەردا بەسەپێنێت جگە لە هەڵکۆڵینی نەبێت لەناو قانونی مۆراڵدا. ئەوەی کە پێویستی پێیە ویستی خۆی لە قانونی مۆراڵدا بنووسێتەوە، ئەگەر نا دەزانێت کە ویستی جێبەجێ ناکرێت. قانونی مۆراڵ بۆ لاوازانن، قەڵغانە دژی دەستێوەردان، تەنانەت قەڵغانێکی ئاوێنەییە، چونکا بینیمان کاتێک دژواری جلکی ڕەواداری، قانونی دەپۆشیت، ئەویش سزادانە. وەک لە بایبڵدا هاتووە “هەرکەسێک شمشێر ببینێت، بە شمشێر کۆتایی دێت”. دەتوانین ئەم پەندانە وەک ئاگادارییەک تێبگەین دژی پەرەپێدان بە دژواری، هەروەها دەتوانین وەک ئاگاداری سزادانیش تێی بگەین. با هەر لە پەندەکاندا بمێنینەوە، کاتێک دەڵێین “ئەوە مەکە بە کەسی بەرانبەرت ئەگەر ناتەوێت ئەویش هەمان کار بکاتەوە بەرانبەر بە تۆ”، ئەمە پەندەمان ناو ناوە؛ قانونی ئاڵتونی، ئەم فەلسەفە مۆراڵانە لە زۆربەی ترادیسۆنە جیهانییەکاندا دەدۆزینەوە، کاتێک دەڵێین “ئەوە مەکە بەرانبەر بە کەسی نزیکت کە ناتەوێت شتێکت بەرانبەر بکاتەوە، لەبەر ئەوەی ناتەوێت ئەو شتێکت بەرانبەر بکات کە تۆ بە خراپەی لە قەڵەم بدەیت. لێرەدا تێدەگەین لە تەنگژەی جۆری فۆرمەڵەکردنی قانونی مۆراڵ و سیستەمی بەهاداری بە شیوەیەکی گشتی، ئەوەیە کاتێک پرەسنیپێکیان تێدا دەدۆزینەوە ئەو پرەنسیپە بەستراوەتەوە بە ویستی خۆلادان لە گورزێک. شتێک بنیات دەنێین، دوولایەنی دادەمەزرێنینەوە کاتێک دەترسین ئەوی بەرانبەرمان گورزێکمان لێ دەوەشێنێت. لێرەوە تێ دەگەین کە بیرۆکەی مۆراڵێکی بێلایەن ناکۆکە لە خۆیدا. بۆ نیچە ئەمە ناکۆکە لەگەڵ خۆیدا، کۆنترادیسیۆنێکی نەشیاوە تەنگژە دەنێتەوە لە بەهای خۆماکی کۆنسێپتە مۆراڵەکان. بەهای کۆنسێپتی مۆراڵەکان بوونی نییە لەبەر ئەوەی کۆنسێپتە مۆراڵەکان بەرهەمی پسیکۆلۆژیی لاوازەکانن. لاوازەکان، لەبەر ئەوەی دەیانەوێت خۆیان لە بەهێزەکان بپارێزن، لێشیان تێدەگەین.
پۆزلێدان بە بەهای بێمەرج، پرەنسیپی پارێزگاریکردنە لە خود پێش هەموو شتێک. مۆراڵ داهێنانێکی بەرگریکردنە لە خود نەک هەقیقەتێک لە خۆیدا. بۆ نیچە نیهیلیزم ئەندامێتییە لە سیستەمێکی بەهاداری بنیاتنراو لەسەر باوەڕبوون بە بوونی مۆراڵێکی لە ڕادەدەرچوو.
لە سەرەتاوە وتم ئەو داوەی کە نابێت تێی بکەوین ئەوەیە کە مانای نیهیلیزمی نیچە تێکەڵ بکەین لە ماناکەی لە فەرهەنگدا، لەبەر ئەوەی لە فەرهەنگدا بە مانای بەرپەرچدانەوەی هەموو بەها کۆمەڵایەتی و مۆراڵییەکانە، بە شێوەیەکی سادە دەتوانین بڵێین؛ باوەڕبوون بە هیچ. لێرەوە دەتوانن بڵێین؛ کەواتە هیچ تێنەگەشتین، پێمان دەڵێن کە نیچە ڕەخنە لە نیهیلیزم دەگرێت و گاڵتە و سووکایەتی پێ دەکات بەڵام لەم چیرۆکەدا وای دەبینین کە نیچە نیهیلیزمە، لەبەر ئەوەی ئەوە نیچەیە کە دژی دەسەڵاتی بەهای مۆراڵە، ئەوە نیچە کە ناپیرۆزی بە بەهاکان دەکات، کەواتە ئەمە مانای چییە؟ کێ نیهیلیستە لەم چیرۆکەدا؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە هەردووکیانن، هەردووکیان، بەڵام بە هەمان ئاراستە نا. ئا لێرەوە دەبێت ئاگادار بین لەوەی کە لە ڕاستیدا دوو نیهیلیزم هەنە لای نیچە. یەکەم نیهیلیزم بەرپەرچدانەوەی سیستەمی بەهای دامەزراوەکانە، بەرپەرچەدانەوەی دەسەڵاتی بەهای مۆراڵە، ئەوە نیهیلیزمی نیچەیە. واتە بەرپەرچدانەوەی پرەنسیپی سەرکەوتوو کە دەیەوێ حوکمی ژیانمان بکات بەپێی نرخدانان بەو حوکمەی گوایە خراپن یان باش، بە شیوەیەکی تر یەکەم نیهیلیزم ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی بەهادارە کە لەسەر باوەڕی جیهانی بەسەرچوو بنیات نراوە، لەو ڕوانگەیەوە نیچە بەتەواوی نیهیلیستە بەگوێرەی ئەم ڕوونکردنەوەیە چونکە بۆ ئەو بەهای مۆراڵ دروست کراوە، لەبەر ئەوەی دروست کراوە بۆیە دەبێت جێگە چۆڵ بکات بۆ دەرکەوتنی ئەپسوردیتێی ڕادیکاڵ. ژیان ئاراستەیەکی تری نییە لەوەی کە خۆی هەیەتی، ژیان ئاراستەیەکی تری نییە جگە لە دەستپێکردنەوەی بێ وچان نەبێت، لەبری گەڕانەوەی ئەبەدی. ویستی لە چوارچێوەگرتنی ژیان و پێدانی ئاراستەیەکی تر کە دەمانگەیەنێت بە داهاتوویەکی تر بە مانای داپۆشینی ڕووکەشی خودە لە بەردەم هەقیقەتی مەبەستمان، ئاراستەمان.
ئێمە ئیدۆل هەڵدەبەستین، بەها هەڵدەبەستین، خوداوەندەکان، جەوهەرەکانی پلاتۆنی، بەڵام هەموو ئەم دروستکراوانە کە دەیانەوێت ئاراستەیەک بپێکن حوکم دراون بە داڕمان، داڕمانی بەهاکانیش، ئەوەی نیچە ناوی ناوە؛ جیهانی ڕابردوو، دواکەوتوو، بیرۆکە میتافیزیکەکان، نیچە بە پێویستیان دەزانێت. هەرکاتێک بە سەرخۆماندا کڕ دەکەوین، خۆمان دەشارینەوە لە پشت جیهانی دواکەوتوو وەک چۆن منداڵان پەنا دەبەنە بەر جیهانی خەیاڵ، ژیان ڕەت دەکەینەوە، ئەوە ڕەت دەکەینەوە کە بەڕاستی بە بەهایە، هێز و بەرز و نزمی ڕەت دەکەینەوە، سۆز و تراژیدی ڕەت دەکەینەوە، تراژیدییەک ڕەت دەکەینەوە کە دەمانترسێنێت لە بری ئەوەی ترس خۆی بگرینە باوەش، لەبەر ئەوەی بە بیری نیچە هەموو شتێک لە ژیاندا دەبێت بخرێتە باوەش.
بۆ نیچە بەها و دەستوور دیکۆرێکی میتافیزیک و ئەلیمەنتی دیکۆرێکی هەڵبەستراو و دەستکردن. کاتێک نیچە بیرۆکەکانی دەنووسێت، دەستنیشانی ئەو ساتە دەکات کە هەموو ئەو جیهانە دواکەوتووانە دادەڕمێن، لەو جیهانە دواکەوتووەدا لە پێش هەموویانەوە خودا. ئەو ڕستەیەکی کە نیچە گۆی دەکات لە کتێبی (gai savoirLe)، داهاتووبینانەی داڕمانی بەهاکانە کە ئێمە دواجار بە چاوی خۆامان دەیانبینین. ئەگەر کەسایەتیی کتێبەکە وەها دیارە کە لە حاڵەتی پانیکدایە و سەرلێشیواو دیارە کاتێک ئەم هەواڵە بانگەواز دەکات، دەگەڵ ئەوەشدا وەک هەلی بنیاتنانەوەی بەهای نوێیە، دەڵێت: “خودا مرد! خودا بە مردوویی دەمێنێتەوە، ئێمە کوشتمان. چۆن خۆمان دڵنەوا بکەینەوە، ئێمەی بکوژی بکوژەکان؟ ئەوەی مرۆڤ هەتا ئەم ساتە خاوەنداری بوو وەک بەهێزترین و پیرۆزترین، خوێنی ڕۆچوو لەژێر چەقۆکانماندا، کێ دەمانشوواتەوە لەو خوێنە؟ بە چ ئاوێک دەتوانین خۆمان پاکژ بکەینەوە، چۆن خۆمان بکڕینەوە، چ یارییەکی پیرۆزی تر بە ناچاری بئافرێنین؟ بە توانایی ئەو ئاکتە ئایا زۆر لە سەروو توانامانەوە نییە؟ ئێمە ناچار نین خۆمان بەئاسایی ببینە خودا؟ تەنها بۆ ئەوەی وەک شایەنی ئەوان وەدەرکەوین؟”
خودا مرد، چونکە جیهانی ڕابردووی میتافیزیک کە مرۆڤایەتی بنیاتی نا، گەشتە شەکەتبوون، راسیۆنالیتێی تەکنیک وەهای کرد کە پەردە لەسەر ئەپسرودیتێی ژیان و بوون لا بدات، ئەگەر ئیمان کە بستراوەتەوە بە خوداوە هێشتا بەتەواوی نەمردووە و کۆتایی نەهاتووە، بەڵام هەرچۆنێک بێت حوکم دراون بە مردن وەک شیلە(sap)ی درەختێکی مردوو کە ناگاتە میوەکانی. بە سەرنجدان لەم وتەیە ؛ خودا مرد، نیچە ڕاپۆرتێکمان پێ دەدات، ئەویش پەکخستنی بیرۆکە دینییەکانە، لەوەوە هەموو ئەو مۆراڵانەی لێیەوە هاتوونەتە کایەوە. بۆ نیچە هەموو شتێک لەژێر حوکمی قانونی بەگوڕی گەشەسەندن و سیس بووندایە. چاکە و خراپە سەردەمی زێڕینی خۆیان ژیان، ئەمڕۆ کاتی پوچەڵبوونەوەیانە، دامرکاندنەوەیانە. بەداخەوە بوونە هەتیووی و بێئاراستەیی، مرۆڤی مۆدێرن خەریکی بنیاتنانی بەهای نوێیە، بەهایەک کە جارێکی تر مەرگاوی نابێت بەڵام بەگوڕە.
نیهلیزمی نیچە ئاهەنگێرانە بۆ ژیان، سەرکەوتوو بەسەر هەموو جیهانە پێشووەکان و هەموو بەها دەستکردەکاندا. لێرەوەیە کە دەگەینە دووهەم نیهیلیزم، ئەو نیهیلیزمەی دژایەتی کراوەتەوە لەلایەن نیچەوە، ئەوەی خۆی ئەژیێنێتەوە لە مۆراڵ و لە دیندا، واتە نیهیلیزمی ژیان، بەرپەرچدانەوەی ژیان و نەفیکردنی ویستی هێز. مەبەستی ویستی هێز پلیشاندنەوەی ئەوی تر نییە یان خزمەتکردنی، بریتییە لە ویستی هێزی ژیان کە خۆی بە توانا و بەهێزە، ژیان بەهێزە لە پێداگریدا، هێزێکە کە گاڵتە بەو چوارچێوانە دەکات کە لەلایەن مرۆڤەوە دروست کراون بۆ بەلادابردنی، خستنە لاوەی. لە گۆشەنیگای ویستی هێزەوە، لە گۆشەنیگای ژیان لە پێداگرییە پوختەکەیدا، ئەوە مۆرالیستەکانن کە نیهیلیستن، ئەگەر بەهای هەرە بەرز بریتییە لە ژیان، ئەگەر مۆراڵ بەربەستە لە بەردەم گوزارشتی ژیان، کەواتە ئەوە مۆراڵە کە نیهیلیستە، لەبەر ئەوەی ئەوە مۆراڵە کە بەرپەرچی ئەو بەها هەرە بەرزە دەداتەوە کە ژیانە.
ئەگەر نیچە شاگەشەیە بە داڕمانی بەها دامەزراوەکان، لەبەر ئەوەی تێیدا هەلێکی مێژوویی دەبینێت بە جێگۆڕکێکردنی بەهای مەرگاویی مۆراڵ بە بەهای بەگوڕی ویستی هێز. کەواتە جیاوازییەکی سروشتی هەیە  لەنێوان نیهیلیزمی پاسیڤی مۆرالیستەکان کە دەکشێنەوە لە بەردەم ژیان، لەگەڵ نیهیلیزمی ئەکتیڤی نیچە کە کۆشش دەکات بۆ ئەوەی ویستی هێز وەک بەهایەکی نوێ دامەزرێت، ئەوەی ناومان ناوە سەرەونوخونکردنی ڕادیکاڵانە(transvaluation)1ی بەهاکان، کە پێکهاتووە لە بەتێپەڕکردنی بەهای دووالیستی خراپە و چاکە بە قازانجی بەهایەکی یەکخەر، گرەدەر، کە ژیان خۆیەتی. ئەگەر نیچە نیهیلیستە لەسەر پلانی بەهای مۆراڵ لەبەر ئەوەی خەبات دەکات دژی ئەوەی کە دەیەوێت ژیان دەمکووت بکات. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە خۆمان ڕووبەڕووی هەمان نیهیلیزم نابینینەوە. نیهیلیزمی بەهێزەکان نەفیکردن، پێکدژی کردنی بەهاکانە، نیهیلیزمی بێهێزەکان نەفیکردنی ژیانە، نیهیلیزمی بەهێزەکان ڕەتکردنەوەی فۆرمەکانە، نیهیلیزمی بێهێزەکان بەرپەرچدانەوەی هێزە. لەبەر ئەوەی نیچە لە بەرەی ئەوانەیە کە بەرپەرچی فۆرم دەدەنەوە، بە جۆرێکی تر دەتوانین بڵیین کە ئەو دژی بەها و کۆنسێپتە میتافیزیک و مۆراڵەکانە و زیاتریش ڕێز لەو هێزە دەگرێت کە هیچ فۆرمێک ناتوانێت دژی بوەستێتەوە و سنوورداری بکات. سەرەونخونکردنی بەهاکان مانای دانانی بەهاکانە لە جێی خۆی (نەک بە پێچەوانەوە)، هەڵەوگێراوکردنی بەهاکانە بۆ خستنە سەرپێ، بێشک تێدەپەڕین بە فەزیلەتی شەڕانی و دژواریدا، بەڵام بە شیوەیەکی بنەڕەتی دەربازبوونە لە خۆداخستن لەناو کۆنسێپتێکدا. هێز، فۆرم تێدەپەڕێنێت، هێزی ویست سەر دەکەوێت بەسەر هەموو فەزیلەتێکی مۆراڵدا. ئەگەر بەهایەک بەهادارە، تەنها لەبەر ئەوەیە کە خاوەنی هێزێکە لێوەیەوە ویستی هێز خۆی مانیفێست دەکات. بەهایەک بەهاکەی نەبەستراوەتەوە بە ئایدیالێکی فەنتازیا یان دادپەروەری و باشی. بەها، بەهادارییەکە بەستراوەتەوە بەو هێزەی ئەیهەژێنێت، ئەیبزوێنێت. بەڵام بە باوەڕی نیچە بەهای دامەزارو لەلایەن ئارەزویەکی پتەواندنەوە ئەنیمێ نەکراون، بێگومان پتەودانی هێزی بەگوڕ ئەنیمێ کراون، بوژاونەتەوە، بە دژایەتیکردن. مۆراڵی کۆیلە، مۆراڵی دژایەتیکردنە بەرامبەر بە ژیان کە گوزارشت لە خۆی دەکات.
ئەگەر نیچە  کۆشش دەکات دژی مۆراڵی کاردانەوە، ئەو مۆراڵەی ئەفرێندراوە بە هەڵوێستی قانونی بەهێز، بۆ ئەوەیە بە مۆراڵێکی بڕیاردراو، بە مۆراڵێکی بەبێ گومان جێگای بگرێتەوە، مۆراڵی بەرزەمرۆڤ. نیهیلیزم ئەو کەسەیە کە بەرزەمرۆڤ ڕەت دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی نیهیلیزم دەترسێت و لەهەمان کاتدا ئێرەییبەرە بەو هێزەی کە خۆی ناسەپێنێت، نیهیلیزم ئەوەیە کە بێز لە هێز دەکاتەوە، لەبەر ئەوەیە کە بێز لە هێز دەکاتەوە لەبەر ئەوەی بێز جۆرێکە لە تەنها ڕیگاچارە بۆ شاردنەوەی لە هێزی بەهێزتر و ئارەزووی لێکچوونی، بۆیە نیهیلیزم هاوار بۆ ڕێز دەبات، هاوار بۆ یەکسانی دەبات، هاوار بۆ دادپەروەری دەبات، ویستی بەهێزی خۆی ڕووبەڕووی بەرپەرچدانەوەی، نەفیکردنی خۆی دەبێتەوە، نەییکردنی ئەوەی وەک هێزێکی بەگوڕ، بەبزوێن، هێزی یوستی خۆت کار دەکات بۆ داڕمانی خۆی، لێرەوەیە کە نیهیلیزم مەرگاوییە، نیهیلیزم پاشماوە و خەوش و خاڵی ویستی هێزە، بە تەواوی تەرخان کراوە بە خۆلەناوبردن، ئەمەیە یەکەمین تاوان ئەگەر تاوانێک بوونی هەبێت. نیچە حوکمی بەسەردا دەدات، نەفیکردنە لە ویستی هێز. نیهیلیزم سزادانی ژیانە. ژیان لەسەر زەوی سزادانێکە بەگوێرەی گوناحی یەکەم، بەڵام ئەوە ژیان خۆیەتی کە دەبێت سزا بدرێت بەگوێرەی نیهیلیزم، بەرامبەر بەمە نیچە ئاڵای خۆ بێخەتابارکردن بەرز دەکاتەوە، ئێستا و ئێرە بە بەرز دەنرخێنێت، خۆخستنە ناو ژیان بە بەرز دەنرخێنێت، لەبەر ئەوەی ژیان تەنها شتە کە سوورین لەوەی کە هەمانە، لێرەوەیە هەموو شتێک هەڵدەقوڵێن، کەواتە با ژیانمان خۆش بوێت تەنانەت ئەو ساتانەی کە خۆشی ناوێین.
سوپاستان دەکەم.
سەرچاوە
پەراوێزەکان
1     ترانسڤالیواسیۆن، کۆنسێپتێکی نیچەیە، کە وەهای باوەڕە، مۆراڵ، بەها رۆژئاواییەکان، لە بنەڕەتدا سەرچاوەیان لە بە پێچەوانەکردنی بەهاکانەوەیە، بۆیە دەبێت سەرەونوخون بکرێنەوە.
The post نیچە و نیهیلیزم appeared first on ژنەفتن.
ئەمریكادۆزیى تێكست
( ١ )
دواى سى ساڵ زیاتر لە بەكارهێنانى بەرفراوانى وشەى “ڕەخنە” Critique لە ئەدەبیاتى نووسینى ئێمەدا، هێشتایش ماناى ئەم چەمكە ساكار و نەخەمڵیو ماوەتەوە؛ ڕەنگە گرنگترین هۆكار ئەوە بێت كە لە ماوەى ئەو ساڵانەدا ڕەخنە لە كولتوورى زارەكیى ئێمەدا بە پرۆسەیەكى درێژى بەدەنگكردندا تێپەڕیووە كە دەرەنجام بەبێ ئەوەى لە كایەى فیكردا بەرەو گەشەكردن و میتۆدیزەبوونى زیاتر بڕوات، وەزیفەیەكى دەروونى لە قسەى زارەكیدا وەرگرت و وەك پەرچەكردار بەرامبەر بێدەنگكردنێك كە دەسەڵاتى كوردى دەیسەپاند، بوو بە زاراوەیەكى باو لەسەر زمانى خەڵكى ئاسایى، بەم هۆیەوە بە شێوەیەكى ئۆرگانیكى تێكەڵ بوو بە زمانى كڵێشەیى میدیاى پۆپۆلیستى و ماناكەى تەواو لە كایەى نووسین، كە بە بڕشتترین زەمینەیەتى، دوور كەوتەوە. ئەم مانا گشتى و ڕەشۆكییەى ڕەخنە پتر لە “گازاندە”، “ڕادەبڕین”، “دەردەدڵ”، “خاڵیبوونەوەى دەروونى” و هی ترەوە نزیكە كە بە گریمانەیى پەیوەندیى بە دۆخى ستەمكارى و ناعەدالەتییەوە هەیە، بەرهەمى پەیوەندییەكانى چەوساندنەوەیە لەنێوان “دەسەڵات/ كۆمەڵگە”، “حاكم/ خەڵك”ـدا. وەها مانایەك لە دواى ڕاپەڕین لە كایەى ڕۆشنبیرییەوە چووە نێو گوتارى عامییەوە و جۆرێك شكستى ئەو شتە بوو وا پێی دەوترێت “بەخشینى زمان بە چەوسێنراوان”.
فەلسەفە دژە-نواندنەوەكان anti-representation، لایان وایە نوێنەرایەتیكردن لە هەموو فۆڕمەكانیدا (چ نوێنەرایەتیى خودا بێت لەلایەن كەشیش و مەلایانەوە، یان نوێنەرایەتیى موتڵەق بێت لەلایەن پاشا و حاكمانەوە، نوێنەرایەتیى چینى كرێكار بێت لەلایەن حزبى ئاڤانگاردەوە، نوێنەرایەتیى خەڵك بێت لەلایەن پەرلەمانەوە، نوێنەرایەتیى گەل بێت لەلایەن گوتارى ناسیۆنالیستى یان ڕابەرى فاشیستییەوە؛ یاخود بەگشتى نوێنەرایەتى حەقیقەت بێت لەلایەن ئایدیاوە) خۆى بەشێكە لە چەوساندنەوە و هێندەی تر بێدەنگی بەسەر نوێنراواندا دەسەپێنێت. كەواتە ئەركى فەلسەفە و ڕەخنە ئەوەیە لەبریی دووان لەبرىیی ئەوانی تر و داڕنینى شەرعییەت بۆ گوتارى خۆیان لە ئازارى چەوسێنراوانەوە، بەشدار بن لە سازكردنى زەمینەى ئەوەى چەوسێنراوان، دوورخراوان، سەركوتكراوان خۆیان و بە ناوى خۆیانەوە بدوێن. تەنانەت فوكۆ هەوڵى بۆ ئەوە دا، نەك تەنیا ئەوانەى كە هۆشیارن و دەتوانن لۆژیكى بدوێن، بدوێن، بەڵكوو شێت و نەخۆش و زیندانییەكانیش بێنە قسە و بە زمان و زاراوەى خۆیان گوتاریان هەبێت؛ بێ ئەوەى ئەمە دووان بێت لەسەر قەرەوێڵەى دەروونشیكار (وەك لادەرى سێكسى)، یان لە كلینیكى دكتۆر (وەك نەخۆش)، یان لە بەردەم لێكۆڵەرى تاواندا (وەك تاوانبار). دۆلوز ئەو مافە لە پارێزەریش وەردەگرێتەوە كە لەبریى تاوانبار قسە بكات، لەبریی ئەوە ئەركى پارێزەر لەوەدا كورت دەكاتەوە دەرفەت بۆ ئەوە بڕەخسێنێت دەنگى ئەو كەسەى بە تاوانبار دانراوە، ببیسترێت. لە دواى ڕاپەرین و دروستبوونى دەسەڵاتى شلۆقى خۆماڵییەوە دەسەڵاتداران و خەڵك لێكترازان، ئیدى چاڵى دابەشبوونێكى بێپێشینە دەمى كردەوە؛ یەكەمیان بوو بە چەوسێنەر و دووەمیان بە چەوسێنراو (گەرچى پەیوەندییەكە لەم لۆژیكە تاكڕەهەندە ئاڵۆزترە). سەرەتا دەبوو چەوسێنراوان بێنە دەنگ، بەڵام نەیاندەزانى بە چ زمانێك خۆیان دەرببڕن. كایەى ڕۆشنبیرى، لە ڕێگاى ڕۆژنامەگەریى سەربەخۆ و ئەهلییەوە (بەتایبەتى هاووڵاتى و ئاوێنە و لڤین لە دەیەى یەكەمى دووهەزاردا)، شێوە زمانێكى پێبەخشین، واتە دەرفەتى ئەوەى بۆ ئاوەڵاكردن وتەى پەرشوبڵاوى گروپە كۆمەڵایەتییەكان كەمێك خۆیان كۆ بكەنەوە و كاریگەرتر بەرانبەر گەندەڵى و ستەم بێنە قسە، بەڵام ئەم زمانە لەلایەك وەك پێویست تۆكمە و بەبڕشت نەبوو، لەلایەكى تر لە ململانێى سیاسیى “پارتى و یەكێتى” و “دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن”دا لە هەموو پۆتێنشیەڵەكانى بەتاڵ كرایەوە. ئەم زمانە ناونرا “زمانى ڕەخنە”، كە هاوكات بوو لەگەڵ گۆڤارى “سەردەمى ڕەخنە”ى دواى گۆڤارى ڕەهەندەددا. مەبەستیش لەم زمانە ڕەخنەگرتن لەو كارخراپییە بوو كە ناو نراوە “حكوومەتى هەرێم”. هەر لەم كاتەدا زاراوەى “ڕەخنە” بەرەبەرە دەخزایە نێو كایەى میدیاى بینراو و بیستراوى ئۆپۆزسیۆنى پۆپۆلیستییەوە كە گوایە دەنگى خەڵكـیان دەگەیاند؛ هەمووان بڕوایان بەوە هێنا ڕەخنە ئەوەیە كە كەموكورتییەكانى حكوومەت دەربخەیت و بێ ترس هەموو شتێك بڵێیت. بەڵام چەندە دەوترا نەدەبیسترا؛ لەو كاتەوە لایەك هەر دەڵێت، تووڕە دەبێت، هاوار دەكات، دەپاڕێتەوە، داوا دەكات و لایەكەى تر هەر نایبیستێ و نایبیستێ.
پاراڵێڵ بەم زارەكیبوونەوەى ڕەخنە، پرۆسەى بە نووسینكردنى ڕەخنەى زارەكییش دەستى پێ كرد كە تێیدا كایەى نووسین بوو بە ڕەنگدانەوەى كایەى وتن؛ پیت بوو بە پاشكۆى دەنگ. لاى دێریدا نووسین لە جەوهەرى خۆیدا جیاوازە لە دەنگ؛ نووسین نووسینەوەى قسە نییە، بەڵكوو مومارەسەیەكى سەربەخۆى دەربڕینە كە لۆژیك و كەرەستە و مەرجى جودا لە هى قسەى هەیە؛ لەگەڵ ئەم جیاوازییەدا نووسین جیادوازیdifféranceـیشە خۆى كایەى بەرهەمهێنانى جیاوازییشە كە بەردەوام هەر وتنێكى پڕ مەدلول دوا دەخات. كایەى نووسینى ئێمە، دواى ئەوەى بەم پێچە دوو لۆچەى زارەكیبوونەوەدا تێپەڕى، بەتایبەتى دواى بڵاوبوونەوەى سۆسیال میدیا، بووە بە كایەیەكى دەنگەوەر، شوێنى وتن دەكەوێت؛ واتە فۆڕمێكى وەرگرتووە كە هەڵچوون و بێئارامى و دەرپەڕاندنى قسە لە سیفەتە سەرەكییەكانین و هاوكات مژدەى حزوورى مەدلول دەدات. لەم بەزارەكیبوونەوەیەدا زەبرى هەرە گەورە پێش هەر شتێكى تر بەر خودى ڕەخنە كەوت. ڕەخنە تێیدا، تەنانەت لە كایەى نووسینیشدا، بوو بە “وتن”، بە وتنەوە، بە وتنى بێ هەوانتە. بە جۆرێكی تر بیڵێین: ڕەخنە بوو بە زۆرووتن، بە زۆربڵێیى. لەو كاتەوە كەسانێكى دەگمەن هەبوون سەرنجى ئەوە بدەن كە زۆرووتن لەپێناو وتنى هەموو شتێكدا، جیاوازە لە وتنى هەموو شتێك لە كەمووتندا. لە یەكەمیاندا زمان لە خۆڕا مەسرەف دەكرێت؛ لە دووەمیاندا ئابووریى زمان هەیە. وێڕاى ئەمەیش مەرجى ڕەخنە تەنیا نووسین نییە؛ هەروەها زوهدى یەكجارەكیش نییە؛ بە پێچەوانەوە، ڕەخنە لە هیچ بارێكدا خۆى لە وتن بۆ جودا ناكرێتەوە؛ كەواتە ئەمە چ وتنێكە؟ ئەوەیە كە لە چەمكى پارێزیادا لەخۆگیراوە؛ هەمان ئەو چەمكەى میشێل فوكۆ بە وردى كارى لەسەرى كردووە.
ژاک دێریدا (١٩٣٠-٢٠٠٤) فەیلەسووفی فەڕەنسی
( ٢ )
فوكۆ وانەوتارەكانى ساڵى ١٩٨٣-١٩٨٤ى خۆى لە كۆلێژ دو فرانس تەرخان دەكات بۆ لێكۆڵینەوەى ژینالۆژیى ئەم چەمكە. بە بڕواى ئەو پارێزیا parrhēsia، بە گەڕانەوە بۆ ئەسڵە یۆنانییەكەى، واتا ڕاشكاوى و سەراحەت؛ واتە وتنى هەموو شتێك، بەبێ شاردنەوەى هیچ بەشێكى ئەو شتەى كە دەوترێت؛ بەڵام ئەمە هەندێك مەرجى هەیە، بنەڕەتیترینیان ئەوەیە كە دەبێت وتن لە دەورى حەقیقەت بسووڕێتەوە؛ وتنى هەموو شتێك لە پەیوەندیدا بە حەقیقەتەوە، بە حەقیقەتێكەوە كە قەسە نەك تەنیا بشاررێتەوە، بەڵكوو قۆرخیش بكرێت. بەم جۆرە وتنى حەقیقەت دەبێتە جۆرێك ڕیسك، ڕیسككردنى كەسى قسەكەر بە ژیانى شەخسى خۆیەوە؛ لێرەوە پارێزیا واتە بوێرى بۆ وتنى حەقیقەت (Foucault: The Politics of Truth, P. 11-13).
بەگوێرەى شیكاریى فوكۆ، پارێزیا پەیوەندییەكى جەوهەری بە دیموكراسییەتەوە هەیە كە فەزاى قسەكردن دەستەبەر دەكات؛ وەها پەیوەندییەكى جەوهەرى بە ئاڵۆزییەكى تەبایى و ناكۆكیدا تێدەپەڕێت: لەلایەك دیموكراسییەت مافى قسەكردن بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت. لێرەدا مادام هەمووان دەتوانن بە ئازادى بدوێن، كەواتە هیچ مەترسییەك بۆ خودى كەسەكان لە ئارادا نییە، بەڵام دیموكراسییەت دەبێتە جۆرێك ژاوەژاو. لەلایەكی تر گەر هەمووان قسە بكەن، مەرج نییە هەمووان حەقیقەت بڵێن؛ بە پێچەوانەوە، زۆر هۆكار هەن وا دەكەن قسەكردن ببێت بە ڕیتۆریك، سەفسەتە، دۆگم؛ بەو مانایە تەنیا بەشێك لەوەى دەوترێت لەگەڵ حەقیقەتدا لە پەیوەندیدایە، یاخود تەنیا بەشێكى قسەكەران پەیوەستن بە حەقیقەتەوە. لێرەوە پارێزیا مومارەسەیەكى تاڕادەیەك نوخبەیى دەكەوێتەوە و لەگەڵ دیموكراسییەتێكى پۆپۆلاردا تەبا نییە؛ تەنیا وتنێك نییە بە شێوەى بەلاغە و سەفسەتە، بەڵكوو وتنى حەقیقەتێكە كە دەبێتە ڕیسك و مەترسى بۆ سوبێكتى قسەكەر؛ گەر وەها مەترسییەك لە گۆڕێدا بێت بەو مانایەیە ئەو فەزایەى حەقیقەتى تێدا دەوترێت دیموكراسى نییە. لێرەدا بە پێچەوانەوانەى لایەنى یەكەمەوە، كە پارێزیا ویستى جودابوونەوە بوو لە دیموكراسییەتى قسەكردن بۆ هەمووان، دەبێتە ویستى ڕەخساندنى زەمینەى دیموكراسییەت بۆ وتن، بۆ وتنى حەقیقەت، دژ بەو لایەنەى كە دەیەوێت مافى قسەكردن زەوت بكات؛ پارێزیا دەبێتە مومارەسەكى دیموكراتییانەى وتن (Ibid, P. 35-39).
مەرجى ئەم ڕیسكەى وتن لە پارێزیادا (كە تەواوكەرى مەرجەكەى سەرەوەیە) ئەوەیە كە بەربێژ هەبێت، بیسەر هەبێت. دەكرێت لەم بابەتەدا بیسەر لە دوو كاتیگۆریى سادەدا پۆلێن بكەین: یەكەمیان ئاڵنگارە؛ ئەو كەسەى تەحەدا دەكات و بۆ نموونە لە دادگا یان لە فەزایەكى گشتیدا دژە ئەرگومێنت دەخاتە ڕوو، واتە كەسێكە بەردەوام بۆچوون و بەڵگەى قسەكەر دەخاتە ژێر پرسیارەوە تاوەكوو حەقیقەت بۆ ڕوونترین ئاستى سەلماندن بەرز بكاتەوە. بەڵام ئەگەر لێرەدا بەربێژ دەسەڵات یان دەوڵەت بێت و حەقیقەتەكەیش ناكۆك بێت لەگەڵ ئەوەدا كە دەوڵەت دەیخوازێت و دەیخاتە ڕوو، ئەوا پارێزیا دەبێتە جۆرێك توندوتیژى دژ بە دامەزراوەكانى دەوڵەت؛ لە بەرانبەردا بە ئەگەرى زۆر دەوڵەتیش بە توندوتیژى وەڵام دەداتەوە؛ ئەمەیش ڕیسكە بۆ ژیانى قسەكەر. ئەوەى ڕۆڵى هەیە لەوەى ئەم تەحەدا و ڕیسكەوەك گرەوێك لەپێناو حەقیقەتدا ببینرێت، جۆرى دووەمى بیسەرە كە جۆرێك شاهیدە. بیسەر شاهیدە لەسەر ئەو ڕیسكەى كە قسەكەر لەپێناو دەرخستنى حەقیقەتدا بە ژیانى خۆیەوە دەیكات؛ گەر ویستێك بۆ سەركوت و بێدەنگكردن لەلایەن دەوڵەتەوە هەبێت، شاهید ڕەوایەتیى دەزگاى پەیوەندیدار دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بەم جۆرە شار وەك شارى دیموكراسى هەڵدەوەشێتەوە. بەڵام یۆنانییەكان لەبەر ئەوەى شانازییەكى گەورەیان بە دامەزراوە دیموكراسییەكانیانەوە دەكرد و پاراستنیان بە ئەرك دەزانى، هەرگیز نەیاندەویست ڕۆڵى پارێزیا و بیسەرەكەى وەلا بنێن؛ چونكە ئەمە دەبوو بە مەرگى دامەزراوەكانى خۆیان. ئێستا گەر ئێمە ئەم پەیوەندییەى پارێزیا بە دیموكراسییەت و حەقیقەتەوە وەك جۆریك مومارەسەى وتن و بیستن، گۆیا1 و شاهید، لەبەرچاو بگرین، ئەوا چیتر ڕەخنە بە واتاى زۆربڵێى، ژاوەژاو، پرتەوبۆڵە، گازاندە، داواكارى، سەفسەتە نییە؛ بەڵكوو داكۆكیكردنە هەم لە حەقیقەت، هەم لە زەمینەى وتنى حەقیقەت 2؛ لە بارێكدا كە بە نەووتن حەقیقەت پاشەكشە دەكات، یان دەشاررێتەوە.
ڕەخنە بە واتاى زۆربڵێى، ژاوەژاو، پرتەوبۆڵە، گازاندە، داواكارى، سەفسەتە نییە؛ بەڵكوو داكۆكیكردنە هەم لە حەقیقەت، هەم لە زەمینەى وتنى حەقیقەت؛ لە بارێكدا كە بە نەووتن حەقیقەت پاشەكشە دەكات، یان دەشاررێتەوە.
( ٣)
گەر فەزاى ڕۆشنبیرى كەمێكیش خۆى لە مانا ساكارەكەى ڕەخنە لاى خەڵكى ئاسایى جودا كردبێتەوە، هێشتا لە دێرینترین و باوترین تێگەیشتن لە ڕەخنەدا ماوەتەوە، كە بەكارهێنانى ڕەخنەیە وەك “پێوانەسازیى حوكم”. ڕەخنە لەم بەكارهێنانەدا بریتییە لە پێوانەى دیاریكردنى چاك و خراپ، بەرز و نزم، هەڵە و ڕاست. ڕەخنە تواناى دەستنیشانكردنى هەڵەیە لە تێكستێكى تیۆرى، ڕێسایەكى ئاكارى، مەرجێكى كۆمەڵایەتیدا، تاوەكوو ئەم “هەڵە”یە لە تێگەیشتنێكى بەرزتر، كامڵتر، ڕەسەنترەوە نەفى بكات. كەواتە نزیكایەتیى وشەى پێودانگ Criteria لە وشەى ڕەخنە Critiqueـەوە ڕێكەوت نییە. وشەى “krites“ى یۆنانى كە لە هەردووكیاندا هاوبەشە، بە واتاى “حوكم” دێت. Kriterion پێودانگ و پێوەرەكانى پێوانەكردنى شتێكە تاوەكوو حوكمێكى لەبارەوە بدرێت. Critique حوكمێكە بەپێى پێودانگەكان. كەواتە گەر لە كایەى نووسین و تێكستدا باس لە ڕەخنە بكەین، دەبێت بڵێین ڕەخنە پراكتیزەكردنى ڕستێك پێوەر و بەهایە بەسەر دەقدا بۆ ئەوەى “ڕەوایەتى” و “دروستى” بەرهەمێك یان بەشەكانى بەرهەمێكى پێ هەڵبسەنگێین و لەسەر بنەماى ئەم هەڵسەنگاندنە حوكمێكى لەبارەوە بدەین.
ئەم تێگەیشتنە، كە لە مێژووى فیكرى ڕەخنەییى ڕۆژئاواییدا خۆى بووەتەوە بە بابەتى ڕەخنە و بە بەدگۆڕانى زۆردا تێپەڕیووە، كۆمەڵێك كێشەى تێدا كەشف كراوە، لەوانە: ١) جیاكردنەوەى ڕەخنە و تێكست لە یەكترى و پۆلێنكردنیان لە دوو پێگەى جیاوازدا: ڕەخنە هەمیشە دەسەڵاتێكى بەرزترى لە تێكست هەیە، دەتوانێت لە سەرووى تێكستەوە، قسە بكات. ٢) كورتكردنەوەى پرۆسەى بیركردنەوە، چەمكسازى، زمان، ستایل لێڵییەكان لە حوكمدا.  ٣) زۆربەى ئیمكانە ناوەكى و  دەرەكى، واقیعى و ڤێرتوێلییەكانى دەق فەرامۆش دەكات و تەنیا یەك ڕەهەند، یەك مانا، یەك تەفسیرى بەسەردا دەسەپێنێت (بۆ نموونە سادەكردنەوەى نیچە لە نازیبووندا). ٤) حوكم خۆى هەرگیز نە پەتییە نە پاكژ؛ دەكرێت حوكمى نەریتى، ئایدیۆلۆژى، سیاسى بێت بۆیە یان مەحكومكردنى تێكستە، یانیش پەڵپە بە تێكست لەو دۆخەدا كە ساغكردنەوەى حوكمێك، بە هۆى ناڕوونییەكانى دەقەوە، مەحاڵ بێت. ٥) ڕەخنە وەك حوكمدان ناتوانێت گەرەنتیى ئەوە بكات كە نەگۆڕدرێت بۆ بێ ئینسافى و تەعەسوف، چ لەسەر بنەماى كەمتەرخەمى، كەمزانیارى، سەتحیبوونى ڕەخنەگر، یانیش بە فەرامۆشكردنى ئەنقەست، كە لەم بارەدا هەر بە زۆرەملێ حوكم لەسەر تێكست و نووسەر دەدرێت. بۆ نموونە دەكرێت ڕەخنەگرێك ئەوە بسەلمێنێت لە شیعرى  شێركۆ بێكەسدا سروشتگەراییەكى ناسیۆنالیستى بوونى هەیە، بەڵام كۆمیدى دەكەوێتەوە گەر ستایشى دارستان لاى فاشیستەكانى ئەڵمانیا بكەین بە پێوەرێك بۆ زاراوەى دارستان لە شیعرى شێركۆدا تاوەكوو حوكمى ئەوە بدەین كە شێركۆ فەرهەنگى خۆى لە زمانى فاشیستەكانەوە داڕشتووە.
میشێل فوکۆ (١٩٢٦-١٩٨٤) فەیلەسووفی فەڕەنسی
جودیت باتلەر لە نووسینێكیدا بە ناوى ڕەخنە چییە؟ وتارێك دەربارەى فەزیلەتى فوكۆ ئەوە پیشان دەدات كە فوكۆ سروشتى ڕەخنەى لە “پێوەرى حوكمدان” لەسەر تێكستەوە گۆڕى بۆ ڕەخنە وەك مومارەسە لە ژیاندا؛ گەر بڕیارە لەم مومارەسەیەدا پێوەرێك هەبێت، ئەوا تەنیا ئەوەیە كە دەتوانین لە كانتەوە هەڵیگۆزین: نە حوكم بكرێیت و نە حوكم بكەیت؛ سوبێكتى ئەوانی تر نەبیت یان ئەوانی تریش نەكەیت بە سوبێكت، بە هەردوو ماناكەى ئەم چەمكە كە “ملكەچى” و “سەردارى بەسەر ئوبێكتدا”یە. لەبریى ئەمە، ڕەخنە بریتییە لە سوبێكتسازیى خودێك كە شەرعییەتى دەسەڵات بخاتە ژێر پرسیارەوە (Butler: What is Critique? 2011). ئەمە كاركردێكى هەرە پارادۆكسیكاڵى ڕەخنەیە. ڕەخنە ئەوەیە كە تواناى ئەوەت پێ بدات بێ بیركردنەوە دەسەڵات قبوڵ نەكەیت؛ لەوانە دەسەڵاتى نووسەر لەسەر دەق، یان دەسەڵاتى ڕەخنەگر لەسەر تێكست. گەر ڕەخنە وەك دەسەڵات بەسەر دەقدا پراكتیزە بكرێت، كەواتە ڕەخنەیەكى تر هەیە، كە لە خودى ڕەخنەلێگیراوەوە دێت، ئەویش ئەوەیە ملكەچى دەسەڵاتى ڕەخنەگر نەبێت. لە بارێكدا ڕەخنە پێوانە و حوكم بێت بۆ گرتنى ناوەڕۆكى دەق، دەق دەكشێتەوە؛ ئەمە جەوهەرى ئەدەبیاتە لاى مۆریس بلانشۆ. لەم ڕوانگەیەوە تێكست ڕووبەرێكە بۆ موماسەرەى بەردەوامى ڕەخنە؛ لە سەرووى ڕەخنەوە نییە، ڕەخنەیش لە سەروویەوە نییە، بەڵكوو خۆى فەزاى بەرهەمهێنانى ڕەخنەیە؛ سەتحێكى ناونیشانە كە هەركەس بیەوێت دەستى بەسەردا بگرێت، خۆى دەگۆڕێت بۆ جۆرێك ترانسێندنتاڵ كە بەرەو دەرەوە هەڵدێت. بەم پێیە ئێمە دوو ڕووبەرى جیاوازمان نییە: یەكێكیان تێكستێك (سوبێكت/ملكەچى ڕەخنە) و دووەمیان ڕەخنە (سوبێكت بەسەر تێكست/ئوبێكتدا). ئەم دووانە [دەق و ڕەخنە] پێكەوەن، بەو مەرجەى تێكست خۆى مومارەسەى ڕەخنە بێت. لێرەدا ڕەخنە دەبێتە كەشفكردنى بەردەوام، كردنەوەى لۆچە ڤێرتوێلییەكان، پێشكەشكردنى دەق وەك شتێك كە بە تەواوەتى و بە یەكجار نابرێتە بەر ڕۆشنایى.
( ٤)
بۆچى دەق نەبرێتە بەر ڕۆشنایى، لە كاتێكدا ڕۆشنایى هەر لە دێر زەمانەوە مانایەكى پۆزەتیڤى هەبووە: ڕۆشنایى بریتییە لە ڕووناكیى عەقڵ و زانین كە بەسەر تاریكى و ساختەدا زاڵ دەبێت. ئاخۆ ئەمە كرۆكى ڕۆشنگەرى نییە؟ بەڵێ، بەڵام ئەمە لەلایەك زیاد لە ڕادە سادەكردنەوەیە؛ لە لایەكی تر ڕۆشنگەریى عەقڵانى لەسەر مۆدێلى ڕۆشنگەریى تیۆلۆژى [مەسیح وەك ڕووناكى] دادەڕێژێتەوە كە خودى ڕۆشنگەرى لە سەردەمە بەراییەكانى خۆیدا لەگەڵیدا كەوتە ململانێ. كانت هەوڵ دەدات ڕۆشنگەرى پتر دنیایى بكاتەوە. لە دەقە بەناوبانگەكەیدا وەڵامدانەوەى پرسیارى ڕۆشنگەریى چییە؟ كانت ڕۆشنگەرى وەك دەرچوون لە پێنەگەیشتوویى وێنا دەكات. بە لاى كانتەوە ڕۆشنگەرى واتە بوێرى بۆ بەكارهێنانى عەقڵ لەپێناو دەرچوون لە نەخەمڵیویى زەینیدا. ئەم نەخەمڵیوییە سروشتكرد نییە، لەبەر ئەوە نییە كەسانێك، خەڵكانێك یان هەندێ لە كۆمەڵگاكان نوقسانی لە عەقڵیاندا هەیە، پتر بە هۆى ئەوەیە كە بوێرییان نییە بۆ بەكارهێنانى ڕۆشناییى عەقڵ لە بەرانبەر ئەو هێزانەدا كە فەرمان بە گوێڕایەڵى بۆ فەرمانەكانى ئەوانی تر دەكەن (Kannt: Beantwortung der Frage; Was istAufklärung, P. 5)؛ كەواتە لاى كانت كاڵفامى Unmündigkeit بەرەنجامى نەوێرى Unmütigkeitـى فامكردنە؛ چ وەك تاكەكەس بۆ نموونە گوێڕایەڵى سەرباز، نەخۆش، فەرمانبەر؛ یان گوێڕایەڵى كۆمەڵگایەك بۆ پیاوى ئایینى، ئەمیر، سەرۆك. بەم پێیە لە دوولایەنەوە بەكارهێنانى عەقڵ زەروورە: ڕۆشنگەریى تاكەكەسى، واتە بەكارهێنانى عەقڵ بە شێوەى خودی لە هەڵوێستێكى دیاریكراوى كار یان ئەركدا. ڕۆشنگەریى گشتى لە كۆنتێكستێكى گەردوونیدا. لە هەردوو بارەكەیشدا ڕۆشنگەرى ڕووبەڕووبوونەوەى كاڵفامییە.
فوكۆ دەقەكەى كانت دەكات بە بنچینەى وتارە ناودارەكەى كۆتایییەكانى تەمەنى: ڕۆشنگەرى چییە؟ و بە زوویى ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەى كاڵفامى پێش هەموو شتێك لە خودەوە دەست پێ دەكات (Foucault: Ethics, P. 306). مرۆڤ بۆ ئەوەى دژ بە بەربەستەكانى بەردەم ڕۆشناییى عەقڵ بوەستێتەوە، پێویستە سەرەتا ئەو بەربەستانە لە زەینى خۆیدا، كە وەك ئوبێكت كەوتوونەتە نێوان عەقڵى و جیهان، هەڵبگرێت، بۆ ئەمەیش پێویست دەكات ڕۆشناییى عەقڵ پێش هەموو شتێك ئاراستەى خۆى بكات. بەم جۆرە یەكەمین هەنگاوى پرۆسەى ڕۆشنگەرى بریتییە لە خۆ-ڕەخنەكردن بۆ ئەوەى بیركردنەوە لە ئاستى كەسیدا پێ بگات و بەرەو ئاستە گەردوونییەكەى، كە ڕۆشنگەریى گشتی-جیهانییە، هەڵبكشێت. لەم كردەیەدا ئیرادە پەیڕەوى لە هیچ فەرمانێك ناكات لە فەرمانى عەقڵ نەبێت، ڕەوایەتیى هیچ هێزێك لە سەروو ڕەوایەتیى خودى عەقڵەوە پەسەند ناكات؛ واتە مرۆڤ گوێڕایەڵى عەقڵ دەبێت. فوكۆ لە وتارەكەیدا دەركى بەم پەیوەندییەى نێوان ڕۆشنگەرى و ڕەخنە كردووە، بۆیە دەنووسێت: «لە هەموو بارێكدا پرسیارەكە ئەوەیە كە بزانین چۆن بەكارهێنانى عەقڵ دەشێت ئەو فۆڕمە گشتییەى كە خوازیارییەتى، وەربگرێت؛ ئەوەی بزانین چۆن گوێڕایەڵى لە مەعریفە دەشێت لە سنوورى ڕۆشنكردنەوەدا مومارەسە بكرێت. […] پێم وایە پێویستە جەخت لەسەر ئەو پەیوەندییە بكەینەوە كە لەنێوان ئەم دەقە كورتە و هەر سێ ڕەخنەكەدا هەیە. لە ڕاستیدا كانت، لە ساتێكدا وەسفى ڕۆشنگەرى دەكات كە مرۆڤایەتى لەوەدایە عەقڵى خۆى بخاتەگەڕ بەبێ ئەوەى خۆى ملكەچى هیچ دەسەڵاتێكى تر بكات. ڕێك لەم ساتەدایە كە ڕەخنە پێویستە، چونكە ڕۆڵەكەى ئەوەیە ئەو هەلومەرجانە پێناسە بكات كە تێیاندا بەكارهێنانى ڕەواى عەقڵ لەوەدایە ئەوە دیارى بكات كە دەشێت چى بزانرێت، دەشێت چى بكرێت، دەشێت هیوامان بە چى هەبێت. بەكارهێنانى ناڕەواى عەقڵ ئەوەیە كە دەبێتە مایەى دۆگماتیزم و ناسەربەخۆیى، تەنیا لەگەڵ وەهمدا» (Foucault, P. 308).
ئێستا با بگەڕیینەوە بۆ یەكەمین ڕستەى ئەم وتارە: «ڕەخنە لە فەزاى ئێمەدا نەخەمڵیو ماوەتەوە». بێگومان ئەمە جۆرێك حوكمە؛ بەڵام حوكمێكى زۆرەملێ نییە و دەكرێت بیسەلمێنین؛ نەخەمڵیو واتە بەربەست لەبەردەم بەكارهێنانى عەقڵدا هەبووە وەك مەرجەعى ڕەخنەكردن بە واتا كانتییەكەى. لەو بەربەستانە: ناسەربەخۆییى تاكى عەقڵانى (ڕوانین لە دۆگمەكانەوە)، كەمى مەعریفەى فەلسەفى، ڕەخنەى نا-ناونشین (بۆ نموونە گەر كەسێك بە هیچ داوێكى شایەنى باسەوە بە دنیاى ڕۆمانەوە نەبەسترابێت، بەڵام ڕەخنەى ئەوە لە ڕۆماننووسێك بگرێت كە بۆچى كارەكتەرەكەى لە بەرزایییەوە دەكەوێتە خوارێ و نامرێت، ئەوا ئەمە دەبێتە پەڵپ نەك ڕەخنە.)، پشتبەستن بە ڕاى سەتحى تاكەكەسى بە ناوى جیاوازییەوە، مومارەسەى ڕەخنە لە ناكۆكیى كەسیدا (وەك ئامرازى لێدان لە نووسەرى ڕەخنەلێگیراو و بەرهەمەكەى)، ڕەخنەگرتن وەك بەتاڵبوونەوەى دەروونیى (كینە و ئیرەیى). هەر یەك لەم ڕەخنانە گوێڕایەڵى هێزێكى تر بوون جگە لە هێزى بیركردنەوە؛ تەنانەت گەر لە ڕووى كەسیشەوە ڕەخنەگرانى لەم جۆرە تواناى بیركردنەوەى زرنگانەیان هەبێت، هێشتا ناتوانین بڵێین ئەوان ڕەخنەگرن، چونكە بیركردنەوەیان ملكەچى غەریزە و دۆگمەكانى خۆیان كردووە؛ یان هیچ نەبێ پەردەیەكیان خستووەتە نێوان بیركردنەوە و بابەتەكەیانەوە. بە زۆرى لە فەزاى ئێمەدا ڕەخنە ماناى غەریزەنووسی وەرگرتووە؛ سەرجەمى ئەمانە بە چەمكى كانت واتاى كاڵفامین؛ ڕاشكاوتر بڵێین بە مانایەك دژە-ڕۆشنگەریین: نەبوونى بوێرى بۆ زاڵبوون بەسەر بەربەستەكانى بەردەم بیركردنەوەدا. گەر لەم ڕوانگەیەوە ئەركى ڕۆشنگەرى لە كۆمەڵگەى خۆماندا دیارى بكەین، ئەوا دەبێت ئاراستەى خودى ڕەخنەى بكەین: ڕۆشنگەرى واتە دەرچوون لە نەخەمڵیویى ڕەخنە و لە ڕەخنەى نەخەمڵیو؛ ئەمەیش دەبێتە جەوهەرى زەرووریى خودى ڕەخنە بۆ ئێمە. ڕەخنە بریتییە لە ڕەخنەى ڕەخنە، بریتییە لە ڕەخنەى ڕۆشنگەرانەى ڕەخنەى نەخەمڵیو.
ڕۆشنگەرى واتە دەرچوون لە نەخەمڵیویى ڕەخنە و لە ڕەخنەى نەخەمڵیو؛ ئەمەیش دەبێتە جەوهەرى زەرووریى خودى ڕەخنە بۆ ئێمە. ڕەخنە بریتییە لە ڕەخنەى ڕەخنە، بریتییە لە ڕەخنەى ڕۆشنگەرانەى ڕەخنەى نەخەمڵیو.
( ٥)
بێگومان لە فەزاى ئێمەیشدا هەندێك تێكست دەهێنرێتە بە ڕۆشنایى، بەڵام چ ڕۆشنایییەك؟ ئەوە وەك بەڵگەنەویستێك وایە كە ئێمە یەك جۆر ڕۆشناییمان نییە؛ كەواتە هەموو ڕووناكیییەك ڕۆشنگەرانە نییە. پێشتر ئاماژەمان بە جیاوازى نێوان “نور”ى ئایینى و “ڕۆشنایى”ى عەقڵ دا. دەتوانین جۆرى دیكەیش دیارى بكەین: ڕۆشناییى هەتاو كە بە بڕواى ئەفڵاتوون تەنیا نوسخەیەكى شێواوى ڕۆشناییى جیهانى ئایدیاكانە. ڕۆشناییى چاوى سەر كە پێی دەوترێت سۆما. بەردەوامیش سۆمایەكى تر هەبووە كە سۆماى چاوى سەرى نەسخ كردووە: عیرفان یان چاوى دڵ. ڕۆشناییى تەكنیكى كە ئەلەتریك دابینى دەكات. هەروەها دنیاى دیجیتاڵى كە لە سەردەمى ئێستاماندا لە ڕۆشناییى ڕۆشنگەرى دابڕاوە و بووە بە “شەوارەكەوتن”. ڕۆشناییى سینەما كە ڕۆشنایییە دەربارەى خودى ڕۆشنایى لەسەر پەردە؛ دواجار ڕۆشنایییەكى شانۆییشمان هەیە كە ڕۆشنایى خستنەسەر پشتى پەردەیە.
لە فەزاى نووسینى ئێمەدا ڕووناكى خراوەتە سەر دەق لەپێناو یەك ئامانجدا: زەقكردنەوەى كەم و كورتییەكانى دەق، ئاشكراكردنى هەڵەكانى نووسەر. ئەركى ڕەخنە لەبریى ئەوەى ببێتە بەكارهێنانى ڕۆشناییى عەقڵ بۆ دەرچوون لە پێنەگەیشتوویى، پێش هەموو شتێكیش لە پێنەگەیشتوویى خودى ڕەخنە كە خۆ-ڕەخنەكردن پێشمەجى پێگەیشتنییەتى؛ تەنیا بووە بە جۆرێك پەردەهەڵماڵین لەڕووى كەمتەرخەمییەك، تەپڵكوتان بۆ سەهوویەك، فەزحى فەزاحەتێك. گەر دەقى ئێمە نەخەمڵیوو بێت، ئەوا ڕەخنەكەیشمان هیچ كات هاوكار و یارمەتیدەر نەبووە بۆ دەرچوون لە نەخەمڵیوی كە ماناى پێرفێكتى ڕۆشنگەرییە لاى كانت، بە پێچەوانەوە، ویستى ڕاگرتنى ئەبەدیى تێكست بووە لە هەژارییەكەى خۆیدا. نەخەمڵیوی تێكست وەك فەزاحەت مامەڵەى لەگەڵدا كراوە؛ لێرەدا ڕەخنەگرتن وەرگەڕاوە بۆ سەرزەنشت، تەریقكردنەوە، چاوشكاندن. ڕەخنەگرتن لە كەموكورتیى نووسەر بۆ ئاستێكى پەڕگیرتر ڕاكێشراوە، سنوورێك كە كەموكورتى وەرگەڕاوە بۆ هەڵە؛ هەڵەیش بۆ ئاستێكى پەڕگیرتر ڕاكێشراوە كە وەرگەڕاوە بۆ فەزاحەت؛ لە دەرەنجامدا ڕەخنە لاى ئێمە بووە بەسكانداڵناسى. لە كاتى كاركردنم بۆ وتارێك لەسەر پرسى پەردە وەك ئوبێكتى داپۆشین-دەرخستن (شانۆ) و پەردە وەك گەمەى هاوكاتى حزوور-غیاب (سینەما) چەمكى “سكانداڵناسى”م داڕشت. مەبەستیشم لێى ئەو كاركردە پارادۆكسیكاڵە بوو كە دادانەوەى پەردە و لادانى پەردە، پێش و پشتى ستەیج هەیانە و لە شانۆى ئۆدیپیدا پتر ئەو شتە پێكدێنن كە دەكرێت بە دیالەكتیكى فەزاحەت ناوى ببەین؛ لە كاتێكدا پەردە لە سینەمادا دوالیزمى داپۆشین-دەركەوتن تێدەپەڕێنێت. لە سینەمادا هیچ شتێك نییە بۆ شاردنەوە، هەموو شتەكان لە پەیوەندییەكى دەرەكیدان، لە پێشى پەردەدان، چیتر هیچ شتێك لە پشتى پەردەوە بوونى نییە، هەر بەو جۆرەى كە دۆلوز دەڵێت لە پشتى ماسكەكانەوە هیچ ڕووخسارێك، هیچ نهێنییەك بوونى نییە (دلوز: المعرفة و السلطة، ص62)؛ ئەوەى هەیە گەمەى خودى پەردە و ڕۆشنایییە؛ خیانەتى سیمولاكراكانە كە چەمكى فەزاحەت ناتوانێت تەفسیریان بكات3.
گەر ڕەخنە بریتیى بێت لەدەرخستنى كەموكوڕى، كەواتە ڕۆشنایییەكى بەرزتر، حەقیقیتر، كامڵتر دەخرێتە سەر دەق تاوەكوو لەژێر نوورەكەیدا دزێوى و نوقسانییەكان ڕووناك ببنەوە و هەر كەسێكى هۆشمەند بیانبینێت. لاى كانت ئەمە لە ڕاقیترین حاڵەتیدا ڕۆشنایى عەقڵە. بەڵام وەك پێشتر ڕوونمان كردەوە ئەو رۆشنایییەى كە زۆربەى ڕەخنەگرانى ئێمە هەڵیان كردووە ڕۆشناییى شانۆى ئۆدیپییە. لێرەدا ڕەخنە وەك ڕۆشنایى خستنەسەر لە واتا سكانداڵناسییەكەیدا، بریتییە لە ژێستى دەرخستنى نهێنى، پەردەهەڵماڵین لە ڕووى ڕاستەقینەى تێكستێك یان نووسەرەكەى: كەشفكردنى دەستى نووسەر. گوزارەى “دەستەكەت كەشف بوو” واتا بە سایەى ڕەخنەوە نهێنییەكەت دەركەوت، پشتى پەردە ئاشكرا بوو، ژێر بەڕە خرایە سەر بەڕە. لە عەقڵى سكانداڵناسیدا باشترین ڕەخنە ئەوەیە كە ئابڕووى تێكست یان دانەرەكەى ببات.
لە كۆمەڵگەى ئێمەدا ئەم جۆرە بەكارهێنانەى ڕەخنە نەك تەنیا كۆنزەرڤەتیڤانە دەكەوێتەوە، بەڵكوو میللى و عەوامانەیشە، چونكە زەینى سكانداڵناسى لە هەر كایەیەكدا بەرهەمهێنانەوەى مێنتاڵێتیى كایەى نەریتیى كۆمەڵایەتییە. بێگومان ئەوەى دراوسێیەكى حەسوود لە كۆڵانێكدا چاودێریى كەموكوڕیى دراوسێیەكەى بكات، جیاوازە لەوەى نووسەرێكى وردبین چاودێریى كەموكوڕیى تێكستى نووسەرێكى تر بكات؛ بەڵام كاتێك ڕەخنە ببێت بە دیالەكتیكى فەزاحەت، چیتر جیاوازییەكە لە جەوهەرى كردەكەدا نییە، بەڵكوو لە كایەكاندایە. ئەم كایانە بە شێوەیەكى ڕێژەیى لە یەكترى جیاوازن و هاوكات هەندێ كەرەستەى تایبەت و هەندێ كارەكتەرى سەرەكیى خۆیان هەیە، گەرچى لە یەكتریش دابڕاو نین؛ كایەكان بەردەوام لەیەك دەخشێن، دەچنە نێو یەكترى، یەكترى بەرهەم دەهێننەوە و یەكترى تێدەپەڕێنن و زەبر لە یەكترى دەدەن. بۆ نموونە “ستۆدیۆى میوزیك” و “دیوەخان” سەر بە دوو كایەى جیاوازن، بەڵام جۆرێك گۆرانى و موزیك هەیە كە یان لە ڕووى ئەسڵەوە بەرهەمى دیوەخانە، یان ئەگەر نوێیش بێت باشتر لەگەڵ دیوەخاندا دەگونجێت. بە هەمان شێوە، “كۆڵان” كە بورجى موراقەبەى دراوسێ حەسوودەكەمانە، ڕووبەرێكى كۆمەڵایەتیى ڕۆژانەیییە كە زۆرینەى كۆمەڵگا تێیدا هاوبەشن، بەڵام نووسین، ڕووپەڕى كتێب و سایتە كولتوورى و ڕۆشنبیرییەكان، كایەیەكى ڕۆشنبیریى نیمچە نوخبەیین. لەگەڵ ئەوەیشدا دەكرێت هەندێ لە كارەكتەرەكانى هەردوو كایەكە دەست بە هەمان نەریت، بەها، زاراوەوە بگرن، بۆ نموونە “پاراستنى بەها كۆنەكان” لە فەزاى كۆمەڵایەتیدا واتە كۆنزەرڤاتیڤیزم؛ بەڵام گەر زانایەكیش لە بوارى زانستدا داواى “پاراستنى بەها كۆنەكان” بكات، ئەوا بێگومان ئەویش لە بوارى زانستدا دەبێتە زانایەكى كۆنزەرڤاتیڤ. پرسى سكانداڵیش هەر بەو جۆرەیە؛ لێرەدا بونیادى كردەكە هەمان داڕێژەرى پاڵنەرى دەرخستنى “شەرم” و “عەیبوعار”ە، بەڵام لە دوو كایەى جیاوازدا. وەختێك كردەكان بەم جۆرە بچنە سەر یەكترى و یەكترى لە كایە جیاوازەكاندا دووبارە بكەنەوە، ئەوا پەیوەندییەكەیان دەبێتە “تەبایى”، كاتێك، بە پێچەوانەوە، بەریەكتر بكەون، پەیوەندییەكەیان دەبێتە “ناكۆكى”. بە زۆرى ئەم تەبایى و ناكۆكییە لە “گوتارى فەرمى”ـدا دەرناكەون؛ گوتارى فەرمى واتە ئەو بەها و پرەنسیپ و ئامانجانەى كە گوتارەكان ڕاستەوخۆ و ئاشكرا بانگەشەیان بۆ دەكەن؛ بەڵكوو لە پەیوەندییە تۆڕبەندییە ستراتیژییە وردەكاندان كە ئەگەر لە “بانگەشە”كاندا بۆیان بگەڕێین، هەرگیز ناتوانین وەك خۆیان بیانبینین. لەبەر ئەوەیە زۆرجار نووسەرێك یان ڕۆشنبیرێك لە ئاستى فۆرماڵدا خۆى تاڕادەى پڕوكان تاو دەدات تاوەكوو بیسەلێمنێت كە ئەو پێشكەوتنخوازە، بەڵام تێگەیشتنى ناوەكیى ئەو بۆ “پێشكەوتنخوازى” و میتۆدى كاركردنەكەى، دەشێت تاڕادەیەكى زۆر نەریتى و فەندەمێنتاڵ بێت. خستنەگەڕى ڕەخنە وەك چەكى فەزح و دەرخستنى عەیبوعار بەو مانایەیە فیكر هێشتا لە كایەى كۆمەڵایەتیى [زارەكى] دانەبڕاوە، بگرە لاى خۆیەوە درێژەى پێ دەدات.
( ٦)
هەموو ئەو جۆرە ڕەخنانەى تا ئێستا باسمان كردن، ڕوانینن لە “سلب” و ڕوانینن لە “سلب”ـەوە. لەنێوان ئەم دوو گوزارەیەدا جیاوازییەكى كەم هەیە: ڕوانین لە نێگەتیڤ، واتە ڕوانین لە كەموكورتى، نەخەمڵیوى، فەزاحەتى تێكست (یان نووسەر). ڕەخنەگر بە وردى بۆ شتێك دەگەڕێت كە لە تێكستدا نییە، بۆ ئەوەى پیشانى بدات كە لە تێكستدا نییە: گەڕان بۆ خودى نەقس. ئەو شتەى كە نەقسە واتە هەبوونى شەرم بۆ تێكست. بەڵام ئەم ڕوانینە زۆركات لە فەزاى ئێمەدا ژێر بەژێر خزاوە بۆ نێو “ڕوانین لە نێگەتیڤەوە”، بۆ ڕوانینێك كە خۆى بەرهەمى سەرچاوەیەكى نێگەتیڤە. لەم بارەدا ڕەخنەگر تەنیا ئەوە دەرناخات كە نەقسە، بەڵكوو ئەوەیش ڕەت دەكاتەوە كە هەیە. ڕەخنەگر بە چاویلكەیەكى سلبییەوە دەڕوانێت؛ ئەگەر دەق نەخەمڵى بێت، هاوكاریى دەق ناكات بۆ دەرچوون لە نەخەمڵیوى، ئەگەر دەق تاڕادەیەكى وا خەمڵى بێت كە بشێت وەك دەقێكى شایەنى خوێندنەوە لەبەرچاو بگیررێت، ڕەخنەگرى سالب ناتوانێت وەك دەقێكى (نیمچە)خەمڵیو بیبینێت. ئەم دوو ڕوانینەیەك ئەسڵیان هەیە و یەكتریش بەرهەم دەهێننەوە؛ هەردووكیان یەك ڕەخنەن كە دەتوانین بە ڕەخنەى نەرێكارNegative critics ناوى ببەین.
ڕەخنە ئەوەیە كە شتێك نەفى دەكات بۆ ئەوەى ئیمكانى شتێكى باشتر دەربكەوێت. تێكست تێزە، ڕەخنە ئەنتى تێزە، لەنێوان ئەم دووانەدا دەبێت بە حەتمى لێكدژى هەبێت بۆ ئەوەى تێكستێكى تر لەولاى هەردووكیانەوە دەربكەوێت كە لە مێژوودا بە هۆى ئەم لێكخشانە دیالەكتیكییەوە دەچێتە پێشتر
ڕەنگە چەمكى “نەرێكردن” negation بمانخاتەوە بیرى میراتى هیگڵى كە ڕەخنە وەك پرۆسەیەكى دیالەكتیكى وێنا دەكات. بەم پێیە ڕەخنە ئەوەیە كە شتێك نەفى دەكات بۆ ئەوەى ئیمكانى شتێكى باشتر دەربكەوێت. تێكست تێزە، ڕەخنە ئەنتى تێزە، لەنێوان ئەم دووانەدا دەبێت بە حەتمى لێكدژى هەبێت بۆ ئەوەى تێكستێكى تر لەولاى هەردووكیانەوە دەربكەوێت كە لە مێژوودا بە هۆى ئەم لێكخشانە دیالەكتیكییەوە دەچێتە پێشتر. ئیدى جووڵەى سەرجەمى مێژوو و گەردوون تەنیا نەفییە. ڕەخنە لاى ماركسیش لە جەوهەرى خۆیدا نەفییە؛ پرۆلیتاریا هێزى ڕەخنەییە كە بۆرژوازییەت نەفى دەكات. بەڵام كێشەكە ئەوەیە ڕەخنەى نەرێكار، بەو جۆرەى كە نووسینى ئێمەى داپۆشیوە، تەواو سەر بەم میراتە نییە؛ لەخۆیدا هیگڵییە، بەڵام بۆ خۆى هیگڵى نییە.
لەخۆیدا هیگڵییە، چونكە تەنیا دەربڕى قۆناغێكى زۆر دیاریكراوى ئاگایییە كە هیگڵ بەئاگاییى غەمگین Unhappy Consciousness ناوى دەبات. لە ئاگاییى غەمگیندا خودئاگایى سەرەتا هێندە هەست بەو تەنیایى و بێتوانایییە قووڵەى ناو خۆى دەكات تاوەكوو لە خۆیدا شەق دەبات و دەبێتە دووپارچە. ئەم دوو كەرتبوونەى ئاگایى لەخۆنامۆبوونە، چونكە دوو ئاگاییى لێكدژن لەنێو یەك خودئاگاییدا كە یەكترى ناناسنەوە و مرۆڤ لە نێوانیاندا دەكەوێتە جۆلانێ تاوەكوو دواجار یەكێكیان جودا دەبێتەوە و لە دەرەوە فۆڕمى لێكدژ وەردەگرێت (Hegel, Spirit of Mind, P. 127). ڕەخنەى نەرێكارى ئیمە دوایین لەمسەى قۆناغە دیالەكتیكییەكەى ون كردووە و هەر لە غەمگینیى خۆیدا ماوەتەوە. لە خۆى نامۆ بووە، بەڵام لە خۆى جودا نەبووەتەوە؛ واتە ئاگایییەكى غەمگینى تێنەپەڕە؛ لەبەر ئەوە لە ناوەوە جۆرێك نەخۆشیى تووش بووە كە واى لێ كردووە توندوتیژ و پەلاماردەر بێت؛ بەم جۆرە لە ئاگاییى غەمگینەوە بووە بە ئاگاییى بیمار Rogue Consciousness. لەلایەكی تر، ئەم ئاگایییە بۆ خۆى هیگڵى نییە، چونكە جگە لە هەندێ هەوڵى باش و هاوسەنگانە لە ماوەى پانزە ساڵى ڕابردوودا، بەشى زۆرى ئەم جۆرە ڕەخنەیە لەوە هەژارترە هۆشیارانە، لە سەرچاوەى تیۆرییەوە بڕوانێت و تیۆریزەى فیكریى هیگڵ و ماركس بۆ هەندێ كێشەى ئەم سەردەمە، بە گوێرەى ئەو میتۆدە جیاوازانە بكات كە پەیوەندییان پێیانەوە هەیە، تەنانەت ئەگەر هەوڵى لەم جۆرەیش هەبێت یان فەندەمێنتاڵ و تەقلیدین، یان هێندە ساكارن كە تەنیا زیان بە فیكرى هیگڵ و ماركس دەگەیەنن؛ ئەمەیش جۆرێك هەژارییە كە دەكرێت ناوى بنێین ئاگاییى نەدارPoor Consciousness.
دواجار ئەم ئاگایییە غەمگینەى كە بووە بە ئاگاییى بیمار و ئاگاییى نەدار، هیچ شتێكى تر شك نابات “ڕەتكردنەوە” نەبێت؛ لەبەر ئەوە نەفى فۆڕمێكى كۆمید وەرگرتووە، بۆتە “نەفى لەپێناو نەفى”ـدا، واتە نەفییەك كە هەموو شتێك نەفى دەكات بێ ئەوەى دواجار، جگە لە خودى ڕەخنە، هیچ شتێك بە شێوەیەكى ڕاستەقینە نەفى بكات و لە وتارێكى تردا ناومان ناوە “نەفیى بەتاڵ”. نەفیى بەتاڵ لە جەوهەردا نەرێكردنێكى بۆشە كە دەیەوێت تەنیا بە نەفیكردن خۆى پڕ بكاتەوە؛ ڕەت دەكاتەوە چونكە جگە لە ڕەتكردنەوە ناتوانێت هیچ مامەڵەیەكى تر لەگەڵ دەقدا بكات؛ لە كاتێكدا ڕەخنەى داهێنەرانە ئەوەیە كە لە بیابان مێرگ بئافرێنێت. دەتوانین كەمێك وتەكەى هۆبز “لە دۆخى سروشتیدا هەمووان گورگى هەمووانن” دەستكارى بكەین و بیگۆڕین بۆ “لە دۆخى ئێمەدا هەمووان نافیى هەمووانن”. تەنیا لە یەك كاتدا ئەم نەفییە هەڵدەپەسێردرێت؛ كاتێك كە “موجامەلە” Compliment هەبێت. موجامەلە دۆخى ئاشتییەكى كاتییە كە نەفى بۆ ماوەیەك كپ دەكات؛ لەم بارەیشدا دەق وەك دەق ناخوێنرێتەوە بەڵكوو ستایش دەكرێت. لە نەفیدا هەمووان یەكترى بە لیبراڵ، ماركسیست، ئیسلامیست، پۆستمۆدێرن، فاشیست و بگرە بەعسییش تۆمەتبار دەكەن؛ لە موجامەلەدا هەمان نووسەرى لیبراڵ بەلایەوە ئاساییە ستایشى نووسەرە ماركسییەكە بكات؛ ئاسایییە دژە نیچەییەك ستایشى نووسەرێك بكات كە نیچە و هایدیگەر سەرچاوەى بن، بە مەرجێك هەردووكیان بۆ نەفیكردنى لایەنى سێیەم هاوڕا و تەبابن.
بێگومان ستایش، هەر وەك نەفى، بەشێكى ڕەخنەیە و لە نووسیندا سەركوت ناكرێت، بەڵام بە مەرجێك ستایش بچێتە خزمەتى خودى تێكستەوە؛ تێكستێك بەبێ ناو. فوكۆ لە چاوپێكەوتنێكدا بێزارى خۆى لەوە دەردەبرێت، خوێنەر یان ڕەخنەگر بە خاترى ناوبانگى نووسەر دەست بۆ دەقەكەى ببات؛ بە پێچەوانەوە ئەو دەیویست كتێبێك بنووسێت تەنیا بە ناونیشانى خۆیەوە، بەبێ ناوى نووسەر تاوەكو تەنیا خودى تێكست لە بەردەم خوێنەردا بمێنێتەوە. فوكۆ چەند هەوڵێكى چكۆلەى دا، لەوانە: لەنێوان ساڵانى ١٩٧٩-١٩٨٤دا ڕۆژنامەى لۆمۆندى فەرەنسى، هەفتانە چاوپێكەوتنێكان لەگەڵ یەكێك لە كاریگەرترین ڕۆشنبیرانى هاوچەرخى ئەوروپادا بڵاو دەكرەوە؛ لە ٦-٧ى نیسانى ١٩٨٠دا، چاوپێكەوتنێك بڵاو كرایەوە بەبێ ئەوەى ناوى هیچ كەسێكى لەسەر بێت. لەبریى ناوى نووسەر تەنیا چاڵێك هەبوو، جێ-نیشانەیەك بۆ غیابى كەسى دیمانەكراو. فوكۆ داواى كردبوو بە نەناسراوى بمێنێتەوە تاوەكوو حزوورى نووسەر خوێنەر ڕانەكێشێت، لەبریى ئەوە وا لە خوێنەر بكات، لە غیابى نووسەردا، ئاوڕ لە خودى دەق بداتەوە؛ لەبەر ئەوە بابەتەكە بە “گفتوگۆ لەگەڵ فەیلەسووفە دەمامكدارەكە”دا ناسرا. ستایشى دەق تەنیا دەشێت لە غیابى نووسەردا ڕاستەقینە بێت. تەنانەت ئەگەر نووسەر بەناوبانگ و شوهرەتیش بێت، دەبێت ڕەخنەگر تواناى ئەوەى هەبێت لە دەق دایبماڵێت و دواى دەق بۆى بگەڕێتەوە. بەم جۆرە ستایشى نووسەر دەبێتە موجامەلە گەر بەشێك لە ستایشى دەق نەبێت؛ دەقێك كە شایەنى ستایشە؛ ستایشێك كە لەپێناو ئەرێكردنaffirmationـدایە.
( ٧)
بەر لەوەى شتێك لەسەر ڕەخنەى ئەرێكار بڵێین، پێویستە وەك زەمینەسازى لە چەند خاڵێكدا سكێچێكى بۆ بكێشین:
١. ڕەخنە چییە؟ فوكۆ ناونیشانى وانەوتارێكى خۆى دەربارەى ڕەخنە هەر بەم جۆرە داڕشتووە؛ بەڵام وەك لە سەرەتاى وانەكەیدا ئاماژەى پێ دەدات، لەبەر ئەوەیە كە هیچ ناوێكى بۆ بابەتەكەى نەبووە، واتە بە دڕۆدۆنگییەكى زۆرەوە ئەم پرسیارە دەكات بە ناونیشان كە تەنیا یەك پرسیارى سادە و باویشە. كەواتە بۆچى فوكۆ بەرامبەر بەم پرسیارە سادەیە هێندە دوودڵ و نیگەرانە؟ لەبەر ئەوەى لە وانەوتارەكەیدا ڕەخنەیەك پیشان دەدات كە لە خودى ڕەخنە لا دەدات، ڕەخنە بۆ شوێنێك پاڵ پێوە دەنێت كە پێشتر لە ڕووى تیۆرییەوە بۆ ئەو شوێنە پاڵ پێوەنەنراوە، واتە ڕەخنە دەباتە ڕووبەرى نا-ڕەخنەوە، ئەویش ڕەخنەیە وەك مومارەسەى كردەیى ژیان، وەك بوونى ئەخلاقیى مرۆڤێك كە بەتەنگى خۆوەیە: ڕەخنە وەك فەزیلەت (Foucault: The politics of Truth, P. 26). خاڵە گرنگەكە ئەوەیە كە لێرەدا ڕەخنە ڕوو لە خودى مرۆڤ دەكات؛ ئەمەیش تەنیا خۆ-ڕەخنەكردن نییە، ڕوولەخۆكردنیشە، یان بە تێرمى فوكۆ، گرنگى بەخۆدان، كە بەو واتایەیە خود ڕەخنەییانە دەژى؛ ئەمە سادە نییە. ڕەخەییانە ژیان لەولاى ئەوەوەیە خود تەنیا ڕەخنەییانە بیر بكاتەوە. بیركردنەوە كاتێك بەهایەكى ئەخلاقى هەیە كە لەنێو ژیانى ڕەخنەییى مرۆڤدا مومارەسە بكرێت. جەوهەرى ژیانى ڕەخنەیییانەش ئەوەیە نە ملكەچى دەسەڵات بیت و نە دەسەڵاتى ملكەچكردن پراكتیزە بكەیت. لێرەوە ڕەخنە لە واتاى قەدەغەكردن، دوورخستنەوە، سەركوت دادەبڕێت و دەبێت بە ئارەزوو. لێرەدا خۆمان لە شرۆڤەى ناوەڕۆكى وتارەكەى فوكۆ لا دەدەین، چونكە لە بابەتەكەمان دوورمان دەخاتەوە. خاڵى جەوهەرى بۆ ئێمە ئەوەیە لەوە تێبگەین كە ڕەخنەى جددى و بەهادار خودى ڕەخنەیش بۆ بەرزتر پاڵ پێوە دەنێت، فراوانى دەكات، لە ئاسۆ بینراوەكانى تێی دەپەڕێنێت. كارى ڕەخنەگر ئەوە نییە وەك زۆمبى بنیشێتە سەر دەق، ئەوەیە ئیمكانى ڕەخنە بۆ ئەودیوى سنوورەكانى ڕەخنە گەشە پێ بدات، واتە بە جۆرێكى نوێ مومارەسەى ڕەخنە بكات كە دەق پێیى شاد بێت (با نووسەرى دەقیش پێى شاد نەبێت).
٢. ناكرێت ڕەخنە بە ڕەهایى لە پێوانەسازى و نەفییەكى جوزئى هەندێك ڕەگەزى تێكستێك یان سیاقێك خۆى ببوێرێت، بەڵام لەمەدا پێویستە دوو شت لە یەكترى جیا بكاتەوە: نەگۆڕى مێژوویى و ئیعتیبارى مێژوویى. بنچینەى ڕەخنە ناكرێت نەگۆڕى مێژوویى بێت؛ ئەمە بە قەولى كانت دەبێتە جۆرێك دۆگماتیزم. بۆ نموونە گەر لە سەدەى نۆزدەدا هەلومەرجێكى دیاریكراو بۆ ڕەخنەیەك هەبووە، هەمان هەلومەرج و هەمان ڕەخنە بۆ هەمیشە بەو جۆرە نامێننەوە؛ ڕەخنە پرۆسەى بەردەوامى ڕەخنەكردنەوەیە نەك پرۆسەى بەردەوامى دووبارەكردنەوەى هەمان ڕەخنە. لەبەر ئەوە لە پرۆسەى ڕەخنەدا ئیعتیبارى مێژوویى گرنگە، واتە لەبەرچاوگرتنى ڕەگەزە گوتارییەكان و وتراوەكان لە پەیوەندیدا بە تۆڕەكان یان ئیپستیمەكانیانەوە. بۆ نموونە تێماى “كار”لە پەندى “كار ئازادكەرە” ArbeitmachtFreiـى نازیستەكاندا، هەمان تێماى “كار/ئیش” نییە لاى جووتیارێكى كورد، كە بە قەولى قانع “ڕۆژى نەورۆز ئەوەڵ ساڵ، دەكەونە ئیش كوڕوكاڵ… گشت خەریكى فرمانن، بەدەستهێنانى نانن”. هەر وا بە هەوانتە ناتوانین جووتیارێكى كورد بە فاشیست تۆمەتبار بكەین، لەبەر ئەوەى زاراوەیەك بەكار دەهێنێت كە لە فەرهەنگى فاشیستەكانیشدا هەبووە. نموویەكى تر: زاراوەى “گەل” لە گوتارى نازیزمدا، هەمان زاراوەى “گەل” نییە لە مقاوەمەى ڤێتنامیدا دژ بە داگیركاریى ئەمریكى. ڕەخنە بەبێ لەبەرچاوگرتنى ئیعتیبارى مێژوویى و ئیپستیمەى چەمكێك یان زاراوەیەك، دەبێتە ڕەخنەیەكى نەدار.
٣. تا ئێستاى ڕەخنەى ئێمە ویستى تێكدانى زۆرە و ویستى بونیاتنانى كەم؛ بەڵام چیتر ڕەخنە هەر بە سادەیى بۆ بونیادنەر و ڕوخێنەر پۆلێن نابێت. ڕەخنە پرۆسەیەكى هاوكاتى هەردوو پرۆسەكەیە پێكەوە؛ هەڵوەشانەوە و بونیاتنانە De-con-struction، تێكدان و پێكهێنانە: تێك-و-پێك-دان. ئەم هەڵوەشاندنەوە دێریداییە لەپێناو ئەوەدا نییە تێكست بخەسێنرێت و بێبەرهەم بكرێت؛ بۆ ئەوە نییە ئاسمانى دەق بسووتێنرێت؛ بە پێچەوانەوە بۆ دروستكردنى فرەیی و بەرەكەتە لە تێكستدا، بۆ ئەوەیە پیشان بدرێت هەر شتێك هاوكات هیچ و خۆى و چەند شتێكە، كاتێك بۆ ڕەگەزەكانى هەڵى دەوەشێنینەوە ئەوا دەكرێت ڕەگەزەكان بە جۆرێكى تر لێك ببەسترێنەوە، یان لەگەڵ ڕەگەزى دیكەدا كۆ ببنەوە و شتێكى تر پێك بهێنن. بۆ نموونە گەر وشەى “درۆ” وەربگرین: بێگومان لە ڕووى بەرپرسیارێتیى ئەخلاقییەوە نووسەر نابێت درۆ لەگەڵ خوێنەرەكانیدا بكات؛ دەبێت هێندە گرنگى بە خۆى بدات كە ڕاستگۆ بێت (ڕەخنە وەك فەزیلەت). بەڵام گەر ڕەخنەگر مامەڵە لەگەڵ تێكستدا بكات، ئەوا ڕەخنە بۆ ئەوە نییە درۆى نووسەر دەربخات (سكانداڵناسى)، تاوەكوو لە بەهاى دەق كەم بكاتەوە (نەرێكردن)، پتر بۆ ئەوەیە پێگە و ماناى درۆ لە دەق و لە پەیوەندیدا بە دەرەوەى دەق دەربخات، چونكە درۆ لەگەڵ تۆڕێك زاراوەدا لە پەیوەندیدایە: وەهم، ساختە، فێڵ، خەڵەتاندن، گزى، بەلاڕێدابردن، خەیاڵ، خورافەت، زیانگەیاندن، چاوبەست، هیتر. درۆ هەموویانە و هیچیشیان نییە؛ هەر یەك لەمانەیش لە هەمان تۆڕ و تۆڕى تردان و ئیدى بەم جۆرە تا ناكۆتا فرەیى و ئیمكانى تێك و پێكنان هەن.
٤. ڕەخنەى ئەرێكار بەرهەمى فیكرى ئەرێكارە؛ وەها فیكرێك بەڵێگۆیی ئاگایییەكى شادە بۆ ڕووداو كە لای وایە پتر بەرهەمى سوتفە، چاوەڕواننەكراوى، هەڵەیە كە فیكرى سیستەماتیك دەرفەتیان پێ نادات. ئەوانە هەندێك لۆچن لەسەر سەتحێكى ناونشین كە فیكر تێیاندا دەچێتە سەر هێڵى هەڵهاتن، هەندێك لابەلابوونەوەى ناكاون بیركردنەوە دەگەیەنن بە دەرەوەى ئاسۆكانى، دەیبەن بەرەو ئەودیوى سنوورەكانى خۆى. لێرەوە فیكرى ئەرێكار تەنیا ئایدیایەك یان تێزێك نییە؛ بەڵكوو جیهانبینییە، فۆڕمێكى بیركردنەوەى بونیادییە بۆ سیاسەت، ئیتیك، ڕەخنە، شیكارى، كە دەكەوێتە بەرانبەر فۆڕمى زاڵى بیركردنەوەوە بە درێژاییى مێژووى فەلسەفە، كە بیركردنەوەى نەرێكارە.
٥. فیكرى ئەرێكار ڕێنمایى پۆزەتیڤى بازاڕى یان زانستى گەشەپێدانى مرۆیى نییە كە لە دروشمى “پۆزەتیڤ بیر بكەوە”دا كورت دەكرێتەوە. زانستى گەشەپێدان هەر لە بنەڕەتەوە فیكر نییە، كاڵایە؛ هەندێك تەكینكى خۆ-هێوركردنەوەیە وەك دەلیلى ئاگایییەكى غەمگین كە دەیەوێت بە ئامۆژگارى و خەیاڵات و گەشبینییەكى گێلانە لە خۆى دەربچێت. زانستى مامۆستاكانى NLPـیە بۆ پەیكەربەندنكردن، پلانڕێژكردن، پرۆگرامكردنى سایكۆلۆژیاى مرۆڤ. فیكرى ئەرێكار ئازادیى كردەیە؛ لای وایە مرۆڤ كە لە بنبەستێكدا بناڵێنێت، غەمگین بێت، ژیان تۆمەتبار بكات، ئەوا یان دەبێت بە نەفیكەرەوەى ئەوانی تر و ژیان، یان دەبێت بە نێچیرى مامۆستاكان، قەشەكان، دەروونشیكارەكان بۆ ئەوەى بە ئاسانى گوناهبار و زەلیلى بكەن؛ ئیدى مرۆڤ بەردەوام لاى ئەوان سواڵى دانپێدانان، چاكبوونەوە و پاكبوونەوە بكات. فیكرى ئەرێكار بڕواى وایە مرۆڤ لێڕژانى بەردەوامى ئارەزووە بۆ داهێنان و چالاكى، ئازار تەنیا مایەى بەدبەختى نییە و ئەزموونكردنێكیشە كە دەشێت تواناى داهێنەرانەى مرۆڤ بتەقێنێتەوە. نەقس لە ژیاندا نییە، بۆشایى هەیە؛ بۆشاییش فەزاى ناكۆتاى ڤێرتوێلى كردە و صەیرورەیە. ئەرێكردن خۆى لە نەفیكردنى ئەوانی تر دەپارێزێت، لەوەیش كە ئەوانی تر ئوبێكت بن یان بە دزى بەختەوەرى تۆمەتباریان بكات. بەڵام هاوكات بێباكیشە بەرامبەر دەوروبەر و تەنانەت بەرانبەر دوژمنیش، چونكە نایەوێت مشەخۆرێك بێت كە پێگەى خۆى لەسەر بنەماى نەفیكردنەوەى ئەوی تر قاییم بكات. واتە بەگشتى مرۆڤ لە پەیوەندییەكى گرژ و حەساسدا نییە لەگەڵ ئەوانی تردا. دواجار فیكرى ئەرێكار چاوەڕێى ئیعتیرافى كۆیلە نییە تاوەكوو ببێت بە ئاغا، چاوەڕێى موجامەلە ناكات تاوەكوو قووڵ بێت، پێویستى بە وەسف و ستایشى دەوروبەر نییە تاوەكوو بەهادار بێت. ئەرێكردن فیكرى ڕۆحە گەڕیدە و تەنیاكانە: سپینۆزا، كیرگەگۆر، نیچە، دۆلوز، لێڤیناس، بلانشۆ.
( ٨)
ڕەخنەى ئەرێكار affirmative critics پەیوەندیى هاوڕێیەتى لەگەڵ تێكستدا دەسازێنێت؛ لە هاوڕێیەتیدا خۆشەویستى، ئولفەت، نزیكایەتى هەیە؛ بەڵام ڕاشكاوى و جیاوازى و مەودایش هەیە. مامەڵەى ڕەخنەگر بە گوێرەى پۆلى یەكەمى ئەم زاراوانە وا دەكەن تێكست، كە لەوێدا وەك جیهانێكى داخراو هەیە، خۆى بۆ ڕەخنەگر ئاوەڵا بكات. ئەم خۆئاوەڵاكردنە پتر بەو مانایەیە كە كاتێك ڕەخنەگر بێ پێش بڕیار، وەك دۆستایەتى دەستى بۆ كتێب برد، ئەو ڕەگەزانە لە كتێبدا دەدرەوشێنەوە كە لەگەڵ ئەم هێزە پۆزەتیڤەدا دەتوانن بچنە پەیوەندییەوە. ئەم هاوڕێیەتییە لەگەڵ تێكستدا، پێویستى بە هاوڕێیەتى نییە لەگەڵ نووسەرەكەیدا؛ بە پێچەوانەوە، كە ساتى خوێندنەوەى كتێب دەستى پێ كرد، هاوڕێیەتیى نووسەر هەڵدەپەسێررێت، هەروەها دوژمنایەتییەكەیشى. گەر ڕەخنەگر لەوەدا سەركەوتوو بێت یەكترڕاكێشانێكى دوولایەنە لەنێوان خۆى و تێكستدا دابمەزرێنێت، ئیدى تەنیا هەڵە و كەموكوڕى نابینێت، ئەو ڕەگەزانەیش دەبینێت كە شایەنى ئەرێكردنن، بۆ ئەوەى لەوێوە زیاتر هاوكاریى تێكست بكات بۆ سەرتر هەڵبكشێت. ڕەخنەگر دەق دەخاتە سەما.
پۆلى دووەمى زاراوەكانى هاوڕێیەتى، لە پۆلى یەكەم كەمتر گرنگ نییە؛ ڕاشكاوى و جیاوازى و مەودا وا دەكەن ڕەخنەگر جۆرێك هەڵسەنگاندنى هەبێت، هەندێ لایەن فەرامۆش بكات، هەندێ ڕەگەزیش نەفى بكات. بەڵام ئەم نەفییە خۆى بنچینە نییە، ئەوە نییە كە پرۆسەكە دەخاتە جووڵە؛ بەڵكوو بەشێكە لە پرۆسەى ئەرێكردن؛ نەفییەكە لەپێناو ئەرێكردندا، یان وەك دەرەنجامى ئەرێكردن4. ئەم نەفییە نەفیى ئەرێیش دەگرێتەوە، ئەو كاتەى ئەرێ بەڵێگۆیى بێت بۆ هێزێكى نەفیكار. لەبەر ئەمەیە كە نیچە دوو جۆر بەڵێ و دوو جۆر نەخێر دیارى دەكات. بەڵێى دروست و قەڵپ، نەخێرى دروست و قەڵپ. نەخێرى دروست لەپێناو بەڵێى دروستدایە، بەڵێى قەڵپ لەپێناوى نەخێرى قەڵپدایە. كەواتە نەفیى بەڵێى قەڵپ نەفییەكى دروستە، بەڵێى نەخێرى قەڵپ ئەرێیەكى نادروستە. پاشان: نەفیى نەفیى قەڵپ نەفییەكى دروستە، بەڵێى نەفیى دروست ئەرێیەكى دروستە. ڕەخنەگر كە مەودایەك لە دەق دەپارێزێت، دەتوانێت بەڵێ بۆ بەڵێى دروست بكات و نەفیى نەفیى قەڵپ بكات، دەتوانێت نەفیى بەڵێى قەڵپ بكات و ئەرێى نەفىی دروست بكات؛ لێرەوە ڕەخنەگر نە ئەوەیە یەكێتی لەگەڵ تێكستدا پێك بهێنێت و حلول بكات، نە ئەوەیە لە جیهانى تێكست دابڕێت و ئامانجێكى ترى لە دەرەوە بەسەردا بسەپێنێت؛ لەبریى ئەمە ڕەخنەگر تێكست دەخاتە جیاوازییەوە لەگەڵ دەرەوەى خۆیدا. دەبێت تێكست بۆ دەرەوە بانگ بكرێت؛ بچێتە پەیوەندییەوە لەگەڵ دەرەوەدا، بەبێ ئەوەى خۆیشى بەجێ بهێڵێت (Blanchot, the Infiniti Conservation, P. 168). دەرەوە كوێیە؟ با بلانشۆ وەڵام بداتەوە: «دەرەكێتی Exteriority هەمیشە بوونى خودە لە دەرەوە. دەرەوە پێكەوە پەیوەستی نییە، چەقى ئاوێتەبوون نییە، لەبریى ئەوە پەیوەندى لەسەر بنەماى دابڕانێك كە ناهێڵێت[لایەنەكان] تێهەڵكێشى یەكترى بن یان یەكبگرن، دادەمەزرێنێت. جیاوازى یەدەگى دەرەوەیە؛ دەرەوە پێشانگاى جیاوازییە؛ جیاوازى و دەرەوە بەیەكگەیشتن-جوداییەكى بنەڕەتی دیارى دەكەن» (Ibid., P. 161). دەرەوە جیهانە، ناكۆتا ئیمكان. پەیوەندى لەگەڵ دەرەوە جومگەى بەیەكگەیشتنى جودایى و جوداییی بەیەكگەیشتنە؛ واتە هاوجودایەتى [إنفصال]، كە هەم بەیەكگەیشتنە و هەم جودایى لە جیهان. ئەمە بەو واتایەیە ڕەخنەگر لێناگەڕێت دەق لەنێو خۆیدا، بە هەمان پێكهاتە و فۆڕمى خۆى، بمێنێتەوە؛ ڕەخنەى ئەرێكار دەق دەوڵەمەند دەكات، بەردەوام ئایدیاكانى، تێزەكانى، ستایلى، زمانى، تووشى لادان دەكات و لەگەڵ ئایدیاى دوورتر و چەمكى دەرەكیدا بەیەكیان دەگەیەنێت. ڕەخنەگر لەو با نەخوزاراوە دەچێت كە كەشتییەكەى كۆڵۆمبسى بەرەو ئەمریكا سەرگەردان كرد. كۆڵۆمبس بۆ هیندستان دەچوو، بەڵام ونكردنى ئاراستە و باى هەڵە بەرەو كیشوەرێكى نوێ بردیان؛ ئەم دەستتێكەڵكردنەى چارۆكە و باى ڕۆژهەڵات كەشتییەكەى ئەویان لەدەستى خۆى دەرهێنا، لە حوكمى نەخشە دەریاوانییەكەى ڕزگاریان كرد و ئەوەیان پێبەخشى كە خۆى بە خەیاڵیدا نەهاتبوو. ڕەخنەگر بۆ تێكست بەم جۆرەیە؛ تێكست لە نووسەر دەسەنێت، بەڵام بۆ ئەوەى پێى بڵێت گەنجینەى زۆر هەن تۆ لێیان غافڵ بوویت، بەڵام دەقەكەت بە سایەى ڕەخنەوە دەتوانێت لەمسیان بكان؛ گەلێك كیشوەرى نەزانراوى تر لەوبەرى دەریا هەن كە لەو كیشوەرە جیاوازن وا تۆ بۆى چوویت، من تێكستەكەت بەرەو ئەوێ دەبەم. ئەمە هاوكات ڕاشكاوییە بەرامبەر نووسەر، وتنى هەموو شتێك بێ شاردنەوەى هیچ بەشێك، بێ موجامەلە، بێ ڕیایى و ڕووپامایى؛ واتە پارێزیا، هەمان بوێرى بۆ وتنى حەقیقەت. ئەم بوێرییە پێش هەموو شتێك بەرامبەر دەسەڵاتى نووسەرە وەك پادشاى مەملكەتى خۆى؛ وەك مەرجەعى موتڵەق، وەك خالقى تێكست. دووەم بەرامبەر دەسەڵاتى موفەسیرە وەك پەیامبەرى نووسەر، كە دەرەوە دادەخات و هەموو شتێك دەخاتەوە نێو دەق، هەر بە زەڕەبینەوە خەریكى كەشفى پشتى دێڕ و جیهانى ژێرەوەى تێكستە بۆ ئەوەى بە نائاگایى و گرێ سێكسییەكانى نووسەر بگات. مومارەسەى ڕەخنە وەك ڕاشكاوى، یان بە تێرمى فوكۆ وەك پارێزیا، جۆرێك ڕیسكە بەرامبەر دەسەڵاتى حاكمانى دەق [دانەر/موفەسیر] تاوەكوو خودى دەق بەرەو دەرێ ئازاد بكات، هەر لەبەر ئەمە جۆرێك زبرى و توندوتیژییشە بەرامبەریان. بەم مانایە زبریى ڕەخنەگرى ئەرێكار دەچێتە ئەودیوى زمانى لووسى ستایشكاران و زمانى زبریى نەفیكارانەوە. ئەم زبرییەى ئەرێكردن بۆ دەق ئازادكەر و نەشئەبەخشە.
وەها ڕیسكێك ئەو كاتە گەورەتر دەبێت كە بزانین پەیوەندییەكانى ماناش هەر وەك پەیوەندییەكانى دەسەڵات پڕن لە ململانێ و مەترسى؛ لەم بارەدا دەشێت پەیوەندى لەگەڵ دەرەوە وەك ئینفیساڵ، ببێت بە پچڕان، دەق لە خۆى داببڕێنرێت و مانایەك هەر بە زۆردارى بە سەریدا بسەپێنرێت. بە بڕواى نیچە تەفسیر چیتر دۆزینەوەى ماناى شاراوەى پشتى/نێو دەق نییە، بەڵكوو سەپاندنى مانایە بەسەریدا، شتێك كە نازیزم لەگەڵ نیچە خۆیدا كردیان. بەڵام وەك بلانشۆ ڕوونى كردووەتەوە، فیكرى نیچە فیكرى ئینفیساڵە، واتە گەر ماناى سەپێنراو لەگەڵ ناوەوەدا یەكتر ڕانەكێشن و دەق پێى شاد نەبێت، ئەوا مانا تەنیا لە بەهاى تێكدان و خاپووركردندا، واتە لەو قۆناغەدا كە نیچە بە صەیرورەى شێر ناوى دەبات، دەوەستێت. زەردەشت بارگۆڕانەكانى ڕۆح بەم جۆرە دیارى دەكات: لە عەقڵەوە بۆ وشتر، لە وشترەوە بۆ شێر، لە شێرەوە بۆ منداڵ (نیتشه: هكذا تكلم زرادشت، ص 61). بەڵام ڕوونە كە ئامانجى نیچە داهێنانى بەهاى نوێیە؛ واتە دوا بارگۆڕانى ڕۆح، كە صەیرورەى منداڵە. نازیزم صەیرورەیەكى پێچەوانەى هەبوو؛ لە بوونبە-شێردا لەبریى ئەوەى ڕۆح بگەیەنێتە قۆناغى بوونبە-منداڵ تاوەكوو بەهاى نوێ دابهێنێت، بەها كۆنەكان یان صەیرورەى وشترى سەپاندەوە، تەنانەت بەسەر تێكستى نیچەیشدا. تێكست بەردەوام بە سایەى ڕەخنەگرەوە، كە تەفسیر دەگۆڕێت بۆ هێرمینۆتیك، لە مەترسییەكى لەم جۆرەدایە؛ ڕەخنەگرى ئەرێكار ڕیسكى ئەوە دەكات بە ڕاشكاوى بدوێت تەنانەت ئەگەر لەگەڵ نووسەر و موفەسیرى دەروونشیكاریشدا بكەوێتە ململانێوە تاوەكوو دەق لەگەڵ ماناى نوێدا، لەگەڵ دەرەوەدا، لەگەڵ ئەوی تردا بخاتە پەیوەندییەوە. ئەم دەرەوەیە كە لاى بلانشۆ جیاوازییە (هەروەك ئەمریكاكەى كۆڵۆمبس كیشوەرێكى جیاوازە)، ماناى “هێشتا نەبوو“ە. ئەمریكا بەر لە كۆڵۆمبس هەبوو، بەڵام هەتا ساتى دۆزینەوەى كۆڵۆمبس نەبووبوو بە كیشوەرێك لەسەر نەخشەى جیهان، نەزانراو و كەشف نەكراو مابوویەوە. ئەم نەزانراوییە ئەشكەوتى شاراوەى ئاسیا و ئەوروپا نەبوو (پشتى دەق)، بەڵكوو دوورەدەستتر، لە دەرەوەیان بوو؛ زەمینێك كە هێشتا نەببوو بە كیشوەر. با كەشتییەكەى بەرەو ئەم هێشتا نەبووە پاڵ پێوە نا.
ڕەخنەى ئەرێكار هەر بە ئاسانى بەڵێگۆیى نییە بۆ ئەوەى كە هەیە (واقیع)؛ هەروەها نەفییەك نییە لەپێناو دەركەوتنى ئەوەى كە نییە (یۆتۆپیا)، بەڵكوو بەڵێگۆییە بۆ ئەوەى كە هێشتا نەبووە و لە ڕێگەى كردارى ڕەخنەوە ئەم هێشتا نەبووە دەهێنێتە بوون
بەم جۆرە ڕەخنەى ئەرێكار هەر بە ئاسانى بەڵێگۆیى نییە بۆ ئەوەى كە هەیە (واقیع)؛ هەروەها نەفییەك نییە لەپێناو دەركەوتنى ئەوەى كە نییە (یۆتۆپیا)، بەڵكوو بەڵێگۆییە بۆ ئەوەى كە هێشتا نەبووە و لە ڕێگەى كردارى ڕەخنەوە ئەم هێشتا نەبووە دەهێنێتە بوون، ئەم ڤێرچواڵە دەكات بە ئەكچواڵ. كەواتە، گەر ڕەخنەگرێكى مێژووییی ئەرێكار دووبارە مێژووى كۆڵۆمبس بنووسێتەوە، لەبرىی سەركوتكردنى هەڵە و سەهوو، دەڵێت: “بەڵێ بۆ سوتفە، بەڵێ بۆ لادان، بەڵێ بۆ بێئاراستەیى” كە بوونە مایەى كەشفبوونى كیشوەرى نوێ… نەخێر بۆ نەخشەى پێشوەخت، نەخێر بۆ پێوەر و پێوانە، نەخێر بۆ حوكم كە دەبوونە هۆى ئەوەى كۆڵۆمبس هەر بگاتەوە بە هیندستانە زانراوەكە بێ ئەوەى هیچى نوێ ڕوو بدات. كەواتە دیسان دووپاتى دەكەینەوە: ئەم ڕەخنەیە نە ئەوەیە كە هەیە (بەڵێكردنێكى فەندەمێنتاڵانەى دۆخى باو)؛ نە ئەوەیشە كە نییە و دەبێت ببێت (بەڵێكردنى وەهمێكى مەحاڵ، یۆتۆپیایەك). ڕەخنەیەكە لە دەرەوەى ئەم دووانە؛ پتر بەڵێكردنى ئەوەیە كە هێشتا نییە بۆ ئەوەى ببێت. بەرهەمى ڕەخنەگر زەمینەى بوونبە ئەكچواڵى ئەم هێشتا نەبووەى نووسەرە. كەواتە ڕێگایەكى نوێیە بۆ دەرچوون لە دووالیزمى بێزەنتیى هێشتنەوە-نەفى، فەندەمێنتاڵ-ئاڤانگارد؛ لەبەر ئەمە لە هەر ڕەخنەیەكى تەقلیدى و باو و دووبارە لەپێشترە.
سەرچاوەكان:
G. W. F. Hegel, Phenomenology of Spirit, Translated by A. V. Miller, Analysis of the Text and Foreword by J. N. Findlay, Oxford University Press, Oxford, New York, Toronto…, 1977.
Immanuel Kant: Beantwortung der Frage: Was ist Aufklärung?, Vorabversion der 1. Auflage vom 16. Juni 2015. http://www.alsatia.de/publikationen/Immanuel_Kant_Was_ist_Aufklaerung.pdf
Judith Butler: What is Critique? An Essay on Foucault’s Virtue, Transversal Texts, 05. 2001. https://transversal.at/transversal/0806/butler/en
Michel Foucault: Ethics- Subjectivity and Truth, Edited by: Paul Rabinow, Translated by: Robert Hurley and Others, ‘Essential Works of Foucault’, Vol. I, The New Press, New York, 1997.
Michel Foucault: The Politics of Truth, Edited by Sylvere Lotringer & Lysa Hochroth, Semiotext(e), New York,1997.
Maurice Blanchot:The Infinite Conversation, Translation and Foreword by Susan Hanson, Theory and History of Literature, Volume 82, University of Minnesota Press, Minneapolis and London, Fourth Printing 2003.
فريدريش نيتشه: هكذا تكلم زرادشت- كتاب للجميع و لغير أحد، ترجمة: علي مصباح، منشورات الجمل، الطبعة الأولى، كولونيا (ألمانيا)-بغداد، 2007.
جيل دلوز: المعرفة و السلطة، مدخل لقراءة فوكو، ترجمة: سالم يفوت، المركز الثقافي العربي، الطبعة الأولى، بيروت، 1987.
پەراوێزەکان
1    “گۆیا”=قسەكەر، سوبێكتى گۆكردن. “بیسا” =بیسەر. بینا=بینەر. پێشتر دكتۆر عیرفان مسەفا ئەم زاراوانەى بەم فۆڕمە داڕشتووە.
2    بێگومان ئەو پرسە بێ ئەندازە ئاڵۆزە كە حەقیقەت چییە و كێ دەتوانێت بیڵێت؛ ڕێژەیییە یان ڕەها، بەرهەم دێت یان جەوهەرییە، دنیایى یان میتافیزیكییە، مەعریفەیە یان شهود و هتد. ئەم تێمایە بەشیك نییە لە سیاقى گشتى ئەم وتارە، بۆیە لێرەدا پرۆبڵماتیزەى ناكەین.
3    وتارە گرنگەكەى دۆلۆز “ئەفڵاتوون و زڕەوێنە”مان كردووە بە كوردى و ماوەى ساڵێك زیاترە سپاردوومانە بە هاوڕێیانى گۆڤارى “لۆگۆس”؛ لاموایە هێشتایش ژمارەى نوێى گۆڤارەكە بۆ بڵاوبوونەوە ئامادە نەكراوە.
4    بێگومان ئێمەیش لەم وتارەدا خۆمان لە نەفیكردن نەبوواردووە، بەڵام ئەم نەفییە بنچینە نییە؛ نەفى ئەو شتەیە كە دژ بە ئەرێیە، بەم واتایە نەفییەكى ئەرێیانەیە.
The post ئەمریكادۆزیى تێكست appeared first on ژنەفتن.
لە ئاکاری کۆیلایەتی بەرەو ئاکاری بەرپرسیاريەتی
بۆ لێکدانەوەی ئەم بابەتە پشت بە ڕێچکە فەلسەفییەکان دەبەسین، بیروبۆچوونی ئەو فەیلەسوفانە دەهێنینەوە کە شیکارییان بۆ چەمکەکە کردووە. ڕەهەندی مێژوویی و بابەتی “ئاکاری کۆیلایەتی” و “ئاکاری بەرپرسیاریەتی” لێک دەدەینەوە. کە هەمان ڕەهەندی “فەلسەفیی ئاکاریین”. لەلایەکی دیکەش پشت بە ئاکاری‌ داوەری دەبەستین. واتە هەردوو بواری شیکاری و داوەری ئاکاری لەگوتارەکەدا تێکهەڵکێش دەکرێن. لە دەروازەی ئەو پرسیارانەوە دەچینە ناو بابەتەکەوە: ئاکاری کۆیلایەتی چۆن سەر هەڵدەدات؟ و خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی چیین و هەروەها ئاکاری بەرپرسیاریەتی چۆن دەتوانێ جێگەی بگرێتەوە؟
ئاکار چییە؟
لە زمانی ئینگلیسی بۆ ئاکار دوو چەمکی moral و ethics  کەڵک وەردەگرن. موڕاڵ، فەلسەفەی ئاکار بەگشتی دەگرێتەوە و بە میتائاکار[ئاکاری شیکاری] ناودێر کراوە. مەبەست لێکدانەوەی چەمکە بنەڕەتییەکانی وەکوو چاکە، خراپە، خێر و شەڕ و … لەم جۆرە نموونانەدا. بەڵام ڕەگی ethics دەگەڕێتەوە بۆ “ئیتۆس” و “واتای خووڕەوشت” دەگەیەنێ. لە زمانی کوردیدا دەکرێ مۆڕاڵ بۆ فەلسەفەی ئاکار بەکار بێنین و وەکوو سیستەمێکی بەربڵاوی لێکدانەوەی چەمکەکان و پرسیارە بنەڕەتییەکانی ئاکار لە کۆنەوە تاکوو ئێستاکە لە بەرچاوی بگرین و لایەنی گشتیی ئاکار لێک دەداتەوە، بەڵام چەمکیethics  بۆ “ڕەوشت” بەکار دێت. فه‌لسه‌فه‌ی ئاکار، چوارچێوەی ئەو توێژینه‌وه‌ فه‌لسه‌فی و تیۆریانەیە سەبارەت بە بەها ئاکارییەکانی مرۆڤ. بۆ تێگه‌یشتن له‌ بەها ئاکارییەکان کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ له‌ ژیانی مرۆڤه‌کاندا دروست دەکات. به‌تایبه‌تی لە ده‌ربڕین و هه‌ڵوێسته‌کانیان و پەیوەندیی لەگەل خه‌ڵک و کرده‌وه‌کانیان، كه به چ شیوه‌‌یەك بڕیار ده‌ده‌ن. بۆیه‌ خه‌ڵکی که‌م‌تاکورتێک هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ ئەوەی ژیانیان له‌گه‌ڵ بەها ئاکارییەکان یه‌ک بخه‌نەوه، بەڵام نه‌ک به‌ شێوه‌یه‌کی ڕاشکاوانه‌، به‌و جۆره‌ی که‌وا هەندێک شێوه‌ی ژیان له‌ هەندێکی تر به‌پێزتره ( و‌لیامز، ٢٩:١٣٨٣).
سوکرات (٤٦٩پ.ز- ٣٩٩پ.ز)فەیلەسووفی یۆنانی
پێشینەی فەلسەفیی ئاکاری کۆیلایەتی
سەرەتا پێناسەی ڕەوشتی کۆیلایەتی لە لایەنە فەلسەفییەکەی و لە سۆنگەی فەیلەسوفانێکەوە ئاوڕیان لە بابەتەکە داوەتەوە لێک دەدرێتەوە.
لە لایەنی مێژووییەوە یەکەم فەیلەسوفێک کە ئاکاری بە شێوازێکی فەلسەفییانە لێکدایەوە سوکڕات بوو. سوکڕات یەکەم کەس بوو پرسیارە بنەڕەتییەکانی وەکوو (چاکە و خراپە) دادپەروەری، چاکەکاری و… لە ئاکاردا لێک داوەتەوە و بناغەی فەلسەفەی ئاکاری داڕشت. بەڵام زۆر جار بە تەوس و تەشەرەوە ڕەخنەی لە کۆمەڵگەی خۆی دەگرت. شێوازی لێکدانەوەی سوکڕات، پۆزیتیڤی بوو واتە لای وابوو مرۆڤ بە بەڵگەهێنانەوە و لێکدانەوەی پرسیارەکان دەتوانێ ئامانجە فەلسەفییەکانی خۆی دەستەبەر بکات. ڕێچکەیەی سوکڕات ئێستاکە لە فەلسەفەی ئاکاری شیکارییدا بەردەوامە. لایەنە تەوساوییەکی لە فەلسەفەی کییەرکەگۆر و نیچەدا دەردەکەوێت هەرچەند ڕەخنەگرەکەی سوکڕات بووە. نیچە وەکوو کەسێک لە ئاکاردا دەردەکەوێت ڕەهەندە نێگەتیڤەکەی دەگرێتەبەر، لای وایە ئاکاری ڕۆژاوا لە سوکڕاتەوە تاکو ئێستاکە کۆمەڵێک ئامۆژگاری بووە لە لایەن کەسانێکەوە پشتگیری لێکراوە جگە لە چاندنی توخمی ڕق‌وقی Resentment شتێکی ئەوتۆیان بۆ کۆمەڵگە نەخولقاندووە. بەتایبەتی ئاکاری سوکڕاتی – مەسیحی نموونەی هەرە زەقی ئەم چەشنە لە ئاکارە. نیچە لای وابوو ئاکاری مەسیحی کولتوورێکی خولقاند مرۆڤە مامناوەند و پڕ لە ڕق‌وقینەکان جگە لە دواکەوتوویی شتیکی ئەوتۆیان نەخولقاندووە. کلێسە بەردەوام کاری ئەوە بووە دوژمنەکانی خۆی لەناو ببات. ئێستاش لە جیهانی سیاسەت، دوژمنایەتی زیرەکانەتر، وردبینانەتر و بە کردارێکی نەرم ئەمە جێبەجێ دەکەن(نیچە، ل٥٨). نیچە لای وابوو دوو جۆرە ئاکار لە نەریتی مەسیحی سەر هەڵدەدا: ١)ئاکاری سەروەرەکان ٢) ئاکاری کۆیلەکان. ئاکاری سەروەرەکان لە دڵی ژیانەوە سەر هەڵدەدا و گوێ بە نەریت و نۆڕمی دواکەوتووی کۆمەڵگە نادات و خەسلەتێکی ناوەکیی داهێنەری تێدایە، هاوشێوەی هونەرمەندێک بەرهەمێک دەخولقێنێت و پڕ لە تازەگەری و جوانییە[1]. بەڵام ئاکاری کۆیلایەتی دژ بە ژیان دەوەستێتەوە، ئەوەی لەگەڵ ئاکاری ئەو نەگونجێت پووچەڵی دەکاتەوە. بەها ئاست‌نزمەکانی کۆمەڵگە وەکوو ترسنۆکی، چاکەکاری، یەکسانی… زەق دەکاتەوە و دەیکات بە ئاکاری پلەبەرز. ئاکاری کۆیلایەتی، دوالیستییانە بیر دەکاتەوە، بە شێوەی  (“ڕاستی-ناڕاستی”، “چاکەکاری-بەدکاری”) دەردەکەوێت. ئاکاری کۆیلە ناتوانێ ئاکاری سەرەورەکان پەسەند بکات، بۆیە پشت دەبەسێت بە ئاکارێک کە لەناو کۆمەڵگەدا باوە وەکوو (بەزەییهاتنەوە)، چاکە، یەکسانی، ویژدان.. و لەو جۆرە ئاکارەی کەوا کەسانێک بۆ مانەوەی هێزی خۆیان و درێژەدان بە هێزی خۆیان کەڵکی لێوەردەگرن. چاکەکارەکان هەمان کەسە چارەڕەشەکانن، چاکەکان هەر ئەو کەسە هەژار و بێ‌دەسەڵات و ئاست‌نزمەکانن، لایەنگری ئیمان هەر ئەو کەسە ڕەنجەڕۆ و نەخۆش و  ناشیرینەکانن و ئەمانەن بە ڕزگاری دەگەن و ئەوانەی سەرەوەر و دەسەڵاتدارن تۆڵەیان لێدەکرێتەوە. (ڕەچەڵک‌ناسیی ئاکار، ل٣٩). ئەگەرچی لە فەلسەفەی ‘کانت‘دا باس لە ئاکاری سەروەری و ژێردەستەیی کراوە بەڵام مەبەستی کانت ئەوە نەبوو ئەم دوو چەمکە پاساو بدات، بەڵکو کانت پتر لە هەمووی ئەرکی ئاکاری و پشت‌بەستن بە یاساکانی ئاکاری بەباش زانیبوو، دواتر هێگل درێژە بەم بۆچوونە دەدات و لە کتێبی “دیاردەناسیی ڕۆح”دا چەمکی کۆیلە و خاوەن کۆیلە لە سۆنگە مێژووییەکەی بەڵام بە شێوەیەکی ژوورهەست شی کردووەتەوە، دواتر مارکس گرێی دەدات بە ئابووریی سیاسی و کێشەی نێوان خاوەن ئیش و کرێکار، لە ڕێگەی کار کە کرێکار دەیکات و بەهرەکەی خاوەن کار دەیخوات لێک دەداتەوە. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە و تەوەری باسەکەی ئێمەیە لایەنی ئاکاری کۆیلایەتییە. گەرچی ئاکاری کۆمەڵگە پەیوەندیی بە لایەنی ئابووری، سیاسی و شێوازی پەروەردەی کۆمەڵگەوە هەیە و بەدەرلەمە نییە. هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان پەیوەندیی بەو لایەنانەوە هەیە باسمان کرد. ئەمانە وەکوو چەشنێک لە دیالێکتیک پێکەوە تێهەڵکێش کراون. کۆمەڵگاکانی ئێمە بە هۆی ئەوەی کە پەروەردەکەی پشتی بە میتافیزیکی ئایینی بەستووە زۆربەی چەمکەکانی ئاکار دوانەیین[دوالیزم] واتە لە جۆری دوانەی چاکە/خراپە، ڕاست/ ناڕاست، ڕەش/سپی …. و لەم جۆرە چەمکانەیە و بە بەردەوامی لە ئامۆژگارییەکاندا ئەم چەمکانە دووپات دەبنەوە. بەشی زۆری ئاکارەکە ئامۆژگاریین و هەندێک شرۆڤەی کۆنی ئاکاری ئەرستۆیشی پێوە دیارە. بۆ نموونە “ڕادەی مامناوەندی” لە ئاکاری ئەرستۆدا ئەویش بە شرۆڤەیەکی ئایینی کاریگەریی لەسەر میتافیزیکی ئایینی داناوە. شێوازێکی دیکەش لە هەڵسوکەوت هەیە خەڵکی بەپێی ژینگە و کولتوورێک کە مرۆڤەکان تیایدا گەورەبوون خاوەنی ئەو خەسڵەتانەن یان زۆر ترسنۆکن یان زۆر بوێرن یان ئەوەی کە هۆشیان بەیەکترەوە هەیە و یارمەتی یەکتر دەدەن. بەڵام ئەوەی گرنگ بووە ئەوەیە، بەردەوام ئەم ئاکارەدا لایان وابووە چاکە، ڕاستگۆیی و ڕۆشنایی سەردەکەوێت. لەم میتافیزیکەدا ئاکار وەکوو بابەتێکی سەربەخۆ نەیتوانیوە کاری خۆی بکات، بەڵکوو پێشبڕیارەکانی وەکوو ئامۆژگاری بەبێ ئەوەی کەسەکە خۆی تێدا بە هۆشیاری و ئازادی گەیشتبێت وەکوو کوتەک بەسەریەوە بووە و هەموو شتێکی دیاری کردووە و مەرجی بۆ داناوە، زۆر جاریش لە ڕیگەی ترس و تۆڵەی دواڕۆژ ئەمە تۆختر سەپێندراوە. ئەشعەری دیارترین کاراکتەری ئەم مۆدێلە هزرییەیە ، لە کەلامی ئەشعەرییدا تاک خۆی ناتوانێ لە دەرەوەی میتافیزیکی ئایینی، خۆی سەربەستانە لەسەر چەمکەکانی ئاکار بڕیار بدات. دواتر کەلامی موعتەزیلە لەژێر کاریگەریی عەقڵی[نۆسی] یۆنانی کەمێک بایەخ بە ئیختیار و سەربەستی دەدات. بەڵام دواتر بە زاڵبوونی شەرع بەسەر عەقڵ بۆ هەمیشە عەقڵ دادەخرێت. ئاکار وەکوو لقێکی گرنگ و پێویستی مەعریفەی مرۆیی لە چوارچێوەی ئامۆژگاری و گوتەزای سادە دەمێنێتەوە. واتە هیچکام لە لقەکانی ئاکار وەکو ئاکاری ژینگە، ئاکاری تەکنۆلۆجی، مێژووی ئاکار، میتائاکار، ئاکاری پزیشکی و ….. گەشەی نەکردووە. هەڵسەنگاندنی ڕاستی کۆمەڵگە دەریدەخات دۆخی ئاکار لە کۆمەڵگەکانی ئێمە بەچ شێوەیەکە. بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتە پێویستە دوو چەمکی وەکوو تاک و کەسێتی لێک بدەینەوە.
کۆمەڵگاکانی ئێمە بە هۆی ئەوەی کە پەروەردەکەی پشتی بە میتافیزیکی ئایینی بەستووە زۆربەی چەمکەکانی ئاکار دوانەیین واتە لە جۆری دوانەی چاکە/خراپە، ڕاست/ ناڕاست، ڕەش/سپی …. و لەم جۆرە چەمکانەیە و بە بەردەوامی لە ئامۆژگارییەکاندا ئەم چەمکانە دووپات دەبنەوە.
تایبەتمەندییەکانی ئاکاری کۆیلایەتی
ئاکاری کۆیلایەتی لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی ژێردەستەیە. واتە کۆمەڵگەیەکە مرۆڤەکانی هەست بە خۆبەکەم زانی دەکەن و بەردەوام ئەم هەستەیان تێدا دەبووژێتەوە و زۆر جاریش ڕازین بەوەی کە کۆیلەن بۆخۆیان بەردەوامی بەم گوتارە دەدەن. واتە ژێردەستەیی ئاکاری کۆمەڵگە، خۆیان مێژووی خۆیان ساز نەکردووە و ژیانی خۆیان سپاردووەتە دەست چارەنووسێکی نادیار. زۆر جاریش پەنا دەبەنەبەر خودا بۆ ئەوەی بەرپرسیاری لە خۆیان دابماڵن. کۆیلە تاکی تەریک و کەسایەتی نییە، واتە عەقڵی بەپێی بەرژەوەندی کاتی بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی جەماوەری بەرەوپێش دەبات. وەکوو مشەخۆرێک و بەدوور لە پڕەنسیپەکانی ئاکار دەجوڵێتەوە. کۆمەڵگەی لێکترازاو کەوا لە بەپرسیاریی ئاکاری و یاسایی خۆی دوور کەوتۆتەوە و زۆر جاریش لەناو دامودەزگاکان هەلپەرەستانە و کاربەڕێکەرانە هەڵسوکەوت دەکات. زۆر جاریش ئەم کەسانە تاک‌ ڕەهەندانە خیانەت لە “یاسای ‌زێڕینی”[2] ئاکار دەکەن، واتە ڕەنج و مەینەتی کۆمەڵگەیان لەبیر دەچێتەوە، بەردوام کەسانی چەوساوە زیاتر ژێرپێی دەخەن.[3] مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی ئێمە زۆر جار هەلپەرستی دەکەنە ئامڕازێک بۆ بەرژەوەندیی ئابووری و هەلپەرستیش دەگەڕێتەوە بۆ دواکەوتوویی کەسایەتی و نەبوونی یاسا و پڕەنسیپەکانی ئاکار. دیارە هەموو کۆمەڵگەیەک چینی هەژار  و سامانداری هەیە، زۆر جار هەژارەکان ڕقیان لە چینی ساماندار و دەوڵەمەندە بەهۆی ئەوەی کە ناتوانن وەک ئەوان بەئارەزوەکانیان بگەن. بەڵام چینی ساماندار بۆ پاراستنی سامانەکانیان ڕێک هەڵسوکەوتی هەژارەکە دەگرنەپێش، بەڵام بە خوویەکی ناشیرین و نامرۆڤانە و درندەیی وەکوو چاوبرسیەتی. بەڵام بەپێچەوانەی چینی هەژار، ساماندار و دەوڵەمەندان کێشەیەکی وەکوو چاوبرسییەتیان هەیە، ئەم چاوبرسیەتییە لە دۆخی ئاساییدا دەرناکەوێت، لەکاتی قەیرانی ئابووری و سیاسیدا خۆی زەق دەکاتەوە. هەموو شتێک بەپێی پارە هەڵدەسەنگێنن. چاوبرسییەتی، ئارەزوو و حەزی بەربەرەڵایانە، هەلپەرستی، دووڕوویی و مونافقی بەشێکی سەرەکیی بەدڕەوشتی ئاکاری کۆیلایەتی پێک دەهێنێت. لە ئاکاری کۆیلایەتیدا دوو ڕێسای ناشیرین و نامرۆڤانەی وەکوو بەزەییهاتنەوە و سواڵکەری[دەرۆزەکەری] باوە. بەزەییهاتنەوە هەستێکی دەروونی دووڕووانەیە بۆ خۆ دەربازکردن لە بەرپرسیاریەتی و مرۆڤبوونەوە، خۆ دزینەوە لە بەها و نۆڕمەکانی ئاکارە، زۆرتر ڕەوشتی کۆمەڵگەیەکە هێشتا مرۆڤەکانی “نیوە وەحشین” و بە شارستانی بوون نەگەیشتوون. بەزەییهاتنەوە چەشنێک نەخۆشی دەروونییە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان کارێک بۆ بەرانبەرەکەیان نەکەن و بێ ئەوەی کارێک بکەن منەتیش بکەن بەسەریاندا، بەزەییهاتنەوە هەستێکی نەخۆشە بۆ خۆدزینەوە لە ئاکار. تەنانەت ئەو شرۆڤەیەش لە فەلسەفەی ئاکاری نیکۆماخۆسی ئەرستۆ باس لە “ڕادەی مامناوەندی” دەکات و دواتر لە ڕێگەی وەرگێڕانی عەرەبە مەسیحییەکان دێتە ناو جیهانی ئیسلام لە خۆیدا گرفتێکی گەورەی ساز کردووە. واتە ڕێسای “ڕادەی مامناوەندی” لای وایە لەنێوان دوو کردەی وەکوو چاوچنۆکی و بێ‌تەماحی “ڕادەی ناوەند” هەڵبژێرن کە هەمان کەم‌تەماحییە. ئەم بۆچوونە لەخۆیدا مرۆڤێکی پاوانخواز دەخولقێنێت ڕێک پێچەوانەی ئەو ئاکارە دەجوڵێتەوە. واتە هەردوو لایەنی زێدەڕۆیی و کەمکاریی بەپێی بەرژەوەندیی خۆی جێبەجێی دەکات. واتە ئەگەر A کردەیەکی چاوچنۆکانە بێت و B کردەیەکی بێ‌تەماحانە بێت و C ڕادەی مامناوەندی واتە کەمتەماحی بێت، لە کۆمەڵگەی ئێستاکە بەپێی بەرژەوەندی و هەلپەرستیی کاتی لەلایەک Aیە و لەلایەکی دیکەش Bیە. هەلپەرستی و نەبوونی ڕەوشت  و بەرژەوەندیی کاتی و چاوبرسییەتی وای لێکردووە لە هەردوولا بخوات. ڕادەی ناوەندی مرۆڤێکی بێوەیی و سادە و لە هەمان کاتیشدا مەترسیدار بەپێی هەلومەرج دەخولقێنێت. تێکچوونی کولتوور و ئاوەزی کۆمەڵگە ئەم جۆرە کەسانە دەیکەن[4]. نیچە لە کتێبی ((وەهای گوت زەڕدەشت)) ئاکاری کۆیلەی بەم شێوەیە وەسف کردووە؛ ئێمه‌ ئه‌رکی کولتوورێکمان له‌ئه‌ستۆدایه‌ و دەستەبەرمان کردووە و له‌و‌ کولتووره‌دا گه‌شه‌مان کردووه‌ و چاودێریشى ده‌که‌ین. نیچە مرۆڤەکانی بەم شێوازە لێکداوەتەوە: ١.مرۆڤێکە به «وشتر» ناودێری كردووه، چونکه‌ وشتر زوڵم لێکراو و بارهه‌ڵگره‌ و ئه‌مه‌‌ «قۆناغی نه‌ریتی» یه‌. ٢.قۆناغی  شێرئاسا، له‌م قۆناغه‌دا، هێرش دەبا بۆ نه‌ریته ‌کۆنه‌کان و تێکۆپێکی ده‌دات. ٣.قۆناغی منداڵی  وەک چۆن منداڵ تازه‌ له‌دایک ده‌بێت، پشت له‌ هه‌موو نه‌ریتێک ده‌کات و دژی ڕاده‌وستێ و شتێکی نوێ دەخولقێنێت (فەلسەفەی هاوچەرخ، ل٥٦). هێندەی کە مرۆڤ لە ئاکاردا پاوانخواز بێت بە هەمان ڕادەش کرداری لە ڕاستیدا پاوانخوازانە دەردەکەوێت. بۆیە دەبینی ئاکاری دووڕوویی بەشێکی گرنگی ڕاستییەکانی ئێمە لەناو خێزان پێک دەهێنێت. مرۆڤەکان لەماڵەوە ئازاد و سەربەستانە دەجوڵێتەوە، بەڵام لەدەرەوە و لەناو کۆمەڵگە بەپێچەوانەوە هەڵسوکەوت دەکەن. هۆکارەکەشی زۆر جار داخرانی سیاسی و داخرانی کولتووریشە، واتە لەماڵەوە و لە تەنیایی خۆییدا ئازادە و لەدەرەوە کۆیلەیە، گەرچی ئەوە دژ بە بنەماکانی ئازادییە و ئەمەش جۆرێک لە کۆیلایەتی و تاکی تەریکە هێشتا کەسایەتی پێنەگەیشتووە. تاکە کردارێکش لەدەرەوە ئیشی پێ دەکرێت زمانێکی پڕ لەجامە لوسێکی و ماستاوچیانەیە و زۆر جار لەناو دامودەزگاکان دەربڕینی وەکوو “نۆکەرتم” یان “کوڕەکەم نۆکەرتە”، “کچەکەم قەرەواشتە” جۆرێک لە ڕەوشتی ژێردەستەیی و دەستەمۆبوونی پێوەدیارە. یان زۆر جار ستایشی لەڕادەبەدەری یەکترە واتە پیاهەڵدان و لۆمەکردن وەک‌یەک وایە. بەڵام ئەم هەڵسوکەوتە درۆیە ڕاستییە زبر و ناشیرینەکەی لێدانی یەکتر لەپشتەوەیە، ئەو شتەی کە پێی دەگوترێ لە “پاشخایی” قسەکردن و “بوختان هەڵبەستن” و ئەمەش شکاندنی کەسایەتیی یەکترە. واتە پیاهەڵدان و لێدانی کەسایەتیی یەکتری یەک پێناسەی هەیە و ئەویش بڕەودان بە ئاکاری کۆیلایەتی و مێگلە. هەموو دادەبەزێنێت بۆ یەک ئاست، واتە هەموو وەک یەکن، جیاوازی و فرە ڕەنگییەکان لەناو دەچێت. مرۆڤە کۆیلەکان لە داخرانی کۆمەڵایەتی و داخرانی ئازادی و بێدەنگبوون لە ئاست بەرپرسیارییەکان و تەنانەت خۆدەزینەوە لە ئەرکە مەدەنییەکانیان کۆمەڵگە بە شێوەی نەریتی و دواکەوتووانە دەهێڵنەوە. زۆر جاریش کەڵەکەبوونی پڕۆژەی پێشکەوتن و بە شارستانی بوون و ئازادی هەمووی مایەپووچ دەبێت. ڕێگەی دەربازبوون لە ئاکاری کۆیلایەتی پشتبەستن بە ئاکاری بەرپرسیاریەتی و بەهاکانی ئاکاریی مەدەنیانەیە.
فریدریش نیچە(١٨٤٤-١٩٠٠) فەیلەسووفی ئەڵمانی
لێکدانەوەی چەمکی تاک و کەسیەتی لە ئاکاردا
تاکی مودێڕن کەسێکە سەربەستە و خاوەنی ئیرادەیە و تاکێکی ئازادە خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی دەدات، واتە ژێردەستە نییە کەسێکی دیکە بڕیاری بۆ بدات و چاکە و خراپەی لەپێشدا بۆ دیاری بکات. ئەم تاکە کاتێک لە کۆمەڵگەدا هەست بە بەرپرسیاریی لە پێناو خۆی و کۆمەڵگە دەکات دەبێ بە کەس person یان ماکس شیلەر وتەنی دەبێ بە “کەسی کەسەکان” کەس و کەسایەتی خاوەنی عەقڵی سەربەخۆیە و خۆی لە لەتاکبوون دەرباز کردووە و بەشێکی چالاک و  زیندووی کۆمەڵگەیە و هەستی بەرپرسیاربوونی زیاترە و چالاکە و لە بوارە مەدەنییەکاندا ئیش دەکات و باوەڕی بە ئازادی و مرۆڤایەتی هەیە. هەوڵی بۆ دەدات تەنیا لە تاکبووندا نامێنێتەوە و تاک کاتێک ناگاتە ئاستی کەسایەتی ئەوە بوونی لەخۆیدا دەمێنێتەوە و ناچالاک و تەریک دەبێت. بە شێوازی ئیگزیستانسیالیستی بوونی لەخۆیدا نامۆیە و هۆشیاری نییە و واتە قەتیسبوونە‌ لە ژیانی ئاسایی. ئەم بۆچوونە بەشێکی گرنگ لە مشتومڕەکانی فەلسەفەی ئاکار و سیاسەتە. واتە مرۆڤبوونی مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ گەشەکردنی کەسایەتی و هەستی بەرپرسیاریەتیی لە پێناو کۆمەڵگە و ئەمەشە دەتوانێ کۆمەڵگە لە لێکترازان دوور ڕابگرێت. لە بەرپرسیاریدایە ویژدان زیندوو دەمێنێتەوە. دیارە ویژدان بەتەنیا ناتوانێ کێشەکانی ئاکار چارەسەر بکات، چونکە ویژدانی هەرکەسێک بەپێی پەروەردەکەی گەشە دەکات، ویژدان بابەتێکی دەروونییە و زۆر کەس هەیە لە پێناو بەرژەوەندی تاکەکەسی، ویژدانی نامێنێت، بەڵام ویژدان لە کاتێکدا زیندووە پەیوەند بە هەستی جەماوەرەوە بێت ئەگینا بە تاکی تەنیا ویژدانی هەرکەسێک بەپێی هەستەکانی دەگۆڕدرێت. باشتروایە ویژدانی کەسەکانی ناو کۆمەڵگە پێکەوە لەگەڵ گشتدا یەک بگرێتەوە. چونکە هەستی سادە و خاو بۆ خۆی کۆسپێکی گەورەیە لە بەردەم گەشەی عەقڵانیی کۆمەڵگەدا.
لێکدانەوەی چەمکی بەرپرسیاری
دیارە بەرپرسیاری سێ لایەنی گرنگی هەیە پێویستی بە لێکدانەوەیە: ١ـ بەرپرسیاریی مەدەنی، ٢ـ بەرپرسیاریی ئاکاری، ٣ـ بەرپرسیاریی کوشتن.
١ـ بەرپرسیاریی مەدەنی: مانای ئەوەیە، کەسێک زیان بە کەسێک دەگەیەنێ. بۆ نموونە A زیان بە B دەگەیەنێ، لێرەدا پێویستە A زیانێ کە بە B گەیاندوویەتی قەرەبووی بکاتەوە و هەروەها لەو تاوانەی کردوویەتی یان لە ڕوویی نەزانی بووە یان بە ئیرادەوە حەزی خۆی بووە بەرپرسە. ئەم شێوە لە بەرپرسیاری پەیوەندیی بە تاکەکانی ناو کۆمەڵگەوە هەیە. بۆ نموونە مرۆڤەکان لەبەرانبەر خستنەوەی منداڵدا بەرپرسیارن، مامۆستا لەبەرانبەر خوێندکار، دەسەڵاتدار لەبەرانبەر دادپەروەری و ئازادیی وڵاتەکەی بەرپرسیارە…
٢ـ بەرپرسیاریی کوشتن: ئەم شێوەیە لە بەرپرسیاری لەسەر کەسێک ساخ دەبێتەوە، تاوانێکی کردبێت و ئەم بەرپرسیارییە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئاکاردا هەیە. بۆ نموونە کەسێ کە تاوانی نەکردبێت لە خۆڕا یاسا لێی ناکۆڵێتەوە، مەگەر ئەوەیکە بە ویستی خۆی تاوانێکی کردبێت. لەم شێوە بەرپرسیارییەدا سزای دیاریکراوی هەیە، بەبێ ئەوەیکە بەرپرسیاریی ئاکاری لە بەرچاو بگرین، کەسی تاوانبار سزا دەدرێت. “بۆ نموونە شۆفیڕێک لەکاتی لێخوڕینی ماشیندا کەسێک دەکوژێت.” لێرەدایە بەرپرسیاریی مەدەنی و بەرپرسیاریی کوشتن لێک نزیک دەبنەوە. چونکە بەپێی یاسا شۆفیرەکە سەرەڕای ئەوەی کە پێویستە لە لایەن یاسای هاتوچۆ سزا بدرێت، هەروەها تاوانێکە کردوویەتی دەبێت قەرەبووی بکاتەوە.
٣ـ بەرپرسیاریی ئاکاریی: پێناسەی ئەم شێوەیە لە بەرپرسیاری لەوەدایە، پەیوەندیی بە زەرورەتی یاسای ئاکاری و هەروەها ویستی ئازادەوە هەیە. واتە کردەیەک زەروورەتی هەیە کەوا ئەو کردەیە هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ هاندەرێکی سروشتی، یان ئەو کردەیە لەژێر کاریگەریی ویستی کەسێکی تر بێت و ئەو کەسە خۆی بەرپرسی کردەوەکانی خۆی نییە. جیاوازی ئەم شێوە لە بەرپرسیاری دەگەڕێتەوە بۆ بکەری کارەکە و هەروەها لەو کارەی کردوویەتی هۆشیار و سەربەستە و لەژێر گوشاردا نییە و چاوبەستووانە ئەو کارە ناکات. لێرەدا چەمکی “تێگەیشتنی بەرپرسیاری” دێتە ئاراوە و ئەویش ئەوەیە، بەهایەکە بکەری کارەکە بۆ کردەکەی خۆی دایدەنێت و هەروەها بڕیارێکە دەیدات بۆ ئەوەی کە لە ئیشەکەیدا سەرکەوتوو بێت. دیارە تێگەیشتن لە چەمکی بەرپرسیاری دوو لایەنی هەیە: لەلایەک پەیوەندیی بە ڕابردوو هەیە و ئەویش بریتییە لەوەیکە ئەو کەسە لەو هەڵانەی لە ڕابردوودا کردوویەتی ئاگادار بێتەوە. دووەم: پەیوەندیی بە داهاتوو هەیە و ئەویش بریتییە لەوەیکە، مرۆڤ بەپێی پێویست لە هەندێک کاردا پسپۆڕ بێت بۆ ئەوەی هەندێک دەستکەوتی باشی بۆ دابین بکرێت. (سەلیبا، ١٣٦١: ٥٨٩).
بەرپرسیاریی ئاکاری‌←
بەرپرسیاریی سیاسی
پەروەردەی زانستی و مودێڕن←
بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتی← بەرپرسیاریی ئابووری← بەرپرسیاریی دامودەزگاکان
ویستی ئازاد و ئیختیار
لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا تاکو ئێستا ئەو لایەنانەی کەوا پەیوەندییان بە ئاکار، خواناسی و فەلسەفەوە هەیە لێک نەدرانەتەوە. بۆ نموونە ئایا مرۆڤ ئیختیاری هەیە یان ئەوەیکە جەبرێکی مێتافیزیکی یان کۆمەڵایەتی بەسەریدا زاڵە! لێرەدایە باس لە ئیختیار و  ویستی ئازاد دێتە ئاراوە. دیارە تا ئەو کاتەی کە مرۆڤ ئەو ڕەهەندە مێتافیزیکییانەی لە مێشکیدا وەکوو جیهاندیدێک قۆزاخەی بەستووە لێکی نەدابێتەوە ناتوانێ خۆی بە کەسێکی ئازاد و سەربەست بزانێت. ئەوانەی باوەڕیان بە ئیختیار هەیە لایان وایە، مرۆڤ خۆی لە جێبەجێکردنی کارەکانیدا سەربەستە و هیچ جەبرێک لە ئارادا نییە، ئەگەر ئیختیاری نەبێت هەست بە بەرپرسیاری ناکات و پەنا دەباتە بەر جەبری کۆمەڵگە و لە هەموو خراپتر جەبری میتافیزیکییە، واتە ئەو شتانەی وەکوو پێشگریمانە و بەبێ هەڵسەنگاندن لە مێشکیدا بناغەیان داڕشتووە. “پێویستە ئێمە دوو گریمانە لە بەرچاو بگرین: ١-دانپێنان بەوەی کە خەڵکی لەو شتانەی هەڵیدەبژێرن ئازاد و سەربەستن، دیارە مرۆڤ وەکوو ئاژەڵەکان نییە. ٢- پێویستە ئەم بۆچوونە پەسەند بکەین کەوا هەڵبژاردن و کردەوەکانی مرۆڤ سەرچاوەیەکی ڕوون و عەقڵانی هەیە و لایەنێکی ناهۆشیارانەی نییە و مرۆڤ ئەوکارەی کەوا ئەنجامی دەدا چاوبەستووانە نییە و بە بابەتێکی مێتافیزیکی ئاسمانییەوە گرێی نادات.” (فرانکنا، ١٣٨٣: ١٦٥).
ئایزایا بەرلین(١٩٠٩-١٩٩٧) فەیلەسوف و تیۆریسیەنی بەریتانیایی
پێناسەی ئازادی
لێرەدا پێناسەی ئازادی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ئیختیارەوە هەیە و ئەمەش ڕێک ڕێگە بۆ بەرپرسیاری یان نا-بەرپرسیاربوونیش خۆش دەکات. کەواتا مەبەست لە ئازادی چییە؟ لێرەدا چەند نموونەیەک دەخەینە بەردەست، ئایا شۆفیڕێک ئازادە بەپێی حەزی خۆی ماشینەکەی لێخۆڕێت؟ یان سیاسەتمەدارێک ئازادە هەرچی حەزی لێیە بیکات؟ ئایا کەسێکی ئایینی ئازادە سنوور بۆ یاسا دابنێت یان نا؟ ئایا مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا ئازادە بە حەزی خۆی هەرچی بەباش دەزانی بیکات؟ لێرەدا پێویستە ئەمە ڕەچاو بکەین ئازادی هۆشیارییەکی مەدەنییانەیە و لە پێشدا بیرکردنەوە و پەروەردەی هۆشیارانە، ئازادیی مرۆڤەکان دەستەبەر دەکات. پێویستە بۆ لێکدانەوەی بابەتەکە ئاماژە بە ئازادی لە ڕوانگەی دوو فەیلەسووفی جیا و ناکۆک بەیەکتر بکەین. یەکەمیان “ئایزایا بەرلین“ە و ئەوی تریش “ژان پۆل سارتەر“ە. ئایزایا بەرلین لەسەر ئازادی پێناسەیەکی ژیرانەی هەیە. بەرلین لە فەلسەفەکەیدا باسی لە دوو شێوازی ئازادی کردووە : یەکەم: ئازادیی ئەرێنی، دووەم: ئازادیی نەرێنی. ئازادیی ئەرێنی مانای سەربەستیی عەقڵانی دەگەیەنێ و ئازادیی نەرێنی، واتای نەبوونی کۆت و بەندی داسەپاو لە لایەن کەسانێکی تر دەگەیەنێ. بۆ ئەوەیکە ئێمە خاوەن ئازادی بین لە ‌پێشدا توانای هەڵبژاردنمان هەبێت و ئەمەش دژ بە هەر چەشنە قەدەر و جەبرێک دەوەستێتەوە. (بەرلین، ١٣٧٩: ١٤). “کەواتە ئازادی سەرچاوەیەکی گرنگ و بنەڕەتی بۆ بەرپرسیاریەتییە. ئەگەر مرۆڤ خۆی لە جەبری ئایینی و مێتافیزیکی ڕزگار نەکات باس لە بەرپرسیاری خەیاڵە، هەروەها پێویستە مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا خاوەن ئازادی بێت بۆ ئەوەی خوی بە بەرپرسیار بزانێت”. “کەسێکی وەکوو سارتەر لە فەلسەفەی ئێگزێستانسیالیستدا لای وابوو، مرۆڤ خۆی بەرپرسی بوونی خۆیەتی. سارتەر دەڵێت: بوون پێش چییەتی دەکەوێت و مرۆڤ بەرپرسی بوونی خۆیەتی. تاکی مرۆڤ خوی خاوەن خۆیەتی و سەربەستیشە، کەواتە مرۆڤ سەرەڕای ئەمانە، بەرپرسی سەرجەم مرۆڤەکانی تریشە.” (رحیمی، ١٣٤٦: ٣١-٣٢).
تاکی مرۆیی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانی خۆی سەرجەم مرۆڤەکانی دیکەی هەڵبژاردووە. هەڵبژاردن، سەربەستی و ئازادی لە کردەدا خۆی دیاری دەکات و زەینی نییە.
لێرەدا مرۆڤ لە هەڵبژاردنی خۆیدا ئازادە و هەرکام لە ئێمە لە ڕێگەی ئازادی و ویستی سەربەستیی خۆمانەوە، ‌بوونی خۆمان هەڵدەبژێرین. کەواتە تاکی مرۆیی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانی خۆی سەرجەم مرۆڤەکانی دیکەی هەڵبژاردووە. هەڵبژاردن، سەربەستی و ئازادی لە کردەدا خۆی دیاری دەکات و زەینی نییە. بەرپرسیاربوونی ئێمە بەرفراوانتر لەوەیە ئێمە بیری لێ بکەینەوە. زۆڵم و زۆر و کوشتن و بڕینی مرۆڤەکان لە لایەن دەسەڵاتێکی سەرکوتکارەوە ئەوە نییە هەموو بێدەنگ بن و پشتگوێی بخەن، بەڵکوو ئەرکی سەرشانی هەموو مرۆڤێکە ڕێگەی لێ بگرێت. کەواتە مرۆڤ سەرەڕای ئەوەیکە ئازادە، لە پێناو ئازادییەک کە هەیەتی بەرپرسیارە و مرۆڤەکانی تر چاویان لەو بڕیارەیە دەیدات، بەرپرسیاربوون لەهەمبەر خۆی و مرۆڤەکانی دیکەیە. مرۆڤ ئەگەر لە دونیایەکی داخراودا ژیان بەسەر ببات، تووشی تەریکبوون دەبێتەوە و هەر لە ناخی خۆیدا تووشی دووڕوویی دەبێتەوە. کەواتە چەمکەکانی وەکوو ئازادی، بەرپرسیاری ئەرکی بەدواوەیە.
پاراستنی ئەرک لە دۆخی نا-ئاساییدا
لە فەلسەفەی ئاکاردا سێ وشەی Dontologist، obligation، duty پەیوەندییەکی پتەویان پێکەوە هەیە. واتە ئەرک، بەڵێنی و زانستی ئەرکخوازی بە تووندوتۆڵی پێکەوە گرێیان خواردووە. یەکێک لەو فەیلەسووفانەی کەوا بەباشی لەسەر ئەم باسە خاوەن هەڵوێستە “ئمانۆئیل کانت”ی فەیلەسووفی ئاڵمانییە. کانت دەڵێ: “هیچ شتێک لەم دونیایەدا و تەنانەت لە دەرەوەی دونیادا نییە جگە لە “ویستی چاکە نەبێت.” (کانت، ١٣٦٩: ١٢) مەبەست لە ویستی چاکە بە ئەنجام‌گەیاندنی ئەرک و بەڵێنییە. ئەگەر یاسایەکی ئاکاری هەبێت پێویستە بەبێ هیچ مەرجێک لە خۆیدا چاک بێت و بەهایەکی زاتی هەبێت. واتە ویستی چاکە بەپێی دەرەنجامەکانی ناناسرێت. بە دەربڕینێکی دیکە سەرچاوەی ویستی چاکە لە ئەنجامی کارەکەوە سەرچاوەی نەگرتبێت. بۆ نموونە: بکوژێک کە هیچ هاندەرێکی جگە لە ئیشی کوشتن و بڕین لە ژیانیدا نییە و بۆی هەیە لە خۆوە کارێکی باش بکات، بەڵام ئەم کارە مانای ئەوە نییە ئیدی بکوژ نەبێت. تەنیا چاکەی کردەیەک مانای ئەوە نادات ئەو کەسە کەسێکی خاوەن ئاکارە و پێویستی بە نییەتی بکەری کارەکەیشی هەیە، تا چ ڕادەیەک ئەو بکەرە ویستێکی چاک و ئینسانی هەیە. هەر لێرەوە کانت پەل بۆ “نییەتی جێبەجێکردنی” ئەرک دەکێشێت. کانت لای وایە ئاکارێک بەهادارە، سەرەڕای ئەوەیکە ئەو کارە پێویستە لەگەڵ ئەرکی نییەتی ئاکاریدا یەک بگرنەوە، پێویستە نییەتی ئاکاریشی بە ‌پشتەوە بێت و نییەتیش هەمان پەیڕەوی لە یاسای عەقڵە. کانت دوو کردەی ئاکاری لێک جیا کردووەتەوە. ١ـ کردەیەکە لە پێناو ئەرکدایە، ٢ـ کردەیەکە لە پێناو جێبەجێکردنی ئەرکدایە. نموونەیەک بۆ جیاکردنەوەی ئەم دوو کردەیە دەهێنێتەوە. “فەرز کەین فرۆشیارێک لە کڕیارێک پارەی زۆر ناسێنێ، ئەم کارەی فرۆشیارە بەپێی ئەرکە، بەڵام لە پێناو جێبەجێکردنی ئەرکدا نییە. بۆی هەیە ئەم گران نەفرۆشتنە بە هۆی پاوانخوازی یان ترس لە خودا یان بۆ گەیشتن بە بەهەشت بێت” (کاپلستون، ١٣٨٠: ٣٢٤). بەڵام ئەم کارە ئاکاری نییە و بەتەواوەتی کردارێکی نا-ئینسانییە و کانت لەم سەروبەندەدا ئاکارێکی ڕەها بەپێی بنەمای عەقڵ دێنێتە ئاراوە و دەڵێت:‌ “کردارت بەپێی یاسایەک بێت مرۆڤەکان نەک وەکوو کەرەستە، بەڵکوو وەکوو ئامانجێک چاو لێبکەیت”. یاسای دووەم ئەوەیە : “بەپێی یاسایەک هەڵسوکەوت بکە، کردارت ببێ بە یاسای گشتی”. (کورنر، ١٣٨٠: ٢٨٤)
کۆتا بڕیار
کەواتە ئەرک و بەرپرسیارییە، ویژدانی مرۆڤەکان بەزیندوویی دەهێڵێتەوە. کۆمەڵگەی زیندوو کەسانیک دەیگێڕن لە دۆخە نا-ئاسییەکاندا لەباتی ئەوەی کە بە هەلپەرستی و پارە کۆکردنەوە و چاوبرسییەتی بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسی خۆیان بجووڵێنەوە، هۆشیارانە بەرژەوەندیی کۆمەڵگە و چینی هەژاریش ڕەچاو بکەن. بڕیار نییە کاتێک دۆخێکی نا-ئاسایی سیاسی یان ئابووری سەر هەڵدەدا کۆمەڵگەش ببن بە دڕندە و گورگی یەکتری هەرکەسە و بەپێی توانای خۆی دەبێت ئاگایان لە یەکتری بێت. دیارە کۆمەڵگەی گەندەڵ و دواکەتوو بەهاکانی ئاکار نامێنێت و هەلپەرستی و کەس لەکەسی باو دەبێت. لە کۆمەڵگە وەحشییەکانی کۆندا ئاکار و ڕەوشتی چاوبرسییەتی و هەلپەرستی تێدا باو بووە. بەڵام کۆمەڵگەیەک نەختێک ویژدان و بەرپرسیاریی مرۆیی تێدا مابێتەوە و مرۆڤەکان خاوەنی ڕەوشتی بەرز بن بەهۆشیارییەوە کۆمەڵگە دەپارێزن و ڕێگە نادەن کۆمەڵگەیان لە دۆخی نائاساییدا لەناو بچێت. لە کاتی قیرانەکان کاسانێک هەن بوێرانە و بەبێ بەرانبەر کۆمەڵگەی خۆیان دەپارێزن ئەمانە ویژدانی زیندووی کۆمەڵگەن و باشتر وایە نموونەی ئەم جۆرە کەسانە زیاتر بێت. ئەم کەسانەن وەکوو سەربازی ون ویژدانی کۆمەڵگە و ڕەوشتی کۆمەڵگە دەپارێزن و ڕێگە نادەن کۆمەڵگە لە لایەن کەسانی مشەخۆر و هەلپەرست لەناو بچێت.
ژێدەری فارسی:
١.درامدی برفلسفەی اخلاق، بیرنارد ولیامز،ترجمەی سهراب علوی نیا،١٣٨٣ ، نشر مرکز
٢.تبارشناسی اخلاق، نیچە، ترجمەی داریوش اشوری، ١٣٧٩، نشر اگە
٣.فلسفەی اخلاق، ویلیام فرانکنا،ترجمەی هادی صادقی ١٣٨٣، نشر طە
٤.تاریخ فلسفەی کاپلستون،[کانت] جلد ٦، ت. بزرگمهر و سعادت ١٣٨٥، نشر علمی و فرهنگی
٥.اگزیستانسیالیسم و اصالت بشر، مصطفی رحیمی، ١٣٤٤،نشر نیلوفر
٦.چهار مقالە دربارەی ازادی، ایزایا برلین، علی موحد، ١٣٨٠، نشر خوارزمی
٧.کین توزی، ماکس شلر، ترجمەی، صالح نجفی، جواد گنجی، ١٣٨٨، نشر سالس
٨.فرهنگ فلسفی، جمیل صلیبا،ترجمەی منوچهر صانعی درەبیدی،١٣٦١، نشر حکمت
ژێدەری کوردی:
١.مێژووی فەلسەفەی هاوچەرخ، وەرگێر، سەعید کاکی، چاپی ئاوێر، هەولێر،٢٠١٣
٢.سەرەتاکانی فەلسەفەی ئاکار، وەرگیڕ، سەعید کاکی، دەزگای ڕۆشنبیری، هەولێر،٢٠١٣
٣.بنەماکانی فەلسەفەی ئاکار، وەرگێڕان و کۆکردنەوە، سەعید کاکی، چاپی ئاوێر، ٢٠١٥
٤.مێژووی فەلسەفەی راتلێج بەرگی ٦ ئایدیالیزمیی ئاڵمانی، وەرگێڕانی. سەعیدکانی
[1] perspectiveڕوانگەیەکە نیچە داهێنەری بووە.
[2] golden Rule لەم یاسایەدا ئەوە گرنگە گەر ناتەوێ خەیانەتت لێ بکەن باشتروایە خەیانەت بە کەس نەکەیت.
[3] نموونەی زەقی ئەم بۆچوونە لە کتێبی “ئایشەمەن لە ئۆڕشەلیم” نووسینی هانا ئارێنت بەچڕوپڕی لێکدراوەتەوە. نموونەی ئەو شتانە لە کۆمەڵگەی خۆمان  بەزەقی دیارە.
[4] کورد وتەنی لەلایەک خوایان دەوێت و لەلایەکی دیکەش خورمایان دەوێت
The post لە ئاکاری کۆیلایەتی بەرەو ئاکاری بەرپرسیاريەتی appeared first on ژنەفتن.
ژن لە هزری نیچەدا
پێشەكی:
لەمەڕ مێژووی فەلسەفە، كتێبی زۆرمان خوێندوەتەوە، هەر لە مێژووی فەلسەفەی كلاسیك و یۆنان و ڕۆمی كۆنەوە بگرە تا فەلسەفەی مودێڕن و پۆستمودێرن و ئاوڕی تایبەتیش لە هەندێك لە بابەتەكانی دراوەتەوە و پرسیاری زۆریشمان هێناوەتە گۆڕێ، تەنانەت بە هەندێك فەیلەسووفمان هەڵگوتووە كە لەو سەردەمانەدا ژیاون، بەڵام ئایا هیچ كات بیرمان لەوە كردۆتەوە یا پرسیارمان كردووە كە بۆچی هەموو فەیلەسووفەكان پیاون؟ بۆچی لە فەلسەفە و گۆڕەپانەكانی دیكەی ژیاندا وەك ئەدەبیات، هونەر، موزیك، وێنەكێشان، سیاسەت، ئابووری، دەروونناسی… تەنها پیاوانی ناودار ئامادە بوونە كە ئەندێشە و هونەرەكەیان لە مێژوودا تۆمار كراوە و درەوشاوەتەوە؟ هەڵبەت ژنی سەركەوتووش هەبوونە كە ناویان لە تەنیشت ناوی پیاوانەوە تۆمار كراوە، بەڵام ژنانی نێودار لەم پانتایانە بە بەراورد لەگەڵ پیاوان، ئەوەندە پەنجەژمێرن كە ئەتوانرێ لە ناوهێنانیان خۆش بین، بە تایبەت لە چوارچێوەی ئەم خوێندنەوەماندا، واتە فەلسەفە.
بە دیدێكی ڕەخنەگرانە لە دەقە گرینگە فەلسەفییەكاندا دەتوانرێت پەی بەوە ببرێت كە ئەم پەیڤینانە خاوەن بابەت یا ڕەگەزی بێبەر نین، لە گشت ئەم دەقانەدا زمانی ئاوەزی نێرینە دەبینینەوە كە ئاوەزدارانە لەگەڵمان دەئاخڤێت. زێدە لەمەش، ئەو دیمەنەی كە حیكایەتە فەلسەفییەكان پێشاندەری، دیمەنێكی گشتگیر و جیهانی نین، بەڵكو هەڤیازی دانی ئەزموون و بڕوایەكی تایبەتن بەسەر ئەویتردا. هەر ئەو ئەزموون و بروا تایبەتانەن كە گشت گریمانەكان و تیۆرییە فەلسەفییەكان هەر لە تیۆری جوانیناسییەوە بگرە تا مەعریفەناسی و لە گوتارە ئەخلاقییەكانەوە تا بان سرووشتی، دەخەنە ژێر كاریگەرییەوە. بەداخەوە هەنوكەش كەسانێك كە خەریكی خوێندنەوە و كاركردنن لەسەر نەریتی فەلسەفی، خۆیان بێ ئاگا دەكەن لەم خاڵە یا خودبێئاگان. ئەگەر لە فۆرموولەبوونی مێژووی هزر و فەلسەفەی ڕۆژئاوا وردبینەوە، ئەو دیمەنەی كە بە دەستی دەهێنین، دیمەنێكە لەو كۆمەڵە پیاوێكی تایبەت، واتە پیاوانی سپی پێست لە چینی باڵای كۆمەڵگا، تەنانەت ڕۆڵی كەم ڕەنگتری پیاوانی پێست ڕەنگین یا پیاوانێك لە چینی خوارووی كۆمەڵگا لەم دیمەنەدا بە دژواری دەبینین، كەواتە نەك تەنها ژنان، بەڵكو پیاوگەلێكیش لەم دەستەیە لە نێوەندی فەلسەفی وەدەر نراون.
وا پێدەچێت كە نیچە و ئەندێشەكەی، بتوانێت وەڵامی زۆرێك لە پرسەكان لەوانە ئەم وەدەرنراو و دوورخرانەوەمان بداتەوە. سەرەڕای ڕەخنە توند و ڕووشێنەرەكانی نیچە لە بزووتنەوەی فیمینیزمی سەدەی خۆی و هەروەها دیموكراسی، بنەماكان پیاوسالاری كە ڕیشەیان لە كولتوور و هزردا داكوتاوە، دەخاتە بەر ڕەخنەوە. نیچە ئینكاری زۆرێك لە نزم بیركردنەوەكانی فەلسەفە دەكاتەوە كە تاوەكوو هەنووكە توانیویەتی بەها و وەستاوی خۆی بپارێزێت. ئەو ئیمكانی دەست وێراگەیشتن بەم هێز و دێكۆمێنتارییە لە حكومەتی باوكسالاری و پیاوسالاریدا بە دوور نازانێت كە لە ڕێگای زۆرەملی و سەركەوتووەوە توانیویەتی دەوام بهێنێت و بە ڕووكارێك كە بە ڕەچەڵەكناسی ناوی دەركردووە و هەروەها بنەمایەكی تر لە هزری خۆی واتە دیمەنگەرایی دەستی داوەتە ڕەخنەیەكی بنەمایی لە دەسەڵاتداریەتی. بەم شێوەیە بۆمان دەردەكەوێت كە تێڕوانینەكانی نیچە تۆخمگەلێكی لە ڕەخنەی پیاوسالاری و باوكسالاریشی تێدایە و لەم ڕووەوە كەوتووتە بەر هێرش و ڕەخنەی هەندێك لە بیرمەندان كە لە ڕاستای گشتی هزری باو و زاڵ، هزرێكی پیاوسالاریان بەسەر هزری مرۆڤ تەوەریدا بە چاكتر زانیوە. نیچە فەیلەسووفێكە بە بیروبۆچوونی گۆڕاو تەنانەت دژ و نەچەسپاو. نیشانەی دیار و گرینگی ئەو، لە خوێندنەوە نوێیەكانە كە بەردەوام بۆ بەرهەم و نووسینەكانی دەكرێت. بۆ نموونە ئەم دووبارە خوێندنەوە نوێیانە لە فەڕەنسا، بە پۆست پێكهاتەگەراییەكان و بە كاری میشێل فوكۆ لەژێر ناونیشانی “نیچە، فرۆید و ماركس” دەستی پێكرد و لە ئەمریكاش بە وەرگێڕان و ڕاڤەی بەرهەمی نیچە لە لایەن (ڤۆڵتێر كافمن)ەوە بوو. بێ شك دەتوانرێت نیچە بە یەكەمین بیرمەندی پۆست مودێرن بزانرێت. ئەو سەرچاوەی زۆری بۆ پەیدابوون و گەشەی ئەم قوتابخانە هزرییە فەراهەم كرد.
ڕەخنەكانی نیچە لە مودێرنیتە و بەهای ئەو لە لای سۆسیالیزمی نەتەوەیی ـ كە خۆی جووڵانەوەكی دژە مودێرن بوو ـ ئەویان وەك بیرمەندێكی پۆست مودێرن بە تایبەت لە فەڕەنسا و كەمێك دواتر لە ئەڵمانیا و ئەمریكا ناساند. گومانی تێیدا نییە كە نیچە وەك كەسایەتییەكی تەوەری، هەم لە شرۆڤەی كولتووری ڕۆژئاوایی سەدەی بیستەم ڕۆڵی هەبووە و هەم لە پێشكەوتنی فەلسەفەی ڕۆژئاواشدا. بۆ نموونە، [سوك هەڵبژێرەگۆیی] و گاڵتەئامێزانەی ئەو كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر (لۆدویك ویتگێنشتاین) دانا، بەردەوام ڕەخنەكانی لە ئاوەز، دەرەنجامێكی باشی بۆ مەكتەبی فرانكفۆرت هەبوو. كاریگەری دیمەنگەرایی دژە دەركەوتەناسی نیچە، لەسەر ژاك دێریدا و پۆل دومان كە هەردووكیان لە ڕەخنەگرانی پۆست مودێڕنن، زۆربەرچاوە. زۆربەی دەركەوتەی ڕەچەڵەكناسی نیچە، بە تایبەت لەمەڕ پەیوەندی نێوان زانست و دەسەڵات، نیۆماركسیستییەكانی وەك میشێل فوكۆ و ئیدوارد سەعیدی بەرەو چالاكی مێژوویی و ڕەخنەگرانەی پۆست مودێرێنیتی هەڵنا، هەروەها هەوڵە دلێرانەكەی بۆ هێرشكردنە سەر بان سرووشتی نەریتی و هێنانەگۆڕێی تیۆری خواستی هێز (دەسەڵات) پانتاییەكی لەباری بۆ بیرمەندانی پۆست مودێرنی دیكەی وەك مارتین هایدێگەر، هانس گئۆرگ گادامێر و ژان پۆل سارتەر خۆش كرد. لە بیروڕای نیچە لەبارەی مەرگی خودا و ڕەدكردنەوەی دوالیزم لە ئیلاهیاتی مودێڕن و ئیگزیستانسیالیستی و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر فەیلەسووفانی وەك پۆل تیلیش هەبوو. زیدە سەرەڕای كاریگەری هزری نیچە لە فەلسەفەدا، دەتوانرێت ئاماژە بە بوونیش لە پانتایییەكانی دیكەی كولتوور و ئەندێشە هەروەك ئەدەبیات و دەروونناسی و هونەر بكرێت. لەم ڕووەوە، خواستی بوونی بیروڕای ئەو بۆ هزری سەدەی بیستەم و دوای ئەویش ـ لە گشت پانتایی و گۆڕەپانەكانیدا ـ كارێكی ئاشكرا و هەروەها جێگەی تێرامان، چونكە بە بوێریەوە دەتوانرێت بوترێت كە نیچە تەنها فەیلەسووفێكە ئەندێشیەكانی بوونەتە سەرچاوەی پەیدابوون و پەروەردەی قوتابخانە هزرییەكان لە دنیای ئەوڕۆی ئەوروپی، هەروەك دەزانین (فێمینیزم)یش كە لە تیۆرییە نوێیەكانی دیكەی فەلسەفەیە، كاریگەری زۆری لە بیروڕا و هزری نیچە لەسەر بووە، بە تایبەت فیمینزمی هاوچەرخ كە لە ڕاستای فۆرمولەبوونی ئەندێشەی پۆست پێكهاتەگەرا و پۆست مودێرن لە فەڕەنسا پێكهات، هەرچەندە لە نووسینیەكانی نیچەدا گەڕانەوەیەكی فراوان هەیە بۆ ژنان، ژمارەیەكی كەم لەم گەڕانەوانە لە پێداهەڵگوتنی بۆ ژن تێدایە. سەرەڕای ئەمانەش بوونی گشت ئەو دژە ژنییە (یا ئەگەر باشتر بێ بڵێین لە ژن هەڵاتن)ی نیچە، دەتوانرێت بوترێت كە ئەو دڵفڕێنەر و شەیدای ژنە، هەندێك لەسەر ئەو باوەڕەن كە قسەكانی نیچە لەسەر ژن وەها تاڵ و نەخوازراون كە بواری هەر جۆرە سوودوەرگرتنێكی ئەرێنی و پێداگریگەرایی ناهێڵێتەوە، بەڵام خاڵی گرینگ كە دەبێت ئاگاداری بین، ئەوەیە كە نیچە هەموو شتێك و هەموو كەسێك دەخاتە بەردەم ڕوحی توندوتیژی ڕەخنەكانی خۆیەوە ئەو نەریتی فەلسەفی هەر لە ئەفلاتووندا بگرە تا كانت دەباتە ژێر ڕەخنەوە و لە زۆربەی پانتاییەكاندا قسە و ڕەخنەی زۆری هەیە بۆ گوتن. كاتێك كە فەیلەسووفێكی وەك ئەو لەمەڕ پرسێكی وەك نیشتەجێبوون، ئاو و هەوا، ڕژێمی خۆراكی و هەڵبەت هزری، ساغڵەمی و.. قسە دەكات، جێگای سەرسوڕمان نییە كە لەمەڕ ژنانیشەوە ئەو قسانەی هەیە، ئەگەرچی ئەم قسانەش بە ڕواڵەت شتێك جگە لە توندگۆیی و لۆمە نەبن. ئەگەر نیچە لەم بارەوە قسەی نەكردبا، ئەوكات جێگای سەرسوڕمان و گوومان بوو.
بە گشتی ڕەنگە بتوانرێت قسەكانی نیچە لەسەر ژنان لە سێ ڕەهەند و ڕووەوە سەیر بكەین: یەكەم، ئەو قسانەی كە نیچە لە بیروڕای پێشینانەوە وەری گرتوون و سەرەڕای چاوەڕوانی ئێمە لەگەڵیان ڕەخنەگرانە هەڵسووكەوتی نەكردوە. هۆكاری ئەمەشمان سەردەمێك بۆ دەردەكەوێت كە بە خواست و ئارەزووی شەخسی نیچەی بزانین، واتە ئەو حەزی لەوە بوو تا ئەو قسانەی كە بنەما و بناغەیەكیان نەبووە و وەك نەریتێكی پیاوانە خۆیان لە فەلسەفەدا پێشان داوە، بێ هیچ هەڵسوكەوتێكی ڕەخنەگرانە قەبووڵ بكات و ئەمەش هەمان ڕەهەند و لایەنی دووهەم و تایبەتمەندییەكی دیكەی قسەكانی ئەوە لەمەڕ ژنانەوە، بەڵام لە ڕووەوە كە نیچە فەیلەسووفێكی ڕاستگۆیە، لەم لاوازی كەسایەتی و ئارەزووە شەخسییەی ئاگادار دەكاتەوە و لە پاڕی (231) لە (ئەوپەری خەیرو شەڕ)دا دانی پێدا دەنێت كە بەشێك لە قسەكانی لەمەڕ ژنانەوە تەنها ڕاستی گەلێكی ئەون، نەك ڕاستی گەلێك لەمەڕ ژنانەوە كەواتە باشتر وایە خۆ بە دوور بگیرێت لە كاریگەری ناڕەوا و نەشیاوی قسەكانی لەمەڕ ژنانەوە. سێیەمین ڕووخسار و دیمەن كە دەتوانێت ئاشكراكەری گوتراویەكانی نیچە لەمەڕ ژنانەوە بێت، ڕەخنەگەلێكە كە ئەو بە دروستی لە فێمینیزمی سەردەمی خۆی هەیبوو، چونكە ئەو پەی بە دەرەنجامێكی زیاندار بردبوو كە ئەم جووڵانەوەیە سەرەتاییە، دەیتوانی بەرهەمێكی بۆ ژنان تێدا بێت، چونكە لە شەپۆلی یەكەمدا ئەم جووڵانەوەیە كە زۆرجار پێی لەسەر یەكسانییە كۆمەڵایەتییەكان دادەگرتەوە و پێشنیاری وەك پیاوبوون لەدەستدانی غەریزە و تایبەتمەندییە ژنانییەكانی دەكرد و ئەمەش شتێك بوو كە نیچە لە بەرژەوەندی ژنانی نەدەزانی و بۆ بەرگرتن لەم فەنابوونە بە تووندی هێرشی دەكردە سەر جووڵانەوەی فێمینیزمی سەردەمی خۆی، بەڵام لە چەرخی ئێمەدا ئەم جووڵانەوەیە توانیویەتی زۆرێك لە گرفتە تیۆری و پراكتیكیییەكانی خۆی حەل بكات و تەنانەت توانی وەك تیۆرییەكی فەلسەفی، شوێنگەی شیاوی خۆی لەنێوان تیۆرییە فەلسەفیییەكانی دیكەدا بەدەست بهێنێت.
لەم توێژینەوەیەدا باسەكەمان بە بنەمای هزری نیچە دەست پێكردوە و هەوڵمان داوە تا كەم و زۆر هەموو بنەما هزریییەكانی ئەم فەیلەسووفە بەیان بكەین تا خوێنەر بتوانێت سەرەڕای ئاشنایی لەگەڵ شێوەی بیركردنەوەی و ئەوەی كە كاریگەری لەسەر بیروڕا و بیركردنەوەی داناوە، تێگەیشتنێكی باشتری لە فەزای ئەندێشەكانی نیچەدا دەست كەوێت، چونكە جگە لە تێگەیشتنێكی دروست لە واتاگەلی وەك ڕەخنەی كولتووری، ڕەخنەی مەسیحیەت، ڕەخنەی ئەخلاق و بەها كۆنەكان، ئەفڕاندنی كولتوور و بەهاگەلی نوێ، خواستی دەسەڵات و گەڕانەوەی جاویدان بێ ناگەینە ئەو ئامانجەی كە خوازیارین. بەشی یەكەم ئامادە و تەیارمان دەكات بۆ چوونە نێو بەشی دواتر كە لێكدانەوەی ڕوانگەكانی نیچەیە لەمەڕ ژنان لەگەڵ ڕوانگەی دژە ژنی و تەئیدگەرانەكانی. لەلایەكەوە نیچە، ژن بە سەرچاوەی بەها كۆنەكان دەزانێت كە دەبێت وێران بكرێن و لەلایەكی تریشەوە ژن بە ڕووی هیوای وەڕاستگەڕانی مرۆڤ و بەرزبوونەوەی كولتوور و مرۆڤایەتی دەزانێت كە بەمەش دەتوانێت لە ڕاستای مزگێنی نیچە بۆ كولتوورو بەها نوێیەكان هەنگاو هەڵێنێتەوە ڕوانگەی ئەرێنی و تەئیدگەرانەی نیچە، هەمان ئەو شتەیە كە پێشەكی چوونە ژوورەوەی ئێمەیە بۆ بەشی سێهەم، واتە لێكدانەوەی ئەو كاریگەرییەی كە نیچە لەسەر فێمینیزمی هاوچەرخی داناوە و شرۆڤە و دەربڕینێك كە ئەوان لە بیر و هزری نیچە لەم بارەیەوە هەیانبووە كە خۆیان سەرچاوەی گۆڕان و لێكۆڵینەوەی زۆر بوونە لەم بوارەدا ئێمە لەم لێكۆڵینەوەیەدا هەوڵ دەدەین تا ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی نیچە بە مێژووی هزری فەلسەفی (ڕۆژئاوا) درێژە پێ بدەین و درێژی بكەینەوە بۆ نێو بابەتی باسەكەمانەوە. سەرەڕای ئەم كارەش هەوڵ دەدەین تا دیدێكی دیاردەناسانە سەبارەت بەم ڕەوتە درێژە پێ بدەین و بە دوای قەبووڵكردن یا بە درۆخستنەوەی ڕوانگەی نیچە لەمەڕ ژنانەوە نەبین. ئێمە ئاگامان لە هەردوو مەیل و خوازە ئەرێنی و نەرێنیییەكانی بیروڕای نیچە لەمەڕ ژنانەوە بووە، هەروەها خۆمان داوەتە ئەو شرۆڤە جیاوازانەی كە لەبارەی ڕوانگەی نیچەوە، لەم بارەوە ئەنجام دراون و هەروەها بیروڕا و ڕوانگە جیاوازەكان شرۆڤەكەران و ڕەخنەگرانی ئەم بابەتەمان وەبەرچاو گرتووە .
پێشینەی لێكۆڵینەوەی لەم چەشنە لە ئاستی نێونەتەوەییدا، بۆ ساڵیانی پێشتر دەگەڕێتەوە و لە ڕاستیدا هێشتا كە باسێكە زۆر تازە كە ڕێگایەكی درێژی لەپێشە بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێك كە لە بیری دایە و هێشتاكەش بیرمەندگەلێكی زۆری بە خۆیەوە خەریك كردووە. كەوابوو بۆمان دەردەكەوێت كە ئەم لێكۆڵینەوانە لە كۆمەڵگای ئێمەدا، پێشینەیەكی وەهای نییە هیوادارین كە ئەم كارە بتوانیت سەرەتایەك و دەستپێكێك بێت بۆ موتاڵا و لێكۆڵینەوەی زیاتر و بەربڵاوتر لە داهاتوودا. هەڵبەت دەبێت بە بیر بهێنمەوە كە هەر كارێكی نوێ گرفتی تایبەتی خۆی هەیە، لەوانە بەرتەسكی و سنورداریەتی لێكۆڵینەوە و سەرچاویەكانی كە ئەم كارەش خاڵی نییە لەم كێشانە. هیوام ئەوەیە كە گرفتیەكانی ئەم كارە لەگەڵ ڕەخنەو پێشنیاریەكانی خوێنەران لە داهاتوودا چارە بكرێن.
بنەمای هزری نیچە
شیفتە و فریودراوی جۆر و شێوازی من بووی؟ و بە دوای مندا سەفەر دەكەی؟
ڕاستگۆیانە بە ڕێگای خۆتدا برۆ!
دەبینیت هێواش هێواش پەیڕەوی لە من دەكەی!
(زانستی شاد، كتێبی یەكەم، •٧)
هەوڵدان بۆ چوونە نێو سیستەمی هزری هەر فەیلەسووفێك، پێویستی بە تێگەیشتن و وەرگرتنی تەواوی بنەمای هزری ئەو فەیلەسووفە هەیە، واتە لێكدانەوەی خواست و خاڵی مەزنی مێژوویی و پێداهەڵگوتنی تایبەت و واتایەكی تایبەت كە ئەو فەیلەسووفە بۆ بەیانكردنی ئەندێشەكانی خۆی بەكاری دەبات، بەلانیكەمەوە هەندێكجار خوازیاری یەكدڵی و هەندێكجاریش ڕەفتارێكی دەرووناسانەیە. ئەم كارە لەمەڕ نیچە و چوونە نێو قوڵایی ئەندێشە و كرۆكی هزرییەوە، پێویست تر و هەروەها دژوارتریش دەردەكەوێت. پێویستی و دژوارییەكەی، سەرەتا لە لێكدانەوەی دروست لە هزری نیچە، سەرەڕای ستایل و شێوازی تایبەتی نووسین و بەیانكردنی ڕوانگەكانییەتی كە هەندێكجار نادیارو دژوار دەردەكەون و لێوان لێون لە قسەی جوان و باش دستەواژەی نمایشی، وشەی كورت كە خاڵی نین لە دژەگۆیی و نادیاری و هەندێكجاریش خاوەن ڕوون و ئاشكرایی و كورتبڕی وەهان كە ترسی ئەوە هەیە تا قوڵایی و بێخی نیشتووی نێو ئەم قسە كورتە بەراستی دەرك نەكرێت، بە دەربڕینێكی دیكە، نیچە بە زمانی شیعر فەلسەفە دەكرد. نیچە، ئەم شاعیرە فەیلەسووفە، لە پێشەكی (ئەمەیە مرۆڤ) دەنووسێت:
“كەسێك كە بتوانێت هەوای نووسینەكانی من هەڵمژێت، دەزانێت كە ئەمە هەوای بەرزییەكانە، هەوای تازە و زیندوو. دەبێ مرۆڤ بۆ هەوایەكی وەها ئەفڕێنرابێت… تەنهایی ترسناكە، بەڵام هەموو شتێك بە ئارامی لە ڕووناكیدا خەوتووە! چ ئازادانە دەتوانرێ هەناسە بكێشرێت! چەندە دەتوانرێت شتەكان خوارووتر لە خۆمانەوە هەست پێ بكەین! فەلسەفە، بەو شێوەیەی كە من هەتاوەكوو هەنووكە لێی تێگەیشتووم و پێی ژیاوم خوازیارانە ژیانە لەنێو سەهۆڵان و لوتكەكاندا ـ گەڕانی هەر شتێكی نائاشنا و پرسیارئەفڕێنی ژیانە…”
لەوەوە كە نیچە باوەڕی بە كولتوورێك لە بنەمای جیاوازە لەگەڵ كولتووری سەدەی ئێمە هەیە واتە هەمان كولتووری كە پڕ لە خۆهەڵنان سەما و بالۆرەی مەستانەیە و پڕە لە شەوقی ژیان كە دەتوانرێت باشترین وێنا و دەركەوتەی لە دیۆنیزۆسدا بینین، وا بە باشتر دەزانێ كە “لە شیعر، پەند، دانسقەگۆیی، شانۆ، گۆرانیییەكانی دیتیرامبیك (سروودەكانی دیۆنیزۆسی لە وەسفی سەما و مەستی) و لە خوازە، پەند و حیكمەت و دژەكان بەهرە وەرگرێت، واتە لە فراوانی فۆرمگەلێ كە شكڵی دانسقەی (وەهای گوت زەردەشت) دروست دەكات. لێرەدا ئەندێشە و ڕاڤە لە هەمان كلتووری دیكەوە سەرچاوە دەگرن و ناتوانن لە چوارچێویەكانی كولتووری عەقڵانی ئێمەدا بگونجێن”.
پۆل ڤالری لەم بارەوە دەڵێت ” نازانم لە نیچەدا چ پەیوەندێكی دەروونی لەنێوان دوو توخمی بێنیازی و شرۆڤەكاری هەیە كە هیچكات كەسێك بەم گونجاوی و زیرەكییە وەراستی نەگەڕاندووە. لە یاری ئەم مەرمی پاراو لە موزیكە، ئەوەی بۆ من بە تەواوی جێگای باشی و پێداهەڵگوتنە، دەسلەملان و كاریگەری زۆر سەركەوتووانەی مانا و داتاكانە كە لە بنەڕەتدا زانایانەن”.
هەروەها نیچە خۆی دان بەوەدا دەنێت كە بۆ تێگەیشتنی فەزای نووسینیەكانی، دەبێت دروست بكرێت تا ڕەنگە بتوانرێ ڕێگایەك بۆ فەزای ئەندێشەكانی بدۆزرێتەوە و ئەمەش لە كاتێكدا ڕوودەدات كە هاوڕا بین لەگەڵی تا دوورترین ڕۆژئاوابوونەكان و قوڵترین نشێوگەكان. ولیام هابێن لەم بارەوە دەڵێت “كاتێك كە گوێ لە قسەی دەگرین، لە نێزیك ئاگرەوەین و لەم حاڵەدا هەم گەرمای سووتێنەر و هەم ڕووناكی سەرنجڕاكێشی ڕوحی هەست پێدەكەین و ئەو كاتە لێی تێدەگەین كە تەسلیمی ئاگربازیی پڕ لە جادووی زێدەڕۆ و دژە گۆیییەكانی بین”.
هۆكارێكی دیكەی پێویست و دژواری ڕێگا دۆزینەوە بۆ فەزای ئەندێشەی نیچە ـ كە لە هەمان كاتدا ڕەنگە پێشاندەری هێز و جوانی گیانی كەلامی ئەم فەیلەسووفەش بێت ـ جێنەگرتنی فەلسەفەی ئەو لە دابەشكاری دیسپلینی پشت ئەستوور بەسەر سیستەمەوەیە: “مەبەستی نیچە لە نووسینی فەلسەفەی خۆی، بەیانكردنی شتە تایبەت و یەكتاكانە، نەك كاروباری گشتی یا نێوەند. ئەو دەخوازێت ئەوەی كە پەیگر و نەچەسپیو و ئاڵۆز و بێ چوارچێوەیە، لە هەموو سەرووتریش، سروشتی تاكی ژیان بپارێزێت.. یەكگرتوویی هزری ئەوەندە بۆی گرنگ نییە”.
لەم ڕوەوە ناتوانرێت نیچە و هزرەكەی لە هیچ جۆرە سیستەمێكدا جێ بكرێنەوە و فەلسەفەكەی بخرێتە نێو چوارچێوە پلەبەندییەكانەوە “ناتوانرێ فەلسەفەی نیچە بە ئاسانی بۆ بەشگەلی وەك بان سرووشت، مەعریفەناسی، مۆراڵ، جوانیناسی و بواریەكانی دیكە دابەش بكەین. بۆ نموونە ئەخلاقی ئەو نە بە شێوەیەكی تەواو پێگەیشتوانەیە و نە دژی عەقڵگەراییە. توخمی پۆزیتیڤیزمی تەنیشت بە تەنیشتی مەیلی ئیگزیستانسیالیستی خۆی ئاشكرا دەكات”.
لەم ڕوەوە ئەتوانرێ فەلسەفەی نیچە هەم بە جۆرێك لە ئیگزیستانسیالیزم و هەم بە ڤیتالیزم و هەم بە فەلسەفەی هێز و دەسەڵات.. بزانرێت.
سەرچاوە دێرینەکان
لەم بەشەدا هەوڵ دەدەین بنەماو بناغەی هزری نیچە ـ كە هەمووكات بە سووكەبژێرەگۆیی (aphorism) دەنووسێت ـ بە سەرەنجدان بە بنەما و ئامۆژەگەلێ كە لە بەرهەمەكانیدا هاتووە، ڕاڤە بكەین و لە بواری ڕەچەڵەكناسی و دێرینەناسییەوە سەرەنجێكی بۆ هەڵخەین.
یۆنانییەكان، ڕەشبینی و هونەر
نیچە لە یەكەمین كتێبی خۆیدا، لە دایكبوونی تراژیدی لە ڕۆحی موسیقی (١٨٧٢)، تیۆریگەلێکى لەمەڕ لە دایكبوون و مەرگی تراژیدی یۆنانی باس کردووە. زێتر لە هەر شتێكی دیكە، نیچە لەم پەرتووكەی خۆیدا مانایەكی نوێ لە ڕۆحی یۆنانی ئەخاتەڕوو. ئەو لە سەرەتادا، چیرۆكی گفتوگۆی پاشا (میداس) و (سیلنۆس ـ Silcuns)ی زانا، هاوسەفەری (دیۆنیزۆس ـ Dionysus) دەگێڕێتەوە كە پاشا بە پێداگری لێی دەپرسێت “چ شتێك بۆ مرۆڤ لە هەموو شتێك باشتر و دڵخوازترە” و سیلنۆسیش لە وەڵامدا دەڵێت: “شتێك كە لە هەمووان باشترە و لە دەست وێڕاگەیشتنی تۆ هەمووكات دوورەو ئەویش لەدایكنەبوون، هیچبوون و دواجار ئەوەی كە بۆ تۆ لە هەموو شتێك باشترە، زووتر مردنە”.
نیچە نەك تەنها هونەر بە تەنیا ئامرازی ئاراستەكردنی ژیان دەزانێت، واتە بەڵكو وەك هێزێكی ڕزگاریبەخش و ڕزگاركەریش دەیبینێت
لە ڕاستیدا نیچە بە گێڕانەوەی ئەم ئەفسانە كۆنەی یۆنان، لەمەڕ سیلنۆس كە دەڵێت بۆ فەناخوازان لەدایكنەبوون باشترە لە لەدایكبوون، ڕوانگەی واقعگەرایانەی یۆنانییەكان بۆ پرسەكانی بوون و هەستی ڕەنج و سەغڵەتی ئەوان و لە ئەنجامیشدا دیدێكی ڕەشبینانە كە بۆ ژیان هەیان بوو، پێشان دەدات. نیچە ئەم (فەیلەسوفی ژیانە)، هەروەك یۆنانییە كۆنەكان بە ئاگا بوو لە ترس و پووچی ژیان و ئەو خۆف و ترسەی كە مرۆڤ هەستی پێدەكرد و تووشی دڵەڕاوكێ و لەرزین دەبوو، بەڵام ئەندێشەی نیچە وەك شۆپنهاورە نییە كە پێداگری لەسەر نەفیكردنەوەی ژیان دەكات. نیچە فەیلەسوفێكی (بەڵێگۆ) و قەبووڵكەری ژیانە: “بەڵێگۆییەكی باڵا، لە دایكبووی لێوڕێژی و فراوانی، بەڵێگوتنی بێ شەرت و مەرج بە ژیان، تەنانەت بە ڕەنج و ئازار و گوناه و بە هەر شتێك كە لە بووندا نادیار و غەریبە…”.لەم ڕووەوە، نیچە ناتوانێت ئەم ڕوانگە نهلیستییە (پووچگەرایانە)ی سیلنۆس قەبووڵ بكات و ژیان لەبەر هۆكاری پووچیەتی نەفی بكاتەوە، هەروەك ئەوەیكە یۆنانییە كۆنەكانیش وەهایان نەكرد. نیچە بە لێكۆڵینەوەی سەرچاوە مێژوویی، فەلسەفی و ئوستورەناسییە دراماتیستەكانی یۆنانی، كلیلی ڕێڤەكەری ئەم ڕازە سەیرەی مرۆڤ دەدۆزێتەوە، واتە ئەوەی كە توانی یۆنانییەكان بەسەر ئەم ڕەشبینییەدا سەرخات: “هونەر و هیچ شتێك جگە لە هونەر! ئەمەیە ئەو ئامرازە سەرەكییەی كە ژیان بۆ ئێمە هەموار دەكات، ئەو ڕكێشییە گەورەیەی كە ئێمە ڕازی دەكات بە ژیان. ئەو بزوێنەرە مەزنەی ژیان.. بەهێزتر لە ڕەشبینی، (خودایی تر) لە حەقیقەت…”. نیچە نەك تەنها هونەر بە تەنیا ئامرازی ئاراستەكردنی ژیان دەزانێت، واتە تەنها ئامرازێك كە بە هۆیەوە بەسەر ترس لە ژیان و پووچیەتی ئەو ژیانەدا سەربكەویت، بەڵكو وەك هێزێكی ڕزگاریبەخش و ڕزگاركەریش دەیبینێت:
هونەر وەك ڕزگاریی پیاوی زانست ـ ڕزگاری ئەوانەی خەسڵەتی ترس خوڵقێن و چۆن و بۆچی قەبووڵكەری وجود دەبینن و دەخوازن ببینن، پیاوانی ناسینی تراژیك. هونەر هەروەك ڕزگاریی پیاوی كار ـ ڕزگاركردنی ئەوانەی نەك تەنها خەسڵەتی ترس خوڵقێن و چۆن وبۆچی قەبووڵكەری بوون دەبینن، بەڵكو دەیكەن بە ژیان و دەیانهەوێ بیكەن بە ژیان، مرۆڤی تراژیك شەڕخواز و قارەمان. هونەر وەك نەجاتی ڕەنجدیتوو، هەروەك ڕێگایەك بەرەو ڕووی حاڵاتێك كە تیایاندا ئازاردیتوانی موراد و مەقسودە، گۆڕان بە شێوە دەدات، بە خودایەك دەگات، شوێنێك كە ڕەنجدیتوویی ڕووكارێكە لە مەستییەكی مەزن.
كەواتە (هونەر) ڕازی سەركەوتنی یۆنانییەكان بوو بەسەر ڕەشبینیدا و ئەمەش قوڵترین نیشانەی درامی یۆنانییە، چونكە “درام دووبارە دیتنەوەی بژارەكان و كردەكانی دیۆنیزۆسییە…”. (لەدایكبوونی تراژیدی) كە لە هونەر و بە تایبەت لە موزیكدا بەوپەڕی خۆی دەگات.
نیچە و لۆ سالۆمە و پۆل ڕێ ١٩٨٢
ئەگەرچی یۆنانییەكان بە ئاگابوون لە ترسناكی و مەترسی ژیانی مرۆیی و سروشتی ڕاستەقینەی جیهان و لە ڕەنج و دەردەكانی ئاگادار بوون، بەڵام خۆیان نەدایە دەست ئەم ڕەشبینییە و ڕووی خۆیان وەرنەگێرا لە ژیان. ئەوان سوودیان لەم دەردی ئاگاییە وەرگرت، دەستیان دایە داهێنانی هونەری و ژیانی خۆیان لەگەڵ جیهان وەك دیاردەیەكی جوانیناسی ڕێكخست. ئەوان هەوڵی باشتر و جوانتركردنی ڕووخساری جیهان و ژیانی مرۆیان دەدا تا لەم ڕێگایەوە بتوانن بە جیهان و ژیان وەك دیاردەیەكی جوان بڵێین (بەڵێ)، چونكە “هونەر ئەم دڵنیایی بان سرووشتییە بە مرۆڤ دەبەخشێت كە سەرەڕای گشت گۆڕانە ڕووكارییەكان، ژێرخانی شتەكان هەمان ژیانە كە بە هێز و چێژێكی پاكەوە دەچێتە پێش”. هەر لەم ڕووەوەیە نیچە باوەڕی وەهایە: “هونەر نەك ئەخلاق دەبێت بە چالاكی دروستی بان سرووشت یا میتافیزیكی مرۆڤ بزانین.. وجوودی جیهان تەنها وەك دیاردەیەكی هونەری جێگای قەبووڵكردنە”.
نیچە ئەم ڕەشبینییەی یۆنانییەكان ـ كە توانای قەبووڵكردنی ژیان سەرەڕای ڕەهەندە ترسناكەكانی هەیە ـ بە (رەشبینی هونەرمەندانە) یا (رەشبینی بەهێزانە) ناودەبات، واتە ڕەشبینییەك كە دەبێتە هۆی بەرهەڤكردنی بیرمەند یا هونەرمەندێك كە لە لێورێژی ژیان ڕەنج دەكێشێت و لە ڕەشبینی مەزهەبی ئەخلاقی، كە ڕێك ئاوەژووی ڕەشبینی هونەرمەندانەیە بە جیاواز دەزانێت، واتە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕەشبینییەك (كە نەك زادەی ڕێژە و ئەفڕاندن، بەڵكو وێرانگەری) و بێنیازی بەڵكو لە ئەنجامی هەژاری و پێویستییەوەیە. نیچە ئەم ڕەشبینییە بە نیشانەی پەستی دەزانێت، چونكە مرۆڤ لەم حاڵەدا “حیكمەتی ئیزەدی دارستان، سیلنۆس تێدەگات و دەكەوێتە هێڵنجدان و تەنها هونەر دەزانێت كە چۆن چۆنی ئەم ئەندێشە هێڵنجئاوەرانە لەمەڕ بەخشینەوە یا پووچیەتی بوون بگۆڕێت بۆ لێكدانەوە گەلێك كە بتوانرێ بە هۆیانەوە درێژە بە ژیان بدرێت”.
هەروەك پێشتر ئاماژەی پێدرا، نیچە دژی ڕوانگەی نیهلیستی (پووچگەرایی) سیلنۆسە و ڕەشبینی ئەو لەگەڵ ڕەشبینی سیلنۆس جیاوازە، چونكە: “هەرچەندە كە مرۆڤی هۆمەری سەبارەت بە ترسناكی و وەحشەتی وجوود ناسینی پەیداكردبوو، تەواو ناچاربوو بۆ ژیان كە لە نێوان خۆی و ئەو ترس و وەحشەتە خەیاڵی درەوشاوەی لەدایكبوونی ئاڵمپی لە جێگای دابنێ.. خوداكان بەم شێوەیە هۆكاریان بۆ مرۆڤ ئاراستە دەكرد، چ خۆیان دەیانبێ و هەر ئەوەیە تەنها شێوەی ڕازیكەری خوداناسی بەڵگەدار، بوون لە گزینگی خۆری درەوشاوەی خودایان هەمان ئەو شتەیە كە هەموان لە خودی خۆیاندا خوازیاری و دڵگرانی ڕاستەقینەی مرۆڤ هۆمەری لەوێدایەكە لە تەمەنی بچوكدا لەم خۆرە درەوشاوە تایبەتە جێماوە، كەواتە هەنووكە بە هەڵگێرانەوەی حیكمەت سیلنۆس ئەتوانرێ بگوترێت كە بۆ مرۆڤی هۆمەری، مەرگی بە زوویی خراپترینی شتەكانە و خراپتر لەوە كە ڕۆژێك بمرێت”.
لە بنەڕەتدا تراژیدی ڕێك نیشانەی ڕەشبین نەبوونی یۆنانییەكانە
هەروەك بینیمان یۆنانییەكان سوودیان لە ڕەشبینی بۆ سەركەوتن بەسەریدا وەردەگرت “یۆنانییەكان دابڕانیان دا بە ڕەشبینی ـ بەسەریدا سەركەوتن.. هەر لە بنەڕەتدا تراژیدی ڕێك نیشانەی ڕەشبین نەبوونی یۆنانییەكانە”. یۆنانییەكان هونەرمەندانی تراژیك بوون، نیچە واتای تراژیك و ناسین لەمەڕ دەروونناسی تراژیدیا (لە دەمەو ئێوارەی بتەكان) باس دەكات و لەم مانایەدا خودا بە “هەوەڵێن فەیلەسووفی تراژیك” لە قەڵەم دەدا كە بەرامبەردانراوی تەواو و دژە جەمسەری (فەیلەسووفی ڕەشبین):
بەڵێگوتن بە ژیان تا غەریبترین و دژوارترین پرسەكانی، ژیان ـ خوازیاریەتی كە باڵاترین چەشنەكان دەكاتە قوربانی سرووشتی خۆنەویستی خۆی، من ئەمەم ناو ناوە دیۆنیزۆسی و ڕێگای چوونە ژوورەوە بۆ دەروونناسی شاعیری تراژیكم تێدا دووبارە ناسییەوە. نەك بۆ ڕزگاربوون لە چنگی ترس و بەزەیی، نەبۆ پاڵاوتنی خود لە سوێریەكی مەترسیدار بە خاڵیكردنی توندی ئەو ـ بەو شێوەیەی كە ئەرەستۆ بە هەڵەی دەزانی ـ بەڵكو بۆ ئەوەی لەوپەری ترس و بەزەییدا خودی كەسەكە لە چێژی جاویدانەبوون، بوونی دەست دەكەوێت، چێژێك كە چێژی وێرانكردنیش دەگرێتەخۆ.
لەم ڕووەوە هەروەك گوتمان یۆنانییەكانیش ئەم هونەرە تراژیكەیان هەبوو، تایبەتمەندییەك كە فێری ئەوانەی كرد تا بە چ شێوەیەك خۆیان و ژیانیان ڕزگار بكەن: “یۆنانی كەسێك بوو شیاوی ئازاراویترین و قوڵترین ڕەنج و دوای ڕووبەڕوبوونەوەیەكی دلێرانە لەگەڵ كاولكاری ترسناكی مێژووی جیهان و هەروەها بێ بەزەیی سروشت و بوون، لە مەترسی ئارەزووكردنی نەفی بوداگەرایانەی خواست خۆی دەبینییەوە. هونەر، ئەو، و لە ڕێگای ئەوەوە ژیانی ڕزگاركرد”.
نیچە ڕوانگەی ئەفلاتوون و ئەرەستۆی تراژیدی نەفی كردەوە، چونكە بە ئەخلاق باوەرانەی دەزانین هەروەها لەم بارەوە لەگەڵ شۆپنهاوەر دژ بوو، چونكە بە پێ ڕوانگەی شۆپنهاوەر “تراژیدی بە مانای پرۆسەیەكی جیایە، غەریزەی ژیان خۆی لە ڕێگای غەریزەی هونەرییەوە لەناو دەبات و شۆپنهاور لەو قسەیەی كە دەیگوت هەندێك لە بەرهەمە هونەرییەكان لە خزمەتی ڕەشبینی دان بە هەلە دەزانی، چونكە بە بروای نیچە تراژیدی تەسلیم بوون فێرناكات پێشاندانی شتی ترسناك و چۆن و بۆچی خوازی نێو غەریزە لە خزمەتی هێزو گەورەیی لە هونەرمەندێكدا ئەو لێیان ناترسێت وەها بە ناوی هونەری ڕەشبینانەبوونی نییە هونەر دەسەڵمێنێت نەك نەفی بكاتەوە…
غەریزەی نیچە لە ئاراستەیەكی دژ لەگەڵ شۆپنهاوەر دەڕوات بە لایەنی ئاراستەكردنێكی ژیان تەنانەت بە ترسناكترین نادیارترین و درۆزنانەترین شێوە.
بە شێوەیەكی گشتی غەریزەی نیچە لە ئاراستەیەكی دژ لەگەڵ شۆپنهاوەر دەڕوات بە لایەنی ئاراستەكردنێكی ژیان تەنانەت بە ترسناكترین نادیارترین و درۆزنانەترین شێوە. هەر لەم ڕووەوەیەكە نیچە خۆی بە یەكەمین كەس دادەنێت كە تراژیدیكی دۆزێبێتەوە. نیچە لە پاری حەوتەی لەدایك بوونی تراژیدیدا تراژیدی بە شتێك دەزانێت كە لە شارەزاییەك لە ترس و بووچی تەواوی وجود (بوون) و لە ناو ئومێدیەكی قوول لە دایك بووە كە تەنها جوانی باڵای تراژیدیە گەورەكان دەتوانێت خۆشیەكی دیونیزوی تەواو بەرهەم بهێنێت بۆ ڕزگاری مرۆڤ و هەروەها مانای تراژیدیش لە ڕزگاری دلەراوكێ ترسناكەكان دەزانێت كە مەرگ و زەمەنمان تیا بەرهەف دەكەن.
بەم شێوەیە ئەو هونەرەی كە ڕەمزی سەركەوتنی یۆنانییەكان بوو لە بەرامبەر ڕەشبینی هونەری تراژیدیك دیونیزۆمی لەوەوە كە نیچە خەرمانی باڵا (متعالی) هەروەك (هێرش و سەركەوتنی هونەرمەندان لەسەر ترس) وە بەرچاو دەگرێت ئافەرین بە یۆنانییەكان دەڵێت لەبەر ڕووبەرووبوونەوە دلێرانەكەیان لە بەرامبەر ترس لە سرووشت و مێژوو، چونكە ئەوان بە دوای شوێنگە و پەنایەكەوە نەبوون لە نەفیكردنی بۆ ڕاگەریانەی خواست هەروەك ئەوەی كە شۆپنهاوەر ڕەفتاری پێ كرد بەڵكو لە بری ئەوە تراژیدیان ئەفراند تا بە هۆیەوە بتوانن ژیان سەرەرای گشت شتەكان هەروەك دیاردەیەكی جوان پەسەند و تەئید بكەن ئەگەر بمانەوێت خۆمان بدەینە لێكۆلینەوەی سەرچاوەی هونەری درامی یۆنانی دەتوانێت بە شێوەیەكی گشتی دوو سەرچاوەی جیاوازی بۆ وەبەرچاو بگرین یەكیان سەرچاوەی (ئاپۆلۆنی Apollo خودای ڕووخسار و خەون و خەیال) كە خاوەن دەركەوتەی وەك خۆ خوانەی ئاسوودەی دیسپلین و ئەندازەیە و نوێنەری هونەری پەیكەرتاشی و بیناسازی یۆنانییە و ئەویتریشیان سەرچاوەی (دیۆنیزونی) هونەرەكی و تاسەری لە بۆنە سەما بە كۆمەلەكان و لە سەرووی هەمووشیانەوە لە موزیكدایە واتە هونەر تیایدا بە شێوەی مۆسیقایی و جوڵانەوەی بە دەردەكەوێت.
ئەم دوو سەرچاوە جیاوازانەی هونەر سەرەنجی لەگەڵ دوو ڕوانگەی جیاواز بۆ ژیانە هەریەكەیان سەلماندنی لەسەر خودایەكی ئالەمپی یەكە بە دەستی یۆنانییەكان لە دوو جەستەی ئیلاهی دیونیزۆس و ئاپۆلۆنی دەرخراون ئەگەر بێت و ڕوانگەی ئێمە بۆ ژیان ببێتە هۆی دروستبوونی ترس و مەترسی و ڕەشبینی و بەم شێوەیە (نا) بە ژیان بڵێت و بۆ ڕاكردن لەم ڕوانگە پووچگەراییە (نیهلیستیە) پەردەیەك لە وەهەم خەون و خەیاڵ بكشێن بە ڕووخساری ڕاستیدا ئەوا ئەو ڕێگایەی كە گرتوومانەتەبەر ڕوانگەرەكی ئاپۆلۆنییە بەڵام ئەگەر بێت و ژیان سەرەرای گشت زۆلم و زۆری و ترسەكەی سەركەوتوانە بگرینە باوەشی و سەرەرای گشت ڕەنج و ترسەكانی (بەڵێ)ی پێ بڵێین ئەوا بە دیدێكی (دیونیزۆنی) سەیری ژیانمان كردووە بە زیادكردنی ئەوەی كە (ئاپۆلۆن) و (دیونیزۆس) بۆ نیچە هەریەكەیان وێنایەكن لە (ژنایەتی) و (پیاوەتی) وەبەر چاوگرتنی ڕوانگەی ئاپۆلۆنی لە كولتوور، بیر، هونەر و سیاسەت و دەكێشێتە سەر (ژن سیفەتی) و هەنووكە ئەو كە وەپێشچاوگرتنی ڕوانگەی دیونیزۆس یارمەتی (پیاو سالاری) دەكات لێرەوە كە بەرامبەری ژن و پیاو لە بەرامبەر ئاپۆلۆن و دیونیزۆس ببینن.
سوود وەرگرتنی نیچە لە وشەگەلی وەك (ژن سیفەتی) یا (پیاوەتی) تەنها لەبەر تایبەتمەندی و كاریگەری ئەم وشانەیە كە لە ژیانی ڕۆژانەدا هەیانە
نیچە لەو بروایە كە كولتووری ئێمە و بەها حاكمەكان لەسەری بە تەواوی لەگەڵ توخمی (ژنانە) تێكەڵاون و هەر شتێكی كە مانای پیاوەتی و دیونیزۆس بێت بێ كاریگەری كردووە. بەڵام ئەوەشمان لە بیر بێت كە سوود وەرگرتنی نیچە لە وشەگەلی وەك (ژن سیفەتی) یا (پیاوەتی) تەنها لەبەر تایبەتمەندی و كاریگەری ئەم وشانەیە كە لە ژیانی ڕۆژانەدا هەیانە ئەگەرچی نیچە بە توندی ژنان و هەندێك لە دیاردە نەریتییەكان دەخاتە بەر ڕەخنە و سەركۆنەی كردووە بەڵام لە ئەندێشەی ئەودا پیاوگەلی زۆر هەنە كە (ژن سیفەت)ن و ژنانی زۆر هەن كە (پیاو)ن ئەمە گرفتێكە لە زماندا چ زمانی ڕۆژانە و چ زمانی زانستی هەیە بە قسەی فوكۆ ئەمە زمانێكی نێرەمووكی (ژن و پیاوی) نییە بەڵكو پەیوەندی دەسەڵات و پێكهاتە كولتووری سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان كاریگەریان لەسەر داناوە لە بەشەكانی دواییدا بابەتی زێتر لەم بارەوە دێت زیادكردن بەمە لە دایكبوونی تراژیدی بە یەكگرتن و كۆبوونەوەی دوو هێزی ئاپۆلۆنی و دیونیزۆس هەیە كە دەریخسێت (هەروەك لە دایكبوون و زان لەگەلی دوانەیی ڕەگەزەكان) و نەبوونی یەكێ لەم دووانە یا سەركەوتنی یەكیان بەسەر ئەویتریان بە تراژیدی كۆتایی دێت ئێمە ئەم سەركەوتن و هەروەها مەرگی تراژیدیش بە دەركەوتنی سوکرات و دوای ئەویش بە دەركەوتنی مەسیحیەت دەبینین هەنووكە زیاتر دەچینە سەر ئەم دوو سەرچاوە جیاوازەی هونەرو ئەم دوو خودا كۆنە.
ئاپۆلۆن و دیونیزۆس
نیچە لە كتێبی لە دایكبوونی تراژیدی لە ڕۆحی موسیقی بە ئیلهام وەرگرتن لەم دوو پەیكەرە ئیلاهییە كۆنە واتە ئاپۆلۆن و دیونیزۆس دوو جۆرە كولتوور لێك دەناسێنێ و سوکرات بە بنەمای ئەم پۆلێنبەندیە دادەنێت كولتووری بەر لە سوکراتی واتە هەمان كولتووری هێلێنی یۆنانییە سەرەتاییەكان و كولتووری دوای سوکراتەكە هەتاوەكو كولتووری (مودێرن)ی ئەورۆیی ئێمە دەگرێتەوە نیچە پێداهەڵدەری كولتووری پێش لە سوکراتە و كولتووری دوای ئەو بە توندی دەخاتە بەر ڕەخنە و سەركۆنەكردنەوە، نیچە دەركەوتە و دیمەنی كولتوورو شارستانیەتی پێشوو بە (دیونیزۆس) و دەركەوتە و دیمەنی كولتوور و شارستانی دواتر بە ئاپۆلۆن دادەنێ هەنووكە دەبێت ببینین كە بە ڕاستی ئەم دوو وشەیە واتە ئاپۆلۆنی و دیونیزۆس مانایان چییە كە سەرتاسەری فەلسەفەی نیچە بە یارمەتی ئەم دووانەوە باشتر دەتوانین تێبگەین.
ئاپۆلۆن خودای وەهم و خەیاڵەكان نوێنەری ڕێرەوی عەقڵانی و دیسپلینی لوجێكی و شارستانیە، خودای ئاشتی و ئارامی و جوانی پەرەستی كە تیایدا هەموو شتێك خاوەن ئەندازە و شێوەیە پێگەیشتوویی ئەو و بیناییە و هونەرەكەی پێشاندەری عالەمی مانا و مەبەست و قەڵەمڕەوی ڕووخسارە دیارەكان، ڕووناكی، ڕەنگ و خەیاڵە، لەم ڕووەوە عالەمی ئاپۆلۆنی دنیایەكە ژنانە، دنیایەكی خەیاڵاویانە و جوانی دەروونی خەیاڵ، ئەو خودای پەیكەرتاشی و وێنەكێشانە و وێنەیەكە لە بنەڕەتی تاك گەرایی نیچە پێناسەی خۆی بۆ ئاپۆلۆن بەم شێوەیە دەخاتە ڕوو: “وشەی ئاپۆلۆنی بەو مانایە دێت تەواو، بە تاكی ناسراو، بە هەر ئەو شتەی كە سادە دەكاتەوە خاوێن دەدات بەهێز، ڕووناك، ڕوون و ئاشكرا بەرهەڤ دەكات ئازادی لەژێر سێبەری یاسادا”.
دیونیزۆس خودای سەرمەستی و بەختەوەری، خودای خۆشی و زەوق و غەریزەی نایاب، ئەو خودای سەما و ئاواز، موزیك، درام و تراژیدییە، پێشوازیكەری ڕەنج و مەترسی و خودای وەحدەتی ئەزەلییە لەگەڵ سرووشت و خاڵی بەرامبەری تاكایەتییە (تاك گەراییە) ئەو پاڵنەری جۆری مرۆڤە بە ڕزگاركردنی خود لە تاكایەتی و كەسایەتی مرۆیی و ئەو لە هێزی یەكانگیری ژیان غەریزە و شەهوەتە، بلیمەتی ئەو موسیقایی و جوڵانەوەیە، عالەمی دیونیزۆس دنیایەكی پیاوانەیە، نیچە خۆی دیونیزۆس بەم شێوەیە پێناسە دەكات: وشەی دیونیزۆس بە مانای دەرچوون لە یەكگرتن، ئارەزوو بۆ ئەوپەری كەسایەتی ڕۆژانەیی كۆمەڵگا ڕاستی لەنێو گەردەلوولدا بە لەرزۆكی لێوڕێژی پر لە ناخۆشی و دەرد و رەنج بۆ دەروونی شێوەی ڕەشك تر پرنز و دڵنیاییەكی گشت تایبەتمەندی ژیان هەروەك شتێك كە هەر خۆی دەمێنێتەوە ڕێك بە هەمان ئەندازەی بە هێزی، ڕێك بە هەمان ئەندازەی بەختەوەری، لە ماوەی هەر گۆڕانێك دابەشكردنی گەورەی وەحدەتی وجوودی شادی و غەم كە تەنانەت ترسناكترین و قەبووڵكردنی بێ ئەملاو ئەولای چۆنیەكانی ژیان بە باشە دادەنێت ئیدارەی جاویدانی بۆ منداڵ خستنەوە، بۆ زگپری، بۆ گەرانەوە هەستی یەكانگیری پێویستی بەرهەڤگردن و وێرانی.
نیچە لە لە دایكبوونی تراژیدیدا زۆر كاریگەرە بە شۆپنهاوەر و كتێبەكەی واتە جیهان هەروەك ئیرادە و وێناكردن دانانی جیهان وەك ئیرادە و وێناكردن لە ڕوانگەی شۆپنهاوەر، سەرچاوەی هزری نیچە لە زانینی دیونیزۆس هەروەها دەركەوتە و ڕووخساری ئیرادە و ئاپۆلۆن هەروەك ڕووخسار و بەرچاو هێزی بەرامبەریەتی نێوان مەیلی دیونیزۆسی و ئاپۆلۆن و لە دایكبوونی تراژیدی، بەرامبەری شۆپنهاوەر یەكە لەنێوان ئێرادە و وێناكردن دایە هەرچەندە كە نیچە لەم كتێبەدا پێشان دەدات كە سەربەخۆیە و لە شۆپنهاور.
هەروەك پێشتر ئاماژەی پێدرا نیچە دوو كولتوور لە بەرامبەر یەكتر دادەنێت كولتووری دیونیزۆس و كولتووری ئاپۆلۆنی، كولتووری دیونیزۆس هەمان ئەو كولتوورەیە كە پشت ئەستورە بە ڕەشبینی بە هێزانە و كولتووری بەهێز و چستوو و چالاكە واتە هەمان ئەو تایبەتمەندیەی كە كولتووری مودێرنی ئێمە پێكهاتووە لە توخمەكانی ئاپۆلۆنی و سوکراتی لێی بێبەرییە.
نیچە هەروەها لەسەر ئەو باوەرەیە كە مەسیحیەت ئەم ڕاكردنی ژیانەیە لە ترس و بەدبەختی كە ئێمەی كردووە. خۆی یەكێكی دیكەیە لە توخمەكانی ئاپۆلۆنی و سوکراتی لەگەڵ مەسیحیەتدایە كە شۆڕشی ئەخلاقی كۆیلەكان دەست پێدەكات و خواستە خواریین و سەرووییەكانیان بە بەهاوشكۆمەندی دەناسێنرێن كەواتە لێرەدا دیونیزۆس كە هەتاوەكوو هەنووكە لە بەرامبەر ئاپۆلۆن بوو، هەنووكە ئیتر لە بەرامبەر مەسیحی لە خاچدراودا ئەوەلێتیت دوژمنەكان بە ئاشكرایی ناسێنراون سوکرات و ئەفلاتوون و مەسیحیەت نەك خودی مەسیح.
نیچە لەو باوەرەدایە كە گەورەیی و شكۆمەندی هونەری تراژیدی یۆنانی بە سەركەوتنی ئاپۆلۆنی بەسەر دیونیزۆس كۆتایی و لە ڕاستیدا مەرگی تراژیدی دەستی پێكرد لەبەر ئەوەی كە لە دایك بوونی تراژیدی و كرداری تراژیك جگە لەگەڵ ئاشكرا لە نێوان عالەمی ئاپۆلۆنی و عالەمی دیونیزۆس هەموار نیە ڕاستە كە گۆرانی هونەر لەگەڵ دوانە دیدی ئاپۆلۆن گەرایی و دیونیزۆس گەرایی پەیوەستە هەروەها كە لە دایك بوون لەگەڵ دوانەیی جنسەكاندا، بەڵام ئەم دوو غەریزە جیاوازە و ئەم دوو عالەمە بەرامبەریەكییە لە شەرێكی ئاشكرا بەرامبەر یەكدا بەسەر دەبەن.
“تا لە ئەنجامدا بەهۆی موعجیزەی بان سرووشتی سەرچاوەگرتوو لە (ئیرادەی) یۆنانی یەكگرتوو دەركەون و لەم یەكیەتییەدا، دواجار شێوەیەك لە هونەر، واتە تراژیدیای ئاتێنی بەرهەڤ بكات كە بە هەمان ئەندازەی ئاپۆلۆنی و دیۆنیزۆسییە”.
هەنووكە دەبێت ببینین كە بۆچی ئاپۆلۆن سەركەوت بەسەر دیۆنیزۆسدا و بەم شێوەیە كۆتایی هێنا بە تراژیدیا؟ هەر بەو جۆرەی كە نیچە خۆی دەڵێت ئەمە پرسیارێك بوو مێشك و بیری ئەوی داگیركردبوو:
لە بەرامبەردانانی دیۆنیزۆسی و ئاپۆلۆنی لە دەروونی گیانی یونانی، یەكێ لە مەتەڵە گەورەكانە كە هەستم كرد كێشراومەتە ناوی، هەر لەو كاتەوەی كە سرووشتی یۆنانییەكانم خستە ژێر سەرنجەوە. لە بنەڕەتدا، لە ئەندێشەی هیچ شتێك جگە لەمە نەبووم كە گریمانەی ئەوە لێبدەم بۆچی ئاپۆلۆن ـ باوەڕی یۆنانی دەبوایە لە ژێرزەوینی دیۆنیزۆسییەوە سەر دەرهێنێت، بۆچی یۆنانی دیۆنیزۆسی پێویستی بەوە هەبوو كە ببێتە ئاپۆلۆنی؟ واتە ئارەزوو و مەیلەكانی خۆی بۆ كاری ترسناك، چەند ڕەهەندی، نادیار و مەترسیدار بگۆڕێت بە مەیل و ئارەزوو بە ئەندازە و لەبار، سادەیی و جێبەجێكەر لە چوارچێوە و مانا.
هەروەك پێشتر ئاماژەی پێدرا، تراژیدی كۆی هونەری ئاپۆلۆنی و دیۆنیزۆسییە و سەرەڕای ئەمەش لە تراژیدیادا پێویست بە هەردووی ئەم دوو هونەرە هەیە. خودی ئەم دوو دنیای ئاپۆلۆنی و دیۆنیزۆسییەش، خۆیان پێویستیان بە یەكتری هەیە. دنیای ئاپۆلۆنی پێویستی بە دنیای دیۆنیزۆسی هەیە تا بە یارمەتی وەهم و خەیاڵ و خەونەكانی خۆیەوە زاڵ بێت بەسەر ترس و پانتایی دنیای دیۆنیزۆسی و پیشان بدات كە بە یارمەتی قەڵەمڕەوی جوانی ئاپۆلۆنی دەتوانرێت كۆتایی بە ڕەنج و ئازاری مرۆیی بهێنرێت. دنیای دیۆنیزۆسیش پێویستی بە دنیای ئاپۆلۆنی هەیە تا دژایەتییە دەروونییەكانی خۆی وەها لێبكات كە تەحەمولیان بكات، چونكە ڕزگاربوون لە كۆتی ڕەنج و عەزابەكانی خودای دیۆنیزۆس، تەنها بە یارمەتی ئاپۆلۆن دێتەدی.
دەركەوتنی سوکرات و سوکراتگەرایی بووە هۆی مەرگی تراژیدیا، چونكە هاوسەنگی و كۆی ئەو دوو هونەرەی لە نێو برد و هزری وشك و نیشتووی زانستی خستە جێگاكەیەوە.
دیۆنیزۆس دەخوازێت بە سەر غەمی خۆی بە وێرانكردنی دنیای ئاپۆلۆنی زاڵ بێت و بەم وێرانكردنە بگاتە بەختەوەری و شادمانی و ئەم دوو هونەرانە، خاوەن بەهای یەكسانن. دەركەوتنی سوکرات و سوکراتگەرایی بووە هۆی مەرگی تراژیدیا، چونكە هاوسەنگی و كۆی ئەو دوو هونەرەی لە نێو برد و هزری وشك و نیشتووی زانستی خستە جێگاكەیەوە. نهێنی هزری زانستی و سەرچاوەكەی دەبێت لە بیرۆكەی ئەفلاتوون و پەندی سوکراتییدا بۆی بگەڕێن. وەهمی زانست ئەوەیە كە دەتوانێت جیهان وەك خۆیمان پێ بناسێنێت و یا بیگۆڕێت. لە ڕاستیدا دەتوانرێ بوترێت كە زانست لایەنی خەیاڵاوی پڕ لە ڕاز و نهێنی جیهان ـ واتە لایەنی ئاپۆلۆنییەكەی و هەروەها لایەنی ئیرادە، دەسەڵات و هێزی جیهان ـ واتە لایەنە دیۆنیزۆسییەكەی لە نێو بەرێت و بەم شێوەیە كۆتایی بە تراژیدی بهێنێت.
سوکراتگەرایی
نیچە لە كتێبی (لەدایكبوونی تراژیایدی لە ڕوحی مۆسیقی)یەوە، بۆ یەكەمجار سوکرات بە ئامرازی پەستی و هەڵوەشانەوەی یۆنان ناساند و دوای ئەو ئەخلاقیشی بە نیشانەیەك لە بۆگەنیبوون و خراپی وەبەرچاو گرت. ئەو سەرەڕای ئەخلاق، لە مەسیحییەت، فەلسەفی ئەفلاتوون، فەلسەفەی شۆپنهاوەر و گشت ئیدەئالیزمەكان، وەك نیشانەی ئەم بۆگەنی و خراپییەی لەقەڵەم دان. پەستییەك كە بەهۆی سوکراتگەرایی ئەخلاق، دیالێكتیك و میانڕەوی دروست بوو كە هەموویان نیشانەی ماندووبوون و نەخۆشی و پەرشوبڵاوی پڕ لە هەرج و مەرجی پاڵنەرەكانەوەیە. (ئاوەز) دژی (پاڵنەر)، هەروەك هۆكارێك بۆ وێرانكردنی ژیان ڕەفتاری كرد، سوکرات (عەقڵ)ی گۆڕی بە ملهۆڕی تا پاڵنەرەكان و خودئاگاییەك كە بە هۆكاری نەخۆشی و بەرەو خراپەبردنی دەزانی ـ بكاتە كۆیلەی خۆی. سوکرات خۆی بە پزیشكێك دەزانی كە ئامادە بوو تا مرۆڤە نەخۆشەكان لە بگرەوبەردەی غەریزە و پاڵنەرەكان چاك بكاتەوە، لە حاڵێكدا بێئاگا بوو لەوەی كە دژایەتیكردنی غەریزەكان نە شەفابەخش دەبێت و نە بەختەوەركەر و ئاوەزداریەتی و زانایی لەم مانایەدا، خۆی جگە لە نەخۆشییەك، شتێكی دیكە نەبوو:
“…ئاوەزداریەتی بە هەر بەهایەك، درەوشاوە هەروەك ژیان، سەرد، درەنگ كار، وشیار، بێ غەریزە، لە دژایەتی لەگەڵ پاڵنەرەكانی، خۆی شتێك نییە جگە لە جۆرێك نەخۆشی و بە هیچ شێوەیەك گەڕانەوە نییە بۆ (شكۆمەندی) و (ساغڵەمی) و (بەختباشی).. لە ڕووی ناچارییەوە شەڕكردن لەگەڵ پاڵنەرەكانی خود ـ ئەمەیە دەستووری ملهوڕی و لادان: تا سەردەمێك كە ژیان دەگاتە باڵا، بەختباشی و غەریزە یەكشتن”.
سوکرات، ئەفلاتوون و فەیلەسووفەكانی دوای ئەو، هەركامەیان بە دیدێكی گومان و بە كەمزانینەوە، سەیری ژیانیان دەكرد و ژیانیان جگە لە ڕەنج و غەم بە هیچ شتێكی دیكە نەدەزانی، كارێكیان نەدەكرد جگە لە ماندووبوون لێی و دژایەتكردنی. سوکرات دەیهەویست دادوەری بەهاداریەتی ژیان بكات، بەڵام بە بڕوای نیچە، ژیان بەهایەكی لەجێ و عادیلانەی هەبوو و دادوەریكردن بۆ بەهاكانی، نەك هەر بەرەنجامێكی نابێت، خۆی نیشانەی گەمژەییشە: “ئەگەر فەیلەسووفێك بەم شێوەیە كێشەیەك لە بەهاداریەتی ژیان ببینێت، خۆی ڕەخنە و ئیرادەیەكە لە خۆی، واتە گومانێك لە ئاوەزداریەتی خۆی، نیشانەیەك لە بێ ئاوەزیەتی…”
نیچە غەریزە بە هێزی سەلماندنی و بەرهەڤكەر و وشیاری بەهێزی ڕەخنەگر و نەرێنی دەزانێت، لە حاڵێكدا كە “لە لای سوکرات غەریزە دەبێتە ڕەخنەگەر و وشیاری دەبێتە بەرهەڤكەر و ئەمەش لە لایەنی نایابییەوە جۆرێك لە سەرسوڕمانی و ناتەبایی حەقیقەتە…”.
نیچە، غەریزە بە هێزێكی سەلمێنەر و ئەفڕێنەر و هەندێكجاریش بە هێزێكی ڕەخنەگر و نەرێنی دادەنێت، لە حاڵێكدا كە “لای سوکرات غەریزە ڕەخنەگر و هۆشیاری ئەفڕێنەر دەبێت و ئەمەش لە ڕووی نایابییەوە، جۆرێك لە سەیروسەمەرەیی و نابەجێی حەقیقییە…”
عەقڵگەرایی لەگەڵ سوکرات، بەیانێكی تازەی بەخۆیەوە گرت. ڕێگایەك كە سوکرات بۆ هەڵسەنگاندن و داوەری ژیان گرتبوویە بەر و فێری خەڵكی دەكرد، (دیالێكتیك) بوو. بەر لە سوکرات ئەم ڕێگایە ڕێگایەكی لۆمەكەر بوو ـ بە تایبەت لە ناوەند و كۆڕە ئەشرافییەكانی یۆنان ـ چونكە بە بڕوای ئەوان، پیاوانی درووست و پیاوانی گەورە (هۆكار ناهێننەوە، بەڵكو بڕیار دەدەن). بە زیادكردنی ئەمە، كە سوودوەرگرتن لە دیالێكتیك ڕێگای مرۆڤە لاواز و عەوامەكانە كە ئیتر ڕێگاو چارەیەكیان بۆ نەماوەتەوە. كەواتە سوکرات زیاتر لە هەر شتێك بە پەروەردەی دیالێكتیك (زەوقی شەریفتری) شكست دا و (عەوام)ی كردە جێگرەوەی. نیچە دیالێكتیكی سوکرات بەجۆرێك لە ڕەقاویەت دەزانێت كە پێشاندەری ڕەنجدیتوویی و تووڕەییە كە سوکرات لە ئەشرافییەكان هەیەتی، كە ئەوانی كردبووە دڵدۆڕاو و دڵرفێنی خۆی. دەزانم كە سوکرات لە چینی خوارووی كۆمەلگا و لە عەوامەكان بوو و (گاڵتەجاڕی سوکرات)یش شاهیدی نوێنەرایەتی تاوانی ئەوە”.
سوکرات كەسێكی خۆشبینە، چونكە تەنها باوەڕی بە كاری چاكە و لێكۆڵینەوەی ئەو كارە هەیە، بەڵام نیچە لەسەر ئەو باوڕەیەكە ناسینی باشە، ناسینی خراپەشە و خۆشبینی سوکراتییەكە بە لەتبوونی غەریزەكان كۆتایی دێت: “لەگەڵ سوکراتدا ئەو خۆشبینەی كە ئیتر هیچ شتێكی هونەرمەندانە ناگرێتە خۆی، ئامانجناسی و باوەڕ بەخۆدای باشە، باوەڕ بە مرۆڤی باشە، چونكە دەزانێت كە لەتبوونی غەریزەكان دەست پێدەكات”. و ئەم سێ فۆڕمە بنەماییەی خۆشبەختی كە لە قسە حەكیمانەكانی سوکراتدا گونجێندراون كە: (شكۆمەندی و داناییە، تەنها لە نەزانییەوە كە مرۆڤ گوناه دەكات و مرۆڤ بەشكۆمەندی و گەورەیی خۆشبەخت دەبێت، هەر ئەوەیە مەرگی تراژیدی)”. چونكە ئەم یەكسانییەی سوکرات، واتە: ئاوەز= مەزنی= بەختەوەری، بەو مانایە كە: “مرۆڤ ئەبێت لاسایی سوکرات بكاتەوە و بە دروستكردنی ڕۆژی هەمیشەیی ـ واتە خۆری ئاوەز، لەگەڵ مەیل و خواستە تاریكەكان بجەنگێت. مرۆڤ ئەبێت دووربین، ڕوون و درەشاوە بێت بە هەر بەهایەك: هەر جۆرە تەسلیمبوونێك لە بەرامبەر غەریزەكاندا، لە بەرامبەر ناوشیاری خود، مرۆڤ بەرەو خراپی دەكێشێت..”.
نیچە بە پێچەوانەوە، خوازیاری فەلسەفەیەك بوو كە بەهۆی تراژیدینووسانی یونانی پێكهات، فەلسەفەیەك كە نابێتە شەریك لە دڵنیایی خۆشبینانەی سوکرات كە زانین، مەزنی و بەختەوەری بە جیانەبووەوە دادەنا و خۆی نەدەكردە قوربانی لێكدانەوە لۆجیكییەكانی ئەو، واتە هەمان فەلسەفەیەك كە خۆی وەك وێنا و سەرچاوەی هونەر بەكاردەبرد. بەم شێوەیە سوکرات كە خۆی پێشاندەرێكی ئاپۆلۆنگەراییە، بە بەرامبەركەیدا سەردەكەوێت كە دیۆنیزۆس (دیالێكتیك)ە و كۆتایی دەهێنێت بە تراژیدی و بەم شێوەیە كە دنیای ئاپۆلۆنی لەژێر زەوینی دیۆنیزۆسی سەر وەدەردێنێت: “دیالێكتیكی خۆشبینانە، بە قامچی پێوانەكانی خۆی، موزیك لەنێو تراژیدیا وەدەردەنێت، واتە جەوهەر و كرۆكی تراژیدی وێران دەكات و ئەم جەوهەرە وەدەست ناكەوێت، مەگەر ئەوەیكە پێشاندەرو دووبارە وێناكەرەوەی ڕووخسار بێت لە حاڵەتی دیۆنیزۆسی و وێناكردنی دیار بێت لە موزیك واتە جیهانێكی خەیاڵی كە لە سەرمەستی دیۆنیزۆسدا سەر وەدەردێنێ”.
بەم شێوەیە (زانست) بووە جێگرەوەی (هونەر) و (ئاوەز)یش جێنشینی (غەریزە).
سەرچاوە:
زن در تفکر نیچە، نوشین شاهندە. انتشارات قصیدەسرا
The post ژن لە هزری نیچەدا appeared first on ژنەفتن.