لۆجیکی ئارگیومەنتی فەلسەفی

ناكرێت باسی هیچ بكرێت لە فەلسەفەدا گەر خوێندكار یا خوێنەر یان بیسەر/گوێگر ئاشنا نەبێت بەوەی ئارگیومەنت چییە و لە پێکهاتەکانی ئارگیومەنت تێ نەگات. ناكرێت هیچ كۆرس و خوێندنێكی فەلسەفە پێك بهێنرێت بەبێ ئەوەی لە سەرەتاكەیدا باس لەوە نەكرێت كە مەبەست لە ئارگیومەنت چییە، چۆن ئارگیومەنت پێک دەهێنرێت، لەبەر ئەوەی فەلسەفە بەبێ ئارگیومەنت ناكرێت، هەموو بیركردنەوە فەلسەفییەكان ئارگیومەنتن.
 زانینی چۆنێتیی پێكهێنانی ئارگیومەنت گرنگە بۆ هەموان، نەك تەنها بۆ فەیلەسوف و خوێندكارانی فەلسەفە، لەبەر ئەوەی هەم دەتوانیت ئارگیومەنتی باش و بە مانا و سەرەنجام ڕاست و سەركەوتوو پێك بهێنیت، چ لە قسەكردندا بێت یان لە نووسیندا. هەم بۆ ئەوەی بتوانیت ئارگیومەنتی ئەوەی بەرامبەر یا ڕەکابەر لە دیبەیتدا هەڵبسەنگێنیت، ئارگیومەنتی باش لە ئارگیومەنتی خراپ جیا بكەیتەوە و بەدوای هەموو ئەو قسانە نەكەویت كە بۆت دەكرێن لە ڕێی  هێز و دەسەڵات و میدیا و سیاسەتەوە وەکوو ڕاستی وێنا دەکرێن و دەسەپێنرێن، هەروەها لەبەر دەركەوتوویی و ناسراوی و كەسایەتیی بێژەرەکە یان لەبەر لێهاتوویی و شارەزایی نووسەرەکە  وەک ڕاستی وەردەگیرێن و پەسەند دەکرێن.

ئارگیومەنت، بە مانا فەلسەفییەكەی و لە زمانی ڕاڤەکراوی تایبەت بە فەلسەفەدا كە لە هەناوی زمانی ئینگلیزی و ئەو زمانانەدا هەن كە لە بیركردنەوەی فەلسەفیدا دەوڵەمەندن، مەبەست و بەکارهێنانی هەمان تێرمینۆلۆجی ‘ئارگیومەنت’،


‘ئارگیومەنت’ لە زمانی ئینگلیزییەوە هاتووە، بەڵام ڕیشەی تێرمەكە لە زمانی لاتینی و لە زمانە كۆنەکەی فەڕەنسی دایە. دەمەوێت ئەوە ڕوون بێت كە ئارگیومەنت مانایەكی تایبەتی هەیە لە زمانی فەلسەفەدا، بۆ نموونە:  گەر سەرنج بدەین لە زمانی ئینگلیزیدا ‘ئارگیومەنت’ لە فەلسەفەدا وەك تێرمینۆلۆجییەكی فەلسەفی بە كار دەهێنرێت، نەك  وەک تێرمینۆلۆجیی گشتی و شەقامی لە زمانی گشتی و شەقامی ئینگلیزیدا. لە زمانی گشتی و شەقامدا  ‘ئارگیومەنت’ واتە دەمەقاڵێ و دەنگەدەنگكردن و بەرپەرچدانەوەەی یەكتر و زۆر جاریش بە شەڕكردن  و تەنانەت لێدانیش دەوترێت ئارگیومەنت، بەڵام بە مانا فەلسەفییەكەی و لە زمانی ڕاڤەکراوی تایبەت بە فەلسەفەدا كە لە هەناوی زمانی ئینگلیزی و ئەو زمانانەدا هەن كە لە بیركردنەوەی فەلسەفیدا دەوڵەمەندن، مەبەست و بەکارهێنانی هەمان تێرمینۆلۆجی ‘ئارگیومەنت’، مانای فۆرم و ڕیزبەندییەكی لۆجیكییە بۆ دەربڕینی بیركردنەوە و تێگەیشتن لێی.
 لە فۆرمە لۆجیكییەكەیەوە دەتوانم ‘ئارگیومەنت’ لەم خاڵانە ڕوون بكەمەوە و دەری بخەم پێكهاتەی ئارگیومەنت چییە، پاش ڕوونکردنەوەی فۆرمە لۆجیکییەکەی، ئیتر ئارگیومەنت هەرچەندە دوورودرێژیش بێت هەر لەم فۆرمەدایە، تەنها لە بری ڕستە دەکرێت پەرەگرافێک بێت یان چەند لاپەڕەیەک، یان کتێبێکی چەند سەد پەڕەیی.

ئەمە فۆرمە لۆجیکییەکەی ئارگیومەنتە:

–  ڕیزبەندییەكە لە چەند ڕستەیەك پێك هاتووە، واتە لە فۆرمە لۆجیکییەکەیدا ڕیزبەندیی نێوان چەند ڕستەیەكە، بێگومان پێویستە بە لای كەمەوە لە ڕستەیەك زیاتر بێت.

–  ڕستەیەك لەو ڕستە ڕیزبەندییانە سەرەنجامی ئارگیومەنتەكەیە و پێی دەوترێت ڕستەی سەرەنجام.

 –  ڕستەیەك یا چەند ڕستەیەك بنەمای ئارگیومەنتەكە پێك دەهێنن، بەمانە دەوترێت ڕستە بنەماییەكان یان بنەماكانی ئارگیومەنت.

–  ئەو ڕستەیەی كە سەرەنجامی ئارگیومەنتەكەیە، وەكوو ‘ڕاستی’ سەیر دەكرێت و وەردەگیرێت.

–  ئەو ڕستانەی كە بنەمای ئارگیومەنتەكەن، ‘هۆ’ن بۆ گەیشتن بە سەرەنجامەكە، دەبێت هۆ بن بۆ بڕوابوون بە سەرەنجامی ئارگیومەنتەكە. واتە سەرەنجامی ئارگیومەنتەكەی لێوە هەڵهێنجرابێت.

بۆ ئەوەی زیاتر ڕوونی بكەمەوە كە چی ئارگیومەنتە، باشترە باس لەوە بكەم كە چی ئارگیومەنت نییە. هەندێک ڕیزبەندی هەن کە ئارگیومەنت نین، ئەگەرچی هەندێك لەو خاڵانەشیان تیادا بێت کە وەك مەرج باسم كردوون. ئەمە یانی، گەرچی ئارگیومەنت ڕیزبەندیی ڕستەكانە، بەڵام بۆ نموونە؛ دوو جۆر لە ڕیزبەندیی ڕستە هەن كە ئارگیومەنت نین:

یەكەم: ئەو جۆرە ڕستە ڕیزبەندییانەی كە ڕستەكانی پەیوەندییان بە یەكترەوە نییە.

دووەم: ئەو ڕستانەی كە ڕیزبەند دەكرێن و پەیوەندن بە یەكەوە، بەڵام پەیوەندییەكەیان لە شێوە و فۆرمی ئارگیومەنتدا نییە.

جۆرێكی تر لە ڕستە هەن كە لێرەدا گرنگن، ئەو جۆرە ڕستانەی كە ‘بڕیارن’، نەك هۆ یان سەرەنجام. ئەو ڕستانە ‘ڕستە بڕیارییەكان’ن، واتە بڕیارن و لەسەر باوەڕ دروست دەبن و باوەڕێک دەردەبڕن. باوەڕ  قابیلی ئەوەیە یان ڕاست بێت یان هەڵە، بەڵام ئارگیومەنت خۆی لەوە دەپارێزێت ڕاست و هەڵە بێت، ئارگیومەنت یان باشە یان خراپ. ئەمە یانی ئارگیومەنتی باش هەیە و ئارگیومەنتی خراپ، نەك ئارگیومەنتی ڕاست و ئارگیومەنتی هەڵە.

لە ئارگیومەنتدا؛ ئارگیومەنتی باش هەیە و ئارگیومەنتی خراپ، ئارگیومەنتی بەهێز هەیە و ئارگیومەنتی لاواز. ئەوە سەرەنجامی ئارگیومەنتە كە ڕاستە یان هەڵەیە، هەروەهاش  بنەمای ئارگیومەنتەكە دەکرێت یان ڕاست بن یان هەڵە، بەڵام  کۆی ئارگیومەنتەکە بریتی نییە لە ئارگیومەنتی ڕاست و ئارگیومەنتی هەڵە. ئەمەش لەبەر ئەوەی ئارگیومەنت فۆرمێكە لە دەربڕین كە لە چەند بنەما و سەرەنجامێک پێك هاتووە، بنەما و سەرەنجامەكەن كە ڕاست و هەڵەیان تیادایە.

فۆرم و ناواخن یا ناوەڕۆك لەوەدا یەك دەگرێتەوە و جیا نابێتەوە، کاتێک کە ناكرێت لە فۆرمدا ئارگیومەنتێک بە  ئارگیومەنتی باش پەسەند بكرێت، بەڵام پێكهاتەی ناوەڕۆكەكەی، كە سەرەنجام و بنەماكانن، هەڵە و ناڕاست بن. ‘باش’ بوونی ئارگیومەنت لێرەدا بەپێی هەندێک مەرجی لۆجیکی دیاری دەکرێت، نەک بە مەزەنەی عەقڵ یا لەبەر ئەوەی بەلاتەوە پەسەند بێ. ناوەڕۆك و ناواخنی فۆرمی ئارگیومەنت گرنگە و تەنها لە مەسەلەی ڕاست بوون و هەڵە بووندا جیاوازە، وەکووتر جیا ناكرێتەوە، بۆ نموونە: گەر ئەو ڕستانەی كە بنەمای ئارگیومەنتەكە پێك دەهێنن، ڕاست بن، ئارگیومەنت دەتوانێت لە خۆیدا ڕاستی هەڵبگرێت یا ڕابگرێت، هەروەها گەر بنەماکان و سەرەنجامی ئارگیومەنتەكەش  هەموویان ڕاست بن، ئەوا ئارگیومەنتەكە  ئارگیومەنتیکی باشە و بنەما و سەرەنجامەکەشی ڕاستن. بەڵام ئارگیومەنت خۆی فۆرمێكی لۆجیكییە و فۆرمەكە هەڵە و ڕاستی نییە، ئەوەی كە دەخرێتە ناو فۆرمەكەوە، دەكرێت ڕاست بێت یان هەڵە یان تێكەڵەیەك بن لە ڕاستی و هەڵە، واتە بنەمایەکی ڕاست بێت و بنەماکانیتری هەڵە، یان بنەماکانی ڕاست بن  و سەرەنجامەکەی هەڵە، هتد. ئارگیومەنت گەر پێكهاتەكانی؛ بنەما و سەرەنجامەكەی ڕاست بوون، ئەوا ئارگیومەنتێكی باشە و گەر بنەمای ناڕاست و هەڵەی تیادا هەبوو، یان سەرەنجامەكەی ڕاست نەبوو، ئەوا ئارگیومەنتێكی خراپە.

ئەو ڕستانەی كە لە ڕیزبەندی ئارگیومەنتدان، پێویستە مانابەخش بن. ڕستەی مانابەخش واتە تەواوی ڕستەكە مانا ببەخشێت، نەك هەر وشەكانی بە تەنها مانابەخش بن، ئەمە لەبەر ئەوەی كە دەكرێت وشەكان بە تەنها مانابەخش بن، بەڵام كە دەخرێنە یەك ڕستەوە، ڕستەكە بێمانا بكەن. بۆ ئەوەی ئەمە زیاتر ڕوون ببێتەوە، هەندێك نموونەی سادە دەهێنمەوە.

نموونەی ڕستەیەك كە مانا نابەخشێت گەرچی وشەكانیشی بە تەنها مانا ببەخشن:
‘هانا عەرەبانە جوانە گیا’

ئەمە تەنها كۆمەڵێ وشەن كە پێكەوە ڕیز كراون و دەكرێت پێی بوترێت ڕستێك لە وشە یا ڕستەیەك لە وشە، بەڵام ڕستەیەكی مانابەخش نییە؛ گەرچی وشەكانی كە پێكهاتەی ڕستەكەن، بە تەنها مانابەخشن. من و تۆ تێدەگەین: ‘هانا’ چی دەگەیەنێت. تێدەگەین كە ‘عەرەبانە’ واتە چی. تێدەگەین كە ‘جوانە’ چییە. تێدەگەین كە ‘گیا’ مانای چییە. بەڵام كەسمان لە ‘هانا عەرەبانە جوانە گیا’ پێكەوە وەكو ڕستەیەك تێ ناگەین، واتە ڕستەكە مانابەخش نییە.

نموونەی ڕستەیەك كە مانابەخشە:

‘خاتوو هانا لە زانكۆ دەخوێنێت.’

ئەمە ڕستەیەكی مانابەخشە، چونكە جگە لەوەی لە مانای وشەكانی تێدەگەین، لە ڕستەكەش تێدەگەین ، وشەكانی ڕستەكە بە جۆرێك ڕیزبەندكراون كە پێكەوە مانای ڕستەكە دروست دەكەن و ڕستەكە مانادار دەكەن.

تا ئێرە سەبارەت بە جۆری ئەو ڕستانە بوون كە دەتوانن ئارگیومەنت پێك بهێنن. بەڵام هەروەک چۆن ڕیزبەندیی وشەكان لە ڕستەیەكدا گرنگن بۆ ئەوەی ڕستەكە مانابەخش بێت؟ ڕیزبەندیی ڕستەكان لە ئارگیومەنتدا زۆر گرنگترن بۆ ئەوەی كە دەربڕینەكە لە چەند ڕستەیەكەوە ببێت بە ئارگیومەنت. دەمەوێت ئەمیش هەر لە ڕێی هێنانەوەی نموونەی سادەوە ڕوون بكەمەوە.

نموونەی ڕیزبەندیی ڕستەكان كە مانابەخشن، بەڵام پێكەوە ئارگیومەنت نین:

ئاوی دەریا سوێرە.

خاتوو هانا ئوتومبێل لێ دەخوڕێت.

گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە.

هەمان ڕیزبەندیی ئەو ڕستانەی سەرەوە كە ڕستەی مانابەخشن بە فۆرمە لۆجیكییەكەی:

بنەمای یەكەم: ئاوی دەریا سوێرە

بنەمای دووەم: خاتوو هانا ئوتومبیل لێ دەخوڕێت

سەرەنجام: كەواتە، گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە.

ئەمە ئارگیومەنت نییە، لەبەر ئەوەی ئەم ڕیزبەندیكردنە، ئەگەرچی ڕستەكانی مانابەخشن، ڕستەكانیش لە وشەی مانابەخش پێكهێنراون، بەڵام ڕستەكان پەیوەندییەکی لۆجیکییان پێكەوە نییە، كە ڕستەكان پەیوەندیی لۆجیکییان بەیەكەوە نەبوو، ناتوانن ئارگیومەنت پێك بهێنن و ئارگیومەنت نین. ئەمە لەبەرئەوەیە ئارگیومەنت بە لۆجیک پیکدەهێنرێت و پێویستە هەموو مەرجەکانی تیا بێت، نەک هەندێکی.

لە ئارگیومەنتدا؛ مەرجە ڕستەكان پەیوەندیدار بن بەیەكەوە لە پەیوەندییەکی لۆجیکیدا.

لە لۆجیكدا هەندێك ڕێگە هەن كە دەكرێت ڕستەكان لە ڕێیانەوە پەیوەندیدار بكرێن، بۆ نموونە، كاتێك دوو ڕستەی مانابەخشمان هەیە و دەمانەوێت بەیەكیانەوە ببەستینەوە و پەیوەندیداریان بكەین، یەكێك لە وشەكانی پەیوەندی بەكار دەبرێت، لێرەدا ئاماژە بە یەکێکیان دەكەم وەك نموونە

  • –         ‘لەبەرئەوە’: بەکاردەهێنریت و بە دوو جۆر دەنووسرێت لە زمانی لۆجیكدا؛ بەم جۆرە دەنووسرێت ‘∵’. كاتێك مەبەستمان لەوە بێت بڵێین كە لەبەر ئەو هۆیانەیە، بەم جۆرەش دەنووسرێت ‘=’.

گەر بمانەوێت لە ڕێی بەكارهێنانی ئەم وشە پەیوەندییانەوە دوو ڕستە پەیوەندیدار بكەین، دەتوانین “لەبەرئەوە”یان بۆ زیاد بكەین و ببینین ئایا دەكرێت ڕستەكان پاش ئەمە پەیوەندیدار بن بە یەكترەوە و پێكەوە مانایەك ببەخشن یان نا؟

ئاوی دەریا سوێرە

لەبەرئەوە هانا چووە بۆ ئوسترالیا

لێرەدا چونكە بە وشەیەكی لۆجیكیی ”لەبەرئەوە” هەردوو ڕستەكانمان پەیوەند كردووە؛ پەیوەندیمان لە نێوان ڕستەكان دروست كرد ، دەكرێت ڕستەكان زیاتر پێكەوە مانابەخش بن. بەڵام وەک دەینینن لەم نموونەیەدا گەرچی ڕیزبەندی ئەم ڕستانە ئارگیومەنتە، واتە لە فۆرمی ئارگیومەنتدایە؛ بەڵام ئارگیومەنتێكی باش نییە، چونكە پەیوەندیی نێوان ڕستەكانی ئەم ئارگیومەنتە بە تەواوی مەرجەكانی پەیوەندییە لۆجیکییەکەی نێوان ڕستەكانی ئارگیومەنت بە جێ ناهێنێت.

بۆ ئەوەی ئەمە باشتر ڕوون ببێتەوە، نموونەی ئارگیومەنتی باش دەهێنمەوە بە بەروارد. نموونەی ئارگیومەنتی باش:

هانا بە ڕۆژانی هەینی خۆی جوان دەكات

ئەمڕۆ ڕۆژی هەینییە

. ∵  (لەبەر ئەوە) هانا ئەمڕۆ خۆی جوان دەكات.

یان:

ئەمڕۆ ڕۆژی هەینییە

خاتوو هانا لە ڕۆژانی هەینیدا دەچێت بۆ سەیران

. ∴  (کەواتە) ئەمڕۆ خاتوو هانا لە سەیرانە ∴ .

ئەمانە نموونەی ئارگیومەنتی باشە، چونكە ڕستەکانی پەیوەندییەکی لۆجیکیان بەیەکەوە هەیە و هەروەهاش هەموو مەرجەكانی ئارگیومەنتی باشی تیادایە:

یەكەم: ڕستەكانی مانابەخشن.

دووەم: ڕستەكانی پەیوەندیدارن بەیەكەوە.

سێیەم: ڕستەكانی پەیوەندیدارن بەیەكەوە بە شێوەیەك کە پەیوەندی لۆجیکییان هەیە، ئەو ڕستەیەی كە سەرەنجامه هەڵهێنجراوی بنەماكانە. بە مانایەكی تر؛ ئەو ڕستەیەی كە سەرەنجامە لە ئارگیومەنتدا، دەبێت هەڵقوڵاوی بنەمای ئارگیومەنتەكە بێت. بنەماكان دەبێت هۆ بن بۆ گەیشتنە ئەنجام لە  هەموو ئارگیومەنتێکدا.

ئەمانە سروشت و پێكهاتەی ئارگیومەنت بوون لە فەلسەفەدا، لە فۆرمە لۆجیکییەکەیدا. لەو ئارگیومەنتانەدا کە لە لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکاندا دەکرێن و هەروەهاش لە ئاخافتن و نووسین و دیبەیتدا پێویستە بکرێن، وەکوو پێشتر وتم، تەنها چەند ڕستەیەک نین و لە زۆر پەرەگراف و لاپەڕە پێك دێت و ئارگیومەنتی دوورودرێژ هەن کە کتیبێکن،  بەڵام بە پەیڕەوی کردنی هەمان فۆرمی لۆجیکی دەکرێن. لەبەر ئەمەیە کە دەبێت فۆرمە لۆجیکییەکەی ئارگیومەنت بزانیت پێش هەر خوێندنەوەیەکی هەر بابەتێکی فەلسەفە، بۆ ئەوەی هەم لە ئارگیومەنتی تێکستە فەلسەفییەکە تێبگەیت و هەم بتوانیت هەڵیسەنگینیت.
‘ئارگیومەنت’ تەنها فەیلەسوفەكان نایكەن و تەنها لە فەلسەفەدا ناكرێت، بەڵكو لە ژیانی ڕۆژانەشدا ئەوەی كە دەریدەبڕین، چ لە ئاخافتندا بێت یان بە نووسین، بە شێوەی ئارگیومەنت باسیان دەكەین؛ بەڵام مەرج نییە هەموویان یا هەموو كات لە جۆری ئارگیومەنتی باشدا بن. گەر پاش ئەم تێگەیشتنە لەوەی ئارگیومەنت چییە و چۆن پێك دێت، بە وردی گوێ لە قسەكەرانی ناو میدیاكان یان سیاسیكارێك یان هەر لە ئاخافتنی ڕۆژانەدا بگریت، دەبینیت كە زۆر جار ئەوەی قسە دەكات، بە بنەمایەك باسەكەی دەست پێ دەكات دەكرێت ڕاست بێت، بەڵام بنەمایەكی تری دەخاتە سەر كە یان دەكرێت هەڵە بێت، یان بنەماکانی پەیوەندییان بەیەكەوە نییە، واتە مەرج نییە بنەماكانی ڕاستیی سەرەنجام و بڕیارەكانی بسەلمێنن. بەڵام وەك بە درێژایی مێژوو هەن و ڕۆژانەش دەیانبینین، قسەكەرەكە لای خۆیەوە لەوانەیە زۆر جیدی بێت و باوەڕی تەواوی بە ئارگیومەنتەکەی خۆی هەبێت و كەلەڕەقی بكات بۆ سەپاندنی ویست و بڕیارەكانی خۆی بەسەر ئەوانی تردا بە بەكارهێنانی ئارگیومەنتێكی خراپ و بنەما و سەرەنجامی ناڕاست. ڕۆژانە لەم جۆرە ئارگیومەنتە خراپانە دەیبینین كە  قسەکەر یان نووسەر زۆر بە جدی بەرگریی لێ دەكات و ئەمەندە باوەڕی بە بڕیار و سەرەنجامەكەی خۆی هەیە كە ئامادەیە خۆی بۆی بە كوشت بدات و خەڵكی لەسەر بكوژێت. لە خوێندنی ئەکادیمیی فەلسەفەدا هەر لەسەرەتاوە، واتە هەر لە ساڵی یەکەمی بەکالۆریۆسەوە مەرجە لە پێشدا لە لۆجیکی ئارگیومەنت تێبگەیت و لۆجیک بخوینیت. ڕێگە بەوە نادرێت تەنها تێکستی فەلسەفی بخوێنیتەوە و پێی سەرسام بیت، بەڵکو دەبێت ئەو تێکستە فەلسەفییانە بە جۆرێک بخوێنیتەوە کە ئارگیومەنتەکەیان ببینیت و بتوانیت ئارگیومەنتەکەی هەڵسەنگێنیت.

لە لۆجیكدا دوو مێتۆدی سەرەكی هەن كە پێویستە لێرەدا زۆر بە كورتی باسیان بكەم، لەبەر ئەوەی لە ئارگیومەنتدا بەكار دەهێنرێن، چ لە لێكۆڵینەوە زانستییەكاندا بێت یان لە ئارگیومەنتی فەلسەفەدا. مێتۆد و لۆجیک هەر یەکن و ئەو دوو مێتۆدەش؛ ‘لۆجیكی ئیندەكشن’ و ‘لۆجیكی دیدەكشن’ە. لەبەر ئەوەی لە ناواخنی ئەم كتێبە[1]دا لە ناوبەشی كێشە و گرفتە مێتۆدییەكاندا زیاتر لەم دوو مێتۆد /لۆجییكە و لە كێشەكانیان ورد دەبینەوە، لێرەدا بە پێویستی نازانم بە دوورودرێژی لەسەریان بوەستم.

هەردوو لۆجیكی ئیندەکشن و دیدەکشن، گرنگن و سەرەكین لە بیركردنەوە ئاڕاستەكراوەكانماندا كە بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و توێژینەوە و لێكۆڵینەوە دەیانكەین، زۆر جار لە ژیانی ڕۆژانەشدا بە كار دەهێنرێن، جگە لەوەی كە لە فەلسەفە و لە هەموو بوارە زانستییەكاندا هەردووکیان بە كار دەهێنرێن، بە زانستە سروشتی و زانستە مرۆڤایەتییەكانیشەوە. هەر یەكێك لەم دوو لۆجیكە پەسەندكراوی یەكێك لەو دوو قوتابخانە مێژووییەی فەلسەفەن کە دژبەیەكن، ئەو دوو قوتابخانە دژبەیەكەش: ڕاشنالیستەكان و ئەزموونگەرەكانن لە مێژووی فەلسەفەدا، لۆجیك و مێتۆدی ئیندەكشن پەسەندکراوی ئەزموونەگەرەكانە،  دیدەكشن  پەسەندکراوی ڕاشنالیستەكانە.

دیدەكشن: فۆرمێکی لۆجیکە، مێتۆدێكی لۆجیكییە، ڕاشناڵیستەكان دیدەكشنیان نەك هەر بە لاوە پەسەند بوو، بەڵكو تەنها پشتیان بە لۆجیکی دیدەكشن بەستبوو بۆ گەیشتن بە ڕاستی. ڕاستی لای ئەمان ڕاستیی ڕەها و نەگۆڕ بوو، لە لۆجیكی دیدەكشندا مەحاڵە بنەماكان ڕاست بن و سەرەنجام هەڵە بێت، سەرەنجام بە ‘پێویستەیی’ ڕاستە. لە لۆجیكدا كە دەوترێت ‘پێویستەیی’، یانی وەکووتر هەبوونی مەحاڵە، بەبێ ئەوە ناكرێت ببێت. كە دەڵێین كاتێك بنەماكان ڕاست بن ئەوا سەرەنجام بە پێویستەیی ڕاستە؛ واتە مەسەلەكە وەك پێناسە ڕاستە و قابیلی چەند و چون و ڕەخنە  نییە، دەبێت وەک ڕاستی قەبوڵ بکرێت. ‘ڕاستی’ لای ڕاشنالیستەکان ڕاستییەكی ڕەهایە و هەرگیز ناگۆڕێت و تا ئەبەد وەك ڕاستی دەمێنێتەوە. هەرچەند بەڵگەی تری نوێش بێنە كایەوە سەبارەت بە سەرەنجامێک یان مەسەلەیەک کە وەک ڕاستی لەوەپێش وەرگیراوە، ناکرێت ئەو سەرەنجامانە هەرگیز هەڵبوەشێتەوە و ڕەتبکرێتەوە. ئەمە لای ڕاشیناڵستەكان پەسەند بوو، لەبەر ئەوەی بە لای ڕاشنالیستەكانەوە ڕاستی نەگۆڕ و دیدەكشن تاكە ڕێگەیەك یان لۆجیک و فۆرمێک  بوو بۆ گەیشتن بەم ڕاستییە  نەگۆڕە و قابیلی هەڵە نەبوو. چونكە بەپێی لۆجیکی دیدەکشن بنەماكان هەڵگر و گەیەنەری ڕاستین بە شێوەیەكی حەتمی بۆ سەرەنجام لە ئارگیومەنتدا.

ئیندەکشن: بەرامبەر بە دیدی ڕاشنالیستەكان و لۆجیكی دیدەكشن، ئیندەكشن مێتۆدیكی لۆجیكییە كە پەسەندكراوی ئەزموونگەرەكانە. بە پێچەوانەی دیدی ڕاشنالیستەكانەوە، ئەزموونگەرەكان دەیانوت كە زانینەكانمان لە ئەزموونەوە وەردەگرین، سەرچاوەی زانین ئەزموونە، ڕاستیش قابیلی گۆڕانە و هیچ ڕاستییەکی ڕەها و نەگۆڕ نییە. زانین و کۆکردنەوەی زانیاری و دۆزینەوەی بەڵگە بەردەوامە و ئەم بەردەوامییەش یانی هەبوون و هاتنەکایەی بەڵگە و زانیاریی نوێ سەبارەت بەو سەرەنجام و مەسەلانەی کە لەوەپێش وەکوو ڕاستی وەرمان گرتبوون. لەبەر ئەمانە، ئەزموونگەرەكان پێیان وابوو كە لۆجیکی دیدەكشن توانای دەرخستنی ڕاستی نییە، زۆر توندە، لێكدانەوە و وەڵامی بۆ هەبوونی هەڵەكردن نییە. لە کاتێکدا دەزانین کە زۆر جار سەرەنجامەکانمان هەڵەن، بەڵام دیدەکشن هەڵەكردن قەبوڵ ناكات و جێگەی گۆڕانكاری و بەڵگەی تازە ناكاتەوە. لەبەرئەمە بوو ئەزموونگەرەكان مێتۆد و لۆجیكی ئیندەكشنیان بە دروستتر دەزانی بۆ گەیشتن بە ڕاستی، دەیانوت كە لە ڕێگەی ئیندەكشنەوە بە بەڵگە دەگەینە سەرەنجامێكی گشتگیری ڕاست. ئەمە واتە ئیندەكشن مێتۆدێكە كە لە چەند بینینێكەوە یان چەند بەڵگەیەكەوە یان چەند نموونەیەكەوە دەمانگەیەنێتە سەرەنجامێكی گشتی/گشتگیری. بەواتایەکی تر، لە چەند بینینێكی تاكەوە بۆ سەرەنجامێك كە گشتگیرییە، لە تایبەت و لۆكاڵەوە بۆ سەرەنجامێكی گشتی و گەردوونی.
 نموونەیەکی سادەی ئیندەکشن دەهێنمەوە، کە بە ئیندەکشنی ژمارەبەستەیی ناسراوە كە لەم نموونە ئارگیومەنتەدا، دەمەوێت لۆجیکی ئیندەکشن ڕوون ببێتەوە.
وای دانێ دەتەوێت لەسەر ڕەنگی قاز لێبکۆڵیتەوە. لە دەوروبەر و وڵاتی خۆتدا دەست دەکەیت بە کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە قاز و دیتنەکانت تۆمار دەکەیت، پاشان سەرەنجامەکەت ڕادەگەینیت:

بنەمای یەكەم: قازی یەكەم بینراوە و سپییە

بنەمای دووەم: قازی دووەم بینراوە و سپییە

بنەمای سێیەم: قازی سێیەم بینراوە و سپییە

بنەمای چوارەم: قازی چوارەم بینراوە وسپییە

بنەمای پێنجەم: قازی پێنجەم بینراوە و سپییە

(دەتوانیت سەد یا هەزار یا چەند هەزارێك بەڵگەی بینراو لەسەر ڕەنگی قازەكان كۆ بكەیتەوە و یەكە یەكە بیانكەیت بە بنەما بۆ ئارگیومەنتەكە).

-سەرەنجام:

 (كەواتە) هەموو قازەكان سپین=  .

گەیشتن بە ئەم سەرئەنجامە لەسەر ئەساسی بنەماکانن، ئەمە یانی بنەماکان هۆن بۆ گەیشتن بە سەرەنجامەکە، سەرەنجامەکە هەڵهێنجراوی بنەماکانن. بنەماکان بریتین لە بەڵگەکان یا بینینی ژمارەیەکی زۆری قازی سپی، سەرەنجامەكەشی گشتگیرییە بۆ سەرجەم قازەكان.

گەر بە جۆرێكی تر مێتۆدەكە یان نموونەكە باس بكەم، بەم جۆرەیە:

هەموو ئەو قازانەی بینیومانن، سپین

لەبەر ئەوە، هەموو قازێك سپییە.

ئەمە واتە، لۆجیکی ئیندەکشن: لە بینینەكانەوە یان لە نموونەكانەوە دەمانگەیەنێت بۆ سەرەنجامێكی گشتگیری لەسەر ئەو نموونانەی كە بینراون.

 لۆجیکی ئیندەکشن ڕێگە لەوە ناگرێت کە بنەماکان ڕاست بن و سەرەنجامەکە وەک ڕاستی وەربگیررێت، بەڵام دواتر بەڵگەی تر بدۆزرێنەوە  و بەڵگە نوێکان سەرەنجامەکەی پێشوو بە هەڵە بخەنەوە. لەم نموونەیە کە هێناومەتەوە: بنەماكان  هەموویان ڕاستن؛ قازی یەكەم و دووم و هەتا سەد و هەزاریش بینراون و سپین. بەڵام سەرەنجامەكە پاش دەرکەوتنی بەڵگەی تازە بۆمان دەرکەوت کە هەڵەیە؛ چونكە هەموو قازێك سپی نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەی دواتر بەڵگەی تری نوێ دەركەوت كە لە شوێنی تری سەر زەوی ڕەنگی تری قاز هەیە؛ بۆ نموونە، لە ئوسترالیا قازی ڕەش هەن. لەبەر ئەوە، ناكرێت سەرەنجامەكە گشتگیری بێت و ڕاست بێت بۆ هەموو قازەكان، ئەمە ئەوەش دەردەخات كە دەكرێت بنەماكان ڕاست بن و سەرەنجام هەڵە بێت.


[1] ئەمە بەشێکە لە کتێبی(پیستیمۆلۆجی کلاسیک )