هونەر وەک ڕاستیی بوون لای هایدیگەر

ئێمە بۆ ئەوەی لە چەمکی بوون تێبگەین، دەتوانین چەندین ڕێگا ببڕین تاوەکوو ئاشنا ببین بە مانای “بوون”. فەلسەفە یەکێک لەو ڕێگایانەیە کە دەتوانین لە ڕێگەیەوە بە “بوون” بگەین. بەڵام فەلسەفەش تاکە ڕێگا و کۆتا ڕێگاش نییە، بۆ چوونە نێو دەروازەی بوونەوە. هاوکات چەندین ڕێگا و ڕێچکەی دیکەش هەیە کە دەتوانین سەرنج و تیشکی بخەینە سەر، لە دیارترین ئەو ڕێگایانەش کە دەتوانێت بە واتای بوونمان بگەیەنێت، ڕێگای “هونەر”ە. بە پێویستی دەزانین پێش ئەوەی ڕوانینی مارتن هایدیگەر لەبارەی هونەرەوە بخەینە ڕوو، ئاوڕێک لە فیکری هایدیگەر بدەینەوە و بۆ دوو قۆناغ پۆڵینی بکەین: قۆناغی یەکەم بە هایدیگەری پێش و قۆناغی دووەم بە  هایدیگەری پاش ناو ببەین. دابەشکردنەکەش پەیوەندی بە وەرگەڕانی بیرکردنەوە لە فەلسەفەی هایدیگەردا هەیە، چونکە لە قۆناغی یەکەمدا هایدیگەر کاری لەسەر “بوونی مرۆڤ” کردووە و لە قۆناغی دووەمیشدا کاری لەسەر “بوون” بەگشتی کردووە و
ویستوویەتی لە ڕێگای شیکارییەکانیەوە لەسەر “بوون” بگاتە واتای “دازاین” و بوون بەگشتی. ئەمەش بە یەکەم خاڵی جیاکەرەوەی نێوان خۆی و سارتەر دادەنرێت. لە سەرەتادا هایدیگەر چەمکی “واتای بوون” بەکار  دەهێنێت؛ بەڵام لە نووسراوەکانی قۆناغی دووەمدا چەمکی “ڕاستیی بوون”ی بەکار هێناوە. هۆکاری ئەمەش بۆ واتا دەگەڕێتەوە کە زۆرتر خۆیی و کەمتر بابەتییە. بە کورتییەکەی پرۆژە ئەنتۆلۆجییەکەی هایدگەر  تێگەیشتنە لە ڕاستیی بوون.
قۆناغی یەکەم و دووەم تەواوکاری یەکترین و پەیوەندی بە پاشەگەزبوونەوەوە نییە. له قۆناغی دووەمدا هایدیگەر یەکێک لەو پرسانەی کە قسەی لەسەری کردووە بۆ گەیشتن بە بوون بەگشتی، قسەکردن بووە لەسەر چەمکی “هونەر”.

“هونەر” یەکێک لەو کایە گرنگ و پڕ مفا و پڕ بایەخانەیە، کە هایدیگەر لە ڕێگەی “ڕاستیی بوون”ەوە ئاوڕی لێ داوەتەوە و چەندین وتار و سیمیناری بۆ هونەر بەگشتی و شیعر و هۆنراوە بەتایبەتی تەرخان کردووە. بۆچی هونەر هێندە جێی گرنگیپێدان بووە بۆ هایدگەر؟ کاریگەرێتیی “هونەر” بەسەر هایدیگەرەوە خۆی لە دوو خاڵدا دەبینێتەوە:

یەکەم: کاریگەرێتیی فریدریک نیتشە بە سەر هایدیگەرەوە.

دووەم: تێگەیشتنی خودی هایدگەر بۆ هونەر.

نیتشە پێی وایە: هونەر وەکوو بەرجەستەبوونی “ویستی هێز ” ڕەتدانەوەی هیچگەرایەتییە. واتا هونەر تەنها فۆرم و شێواز نییە، بەڵکوو لە پاڵ فۆرمیشدا واتا بە ژیان دەدات. داهێنانی فۆرم و واتا هونەرمەند دەکات بە هونەرمەندی فەیلەسوف؛ ئەرکی هونەرمەند وەکوو هونەرمەندێکی فەیلەسوفی گەشبین، دەبێتە ئەوەی کە بێهودەییی ژیان بگۆڕێت.
بێگومان نیتشە بیریارێکی سەر بە قوتابخانەی هیچگەرایەتییە، هیچ شتێک لە سەرووی توانای مرۆڤەوە نییە، هیچ ئاڕاستەکەرێک ناتوانێت ڕێنیشاندەر و ئاڕاستەکەری مرۆڤ بێت. جیاوازیی نیتشەش لەگەڵ هیچگەرایەکانی تردا، بۆ بە توانایی “ویستی هێز” لە بوونی مرۆڤدا دەگەڕێتەوە.
نیتشە نایەوێت مرۆڤ لە ئاستی بێهودەیی و لە واتا بەدەری بووندا زەبوون و نائومێد بێت، گرنگە مرۆڤ ئەو باردۆخە تێپەڕێنێت، ئەمەش بە بەها دینییەکان و نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان ڕوو نادات، چونکی بەهای دینی و جڤاکی ناهێڵن مرۆڤ سەر بە خۆی بێت بەڵکوو  کۆیلە بەرهەم دێنێت.
تەنها “ویستی هێزە” واتا و بەها بە ژیان دەدات، مرۆڤی باڵا و هونەرمەند دەهێنێتە بوون. بۆیە هایدیگەریش هاوشێوەی نیتشە و لەژێر کاریگەریی “نیتشە”دا، هونەر لە ژیانی مرۆڤدا بە پێویستییەکی ڕەها دادەنێت، تاکوو ڕەشبینی بەرانبەر ژیان بگۆڕێت.1د. محەمەد کەمال، فەلسەفەی هونەر، چاپی یەکەم، ٢٠١٧ -سلێمانی
کەوایە لەم شیکردنەوەیەوە دەگەین بەو بڕوایەی ئەوە تەنها بیرکردنەوەی فەلسەفی نییە، کە واتا بە ژیان دەبەخشێت، بەڵکوو داهێنانی هونەرمەندانەش دەتوانێت هەمان ڕۆڵ بگێڕێت، چونکە هونەر بۆ “هایدیگەر” گەیشتنە بە “ڕاستیی بوون”، نەک لاساییکردنەوە و کۆپیکردن. هونەر و فەلسەفە دوو شێوازی داهێنەرانەن کە دەتوانن هیچگەرایەتی ڕەت بکەنەوە. هونەر هەر وەکوو فەلسەفە لە کاتی نەهامەتی و تەنگ و چەڵەمەدا دەتوانێت بێهودەییی ژیان بگۆڕێت بۆ پێویستییەکی مێژوویی. بۆیە تێگەشتن لە “هونەر” زۆر گرنگ و بایەخدارە، تەنها مرۆڤ دەتوانێت خاوەندارێتی لە “هونەر” بکات، لەنێو هەموو تاکەکانیشدا تەنها مرۆڤە ڕەسەنەکانن دەتوانن داهێنەرانە بیر بکەنەوە، کە گوزارشت لە دوو جۆر بوون دەکات، داهێنەرەکان و لاساییکەرەوەکان یان مرۆڤی بەرز و مرۆڤی بچووک کە لە فەلسەفەی هایگەردا بە مرۆڤی ڕەسەن و مرۆڤی ناڕەسەن پۆڵین دەکرێن. ئەمەش (دەرخەری ئەوەیە هەموو مرۆڤەکان ڕەسەن نین و داهێنەرانە ناژێن، مرۆڤە ناڕەسەنەکان، سەربەستی و ئازادیی خۆیان دۆڕاندووە ناتوانن داهێنەرانە بژێن، بونیان داگیر کراوە و لەنێو خەڵکانی تردا تواونەتەوە، لە ڕوانگەی خۆیانەوە تەماشای دەوروبەر دەکەن هەموو کەسێک دەبێتە ئەوان و پێیان وایە هیچ کەسێک خودی خۆی نییە.)2مارتن هایدگەر، بوون و کات، و: د.محەمەد کەمال، چاپی یەکەم، ٢٠١٣-سلێمانی جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ڕەسەنایەتی بە داهێنان دەبەستێتەوە، ئەو ئەنجامە بە دەستەوە دەدات کە تەنها بوونە ڕەسەنەکان هونەرمەندن؛ یان ئەوەی ناڕەسەنە هونەرمەند نییە. کەواتا هونەر وەک داهێنان لەسەر بوونی مرۆڤی ڕەسەن و سەربەست ڕادەوەستێت؛ ئەو مرۆڤانەی سەربەستانە واتا و بەهای جوانی بە “بوون” دەدەن. بەڵام لە هەمان کاتیشدا کۆمەڵێک مرۆڤی ناڕەسەنیش دەدۆزینەوە کە خۆیان بە هونەرمەند دەزانن کە زیاتر کەسانی حزبی و خاوەن ئایدۆلۆژیایەکی دیاری کراون.

داهێنانی فۆرم و واتا هونەرمەند دەکات بە هونەرمەندی فەیلەسوف؛ ئەرکی هونەرمەند وەکوو هونەرمەندێکی فەیلەسوفی گەشبین، دەبێتە ئەوەی کە بێهودەییی ژیان بگۆڕێت

ئایا دەتوانین ئەوانە بە هونەرمەند ناوزەند بکەین؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت ڕاستەوخۆ بگەڕێینەوە بۆ تێگەیشتنی خودی هایدیگەر سەبارەت بە شیکردنەوەی زمان. هایدیگەر دەڵێت: (هەموو مرۆڤەکان چ ڕەسەن یا ناڕەسەن زمان بەکار دێنن، بەڵام بەکارهێنانەکە لە مرۆڤێکی ڕەسەنەوە بۆ مرۆڤێکی ناڕەسەن دەگۆڕێت. زمانی “بوونی ڕەسەنانە” ڕاستیی بوون دەردەخات. بەڵام زمانی ناڕەسەنانە ڕاستیی بوون دەرناخەن، زیاتر خاوەن زمانێکی لە کارکەوتوون، زیاتر خۆی لە ئاوخاوتنی ڕووکەشانە و دەمەتەقێ دەبینێتەوە  و قسەکانیان زۆر بازاڕیین، ئەمەش تەنها لە قسەکرندا نامێنێتەوە بەڵکوو پەل دەهاوێژێت بۆ ناو نووسین، وا دەکات نووسینەکانیش هەروەکوو ئاخاوتنەکانیان زۆر بێ بایەخ بن هیچ داهێنانێکیان تێدا نەبێت، زیاتر  نووسینی سواو و دوبارەبووەوەن، ئەمە خۆی بە سەر خوێندنەوەشدا ساخ دەکاتەوە.) 3مارتن هایدگەر، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٤٤-٢٤٥هەروەها سەبارەت بەم جۆرە زمانە هایدیگەر دەڵێت: (گوتنێکە هەموو کەسێک دەتوانێت شەنەی تێدا بکات؛ ڕوونکردنەوە بەبێ دیاریکردنی جیاوازییەکان دەهێنێتە کایەوە، لەم گۆڕانەدا گوتار ناتوانێت بوون -لە-نێو-جیهان بە تێگەیشتنەوە بۆ ئێمە ڕوون بکاتەوە، بەڵکوو هەبووەکانیش دەشارێتەوە).4مارتن هایدگەر، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٤٥

لەم تێگەشتنەوە دەتوانین ئاماژه بۆ دوو جۆر هونەر بکەین؛ ڕەسەن و ناڕەسەن، ئەم جیاکردنەوەیەش لە سەر پێوەری ڕاستیی بوون دادەمەزرێت.هونەری ڕەسەن “ڕاستیی بوون” دەردەخات، بەڵام هونەری ناڕەسەن “ڕاستیی بوون” دەشارێتەوە. هونەری ناڕەسەن هەروەکو گوتاری لە کار کەوتوو دەبێتە هونەرێکی بازاڕی و بێبایەخ، هەموو کەسێک دەتوانێت لێی تێبگات و چێژی لێ وەربگرێت، ئەم جۆرە هونەرە هیچ داهێنان و فەلسەفەیەکی تێدا نییە و  هیچ پەیامێکی بۆ بینەر پێی نییە، ئەگەر هونەرێک هەموو ئامادەبووان وەکوو یەک لێی تێبگەن و وەکوو یەک چێژی لێ وەربگرن، ناتوانرێت وەکوو هونەرێکی ڕەسەن لێی بڕوانین، چونکی وەک ئاشکرایە هیچ مرۆڤێک خاوەن یەک جۆر بیرکردنەوە و یەک تێڕوانین نین، دەبێت هەرکەسە و تێگەیشتنی تایبەتی هەبێت ئەگەر  هەمووان پێکەوە وەکوو یەک چێژ ببینین مانای وایە هیچ پەیام و فکرێک لە پشت ئەو هونەرەیەوە نییە و هونەرێکی زۆر لۆکاڵی بازاڕییە.
بۆ ئەوەی ئەم پرسە بە بەڵگەیەک ساخ بکەینەوە دەبێت ئەو ڕووداوە بگێڕینەوە که بەسەر خودی “فردریش نیتشە”دا هاتووە، ئەویش بەم شێوەیەیە: (فریدریش نیتشە دەچێت بۆ ئۆپێراکەی “ڕیچارد ڤاگنەر”، دەبینێت هەرچی هەیە لەوێدا بەرزەپێ ڕادەوەستان و چەپڵە بۆ کارەکەی لێ دەدەن. ئەمە نیتشە توڕە دەکات و بە خێرایی هۆڵەکە جێدەهێڵێت، چونکی وەک بەشێک لە گاڵتەجاڕی وەسفی دەکات، دەگاتە ئەو بڕوایەی لەژێر سایەی ئەم جۆرە ستایلەدا هیچ گۆڕانکاری و ڕیفۆرمێک دروست نابێت، ئەمەش بەیەکجاری نیتشە نائومێد دەکات، دەبێتە هۆی درزبوونی پەیوەندی نێوان نیتشە و ڤاگنەر، چونکی نیشتە پێی وایه هونەر دەبێت پەیامی هەڵگرتبێت و ڕیفۆرم لە بوونی تاکەکان دروست بکات، چەپڵەڕێزان و بۆن لەخۆدان و تێگەشتنی هەمووان وەکوو یەک هیچ پەیوەندییەکی بە داهێنانی هونەرییەوە نییە.)5د.مستەفا غالب، فردرش نیتشە، و: سامان عەلی حامد، چاپی یەکەم، ٢٠٠٨-سلێمانی
لێرەوە دەتوانین ئەوە بەیان بکەین ئەرکی بنەڕەتیی هونەری ڕەسەن ئەوەیە کە “ڕاستیی بوون” پیشان دەدات و لەو پێناوەشدا تێدەکۆشێت کە ڕاستیی بوون دەربخات.
بۆ زیاتر سەلماندنی ئەم ڕوانینە تیشک دەخەینە سەر وتەیەکی “جاک دێریدا” فەیلەسووفی فەرەنسی لەو بارەیەوە دەڵێت: (نابینا ئەو کەسە نییە  کە چاوی لەدەست داوە، بەڵکوو نابینا ئەو کەسەیە کە بینایی لەدەست داوە).6ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، هونەر و حەقیقەت، ٢٠٠٨ -سلێمانی.
لێرەدا مەبەستی “دێریدا” لە نابینا، ئەو کەسانەیە کە چاویان هەیە، دەبینن، بەڵام نازانن چۆن دەبینن و چ دەبینن، یان ناتوانن فێری هونەری بینین بن، شێوازێکیان نییە بۆ بینینی شتەکان، چونکی خاوەنی مەعریفەکی ئەوتۆ نین بتوانن لە سایەوە دیوی دووەمی شتەکان وەک خۆی ببینن.

فردریش نیچە

لێرەوە لەوە تێدەگەین ئەوە تەنها هونەرمەندە، لە ڕێگەی مەعریفەی خۆیەوە و لە ڕێگەی بەکارهێنانی کەلوپەل و ماتریاڵەکانەوە، لە ڕێگەی چاوی سێیەمەوە کۆیان دەکاتەوە و دەتوانێت کارێکی هونەری لێ دروست بکات، ئەوەی هونەرمەند ئەنجامی دەدات لە دونیای ڕاستییەوە بەرجەستەیە، ئێمە هەمووان ئەو ماتڕیاڵ و کەرەستانە دەبینین و لە بەرچاوماندان، بەڵام چاوی هونەرمەند جیاواز لە چاوی ئێمە دێت فۆڕمێکی تر دەدات بەو کەرەستانە.
بۆیە دەتوانین بڵێین هونەرمەند کەسێکە لە سەرووی سرووشتەوە و چاوساخێکە لە وڵاتێکی نابینادا دێت ڕاستی و حەقیەقەتێکمان بۆ باس دەکات بەبێ ئەوەی ئێمە هەستمان پێ کردبێت، بۆیە ئەوەی هونەرمەندێک دەیبینێت و بەدی دەکات، خەڵکێکی ئاسایی نایبینێت.

کەوایە تێدەگەین کە هونەر ئەو ڕۆڵە گرنگ و پڕواتایە دەبینێت، هەریەکێک لە هەر ڕوویەکەوە ڕاستیی بوون دەردەبڕێت، ئیتر چ نووسەر بێت یان شاعیر بێت، یان میوزیکژەن بێت یان نیگارکێش و، یان هونەرمەند و فەیلەسووف. هونەر بە هەموو شێوەکانیەوە “ڕاستیی بوون” ئاشکرا دەکات. لەم ڕێگەشەوە دەتوانین پەی بە جوانی هونەریش ببەین، چونکی جوانی هونەر لەوەدایە کە ڕاستیی بوون دەر ببڕێت.
هایدیگەر کاری زۆری لەسەر هونەر کردووە، بەتایبەتی لە کۆتایییەکانی ژیانیدا بە چڕی ڕۆچووەتە نێو کایەی هونەرییەوە، وەکو هاوتای فەلسەفە وێنای کردووە، چونکی پێی وابووە، هونەریش هەروەکوو فەلسەفە لە واتای “ڕاستیی بوون” دەکۆڵێتەوە. 

blank
مارتن هایدیگەر

لێرەوە دەتوانین ئەوەی لێ هەڵهێنجێنین، وەک چۆن فەلسەفە پرسیار دەکات و دەیەوێت بگات بە ڕاستییەکان و لە ژیانی خەڵکی دەکۆڵێتەوە، ئاوها هونەریش بە هەمان شێوە وەک هەبوویەک ڕاستیی بوون دەردەخات و خۆی لە لاساییکردنەوە و کۆپیکردن دەپارێزێت، ڕاستیی بوونیش بۆ  هەمووان وەکوو یەکە، هەریەکە ئەم گەیشتن بەو ڕاستیی بوونە لە ڕێگای داهێنانە هونەرییەکانەوە بەدەست دێت، لێرەوە دەگەین بەو ئەنجامەی کە هەردوو بیرکردنەوەی فەلسەفی و هونەری سەر بە یەک جۆری بیرکردنەوەن، هونەریش هەروەکوو فەلسەفە لە کاتی نەهامەتی و قەیراندا خۆی نمایش دەکات و خۆی دەردەخات و دەبێتە فریادڕەس، بۆیە فەلسەفە و هونەریش هەمان ئامانج و ستراتیژیان هەیە، هەردووکیان داهێنەرانە عەوداڵی دۆزینەوەی ڕاستیی بوونن. لێرەوە  گرنگی کارەکەی هایدیگەر زیاتر درکی پێ دەکرێت، کاتێک دێت هونەر دەکاتە بابەتی فەلسەفە، هونەر دەکاتە بابەتی گەڕان بەدوای ڕاستیدا.
هایدیگەر پێی وایە:(کاتێک پرسیاری ڕاستی و حەقیقەت هەموو مێژووی فەلسەفە دادەپۆشێت، مانای وا نییە کە ئێمە نەتوانین ئەم پرسیارە، بە سەر بواری هونەردا پراکتیک بکەین، پێی وایە هونەریش دەستکەوت و جێکەوت و بەرهەمێکی مرۆڤانەیە، بریتیە لە هەوڵ کۆشش و توانای مرۆڤ بۆ گەڕان بە دوای بوونی خۆی ئەوەش لە میانەی خستنە سەری جۆرێک لە ڕاستی بە سەر بەرهەمەکانی خۆیدا ئیتر چ هونەری بن یان زانستی).7ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٥٣
هەموو مرۆڤێک بەپێی شارەزایی و تێگەیشتنی خۆی دەزانێت هەر کارێکی هونەری لە میانەی بەکارهێنانی شتێکەوە بەرجەستە دەکرێت، ئیتر ئەو شتە دەستکاری کرابێت یان وەکوو خۆی مابێتەوە، بۆ ئەوەی کارێکی هونەری بەرهەم بهێنرێت، دەبێت شت یان کۆمەڵە شتێک ئامادەگیان هەبێت، لێرەدا “شت” لای هایدیگەر دەبێتە بنەما و ئەسڵی کاری هونەری کە بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی کاری هونەری دادەنرێت. هایدیگەر زۆر کاری لەسەر کردووە، چونکی ڕەگەزێکی گرنگی کاری هونەرییە. لە ڕوانگەی هایدیگەرە “شت” سێ ڕەهەندی هەیە:

ڕەهەندی یەکەم: وەکوو هەڵگری کۆمەڵێک سیفەت و تایبەتمەندی، کاتێک تەنێک یان شتێک لە خۆیدا، یان لە میانی دەستکاریکردنەوە پێی دەناسرێتەوە، بۆ نموونە کاتێک ناوی ئاسن دەهێنرێت، یەکسەر ڕەقی و پتەوی و هێزمان بیر دەخاتەوە.
ڕەهەندی دووەم: شت بریتییە لە لە یەکێتیی فرەییی ئیدراکە هەستییەکان، واتا لە میانی شتەکانەوە کۆمەڵێک ئیدراکی هەستیمان بۆ دروست دەبێت، کە ڕاستەوخۆ لەنێو ئەم یەکێتییەی شتەکەدا بەرجەستە بوون و دەبن.
ڕەهەندی سێیەم: شت بریتیە لەو ماددەیەی کە شێوەی پێ بەخشراوە، واتا ئەسڵی شتەکە دەستکاری کراوە، گۆڕاوە بۆ فۆرمێکی تایبەت و جیاواز.8ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٨٢
ڕەهەندی سێیەم زیاتر لە دوو ڕەهەندەکەی تر جێگەی بایەخ و سەرنجە، چونکە زۆر کەس لە کاری ژیانی ڕۆژانەیدا فۆرم بە شتەکان دەبەخشێت بەبێ ئەوەی مەبەستێکی هونەریشی لە پشتەوە بێت. لێرەدا “هایدیگەر” وەکوو ئامڕاز یان کەلوپەل یان ئامێر دەیناسێت. هایدیگەر شتەکان بە گرنگ و بایەخدار وەسف دەکات بۆ نمایشکردنی بوون، لە کاتی خستنەڕووی ڕاستی و حەقیقەت، چونکە ئەمان لە سەر دەستی هونەرمەند دەبنە مایەی پیشاندانی ماهیەتی ڕاستەقینەی شتەکان. بۆ نموونە: (کاتێک هایدیگەر لە کاتی تێڕامانی لە “جووتە پێڵاوەکەی ڤانکوخ” تەنها جووتێک پێڵاوی شڕ نابینێت بەڵکوو دونیای ئەودیوی پێڵاوەکان دەبینێت، جەخت دەکاتە سەر ئەوەی کە هەموو ژیانی دونیای لادێ لەنێو تابلۆی ئەم جووتە پێڵاوە بوونیان هەیە.)9ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٨٣
لێرەدا کاری هونەری دەتوانێت ڕاستی بەرهەم بهێنت نەک وەک شتێک. کاتێک هایدیگەر دێت بابەتکی هونەری هەڵدەبژێرێت، بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە قسە لەسەر فەلسەفەی هونەر بەگشتی و جوانیناسیی هونەر بکات، لە زۆر لایەنەوە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، ئەوەی هایدیگەر کردوویەتی تەنها پیشاندانی جووتێک پێڵاوی ڤانکوخ نییە، بەڵکوو ئەودیوی پرسەکە گرنگە، کە هونەر بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوە لە ژیانی تاکەکان، کاتێک تابلۆیەک لەنێو ژوورەکانمان هەڵدەواسین تەنها بۆ ئەوە نییە کە چێژی لێ دەبینین بەڵکوو ڕاستییەک پیشان دەدەن، کاری هونەری هەمیشە شتێکی تایبەت دەدرکێنێت و هەمیشە پەیامێک بە گوێی کەسەکان دەچەپێنێت.
هایدیگەر لە ڕێگەی ئەم تابلۆیەی “ڤان کوخ“ەوە هونەر و ڕاستیی بوون پێکەوە گرێ دەدات. کاتێک بینەر دەڕوانێتە تابلۆی جووتە پێڵاوەکە، دەزانێت گوزارشت لە ڕاستییەک لە پشت خۆیەوە دەکات وەکوو هایدیگەر ڕاڤەی دەکات و دەڵێت: (جوتیارێکی کۆڵکێش و ماندووە، لەنێو کێڵگەدا  کاری کردووە، لەنێو ژینگەیەکی تایبەت ژیاوە. بەرهەمە هونەرییەکە جیهانێکی نوێ بۆ بینەر دەکاتەوە ئەویش دەرخستنی “ڕاستی بوونە”.) 10د. محەمەد کەمال، فەلسەفەی هونەر، لاپەڕە ١٣٠ئاشکرایە کە بەرهەمی هونەری “شتە”، لە ڕێگەی ئەو شتەشەوە ڕاستیی بوون ئاشکرا دەکات، هونەرمەند لە ڕێگەی مادە و کەلوپەل و ئامرازەکانەوە جیهانێکی نوێ دەخوڵقێنێت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پرسە هایدیگەر دوو چەمک بەکار دەهێنێت ئەوانیش “زەوی و جیهان”ن.

مرۆ لە سەر زەوی جێنشین دەبێت و دەیگۆڕێت بۆ کێڵگە و کشتوکاڵ، لە ڕێگەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیەوە پێداویستی و قوتی ڕۆژانەی دابین دەکات، ئیتر ئەو زەویە وەکو خۆی نامێنێتەوە چونکی فۆرمەکەی گۆڕاوە و خانوو و باخی لەسەر بنیات نراوە، شەقام دروست کراوە، زەوی دەبێتە بناغەی چالاکی هەبووەکان، هونەرمەندێکی پەیکەرتاش، تاشەبەردێک دەکاتە پەیکەرێک ئەو ماتریاڵ و تاشەبەردە  هەمان خودی “زەوی”یەکەیە، هونەرمەند لە ڕێگەی داهێنان و کاری هونەرییەوە دەیگۆڕێت بۆ “جیهان” ئەو جیهانەی خۆی دەیەوێت، بۆیە کاتێک بینەر دەڕوانێتە بەرهەمە هونەرییەکە پەیکەرێک دەبینێت نەک تاشەبەردێک، چونکە بەردەکە چووەتە ئەودیو فۆرمە هونەرییەکەوە.)11د. محەمەد کەمال، فەلسەفەی هونەر، لاپەڕە ١٣٦ بە شێوەیەکی گشتی هونەر ڕاستیی بوون دەردەخات، تەنها هونەرمەندی ڕەسەنیش دەتوانێت بەو ڕاستیی بوونە بگات، چونکی هونەرمەندی ڕەسەن داهێنەرانە دەڕوانێته بوون و شاعیرانەش ڕەنگەکانی ژیان دەگۆڕێت.

هایدیگەر سێ جۆر بیرکردنەوەی دەستنیشان کردووە، ئەوانیش: بیرکردنەوەی ژمێریاری و  بیرکردنەوەی فەلسەفی و بیرکردنەوەی هونەرمەندانەیە. بیرکردنەوەی یەکەم سەر بە تەکنۆلۆجیایە و ئامانج لێی وەبەرهێنانە، لەم جۆرە بیرکردنەوەیەدا تەنها ئاکام زەروورین، لەم جۆرە بیرکردنەوەیەدا، جیاوازییەکان نەک دەخرێنە پەراوێزەوە بەڵکوو قەدەغەش دەکرێن. بەڵام بیرکردنەوەی “فەلسەفی و هونەری” بە پێچەوانەی جۆری یەکەمەوە، داهێنەرانەیە و سەرچاوەکەشی دەستەڵاتی داهێنەرانەی بوونێکی ڕەسەنە، لەگەڵ دەربڕینی ڕاستییەکاندا بیرەکان دەورووژێنێت و لایەنە شاراوەکانی بوون دەردەخات، هەردووکیان چاوگەکانیان بریتین لە بوونێکی داهێنەرانەی ڕەسەن.12د.محەمەد کەمال،  هایدگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی، چاپی یەکەم، سلێمانی ٢٠٠٧
ئامانجیان ناسینی ڕاستیی بوون و دەرخستنی حەقیقەتی بوونە. هەرچەند هونەر تاڕادەیەک جیاوازە لە فەلسەفە، بەڵام جیاوازییەکانیان زیاتر پەیوەندی بە شێوازی دەربڕینەوە هەیە بۆ نموونە: فەلسەفە زیاتر بۆ ئەوەی شرۆڤەی پرسێک بکات پەنا بۆ شێکردنەوە و توێژینەوە دەبات، هونەریش بەتایبەتی شیعر بە ڕووداو ڕاستی دەناسێت. بۆ نموونە دەربڕینی هونەرییانەی “نالی” بۆ “سالم” لە نامەیەکدا بەم شێوازە دەردەکەوێت.

(داخۆ دەروونی سافە، گوڕەی ماوە تانجەڕۆ
یا خۆ ئەسیری خاکە بە لێڵی دەکا عەبوور)13نالی، دیوانی نالی، کۆڕی زانیاری کورد، بەغداد ١٩٧٦، لاپەڕە ١٨٨.

خاکی نالی ئەو خاکەی تانجەڕۆی تێدا هەڵدەقوڵێ بۆ مرۆڤی کورد بووە، بە خاکی بێگانە. کۆچی نالی لە مەنفایەکەوە بۆ مەنفایەکی ترە، خاکە ڕەسەنەکەی خۆی جێهشتووە چونکە بووە بە “وێرانە خاک” و ناوەڕۆک و ڕوخساری گۆڕاوە.
تانجەڕۆی نالی بە گوڕی و ڕەوان مێژوو تۆمار ناکات، لەنێو قوڕ و لیتەی گەندەڵی و شێواندنی ڕاستیدا چەقیوە. لەم ڕێگەیەوە پرس بە “سالم”ی هاوڕێی دەکات دڵنیا نییە لەوەی خاکی بێگانەکراوی ڕزگاری بووبێت. ئەم پارچە هۆنراوەیە ڕاستیی بوونێکی شێوێنراومان بۆ دەردەخات.
لەبەر ئەو ژیانە تاڵ و نالەبار و ناهەموارەی کە تاکی کوردی تێی کەوتبوو، چ لە ڕووی سیاسی یان ڕۆشنبیری و یان کۆمەڵایەتییەوە بێت، لە سەردەمی مێرنشینی باباندا بە هۆی جەنگی ناوخۆی لەنێوان [سلێمان پاشا و محموود پاشا]ی برایدا، هەریەکە لەم برایانە بۆ مانەوەی خۆیان و پاراستنی کورسی و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەستی دەرەکییان هێنایە سەر خاکی سلێمانی و کردیانە وێرانە خاک و نالیش ناچار بە دەرپەڕاندن کرا و بووە کۆچەرێکی هەمیشەیی. ئەمە بۆ خۆی دەرخستنی ڕاستیەکە، ئەگەر چی ڕاستییەکی تاڵیشە.

کەوابوو بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین وەها لە هونەر تێبگەین کە یەکێک لەو دەرفەتە گرنگ و پڕبایەخەیە، کە هەمووان دەتوانن لە ڕێگەی بەرهەمی هونەرییەوە، بە دوای مانای بوون و ڕاستیی بووندا بگەڕێن. هەر یەکە و بە فۆرم شێواز و ستایلی تایبەتی خۆی، ئەمەش وا دەکات هونەر وەک چرایەکی ڕووناک وا بێت بۆ دۆزینەوەی بوون و دەست ڕا گەیشتن بە ڕاستیی بوون. هەر بۆیە “هونەر” بەدەر لە چێژ و شێواز و فۆرم و ستایل دەیەوێت شتێکمان بۆ ئاشکرا و بەیان بکات ئەویش دەرخستنی ڕاستیی بوونە، ئەمەش خۆی بۆ خۆی ئەو پەیام و مانا هەقیقیەیە کە هونەر دەتوانێت پێمان ببەخشێت.کە ئەمەش پەیوەندی بە ژیانی خۆمانەوە هەیە، بۆیە بەدەر لە ئامراز و کەرەستە و فۆرم هونەرێک لەدایک دەبێت، کە پەیوەندی بە جیهانی مرۆڤەوە هەیە، وەک بەشێک لە داهێنانەکانی مرۆڤ لێی دەڕوانرێت. هونەر تەنها بۆ مرۆڤ ئامادەگی و دەرخستنی هەیە، تەنها خودی مرۆڤیشە خاوەنی ڕاستەقینەی هونەرە. هونەرمەندیش پێش ئەوەی لایەنی جوانی و چێژ لە بەرهەمەکەی بەرجەستە بکات، تیشکمان دەخاتە سەر لایەنێکی گرنگی بەرهەمەکە، پرسێک دەخاتە ڕوو کە پەیوەستە بە حەقیقەت و ڕاستیی بوونەوە.

بۆ ئەوەی ئێمە شرۆڤەی بەرهەمێکی هونەری یان توێژینەوە لەسەر هەر کارێکی هونەری بکەین، دەبێت وەها چاوەڕوانی هونەر بکەین کە پەیام و ناوەڕۆکێکی گرنگی پێیە کە ئێمە هۆشیار و بێدار دەکاتەوە و کە چۆن بەدوای بوونی خۆمان و ڕاستیی بووندا بگەڕێین. هونەر هاوتای فەلسەفەش دەتوانێت سەربەخۆمان بکات.واتا ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە شیکردنەوەی دیوی ناوەوە و دیوی دووەم و چاوی سێیەمی بەرهەمەکەیە. ئێمە دەبێت لە کاتی بینینی بەرهەمێک یان دەقێک دەبێت تێڕابمێنین و ئەو پرسە لە خۆمان بکەین، ئەم کارە هونەرییانه چ پەیامێکیان پێیە؟ و دەیەوێت چ شتێک بە ئێمە بڵێت؟ چ پرسێک دەکاتە بەرباس ئامانج و ستراتیژەکەی چییە؟ هەروەکوو چۆن زانست یان فەلسەفە ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات، ئاوهاش هونەر هەمان ئامانجی هەیە ئەویش  گەیشتنە بە “ڕاستیی بوون”. لەگەڵ دەرخستنی حەقیقەت و ڕاستیی بووندا، دەتوانین دەستمان بە لایەنێکی گرنگتریش بگات ئەوش بەهای جوانی هونەرە، چونکی ئاشکراکردنی ڕاستی خۆی لە خۆیدا لە هەناوی خۆیدا جوانیشی هەڵگرتووە.

لێرەوە تێدەگەین هەموو بەرهەمێکی هونەری ڕەسەن، یەک ئامانج و یەک پەیام و بە یەک شێوە خۆی دەردەخات، هونەریش بە هۆی ئەوەی ڕەهەندێکی فیکری هەیە، بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆی شاردووەتەوە، ئێمە لە ڕێگەی تێڕوانین و ڕۆچوونە قووڵەکانی خۆمانەوە دەتوانین ئەوەی شاراوەیە ئاشکرای بکەین بۆیە بینەری ڕژد هەرگیز ڕووکەشانە ناڕوانێتە بەرهەمی هونەری بەڵکوو تەرکیز دەکات و ڕۆ دەچێتە ناو کارەکەوە تاوەکوو دیوی دووەمی بدۆزێتەوە، چونکە هەموو کارێک دوو جۆر ڕوانین دەردەخەن ئەوانیش دیار و نادیارن ئەوەی کە نادیارە مانای نەبوون نادات بەڵکوو پێویستە فیکرمان زیاتر بەگەڕ بخەین بۆ دوزینەوەی کۆدی پشت پەیامە هونەرییەکە، بۆ نموونە لە ڕۆژدا ئەستێرە دیار نییە، ئەمە مانای نەبوون نییە، بەڵکوو بە هۆی ڕووناکیی ڕۆژەوە نایبینین بەڵام بە خۆێندنەوە و تەرکیزمان هەموو هەبووەکان دەبینین. ئێستا بە دروستی لەوە تێگەشتووین، کە “هونەر” یەکێک لەو باشترین دەرچانەیە کە تاکەکان دەتوانن بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە فیکری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سیاسییانەی کە تێی کەوتوون بە هۆی نادادی و نایەکسانی و ناشەفافییە دروستکراوەی کە بە زۆر سەپێنراوە، تاکەکان بە هاوکاری هونەر دەتوانن بوون بۆ خۆیان بگێڕنەوە و لەوێشەوە پەی بە تەواوی حەقیقەت و ڕاستییەکانی تریش ببەن. هونەر ئەو پەیامە باڵا و سۆپەرمانەیە دەتوانێت تاکەکان بە شێوەیەک ئاڕاستە بکات، کە بتوانن پەتی کۆیلایەتی و ڕازی بوون بە قەدەر بپچڕێنن و لە ڕێگەی هونەری ڕەسەنەوە سەر بە خۆیان بن. ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە وەک چۆن فیکر خورافیات و خەیاڵ و ئەفسانە قاو دەدات، ئەوە بە دڵنیایییەوە داهێنەری هونەرمەندانەش دەتوانێت هەمان ڕۆڵ بگێڕێت، بەئاسانی توانای ئاشکرا کردنی لایەنە تەڵخ و ناڕۆشنەکانی هەیە، دەتوانێت ڕاستیی بوونمان بۆ بدۆزێتەوە. هونەر ئەو فریادڕەسە حەقیقیەیە نەک “واتای بوون” بەڵکوو “ڕاستی بوون”یش بەگشتی ئاشکرا دەکات.


پەراوێزەکان

  • 1
    د. محەمەد کەمال، فەلسەفەی هونەر، چاپی یەکەم، ٢٠١٧ -سلێمانی
  • 2
    مارتن هایدگەر، بوون و کات، و: د.محەمەد کەمال، چاپی یەکەم، ٢٠١٣-سلێمانی
  • 3
    مارتن هایدگەر، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٤٤-٢٤٥
  • 4
    مارتن هایدگەر، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٢٤٥
  • 5
    د.مستەفا غالب، فردرش نیتشە، و: سامان عەلی حامد، چاپی یەکەم، ٢٠٠٨-سلێمانی
  • 6
    ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، هونەر و حەقیقەت، ٢٠٠٨ -سلێمانی.
  • 7
    ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٥٣
  • 8
    ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٨٢
  • 9
    ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، هەمان سەرچاوە، لاپەڕە ٨٣
  • 10
    د. محەمەد کەمال، فەلسەفەی هونەر، لاپەڕە ١٣٠
  • 11
    د. محەمەد کەمال، فەلسەفەی هونەر، لاپەڕە ١٣٦
  • 12
    د.محەمەد کەمال،  هایدگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی، چاپی یەکەم، سلێمانی ٢٠٠٧
  • 13
    نالی، دیوانی نالی، کۆڕی زانیاری کورد، بەغداد ١٩٧٦، لاپەڕە ١٨٨.