فیلمی ئێرانی و کولتووریی کۆڵۆنیالیزم

بەبۆنەی بڵاوبوونەوەی فیلمی "دار گویز"ەوە


کۆڵۆنیالیزم بە شێوەیەکی نەریتی وەک داگیرکاریی دەسەڵاتێکی بێگانە پێناسە دەکرێت کە خاکی خەڵکانێکی دیکە داگیر دەکات و هێزی کاری کرێکارانی کۆڵۆنیالیزەکراو دەچەوسێنێتەوە و، لە هەمان کاتیشدا سیستەمەکانی حوکمڕانی، زمان و کولتووری هێزی داگیرکەر دەسەپێنێت. ئەگەرچی ئەم پێناسە فراوان و گشتییە وەک پێناسەیەکی پوختەکراو و کورتکراوە بۆ سەرتاپای سیاقەکە بەکار دەهێنرێت، بەڵام بەشێکی زۆری لێکۆڵەرانی فۆرمە کۆڵۆنیالییەکان، پراکتیکەکان و هەلومەرجە کۆڵۆنییەکان لەوەدا فەشەلیان هێناوە بتوانن وردەکاریی کارکردنی کۆڵۆنیالی لە ئاستی خوارەوە یاخود کولتوورییدا ببینن، یان ئەوەی لە زمانی مارکسیستی کلاسیکدا پێی دەگوترێت سەرخان، یان بەگوێرەی تیۆری گرامشی و تازەکردنەوەی مارکسیزم پێی دەگوترێت باڵادەستی هەژموونی کولتووریی هێزە چەوسێنەرەکان. ئەی چی ڕوو دەدات ئەگەر وڵاتێکی نیمچەکۆڵۆنیی ڕابردوو، ئێستا لە هەردوو ئاستی پراکتیکی و هەژموونی کولتووریدا بەجۆرێکی دیکە کۆڵۆنیالیزم پیادە بکات؟1فرانتز فانون لە کتێبی “چەند لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی کۆڵۆنیالیزمی سەرەمەرگ”Fanon, Frantz, Studies in a Dying Colonialism, Earthscan, 1989.

بەرهەمێکی کەمتر ناسراو بەراورد بە “پێستی ڕەش و ماسکی سپی” و “نەفرەتلێکراوانی زەوی“، بەجۆرێک لە جۆرەکان بە وردی ڕۆدەچێتە ناو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کۆڵۆنیزەکراو و کاریگەرییەکانی ڕادیۆ، تەندروستی، فیلم و هتد شی دەکاتەوە. فانون پێی وایە کۆڵۆنیالیزم نەک تەنها بە شێوەیەکی کلاسیک داگیرکاری لەسەر خاکێکی دیکە ئەنجام دەدات، بەڵکوو هەروەها جۆرە داگیرکارییەکی ناڕاستەوخۆتر بەڕێوە دەبات کە زۆر جار فۆرمە داگیرکارییە کلاسیکییەکە ون دەکات. بۆ نموونە هەمیشە هێزە کۆڵۆنیالیستەکان لەناو هەر گەل و خاکێکی کۆڵۆنیزەکراودا سێ گروپ بەرهەم دەهێنن، کە شوێنی داگیرکارییە کلاسیکییەکە پڕ دەکەنەوە، لەوانە:

یەک، دابەشکردنی کۆمەڵگا بۆ سەر گروپ، قەبیلە و خێڵی بچووک بچووکی دوژمن بەیەک،

دوو، بەرهەمهێنانی گروپە شەقاوە و بەڵتەجییەکان لەناو خودی خەڵکانی کۆڵۆنیزەکراودا تا هێرش بکەنە سەر لایەنی نەیار.

سێ، ڕۆشنبیران و هونەرمەندان، یان فراوانتر کرێکارانی کولتوور، تا کولتووری نەتەوەیی سووک بکەن و کولتووری هێزی کۆڵۆنیالیست بە پێشکەوتوو نیشان بدەن.

ئێمە کاریگەرییەکانی ئەم سێ خاڵەی کۆڵۆنیالیزم بە فراوانی لەناو هەموو کۆمەڵگا کۆڵۆنیزەکراوەکاندا دەبینین و تا ئێستاش کاریگەرییەکانی بەردەوامە، بەڵام خاڵێکی گرنگتر هەیە دەکرێت بۆ سەر خاڵی سێیەمی فانون زیادی بکەین، گۆڕینی وێنەی دوژمن بۆ وێنەی دۆست لە نواندنەوەی سینەماییدا. گایاتری چاکراڤۆرتی سپیڤاک، فەیلەسوفی دێریدایی، کە خۆی بە “هەڵوەشاندنەوەخوازێکی مارکسیست-فێمینیستی پراکتیکی”ی لە قەڵەم دەدات و لە هندستان لەدایک بووە و جگە لە تیۆرە داهێنەرەکانی، هەروەها وەرگێڕی کتێبی دێریداش بووە بۆ زمانی ئینگلیزی، لە نووسراوە بەناوبانگەکەیدا بەناوی “ئایا ژێردەستەکانیش دەتوانن بدوێن؟” (١٩٨٨) باس لەوە دەکات ژێردەستەکان ئەو کۆمەڵانەی ناتوانن خۆیان لە ڕێگای دەنگ و ڕەنگی خۆیان بنوێننەوە، بە هەموو هۆیە ماتریالی، داگیرکاری و هێشتنەوەیان لەژێر حاڵەتی ناگەشەسەندووییدا ئەوا کولتووریی ئیمپریالیزم دێتە ناوەوە و خاوەن دەسەڵاتێکی وەهایە دەتوانێت بەسانایی زانین و مۆدێلی پەروەردەی گەلان و خەڵکانی ژێردەستە بێ بەها بکات و بەگوێرەی مۆدێلە قوچەکی و هەڕەمییەکەی خۆی، هەوڵدەدات خۆی وێنەی گەلان، خەڵکان و گروپە ژێردەستەکان پیشان بدات و لە ڕێگای فۆرمە کولتوورییەکانەوە نمایشیان بکات2Gayatri Chakravorty Spivak, “Can the Subaltern Speak” 1988 (Online).. سپیڤاک لە بەرهەمەکەیدا بەردەوام بۆ مارکس، فوکۆ، واڵتەر بنیامین، لوویی ئاڵتووسێر و ژاک دێریدا و هەروەها ئێدوارد سەعید دەگەڕێتەوە تا تیۆرەکەی خۆی بونیاد بنێت. بەڵام ئەوەی سپیڤاکیش هاوشێوەی فانون لەبیری کردووە یاخود بەهەر هۆیەک بێت هەڵوەستەیان لەسەر نەکردووە، دیسان نواندنەوەی وێنەی قوربانی و گۆڕینی وێنەی دوژمنە بۆ دۆست لە فۆرمێکی دیاریکراوی کولتووریدا کە سینەمایە.

لە ڕاستیدا سینەمای یەکەم هەمیشە وێنەی کولتووریی بۆ خەڵکانی ژێردەستە کێشاوە و ئەم سینەمایەش لە مێژوودا بۆ یەکەم جار لە ئەوروپا (بەتایبەت بریتانیا و فەڕەنسا وەک دوو هێزی سەرەکیی کۆڵۆنیالیست و پاشان لە سەرەتای سەدەی بیستدا ئەڵمانیاش دێتە ناوەوە) سەر هەڵدەدات، هەڵبەت لەگەڵ گەشەی زیاتری خەباتی دژەکۆڵۆنیالی، مۆدێلێکی سینەما سەر هەڵدەدات کە ناوی سینەمای سێیەمە3سەبارەت بە سینەمای سێیەم بگەڕێنەوە بۆ: پێشڕەو محەمەد، دیالەکتیکی هونەری سێیەم: دەربارەی مۆدێرنیتە، شار، سینەما، فۆتۆگرافی، تەکنیک، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانی، ٢٠١٩. و ئەم مۆدێلەش بەدیاریکراوی ڕەهەندێکی جوگرافیایی هەیە واتا شوێنەکانی خەبات دژی ئیمپریالیزم و پاشماوەکانی کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپی. ئەرکی ئەم سینەمایە ڕەهەندێکی زۆر بەهێز و ڕادیکاڵی کولتووری هەبوو، واتا لەکۆڵۆنیالیخستنی وشیاریی گروپە ژێردەستەکان، کولتوور و دامەزراوەکان و ئەو سیاسەتانەی دەیانویست مۆدێلی سەرمایەداریی خۆراوایی لە ناوچە کۆڵۆنیزەکراوەکاندا، وەک تاکە مۆدێل و ئەگەری پێشکەوتن بۆ گەلە ژێردەستەکان پیشان بدەن. بەڵام ئەفسانەی کۆمەکی کۆڵۆنیالیی بۆ پێشکەوتن زۆر دەمێکە بەتاڵ بووەتەوە و کتومت مێژوو پێچەوانەکەی سەلماندووە، کۆڵۆنیالیزم لە هەرکوێ لانەی خۆی هەڵبدات، لەوێ دواکەوتوویی، تاڵانی، ئاژاوە، جەنگ و ماڵوێرانیی بۆ گەلانی ژێردەستە دەهێنێت و هەموو ئەگەرەکانی گەشەسەندنی ئەو کۆمەڵگایانە لەبار دەبات و دواجار وزەی مرۆیی و ماتریالیی ئەو خەڵکانەش تاڵان دەکات، وەک مۆدێلە کلاسیکییەکەی تاڵانی زێڕ و سامانی ژێرزەوی و ئێستاش زەوییە کشتوکاڵییەکان (بەوەدا کە وڵاتانی خۆراوا بوونەتە ناوچەی پیشەسازیی و پێویستیان بە زەوییە کشتوکاڵییەکان هەیە) و پاشان کێشکردنی هێزی کاری هەرزانی گەلانی ژێردەستە بۆ سەنتەرە پیشەسازییەکان و نیشتەجێکردنیان لە کەمپەکان و شوێنەکانی کاردا. سینەمای سێیەم بەدیاریکراوی لە ئەفریقا و ئەمریکای لاتین دژی ئەم فۆرمە کولتوورییەی سینەمای یەکەم، یاخود کولتووریی کۆڵۆنیالیزم، سەریهەڵدا.

ئەوەی ئێمە لێرەدا دەمانەوێت ئیزافەی سەر تیۆرەکانی فانون و سپیڤاکی بکەین4سەبارەت بە فانۆن و کولتووری کۆڵۆنیالیزم بگەڕێنەوە بۆ: پێشڕەو محەمەد، کەرنەڤاڵی شکستخواردوان: خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ تێزەکانی واڵتەر بنیامین دەربارەی مێژوو، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانی، ٢٠١٩. گۆڕینی وێنەی دوژمنە بۆ وێنەی دۆست لە سینەمادا و پاشان ڕق لەخۆبوونەوە. با نموونەکەمان بە نموونەی زۆندەکۆماندۆ ببەینە پێشەوە. نازییەکان کاتێک کەمپەکانی کاری زۆرەملێ و قڕکردنیان دروست کرد، لەناو زیندانیاندا دەستیان کردبوو بە هەڵبژاردنی “پیاوانی بەهێز” بۆ ئەوەی گروپێک یان یەکەیەکی تایبەتیان لێ دروست بکەن و ئیشی ئەو یەکەیە ئەوە بوو کە دەبوو چاودێریی زیندانیان بکات، قژیان بتاشێت، ئامادەیان بکات بۆ ژوورەکانی بەگازخنکاندن، جلەکانیان کۆ بکاتەوە، لاشەکانیان دەربهێنێت، بیانبات بۆ کوورەکانی سووتاندن، پاشان خاک و خۆڵەمێشی لاشە سووتاوەکان کۆ بکەنەوە و کوورەکان پاک بکەنەوە بۆ پرۆسەی دواتر. زۆربەی ئەوانەی لە ئاوشڤیتز ڕزگاریان بوو، دوای ئەوەی هەوڵیاندا ئەزموونەکانیان بنووسنەوە، وێنەی ڕەسەنی جەللادیان لێ بزر ببوو، خۆیان لێ ببوو بە جەلاد و لە دێڕ بە دێڕی نووسراوەکاندا، چیتر ئەوە نازییەکان نەبوون دڕندەی سەرەکی، بەڵکوو قوربانیان خۆیان وێنەی جەللادیان بۆ دروست کرابوو، شتێک ڕوویدا کە دەتوانین بە “گواستنەوەی ئەزموونی گوناه” ناوی ببەین، واتا نازییەکان بە میتۆدێکی زۆر ئاسان وایانکرد لە خنکاندن و سووتاندنی ملیۆنان کەس هیچ کات هەست بە گوناه نەکەن، چونکە ئەوان بە دەستی خۆیان کارەکەیان ئەنجام نەداوە و لە دادگاشدا دوای جەنگ، بەڕوونی لە لێدوانەکانیاندا دەردەکەوێت کە ئەوان گوناهبار نەبوون، بۆ نموونە لەو ڕاپۆرتە بەناوبانگەی هانا ئارێنت بەناوی “ئایشمان لە ئۆرشەلیم” تۆماری کردووە، بەڵکوو ئەوە قوربانیانن دەبێت هەست بە گوناه بکەن.

دوای ئەوەی چیتر بەجێماوان نەیاندەتوانی قسە بکەن و وێنەی ڕاستەقینەی ڕووداوەکە بگوازنەوە، نازییەکانی ڕابردوو و ئێستا سوێندخواردوانی دیموکراسی، دەستیان کرد بە بەرهەمهێنانەوەی وێنەی قوربانی لە کەمپەکاندا، هەڵبەت لە غیابی قوربانیان خۆیان، و ئەم جارە وێنەیەکی بەزەیی بەرانبەر بە قوربانیان لە لایەن سینەمای یەکەمەوە دروست دەبوو کە تۆ لە بینینی ئەو فیلمانەی کارەکتەری قوربانی ڕۆڵی دەگێڕا (هەڵبەت ئەکتەرێکی چینی ناوەڕاستی سپی پێست) تۆ یەکەم شت دەتکرد هاوسۆزیی تەواوەتی نەبوو لەگەڵ قوربانیان، چونکە چیتر ئەوان لێرە نین، بەڵکوو دوای بینینی هەر فیلمێک دەکەوتیتە ستایش و مەدح و سەنای سینەمای یەکەم بەوەدا کە چۆن وێنەی قوربانی بە “ڕاستگۆیی” پیشان دەدات و تۆش دڵت بۆ قوربانی دەسووتێت، بەڵام هەر ئەوەندەی هۆڵی سینەما بەجێ دەهێڵیت، ئەوە چیتر قوربانی نییە چاوی سەرسامبوونت ئەبڵەق دەکات، بەڵکوو کوالیتی و شێوازی بەرهەمهێنانی فیلم و “بلیمەتی” دەرهێنەرەکەیە تۆ شەیدا دەکات. لێرەوە وێنەی ڕاستەقینەی دوژمن لە سینەمادا دەبێتە وێنەی دۆستی گیانی بەگیانی.

جا ئەگەر لەم وتارە کورتەدا نەمانەوێت بابەتەکە زۆر درێژ بکەینەوە، ئەوا دەبێت لێرەدا زۆر بە کورتی ئاماژە بە هەژموونی کولتووریی کۆڵۆنیالیزمی ئێڕانی بکەین لەسەر کۆمەڵگای کوردستان، بەشێکی بەشێوەی ڕاستەقینە ژێردەستە و بەشەکەی دیکەشی، ناڕاستەوخۆ لەژێر هەژموونی کولتووریی کۆڵۆنیالی ئێراندا. بێگومان لەو ١٥ ساڵەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ناوچەی سلێمانی و دەوروبەری، باشترین بازاڕی هەزرانی کاڵای ئێرانی و ئارامترین ناوچەی پیادەکردنی هەژموونی کولتووریی ئیمپریالیستی-کۆڵۆنیالی ئەو وڵاتە بووە. لە بەرهەمهێنانی ماستەوە بیگرە تا دەگاتە “هەناردەکردنی فەیلەسوف!” جگە لەوە، لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیکیشەوە، ئەم ناوچەیە بۆ ئێران گرنگ بووە لێیەوە هەژموونی خۆی لەسەر ناوچەکە و عێراق بەگشتی بسەپێنێت.

وێنەی کورد لە سینەمای ئێرانییدا، هەمیشە وێنەی بوونێکی لاواز، تێکشکاو، میواندۆست، نەریتپارێز، “شەڕواڵ لەپێ”، عەشیرەتچی، ژنکوژ (هەڵبەت نەک ئەوەی کۆمەڵگای کوردی ژنکوژی تێدا نەبێت)، و هتد بووە، زۆر جار، لەلای ئەو سینەماکارانەی ویستوویانە خۆیان لە نیگای تاکی کورددا وەک دۆست پیشان بدەن، نواندنەوەی وێنەی کورد، هەمیشە وێنەیەکی لاواز بووە کە تۆ ڕقت لێی نەبێتەوە، بەڵکوو بەزەییت پێیدا بێتەوە. ئەمە لە لایەک، لەلاکەی دیکەوە، زۆر جار سینەمای ئێرانی، وێنەی کوردی وەک قارەمان و هاوپەیمانی ئێران پیشان داوە، بەتایبەت کورد لە باشووری کوردستان و لە باکووری کوردستان. هەر کاتێک جیۆپۆلەتیکی نوێ و پێکدادانە هەرێمییەکان لەنێوان ئێران و ئەو وڵاتانەی بەشێکی خاکی کوردستانیان لەژێر دەستە، زیاتر گرژ بووبێتەوە، ئێران وێنەی کوردی بەکار هێناوە بۆ لێدان لە هەژموونی سیاسی، جیۆپۆلەتیکی و کولتووریی وڵاتانی، لە ئێستادا، وەک تورکیا و پێشتریش عێڕاق.

ئەم فیلمەش درێژکراوەی پڕۆژەی مەهدەویانە و ڕیشەی ئەم پڕۆژەیەش بەقوڵی لەناو کولتووری کۆڵۆنیالیستی ئێرانی و دروستکردنی چەمکی وەهمی “ئێرانشەهری”دایە

سەبارەت بەم فیلمەی “دارگوێز” لە دەرهێنانی محەمەد حوسێن مەهدەویان، کە هێشتا جگە لە ترەیلەرەکەی، کۆی فیلمەکەمان نەبینیوە، بەڵام زانیاریمان لەسەر دەرهێنەر بەشی ئەوەندە دەکات و پشت بەست بە ترەیلەرەکە، بەبێ زۆر قوڵبوونەوە تێبگەین مەهدەویان (کە شتێکی شاراوەش نییە) یەکێکە لە لایەنگرە هەرە سەرسەختەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆی بەرهەمەکانی وەزارەتی کولتووریی ئێران تەمویلی دەکات، دەشتوانین بەسانایی بڵێین کە، دیسان بەگوێرەی ترەیلەرەکە، ئەم فیلمەش درێژکراوەی پڕۆژەی مەهدەویانە و ڕیشەی ئەم پڕۆژەیەش بەقوڵی لەناو کولتووری کۆڵۆنیالیستی ئێرانی و دروستکردنی چەمکی وەهمی “ئێرانشەهری”دایە. کورد بەشێکە لە ئێران، عێڕاق کیمیابارانی کردووە و ئەنفالی کردووە، ئێمەی ئێرانی، بەزەییمان بۆ کوردە میواندۆستەکانمان هەیە، دەبێت وێنەیان بەجۆرێک پیشان بدەین کە شایانی بەزەیی و گریان بێت. دواجار خودی چەمکی بەزەیی بە پلەی یەک، لای ئەوان، بۆ کوردەکانی عێڕاق و تورکیا درێژ دەبێتەوە، نەک ئەوەی کارەساتەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و پێشتر ڕژێمی شا و جەور و ستەمی لەسەر کۆمەڵگای کوردستان پیشان بدەن. لەو شوێنەدا کە فیلمەکە دەڵێت کوردەکان هەمیشە هیوایان هەیە و هەمیشە بەهێزن، و هەمیشە توانای مانەوە و خۆڕاگرییان هەیە، ئەمەش لە نەست و هەستیشدا بەو مانایە دێت کە ئەو وێنەیە لای کورد دروست بکەن کە ئەوان دەتوانن هەمیشە ئەم مۆدێلە بەرهەم بهێننەوە. ئەو وێنەیەی کە دەڵێت کوردەکان هەمیشە توانای خۆڕاگری هەیە و شتکست ناهێنن بۆ ئەوە نییە ستایشی کوردەکان بکەن بەڵکوو بۆ ئەوەیە شتێکی دیکەیان لەگەڵ بکەن: واتا دەرفەتێک دەخوڵقێنن بۆ ڕەوایەتیدان بە کارەکەی خۆیان. وەک ترەیسی واشنگتن لە ڕستەیەکیدا سەبارەت بە نیگای پیاوان بۆ توانای خۆڕاگریی ژنان دەریبڕیوە: “بووەستە لەوەی پێم بڵێیت تۆ نەبەزیت. من نەبەز نیم. چونکە هەر کاتێک ئێوە وادەڵێن، ‘ئۆو، ئەوان نەبەزن’ دەتانەوێت لەم ڕێگەیەوە بەردەوام بن لە ئەنجامدانی کارەکەتان”5Zitat nach Naomi Klein Die Entscheidung: Kapitalismus vs. Klima, Fischer Verlag, Frankfurt am Main, 2015, s.503.. ئەم ڕستەیە دەکرێت بۆ سیاقی جۆراوجۆر بەکار بێت، بۆ نموونە سەرکوتی زیاتری ژنان بەوەدا کە خۆڕاگر و نەبەزن و توانای بەرهەمهێنانەوەیان هەیە، هەروەها بۆ چەوساندنەوەی ژینگە بەوەدا زەوی خۆڕاگرە و خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و ئەمەش وەک دەزانین کارەساتی بۆ زەوی خوڵقاندووە و هەروەها دەشکرێت بۆ نەتەوە و گەلە ژێردەستەکان بەکاری بهێنین. ئێمە قسەکانمان لەسەر ناوەڕۆکی فیلمەکە هەڵدەگرین بۆ ئەو کاتەی کۆی فیلمەکە ببینین.

خاڵێکی دیکە هەناردەکردنی فیکرە جیاوازەکانی ئەو کولتوورەیە بۆ کۆمەڵگای مەبەستدار و دروستکردنی ڕەوت و گروپی جۆراوجۆر نوێنەرایەتیی ئەم کولتوورە بکەن

بەڵام هەر سەبارەت بە کولتووریی کۆڵۆنیالیزمی ئێڕانی، خاڵێکی دیکە هەناردەکردنی فیکرە جیاوازەکانی ئەو کولتوورەیە بۆ کۆمەڵگای مەبەستدار و دروستکردنی ڕەوت و گروپی جۆراوجۆر نوێنەرایەتیی ئەم کولتوورە بکەن. بۆ نموونە ئێران هەوڵیداوە لە هونەر، سیاسەت و کولتووردا، بەبێ جیاوازیی نێوان چەپ و ڕاست و ناوەڕاست، ئەم باڵادەستییە بسەپێنێت و ڕۆژانەش گروپە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان نوێنەرایەتی بکەن. لە هونەر و مۆسیقای لاواندنەوە و عیرفانییەوە بۆ مۆسیقای بەڕواڵەت ڕادیکاڵ، لە بیری ئیسلامیستی کۆنەپارێزەوە بۆ بیری ئیسلامیستی بەڕواڵەت پێشکەوتووخواز، لە بیری لیبراڵەوە بۆ بیری چەپڕەو، لە ئیسلامیزمی نیۆلیبراڵەوە بۆ ناردنی ڕەوتە جیاوازەکانی کۆمۆنیزم. لە باشوور کەم نەبوون و نین ئەو هونەرمەند و ڕۆشنبیرانەی هەمیشە هەوڵیانداوە ئەو وێنەیە لە لای لاوان- خوێندکاران، هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی لاو – دروست بکەن، کە بەبێ ئێران، کوردستان بوونی نییە. بۆ نموونە لەبەرەی لیبراڵ نووسەرێکی وەک ڕامین جەهانبەگلو و بابەک ئەحمەدی و عیزەتوڵا فولادوەند (کە خۆیان تەنها وەرگێڕی بەرهەمە خۆراواییەکان بوون) دەبنە تاکە مۆدێلی بیری لیبراڵ کە جۆن ستوارت میل، ئایزایا بەرلین، جۆن لۆک، جۆن ڕاوڵز و هتد بە قولەپێیان ناگەن. لەبەرەی ئایینخوازان و ڕیفۆرمیستان، عەبدولکەریم سروش (کە لەسەروبەندی کۆماری ئیسلامیدا بەرپرسی پاکتاوی زانکۆکان بوو لەژێر ناوی شۆڕشی کولتووریدا) و عەلی شەریعەتی وەک دوو بلیمەت کە وێنەیان نییە، لە بەرەی چەپی لیبراڵ، موراد فەرهادپوور دەبێتە هەم نوێنەری چەپی نوێ و هەم تاکە ڕۆشنبیری جیهان (لە کاتێکدا فەرهادپوور جگە لە وەرگێڕێکی زمانی ئینگلیزیی بۆ فارسی شتێکی دیکە نییە و لە نووسینێکی “بەختیار عەلی”دا ساڵی ٢٠٠٩، وەک تاکە ڕۆشنبیری گەڕیدەی ناو گەردوون دەرخواردی خوێنەری کوردزمان دەدرێت و ئێمەی لاوان و هەرزەکارانی ئەوکاتیش پێمان وابوو بەبێ فەرهادپوور، هێگل و مارکس و کانت و هیچ بیرمەندێکی دیکە مانای نییە، زۆری ویست تا دەرکەوت فەرهادپوور تەنها وەرگێڕێکە و هیچی دیکە)، لە بەرەی کۆمۆنیزمیش، مەنسوور حیکمەت لە لینین و مارکس گەورەتر و داهێنەرتر دەبینرێت و تا ئێستاش گوایە لە پاڵ مارکس و ئەنگڵسدا، کەسی سێیەم حیکمەتە.

ئەمە لە کۆی بوارەکانی کولتوور و سیاسەتدا، ئەم مۆدێلە بە فراوانی ئیش دەکات. ئەم وێنەیە لای زۆرینەی موتڵەق ئیش دەکات کە بەبێ ئێران، کوردستان هیچی نییە و لە دوایین چاوپێکەوتنی “ڕێبین هەردی”دا لەگەڵ وێبسایتی ژنەفتن، بەڕاشکاوی باس لەوە دەکات، کە پڕۆژەی گۆڤاری ڕەهەندی ئەوانیش، بەرهەمی گەشە و دەستڕاگەیشتنی ئەوان بووە بە کتێبخانەی فارسی. بە کورتی، ئێران لە هەموو بوارەکاندا بە ڕاشکاویی دەڵێت: “کوردەکان توانای ئەوەیان نییە خۆیان بنوێننەوە، کەواتە ئێمە ئەم کارەیان بۆ دەکەین و ئێمە دەبینە نوێنەری پیشاندانی وێنەی ئەوان”، جا جیاوازی لەوەدا نییە، حەزت لە عیرفانە “شەجەریان”مان هەیە، حەزت لە مۆسیقای بەناو ڕادیکاڵە “شاهین نەجەفی”مان هەیە و حەزت لەبیری چەپی لیبراڵە فەرهادپوور، و ئیسلامیستی، مۆدێلی جۆراوجۆرمان هەیە دەتوانین هەموو شتێکتان بخەینە بەردەست، بەس لە ئێمە دوور مەکەونەوە.

پەراوێزەکان

  • 1
    فرانتز فانون لە کتێبی “چەند لێکۆڵینەوەیەک دەربارەی کۆڵۆنیالیزمی سەرەمەرگ”Fanon, Frantz, Studies in a Dying Colonialism, Earthscan, 1989.
  • 2
    Gayatri Chakravorty Spivak, “Can the Subaltern Speak” 1988 (Online).
  • 3
    سەبارەت بە سینەمای سێیەم بگەڕێنەوە بۆ: پێشڕەو محەمەد، دیالەکتیکی هونەری سێیەم: دەربارەی مۆدێرنیتە، شار، سینەما، فۆتۆگرافی، تەکنیک، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانی، ٢٠١٩.
  • 4
    سەبارەت بە فانۆن و کولتووری کۆڵۆنیالیزم بگەڕێنەوە بۆ: پێشڕەو محەمەد، کەرنەڤاڵی شکستخواردوان: خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ تێزەکانی واڵتەر بنیامین دەربارەی مێژوو، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانی، ٢٠١٩.
  • 5
    Zitat nach Naomi Klein Die Entscheidung: Kapitalismus vs. Klima, Fischer Verlag, Frankfurt am Main, 2015, s.503.