ڕوانین بۆ داهاتوو: سینەما وەک زمانی گەردوون

بە بۆنەی کۆنفرانسی پاریسەوە

لە ئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد

[تێبینیی وەرگێڕ: فریتز لانگ (١٨٩٠-١٩٧٦) لە بەناوبانگترین فیلمسازانی مێژووی سینەمایە، کاریگەریی بەسەر سینەماکاران و هونەرمەندان و بیرمەندانەوە، بە سانایی پێشبینی ناکرێت. لانگ لە ڕاستیدا بە ئەفسانەی سینەما ناسراوە و ساڵی ١٩٣٣ لەگەڵ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەن نازییەکانەوە، ئەڵمانیا بەجێ دەهێڵێت و هەرگیز ناگەڕێتەوە زێدەکەی. بۆ نموونە، دەرهێنەر و سینەماکاری جیهانی، ژان لوک گۆدار، بەقووڵی لەژێر کاریگەریی “لانگ”دایە و سەرسامی خۆی نەک تەنها لە کارە تیۆری و پراکتیکییەکانی، بەڵکوو لەو چاوپێکەوتنە دوور و درێژەش کە لەگەڵ لانگ ئەنجامی داوە، بەسانایی دەبینرێت. هەروەها بەرهەمەکانی لانگ بوونەتە سەرچاوەی دەیان هەزار کتێب و توێژینەوەی تیۆری و ئەکادیمی. فیلمی میترۆپۆلیس (١٩٢٧) تا ئێستاش ڕۆژانە لە سینەماکانی جیهان پەخش دەکرێتەوە. مێتافۆری سینەما وەک زمانێکی گەردوونی دەکرێت لە نووسراوە سەرەتاییە تیۆرییەکانی بێلا بالاش، ڕیچیۆتیۆ کانودۆ، لویس دێلوک، و ڤاچل لیندسەی و چەندانی دیکەدا دەربارەی فیلم ببینرێنەوە. بە بەکارهێنانی ئەم مێتافۆرە، فریتز لانگ لێرەدا دەڵێت کە لە ڕێگای ‘لێدوانی بێدەنگەوە’ فیلم دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ئاسانکاریی بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان و نەتەوە جۆراوجۆرەکان. یەکەم کۆنگرەی نێونەتەوەیی فیلم لە سێپتێمبەری ساڵی ١٩٢٦ لە پاریس لە لایەن کۆمەڵەی گەلانەوە بەسترا، ئامانچ لەو کۆنفرانسە بەکارهێنانی فیلم بوو لە پێناوی لێکتێگەیشتنی جیهانی و نێونەتەوەییی نێوان گەلان. کۆنفرانسەکە شانازی گوتاری کردنەوەی خۆی بە لانگ بەخشی. لێرەدا وتارەکەمان کردووە بە کوردی. لانگ خۆی وتارەکەی بە زمانی فەڕەنسی پێشکەش کردووە و ئێمە لە وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەوە وەرمانگێڕاوە].

فریتز لانگ (١٨٩٠-١٩٧٦) فیلمنامەنووس و دەرهێنەری سینەماییی ئەڵمانی-ئوتریشی

لە سەرەتادا… وشە نەبوو. تەنانەت کرداریش نەبوو. لە سەرەتادا جووڵە بوو1 ئاماژەیە بە دیمەنە بەناوبانگەکەی فاوستی گۆتە..

جووڵە بنچینەییترین پەیمانی ژیانە. گرنگ نییە ئێمە لێرەدا سەروکارمان لەگەڵ سەمای ئەستێرەکان یان جووڵەی زەردەواڵەکان هەیە یان نا. ئەو پەندە کۆنەی دەڵێت «من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم» 2لانگ کۆجیتۆکەی ڕێنێ دێکارتی دامەزرێنەری فەلسەفەی نوێ هەڵدەگەڕێنێتەوە یاخود باشترە بڵێین، ئەوە نەک بیرکردنەوەی فەلسەفیی بە پلەی بەڵکو جوڵەی وێنەییە وا دەکات بوون لەنێو زیندووێتیی خۆیدا بجووڵێت. دەبێت بەم جۆرە وەربگێڕدرێت: «من دەجووڵێم، کەواتە من دەژیم».

سروشت سەردەمی ئێمەی ناچار کردووە – یەکەم جار لە کاتی دروستبوونی زەوییەوە بە مانای هەستکردن بە جووڵە وەک خێرایی – ئەو وێنە جووڵاوانە دروست بکەین کە ئێستا ئێمە پێی دەڵێین فیلمو بەرزی بکەینەوە بۆ ئاستی خۆ-دەربڕین. ئەگەرچی دەکرێت ئەم بۆچوونە وەک شتێکی سەرەتایی دەربکەوێت، بەڵام ئەم فۆرمەی دەربڕین ڕێچکەی ئاسۆ و لۆژیکی خۆی دەگرێتە بەر تا ببێتە فۆرمێکی هونەر.

ئەگەر لەدەرەوە سەیر بکەین، ئەمە بۆ ساتێک وەک برسییەکی تێرنەخۆرانەی بێ پێشینە دەردەکەوێت کە جەماوەری بەرفراوان فیلمیان هێندە بەخێرایی قوت دابێت نەک ئەوەی یارمەتیدەر بن لە گۆڕینی فیلم بۆ فۆرمێکی هونەر. چۆنایەتیی هونەر ناتوانێت لەگەڵ هەنگاوی ئەم خواستەی برسێتییەدا بڕوات. ئەو جوانترین خوڵقاندنەی تا ئێستا لە خەیاڵ و تەکنەلۆژیاوە لەدایک بووە، بە شێوەیەکی بێ پێشینە کەوتووەتە بەردەم مەترسیی خنکان لەنێو زۆنگاوی فێڵبازانەترین کیچ (kitsch) 3کیچ بریتییە لەو ئۆبژێکتانەی هونەر و ئەو دیزاینانەی وا لەقەڵەم دەدرێن خاوەن چێژ و سەلیقەیەکی نزم و بێ تام و قێهێنەر بن، چونکە دەگوترێت کە هەستەوەریی یان هاوسۆزییەکی ڕووکەشانەی فراوان دەکەنە بەرگی بەرهەمەکانیان، بەڵام هەندێک جار بە شێوەیەکی ئایرۆنی و تەنزیش لەقەڵەم دەدرێت. بۆ نموونە ئەمڕۆ لە فۆرمی مێمە کولتوورییەکاندا گەڕاوەتەوە، کە ڕەهەندێکی ڕەخنەیی وەرگرتووە. و بازاڕییبووندا. تەنها کەمێک لەوانەی لە سەرەتاوە کار لە فیلمدا دەکەن خاوەن ڕوانگەیەکی فراوانن نەک تەنها لەبارەی پۆتێنشیاڵ و ماتەوزەکانی فیلمەوە، بەڵکوو هەروەها لەبارەی ئەو بەرپرسیارێتییە هێشتا دەرک نەکراوەوە کە فیلم وەک ئامرازێکی چرۆکردنی عەقڵ و دەروونی خەڵک، گریمانە دەکرێت و دەبینرێت. بەڵام خەیاڵ و تەکنەلۆژیا خزمەتیان بە خوڵقاندنی خۆیان کردووە. تەکنەلۆژیا ئەم کارەی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە ئەنجام دا بەوەدا هەوڵیدا فۆرمە تازەکان بکاتە واقیعییەتە تەواو ناسراو و ئاشناکانی ئەمڕۆ و بە گۆڕینی قوڵاییەکانی کاڵفامی بۆ نێو شتێک کە دەکرێت هەڵبکشێنرێت بۆ کوتکەی بەرزاییەکانی بەدیهێنانێکی ڕەسەن و سەرەکی. خەیاڵ وەها جووڵایەوە فیلم بە شێوەیەکی شیعرییانە باڵادەست بکات. بەتەواوی بەو باوەڕە گەیشتووم کە دەکرێت دووبارە لەدایکبوونەوەی فیلم بەتەنها لەم بیرۆکەیەوە سەرچاوە بگرێت.

ئەمڕۆ ڕاستەقینەیی تەکنەلۆژیا بە ئامادەییەکی باڵادەستەوە لە فیلمدا دەمێنێتەوە، و بەردەوام دەبێت لە ڕەزامەندکردنی خۆی لە ڕێگای سەرسامکردن، سەرسوڕماندن، تووشی موفاجەئەکردن و خۆشحاڵکردنمانەوە – بۆ نموونە کاتێک فیلم جووڵەی خێرا بەکار دەهێنێت بۆ خێراترکردنی شتەکان لای ئێمە تا دەگاتە خاڵی بوون بە کۆمیدیا یان کاتێک جوانیی شتە جووڵاوەکان بۆ ئێمە ئاشکرا دەکات، ڕێک و ڕاست بەرەو دوایین نهێنییەکان دەڕوات، ئەمەشیان لە ڕێگای بەکارهێنانی جووڵەی هێواشەوە. بەڵام مەزنێتیی ڕاستەقینەی فیلم تەنها ئەو کاتە ئاشکرا دەبێت و دەردەکەوێت کە ئێمە هیوامان هەبێت، فیلمی سبەی جەخت لەسەر ئەزموونی بیرۆکەیەک دەکاتەوە، لەسەر حەقیقەتی شیعرییەت.

با سەبارەت بەم خاڵە ڕوون و ڕاشکاو بین. فیلم حەماسەی مۆسیقایی سەدەی بیستە. بەڵام دەکرێت شتێکی زۆر زیاتر لەمەش بۆ مرۆڤایەتی بێت؛ فیلم دەکرێت مژدەبەخشێکی گەشتیار بێت کە لە بەردەم ملیۆنان خەڵکدا قسە دەکات. لە ڕێگای لێدوانی بێدەنگی وێنە جوڵاوەکانییەوە، لە زمانێکدا کە بە یەکسان هەموو مرۆڤەکان تێی دەگەن، فیلم دەتوانێت ڕاستەقینەترین بەشداری لە چاککردنەوەی ئاژاوە و پەرتەوازەییەکاندا بکات، ئەو گەڕەلاوژانەی بوونەتە بەربەرست لە بەردەم گەلان و نەتەوەکان یەکتر بەو جۆرە ببینن کە لە ڕاستیدا هەن، بەو جۆرەی لە ڕۆژگاری بورجی بابلەوە لێرەن.

ئەمڕۆ چەندەش دژبەر و پارادۆکس دەربکەوێت، ئێمە دەست دەکەین بە بەکارهێنانی جووڵەی هێواش بۆ تۆمارکردنی بیرۆکە و هەستکردنەکان لە پێناوی پیشاندانی نهێنیی دەرکەوتنیاندا. یاخود کاتێک پێویست دەبێت و دەخوازرێت، ئێمە جووڵەی خێراتر بەکار دەهێنین تا بە شێوەیەکی زیندوو نیگاری سەرهەڵدانی ئاژاوە و نائارامییەکانی نەخۆشی و کەوتنێکی دەماری بکێشین. هیچ سنوورێک بەرانبەر بە ماتەوزەی فیلم بوونی نییە. ئەرکی فیلم هێنانی هەموو ئەو شتانەیە کە لە ڕێگای جوڵەی نزیکتریان لە هەستەکانمانەوە دەژین و دەجووڵێن، جا ئەمە کاروانی بەدوای یەکداهاتنی هەورە سپییەکان بێت کە دەکەونە سەر لوتکەچیایەکی بەفرین یاخود موچڕکی لێوەکان بێت لەنێوان دۆخی پێکەنین یان گریاندا – ڕابردوویەکی دوور و نەبینراو یان داهاتوویەکی دوور.

بەڵام، بڕوام وایە کە یەکێک لە سەرسامکەرترین ئەرکەکانی فیلم باشترکردنی زانین و شارەزاییمان و ئاشناکردنمانە بەو بوونەی لەوانەیە کتومت کەمتر بیناسین، چونکە هەمیشە زۆر زۆر لێمانەوە نزیکە: بوونی مرۆڤ.

ئایا فیلم دووبارە ئێمەی بە ڕووخساری مرۆیی ئاشنا نەکردەوە؟ ئایا نابێت داوای لێ بکەین دووبارە دەروونی مرۆڤمان بۆ کەشف بکاتەوە – ئەم موعجیزە مەزن و سەرکێشەی جوانی و ناشرینی، هزرە بەرز و نزمەکان، جوان و قێزەونەکان، بەڕادەیەکی دیاریکراو، لەمسکردن و پێکەنین؟

فیلم وێنەیەکی جووڵاوی ژیانی پڕ لە جووڵەیە.

فیلم تەکنەلۆژیایە وەک بەدیهێنەری شیعرییەتی وێنەیی و بینراو.

و ئەی ئامانجی کۆتایی چییە؟

ئەگەر فیلمی سبەی، تێکەڵ بە شیعرییەت، بتوانێت فێرمان بکات زۆر ڕوونتر کەسانی تەنیشت و ناوەوەی خۆمان بناسینەوە، ئەمەش لەوانەیە ببێتە بڕێکی باش لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە بەسەر ڕێچکەی چاکە، هاوسۆزی و ئاگا-لەخۆبووندا، هەنگاوێک بە ئاراستەی ڕزگارکردن و زیندووکردنەوەی باوەڕبوون بە بەخششەکانی جیهان.


سەرچاوe:

Fritz Lang: Looking towards the Future: Cinema as a Universal Language, in The Promise of Cinema: German Film Theory 1907-1933, edited by Anton Kaes, Nicholas Baer and Michael Cowan, University of California Press, Oakland, California, 2016, pp.508-509.

پەراوێزەکان

  • 1
    ئاماژەیە بە دیمەنە بەناوبانگەکەی فاوستی گۆتە.
  • 2
    لانگ کۆجیتۆکەی ڕێنێ دێکارتی دامەزرێنەری فەلسەفەی نوێ هەڵدەگەڕێنێتەوە یاخود باشترە بڵێین، ئەوە نەک بیرکردنەوەی فەلسەفیی بە پلەی بەڵکو جوڵەی وێنەییە وا دەکات بوون لەنێو زیندووێتیی خۆیدا بجووڵێت.
  • 3
    کیچ بریتییە لەو ئۆبژێکتانەی هونەر و ئەو دیزاینانەی وا لەقەڵەم دەدرێن خاوەن چێژ و سەلیقەیەکی نزم و بێ تام و قێهێنەر بن، چونکە دەگوترێت کە هەستەوەریی یان هاوسۆزییەکی ڕووکەشانەی فراوان دەکەنە بەرگی بەرهەمەکانیان، بەڵام هەندێک جار بە شێوەیەکی ئایرۆنی و تەنزیش لەقەڵەم دەدرێت. بۆ نموونە ئەمڕۆ لە فۆرمی مێمە کولتوورییەکاندا گەڕاوەتەوە، کە ڕەهەندێکی ڕەخنەیی وەرگرتووە.